1ئەمە سەرەتای مزگێنی یەشوای مەسیحی ڕۆڵەی خودایە: 2هەروەک چۆن لە پەرتوکی ئیشایا نوسراوە : « من نێردراوی خۆم لە پێشتەوە دەنێرم ئەوەی رێگات بۆ ئامادە دەکات؛ 3کەسێک لە چۆڵەوانی بانگەواز دەکات: رێگا بۆ هاتنی پەروەردگار ئامادە بکەن، ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن!»4یۆخەنانی لە ئاوهەڵکێش لە بیاباندا دەرکەوت بانگی بۆ لەئاوهەڵکێشان دەکرد بۆ لێخۆشبون و پاشگەزبوونەوە لە گۆناهەکانیان. 5خەڵکی هەموو گوندەکانی یەهودیا و هەموو یۆرشەلایم دەهاتنە لای، دانیان بە گوناهەکانیاندا دەنا و لەسەر دەستی ئەو لە ڕوباری ئەردەن لە ئاو هەڵدەکێشران. 6یۆخەنان ئەو جلوبەرگەی لە بەری دەکرد لە موی وشتر بوو، پشتنێکی چەرمیشی لە ناو قەدی دەبەست، کولە و هەنگوینی کێوی دەخوارد.7ئامۆژگاری دەکردن و دەیگوت: « لەدوای من کەسێک دێت زۆر لە من بەتواناترە، تەنانەت من شایەنی ئەوە نیم دابنەوێمەوە قەیتانی پێڵاوەکانی بۆ بکەمەوە. 8من لە ئاوتان هەڵدەکێشم؛ بەڵام ئەو لە گیانی پیرۆزتان هەڵدەکێشێت».9لەو ڕۆژانەدا یەشوا لە ناسیرەوە هات کە سەر بە ناوچەی گەلیلییە، لە ڕوباری ئەردەن لەسەردەستی یۆخەنان لە ئاو هەڵکێشرا. 10هەرکە یەشوا لە ئاوەکە هاتە دەرەوە، بینی ئاسمان کرایەوە، گیانی پیرۆز هەروەک کۆترێک دابەزیە سەری، 11دەنگێکیش لە ئاسمانەکانەوە هات:« تۆ ڕۆڵەی خۆشەویستی منی بە تۆ زۆر خۆشحاڵم!»12لەو کاتەدا گیان یەشوای برد بۆ چۆڵەوانی، 13چل ڕۆژ لەوێ مایەوە شەیتان لەوێ تاقی دەکردەوە. لەو کاتەدا کە لە ناو گیانلەبەراندا بوو فریشتەکان خزمەتیان دەکرد.14دوای دەستگیرکردنی یۆخەنان، یەشوا هاتە ناوچەی گەلیلی، و مزگێنی خودای ڕاگەیاند دەی فەرموو: 15« کاتەکە هاتۆتە دی و پاشایەتی خودا نزیک بۆتەوە. پاشگەز ببنەوە باوەڕ بەم مزگێنیە بهێنن!»16کاتیک یەشوا بە کەناری دەریاچەی گەلیلیدا دەرۆیشت، شیمۆن و ئاندریای برای بینی، توڕیان فڕێدەدایە ناو دەریاچەکە، چونکە ڕاوچی بوون. 17یەشوا پێی فەرموون: « وەرن شوينم بکەون، دەتانکەمە ڕاوکەری مرۆڤ!» 18دەستبەجێ تۆڕەکانیان بەجێهێشت و شوێنی کەوتن.19ئینجا کەمێک دورکەوتەوە، یاکۆڤی برای زەڤدی و یۆخەنای برای بینی لە ناو بەلەمێکدا تۆڕەکەی خۆیان چاک دەکردەوە، 20لەوکاتەدا بانگی کردن، ئەوانیش زەڤدی باوکیان لەگەڵ کرێکارەکانی ناو بەلەمەکە بەجێهیشت و شوێنی کەوتن.21پاشان رۆشتن بۆ شاری کەفەرناخوم. چونە ناوشارەکە، و لە ڕۆژی شەباتدا، چووە کەنیشتە و دەستی کرد بەفێرکردنیان. 22ئامادەبووان لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون، چونکە بە دەسەڵاتەوە فێری دەکردن نەک وەکو مامۆستایانی تەورات.23لە کەنیشتەکەیاندا کەسێکی لێبوو گیانی پیسی تێدا بوو، لەپڕ هاواری کرد 24گوتی: « یەشوای ناسیرەیی چیت لێمان دەوێت؟ هاتوی لەناومان ببەیت؟ دەزانم تۆ کێی. پیرۆزەکەی خودایت!» 25یەشوا لێی ڕاخوڕی و فەرمووی: « بێدەنگ بە لێی وەرە دەرەوە!» 26گیانە پیسەکەش فێی لە پیاوەکە هێناو، بە دەنگی بەرز هاواری کرد، و لێی هاتە دەرەوە.27هەموو سەرسام بوون و لە یەکیان پرسی: « ئەمە چیە؟ فێرکردنێکی نوێیە، بەدەسەڵاتەوە فەرمان بە گیانە پیسەکانیش دەداو گوێڕایەڵی دەبن!» 28یەکسەر ناوبانگی یەشوا بە هەموو ناوچەی دەوروبەری گەلیلیدا بڵاو بۆوە.29لەوکاتەدا کەنیشتەکەیان بەجێهێشت، چوونە ماڵی شیمۆن و ئاندریا، یاکوڤ ویۆخەناشیان لەگەڵ بوو. 30خەسوی شیمۆن لەناو جێگەدا کەوتبوو، تای هەبوو. لەوکاتەدا بە یەشوایان ڕاگەیاند. 31ئەویش هات لێی نزیک بۆوە، دەستی گرت و هەڵیستاند. هەرلەو کاتەدا تایەکە بەریدا، ئەویش هەستاو دەستی کرد بە خزمەت کردنیان.32ئێوارە درەنگان لە پاش ڕۆژ ئاوا بون، هەموو خەلکی لەلای کۆبوونەوە وئەو کەسانەیان بۆ دەهێنا کە گیانی پیسیان تێدا بوو، 33هەموو دانیشتوانی شارەکە لە بەر دەرگا کۆبوونەوە. 34ژمارەیەکی زۆرنەخۆشی بەجۆرەها دەردەوە چاک کردوە، و زۆر خێوی دەرکرد و رێگای نەدا بە خێوەکان بدوێن، چونکە دەیانزانی کێیە.35لە بەرەبەیانی ڕۆژی دواتردا کە هێشتا تاریک بوو هەستا، چووە جێگایەکی چۆل و لەوێ دەستی بە نزا کرد. 36شیمۆن و هاورێکانی بە شوێنیدا گەڕان. کاتێک دۆزیانەوە پێیانگوت: 37«هەموویان داواتدەکەن!»38یەشوا پێی فەرموون: « وەرن با برۆین بۆ گوندەکانی دەوروبەر تاکوو لەوێش مزگێنی بدەم. چونکە من بۆ ئەمە هاتوم.» 39ئینجا رۆیشت و لە هەموو کەنیشتەکانی گەلیلی مزگێنی دا، و خێوی دەردەکرد.40پیاوێک هاتە لای نەخۆشی گولی هەبوو لێی پارایەوە. لەبەردەمی چۆکی دادا و پێی گوت: « ئەگەربتەوێت دەتوانی پاکم بکەیتەوە!» 41یەشوا بەزەیی پێداهاتەوە و دەستی درێژ کرد و دەستی لێدا و پێی فەرموو: «دەمەوێت، پاک بەرەوە!» 42هەر کە قسەی کرد دەستبەجێ پاک بۆوە.43دوای ئەوەی کە یەشوا پیاوەکەی بە توندی ئاگادار کردەوە و بەڕێی کرد 44پێی فەرموو: « ئاگادار بە! هیچ شتێک بە کەس مەڵێ، بەڵام بڕۆ خۆت پیشانی کاهین بدە، بۆ پاک بوونەوەکەت ئەو قوربانیەی موشە فەرمانی کردووە بیکە، وەک شایەتیەک بۆیان!»45بەڵام ئەو، رۆشت و دەستی بە جاڕدان و بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە کرد، لەبەرئەوەی یەشوا نەیتوانی بە ئاشکرا بچێتە ناوهیچ شارێک، بەڵکو لە دەرەوە لە شوێنە چۆڵەکاندابوو، خەڵکیش لە هەموو لایەکەوە دەهاتنە لای.
1دوای چەند ڕۆژێک، یەشوا گەڕایەوە بۆ شاری کەفەرناخوم. هەواڵەکە بڵاو بۆوە کە ئەو لە ماڵەوەیە، 2خەڵکێکی زۆرکۆبوونەوە، شوێنی یەک کەس نەدەبۆوە، تەنانەت لەبەردەرگاش. ئەویش دەستی کرد بە باس کردنی وشەی خودا بۆیان.3لەو کاتەدا کابرایەکی ئیفلیجیان هێنایە لای بە چوار کەس هەڵیان گرتبوو. 4بەڵام بە هۆی زۆری خەڵکەکەوە نەیانتوانی لێی نزیک ببنەوە. جا کونێکی گەورەیان کردە سەربانی ئەوشوێنەی کە یەشوای لێبوو، نوێنەکەیان شۆڕکردەوە کە پیاوە ئیفلیجەکەی لە سەر بوو.5کاتێک یەشوا باوەڕی ئەوانی بینی، بە ئیفلیجەکەی فەرموو: « کوڕم گوناهەکانت بەخشران!» 6هەندێک لە مامۆستایانی تەورات کە لەوێ دانیشتبوون، لە دڵی خۆیاندا گوتیان: 7« بۆچی ئەم پیاوە بەم شێوەیە دەدوێت؟ ئەو وشانەی دەیڵێت کوفرە! جگە لە خودا کێ دەتوانێت لە گوناهه خۆش بێت؟»8یەشوا لە گیانیەوە زانی کە ئەوان لە دڵیاندا چۆن بیردەکەنەوە، پرسیاری لێکردن: « بۆچی لە دڵتاندا بیرلەم شتانە دەکەنەوە؟ 9کامیان ئاسانترە بە ئیفلیجەکە بگوترێت: گوناهەکانت بەخشران، یان بگوترێت: هەستە و نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ؟10بۆیە وام گوت تا بزانن ڕۆڵەی مرۆڤ لەسەرزەوی دەسەڵاتی بەخشینی گوناهەی هەیە». پاشان بە ئیفلیجەکەی فەرموو: 11« پێت دەڵێم: هەستە نوێنەکەت هەڵگرە، و بڕۆ بۆ ماڵەوە!» 12ئەویش دەستبەجێ هەستا، نوێنەکەی هەڵگرت، و لە بەرچاوی هەموویان رۆیشت. بە شێوەیێک هەموویان سەرسام بوون و ستایشی خودایان کرد و گوتیان: « هەرگیز شتی وامان نەبینیوە!»13دووبارە یەشوا چوو بۆ کەناری دەریاچەکە، خەڵکەکە هەموو لێی کۆبوونەوە. ئەویش دەستی کرد بە فێرکردنیان. 14لە کاتی رۆشتنیدا، لێڤی کوڕی هەلفای بینی لە شوێنی باجگران دانیشتبوو، پێی فەرموو: «شوێنم بکەوە!» ئەویش هەستا و شوێنی کەوت.15لە کاتێکدا یەشوا لە ماڵی لێڤی دانیشتبوو، زۆرێک لە باجگران و گوناهباران لەگەڵ ئەو و قوتابییەکانی دانیشتبوون، چونکە زۆرێک کە لەوێ بوون بەدوایدا ڕۆیشتبوون. 16کاتێک مامۆستایانی تەورات و فەریسیەکان یەشوایان بینی لەگەڵ باجگران و گوناهباران نان دەخوات، بە قوتابییەکانی ئەویان گوت: « بۆچی لەگەڵ باجگر و گوناهباران نان دەخوات؟»17یەشوا گوێی لێبوو، وەڵامی دایەوە: « تەندرووستەکان نین کە پێویستیان بە پزیشکە ، بەڵکو نەخۆشەکانن. من نەهاتووم ڕاستودرووستەکان بانگهێشت بکەم بەڵکو گوناهباران!»18کاتێک قوتابییەکانی یۆخەنان و فەریسییەکان بەڕۆژو بوون، هەندێک هاتنە لای یەشواو لێیان پرسی: «بۆچی قوتابییەکانی یۆخەنان و فەریسیەکان بەڕۆژو ئەبن ، بڵام قوتابییەکانی تۆ بەڕۆژو نابن؟» 19وەڵامی دانەوە: «ئایا بنەماڵەی زاوا دەتوانن بەڕۆژو بن؟ مادەم زاوا لە نێوانیاندایە ناتوانن بەڕۆژو بن.20بەڵام ڕۆژانێک دێت کە زاوا لە نێوانیاندا هەڵدەگیرێت . ئەوسا بە ڕۆژو دەبن. 21کەس کراسی کۆن بە قوماشی نوێ پینە ناکات، چونکە پێنە نوێیەکە لە کراسە کۆنەکە ڕادەکێشێت ، و دڕاویەکە خراپتر دەکات!22کەسیش شەرابی نوێ ناکاتە ناو پێستەی کۆنەوە، ئەگینا شەرابەکە پێستەکە دەدڕێنێت، شەرابەکە دەڕژێت وپێستەکە خراپ دەکات. بەڵکو شەرابی نوێ دەکرێتە پێستەی نوێوە».23لە یەکێک لە شەباتەکاندا یەشوا بەناو کێڵگەکاندا تێدەپەری، قوتابیەکانی بەڕێگاوە دەستیان کرد بە پرواندنی گوڵە گەنم. 24فەریسییەکان بە یەشوایان گوت: « بروانە! بۆچی قوتابییەکانت شتێک دەکەن کە لە شەباتدا رێگەپێدراو نیە؟»25وەڵامی دانەوە: « ئایا ئێوە نەتانخوێندۆتەوە کە داڤید و هاوڕێکانی لە کاتی پێویستی و برسێتیدا چییان کرد؟ 26چۆن چووە ناو ماڵی خودا، لە سەردەمی ئەڤیاتاری سەرۆک کاهین، نانی پێشکەشکراویان خوارد کە رێگەپێدراو نییە بخورێت تەنها بۆ کاهینەکان نەبێت، بەڵام دای بە هاوەڵەکانی و ئەوانیش خواردیان؟»27پاشان پێی فەرموون: « شەبات بۆ مرۆڤ بەدی هێنراوە، نەک مرۆڤ ببێتە کۆیلەی شەبات. 28ڕۆڵەی مرۆڤ پەروەردگاری شەباتە!»
1یەشوا جارێکیتر چووە ناو کەنیشت. پیاوێک لەوێ بوو دەستی وشک ببوو. 2هەندێ لە ئامادەبووان چاودێرییان دەکرد تاکو بزانن ئەو پیاوە لە شەباتدا چاک دەکاتەوە، بۆ ئەوەی تاوانباری بکەن.3یەشوا بە پیاوە دەست وشک بووەکەی فەرموو: «لە ناوەڕاست ڕابوەستە!» 4پاشان پرسیاری لێکردن: «لە شەباتدا کامیان رێگە پێدراوە کاری چاکە یان خراپە؟ ڕزگارکردنی ژیان یان کوشتن؟» هەمووان بێدەنگ بوون.5یەشوا بە تووڕەییەوە ئاوڕی دایەوە و سەیریکردن لەبەر دڵڕەقییان غەمبار بوو، بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە!» ئەویش دەستی درێژ کرد، و چاک بۆوە. 6دەستبەجێ فەریسییەکان چوونە دەرەوە و لەگەڵ هێرۆدییەکان، پیلانیان گێڕا کە چۆن بیکوژن.7یەشوا و قوتابییەکان گەڕانەوە بەرەو دەریاچەکە. خەڵکێکی زۆر لە ناوچەکانی گەلیلی و یەهودیا شوينی کەوتن 8لە یۆرشەلایم و ئیدوما و ئەودیوی ڕووباری ئەردەن، خەڵکێکی زۆریش لە ناوچەکانی سور و سیدۆن بەدوایدا هاتبوون، هەموو ئەو کارانەیان بیستبوو کە ئەنجامی دابوو.9جا یەشوا فەرمانی بەقوتابییەکانی کرد کە بەلەمێکی بچووکی بۆ ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی خەڵکەکە قەرەباڵغی نەکەن، 10لەبەر ئەوەی زۆر کەسی چاک کردبۆوە، وە هەرکەسێک نەخۆش بوایە بە پەلە دەهات تاکو دەستی لێبدات.11ئەو کەسانەی کە گیانی پیسیان تێدابوو کاتێک دەیانبینی کڕنۆشیان بۆ دەبرد، وهاواریان دەکرد: «تۆ ڕۆڵەی خودایت!» 12ئەویش بە توندی ئاگاداری دەکردنەوە کە کارەکەی بەنهێنی بهێڵنەوە.13پاشان یەشوا چووە سەر کێوێک، و ئەوانەی بانگ کرد کە خۆی دەیویست، ئەوانیش چوونە لای. 14دوازدەی هەڵبژارد تاکو یاوەری بن و بیاننێرێت بۆ مزگێنی دان، 15وە دەسەڵاتیان هەبێت بۆ دەرکردنی خێوەکان. 16ئەو دوازدە کەسەی هەڵیبژاردن، ئەمانە بوون: شیمۆن، کە ناوی لێنا پەترۆ،17یاکۆڤی کوڕی زەڤدی، و یۆخەنای برای، کە ناوی لێنان بوانەرگس، واتا کوڕانی هەورەتریشقە، 18ئاندریا، فیلیپۆس، بەرتۆلمیۆ، مەتا، تۆما، یاکۆڤی کوڕی هەلفای، تەداوس، شیمۆنی کانەوی، 19یەهودای ئیسخاریۆتی ئەوەی ناپاکی لەیەشوا کرد.20پاشان یەشوا گەڕایەوە بۆ ماڵەوە، و دیسان خەڵکێکی زۆری لێ کۆبۆوە، بە ڕادەیەک یەشواو قوتابیەکانی نەیانتوانی نان بخۆن. 21کاتێک کەسوکاری بیستیان، هاتن بیبەنەوە، چونکە دەیانگوت مێشکی تێکچووە. 22مامۆستایانی تەوراتیش کە لە یۆرشەلایم هاتبوون، گوتیان: «بەعلزەبوبی تێدایە، بە سەرۆکی خێوەکان خێوەکان دەردەکات!»23بانگی لای خۆی کردن و بە نموونە قسەی بۆ کردن، فەرمووی: «شەیتان چۆن دەتوانێت شەیتان دەربکات؟ 24ئەگەر شانشینێک دووبەرەکی تێبکەوێت، ئەو شانشینە ناتوانێ خۆی ڕابگرێت. 25ئەگەر ماڵێکیش دووبەرەکی تێبکەوێت، ئەو ماڵە ناتوانێت خۆی ڕابگرێت.26ئەگەر شەیتان لە خۆی هەڵگەڕایەوە و دووبەرەکی تێکەوت، ئەوە ناتوانێت خۆی ڕابگرێت، بەڵکو کۆتایی پێ دێت! 27کەسیش ناتوانێت بچێتە ماڵی پیاوێکی بەهێز شتەکانی تاڵان بکات ئەگەرئەو پیاوە بەهێزە یەکەم جار نەبەستێتەوە. ئینجا ماڵەکەی تاڵان بکات.28ڕاستیتان پێدەڵێم: هەموو گوناهەکانی مرۆڤەکان دەبەخشرێت، تەنانەت ئەو قسەو کوفرانەی کە دەیڵێن. 29بەڵام هەرکەسێک سووکایەتی بە گیانی پیرۆز بکات،هەرگیز نابەخشرێت، بەڵکو بۆ هەتاهەتایە سزا دەدرێت». 30چونکە گوتیان: «گیانی پیسی تێدا!»31براکانی و دایکی هاتن، و لە دەرەوەی ماڵەکە وەستان و ناردیان تاوەکو بانگی بکەن. 32خەڵکێکی زۆر لە دەوری دانیشتبون، و پێیان گوت: «دایکت و براکانت لە دەرەوەن و داوات دەکەن!»33وەڵامی دانەوە: «دایکم و براکانم کێن؟» 34پاشان سەیری ئەو خەڵکە زۆرەی کرد کە لە دەوری دانیشتبوون و فەرمووی: «دایک و برای من ئەمانەن، 35ئەوەی خواستی خودا جێبەجێ بکات، ئەوە براو خوشک و دایکمە!»
1پاشان دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵک لە کەناری دەریاچەکە، خەڵکێکی زۆرلە دەوری کۆبوونەوە، تا وایلێهات چووە ناو بەلەمێک دانیشت کە لە ئاوەکەدا بوو، هەموویان کۆبونەوە لە ڕۆخی دەریاچەکە. 2بەنموونە زۆر شتی فێرکردن. وە ئەوەی لە فێرکردنەکەیدا پێی وتن:3«گوێ بگرن! جوتیارێک چووە دەرەوە تۆو بکات. 4کە تۆوی دەوەشاند، هەندێکی کەوتنە سەر ڕێگا، باڵندەش هاتن و خواردیانن. 5هەندێکیش کەوتنە سەرزەوییەکی بەردەڵان کە خۆڵی کەم بوو خێرا سەریان دەرکرد، چونکە زەوییەکەی قووڵ نەبوو.6بەڵام کە ڕۆژ هەڵهات سووتان، و وشک بوون چونکە ڕەگیان نەبوو. 7هەندێکیشیان کەوتنە نێو دڕکەکان، دڕکەکان گەورە بوون و خنکاندیانن، و بەرهەمیان نەدا.8هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی باش، ڕووان و گەشەیان کرد و بەرهەمیاندا، یەک بە سی، و یەک بە شەست، و یەک بە سەد». 9پاشان فەرمووی: «ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن، با ببیستێت!»10کاتێک یەشوا بە تەنها بوو، ئەوانەی لە دەوروپشتی بوون لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە لە مەبەستی نموونەکەیان پرسی. 11پێی فەرموون: « بە ئێوە دراوە نهێنی شانشینی خودا بزانن. بەڵام ئەوانەی لە دەرەوەن، هەموو شتێکیان بە نموونە پێ دەگوترێت، 12ئەوانەی: بە سەیرکردن سەیردەکەن بەڵام نابینن، بە بیستن دەبیستن بەڵام تێناگەن، نەوەک پاشگەز ببنەوە ولە گوناهەکانیان خۆش بم!»13پێی فەرموون: «ئایا لەم نموونەیە تێنەگەیشتن؟ باشە چۆن لە نموونەکانی دیکە تێدەگەن؟ 14جوتیارەکە وشەی خودا تۆو دەکات. 15هەندێک کەس وەکو ئەو تۆوانەن کە دەکەونە سەر ڕێگاکە، کاتێک دەیبیستن وشەیتان دێت و ئەو وشەیە دەڕفينيت کە تێیاندا چێندراوە.16ئەوانەی دیکە کە لەسەر زەوییە بەردەڵانەکە چێندران، ئەوانەن کە وشەکە دەبیستن و بە خۆشییەوە وەریدەگرن، 17بەڵام لەناخیاندا ڕەگیان دانەکوتاوە، تەنها بۆ ماوەیەکن دەمێننەوە. کاتێک لەبەر وشەکە تووشی تەنگانە و چەوسانەوە دەبن، یەکسەر دەبێتە کۆسپ بۆیان.18ئەوانەی دیکە کە لەنێو دڕکەکاندا چاندران، ئەوەن کە وشەکە دەبیستن، 19بەڵام خەمی ژیانی ئێستا و فریوخواردنی دەوڵەمەندی و ئارەزووی شتەکانی دیکە، دێنە ناوەوە و وشەکە دەخنکێنن، ئیتر بێ بەرهەم دەبن. 20ئەوانەی دیکە کە لەسەر زەوییەکی باش چاندران، ئەوانەن کە وشەکە دەبیستن و وەریدەگرن و بەرهەم دەدەن، یەک بە سی و یەک بە شەست، و یەک بە سەد».21ئینجا پێی فەرموون: «ئایا چرا دەهێنرێتە ژوورەوە بۆ ئەوەی بخرێتە ژێر سەبەتە یان ژێر جێگا؟ ئایا لەسەر چرادان دانانرێت؟ 22چونکە هیچ شتێکی شاراوە نییە کە ئاشکرا نەبێت، هیچ نهێنیەک نیە دەرنەکەوێت! 23ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن، با ببیستێت!»24هەروەها پێی فەرموون: « وریابن لەوەی دەیبیستن. بەو پێوانەیەی بۆ خەڵک دەیپێون، بۆتان دەپێورێتەوە و بۆتان زیاد دەکرێت. 25چونکە ئەوەی هەیەتی زیاتری پێی دەدرێت، ئەوەش کە نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەندرێتەوە».26هەروەها فەرمووی: «شانشینی خودا لە مرۆڤێک دەچێت تۆو بوەشێنێتە سەر زەوی، 27شەو دەخەوێت بۆ بەیانی کە هەڵدەستێت، تۆوەکە سەری دەرکردووە و گەشە دەکات ئەویش نازانێت چۆن ڕویداوە. 28زەوی لە خۆیەوە بەرهەم دەدات، یەکەم جار گیا سەر دەردەکات، پاشان گوڵەگەنم، پاشان لە گوڵەگەنمەکەدا گەنمی پڕ. 29بەڵام کاتێک بەرەکە پێدەگات، دەستبەجێ داسی لێ گیر دەکات چونکە کاتی دروێنەی هاتووە».30هەروەها فەرمووی: «شانشینی خودا لە چی دەچێت، بە چ نموونەیەک بەراوردی بکەین؟ 31شانشینی خودا لە دەنکە خەردەلێک دەچێت، کە لەسەر زەوی تۆو دەکرێت لە هەموو تۆوەکانی سەر زەوی بچووکترە، 32کاتێک دەچێندرێت، لقو پۆپی گەورەتر دەردەکات، بە شێوەیەک باڵندەی ئاسمان دەتوانن لەژێر سێبەریدا هێلانە بکەن».33بە زۆرێک لەم جۆرە نموونانە یەشوا قسەی بۆ خەڵکەکە دەکرد تا ئەوەندەی توانای گوێگرتنیان هەبوو. 34بەبێ نموونە قسەی بۆ نەدەکردن. بەڵام هەموو شتێکی بۆ قوتابییەکانی ڕوون دەکردەوە کاتێک بە تەنها لەگەڵیان دەبوو.35هەرهەمان ڕۆژ کە ئێوارە داهات، بە قوتابییەکانی فەرموو: «با بپەڕینەوە بۆ ئەوبەر!» 36کاتێک خەڵکەکەیان بەجێهێشت، لەگەڵ خۆیان بردیان بۆ ناو بەلەمەکە کە لە وێبوو. هەروەها بەلەمی دیکەشی لەگەڵ بوو. 37زریانێکی توند هەڵیکرد، و شەپۆلەکان بە توندی لە بەلەمەکەیان دەدا بەجۆرێک کە خەریک بوو پڕ بێت لە ئاو.38یەشوا لە دواوەی بەلەمەکە سەری لەسەر سەرینێک دانابوو خەوتبوو. هەڵیانساند و پێیان گوت: «مامۆستا، بەلاتەوە گرنگ نییە ئەگەر ئێمە لەناوبچین؟» 39ئەویش هەستا، و لە ڕەشەباکەی ڕاخوڕی، و بە دەریا کەی فەرموو: «بێدەنگ بە. و هێمن بە!» ڕەشەباکە وەستا و بووە هێمنییەکی تەواو.40پاشان پێی فەرموون: «بۆچی ئەوەندە دەترسن؟ چۆن باوەڕتان نیە؟» 41ئەوانیش زۆر ترسان، و بە یەکترییان دەگوت: «ئەمە کێیە، تەنانەت با و دەریاش گوێڕایەڵی دەبن؟»
1ئینجا گەیشتنە ئەوبەری دەریاچەکە، بۆ هەرێمی گەراسین. 2کاتێک لە بەلەمەکە دابەزی، لەو کاتەدا لەناو گۆڕستان پیاوێکی پێگەیشت کە گیانی پیسی تێدابوو،3لەناو گۆڕستاندا دەژیا. کەس نەیدەتوانی چیتر بیبەستێتەوە تەنانەت بە زنجیریش. 4زۆرجار بە کۆت و زنجیر دەبەسترایەوە، بەڵام زنجیرەکانی دەپساند و کۆتەکانیشی دەشکاند، کەس نەیدەتوانی بەسەریدا زاڵ بێت.5شەو و ڕۆژ بەردەوام لەناو گۆڕستان و لە چیاکاندا بوو، هاواری دەکرد و بە بەرد لەشی خۆی بریندار دەکرد. 6کاتێک لە دوورەوە یەشوای بینی، ڕایکرد و کڕنۆشی بۆ برد،7بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «چیت لە من دەوێت ئەی یەشوای ڕۆڵەی خودای بەرز؟ سوێندت دەدەم بە خودا ئەشکەنجەم مەدە!» 8چونکە یەشوا پێی فەرمووبوو: «ئەی گیانی پیس، لە مرۆڤەکە وەرە دەرەوە!»9یەشوا پرسیاری لێکرد: «ناوت چییە؟» وەڵامی دایەوە: «ناوم لێگیۆنە چونکە ئێمە لەشکرێکی گەورەین!» 10گیانە پیسەکان لێی پاڕانەوە و داوایان لێکرد نەیاننێرێتە دەرەوەی ناوچەکە.11لەوێ ڕانە بەرازێکی گەورە لە شاخەکە دەلەوەڕان، 12گیانە پیسەکان لە یەشوا پاڕانەوە: «بماننێرە ناو بەرازەکان با بچینە ناویان!» 13ئەویش ڕێگەی دان. گیانەپیسەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکان، ئینجا بە خێرایی لە قەدپاڵی چیاکەوە بۆ ناو دەریاچەکە، هەڵدێران و خنکان. ڕانەکە نزیکەی دوو هەزار سەر دەبوون.14شوانی بەرازەکان ڕایانکرد و هەواڵیان دا بە شار و گوندەکان. خەڵکەکەش هاتن تاکو ئەوە ببینن کە ڕوویداوە، 15هاتنە لای یەشوا، بینییان ئەوەی لەشکرێک گیانی پیسی تێدابوو دانیشتووە و پۆشتەیە و ئەقڵی تەواوە، ترس دایگرتن.16ئەوانەی بینیان پێیان وتن چی بەسەر شێتەکە و بەرازەکاندا هاتووە 17ئەوانیش داوایان لە یەشوا کرد لە ناوچەکەیان بڕوات.18کاتێک سواری بەلەمەکە دەبوو، ئەو کەسەی کە پێشتر گیانی پیسی تێدابوو لێی پاڕایەوە کە لەگەڵی بێت. 19ڕێگای پێنەدا، بەڵکو پێی فەرموو: «بگەڕێوە ناو ماڵ، و کەسوکارەکەت، بۆیان بگێڕەوە پەروەردگار چی بۆ کردووی و چۆن بەزەیی پێتدا هاتەوە». 20ئینجا ڕۆیشت و لە دە شارەکە بانگەوازی ئەوەی کرد کە یەشوا چی بۆ کردووە . هەمووان سەرسام بوون.21کاتێک یەشوا گەڕایەوە بە بەلەمەکە پەرینەوە بۆ بەرامبەر دەریاچەکە، هەر لە کەنار ئاوەکە خەڵکێکی زۆر لێی کۆبوونەوە. 22یەکێک لە پێشەوایانی کەنیشت هات، ناوی یائیربوو، هات بۆ لای. هەرکە بینی، خۆی خستە بەر پێی، 23زۆر لێی پاڕایەوە، پێیگوت: «کچە بچووکەکەم لە سەرەمەرگدایە. وەرە دەستی لێبدە تاکو چاک بێتەوەو بژیێت!» 24ئینجا لەگەڵیدا ڕۆیشت، و جەماوەرێکی زۆر بەدوایدا هاتن و قەرەباڵغییان کرد.25ژنێک لەوێ بوو کە دوازدە ساڵ بوو خوێن بەربوونی هەبوو، 26بە دەستی چەندین پزیشک ئازاری زۆری چێشتبوو، ئەوەی هەیبوو بۆ چارەسەری خۆی خەرج کردبوو، هیچ سوودێکی نەبوو، بەڵکو بارودۆخی خراپتر ببوو. 27باسی یەشوای بیستبوو، بۆیە هاتە ناو خەڵکەکە و لە دواوە دەستی لە کەواکەی دا،28چونکە گوتبووی: «بەسمە دەست لە جلەکانی بدەم تا چاک ببمەوە». 29دەستبەجێ خوێنبەربوونەکەی ڕاوەستا ولە جەستەیدا هەستی کرد کە نەخۆشییەکەی چاک بۆتەوە.30هەرکە یەشوا هەستی بەو هێزە کرد کە لێی هاتە دەرەوە، چاوی گێڕا بە ناو خەڵکەکەدا و پرسی: «کێ دەستی لە جلەکانمدا؟» 31قوتابییەکانی پیان گوت: «تو دەبینیت خەڵکەکە قەرەباڵغیان کردووە، و دەپرسیت: کێ دەستی لێدام؟» 32بەڵام بەردەوام سەیری دەوروبەری دەکرد تا ببینێت کێ ئەو کارەی کردووە.33کاتێک ژنەکە زانی چی بەسەرهاتووە، بە ترس و لەرزەوە هات، وخۆی خستە پەرپێی وهەموو ڕاستییەکانی پێ گوت. 34ئەویش پێی فەرموو: «کچم، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە. بڕۆ بە ئاشتی و لە نەخۆشییەکەت چاکببەوە!»35لە کاتێکدا یەشوا قسەی دەکرد، چەند کەسێک لە ماڵی پێشەوای کەنیشتەکەوە هاتن و گوتیان: «کچەکەت مرد. کەواتە بۆچی هێشتا لە مامۆستا داوا دەکەی؟»36بەڵام کاتێک، یەشوا ئەم هەواڵەی بیست، بە پێشەوای کەنیشتەکەی گوت: «مەترسە؛ تەنها باوەرت هەبێت!» 37نەیهێشت کەس لەگەڵی بچێت پەترۆ و یاکوڤ و یۆخەنای برای یاکوڤ نەبێت. 38هاتنە ماڵی پێشەوای کەنیشتەکە، و خەڵکەکەی بینی کە زۆر دەگریان و دەلاوانەوە.39کاتێک هاتە ژوورەوە، پێی فەرموون: «بۆچی بێزارن و دەگرین؟ کچەکە نەمردووە، بەڵکو نوستووە». 40پێی پێکەنین. بەڵام یەشوا، هەموویانی کردە دەرەوە، پاشان دایک و باوکی کچەکەی برد وئەوانەش کە لەگەڵیدا بوون و چوونە ژوورەوە، بۆ ئەو شوێنەی کچەکەی لێبوو.41دەستی گرت وفەرمووی: «تالیتا قومی!» واتا «ئەی کچ، پێت دەڵێم: هەستە». 42دەستبەجێ هەستا و دەستی بە ڕۆیشتن کرد، کچەکە تەمەنی دوازدە ساڵ بوو. جا هەموویان زۆر سەرسام بوون. 43بە توندی فەرمانی پێدان کەس بەمە نەزانێت، وە داوای کرد شتێکی پێبدەن بیخوات.
1یەشوا ئەوێی بەجێهێشت و گەڕایەوە شارەکەی خۆی، قوتابییەکانیشی شوێنی کەوتن. 2کە بووە شەبات، لە کەنیشتدا دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵک، زۆر لەوانەی گوێیان لێ دەگرت سەرسام بوون، گوتیان: «ئەمە ئەمانەی لەکوێ بوو؟ ئەی ئەم داناییە چیە کە پێی دراوە، و ئەم پەرجووانەی لەسەر دەستی دەکرێن؟ 3ئەرێ ئەمە دارتاشەکەی کوڕی میریام، و براکەی یاکۆڤ و یۆسپ و یەهودا و شیمۆن نییە؟ خوشکەکانی لێرە لەلامان نین؟» بەوشێوەیە گومانیان لێکرد.4بەڵام یەشوا پێی فەرموون: «هیچ پێغەمبەر بێ ڕێز نییە، مەگەر لە شاری خۆی، و لەنێوان خزم و کەسوکار، و ماڵی خۆی نەبێت!» 5ئیتر لەوێدا نەیتوانی هیچ پەرجوویەک بکات، تەنها چەند نەخۆشێک نەبێت کە دەستی لەسەر دانان و چاکیکردنەوە. 6لە بێباوەڕیی ئەوان سەری سوڕما. ئینجا بە گوندەکانی دەوروبەردا دەگەڕا و خەڵکی فێر دەکرد.7پاشان دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، دوو دوو دەستی بە ناردنیان کرد، و دەسەڵاتی بەسەر گیانە پیسەکاندا پێدان، 8ڕایسپاردن کە بۆ ڕێگا هیچ نەبەن جگە لە گۆچان، نە نان و نە پێخۆر و نە پارە بۆ بەر پشتێن، 9بەڵکو پێڵاو و تەنها یەک کەوا لەبەر بکەن.10پێی فەرموون: «لە هەر شوێنێک چوونە ماڵێک، لەوێ بمێننەوە هەتا ئەوێ بەجێدەهێڵن. 11ئەگەر لە هەر شوێنێکیش پێشوازییان لێ نەکردن و گوێیان لێ نەگرتن، لەوێ بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن، بۆ شایەتی لەسەریان».12ئەوانیش چوونە دەرەوە و جاڕی پاشگەزبوونەوەیاندا، 13گیانی پیسی زۆریان دەرکرد، و زۆر نەخۆشیان بە زەیت چەورکرد، و چاکیان کردنەوە.14هێرۆدی پاشا لە بارەی یەشواوە بیستی، چونکە ناوی دەنگی دابۆوە، و هەندێکیان دەیانگوت: «یۆخەنانی لەئاوهەڵکێش لەناو مردووان هەستاوەتەوە، لەبەر ئەوە کاری پەرجوو لەسەر دەستی ئەو دەکرێت!» 15خەڵکی دیکە دەیانگوت: «ئیلیایە»هەندێکیش دەیانگوت: «پێغەمبەرێکە، وەک پێغەمبەرانی سەردەمی کۆن!»16بەڵام هێرۆد، کاتێک بیستی گوتی «ئەوە کەسێکی تر نییە جگە لە یۆخەنان ئەوەی کە سەرم بڕی، هەستاوەتەوە!» 17چونکە هیرۆد یۆخەنانی دەستگیر و زیندانی کردبوو. ئەوەش لە پێناو هیرۆدیا بوو کە هیرۆد هاوسەرگیری لەگەڵ کردبوو کە ژنی فیلیپۆسی برای بوو.18لەبەر ئەوەی یۆخەنان پێی دەگوت: «رێگەپێدراو نییە براژنەکەت بخوازیت!» 19ئیتر هێرۆدیا زۆر ڕقی لە یۆخەنان دەبۆوە، و حەزی دەکرد بیکوژێت، بەڵام نەیدەتوانی. 20هیرۆد لە یۆخەنان دەترسا چونکە دەیزانی پیاوێکی ڕاستودروست و پیرۆزە، خۆی دەپارێزێت. هەرچەندە زۆرجار بە قسەکانی بێزاردەبوو، بەڵام زۆر حەزی لە گوێگرتنی بوو.21پاشان دەرفەتێک ڕەخسا هێرۆد لە جەژنی لەدایک بوونیدا خوانێکی بۆ گەورە پیاوان و فەرماندەکانی و پیاو ماقوڵانی گەلیلی سازکرد. 22کچی هێرۆدیا هاتە ژوورەوە و سەمای کرد،جا هێرۆد و ئەوانەی دڵخۆش کرد کە لەگەڵی پاڵیاندابۆوە. پاشا بە کچەکەی گوت: «ئەوەی دەتەوێت لە منی داوا بکە، دەتدەمێ!»23سوێندیشی بۆ خوارد گوتی: «هەرچیم لێ داوا بکەیت دەتدەمێ، ئەگەر نیوەی شانشینەکەشم بێت!» 24ئەویش چووە دەرەوە و پرسیاری لە دایکی کرد: «داوای چی بکەم؟»وەڵامی دایەوە: «سەری یۆخەنانی لەئاوهەڵکێش!» 25دەستبەجێ و بە پەلە هاتە ژوورەوە داوای لێکرد: «دەمەوێت ئێستا سەری یۆخەنانی لەئاوهەڵکێشم لەسەر سینییەک بدەیتێ!»26پاشا زۆر دڵگران بوو. بەڵام لەبەر سوێندەکەی و ئەوانەی لەگەڵی پالیاندابۆوە نەیویست پێچەوانەی ئەوبەڵێنە بێت کە پێیدابوو. 27لەوکاتەدا پاشا سزادەرانی نارد و فەرمانیدا سەری یۆخەنان بهێنن. سزادەرەکە رویشتوو و لە زیندان سەری پەڕاند، 28پاشان لەسەر سینییەک سەریان هێنا و دایان بە کچەکە و کچەکەش دای بە دایکی. 29قوتابییەکانی یۆخەنان بیستیان، هاتن تەرمەکەیان هەڵگرت و لە گۆڕێکدا ناشتیان.30نێردراوان لە یەشوا کۆبوونەوە، وهەواڵی هەموو شتێکیان پێدا: هەموو ئەو کار و فێرکردنانەی ئەنجامیان دابوو. 31ئەویش پێی فەرموون: «بە تەنیا وەرن بۆ شوێنێکی چۆڵ، کەمێک پشوو بدەن». لەبەر ئەوەی ئەوانەی دەهاتن و دەچوون زۆر بوون دەرفەتی نان خواردنیان نەبوو. 32قوتابییەکانی بە بەلەمێک بە تەنیا چوونە شوێنێکی چۆڵ.33بەڵام خەڵکێکی زۆرلە کاتی ڕۆیشتندا ئەوانیان بینی، بۆیە شوێنی مەبەستیان زانی، پێکەوە بە پێ بەرەو ئەوێ ڕایاندەکرد، لە هەموو شارەکانەوە هاتن، پێشیان کەوتن. 34کاتێک یەشوا لە بەلەمەکە دابەزی، خەڵکێکی بێشوماری بینی و بەزەیی پێیاندا هاتەوە، چونکە وەک مەڕی بێ شوان وابوون. هەر بۆیە زۆر شتی فێرکردن.35درەنگانی ڕۆژ بوو، قوتابییەکانی هاتنە لای، و گوتیان: «ئەم شوێنە چۆڵە، و ئێستا کاتیش درەنگە. 36هەموویان بەڕێ بکە تاکو بچنە ئەم کێڵگە و گوندانەی دەوروبەر خواردن بۆ خۆیان بکڕن».37وەڵامی دانەوە فەرمووی: «شتێکیان پێبدەن با بیخۆن!» پێیان گوت: «ئایا بچین بایی دوو سەد دینار نانیان بۆ بکڕین و بیاندەینێ تاکو بیخۆن؟» 38لێی پرسین: « چەند نانتان لایە؟ بڕۆن و سەیری بکەن». کە زانییان، گوتیان: «پێنج، و دوو ماسی!»39ئینجا فەرمانی پێدان خەڵکەکە بە کۆمەڵ کۆمەڵ لەسەر گیاکە دابنیشێنن. 40بە بازنە دانیشتن سەد سەد و پەنجا پەنجا. 41ئینجا یەشوا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت،و تەماشای ئاسمانی کرد وبەرەکتداری کرد و نانەکانی لەتکرد، و دایە قوتابییەکانی تاکو لەبەردەمی خەڵکەکە دایبنێن و دوو ماسییەکەشی بەسەر هەموویان دابەش کرد.42هەموو خواردیان و تێر بوون. 43پاشان دوازدە سەبەتەی پڕ لە پەلکەنان و ماسییان هەڵگرتەوە. 44ئەوانەی لە نانەکەیان خوارد، پێنج هەزار پیاو بوون.45لەو کاتەدا قوتابییەکانی ناچار کرد سواری بەلەمەکە بن و پێشی بکەون بۆ ئەوبەر، بۆ شارۆچکەی بێت سەیدا، هەتا خۆی خەڵکەکە بەڕێ بکات. 46دوای بەڕێکردنیان بۆ نزاکردن چووە سەر شاخ. 47کە ئێوارە داهات، بەلەمەکە لە ناوەڕاستی دەریاچەکە بوو، یەشوا بە تەنها لەسەر وشکانی بوو.48کە بینی قوتابییەکانی بەهۆی سەوڵ لێدانەوە ماندوو بوون، چونکە ڕەشەباکە پێچەوانەیان بوو، لە بەرەبەیان هاتە لایان، بەسەر دەریاچەکەدا ڕۆیشت و ویستی لێیان تێبپەڕێت. 49بەڵام کاتێک بینییان بەسەر دەریاچەکەدا دەڕوات، وایانزانی جنۆکەیە جا هاواریان کرد. 50چونکە هەموو بینییان و پەشۆکان. ئەو دەستبەجێ قسەی لەگەڵ کردن و پێیانی فەرموو: «ورەتان بەرز بێ، ئەوە منم، مەترسن!»51ئینجا رۆیشت بەرەو بەلەمەکە و ڕەشەباکە هێمن بۆوە. سەریان سووڕما، 52لەبەر ئەوەی لە پەرجووی نانەکان تێنەگەیشتبوون، دڵیان هەر ڕەق بوو.53کاتێک لەگەڵ قوتابییەکانی پەڕینەوە ئەوبەر، هاتنە خاکی کینەرەت، و لەنگەریان گرت. 54کاتێک لە بەلەمەکە دابەزین، خەڵک ئەویان ناسییەوە، 55چونکە پێشتر بەو ناوچانەدا گەڕابوون، و لە هەموو لایەکەوە دەیانبیست ئەوی لێیە ئەو نەخۆشانەی لە ناو جێگا کەوتبوون دەیانبردە لای.56بۆ هەر شوێنێک دەچوون، گوند و شارو کێڵگە، خەڵک نەخۆشەکانیان لە شوێنە گشتیەکان دادەنا، و لێی دەپاڕانەوە کە تەنها دەست لە داوێنی کەواکەی بدەن. جا هەموو ئەوانەی دەستیان لێی دەدا چاک دەبوونەوە.
1هەندێک لە فەریسی و مامۆستایانی تەورات کۆبوونەوە، لە یۆرشەلایمەوە هاتنە لای.2بینییان هەندێک لە قوتابییەکانی بە دەستی پیس نان دەخۆن، واتا بێ دەست شوشتن. 3چونکە فەریسی، و هەموو یەهوودیەکان، نان ناخۆن ئەگەربە باشی دەستیان نەشۆن، لەبەر ئەوەی پەیوەست بوون بە نەریتی پیرانەوە. 4هەروەها کاتێک لە بازاڕ دێنەوە، نان ناخۆن هەتا خۆیان نەشۆن. زۆر دابونەریتی دیکەش هەیە کە جێبەجێی دەکەن، وەک شۆردنی دەفر و پەرداخ و قاپە مسەکان.5لەوکاتەدا لێیان پرسی فەریسییەکان و مامۆستایانی تەورات : «بۆچی قوتابییەکانت لەسەر نەریتی پیران ناڕۆن، و بەڵکو بە دەستی پیس خواردن دەخۆن؟»6وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «ئیشایای پێغەمبەر سەبارەت بە ئێوەی دووڕوو پێشبینی باشی کردووە، وەک نووسراوە: ئەم گەلە هەر بە دەم ڕێزم لێ دەگرن، بەڵام دڵیان لێم دوورە. 7بێهودە دەمپەرستن لە کاتێکدا ئەوان رێنماییەکان دەزانن بەڵام تەنها ڕاسپاردەی مرۆڤانە فێری خەڵک دەکەن!8ئێوە ڕاسپاردەی خوداتان پشتگوێ خستووە و دەستتان بە نەریتی مرۆڤەوەکانەوە گرتووە!» 9پێی فەرموون: «باش ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە نەریتی خۆتان بکەن! 10موشە فەرموویەتی: ڕێز لە باوک و دایکت بگرە! هەروەها: هەرکەسێک سوکایەتی بە باوکی یان دایکی بکات، با مردن سزای بێت!11بەڵام ئێوە دەڵێن: ئەگەر یەکێک بە دایک یان باوکی بڵێت: ئەوەی لە منەوە سوودت لێی وەردەگرت دەیکەمە قوربانی، واتە پێشکەشکراو بۆ پەرستگا، 12ئیتر نایەڵن شتێک بۆ دایکی یان باوکی بکات! 13بەوشێوەیە دەسەڵاتی وشەی خودا ڕەت دەکەنەوە بە پێی ئەو نەریتەی کە لە یەکتری وەردەگرن . و زۆر شتی دیکەی وەک ئەمە دەکەن!»14کاتێک بۆ جاری دووەم جەماوەرەکەی بانگ کرد، پێی فەرموون: «هەمووتان گوێم لێ بگرن و تێبگەن! 15هەر شتێک لە دەرەوەی مرۆڤ بچێتە ناویەوە ناتوانێت پیسی بکات. سەبارەت بەو شتانەی کە لە مرۆڤەوە دێنە دەرەوە، ئەوانەن کە پیسی دەکەن. 16ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن، با ببیستێ».17کاتێک خەڵکەکەی بەجێهێشت و هاتە ماڵەوە، قوتابییەکانی دەربارەی نموونەکە پرسیاریان لێکرد، 18پێی فەرموون: «ئایا ئێوەش تێنەگەیشتوون؟ ئایا تێناگەن کە هەرچی لە دەرەوەی مرۆڤەوە دێتە ناویەوە ناتوانێت پیسی بکات، 19چونکە ناچێتە دڵییەوە بەڵکو سکی، پاشان دەچێتە دەرەوەی جەستەی؟» بەمەش ڕایگەیاند کە هەموو خواردنێک پاکە.20ئینجا فەرمووی: «ئەوەی لە مرۆڤ دەردەچێت، ئەوەیە مرۆڤ پیس دەکات. 21چونکە لە ناوەوە، لە دڵی مرۆڤەکانەوەیە، کە بیری خراپ و بێ رەوشتی، و دزی، و کوشتن سەرهەڵدەدەن.، 22داوێنپیسی، چاوچنۆکی، خراپەکاری، هەڵخەڵەتاندن، بەدڕەوشتی، بەڕەڵایی، چاوپیسی، کوفر، لووتبەرزی، گەمژەیی 23هەموو ئەم خراپانە لە ناخی مرۆڤەوە دەردەچن و پیسی دەکەن».24پاشان یەشوا ئەوێی بەجێهێشت و چوو بۆ هەرێمی سور. چووە ماڵێک و نەیویست کەس بزانێت. بەڵام نەیتوانی خۆی بشارێتەوە. 25لەبەر ئەوەی ژنێک کچەکەی گیانی پیسی تێدابوو کاتێک هەواڵی ئەوی بیست یەکسەر هات و لەبەرپێی کەوت، 26ژنەکەش کەنعانی بوو، لە ڕەگەزی فینیقیای سوریا بوو، داوای لێکرد گیانە پیسەکە لە کچەکەی دەربکات.27ئەویش پێی فەرموو: «با سەرەتا منداڵەکان تێربن! چونکە ناشێت نانی منداڵان ببرێت و فڕێبدرێت بۆ سەگ». 28بەڵام وەڵامی دایەوە پێی گوت: « ڕاستە گەورەم! سەگیش لەژێر خواندا لە پاشماوەی منداڵان دەخوات!»29پێی فەرموو: «لەبەر ئەم قسەیە، بڕۆ گیانە پیسەکە لە کچەکەت دەرچوو!» 30کاتێک ژنەکە گەڕایەوە ماڵەوە، بینی منداڵەکە لەسەر جێگاکەی پاڵکەوتووە و خێوەکەی لێ دەرچووبوو.31پاشان یەشوا دەوروبەری سوری بەجێهێشت و گەڕایەوە بۆ دەریاچەی گەلیلی،بە سیدۆندا ڕۆیشت و سنوری دە شارەکەی تێپەڕاند. 32پیاوێکی کەڕ و لاڵیان بۆ هێنا، و لێی پاڕانەوە دەستی لەسەر دابنێ.33بۆیە لە خەڵکەکە دووری خستەوە. پەنجەکانی خستە گوێی کابرا، پاشان تفی کرد و دەستی لە زمانیدا، 34و سەری بەرز کردەوە بۆ ئاسمان، ئاهێکی هەڵکێشا و پێی گوت: «ئاڤاتا!» واتە بکرێرەوە. 35دەستبەجێ گوێیەکانی کرانەوە و زمانی بەربوو، و بە ڕەوانی قسەی کرد.36ئینجا ڕایسپاردن بە کەس نەڵێن. بەڵام چەند ڕایدەسپاردن، ئەوان زیاتر بڵاویان دەکردەوە. 37زۆر سەرسام بوون، و دەیانگوت: «هەموو شتێکی بە باشی کردووە. وا دەکات کەڕ ببیستێ و لاڵ قسە بکات».
1لەو ڕۆژانەدا، کۆمەڵە خەڵکێکی زۆری دیکە کۆبوونەوە، لەبەر ئەوەی هیچیان نەبوو بیخۆن، یەشوا قوتابییەکانی بانگ کرد و پێی فەرموون: 2«بەزەییم بەم خەڵکدا دێتەوە چونکە سێ ڕۆژە لەگەڵمن و هیچیان نییە بیخۆن. 3وە ئەگەر بە ڕۆژوەوە بیانێرمەوە بۆ ماڵەکانیان، لە رێگا هێزیان نامێنێت، و هەندێکیشیان لە دوورەوە هاتوون». 4قوتابییەکانی پێیان گوت: «چۆن کەسێک ئەم خەڵکە بە نان تێر بکات لێرە لەم شوێنە چۆڵە؟»5لێی پرسین: «چەند نانتان پێیە؟» وەڵامیان دایەوە: «حەوت!» 6فەرمانیدا خەڵکەکە لەسەر زەوی دابنیشن. حەوت نانەکەی هەڵگرت، و سوپاسی کرد، و شکاندی و دایە قوتابییەکان بۆئەوەی بیدەن بە خەڵکەکە، ئەوانیش کردیان7هەروەها چەند ماسییەکی بچووکیشیان پێی بوو، ئەویش بەرەکەتداری کرد و فەرمانی دا کە بیدەن بە خەڵکەکە. 8خواردیان هەتا تێربوون. دوایی حەوت سەبەتەی پڕ پەلکەنانیان هەڵگرتەوە. 9ژمارەی ئەوانەی ئامادەبوون نزیکەی چوار هەزار کەس دەبوون. پاشان بەرێی کردن، 10لەو کاتەدا لەگەڵ قوتابییەکانی سواری بەلەمەکە بوو، و هاتە ناوچەی دەلمانووتە.11فەریسییەکان هاتن و لەگەڵی دەستیان بە مشتومڕکرد، هەروەها بۆ ئەوەی تاقی بکەنەوە داوای پەرجوویەکی ئاسمانیان لێکرد. 12بۆیە بە ناڕەحەتی ئاهێکی هەڵکێشا، و فەرمووی: «بۆچی ئەم نەوەیە داوای نیشانە دەکات؟ ڕاستیتان پێ دەڵێم: هیچ نیشانەیەک بەم نەوەیە نادرێت!» 13پاشان بەجێی هێشتن و سواری بەلەمەکە بوو و پەڕینەوە بۆ کەناری بەرامبەر.14قوتابییەکان لەبیریان چووبوو لەگەڵ خۆیان نان بهێنن، لە بەلەمەکەدا تەنها یەک نانیان پێبوو. 15ڕایسپاردن فەرموی : «وریابن! ئاگاداری هەویر ترشی فەریسییەکان و هەویر ترشی هێرۆد بن».16ئەوانیش لەگەڵ یەکتردا دەمەقاڵەیان دەکرد، و گوتیان: «چونکە نانمان نییە». 17یەشوا کە بەمەی زانی، پێی فەرموون: «بۆچی لەبەر ئەوەی نانتان نییە لەگەڵ یەکتردا دەمەقاڵە دەکەن؟ ئایا تا ئێستا هەست ناکەن و تێناگەن؟ ئایا هەتا ئێستا دڵتان هەرڕەقە؟18چاوتان هەیە، نابینن؟ گوێتان هەیە، نابیستن؟ هەروەها بیرتان نایەتەوە؟ 19کاتێک پێنج نانەکەم شکاند بۆ پێنج هەزارەکە ، چەند سەبەتەی پڕ لە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟»وەڵامیان دایەوە: «دوازدە».20«کاتێک حەوت نانەکەم شکاند بۆ چوارهەزارەکە، چەند سەبەتەی پڕلە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟» وەڵامیان دایەوە: «حەوت!» 21ئینجا پێی فەرموون: «چۆن هێشتا تێنەگەیشتوون؟»22کاتێک لەگەڵ قوتابییەکانی هاتنە بێت سەیدا، کەسێکی نابینایان هێنایە لای لێی پاڕانەوە دەستی لەسەر دابنێت. 23بۆیە دەستی نابیناکەی گرت و لە گوندەکە بردییە دەرەوە، و دوای ئەوەی تفی لە سەرچاوەکانی دانا، دەستی خستە سەر و لێی پرسی: « ئایا هیچ دەبینیت؟»24سەری بەرز کردەوە، و گوتی: «خەڵک دەبینم،وەک درەخت، دەڕۆن». 25دیسان دەستی خستەوە سەر چاوەکانی، و بە وردی سەیری کرد، و تەندرووستی بۆ گەڕایەوە و هەموو شتێکی بە ڕوونی بینی. 26بۆیە ناردی بۆ ماڵەوە و فەرمووی: « مەچۆ ژوورەوە تەنانەت بۆ ناو گوندیش!»27پاشان یەشواو قوتابییەکانی بەرەو گوندەکانی کەیسەرییەی فیلیپۆس بەڕێکەوتن. لە ڕێگا، لە قوتابییەکانی پرسی: « خەڵک دەڵێن من کێم؟» 28وەڵامیان دایەوە: «(هەندێک دەڵێن) یۆخەنانی لەئاوهەڵکێش، هەندێکیش دەڵێن ئیلیا، هەندێکی تریش دەڵێن یەکێکە لە پێغەمبەران».29لێی پرسین: «ئەی ئێوە، دەڵێن من کێم؟» پەترۆ وەڵامی دایەوە: «تۆ مەسیحەکەیت!» 30بۆیە ئاگاداری کردنەوە ئەم بابەتە بەکەس نەلێن.31ئینجا فێری کردن کە ڕۆڵەی مرۆڤ دەبێت زۆر ئازار بچێژێت، پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ڕەتی بکەنەوە، بکوژرێت، و دوای سێ ڕۆژ هەستێتەوە. 32قسەکەی ئەوەندە بە ئاشکرا کرد. کە پەترۆ هێنایە ئەم لاوە و دەستی کرد بە لۆمە کردنی.33بەڵام ڕووی کردە قوتابییەکانی و پەترۆی سەرزەنشت کرد و فەرمووی: «لەبەرچاوم لاچۆ ئەی شەیتان، تۆ بیر لە شتە خوداییەکان ناکەیتەوە بەڵکو شتی مرۆڤانە!» 34ئینجا خەڵکەکە و قوتابییەکانی بانگکرد، و پێی فەرموون: «ئەگەر کەسێک دەیەوێت ببێتە قوتابی من، با نکۆڵی لە خۆی بکات، و خاچەکەی هەڵبگرێت، و دوام بکەوێت.35ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات، دەیدۆڕێنێت. بەڵام ئەوەی لە پێناوی من و مزگێنییەکەم ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری دەکات. 36چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەرهەموو جیهان بباتەوە و خۆی بدۆڕێنێت؟ 37یان مرۆڤ لە بەرامبەر ژیانی خۆیدا چ بەهایەک دەدات؟38ئەوەی لەلای ئەم نەوە داوێنپیس و گوناهبارە شەرمی بە من و بە وتەکانم بێت، ڕۆڵەی مرۆڤیش شەرمی پێی دەبێت کاتێک لە شکۆمەندی باوکی لەگەڵ فریشتە پیرۆزەکاندا دێتەوە».
1پاشان پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەندێک لەوانەی لێرە ڕاوەستاون، مردن ناچێژن هەتا شانشینی خودا نەبینن کە بە هێزەوە دێت.» 2دوای شەش ڕۆژ، یەشوا پەترۆ و یاکوڤ و یۆخەنای لەگەڵ خۆی بە تەنها برد، بۆ سەر چیایەکی بەرز، لەوێ لەپێشیان شێوەی گۆڕدرا، 3جلەکانی لە بەفر سپیتر بوون، چونکە هیچ سپیکەرەوەیەکی سەر زەوی نەیدەتوانی شتێک وەک ئەمە سپی بکاتەوە.4ئینجا ئیلیا و موشەیان بۆ دەرکەوت لەگەڵ یەشوادا گفتوگۆیان دەکرد. 5ئینجا پەترۆ بە یەشوای گوت: « گەورەم، چەندە باشە بۆ ئێمە لێرە بمێنینەوە. با سێ چادرهەڵبدەین: یەکێکیان بۆ تۆ، یەکێکیان بۆ موشە، ئەویتریش بۆ ئیلیا!» 6نەیدەزانی چی دەڵێت، چونکە ترس دایگرتبوون.7هەورێکیش هات و باڵی بەسەریاندا کێشا، دەنگێک لە هەورەکەوە هات: «ئەمە ڕۆڵەی خۆشەویستمە. گوێی لێ بگرن!» 8کاتێک لەناکاو سەیری دەوروپشتیان کرد لە یەشوا زیاتر کەسیان لەگەڵ خۆیان نەبینی.9کاتێک لە چیاکە دەهاتنە خوارەوە، یەشوا رایسپاردن ئەوەی بینییان بە کەسی نەڵێن، هەتا ڕۆڵەی مرۆڤ لەناو مردووان هەڵدەستێتەوە. 10ئەوانیش ڕاسپاردەکەیان ئەنجامدا، پاشان لەنێو خۆیاندا پرسیاریان لە یەکتر کرد «مانای هەستانەوە لە نێومردوان چیە؟»11جا پرسیاریان لێکرد: «بۆچی مامۆستایانی تەورات دەڵێن دەبێت لە پێشدا ئیلیا بێت؟» 12وەڵامی دانەوە: «ڕاستە، ئیلیا دێت و هەموو شتێک چاک دەکاتەوە. هەروەها لە پەرتووکەکەدا هاتووە کە ڕۆڵەی مرۆڤ دەبێت ئازاری زۆر بچێژێت و بێ ڕێزی پێ بکرێت . 13بەڵام پێتان دەڵێم: ئیلیا پێشترهات، و چییان ویست پێیان کرد، هەروەک چۆن لەبارەی ئەو لە پەرتووکەکەدا هاتوە!»14کاتێک هاتنەوە لای قوتابییەکانی تر، خەڵکێکی زۆریان لە دەوروپشتیان بینی و مامۆستایانی تەوراتیش دەمەقاڵێیان لەگەڵ دەکردن. 15کە هەموو خەڵکەکە بینیان، سەرسام بوون بە پەلە سڵاویان لێکرد. 16لێی پرسین: «لەسەر چی دەمەقاڵەیان لەگەڵ دەکەن؟»17یەکێک لە خەڵکەکە وەڵامی دایەوە و گوتی : «مامۆستا، کوڕەکەم هێناوەتە لات گیانێکی لاڵی تێدایە، 18هەر کاتێک دەستی بەسەردا دەگرێت، دەکەوێتە سەر زەوی دەمی کەف دەکات و ددانەکانی جیڕدەکاتەوە و ڕەق دەبێت. داوام لە قوتابییەکانت کرد دەریبکەن، نەیانتوانی». 19وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «ئەی نەوەی بێباوەڕ! هەتا کەی لەگەڵتان بمێنمەوە؟ هەتا کەی بەرگەتان بگرم؟ منداڵەکە بهێننە لام!»20ئەوانیش هێنایانە لای. کە گیانە پیسەکە یەشوای بینی، دەستبەجێ منداڵەکە فێی لێهات و کەوتە سەر زەوی، دەگەوزا و کەف لە دەمیەوە دەهات. 21لە باوکی منداڵەکەی پرسی: «لە کەیەوە وای لێهاتووە؟» وەڵامی دایەوە: « لە کاتی منداڵیەوە. 22زۆرجار فڕێیداوەتە ناو ئاگر و ناو ئاو بۆ ئەوەی لەناوبچێت. ئەگەر دەتوانی هەرشتێکت هەیە، بۆیە بەزەییت پێماندا بێتەوە و یارمەتیمان بدە!»23یەشوا پێی فەرموو: «بەڵام ئەگەر توانیت باوەڕت هەبێت، بۆ باوەڕدار هەموو شتێک دەبێت!» 24دەستبەجێ باوکی منداڵەکە هاواری کرد: «باوەڕم هەیە، باوەڕەکەم بە هێز بکە». 25یەشواکە بینی خەریکە قەرەباڵغ دەبێت، لە گیانە پیسەکەی ڕاخوڕی: «ئەی گیانی کەڕولاڵ، فەرمانت پێ دەکەم، لێی وەرە دەرەوە وچیتر مەچۆرەوە ناوی!»26ئینجا گیانە پیسەکە هاواری کرد و بە توندی فێی لێهێنا، وپاشان هاتە دەرەوە. کوڕەکەش وەک ئەوەی مردبێت، تەنانەت زۆر کەس گوتیان: «مرد!» 27بەڵام کاتێک یەشوا دەستی گرت و هەڵیستاندوە، و ڕاوەستا.28کاتێک یەشوا چووە ناو ماڵەکە، قوتابییەکانی بە تەنیا لێیان پرسی: «بۆچی ئێمە نەمانتوانی گیانە پیسەکە دەریبکەین؟» 29پێی فەرموون: «ئەم جۆرانە دەرناکرێن تەنها بە نزا و ڕۆژوو نەبێت!»30لەوێش ڕۆیشتن و بە ناوچەی گەلیلیدا تێپەڕین، ئەویش نەیدەویست کەس لەبارەیەوە بزانێت، 31یەشوا نەیویست کەس بزانێت، چونکە قوتابییەکانی فێردەکرد و پێی دەفەرموون: « ڕۆڵەی مرۆڤ دەدرێتە دەست خەڵک، و دەیکوژن، دوای کوشتنی لە ڕۆژی سێهەمدا هەڵدەستێتەوە ». 32بەڵام ئەوان لە وتەکەی تێنەگەیشتن، و ترسان پرسیاری لێ بکەن.33ئینجا هاتنە کەفەرناخوم. کە گەیشتە ماڵەوە، لە قوتابییەکانی پرسی: «بۆچی لە ڕێگادا مشتومڕتان دەکرد؟» 34بۆیە بێدەنگ بوون، چونکە لە ڕێگادا مشتومڕیان لەسەر ئەوە دەکرد کە کامیان پایەبەرزترینە. 35بۆیە دانیشت، و دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، پێی فەرموون: «ئەوەی دەیەوێت یەکەم بێت، با خۆی بکاتە دواهەمین و خزمەتکاری هەمووان بێت!»36پاشان کوڕێکی بچووکی برد و لە ناویاندا ڕایگرت، و لە باوەشی گرت، و پێی فەرموون: 37«ئەوەی بە ناوی منەوە یەکێک لەم منداڵانە پەسەند بکات، ئەوە منی پەسەند کردوە. ئەوەی من پەسەند بکات، تەنها منی پەسەند نەکردوە، بەڵکو ئەوەی کە ناردوومی».38یۆخەنا پێی گوت: «مامۆستا، یەکێکمان بینی بە ناوی تۆوە گیانی پیسی دەردەکرد، ئێمەش ڕێمان لێ گرت، چونکە شوێنمان ناکەوێت!» 39یەشوا فەرمووی: «ڕێی لێ مەگرن! کەس نییە بە ناوی منەوە پەرجوو بکات و بتوانێت لەدوای ماوەیەکی کورت بە خراپە باسم بکات.40ئەوەی دژی ئێمە نییە لەگەڵمانە. 41ئەوەی بە ناوی منەوە جامێک ئاوتان بداتێ چونکە ئێوە هی مەسیحن، بەڕاستی پێتان دەڵێم پاداشتی ون نابێت!42ئەوەی بیەوێت ببێتە کۆسپ بۆئەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە، باشترە بۆی بەرداشێکی گەورە بە ملیەوە هەڵبواسرێت و بخرێتە ناو دەریاوە. 43ئەگەر دەستت تەڵەیەک بوو بۆت، بیبڕە: بۆ تۆ باشترە بە دەستێکەوە بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی دوو دەستت هەبێت و بچیتە دۆزەخ، بۆ ناو ئاگرێکی نەکوژاوە 44لەوێ کرمەکان نامرێت، و ئاگرەکە ناکوژێتەوە45ئەگەر پێت تەڵەیە بۆت، بیبڕە: باشترە بۆت بچیتە ژیانەوە بە پێی بڕاوەوە، لەوەی دوو پێت هەبێت و فڕێ بدرێتە دۆزەخەوە، بۆ ناو ئاگرێکی نەکوژاوە. 46لەوێ کرمەکانیان نامرێت و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.47ئەگەر چاوت تەڵە بوو بۆت، دەریبهێنە: باشترە بە یەک چاو بچیتە ناو شانشینی خودا، لەوەی دوو چاوت هەبێت، فڕێ بدرێیتە ناو ئاگری دۆزەخەوە. 48لەوێ کرمەکانیان نامرێت، و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.49هەموو کەسێک بە ئاگر سوێر دەکرێت. 50خوێ باشە، بەڵام ئەگەر خوێ سوێرییەکەی نەما، چۆن دەتوانی تامەکەی بدەیتەوە؟ با خوێتان تێدابێت و لەگەڵ یەکتری لە ئاشتیدا بن!»
1پاشان ئەو ناوچەیەی بەجێهێشت و هاتە دەوروبەری ناوچەی یەهودیا و ئەودیوی ڕووباری ئەردەن. دووبارە خەڵک لێی کۆبوونەوە ئەویش وەک نەریتی خۆی دەستی کرد بە فێرکردنیان. 2هەندێک فەریسی هاتن و بۆ تاقیکردنەوە پرسیاریان لێی کرد: «ئایا دروستە مێرد ژنەکەی تەڵاق بدات؟» 3وەڵامی دانەوە پرسیاری لێ کردن: 4«موشە بە چی رایسپاردوون؟» گوتیان: «موشە ڕێی داوە پیاو تەڵاقنامە بنووسێت و ژنەکەی تەڵاق بدات».5یەشوا وەڵامی دایەوە: «بەهۆی دڵ ڕەقیتانەوە موشە ئەم ڕاسپاردەیەی بۆ نووسین. 6بەڵام لە سەرەتای بەدیهێنانەوە خودا مرۆڤی بە نێر و مێ بەدیهێنا.7بۆیە پیاو باوک و دایکی بەجێدەهێڵێت و لەگەڵ ژنەکەیدا یەکدەگرێت، 8کەواتە هەردووکیان دەبنە یەک جەستە. ئیتر دوو کەس نین بەڵکو یەک جەستەن. 9ئەوەی خودا بەیەکی گەیاندوون با مرۆڤ جیای نەکاتەوە».10وە لە ماڵەوە، قوتابییەکان دیسان سەبارەت بەو بابەتە پرسیاریان لێکرد . 11پێی فەرموون: « ئەوەی کە ژنەکەی تەڵاق بدات، و یەکێکی تر بهێنێت ئەوا داوێنپیسی لەگەڵ دەکات. 12ئەگەر ژن لە مێردەکەی تەڵاق وەربگرێت و مێرد بە یەکێکی تر بکات، ئەوا داوێنپیسی دەکات!»13هەندێکیان منداڵی بچووکیان بۆ هێنا تا دەستیان لێبدات. بەڵام قوتابییەکان سەرزەنشتیان کردن. 14کە یەشوا ئەمەی بینی، تووڕە بوو پێی فەرموون: «با منداڵە بچووکەکان بێنە لام ، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی خودا هی وەک ئەمانەیە!15بەڕاستی پێتان دەڵێم: ئەوەی وەک منداڵێکی بچووک شانشینی خودا وەرنەگرێت، هەرگیز ناچێتە ناویەوە!» 16پاشان منداڵەکانی لە باوەش گرت و دەستی لەسەریان دانا و بەرەکەتداری کردن.17کاتێک خەریک بوو دەڕۆیشت، پیاوێک بە پەلە بەرەو ڕووی هات کڕنۆشی بۆ برد و لێی پرسی: « ئەی مامۆستای چاک، چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟» 18یەشوا پێی فەرموو: «بۆچی بە چاک ناوم دەبەیت؟ تەنها یەک کەس چاکە، وئەویش خودایە. 19تۆ ڕاسپاردەکان دەزانیت: مەکوژە؛ داوێنپیسی مەکە؛ دزی مەکە؛ شایەتی درۆ مەدە؛ ستەم مەکە؛ ڕێز لە باوکت و دایکت بگرە!»20ئینجا وەڵامی دایەوە و گوتی: « لە منداڵییەوە هەموو ئەم کارانەم ئەنجام داوە» 21یەشوا سەیری کرد و خۆشیویست، پێی فەرموو: «شتێکت کەمە: بڕۆ، هەموو ئەوەی هەتە بیفرۆشە، و بیدە بە هەژاران، بەمە گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت، ئینجا وەرە شوێنم بکەوە». 22بەم قسەیە غەمبار بوو بە دڵتەنگییەوە ڕۆیشت، چونکە سامانێکی زۆری هەبوو.23یەشوا سەیری دەوروپشتی کرد و بە قوتابییەکانی فەرموو: «زۆرقورسە بۆ دەوڵەمەندان بچنە ناو شانشینی خودا!» 24قوتابییەکان لە قسەکانی سەرسام بوون. بەڵام یەشوا دیسان پێی فەرموون: «ڕۆڵەکانم، چەندە قورسە بۆ ئەوانەی پشت بە پارە دەبەستن بچنە ناو شانشینی خوداوە! 25ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزیدا تێپەڕێت، لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە».26جا زۆر سەرسام بوون، و بە یەکتریان گوت: «کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟» 27یەشوا سەیری کردن و فەرمووی: «لەلای مرۆڤەکان ئەمە ئاستەمە، بەڵام لای خودا نا. چونکە هەموو شتێک لەلای خودا دەبێت!» 28پەترۆ گوتی: «ئەوەتا ئێمە هەموو شتێکمان بەجێهێشت و شوێنت کەوتین.»29یەشوا وەڵامی دانەوە : «ڕاستیتان پێ دەڵێم: کەس نییە لە پێناوی من و مزگێنییەکەم ماڵ وبرا و خوشک و دایک و باوک و منداڵ یان کێڵگەی بەجێ هێشتبێت، 30ئێستا لەم سەردەمە سەد هێندە وەرنەگرێتەوە، لە ماڵ وبرا وخوشک ودایک ومنداڵ و کێڵگە لەگەڵ پاداشی چەوسانەوەکەی، وە لە ڕۆژی کۆتایی ژیانی هەتاهەتایی پێدەدرێت. 31بەڵام زۆر لە یەکەمینەکان دەبنە دواهەمین، و دواهەمینەکانیش دەبنە یەکەمین!»32لە ڕێگاوە سەردەکەوتن بەرەو یۆرشەلایم ، یەشوا پێشیان کەوتبوو، قوتابییەکانیش سەرسام ببوون، ئەوانەی شوێنی دەکەوتن دەترسان. جارێکیتر، دوازدە قوتابییەکەی جیا کردەوە، ئاگاداری کردنەوە لەوەی کە چی بەسەردێت، فەرمووی: 33«ئەوەتا ئێمە بەرەو یۆرشەلایم سەردەکەوین، ڕۆڵەی مرۆڤ ڕادەستی سەرۆک کاهینەکان و زانایانی تەورات دەکرێت، ئینجا سزای مردنی دەدەن، دەیدەنە دەست نەتەوەکان، 34گاڵتەی پێ دەکەن، و تفی لێدەکەن، و بە قامچی لێی دەدەن، و دەیکوژن. دوای سێ ڕۆژهەڵدەستێتەوە!»35یاکۆڤ و یۆخەنا کوڕەکانی زەڤدی، هاتنە لای و پێیان گوت: «مامۆستا، دەمانەوێت داوای هەرچییەک دەکەین بۆمان بکەیت». 36لێی پرسین: «ئارەزوی چیتان هەیە بۆتان بکەم؟» 37وەڵامیان دایەوە: «رێگەمان بدە لە شکۆمەندییەکەتدا دابنیشین: یەکێک لە دەستی ڕاستت، یەکێک لە دەستی چەپت!»38یەشوا پێی فەرموون: «نازانن داوای چی دەکەن: ئایا دەتوانن ئەو جامە بخۆنەوە کە من دەیخۆمەوە، یان دەتوانن خۆتان لەو ئازارانەدا نوقم بکەن کە من تێیاندا نوقم دەبم؟» 39وەڵامیان دایەوە: «دەتوانین!» یەشوا وەڵامی دانەوە: «ئەو جامەی من دەیخۆمەوە، ئێوەش دەیخۆنەوە، وە ئەو ئازارانەی کە من تێیاندا نوقم دەبم ئێوەش تێیاندا نوقم دەبن. 40بەڵام دانیشتن لەلای ڕاست و چەپمەوە، ئەوە بۆ من نییە بیدەم تەنها بۆ ئەوانەی کە بۆیان ئامادە کراوە».41کاتێک دە قوتابییەکەی دیکە ئەمەیان بیست، ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر یاکوڤ و یۆخەنا. 42بەڵام یەشوا بانگی کردنە لای خۆی و پێی فەرموون: « دەزانن ئەوانەی بە فەرمانڕەوای نەتەوەکان دادەنرێن فەرمانڕەواییان بەسەردا دەکەن، و گەورەکانیان دەسەڵاتیان بەسەریاندا دەسەپێنن.43با ئەمە لە نێوان ئێوەدا نەبێت، ئەوەی دەیەوێ لە نێوانتاندا مەزنترین بێت، با ببێتە خزمەتکارتان، 44هەرکەسێک دەیەوێت یەکەمین بێت لە نێوانتاندا، با خزمەتکاری هەمووان بێت. 45چونکە تەنانەت ڕۆڵەی مرۆڤیش نەهاتووە تاکو خزمەت بکرێت، بەڵکو هاتووە بۆ خزمەتکردن وبەخت کردنی خۆی لە پێناوی زۆرینەدا».46پاشان گەیشتنە یەریخۆ. لەو کاتەی خۆی و قوتابییەکانی، و خەڵکێکی زۆر لە یەریخۆ هاتنە دەرەوە، بارتیماوسی کوێر – کوڕی سیمائۆس، لە لای ڕێگاکە دانیشتبوو و سواڵی دەکرد. 47کە بیستی ئەوە یەشوای ناسیرەییە، هاواری کرد: «یەشوا کوڕی داڤید، بەزەییت پێمدا بێتەوە!» 48زۆر کەس سەرزەنشتیان کرد کە بێدەنگ بێت، بەڵام ئەو زیاتر هاواری دەکرد: «ئەی کوڕی داڤید، بەزەییت پێمدا بێتەوە».49یەشوا ڕاوەستا و فەرمووی: «بانگی بکەن!» ئەوانیش نابیناکەیان بانگکرد و پێیان گوت: «هەستە، و ورەت بەرز بێت! بانگت دەکات!» 50ئیترهەستا و هاتە لای یەشوا و کەواکەی فڕێدا.51یەشوا لێی پرسی: «چیت دەوێ بۆت بکەم؟» نابیناکە پێی گوت: «گەورەم، دەمەوێ ببینم!» 52یەشوا پێی فەرموو: «بڕۆ! باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە». دەستبەجێ بینی، و بە ڕێگادا دوای یەشوا کەوت.
1هەر کە لە یۆرشەلایم نزیک بوونەوە، گەیشتنە گوندی بێت فاگە و گوندی بێت ئەنیا، لەلای چیای زەیتوون، یەشوا دووان لە قوتابییەکانی نارد، 2پێی فەرموون: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، لەگەڵ چوونە ژوورەوەتان بۆ ئەوێ، دەبینن جاشکێک بەستراوەتەوە هەتا ئێستا کەس سواری نەبووە: بیکەنەوە و بیهێننە ئێرە. 3ئەگەر یەکێک پێی گوتن: بۆچی ئەم كارە دەکەن؟ بڵێن: پەروەردگارمان پێویستی پێیەتی، زوو دەینێرێت بۆ ئێرە».4کاتێک ڕۆیشتن، بینییان لەبەر دەرگای ماڵێک وا جاشکەکە لەسەر ڕێگاکە بەستراوەتەوە، ئەوانیش کردیانەوە. 5هەندێک لەوانەی لەوێ وەستابوون پێیان گوتن: «چی دەکەن؟ بۆچی جاشکەکە دەکەنەوە؟» 6ئەوانیش وەڵامیان دایەوە وەک ئەوەی یەشوا پێی ڕاسپارد بوون ئیتر ڕێگەیاندان.7ئینجا جاشکەکەیان هێنایە لای یەشوا ، و جلەکانیان لەسەر دانا، ئەویش سواری بوو. 8خەڵکێکی زۆریش جلەکانیان لەسەر ڕێگاکە ڕاخست و هەندێکی تریان بە لق و پۆپی دارەکان کە لە کێڵگەکان بڕیبوویان. 9ئەوانەی لە پێشییەوە دەرۆشتن و ئەوانەش کە لە پشتیەوە دەڕۆیشتن، هاواریان دەکرد: «هۆشیەنا! پیرۆزە ئەوەی بە ناوی پەروەردگارەوە دێت! 10پیرۆزە شانشینی داڤیدی باوکمان کە دێت! هۆشیەنا لە بەرزتریندا!»11پاشان یەشوا چووە ناو یۆرشەلایم، تا هاتە ناو پەرستگا، تەماشای هەموو ئەو شتانەی دەکرد کە تێیدا دەگوزەرێت. کاتێک ئێوارە هات، لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە چوو بۆ بێت ئەنیا. 12ڕۆژی دواتر، کە بێت ئەنیا یان بەجێهێشت، برسی بوو.13دارهەنجیرێکی لە دوورەوە بینی گەڵای کردبوو، چووە لای بەو هیوایەی هەندێک بەروبوومی پێوە بێت. کە گەیشتە لای لە گەڵا زیاتر هیچی پێوە نەبینی، چونکە وەرزی هەنجیر نەبوو. 14پێی فەرموو: «ئیترکەس لەبەروبوومت ناخوات لە ئێستاوە بۆهەتاهەتایە !» و قوتابییەکانیشی گوێیان لێبوو.15هاتنە یۆرشەلایم، یەشوا چووە ناو پەرستگا و ئەوانەی لەوێ خەریکی کڕین و فرۆشتن بوون لە حەوشەی پەرستگا دەریکردن، مێزی پارەگۆڕەکان و کورسی ئەو کەسانەی کە کۆتریان دەفرۆشت هەڵیگێڕاندەوە. 16هەروەها ڕێگەی نەدەدا کەس بە کەلوپەلەوە بەناو پەرستگاکەدا تێپەڕێت.17فێری کردن و دەیفەرموو: «وەک نووسراوە: ماڵەکەم بە ماڵی نزا ناودەبردرێت لەلایەن هەموو نەتەوەکانەوە؟ بەڵام ئێوە کردووتانە بە ئەشکەوتی دزەکان!» 18سەرۆک کاهینەکان، و مامۆستایانی تەورات گوێیان لێبوو، بیریان دەکردەوە چۆن لەناوی ببەن: چونکە لێی دەترسان، لەبەر ئەوەی هەموو خەڵکەکە سەریان سوڕمابوو لە فێرکارییەکانی. 19کاتێک ئێوارە هات، چوونە دەرەوەی شار.20سبەی بەیانی زوو بەلایدا تێدەپەڕین، دار هەنجیرەکەیان بینی لە ڕەگەوە وشک بووە. 21پەترۆ بیری کەوتەوە و گوتی: «مامۆستا، سەیرکە! ئەو دارهەنجیرەی کە نەفرەتت لێکرد وشک بووەوە!»22یەشوا وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «باوەڕتان بە خودا هەبێت! 23ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی بەم شاخە بڵێ: هەڵبکەنرێ و بکەوە ناو دەریاوە! و لە دڵیدا گومان ناکات، بەڵکو باوەڕی بەوە بێت کە دەیڵێت ڕوودەدات، ئەوەی دەیڵێت بۆی دەکرێت.24لەبەرئەوە پێتان دەڵێم: ئەوەی داوای دەکەیت و نزای بۆ دەکەیت، کەواتە باوەڕت بەوە هەبێت کە بەدەستت هێناوە، بۆت بەدی دێت. 25کاتێک بۆ نزا کردن دەوەستن، ئەگەر شتێکتان هەیە بەرامبەر بە کەسێک لێی خۆشبن، بۆ ئەوەی باوکتان لە ئاسمانەکان لە تاوانەکانتان خۆش بێت. 26بەڵام، ئەگەر ئێوە لێی خۆش نەبن، باوکی ئاسمانیشتان لە تاوانەکانتان خۆش نابێت».27پاشان جارێکی تر گەڕانەوە بۆ یۆرشەلایم. کاتێک لە پەرستگاکەدا دەگەڕا، کاهینانی باڵا، و مامۆستایانی تەورات، و پیران هاتنە لای، 28لێیان پرسی: « بە چ دەسەڵاتێک ئەو کارانە دەکەیت؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە تۆ داوە ئەم کارانە بکەیت؟»29یەشوا وەلامی دانەوە و پێی فەرموون: «منیش دەربارەی شتێک پرسیارێکتان لێ دەکەم. وەڵامم بدەنەوە، پێتان دەڵێم، بە چ دەسەڵاتێک ئەم کارانە دەکەم: 30ئایا لەئاوهەڵکێشانی یۆخەنان لە ئاسمانەوە بوو یان لە خەڵکەوە؟ وەڵامم بدەنەوە!»31بۆیە لە نێوان خۆیاندا ڕاوێژیان کرد، و گوتیان: «ئەگەر بڵێین: لە ئاسمانەوە بوو، دەڵێت: باشە بۆچی باوەڕتان پێی نەبوو؟ 32ئەگەریش بڵێین: لە خەڵکەوە بوو؟» ئەوان لە خەڵک دەترسان چونکە هەموویان یۆخەنانیان بە پێغەمبەرێکی ڕاستەقینە دەزانی. 33ئینجا وەڵامی یەشوایان دایەوە: «نازانین!» یەشوا پێی فەرموون: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەم کارانە دەکەم!»
1ئینجا بە نموونە قسەی لەگەڵ کردن وفەرمووی: «کابرایەک ڕەزێکی چاند، پەرژینێکی بە دەوریدا کرد، چاڵێکی بۆ ترێ گوشین تێدا هەڵکەند، و شوێنێکی بەرزی بۆ چاودێری دروست کرد. پاشان باخەکەی بە ڕەزەوانان سپارد، و گەشتی کرد. 2لە وەرزی خۆیدا ، خزمەتکارێکی بۆ لای ڕەزەوانەکان نارد تاکو بەشی خۆی لە بەروبوومی ڕەزەکە وەربگرێت. 3بەڵام گرتییان و لێیاندا و بە دەستی بەتاڵ ناردیانەوە.4خزمەتکارێکی دیکەی بۆلایان نارد، سەری ئەمیشیان شکاند وسووکایەتیان پێکرد و ناردیانەوە. 5یەکێکی دیکەشی نارد، ئەویشیان کوشت. زۆر خزمەتکاری دیکەشی نارد، لە هەندێکیان دا و هەندێکیان کوشت.6تەنها کوڕە خۆشەویستەکەی مابوو، لە کۆتاییدا ئەویشی بۆ لایان نارد، گوتی: ڕێز لە کوڕەکەم دەگرن! 7بەڵام ئەو ڕەزەوانانە بە یەکتریان گوت: ئەمە میراتگرەکەیە؛ وەرن با بیکوژین بۆ ئەوەی میراتەکە بەدەست بهێنین!8ئینجا گرتیان و کوشتیان و فڕێیان دایە دەرەوەی ڕەزەکە. 9کەواتە خاوەنی ڕەزەکە چی دەکات؟ دێت و ئەم ڕەزەوانانە لەناودەبات، و ڕەزەکە ئەداتە کەسانی تر.10ئەم نووسراوە پیرۆزەتان نەخوێندۆتەوە: ئەو بەردەی بیناسازەکان ڕەتیان کردەوە، بوو بە یەکەم بەردی بناغە. 11ئەمە لە پەروەردگارەوە بوو، لە چاوی ئێمەشدا سەرسوڕهێنەرە!» 12ئەوانیش هەوڵیان دا بیگرن، بەڵام لە خەڵکەکە ترسان، چونکە تێگەیشتن کە مەبەستی نموونەکە لەوانە، ئیتر وازیان لێ هێنا و ڕۆیشتن.13پاشان هەندێک لە فەریسییەکان و ئەندامانی سەربە هیرۆدیان بۆ نارد، بۆ ئەوەی بە وشەیەک کە دەیلێت توشی بکەن. 14هاتن و پێیان گوت: «مامۆستا، دەزانین تۆ ڕاستگۆیت، وە لە کەس سڵ ناکەیت، چونکە تۆ پێگەی کەس لەبەرچاو ناگریت، بەڵکو ڕێگای خودایان بەڕاستی فێردەکەیت: ئایا دروستە سەرانە بدرێتە قەیسەر یان نا؟ بیدەین یان نەیدەین؟» 15بە دووڕوویی ئەوانی زانی و پێی فەرموون: «بۆچی تاقیم دەکەنەوە؟ دینارێکم بۆ بهێنن با بیبینم!»16دینارێکیان بۆهێنا، پرسیاری لێکردن: «ئەمە وێنە و نەخشی کێی لەسەرە؟» وەڵامیان دایەوە: «هی قەیسەر». 17وەڵامی دانەوەو پێی فەرموون: «هی قەیسەر بدەن بە قەیسەر،ئەوەش هی خودایە بیدەنەوە بە خودا!» ئەوانیش سەرسام بوون.18هەندێک لە سەدوکیمەکان کە باوەڕیان بە زیندووبوونەوە نەبوو هاتنە لای، و لێیان پرسی و گوتیان: 19«مامۆستا، موشە بۆی نووسین: ئەگەر برای کەسێک مرد و ژنەکەی دوای خۆی بەجێهێشت بە بێ ئەوەی منداڵی هەبێت، ئەوا براکەی دەبێت لەگەڵ براژنەکەی هاوسەر گیری بکات و نەوە بخاتەوە لەسەر ناوی براکەی.20حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە بێ ئەوەی منداڵی هەبێت مرد، 21دووەم خواستییەوە وبەبێ ئەوەی هیچ نەوەیەک بخاتەوە مرد، سێهەمیش بە هەمان شێوە. 22بەم شێوەیە هەر حەوتەکە بەبێ ئەوەی نەوەیان بخەنەوە هێنایان. وە دوای ئەوانیش، هەروەها ژنەکەش مرد. 23لە ڕۆژی زیندووبوونەوەدا، کاتێک زیندوودەبنەوە، ژنەکە دەبێتە ژنی کامیان، چونکە ئەو ژنی هەرحەوتیان بووە؟»24یەشوایش وڵامی دانەوە پێی فەرموون: «ئایا پێتان وانیە لە تاریکیدان کە نە لە پەرتووکی پیرۆز و نە لە هێزی خودا تێناگەن؟ 25وە کاتێک مرۆڤەکان لە مردن هەڵدەستێندرێنەوە، نە ژن دەهێنن و نە مێرد دەکەن، بەڵکو وەک ئەو فریشتانە وان کە لە ئاسمانەکاندان.26بەڵام دەربارەی مردووان کە هەڵدەستنەوە، کەواتە ئەوەی لە پەڕتووکی موشەدا، لە باسی دەوەنەکە نەتانخوێندۆتەوە، خودا چۆن قسەی لەگەڵ کرد و پێی فەرموو: من خودای ئەڤراهام و خودای ئیتساخ و خودای یاکوڤم؟ 27چونکە خودای مردووەکان نییە، بەڵکو خودای زیندووەکانە. کەواتە ئێوە لە تاریکیەکی مەزندان!»28یەکێک لە مامۆستایانی تەورات گوێی لە مشتومڕیان بوو هاتە لایان، بینی کە بە باشی وەڵامی داونەتەوە، بۆیە لێی پرسی: «چ ڕاسپاردەیەک گرنگتر لە هەموو ڕاسپاردەکانە؟» 29یەشوا وەڵامی دایەوە: «لە هەموویان گرنگتر ئەمەیە: ئەی یەسرائیل گوێ بگرن، پەروەردگاری خودامان یەک پەروەردگارە 30کەواتە پەروەردگاری خودات بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو بیر و بە هەموو تواناتەوە خۆش بوێت. ئەمە ڕاسپاردەی یەکەمە. 31لەدوای ئەویش ئەمەیە، نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت، هیچ ڕاسپاردەیەک گەورەتر لەمانە نییە».32مامۆستاکەی تەوراتیش پێی گوت: «ڕاستە، مامۆستا! بەپێی ڕاستییەکە قسەت کردووە. کە یەک خودا هەیە و بێجگە لە ئەو هیچ خودایەکی دیکە نییە. 33خۆشت بوێت بە هەموو دڵ و بە هەموو تێگەیشتن و بە هەموو تواناتەوە، و خۆشویستنی نزیکەکەت وەک خۆت، شایستەترە لە هەموو قوربانی سووتاندن و پێشکەش کراوێک!» 34کاتێک یەشوا بینی کە بە ژیری وەڵامی داوەتەوە، پێی فەرموو: «تۆ لە شانشینی خودا دوور نیت!» دوای ئەوە کەس نەیوێرا هیچ پرسیارێکی لێ بکات.35یەشوا لە کاتی وانەگوتنەوە لە پەرستگا قسەی کرد، و فەرمووی: «مامۆستاکان چۆن دەتوانن بڵێن مەسیح کوڕی داڤیدە؟ 36داڤید خۆی بە گیانی پیرۆزگوتی: پەروەردگار بە پەروەردگارمی فەرموو: لە ڕاستەم دابنیشە هەتا دوژمنانت دەخەمە ژێر پێت! 37مادەم داڤید خۆی پێی بڵێت پەروەردگار ئیتر چۆن دەبێتە ڕۆڵەی؟» خەڵکەکە زۆربە خۆشحاڵیەوە گوێیان لێگرت.38لە فێرکارییەکانیدا دەیفەرموو: «ئاگاداری مامۆستایانی تەورات بن کە حەز دەکەن بە جلی سەرنج راکێشەوە بگەڕێن، و پێیان خۆشە لە شوێنە گشتیەکان سڵاویان لێ بکەن، 39و لە کەنیشتەکان لە ڕیزی پێشەوە دابنیشن، و لە ڕیزی یەکەمی ئاهەنگەکاندا بن. 40ماڵی بێوەژنەکان دەخۆن، و بۆ خۆدەرخستن نزاکانیان درێژ دەکەنەوە. ئەوانە سزای توند بەسەریاندا دەدرێت!»41یەشوا بەرامبەر گەنجینەی پەرستگا دانیشت، و سەیری کرد چۆن خەڵک پارە دەخەنە ناو گەنجینەکەوە. زۆرێک لە دەوڵەمەندەکان پارەیەکی زۆریان دەخستە ناوی. 42پاشان بێوەژنێکی هەژارهاتوو دوو فلسی دانا.43قوتابییەکانی بانگ کرد و پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەم بێوەژنە هەژارە لە هەموو ئەوانەی دیکە پارەی زیاتری خستە ناو گەنجینەکە: 44چونکە هەمووان لە زیادەی خۆیان بەخشییان، بەڵام ئەم بێوەژنە سەرەڕای هەژارییەکەی هەرچی هەیبوو بەخشی!»
1کاتێک لە پەرستگاکە دەچووە دەرەوە، یەکێک لە قوتابییەکانی پێی گوت: «ئەی مامۆستا، سەیری جوانی ئەم بەردانە و تەلارانە بکە!» 2یەشوا وەڵامی دایەوە: «ئەم تەلارە مەزنانە دەبینیت؟ لێرەدا بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت و هەمووی دەڕووخێت!»3کاتێک لەسەر کێوی زەیتوون بەرامبەر پەرستگاکە دانیشتبوو، پەترۆ و یاکوڤ و یۆخەنا و ئەندریا بە تەنها لێیان پرسی: 4« پێمان بڵێ کەی ئەمانە ڕوودەدەن، هەروەها نیشانەکانی پێش ئەو ڕووداوانە چین؟»5یەشوا وەڵامی دانەوەو فەرمووی: «ئاگادار بن! با کەس گومڕاتان نەکات! 6چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن، و دەڵێن ئەوین زۆر کەسیش گومڕا دەکەن.7بەڵام کاتێک گوێت لە شەڕ و دەنگۆی شەڕ دەبێت تووشی شڵەژان مەبن؛ چونکە دەبێت ئەمانە ڕووبدات، بەڵام هێشتا کۆتایی نییە. 8نەتەوە لە نەتەوە، شانشین لە شانشین هەڵدەگەڕێنەوە، لە زۆر شوێن بوومەلەرزە ڕوودەدات،وەک چۆن برسێتی ڕوودەدات، بەڵام ئەمە دەستپێکی ژانەکانە.9ئاگاداری خۆتان بن، چونکە ڕادەستی دادگا و کەنیشتەکان دەکرێن، و لێتان دەدرێت لە پێناوی مندا لەبەردەم فەرمانڕەوا و پاشایان ڕادەوەستێنرێن، وەک شایەتی بۆ ئەوان. 10هەروەها دەبێ یەکەم جار مزگێنییەکەم بە هەموو نەتەوەکان ڕابگەیەنرێت.11کاتێک ڕادەستتان دەکەن، پێشوەخت نیگەرانی ئەوە مەبن لەوەی چی بڵێن: بەڵکو لەو کاتەدا چیتان بە سروش بۆ دێت بەوە دەدوێن، چونکە ئێوە نین دەدوێن بەڵکو گیانی پیرۆزە. 12برا برای خۆی بە دەستەوە دەدات بۆ مردن، باوکیش منداڵەکەی، منداڵەکانیش دژی دایک و باوکیان هەڵدەگەڕێنەوە و دەیانکوژن. 13و لە پێناو ناوی مندا هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە. بەڵام ئەوەی تا کۆتایی بەرگە بگرێت، ڕزگاری دەبێت.14کاتێک قێزەونی وێرانکەر دەبینن لەو شوێنە وەستاوە کە نابێت لێی بێ، با خوێنەر تێبگات! ئینجا ئەوانەی لە ناوچەی یەهودیان با بەرەو شاخەکان هەڵێن؛ 15هەرکەسێک لەسەربانە، با نەیەتە خوارەوە بۆ بردنی شتەکانی؛ 16ئەوەی لە کێڵگەیە، با نەگەڕێتەوە بۆ بردنی جلەکانی.17هاوار بەوانەی لەو ڕۆژانەدا دووگیانن و شیردەرن! 18کەواتە نزابکەن تاکو لە زستاندا ئەمە ڕوونەدات: 19لەو ڕۆژانەدا تەنگانەیەک ڕوودەدات کە هاوشێوەی ئەو لە سەرەتای پەیدابوونەوە کە خودا بەدیهێناوە تا ئێستا ڕووی نەداوە و ڕوونادات. 20وە ئەگەر پەروەردگار ئەو ڕۆژانەی کورت نەکردایەتەوە، هیچ مرۆڤێک ڕزگاری نەدەبوو. بەڵام لە پێناوی ئەوانەی هەڵیبژاردوون، ئەو ڕۆژانەی کورت کردۆتەوە.21ئەگەر ئەو کاتە یەکێک هاتەلاتان و پێی گوتن: ئەوەتا مەسیحەکە لێرەیە! یان: ئەوەتا لەوێیە! باوەڕ مەکەن. 22ئینجا زۆر دژە مەسیح و پێغەمبەری ساختە دەردەکەون، نیشانە مەزن و پەرجوو دەنوێنن، بەشێوەیێک ئەگەر بتوانن هەڵبژێردراوانیش، گومڕا دەکەن. 23بەڵام ئاگاداربن! ئەوەتا هەموو شتێکم پێ ڕاگەیاندوون پێش ئەوەی ڕووبدات.24بەڵام لەو ڕۆژانەدا، دوای ئەو تەنگانەیە، خۆر تاریک دەبێت و مانگ ڕووناکی خۆی دەشارێتەوە، 25ئەستێرەکانی ئاسمانیش دەکەونە خوارەوە، وهێزی ئاسمانەکان دەهەژێن. 26لەوکاتەدا دەبینن ڕۆڵەی مرۆڤ کەلە هەوری ئاسماندا بە هێز و شکۆمەندییەکی مەزنەوە دێت. 27لەوکاتەدا فریشتەکانی دەنێرێت بو کۆکردنەوەی هەڵبژێردراوەکانی لە ئاراستەی چوار لایەکە، لەمسەری زەویەوە تا ئەوسەری ئاسمان.28لە دار هەنجیرەوە ئەم پەندە فێربە: کاتێک لقەکانی نەرم دەبن و گەڵاکانی گەشە دەکەن، دەزانن هاوین نزیکە. 29بە هەمان شێوە، کاتێک ئێوەش دەبینن ئەم شتانە ڕوودەدات، بزانن کە نزیکە، و لە بەردەرگایە.30ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەم نەوەیە هەرگیز تێناپەڕێت تا هەموو ئەمانە ڕوو نەدات. 31ئاسمان و زەوی تێدەپەڕن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن. 32سەبارەت بەئەو ڕۆژە و کاتە کەس نایزانێت، تەنانەت فریشتەکانی ئاسمانیش و نە کوڕەکە، تەنیا باوک نەبێت.33ئاگاداربن و ئێشک بگرن چونکە نازانن چ کاتێک دێت! 34وەک پیاوێکە گەشتی کردبێت، ماڵەکەی بەجێ هێشتبێت، و دەسەڵاتی دابێتە خزمەتکارەکانی هەریەکە و بە ئیشی خۆی، دەرگاوانیشی ڕاسپاردبێت چاوەدێری بکات.35بۆیە چاوەرێ بن، چونکە نازانن کەی خاوەن ماڵەکە دەگەڕێتەوە: ئێوارە، یان نیوەی شەو، یان لەگەڵ خوێندنی کەڵەشێر، یان بەیانی، 36نەک لەناکاو بگەڕێتەوە و بتانبینێت کە خەوتوون. 37جا ئەوەی بە ئێوەی دەڵێم، بە هەمووانی دەڵێم: ئێشک بگرن!»
1جەژنی پەسخە و نانی فەتیرە دوو ڕۆژی مابوو، سەرۆک کاهینەکان و مامۆستایانی تەورات هێشتا هەوڵیان دەدا بە فێڵێک دەستگیری بکەن و بیکوژن. 2ئەوانیش گوتیان: «لە کاتی جەژندا نابێت، نەوەک ئاژاوە لەنێو خەڵکدا دروست بێت!»3لە کاتێکدا لە بێت ئەنیا بوو، لە ماڵی شیمۆنی گول پاڵی دابۆوە ، ژنێک بە شووشەیەکەوە هات کە بۆنێکی زۆر گرانبەهای تێدابوو و لە گوڵی بێگرد دروستکرابوو، شووشەکەی شکاند و بۆنەکەی بە سەریدا ڕشت. 4هەندێکیان ناڕازی بوون و بە یەکتریان گوت: «بۆچی لە بۆنەکەدا زیادە ڕەوی دەکات؟ 5دەکرا ئەم بۆنە بە زیاتر لە سێ سەد دینار بفرۆشرایە ، وپارەکەی بدرایە بە هەژاران.». جا لۆمەی ژنەکەیان کرد.6بەڵام یەشوا فەرمووی: «وازی لێ بهێنن! بۆچی هەراسانی دەکەن؟ ئەوی کردی بۆ من کارێکی باش بوو. 7هەژارەکان لە هەموو کاتێکدا لەگەڵتانن، هەرکاتێک بتانەوێت دەتوانن چاکەیان لەگەڵدا بکەن. بەڵام من بەردەوام لەگەڵتان نابم. 8ئەوەی لە دەستی هات کردی. سەرەتا جەستەمی بۆن خۆش کرد وەک ئامادەکارییەک بۆ ناشتن. 9ڕاستیتان پێ دەڵێم: لەو شوێنانەی کە مزگێنیەکەم لە هەموو جیهاندا ڕادەگەیەندرێت، یادی ئەوە دەکەن کە ئەم ژنە چی کردووە!»10پاشان یەهودای ئیسخاریۆتی، کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، چوو بۆ لای کاهینانی باڵا تاکو یەشوایان ڕادەست بکات. 11کاتێک ئەمەیان بیست، دڵخۆش بوون، بەڵێنیان دا پارەی پێ بدەن. بۆیە کاتی بۆ تەرخان کرد تا لە دەرفەتێکی گونجاودا ڕادەستی بکات.12لە ڕۆژی یەکەم فەتیرەدا، کە(بەرخی) پەسخەیان سەردەبڕی، قوتابییەکانی لێیان پرسی: «دەتەوێ بچینە کوێ ئامادەکاری بکەین تاکو نانی پەسخە بخۆیت؟» 13ئەویش دوو قوتابی نارد، و پێی فەرموون: «بڕۆنە ناو شار، لەوێ چاوتان بە پیاوێک دەکەوێت کە گۆزەیەکی ئاوی هەڵگرتووە، شوێنی بکەون. 14لە کوێ دەچێتە ژوورەوە، بە خاوەن ماڵەکە بڵێن: مامۆستا فەرموویەتی: کوا ژوورەکەم کە تێیدا نانی پەسخە لەگەڵ قوتابیەکانم دەخۆم؟15ژوورێکی گەورەتان لە نهۆمی سەرەوە پیشان دەدات، کە تەرخان و ئامادە کراوە. ئەوێ بۆ ئێمە ئامادە بکەن!» 16قوتابییەکان ڕۆیشتن و چونە ناو شارکە، وە بینییان هەروەک پێی فەرمووبوون. وە لەوێ نانی پەسخەیان ئامادە کرد.17کاتی ئێوارە، یەشوا لەگەڵ دوانزەکەدا هات. 18کاتێک ئەوان پاڵیان دایەوە بۆ نان خواردن، یەشوا فەرمووی: « ڕاستیتان پێدەڵێم: یەکێک لە ئێوە بە گرتنم دەدات، ئەوەیە ئێستا لەگەڵمدا نان دەخوات». 19خەم دایگرتن، و پاشان یەک لەدوای یەک پرسیاریان لێدەکرد: «ئایا منم؟»20بەڵام وەڵامی دایەوە و پێی فەرموون: «ئەو یەکێکە لە دوانزەکە، و ئەویش لەگەڵم دەستی لەناو قاپەکەدایە. 21ڕۆڵەی مرۆڤ دەبێت وەک ئەوەی لەبارەیەوە نووسراوە ڕووبدات، بەڵام هاوار بە ئەو کەسەی کە بە دەستی ئەو ڕۆڵەی مرۆڤ بەگرتن دەدرێت. بۆ ئەو پیاوە باشتر بوو کە لەدایک نەبووایە!»22کاتێک نانیان دەخوارد، یەشوا نانێکی هەڵگرت، و بەرەکەتداری کرد، و شکاندی، و پێیدان و فەرمووی: «وەریبگرن: ئەمە جەستەی منە». 23ئینجا جامێکی هەڵگرت، و سوپاسی کرد، و پێیدان، و هەموو لێیان خواردەوە، 24پێی فەرموون: «ئەمە خوێنی منە کە بۆ پەیمانی نوێیە، کە لە پێناو زۆرینەدا دەڕێژرێت. 25ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئیترهەرگیز لەم بەرهەمی ترێیە ناخۆمەوە، تا ئەو ڕۆژەی بە تازەیی لە شانشینی خودا دەیخۆمەوە».26ئینجا پەسنییان گوت ، و چوونە دەرەوە بۆ چیای زەیتوون. 27یەشوا پێی فەرموون: «لە هەمووتان بەگومان دەبن، چونکە نووسراوە: لە شوانەکە دەدەم، مەڕەکان پەرتەوازە دەبن.28بەڵام دوای هەستانەوەم، پێشتان دەکەوم بۆ گەلیلی». 29بەڵام پەترۆ پێی گوت: «ئەگەر هەمووان گومانت لێ بکەن، من هەرگیز گومان ناکەم».30یەشوا پێی فەرموو: «ڕاستیت پێدەڵێم: تۆ ئەمڕۆ، هەر ئەمشەو، پێش ئەوەی دوو جار کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت». 31بەڵام پەترۆ زیاتر پێداگری کرد و گوتی: «ئەگەر لەگەڵیشت بمرم، نکۆڵیت لێ ناکەم!» هەموو وایان گوت.32پاشان چوونە باخێک پێی دەگوترا گێتسیمانی، بە قوتابییەکانی فەرموو: «لێرە دانیشن تاکو نزادەکەم ». 33ئەوسا پەترۆ و یاکوڤ و یوخەنای لەگەڵ خۆی برد، هەستی بە دڵگرانی و دڵ تەنگی دەکرد. 34پێی فەرموون: «زۆردڵتەنگم خەریکە بمرم. لێرە بمێننەوە و بە ئاگا بن».35کەمێک دوور کەوتەوە، بەسەر روودا کەوت، نزای کرد تاکو ئەگەر بکرێت کاتەکەی بەسەردا تێبپەڕێت. 36فەرمووی: «بابە! باوکە، هەموو شتێک لە توانای تۆدا هەیە. ئەم جامەم لێ دوور بخەرەوە، بەڵام نەک ئەوەی من دەمەوێت، بەڵکو ئەوەی تۆ دەتەوێت!»37گەڕایەوە بینی قوتابیەکانی نوستوون، بە پەترۆی فەرموو: « ئایا تو خەوتویت شیمۆن؟ نەتتوانی کاتژمێرێک بەئاگابیت؟ 38بە ئاگابن و نزا بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوە. گیان چالاکە، بەڵام جەستە لاوازە». 39پاشان ڕۆیشت دووبارە نزای کرد، هەمان وشەکانی دووبارە دەکردەوە.40کاتێک هاتەوە، دیسان بینی نووستون چونکە خەو چاوەکانیانی قورس کردبوو، نەیاندەزانی چۆن وەڵامی بدەنەوە. 41سێیەم جار گەڕایەوە پێی فەرموون: «ئێستا بخەون و پشوو بدەن. ئەوەندە بەسە! کاتەکە هاتووە. ئەوەتا ڕۆڵەی مرۆڤ ڕادەستی گوناهباران دەکرێت. 42هەستن با بڕۆین. ئەوەتا نزیکە ئەوەی ڕادەستم دەکات!»43هەرلەو کاتەدا، هێشتا قسەی دەکرد، یەهودا گەیشت، کە یەکێک بوو لە دوازدەکە ، لەگەڵ جەماوەرێکی زۆر کە شمشێر و داریان هەڵگرتبوو، لەلایەن سەرۆک کاهینەکان و مامۆستایانی تەورات و پیرانەوە نێردرابوون. 44ئەوەی بە گرتی دەدا نیشانەیەکی پێدابوون گوتبووی: «ئەوکەسەی ماچی دەکەم، ئەوە خۆیەتی. دەستگیری بکەن و بە وریاییەوە بیبەن». 45کاتێک یەهودا گەیشت، چوو بۆ لای، گوتی: «گەورەم!» بە گەرمی ماچی کرد. 46دەستگیریان کرد و بردیان.47یەکێک لەوانەی لەوێ وەستابوو، شمشێرەکەی دەرهێنا و لە خزمەتکاری سەرۆک کاهینەکەی دا و گوێی بڕی. 48یەشوا پێی فەرموون: «ئایا من جەردەم کە بە شمشێر و دارەوە هاتوون بمگرن؟ 49من هەموو ڕۆژێک لە نێو ئێوەدا بووم و فێرکردنم دەکرد لە پەرستگادا، ئێوە نەتانگرتم. بەڵام ئەمە ڕودەدات بۆ ئەوەی کە نووسراوە بێتە دی». 50پاشان هەموویان جێیانهێشت و هەڵاتن.51گەنجێک دوای یەشوا کەوت کە تەنها بە پارچە کەتانێک ڕووتییەکەی داپۆشیبوو، کاتێک گرتیان. 52کەتانەکەی بەجێهێشت و بە ڕووتی هەڵات.53یەشوایان بردە لای سەرۆک کاهینەکان. هەموو سەرۆکی کاهینان و پیران و مامۆستایانی تەورات کۆبوونەوە. 54پەترۆ لە دوورەوە بەدوایدا ڕۆیشت بۆ ماڵی سەرۆک کاهین، پاشان چووە ژوورەوە، و لەلای پاسەوانەکان لەبەردەم ئاگرەکە دانیشتوو خۆی گەرم دەکردەوە.55سەرۆک کاهینەکان و هەموو ئەنجومەنی باڵا بەدوای شایەتحاڵێکدا دەگەڕان بۆ ئەوەی یەشوا بکوژن، بەڵام نەیاندۆزییەوە. 56زۆرێک شایەتی درۆیان لە دژی دەدا، بەڵام شایەتییەکانیان یەکی نەدەگرتەوە.57پاشان هەندێکیان هەستان و شایەتی درۆیان لە دژی دا و گوتیان: 58«گوێمان لێی بوو دەیگوت: ئەم پەرستگایە دەستکردە دەیڕووخێنم، بە سێ ڕۆژپەرستگایەکی دیکە بنیاد دەنێم کە دەستکردی مرۆڤ نەبێت». 59بەڵام لەمەشدا، شایەتییەکەیان یەکی نەدەگرتەوە.60سەرۆکی کاهینانیش لە ناوەڕاست ڕاوەستا و لەیەشوای پرسی: «هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ ئەوانە بەچی شایەتیت لەسەر دەدەن؟» 61بەڵام بێدەنگ مایەوە و هیچ وەڵامی نەدایەوە. دیسان سەرۆکی کاهینان لێی پرسی، و پێی گوت: «ئایا تۆمەسیحەکەی، ڕوڵە پیرۆزەکە؟» 62یەشوا فەرمووی: «من ئەوم. لە داهاتووش دەبینن ڕۆڵە مرۆڤ لە ڕاستەی تواناداری دادەنیشێت، و بەسەر هەوری ئاسمانەوە دێت!»63سەرۆکی کاهینان جلەکانی خۆی دادڕی، و گوتی: «چیتر پێویستمان بە شایەتحاڵ نییە. 64ئێوەش گوێتان لە کوفرەکە بوو: ڕاتان چییە؟» هەموو بڕیاریان دا کە شایانی مردنە. 65هەندێکیان تفیان لە روی کرد، دەم و چاویان داپۆشی و بە مست لێیان دەدا پێیان دەگوت: «پێشبینی بکە!» پاسەوانەکانیش گرتییان و لێیاندا.66کاتێک پەترۆ لە حەوشەکەدا بوو، یەکێک لە خزمەتکارەکانی سەرۆک کاهینەکان هات، 67پەترۆی بینی خۆی گەرم دەکاتەوە، تێیڕوانی و گوتی: «تۆش لەگەڵ یەشوای ناسیرەیی بوویت!» 68بەڵام پەترۆ نکۆڵیی کرد و گوتی: «نازانم وتێناگەم چی دەڵێیت!» پاشان چووە دەرەوەی دەرگای ماڵەکە. ئینجا کەڵەشێر خوێندی69خزمەتکارەکە جارێکی تر بینییەوە، بەو کەسانەی گوت کە لەوێ وەستابوون : «ئەمە یەکێکە لەوانە!» 70دیسان نکۆڵیی کرد. پاش کەمێک بەهەمان شێوە، ئەوانەی لەوێدا ڕاوەستابوون، بە پەترۆیان گوت: «بەڕاستی تۆ یەکێکیت لەوان، چونکە تۆش گەلیلیت».71دەستی کرد بە نەفرەتکردن و سوێندخواردن : «من ئەم پیاوە ناناسم کە باسی دەکەیت». 72کەڵەشێر بۆ دووەم جار خوێندی پەترۆش قسەکەی یەشوای بیرکەوتەوە کە پێی فەرمووبوو: «پێش ئەوەی دوو جار کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت». لە ئەو کاتەدا بیری کەوتەوەو گریا.
1کە بەیانی هات، سەرۆک کاهینەکان و پیرەکان و مامۆستایانی تەورات و هەموو ئەنجومەنی باڵا ڕاوێژیان کرد، پاشان یەشوایان بەستەوە، و بردیان، و ڕادەستی پیلاتۆسیان کرد. 2پیلاتۆس لێی پرسی: «تۆ پاشای یەهودی؟» یەشوا وەڵامی دایەوە: «خۆت گوتت». 3سەرۆک کاهینەکان تۆمەتی زۆریان دایە پاڵی.4پیلاتۆس دووبارە پرسیاری لێکرد:«ئایا هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ دەبینی ئەوانە شایەتیت لەسەر ئەدەن!» 5بەڵام یەشوا هیچ وەڵامێکی نەدایەوە، و پیلاتۆسیش بەمە سەرسام بوو.6نەریت وابوو لە هەر جەژنێکدا بەندکراوێک بە خواستی خەڵک ئازاد بکریت. 7پیاوێک بە ناوی بارابا لەگەڵ یاخیبووان بە تاوانی کوشتن و ئاژاوە گێڕی لە زیندان بوو 8جەماوەر بە دەنگی بەرز داوایان لە پیلاتۆس کرد ئەو شتەیان بۆ بکات کە هەمیشە ئەیکرد.9ئینجا پیلاتۆس قسەی لەگەڵ کردن و لێی پرسین: «دەتانەوێ پاشای یەهودتان بۆ ئازاد بکەم؟» 10دەیزانی کە سەرۆک کاهینەکان لەبەر ئیرەیی ڕادەستیان کردووە. 11بەڵام سەرۆک کاهینەکان داوایان لە جەماوەرەکە کرد کە داوای ئازادکردنی بارابا بکەن.12دیسان پیلاتۆس لێی پرسین: «ئێوە دەتانەوێت چی لەگەڵ ئەمە بکەم کە پێی دەڵێن پاشای یەهود؟» 13هاواریان دەکرد جار لە دوای جار: «لە خاچی بدە!»14پیلاتۆس لێی پرسین: «چ خراپەیەکی کردووە؟» بەڵام ئەوان زیاتر و زیاتر هاواریان دەکرد: «لە خاچی بدە!» 15پیلاتۆسیش دەیویست خەڵکەکە ڕازی بکات، بۆیە بارابای بۆ ئازاد کردن، لە دوای ئەوەی یەشوا بە قامچی لێی درا ڕادەستی کرد بۆ ئەوەی لە خاچ بدرێت.16بۆیە سەربازەکان بردیانە ناوکۆشکەکە، واتا کۆشکی فەرمانڕەوا و هەموو سەربازانی لەشکریان کۆکردەوە. 17کەوایەکی ئەرخەوانییان لەبەرکرد، تاجێک لە دڕکیان بۆ درووست کرد و لە سەر سەری دایاننا. 18دەستیان کرد بە سڵاو لێکردنی و دەیانگوت: «سڵاو، ئەی پاشای یەهود!»19بە قامیش لەسەریان دەدا، و تفیان لێی دەکرد، چۆکیان دادەدا و لەبەردەمی کڕنۆشیان دەبرد. 20کاتێک گاڵتەیان پێ کرد، کراسە ئەرخەوانییەکەیان لەبەر داکەند و جلەکەی خۆیان لەبەرکردەوە و بردیانە دەرەوە بۆ لەخاچدان. 21یەکێک لە ڕێبوارەکانیان ناچار کرد خاچەکەی هەڵبگرێت، ناوی شیمۆنی قیرەوان بوو، باوکی ئەسکەندەر و ڕوفوس، ناچاریان کرد خاچەکەی ئەو هەڵبگرێت.22بردیان بۆ شوێنێک بەناوی گۆلگۆسا، واتا شوێنی کاسەسەر. 23شەرابی تێکەڵ بە تاڵاویان پێدا، بەڵام ڕەتیکردەوە و نەیخواردەوە. 24پاش ئەوەی لە خاچیان دا جلەکانیان دابەش کرد، تیروپشکیان لەسەر کرد بۆ ئەوەی پشکی هەر یەکێکیان دیاری بکەن.25کاتژمێر نۆی بەیانی بوو کە لە خاچیاندا. 26ناونیشانی تۆمەتەکەی نووسرابوو: «پاشای یەهود». 27دوو دزیان لەگەڵدا لە خاچدا، یەکێکیان لەلای ڕاستی، و یەکێکیان لەلای چەپی. 28نیشانەکە هاتە دی کە دەڵێت: «لەگەڵ تاوانباران هەژمار دەکرێت».29ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕین جنێویان پێئەدا، و سەریان بادەدا و دەیان گوت: «ئەها دەی! تۆ کە پەرستگاکە وێران دەکەیت و بە سێ ڕۆژ دروستی دەکەیتەوە، 30خۆت ڕزگار بکە، و لە خاچەکە دابەزە!»31بە هەمان شێوە سەرۆک کاهینەکانیش لەگەڵ مامۆستایانی تەورات گاڵتەیان پێدەکرد و بە یەکتریان دەگوت: «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات. 32با ئێستا مەسیحی پاشای یەسرائیل لە خاچەکە دابەزێت، تاکو ببینین و باوەڕ بهێنین!» ئەو دوو دزەش کە لەگەڵیدا لە خاچ درابوون بە هەمان شێوە سەرزەنشتیان دەکرد.33لە کاتژمێر دوازدەی نیوەڕۆ، تا کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ تاریکی باڵی بەسەر هەموو زەویدا کێشا. 34لە کاتژمێر سێ، یەشوا بە دەنگێکی مەزن هاواری کرد: «ئیلی، ئیلی، لَمَا شَبَقْتَنِي؟» واتە « خودای من خودای من، بۆچی بەجێتهێشتم؟» 35هەندێک لەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون گوێیان لێی بوو گوتیان: «ئەوە بانگی ئیلیا دەکات!»36یەکێک ڕایکرد و پارچە ئیسفەنجێکی لە سرکە هەڵکێشا و خستیە سەر قامیشێک و پێیدا تاکو بیخواتەوە، گوتیان: «لێگەڕێن! با بزانین ئیلیا دێت دایبگرێت!» 37یەشواش بە دەنگێکی مەزن هاواری کرد، و گیانی دا بەدەستەوە. 38پەردەی پەرستگاش لە سەرەوە هەتا خوارەوە دادڕا و بوو بە دوو بەشەوە.39لەئەو کاتەدا سەرپەلەکە کە بەرامبەری وەستابوو، بینی کە هاواری کرد وگیانی سپارد، گوتی: «بەڕاستی، ئەم مرۆڤە ڕۆڵەی خودا بوو!» 40چەند ژنێک لە دوورەوە سەیریان دەکرد، لەنێوانیاندا میریامی مەگدەلین و میریامی دایکی یاکوڤی برا بچووکی یەشوا و سالومە دەبینران. 41ئەمانە لە گەلیلەوە دوای یەشوا کەوتبوون و خزمەتیان دەکرد، زۆری دیکەش لەگەڵی هاتبوونە یۆرشەلایم.42کاتێک ئێوارە هات، ئەمڕۆ ڕۆژی خۆ ئامادەکردن بوو، واتە ڕۆژی پێش شەبات، 43یۆسپ کە لە ڕاماوە هاتبوو، ئەو ئەندامێکی بەرزی ئەنجومەنی باڵا بوو، ئەویش چاوەڕێی شانشینی خودای دەکرد، بەبێ ترس چوو بۆ لای پیلاتۆس، و داوای تەرمەکەی یەشوای کرد. 44پیلاتۆس سەری سوڕما کە مردووە، بۆیە سەرپەلەکەی بانگ کرد و لێی پرسی: ئایا ماوەیەکی زۆرە مردووە45کاتێک لە سەرپەلەکەوە ئەمەی زانی تەرمەکەی دایە یۆسپ. 46ئەویش کەتانی کڕی تەرمەکەی هێنایە خوارەوە، ولەناو کەتانەکەدا پێچایەوە، و لە گۆڕێکدا ناشتی کە لە تاشەبەرد هەڵکەندرابوو، ئینجا بەردێکی گلۆر کردەوە سەر دەرگای گۆڕەکە. 47میریامی مەگدەلین و میریامی دایکی یەشوا بینییان لەکوێ نێژرا.
1کە ڕۆژی شەبات تەواو بوو، میریامی مەگدەلین و سالومە و میریامی دایکی یاکوڤ بۆن و بەرامیان کڕی، تاکو بچن و تەرمی یەشوا چەوربکەن. 2لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، بەیانی زوو لەگەڵ خۆرهەڵاتندا هاتنە لای گۆڕەکە.3بە یەکتریان دەگوت: «باشە کێ بەردی سەردەرگای گۆڕەکەمان بۆ گلۆردەکاتەوە؟» 4بەڵام کە سەیریان کرد بینییان بەردەکە گلۆر کراوەتەوە، هەرچەندە زۆر گەورە بوو.5جا چوونە ناو گۆڕەکە، و لەلای ڕاستەوە گەنجێکیان بینی دانیشتبوو، جلێکی سپی لەبەر بوو، ترس دەستی بەسەردا گرتن. 6پێی گوتن: «مەترسن. ئێوە بە شوێن یەشوای ناسیرەییدا دەگەڕێن کە لەخاچدرا. ئەو هەستایەوە! ئەو لێرە نییە. ئەوەتا ئەو شوێنەی لێیان دانابوو. 7بەڵام بڕۆن و بە قوتابییەکانی، و بە پەترۆ بڵێن، ئەو پێشتان دەکەوێت بۆ گەلیلی؛ وەک چۆن پێی فەرموون لەوێ دەیبینن».8بۆیە بە خێرایی لە گۆڕەکە چونە دەرەوە، تۆشی لەرز و سەرسوڕمانێکی زۆربوون. هیچیان بە کەس نەگوت، چونکە دەترسان.9دوای ئەوەی یەشوا بەیانی زوو لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا هەستایەوە، یەکەم جار بۆ میریامی مەگدەلین دەرکەوت ئەوەی حەوت گیانی پیسی لێی دەرکردبوو. 10بۆیە چوو و مژدەی دا بە ئەو کەسانە کە لەگەڵیدا بوون، شیوەنیان دەگێڕا و دەگریان. 11کاتێک بیستیان کە ئەو زیندووە و ئەم کچە بینیویەتی، باوەڕیان نەکرد.12پاشان بۆ دوو کەسی تر بە شێوەیەکی تر دەرکەوت کە لە ڕێگادا بوون بۆ گوندێک. 13بۆیە چوون و مژدەیان دا بە ئەوانیتر،هەروەها ئەوانیش باوەڕیان پێ نەکردن.14پاشان بۆ یازدە قوتابییەکە دەرکەوت لە کاتێکدا کە پاڵیان دابووەوە ، لەسەر بێباوەڕی و دڵڕەقییان سەرزەنشتی کردن، چونکە باوەڕیان بەو کەسانە نەدەکرد کە دوای هەستانەوەی بینیویانە. 15پێی فەرموون: «بڕۆن بۆ هەموو جیهان، ومژدەی ئەم مزگێنییە بە هەموو بەدیهێنراوان ڕابگەیەنن: 16ئەوەی باوەڕ دەهێنێت لە ئاو هەڵدەکێشرێ، ڕزگاری دەبێت، ئەوەش کە باوەڕ ناهێنێ تاوانباردەبێت.17ئەوانەی باوەڕ دەهێنن، ئەم نیشانانەیان لەگەڵ دەبێت: بە ناوی من خێوەکان دەردەکەن ولەگەڵیان بە زمانی نوێ دەدوێن، 18بە دەستیان مار دەگرن، وە ئەگەر خواردنەوەیەکی کوشندە بخۆنەوە بە هیچ شێوەیەک زیانیان پێ ناگات، دەست لەسەر نەخۆش دادەنێن و چاکدەبنەوە».19پاشان پەروەردگار، دوای ئەوەی قسەی لەگەڵ کردن، بۆ ئاسمان بەرزبۆوە و لە ڕاستەی خودا دانیشت. 20ئینجا ئەوانیش، لە هەموو لایەک مزگێنیاندا، پەروەردگار لەگەڵیان کاری دەکرد و بە نیشانە ودەرکەوتنی تایبەت بەخۆی وشەکەی پشتڕاست دەکردوە.