1ئەمە تۆماری ڕەچەڵەکی یەشوای مەسیحە کوڕی داڤید کوڕی ئەڤراهام: 2ئەڤراهام باوکی یتساخ بوو. یتساخ باوکی یاکۆڤ بوو. یاکۆڤ باوکی یەهودا و براکانی بوو. 3یەهودا باوکی پێرێتس و زێراخ بوو کە تامار دایکیان بوو. پێرێتس باوکی خەتسرۆن بوو. خەتسرۆن باوکی ڕام بوو.4ڕام باوکی عەمیناداڤ بوو. عەمیناداڤ باوکی نەخشۆن بوو. نەخشۆن باوکی شەلمۆن بوو. 5شەلمۆن باوکی بۆعاز بوو کە ڕاحاب دایکی بوو. بۆعاز باوکی عۆڤێد بوو کە ڕائووس دایکی بوو. عۆڤێد باوکی یشای بوو. 6یەشای باوکی داڤیدی پاشا بوو. داڤید باوکی شلۆمۆ بوو لەو ژنەی کە پێشتر ژنی ئوریابوو.7شلۆمۆ باوکی ڕەخەڤەعام بوو. ڕەخەڤەعام باوکی ئەڤیا بوو. ئەڤیا باوکی ئەسا بوو. 8ئەسا باوکی یەهۆشافات بوو. یەهۆشافات باوکی یەهۆرام بوو. یەهۆرام باوکی عوزیاهوو بوو.9عوزیاهوو باوکی یۆتام بوو. یۆتام باوکی ئاخاز بوو. ئاخاز باوکی حزکیاهۆ بوو. 10حزکیاهۆ باوکی مەنەشێ بوو. مەنەشێ باوکی عەممۆن بوو. عەممۆن باوکی یۆشیاهۆ بوو. 11یۆشیاهۆ باوکی یەهۆیاکین و براکانی بوو. لە کاتی ڕاپێچکردنەکە بۆ بابل.12لەدوای ڕاپێچکردنەکە بۆ بابل، یەهۆیاکین باوکی شالتیئێل بوو. شالتیئێل باوکی زەروبەڤێل بوو. 13زەروبەڤێل باوکی ئەڤیهود بوو. ئەڤیهود باوکی یاکیم بوو. یاکیم باوکی عەزوبوو. 14عەزو باوکی تسادۆک بوو. تسادۆک باوکی یاخیم بوو. یاخیم باوکی ئەلیهود بوو.15ئەلیهود باوکی ئیلازار بوو. ئیلازار باوکی ماتان بوو. ماتان باوکی یاکۆڤ بوو. 16یاکۆڤ باوکی یۆسپ مێردی میریام بوو ئەوەی یەشوای لێبوو کە بە مەسیحەکە بانگ دەکرێت. 17بەم شێوەیە هەموو نەوەکان لە ئەڤراهام هەتا داڤید چواردە نەوەن؛ لە داڤید هەتا ڕاپێچکردنەکە بۆ بابل چواردە نەوەن؛ لە ڕاپێچکردنەکەشەوە بۆ بابل هەتا مەسیح چواردە نەوەن.18یەشوای مەسیح ئاوا لە دایک بوو: کاتێک میریامی دایکی دەستگیرانی یۆسپ بوو؛ پێش ئەوەی بگوازرێتەوە و بچنە لای یەک، زانرا کە سکەکەی لە گیانی پیرۆزەوەیە. 19یۆسپی دەستگیرانی کە پیاوێکی چاکەکار بوو، نەیویست ناوی بزڕێنێ، و بڕیاریدا بە نهێنی دەستبەرداری بێت.20کاتێک بیری لەم شتانە دەکردەوە، فریشتەیەکی پەروەردگار هاتە خەونی و پێی فەرموو: «یۆسپی نەوەی داڤید! مەترسە لەوەی میریام بهێنیت، چونکە ئەوەی ئەو پێی دووگیانە لە گیانی پیرۆزە. 21کوڕێکی دەبێت، ناوی دەنێیت یەشوا، چونکە گەلەکەی لە گوناهەکانیان ڕزگار دەکات».22ئەمانە هەمووی ڕوویدا تاکو ئەوەی پەروەردگار لە ڕێگەی پێغەمبەرەکەیەوە فەرموویەتی بێتەدی: 23«ئەوەتا پاکیزەیەک سک دەکات، و کوڕێکی دەبێت، بە ئەمانوئێل بانگی دەکەن!» بەواتای «خودا لەگەڵمانە».24کاتێک یۆسپ لە خەو هەستا ئەوەی فریشتەکەی پەروەردگار فەرمانی پێدابوو؛ ئەنجامیدا و ژنەکەی گواستەوە بۆماڵی خۆی. 25بەڵام هەتا کوڕەکە لە دایک نەبوو، لەگەڵ میریام نەنووست ئینجا ناوی لێنا یەشوا.
1لەدوای لەدایکبوونی یەشوا لە بێت لەخمی یەهودیا لە سەردەمی هیرۆدی پاشا، کۆمەڵێک مۆغ لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتنە یۆرشەلایم، 2پرسییان: «کوا پاشاکەی یەهود ئەوەی لە دایک بووە؟ لە بەر ئەوەی ئەستێرەی ئەومان لە ڕۆژهەڵاتەوە بینی، هاتووین کڕنۆشی بۆ ببەین». 3کاتێک هیرۆدی پاشا ئەمەی بیست، شڵەژاو هەموو خەڵکی یۆرشەلایمش لەگەڵی.4هەموو سەرۆک کاهینەکان و مامۆستایانی تەوراتی گەلی کۆکردەوە، لێی پرسین: «مەسیحەکە لەکوێ لە دایک دەبێت» 5وەڵامیان دایەوە: «لە بێت لەخمی یەهودیا، چونکە پێغەمبەرەکە ئاوای فەرمووە: 6بەڵام تۆ ئەی بێت لەخمی خاکی یەهودا، کەمتر نیت لە ناو فەرمانڕەواکانی یەهودا، چونکە لە تۆوە فەرمانڕەوایەک دەردەکەوێت شوانایەتی یەسرائیلی گەلم دەکات!»7دوای ئەمە هیرۆد بە نهێنی مۆغەکانی بانگکرد، و لەبارەی کاتی دەرکەوتنی ئەستێرەکە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کردن. 8ئینجا بۆ بێت لەخمی ناردن، و پێی گوتن: «بڕۆن و بە وردی بەدوای منداڵەکەدا بگەڕێن. کاتێک دۆزیتانەوە هەواڵم بدەنێ، تاوەکو منیش بێم و کڕنۆشی بۆ ببەم».9لەدوای ئەوەی گوێبیستی پاشا بوون، بە ڕێگای خۆیاندا ڕۆیشتن، هەمان ئەو ئەستێرەیەی، کە لە ڕۆژهەڵات بینیبوویان، پێشیان کەوت و هات و لەسەر ئەو شوێنە ڕاوەستا کە منداڵەکەی لێ بوو. 10کاتێک ئەستێرەکەیان بینی زۆر شادومان بوون؛11چوونە ماڵەکە منداڵەکەیان لەگەڵ میریامی دایکی بینی. چۆکیان دادا و کڕنۆشیان بۆ برد، و گەنجینەکانیان کردەوە زێڕ و بخوور و بنێشتە تاڵەیان بە دیاری پێشکەش کرد. 12کە بە سروشی خودا و لەخەوندا ئاگادار کرانەوە کە نەگەڕێنەوە لای هیرۆد، و بە رێگایەکی تردا بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان.13دوای ڕۆیشتنی مۆغەکان، فریشتەیەکی پەروەردگار لە خەوندا بۆ یۆسپ دەرکەوت، و پێی گوت: «هەستە منداڵەکە و دایکی لەگەل خۆت ببە و ڕابکە بۆ میسر، لەوێ بمێنەرەوە تا فەرمانت پێدەکەم بۆ گەڕانەوەت، چونکە هیرۆد بە شوێن منداڵەکەدا دەگەڕێت و بە نیازی کوشتنی کوڕەکەیە». 14یۆسپیش هەستا و لە شەودا کوڕەکە و دایکی برد، و بەرەو میسر بەڕێ کەوت، 15هەتا مردنی هیرۆد لەوێ مایەوە، تا ئەوەی پەروەردگار لە رێگای پێغەمبەرەکەوە فەرمووی بێتەدی: «من ڕۆڵەکەی خۆمم لە میسر بانگ کرد».16کاتێک هیرۆد زانی مۆغەکان فریویان داوە، زۆر تووڕە بوو، بەگوێرەی ئەو کاتەی بەپێی دەرکەوتنی ئەستێرەکە لە مۆغەکانەوە لێی کۆڵیبۆوە، فەرمانی کرد هەموو کوڕێکی خوارتەمەن دوو ساڵ لە بێت لەخم و دەوروبەری بکوژن.17ئینجا ئەوەی لە ڕێگەی یەرمیای پێغەمبەرەوە گوترابوو هاتەدی: 18«دەنگێک لە ڕاماوە بیسترا:گریان و شیوەنێکی گەورە! ڕاخێل بۆ منداڵەکانی دەگریت، نەیویست دڵنەوایی بکرێت، چونکە نەمابوون!»19دوای مردنی هیرۆد، فریشتەیەکی پەروەردگار لە خەودا لە میسر بۆ یۆسپ دەرکەوت، 20گوتی: «هەستە منداڵەکە و دایکی ببە و بگەڕێوە بۆ خاکی یەسرائیل، چونکە ئەوانەی بە دوای ژیانی مناڵەکەدا دەگەڕان مردوون!» 21هەستا و منداڵەکە و دایکی بردەوە بۆ خاکی یەسرائیل.22بەڵام کاتێک بیستی ئەرخیلاوس لە یەهودیا لە جێی هیرۆدی باوکی فەرمانڕەوایە، ترسا بچێتە ئەوێ. پاش ئەوەی بە سرووشی خودا ئاگادار کرایەوە، بەرەو ناوچەی گەلیلی بە ڕێکەوت، 23جا هات و لە شارێک نیشتەجێ بوو بە ناوی «ناسیرە»، بۆ ئەوەی ئەو فەرمایشتەی لە ڕێگەی پێغەمبەرانەوە گوترابوو بێتەدی کە بە ناسیرەیی ناودەبردرێت!
1هەر لەو ڕۆژانەدا، یۆخەنانی لەئاوهەڵکێش لە دەشتی یەهودیا مژدەی دەدا 2دەیگوت: «پاشگەز ببنەوە، چونکە پاشایەتی ئاسمانەکان نزیک بۆتەوە!» 3یۆخەنان ئەو کەسەیە کە لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە دەربارەی گوتراوە دەڵێت: « کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات: ڕێگا بۆ هاتنی پەروەردگار ئامادە بکەن، ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن!»4جلوبەرگی یۆخەنان لە مووی وشتر بوو، پشتێنێکی چەرمیشی لە ناوقەد دەبەست، خواردنیشی کولە و هەنگوینی کێوی بوو. 5لەو کاتەدا هەموو دانیشتووانی یۆرشەلایم و یەهودیا و هەموو ناوچەی ئەردەن چوونە لای؛ 6دوای داننان بە گوناهەکانیاندا لە سەردەستی ئەو لە ڕووباری ئەردەن لە ئاو هەڵدەکێشران.7کە بینی زۆر لە فەریسی و سەدوکیمەکان بۆ لەئاوهەڵکێشانەکەی دێن، پێی گوتن: «ئەی بێچووە ماران، کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست ئەو تووڕەییە هەڵبێن کە دێت؟ 8بۆیە بەرهەمێکی شایستەی پاشگەز بوونەوە بەرهەم بهێنن. 9بیر لەوە مەکەنەوە بەخۆتان بڵێن: ئەڤراهام باوکمانە! پێتان دەڵێم: خودا دەتوانێت لەم بەردانە نەوە بۆ ئەڤراهام هەستێنێتەوە.10ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار، هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە. 11من بۆ پاشگەزبوونەوە لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام ئەوەی لەدوای من دێت لە من بە هێزترە، شایانی ئەوە نیم تەنانەت پێڵاوەکانیشی بۆ هەڵبگرم. ئەو لە ئاگر و لە گیانی پیرۆزتان هەڵدەکێشێت، 12ئەو شەنی خۆی بە دەستەوەیە، و خەرمانەکەی پاک دەکاتەوە: و گەنمەکە کۆدەکاتەوە لە ناو کۆگا هەڵی دەگرێت، سەبارەت بە کایەکەش بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت!»13پاشان یەشوا لە ناوچەی گەلیلی هاتە سەر ڕووباری ئەردەن، کە یۆخەنانی لێبوو تاوەکو لەلایەن ئەوەوە لە ئاو هەڵبکێشرێت. 14بەڵام یۆخەنان دەیویست رێگری لێبکات و دەیگوت: «من پێویستیم بەوەیە لە لایەن تۆ لە ئاو هەڵبکێشرێم، کەچی تۆ دێیت بۆ لای من!» 15بەڵام یەشوا وەڵامی دایەوە: « ئێستا با وابێت! چونکە واشایستەیە بۆ ئێمە ئەمە بکەین بۆ ئەوەی ڕاستودرووستی بە دیبێت.» ئینجا ڕێگەیدا.16هەرکە یەشوا لە ئاو هەڵکێشرا لە ئاوەکە هاتە دەرەوە لەو ساتەدا، ئاسمانەکانی بۆ کرایەوە و گیانی خودای بینی وەک شێوەی کۆترێک دادەبەزێت و دێتە سەری. 17دەنگێکیش لە ئاسمانەوە فەرمووی: «ئەمە ڕۆڵەی خۆشەویستمە، کە پێی دڵخۆشم!»
1پاشان یەشوا بە گیان بردرایە چۆڵەوانی، تاکو لەلایەن شەیتانەوە تاقی بکرێتەوە. 2دوای ئەوەی کە چل شەو و چل ڕۆژ بەڕۆژوو بوو برسی بوو، 3تاقیکەرەوە لێی هاتە پێش و پێی گوت: «ئەگەر تۆ ڕۆڵەی خودایت، بەم بەردانە بڵێ با ببن بە نان!» 4وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: مرۆڤ تەنها بە نان ناژی، بەڵکو بە هەر وشەیەک کە لە دەمی خودا دەردەچێت!»5ئینجا شەیتان بردییە شارە پیرۆزەکە، و لەسەر لێواری سەربانی پەرستگا ڕایگرت، 6پێی گوت: «ئەگەر تۆ ڕۆڵەی خودایت، خۆت هەڵبدە خوارەوە، لەبەر ئەوەی نووسراوە: سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات،لەسەر دەستیان هەڵتبگرن تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت!»7یەشوا پێی فەرموو: «هەروەها نووسراوە: پەروەردگاری خودات تاقی مەکەرەوە!» 8دیسان شەیتان بۆ سەر لوتکەی شاخێکی زۆر بڵندی برد، و هەموو شانشینەکانی جیهان و مەزنایەتی ئەوانی پیشاندا، 9پێی گوت: «هەموو ئەمانە ئەدەم بە تۆ ئەگەر کڕنۆش ببەیت و بمپەرستی!»10ئینجا یەشوا پێی فەرموو: «بڕۆ ئەی شەیتان! چونکە نووسراوە: کڕنۆش بۆ پەروەردگاری خودات دەبەیت، وە تەنها ئەو دەپەرستیت!» 11ئیتر شەیتان وازی لێ هێنا، وە چەند فریشتەیەک هاتن و خزمەتیان دەکرد.12کاتێک یەشوا بیستی یۆخەنان گیراوە، گەڕایەوە بۆ ناوچەی گەلیلی. 13ناسیرەی بەجێهێشت، و هات لە شاری کەفەرناخوم نیشتەجێ بوو، کە لەسەر دەریاچەیە لە سنووری زەڤولون و نەفتالیم،14تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە گوتراوە بێتەدی: 15«خاکی زەڤولون و خاکی نەفتالیم، لە سەر ڕێگای ڕووباری ئەودیوی ئەردەن، وڵاتی گەلیلی، کە خەڵکی بێگانە تێیدا نیشتەجێن، 16ئەو گەلەی لە تاریکیدا نیشتەجێیە، ڕووناکییەکی مەزنی بینی، دانیشتووان لە خاکی سێبەری مەرگ، ڕووناکی بەسەریاندا هەڵهات!»17لەو کاتەوە یەشوا دەستی بە مزگێنیدان کرد و فەرمووی: «پاشگەز ببنەوە، چونکە شانشینی ئاسمانەکان نزیک بۆتەوە!»18کاتێک یەشوا بە کەناری دەریاچەی گەلیلیدا دەڕۆیشت، دوو برای بینی، شیمۆن کە پێی دەگوترا پەترۆ لەگەڵ ئاندریا برای، تۆڕیان فڕێدەدایە دەریاچەکە، چونکە ماسیگر بوون. 19پێی فەرموون: «وەرن شوێنم بکەون، دەتانکەم بە ڕاوکەری مرۆڤ!» 20دەستبەجێ تۆڕەکانیان بەجێهێشت و شوێنی کەوتن.21کە لەوێ ڕۆیشت دوو برای دیکەی بینی، یاکۆڤی کوڕی زەڤدی و یۆخەنای برای، لە بەلەمێکدا لەگەڵ زەڤدی باوکیان تۆڕەکانیان چاک دەکردەوە، ئەوانیشی بانگکرد. 22دەستبەجێ بەلەمەکە و باوکیان بەجێهێشت، و شوێنی کەوتن.23ئینجا یەشوا بە هەموو گەلیلیدا دەگەڕا، لە کەنیشتی یەهودییەکان خەڵکی فێر دەکرد و مزگێنی شانشینەکەی ڕادەگەیاند، هەرچی نەخۆشی و دەردی نێو خەڵک هەبوو چاکی دەکردنەوە، 24لەبەر ئەوە دەنگوباسی بە تەواوی سوریادا بڵاو بۆوە. ئەوانیش هەموو نەخۆشێکیان دەهێنایە لای بە جۆرەها دەرد و ئازارەوە، ئەوانەی خێویان تێدابوو، فێدار، و ئیفلیج ، چاکی دەکردنەوە. 25خەڵکێکی زۆر لە گەلیلی، و دە شارەکە، و یۆرشەلایم، و یەهودیا، و پشتی ئەردەن شوێنی کەوتن.
1کاتێک خەڵکەکەی بینی، چووە سەر چیا، کە کاتێک دانیشت، قوتابییەکانی لێی نزیک بونەوە. 2قسەی بۆ کردن و دەستی کرد بە فێرکردنیان. 3«خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە بە گیان، هەژارنچونکە شانشینی ئاسمانەکان بۆ ئەوانە. 4خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە ماتەمدارن، چونکە دڵنەوایی دەکرێن.5خۆزگە دەخوازرێت بە دڵنەرمەکان، چونکە دەبنە میرات گری زەوی. 6خۆزگە دەخوازرێت بە برسی و تینوەکانی ڕاستودروستی، چونکە تێر دەکرێن. 7خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی بەبەزەیین، چونکە بەر بەزەیی دەکەون. 8خۆزگە دەخوازرێت بە دڵ پاکەکان، چونکە خودا دەبینن.9خۆزگە دەخوازرێت بە بەدیهێنەرانی ئاشتی، چونکە بە ڕۆڵەی خودا ناودەبردرێن. 10خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی لە پێناو ڕاستی دەچەوسێنرێنەوە، چونکە شانشینی ئاسمانەکان بۆ ئەوانە.11خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی جنێوتان پێدەدەن و دەتانچەوسێننەوە، لە پێناوی من هەموو جۆرە بوختانێکتان بۆ هەڵدەبەستن. 12دڵخۆش و شادومان بن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمانەکان پاداشتتان گەورەیە. چونکە پێش ئێوە پێغەمبەرانیشیان ئاوا چەوساندۆتەوە!13ئێوە خوێی زەوین، بەڵام ئەگەر خوێ سوێرییەکەی نەما، چۆن تامە سوێرەکەی بۆ دەگەڕێندرێتەوە؟ ئیتر بەکەڵکی هیچ نایەت ئەوە نەبێ فڕێبدرێتە دەرەوە و خەڵکییش پێی لێبنێت! 14ئێوە ڕووناکی جیهانن. شارێک لەسەر چیا دروست کرابێت ناتوانرێت بشاردرێتەوە؛15خەڵکی چرا هەڵناکەن تاکو بیخەنە ژێر چرادان، بەڵکو لەسەر چرادان دایدەنێن بۆ ئەوەی ڕووناکی بداتە هەموو ئەوانەی لە ماڵەکەدان. 16بە هەمان شێوە، با ئێوەش ڕووناکیتان بۆ خەڵک بدرەوشێتەوە، تاکو کردارە باشەکانتان ببینن و ستایشی ئەو باوکەتان بکەن کە لە ئاسمانەکانە.17وا گومان نەکەن من هاتووم تەورات یان پێغەمبەران پوچەڵ بکەمەوە. نەهاتووم بۆ پوچەڵ کردنەوەیان، بەڵکو هاتووم بۆ تەواوکردنیان. 18ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەتا زەوی و ئاسمان لەئارادا بێت، پیتێک یان خاڵێک لە تەورات لەناو ناچێت، هەتا هەمووی دێتەدی.19بۆیە ئەوەی بچووکترینی ئەم ڕاسپاردانە بشکێنێت، و خەڵکیش ئاوا فێر بکات، لە شانشینی ئاسمانەکان بە بچووکترین ناودەبردرێت. بەڵام ئەوەی پەیڕەویان بکات و خەڵکی وا فێر بکات، لە شانشینی ئاسمانەکان بە مەزن ناودەبردرێت. 20بۆیە پێتان دەڵێم: ئەگەر ڕاستودروستیتان لە مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان زیاتر نەبێت، هەرگیز ناچنە ناو شانشینی ئاسمانەکانەوە.21بیستووتانە بە پێشینان گوتراوە: مەکوژن! ئەوەی بکوژێت شایانی دادگایی کردنە. 22بەڵام من پێتان دەڵێم: ئەوەی لە خوشکی یان براکەی تووڕە بێت، شایانی دادگایی کردنە؛ ئەوەی بە براکەی بڵێ: بێ نرخ! دەبێت بکرێتە پەند لە بەردەم ئەنجومەنی باڵا؛ ئەوەی بڵێت :گێلە! شایانی ئاگری دۆزەخە!23لەبەر ئەوە ئەگەر قوربانیت بۆ قوربانگا هێنا، و لەوێ بیرت کەوتەوە کە براکەت شتێکی بەسەرتەوە هەیە، 24لەوێ لەبەردەم قوربانگا قوربانییەکەت بەجێبهێڵە، و بڕۆ یەکەم جار براکەت ئاشت بکەرەوە، پاشان وەرە و قوربانییەکەت ئەنجام بدە.25خێرا ڕکابەرەکەت ڕازیبکە لەو کاتەی لەگەڵتە و بە ڕێگاوەن بۆ دادگا، نەوەک ڕکابەرەکەت بتداتە دەست دادوەر، و دادوەریش بتداتە دەست پاسەوان، و فڕێبدرێیتە بەندیخانە. 26ڕاستیت پێدەڵێم لەوێ دەرناچی هەتا دوایین فلس نەدەیتەوە!27بیستووتانە گوتراوە: داوێنپیسی مەکە! 28بەڵام من پێتان دەڵێم: هەر کەسێک بەمەبەستی هەوەسبازییەوە سەیری ئافرەتێک بکات، ئەوا لە دڵی خۆیدا داوێنپیسی لەگەڵ کردووە!29ئەگەر چاوی ڕاستت تەڵە بوو بۆت ، دەریبهێنە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە ئەندامێکت لەدەست بچێت، لەوەی هەموو لەشت فڕێبدرێتە دۆزەخ! 30ئەگەر دەستی ڕاستت تەڵەیەک بوو بۆت، بیبڕەوە و فڕێیبدە، بۆ تۆ باشترە ئەندامێکت لەدەست بچێت لەوەی هەموو لەشت فڕێبدرێتە دۆزەخەوە!31هەروەها گوتراوە: ئەوەی ژنەکەی تەڵاق بدات، با تەڵاقنامەی بداتە دەست. 32بەڵام من پێتان دەڵێم: ئەوەی بەبێ هۆی داوێنپیسی ژنەکەی خۆی تەڵاق بدات، وای لێدەکات داوێنپیسی بکات. ئەوەش تەڵاقدراوێک بهێنێت ئەوا داوێنپیسی دەکات.33بیستووتانە کە بە پێشینان گوتراوە: سوێندەکانت مەشکێنە، بەڵکو سوێندەکانت بۆ پەروەردگار بەرەسەر. 34بەڵام من پێتان دەڵێم: هەرگیز سوێند مەخۆن، نە بە ئاسمان لەبەر ئەوەی تەختی خودایە، 35نە بە زەوی لەبەر ئەوەی تەختە پێیەتی، نە یۆرشەلایم لەبەر ئەوەی شاری مەزنترین پاشایە.36سوێند بە سەری خۆت مەخۆ چونکە ناتوانیت تاڵە موویەکی لێ سپی یان ڕەش بکەیت. 37بەڵام با قسەتان بەڵێ بۆ بەڵێ؛ یا: نەخێر بۆ نەخێر بێت. لەمە زیاتر لە خراپەکارەوەیە.38بیستووتانە گوتراوە: چاو بە چاو ددان بە ددان. 39بەڵام من پێتان دەڵێم: بەربەرەکانی خراپەکار مەکەن، بەڵکو ئەوەی لە ڕوومەتی ڕاستی دایت، لایەکەی دیکەشی بۆ بسوڕێنە؛40ئەوەی ویستی بتداتە دادگا و کراسەکەت لێ بستێنێت، کەواکەشتی بدەرێ؛ 41ئەوەی یەک میل بێگاری پێ کردیت، دووانی لەگەڵ بڕۆ. 42ئەوەی داوای شتێکی لێکردیت، بیدەرێ. ئەوەی داوای قەرزی لێکردیت نا ئومێدی مەکە!43بیستووتانە گوتراوە: نزیکەکەت خۆشبوێت ڕقت لە دوژمنت بێتەوە. 44بەڵام پێتان دەڵێم: دوژمنانتان خۆش بوێت، ئەوانەش بەرەکەتدار بکەن کە نەفرەتتان لێدەکەن، چاکەکاربن لەگەڵ ئەوانەی ڕقیان لێتانە، نزابکەن لەپێناو ئەوانەی، خراپ مامەڵەتان لەگەڵ دەکەن و دەتان چەوسێننەوە، 45تاکو ببنە ڕۆڵەی ئەو باوکەتان کە لە ئاسمانەکانە: ئەو خۆری خۆی بەسەر چاک و خراپدا هەڵدێنێت، وە باران بەسەر چاکەکارو خراپەکاردا دەبارێنێت.46ئەگەر هەر ئەوانەتان خۆشبوێ کە ئێوەیان خۆشدەوێت، چ پاداشتێک وەردەگرن؟ ئایا باجگرانیش ئەمە ناکەن؟ 47ئەگەر تەنها پێشوازی لە براکنتان بکەن، چی شتێکی باشتان کردووە؟ ئایا بت پەرستانیش ئەمە ناکەن؟ 48بۆیە ئێوەش کامڵ بن ، هەروەک باوکی ئاسمانیتان کامڵە!
1هۆشیار بن و نەکەن لەبەرچاوی خەڵک چاکە بکەن بۆ ئەوەی بتانبینن. چونکە لەلای باوکی ئاسمانیتان پاداشتتان نابێت. 2لەبەر ئەوە کاتێک خێرێک دەکەیت، زوڕنای بۆ لێمەدە هەروەک دووڕووان کە لە کەنیشت و سەر شەقامەکان دەیکەن، بۆ ئەوەی لەلایەن خەڵکەوە ستایش بکرێن. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە.3بەڵام تۆ، کە خێرێ بەکەسێک دەکەیت، مەهێڵە دەستی چەپت بزانێت دەستی ڕاستت چی دەکات، 4تاکو خێرەکەت بە نهێنی بێت، باوکیشت کە هەموو نهێنییەک دەبینێت، پاداشتت دەداتەوە.5کاتێک نزا دەکەن، وەک دووڕووان مەبن چونکە ئەوان حەز دەکەن بە پێوە لە کەنیشت و سووچی شەقامەکان نزا بکەن بۆ ئەوەی خەڵکی بیانبینن. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە. 6بەڵام تۆ کاتێک نزادەکەیت، بڕۆ ژوورەکەت و دەرگا لەسەر خۆت دابخە، نزا بکە بۆ باوکی نەبینراوت. باوکیشت کە بە نهێنی دەیبینێت، پاداشتت دەداتەوە. 7کاتێک نزا دەکەن، وەک بتپەرستان ئەوەندە وشەی بەتاڵ دووبارە مەکەنەوە، چونکە وا دەزانن بە زۆر گوتن، لێت وەردەگیرێت.8لەبەر ئەوە وەک ئەوان مەبن، چونکە باوکتان دەزانێت پێویستیتان بە چییە پێش ئەوەی داوای لێ بکەن. 9بەڵام ئێوە بەم شێوەیە نزا بکەن و بڵێن: باوکمان لە ئاسمانەکان، با ناوت پیرۆز بێت! 10با شانشینییەکت بێت!با خواستت لەسەر زەوی پەیڕەو بکرێت وەک لە ئاسمان!11نانی پێویستی ئەمڕۆشمان بدەرێ! 12لە تاوانەکانمان خۆشبە، وەک چۆن ئێمە لەوانە خۆشدەبین کە تاوانمان بەرامبەر دەکەن! 13مەمانخەرە ناو تاقیکردنەوە، بەڵکو لە خراپەکار ڕزگارمان بکە، چونکە هەتاهەتایە پاشایەتی و هێز و شکۆ هی تۆیە. ئامین.14ئەگەر لە تاوانەکانی خەڵکی خۆشببن، ئەوا باوکی ئاسمانیشتان لێتان خۆشدەبێت. 15ئەگەر لە تاوانەکانی خەڵکی خۆش نەبن، ئەوا باوکی ئاسمانیتان لە تاوانەکانتان خۆش نابێت.16کاتێک بەڕۆژوو دەبن، ڕووگرژ مەبن وەک دووڕووان، چونکە ئەوان ڕووی خۆیان دەگۆڕن تاکو بۆ خەڵکی دەربخەن کە بەڕۆژوون. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە. 17بەڵام تۆ کە بەڕۆژوو دەبیت، دەمووچاوت بشۆ، وە بۆن لەسەرت بدە، 18تاکو بۆ خەڵک دەرنەکەوێت کە بەڕۆژوویت، تەنها بۆ ئەو باوکەی لە شاراوەیدایە. باوکیشت کە بەشاردراوەی دەیبنێت ، پاداشتت دەداتەوە.19لەسەر زەوی سامان بۆ خۆتان کۆمەکەنەوە، کە مۆرانە و ژەنگ لێی دەدات، وە دز دەیبڕێت و دەیدزێت. 20بەڵکو گەنجینە بۆ خۆتان لە ئاسمان کۆبکەنەوە، کە مۆرانە خراپی ناکات و دزیش نایبڕێت و نایدزێت. 21چونکە سامانت لەکوێ بێت، دڵیشت لەوێ دەبێت!22چاو چرای جەستەیە. ئەگەر چاوت ساغ بێت، ئەوا جەستەت هەمووی ڕووناکییە، 23بەڵام ئەگەر چاوت خراپ بێت، ئەوا هەموو جەستەت تاریک دەبێت، لەبەر ئەوە ئەگەر ئەو ڕووناکییەی لە تۆدایە تاریکی بێت، ئاخۆ دەبێت لەمە تاریکتر چیبێت! 24کەس ناتوانێت کۆیلایەتی دوو گەورە بکات: چونکە ڕقی لە یەکێکیان دەبێتەوە و ئەوەی دیکەی خۆشدەوێت، یان دەست بە یەکێکیانەوە دەگرێت و ئەوەی دیکە پشتگوێ دەخات. ئێوەش ناتوانن کۆیلەی خودا و پارە بن.25بۆیە پێتان دەڵێم: خەم بۆ ژیانتان مەخۆن کە چی بخۆن و چی بخۆنەوە، هەروەها بۆ جەستەتان کە چی بپۆشن. ئایا ژیان لە خواردن گرنگتر نییە، یان جەستە لە پۆشاک؟ 26سەیری باڵندەی ئاسمان بکەن: نە تۆو دەکەن و نە دروێنە و نە لە ئەمبار کۆدەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا باوکی ئاسمانیتان بەخێویان دەکات. ئایا ئێوە زۆر لەوان زیاترنین؟27کێ لە ئێوە ئەگەر بارگرانی و دڵە ڕاوکێی هەیە دەتوانێت تەنها یەک کاتژمێر لە تەمەنی خۆی زیاد بکات؟ 28هەروەها بۆچی خەمی پۆشاکتانە؟ سەیری گوڵی سەوسەن بکەن چۆن گەشە دەکات: نە خۆی ماندوو دەکات و نە دەڕێسێت؛ 29بەڵام پێتان دەڵێم: تەنانەت شلۆمۆ لەوپەڕی شکۆمەندیدا وەک یەکێک لەوانەی نەپۆشیوە!30ئەی کەم باوەڕینە، ئەگەر خودا ئەو گیایەی کە ئەمڕۆ لە کێڵگەیە و بەیانی دەخرێتە ئاگرەوە، بەو شێوەیە بپۆشێت، ئایا ئێوە زیاتر نین، هەتا پۆشتەتان بکات؟ 31با دڵە ڕاوکێتان نەبێت بڵێن: چی بخۆین؟ یان: چی بخۆینەوە؟ یان چی لەبەر بکەین؟32هەموو ئەمانە ئەو شتانەن کە خەڵکی ئەم جیهانە بەدوایدا دەگەڕێن. بەڕاستی باوکی ئاسمانیتان دەزانێت کە پێویستتان بە هەموو ئەمانە هەیە. 33بەڵام ئێوە، سەرەتا داوای شانشینییەکەی خودا و ڕاستودروستییەکەی بکەن، هەموو ئەمانەتان بۆ زیاد دەکرێت. 34لەبەر ئەوە خەمی سبەی مەخۆن، چونکە سبەی خەمی خۆی دەخوات. بۆ هەر ڕۆژێک بەسە کە خراپەی خۆیی تێدایە!
1خەڵکی تاوانبار مەکەن بۆئەوەی تاوانبار نەکرێنەوە. 2چونکە بەو شێوەیەی خەڵکی تاوانبار دەکەن بەهەمان شێوە تاوانبار دەکرێنەوە؛ بەو پێوانەیە کە دەی پێون بەو پێوانە بۆتان دەپێورێتەوە.3بۆچی سەرنج لە پووشی ناو چاوی براکەت دەدەیت. بەڵام ئەو چیلکە گەورەیەی ناو چاوی خۆت نابینی؟ 4یان، چۆن بە براکەت دەڵێی: ڕێم بدە با پووشەکەی ناو چاوت دەربهێنم، لەکاتێکدا چیلکەیەک لەناو چاوی خۆتدایە! 5ئەی دووڕوو! یەکەم جار چیلکەی ناو چاوی خۆت دەربهێنە، با بۆ دەرهێنانی پووشی ناوچاوی براکەت بە باشی ببینی.6شتی پیرۆز مەدەن بە سەگ، مرواریشتان فڕێمەدەنە بەردەمی بەراز، نەوەک پێشێلیان بکەن و هەڵبگەڕێنەوە و پارچەپارچەتان بکەن.7داوا بکەن. پێتان دەدرێت، بگەڕێن، دەدۆزنەوە. لە دەرگا بدەن، لێتان دەکرێتەوە. 8چونکە هەرکەسێک داوا بکات، وەردەگرێت؛ ئەوەی بگەڕێت، دەدۆزێتەوە؛ ئەوەش لە دەرگا بدات، لێی دەکرێتەوە، 9ئایا، کەسێک لە ئێوەدا هەیە ئەگەر کوڕەکەی داوای نانی لێ بکات، بەردی بداتێ، 10یان داوای ماسی لێ بکات، ماری بداتێ؟11جا ئەگەر ئێوە هەرچەندە خراپەکارن، بەڵام دەزانن چۆن شتە باشەکان بدەن بە منداڵەکانتان، بیر لەوە بکەنەوە باوکی ئاسمانیتان چەند زیاتر شتە باشەکان دەدات بەو کەسانەی داوای لێدەکەن؟ 12چۆن، دەتانەوێ خەڵکی هەڵسوکەوتتان لەگەڵدا بکەن، ئێوەش بەو شێوەیە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکەن چونکە ئەمەیە: پوختەی فێرکردنەکان و تەوراتی پێغەمبەران.13لە دەروازەی تەنگەکە بچنە ژوورەوە! چونکە ئەو دەروازەیەی کە پانە و ئەو ڕێگایە کە بەرینە؛ بەرەو لەناوچوون دەچێت و زۆرن ئەوانەی پێیدا دەچنە ژوورەوە. 14لەبەر ئەوەی دەروازە تەنگ و رێگا تەسکەکە بەرەو ژیان دەچێت! کەمن ئەوانەی دەیدۆزنەوە.15ئاگاداری پێغەمبەرە درۆزنەکان بن کە لە پێستی مەڕدا بۆ لاتان دێن، بەڵام لەناوەوە گورگی ڕفێنەرن! 16بە بەرهەمیان دەیانناسنەوە. ئایا لە ترێ دڕک دەڕنن، یان هەنجیر لە چقڵ؟ 17بەم شێوەیە، هەموو درەختێکی باش بەرهەمی باشی دەبێت. درەختی ڕزیویش، بەرهەمی خراپی دەبێت.18داری چاک ناتوانێت بەرهەمی خراپ بدات، وە داری ڕزیویش ناتوانێت بەرهەمی باش بدات. 19هەر درەختێک بەرهەمی باشی نەبێت، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگر. 20بۆیە بە بەرهەمیان دەیانناسنەوە.21هەرکەسێک پێم بڵێت: پەروەردگارم، پەروەردگارم! ناچێتە ناو شانشینی ئاسمانەکان، بەڵکو تەنیا ئەو کەسەی کە خواستی باوکی ئاسمانیم ئەنجام دەدات. 22لەو ڕۆژەدا زۆر کەس پێم دەڵێن: پەروەردگارم، پەروەردگارم، ئایا ئێمە بە ناوی تۆوە پێشبینیمان نەکرد، بە ناوی تۆوە خێوەکانمان دەرنەکرد، بە ناوی تۆوە پەرجووی زۆرمان نەکرد؟ 23ئینجا منیش پێیان ڕادەگەیەنم: قەت ئێوەم نەناسیوە! لێم دوور بکەونەوە، ئەی بەدکاران!24لەبەر ئەوە هەرکەسێک ئەم وتانەم ببیستێ و کاری پێبکات، وەک پیاوێکی دانا وایە کە خانووەکەی لەسەر بەرد دروست بکات، 25باران باری، و لافاو هەستا، و ڕەشەبا هەڵیکرد، و لە خانوەکەیدا، بەڵام نەڕووخا چونکە بناغەکەی لەسەر بەرد بوو.26لەبەر ئەوە هەرکەسێک ئەم وتانەم ببیستێ و کاری پێنەکات، لە پیاوێکی گێل دەچێت کە خانووەکەی لەسەر لم دروست بکات، 27ئینجا باران باری، و لافاو هەستا، و ڕەشەبا هەڵیکرد و لە ماڵەکەیدا، بە تەواوی ڕووخا».28کاتێک یەشوا وتەکانی تەواو کرد، خەڵکەکە لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون، 29چونکە بە دەسەڵاتەوە فێری دەکردن، نەک وەکو مامۆستایانی تەورات.
1کاتێک لە چیاکە هاتە خوارەوە، خەڵکێکی زۆر شوێنی کەوتن. 2ئینجا پیاوێک هات کە نەخۆشی گولی هەبوو، کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «گەورەم، ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت پاکم بکەیتەوە!» 3دەستی درێژ کرد و دەستی لێدا و فەرمووی: «دەمەوێت، پاک بەرەوە!» دەست بەجێ لە گولی پاک بۆوە.4پاشان یەشوا پێی فەرموو: «ئاگاداربە! بە کەس مەڵێ، تەنها بچۆ بۆ لای کاهین تا بتبینێت، ئەو قوربانییە پێشکەش بکە کە موشە فەرمانی پێ کردووە وەک شایەتحاڵیەک بۆیان!»5کاتێک یەشوا چووە ناو شاری کەفەرناخوم، سەرپەلێک هاتە لای لێی پاڕایەوە 6گوتی: «گەورەم! خزمەتکارەکەم ئیفلیجە و لەناو پێخەفدا لە ماڵەوە کەوتووە، و ئازارێکی زۆری هەیە». 7یەشوا پێی فەرموو: «دێم چاکی دەکەمەوە!»8سەرپەلەکەش وەڵامی دایەوە: «گەورەم، شایانی ئەوە نیم خۆت بێیتە ماڵەکەم. بەڵکو تەنها وشەیەک بفەرموو خزمەتکارەکەم چاکدەبێتەوە. 9چونکە منیش خۆم لەژێر فەرماندام، سەربازیشم لەژێر فەرماندایە؛ بە یەکێک دەڵێم: بڕۆ! دەڕوات، بەوی دیکەش دەڵێم: وەرە! دێت، بە خزمەتکارەکەم دەڵێم: ئەمە بکە! دەیکات». 10کاتێک یەشوا گوێی لەمە بوو، سەرسام بوو بەوانەی فەرموو کە دوای کەوتبوون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: تەنانەت لە یەسرائیلدا باوەڕێکی ئاوا مەزنم نەدۆزیوەتەوە!11پێتان دەڵێم: کە خەڵکێکی زۆر لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە دێن و لەگەڵ ئەڤراهام و یتساخ و یاکۆڤ لە شانشینی ئاسمانەکاندا دادەنیشن. 12بەڵام ڕۆڵەکانی شانشین، فڕێدەدرێنە تاریکی دەرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت!» 13پاشان یەشوا بە سەرپەلەکەی فەرموو: «بڕۆ، با هەروەک باوەڕت هێنا بۆت ببێت!» جا لەو کاتەدا خزمەتکارەکەی چاک بۆوە.14یەشوا هاتە ماڵی پەترۆ، خەسووی پەترۆی بینی تای هەیە لەناو جێ کەوتووە. 15دەستی لە دەستیدا، و تایەکە بەریدا، ئەویش هەستایەوە و دەستی کرد بە خزمەتکردنیان.16کاتێک ئێوارە داهات، زۆر کەسیان هێنا بۆ لای کە خێو دەستی بەسەریاندا گرتبوو. ئەویش بە وشەیەک خێوەکانی دەرکرد. و هەموو نەخۆشەکانی چاککردەوە، 17بۆ ئەوەی پێشبینیەکەی پێغەمبەر ئیشایا بێتەدی کە دەڵێت: «ئەو دەردەکانی ئێمەی برد، و نەخۆشییەکانمانی هەڵگرت» .18کاتێک یەشوا خەڵکێکی زۆری لە دەوری خۆی بینی، فەرمانی بە قوتابییەکانیدا کە بپەڕنەوە ئەوبەری دەریاچەکە. 19مامۆستایەکی تەورات هاتە لای و پێی گوت: «مامۆستا، بۆ هەرکوێ بچیت شوێنت دەکەوم!» 20یەشواش پێی فەرموو: «ڕێوی حەشارگەی هەیە، و باڵندەی ئاسمانیش هێلانە؛ بەڵام ڕۆڵەی مرۆڤ جێیەکی نییە کە سەری لەسەر دابنێت».21یەکێکی دیکە لە قوتابییەکانی پێی گوت: «گەورەم، ڕێگەم بدە یەکەم جار بچم باوکم بنێژم!» 22بەڵام یەشوا پێی فەرموو: «شوێنم بکەوە واز لە مردووان بهێنە با مردووەکانی خۆیان بنێژن!»23کاتێک سواری بەلەمەکە بوو، قوتابییەکانی شوێنی کەوتن. 24لەناکاو ڕەشەبایەکی بەهێز هەڵیکردە سەر دەریاچەکە، خەریک بوو شەپۆلەکان بەلەمەکە لووش بدەن. لەو کاتەدا ئەو نوستبوو. 25ئینجا قوتابییەکانی هەڵیانستاند و گوتیان: «گەورەم ڕزگارمان بکە! وا لەناودەچین!»26ئەویش پێی فەرموون: «ئەی کەم باوەڕینە، بۆچی دەترسن؟» ئینجا هەستا لە ڕەشەبا و دەریاچەکەی ڕاخوڕی، ئیتر بووە ئارامییەکی تەواو. 27خەڵکەکە سەرسام بوون و گوتیان: «ئەمە کێیە، تەنانەت با و دەریاش گوێڕایەڵی دەبن؟».28کاتێک یەشوا گەیشتە ئەوبەری دەریاچەکە، لە هەرێمی گەدەرین، دوو پیاوی تووش بوو کە خێو دەستی بەسەرداگرتبوون، لە گۆڕستانەوە هاتبوونە دەرەوە، بە ڕادەیەک توندوتیژ بوون کە تەنانەت کەس نەیدەتوانی بەو ڕێگایەدا تێبپەڕێت. 29لە ناکاو هاواریان کرد و گوتیان: «چیت لێمان دەوێ ئەی یەشوای ڕۆڵەی خودا؟ ئایا پێشوەخت بۆ ئێرە هاتوویت تاکو ئەشکەنجەمان بدەیت؟»30لە دووری ئەوانەوە ڕەوە بەرازێکی گەورە دەلەوەڕاند، 31خێوەکان لێی پاڕانەوە و گوتیان: «مادام دەرماندەکەیت، بماننێرە ناو رەوەبەرازەکە». 32ئەویش پێی فەرموون: «بڕۆن!» ئەوانیش لە دوو کەسەکە هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکان، ئەوە بوو هەموو ڕەوە بەرازەکە بە خێرایی لە قەدپاڵەکەوە بۆ ناو دەریاچەکە هەڵدێران، و لە ئاوەکەدا خنکان.33بەرازەوانەکانیش ڕایانکرد بۆ ناو شار، و هەموو ئەو ڕووداوەشیان گێڕایەوە کە بەسەر ئەوانەدا هاتبوو، کە خێو دەستی بەسەریاندا گرتبوو. 34ئەوە بوو شارەکە هەمووی بۆ بینینی یەشوا هاتنە دەرەوە، کە بینییان، لێی پاڕانەوە ناوچەکەیان بەجێبهێڵێت.
1پاشان یەشوا سواری بەلەمەکە بوو، و لە دەریاچەکە گەڕایەوە بۆ زێدی خۆی (کەفەرناخوم)، 2کەسێکی ئیفلیجیان هێنایە لای لەناو جێگادا کەوتبوو. کاتێک یەشوا باوەڕی ئەوانی بینی، بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «کوڕم! دڵنیابە گوناهەکانت بەخشران»3جا هەندێک لە مامۆستایانی تەورات لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئەمە کوفر دەکات!» 4یەشواش زانی بیر لە چی دەکەنەوە و فەرمووی: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لە خراپە دەکەنەوە؟ 5کامیان ئاسانترە: بگوترێت: گوناهەکانت بەخشران، یان بگوترێت: هەستە و بڕۆ؟ 6بەڵام (ئەمەم گوت) بۆ ئەوەی بزانن کە ڕۆڵەی مرۆڤ دەسەڵاتی لەسەر زەوی هەیە بۆ لێخۆشبوون لە گوناهەکان». پاشان بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «هەستە نوێنەکەت هەڵبگرە، و بڕۆ ماڵەوە!»7بۆیە هەستا و چۆوە ماڵی خۆی. 8کاتێک خەڵکەکە ئەمەیان بینی، سام دایگرتن، و ستایشی خودایان کرد کە دەسەڵاتی ئاوای بە خەڵکداوە. 9کاتێک یەشوا بەلای فەرمانگەی وەرگرتنی باجدا تێدەپەڕی، باج وەرگرێکی بینی بە ناوی مەتا لەوێ دانیشتبوو. پێی فەرموو: «شوێنم بکەوە!» بۆیە هەستا و بەدوایدا ڕۆیشت.10لە کاتێکدا یەشوا لە ماڵی مەتا پاڵیدابۆوە، زۆرێک لە باجگرەکان و گوناهبارەکان هاتن و لەگەڵ یەشوا و قوتابییەکانی دانیشتن، 11کاتێک فەریسییەکان ئەمەیان بینی، بە قوتابییەکانیان گوت: «بۆچی مامۆستاکەتان لەگەڵ باجگران و گوناهباران نان دەخوات؟»12کاتێک یەشوا گوێی لە قسەکانیان بوو، فەرمووی: لەش ساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش! 13بڕۆ مانای ئەو وتەیە فێربە: من بەدوای بەزەیدا دەگەڕێم نەک قوربانی. چونکە من نەهاتووم بانگی ڕاستودروستەکان بکەم بەڵکو گوناهباران! »14پاشان قوتابییەکانی یۆخەنان هاتنە لای یەشوا و لێیان پرسی: «بۆچی ئێمە و فەریسییەکان بەڕۆژوو دەبین، بەڵام قوتابییەکانت بەڕۆژوو نابن؟» 15یەشوا پێی فەرموون: «ئایا کەسانی زاوا دەتوانن ماتەمینی بگێڕێن لەکاتێکدا زاوا لەگەڵیاندایە؟ بەڵام، ڕۆژانێک دێن کە زاوا هەڵدەگیرێت لەنێوانیان، و ئەوکاتە بەڕۆژوو دەبن!16کەس کراسی کۆن بە پەڕۆیەک کە تازەیە پینە ناکات، چونکە پینەکە کراسەکە لێک ڕادەکێشێت، و دڕاوییەکە خراپتر دەکات!17خەڵک شەرابی نوێ ناکەنە ناو پێستەی شەرابی کۆن؛ ئەگەرنا پێستەکان دەتەقن، و شەرابەکە دەڕژێت و پێستەکان لەناو دەبەن، بەڵام شەرابی نوێ دەخەنە ناو پێستی نوێ، بۆیە شەرابەکە و پێستەکان پێکەوە دەپارێزێت!»18کاتێک ئەو ئەمەی دەفەرموو، بینی سەرۆکی کەنییشتەکە هاتە پێشەوە و کڕنۆشی بۆبرد و گوتی. 19«کچەکەم ئێستا مردووە. بەڵام وەرە دەستی لێبدە زیندوو دەبێتەوە» بۆیە یەشوا هەستا و بەدوایدا ڕۆیشت، لەگەڵ قوتابییەکانی.20ژنێک کە دوازدە ساڵ خوێن بەربوونی هەبوو، لە دواوە هاتە لای، و دەستی لە لێواری کەواکەیدا، 21چونکە لە دڵی خۆیدا وتی: «بەسە بۆ من دەست لە جلەکانیشی بدەم بۆ ئەوەی چاک ببمەوە!» 22یەشوا ئاوڕی دایەوە و بینی، و فەرمووی: «کچەکەم دڵنیابە. باوەڕەکەت چاکی کردیتەوە!» ژنەکەش لەو کاتەدا چاک بۆوە.23کاتێک یەشوا چووە ماڵی پێشەوای کەنیشتەکە، و خەڵکەکەی بینی بە شمشاڵ لێدان ماتەمیان دەگێڕا، 24فەرمووی: «لاچن! کچەکە نەمردووە، بەڵکو خەوتووە!» ئەوانیش پێی پێکەنین.25کاتێک خەڵکەکەی ناردە دەرەوە، چووە ژوورەوە و دەستی کچەکەی گرت، و هەڵیستاندەوە. 26ئەم هەواڵەش بە هەموو وڵاتدا بڵاوبۆوە.27کاتێک یەشوا لەوێوە دەڕۆیشت، دوو کوێر بەدوایدا ڕۆیشتن و هاواریان دەکرد: «بەزەییت پێماندا بێتەوە کوڕی داڤید!» 28کاتێک چووە ناو ماڵەکە لێیان چۆپێش. یەشوا لێی پرسین: «باوەڕتان وایە کە من دەتوانم ئەمە بکەم؟» وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ گەورەم!»29دەستی لە چاوەکانیاندا و فەرمووی: «بەپێی باوەڕتان بۆتان دەکرێت.» 30پاشان چاویان کرایەوە. یەشواش بە توندی ئاگاداری کردنەوە و فەرمووی: «ئاگاداربن! بەهیچ کەس مەڵێن!» 31بەڵام چوون و ناوبانگی ئەویان بە هەموو ئەو وڵاتەدا بڵاوکردەوە.32کاتێک ڕۆیشتن، یەکێکی لاڵیان هێنایە لای کە خێوی تێدا بوو. 33کاتێک خێوەکە دەرکرا، لاڵەکە قسەی کرد. جەماوەرەکە سەریان سوڕما و گوتیان: «هەرگیز لە یەسرائیل شتێکی لەم شێوەیە نەبینراوە». 34بەڵام فەریسییەکان گوتیان: «ئەو خێوەکان بە سەرۆکی خێوەکان دەردەکات! »35یەشوا بە هەموو شار و گوندەکاندا دەگەڕا، و لە کەنیشتی یەهودیەکان فێرکاری دەکرد و مزگێنی شانشینەکەی دەدا، و هەموو نەخۆشی و دەردەکانی چاک دەکردەوە. 36کاتێک خەڵکەکەی بینی، بەزەیی پێیاندا هاتەوە، چونکە ئازاردراو پەرتەوازە بوون وەک مەڕی بێ شوان.37لەو کاتەدا بە قوتابییەکانی فەرموو: «دروێنە زۆرە، کرێکارەکانیش کەمن. 38جا داوا لە پەروەردگاری دروێنە بکەن کە کرێکاران بنێرێت بۆ دروێنەکردنی!»
1پاشان دوازدە قوتابییەکەی بانگ کرد بۆ لای خۆی، و دەسەڵاتی بەسەر گیانە پیسەکاندا پێدان کە دەریان بکەن و هەموو نەخۆشی و دەردێک چاک بکەنەوە.2ناوی دوازدە نێردراوان ئەمانەن: شیمۆن کە پێی دەگوترا پەترۆ، و ئەندریای برای، و یاکۆڤی کوڕی زەڤدی، و یۆخەنای برای؛ 3فیلیپ، و بەرتۆلمیۆ؛ تۆما، مەتای باجگر؛ یاکۆڤ کوڕی هەلفای، تادیۆس؛ 4شیمۆنی کانەوی؛ یەهودای ئیسخاریۆتی کە ناپاکی لێکرد.5ئەمە دوازدە نێردراواکەن کە یەشوا ناردنی، ڕایسپاردن و فەرمووی: «مەچنە ڕێگای نەتەوەکان، و مەچنە ناو شاری سامری. 6بەڵکو سەرەتا بڕۆن بۆ لای مەڕە ونبووەکانی، ماڵی یەسرائیل. 7کاتێک دەڕۆن مزگێنی بدەن و بڵێن: شانشینی ئاسمانەکان نزیکە.8نەخۆشەکان چاک بکەنەوە، مردوو زیندوو بکەنەوە، گولەکان پاک بکەنەوە، و خێوەکان دەربکەن. بە خۆڕایی وەرتانگرتووە، بە خۆڕایی بیبەخشن! 9نە زێڕ و نە زیو و نە مس لە پشتێنەکانتاندا هەڵمەگرن، 10بۆ ڕێگا نە کراس و نە پێڵاوی زیادە و نە گۆچانیش مەبەن: چونکە کرێکار شایانی نانی خۆیەتی.11هەرکاتێک چوونە ناو شارێک یان گوندێکەوە، لەوێدا بگەڕێن بۆ کەسێک کە شایستە بێت، و لەوێ بمێننەوە تا دەڕۆن. 12وە کاتێک دەچنە ناو ماڵەکە، سڵاو بکەن. 13ئەگەر بەڕاستی ئەو ماڵە شایستە بێت، ئاشتیتان لەسەری بێت. وە ئەگەر شایستە نەبوو، با ئاشتی بۆ خۆتان بگەڕێتەوە14ئەوەی پێشوازی لێ نەکردن و گوێی لە قسەتان نەگرت لەو ماڵە یان لەو شارە، بڕۆنە دەرەوە، و تۆزی پێتان بتەکێنن. 15ڕاستیتان پدەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا سزای شاری سەدۆم و عەمۆرا لەهی ئەم شارە سوکتر دەبێت.16ئەوەتا من وەک مەڕ بۆ ناو گورگتان دەنێرم، جا وەک مار ئاگاداربن و وەک کۆتر ئاشتی خواز. 17لە خەڵکی بەئاگابن! چونکە دەتاندەنە دادگا، و لە کەنیشتەکان بە قامچی لێتان دەدەن؛ 18لە پێناوی مندا دەبرێنە بەردەم فەرمانڕەواکان و پاشاکان: ئەمەش شایەتحاڵی من دەبێت بۆ یەهودیەکان و هەم بۆ نەتەوەکان وەکو یەک.19کاتێک ڕادەستتان دەکەن، خەمی ئەوەتان نەبێت کە چۆن قسە بکەن و چی بڵێن. چونکە لەو کاتەدا پێتان دەدرێت بۆ ئەوەی چی بڵێن. 20ئەوە ئێوە نین کە قسە دەکەن، بەڵکو گیانی باوکتانە کە لە ئێوەدا قسە دەکات.21برا براکەی ڕادەستی مردن دەکات، و باوکیش منداڵەکەی. منداڵان لە دایک و باوکیان یاخی دەبن، و دەیانکوژن! 22لە پێناو ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە. بەڵام ئەوەی تا کۆتایی بەرگە بگرێت، ئەوە ڕزگاری دەبێت. 23کە لەم شارە دەتانچەوسێننەوە، ڕاکەن بۆ شارێکی دیکە. ڕاستیتان پێ دەڵێم: شارەکانی یەسرائیل چۆڵ ناکرێن تا ڕۆڵەی مرۆڤ نەیەت.24قوتابی لە مامۆستاکەی زیاتر نییە، و کۆیلەش لە گەورەکەی زیاتر نییە. 25بۆ قوتابی بەسە وەک مامۆستاکەی بێت، و کۆیلەش وەک گەورەکەی! ئەگەر خاوەن ماڵ بە بەعلزەبووب ناو ببردرێت، چەند زیاتر خانەوادەکەی؟26لەبەر ئەوە لێیان مەترسن: چونکە هیچ شتێکی داپۆشراو نییە دەرنەکەوێت، نهێنی نییە ئاشکرا نەبێت! 27ئەوەی لە تاریکیدا پێتانی دەڵێم، لە ڕووناکیدا بیڵێنەوە؛ ئەوەی بە چرپە دەیبیستن، لە سەربانەکان جاڕی بۆ بدەن.28لەو کەسانە مەترسن کە جەستە دەکوژن، بەڵام ناتوانن گیان بکوژن، بەڵکو لەو بترسن کە توانای لەناوبردنی گیان و جەستەی هەیە پێکەوە لە دۆزەخدا. 29ئایا دوو چۆلەکە بە فلسێک نافرۆشرێت؟ کەچی هیچ یەکێکیان بەبێ خواستی باوکتان ناکەوێتە سەر زەوی. 30سەبارەت بە ئێوە تەنانەت مووی سەرتان هەمووی ژمێردراوە. 31کەواتە مەترسن! ئێوە زۆر لە چۆلەکەکان زیاترن.32هەرکەسێک لەبەردەم خەڵکیدا دان بە مندا بنێت، منیش لەبەردەم باوکم کە لە ئاسمانەکانە دان بەودا دەنێم. 33هەرکەسێک لەبەردەم خەڵکیدا نکۆڵی لە من بکات، هەروەها منیش لەبەردەم باوکم کە لە ئاسمانەکانە نکۆڵی لێدەکەم.34وا مەزانن من هاتووم بۆ ئەوەی ئاشتی لەسەر زەوی بەرپا بکەم. من بۆ بەرپا کردنی ئاشتی نەهاتووم، بەڵکو شمشێر. 35من هاتووم بۆ هەڵگەڕاندنەوەی کوڕ لە باوکی، و کچ لە دایکی، و بووک لە خەسووی. 36بەم شێوەیە دوژمنانی مرۆڤ لە خانەوادەکەی خۆیی دەبێت.37ئەوەی باوک و دایکی لە من زیاتر خۆش بوێت، شایستەی من نییە. وە هەرکەسێک کوڕ یان کچەکەی لە من زیاتر خۆش بوێت، شایستەی من نییە. 38ئەوەی خاچەکەی هەڵنەگرێت و شوێنم نەکەوێت، شایستەی من نییە. 39ئەوەی دەست بە ژیانی خۆیەوە دەگرێت، لەدەستی دەدات؛ ئەوەی لە پێناو مندا ژیانی لەدەست بدات، ئەوە بەدەستی هێناوە.40ئەوەی پێشوازیتان لێ بکات، پێشوازی لە من دەکات؛ ئەوەش پێشوازی لە من بکات، پێشوازی لەوە دەکات کە ناردوومی. 41ئەوەی پێشوازی لە پێغەمبەرێک دەکات، پاداشتی وەک پێغەمبەر دەبێت؛ ئەوەی پێشوازی لە پیاوێکی چاکەکار بکات ئەوە چاکەی کردوە، لەبەر ئەوە پاداشتی وەک ڕاستودروستان دەبێت.42هەرکەسێک تەنانەت جامێک ئاوی ساردیش بداتە یەکێک لەم بچووکانە بۆ خواردنەوە، تەنها لەبەر ئەوەی قوتابی منن، ڕاستیتان پێدەڵێم پاداشتەکەی هەرگیز بزر نابێت.»
1دوای ئەوەی یەشوا تەواو بوو لە پێدانی راسپاردە بە دوازدە قوتابییەکەی، لەوێشەوە ڕۆیشت، و چوو بۆ فێرکردن و مزگێنیدان لە شارەکانیان. 2کاتێک یۆخەنان ئەوەی بیست، کە مەسیح چ کارێکی ئەنجام داوە، لە زیندان بوو، هەندێک لە قوتابییەکانی نارد بۆلای، 3لێیان پرسی: «ئایا تۆ ئەوەی کە دێت، یان چاوەڕێی یەکێکی تربین؟»4یەشوا وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «بڕۆن ئەوەی دەیبیستن و دەیبینن بە یۆخەنان بڵێن: 5کوێرەکان دەبینن، شەلەکان دەڕۆن، گولەکان پاک دەبنەوە، کەڕەکان دەبیستن، مردوو هەڵدەستنەوە، مژدە بە هەژاران دەدرێت. 6خۆزگە بەو کەسەی گومانم لێ نەکات!»7کە قوتابییەکانی یۆخەنان ڕۆیشتن، یەشوا دەستی کرد بە قسەکردن لەگەڵ خەڵکەکە سەبارەت بە یۆخەنان: «ئێوە چونە دەرەوە بۆ چۆڵەوانی بۆ ئەوەی چی ببینن؟ قامیشێک کە بەهۆی باوە دەلەرێتەوە؟ 8ئەی بۆچی چونە دەرەوە بۆ بینینی: پیاوێک کە جلی نەرمی لەبەردا بوو؟ ئەوانەی جلی نەرم لەبەر دەکەن لە کۆشکی پاشاکاندان!9کەواتە، بۆ بینینی چی چوون بۆ دەرەوە؟ پێغەمبەرێک؟ بەڵێ، پێتان دەڵێم، لە پێغەمبەریش مەزنتر. 10ئەمە ئەو کەسەیە کە دەربارەی نووسراوە: ئەوەتا من نێردراوی خۆم لە پێشتەوە دەنێرم ئەوەی ڕێگات بۆ ئامادە دەکات!11ڕاستیتان پێدەڵێم: پیاوێکی مەزنتر لە یۆخەنانی لە ئاو هەڵکێش لە نێو ئەوانەی لە ژن لەدایک بوون دەرنەکەوتووە. بەڵام بچوکترینی شانشینی ئاسمانەکان لە ئەو مەزنترە! 12لەو کاتەی یۆخەنانی لە ئاو هەڵکێش دەستی بە خزمەت کردووە خەڵکی هەوڵیان داوە و تێکۆشاون بۆ چوونە ناو شانشینی ئاسمانەکان وە هەوڵدەران بەسەختی دەچنە ناوی!13چونکە تەورات و پێغەمبەران هەموویان پێشبینیان دەکرد تا دەرکەوتنی یۆخەنان. 14ئەگەر ئامادەن باوەڕ بکەن ئەم یۆخەنانە ئیلیایە، کە چاوەڕوانی گەڕانەوەی دەکرا. 15ئەوەی گوێی هەیە با ببیسێت!16بەڵام، ئەم نەوەیە بە کێ بەراورد بکەم؟ ئەوان وەک منداڵێک وان کە لە گۆڕەپانە گشتییەکان دانیشتوون، بانگی هاوەڵەکانیان دەکەن و دەڵێن: 17زوڕنامان بۆ لێدان، بەڵام ئێوە سەماتان نەکرد! بۆ ئێوە ماتەمینیمان گرت، بەڵام ئێوە نەگریان!18یۆخەنان هات نە دەیخوارد و نە دەیخواردەوە، گوتیان: خێوی تێدایە! 19ئینجا ڕۆڵەی مرۆڤ هات دەخوات و دەخواتەوە، گوتیان: ئەمە خواردن خۆر و سەرخۆشە، هاوڕێی باجگر و گوناهبارانە. بەڵام دانایی بە کارەکانی تاقی دەکرێتەوە».20پاشان یەشوا دەستی کرد بە سەرزەنشتکردنی ئەو شارانەی کە زۆربەی پەرجووکانی تێدا ئەنجام دابوو، چونکە لە گوناهەکانیان پاشگەز نەببوونەوە. 21ئینجا فەرمووی: «هاوار بە تۆ خۆرازین! هاوار بە تۆ بێت سیدۆن! ئەگەر هەمان پەرجوو لە سور و سیدۆن ئەنجام بدرایە، گەلەکەیان لە کۆنەوە لە گوناهەکانیان پاشگەز دەبوونەوە و لە ناو خۆڵەمێشدا پۆشاکی گوشیان لەبەر دەکرد. 22بەڵام پێتان دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا سزای سور و سیدۆن سووکتر دەبێت، لەوەی بۆ ئێوەیە!23تۆش ئەی کەفەرناخوم: ئایا بۆ ئاسمان بەرز دەکرێیتەوە؟ تۆ بۆ جیهانی مردووان دەچیتە خوارەوە. چونکە ئەگەر ئەو پەرجووانەی کە لەنێو تۆدا کرا لە سۆدۆم بکرابووایە، ئەوا تاکو ئەمڕۆ دەمایەوە. 24بەڵام پێتان دەڵێم بارودۆخی سۆدۆم لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا لە دۆخی ئێوە سوکتر دەبێت!»25لەو کاتەدا یەشوا قسەی کرد و فەرمووی: «باوکە، پەروەردگاری ئاسمان و زەوی سوپاست دەکەم، چونکە ئەم شتانەت لە دانا و تێگەیشتوان شاردۆتەوە و بۆ منداڵانت ئاشکرا کردووە! 26بەڵێ ئەی باوک، چونکە ئەمەت پێ باش بوو. 27باوکم هەموو شتێکی پێ سپاردووم. کەس کوڕەکە ناناسێت باوک نەبێت، کەسیش باوک ناناسێت تەنها کوڕەکە نەبێت، ئەوەی کوڕەکە بیهەوێت بۆی ئاشکرا دەکات.28وەرن بۆ لام هەموو ماندووان و بارگرانەکان، من دەتانحەسێنمەوە. 29نیری من بخەنە سەر خۆتان و لە منەوە فێربن، چونکە دڵنەرم و بێفیزم، حەسانەوەش بۆ دەروونتان دەدۆزنەوە. 30چونکە نیرەکەم گونجاوە، و بارم سووکە!»
1لەو کاتەدا یەشوا لە ڕۆژێکی شەباتدا بە کێڵگەکاندا تێپەڕی. قوتابییەکانی برسی بوون، گوڵە گەنمیان دەپرواندو دەیانخوارد. 2کاتێک فەریسییەکان بینییان پێیان گوت: «ئەوەتا قوتابییەکانت ئەو کارە دەکەن کە لە ڕۆژی شەباتدا رێگەپێدراو نیە بیکەن!»3وەڵامی دانەوە: «ئایا نەتانخوێندۆتەوە ئەوەی داڤید و هاوڕێکانی کردیان لە کاتی برسیبووندا؟ 4چۆن چووە ناو ماڵی خودا و نانی پێشکەشکراوی خوارد کە بۆ خۆی یان هاوەڵەکانی دروست نەبوو بیخۆن بەڵکو تەنها بۆ کاهینەکان بوو!5ئایا لە تەوراتدا نەتاخوێندۆتەوە کە کاهینەکان ڕۆژی شەبات (کار دەکەن) لە پەرستگادا وە ڕۆژانی شەبات پێشێل دەکەن و تاوانبار ناکرێن؟ 6بەڵام پێتان دەڵێم: ئەوەی لێرەیە لە پەرستگا مەزنترە!7وە ئەگەر لە مانای ئەو وتەیە تێگەیشتبان: من بە دوای بەزیدا دەگەڕێم نەک قوربانی، ئەوا دادوەریت لەسەر ئەو کەسانە نەدەکرد کە هیچ تاوانێکیان نییە! 8ڕۆڵەی مرۆڤ پەروەردگاری شەباتە! »9پاشان لەوێ ڕۆیشت و چووە کەنیشتەکەیان، 10لەوێ پیاوێکی لێبوو دەستێکی وشک ببوو. بۆ ئەوەی فەریسییەکان بتوانن سکاڵای لێ بکەن، لێیان پرسی: «ئایا لە ڕۆژی شەباتدا چاککردنەوەی نەخۆش رێگەپێدراوە؟»11وەڵامی دانەوە: «کام لە ئێوە مەڕێکی هەیە و ئەگەر لە ڕۆژی شەباتدا بکەوێتە ناو چاڵێکەوە، دەستی ناگرێت و نایکێشێتە دەرەوە؟ 12مرۆڤ چەند لە مەڕ بە نرخترە! کەواتە رێگەپێدراوە چاکەکردن لە ڕۆژی شەباتدا».13ئینجا بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە!» درێژی کرد و وەک دەستەکەی تری لێهاتەوە. 14بەڵام فەریسییەکان چوونە دەرەوە و پیلانیان لە دژی یەشوا دانا بۆ کوشتنی.15کاتێک ئەمەی زانی لەوێ کشایەوە. کۆمەڵێکی زۆریش بەدوایدا هاتن، و هەموویانی چاک کردەوە، 16ئاگاداری کردنەوە لەلای کەس باسی نەکەن، 17تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە گوتراوە بێتەدی کە دەڵێت:18«ئەوەتا ڕۆڵەی خۆم هەڵمبژارد، خۆشەویستەکەم کەپێی دڵشادم! گیانم لەسەری دادەنێم، ئەویش ڕاستی بۆ گەلان ڕادەگەیەنێت.19بەرهەڵستی ناکات و هاوار ناکات، کەسیش لە شەقامەکاندا دەنگی نابیستێت. 20قامیشی چەماوە ناشکێنێت، و پڵيتەی بە دوکەڵ ناکوژێنێتەوە، تا دادپەروەری بەرەو سەرکەوتن دەبات، 21گەلان ئومێدیان بە ناوی ئەو دەبێت!»22پاشان پیاوێکی کوێر و لاڵیان هێنایە لای کە خێوی تێدابوو، ئەویش چاکی کردەوە تا بتوانێت ببینێت و قسە بکات. 23هەموو خەڵکەکە سەریان سوڕما و گوتیان: «ڕەنگە ئەمە کوڕی داڤید بێت!»24بەڵام فەریسییەکان، کە ئەمەیان بیست گوتیان: «ئەمە خێوەکان دەرناکات، مەگەر بە بەعلزەبووبی شای گیانە پیسەکان نەبێت!» 25بەڵام یەشوا بە بیرکردنەوەی ئەوانی زانی، پێی فەرموون: «هەر شانشینێک دووبەرەکی تێدابێت، وێران دەبێت. هەر شارێک یان ماڵێک دووبەرەکی تێدابێت، خۆی ڕاناگرێت.26ئەگەر شەیتان شەیتان دەربکات، ئەوا دووبەرەکییان تێدایە، کەواتە چۆن شانشینەکەی خۆی ڕادەگرێت؟ 27ئەگەر من بە بەعلزەبووب خێوەکان دەربکەم، ئەی ڕۆڵەکانی ئێوە بە کێ دەریان دەکەن؟ لەبەر ئەوە ئەوان تاوانبارتان دەکەن؟28بەڵام ئەگەر بە گیانی خودا خێوەکان دەربکەم، ئەوا شانشینی خودا هاتۆتە سەرتان! 29ئەگینا، چۆن کەسێک دەچێتە ناو ماڵی پیاوێکی بەهێز بۆئەوەی کاڵاکانی تاڵان بکات ئەگەر سەرەتا پیاوە بەهێزەکە نەبەستێتەوە؛ و پاشان ماڵەکەی تاڵان بکات؟ 30ئەوەی لەگەڵم نییە، دژی منە؛ وە هەرکەسێک لەگەڵم کۆ ناکاتەوە، بڵاوی دەکاتەوە.31بۆیە پێتان دەڵێم: هەموو گوناهە و کوفرێکی مرۆڤەکان دەبەخشرێت. 32سەبارەت بە کوفرکردن بە گیانی (پیرۆز)، نابەخشرێت. هەرکەسێک قسەیەک دژی ڕۆڵەی مرۆڤ بکات، دەبەخشرێت. هەرکەسێک قسەیەک دژی گیانی پیرۆز بڵێت، نە لەم سەردەمە و نە لە ڕۆژگاری داهاتوودا نابەخشرێت.33ئەگەر دار باش بێت، بەرهەمی باش دەدات؛ ئەگەر دار خراپ بێت، بەرهەمی خراپ دەدات! دار بە بەرهەمەکەی، دەناسرێتەوە. 34ئەی منداڵی مار، کە ئێوە خراپ بن، چۆن دەتوانن، بە چاکە بدوێن؟ دەم ئەوە دەڵێت کە لە دڵەوە هەڵدەقوڵێت. 35مرۆڤی چاک، لە گەنجینەی چاکی دڵیدا، شتی چاک دەردەهێنێت. مرۆڤی خراپیش، لە گەنجینەی خراپی ناخیدا شتی خراپ دەردەهێنێت.36بەڵام پێتان دەڵێم: هەر قسەیەکی پوچ کە خەڵکی دەیڵێن، لە ڕۆژی دوایدا لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت. 37چونکە بە قسەکانت بێتاوان دەکرێیت، و بە قسەکانت تاوانبار دەکرێیت!»38ئینجا هەندێک لە مامۆستایان و فەریسییەکان وەڵامیان دایەوە، و گوتیان: «مامۆستا، پێمان خۆشە نیشانەیەک ببینین کە تۆ ئەنجامی دەدەیت!» 39وەڵامی دانەوە: «نەوەی خراپەکار و ناپاک داوای نیشانە دەکات؛ وە هیچ نیشانەیەک نادرێت جگە لە نیشانەی پێغەمبەر یونان. 40وەک چۆن یونان سێ ڕۆژ و سێ شەو لە سکی نەهەنگەکەدا مایەوە، ڕۆڵەی مرۆڤیش سێ ڕۆژ و سێ شەو لە ناخی زەویدا دەمێنێتەوە.41لە ڕۆژی لێ پرسینەوەدا خەڵکی نەینەوا لەگەڵ ئەم نەوەیەدا دەوەستن و تاوانباری دەکەن؛ چونکە لە گوناهەکانیان پاشگەز بوونەوە کاتێک یونان ئاگاداری کردنەوە. ئەوەتا لە یونان مەزنتر لێرەیە!42شاژنی باشوور لە ڕۆژی لێ پرسینەوە لەگەڵ ئەم نەوەیەدا هەڵدەستێتەوە و تاوانباری دەکات، چونکە لەوپەڕی زەوییەوە هاتووە بۆ ئەوەی گوێ لە دانایی شلۆمۆ بگرێت. ئەوەی لێرەیە لە شلۆمۆ مەزنترە!43کاتێک گیانی پیس لە مرۆڤێک دەردەچێت، لە شوێنە وشکەکاندا بەدوای حەوانەوەدا دەگەڕێت، نایدۆزێتەوە. 44دەڵێت: دەگەڕێمەوە بۆ ماڵەکەم کە لێیەوە ڕۆشتم! وە کاتێک دەگەڕێتەوە، دەبینێت کە بەتاڵە گسکی لێدراوە و ڕازاوەتەوە. 45جا دەڕوات، حەوت گیانی خراپتر لە خۆی دەهێنێت، و هەموویان دەچنە ناوی و نیشتەجێی ئەو کەسە دەبن، بۆ ئەوەی ژیانی کۆتایی لە جاران خرابتر بێت. چارەنوسی ئەم نەوە خراپەکارەش ئاوادەبێت!»46کاتێک لەگەڵ خەڵکەکە قسەی دەکرد، دایکی و براکانی لە دەرەوە وەستابوون، و داوایان دەکرد قسەی لەگەڵ بکەن. 47یەکێک لە ئامادە بووان پێی گوت: «دایکت و براکانت لە دەرەوە وەستاون و داوا دەکەن قسەت لە گەڵ بکەن!»48وەڵامی دایەوە و پێی فەرموو: «دایکم کێیە؟ وە براکانم کێن؟» 49پاشان ئاماژەی بۆ قوتابییەکانی کرد، و فەرمووی: «ئەمانە دایکم و براکانمن: 50چونکە هەرکەسێک بە ویستی باوکم بکات کە لە ئاسمانەکانە برا و خوشک و دایکمە!»
1لەو ڕۆژەدا لە ماڵەوە هاتە دەرەوە و لە کەناری دەریاچەکە دانیشت. 2خەڵکێکی ئێجگار زۆر لێی کۆبۆوە، هەتا وای لێهات چووە ناو بەلەمێک دانیشت، هەموو خەڵکەکەش لە کەنارەکە ڕاوەستان.3بە نموونە باسی زۆر شتی بۆ کردن، و فەرمووی: «جوتیارێک چووە دەرەوە تۆو بکات. 4لە کاتی چاندندا بەشێک لە تۆوەکە کەوتە سەر ڕێگاکان و باڵندەکان هاتن و خواردیان. 5هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی بەردەڵان کە خۆڵی کەم بوو، خێرا سەریان دەرکرد چونکە زەوییەکەی قووڵ نەبوو؛ 6بەڵام کاتێک خۆر هەڵهات، سووتاوە و وشک بوو، چونکە بێ ڕەگ بوو.7بەشێک لە تۆوەکە کەوتە ناو دڕکەکان، کاتێک دڕکەکان گەورە بوون خنکاندیانن. 8هەندێک لە تۆوەکان کەوتنە ناو خاکی باشەوە، هەندێکیان سەد و هەندێکیان شەست، و هەندێکیان سی هێندە بەرهەمیان هێنا. 9ئەوەی گوێی هەیە با ببیسێت!»10ئینجا قوتابییەکانی هاتنە لای و لێیان پرسی: «بۆچی بە نموونە قسەیان لەگەڵ دەکەیت؟» 11وەڵامی دانەوە: «لەبەر ئەوەی بە ئێوە دراوە نهێنی شانشینی ئاسمانەکان بزانن؛ بەڵام بەوان، نەدراوە. 12چونکە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت و لێی دەڕژێت؛ بەڵام ئەوەی نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەندرێتەوە.13لەبەر ئەوە بە نموونە قسەیان بۆ دەکەم: چونکە سەیر دەکەن بەڵام نابینن، گوێ دەگرن بەڵام نابیستن و تێناگەن. 14لەواندا پێشبینیی ئیشایا هاتەدی وەک دەڵێت: بە بیستن دەبیستن بەڵام تێناگەن، بە سەیرکردن سەیر دەکەن بەڵام نابینن.15لەبەرئەوەی دڵی ئەم گەلە ڕەق بووە، گوێچکەیان گران بووە بۆ بیستن، و چاویان داخستووە؛ نەک بە چاوی خۆیان ببینن، و بە گوێی خۆیان ببیستن، و بە دڵیان تێبگەن، و بگەڕێنەوە بۆ لای من، چاکیان بکەمەوە!16بەڵام ئێوەش خۆزگە بە چاوەکانتان، چونکە دەبینن، وە گوێچکەکانتان چونکە دەبیستن. 17ڕاستیتان پێ دەڵێم: زۆر لە پێغەمبەران و ڕاستودروستان بە ئاوات بوون ئەوە ببینن کە ئێوە دەیبینن بەڵام نەیانبینی، ئەوەش ببیستن کە ئێوە دەیبیستن بەڵام نەیانبیست!18مانای نموونەی جوتیارەکە ببیستن: 19هەرکەسێک گوێی لە وشەی شانشین بێت و لێی تێنەگات، خراپەکار دێت و ئەوەی لە دڵیدا چێنراوە دەڕفێنێت: ئەمەیە کە لەسەر ڕێگاکان چێنراوە.20سەبارەت بەوەی لەسەر زەوییە بەردینەکان چێنراوە، ئەو کەسەیە کە گوێی لە وشەکە دەبێت و یەکسەر بە خۆشیوە وەریدەگرێت، 21بەڵام ڕەگ و ڕیشەی لە خۆیدا نییە، بەڵکو بۆ ماوەیەک دەمێنێتەوە: هەر کە لە پێناوی وشەکەدا ئازار یان گۆشەگیری ڕوویدا تووشی کۆسپ دەبێت.22سەبارەت بەوەی لە نێو دڕکدا چێنرا، ئەو کەسەیە کە گوێی لە وشەکە دەبێت، بەڵام خەمی سەردەمی ئێستا و فریودانی دەوڵەمەندی وشەکە دەخنکێنێت، بۆیە بەرهەم ناهێنێت. 23سەبارەت بەوەی لە خاکی باشدا چێنراوە ئەوە ئەو کەسەیە کە گوێی لە وشەکە دەبێت و لێی تێدەگات، و ئەو کەسەیە کە بەرهەمی دەهێنێت. یەک بە سەد بەرهەم دەهێنێت، ئەوەی تر شەست، و ئەوی دواتر سی!»24نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە، فەرمووی: «شانشینی ئاسمانەکان لە مرۆڤێک دەچێت تۆوی چاک لە کێڵگەکەی بچێنێت. 25بەڵام کاتێک خەڵک لە خەودا بوون، دوژمنەکەی هات، و لەناو گەنمەکەدا زێوانی چاند، و ڕۆیشت. 26کاتێک گەنمەکە ڕوا و گوڵی دەرکرد، زێوانەکەش دەرکەوت.27خزمەتکارەکانی خاوەن ماڵەکە چوون، و پێیان گوت: گەورەم، ئایا تۆوی باشت لە کێڵگەکەتدا نەچاند؟ ئەم زێوانە لە کوێوە هاتووە؟ 28ئەویش وەڵامی دانەوە دوژمن ئەمەی کردووە! خزمەتکارەکانی پێیان گوت: دەتەوێ بچین زێوانەکە بژار بکەین؟29وەڵامی دانەوە: نەخێر، نەوەک لەگەڵ بژارکردنی زێوانەکە گەنمیش هەڵبکێشن. 30لێی بگەڕێن با هەردووکیان پێکەوە گەشە بکەن تا کاتی دروێنە. وە لە کاتی دروێنەکردندا بە دروێنەکاران دەڵێم: سەرەتا زێوانەکە کۆبکەنەوە و بە قسڵ بیبەستنەوە بۆ سوتاندن. سەبارەت بە گەنمیش، لە کۆگاکەمدا کۆی بکەنەوە.»31نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە، و فەرمووی: «شانشینی ئاسمانەکان لە دەنکە خەردەلێک دەچێت کە یەکێک بیهێنێت و لە کێڵگەکەیدا بیچێنێت. 32هەرچەندە لە هەموو تۆوەکان بچوکترە، بەڵام کاتێک گەشە دەکات دەبێتە گەورەترینی هەموو، پاشان دەبێتە دار، بەجۆرێک باڵندەی ئاسمان دێن و لە لقەکانیدا هێلانە دەکەن».33نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە فەرمووی: «شانشینی ئاسمان لە هەویرترشێک دەچێت ژنێک هێنای و کردییە ناو سێ پێوانە ئاردەوە، هەتا هەمووی هەڵهات».34یەشوا هەموو ئەمانەی بە نموونە بۆ خەڵکەکە باسکرد. بەبێ نموونە قسەی بۆ نەدەکردن، 35تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەرەکەوە وتراوە بێتەدی: «بە نموونە دەمم دەکەمەوە، ئەوەی لە دامەزراندنی جیهانەوە شاراوەیە ئاشکرای دەکەم».36پاشان یەشوا خەڵکەکەی بەڕێکرد و گەڕایەوە ماڵەوە. قوتانییەکانی هاتنە لای و گوتیان: «نموونەی زێوانی ناو کێڵگەکەمان بۆ ڕوون بکەرەوە». 37وەڵامی دایەوە: «ئەوەی تۆوە چاکەکەی چاند ڕۆڵەی مرۆڤە. 38کێڵگەکەش جیهانە. تۆوە چاکەکەش ڕۆڵەکانی شانشینن. زێوانەکەش ڕۆڵەی خراپەکارن. 39دوژمنەکەش کە تۆوی کردن شەیتانە. دروێنەکەش کۆتایی زەمانە. دروێنە کارانیش فریشتەکانن.40هەروەک چۆن زێوانەکان کۆدەکرێنەوە و بە ئاگر دەسوتێنرێن، بە هەمان شێوە لە کۆتایی زەماندا بەو جۆرەیە: 41ڕۆڵەی مرۆڤ فریشتەکانی دەنێرێت، و هەموو تێکدەر و گوناهباران لە شانشینەکەی دەردەکەن، 42فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت. 43ئەوکاتە ڕاستودروستان وەک خۆر لە شانشینی باوکیاندا دەدرەوشێنەوە. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێ!44شانشینی ئاسمانەکان لە گەنجینەیەک دەچێت لە کێڵگەیەکدا شاردرابێتەوە، کەسێک دەیدۆزێتەوە و دیسان دەیشارێتەوە. لە خۆشییان، دەچێت و هەرچیی هەیە دەیفرۆشێت و ئەو کێڵگەیەی پێ دەکڕێت. 45هەروەها شانشینی ئاسمانەکان لە بازرگانێک دەچێت کە بە شوێن مرواری جواندا دەگەڕێت. 46هەر کە مروارییە زۆر بەنرخە کەی دۆزیەوە، چوو هەموو شتێکی خۆی فرۆشت، و کڕی.47شانشینی ئاسمانیش لە تۆڕێک دەچێت کە فڕێدراوەتە ناو دەریاوە، و لە هەموو جۆرەکان کۆدەکاتەوە. 48کاتێک پڕ بوو، ماسیگرەکان ڕایانکێشا بۆ کەنار و دانیشتن، ئینجا باشەکەیان کۆکردەوە، و خراپەکانیان فڕێدایە دەرەوە.49لە کۆتایی زەماندا بەم شێوەیە دەبێت: فریشتەکان دێن و خراپەکاران لە ناو ڕاستودروستان دەردەکەن، 50فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.51ئایا ئێوە لە هەموو ئەم بابەتانە تێگەیشتن؟» وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ!» 52جا پێی فەرموون: «لەبەر ئەوە، هەر مامۆستایەکی تەورات کە بووەتە قوتابی لە شانشینی ئاسمانەکان، لە مرۆڤێکی خاوەن ماڵ دەچێت لە گەنجینەکەیدا لە کۆن و نوێ دەربهێنێت!» 53کاتێک یەشوا ئەم نموونانەی تەواو کرد، لەوێ ڕۆیشت.54کاتێک گەڕایەوە بۆ شارکەی، لە کەنیشتەکانیاندا یەهودیەکانی فێر دەکرد، تا سەریان سوڕما و پرسیاریان کرد: «ئەم دانایی و ئەم پەرجوانەت لە کوێوە وەرگرتووە؟ 55ئایا کوڕی دارتاشەکە نییە؟ ئایا دایکی ناوی میریام و براکانی یاکۆڤ و یۆسپ و شیمۆن و یەهودا نەبوون؟ 56ئایا خوشکەکانی هەموویان لەلای ئێمە نین؟ هەموو ئەمانەی لە کوێ بوو؟»57جا گومانیان لێکرد. بەڵام ئەو پێی فەرموون: «پێغەمبەر بێ ڕێز نییە تەنها لە شار و ماڵی خۆی نەبێت!» 58 لەوێ پەرجووی زۆری نەکرد، لەبەر بێباوەڕییان بەو.
1لەو کاتەدا هیرۆدی فەرمانڕەوای تەترارک هەواڵی یەشوای بیست. 2بە خزمەتکارەکانی گوت: «ئەمە یۆخەنانی لە ئاو هەڵکێشە، و لە مردن هەستاوەتەوە. بۆیە پەرجوو لەسەر دەستی ئەنجام دەدرێت!»3چونکە هیرۆد یۆخەنانی گرتبوو کۆت و بەندی کردبوو، خستبویە زیندانەوە لە پێناو هیرۆدیای هاوسەری فیلیپۆسی برایدا. 4چونکە یۆخەنان پێی دەگوت: «ڕێگە پێدراو نییە هاوسەرگیری لەگەڵدا بکەیت!» 5کاتێک هیرۆد ویستی یۆخەنان بکوژێت، لە خەڵکەکە دەترسا، چونکە یۆخەنانیان بە پێغەمبەر دەزانی.6لە کاتی ئاهەنگی لەدایکبوونی هیرۆدا، کچی هیرۆدیا لە ناوەڕاستدا سەمای کرد، و هیرۆدی دڵخۆشی کرد، 7بۆیە سوێندی بۆ خوارد بەڵێنی پێدا هەر شتێک داوای بکات پێی بدات.8دوای ئەوەی ڕاوێژی بە دایکی کرد، وتی: «هەر لێرە لەسەر سینییەک سەری یۆخەنانی لە ئاو هەڵکێشم پێبدە!» 9جا پاشا غەمبار بوو؛ بەڵام فەرمانی کرد ئەوەی دەیەوێت بیدەنێ، لەبەر ئەوەی سوێندی خوارد لەبەردەم ئەوانەی لەگەڵیدا دانیشتبوون.10ئینجا ناردی لە زیندان سەری یۆخەنانی پەڕاند. 11سەرەکەیان لەسەر سینییەک هێناو، پێشکەشی کچەکە کرا، ئەویش هەڵیگرت و بردی بۆ دایکی. 12قوتابییەکانی یۆخەنان هاتن، و تەرمەکەیان هەڵگرت، و ناشتیان. پاشان چوون و بە یەشوایان ڕاگەیاند.13هەر کە یەشوا ئەمەی بیست، سواری بەلەمێک بوو بەتەنیا بەرەو شوێنێکی چۆڵ ڕۆیشت. خەڵکەکە کە ئەمەیان بیست، لە شارەکانەوە بە پێ بەدوایدا ڕۆیشتن. 14کاتێک یەشوا لە کەنار دەریاکە دابەزی، خەڵکێکی زۆری بینی، و بەزەیی پێیاندا هاتەوە و نەخۆشەکانیانی چاککردەوە.15کاتێک ئێوارە هات، قوتابییەکانی لێی نزیک بوونەوە و گوتیان: «ئەم شوێنە چۆڵە، و زۆر درەنگ بووە. خەڵکەکە بنێرە بۆ ئەوەی بچنە گوندەکان و خواردن بۆ خۆیان بکڕن».16بەڵام یەشوا پێی فەرموون: «پێویست ناکات ئەوان بڕۆن. ئێوە خواردنیان پێبدەن!» 17گوتیان: «ئێمە لێرە تەنیا پێنج نان و دوو ماسیمان هەیە.» 18فەرمووی: «بۆمی بهێننە ئێرە!»19فەرمانی بە خەڵکەکە کرد لەسەر گیاکە دابنیشن. پاشان پێنج نانەکە و دوو ماسیەکەی هەڵگرت، بەرزی کردەوە سەیری ئاسمانی کردو، بەرەکەتی خستە سەر و نانە کەی شکاند و دای بە قوتابییەکانی، ئەوانیش بەسەر خەڵکەکەدا دابەشیان کرد. 20هەموویان خواردیان و تێر بوون. پاشان قوتابییەکانی دوازدە سەبەتەیان هەڵگرت پڕیان کرد لەو پارچە نانانەی کە مابۆوە. 21ژمارەی ئەوانەی خواردیان نزیکەی پێنج هەزار پیاو بوو، جگە لە ژن و منداڵ.22ئینجا یەشوا قوتابییەکانی ناچار کرد کە سواری بەلەمەکە بن و پێش ئەو بڕۆن بۆ ئەوبەری دەریاچەکە، تاوەکو خۆی خەڵکەکە بەڕێبکات. 23دوای ئەوەی خەڵکەکەی بەڕێکرد، چووە سەر شاخ بۆ ئەوەی بە تەنیا نزا بکات. ئێوارە بوو ئەویش بە تەنیا لەوێ بوو. 24ئینجا بەلەمی قوتابییەکانی گەیشتە ناوەڕاستی دەریاچەکە شەپۆلەکانیش لێی ئەدان، چونکە ڕەشەباکە پێچەوانە بوو.25لە چارەکی کۆتایی شەودا یەشوا هاتە لای قوتابییەکانی و بەسەر ئاوی دەریاچەکەدا دەڕۆیشت. 26کاتێک قوتابییەکانی بینییان کە بەسەر ئاوەکەدا دەڕوات، تووشی شڵەژان بوون و گوتیان: «ئەوە جنۆکەیە!» وە لە ترسی خۆیان هاواریان کرد. 27یەکسەر یەشوا قسەی لەگەڵ کردن و فەرمووی: «ئازابن! ئەوە منم. مەترسن!»28پەترۆ پێی گوت: «ئەگەر تۆ ئەویت، فەرمانم پێبکە بەسەر ئاوەکەدا بڕۆم و بێمەلات!» 29ئینجا یەشوا پێی فەرموو: «وەرە!» بۆیە پەترۆ لە بەلەمەکە دابەزی و بەسەر ئاوەکەدا بەرەو یەشوا ڕۆیشت. 30بەڵام کاتێک هەستی بە هێزی ڕەشەباکە کرد، ترساو نوقم بوو، بۆیە هاواری کرد و وتی: «پەروەردگار ڕزگارم بکە!»31یەشوا دەستبەجێ دەستی درێژ کرد و گرتی و پێی فەرموو: «ئەی کەم باوەڕ، بۆچی گومانت کرد؟» 32هەر کە سواری بەلەمەکە بوون، ڕەشەباکە هێمن بۆوە. 33ئینجا ئەوانەی لە بەلەمەکەدا بوون لێی نزیک بوونەوە، و کڕنۆشیان بۆ بردو گوتیان: «بەڕاستی تۆ ڕۆڵەی خودایت! »34کاتێک پەڕینەوە بۆ ئەوبەری دەریاچەکە، لە شاری کینەرەت دابەزین. 35خەڵکی ئەو ناوچەیە ناسیانەوە، و هەواڵیان بۆ وڵاتانی دراوسێ نارد، و هەموو نەخۆشەکانیان بۆ هێنا، 36داوایان لێکرد کە تەنها دەست لە لێواری جلەکەی بدەن. هەموو ئەوانەی دەستیان لێدابوو بە تەواوی چاک بوونەوە.
1هەندێک لە مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان لە یۆرشەلایمەوە، هاتنە لای یەشوا و لێیان پرسی: 2«بۆچی قوتابییەکانت پێچەوانەی نەریتی پیرانن، دەستیان ناشۆن پێش نان خواردن؟» 3وەڵامی دانەوە «بۆچی ئێوە بۆ پاراستنی نەریتەکانتان سەرپێچی ڕاسپاردەکانی خودا دەکەن؟4خودا ڕایسپاردن و فەرمووی: ڕێز لە باوک و دایکت بگرە. وە هەرکەسێک سوکایەتی بە باوکی یان دایکی بکات، با مردن سزای بێت. 5بەڵام ئێوە دەڵێن: ئەو کەسەی بە باوکی یان دایکی دەڵێت: ئەوەی ویستم بیدەمە ئێوە وەک قوربانییەک پێشکەشی پەرستگاکەم کرد، 6ئازادە لە ڕێزگرتن لە باوک و دایکی. وە ئێوەش، بەم شێوەیە، ئەوەی خودا ڕایسپاردوون هەڵیدەوەشێنەوە، نەریتەکانتان دەپارێزن.7ئەی دووڕوەکان! سەبارەت بە ئێوە ئیشایای پێغەمبەر پێشبینییەکی باشی کردووە کە فەرموویەتی: 8ئەم گەلە بە لێوەکانی ڕێزم لێدەگرن، بەڵام دڵیان لە منەوە دوورە! 9بێهودە دەمپەرستن ئەوان فێرکاریەک فێردەکەن کە جگە لە ڕاسپاردەی مرۆڤەکان هیچی تر نین».10ئینجا خەڵکەکەی بانگ کرد و پێی فەرموون: «گوێ بگرن و تێبگەن: 11ئەوەی دەچێتە ناو دەمەوە مرۆڤ گڵاو ناکات، بەڵکو ئەوەی لە دەمەوە دێتە دەرەوە مرۆڤ گڵاو دەکات».12قوتابییەکانی هاتنە لای و پێیان گوت: «دەزانیت ئەم قسەیە فەریسییەکانی بێزار کردووە؟» 13وەڵامی دانەوە: «هەر ڕووەکێک کە باوکی ئاسمانیم نەیچاندووە، دەبێت هەڵبکەندرێت. 14وازیان لێ بهێنن، ئەوانە کوێرن و ڕابەرایەتی کوێرەکان دەکەن. ئەگەر کوێر ڕابەرایەتی کوێر بکات، هەردووکیان دەکەونە چاڵەوە».15پەترۆ پێی گوت: «ئەم نموونەیەمان بۆ ڕوون بکەرەوە!» 16وەڵامی دایەوە: «ئایا ئێوەش هێشتا تێناگەن؟ 17ئایا هێشتا درک بەوە ناکەن کە ئەو خواردنەی دەچێتە ناو دەمەوە دەچێتە خوارەوە بۆ ناو سک، پاشان فڕێ دەدرێتە دەرەوە؟18سەبارەت بەوەی لە دەمەوە دێتە دەرەوە، لە دڵەوە دەردەچێت، ئەوەش ئەوەیە مرۆڤ پیس دەکات. 19چونکە بیری خراپ لە دڵەوە سەرچاوە دەگرێت، کوشتن، داوێنپیسی، بەدڕەوشتی، دزی، شایەتی درۆ، گاڵتە پێکردن. 20ئەمانە ئەو شتانەن کە مرۆڤ گڵاو دەکەن. سەبارەت بە نان خواردن بە دەستی نەشۆراو، مرۆڤ گڵاو ناکات!»21پاشان یەشوا ئەو ناوچەیەی بەجێهێشت، و چووە ناوچەی سور و سیدۆن. 22ژنێکی کەنعانی خەڵکی دەوروبەری ئەوێ، بەرەو ڕووی هات و هاواری کرد: «گەورەم، ئەی کوڕی داڤید! بەزەیت پێمدا بێتەوە کچەکەم بەهۆی گیانی پیسەوە، ئازارێکی زۆری هەیە». 23بەڵام یەشوا تەنانەت بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە قوتابییەکانی هاتنە لای و پێداگرییان کرد وتیان: « پێداویستییەکانی بەدیبهێنە. ئەو بۆ ئێمە هاوار دەکات!»24وەڵامی دایەوە: «تەنها بۆ مەڕە ونبووەکان نێردراوم، بۆ ماڵی یەسرائیل!» 25بەڵام ژنەکە لێی نزیک بۆوە، و کڕنۆشی بۆ بردوو، گوتی: «گەورەم، یارمەتیم بدە!» 26وەڵامی دایەوە: «دروست نییە نانی منداڵەکان بەریت و فڕێی بدەیت بۆ سەگ!»27ژنەکە گوتی: «ڕاستە گەورەم؛ بەڵام سەگەکان ئەو پارچانە دەخۆن کە لە خوانی خاوەنەکانیانەوە دەکەونە خوارەوە!» 28یەشوا وەڵامی دایەوە: «ئەی ژن، باوەڕەکەت مەزنە! هەروەک چۆن داوای دەکەیت با بۆت ببێت!» کچەکەی لەو کاتەدا چاک بۆوە.29پاشان یەشوا لەو ناوچەیە ڕۆیشت، بەرەو دەریاچەی گەلیلیا چوو. چووە سەر شاخەکە و لەوێ دانیشت. 30ئەوە بوو خەڵکێکی زۆر هاتنە لای شەل و کوێر و گۆج و لاڵ و زۆری دیکەشیان لەگەڵ بوو، لەبەرپێی دایاننان، ئەویش چاکیکردنەوە. 31خەڵکەکە سەرسام بوون کە بینییان لاڵ قسە دەکات، و گۆج چاکدەبێتەوە، و شەل دەڕوات، و کوێر دەبینێت؛ جا خودای یەسرائیلیان شکۆمەند کرد.32ئینجا یەشوا قوتابییەکانی بانگکرد و فەرمووی: «بەزەییم بەو خەڵکەدا دێتەوە ئەوە سێ ڕۆژە لەگەڵمدان و هیچیان نییە بیخۆن. ناشمەوێت بە برسیێتی بیاننێرمەوە نەوەک لە ڕێگا هێزیان نەمێنێت». 33قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «لەم چۆڵەوانییە ئەو نانە زۆرەمان لەکوێ بوو بۆ ئەم خەڵکە بێشومارە؟» 34پرسیاری لێکردن: «چەند نانتان هەیە؟» وەڵامیان دایەوە: «حەوت و چەند ماسییەکی بچووک!» 35ئینجا فەرمانی بە خەڵکەکە کرد لەسەر زەوی دابنیشن،36ئینجا حەوت نانەکە و ماسیەکانی هەڵگرت، و سوپاسی کردو شکاندی، و دای بە قوتابییەکانی، ئەوانیش بەسەر خەڵکەکەدا دابەشیان کرد. 37بۆیە هەموویان تێریان خوارد. پاشان قوتابییەکانی حەوت سەبەتەیان هەڵگرت و پڕیان کرد لەو پارچانەی کە مابوونەوە. 38ژمارەی ئەوانەی خواردیان چوار هەزار پیاو بوو، جگە لە ژن و منداڵ. 39ئینجا یەشوا خەڵکەکەی بەڕێکرد، و سواری بەلەمێک بوو، هاتە ناوچەی مەگادان.
1هەندێک لە فەریسییەکان و سەدوکیمەکان هاتنە لای یەشوا بۆ ئەوەی تاقی بکەنەوە، داوایان لێکرد پەرجویەکیان پیشان بدات لە ئاسمانەوە. 2وەڵامی دانەوە: «ئەگەر ئاسمان سووری ڕوون بوو لە کاتی خۆرئاوابووندا، ئێوە دەڵێن: دەبێتە ساماڵ!3وە ئەگەر بەیانیان ئاسمان سوور و تەمومژاوی بوو، دەڵێین: ئەمڕۆ باران دەبارێت! لە دیمەنی ئاسمانەوە کەشوهەوا دەردەخەن. سەبارەت بە نیشانەکانی سەردەم، ناتوانن بەڵگەی لە سەر بهێننەوە! 4نەوەیەکی خراپ و خیانەتکار داوای نیشانە دەکات، هیچ نیشانەیەک نادرێت جگە لەوەی بەسەر پێغەمبەر یونان هات». پاشان جێی هێشتن و ڕۆیشت.5کاتێک قوتابییەکانی گەیشتنە ئەوبەری دەریاچەکە، لەبیریان چوو لەگەڵ خۆیان نان ببەن. 6یەشوا پێی فەرموون: «وریابن! ئاگاداری هەویرترشی فەریسی و سەدوکیمەکان بن!» 7لەناو خۆیاندا گفتوگۆیان کردو، گوتیان: «ئەوە بۆیە وا دەڵێت چونکە نانمان لەگەڵ خۆمان نەهێناوە!» 8یەشوا بەمەی زانی، و پێی فەرموون: «ئەی کەم باوەڕینە، بۆچی لەنێو خۆتان دەڵێن نانمان نەهێناوە؟9هێشتا تێنەگەیشتوون؟ یان ئەو پێنج نانەتان لەبیر چوو کە پێنج هەزارەکەی تێرکرد، و چەند سەبەتەشتان لێ هەڵگرتەوە؟ 10یان ئەو حەوت نانەتان لەبیر کردووە کە چوار هەزارەکەی تێرکرد، وە چەند سەبەتەتان هەڵگرتووە؟11چۆن تێناگەن کە مەبەستم نان نەبووە کاتێک پێم وتوون: وریاو ئاگاداری هەویری ترشی فەریسییەکان و سەدوکیمەکان بن؟» 12ئینجا قوتابییەکانی تێگەیشتن کە لە هەویری ترشی نان ئاگاداریان ناکاتەوە، بەڵکو لە فێرکاری فەریسییەکان و سەدوکیمەکان ئاگاداریان دەکاتەوە.13کە یەشوا گەیشتە ناوچەی کەیسەریای فیلیپۆس، لە قوتابییەکانی پرسی: «ئایا خەڵک دەڵێن ڕۆڵەی مرۆڤ کێیە؟» 14وەڵامیان دایەوە: «هەندێک دەڵێن تۆ یۆخەنانی لە ئاو هەڵکێشیت، هەندێکی تر دەڵێن تۆ پێغەمبەر ئیلیایت، هەندێکیش دەڵێن تۆ یەرمیایت، یان یەکێک لە پێغەمبەرەکان». 15پرسیاری لێکردن: «ئەی ئێوە، دەڵێن من کێم؟» 16شیمۆن پەترۆ وەڵامی دایەوە و گوتی: «تۆ مەسیحەکەیت ڕۆڵەی خودای زیندوویت!»17یەشوا پێی فەرموو: «خۆزگە بە تۆ شیمۆنی کوڕی یونا. ئەمە بە گۆشت و خوێن بۆت ئاشکرا نەکراوە، بەڵکو باوکم کە لە ئاسمانەکاندایە. 18هەروەها من پێت دەڵێم: تۆ تاشە بەردیت. لەسەر ئەم بەردە کڵێساکەم بنیات دەنێم، وە دەروازەکانی دۆزەخیش بەسەریدا زاڵ نابن!19کلیلەکانی شانشینی ئاسمانەکانت دەدەمێ: ئەوەی تۆ لەسەر زەوی گرێی بدەیت، لە ئاسماندا گرێدراو دەبێت؛ ئەوەی تۆ لەسەر زەوی بیکەیتەوە، لە ئاسماندا کراوە دەبێت!» 20پاشان قوتابییەکانی ئاگادار کردەوە بە کەس نەڵێن ئەو مەسیحەکەیە.21لەو کاتەدا، یەشوا بە قوتابییەکانی ڕاگەیاند کە دەبێت بچێتە یۆرشەلایم، لەوێ بە دەستی پیران و سەرۆک کاهینەکان و مامۆستایانی تەورات، زۆر ئازار بچێژێت و بکوژرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەڵسێتەوە. 22پەترۆ بردییە لایەک، و دەستی کرد بە لۆمە کردنی و گوتی: « دوربێت لە تۆ ئەی پەروەردگار ئەمەت بەسەردا نەیەت!» 23یەشوا ئاوڕی دایەوە و بە پەترۆی فەرموو: «لەبەر چاوم مەمێنە، ئەی شەیتان! تۆ کۆسپی لەبەردەمم، چونکە بیر لە کاروبارە خوداییەکان ناکەیتەوە، بەڵکو کاروباری مرۆڤانە!»24پاشان یەشوا بە قوتابییەکانی فەرموو: «ئەگەر کەسێک بیەوێت شوێنم بکەوێت، با نکۆڵی لە خۆی بکات و خاچەکەی هەڵبگرێت و شوێنم بکەوێت. 25ئەگەر کەسێک بیەوێت ژیانی ڕزگار بکات، ئەوا لەدەستی دەدات؛ بەڵام ئەوەی لە پێناو مندا ژیانی لەدەست بدات، دەیدۆزێتەوە. 26چونکە مرۆڤ چ قازانجێکی دەبێت ئەگەر هەموو دونیا بەرێتەوە بەڵام خۆیی بدۆڕێنێت؟ یان مرۆڤ لە بەرامبەر خۆیدا چی بەهایەک ئەدات؟27چونکە ڕۆڵەی مرۆڤ لەگەڵ فریشتەکانیدا بە شکۆمەندی باوکیەوە دەگەڕێتەوە، پاداشتی هەر کەسێک بەپێی کردەوەکانی دەداتەوە. 28ڕاستیتان پێدەڵێم: هەندێک لەوانەی لێرە وەستاون پێش ئەوەی ڕۆڵەی مرۆڤ ببینن کە لە شانشینی خۆیدا دێت، مردن ناچێژن».
1دوای شەش ڕۆژ، یەشوا بە تەنها پەترۆ و یاکۆڤ و یۆخەنای برای، لەگەڵ خۆیی برد بۆ سەر چیایەکی بەرز، 2ئینجا لە پێش چاویان شێوەی گۆڕدرا، ڕووی وەک ڕۆژ دەدرەوشایەوە، و جلەکانی وەک ڕووناکی سپی هەڵگەڕان.3پاشان موشە و ئیلیا بۆیان دەرکەوتن و قسەیان لەگەڵ دەکرد. 4ئینجا پەترۆ بە یەشوای وت: «ئەی پەروەردگار، چەند باشە بۆ ئێمە لێرە بمێنینەوە! ئەگەر حەزدەکەیت، لێرە سێ چادر هەڵدەدەم: یەکێکیان بۆ تۆ، یەکێکیان بۆ موشە، یەکێکیان بۆ ئیلیا».5کاتێک قسەی دەکرد، هەورێکی ڕۆشن باڵی بەسەریاندا کێشا و دەنگێک لە هەورەکەوە هات فەرمووی: «ئەمە ڕۆڵەی خۆشەویستمە ئەوەی پێی دڵشادم. گوێی لێ بگرن!» 6کاتێک قوتابییەکانی گوێیان لە دەنگەکە بوو، لەترساندا بە ڕوودا کەوتن. 7ئینجا یەشوا لێیان نزیک بۆوە و دەستی لێدان و فەرمووی: «هەستن و مەترسن!» 8ئینجا هەستان و سەیریان کرد، جگە لە یەشوا کەسی تریان نەبینی.9کاتێک لە شاخەکە دەهاتنە خوارەوە، یەشوا ڕایسپاردن و فەرمووی: «ئەوەی بینیوتانە بە کەس مەڵێن تا ڕۆڵەی مرۆڤ لە نێو مردوان هەڵدەستێتەوە». 10قوتابییەکانی لێیان پرسی: «باشە بۆچی مامۆستایانی تەورات دەڵێن دەبێت لە پێشدا ئیلیا بێت؟»11وەڵامی دانەوە: «ڕاستە، ئیلیا دێت و هەموو شتێک چاک دەکاتەوە. 12بەڵام پێتان دەڵێم: ئیلیا هات، و نەیانناسی، چییان ویست پێیان کرد. هەروەها ڕۆڵەی مرۆڤیش بێ گومان بە دەستیانەوە ئازار دەچێژێت». 13ئینجا قوتابییەکان تێگەیشتن کە باسی یۆخەنانی لە ئاو هەڵکێشیان بۆ دەکات.14کاتێک گەیشتنە لای خەڵکەکە، پیاوێک لە یەشوا، هاتە پێش و لەبەردەمی چۆکی دادا، 15گوتی: «گەورەم، بەزەییت بە کوڕەکەمدا بێتەوە فێدارە، و ئازارێکی زۆر دەچێژێت. هەندێک جار دەکەوێتە ناو ئاگر و هەندێک جاریش ناو ئاوەوە. 16منیش هێنامە لای قوتابییەکانت و نەیانتوانی چاکی بکەنەوە».17جا یەشوا وەڵامی دایەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ و خوار، هەتا کەی لەگەڵتان بم؟ هەتا کەی بەرگەتان بگرم؟ ئەو کوڕە بهێننە ئێرە بۆ لام!» 18یەشوا لە گیانە پیسەکەی ناوی ڕاخوڕی. و لە کوڕەکە هاتە دەرەوە، لەو کاتەدا کوڕەکە چاک بۆوە.19پاشان قوتابییەکان بە تەنها هاتنە لای یەشوا و گوتیان: «بۆچی ئێمە نەمانتوانی گیانی پیس دەربکەین؟» 20ئەویش پێی فەرموون: «لەبەر کەمی باوەڕتان. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر ئەوەندەی تۆیی خەردەلێک باوەڕتان هەبێ، بەو کێوە دەڵێن: لەوێ بڕۆ دەڕوات، و هیچ شتێک بۆتان ئەستەم نابێت. 21سەبارەت بەم جۆرە گیانە پیسانە، تەنها بە نزا و بەڕۆژوو دەردەکرێت».22کاتێک لە گەلیلی کۆبوونەوە، یەشوا بە قوتابییەکانی فەرموو: « بێگومان ڕۆڵەی مرۆڤ دەدرێتە دەستی خەڵکی، و 23دەیکوژن. وە لە ڕۆژی سێهەمدا هەڵدەستێتەوە». ئەوانیش بەمە زۆر دڵ تەنگ بوون.24کاتێک گەیشتنە کەفەرناخوم، باجگرانی دوو درهەمەکەی پەرستگا هاتنە لای پەترۆ، و گوتیان: «ئەرێ مامۆستاکەت دوو درهەمەکە ئەدات؟» لە وەڵامدا وتی: «بەڵێ!» 25کاتێک پەترۆ هاتە ماڵەوە، یەشوا دست پێشخەری کرد و لێی پرسی: «ڕات چییە شیمۆن: پاشایانی زەوی سەرانە و باج لە کێ وەردەگرن؟ لە هاوڵاتییانی خۆیان، یان لە خەڵکی بێگانە؟»26پەترۆ وەڵامی دایەوە: «لە بیانی». یەشواش پێی فەرموو: «کەواتە هاوڵاتییان ئازادن، 27بەڵام بۆ ئەوەی نەبینە کۆسپ بۆیان، بڕۆ بۆ دەریاچەکە، و قولاپێکی ڕاو فڕێ بدە؛ یەکەم ماسی کە گرتت دەری بهێنە، ئینجا دەمی بکەرەوە و دراوێکی تێدا دەدۆزیتەوە کە بەهای چوار درهەمە، بۆیە بیبە و باجەکەی خۆم و خۆت بدە! »
1لەو کاتەدا، قوتابییەکانی هاتنە لای یەشوا و لێیان پرسی: «کەواتە کێ مەزنترینە، لە شانشینی ئاسمانەکاندا؟» 2پاشان کوڕێکی بچووکی بانگ کرد و لە نێوانیاندا ڕایگرت، 3فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم ئەگەر نەگۆڕێن و وەک منداڵانی بچوکتان لێنەیەت، هەرگیز ناچنە ناو شانشینی ئاسمانەکانەوە.4ئەوەی وەک ئەم منداڵە خۆی نزم بکاتەوە، لە شانشینی ئاسمانەکاندا مەزنترینە. 5 ئەوەی بە ناوی منەوە پێشوازی لە منداڵێکی وەک ئەمە بکات، پێشوازی لە من دەکات. 6هەرکەسێک ببێت بە کۆسپ بۆ ئەم بچووکانە کە باوەڕیان پێم هەیە، باشترە بۆی بەرداشێک بە ملیدا هەڵبواسێت و لە قووڵایی دەریادا خۆیی نقوم بکات .7هاوار بۆ جیهان لەبەر کۆسپەکانی! کۆسپەکان هەردێن؛ بەڵام هاوار بەوەی دەبێتە هۆی کۆسپەکان! 8ئەگەر دەستت یان پێت تەڵە بوو بۆت، بیبڕەوە و فڕێیبدە: بۆ تۆ باشترە بێ دەست یان بێ پێ بچیتە ناو ژیانەوە، لەوەی کە بە دوو دەست یان دوو پێوە فڕێبدرێیتە ناو ئاگری هەتاهەتاییەوە.9ئەگەر چاوت تەڵە بوو بۆت، دەریبهێنە و فڕێیبدە: بۆ تۆ باشترە بە یەک چاوەوە بچیتە ناو ژیانەوە، لەوەی بە دوو چاوەوە فڕێبدرێیتە ناو ئاگری دۆزەخەوە.10هیچ کام بەم بچووکانە سووکایەتی مەکە! بۆیە پێتان دەڵێم: فریشتەکانیان لە ئاسمان هەمیشە ڕووخساری باوکم دەبینن کە لە ئاسمانەکانە. 11چونکە ڕۆڵەی مرۆڤ هات بۆ ڕزگارکردنی لە ناوچووان.12ڕاتان چییە ئەگەر یەکێک سەد مەڕی هەبێت، و دانەیەکی لێ ون بێت: ئایا نەوەد و نۆیەکە لە چیادا بەجێناهێڵێت، تاکو بڕوات بەدوای ونبووەکەدا بگەڕێت؟ 13ڕاستیتان پێ بڵێم: ئەگەر دۆزییەوە، لە نەوەد و نۆیەکەی تر کە بزر نەببوون زیاتر پێی دڵخۆش دەبێت! 14بەم شێوەیە، باوکت کە لە ئاسمانەکانە نایەوێت یەکێک لەم بچووکانە لەناو بچێت.15ئەگەر براکەت تاوانی بەرامبەر کردیت، بە تەنها بڕۆ بۆ لای و لە نێوان خۆت و ئەو گلەیی لێبکە. ئەگەر گوێی لێ گرتیت، ئەوا براکەت بردۆتەوە. 16ئەگەر گوێی لێ نەگرتی، برایەک یان دووان لەگەڵ خۆت ببە، بۆ ئەوەی هەموو شتێک بە شایەتی دوو یان سێ شایەتیدەر بسەلمێنرێت.17ئەگەر گوێی لێ نەگرتن، بابەتەکە بگەیەنە کڵێسا. ئەگەر گوێی لە کڵێساش نەگرت، با لەلای ئێوە وەک بت پەرست و باج وەرگربێت.18ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی لەسەر زەوی دایبخەن لە ئاسمانیش داخراو دەبێت، ئەوەی لەسەر زەوی بیکەنەوە لە ئاسمانیش کراوە دەبێت. 19هەروەها پێتان دەڵێم: ئەگەر دوو کەستان لەسەر زەوی لە سەر هەر شتێک ڕێک بکەون، هەرچییەک داوای بکەن، ئەوا لە باوکمەوە کە لە ئاسمانەکانە بۆیان دەبێت. 20چونکە لە هەر شوێنێک دوو کەس یان سێ کەس بە ناوی منەوە کۆببنەوە، من لە نێوانیاندام».21ئینجا پەترۆ هاتە لای و لێی پرسی: «ئەی پەروەردگار، براکەم چەند جار خراپەم لە گەڵ بکات و لێی خۆشبم؟ ئایا بۆ حەوت جارە؟» 22یەشوا وەڵامی دایەوە: «نەک حەوت جار، بەڵکو حەفتا کەڕەت حەوت جار!23لەبەر ئەو هۆکارە، شانشینی ئاسمانەکان لە پاشایەک دەچێت ویستی لێپرسینەوە لەگەڵ خزمەتکارەکانی بکات. 24کاتێک دەستی کرد بە لێپرسینەوە لەگەڵیان، یەکێکیان هاتە لای کە دە هەزار پارچە زیو قەرزاری بوو. 25کە هیچی نەبوو قەرزەکەی بداتەوە، گەورەکەی فەرمانی دا خۆی و ژن و منداڵ و هەرچی هەیەتی بفرۆشرێت و قەرزەکە بداتەوە.26بەڵام خزمەتکارەکە کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «گەورەم، کاتم پێ بدە، هەموو قەرزەکەت پێدەدەمەوە. 27گەورەی ئەو خزمەتکارە بەزەیی پێداهاتەوە، و ئازادی کرد، و لە قەرزەکەی خۆشبوو.28ئەم خزمەتکارە ڕۆیشت، خزمەتکارێکی هاوکاری خۆی بینی کە سەد دینار قەرزاری بوو. قورگی گرت و گوتی: ئەوەی لەسەرتە بمدەرەوە! 29خزمەتکارە هاوکارەکەی لەبەرپێی چۆکی دادا و لێی پاڕایەوە وتی: کاتم بدەرێ دەتدەمەوە!30ئەویش رازی نەبوو بەڵکو چوو و فڕێیدایە زیندان تا قەرزەکەی بداتەوە. 31کاتێک هاوڕێی خزمەتکارەکە ئەوەیان بینی، زۆر دڵتەنگ بوون، و چوون و هەموو شتێکیان بۆ گەورەکەیان گێڕایەوە.32. ئینجا گەورەکەی بانگی کرد و پێی گوت: ئەی بەندەی خراپەکار، لە هەموو قەرزە کانت خۆش بووم چونکە تۆ لێم پاڕایتەوە. 33ئایا نەدەبوو بەزەیی بە هاو خزمەتکارەکەتدا بێتەوە وەک چۆن منیش بەزەییم پێتدا هاتەوە؟34کاتێک تووڕەیی گەورەکەی لە دژی هاتە ئاراوە، دایە دەستی سزادەران تا ئازاری بدەن بۆ ئەوەی هەموو قەرزەکانی بداتەوە. 35باوکی ئاسمانیم ئاواتان لەگەڵ دەکات ئەگەر هەریەکێکتان لە دڵەوە لە براکەی خۆش نەبێت!»
1دوای ئەوەی یەشوا قسەکانی تەواو کرد، لە گەلیلی ڕۆیشت و چووە ناوچەکانی دەوروبەری یەهودیا لەودیوی ڕووباری ئەردەن. 2کۆمەڵێکی زۆر شوێنی کەوتن، لەوێ نەخۆشەکانیانی چاککردەوە.3هەندێک لە فەریسییەکان هاتنە لای و تاقییان کردەوە، لێیان پرسی: «ئایا دروستە پیاو بە هەر هۆکارێک لە ژنەکەی جیاببێتەوە؟» 4وەڵامی دانەوە فەرمووی: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە کە بەدیهێنەر هەر لە سەرەتاوە مرۆڤی بە نێر و مێ دروست کردووە،5وە فەرمووی: هەر بۆیە پیاو باوک و دایکی بەجێدەهێڵێت و لەگەڵ ژنەکەی یەکدەگرێت، بۆ ئەوەی ئەو دووانە ببنە یەک جەستە؟ 6 کەواتە چیتر دوو نین، بەڵکو یەک جەستەن. ئەوەی خودا بە یەکتری گەیاندووە با مرۆڤ جیای نەکاتەوە!»7لێیان پرسی: «ئەی بۆچی موشە ڕایسپاردوین پیاو تەڵاقنامە بە ژنەکەی بدات و لێی جودا ببێتەوە؟» 8لە وەڵامدا فەرمووی: «لەبەر دڵ ڕەقیتان، موشە ڕێگەی پێداون لە ژنەکانتان جیاببنەوە. بەڵام لە سەرەتاوە وا نەبوو. 9بەڵام پێتان دەڵێم: ئەوەی بەبێ هۆی داوێنپیسی ژنەکەی خۆی تەڵاق بدات، و یەکێکی دیکە بهێنێت، ئەوا داوێنپیسی دەکات. وەئەوەی لە گەڵ تەڵاق دراوێک هاوسەرگیری بکات، داوێنپیسی دەکات».10قوتابییەکانی پێیان گوت: «ئەگەر بارو دۆخی مێرد لەگەڵ ژن وا بوو، وا باشترە هاوسەرگیری نەکات!» 11وەڵامی دانەوە: «هەموو خەڵکی ناتوانن ئەم قسەیە پەسەند بکەن، بەڵکو ئەوانەی پێیان دراوە. 12خەساو هەن زگماکن؛ خەساویش هەن خەڵک خەساندونی؛ هەیە خۆیان خەساندوە لە پێناوی شانشینی ئاسمانەکان. کێ دەتوانێت پەسەندی بکات، با پەسەندی بکات!»13پاشان هەندێکیان منداڵی بچووکیان هێنایە لای تا دەست بخاتە سەریان و نزا بکات، بەڵام قوتابییەکانی سەرزەنشتیان کردن. 14بەڵام یەشوا فەرمووی: «با بچوکەکان بێنە لام و ڕێگریان لێ مەکەن، چونکە شانشینی ئاسمانەکان بۆ هی وەک ئەمانەیە!» 15دەستی خستە سەریان، و پاشان لەوێ ڕۆیشت.16گەنجێک دێتە لای و لێی دەپرسێت: «مامۆستای چاک، دەبێت چ چاکەیەک بکەم بۆ ئەوەی ژیانی هەتاهەتایی بەدەست بهێنم؟» 17وەڵامی دایەوە: «بۆچی پرسیارم لێ دەکەیت دەربارەی چی چاکە؟ تەنها یەکێک چاکە. بەڵام، ئەگەر دەتەوێت بچیتە ناو ژیانەوە، کار بە ڕاسپاردەکان بکە».18پرسیاری کرد: «کام ڕاسپاردە؟» یەشوا وەڵامی دایەوە: «مەکوژە؛ داوێنپیسی مەکە؛ دزی مەکە؛ شایەتی درۆ مەدە؛ 19ڕێز لە باوک و دایکت بگرە؛ وە نزیکەکەت وەک خۆت خۆش بوێت.»20گەنجەکە پێی گوت: «هەموو ئەم کارانەم لە منداڵییەوە کردوە، ئیتر لە چیم کەمە؟» 21یەشوا وەڵامی دایەوە: «ئەگەر دەتەوێت تەواو بیت، بڕۆ هەر چیت هەیە، بیفرۆشە و بەسەر هەژاراندا دابەشی بکە، لە ئاسمان گەنجینەت دەبێت. وەرەو شوێنم بکەوە!» 22کاتێک گەنجەکە گوێی لەم قسانەی بوو، بە دڵتەنگییەوە ڕۆیشت چونکە خاوەنی سامانێکی زۆر بوو.23یەشوا بە قوتابییەکانی فەرموو: «ڕاستیتان پێدەڵێم: ئەستەمە دەوڵەمەند بچێتە ناو شانشینی ئاسمانەکانەوە. 24هەروەها دەڵێم: ئاسانترە وشتر بە کونی دەرزیدا تێپەڕێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە».25قوتابییەکانی کاتێک ئەمەیان بیست زۆر سەرسام بوون، و پرسیاریان کرد: «کەواتە، کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟» 26سەیری کردن و پێی فەرموون: «ئەمە بۆ خەڵکی ئەستەمە. بەڵام لای خودا، هەموو شتەکان دەکرێت!» 27لەوکاتەدا پەترۆ گوتی: «ئەوەتا ئێمە هەموو شتێکمان بەجێهێشت و شوێنت کەوتین، بەشی ئێمە چی دەبێت؟»28یەشوا وەڵامی دانەوە: «ڕاستیتان پێدەڵێم: کاتێک ڕۆڵەی مرۆڤ لە سەردەمی نوێ بوونەوەدا، لەسەر تەختی شکۆمەندی خۆی دادەنیشێت، ئێوە ئەوانەی شوێنم کەوتوون لەسەر دوانزە تەخت دادەنیشن بۆ ئەوەی دادوەری دوازدە هۆزەکەی یەسرائیل بکەن.29هەرکەسێک لە پێناو ناوی من ماڵ و برا و خوشک و باوک و دایک و منداڵ و خاکی بەجێ هێشتبێت، سەد هێندە وەردەگرێت و ژیانی هەتاهەتایی بە میرات دەگرێت. 30بەڵام زۆر لە یەکەمینەکان دەبنە دواهەمین، و زۆریش لە دواهەمینەکان دەبنە یەکەمین.
1چونکە شانشینی ئاسمانەکان وەک خاوەن ماڵێک وایە کە بەیانی زوو دەچێتە دەرەوە بۆ ئەوەی کرێکار بۆ ڕەزەکەی بەکرێ بگرێت، 2لەگەڵ کرێکارەکان ڕێککەوت ڕۆژی بە یەک دینار، و ناردینی بۆ ڕەزەکە.3نزیکەی کاتژمێر نۆی بەیانی چووە دەرەوە، لە گۆڕەپانی شارەکەدا کرێکاری دیکەی بێ کاری بینی، 4پێی گوتن: ئێوەش بڕۆن و لە ڕەزەکەی مندا کار بکەن و مافی خۆتان دەدەمێ! ئەوانیش ڕۆیشتن.5پاشان چووە دەرەوە بۆ گۆڕەپانەکە نزیکەی کاتژمێر دوازدەی پاشنیوەڕۆ. وە نزیکەی کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ، کرێکاری زیاتری نارد بۆ ناو ڕەزەکەی. 6نزیکەی کاتژمێر پێنجی پاشنیوەڕۆ، بەهەمان شێوە چۆوە دەرەوە و کرێکاری دیکەی دۆزیەوە کە کاریان نەبووە، بۆیە لێی پرسین: بۆچی بەدرێژایی ڕۆژ بێکار لێرە دەوەستن؟ 7وەڵامیان دایەوە: چونکە کەس بەکرێی نەگرتوین. ئینجا گوتی: هەروەها ئێوەش بچنە ناو ڕەزەکەی من!8کاتێک ئێوارە هات، خاوەن ڕەزەکە بە سەرکارەکەی گوت: کرێکارەکان بانگ بکە و کرێکەیان بدەرێ لە دواهەمینەکان دەست پێدەکات لە یەکەمینەکان کۆتایی دێت. 9جا ئەوانەی لە کاتژمێر پێنجەوە کاریان دەکرد هاتن و هەریەکەیان یەک دیناری وەرگرت. 10کاتێک یەکەمینەکان هاتن، پێیان وابوو کە زیاتر وەردەگرن. بەڵام هەریەکەیان یەک دیناریان وەرگرت.11کاتێک دینارەکەیان وەرگرت، بۆڵەبۆڵیان بەسەر خاوەن ماڵەکەدا کرد، 12وتیان: ئەمانەی تر تەنها یەک کاتژمێر کاریان کردووە، ئێوەش یەکسانتان کردوون بە ئێمە کە بە درێژایی ڕۆژ لە ژێر گەرمای خۆردا کارمان کردووە!13وەڵامی یەکێک لەوانی دایەوە: هاوڕێکەم، من ستەمم لێ نەکردویت؛ لەسەر دینارێک لەگەڵم ڕێک نەکەوتی؟ 14ئەوەی هی خۆتە بیبە و بە ڕێگای خۆتدا بڕۆ: چونکە من دەمەوێت بەوەی دوای تۆش وەک تۆی بدەمێ.15ئایا مافی ئەوەم نییە پارەکەم بەو شێوەیە بەکار بهێنم کە دەمەوێت؟ یان چاوت خراپە لەبەر ئەوەی من باشم؟ 16بەم شێوەیە دواهەمین دەبنە یەکەمین، و یەکەمینیش دەبنە دواهەمین».17کاتێک یەشوا بەرەو یۆرشەلایم دەچوو، دوازدە قوتابییەکەی لە ڕێگادا جیاکردەوە، و پێی فەرموون: 18«ئەوەتا ئێمە بەرەو یۆرشەلایم سەردەکەوین، لەوێ ڕۆڵەی مرۆڤ ڕادەستی سەرۆک کاهینەکان، و مامۆستایانی تەورات دەکرێت، و سزای مردنی بەسەردا دەدەن، 19دەیدەنە دەستی نەتەوەکان، و گاڵتەی پێدەکەن و بە قامچی لێی دەدەن. و لە خاچی دەدەن. بەڵام لە ڕۆژی سێهەمدا هەڵدەستێتەوە».20دایکی کوڕەکانی زەڤدی لەگەڵ کوڕەکانی هاتە لای، و کڕنۆشی بۆ برد و داوای چاکەیەکی لێکرد. 21پێی فەرموو: «چیت دەوێت؟» ژنەکە وەڵامی دایەوە: «بڵێ ئەم دوو کوڕەم: لە شانشینی تۆدا دابنیشن، یەکێکیان لە دەستی ڕاستت، و ئەوی دیکەیان لە لای چەپتەوە!»22یەشوا وەڵامی دایەوە و بە یاکۆڤ و یۆخەنای فەرمووی: «ئێوە نازانن داوای چی دەکەن! ئایا توانای خواردنەوەی ئەو جامەتان هەیە کە من دەیخۆمەوە؟» لە وەڵامدا وتیان: «بەڵێ، دەتوانین!» 23پێی فەرموون: «لە جامەکەم دەخۆنەوە. سەبارەت بە دانیشتن لە لای ڕاستم و لای چەپم، تەنیا دەتوانم بیدەم بەو کەسانەی باوکم بۆی ئامادە کردوون!» 24کاتێک دە قوتابییەکەیتر ئەمەیان بیست، ناڕەزایی خۆیان لەو دوو برایە دەربڕی25پاشان یەشوا هەموویانی بانگ کردو و فەرمووی: «دەزانن کە فەرمانڕەوای نەتەوەکان بەسەریاندا زاڵ دەبن، و مەزنەکانیان دەسەڵاتدار دەبن بە سەریاندا. 26سەبارەت بە ئێوەش، با ئەوە لە نێوانتاندا نەبێت، بەڵکو هەرکەسێک دەیەوێت لە نێوانتاندا گەورە بێت، با ببێتە خزمەتکارتان، 27هەرکەسێک ئارەزووی ئەوە دەکات لە نێوانتاندا یەکەم بێت، با ببێتە خزمەتکارتان. 28وەک چۆن ڕۆڵەی مرۆڤ: کە نەهاتووە تاکو خزمەت بکرێت، بەڵکو خزمەت بکات وە خۆیی بەخت بکات لە پێناو زۆرینەدا».29کاتێک یەشوا و قوتابییەکانی شاری یەریخۆیان بەجێدەهێشت، کۆمەڵێکی زۆربەدوایدا ڕۆیشتن. 30ئەوە بوو دوو نابینا لەلای ڕێگاکە دانیشتبوون، هەر کە بیستیان یەشوا بەوێدا تێدەپەڕێت، هاواریان کرد: «ئەی پەروەردگار، کوڕی داڤید بەزەیت پێماندا بێتەوە!» 31بەڵام خەڵکەکە سەرزەنشتیان کرد کە بێدەنگ بن، بەڵام زیاتر هاواریان دەکرد: «ئەی پەروەردگار، ئەی کوڕی داڤید بەزەیت پێماندا بێتەوە!»32یەشوا وەستا و بانگی کردن، و لێیانی پرسی: «دەتانەوێت چیتان بۆ بکەم؟» 33ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «ئەی پەروەردگار چاومان بکەرەوە». 34بەزەیی پێیاندا هاتەوە، و دەستی لە چاوەکانیان دا، یەکسەر چاوەکانیان کرایەوە و بەدوایدا ڕۆیشتن.
1کاتێک لە یۆرشەلایم نزیک بوونەوە، گەیشتنە گوندی بێت فاگە لای چیای زەیتون، یەشوا دووانی لە قوتابییەکانی خۆی نارد، 2پێی فەرموون: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، لەوێ ماکەرێک دەبینن بەستراوەتەوە جاشکەکەی لەگەڵە، بیکەنەوە و بیانهێنن بۆ لای من. 3ئەگەر هەرکەسێک ناڕەزایی بەرامبەرتان هەبوو، بڵێ: پەروەردگار پێویستی پێیانە. یەکسەر دەیاننێرن».4ئەمەش ڕوویدا بۆ ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەرەکەوە گوترا بەدیبێت کە دەڵێت: 5«مژدە بە کچی سەهیۆن بدەن: ئەوەتا پاشاکەت دێتە لات، دڵنەرمە و سواری ماکەرێک و جاشی ماکەرێک بووە!»6بۆیە هەردوو قوتابییەکەی ڕۆیشتن، و ئەوەی یەشوا فەرمانی پێکردن کردیان، 7ماکەر و جاشکەکەیان هێنا، جلەکانیان خستە سەری، و یەشوا سواربوو. 8کۆمەڵێکی زۆر گەورە جلەکانیان لەسەر ڕێگاکە ڕاخست، هەندێکی تریش لق و پۆپیان لە دارەکان بڕی و لەسەر ڕێگاکە دایاننا.9ئەو خەڵکانەی پێش یەشوا کەوتبوون ئەوانەش لە دوایەوە دەڕۆشتن هاواریان دەکرد: «هۆشیەنا بۆ کوڕی داڤید! پیرۆزە ئەوەی بە ناوی پەروەردگارەوە دێت! هۆشیەنا لە بەرزتریندا!» 10کاتێک یەشوا چووە یۆرشەلایم، هەموو شارەکە وروژاو، پرسیاریان دەکرد: «ئەمە کێیە؟» 11ئینجا خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: «ئەمە یەشوای پێغەمبەرە کە خەڵکی ناسیرەیە لە گەلیلی».12ئینجا یەشوا چووە ناو پەرستگاکە، و هەموو ئەوانەی دەرکرد کە کڕین و فرۆشتنیان دەکرد لە حەوشەی پەرستگا؛ مێزی پارەگۆڕەکان و کورسی کۆتر فرۆشەکانی هەڵگێڕایەوە. 13پێی فەرموون: «نووسراوە: ماڵەکەم ناودەبرێت بە ماڵی نزا. بەڵام ئێوە کردتان بە ئەشکەوتی دزەکان!» 14کاتێک لە پەرستگا بوو کوێرێک و ئیفلیجێک هاتنە لای، و چاکی کردنەوە.15سەرۆکی کاهینەکان، و مامۆستایانی تەورات، بێزار بوون کاتێک ئەم کارە سەرسوڕهێنەرانەیان بینی کە ئەو کردی، هەروەها منداڵانیش لە پەرستگا هاواریان دەکرد: «هۆشیەنا بۆ کوڕی داڤید!» 16لێیان پرسی: «دەبیستیت ئەم خەڵکە چی دەڵێن؟» یەشواش وەڵامی دایەوە: «بەڵێ! ئایا هەرگیز نەتانخوێندۆتەوە : لە زاری کۆرپە و شیرە خۆرانەوە ستایشم ئامادە کردووە؟» 17ئینجا لێیان جیا بۆوە و لە شارەکە چووە دەرەوە بۆ گوندی بێت ئەنیا، و لەوێ شەوەکەی بەسەر برد.18بۆ بەیانی ڕۆژی دواتر، گەڕایەوە بۆ شار، برسی بوو. 19کاتێک دار هەنجیرێکی لە تەنیشتی ڕێگاکە بینی ڕووی تێکرد، هیچی نەدۆزییەوە تەنیا گەڵا نەبێت، پێی گوت: «با بۆ هەتاهەتایە چیتر بەرهەمت نەمێنێت!» یەکسەر دار هەنجیرەکە وشک بوو.20کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی، سەریان سوڕما و گوتیان: «چەند خێرا دار هەنجیرەکە وشک بوو!» 21وەڵامی دانەوە: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر باوەڕتان هەبێت و گومان نەکەن، نەک هەر ئەمەی دار هەنجیرەکە دەکەن، بەڵکو ئەگەر بەم کێوە بڵێن: هەڵبکەنرێ و بکەوە ناو دەریاوە، ئەوە دەبێت. 22هەرچییەک بە باوەڕ لە نزادا داوای بکەن، وەریدەگرن».23کاتێک گەیشتە پەرستگاکە و دەستی کرد بە فێرکردن، سەرۆک کاهینەکان و پیرانی گەل هاتنە لای، و لێیان پرسی: «بە چ دەسەڵاتێک ئەو کارە دەکەیت؟ وە کێ ئەم دەسەڵاتەی پێداویت؟» 24یەشوا وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «منیش یەک شتتان لێ دەپرسم، ئەگەر وەڵامم بدەنەوە، پێتان دەڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەو کارە دەکەم:25لەئاوهەڵکێشانی یۆخەنان لە کوێوە هاتووە؟ لە ئاسمانەوە یان لە خەڵکەوە؟» بۆیە لە نێوان خۆیاندا ڕاوێژیان کرد و گوتیان: «ئەگەر پێی بڵێین لە ئاسمانەوە هاتووە، پێمان دەڵێت: بۆچی بڕواتان پێی نەکرد؟ 26ئەگەر بڵێین: لە خەڵکەوە، ترسمان لەوە هەیە کە جەماوەری گەل لە دژی ئێمە ڕاپەڕن، چونکە هەموویان یۆخەنان بە پێغەمبەر دەزانن». 27وەڵامیان دایەوە: «ئێمە نازانین!» ئەویش لە وەڵامدا فەرمووی: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەم کارانە دەکەم».28«ڕاتان چییە؟ کەسێک دوو کوڕی هەبوو. چووە لای یەکەمیان و پێی گوت: کوڕەکەم، ئەمڕۆ بڕۆ و لە ڕەزەکەمدا کاربکە! 29لە وەڵامدا وتی: من نامەوێت. بەڵام دواتر پەشیمان بۆوە و ڕۆیشت. 30ئینجا پیاوەکە چووە لای کوڕی دووهەم و ئەوەی بە یەکەمی گوتبوو بەویشی گوت. لە وەڵامدا وتی: لە خزمەتدام گەورەم! بەڵام نەچوو.31کام لەو دووانە بەویستی باوکی کرد؟» گوتیان: «یەکەمیان!» یەشوا پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێدەڵێم باجگر و داوێنپیسان پێش ئێوە دەچنە ناو شانشینی خودا. 32یۆخەنان هات بۆ ئەوەی ڕێگای ڕاستودروستیتان نیشان بدات، بەڵام ئێوە بڕواتان پێی نەکرد. بەڵام باجگران و لەشفرۆشان بڕوایان پێی کرد. وە کاتێک ئێوە ئەمەتان بینی، پەشیمان نەبوونەوە و باوەڕتان پێی نەکرد!33گوێ لە نموونەیەکی دیکە بگرن: خاوەن ماڵێک هەبوو ڕەزێکی چاند، و پەرژینێکی بە دەوریدا کرد، گوشەرێکی ترێی تێدا هەڵکەند، و شوێنێکی بەرزی بۆ چاودێری تێدا دروست کرد. ئینجا دایە دەست چەند ڕەزەوانێک و گەشتی کرد. 34جا کاتی کۆکردنەوەی بەرهەم هات، خزمەتکارەکانی نارد بۆ لای ڕەزەوانەکان بۆ وەرگرتنی بەرهەمی ڕەزەکەی،35ڕەزەوانەکان خزمەتکارەکانیان گرت، و لە یەکێکیاندا، و یەکێکیان کوشت، و ئەوی دیکەیان بەردە باران کرد. 36پاشان خاوەن ماڵ خزمەتکاری دیکەی نارد کە ژمارەیان لەوانەی پێشتر زیاتر بوو. ڕەزوانەکان هەمان شتیان بەسەر ئەوانیشدا هێنا. 37لە کۆتاییدا کوڕەکەی نارد، و وتی: ئەوان ڕێز لە کوڕەکەم دەگرن!38هەر کە ڕەزەوانەکان کوڕەکەیان بینی بە یەکتریان گوت: ئەمە میراتگرەکەیە! با بیکوژین تا بتوانین دەست بەسەر میراتەکەیدا بگرین. 39پاشان گرتیان، و کردیانە دەرەوی ڕەزەکە، و کوشتیان!40کاتێک خاوەنی ڕەزەکە گەڕایەوە، چی لە ڕەزەوانەکان دەکات؟» 41وەڵامیان دایەوە: «خراپەکاران، بە خراپی لەناو دەبات. پاشان ڕەزەکە ڕادەستی ڕەزەوانی دیکە دەکات کە لە کاتی خۆیدا بەرهەمەکەی پێدەدەن».42یەشوا پێی فەرموون: «ئایا ئێوە لە پەرتوکەکەدا نەتانخوێندۆتەوە: هەمان ئەو بەردەی بیناکاران ڕەتیان کردەوە، بوو بە سەرەکیترین بەردی بناغە. ئەمە لە پەروەردگارەوە بوو، لە تێڕوانینماندا سەرسوڕهێنەرە!43بۆیە پێتان دەڵێم: شانشینی خودا لە دەستتان دەسەندرێتەوە و دەدرێت بە گەلێک کە بەرهەم دەدەن. 44ئەوەی بەسەر ئەم بەردەدا بکەوێت تێکدەشکێت، ئەوەش کە بەردەکە بەسەریدا بکەوێت پانی دەکاتەوە!»45کاتێک سەرۆک کاهینەکان و فەریسییەکان گوێیان لە نموونەکان بوو کە یەشوا دەیهێنانەوە، تێگەیشتن کە مەبەستی ئەوانە. 46هەرچەندە هەوڵیان دەدا دەستگیری بکەن، بەڵام لە خەڵکەکە دەترسان چونکە بە پێغەمبەریان دەزانی.
1دووبارە یەشوا بە نموونە قسەی بۆ کردن، فەرمووی: 2«پاشایەتی ئاسمانەکان لە پاشایەک دەچێت کە زەماوەندی بۆ کوڕەکەی گێڕا، 3خزمەتکارەکانی نارد تاکو بانگهێشت کراوان بۆ زەماوەندەکە بانگ بکەن، بەڵام نەیانویست ئامادەبن.4دیسان پاشا خزمەتکارانی تری نارد و پێی گوتن: بە ئەوانەی بانگهێشت کراون بڵێن: ئەوەتا من خوانەکەمم ئامادە کردووە؛ گا و گۆلکە قەڵەوەکانم سەربڕیوە هەموو شتێک ئامادەیە، بۆیە وەرەن بۆ زەماوەندەکە!5بەڵام ئەوانەی بانگهێشت کرابوون کەم تەرخەم بوون، یەکێکیان دەچووە کێڵگەکەی، و یەکێکی دیکەیان بۆ بازرگانی؛ 6ئەوانیتر خزمەتکارەکانی پاشایان دەستگیر کرد و سوکایەتییان پێکردن و کوشتیانن. 7جا پاشا تووڕە بوو، سوپاکەی نارد، و ئەو بکوژانەی لەناوبرد و شارەکەیانی سووتاند.8پاشان بە خزمەتکارەکانی گوت: زەماوندی هاوسەرگیری ئامادەیە، بەڵام ئەوانەی بانگهێشت کرابوون شایستە نەبوون. 9بۆیە بڕۆنە سەر ڕێگاکان، و هەرکەسێک دەبینین بانگهێشتی زەماوەندەکەی بکەن! 10خزمەتکارەکان چوونە دەرەوە بۆ سەر ڕێگاکان، و ئەوەی بینیان هەموویان کۆکردەوە، چاک و خراپ، تا هۆڵی هاوسەرگیری پڕ بوو لە میوان.11پاشا چووە ژوورەوە بۆ بینینی میوانەکان، کەسێکی بینی کە جلی زەماوەندی لەبەردا نەبوو. 12پێی گوت: هاوڕێکەم، چۆن هاتیتە ژوورەوە بۆ ئێرە بەبێ جلی زەماوەند؟ بێدەنگ مایەوە.13ئینجا پاشا فەرمانی بە خزمەتکارەکانی کرد و وتی: دەست و قاچی ببەستن، و فڕێی بدەنە ناو تاریکی دەرەوە، لەوێ گریان و جیڕەی ددان دەبێت! 14چونکە بانگهێشت کراوان زۆرن، بەڵام هەڵبژێردراوان کەمن!»15فەریسییەکان چوون و پیلانیان داڕشت کە چۆن بە قسەکانی خۆیی توشی بکەن. 16هەندێک لە قوتابییەکانی خۆیان و لایەنگرانی هیرۆدیان ناردە لای، و پێیان گوت: «مامۆستا، دەزانین تۆ ڕاستگۆیت و بە ڕاستی خەڵکی فێری ڕێگای خودا دەکەیت، و کەست بۆ گرنگ نییە و پێگەی خەڵکی لەبەر چاو ناگریت، 17کەواتە پێمان بڵێ ڕای تۆ چییە؟ ئایا ڕێگە پێدراوە سەرانە بدەین بە قەیسەر یان نا؟»18یەشوا بە فێڵەکەیانی زانی و فەرمووی: «ئەی دوو ڕووەکان، بۆچی من بە قسەکانم توشم دەکەن؟ 19دراوی سەرانەکەم پیشان بدەن!» دینارێکیان پێدا.20پرسیاری لێکردن: «ئەمە وێنە و نەخشی کێیە؟» 21وەڵامیان دایەوە: «هی قەیسەرە!» پێی فەرموون: «کەواتە، ئەوەی هی قەیسەرە بیدەنە قەیسەر، و ئەوەش هی خودایە بیدەنە خودا» 22بەجێیان هێشت و ڕۆیشتن، و سەریان سوڕما لەوەی بیستیان.23لەو ڕۆژەدا هەندێک لەسەدۆکیمەکان کە باوەڕیان بە زیندووبوونەوە نییە، هاتنە لای و پرسیاریان لێکرد 24«مامۆستا، موشە دەڵێت: ئەگەر پیاوێکی وەجاخ کوێر مرد، ئەوا براکەی براژنەکەی دەخوازێتەوە، و وەچە لەسەر ناوی براکەی دەخاتەوە.25لەلای ئێمە حەوت برا هەبوو، یەکەمیان هاوسەرگیری کرد پاشان مردوو منداڵی بە جێنەهێشت، بۆیە ژنەکەی بۆ براکەی بەجێهێشت؛ 26هەمان شت بۆ دووهەم پاشان سێهەم، تا حەوتەم. 27دوای هەموویان، ژنەکەش مرد. 28لە زیندووبوونەوەدا، ژنەکە دەبێتە هاوسەری کامیان لەو حەوت کەسە، چونکە ژنی هەموویان بووە؟»29یەشوا وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «ئێوە هەڵەن چونکە لە نوسراوە پیرۆزەکان و هێزی خودا تێناگەن. 30مرۆڤەکان لە زیندوو بوونەوەدا نە شوو دەکەن و نە ژن دەهێنن، بەڵکو وەک فریشتەکانی خودا دەبن لە ئاسمان.31سەبارەت بە زیندوو بوونەوەی مردووەکان، ئایا ئەوەی لە خوداوە پێتان وتراوە نەتان خوێندۆتەوە: 32من خودای ئەڤراهەم و خودای یتساخ و خودای یاکۆڤم؟ ئەو خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە». 33کاتێک خەڵکەکە ئەمەیان بیست، لە فێرکارییەکانی سەرسام بوون.34کاتێک فەریسییەکان بیستیان کە یەشوا سەدوقییەکانی بێدەنگ کردووە، لەگەڵی کۆبوونەوە، 35یەکێک لەوان پرسیاری لێکرد، لە زانایانی تەورات بوو، هەوڵیدا هەڵیسەنگێنێ: 36«مامۆستا، گرنگترین ڕاسپاردە لە تەوراتدا چییە؟»37وەڵامی دایەوە: «پەروەردگاری خودات بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو بیرتەوە خۆش بوێت! 38ئەمە مەزنترین و یەکەم ڕاسپاردەیە.39وە دووەمیان هاوشێوەی ئەوە: نزیکەکەت وەک خۆت خۆش بوێت! 40 جا هەموو تەورات و پەیامی پێغەمبەران بەم دوو ڕاسپاردەیەوە پەیوەستن!»41کاتێک فەریسییەکان کۆبوونەوە، یەشوا لێی پرسین: 42«ڕاتان چییە لەسەر مەسیح: ڕۆڵەی کێیە؟» وەڵامیان دایەوە: «ڕۆڵەی داڤید!»43پرسیاری لێکردن: «ئەی چۆن، داڤید بە گیان پێی دەڵێت پەروەردگارم کە دەڵێت: 44پەروەردگار بە پەروەردگارمی فەرموو: لە ڕاستەم دابنیشە تا دوژمنەکانت دەکەمە تەختە پێت؟45ئەگەر داڤید پێی بڵێت پەروەردگارم، چۆن دەبێتە کوڕی؟» 46یەکێکیان نەیتوانی تەنانەت بە یەک وشەش وەڵامی بدەنەوە. وە لەو ڕۆژەوە کەس نەیوێرا هەڵیبسەنگێنن بە هیچ پرسیارێک.
1ئینجا یەشوا قسەی لەگەڵ خەڵک و قوتابییەکانی کرد، 2 فەرمووی: «مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان لەسەر کورسی موشە دانیشتن: 3هەموو ئەوانە جێبەجێ بکەن کە پێتان دەڵێن. بەڵام بە کرداری ئەوان مەکەن: چونکە ئەوەی دەیڵێن خۆیان کاری پێ ناکەن،4بەڵکو باری قورس و گران دەخەنە سەر شانی خەڵکی، بەڵام خۆیان نایانەوێت بە نوکی پەنجەیەک بیانجوڵێنن. 5هەر کارێک دەیکەن، بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکە بۆ لای خۆیان. تەفیلینەکانیان نمایش دەکەن و لێواری جلەکانیان درێژ دەکەنەوە؛6حەزدەکەن لە ئاهەنگەکاندا شوێنیان لە پێشەوە بێت، و لە کەنیشتەکاندا بایەخیان پێبدرێت، 7لە گۆڕەپانەکاندا سڵاویان لێبکرێت، بۆ ئەوەی خەڵکی بانگیان بکەن: مامۆستا، مامۆستا.8بەڵام ئێوە، ڕێگە مەدەن کەس بانگتان بکات: مامۆستا! چونکە یەک مامۆستا هەیە، ئێوە هەمووتان بران. 9کەسیش لەسەر زەوی بە باوک بانگ مەکەن: چونکە یەک باوکتان هەیە، ئەوەی لە ئاسمانەکانە. 10ڕێگە مەدەن کەس بە سەرۆک بانگتان بکات، چونکە تەنها یەک سەرۆکتان هەیە، ئەویش مەسیحە.11گەورەترینتان با خزمەتکاری ئێوە بێت. 12 ئەوەی خۆی بەرز بکاتەوە نزم دەکرێتەوە، ئەوەش خۆی نزم بکاتەوە بەرز دەکرێتەوە.13بەڵام هاوار بە ئێوە ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییە دووڕوەکان! چونکە دەرگای شانشینی ئاسمان بە ڕووی خەڵکدا دادەخەن، نە خۆتان دەچنە ناوی، و نە دەهێڵن ئەوانەی کە دەیانەوێت بچنە ناوی! 14هاوار بە ئێوە ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییە دووڕوەکان! ماڵی بێوەژن دەخۆن بیانو دەهێننەوە بۆ درێژ کردنەوەی نزاکانتان. لەبەر ئەوە سزای توندتر دێتە سەرتان! 15هاوار بە ئێوە ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییە دووڕوەکان! دەریا و وشکانی دەگەڕێن تاکو یەکێک بکەنە یەهودی؛ کە بووە یەهودی ئەوسا دوو هێندەی خۆتان دەیکەنە منداڵی دۆزەخ!16هاوار بە ئێوە ئەی ڕابەرە کوێرەکان! ئێوە دەڵێن: سوێند خواردن بە پەرەستگا، سوێندەکە پابەندی ناکات؛ بەڵام ئەوەی سوێند بە زێڕی پەرستگا بخوات، ئەوا سوێندەکەی پابەندی دەکات! 17ئەی نەزان و نابیناکان! کام لەم دووانە مەزنترە: زێڕ یان ئەو پەرستگایەی زێڕەکە پیرۆز دەکات؟18ئێوە دەڵێن: ئەوەی سوێند بە قوربانگا بخوات، سوێندەکەی پابەندی ناکات؛ وەهەر کەسێک سوێند بە قوربانی سەر قوربانگا بخوات، سوێندەکەی پابەندی دەکات! 19ئەی نابینایان! کام لەم دووانە مەزنترە: قوربانی یان ئەو قوربانگایەی کە قوربانییەکە پیرۆز دەکات؟20چونکە ئەوەی سوێند بە قوربانگا دەخوات، ئەوا سوێند دەخوات بە هەموو ئەوانەش کە لەسەریەتی؛ 21ئەوەی سوێند بە پەرستگا دەخوات، ئەوا سوێند بەو دەخوات و بە ئەوەش کە تێیدا نیشتەجێیە؛ 22 ئەوەی سوێند بە ئاسمان دەخوات، ئەوا سوێند بە تەختی خودا دەخوات و بەوەش کە لەسەری دانیشتووە!23هاوار بە ئێوە ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییە دووڕوەکان! چونکە دەیەکی نەعنا و پونگ و زیرە دەدەن، بەڵام ڕاسپاردە گرنگەکانی تەورات پشت گوێ دەخەن: وەکو دادپەروەری و بەزەیی دڵسۆزی. پێویست بوو ئەمانە پەیڕەو بکەن و ئەوانیش پشتگوێ نەخەن! 24ئەی ڕابەری نابینا! ئێوە ئاو لە مێشوولە دەپاڵێون، بەڵام وشتر قووتدەدەن!25هاوار بە ئێوە مامۆستایانی تەورات و فەریسییە دووڕوەکان! دەرەوەی جام و دەفرەکان پاک دەکەنەوە، بەڵام لە ناوەوە پڕن لەوەی بە تاڵانی و چاو چنۆکی بەدەستتان هێناوە! 26ئەی فەریسیی نابینا، سەرەتا ناوەوەی دەفرەکە پاک بکەرەوە بۆ ئەوەی دەرەوەشی پاک بێت!27هاوار بە ئێوە مامۆستایانی تەورات و فەریسییە دووڕوەکان! چونکە ئێوە وەک گۆڕە سپی کراوەکانن: لە دەرەوە جوان دەردەکەون، بەڵام لە ناوەوە پڕن لە ئێسکی مردوو و هەموو پیسییەک! 28بە هەمان شێوە ئێوەش، بە ڕاستودروست دەردەکەون، بەڵام لە ناوەوە پڕن لە دوو ڕوویی و خراپەکاری!29هاوار بە ئێوە مامۆستایانی تەورات و فەریسییە دووڕوەکان! ئێوە گۆڕی پێغەمبەران دروست دەکەن و ئارامگای ڕاستودروستان دەڕازێننەوە، 30ئێوە دەڵێن: ئەگەر ئێمە لە سەردەمی باوباپیرانماندا بژیاینایە لەگەڵیان بەشداریمان نەدەکرد لە ڕشتنی خوێنی پێغەمبەران. 31بەم قسەیە لە دژی خۆتان شایەتی دەدەن کە ئێوە ڕۆڵەی ئەوانەنن کە پێغەمبەرەکانیان کوشتووە!32کەواتە ئەوەی باوکانتان دەستیان پێکردووە تەواوی بکەن تا پێوانەکەیان سەرڕێژ دەبێت! 33ئەی مارەکان، منداڵانی مار! چۆن لە سزای دۆزەخ ڕزگارتان دەبێت؟34بۆیە: ئەوەتا پێغەمبەر و دانا و مامۆستاتان بۆ دەنێرم، هەندێکیان دەکوژن و لە خاچیان ئەدەن، هەندێکیشیان لە کەنیشتەکانتاندا بە قامچی لێیان ئەدەن، و لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە دەریان دەکەن. 35بەمەش خوێنی هەموو بێتاوانێک کە لەسەر زەوی ڕژاوە لە ئەستۆیی ئێوەیە: لە خوێنی هابیلی ڕاستودروستەوە تا خوێنی زەخەریای کوڕی بەرەخیا کە لە نێوان پەرستگا و قوربانگاکەدا کوشتتان. 36ڕاستیتان پێدەڵێم: سزای هەموو ئەمانە بۆ ئەم نەوەیە دادەبەزێت.37ئەی یۆرشەلایم، ئەی یۆرشەلایم، بکوژی پێغەمبەران و بەردبارانکەری ئەوانەی بۆت نێردران! چەند جار ویستم منداڵەکانت کۆبکەمەوە هەروەک چۆن مریشک جوجەڵەکانی لەژێر باڵیدا کۆدەکاتەوە، بەڵام نەتانویست! 38ئەوەتا ماڵەکەتان بە وێرانی بۆ بەجێدەهێڵدرێ! 39پێتان دەڵێم ئیتر نامبیننەوە، هەتا ئەو کاتەی دەڵێن: پیرۆزە ئەوەی بە ناوی پەروەردگارەوەوە دێت!»
1پاشان یەشوا پەرستگاکەی بەجێهێشت، کاتێک ڕۆیشت قوتابییەکانی هاتنە لای، و سەرنجیان بۆ تەلارەکانی پەرستگاکە ڕاکێشا. 2پێی فەرموون: «ئەم هەموو تەلارانە دەبینن؟ ڕاستیتان پێدەڵێم: هیچ بەردێک لێرە لەسەر بەردێک نامێنێتەوە کە نەڕوخێت!»3لەکاتێکدا لەسەر چیای زەیتون دانیشتبوو، قوتابییەکانی بە تەنیا هاتنە لای و پێیان گوت: «پێمان بڵێ کەی ئەمە ڕوودەدات. وە نیشانەی گەڕانەوەت و کۆتایی سەردەم چییە؟» 4یەشوا وەڵامی دایەوە: «ئاگادار بن! با کەس گومڕاتان نەکات! 5چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن من مەسیحەکەم، وە زۆر کەس گومڕا دەکەن.6گوێ بیستی شەڕ و هەواڵی جەنگ دەبن. بەڵام مەترسن! ئەمە هەمووی دەبێت ڕووبدات، بەڵام هێشتا کۆتایی نییە. 7نەتەوە لە نەتەوە هەڵ دەگەڕێتەوە، شانشین دژی شانشین، و لە زۆر شوێن برسێتی و بوومەلەرزە ڕوودەدات. 8بەڵام هەموو ئەمانە تەنها سەرەتای ئازارەکانن.9لەوکاتەدا خەڵکی ڕادەستتان دەکەن بۆ ئەشکەنجە دان، و دەتانکوژن، لە پێناو ناوی مندا هەموو گەلان ڕقیان لێتان دەبێتەوە؛ 10زۆر کەس هەڵ دەگەڕێنەوە و یەکتری بە گرتن دەدەن و ڕقیان لە یەکتری دەبێتەوە، 11زۆر پێغەمبەری درۆزن و دژە مەسیحەکان دەردەکەون و زۆریش گومڕا دەکەن.12لەگەڵ پەرەسەندنی گوناهە، خۆشەویستی زۆر کەس سارد دەبێتەوە. 13بەڵام ئەوەی تا کۆتایی بەرگە بگرێت، ڕزگاری دەبێت. 14ئەم مزگێنی شانشینە لە هەموو جیهاندا ڕادەگەیەنرێت، وەک شایەتحاڵێک بۆ من بۆ هەموو گەلان. وە دواتر کۆتایی دێت.15کاتێک دەبینن قێزەونی وێرانکەر، لە شوێنی پیرۆزدا ڕاوەستاوە، ئەوەی دانیال پێغمبەر باسی کردووە، با خوێنەر تێبگات! 16لەوکاتەدا با ئەوانەی لە ناوچەی یەهودیان بەرەو شاخەکان هەڵبێن؛ 17ئەوەی لەسەربانە، با نەچێتە خوارەوە بۆ بردنی ئەوەی لە ماڵکەیدایە؛ 18ئەو کەسەی لە کێڵگەیە، با نەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی جلەکانی ببات!19هاوار بۆ دووگیان و شیردەرەکان لەو ڕۆژانەدا! 20نزا بکەن با هەڵاتنتان لە زستان یان لە شەباتدا نەبێت، 21ئەو کاتە تەنگانەیەکی گەورە ڕوودەدات کە لە سەرەتای جیهانەوە تا ئێستا ڕووی نەداوە و هەرگیز ڕووشنادات. 22ئەگەر ئەو ڕۆژانە کورت نەکرایەتەوە، هیچ کەسێک ڕزگاری نەدەبوو. بەڵام لە پێناوی هەڵبژێردراوەکاندا ئەو ڕۆژانە کورت دەکرێنەوە.23ئەگەر ئەو کاتە پێیان گوتن: ئەوەتا مەسیحەکە لێرەیە، یان ئەوەتا لەوێیە، باوەڕ مەکەن! 24زۆر دژە مەسیح و پێغەمبەری ساختە دەردەکەون، نیشانەی مەزن و پەرجوو دەنوێنن، بە شێوەیەک ئەگەر بتوانن، تەنانەت هەڵبژێردراوانیش گومڕا دەکەن. 25ئەوەتا پێش ئەوەی ڕووبدات پێم گوتن.26ئەگەر خەڵکی پێیان گوتن: ئەواتە مەسیحەکە لە چۆڵەوانیە! مەچنە دەرەوە بۆلایی؛ یان: ئەوەتا لە ژوورەکانی ناوەوەیە! باوەڕ مەکەن. 27چۆن هەورە بروسکە ڕووناکی دەدات لە ڕۆژهەڵاتەوە ڕۆژئاوا ڕوناک دەکاتەوە، گەڕانەوەی ڕۆڵەی مرۆڤیش ئاوا دەبێت. 28کەلاک لەکوێ بێت، داڵ لەوێ کۆدەبێتەوە!29دەستبەجێ دوای تەنگانەی ئەو ڕۆژانە، خۆر تاریک دەبێت، و مانگ ڕووناکی خۆی دەشارێتەوە، و ئەستێرەکان لە ئاسمان دەکەونە خوارەوە، و هێزی ئاسمانەکان دەهەژێن.30پاشان نیشانەی ڕۆڵەی مرۆڤ لە ئاسمان دەردەکەوێت، و هەموو هۆزەکانی سەر زەوی ماتەمینی دەگێڕن، و ڕۆڵەی مرۆڤ دەبینن کە لە هەوری ئاسماندا بە هێز و شکۆمەندییەکی مەزنەوە دێت. 31فریشتەکانی دەنێرێت بە دەنگی کەڕەنایەکی مەزنەوە بۆ کۆکردنەوەی هەڵبژێردراوەکانی لە ئاراستەی چوار لایەکە، لەم سەری ئاسمانەکانەوە هەتا ئەو سەری.32ئەم نموونەیە لە دار هەنجیرەوە فێربن: کاتێک لقەکانی نەرم دەبن، و گەڵا دەکات، دەزانن کە هاوین نزیک بۆتەوە. 33بە هەمان شێوە کاتێک هەموو ئەم شتانە دەبینن، بزانن کە نزیکە و لە بەردەرگایە!34ڕاستیتان پێدەڵێم: ئەم نەوەیە هەرگیز بەسەرناچێت، تا هەموو ئەمانە ڕوونەدەن. 35 ئاسمان و زەوی بەسەردەچن؛ بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.36سەبارەت بەو ڕۆژ و کاتژمێرە، کەس نایزانێت، تەنانەت فریشتەکانی ئاسمانیش، بەڵکو تەنها باوک نەبێت.37سەردەمی نواخ چۆن بوو، کاتی گەڕانەوەی ڕۆڵەی مرۆڤیش ئاوا دەبێت: 38لە ڕۆژانی پێش لافاوەکە خەڵک دەیانخوارد و دەیانخواردەوە ژنیان دەهێنا و شویان دەکرد، سەریان سوڕما ئەو ڕۆژەی نواخ چووە ناو کەشتییەکەوە، 39نەیاندەزانی چی ڕوودەدات هەتا لافاوەکە هات و هەمووی برد. گەڕانەوەی ڕۆڵەی مرۆڤیش ئاوا دەبێت:40لەوکاتەدا دوو پیاو لە کێڵگەدا دەبن، یەکێکیان دەبردرێت و ئەوی دیکەیان بەجێدەهێڵرێت، 41دوو ژن دەستاڕ دەگێڕن، یەکێکیان دەبرێت، و ئەوی دیکەیان بەجێدەهێڵرێت. 42جا ئێشک بگرن، چونکە نازانن پەروەردگارتان لە چ کاتێکدا دەگەڕێتەوە.43بزانە ئەگەر خاوەن ماڵەکە بزانێت لە چ چارەکێکی شەودا دزەکە دەچێتە سەری، ئەوا بە ئاگا دەمایەوە و نەیدەهێشت ماڵەکەی ببڕدرێت. 44هەروەها ئامادەبن، چونکە ڕۆڵەی مرۆڤ لە کاتێکدا دەگەڕێتەوە کە چاوەڕوانیتان نەدەکرد!45کەواتە کێیە ئەو خزمەتکارە دڵسۆز و دانایەی کە گەورەکەی دەیکاتە سەرپەرشتیاری خانەوادەکەی تا لە کاتی خۆیدا خواردنیان پێبدات؟ 46 خۆزگە بەو خزمەتکارەی کە گەورەکەی دێت و دەیبینێت کە کارەکانی دەکات. 47ڕاستیتان پێدەڵێم: دەیکاتە سەرپەرشتیاری هەموو موڵک و ماڵەکەی.48بەڵام ئەگەر ئەو خزمەتکارە خراپە لە دڵی خۆیدا بڵێ: گەورەکەم لە گەڕانەویدا دوادەکەوێت! 49دەستی کرد بە لێدانی هاو خزمەتکارەکانی و لەگەڵ سەرخۆشەکان خواردی و خواردییەوە، 50ئیتر گەورەی ئەو خزمەتکارە لە ڕۆژێکدا دەگەڕێتەوە کە چاوەڕێی ناکات، وە کاتژمێک کە نایزانێت، 51ئینجا پارچەپارچەی دەکات و بەشی لەگەڵ دووڕوواندا دادەنێت، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت!
1لەو کاتەدا شانشینی ئاسمانەکان لە دە پاکیزە دەچێت، کە چرایان هەڵگرتبێت و بەرەوپیری زاوا بچن. 2پێنج لەوان دانا بوون، وە پێنجیان نەزان. 3جا نەزانەکان چراکانیان بەبێ زەیت بردبوو. 4بەڵام داناکان، لەگەڵ چراکانیان زەیتیان لە دەفرەکانیاندا برد.5کاتێک زاوا دواکەوت، هەموویان خەو بردنییەوە و نووستن. 6لە نیوەی شەودا هاوار کرا: ئەوەتا زاوا دێت؛ بۆیە چوون بەرەو پیری!7ئینجا هەموو پاکیزەکان هەستان و چراکانیان ئامادە کرد. 8نەزانەکان بە داناکانیان گوت: هەندێک زیتمان لەوەی خۆتان بدەنێ، چونکە چراکانمان دەکوژێنەوە! 9داناکان وەڵامیان دانەوە: لەوانەیە بەشی خۆشمان نەکات. بۆیە بڕۆن بۆ لای زەیت فرۆشەکان و بکڕن بەڵام!10لە کاتێکدا کە نەزانەکان چوون بۆ کڕینی، زاوا هات و ئەوانەی ئامادە بوون لەگەڵیدا چوونە ناو هۆڵی زەماوەندەکە، و دەرگاکە داخرا. 11دوای ئەوەی پاکیزەکانیتر گەڕانەوە، گوتیان: گەورەم، گەورەم، لێمان بکەرەوە! 12زاواش وەڵامی دانەوە: ڕاستیتان پێدەڵێم بەڵام: من ناتناسم! 13بۆیە ئێشک بگرن، چونکە ڕۆژ و کاتەکە نازانن.14لە مرۆڤێک دەچێت کە گەشت دەکات، و خزمەتکارەکانی بانگ بکات و سامانەکەی خۆی بدات پێیان، 15پێنج کیسە (زیوی) دایە یەکێکیان، و ئەوی دیکە دوو کیسە، و سێیەمیش یەک کیسە، هەریەکە بەگوێرەی توانای خۆی، پاشان گەشتی کرد. 16ئەوەی پێنج کیسە زیوەکەی وەرگرت، بازرگانی پێوەکرد، پێنجی دیکەشی قازانج کرد.17بە هەمان شێوە ئەوەی دوو کیسە زیوەکە وەرگرت، دوانی تری قازانج کرد. 18بەڵام ئەوەی یەک کیسە زیوەکەی وەرگرت، ڕۆیشت و چاڵێکی هەڵکەند و پارەی گەورەکەی تێدا شاردەوە.19دوای ماوەیەکی زۆر، گەورەی ئەو خزمەتکارانە گەڕایەوە و لێپرسینەوەی لەگەڵدا کردن. 20ئینجا ئەو کەسەی پێنج کیسەکەی وەرگرتبوو، هاتە لای و پێنج کیسەی دیکەی هێنا، و گوتی: گەورەم تۆ پێنج کیسەت پێدام، ئەمانەش پێنج کیسەی ترن کە بەدەستم هێناوە! 21گەورەکەی پێی گوت: کارێکی چاکت کردوە ئەی خزمەتکاری چاک و دەستپاک! لە کەم دەستپاک بوویت، دەسەڵاتت بەسەر زۆرتردا ئەدەمێ. بچۆ ناو خۆشی گەورەکەت!22ئینجا ئەو کەسەی دوو کیسەکەی وەرگرتبوو هاتە لای و وتی: گەورەم تۆ دوو کیسەت پێدام، ئەمانە دوو کیسەی ترن کە بەدەستم هێناون! 23گەورەکەی پێی گوت: کارێکی چاکت کردوە ئەی خزمەتکاری چاک و دەستپاک! لە کەم دەستپاک بوویت، دەسەڵاتت بەسەر زۆرتردا ئەدەمێ. بچۆ ناو خۆشی گەورەکەت!24پاشان ئەوە هات کە یەک کیسە زیوەکەی وەرگرتبوو، گوتی: گەورەم، زانیم تۆ پیاوێکی دڵڕەقیت، لە شوێنێک دروێنە دەکەیت کە نەتچاندووە، و لە شوێنێکیش کۆدەکەیتەوە کە تۆوت نەکردووە، 25بۆیە ترسام، و کیسەکەتم لە زەویدا شاردەوە. ئەمە پارەکەتە!26گەورەکەی وەڵامی دایەوە: ئەی خزمەتکاری بەدکار و تەمبەڵ! کە زانیت من دروێنە لەو شوێنە دەکەم کە نەمچاندووە، لەوە کۆدەکەمەوە کە تۆوم نەکردووە، 27باش بوو بۆ تۆ پارەکەمت لای پارەگۆڕەوەکانم دابنایە بۆ ئەوەی لە گەڕانەوەمدا لەگەڵ سوودەکەی وەریبگرمەوە!28پاشان بە خزمەتکارەکانی گوت: کیسەکەی لێ وەربگرن، و بیدەن بە خاوەنی دە کیسەکە: 29چونکە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت و لێی دەڕژێت؛ بەڵام ئەوەی نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە. 30سەبارەت بەم خزمەتکارە بێ سوودەش، فڕێبدەنە تاریکی دەرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت!31کاتێک ڕۆڵەی مرۆڤ لەگەڵ هەموو فریشتەکانی لە شکۆمەندی خۆیدا دەگەڕێتەوە، لەسەر تەختی شکۆمەندی خۆی دادەنیشێت، 32هەموو گەلان لەبەردەمیدا کۆدەبنەوە، ئەویش لە یەکتر جیایان دەکاتەوە وەک چۆن شوانێک مەڕەکان لە بزنەکان جیادەکاتەوە، 33مەڕەکان لە لای ڕاستی، و بزنەکان لە لای چەپی ڕادەگرێت؛34ئینجا پاشا بەوانەی لای ڕاستی دەفەرموێ: وەرن ئەی ئەوانەی باوکم بەرەکەت داریکردن، ببنە میراتگری ئەو شانشینە کە لە دامەزراندنی جیهانەوە بۆتان ئامادە کراوە: 35چونکە برسی بووم نانتان دامێ، تینوو بووم ئاوتان دامێ، نامۆ بووم شوێنتان کردمەوە، 36ڕووت بووم پۆشاتانم، نەخۆش بووم سەردانتان کردم، زیندانی بووم هاتنە لام!37جا چاکەکاران وەڵامیان دایەوە وتیان: ئەی پەروەردگار، کەی تۆمان بینیوە بە برسێتی و نانت بدەینێ، یان تینوبیت ئاوت بدەینێ؟ 38کەی تۆمان بینیوە بە نامۆیی و شوێنمان پێدابیت، یان ڕووت بوویت تۆمان پۆشیبێت؟ 39کەی تۆمان بە نەخۆشی یان زیندانی بینیوە و هاتووین بۆلات؟ 40ئینجا پاشا وەڵامی دانەوە: ڕاستیتان پێدەڵێم: هەرچییەکتان بۆ یەکێک لەم برا بچووکانەم کردووە، بۆ منتان کردووە!41پاشان بە ئەوانەی لای چەپی خۆی دەڵێت: ئەی نەفرەت لێکراوان لێم دوربن بۆ ناو ئاگری هەتاهەتای بڕۆن کە بۆ شەیتان و هاوکارەکانی ئامادە کراوە! 42چونکە برسی بووم نانتان نەدامێ، تینوو بووم ئاوتان نەدامێ، 43نامۆ بووم شوێنتان نەکردمەوە، ڕووت بووم نەتان پۆشیم، نەخۆش و زیندانی بووم نەهاتن بۆ سەردانم!44ئەوانیش وەڵامیان دایەوە و گوتیان: ئەی پەروەردگار، کەی برسی یان تینوو یان نامۆ یان ڕووت یان نەخۆش یان لە زیندان تۆمان بینی، و خزمەتمان نەکردیت؟ 45وەڵامی دانەوە: ڕاستیتان پێدەڵێم: لەبەر ئەوەی لەگەڵ یەکێک لەم برا بچووکانەمدا نەتانکرد، بۆ منیشتان نەکردوە! 46ئەوانە بۆ سزای هەتاهەتایی دەڕۆن، بەڵام ڕاستودروستان بۆ ژیانی هەتاهەتایی!»
1کاتێک یەشوا هەموو ئەم فەرمایشتانەی تەواو کرد، بە قوتابییەکانی فەرموو: 2«دەزانن دوای دوو ڕۆژ پەسخە دێت، ڕۆڵەی مرۆڤیش بە دەستەوە دەدرێت بۆ لە خاچدان».3پاشان سەرۆک کاهینەکان و پیرانی گەل لە ماڵی سەرۆک کاهین کە پێی دەگوترا کیافا کۆبوونەوە، 4وە پیلانیان دانا بە فێڵێک یەشوا بگرن و بیکوژن. 5بەڵام ئەوان گوتیان: «لە جەژندا ئەمە ناکەین، نەک ئاژاوە لە نێوان گەلدا دروست بێت!»6کاتێک یەشوا لەگەڵ شیمۆنی گول لە بێت ئەنیا بوو، 7ژنێک بە شوشەیەک بۆنی خۆشی گرانبەهاوە هاتە لای، لە کاتێکدا کە پاڵی دابۆوە بەسەر سەریدا ڕشتی. 8قوتابییەکانی ناڕازی بوون کاتێک ئەمەیان بینی، و گوتیان: «ئەم زیادەڕەوییە بۆچی؟ 9دەکرا ئەم بۆنە بە پارەیەکی زۆر بفرۆشرایە، پارەکەی بدرایە بە هەژاران؟»10کاتێک یەشوا ئەمەی زانی، پێی فەرموون: «بۆچی ئەم ژنە هەراسان دەکەن؟ ئەوەی کردی بۆ من کارێکی باش بوو. 11چونکە هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن؛ بەڵام من هەموو کاتێک لەگەڵتان نابم.12چونکە کاتێک بۆنەکەی بەسەر جەستەمدا ڕشت، وەک ئامادەکارییەک بوو بۆ ناشتنم. 13ڕاستیتان پێدەڵێم: لە هەر شوێنێکی جیهاندا ئەم مزگێنییە ڕابگەیەنرێت، یادی ئەوەش دەکرێتەوە، کە ئەم ژنە کردوویەتی».14یەکێک لە دوازدەکە، کە بە یەهودای ئیسخاریۆتی بانگ دەکرا، چووە لای سەرۆک کاهینەکان، 15وتی: «چەندم پێدەدەیت تا ڕادەستی ئێوەی بکەم؟» سی پارچە زیویان پێدا. 16لەو کاتەوە، یەهودا چاوەڕێی هەلێکی دەکرد بۆ بەدەستەوەدانی.17لە ڕۆژی یەکەمی ڕۆژانی فەتیرەدا، قوتابییەکان هاتنە لای یەشوا و لێیان پرسی: « دەتەوێ لەکوێ ئامادەکاریت بۆ بکەین تاکو نانی پەسخە بخۆیت؟» 18وەڵامی دانەوە: «بڕۆنە ناو شارەکە و بچنە لای فڵان کەس و پێی بڵێن: مامۆستا دەڵێت کاتەکەم نزیکە، دەبێت لەلای تۆ لەگەڵ قوتابییەکانم پەسخە بکەم». 19قوتابییەکان وەک یەشوا فەرمانی پێکردن کردیان، و جەژنی پەسخەیان لەوێ ئامادە کرد.20لای ئێوارە لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە دانیشت. 21کاتێک نانیان دەخوارد، فەرمووی: «ڕاستیتان پێدەڵێم: یەکێک لە ئێوە بە گرتنم دەدات». 22بۆیە زۆر دڵتەنگ بوون، و هەریەکەیان پرسیاریان لێکرد: «ئەی پەروەردگار ئایا منم؟»23وەڵامی دایەوە: «ئەوەی لەگەڵم دەست دەخاتە ناو قاپەکە ئەوەیە کە بەگرتنم دەدات. 24ڕۆڵەی مرۆڤ دەبێت بڕوات وەک ئەوەی دەربارەی نووسراوە، بەڵام هاوار بە ئەو پیاوەی کە بە دەستی ئەو ڕۆڵەی مرۆڤ بەگرتن دەدرێت. باشتر بوو بۆ ئەو پیاوە ئەگەر لەدایک نەبووایە!» 25ئینجا یەهودا کە ناپاکی لێکرد لێی پرسی: «مامۆستا ئایا من ئەوم؟» لە وەڵامدا فەرمووی: «تۆ وتت! »26لە کاتی نان خواردندا، یەشوا نانێکی هەڵگرت، و بەرەکەتداری کرد، و شکاندی و دایی بە قوتابییەکانی و فەرمووی: «وەریگرن، بیخۆن: ئەمە جەستەی منە!»27پاشان جامەکەی هەڵگرت، و سوپاسی کرد، پێیدان و پێی فەرموون: «هەمووتان لێی بخۆنەوە. 28چونکە ئەمە خوێنی منە کە بۆ پەیمانی نوێیە کە لە پێناو زۆرینەدا دەڕێژرێت بۆ لێخۆشبوونی گوناهەکان. 29بەڵام پێتان دەڵێم: چیتر لەم بەرهەمی ترێیە ناخۆمەوە تا ئەو ڕۆژە دێت کە لە شانیشینی باوکمدا بە تازەیی لە گەڵتان دەیخۆمەوە».30پاشان پەسنیان گوت و، چوونە دەرەوە بۆ شاخی زەیتوون. 31ئینجا یەشوا پێی فەرموون: «ئەمشەو لە هەمووتان بەد گومان دەبن. چونکە نووسراوە: لە شوانەکە دەدەم، مەڕەکانی مێگەلەکە پەرتەوازە دەبن. 32بەڵام دوای هەستانەوەم پێش ئێوە دەچمە گەلیلی».33پەترۆ وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەگەر هەمووان گومانت لێبکەن، من هەرگیز گومان ناکەم!» 34یەشوا پێی فەرموو: «ڕاستیت پێدەڵێم: ئەمشەو، پێش خوێندنی کەڵەشێر، سێ جار نکۆڵی لە من دەکەیت!» 35پەترۆ پێی گوت: «تەنانەت ئەگەر لەگەڵیشت بمرم، هەرگیز نکۆڵیت لێ ناکەم!» هەموو قوتابییەکانی هەمان شتیان گوت.36پاشان یەشوا و قوتابییەکانی چوونە باخچەیەک بە ناوی گێتسمانی، و پێی فەرموون: «لێرە دابنیشن تا من دەچمە ئەوێ و نزا دەکەم». 37پەترۆ و دوو کوڕەکەی زەڤدی برد و هەستی بە خەم و پەژارە کرد. 38پێی فەرموون: «زۆر دڵتەنگم خەریکە بمرم! لێرە بمێننەوە و بە ئاگابن لەگەڵم!»39کەمێک لێیان دوورتر کەوتەوە و بەسەر ڕوودا کەوت و نزای کرد، و فەرمووی: «باوکە، ئەگەر دەکرێت، با ئەم جامەم لێ تێپەڕێت: بەڵام، نەک وەک ئەوەی من دەمەوێت، بەڵکو وەک ئەوەی تۆ دەتەوێت!» 40ئینجا گەڕایەوە بۆ لای قوتابییەکانی بینی نوستوون، بە پەترۆی فەرموو: «بەم شێوەیە نەتانتوانی بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لەگەڵمدا بە ئاگابن؟ 41بە ئاگابن و نزا بکەن تا نەچنە نێو تاقیکردنەوە. گیان چالاکە؛ بەڵام جەستە لاوازە».42دووبارە چوو بۆ نزا کردن و فەرمووی: «باوکە، ئەگەر نابێت ئەم جامەم لێ تێپەڕێنیت تا نەیخۆمەوە، ئەوا با بەویستی تۆ بێت!» 43کاتێک گەڕایەوە بۆ لای قوتابییەکانی، بینی نوستوون چونکە خەو چاوەکانیانی قورس کردبوون. 44جا وازی لێ هێنان، و بۆ جاری سێهەم نزای کرد، و هەمان وشەکانی دووبارە کردەوە.45پاشان گەڕایەوە بۆ لای قوتابییەکانی و فەرمووی: «ئێستا بخەون و پشوو بدەن! کاتەکە هات، ڕۆڵەی مرۆڤ دەدرێتە دەستی گوناهباران. 46هەستن با بڕۆین! ئەوەتا ئەوەی بەگرتنم دەدات نزیک بۆتەوە.»47کاتێک هێشتا قسەی دەکرد، یەهودا، یەکێک لە دوازدەکە، گەیشتە لای و لەگەڵ خەڵکێکی زۆر کە شمشێر و داریان هەڵگرتبوو، لەلایەن سەرۆک کاهینەکان و پیرانی گەلەوە نێردرابوون. 48ئەوەی بە گرتنی دەدا نیشانەیەکی پێدابوون و گوتبووی: «ئەو کەسەی ماچی دەکەم ئەوە خۆیەتی؛ دەستگیری بکەن!»49جا هاتە لای یەشوا و گوتی: « سڵاو گەورەم!» وە ماچی کرد. 50یەشوا پێی فەرموو: «هاوڕێکەم، بۆچی لێرەیت؟» خەڵکەکە هاتنە پێشەوە و یەشوایان دەستگیر کرد.51یەکێک لەو کەسانەی لەگەڵ یەشوا بوو دەستی درێژ کرد و شمشێرەکەی هەڵکێشا، و لە خزمەتکاری سەرۆک کاهینەکەیدا، و گوێی بڕی. 52یەشوا پێی فەرموو: «شمشێرەکەت بخەرەوە ناو کێلانەکەی! ئەوانەی پەنا بۆ شمشێر دەبەن، بە شمشێر لەناو دەچن! 53یان گومان دەکەیت کە ناتوانم لە باوکم داوابکەم زیاتر لە دوازدە لەشکری فریشتەم بۆ بنێرێت؟ 54بەڵام چۆن نوسراوەکان دێنەدی کە دەڵێت ئەوەی ئێستا ڕوودەدات دەبێت ڕووبدات؟»55پاشان یەشوا ڕووی قسەکانی کردە خەڵکەکە و فەرمووی: «ئایا من جەردەم بەشمشیر و دارەوە هاتوون بۆ گرتنم. هەموو ڕۆژێک لە نێو ئێوەدا فێرکاریم دەکرد لە پەرستگادا، منتان نەگرت! 56بەڵام، هەموو ئەمانە ڕویدا بۆ ئەوەی نوسراوی پێغەمبەران بێتەدی!» پاشان هەموو قوتابییەکانی جێیان هێشت و هەڵاتن!57ئەوانەی یەشوایان گرتبوو، بردیان بۆ لای کیافای سەرۆک کاهین، لەوێ مامۆستایانی تەورات و پیران کۆبوونەوە. 58پەترۆ لە دوورەوە بەدوایدا ڕۆیشت بۆ ماڵی سەرۆک کاهین، پاشان چووە ژوورەوە، و لەنێو پاسەوانەکاندا دانیشت تا کۆتاییەکەی ببینێت.59هەموو لە ئەنجومەن کۆبوونەوە سەرۆک کاهینەکان و پیران، بە دوای شایەتحاڵیکی درۆدا دەگەڕان لە دژی یەشوا، بۆ ئەوەی بە مردن سزای بدەن، 60بەڵام نەیاندۆزییەوە، هەرچەندە شایەتحاڵی درۆزن زۆر بوون. لە کۆتاییدا دووان هاتن 61گوتیان: «ئەمە وتی: من دەتوانم لە سێ ڕۆژدا پەرستگای خودا بڕوخێنم و دروستی بکەمەوە».62پاشان سەرۆکی کاهینەکان هەستا و لێی پرسی: «ئایا هیچ شتێکت نییە بۆ ئەوەی بڵێیت لەسەر ئەوەی کە ئەوان شایەتیت لەسەر دەدەن؟» 63بەڵام یەشوا بێدەنگ بوو. بۆیە سەرۆکی کاهینەکان دیسان لێی پرسی: وتی: «سوێندت ئەدەم بە خودای زیندوو کە پێمان بڵێیت: ئایا تۆ مەسیحەکەیت ڕۆڵەی خودایت؟» 64یەشوا وەڵامی دایەوە: «تۆ وتت! هەروەها پێتان دەڵێم لە ئێستاوە ڕۆڵەی مرۆڤ دەبینن کە لە ڕاستەی توناداری دانیشتووە بەسەر هەوری ئاسمانەوە دێت!»65ئینجا سەرۆکی کاهینەکان جلەکانی دادڕی و هاواری کرد: «کوفری کرد! ئیتر پێویستمان بە شایەتحاڵ نییە. ئەوەتا ئێوەش کوفرەکەیتان بیست. 66«ڕاتان چییە؟» وەڵامیان دایەوە: «ئەو شایەنی سزای مردنە!»67ئینجا تفیان لە ڕووی کرد، و لێیاندا، هەندێکیش زلەیان لێدا 68گوتیان: «پێشبینیمان بۆ بکە، ئەی مەسیح، كێ بوو لێی دایت!»69لەو ساتەدا پەترۆ لە حەوشەی دەرەوە دانیشتبوو، خزمەتکارێک هاتە لای و گوتی: «تۆش لەگەڵ یەشوای گەلیلی بوویت». 70پەترۆ لەبەردەم هەموواندا نکۆڵی کرد و گوتی: «نازانم چی دەڵێیت!»71پاشان چووە دەرەوە بۆ دەروازەی حەوشەکە، کچە خزمەتکارێک ئەوی ناسیەوە، و بە ئامادەبووانی ئەوێی گوت: «ئەمەش لەگەڵ یەشوای ناسیرەیدا بوو!» 72پەترۆ جارێکی تر نکۆڵی کرد و سوێندی خوارد: «من ئەو پیاوە ناناسم!»73پاش کەمێک ئەوانەی لەوێ وەستابوون هاتنە لای پەترۆ و پێیان گوت: «بەڕاستی تۆ یەکێکیت لەوانە، چونکە شێوەزارت ئاماژەیە بۆ ئەوە!» 74ئینجا پەترۆ دەستی کرد بە نەفرەت کردن و سوێندخواردن، و گوتی: «من ئەو پیاوە ناناسم!» لەوکاتەدا کەڵشێرەکە خوێندی، 75پاشان پەترۆ بیری قسەکەی یەشوا کەوتەوە کە پێی فەرموو: «پێش ئەوەی کەڵەشێر بخوێنێت سێ جار نکۆڵی لە من دەکەیت». چووە دەرەوە، و بە کوڵ گریا.
1کە ڕۆژ بۆوە، سەرۆک کاهینەکان و گەورەکانی گەل جارێکیتر کۆبونەوە، و پیلانیان لە دژی یەشوا داڕشت بۆ ئەوەی سزای مردنی بەسەردا بسەپێنن. 2پاشان بەستیانەوە و بردیان و دایانە دەست پیلاتۆسی فەرمانڕەوا.3یەهودا ئەوەی بە گرتنیدا کە بینی سزای بەسەردا دراوە، پاشگەز بۆوە لە تاوانەکەی و سی پارچە زیوەکەی گەڕاندەوە بۆ سەرۆک کاهینەکان و پیران، 4گوتی: «گوناهم کردووە کە خوێنی بێ تاوانێکم ڕادەستی ئێوە کرد». وەڵامیان دایەوە: «پەیوەندیی بەئێمەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە خۆتەوە هەیە!» 5پارچە زیوەکانی فڕێدایە ناو پەرستگاکە و دەرچوو، پاشان ڕۆیشت و خۆی هەڵواسی.6جا سەرۆک کاهینەکان پارچە زیوەکانیان برد و گوتیان: «ئەمە بەهای خوێنە، دروست نییە بۆ ئێمە بیخەینە ناو گەنجینەی پەرستگا!» 7دوای ڕاوێژکردن کێڵگەی گۆزە کەریان پێ کڕی بۆ ئەوەی ببێتە گۆڕستانی بێگانەکان، 8بۆیە تا ئەمڕۆش ئەم کێڵگەیە بە کێڵگەی خوێن ناودەبرێت.9ئەوەی یەرمیای پێغمبەر گوتی هاتەدی دەڵێت: «ئەو سی پارچە زیوەی بردیان، ئەو بەها بە نرخەبوو کە نەوەی یەسرائیل بەهاکەیان نرخاندبوو، 10هەروەک چۆن پەروەردگار فەرمانی پێکردم، بە کێڵگەی گۆزەکەرمدا».11یەشوا لەبەردەم فەرمانڕەوا وەستا. فەرمانڕەوا لێی پرسی: «تۆ پاشای یەهودیت؟» لە وەڵامدا فەرمووی: «تۆ وتت!» 12سەرۆک کاهینەکان و پیران تۆمەتیان دایە پاڵی، بەڵام بێدەنگ بوو و وەڵامی نەدایەوە. 13پیلاتۆس پێی گوت: «گوێت لەوە نییە کە ئەوان شایەتەت لەسەر ئەدەن؟» 14بەڵام یەشوا تەنانەت بە وشەیەکیش وەڵامی فەرمانڕەوای نەدایەوە، بەجۆرێک فەرمانڕەوا زۆر سەرسام بوو.15نەریتی فەرمانڕەوا وابوو لە هەموو جەژنێکدا هەر زیندانییەک گەل بیوستایە ئازادی دەکرد بۆیان. 16لەو سەردەمەدا زیندانییەکی بەناوبانگیان هەبوو بە ناوی بارابا؛17کاتێک کۆکرانەوە، پیلاتۆس لێیانی پرسی: «دەتانەوێت کێتان بۆ ئازاد بکەم: بارابا، یان یەشوا کە پێی دەوترێت مەسیح؟» 18چونکە دەیزانی لەبەر ئیرەیی ڕادەستیان کردووە. 19کاتێک لەسەر کورسی دادوەری دانیشتبوو، ژنەکەی پەیامی بۆ نارد: «هیچ پەیوەندییەکت بەو ڕاستودروستەوە نەبێت! چونکە ئەمڕۆ لە خەوندا لەبەر ئەو زۆر ئازارم چێژت».20بەڵام سەرۆک کاهینەکان و پیران خەڵکەکەیان هان دەدا داوای ئازادکردنی بارابا و کوشتنی یەشوا بکەن. 21پیلاتۆس لێیانی پرسی: « دەتانەوێت کام لەو دووانەتان بۆ ئازاد بکەم؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «بارابا». 22دووبارە پرسی: «چی لە یەشوا بکەم کە پێی دەوترێت مەسیح؟» هەموویان وەڵامیان دایەوە: «با لە خاچ بدرێت!»23فەرمانڕەوا پرسی: «چ خراپەیەکی کردوە؟» زیاتر و زیاتر هاواریان دەکرد: «با لە خاچ بدرێت!» 24کاتێک پیلاتۆس بینی کە هیچ سوودێکی نییە، و خەریکە ئاژاوەیەک سەرهەڵدەدات، ئاوی هێنا و دەستەکانی لەبەردەم خەڵکەکەدا شۆرد، و گوتی: «من لە خوێنی ئەم ڕاستودروستە بێبەریم. ئێوەش ئەمە ببینن!»25ئینجا هەموو گەل وەڵامیان دایەوە: «خوێنی لەسەر ئێمە و منداڵەکانمان بێت!» . 26جا بارابای بۆ ئازاد کردن؛ سەبارەت بە یەشوا فەرمانیدا بە قامچی لێیبدەن، پاشان ڕادەستی کرد بۆ ئەوەی لە خاچ بدرێت.27سەربازەکانی فەرمانڕەوا یەشوایان بردە کۆشکی فەرمانڕەوایی، و سەربازانی لەشکر هەموو لێی کۆبونەوە، 28جلەکانیان لەبەر داکەند، و کەوایەکی قرمزیان لەبەر کرد. 29ئینجا تاجێکیان لە دڕک دروستکرد خستیانە سەر سەری، قامیشێکیان دایە دەستی ڕاستی، لەبەردەمی چۆکیان دادا و گاڵتەیان پێ دەکرد و دەیانگوت: «سڵاو ئەی پاشای یەهود!»30وە تفیان لێکرد، قامیشەکەیان برد، و دەیانکێشا بەسەریدا. 31دوای ئەوەی گاڵتەیان پێکرد، کەواکەیان لەبەردا داکەند، و جلەکانی خۆیان لە بەرکرد، و بەرەو لە خاچدان بردیان.32لە کاتێکدا سەربازەکان دەیانبرد بۆ ئەوەی لە خاچی بدەن، پیاوێکیان بینی خەڵکی قیرەوان بوو ناوی شیمۆن بوو، ناچاریان کرد خاچەکە هەڵبگرێت. 33کاتێک گەیشتنە ئەو شوێنەی کە بە گۆلگۆسا ناسراوە، کە پێی دەوترێت شوێنی کاسە سەر، 34شەرابی تێکەڵ بە تاڵاویان دایە یەشوا بۆ ئەوەی بیخواتەوە کە تامی کرد، ڕەتیکردەوە بیخواتەوە.35لە خاچیان دا، پاشان جلەکانیان بە تیروپشک لەنێوان خۆیان دابەش کرد. 36لەوێ دانیشتن و پاسەوانییان دەکرد؛ 37لە ژور سەریەوە نوسراوەیەکیان هەڵواسی کە تۆمەتەکەی لەسەر بوو، لەسەری نووسرابوو: «ئەمە ئەوە یەشوا، پاشای یەهود».38لەگەڵیدا دوو دزیان لە خاچدا، یەکێکیان لەلای ڕاست، و یەکێکیان لەلای چەپ. 39ئەوانەی بەلایدا تێدەپەڕین جوێنیان پێئەدا، و سەریان بادەدا 40دەیانگوت: «ئەی ڕووخێنەری پەستگا و دروست کەرەوەی لە سێ ڕۆژدا، خۆت ڕزگار بکە! ئەگەر تۆ ڕۆڵەی خودایت لە خاچەکە دابەزە!»41سەرۆک کاهینەکان و مامۆستایانی تەورات و پیران گاڵتەیان پێی دەکرد و دەیانگوت: 42«ئەو کەسانی دیکەی ڕزگار کرد؛ بەڵام خۆی ناتوانێ ڕزگاری بێت! ئایا ئەو پاشای یەسرائیلە؟ با ئێستا لە خاچ دابەزێت ئێمەش باوەڕمان پێی دەبێت!43ئەو پشت بە خودا دەبەستێت، باڕزگاری بکات ئەگەر دەیەوێت! چونکە ئەو دەیگوت: من ڕۆڵەی خودام!» 44ئەو دوو دزانەی لەگەڵیدا لە خاچ دراوبوون بەم هەمان ئەو قسەیە گاڵتەیان پێدەکرد!45لە کاتژمێر دوازدەی نیوەڕۆ تا کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ، تاریکی باڵی بەسەر هەموو زەویدا کێشا. 46نزیکەی کاتژمێر سێ یەشوا بە دەنگێکی مەزن هاواری کرد: «إِيلِي، إِيلِي، لَمَا شَبَقْتَنِي؟» واتە: «خودای، من خودای من، بۆچی بەجێتهێشتم؟» 47لەو کاتەدا هەندێک لەوانەی لەوێ وەستابوون گوێیان لێ بوو، گوتیان: «ئەو بانگی ئیلیا دەکات!»48یەکێک لەوانە ڕایکرد، و ئیسفەنجێکی برد و لە سرکەی هەڵکێشا، و خستییە سەر قامیشێک و پێیدا تا بیخواتەوە؛ 49بەڵام ئەوانی تر گوتیان: «وازی لێ بێنە! با بزانین ئیلیا دێت ڕزگاری بکات یان نا!» 50ئینجا یەشوا دیسانەو بە دەنگێکی مەزن هاواری کرد، و گیانی بە دەستەوەدا.51پەردەی پەرستگاش لە سەرەوە هەتا خوارەوە، دادڕا و بوو بە دوو بەشەوە، زەویش لەرزی، و بەردەکان درزیان تێبوو، 52گۆڕەکان کرانەوە، و لاشەی زۆر لە پیرۆزان کە خەوتبوون هەستانەوە؛ 53کاتێک لە گۆڕەکان هاتنە دەرەوە، دوای هەستانەوەی یەشوا چوونە ناو شارە پیرۆزەکە، و زۆر کەس بینییانن.54سەرپەلەکە و سەربازەکانی، کە پاسەوانی یەشوایان دەکرد، کاتێک بوومەلەرزە و هەموو ڕووداوەکانیان بینی ترسێکی زۆریان لێ نیشت، و گوتیان: «بەڕاستی ئەمە ڕۆڵەی خودا بوو!» 55لە دوورەوە، زۆرێک لە ژنەکان چاودێریان دەکرد تا بزانن چی ڕوودەدات، کە لە گەلیلییەوە بەدوای یەشوادا هاتبوون بۆ خزمەتکردنی، 56لەنێویاندا میریامی مەگدەلین، و میریامی دایکی یاکۆڤ و یەشوا، و دایکی کوڕانی زەڤدی.57کاتێک ئێوارە هات، پیاوێکی دەوڵەمەند لە شاری ڕاما هات، ناوی یۆسپ بوو، قوتابی یەشوا بوو. 58جا چووە لای پیلاتۆس بۆ ئەوەی داوای تەرمی یەشوا بکات. جا پیلاتۆس فەرمانی دا کە پێی بدرێت59یۆسپ تەرمەکەی برد، و لە کەتانێکی پاکدا پێچایەوە، 60لەو گۆڕە نوێیەی خۆی ناشتی کە لە تاشەبەرد هەڵکەندرابوو؛ ئینجا بەردێکی گەورەی گلۆر کردەوە سەر دەرگای گۆڕەکە، و پاشان ڕۆیشت. 61میریامی مەگدەلین و میریامەکەی تریش بەرامبەر گۆڕەکە دانیشتبوون.62ڕۆژی دواتر، واتە دوای ئامادەکاری بۆ شەبات، سەرۆک کاهینەکان و فەریسییەکان چوون بۆ لای پیلاتۆس، 63گوتیان: «گەورەم. بیرمان هاتەوە کە ئەو چەواشەکارە کاتێک لە ژیاندا بووە وتی: دوای سێ ڕۆژ هەڵدەستمەوە. 64فەرمان بدە تا ڕۆژی سێیەم گۆڕەکە بە پارێزراوی ڕابگیرێت، نەوەک قوتابییەکانی بێن و بیدزن، و بەخەڵکی بڵێن: لە نێو مردووەکان هەستاوەتەوە دوایین چەواشەکاری لە یەکەم خراپتر دەبێت».65پیلاتۆس وەڵامی دانەوە: «ئێوە پاسەوانتان هەیە! کەواتە وەک ئەوەی دەیبینن بڕۆن پاسەوانی بکەن». 66جا چوون و گۆڕەکەیان بەباشی داخست، و بەردەکەیان مۆر کرد، و پاسەوانیان دانا.
1لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، دوای کۆتایی هاتنی شەبات، میریامی مەگدەلین و میریامەکەی تر چوون سەیری گۆڕەکە بکەن. 2بومەلەرزەیەکی توند ڕوویدا، چونکە فریشتەیەکی پەروەدگار لە ئاسمانەوە دابەزی، و بەردەکەی لابرد و لەسەری دانیشت.3دیمەنی فریشتەکە وەک بروسکە بوو، جلەکەی وەک بەفر سپی بوو. 4ئەو سەربازانەی کە پاسەوانی گۆڕەکە بوون کاتێک بینییان، ترسیان لێ نیشت و وەک مردوویان لێهات.5فریشتەکە دڵنیایی دا بە ژنەکان و وتی: «مەترسن. دەزانم کە ئێوە بە شوێن یەشوای لە خاچدراودا دەگەڕێن. 6لێرە نییە، هەستایەوە، وەک خۆی فەرمووی. وەرە ئەو شوێنە ببینە کە تێیدا دانرابوو. 7خێرا بڕۆ و بە قوتابییەکانی بڵێن ئەو لە نێو مردووەکان هەستایەوە، ئەوەتا پێش ئێوە دەڕوات بۆ گەلیلی، لەوێ دەیبینن. ئەوەتا من پێم وتوون!»8پاشان دوو ژنەکە بە خێرایی لە گۆڕەکە دەرچوون، و بە ترسێکی زۆر و خۆشییەکی مەزنەوە، ڕایانکرد بۆ لای قوتابییەکانی و مژدەی خۆشیان هێنا. 9کاتێک دەچوون مژدە بدەن بە قوتابییەکانی، یەشوا خۆی چاوی پێیان کەوت و فەرمووی: « سڵاو!» جا هاتنە پێشەوە و دەستیان بە پێیەکانییەوە گرت، و کڕنۆشیان بۆ برد. 10ئینجا یەشوا پێی فەرموون: «مەترسن! بڕۆن بە براکانم بڵێن بچنە گەلیلی، لەوێ دەمبینن! »11کاتێک دوو ژنەکە لەوێ ڕۆیشتن، هەندێک لە پاسەوانەکان چوونە ناو شارەکە و هەموو شتێکیان بە سەرۆک کاهینەکان گوت ئەوەی کە بووە. 12سەرۆک کاهینەکان و پیران کۆبوونەوە و ڕاوێژیان کرد سەبارەت بەو بابەتە. پاشان پارەیەکی زۆریان وەک بەرتیل دایە سەربازەکان، 13پێیان گوتن. «بڵێن: لە شەودا کاتێک ئێمە نوستبووین قوتابییەکانی هاتن و دزییان!14ئەگەر هەواڵ بگاتە فەرمانڕەوا، ئێمە بەرگریتان لێدەکەین، لە هەر زیانێک پارێزراو دەبن». 15سەربازەکان پارەکەیان برد، و ئەوەیان ئەنجامدا کە فێرکرابوون. ئەم دەنگۆیە تا ئەمڕۆش لەناو یەهودا بڵاوە.16سەبارەت بە یازدە قوتابییەکە، چوونە ناوچەی گەلیلی، بۆ ئەو چیایەی کە یەشوا بۆی دیاری کردبوون. 17کاتێک بینییان، کڕۆشیان بۆ برد. بەڵام هەندێکیان گومانیان هەبوو،18ئینجا یەشوا هاتە پێشەوە و پێی فەرموون: «هەموو دەسەڵاتێکم پێدراوە لە ئاسمان و لەسەر زەوی. 19کەواتە بڕۆن، هەموو نەتەوەکان فێربکەن، لە ئاویان هەڵبکێشن بەناوی باوک و ڕۆڵە و گیانی پیرۆز؛20فێریان بکەن با کار بکەن بە هەموو ئەو شتانەی کە ڕامسپاردوون. ئەوەتا من هەموو ڕۆژێک لەگەڵتانم هەتا کۆتایی زەمانە!»
1ئەمە سەرەتای مزگێنی یەشوای مەسیحی ڕۆڵەی خودایە: 2هەروەک چۆن لە پەرتوکی ئیشایا نوسراوە : « من نێردراوی خۆم لە پێشتەوە دەنێرم ئەوەی رێگات بۆ ئامادە دەکات؛ 3کەسێک لە چۆڵەوانی بانگەواز دەکات: رێگا بۆ هاتنی پەروەردگار ئامادە بکەن، ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن!»4یۆخەنانی لە ئاوهەڵکێش لە بیاباندا دەرکەوت بانگی بۆ لەئاوهەڵکێشان دەکرد بۆ لێخۆشبون و پاشگەزبوونەوە لە گۆناهەکانیان. 5خەڵکی هەموو گوندەکانی یەهودیا و هەموو یۆرشەلایم دەهاتنە لای، دانیان بە گوناهەکانیاندا دەنا و لەسەر دەستی ئەو لە ڕوباری ئەردەن لە ئاو هەڵدەکێشران. 6یۆخەنان ئەو جلوبەرگەی لە بەری دەکرد لە موی وشتر بوو، پشتنێکی چەرمیشی لە ناو قەدی دەبەست، کولە و هەنگوینی کێوی دەخوارد.7ئامۆژگاری دەکردن و دەیگوت: « لەدوای من کەسێک دێت زۆر لە من بەتواناترە، تەنانەت من شایەنی ئەوە نیم دابنەوێمەوە قەیتانی پێڵاوەکانی بۆ بکەمەوە. 8من لە ئاوتان هەڵدەکێشم؛ بەڵام ئەو لە گیانی پیرۆزتان هەڵدەکێشێت».9لەو ڕۆژانەدا یەشوا لە ناسیرەوە هات کە سەر بە ناوچەی گەلیلییە، لە ڕوباری ئەردەن لەسەردەستی یۆخەنان لە ئاو هەڵکێشرا. 10هەرکە یەشوا لە ئاوەکە هاتە دەرەوە، بینی ئاسمان کرایەوە، گیانی پیرۆز هەروەک کۆترێک دابەزیە سەری، 11دەنگێکیش لە ئاسمانەکانەوە هات:« تۆ ڕۆڵەی خۆشەویستی منی بە تۆ زۆر خۆشحاڵم!»12لەو کاتەدا گیان یەشوای برد بۆ چۆڵەوانی، 13چل ڕۆژ لەوێ مایەوە شەیتان لەوێ تاقی دەکردەوە. لەو کاتەدا کە لە ناو گیانلەبەراندا بوو فریشتەکان خزمەتیان دەکرد.14دوای دەستگیرکردنی یۆخەنان، یەشوا هاتە ناوچەی گەلیلی، و مزگێنی خودای ڕاگەیاند دەی فەرموو: 15« کاتەکە هاتۆتە دی و پاشایەتی خودا نزیک بۆتەوە. پاشگەز ببنەوە باوەڕ بەم مزگێنیە بهێنن!»16کاتیک یەشوا بە کەناری دەریاچەی گەلیلیدا دەرۆیشت، شیمۆن و ئاندریای برای بینی، توڕیان فڕێدەدایە ناو دەریاچەکە، چونکە ڕاوچی بوون. 17یەشوا پێی فەرموون: « وەرن شوينم بکەون، دەتانکەمە ڕاوکەری مرۆڤ!» 18دەستبەجێ تۆڕەکانیان بەجێهێشت و شوێنی کەوتن.19ئینجا کەمێک دورکەوتەوە، یاکۆڤی برای زەڤدی و یۆخەنای برای بینی لە ناو بەلەمێکدا تۆڕەکەی خۆیان چاک دەکردەوە، 20لەوکاتەدا بانگی کردن، ئەوانیش زەڤدی باوکیان لەگەڵ کرێکارەکانی ناو بەلەمەکە بەجێهیشت و شوێنی کەوتن.21پاشان رۆشتن بۆ شاری کەفەرناخوم. چونە ناوشارەکە، و لە ڕۆژی شەباتدا، چووە کەنیشتە و دەستی کرد بەفێرکردنیان. 22ئامادەبووان لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون، چونکە بە دەسەڵاتەوە فێری دەکردن نەک وەکو مامۆستایانی تەورات.23لە کەنیشتەکەیاندا کەسێکی لێبوو گیانی پیسی تێدا بوو، لەپڕ هاواری کرد 24گوتی: « یەشوای ناسیرەیی چیت لێمان دەوێت؟ هاتوی لەناومان ببەیت؟ دەزانم تۆ کێی. پیرۆزەکەی خودایت!» 25یەشوا لێی ڕاخوڕی و فەرمووی: « بێدەنگ بە لێی وەرە دەرەوە!» 26گیانە پیسەکەش فێی لە پیاوەکە هێناو، بە دەنگی بەرز هاواری کرد، و لێی هاتە دەرەوە.27هەموو سەرسام بوون و لە یەکیان پرسی: « ئەمە چیە؟ فێرکردنێکی نوێیە، بەدەسەڵاتەوە فەرمان بە گیانە پیسەکانیش دەداو گوێڕایەڵی دەبن!» 28یەکسەر ناوبانگی یەشوا بە هەموو ناوچەی دەوروبەری گەلیلیدا بڵاو بۆوە.29لەوکاتەدا کەنیشتەکەیان بەجێهێشت، چوونە ماڵی شیمۆن و ئاندریا، یاکوڤ ویۆخەناشیان لەگەڵ بوو. 30خەسوی شیمۆن لەناو جێگەدا کەوتبوو، تای هەبوو. لەوکاتەدا بە یەشوایان ڕاگەیاند. 31ئەویش هات لێی نزیک بۆوە، دەستی گرت و هەڵیستاند. هەرلەو کاتەدا تایەکە بەریدا، ئەویش هەستاو دەستی کرد بە خزمەت کردنیان.32ئێوارە درەنگان لە پاش ڕۆژ ئاوا بون، هەموو خەلکی لەلای کۆبوونەوە وئەو کەسانەیان بۆ دەهێنا کە گیانی پیسیان تێدا بوو، 33هەموو دانیشتوانی شارەکە لە بەر دەرگا کۆبوونەوە. 34ژمارەیەکی زۆرنەخۆشی بەجۆرەها دەردەوە چاک کردوە، و زۆر خێوی دەرکرد و رێگای نەدا بە خێوەکان بدوێن، چونکە دەیانزانی کێیە.35لە بەرەبەیانی ڕۆژی دواتردا کە هێشتا تاریک بوو هەستا، چووە جێگایەکی چۆل و لەوێ دەستی بە نزا کرد. 36شیمۆن و هاورێکانی بە شوێنیدا گەڕان. کاتێک دۆزیانەوە پێیانگوت: 37«هەموویان داواتدەکەن!»38یەشوا پێی فەرموون: « وەرن با برۆین بۆ گوندەکانی دەوروبەر تاکوو لەوێش مزگێنی بدەم. چونکە من بۆ ئەمە هاتوم.» 39ئینجا رۆیشت و لە هەموو کەنیشتەکانی گەلیلی مزگێنی دا، و خێوی دەردەکرد.40پیاوێک هاتە لای نەخۆشی گولی هەبوو لێی پارایەوە. لەبەردەمی چۆکی دادا و پێی گوت: « ئەگەربتەوێت دەتوانی پاکم بکەیتەوە!» 41یەشوا بەزەیی پێداهاتەوە و دەستی درێژ کرد و دەستی لێدا و پێی فەرموو: «دەمەوێت، پاک بەرەوە!» 42هەر کە قسەی کرد دەستبەجێ پاک بۆوە.43دوای ئەوەی کە یەشوا پیاوەکەی بە توندی ئاگادار کردەوە و بەڕێی کرد 44پێی فەرموو: « ئاگادار بە! هیچ شتێک بە کەس مەڵێ، بەڵام بڕۆ خۆت پیشانی کاهین بدە، بۆ پاک بوونەوەکەت ئەو قوربانیەی موشە فەرمانی کردووە بیکە، وەک شایەتیەک بۆیان!»45بەڵام ئەو، رۆشت و دەستی بە جاڕدان و بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە کرد، لەبەرئەوەی یەشوا نەیتوانی بە ئاشکرا بچێتە ناوهیچ شارێک، بەڵکو لە دەرەوە لە شوێنە چۆڵەکاندابوو، خەڵکیش لە هەموو لایەکەوە دەهاتنە لای.
1دوای چەند ڕۆژێک، یەشوا گەڕایەوە بۆ شاری کەفەرناخوم. هەواڵەکە بڵاو بۆوە کە ئەو لە ماڵەوەیە، 2خەڵکێکی زۆرکۆبوونەوە، شوێنی یەک کەس نەدەبۆوە، تەنانەت لەبەردەرگاش. ئەویش دەستی کرد بە باس کردنی وشەی خودا بۆیان.3لەو کاتەدا کابرایەکی ئیفلیجیان هێنایە لای بە چوار کەس هەڵیان گرتبوو. 4بەڵام بە هۆی زۆری خەڵکەکەوە نەیانتوانی لێی نزیک ببنەوە. جا کونێکی گەورەیان کردە سەربانی ئەوشوێنەی کە یەشوای لێبوو، نوێنەکەیان شۆڕکردەوە کە پیاوە ئیفلیجەکەی لە سەر بوو.5کاتێک یەشوا باوەڕی ئەوانی بینی، بە ئیفلیجەکەی فەرموو: « کوڕم گوناهەکانت بەخشران!» 6هەندێک لە مامۆستایانی تەورات کە لەوێ دانیشتبوون، لە دڵی خۆیاندا گوتیان: 7« بۆچی ئەم پیاوە بەم شێوەیە دەدوێت؟ ئەو وشانەی دەیڵێت کوفرە! جگە لە خودا کێ دەتوانێت لە گوناهه خۆش بێت؟»8یەشوا لە گیانیەوە زانی کە ئەوان لە دڵیاندا چۆن بیردەکەنەوە، پرسیاری لێکردن: « بۆچی لە دڵتاندا بیرلەم شتانە دەکەنەوە؟ 9کامیان ئاسانترە بە ئیفلیجەکە بگوترێت: گوناهەکانت بەخشران، یان بگوترێت: هەستە و نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ؟10بۆیە وام گوت تا بزانن ڕۆڵەی مرۆڤ لەسەرزەوی دەسەڵاتی بەخشینی گوناهەی هەیە». پاشان بە ئیفلیجەکەی فەرموو: 11« پێت دەڵێم: هەستە نوێنەکەت هەڵگرە، و بڕۆ بۆ ماڵەوە!» 12ئەویش دەستبەجێ هەستا، نوێنەکەی هەڵگرت، و لە بەرچاوی هەموویان رۆیشت. بە شێوەیێک هەموویان سەرسام بوون و ستایشی خودایان کرد و گوتیان: « هەرگیز شتی وامان نەبینیوە!»13دووبارە یەشوا چوو بۆ کەناری دەریاچەکە، خەڵکەکە هەموو لێی کۆبوونەوە. ئەویش دەستی کرد بە فێرکردنیان. 14لە کاتی رۆشتنیدا، لێڤی کوڕی هەلفای بینی لە شوێنی باجگران دانیشتبوو، پێی فەرموو: «شوێنم بکەوە!» ئەویش هەستا و شوێنی کەوت.15لە کاتێکدا یەشوا لە ماڵی لێڤی دانیشتبوو، زۆرێک لە باجگران و گوناهباران لەگەڵ ئەو و قوتابییەکانی دانیشتبوون، چونکە زۆرێک کە لەوێ بوون بەدوایدا ڕۆیشتبوون. 16کاتێک مامۆستایانی تەورات و فەریسیەکان یەشوایان بینی لەگەڵ باجگران و گوناهباران نان دەخوات، بە قوتابییەکانی ئەویان گوت: « بۆچی لەگەڵ باجگر و گوناهباران نان دەخوات؟»17یەشوا گوێی لێبوو، وەڵامی دایەوە: « تەندرووستەکان نین کە پێویستیان بە پزیشکە ، بەڵکو نەخۆشەکانن. من نەهاتووم ڕاستودرووستەکان بانگهێشت بکەم بەڵکو گوناهباران!»18کاتێک قوتابییەکانی یۆخەنان و فەریسییەکان بەڕۆژو بوون، هەندێک هاتنە لای یەشواو لێیان پرسی: «بۆچی قوتابییەکانی یۆخەنان و فەریسیەکان بەڕۆژو ئەبن ، بڵام قوتابییەکانی تۆ بەڕۆژو نابن؟» 19وەڵامی دانەوە: «ئایا بنەماڵەی زاوا دەتوانن بەڕۆژو بن؟ مادەم زاوا لە نێوانیاندایە ناتوانن بەڕۆژو بن.20بەڵام ڕۆژانێک دێت کە زاوا لە نێوانیاندا هەڵدەگیرێت . ئەوسا بە ڕۆژو دەبن. 21کەس کراسی کۆن بە قوماشی نوێ پینە ناکات، چونکە پێنە نوێیەکە لە کراسە کۆنەکە ڕادەکێشێت ، و دڕاویەکە خراپتر دەکات!22کەسیش شەرابی نوێ ناکاتە ناو پێستەی کۆنەوە، ئەگینا شەرابەکە پێستەکە دەدڕێنێت، شەرابەکە دەڕژێت وپێستەکە خراپ دەکات. بەڵکو شەرابی نوێ دەکرێتە پێستەی نوێوە».23لە یەکێک لە شەباتەکاندا یەشوا بەناو کێڵگەکاندا تێدەپەری، قوتابیەکانی بەڕێگاوە دەستیان کرد بە پرواندنی گوڵە گەنم. 24فەریسییەکان بە یەشوایان گوت: « بروانە! بۆچی قوتابییەکانت شتێک دەکەن کە لە شەباتدا رێگەپێدراو نیە؟»25وەڵامی دانەوە: « ئایا ئێوە نەتانخوێندۆتەوە کە داڤید و هاوڕێکانی لە کاتی پێویستی و برسێتیدا چییان کرد؟ 26چۆن چووە ناو ماڵی خودا، لە سەردەمی ئەڤیاتاری سەرۆک کاهین، نانی پێشکەشکراویان خوارد کە رێگەپێدراو نییە بخورێت تەنها بۆ کاهینەکان نەبێت، بەڵام دای بە هاوەڵەکانی و ئەوانیش خواردیان؟»27پاشان پێی فەرموون: « شەبات بۆ مرۆڤ بەدی هێنراوە، نەک مرۆڤ ببێتە کۆیلەی شەبات. 28ڕۆڵەی مرۆڤ پەروەردگاری شەباتە!»
1یەشوا جارێکیتر چووە ناو کەنیشت. پیاوێک لەوێ بوو دەستی وشک ببوو. 2هەندێ لە ئامادەبووان چاودێرییان دەکرد تاکو بزانن ئەو پیاوە لە شەباتدا چاک دەکاتەوە، بۆ ئەوەی تاوانباری بکەن.3یەشوا بە پیاوە دەست وشک بووەکەی فەرموو: «لە ناوەڕاست ڕابوەستە!» 4پاشان پرسیاری لێکردن: «لە شەباتدا کامیان رێگە پێدراوە کاری چاکە یان خراپە؟ ڕزگارکردنی ژیان یان کوشتن؟» هەمووان بێدەنگ بوون.5یەشوا بە تووڕەییەوە ئاوڕی دایەوە و سەیریکردن لەبەر دڵڕەقییان غەمبار بوو، بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە!» ئەویش دەستی درێژ کرد، و چاک بۆوە. 6دەستبەجێ فەریسییەکان چوونە دەرەوە و لەگەڵ هێرۆدییەکان، پیلانیان گێڕا کە چۆن بیکوژن.7یەشوا و قوتابییەکان گەڕانەوە بەرەو دەریاچەکە. خەڵکێکی زۆر لە ناوچەکانی گەلیلی و یەهودیا شوينی کەوتن 8لە یۆرشەلایم و ئیدوما و ئەودیوی ڕووباری ئەردەن، خەڵکێکی زۆریش لە ناوچەکانی سور و سیدۆن بەدوایدا هاتبوون، هەموو ئەو کارانەیان بیستبوو کە ئەنجامی دابوو.9جا یەشوا فەرمانی بەقوتابییەکانی کرد کە بەلەمێکی بچووکی بۆ ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی خەڵکەکە قەرەباڵغی نەکەن، 10لەبەر ئەوەی زۆر کەسی چاک کردبۆوە، وە هەرکەسێک نەخۆش بوایە بە پەلە دەهات تاکو دەستی لێبدات.11ئەو کەسانەی کە گیانی پیسیان تێدابوو کاتێک دەیانبینی کڕنۆشیان بۆ دەبرد، وهاواریان دەکرد: «تۆ ڕۆڵەی خودایت!» 12ئەویش بە توندی ئاگاداری دەکردنەوە کە کارەکەی بەنهێنی بهێڵنەوە.13پاشان یەشوا چووە سەر کێوێک، و ئەوانەی بانگ کرد کە خۆی دەیویست، ئەوانیش چوونە لای. 14دوازدەی هەڵبژارد تاکو یاوەری بن و بیاننێرێت بۆ مزگێنی دان، 15وە دەسەڵاتیان هەبێت بۆ دەرکردنی خێوەکان. 16ئەو دوازدە کەسەی هەڵیبژاردن، ئەمانە بوون: شیمۆن، کە ناوی لێنا پەترۆ،17یاکۆڤی کوڕی زەڤدی، و یۆخەنای برای، کە ناوی لێنان بوانەرگس، واتا کوڕانی هەورەتریشقە، 18ئاندریا، فیلیپۆس، بەرتۆلمیۆ، مەتا، تۆما، یاکۆڤی کوڕی هەلفای، تەداوس، شیمۆنی کانەوی، 19یەهودای ئیسخاریۆتی ئەوەی ناپاکی لەیەشوا کرد.20پاشان یەشوا گەڕایەوە بۆ ماڵەوە، و دیسان خەڵکێکی زۆری لێ کۆبۆوە، بە ڕادەیەک یەشواو قوتابیەکانی نەیانتوانی نان بخۆن. 21کاتێک کەسوکاری بیستیان، هاتن بیبەنەوە، چونکە دەیانگوت مێشکی تێکچووە. 22مامۆستایانی تەوراتیش کە لە یۆرشەلایم هاتبوون، گوتیان: «بەعلزەبوبی تێدایە، بە سەرۆکی خێوەکان خێوەکان دەردەکات!»23بانگی لای خۆی کردن و بە نموونە قسەی بۆ کردن، فەرمووی: «شەیتان چۆن دەتوانێت شەیتان دەربکات؟ 24ئەگەر شانشینێک دووبەرەکی تێبکەوێت، ئەو شانشینە ناتوانێ خۆی ڕابگرێت. 25ئەگەر ماڵێکیش دووبەرەکی تێبکەوێت، ئەو ماڵە ناتوانێت خۆی ڕابگرێت.26ئەگەر شەیتان لە خۆی هەڵگەڕایەوە و دووبەرەکی تێکەوت، ئەوە ناتوانێت خۆی ڕابگرێت، بەڵکو کۆتایی پێ دێت! 27کەسیش ناتوانێت بچێتە ماڵی پیاوێکی بەهێز شتەکانی تاڵان بکات ئەگەرئەو پیاوە بەهێزە یەکەم جار نەبەستێتەوە. ئینجا ماڵەکەی تاڵان بکات.28ڕاستیتان پێدەڵێم: هەموو گوناهەکانی مرۆڤەکان دەبەخشرێت، تەنانەت ئەو قسەو کوفرانەی کە دەیڵێن. 29بەڵام هەرکەسێک سووکایەتی بە گیانی پیرۆز بکات،هەرگیز نابەخشرێت، بەڵکو بۆ هەتاهەتایە سزا دەدرێت». 30چونکە گوتیان: «گیانی پیسی تێدا!»31براکانی و دایکی هاتن، و لە دەرەوەی ماڵەکە وەستان و ناردیان تاوەکو بانگی بکەن. 32خەڵکێکی زۆر لە دەوری دانیشتبون، و پێیان گوت: «دایکت و براکانت لە دەرەوەن و داوات دەکەن!»33وەڵامی دانەوە: «دایکم و براکانم کێن؟» 34پاشان سەیری ئەو خەڵکە زۆرەی کرد کە لە دەوری دانیشتبوون و فەرمووی: «دایک و برای من ئەمانەن، 35ئەوەی خواستی خودا جێبەجێ بکات، ئەوە براو خوشک و دایکمە!»
1پاشان دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵک لە کەناری دەریاچەکە، خەڵکێکی زۆرلە دەوری کۆبوونەوە، تا وایلێهات چووە ناو بەلەمێک دانیشت کە لە ئاوەکەدا بوو، هەموویان کۆبونەوە لە ڕۆخی دەریاچەکە. 2بەنموونە زۆر شتی فێرکردن. وە ئەوەی لە فێرکردنەکەیدا پێی وتن:3«گوێ بگرن! جوتیارێک چووە دەرەوە تۆو بکات. 4کە تۆوی دەوەشاند، هەندێکی کەوتنە سەر ڕێگا، باڵندەش هاتن و خواردیانن. 5هەندێکیش کەوتنە سەرزەوییەکی بەردەڵان کە خۆڵی کەم بوو خێرا سەریان دەرکرد، چونکە زەوییەکەی قووڵ نەبوو.6بەڵام کە ڕۆژ هەڵهات سووتان، و وشک بوون چونکە ڕەگیان نەبوو. 7هەندێکیشیان کەوتنە نێو دڕکەکان، دڕکەکان گەورە بوون و خنکاندیانن، و بەرهەمیان نەدا.8هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی باش، ڕووان و گەشەیان کرد و بەرهەمیاندا، یەک بە سی، و یەک بە شەست، و یەک بە سەد». 9پاشان فەرمووی: «ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن، با ببیستێت!»10کاتێک یەشوا بە تەنها بوو، ئەوانەی لە دەوروپشتی بوون لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە لە مەبەستی نموونەکەیان پرسی. 11پێی فەرموون: « بە ئێوە دراوە نهێنی شانشینی خودا بزانن. بەڵام ئەوانەی لە دەرەوەن، هەموو شتێکیان بە نموونە پێ دەگوترێت، 12ئەوانەی: بە سەیرکردن سەیردەکەن بەڵام نابینن، بە بیستن دەبیستن بەڵام تێناگەن، نەوەک پاشگەز ببنەوە ولە گوناهەکانیان خۆش بم!»13پێی فەرموون: «ئایا لەم نموونەیە تێنەگەیشتن؟ باشە چۆن لە نموونەکانی دیکە تێدەگەن؟ 14جوتیارەکە وشەی خودا تۆو دەکات. 15هەندێک کەس وەکو ئەو تۆوانەن کە دەکەونە سەر ڕێگاکە، کاتێک دەیبیستن وشەیتان دێت و ئەو وشەیە دەڕفينيت کە تێیاندا چێندراوە.16ئەوانەی دیکە کە لەسەر زەوییە بەردەڵانەکە چێندران، ئەوانەن کە وشەکە دەبیستن و بە خۆشییەوە وەریدەگرن، 17بەڵام لەناخیاندا ڕەگیان دانەکوتاوە، تەنها بۆ ماوەیەکن دەمێننەوە. کاتێک لەبەر وشەکە تووشی تەنگانە و چەوسانەوە دەبن، یەکسەر دەبێتە کۆسپ بۆیان.18ئەوانەی دیکە کە لەنێو دڕکەکاندا چاندران، ئەوەن کە وشەکە دەبیستن، 19بەڵام خەمی ژیانی ئێستا و فریوخواردنی دەوڵەمەندی و ئارەزووی شتەکانی دیکە، دێنە ناوەوە و وشەکە دەخنکێنن، ئیتر بێ بەرهەم دەبن. 20ئەوانەی دیکە کە لەسەر زەوییەکی باش چاندران، ئەوانەن کە وشەکە دەبیستن و وەریدەگرن و بەرهەم دەدەن، یەک بە سی و یەک بە شەست، و یەک بە سەد».21ئینجا پێی فەرموون: «ئایا چرا دەهێنرێتە ژوورەوە بۆ ئەوەی بخرێتە ژێر سەبەتە یان ژێر جێگا؟ ئایا لەسەر چرادان دانانرێت؟ 22چونکە هیچ شتێکی شاراوە نییە کە ئاشکرا نەبێت، هیچ نهێنیەک نیە دەرنەکەوێت! 23ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن، با ببیستێت!»24هەروەها پێی فەرموون: « وریابن لەوەی دەیبیستن. بەو پێوانەیەی بۆ خەڵک دەیپێون، بۆتان دەپێورێتەوە و بۆتان زیاد دەکرێت. 25چونکە ئەوەی هەیەتی زیاتری پێی دەدرێت، ئەوەش کە نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەندرێتەوە».26هەروەها فەرمووی: «شانشینی خودا لە مرۆڤێک دەچێت تۆو بوەشێنێتە سەر زەوی، 27شەو دەخەوێت بۆ بەیانی کە هەڵدەستێت، تۆوەکە سەری دەرکردووە و گەشە دەکات ئەویش نازانێت چۆن ڕویداوە. 28زەوی لە خۆیەوە بەرهەم دەدات، یەکەم جار گیا سەر دەردەکات، پاشان گوڵەگەنم، پاشان لە گوڵەگەنمەکەدا گەنمی پڕ. 29بەڵام کاتێک بەرەکە پێدەگات، دەستبەجێ داسی لێ گیر دەکات چونکە کاتی دروێنەی هاتووە».30هەروەها فەرمووی: «شانشینی خودا لە چی دەچێت، بە چ نموونەیەک بەراوردی بکەین؟ 31شانشینی خودا لە دەنکە خەردەلێک دەچێت، کە لەسەر زەوی تۆو دەکرێت لە هەموو تۆوەکانی سەر زەوی بچووکترە، 32کاتێک دەچێندرێت، لقو پۆپی گەورەتر دەردەکات، بە شێوەیەک باڵندەی ئاسمان دەتوانن لەژێر سێبەریدا هێلانە بکەن».33بە زۆرێک لەم جۆرە نموونانە یەشوا قسەی بۆ خەڵکەکە دەکرد تا ئەوەندەی توانای گوێگرتنیان هەبوو. 34بەبێ نموونە قسەی بۆ نەدەکردن. بەڵام هەموو شتێکی بۆ قوتابییەکانی ڕوون دەکردەوە کاتێک بە تەنها لەگەڵیان دەبوو.35هەرهەمان ڕۆژ کە ئێوارە داهات، بە قوتابییەکانی فەرموو: «با بپەڕینەوە بۆ ئەوبەر!» 36کاتێک خەڵکەکەیان بەجێهێشت، لەگەڵ خۆیان بردیان بۆ ناو بەلەمەکە کە لە وێبوو. هەروەها بەلەمی دیکەشی لەگەڵ بوو. 37زریانێکی توند هەڵیکرد، و شەپۆلەکان بە توندی لە بەلەمەکەیان دەدا بەجۆرێک کە خەریک بوو پڕ بێت لە ئاو.38یەشوا لە دواوەی بەلەمەکە سەری لەسەر سەرینێک دانابوو خەوتبوو. هەڵیانساند و پێیان گوت: «مامۆستا، بەلاتەوە گرنگ نییە ئەگەر ئێمە لەناوبچین؟» 39ئەویش هەستا، و لە ڕەشەباکەی ڕاخوڕی، و بە دەریا کەی فەرموو: «بێدەنگ بە. و هێمن بە!» ڕەشەباکە وەستا و بووە هێمنییەکی تەواو.40پاشان پێی فەرموون: «بۆچی ئەوەندە دەترسن؟ چۆن باوەڕتان نیە؟» 41ئەوانیش زۆر ترسان، و بە یەکترییان دەگوت: «ئەمە کێیە، تەنانەت با و دەریاش گوێڕایەڵی دەبن؟»
1ئینجا گەیشتنە ئەوبەری دەریاچەکە، بۆ هەرێمی گەراسین. 2کاتێک لە بەلەمەکە دابەزی، لەو کاتەدا لەناو گۆڕستان پیاوێکی پێگەیشت کە گیانی پیسی تێدابوو،3لەناو گۆڕستاندا دەژیا. کەس نەیدەتوانی چیتر بیبەستێتەوە تەنانەت بە زنجیریش. 4زۆرجار بە کۆت و زنجیر دەبەسترایەوە، بەڵام زنجیرەکانی دەپساند و کۆتەکانیشی دەشکاند، کەس نەیدەتوانی بەسەریدا زاڵ بێت.5شەو و ڕۆژ بەردەوام لەناو گۆڕستان و لە چیاکاندا بوو، هاواری دەکرد و بە بەرد لەشی خۆی بریندار دەکرد. 6کاتێک لە دوورەوە یەشوای بینی، ڕایکرد و کڕنۆشی بۆ برد،7بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «چیت لە من دەوێت ئەی یەشوای ڕۆڵەی خودای بەرز؟ سوێندت دەدەم بە خودا ئەشکەنجەم مەدە!» 8چونکە یەشوا پێی فەرمووبوو: «ئەی گیانی پیس، لە مرۆڤەکە وەرە دەرەوە!»9یەشوا پرسیاری لێکرد: «ناوت چییە؟» وەڵامی دایەوە: «ناوم لێگیۆنە چونکە ئێمە لەشکرێکی گەورەین!» 10گیانە پیسەکان لێی پاڕانەوە و داوایان لێکرد نەیاننێرێتە دەرەوەی ناوچەکە.11لەوێ ڕانە بەرازێکی گەورە لە شاخەکە دەلەوەڕان، 12گیانە پیسەکان لە یەشوا پاڕانەوە: «بماننێرە ناو بەرازەکان با بچینە ناویان!» 13ئەویش ڕێگەی دان. گیانەپیسەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکان، ئینجا بە خێرایی لە قەدپاڵی چیاکەوە بۆ ناو دەریاچەکە، هەڵدێران و خنکان. ڕانەکە نزیکەی دوو هەزار سەر دەبوون.14شوانی بەرازەکان ڕایانکرد و هەواڵیان دا بە شار و گوندەکان. خەڵکەکەش هاتن تاکو ئەوە ببینن کە ڕوویداوە، 15هاتنە لای یەشوا، بینییان ئەوەی لەشکرێک گیانی پیسی تێدابوو دانیشتووە و پۆشتەیە و ئەقڵی تەواوە، ترس دایگرتن.16ئەوانەی بینیان پێیان وتن چی بەسەر شێتەکە و بەرازەکاندا هاتووە 17ئەوانیش داوایان لە یەشوا کرد لە ناوچەکەیان بڕوات.18کاتێک سواری بەلەمەکە دەبوو، ئەو کەسەی کە پێشتر گیانی پیسی تێدابوو لێی پاڕایەوە کە لەگەڵی بێت. 19ڕێگای پێنەدا، بەڵکو پێی فەرموو: «بگەڕێوە ناو ماڵ، و کەسوکارەکەت، بۆیان بگێڕەوە پەروەردگار چی بۆ کردووی و چۆن بەزەیی پێتدا هاتەوە». 20ئینجا ڕۆیشت و لە دە شارەکە بانگەوازی ئەوەی کرد کە یەشوا چی بۆ کردووە . هەمووان سەرسام بوون.21کاتێک یەشوا گەڕایەوە بە بەلەمەکە پەرینەوە بۆ بەرامبەر دەریاچەکە، هەر لە کەنار ئاوەکە خەڵکێکی زۆر لێی کۆبوونەوە. 22یەکێک لە پێشەوایانی کەنیشت هات، ناوی یائیربوو، هات بۆ لای. هەرکە بینی، خۆی خستە بەر پێی، 23زۆر لێی پاڕایەوە، پێیگوت: «کچە بچووکەکەم لە سەرەمەرگدایە. وەرە دەستی لێبدە تاکو چاک بێتەوەو بژیێت!» 24ئینجا لەگەڵیدا ڕۆیشت، و جەماوەرێکی زۆر بەدوایدا هاتن و قەرەباڵغییان کرد.25ژنێک لەوێ بوو کە دوازدە ساڵ بوو خوێن بەربوونی هەبوو، 26بە دەستی چەندین پزیشک ئازاری زۆری چێشتبوو، ئەوەی هەیبوو بۆ چارەسەری خۆی خەرج کردبوو، هیچ سوودێکی نەبوو، بەڵکو بارودۆخی خراپتر ببوو. 27باسی یەشوای بیستبوو، بۆیە هاتە ناو خەڵکەکە و لە دواوە دەستی لە کەواکەی دا،28چونکە گوتبووی: «بەسمە دەست لە جلەکانی بدەم تا چاک ببمەوە». 29دەستبەجێ خوێنبەربوونەکەی ڕاوەستا ولە جەستەیدا هەستی کرد کە نەخۆشییەکەی چاک بۆتەوە.30هەرکە یەشوا هەستی بەو هێزە کرد کە لێی هاتە دەرەوە، چاوی گێڕا بە ناو خەڵکەکەدا و پرسی: «کێ دەستی لە جلەکانمدا؟» 31قوتابییەکانی پیان گوت: «تو دەبینیت خەڵکەکە قەرەباڵغیان کردووە، و دەپرسیت: کێ دەستی لێدام؟» 32بەڵام بەردەوام سەیری دەوروبەری دەکرد تا ببینێت کێ ئەو کارەی کردووە.33کاتێک ژنەکە زانی چی بەسەرهاتووە، بە ترس و لەرزەوە هات، وخۆی خستە پەرپێی وهەموو ڕاستییەکانی پێ گوت. 34ئەویش پێی فەرموو: «کچم، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە. بڕۆ بە ئاشتی و لە نەخۆشییەکەت چاکببەوە!»35لە کاتێکدا یەشوا قسەی دەکرد، چەند کەسێک لە ماڵی پێشەوای کەنیشتەکەوە هاتن و گوتیان: «کچەکەت مرد. کەواتە بۆچی هێشتا لە مامۆستا داوا دەکەی؟»36بەڵام کاتێک، یەشوا ئەم هەواڵەی بیست، بە پێشەوای کەنیشتەکەی گوت: «مەترسە؛ تەنها باوەرت هەبێت!» 37نەیهێشت کەس لەگەڵی بچێت پەترۆ و یاکوڤ و یۆخەنای برای یاکوڤ نەبێت. 38هاتنە ماڵی پێشەوای کەنیشتەکە، و خەڵکەکەی بینی کە زۆر دەگریان و دەلاوانەوە.39کاتێک هاتە ژوورەوە، پێی فەرموون: «بۆچی بێزارن و دەگرین؟ کچەکە نەمردووە، بەڵکو نوستووە». 40پێی پێکەنین. بەڵام یەشوا، هەموویانی کردە دەرەوە، پاشان دایک و باوکی کچەکەی برد وئەوانەش کە لەگەڵیدا بوون و چوونە ژوورەوە، بۆ ئەو شوێنەی کچەکەی لێبوو.41دەستی گرت وفەرمووی: «تالیتا قومی!» واتا «ئەی کچ، پێت دەڵێم: هەستە». 42دەستبەجێ هەستا و دەستی بە ڕۆیشتن کرد، کچەکە تەمەنی دوازدە ساڵ بوو. جا هەموویان زۆر سەرسام بوون. 43بە توندی فەرمانی پێدان کەس بەمە نەزانێت، وە داوای کرد شتێکی پێبدەن بیخوات.
1یەشوا ئەوێی بەجێهێشت و گەڕایەوە شارەکەی خۆی، قوتابییەکانیشی شوێنی کەوتن. 2کە بووە شەبات، لە کەنیشتدا دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵک، زۆر لەوانەی گوێیان لێ دەگرت سەرسام بوون، گوتیان: «ئەمە ئەمانەی لەکوێ بوو؟ ئەی ئەم داناییە چیە کە پێی دراوە، و ئەم پەرجووانەی لەسەر دەستی دەکرێن؟ 3ئەرێ ئەمە دارتاشەکەی کوڕی میریام، و براکەی یاکۆڤ و یۆسپ و یەهودا و شیمۆن نییە؟ خوشکەکانی لێرە لەلامان نین؟» بەوشێوەیە گومانیان لێکرد.4بەڵام یەشوا پێی فەرموون: «هیچ پێغەمبەر بێ ڕێز نییە، مەگەر لە شاری خۆی، و لەنێوان خزم و کەسوکار، و ماڵی خۆی نەبێت!» 5ئیتر لەوێدا نەیتوانی هیچ پەرجوویەک بکات، تەنها چەند نەخۆشێک نەبێت کە دەستی لەسەر دانان و چاکیکردنەوە. 6لە بێباوەڕیی ئەوان سەری سوڕما. ئینجا بە گوندەکانی دەوروبەردا دەگەڕا و خەڵکی فێر دەکرد.7پاشان دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، دوو دوو دەستی بە ناردنیان کرد، و دەسەڵاتی بەسەر گیانە پیسەکاندا پێدان، 8ڕایسپاردن کە بۆ ڕێگا هیچ نەبەن جگە لە گۆچان، نە نان و نە پێخۆر و نە پارە بۆ بەر پشتێن، 9بەڵکو پێڵاو و تەنها یەک کەوا لەبەر بکەن.10پێی فەرموون: «لە هەر شوێنێک چوونە ماڵێک، لەوێ بمێننەوە هەتا ئەوێ بەجێدەهێڵن. 11ئەگەر لە هەر شوێنێکیش پێشوازییان لێ نەکردن و گوێیان لێ نەگرتن، لەوێ بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن، بۆ شایەتی لەسەریان».12ئەوانیش چوونە دەرەوە و جاڕی پاشگەزبوونەوەیاندا، 13گیانی پیسی زۆریان دەرکرد، و زۆر نەخۆشیان بە زەیت چەورکرد، و چاکیان کردنەوە.14هێرۆدی پاشا لە بارەی یەشواوە بیستی، چونکە ناوی دەنگی دابۆوە، و هەندێکیان دەیانگوت: «یۆخەنانی لەئاوهەڵکێش لەناو مردووان هەستاوەتەوە، لەبەر ئەوە کاری پەرجوو لەسەر دەستی ئەو دەکرێت!» 15خەڵکی دیکە دەیانگوت: «ئیلیایە»هەندێکیش دەیانگوت: «پێغەمبەرێکە، وەک پێغەمبەرانی سەردەمی کۆن!»16بەڵام هێرۆد، کاتێک بیستی گوتی «ئەوە کەسێکی تر نییە جگە لە یۆخەنان ئەوەی کە سەرم بڕی، هەستاوەتەوە!» 17چونکە هیرۆد یۆخەنانی دەستگیر و زیندانی کردبوو. ئەوەش لە پێناو هیرۆدیا بوو کە هیرۆد هاوسەرگیری لەگەڵ کردبوو کە ژنی فیلیپۆسی برای بوو.18لەبەر ئەوەی یۆخەنان پێی دەگوت: «رێگەپێدراو نییە براژنەکەت بخوازیت!» 19ئیتر هێرۆدیا زۆر ڕقی لە یۆخەنان دەبۆوە، و حەزی دەکرد بیکوژێت، بەڵام نەیدەتوانی. 20هیرۆد لە یۆخەنان دەترسا چونکە دەیزانی پیاوێکی ڕاستودروست و پیرۆزە، خۆی دەپارێزێت. هەرچەندە زۆرجار بە قسەکانی بێزاردەبوو، بەڵام زۆر حەزی لە گوێگرتنی بوو.21پاشان دەرفەتێک ڕەخسا هێرۆد لە جەژنی لەدایک بوونیدا خوانێکی بۆ گەورە پیاوان و فەرماندەکانی و پیاو ماقوڵانی گەلیلی سازکرد. 22کچی هێرۆدیا هاتە ژوورەوە و سەمای کرد،جا هێرۆد و ئەوانەی دڵخۆش کرد کە لەگەڵی پاڵیاندابۆوە. پاشا بە کچەکەی گوت: «ئەوەی دەتەوێت لە منی داوا بکە، دەتدەمێ!»23سوێندیشی بۆ خوارد گوتی: «هەرچیم لێ داوا بکەیت دەتدەمێ، ئەگەر نیوەی شانشینەکەشم بێت!» 24ئەویش چووە دەرەوە و پرسیاری لە دایکی کرد: «داوای چی بکەم؟»وەڵامی دایەوە: «سەری یۆخەنانی لەئاوهەڵکێش!» 25دەستبەجێ و بە پەلە هاتە ژوورەوە داوای لێکرد: «دەمەوێت ئێستا سەری یۆخەنانی لەئاوهەڵکێشم لەسەر سینییەک بدەیتێ!»26پاشا زۆر دڵگران بوو. بەڵام لەبەر سوێندەکەی و ئەوانەی لەگەڵی پالیاندابۆوە نەیویست پێچەوانەی ئەوبەڵێنە بێت کە پێیدابوو. 27لەوکاتەدا پاشا سزادەرانی نارد و فەرمانیدا سەری یۆخەنان بهێنن. سزادەرەکە رویشتوو و لە زیندان سەری پەڕاند، 28پاشان لەسەر سینییەک سەریان هێنا و دایان بە کچەکە و کچەکەش دای بە دایکی. 29قوتابییەکانی یۆخەنان بیستیان، هاتن تەرمەکەیان هەڵگرت و لە گۆڕێکدا ناشتیان.30نێردراوان لە یەشوا کۆبوونەوە، وهەواڵی هەموو شتێکیان پێدا: هەموو ئەو کار و فێرکردنانەی ئەنجامیان دابوو. 31ئەویش پێی فەرموون: «بە تەنیا وەرن بۆ شوێنێکی چۆڵ، کەمێک پشوو بدەن». لەبەر ئەوەی ئەوانەی دەهاتن و دەچوون زۆر بوون دەرفەتی نان خواردنیان نەبوو. 32قوتابییەکانی بە بەلەمێک بە تەنیا چوونە شوێنێکی چۆڵ.33بەڵام خەڵکێکی زۆرلە کاتی ڕۆیشتندا ئەوانیان بینی، بۆیە شوێنی مەبەستیان زانی، پێکەوە بە پێ بەرەو ئەوێ ڕایاندەکرد، لە هەموو شارەکانەوە هاتن، پێشیان کەوتن. 34کاتێک یەشوا لە بەلەمەکە دابەزی، خەڵکێکی بێشوماری بینی و بەزەیی پێیاندا هاتەوە، چونکە وەک مەڕی بێ شوان وابوون. هەر بۆیە زۆر شتی فێرکردن.35درەنگانی ڕۆژ بوو، قوتابییەکانی هاتنە لای، و گوتیان: «ئەم شوێنە چۆڵە، و ئێستا کاتیش درەنگە. 36هەموویان بەڕێ بکە تاکو بچنە ئەم کێڵگە و گوندانەی دەوروبەر خواردن بۆ خۆیان بکڕن».37وەڵامی دانەوە فەرمووی: «شتێکیان پێبدەن با بیخۆن!» پێیان گوت: «ئایا بچین بایی دوو سەد دینار نانیان بۆ بکڕین و بیاندەینێ تاکو بیخۆن؟» 38لێی پرسین: « چەند نانتان لایە؟ بڕۆن و سەیری بکەن». کە زانییان، گوتیان: «پێنج، و دوو ماسی!»39ئینجا فەرمانی پێدان خەڵکەکە بە کۆمەڵ کۆمەڵ لەسەر گیاکە دابنیشێنن. 40بە بازنە دانیشتن سەد سەد و پەنجا پەنجا. 41ئینجا یەشوا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت،و تەماشای ئاسمانی کرد وبەرەکتداری کرد و نانەکانی لەتکرد، و دایە قوتابییەکانی تاکو لەبەردەمی خەڵکەکە دایبنێن و دوو ماسییەکەشی بەسەر هەموویان دابەش کرد.42هەموو خواردیان و تێر بوون. 43پاشان دوازدە سەبەتەی پڕ لە پەلکەنان و ماسییان هەڵگرتەوە. 44ئەوانەی لە نانەکەیان خوارد، پێنج هەزار پیاو بوون.45لەو کاتەدا قوتابییەکانی ناچار کرد سواری بەلەمەکە بن و پێشی بکەون بۆ ئەوبەر، بۆ شارۆچکەی بێت سەیدا، هەتا خۆی خەڵکەکە بەڕێ بکات. 46دوای بەڕێکردنیان بۆ نزاکردن چووە سەر شاخ. 47کە ئێوارە داهات، بەلەمەکە لە ناوەڕاستی دەریاچەکە بوو، یەشوا بە تەنها لەسەر وشکانی بوو.48کە بینی قوتابییەکانی بەهۆی سەوڵ لێدانەوە ماندوو بوون، چونکە ڕەشەباکە پێچەوانەیان بوو، لە بەرەبەیان هاتە لایان، بەسەر دەریاچەکەدا ڕۆیشت و ویستی لێیان تێبپەڕێت. 49بەڵام کاتێک بینییان بەسەر دەریاچەکەدا دەڕوات، وایانزانی جنۆکەیە جا هاواریان کرد. 50چونکە هەموو بینییان و پەشۆکان. ئەو دەستبەجێ قسەی لەگەڵ کردن و پێیانی فەرموو: «ورەتان بەرز بێ، ئەوە منم، مەترسن!»51ئینجا رۆیشت بەرەو بەلەمەکە و ڕەشەباکە هێمن بۆوە. سەریان سووڕما، 52لەبەر ئەوەی لە پەرجووی نانەکان تێنەگەیشتبوون، دڵیان هەر ڕەق بوو.53کاتێک لەگەڵ قوتابییەکانی پەڕینەوە ئەوبەر، هاتنە خاکی کینەرەت، و لەنگەریان گرت. 54کاتێک لە بەلەمەکە دابەزین، خەڵک ئەویان ناسییەوە، 55چونکە پێشتر بەو ناوچانەدا گەڕابوون، و لە هەموو لایەکەوە دەیانبیست ئەوی لێیە ئەو نەخۆشانەی لە ناو جێگا کەوتبوون دەیانبردە لای.56بۆ هەر شوێنێک دەچوون، گوند و شارو کێڵگە، خەڵک نەخۆشەکانیان لە شوێنە گشتیەکان دادەنا، و لێی دەپاڕانەوە کە تەنها دەست لە داوێنی کەواکەی بدەن. جا هەموو ئەوانەی دەستیان لێی دەدا چاک دەبوونەوە.
1هەندێک لە فەریسی و مامۆستایانی تەورات کۆبوونەوە، لە یۆرشەلایمەوە هاتنە لای.2بینییان هەندێک لە قوتابییەکانی بە دەستی پیس نان دەخۆن، واتا بێ دەست شوشتن. 3چونکە فەریسی، و هەموو یەهوودیەکان، نان ناخۆن ئەگەربە باشی دەستیان نەشۆن، لەبەر ئەوەی پەیوەست بوون بە نەریتی پیرانەوە. 4هەروەها کاتێک لە بازاڕ دێنەوە، نان ناخۆن هەتا خۆیان نەشۆن. زۆر دابونەریتی دیکەش هەیە کە جێبەجێی دەکەن، وەک شۆردنی دەفر و پەرداخ و قاپە مسەکان.5لەوکاتەدا لێیان پرسی فەریسییەکان و مامۆستایانی تەورات : «بۆچی قوتابییەکانت لەسەر نەریتی پیران ناڕۆن، و بەڵکو بە دەستی پیس خواردن دەخۆن؟»6وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «ئیشایای پێغەمبەر سەبارەت بە ئێوەی دووڕوو پێشبینی باشی کردووە، وەک نووسراوە: ئەم گەلە هەر بە دەم ڕێزم لێ دەگرن، بەڵام دڵیان لێم دوورە. 7بێهودە دەمپەرستن لە کاتێکدا ئەوان رێنماییەکان دەزانن بەڵام تەنها ڕاسپاردەی مرۆڤانە فێری خەڵک دەکەن!8ئێوە ڕاسپاردەی خوداتان پشتگوێ خستووە و دەستتان بە نەریتی مرۆڤەوەکانەوە گرتووە!» 9پێی فەرموون: «باش ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە نەریتی خۆتان بکەن! 10موشە فەرموویەتی: ڕێز لە باوک و دایکت بگرە! هەروەها: هەرکەسێک سوکایەتی بە باوکی یان دایکی بکات، با مردن سزای بێت!11بەڵام ئێوە دەڵێن: ئەگەر یەکێک بە دایک یان باوکی بڵێت: ئەوەی لە منەوە سوودت لێی وەردەگرت دەیکەمە قوربانی، واتە پێشکەشکراو بۆ پەرستگا، 12ئیتر نایەڵن شتێک بۆ دایکی یان باوکی بکات! 13بەوشێوەیە دەسەڵاتی وشەی خودا ڕەت دەکەنەوە بە پێی ئەو نەریتەی کە لە یەکتری وەردەگرن . و زۆر شتی دیکەی وەک ئەمە دەکەن!»14کاتێک بۆ جاری دووەم جەماوەرەکەی بانگ کرد، پێی فەرموون: «هەمووتان گوێم لێ بگرن و تێبگەن! 15هەر شتێک لە دەرەوەی مرۆڤ بچێتە ناویەوە ناتوانێت پیسی بکات. سەبارەت بەو شتانەی کە لە مرۆڤەوە دێنە دەرەوە، ئەوانەن کە پیسی دەکەن. 16ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن، با ببیستێ».17کاتێک خەڵکەکەی بەجێهێشت و هاتە ماڵەوە، قوتابییەکانی دەربارەی نموونەکە پرسیاریان لێکرد، 18پێی فەرموون: «ئایا ئێوەش تێنەگەیشتوون؟ ئایا تێناگەن کە هەرچی لە دەرەوەی مرۆڤەوە دێتە ناویەوە ناتوانێت پیسی بکات، 19چونکە ناچێتە دڵییەوە بەڵکو سکی، پاشان دەچێتە دەرەوەی جەستەی؟» بەمەش ڕایگەیاند کە هەموو خواردنێک پاکە.20ئینجا فەرمووی: «ئەوەی لە مرۆڤ دەردەچێت، ئەوەیە مرۆڤ پیس دەکات. 21چونکە لە ناوەوە، لە دڵی مرۆڤەکانەوەیە، کە بیری خراپ و بێ رەوشتی، و دزی، و کوشتن سەرهەڵدەدەن.، 22داوێنپیسی، چاوچنۆکی، خراپەکاری، هەڵخەڵەتاندن، بەدڕەوشتی، بەڕەڵایی، چاوپیسی، کوفر، لووتبەرزی، گەمژەیی 23هەموو ئەم خراپانە لە ناخی مرۆڤەوە دەردەچن و پیسی دەکەن».24پاشان یەشوا ئەوێی بەجێهێشت و چوو بۆ هەرێمی سور. چووە ماڵێک و نەیویست کەس بزانێت. بەڵام نەیتوانی خۆی بشارێتەوە. 25لەبەر ئەوەی ژنێک کچەکەی گیانی پیسی تێدابوو کاتێک هەواڵی ئەوی بیست یەکسەر هات و لەبەرپێی کەوت، 26ژنەکەش کەنعانی بوو، لە ڕەگەزی فینیقیای سوریا بوو، داوای لێکرد گیانە پیسەکە لە کچەکەی دەربکات.27ئەویش پێی فەرموو: «با سەرەتا منداڵەکان تێربن! چونکە ناشێت نانی منداڵان ببرێت و فڕێبدرێت بۆ سەگ». 28بەڵام وەڵامی دایەوە پێی گوت: « ڕاستە گەورەم! سەگیش لەژێر خواندا لە پاشماوەی منداڵان دەخوات!»29پێی فەرموو: «لەبەر ئەم قسەیە، بڕۆ گیانە پیسەکە لە کچەکەت دەرچوو!» 30کاتێک ژنەکە گەڕایەوە ماڵەوە، بینی منداڵەکە لەسەر جێگاکەی پاڵکەوتووە و خێوەکەی لێ دەرچووبوو.31پاشان یەشوا دەوروبەری سوری بەجێهێشت و گەڕایەوە بۆ دەریاچەی گەلیلی،بە سیدۆندا ڕۆیشت و سنوری دە شارەکەی تێپەڕاند. 32پیاوێکی کەڕ و لاڵیان بۆ هێنا، و لێی پاڕانەوە دەستی لەسەر دابنێ.33بۆیە لە خەڵکەکە دووری خستەوە. پەنجەکانی خستە گوێی کابرا، پاشان تفی کرد و دەستی لە زمانیدا، 34و سەری بەرز کردەوە بۆ ئاسمان، ئاهێکی هەڵکێشا و پێی گوت: «ئاڤاتا!» واتە بکرێرەوە. 35دەستبەجێ گوێیەکانی کرانەوە و زمانی بەربوو، و بە ڕەوانی قسەی کرد.36ئینجا ڕایسپاردن بە کەس نەڵێن. بەڵام چەند ڕایدەسپاردن، ئەوان زیاتر بڵاویان دەکردەوە. 37زۆر سەرسام بوون، و دەیانگوت: «هەموو شتێکی بە باشی کردووە. وا دەکات کەڕ ببیستێ و لاڵ قسە بکات».
1لەو ڕۆژانەدا، کۆمەڵە خەڵکێکی زۆری دیکە کۆبوونەوە، لەبەر ئەوەی هیچیان نەبوو بیخۆن، یەشوا قوتابییەکانی بانگ کرد و پێی فەرموون: 2«بەزەییم بەم خەڵکدا دێتەوە چونکە سێ ڕۆژە لەگەڵمن و هیچیان نییە بیخۆن. 3وە ئەگەر بە ڕۆژوەوە بیانێرمەوە بۆ ماڵەکانیان، لە رێگا هێزیان نامێنێت، و هەندێکیشیان لە دوورەوە هاتوون». 4قوتابییەکانی پێیان گوت: «چۆن کەسێک ئەم خەڵکە بە نان تێر بکات لێرە لەم شوێنە چۆڵە؟»5لێی پرسین: «چەند نانتان پێیە؟» وەڵامیان دایەوە: «حەوت!» 6فەرمانیدا خەڵکەکە لەسەر زەوی دابنیشن. حەوت نانەکەی هەڵگرت، و سوپاسی کرد، و شکاندی و دایە قوتابییەکان بۆئەوەی بیدەن بە خەڵکەکە، ئەوانیش کردیان7هەروەها چەند ماسییەکی بچووکیشیان پێی بوو، ئەویش بەرەکەتداری کرد و فەرمانی دا کە بیدەن بە خەڵکەکە. 8خواردیان هەتا تێربوون. دوایی حەوت سەبەتەی پڕ پەلکەنانیان هەڵگرتەوە. 9ژمارەی ئەوانەی ئامادەبوون نزیکەی چوار هەزار کەس دەبوون. پاشان بەرێی کردن، 10لەو کاتەدا لەگەڵ قوتابییەکانی سواری بەلەمەکە بوو، و هاتە ناوچەی دەلمانووتە.11فەریسییەکان هاتن و لەگەڵی دەستیان بە مشتومڕکرد، هەروەها بۆ ئەوەی تاقی بکەنەوە داوای پەرجوویەکی ئاسمانیان لێکرد. 12بۆیە بە ناڕەحەتی ئاهێکی هەڵکێشا، و فەرمووی: «بۆچی ئەم نەوەیە داوای نیشانە دەکات؟ ڕاستیتان پێ دەڵێم: هیچ نیشانەیەک بەم نەوەیە نادرێت!» 13پاشان بەجێی هێشتن و سواری بەلەمەکە بوو و پەڕینەوە بۆ کەناری بەرامبەر.14قوتابییەکان لەبیریان چووبوو لەگەڵ خۆیان نان بهێنن، لە بەلەمەکەدا تەنها یەک نانیان پێبوو. 15ڕایسپاردن فەرموی : «وریابن! ئاگاداری هەویر ترشی فەریسییەکان و هەویر ترشی هێرۆد بن».16ئەوانیش لەگەڵ یەکتردا دەمەقاڵەیان دەکرد، و گوتیان: «چونکە نانمان نییە». 17یەشوا کە بەمەی زانی، پێی فەرموون: «بۆچی لەبەر ئەوەی نانتان نییە لەگەڵ یەکتردا دەمەقاڵە دەکەن؟ ئایا تا ئێستا هەست ناکەن و تێناگەن؟ ئایا هەتا ئێستا دڵتان هەرڕەقە؟18چاوتان هەیە، نابینن؟ گوێتان هەیە، نابیستن؟ هەروەها بیرتان نایەتەوە؟ 19کاتێک پێنج نانەکەم شکاند بۆ پێنج هەزارەکە ، چەند سەبەتەی پڕ لە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟»وەڵامیان دایەوە: «دوازدە».20«کاتێک حەوت نانەکەم شکاند بۆ چوارهەزارەکە، چەند سەبەتەی پڕلە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟» وەڵامیان دایەوە: «حەوت!» 21ئینجا پێی فەرموون: «چۆن هێشتا تێنەگەیشتوون؟»22کاتێک لەگەڵ قوتابییەکانی هاتنە بێت سەیدا، کەسێکی نابینایان هێنایە لای لێی پاڕانەوە دەستی لەسەر دابنێت. 23بۆیە دەستی نابیناکەی گرت و لە گوندەکە بردییە دەرەوە، و دوای ئەوەی تفی لە سەرچاوەکانی دانا، دەستی خستە سەر و لێی پرسی: « ئایا هیچ دەبینیت؟»24سەری بەرز کردەوە، و گوتی: «خەڵک دەبینم،وەک درەخت، دەڕۆن». 25دیسان دەستی خستەوە سەر چاوەکانی، و بە وردی سەیری کرد، و تەندرووستی بۆ گەڕایەوە و هەموو شتێکی بە ڕوونی بینی. 26بۆیە ناردی بۆ ماڵەوە و فەرمووی: « مەچۆ ژوورەوە تەنانەت بۆ ناو گوندیش!»27پاشان یەشواو قوتابییەکانی بەرەو گوندەکانی کەیسەرییەی فیلیپۆس بەڕێکەوتن. لە ڕێگا، لە قوتابییەکانی پرسی: « خەڵک دەڵێن من کێم؟» 28وەڵامیان دایەوە: «(هەندێک دەڵێن) یۆخەنانی لەئاوهەڵکێش، هەندێکیش دەڵێن ئیلیا، هەندێکی تریش دەڵێن یەکێکە لە پێغەمبەران».29لێی پرسین: «ئەی ئێوە، دەڵێن من کێم؟» پەترۆ وەڵامی دایەوە: «تۆ مەسیحەکەیت!» 30بۆیە ئاگاداری کردنەوە ئەم بابەتە بەکەس نەلێن.31ئینجا فێری کردن کە ڕۆڵەی مرۆڤ دەبێت زۆر ئازار بچێژێت، پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ڕەتی بکەنەوە، بکوژرێت، و دوای سێ ڕۆژ هەستێتەوە. 32قسەکەی ئەوەندە بە ئاشکرا کرد. کە پەترۆ هێنایە ئەم لاوە و دەستی کرد بە لۆمە کردنی.33بەڵام ڕووی کردە قوتابییەکانی و پەترۆی سەرزەنشت کرد و فەرمووی: «لەبەرچاوم لاچۆ ئەی شەیتان، تۆ بیر لە شتە خوداییەکان ناکەیتەوە بەڵکو شتی مرۆڤانە!» 34ئینجا خەڵکەکە و قوتابییەکانی بانگکرد، و پێی فەرموون: «ئەگەر کەسێک دەیەوێت ببێتە قوتابی من، با نکۆڵی لە خۆی بکات، و خاچەکەی هەڵبگرێت، و دوام بکەوێت.35ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات، دەیدۆڕێنێت. بەڵام ئەوەی لە پێناوی من و مزگێنییەکەم ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری دەکات. 36چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەرهەموو جیهان بباتەوە و خۆی بدۆڕێنێت؟ 37یان مرۆڤ لە بەرامبەر ژیانی خۆیدا چ بەهایەک دەدات؟38ئەوەی لەلای ئەم نەوە داوێنپیس و گوناهبارە شەرمی بە من و بە وتەکانم بێت، ڕۆڵەی مرۆڤیش شەرمی پێی دەبێت کاتێک لە شکۆمەندی باوکی لەگەڵ فریشتە پیرۆزەکاندا دێتەوە».
1پاشان پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەندێک لەوانەی لێرە ڕاوەستاون، مردن ناچێژن هەتا شانشینی خودا نەبینن کە بە هێزەوە دێت.» 2دوای شەش ڕۆژ، یەشوا پەترۆ و یاکوڤ و یۆخەنای لەگەڵ خۆی بە تەنها برد، بۆ سەر چیایەکی بەرز، لەوێ لەپێشیان شێوەی گۆڕدرا، 3جلەکانی لە بەفر سپیتر بوون، چونکە هیچ سپیکەرەوەیەکی سەر زەوی نەیدەتوانی شتێک وەک ئەمە سپی بکاتەوە.4ئینجا ئیلیا و موشەیان بۆ دەرکەوت لەگەڵ یەشوادا گفتوگۆیان دەکرد. 5ئینجا پەترۆ بە یەشوای گوت: « گەورەم، چەندە باشە بۆ ئێمە لێرە بمێنینەوە. با سێ چادرهەڵبدەین: یەکێکیان بۆ تۆ، یەکێکیان بۆ موشە، ئەویتریش بۆ ئیلیا!» 6نەیدەزانی چی دەڵێت، چونکە ترس دایگرتبوون.7هەورێکیش هات و باڵی بەسەریاندا کێشا، دەنگێک لە هەورەکەوە هات: «ئەمە ڕۆڵەی خۆشەویستمە. گوێی لێ بگرن!» 8کاتێک لەناکاو سەیری دەوروپشتیان کرد لە یەشوا زیاتر کەسیان لەگەڵ خۆیان نەبینی.9کاتێک لە چیاکە دەهاتنە خوارەوە، یەشوا رایسپاردن ئەوەی بینییان بە کەسی نەڵێن، هەتا ڕۆڵەی مرۆڤ لەناو مردووان هەڵدەستێتەوە. 10ئەوانیش ڕاسپاردەکەیان ئەنجامدا، پاشان لەنێو خۆیاندا پرسیاریان لە یەکتر کرد «مانای هەستانەوە لە نێومردوان چیە؟»11جا پرسیاریان لێکرد: «بۆچی مامۆستایانی تەورات دەڵێن دەبێت لە پێشدا ئیلیا بێت؟» 12وەڵامی دانەوە: «ڕاستە، ئیلیا دێت و هەموو شتێک چاک دەکاتەوە. هەروەها لە پەرتووکەکەدا هاتووە کە ڕۆڵەی مرۆڤ دەبێت ئازاری زۆر بچێژێت و بێ ڕێزی پێ بکرێت . 13بەڵام پێتان دەڵێم: ئیلیا پێشترهات، و چییان ویست پێیان کرد، هەروەک چۆن لەبارەی ئەو لە پەرتووکەکەدا هاتوە!»14کاتێک هاتنەوە لای قوتابییەکانی تر، خەڵکێکی زۆریان لە دەوروپشتیان بینی و مامۆستایانی تەوراتیش دەمەقاڵێیان لەگەڵ دەکردن. 15کە هەموو خەڵکەکە بینیان، سەرسام بوون بە پەلە سڵاویان لێکرد. 16لێی پرسین: «لەسەر چی دەمەقاڵەیان لەگەڵ دەکەن؟»17یەکێک لە خەڵکەکە وەڵامی دایەوە و گوتی : «مامۆستا، کوڕەکەم هێناوەتە لات گیانێکی لاڵی تێدایە، 18هەر کاتێک دەستی بەسەردا دەگرێت، دەکەوێتە سەر زەوی دەمی کەف دەکات و ددانەکانی جیڕدەکاتەوە و ڕەق دەبێت. داوام لە قوتابییەکانت کرد دەریبکەن، نەیانتوانی». 19وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «ئەی نەوەی بێباوەڕ! هەتا کەی لەگەڵتان بمێنمەوە؟ هەتا کەی بەرگەتان بگرم؟ منداڵەکە بهێننە لام!»20ئەوانیش هێنایانە لای. کە گیانە پیسەکە یەشوای بینی، دەستبەجێ منداڵەکە فێی لێهات و کەوتە سەر زەوی، دەگەوزا و کەف لە دەمیەوە دەهات. 21لە باوکی منداڵەکەی پرسی: «لە کەیەوە وای لێهاتووە؟» وەڵامی دایەوە: « لە کاتی منداڵیەوە. 22زۆرجار فڕێیداوەتە ناو ئاگر و ناو ئاو بۆ ئەوەی لەناوبچێت. ئەگەر دەتوانی هەرشتێکت هەیە، بۆیە بەزەییت پێماندا بێتەوە و یارمەتیمان بدە!»23یەشوا پێی فەرموو: «بەڵام ئەگەر توانیت باوەڕت هەبێت، بۆ باوەڕدار هەموو شتێک دەبێت!» 24دەستبەجێ باوکی منداڵەکە هاواری کرد: «باوەڕم هەیە، باوەڕەکەم بە هێز بکە». 25یەشواکە بینی خەریکە قەرەباڵغ دەبێت، لە گیانە پیسەکەی ڕاخوڕی: «ئەی گیانی کەڕولاڵ، فەرمانت پێ دەکەم، لێی وەرە دەرەوە وچیتر مەچۆرەوە ناوی!»26ئینجا گیانە پیسەکە هاواری کرد و بە توندی فێی لێهێنا، وپاشان هاتە دەرەوە. کوڕەکەش وەک ئەوەی مردبێت، تەنانەت زۆر کەس گوتیان: «مرد!» 27بەڵام کاتێک یەشوا دەستی گرت و هەڵیستاندوە، و ڕاوەستا.28کاتێک یەشوا چووە ناو ماڵەکە، قوتابییەکانی بە تەنیا لێیان پرسی: «بۆچی ئێمە نەمانتوانی گیانە پیسەکە دەریبکەین؟» 29پێی فەرموون: «ئەم جۆرانە دەرناکرێن تەنها بە نزا و ڕۆژوو نەبێت!»30لەوێش ڕۆیشتن و بە ناوچەی گەلیلیدا تێپەڕین، ئەویش نەیدەویست کەس لەبارەیەوە بزانێت، 31یەشوا نەیویست کەس بزانێت، چونکە قوتابییەکانی فێردەکرد و پێی دەفەرموون: « ڕۆڵەی مرۆڤ دەدرێتە دەست خەڵک، و دەیکوژن، دوای کوشتنی لە ڕۆژی سێهەمدا هەڵدەستێتەوە ». 32بەڵام ئەوان لە وتەکەی تێنەگەیشتن، و ترسان پرسیاری لێ بکەن.33ئینجا هاتنە کەفەرناخوم. کە گەیشتە ماڵەوە، لە قوتابییەکانی پرسی: «بۆچی لە ڕێگادا مشتومڕتان دەکرد؟» 34بۆیە بێدەنگ بوون، چونکە لە ڕێگادا مشتومڕیان لەسەر ئەوە دەکرد کە کامیان پایەبەرزترینە. 35بۆیە دانیشت، و دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، پێی فەرموون: «ئەوەی دەیەوێت یەکەم بێت، با خۆی بکاتە دواهەمین و خزمەتکاری هەمووان بێت!»36پاشان کوڕێکی بچووکی برد و لە ناویاندا ڕایگرت، و لە باوەشی گرت، و پێی فەرموون: 37«ئەوەی بە ناوی منەوە یەکێک لەم منداڵانە پەسەند بکات، ئەوە منی پەسەند کردوە. ئەوەی من پەسەند بکات، تەنها منی پەسەند نەکردوە، بەڵکو ئەوەی کە ناردوومی».38یۆخەنا پێی گوت: «مامۆستا، یەکێکمان بینی بە ناوی تۆوە گیانی پیسی دەردەکرد، ئێمەش ڕێمان لێ گرت، چونکە شوێنمان ناکەوێت!» 39یەشوا فەرمووی: «ڕێی لێ مەگرن! کەس نییە بە ناوی منەوە پەرجوو بکات و بتوانێت لەدوای ماوەیەکی کورت بە خراپە باسم بکات.40ئەوەی دژی ئێمە نییە لەگەڵمانە. 41ئەوەی بە ناوی منەوە جامێک ئاوتان بداتێ چونکە ئێوە هی مەسیحن، بەڕاستی پێتان دەڵێم پاداشتی ون نابێت!42ئەوەی بیەوێت ببێتە کۆسپ بۆئەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە، باشترە بۆی بەرداشێکی گەورە بە ملیەوە هەڵبواسرێت و بخرێتە ناو دەریاوە. 43ئەگەر دەستت تەڵەیەک بوو بۆت، بیبڕە: بۆ تۆ باشترە بە دەستێکەوە بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی دوو دەستت هەبێت و بچیتە دۆزەخ، بۆ ناو ئاگرێکی نەکوژاوە 44لەوێ کرمەکان نامرێت، و ئاگرەکە ناکوژێتەوە45ئەگەر پێت تەڵەیە بۆت، بیبڕە: باشترە بۆت بچیتە ژیانەوە بە پێی بڕاوەوە، لەوەی دوو پێت هەبێت و فڕێ بدرێتە دۆزەخەوە، بۆ ناو ئاگرێکی نەکوژاوە. 46لەوێ کرمەکانیان نامرێت و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.47ئەگەر چاوت تەڵە بوو بۆت، دەریبهێنە: باشترە بە یەک چاو بچیتە ناو شانشینی خودا، لەوەی دوو چاوت هەبێت، فڕێ بدرێیتە ناو ئاگری دۆزەخەوە. 48لەوێ کرمەکانیان نامرێت، و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.49هەموو کەسێک بە ئاگر سوێر دەکرێت. 50خوێ باشە، بەڵام ئەگەر خوێ سوێرییەکەی نەما، چۆن دەتوانی تامەکەی بدەیتەوە؟ با خوێتان تێدابێت و لەگەڵ یەکتری لە ئاشتیدا بن!»
1پاشان ئەو ناوچەیەی بەجێهێشت و هاتە دەوروبەری ناوچەی یەهودیا و ئەودیوی ڕووباری ئەردەن. دووبارە خەڵک لێی کۆبوونەوە ئەویش وەک نەریتی خۆی دەستی کرد بە فێرکردنیان. 2هەندێک فەریسی هاتن و بۆ تاقیکردنەوە پرسیاریان لێی کرد: «ئایا دروستە مێرد ژنەکەی تەڵاق بدات؟» 3وەڵامی دانەوە پرسیاری لێ کردن: 4«موشە بە چی رایسپاردوون؟» گوتیان: «موشە ڕێی داوە پیاو تەڵاقنامە بنووسێت و ژنەکەی تەڵاق بدات».5یەشوا وەڵامی دایەوە: «بەهۆی دڵ ڕەقیتانەوە موشە ئەم ڕاسپاردەیەی بۆ نووسین. 6بەڵام لە سەرەتای بەدیهێنانەوە خودا مرۆڤی بە نێر و مێ بەدیهێنا.7بۆیە پیاو باوک و دایکی بەجێدەهێڵێت و لەگەڵ ژنەکەیدا یەکدەگرێت، 8کەواتە هەردووکیان دەبنە یەک جەستە. ئیتر دوو کەس نین بەڵکو یەک جەستەن. 9ئەوەی خودا بەیەکی گەیاندوون با مرۆڤ جیای نەکاتەوە».10وە لە ماڵەوە، قوتابییەکان دیسان سەبارەت بەو بابەتە پرسیاریان لێکرد . 11پێی فەرموون: « ئەوەی کە ژنەکەی تەڵاق بدات، و یەکێکی تر بهێنێت ئەوا داوێنپیسی لەگەڵ دەکات. 12ئەگەر ژن لە مێردەکەی تەڵاق وەربگرێت و مێرد بە یەکێکی تر بکات، ئەوا داوێنپیسی دەکات!»13هەندێکیان منداڵی بچووکیان بۆ هێنا تا دەستیان لێبدات. بەڵام قوتابییەکان سەرزەنشتیان کردن. 14کە یەشوا ئەمەی بینی، تووڕە بوو پێی فەرموون: «با منداڵە بچووکەکان بێنە لام ، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی خودا هی وەک ئەمانەیە!15بەڕاستی پێتان دەڵێم: ئەوەی وەک منداڵێکی بچووک شانشینی خودا وەرنەگرێت، هەرگیز ناچێتە ناویەوە!» 16پاشان منداڵەکانی لە باوەش گرت و دەستی لەسەریان دانا و بەرەکەتداری کردن.17کاتێک خەریک بوو دەڕۆیشت، پیاوێک بە پەلە بەرەو ڕووی هات کڕنۆشی بۆ برد و لێی پرسی: « ئەی مامۆستای چاک، چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟» 18یەشوا پێی فەرموو: «بۆچی بە چاک ناوم دەبەیت؟ تەنها یەک کەس چاکە، وئەویش خودایە. 19تۆ ڕاسپاردەکان دەزانیت: مەکوژە؛ داوێنپیسی مەکە؛ دزی مەکە؛ شایەتی درۆ مەدە؛ ستەم مەکە؛ ڕێز لە باوکت و دایکت بگرە!»20ئینجا وەڵامی دایەوە و گوتی: « لە منداڵییەوە هەموو ئەم کارانەم ئەنجام داوە» 21یەشوا سەیری کرد و خۆشیویست، پێی فەرموو: «شتێکت کەمە: بڕۆ، هەموو ئەوەی هەتە بیفرۆشە، و بیدە بە هەژاران، بەمە گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت، ئینجا وەرە شوێنم بکەوە». 22بەم قسەیە غەمبار بوو بە دڵتەنگییەوە ڕۆیشت، چونکە سامانێکی زۆری هەبوو.23یەشوا سەیری دەوروپشتی کرد و بە قوتابییەکانی فەرموو: «زۆرقورسە بۆ دەوڵەمەندان بچنە ناو شانشینی خودا!» 24قوتابییەکان لە قسەکانی سەرسام بوون. بەڵام یەشوا دیسان پێی فەرموون: «ڕۆڵەکانم، چەندە قورسە بۆ ئەوانەی پشت بە پارە دەبەستن بچنە ناو شانشینی خوداوە! 25ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزیدا تێپەڕێت، لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە».26جا زۆر سەرسام بوون، و بە یەکتریان گوت: «کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟» 27یەشوا سەیری کردن و فەرمووی: «لەلای مرۆڤەکان ئەمە ئاستەمە، بەڵام لای خودا نا. چونکە هەموو شتێک لەلای خودا دەبێت!» 28پەترۆ گوتی: «ئەوەتا ئێمە هەموو شتێکمان بەجێهێشت و شوێنت کەوتین.»29یەشوا وەڵامی دانەوە : «ڕاستیتان پێ دەڵێم: کەس نییە لە پێناوی من و مزگێنییەکەم ماڵ وبرا و خوشک و دایک و باوک و منداڵ یان کێڵگەی بەجێ هێشتبێت، 30ئێستا لەم سەردەمە سەد هێندە وەرنەگرێتەوە، لە ماڵ وبرا وخوشک ودایک ومنداڵ و کێڵگە لەگەڵ پاداشی چەوسانەوەکەی، وە لە ڕۆژی کۆتایی ژیانی هەتاهەتایی پێدەدرێت. 31بەڵام زۆر لە یەکەمینەکان دەبنە دواهەمین، و دواهەمینەکانیش دەبنە یەکەمین!»32لە ڕێگاوە سەردەکەوتن بەرەو یۆرشەلایم ، یەشوا پێشیان کەوتبوو، قوتابییەکانیش سەرسام ببوون، ئەوانەی شوێنی دەکەوتن دەترسان. جارێکیتر، دوازدە قوتابییەکەی جیا کردەوە، ئاگاداری کردنەوە لەوەی کە چی بەسەردێت، فەرمووی: 33«ئەوەتا ئێمە بەرەو یۆرشەلایم سەردەکەوین، ڕۆڵەی مرۆڤ ڕادەستی سەرۆک کاهینەکان و زانایانی تەورات دەکرێت، ئینجا سزای مردنی دەدەن، دەیدەنە دەست نەتەوەکان، 34گاڵتەی پێ دەکەن، و تفی لێدەکەن، و بە قامچی لێی دەدەن، و دەیکوژن. دوای سێ ڕۆژهەڵدەستێتەوە!»35یاکۆڤ و یۆخەنا کوڕەکانی زەڤدی، هاتنە لای و پێیان گوت: «مامۆستا، دەمانەوێت داوای هەرچییەک دەکەین بۆمان بکەیت». 36لێی پرسین: «ئارەزوی چیتان هەیە بۆتان بکەم؟» 37وەڵامیان دایەوە: «رێگەمان بدە لە شکۆمەندییەکەتدا دابنیشین: یەکێک لە دەستی ڕاستت، یەکێک لە دەستی چەپت!»38یەشوا پێی فەرموون: «نازانن داوای چی دەکەن: ئایا دەتوانن ئەو جامە بخۆنەوە کە من دەیخۆمەوە، یان دەتوانن خۆتان لەو ئازارانەدا نوقم بکەن کە من تێیاندا نوقم دەبم؟» 39وەڵامیان دایەوە: «دەتوانین!» یەشوا وەڵامی دانەوە: «ئەو جامەی من دەیخۆمەوە، ئێوەش دەیخۆنەوە، وە ئەو ئازارانەی کە من تێیاندا نوقم دەبم ئێوەش تێیاندا نوقم دەبن. 40بەڵام دانیشتن لەلای ڕاست و چەپمەوە، ئەوە بۆ من نییە بیدەم تەنها بۆ ئەوانەی کە بۆیان ئامادە کراوە».41کاتێک دە قوتابییەکەی دیکە ئەمەیان بیست، ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر یاکوڤ و یۆخەنا. 42بەڵام یەشوا بانگی کردنە لای خۆی و پێی فەرموون: « دەزانن ئەوانەی بە فەرمانڕەوای نەتەوەکان دادەنرێن فەرمانڕەواییان بەسەردا دەکەن، و گەورەکانیان دەسەڵاتیان بەسەریاندا دەسەپێنن.43با ئەمە لە نێوان ئێوەدا نەبێت، ئەوەی دەیەوێ لە نێوانتاندا مەزنترین بێت، با ببێتە خزمەتکارتان، 44هەرکەسێک دەیەوێت یەکەمین بێت لە نێوانتاندا، با خزمەتکاری هەمووان بێت. 45چونکە تەنانەت ڕۆڵەی مرۆڤیش نەهاتووە تاکو خزمەت بکرێت، بەڵکو هاتووە بۆ خزمەتکردن وبەخت کردنی خۆی لە پێناوی زۆرینەدا».46پاشان گەیشتنە یەریخۆ. لەو کاتەی خۆی و قوتابییەکانی، و خەڵکێکی زۆر لە یەریخۆ هاتنە دەرەوە، بارتیماوسی کوێر – کوڕی سیمائۆس، لە لای ڕێگاکە دانیشتبوو و سواڵی دەکرد. 47کە بیستی ئەوە یەشوای ناسیرەییە، هاواری کرد: «یەشوا کوڕی داڤید، بەزەییت پێمدا بێتەوە!» 48زۆر کەس سەرزەنشتیان کرد کە بێدەنگ بێت، بەڵام ئەو زیاتر هاواری دەکرد: «ئەی کوڕی داڤید، بەزەییت پێمدا بێتەوە».49یەشوا ڕاوەستا و فەرمووی: «بانگی بکەن!» ئەوانیش نابیناکەیان بانگکرد و پێیان گوت: «هەستە، و ورەت بەرز بێت! بانگت دەکات!» 50ئیترهەستا و هاتە لای یەشوا و کەواکەی فڕێدا.51یەشوا لێی پرسی: «چیت دەوێ بۆت بکەم؟» نابیناکە پێی گوت: «گەورەم، دەمەوێ ببینم!» 52یەشوا پێی فەرموو: «بڕۆ! باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە». دەستبەجێ بینی، و بە ڕێگادا دوای یەشوا کەوت.
1هەر کە لە یۆرشەلایم نزیک بوونەوە، گەیشتنە گوندی بێت فاگە و گوندی بێت ئەنیا، لەلای چیای زەیتوون، یەشوا دووان لە قوتابییەکانی نارد، 2پێی فەرموون: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، لەگەڵ چوونە ژوورەوەتان بۆ ئەوێ، دەبینن جاشکێک بەستراوەتەوە هەتا ئێستا کەس سواری نەبووە: بیکەنەوە و بیهێننە ئێرە. 3ئەگەر یەکێک پێی گوتن: بۆچی ئەم كارە دەکەن؟ بڵێن: پەروەردگارمان پێویستی پێیەتی، زوو دەینێرێت بۆ ئێرە».4کاتێک ڕۆیشتن، بینییان لەبەر دەرگای ماڵێک وا جاشکەکە لەسەر ڕێگاکە بەستراوەتەوە، ئەوانیش کردیانەوە. 5هەندێک لەوانەی لەوێ وەستابوون پێیان گوتن: «چی دەکەن؟ بۆچی جاشکەکە دەکەنەوە؟» 6ئەوانیش وەڵامیان دایەوە وەک ئەوەی یەشوا پێی ڕاسپارد بوون ئیتر ڕێگەیاندان.7ئینجا جاشکەکەیان هێنایە لای یەشوا ، و جلەکانیان لەسەر دانا، ئەویش سواری بوو. 8خەڵکێکی زۆریش جلەکانیان لەسەر ڕێگاکە ڕاخست و هەندێکی تریان بە لق و پۆپی دارەکان کە لە کێڵگەکان بڕیبوویان. 9ئەوانەی لە پێشییەوە دەرۆشتن و ئەوانەش کە لە پشتیەوە دەڕۆیشتن، هاواریان دەکرد: «هۆشیەنا! پیرۆزە ئەوەی بە ناوی پەروەردگارەوە دێت! 10پیرۆزە شانشینی داڤیدی باوکمان کە دێت! هۆشیەنا لە بەرزتریندا!»11پاشان یەشوا چووە ناو یۆرشەلایم، تا هاتە ناو پەرستگا، تەماشای هەموو ئەو شتانەی دەکرد کە تێیدا دەگوزەرێت. کاتێک ئێوارە هات، لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە چوو بۆ بێت ئەنیا. 12ڕۆژی دواتر، کە بێت ئەنیا یان بەجێهێشت، برسی بوو.13دارهەنجیرێکی لە دوورەوە بینی گەڵای کردبوو، چووە لای بەو هیوایەی هەندێک بەروبوومی پێوە بێت. کە گەیشتە لای لە گەڵا زیاتر هیچی پێوە نەبینی، چونکە وەرزی هەنجیر نەبوو. 14پێی فەرموو: «ئیترکەس لەبەروبوومت ناخوات لە ئێستاوە بۆهەتاهەتایە !» و قوتابییەکانیشی گوێیان لێبوو.15هاتنە یۆرشەلایم، یەشوا چووە ناو پەرستگا و ئەوانەی لەوێ خەریکی کڕین و فرۆشتن بوون لە حەوشەی پەرستگا دەریکردن، مێزی پارەگۆڕەکان و کورسی ئەو کەسانەی کە کۆتریان دەفرۆشت هەڵیگێڕاندەوە. 16هەروەها ڕێگەی نەدەدا کەس بە کەلوپەلەوە بەناو پەرستگاکەدا تێپەڕێت.17فێری کردن و دەیفەرموو: «وەک نووسراوە: ماڵەکەم بە ماڵی نزا ناودەبردرێت لەلایەن هەموو نەتەوەکانەوە؟ بەڵام ئێوە کردووتانە بە ئەشکەوتی دزەکان!» 18سەرۆک کاهینەکان، و مامۆستایانی تەورات گوێیان لێبوو، بیریان دەکردەوە چۆن لەناوی ببەن: چونکە لێی دەترسان، لەبەر ئەوەی هەموو خەڵکەکە سەریان سوڕمابوو لە فێرکارییەکانی. 19کاتێک ئێوارە هات، چوونە دەرەوەی شار.20سبەی بەیانی زوو بەلایدا تێدەپەڕین، دار هەنجیرەکەیان بینی لە ڕەگەوە وشک بووە. 21پەترۆ بیری کەوتەوە و گوتی: «مامۆستا، سەیرکە! ئەو دارهەنجیرەی کە نەفرەتت لێکرد وشک بووەوە!»22یەشوا وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «باوەڕتان بە خودا هەبێت! 23ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی بەم شاخە بڵێ: هەڵبکەنرێ و بکەوە ناو دەریاوە! و لە دڵیدا گومان ناکات، بەڵکو باوەڕی بەوە بێت کە دەیڵێت ڕوودەدات، ئەوەی دەیڵێت بۆی دەکرێت.24لەبەرئەوە پێتان دەڵێم: ئەوەی داوای دەکەیت و نزای بۆ دەکەیت، کەواتە باوەڕت بەوە هەبێت کە بەدەستت هێناوە، بۆت بەدی دێت. 25کاتێک بۆ نزا کردن دەوەستن، ئەگەر شتێکتان هەیە بەرامبەر بە کەسێک لێی خۆشبن، بۆ ئەوەی باوکتان لە ئاسمانەکان لە تاوانەکانتان خۆش بێت. 26بەڵام، ئەگەر ئێوە لێی خۆش نەبن، باوکی ئاسمانیشتان لە تاوانەکانتان خۆش نابێت».27پاشان جارێکی تر گەڕانەوە بۆ یۆرشەلایم. کاتێک لە پەرستگاکەدا دەگەڕا، کاهینانی باڵا، و مامۆستایانی تەورات، و پیران هاتنە لای، 28لێیان پرسی: « بە چ دەسەڵاتێک ئەو کارانە دەکەیت؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە تۆ داوە ئەم کارانە بکەیت؟»29یەشوا وەلامی دانەوە و پێی فەرموون: «منیش دەربارەی شتێک پرسیارێکتان لێ دەکەم. وەڵامم بدەنەوە، پێتان دەڵێم، بە چ دەسەڵاتێک ئەم کارانە دەکەم: 30ئایا لەئاوهەڵکێشانی یۆخەنان لە ئاسمانەوە بوو یان لە خەڵکەوە؟ وەڵامم بدەنەوە!»31بۆیە لە نێوان خۆیاندا ڕاوێژیان کرد، و گوتیان: «ئەگەر بڵێین: لە ئاسمانەوە بوو، دەڵێت: باشە بۆچی باوەڕتان پێی نەبوو؟ 32ئەگەریش بڵێین: لە خەڵکەوە بوو؟» ئەوان لە خەڵک دەترسان چونکە هەموویان یۆخەنانیان بە پێغەمبەرێکی ڕاستەقینە دەزانی. 33ئینجا وەڵامی یەشوایان دایەوە: «نازانین!» یەشوا پێی فەرموون: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەم کارانە دەکەم!»
1ئینجا بە نموونە قسەی لەگەڵ کردن وفەرمووی: «کابرایەک ڕەزێکی چاند، پەرژینێکی بە دەوریدا کرد، چاڵێکی بۆ ترێ گوشین تێدا هەڵکەند، و شوێنێکی بەرزی بۆ چاودێری دروست کرد. پاشان باخەکەی بە ڕەزەوانان سپارد، و گەشتی کرد. 2لە وەرزی خۆیدا ، خزمەتکارێکی بۆ لای ڕەزەوانەکان نارد تاکو بەشی خۆی لە بەروبوومی ڕەزەکە وەربگرێت. 3بەڵام گرتییان و لێیاندا و بە دەستی بەتاڵ ناردیانەوە.4خزمەتکارێکی دیکەی بۆلایان نارد، سەری ئەمیشیان شکاند وسووکایەتیان پێکرد و ناردیانەوە. 5یەکێکی دیکەشی نارد، ئەویشیان کوشت. زۆر خزمەتکاری دیکەشی نارد، لە هەندێکیان دا و هەندێکیان کوشت.6تەنها کوڕە خۆشەویستەکەی مابوو، لە کۆتاییدا ئەویشی بۆ لایان نارد، گوتی: ڕێز لە کوڕەکەم دەگرن! 7بەڵام ئەو ڕەزەوانانە بە یەکتریان گوت: ئەمە میراتگرەکەیە؛ وەرن با بیکوژین بۆ ئەوەی میراتەکە بەدەست بهێنین!8ئینجا گرتیان و کوشتیان و فڕێیان دایە دەرەوەی ڕەزەکە. 9کەواتە خاوەنی ڕەزەکە چی دەکات؟ دێت و ئەم ڕەزەوانانە لەناودەبات، و ڕەزەکە ئەداتە کەسانی تر.10ئەم نووسراوە پیرۆزەتان نەخوێندۆتەوە: ئەو بەردەی بیناسازەکان ڕەتیان کردەوە، بوو بە یەکەم بەردی بناغە. 11ئەمە لە پەروەردگارەوە بوو، لە چاوی ئێمەشدا سەرسوڕهێنەرە!» 12ئەوانیش هەوڵیان دا بیگرن، بەڵام لە خەڵکەکە ترسان، چونکە تێگەیشتن کە مەبەستی نموونەکە لەوانە، ئیتر وازیان لێ هێنا و ڕۆیشتن.13پاشان هەندێک لە فەریسییەکان و ئەندامانی سەربە هیرۆدیان بۆ نارد، بۆ ئەوەی بە وشەیەک کە دەیلێت توشی بکەن. 14هاتن و پێیان گوت: «مامۆستا، دەزانین تۆ ڕاستگۆیت، وە لە کەس سڵ ناکەیت، چونکە تۆ پێگەی کەس لەبەرچاو ناگریت، بەڵکو ڕێگای خودایان بەڕاستی فێردەکەیت: ئایا دروستە سەرانە بدرێتە قەیسەر یان نا؟ بیدەین یان نەیدەین؟» 15بە دووڕوویی ئەوانی زانی و پێی فەرموون: «بۆچی تاقیم دەکەنەوە؟ دینارێکم بۆ بهێنن با بیبینم!»16دینارێکیان بۆهێنا، پرسیاری لێکردن: «ئەمە وێنە و نەخشی کێی لەسەرە؟» وەڵامیان دایەوە: «هی قەیسەر». 17وەڵامی دانەوەو پێی فەرموون: «هی قەیسەر بدەن بە قەیسەر،ئەوەش هی خودایە بیدەنەوە بە خودا!» ئەوانیش سەرسام بوون.18هەندێک لە سەدوکیمەکان کە باوەڕیان بە زیندووبوونەوە نەبوو هاتنە لای، و لێیان پرسی و گوتیان: 19«مامۆستا، موشە بۆی نووسین: ئەگەر برای کەسێک مرد و ژنەکەی دوای خۆی بەجێهێشت بە بێ ئەوەی منداڵی هەبێت، ئەوا براکەی دەبێت لەگەڵ براژنەکەی هاوسەر گیری بکات و نەوە بخاتەوە لەسەر ناوی براکەی.20حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە بێ ئەوەی منداڵی هەبێت مرد، 21دووەم خواستییەوە وبەبێ ئەوەی هیچ نەوەیەک بخاتەوە مرد، سێهەمیش بە هەمان شێوە. 22بەم شێوەیە هەر حەوتەکە بەبێ ئەوەی نەوەیان بخەنەوە هێنایان. وە دوای ئەوانیش، هەروەها ژنەکەش مرد. 23لە ڕۆژی زیندووبوونەوەدا، کاتێک زیندوودەبنەوە، ژنەکە دەبێتە ژنی کامیان، چونکە ئەو ژنی هەرحەوتیان بووە؟»24یەشوایش وڵامی دانەوە پێی فەرموون: «ئایا پێتان وانیە لە تاریکیدان کە نە لە پەرتووکی پیرۆز و نە لە هێزی خودا تێناگەن؟ 25وە کاتێک مرۆڤەکان لە مردن هەڵدەستێندرێنەوە، نە ژن دەهێنن و نە مێرد دەکەن، بەڵکو وەک ئەو فریشتانە وان کە لە ئاسمانەکاندان.26بەڵام دەربارەی مردووان کە هەڵدەستنەوە، کەواتە ئەوەی لە پەڕتووکی موشەدا، لە باسی دەوەنەکە نەتانخوێندۆتەوە، خودا چۆن قسەی لەگەڵ کرد و پێی فەرموو: من خودای ئەڤراهام و خودای ئیتساخ و خودای یاکوڤم؟ 27چونکە خودای مردووەکان نییە، بەڵکو خودای زیندووەکانە. کەواتە ئێوە لە تاریکیەکی مەزندان!»28یەکێک لە مامۆستایانی تەورات گوێی لە مشتومڕیان بوو هاتە لایان، بینی کە بە باشی وەڵامی داونەتەوە، بۆیە لێی پرسی: «چ ڕاسپاردەیەک گرنگتر لە هەموو ڕاسپاردەکانە؟» 29یەشوا وەڵامی دایەوە: «لە هەموویان گرنگتر ئەمەیە: ئەی یەسرائیل گوێ بگرن، پەروەردگاری خودامان یەک پەروەردگارە 30کەواتە پەروەردگاری خودات بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو بیر و بە هەموو تواناتەوە خۆش بوێت. ئەمە ڕاسپاردەی یەکەمە. 31لەدوای ئەویش ئەمەیە، نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت، هیچ ڕاسپاردەیەک گەورەتر لەمانە نییە».32مامۆستاکەی تەوراتیش پێی گوت: «ڕاستە، مامۆستا! بەپێی ڕاستییەکە قسەت کردووە. کە یەک خودا هەیە و بێجگە لە ئەو هیچ خودایەکی دیکە نییە. 33خۆشت بوێت بە هەموو دڵ و بە هەموو تێگەیشتن و بە هەموو تواناتەوە، و خۆشویستنی نزیکەکەت وەک خۆت، شایستەترە لە هەموو قوربانی سووتاندن و پێشکەش کراوێک!» 34کاتێک یەشوا بینی کە بە ژیری وەڵامی داوەتەوە، پێی فەرموو: «تۆ لە شانشینی خودا دوور نیت!» دوای ئەوە کەس نەیوێرا هیچ پرسیارێکی لێ بکات.35یەشوا لە کاتی وانەگوتنەوە لە پەرستگا قسەی کرد، و فەرمووی: «مامۆستاکان چۆن دەتوانن بڵێن مەسیح کوڕی داڤیدە؟ 36داڤید خۆی بە گیانی پیرۆزگوتی: پەروەردگار بە پەروەردگارمی فەرموو: لە ڕاستەم دابنیشە هەتا دوژمنانت دەخەمە ژێر پێت! 37مادەم داڤید خۆی پێی بڵێت پەروەردگار ئیتر چۆن دەبێتە ڕۆڵەی؟» خەڵکەکە زۆربە خۆشحاڵیەوە گوێیان لێگرت.38لە فێرکارییەکانیدا دەیفەرموو: «ئاگاداری مامۆستایانی تەورات بن کە حەز دەکەن بە جلی سەرنج راکێشەوە بگەڕێن، و پێیان خۆشە لە شوێنە گشتیەکان سڵاویان لێ بکەن، 39و لە کەنیشتەکان لە ڕیزی پێشەوە دابنیشن، و لە ڕیزی یەکەمی ئاهەنگەکاندا بن. 40ماڵی بێوەژنەکان دەخۆن، و بۆ خۆدەرخستن نزاکانیان درێژ دەکەنەوە. ئەوانە سزای توند بەسەریاندا دەدرێت!»41یەشوا بەرامبەر گەنجینەی پەرستگا دانیشت، و سەیری کرد چۆن خەڵک پارە دەخەنە ناو گەنجینەکەوە. زۆرێک لە دەوڵەمەندەکان پارەیەکی زۆریان دەخستە ناوی. 42پاشان بێوەژنێکی هەژارهاتوو دوو فلسی دانا.43قوتابییەکانی بانگ کرد و پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەم بێوەژنە هەژارە لە هەموو ئەوانەی دیکە پارەی زیاتری خستە ناو گەنجینەکە: 44چونکە هەمووان لە زیادەی خۆیان بەخشییان، بەڵام ئەم بێوەژنە سەرەڕای هەژارییەکەی هەرچی هەیبوو بەخشی!»
1کاتێک لە پەرستگاکە دەچووە دەرەوە، یەکێک لە قوتابییەکانی پێی گوت: «ئەی مامۆستا، سەیری جوانی ئەم بەردانە و تەلارانە بکە!» 2یەشوا وەڵامی دایەوە: «ئەم تەلارە مەزنانە دەبینیت؟ لێرەدا بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت و هەمووی دەڕووخێت!»3کاتێک لەسەر کێوی زەیتوون بەرامبەر پەرستگاکە دانیشتبوو، پەترۆ و یاکوڤ و یۆخەنا و ئەندریا بە تەنها لێیان پرسی: 4« پێمان بڵێ کەی ئەمانە ڕوودەدەن، هەروەها نیشانەکانی پێش ئەو ڕووداوانە چین؟»5یەشوا وەڵامی دانەوەو فەرمووی: «ئاگادار بن! با کەس گومڕاتان نەکات! 6چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن، و دەڵێن ئەوین زۆر کەسیش گومڕا دەکەن.7بەڵام کاتێک گوێت لە شەڕ و دەنگۆی شەڕ دەبێت تووشی شڵەژان مەبن؛ چونکە دەبێت ئەمانە ڕووبدات، بەڵام هێشتا کۆتایی نییە. 8نەتەوە لە نەتەوە، شانشین لە شانشین هەڵدەگەڕێنەوە، لە زۆر شوێن بوومەلەرزە ڕوودەدات،وەک چۆن برسێتی ڕوودەدات، بەڵام ئەمە دەستپێکی ژانەکانە.9ئاگاداری خۆتان بن، چونکە ڕادەستی دادگا و کەنیشتەکان دەکرێن، و لێتان دەدرێت لە پێناوی مندا لەبەردەم فەرمانڕەوا و پاشایان ڕادەوەستێنرێن، وەک شایەتی بۆ ئەوان. 10هەروەها دەبێ یەکەم جار مزگێنییەکەم بە هەموو نەتەوەکان ڕابگەیەنرێت.11کاتێک ڕادەستتان دەکەن، پێشوەخت نیگەرانی ئەوە مەبن لەوەی چی بڵێن: بەڵکو لەو کاتەدا چیتان بە سروش بۆ دێت بەوە دەدوێن، چونکە ئێوە نین دەدوێن بەڵکو گیانی پیرۆزە. 12برا برای خۆی بە دەستەوە دەدات بۆ مردن، باوکیش منداڵەکەی، منداڵەکانیش دژی دایک و باوکیان هەڵدەگەڕێنەوە و دەیانکوژن. 13و لە پێناو ناوی مندا هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە. بەڵام ئەوەی تا کۆتایی بەرگە بگرێت، ڕزگاری دەبێت.14کاتێک قێزەونی وێرانکەر دەبینن لەو شوێنە وەستاوە کە نابێت لێی بێ، با خوێنەر تێبگات! ئینجا ئەوانەی لە ناوچەی یەهودیان با بەرەو شاخەکان هەڵێن؛ 15هەرکەسێک لەسەربانە، با نەیەتە خوارەوە بۆ بردنی شتەکانی؛ 16ئەوەی لە کێڵگەیە، با نەگەڕێتەوە بۆ بردنی جلەکانی.17هاوار بەوانەی لەو ڕۆژانەدا دووگیانن و شیردەرن! 18کەواتە نزابکەن تاکو لە زستاندا ئەمە ڕوونەدات: 19لەو ڕۆژانەدا تەنگانەیەک ڕوودەدات کە هاوشێوەی ئەو لە سەرەتای پەیدابوونەوە کە خودا بەدیهێناوە تا ئێستا ڕووی نەداوە و ڕوونادات. 20وە ئەگەر پەروەردگار ئەو ڕۆژانەی کورت نەکردایەتەوە، هیچ مرۆڤێک ڕزگاری نەدەبوو. بەڵام لە پێناوی ئەوانەی هەڵیبژاردوون، ئەو ڕۆژانەی کورت کردۆتەوە.21ئەگەر ئەو کاتە یەکێک هاتەلاتان و پێی گوتن: ئەوەتا مەسیحەکە لێرەیە! یان: ئەوەتا لەوێیە! باوەڕ مەکەن. 22ئینجا زۆر دژە مەسیح و پێغەمبەری ساختە دەردەکەون، نیشانە مەزن و پەرجوو دەنوێنن، بەشێوەیێک ئەگەر بتوانن هەڵبژێردراوانیش، گومڕا دەکەن. 23بەڵام ئاگاداربن! ئەوەتا هەموو شتێکم پێ ڕاگەیاندوون پێش ئەوەی ڕووبدات.24بەڵام لەو ڕۆژانەدا، دوای ئەو تەنگانەیە، خۆر تاریک دەبێت و مانگ ڕووناکی خۆی دەشارێتەوە، 25ئەستێرەکانی ئاسمانیش دەکەونە خوارەوە، وهێزی ئاسمانەکان دەهەژێن. 26لەوکاتەدا دەبینن ڕۆڵەی مرۆڤ کەلە هەوری ئاسماندا بە هێز و شکۆمەندییەکی مەزنەوە دێت. 27لەوکاتەدا فریشتەکانی دەنێرێت بو کۆکردنەوەی هەڵبژێردراوەکانی لە ئاراستەی چوار لایەکە، لەمسەری زەویەوە تا ئەوسەری ئاسمان.28لە دار هەنجیرەوە ئەم پەندە فێربە: کاتێک لقەکانی نەرم دەبن و گەڵاکانی گەشە دەکەن، دەزانن هاوین نزیکە. 29بە هەمان شێوە، کاتێک ئێوەش دەبینن ئەم شتانە ڕوودەدات، بزانن کە نزیکە، و لە بەردەرگایە.30ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەم نەوەیە هەرگیز تێناپەڕێت تا هەموو ئەمانە ڕوو نەدات. 31ئاسمان و زەوی تێدەپەڕن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن. 32سەبارەت بەئەو ڕۆژە و کاتە کەس نایزانێت، تەنانەت فریشتەکانی ئاسمانیش و نە کوڕەکە، تەنیا باوک نەبێت.33ئاگاداربن و ئێشک بگرن چونکە نازانن چ کاتێک دێت! 34وەک پیاوێکە گەشتی کردبێت، ماڵەکەی بەجێ هێشتبێت، و دەسەڵاتی دابێتە خزمەتکارەکانی هەریەکە و بە ئیشی خۆی، دەرگاوانیشی ڕاسپاردبێت چاوەدێری بکات.35بۆیە چاوەرێ بن، چونکە نازانن کەی خاوەن ماڵەکە دەگەڕێتەوە: ئێوارە، یان نیوەی شەو، یان لەگەڵ خوێندنی کەڵەشێر، یان بەیانی، 36نەک لەناکاو بگەڕێتەوە و بتانبینێت کە خەوتوون. 37جا ئەوەی بە ئێوەی دەڵێم، بە هەمووانی دەڵێم: ئێشک بگرن!»
1جەژنی پەسخە و نانی فەتیرە دوو ڕۆژی مابوو، سەرۆک کاهینەکان و مامۆستایانی تەورات هێشتا هەوڵیان دەدا بە فێڵێک دەستگیری بکەن و بیکوژن. 2ئەوانیش گوتیان: «لە کاتی جەژندا نابێت، نەوەک ئاژاوە لەنێو خەڵکدا دروست بێت!»3لە کاتێکدا لە بێت ئەنیا بوو، لە ماڵی شیمۆنی گول پاڵی دابۆوە ، ژنێک بە شووشەیەکەوە هات کە بۆنێکی زۆر گرانبەهای تێدابوو و لە گوڵی بێگرد دروستکرابوو، شووشەکەی شکاند و بۆنەکەی بە سەریدا ڕشت. 4هەندێکیان ناڕازی بوون و بە یەکتریان گوت: «بۆچی لە بۆنەکەدا زیادە ڕەوی دەکات؟ 5دەکرا ئەم بۆنە بە زیاتر لە سێ سەد دینار بفرۆشرایە ، وپارەکەی بدرایە بە هەژاران.». جا لۆمەی ژنەکەیان کرد.6بەڵام یەشوا فەرمووی: «وازی لێ بهێنن! بۆچی هەراسانی دەکەن؟ ئەوی کردی بۆ من کارێکی باش بوو. 7هەژارەکان لە هەموو کاتێکدا لەگەڵتانن، هەرکاتێک بتانەوێت دەتوانن چاکەیان لەگەڵدا بکەن. بەڵام من بەردەوام لەگەڵتان نابم. 8ئەوەی لە دەستی هات کردی. سەرەتا جەستەمی بۆن خۆش کرد وەک ئامادەکارییەک بۆ ناشتن. 9ڕاستیتان پێ دەڵێم: لەو شوێنانەی کە مزگێنیەکەم لە هەموو جیهاندا ڕادەگەیەندرێت، یادی ئەوە دەکەن کە ئەم ژنە چی کردووە!»10پاشان یەهودای ئیسخاریۆتی، کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، چوو بۆ لای کاهینانی باڵا تاکو یەشوایان ڕادەست بکات. 11کاتێک ئەمەیان بیست، دڵخۆش بوون، بەڵێنیان دا پارەی پێ بدەن. بۆیە کاتی بۆ تەرخان کرد تا لە دەرفەتێکی گونجاودا ڕادەستی بکات.12لە ڕۆژی یەکەم فەتیرەدا، کە(بەرخی) پەسخەیان سەردەبڕی، قوتابییەکانی لێیان پرسی: «دەتەوێ بچینە کوێ ئامادەکاری بکەین تاکو نانی پەسخە بخۆیت؟» 13ئەویش دوو قوتابی نارد، و پێی فەرموون: «بڕۆنە ناو شار، لەوێ چاوتان بە پیاوێک دەکەوێت کە گۆزەیەکی ئاوی هەڵگرتووە، شوێنی بکەون. 14لە کوێ دەچێتە ژوورەوە، بە خاوەن ماڵەکە بڵێن: مامۆستا فەرموویەتی: کوا ژوورەکەم کە تێیدا نانی پەسخە لەگەڵ قوتابیەکانم دەخۆم؟15ژوورێکی گەورەتان لە نهۆمی سەرەوە پیشان دەدات، کە تەرخان و ئامادە کراوە. ئەوێ بۆ ئێمە ئامادە بکەن!» 16قوتابییەکان ڕۆیشتن و چونە ناو شارکە، وە بینییان هەروەک پێی فەرمووبوون. وە لەوێ نانی پەسخەیان ئامادە کرد.17کاتی ئێوارە، یەشوا لەگەڵ دوانزەکەدا هات. 18کاتێک ئەوان پاڵیان دایەوە بۆ نان خواردن، یەشوا فەرمووی: « ڕاستیتان پێدەڵێم: یەکێک لە ئێوە بە گرتنم دەدات، ئەوەیە ئێستا لەگەڵمدا نان دەخوات». 19خەم دایگرتن، و پاشان یەک لەدوای یەک پرسیاریان لێدەکرد: «ئایا منم؟»20بەڵام وەڵامی دایەوە و پێی فەرموون: «ئەو یەکێکە لە دوانزەکە، و ئەویش لەگەڵم دەستی لەناو قاپەکەدایە. 21ڕۆڵەی مرۆڤ دەبێت وەک ئەوەی لەبارەیەوە نووسراوە ڕووبدات، بەڵام هاوار بە ئەو کەسەی کە بە دەستی ئەو ڕۆڵەی مرۆڤ بەگرتن دەدرێت. بۆ ئەو پیاوە باشتر بوو کە لەدایک نەبووایە!»22کاتێک نانیان دەخوارد، یەشوا نانێکی هەڵگرت، و بەرەکەتداری کرد، و شکاندی، و پێیدان و فەرمووی: «وەریبگرن: ئەمە جەستەی منە». 23ئینجا جامێکی هەڵگرت، و سوپاسی کرد، و پێیدان، و هەموو لێیان خواردەوە، 24پێی فەرموون: «ئەمە خوێنی منە کە بۆ پەیمانی نوێیە، کە لە پێناو زۆرینەدا دەڕێژرێت. 25ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئیترهەرگیز لەم بەرهەمی ترێیە ناخۆمەوە، تا ئەو ڕۆژەی بە تازەیی لە شانشینی خودا دەیخۆمەوە».26ئینجا پەسنییان گوت ، و چوونە دەرەوە بۆ چیای زەیتوون. 27یەشوا پێی فەرموون: «لە هەمووتان بەگومان دەبن، چونکە نووسراوە: لە شوانەکە دەدەم، مەڕەکان پەرتەوازە دەبن.28بەڵام دوای هەستانەوەم، پێشتان دەکەوم بۆ گەلیلی». 29بەڵام پەترۆ پێی گوت: «ئەگەر هەمووان گومانت لێ بکەن، من هەرگیز گومان ناکەم».30یەشوا پێی فەرموو: «ڕاستیت پێدەڵێم: تۆ ئەمڕۆ، هەر ئەمشەو، پێش ئەوەی دوو جار کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت». 31بەڵام پەترۆ زیاتر پێداگری کرد و گوتی: «ئەگەر لەگەڵیشت بمرم، نکۆڵیت لێ ناکەم!» هەموو وایان گوت.32پاشان چوونە باخێک پێی دەگوترا گێتسیمانی، بە قوتابییەکانی فەرموو: «لێرە دانیشن تاکو نزادەکەم ». 33ئەوسا پەترۆ و یاکوڤ و یوخەنای لەگەڵ خۆی برد، هەستی بە دڵگرانی و دڵ تەنگی دەکرد. 34پێی فەرموون: «زۆردڵتەنگم خەریکە بمرم. لێرە بمێننەوە و بە ئاگا بن».35کەمێک دوور کەوتەوە، بەسەر روودا کەوت، نزای کرد تاکو ئەگەر بکرێت کاتەکەی بەسەردا تێبپەڕێت. 36فەرمووی: «بابە! باوکە، هەموو شتێک لە توانای تۆدا هەیە. ئەم جامەم لێ دوور بخەرەوە، بەڵام نەک ئەوەی من دەمەوێت، بەڵکو ئەوەی تۆ دەتەوێت!»37گەڕایەوە بینی قوتابیەکانی نوستوون، بە پەترۆی فەرموو: « ئایا تو خەوتویت شیمۆن؟ نەتتوانی کاتژمێرێک بەئاگابیت؟ 38بە ئاگابن و نزا بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوە. گیان چالاکە، بەڵام جەستە لاوازە». 39پاشان ڕۆیشت دووبارە نزای کرد، هەمان وشەکانی دووبارە دەکردەوە.40کاتێک هاتەوە، دیسان بینی نووستون چونکە خەو چاوەکانیانی قورس کردبوو، نەیاندەزانی چۆن وەڵامی بدەنەوە. 41سێیەم جار گەڕایەوە پێی فەرموون: «ئێستا بخەون و پشوو بدەن. ئەوەندە بەسە! کاتەکە هاتووە. ئەوەتا ڕۆڵەی مرۆڤ ڕادەستی گوناهباران دەکرێت. 42هەستن با بڕۆین. ئەوەتا نزیکە ئەوەی ڕادەستم دەکات!»43هەرلەو کاتەدا، هێشتا قسەی دەکرد، یەهودا گەیشت، کە یەکێک بوو لە دوازدەکە ، لەگەڵ جەماوەرێکی زۆر کە شمشێر و داریان هەڵگرتبوو، لەلایەن سەرۆک کاهینەکان و مامۆستایانی تەورات و پیرانەوە نێردرابوون. 44ئەوەی بە گرتی دەدا نیشانەیەکی پێدابوون گوتبووی: «ئەوکەسەی ماچی دەکەم، ئەوە خۆیەتی. دەستگیری بکەن و بە وریاییەوە بیبەن». 45کاتێک یەهودا گەیشت، چوو بۆ لای، گوتی: «گەورەم!» بە گەرمی ماچی کرد. 46دەستگیریان کرد و بردیان.47یەکێک لەوانەی لەوێ وەستابوو، شمشێرەکەی دەرهێنا و لە خزمەتکاری سەرۆک کاهینەکەی دا و گوێی بڕی. 48یەشوا پێی فەرموون: «ئایا من جەردەم کە بە شمشێر و دارەوە هاتوون بمگرن؟ 49من هەموو ڕۆژێک لە نێو ئێوەدا بووم و فێرکردنم دەکرد لە پەرستگادا، ئێوە نەتانگرتم. بەڵام ئەمە ڕودەدات بۆ ئەوەی کە نووسراوە بێتە دی». 50پاشان هەموویان جێیانهێشت و هەڵاتن.51گەنجێک دوای یەشوا کەوت کە تەنها بە پارچە کەتانێک ڕووتییەکەی داپۆشیبوو، کاتێک گرتیان. 52کەتانەکەی بەجێهێشت و بە ڕووتی هەڵات.53یەشوایان بردە لای سەرۆک کاهینەکان. هەموو سەرۆکی کاهینان و پیران و مامۆستایانی تەورات کۆبوونەوە. 54پەترۆ لە دوورەوە بەدوایدا ڕۆیشت بۆ ماڵی سەرۆک کاهین، پاشان چووە ژوورەوە، و لەلای پاسەوانەکان لەبەردەم ئاگرەکە دانیشتوو خۆی گەرم دەکردەوە.55سەرۆک کاهینەکان و هەموو ئەنجومەنی باڵا بەدوای شایەتحاڵێکدا دەگەڕان بۆ ئەوەی یەشوا بکوژن، بەڵام نەیاندۆزییەوە. 56زۆرێک شایەتی درۆیان لە دژی دەدا، بەڵام شایەتییەکانیان یەکی نەدەگرتەوە.57پاشان هەندێکیان هەستان و شایەتی درۆیان لە دژی دا و گوتیان: 58«گوێمان لێی بوو دەیگوت: ئەم پەرستگایە دەستکردە دەیڕووخێنم، بە سێ ڕۆژپەرستگایەکی دیکە بنیاد دەنێم کە دەستکردی مرۆڤ نەبێت». 59بەڵام لەمەشدا، شایەتییەکەیان یەکی نەدەگرتەوە.60سەرۆکی کاهینانیش لە ناوەڕاست ڕاوەستا و لەیەشوای پرسی: «هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ ئەوانە بەچی شایەتیت لەسەر دەدەن؟» 61بەڵام بێدەنگ مایەوە و هیچ وەڵامی نەدایەوە. دیسان سەرۆکی کاهینان لێی پرسی، و پێی گوت: «ئایا تۆمەسیحەکەی، ڕوڵە پیرۆزەکە؟» 62یەشوا فەرمووی: «من ئەوم. لە داهاتووش دەبینن ڕۆڵە مرۆڤ لە ڕاستەی تواناداری دادەنیشێت، و بەسەر هەوری ئاسمانەوە دێت!»63سەرۆکی کاهینان جلەکانی خۆی دادڕی، و گوتی: «چیتر پێویستمان بە شایەتحاڵ نییە. 64ئێوەش گوێتان لە کوفرەکە بوو: ڕاتان چییە؟» هەموو بڕیاریان دا کە شایانی مردنە. 65هەندێکیان تفیان لە روی کرد، دەم و چاویان داپۆشی و بە مست لێیان دەدا پێیان دەگوت: «پێشبینی بکە!» پاسەوانەکانیش گرتییان و لێیاندا.66کاتێک پەترۆ لە حەوشەکەدا بوو، یەکێک لە خزمەتکارەکانی سەرۆک کاهینەکان هات، 67پەترۆی بینی خۆی گەرم دەکاتەوە، تێیڕوانی و گوتی: «تۆش لەگەڵ یەشوای ناسیرەیی بوویت!» 68بەڵام پەترۆ نکۆڵیی کرد و گوتی: «نازانم وتێناگەم چی دەڵێیت!» پاشان چووە دەرەوەی دەرگای ماڵەکە. ئینجا کەڵەشێر خوێندی69خزمەتکارەکە جارێکی تر بینییەوە، بەو کەسانەی گوت کە لەوێ وەستابوون : «ئەمە یەکێکە لەوانە!» 70دیسان نکۆڵیی کرد. پاش کەمێک بەهەمان شێوە، ئەوانەی لەوێدا ڕاوەستابوون، بە پەترۆیان گوت: «بەڕاستی تۆ یەکێکیت لەوان، چونکە تۆش گەلیلیت».71دەستی کرد بە نەفرەتکردن و سوێندخواردن : «من ئەم پیاوە ناناسم کە باسی دەکەیت». 72کەڵەشێر بۆ دووەم جار خوێندی پەترۆش قسەکەی یەشوای بیرکەوتەوە کە پێی فەرمووبوو: «پێش ئەوەی دوو جار کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت». لە ئەو کاتەدا بیری کەوتەوەو گریا.
1کە بەیانی هات، سەرۆک کاهینەکان و پیرەکان و مامۆستایانی تەورات و هەموو ئەنجومەنی باڵا ڕاوێژیان کرد، پاشان یەشوایان بەستەوە، و بردیان، و ڕادەستی پیلاتۆسیان کرد. 2پیلاتۆس لێی پرسی: «تۆ پاشای یەهودی؟» یەشوا وەڵامی دایەوە: «خۆت گوتت». 3سەرۆک کاهینەکان تۆمەتی زۆریان دایە پاڵی.4پیلاتۆس دووبارە پرسیاری لێکرد:«ئایا هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ دەبینی ئەوانە شایەتیت لەسەر ئەدەن!» 5بەڵام یەشوا هیچ وەڵامێکی نەدایەوە، و پیلاتۆسیش بەمە سەرسام بوو.6نەریت وابوو لە هەر جەژنێکدا بەندکراوێک بە خواستی خەڵک ئازاد بکریت. 7پیاوێک بە ناوی بارابا لەگەڵ یاخیبووان بە تاوانی کوشتن و ئاژاوە گێڕی لە زیندان بوو 8جەماوەر بە دەنگی بەرز داوایان لە پیلاتۆس کرد ئەو شتەیان بۆ بکات کە هەمیشە ئەیکرد.9ئینجا پیلاتۆس قسەی لەگەڵ کردن و لێی پرسین: «دەتانەوێ پاشای یەهودتان بۆ ئازاد بکەم؟» 10دەیزانی کە سەرۆک کاهینەکان لەبەر ئیرەیی ڕادەستیان کردووە. 11بەڵام سەرۆک کاهینەکان داوایان لە جەماوەرەکە کرد کە داوای ئازادکردنی بارابا بکەن.12دیسان پیلاتۆس لێی پرسین: «ئێوە دەتانەوێت چی لەگەڵ ئەمە بکەم کە پێی دەڵێن پاشای یەهود؟» 13هاواریان دەکرد جار لە دوای جار: «لە خاچی بدە!»14پیلاتۆس لێی پرسین: «چ خراپەیەکی کردووە؟» بەڵام ئەوان زیاتر و زیاتر هاواریان دەکرد: «لە خاچی بدە!» 15پیلاتۆسیش دەیویست خەڵکەکە ڕازی بکات، بۆیە بارابای بۆ ئازاد کردن، لە دوای ئەوەی یەشوا بە قامچی لێی درا ڕادەستی کرد بۆ ئەوەی لە خاچ بدرێت.16بۆیە سەربازەکان بردیانە ناوکۆشکەکە، واتا کۆشکی فەرمانڕەوا و هەموو سەربازانی لەشکریان کۆکردەوە. 17کەوایەکی ئەرخەوانییان لەبەرکرد، تاجێک لە دڕکیان بۆ درووست کرد و لە سەر سەری دایاننا. 18دەستیان کرد بە سڵاو لێکردنی و دەیانگوت: «سڵاو، ئەی پاشای یەهود!»19بە قامیش لەسەریان دەدا، و تفیان لێی دەکرد، چۆکیان دادەدا و لەبەردەمی کڕنۆشیان دەبرد. 20کاتێک گاڵتەیان پێ کرد، کراسە ئەرخەوانییەکەیان لەبەر داکەند و جلەکەی خۆیان لەبەرکردەوە و بردیانە دەرەوە بۆ لەخاچدان. 21یەکێک لە ڕێبوارەکانیان ناچار کرد خاچەکەی هەڵبگرێت، ناوی شیمۆنی قیرەوان بوو، باوکی ئەسکەندەر و ڕوفوس، ناچاریان کرد خاچەکەی ئەو هەڵبگرێت.22بردیان بۆ شوێنێک بەناوی گۆلگۆسا، واتا شوێنی کاسەسەر. 23شەرابی تێکەڵ بە تاڵاویان پێدا، بەڵام ڕەتیکردەوە و نەیخواردەوە. 24پاش ئەوەی لە خاچیان دا جلەکانیان دابەش کرد، تیروپشکیان لەسەر کرد بۆ ئەوەی پشکی هەر یەکێکیان دیاری بکەن.25کاتژمێر نۆی بەیانی بوو کە لە خاچیاندا. 26ناونیشانی تۆمەتەکەی نووسرابوو: «پاشای یەهود». 27دوو دزیان لەگەڵدا لە خاچدا، یەکێکیان لەلای ڕاستی، و یەکێکیان لەلای چەپی. 28نیشانەکە هاتە دی کە دەڵێت: «لەگەڵ تاوانباران هەژمار دەکرێت».29ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕین جنێویان پێئەدا، و سەریان بادەدا و دەیان گوت: «ئەها دەی! تۆ کە پەرستگاکە وێران دەکەیت و بە سێ ڕۆژ دروستی دەکەیتەوە، 30خۆت ڕزگار بکە، و لە خاچەکە دابەزە!»31بە هەمان شێوە سەرۆک کاهینەکانیش لەگەڵ مامۆستایانی تەورات گاڵتەیان پێدەکرد و بە یەکتریان دەگوت: «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات. 32با ئێستا مەسیحی پاشای یەسرائیل لە خاچەکە دابەزێت، تاکو ببینین و باوەڕ بهێنین!» ئەو دوو دزەش کە لەگەڵیدا لە خاچ درابوون بە هەمان شێوە سەرزەنشتیان دەکرد.33لە کاتژمێر دوازدەی نیوەڕۆ، تا کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ تاریکی باڵی بەسەر هەموو زەویدا کێشا. 34لە کاتژمێر سێ، یەشوا بە دەنگێکی مەزن هاواری کرد: «ئیلی، ئیلی، لَمَا شَبَقْتَنِي؟» واتە « خودای من خودای من، بۆچی بەجێتهێشتم؟» 35هەندێک لەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون گوێیان لێی بوو گوتیان: «ئەوە بانگی ئیلیا دەکات!»36یەکێک ڕایکرد و پارچە ئیسفەنجێکی لە سرکە هەڵکێشا و خستیە سەر قامیشێک و پێیدا تاکو بیخواتەوە، گوتیان: «لێگەڕێن! با بزانین ئیلیا دێت دایبگرێت!» 37یەشواش بە دەنگێکی مەزن هاواری کرد، و گیانی دا بەدەستەوە. 38پەردەی پەرستگاش لە سەرەوە هەتا خوارەوە دادڕا و بوو بە دوو بەشەوە.39لەئەو کاتەدا سەرپەلەکە کە بەرامبەری وەستابوو، بینی کە هاواری کرد وگیانی سپارد، گوتی: «بەڕاستی، ئەم مرۆڤە ڕۆڵەی خودا بوو!» 40چەند ژنێک لە دوورەوە سەیریان دەکرد، لەنێوانیاندا میریامی مەگدەلین و میریامی دایکی یاکوڤی برا بچووکی یەشوا و سالومە دەبینران. 41ئەمانە لە گەلیلەوە دوای یەشوا کەوتبوون و خزمەتیان دەکرد، زۆری دیکەش لەگەڵی هاتبوونە یۆرشەلایم.42کاتێک ئێوارە هات، ئەمڕۆ ڕۆژی خۆ ئامادەکردن بوو، واتە ڕۆژی پێش شەبات، 43یۆسپ کە لە ڕاماوە هاتبوو، ئەو ئەندامێکی بەرزی ئەنجومەنی باڵا بوو، ئەویش چاوەڕێی شانشینی خودای دەکرد، بەبێ ترس چوو بۆ لای پیلاتۆس، و داوای تەرمەکەی یەشوای کرد. 44پیلاتۆس سەری سوڕما کە مردووە، بۆیە سەرپەلەکەی بانگ کرد و لێی پرسی: ئایا ماوەیەکی زۆرە مردووە45کاتێک لە سەرپەلەکەوە ئەمەی زانی تەرمەکەی دایە یۆسپ. 46ئەویش کەتانی کڕی تەرمەکەی هێنایە خوارەوە، ولەناو کەتانەکەدا پێچایەوە، و لە گۆڕێکدا ناشتی کە لە تاشەبەرد هەڵکەندرابوو، ئینجا بەردێکی گلۆر کردەوە سەر دەرگای گۆڕەکە. 47میریامی مەگدەلین و میریامی دایکی یەشوا بینییان لەکوێ نێژرا.
1کە ڕۆژی شەبات تەواو بوو، میریامی مەگدەلین و سالومە و میریامی دایکی یاکوڤ بۆن و بەرامیان کڕی، تاکو بچن و تەرمی یەشوا چەوربکەن. 2لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، بەیانی زوو لەگەڵ خۆرهەڵاتندا هاتنە لای گۆڕەکە.3بە یەکتریان دەگوت: «باشە کێ بەردی سەردەرگای گۆڕەکەمان بۆ گلۆردەکاتەوە؟» 4بەڵام کە سەیریان کرد بینییان بەردەکە گلۆر کراوەتەوە، هەرچەندە زۆر گەورە بوو.5جا چوونە ناو گۆڕەکە، و لەلای ڕاستەوە گەنجێکیان بینی دانیشتبوو، جلێکی سپی لەبەر بوو، ترس دەستی بەسەردا گرتن. 6پێی گوتن: «مەترسن. ئێوە بە شوێن یەشوای ناسیرەییدا دەگەڕێن کە لەخاچدرا. ئەو هەستایەوە! ئەو لێرە نییە. ئەوەتا ئەو شوێنەی لێیان دانابوو. 7بەڵام بڕۆن و بە قوتابییەکانی، و بە پەترۆ بڵێن، ئەو پێشتان دەکەوێت بۆ گەلیلی؛ وەک چۆن پێی فەرموون لەوێ دەیبینن».8بۆیە بە خێرایی لە گۆڕەکە چونە دەرەوە، تۆشی لەرز و سەرسوڕمانێکی زۆربوون. هیچیان بە کەس نەگوت، چونکە دەترسان.9دوای ئەوەی یەشوا بەیانی زوو لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا هەستایەوە، یەکەم جار بۆ میریامی مەگدەلین دەرکەوت ئەوەی حەوت گیانی پیسی لێی دەرکردبوو. 10بۆیە چوو و مژدەی دا بە ئەو کەسانە کە لەگەڵیدا بوون، شیوەنیان دەگێڕا و دەگریان. 11کاتێک بیستیان کە ئەو زیندووە و ئەم کچە بینیویەتی، باوەڕیان نەکرد.12پاشان بۆ دوو کەسی تر بە شێوەیەکی تر دەرکەوت کە لە ڕێگادا بوون بۆ گوندێک. 13بۆیە چوون و مژدەیان دا بە ئەوانیتر،هەروەها ئەوانیش باوەڕیان پێ نەکردن.14پاشان بۆ یازدە قوتابییەکە دەرکەوت لە کاتێکدا کە پاڵیان دابووەوە ، لەسەر بێباوەڕی و دڵڕەقییان سەرزەنشتی کردن، چونکە باوەڕیان بەو کەسانە نەدەکرد کە دوای هەستانەوەی بینیویانە. 15پێی فەرموون: «بڕۆن بۆ هەموو جیهان، ومژدەی ئەم مزگێنییە بە هەموو بەدیهێنراوان ڕابگەیەنن: 16ئەوەی باوەڕ دەهێنێت لە ئاو هەڵدەکێشرێ، ڕزگاری دەبێت، ئەوەش کە باوەڕ ناهێنێ تاوانباردەبێت.17ئەوانەی باوەڕ دەهێنن، ئەم نیشانانەیان لەگەڵ دەبێت: بە ناوی من خێوەکان دەردەکەن ولەگەڵیان بە زمانی نوێ دەدوێن، 18بە دەستیان مار دەگرن، وە ئەگەر خواردنەوەیەکی کوشندە بخۆنەوە بە هیچ شێوەیەک زیانیان پێ ناگات، دەست لەسەر نەخۆش دادەنێن و چاکدەبنەوە».19پاشان پەروەردگار، دوای ئەوەی قسەی لەگەڵ کردن، بۆ ئاسمان بەرزبۆوە و لە ڕاستەی خودا دانیشت. 20ئینجا ئەوانیش، لە هەموو لایەک مزگێنیاندا، پەروەردگار لەگەڵیان کاری دەکرد و بە نیشانە ودەرکەوتنی تایبەت بەخۆی وشەکەی پشتڕاست دەکردوە.
1لەبەر ئەوەی زۆر کەس هەوڵیان داوە چیرۆکی ئەو ڕووداوانەی لە لای ئێمە هاتنە دی دابڕێژنەوە، 2وەک چۆن لەلایەن ئەوانەوە کە لە سەرەتاوە بە ڕاشکاوی شایەتحاڵ بوون ڕادەستی ئێمە کرا، و پاشان بوون بە خزمەتکاری وشەکە، 3ساوفیلۆسی پایە بەرز لە دوای ئەوەی من لە سەرەتاوە پشکنینێکی وردم بۆ هەموو شتێک کرد بە باشم زانی بە ڕیز بەندی بۆت بنوسم ، 4بۆ ئەوەی دڵنیابیت لە دروستی ئەو وشانەی کە پێتگەیشتووە.5لە سەردەمی هیرۆدی پاشای یەهودا کاهینێک هەبوو بە ناوی زەخەریا، لە کۆمەڵەی ئەبیا، ژنەکەی لە نەوەی ئارۆن، ناوی ئێلیشەبات بوو. 6هەردووکیان لەبەردەم خودا ڕاستودروست، و بێ گلەیی بە پێی هەموو ڕاسپاردەکانی پەروەردگاریان هەڵس و کەوتیان دەکرد. 7بەڵام منداڵیان نەبوو چونکە ئێلیشەبات نەزۆک بوو و هەردووکیان زۆر بەتەمەن بوون.8کاتێک زەخەریا لە نۆرەی کۆمەڵەکەی خۆیدا، کاروباری کاهینیێتی لەبەردەم خوداجێبەجێ دەکرد، 9بە گوێرەی داب و نەریتی کاهینایەتی تیروپشکەکە کەوتە سەری تاکوو بچێتە ناو پەرستگای پەروەردگار و بخور بسوتێنێت. 10لە کاتی سووتاندنی بخورەکەدا هەموو جەماوەر لە دەرەوە نزایان دەکرد.11فریشتەیەکی پەروەردگار لێی دەرکەوت کە لە لای ڕاستی قوربانگای بخورەکە وەستابوو. 12زەخەریا بە بینینی شڵەژاو ترس دایگرت. 13فریشتەکە پێی گوت: «زەخەریا مەترسە، چونکە داواکارییەکەت بیسترا، و ئێلیشەباتی هاوسەرت کوڕێکی بۆت دەبێت و ناوی دەنێیت یۆخەنان،14ئەو دەبێتە مایەی خۆشی و شادی بۆ تۆ هەروەها زۆر کەسیش بە لە دایک بوونی دڵ خۆش دەبن. 15لە بەردەم پەروەردگار مەزن دەبێت، و شەراب و خواردنەوە ناخواتەوەو، کاتێ هێشتا لە سکی دایکیایەتی پڕ دەبێت لە گیانی پیرۆز،16زۆرێک لە ڕۆڵەکانی یەسرائیل دەگەڕێنێتەوە بۆ پەروەردگاری خودایان، 17لە پێشی دەڕوات و گیان و هێزی ئیلیای هەیە، بۆ ئەوەی دڵی باوکان بگەڕێنێتەوە بۆ لای منداڵەکان، و سەرپێچیکارانیش بۆ لای دانایی چاکەکاران، بۆ ئەوەی گەلێکی ئامادە بۆ پەروەردگار پێک بهێنێت!»18زەخەریا لە فریشتەکەی پرسی: «چۆن لەمە دڵنیا بم، چونکە من پیرم و هاوسەرەکەشم بە ساڵاچووە؟» 19فریشتەکەش وەڵامی دایەوە: «من گەڤرەئیلم، لەبەردەم خودا ڕادەوەستم، نێردراوم بۆ ئەوەی لەگەڵت بدوێم و ئەم مزگێنیەت پێ بدەم. 20لە ئێستاوە تۆ لاڵ دەبیت و توانای قسەکردنت نامێنێت، هەتا ئەو ڕۆژەی ئەم شتانە ڕوودەدەن، چونکە باوەڕت بە وشەکانم، و ئەوەی لە کاتی خۆیدا دێتە دی نەکرد».21جەماوەرکە چاوەڕێی زەخەریایان دەکرد و سەریان سوڕما لە دواکەوتنی لە پەرستگادا. 22بەڵام کاتێک چووە دەرەوە نەیتوانی قسەیان لەگەڵ بکات، تێگەیشتن کە لە ناو پەرستگاکەدا بینینێکی دیوە. بۆیە بە ئاماژە لەگەڵیان دواو بە بێدەنگی مایەوە. 23کاتێک ڕۆژانی خزمەتەکەی تەواو کرد، گەڕایەوە ماڵەوە.24دوای ئەو ڕۆژانە، ئێلیشەباتی هاوسەری دووگیان بوو، ئەویش بۆ ماوەی پێنج مانگ خۆی شاردەوە و گوتی: 25«ئەمەیە ئەوەی پەروەردگار بۆیکردم، لەم ڕۆژانەدا چاکەی خۆی پیشاندا و ئابڕووی منی لەنێو خەڵکدا کڕییەوە!»26لە مانگی شەشەمیدا، فریشتە گەڤرەئیل لەلایەن خوداوە ڕەوانەی شارێک کرا لە گەلیلی بە ناوی ناسیرە، 27بۆ لای پاکیزەیەک کە دەستگیرانی پیاوێک بوو لە بنەماڵەی داڤید بە ناوی یۆسپ، ناوی پاکیزەکەش میریام بوو. 28فریشتەکە چووە ژوورەوە و پێی گوت: «سڵاو، ئەی ئەو کەسەی بەخششت بەسەردا ڕژاوە! پەروەردگارت لەگەڵە: تۆ لە ناو ژناندا پیرۆزکراوی.» 29میریام بە قسەکانی فریشتەکە تووشی دڵەڕاوکێ بوو، و لە خۆی پرسی: «دەبێت ئەمە چ جۆر سڵاوێک بێت؟»30فریشتەکەش پێی گوت: « مەترسە میریام، چونکە تۆ ڕەزامەندیت لەلای خودا بەدەست هێنا! 31دووگیان دەبیت و کوڕێکت دەبێت، و ناوی دەنێیت یەشوا. 32مەزن دەبێت و پێی دەگوترێت ڕۆڵەی خودای هەرە بەرزو، پەروەردگار تەختی داڤیدی باوکی پێدەداتەوە، 33هەتاهەتایە حوکمڕانی نەوەی یاکۆڤ دەکات، شانشینەکەشی کۆتایی نایەت».34میریام بە فریشتەکەی گوت: «ئەمە چۆن دەبێت، لە کاتێکدا من پیاوێک ناناسم؟» 35فریشتەکەش وەڵامی دایەوە: «گیانی پیرۆز دێتە سەرت و هێزی خودای هەرەبەرز دەبێتە سایەی سەرت. بۆیە ئەو پیرۆزەی کە لە تۆ دەبێت بە ڕۆڵەی خودا بانگ دەکرێت.36ئەوەتا ئێلیشاباتی خزمیشت بەو پیرییە سکی پڕە بە کوڕێک. ئەوە مانگی شەشەمی دووگیانیەتی کەسێکە پێی دەگوترا نەزۆک. 37چونکە هیچ شتێک لەلای خودا ئەستەم نییە». 38میریام گوتی: «ئەوە منم کارەکەرەکەی پەروەردگار. ئەوەی تۆ دەیفەرموویت با بێتە دی!» پاشان فریشتەکە بەجێی هێشت.39لەو ڕۆژانەدا، میریام هەستا و خێرا بۆ شارۆچکەیەک چوو، لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی یەهودیا. 40چوو بۆ ماڵی زەخەریا و سڵاوی لە ئێلیشەبات کرد. 41کاتێک ئێلیشەبات گوێی لە سڵاوەکەی میریام بوو، منداڵەکە لە سکیداجووڵا. ئێلیشەبات پڕبوو لە گیانی پیرۆز.42ئێلیشەبات بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «لەنێو ژناندا پیرۆزکراویت، بەرهەمی سکت پیرۆزکراو دەبێت! 43من کوا شایستەی ئەوە بووم: تاکو دایکی پەروەردگارم بێت بۆ لام؟ 44چونکە هەرکە دەنگی سڵاوەکەت بەر گوێم کەوت منداڵەکە لە خۆشیدا لە سکمدا هەڵبەزییەوە: 45خۆزگە بەوەی باوەڕی وایە ئەوەی لە پەروەردگارەوە پێ گوتراوە دێتە دی!»46میریامیش گوتی: «گیانم ستایشی پەروەردگار دەکات، 47گیانم بە خودای ڕزگارکەرم شاد دەبێت.48چونکە لە بێفیزی کارەکەرەکەی ڕووانی، ئەوەتا لە ئێستاوە هەموو نەوەکان خۆزگە بە من دەخوازن. 49چونکە خودای بە توانا کاری مەزنی بۆ من ئەنجام دا، پیرۆزە ناوی ئەو،50بەزەییەکەی بۆ ئەوانەیە کە نەوە دوای نەوە لێی دەترسن. 51بە هێزی بازووی کاری ئەنجامدا؛ خۆ بەزلزانەکانی لە ئارەزووی دڵیان پەرتەوازە کرد.52تەختی توانادارەکانی سەرەوژێر کردووە، و بێفیزەکانی بەرز کردەوە. 53برسییەکانی بە باشە تێر کرد، ساماندارانی بە دەستی بەتاڵ ڕەوانە کردەوە.54یارمەتی گەلی یەسرائیلی خزمەتکاری خۆیدا، بە وەبیرهێنانەوەی بەزەییەکەی، 55هەروەک لەگەڵ باوباپیرانمان قسەی کردبوو، بۆ ئەڤراهام و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە».56میریام لەلای ئێلیشەبات نزیکەی سێ مانگ مایەوە، پاشان گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی. 57ئێلیشەبات کاتی منداڵبوونی هات و کوڕێکی بوو. 58دراوسێ و خزمانی بیستیان پەروەردگاربەزەیی خۆی بە سەریاندا باراندووە، لەگەڵی شادمان بوون.59لە ڕۆژی هەشتەمدا بۆ خەتەنەکردنی کوڕەکە هاتن، لەسەر ناوی باوکی ناویان لێنا زەخەریا. 60بەڵام دایکی گوتی: «نەخێر، ناوی دەنرێت یۆخەنان!» 61پێیان گوت: «کەس لە ناو خێڵەکەت بەم ناوە ناونەنراوە».62ئینجا ئاماژەیان بۆ باوکی کرد، دەیەوێت چ ناوێکی لێ بنێت. 63تەختەیەکی داوا کرد و لەسەری نووسی: «ناوی یۆخەنانە». هەموو سەرسام بوون.64زەخەریا دەمی کردەوە و دەستبەجێ زمانی کرایەوە، دەستی کرد بە قسەکردن و ستایشی خودای کرد. 65هەموو دانیشتوانی دەوروبەری ترس دایگرتن، و لە سەرتانسەری ناوچە شاخاوییەکانی یەهودیا هەموو ئەم شتانە بوون بە قسە و باسی سەر زاری خەڵکی. 66هەموو ئەوانەی ئەم باسەیان بیست لە دڵی خۆیاندا گوتیان: « ئەم منداڵە دەبێتە چی؟» چونکە دەستی پەروەردگاری لەگەڵدا بوو.67زەخەریای باوکیشی پڕبوو لە گیانی پیرۆز، پێشبینی کرد و گوتی: 68«ستایش بۆ پەروەردگاری خودای یەسرائیل، چونکە گەلەکەی بەسەرکردەوە و کڕییەوە،69هێزی ڕزگاریمانی لە بنەماڵەی داڤیدی خزمەتکارییەوە هەستاندەوە، 70وەک چۆن لە کۆنەوە لە ڕێگەی پێغەمبەرە پیرۆزەکانییەوە دواوە: 71ڕزگاربوون لە دوژمنەکانمان و لە دەستی هەموو ئەوانەی ڕقیان لێمانە،72بۆ ئەوەی بەزەیی تەواوی بەرامبەر باوباپیرانمان هەبێت و پەیمانە پیرۆزەکەیمان لە بیر بێت 73ئەو سوێندەی کە بۆ ئەڤراهام باپیرە گەورەمانی خوارد: پێمان ببەخشێت 74پاش ڕزگاریمان لە دەست دوژمنانمان، بێ ترس بیپەرستین، 75هەموو ژیانمان، بە پیرۆزی و ڕاستودروستی لەبەردەمیدا بین.76تۆش، ئەی ڕۆڵە، بە پێغەمبەری خودای هەرەبەرز ناودەبردرێیت،چونکە پێش پەروەردگار دەکەویت تاکو ڕێگای بۆ خۆش بکەیت، 77تاکو بە گەلەکەی ڕابگەیەنیت بە لێخۆشبوونی گوناهەکانیان ڕزگاریان دەبێت78بەهۆی بەزەییە بەسۆزەکەی خودامانەوە، کە بەهۆی ئەوە ڕووناکی ڕۆژهەڵات لە بەرزاییەوە بەسەرماندا دەدرەوشێتەوە، 79تاکو بەسەر ئەوانەی لە تاریکی و لە سێبەری مەرگدا دانیشتوون بدرەوشێتەوە، بۆ ئەوەی هەنگاوەکانمان بەرەو ڕێگای ئاشتی ببات».80منداڵەکەش گەشەی دەکرد و لە گیاندا بەهێز دەبوو، لە چۆڵەوانی مایەوە هەتا ئەو ڕۆژەی کە خۆی بۆ گەلی یەسرائیل دەرخست.
1لەو سەردەمەدا، لە ئۆگستۆسی قەیسەرەوە فەرمانێک دەرچوو کە هەموو دانیشتووانی ئیمپراتۆریەتیەکەی سەرژمێری بکرێت. 2ئەمە یەکەم ناونووسین بوو کاتێک کیرینیۆس فەرمانڕەوای سوریا بوو. 3بەمەبەستی ناونووسین، هەرکەسەو بەرەو شاری خۆی ڕۆیشت.4یۆسپیش لە شاری ناسیرەوە سەر بە ناوچەی گەلیلی بەرەو شاری داڤید لە ناوچەی یەهودیا سەرکەوت کە پێی دەگوترێت بێت لەخم، چونکە لە بنەماڵە و خێڵی داڤید بوو، 5تاکو لەگەڵ میریامی دەزگیرانی کە دووگیان بوو، ناونووس بکرێن.6کە لەوێ بوون، کاتی منداڵبوونی هات، 7جا کوڕە نۆبەرەکەی لەدایک بوو، قوماتی کرد، و لە گەوڕێکدا خەواندی، چونکە هیچ ماڵێکیان بۆ نوستن دەست نەکەوت.8لەو ناوچەیە شوان هەبوون شەوانە لە دەشت دەمانەوە، و بە نۆرە پاسەوانی مێگەلەکەیان دەکرد. 9فریشتەیەک لەلایەن پەروەردگار لێیان دەرکەوت، و شکۆی پەروەردگار بە دەوریاندا دەدرەوشایەوە، بەمە ترسێکی یەکجار زۆریان لێ نیشت.10فریشتەکە پێی گوتن: «مەترسن! ئەوا مزگێنی شادییەکی گەورەتان دەدەمێ کە بۆ هەموو گەلە: 11ئەمڕۆ لە شاری داڤید ڕزگارکەرێکتان بۆ لەدایک بوو ئەویش مەسیحی پەروەردگارە. 12ئەمەش نیشانەکەیەتی بۆ ئێوە. مەلۆتکەیەک دەبینن لەناو گەوڕێکدا خەوتووە».13لەناکاو لەگەڵ فریشتەکە لەشکرێکی گەورەی ئاسمانی دەرکەوت و ستایشی خودایان دەکرد و دەیانگوت: 14«شکۆ بۆ خودا لە ئاسمان، لەسەر زەویش ئاشتی؛ بۆ ئەوانەی جێی ڕەزامەندی ئەون!»15کاتێک فریشتەکان بەرەو ئاسمان بەجێیان هێشتن، شوانەکان بە یەکتریان گوت: «کەواتە با بڕۆینە بێت لەخم و ئەم شتەی ڕوویداوە بیبینین کە پەروەردگار پێی ڕاگەیاندین.» 16خێرا هاتن، و میریام و یۆسپیان دۆزییەوە و، ئەو مەلۆتکەیەش کە لە گەوڕەکەدا دانرابوو.17کاتێک ئەوەیان بینی، دەستیان کرد بە گێڕانەوەی ئەوەی کە پێیان گوترابوو دەربارەی ئەم منداڵە. 18هەموو ئەوانەی گوێیان لێبوو سەریان سوڕمابوو لەوەی شوانەکان پێیان دەگوتن. 19بەڵام میریام، هەموو ئەم شتانەی لە دڵی خۆیدا هەڵدەگرت، و لێکی دەدایەوە. 20شوانەکان گەڕانەوە و شکۆی پەروەردگاریان ڕاگەیاند و ستایشیان کرد لە پێناوی هەموو ئەوەی بیستیان و بینییان، بەو شێوەیەی پێیان گوترابوو.21لە ڕۆژی هەشتەم کاتی خەتەنەکردنی منداڵەکە هات، ناوی لێنرا یەشوا، بەو شێوەیەی فریشتەکە ناوی لێنا پێش ئەوەی میریام دووگیان بێت.22لەدوای تەواوبوونی ڕۆژانی پاکبوونەوە بەگوێرەی تەوراتی موشە، بەرەو یورشەلایم سەرکەوتن تاکو پێشکەشی پەروەردگاری بکەن، 23هەروەک لە تەوراتدا نووسراوە: «هەر نێرینەیەکی نۆبەرە بۆ پەروەردگار تەرخان دەکرێت»، 24وەک لە تەوراتی پەروەردگاردا هاتووە با قوربانییەک پێشکەش بکەن کە: «دوو کوکوختی، یان دوو بێچووە کۆترە».25پیاوێکی چاک و لەخواترس هەبوو بە ناوی شیمۆن، لە یورشەلایم چاوەڕێی هاتنی دڵنەواییکەری یەسرائیل بوو و گیانی پیرۆزی لەسەر بوو. 26گیانی پیرۆز بە سروش بۆی ئاشکرا کردبوو کە نامرێت هەتا مەسیحی پەروەردگار نەبینێت.27ئەو بە پاڵنەری گیانەکە هات بۆ پەرستگا. کاتێک دایک و باوکەکە بە گوێرەی یاسای تەورات یەشوای منداڵیان پێشکەش کرد، 28لە باوەشی گرت و ستایشی خودای کرد، و گوتی: 29«ئەی پەروەردگار، ئێستا بەگوێرەی بەڵێنەکەت بەندەی خۆت بە ئاشتی بەڕێبکە!30ئەوا چاوم ڕزگاریی تۆی بینی 31ئەوەی ئامادەت کردووە پێشکەشی هەموو گەلانی بکەیت، 32هەتا ببێتە ڕووناکییەک بۆ ڕێنمایی گەلان و شکۆمەندییەک بۆ گەلەکەت یەسرائیل».33دایک و باوکی سەرسام بوون لەو قسانەی دەربارەی گوترا. 34شیمۆن پیرۆزی کردن و بە میریامی دایکی منداڵەکەی گوت: «ئا ئەم منداڵە دەبێتە هۆی کەوتن و هەستانەوەی کەسانێکی زۆر لە یەسرائیل، هەروەها دەبێتە نیشانەیەک دژایەتی دەکرێت 35تەنانەت تۆش شمشێرێک جەرگت دەبڕێت و نیازی دڵی زۆر کەس ئاشکرا دەبێت!»36پێغەمبەرێکی ژن هەبوو، بە ناوی هەننا کچی پەنوئێل لە هۆزی ئاشێر، زۆر بە تەمەن بوو، لەدوای شووکردنی تەنها حەوت ساڵ لەگەڵ مێردەکەی ژیابوو، 37ئەو بێوەژنێکی هەشتاوچوار ساڵان بوو. پەرستگای بەجێ نەدەهێشت شەو و ڕۆژ بە نزا و ڕۆژوو خودای دەپەرست. 38هەر لەو کاتەدا هات بۆ لای ئەوان و ستایشی خودای کرد، باسی منداڵەکەی بۆ هەموو ئەوانە کرد کە یورشەلایم چاوەڕوانی ڕزگاریی بوون.39پاش ئەوەی هەموو شتێکیان بەگوێرەی تەوراتی پەروەردگار تەواو کرد، هاتنەوە بۆ ناسیرەی شارەکەی خۆیان لە ناوچەی گەلیلی. 40منداڵەکە گەشەی دەکرد و بەهێز دەبوو، پڕبوو لە دانایی، و بەخششی خودای لەسەر بوو.41دایک و باوکی هەموو ساڵێک لە جەژنی پەسخە دەچوونە یورشەلایم. 42کاتێک یەشوا بووە دوازدە ساڵ، وەک نەریتی جەژن بەرەو یورشەلایم سەرکەوتن. 43دوای تەواوبوونی ڕۆژانی جەژن، لە گەڕانەوەیاندا، بەبێ ئەوەی بزانن، یەشوای مێردمنداڵ لە یورشەلایم مایەوە. 44بەڵام پێیان وابوو لەنێو کاروانەکەیە، ڕۆژە ڕێیەک ڕۆیشتن ئینجا لەناو خزم و ناسیاوەکاندا بەدوایدا گەڕان.45کاتێک نەیاندۆزییەوە، گەڕانەوە بۆ یورشەلایم بۆ ئەوەی بەدوایدا بگەڕێن. 46دوای سێ ڕۆژ لە پەرستگاکەدا دۆزییانەوە، لەناو مامۆستاکان دانیشتبوو گوێیان لێدەگرت و پرسیاریان لێ دەکرد. 47هەموو ئەوانەی گوێیان لێی ڕاگرتبوو لە تێگەیشتن و وەڵامەکانی سەرسام بوون.48کاتێک بینییان سەریان سوڕما، ئینجا دایکی پێی گوت: «کوڕم، بۆ وات لێکردین؟ من و باوکت نیگەرانت بووین، و بەدواتدا دەگەڕاین!» 49وەڵامی دانەوە: «بۆچی بەدوامدا دەگەڕان؟ نەتاندەزانی پێویستە لە سەر کارەکانی باوکم بم؟» 50بەڵام لەو قسەیە تێنەگەیشتن کە پێی فەرموون.51ئینجا لەگەڵیان گەڕایەوە و هاتەوە ناسیرە، و گوێڕایەڵیان بوو. میریامی دایکی ئەمانەی هەموو لە دڵی خۆیدا ڕائەگرت. 52یەشوا، لە دانایی و باڵادا گەشەی کرد، لە لای خودا و مرۆڤەکان جێگەی ڕەزامەندی بوو.
1لە ساڵی پازدەمینی حوکمڕانی تیباریۆسی قەیسەر؛ کاتێک پیلاتۆس پۆنتیۆس فەرمانڕەوای یەهودیا بوو، هێرۆدی ئەنتیپاس فەرمانڕەوای تێترارکی گەلیلی بوو و فیلیپۆسی براشی فەرمانڕەوای تێترارکی ئیتۆریە و تەراخۆنتۆس بوو، لیسانیۆس فەرمانڕەوای تێترارکی ئەبیلیە بوو؛ 2لە سەردەمی سەرۆک کاهینیێتی ئەنانیا و کەیافا؛ وشەی خودا بۆ یۆخەنانی کوڕی زەخەریا هات کە لە چۆڵەوانی دەژیا.3بە هەموو ناوچەکانی دەوروبەری ڕووباری ئەردەندا دەگەڕا بانگەشەی دەکرد بۆ لەئاوهەڵکێشانی پاشگەزبوونەوە بۆ لێخۆشبوون لە گوناهەکان.4وەک لە پێشبینییەکانی پەڕتووکی ئیشایای پێغەمبەردا نوسراوە: «دەنگێک لە چۆڵەوانی بانگەواز دەکات و دەڵێت: ڕێگا بۆ هاتنی پەروەردگار خۆش بکەن و ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.5هەموو دۆڵێک، پڕ دەبێتەوە و هەموو چیا و گردێک ڕۆدەچێت، ڕێگا خواروخێچەکان ڕاست دەبنەوە و رێگە دژوارەکان تەخت دەبن، 6هەموو مرۆڤایەتی ڕزگاریی خودا دەبینن!»7بەو خەڵکەی دەگووت کە دەهاتن تاکو لە ئاویان هەڵکێشێت : «ئەی بێچووە مارەکان، کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟8با بەرهەمێکتان هەبێت لە پاشگەزبوونەوە بوەشێتەوە، بە خۆتان مەڵێن: ئەڤراهام باوکمانە! پێتان دەڵێم خودا دەتوانێت لەم بەردانە نەوە بۆ ئەڤراهام دروستبکات.9ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار: هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە».10جەماوەرەکە پرسیاریان لێکرد: «کەواتە چی بکەین؟» 11وەڵامی دانەوە: «ئەوەی دوو کراسی هەیە، با یەکێکیان بداتە ئەوەی کە نییەتی؛ ئەوەش کە خواردنی هەیە، با هەمان شت بکات».12هەروەها باجگرانیش بۆ لەئاوهەڵکێشان هاتن، لێیان پرسی: «مامۆستا، ئێمە چی بکەین؟» 13پێی گوتن: «لەوەی لەسەرتانە زیاتر وەرمەگرن».14کۆمەڵێک لە سەربازانیش پرسیاریان لێکرد: «ئەی ئێمە، چی بکەین؟» وەڵامی دانەوە: «ستەم لە کەس مەکەن و بە درۆ کەس تۆمەتبار مەکەن، بە مووچەکانتان ڕازی بن!»15گەل لە چاوەڕوانی (مەسیح)دا بوون، هەموو لە دڵی خۆیاندا سەبارەت بە یۆخەنان پرسیاریان لە خۆیان دەکرد: «ئایا ئەو مەسیحەکەیە؟» 16یۆخەنان وەڵامی هەمووانی دایەوە و پێی گوتن: «من لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام ئەوەی لەدوای من دێت، لە من بە هێزترە، شایانی ئەوە نیم تەنانەت قەیتانی پێڵاوەکانیشی بۆ ببەستم: ئەو لە ئاگر و لە گیانی پیرۆزتان هەڵدەکێشێت.17ئەو شەنی خۆی بە دەستەوەیە و خەرمانەکەی پاک دەکاتەوە، و گەنمەکە لە ناو کۆگا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەشی بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت».18بە زۆر شتی دیکەش ئامۆژگاری گەلی دەکرد و مژدەی دەدا. 19بەڵام کاتێک یۆخەنان سەرزەنشتی هێرۆدی ئەنتیپاسی فەرمانڕەوای تێترارکی گەلیلی کردبوو، لەبەر ئەوەی کە هێرۆدیای براژنی خۆی هێنابوو و هەروەها بە هۆی هەموو ئەو خراپەکاریانەی کە کردبووی، 20ئەمەشی بۆ خراپەکاریەکانی پێشووی زیاد کرد: یۆخەنانی لە زیندان بەندکرد.21کاتێک هەموو گەل لە ئاو هەڵکێشران، یەشواش لە ئاو هەڵکێشرا، کاتێک کە یەشوا نزای دەکرد ئاسمان کرایەوە، و 22گیانی پیرۆز لە شێوەی کۆترێک هاتە سەری، دەنگێک لە ئاسمانەوە هات: «تۆ ڕۆڵەی خۆشەویستمی بە تۆ زۆر دڵخۆشم!»23کاتێک یەشوا دەستی بە (خزمەتەکەی) کرد تەمەنی نزیکەی سی ساڵ بوو و ناسراو بوو بەوە کە کوڕی یۆسپ، کوڕی هێلی، 24کوڕی مەتهات کوڕی لێڤی، کوڕی مەلخای کوڕی یەننای، کوڕی یۆسپ25کوڕی مەتیتیاهو، کوڕی ئامۆس کوڕی ناخوم، کوڕی هەسلی کوڕی نەگای، 26کوڕی مەئات کوڕی مەتیتیاهو، کوڕی شێمئی کوڕی یۆسپ، کوڕی یەهودا27کوڕی یوخەننا، کوڕی ڕیشا کوڕی زروبەڤێل، کوڕی شالتێئیل کوڕی نیری، 28کوڕی مەلخی کوڕی ئادی، کوڕی کوسام کوڕی ئەلمودام، کوڕی ئێر 29کوڕی یەشوع، کوڕی ئیلیعازار کوڕی یوریم، کوڕی مەتیتیاهو کوڕی لێڤی،30کوڕی شیمۆن کوڕی یەهودا، کوڕی یۆسپ کوڕی یۆنام، کوڕی ئیلیاخیم 31کوڕی مەئلیا کوڕی مەننە، کوڕی مەتاتا کوڕی ناتان، کوڕی داڤید 32کوڕی یێشای، کوڕی ئوڤێد کوڕی بۆعەز، کوڕی سەلمۆن کوڕی نەخشۆن،33کوڕی ئەمیناداڤ کوڕی ئەڕام کوڕی خەسرۆن، کوڕی پێرێتس کوڕی یەهودا، 34کوڕی یاکۆڤ کوڕی یتساخ، کوڕی ئەڤراهام کوڕی تارەح، کوڕی ناخۆر 35کوڕی سرۆگ، کوڕی ڕەئو کوڕی پەلەگ، کوڕی هێڤەر کوڕی شالەح،36کوڕی کێنان کوڕی ئەرپەخشاد، کوڕی سام کوڕی نواخ، کوڕی لامەخ 37کوڕی مەتوشالخ، کوڕی خەنۆخ کوڕی یارەد، کوڕی مەهلەلئێل کوڕی کێنان، 38کوڕی ئەنۆش کوڕی شیت، کوڕی ئادەم کوڕی خودایە.
1یەشوا، کاتێ لە ئەردەن گەڕایەوە پڕ ببوو لە گیانی پیرۆز. گیانەکە بەرەو چۆڵەوانی ڕێنمایی کرد 2چل ڕۆژ، شەیتان تاقی دەکردەوە. لە ماوەی ئەو ڕۆژانەدا هیچی نەخوارد. کاتێ تەواو بوو، برسی بوو.3شەیتان پێی گوت: «ئەگەر تۆ ڕۆڵەی خودایت، بەم بەردە بڵێ با ببێتە نان». 4یەشوا وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: مرۆڤ تەنها بە نان ناژیێت. (بەڵکوو بە هەموو وشەیەک کە لە زاری خوداوە دێتە دەر)!»5ئینجا شەیتان یەشوای بردە شاخێکی بەرز، و لە چرکەساتێک هەموو شانشینەکانی جیهانی پیشان دا، 6پێی گوت: «من دەسەڵاتت پێ دەدەم بە سەر هەموو ئەم شانشینانە و ئەو گەورەییەی تێیاندایە، چونکە ڕادەستی من کراوە و منیش دەیدەم بە هەرکەسێک کە بمەوێت. 7ئەگەر لەبەردەمم کڕنۆش ببەیت، هەمووی بۆ تۆ دەبێت!»8یەشوا وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: کڕنۆش بۆ پەروەردگار خودای خۆت دەبەیت، و تەنها ئەو دەپەرستیت!»9ئینجا شەیتان بۆ یورشەلایمی برد و لە لێواری سەربانی پەرستگا، ڕایگرت و پێی گوت: «ئەگەر تۆ ڕۆڵەی خودایت، لێرەوە خۆت هەڵبدە خوارەوە. 10لەبەر ئەوەی نووسراوە: «سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات بتپارێزن، 11لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت».12یەشوا وەڵامی دایەوە: «گوتراوە: یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە!» 13کاتێک شەیتان هەموو تاقیکردنەوەیەکی تەواو کرد، بۆ ماوەیەک یەشوای بەجێی هێشت.14یەشوا بە هێزی گیانی پیرۆزەوە گەڕایەوە ناوچەی گەلیلی؛ ناوبانگی لە هەموو گوندەکانی دەوروپشت بڵاو بۆوە. 15لە کەنیشتەکانیان وانەی دەگوتەوە، و هەموو ستایشیان دەکرد.16هاتە ناسیرە کە لێی گەورە بووە، وەک نەریتی خۆی، لە شەباتدا، چووە کەنیشت و بۆ خوێندنەوە هەستا، 17پەڕتووکی ئیشایا پێغەمبەریان خستە بەردەست، کاتێک کردیەوە ئەو شوێنەی دۆزییەوە کە تێیدا نووسراوە:18« گیانی پەروەردگار لە سەرمە، چونکە دەستنیشان کردووم بۆ ئەوەی مزگێنی بدەم بە هەژاران؛ منی ناردووە ئازادی بۆ بەدیلگیراوان ڕابگەیەنم، بینایی بۆ کوێران بگەڕێنمەوە، ستەملێکراوان ئازاد بکەم 19مزگێنی ساڵی ڕەزامەندی لای پەروەردگار ڕابگەیەنم».20پاشان پەرتووکەکەی پێچایەوە دایەوە خزمەتکارەکە، و دانیشت. چاوی هەموو ئەوانەی لە کەنیشت دانیشتبوون لەسەر ئەو بوو. 21ڕووی تێکردن و فەرمووی: «ئەمڕۆ ئەم نووسراوەی گوێتان لێبوو هاتە دی.» 22دانیشتووان هەموو شایەتحاڵی بوون، و سەرسام بوون بەو وشە بخششانەی کە لە زاری دەردەچوو، و پرسیاریان کرد: «ئەمە کوڕی یۆسپ نییە؟»23پێی فەرموون: «بێگومان ئەم نموونەم پێ دەڵێن: ئەی پزیشک چارەسەری خۆت بکە! ئەوەی بیستمان و لە شاری کەفەرناخوم کردت لێرەش لە شارەکەی خۆتدا بیکە.» 24هەروەها فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: هیچ پێغەمبەرێک لە شارەکەی خۆی وەرناگیرێت.25بەڕاستی پێتان دەڵێم لە سەردەمی ئیلیادا بێوەژنەکان زۆر بوون لە یەسرائیل، کە ئاسمان سێ ساڵ و شەش مانگ داخرا، برسێتییەکی گەورە لە هەموو زەویدا روویدا؛ 26بەڵام ئیلیا بۆ هیچ کامیان نەنێردرا، تەنیا بۆ لای بێوەژنێک نەبێ لە ساریفاتی سیدۆن. 27لە سەردەمی ئێلیشای پێغەمبەردا، لە یەسرائیل، زۆر تووشبووی پەتای گولی هەبوون. بەڵام یەکیان پاک نەکرایەوە، تەنها نەعمانی سوری نەبێت!»28هەموو ئەوانەی لە کەنیشتەکەدا بوون کاتێک ئەمانەیان بیست، پڕ بوون لە تووڕەیی 29وە لە شارەکە دەریانکرد و بردیان بەرەو لێواری ئەو چیایەی شارەکەیانی لەسەر بنیاد نرابوو تاکو فڕێیبدەنە خوارەوە. 30بەڵام ئەو بە ناویاندا تێپەڕی و ڕۆیشت.31ئینجا چووە کەفەرناخوم، کە شارێکە لە ناوچەی گەلیلی، و لە شەباتدا وانەی بە جەماوەر دەگوتەوە. 32ئەوان سەرسام بوون بە فێرکارییەکانی، چونکە وشەکەی دەسەڵاتی هەبوو.33پیاوێک لە کەنیشتەکەدا هەبوو کە گیانی خێوێکی پیس تێیدا نیشتەجێ ببوو. بە دەنگی بەرز هاواری کرد: 34« ئایی! چیت لێمانداوە ئەی یەشوای ناسیرەیی؟ تۆ هاتوویت بۆ لەناوبردنی ئێمە؟ من دەزانم تۆ کێیت: تۆ پیرۆزەکەی خودایت».35بەڵام یەشوا لێی ڕاخوڕی و وتی: «بێدەنگ بە، و لێی بچۆ درەوە». کاتێک خێوەکە پیاوەکەی فڕێدایە ناوەڕاستیان، لێی چووە دەر و ئازاری پێنەگەیاند. 36هەمووان سەریان سوڕما، و لە نێوان خۆیاندا دەستیان کرد بە پرسیارکردن: « ئەمانە چ جۆر وشەیەکن؟ چونکە بە دەسەڵات و هێزەوە فەرمان بە گیانە پیسەکان دەکات ئەوانیش دەردەچن!» 37ناوبانگەکەی لە هەموو ناوچەی دەوروبەری بڵاوبووەوە.38پاشان کەنیشتی بە جێ هێشتوو و چووە ماڵی شیمۆن. خەسووی شیمۆن تووشی تایەکی زۆر بوو دەیناڵاند، داوای لێکرد یارمەتی بدات. 39یەشوا لە تەنیشت جێگاکەی ڕاوەستا، و لە تایەکە ڕاخوڕی، و بەجێی هێشت. لە هەمان کاتدا تایەکە وەستا وخەسووی یەکسەر هەستا و دەستی کرد بە خزمەت کردنیان.40کاتێک خۆر ئاوا بوو، هەموو ئەوانەی نەخۆش بوون و بە دەردی جۆراوجۆرەوە گرفتار بوون، دەیانهێنان بۆ لای، ئەویش یەک بە یەک دەستی دەخستنە سەر، و چاکی دەکردنەوە. 41خێوەکانیش لە زۆر کەسەوە ئەهاتنە دەرەوە، و هاواریان دەکرد و دەیانگوت: « تۆ کوڕی خودایت!» ئەویش لێیان ڕادەخوڕی و ڕێگەی نەدا قسە بکەن، چونکە دەیانزانی کە ئەو مەسیحەکەیە.42کە ڕۆژ هەڵهات، چووە دەرەوە و بۆ شوێنێکی چۆڵ. جەماوەرەکە بەدوایدا گەڕان تا دۆزییانەوە، و ڕایانگرت تا بەجێیان نەهێڵێت. 43بەڵام پێی فەرموون: «دەبێت بانگەشەی شانشینی خودا بۆ شارەکانی دیکەش بکەم، چونکە ئەمەیە کە من بۆی نێردراوم». 44پاشان بەردەوام لە کەنیشتەی یەهودیا مزگێنی ڕادەگەیاند.
1لە کاتێکدا جەماوەرەکە لە دەوری کۆدەبوونەوە بۆ گوێگرتن لە وشەی خودا، ئەو لە کەناری دەریاچەی کینەرەت وەستابوو. 2دوو بەلەمی بینی کە لە کەناری دەریاچەکەدا لەنگەریان گرتبوو، و ماسیگرەکان بەجێیان هێشتبوو و خەریکی شۆردنی تۆڕەکان بوون. 3سواری یەکێک لە بەلەمەکان بوو، هی شیمۆن بوو، داوای لێکرد کەمێک لە کەنارەکە دووری بخاتەوە، پاشان دانیشت و لە ناو بەلەمەکەوە جەماوەرەکەی فێردەکرد.4کاتێک وشەکانی تەواو کرد، بە شیمۆنی فەرموو: «دووری بخەرەوە بۆ قووڵایی، و تۆڕەکانتان بۆ ڕاوکردن هەڵبدەن». 5شیمۆن وەڵامی دایەوە: «گەورەم بە درێژایی شەو زۆر هەوڵمان دا و هیچمان نەگرت. بەڵام لەبەر وشەی تۆ، تۆڕەکان هەڵدەدەین!» 6کاتێک ئەمەیان کرد ماسییەکی زۆریان گرت، بەشێوەیەک کە خەریک بوو تۆڕەکانیان بدڕێت. 7بۆیە بە ئاماژە داوایان لە هاوکارانی ناو بەلەمەکەی دیکە کرد، تاکو بێن و یارمەتییان بدەن، هاتن و هەردوو بەلەمەکەیان پڕکرد، هەتا وای لێهات خەریک بوو نوقم ببن.8شیمۆن پەترۆ کە ئەمەی بینی، کڕنووشی برد لە بەرپێی یەشوا و گوتی: «پەروەردگارم، لێم دووربکەوە، چونکە من مرۆڤێکی گوناهبارم». 9پەترۆ و هەموو ئەوانەی لەگەڵیدا بوون، لە زۆری ئەو ماسییانەی گرتبوویان سەریان سوڕمابوو، 10یاکۆڤ و یۆخەنای کوڕەکانی زەڤدیش، هاوبەشی شیمۆن بوون. یەشوا بە شیمۆنی فەرموو: «مەترسە! ئیتر تۆ لە ئێستاوە ئەبیت بە ڕاوچی مرۆڤ». 11پاشان بەلەمەکانیان هێنایە وشکانی، هەموو شتێکیان بەجێهێشت و شوێن یەشوا کەوتن.12کاتێک یەشوا لە یەکێک لە شارەکان بوو، پیاوێک هات کە هەموو لەشی تووشی نەخۆشی گولی ببوو، کاتێک یەشوای بینی خۆی خستە بەر پێی و لێی پاڕایەوە: «گەورەم، ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت پاکم بکەیتەوە!» 13یەشوا دەستی بۆ درێژکرد و دەستی لێدا و فەرمووی: «دەمەوێت، پاک بەرەوە!» دەمەودەست گولییەکەی پاک بۆوە.14یەشوا فەرمانی پێکرد: «بە کەس مەڵێ، بەڵام بڕۆ خۆت پیشانی کاهین بدە، و بۆ پاکبوونەوەکەت بە پێی ڕاسپاردەی موشە قوربانییەک پێشکەش بکە، تاکو ببێتە شایەتی بۆیان».15لەگەڵ ئەوەشدا هەواڵی یەشوا زیاتر بڵاو بۆوە، بۆیە جەماوەرێکی زۆر کۆبوونەوە تاکو گوێ بگرن و نەخۆشییەکانیان چاک بێتەوە. 16بەڵام ئەو، دووردەکەوتەوە بۆ چۆڵەوانی بۆ ئەوەی نزا بکات.17ڕۆژێکیان یەشوا خەریکی فێرکردن بوو، لە ناو دانیشتوواندا فەریسی و مامۆستایانی تەوراتیش لە نێوانیاندا هەبوون کە لە هەموو گوندەکانی گەلیلی و یەهودیا، و یورشەلایمەوە هاتبوون.18چەند کەسێک هاتن کابرایەکی ئیفلیجیان بە پێخەفەکەیەوە هێنا، و دەیانویست بیبەنە ژوورەوە و لەبەردەمی دایبنێن. 19بەڵام لەبەر زۆری جەماوەرەکە ڕێیان نەبوو بیبەنە ژوورەوە، سەرکەوتنە سەربان و بە پێخەفەکەیەوە لە سەربانەکەوە شۆڕیان کردەوە بۆ ناوەڕاستی ژوورەکە بۆ بەرپێی یەشوا.20کاتێک باوەڕەکەیانی بینی، فەرمووی: «ئەی مرۆڤ، گوناهەکانت بەخشران!» 21بۆیە مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان بیریان کردەوە و گوتیان: «ئەمە کێیە کە وشەی کوفر دەڵێت؟» کێ دەتوانێت لە گوناهەکان خۆش بێت تەنها خودا نەبێت؟»22بەڵام یەشوا تێگەیشت کە بیر لە چی دەکەنەوە، بۆیە وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «لە دڵتاندا بیر لە چی دەکەنەوە؟ 23کام لەم دووانە ئاسانترە: بڵێم: گوناهەکانت بەخشرا! یان بڵێم: هەستە و بڕۆ؟ 24بەڵام (ئەوەم گوت) بۆ ئەوەی بزانن کە ڕۆڵەی مرۆڤ بۆ لێخۆشبوون لە گوناهە دەسەڵاتی لەسەر زەوی هەیە». بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «پێت دەڵێم هەستە پێخەفەکەت هەڵبگرە، و بڕۆ ماڵەوە».25دەستبەجێ لەبەرچاویان هەستا بە دەم ستایشی خوداوە، ئەوەی لەسەری ڕاکشابوو هەڵیگرت و چوو بۆ ماڵی خۆی. 26جەماوەر هەموویان سەرسام بوون، و ستایشی خودایان کرد؛ ترس دایگرتن و گوتیان: «ئەمڕۆ شتی سەرسوڕهێنەرمان بینی!»27لەدوای ئەمانە ئەوێی بەجێهێشت، باجگرێکی بینی ناوی لێڤی بوو، لە شوێنی باجگران دانیشتبوو، پێی فەرموو: «شوێنم بکەوە!» 28لێڤی هەستا و شوێنی کەوت و هەموو شتێکی بەجێهێشت.29لێڤی لە ماڵی خۆیدا میواندارییەکی گەورەی بۆ کرد، زۆر لە باجگران و جەماوەری دیکە لەگەڵیان لەسەر خوان بوون. 30بەڵام مامۆستایانی تەوراتی یەهود و فەریسیەکان سەرزەنشتی قوتابییەکانیان کرد، و گوتیان: «بۆچی لەگەڵ باجگر و گوناهباران دەخۆن و دەخۆنەوە؟» 31یەشوا وەڵامی دانەوە فەرمووی: «ئەوەی کە پێویستی بە پزیشکە تەندروست نیە، بەلکوو نەخۆشە! 32نەهاتووم ڕاستودروستان بۆ پاشگەز بوونەوە بانگهێشت بکەم بەڵکوو گوناهباران!»33ئینجا پێیان گوت: «قوتابییەکانی یۆخەنان زۆر ڕۆژوو دەگرن و نزا دەکەن، قوتابی فەریسییەکانیش هەروا، بەڵام قوتابیانی تۆ دەخۆن و دەخۆنەوە!» 34یەشوا پێی فەرموون: «ئایا دەتوانن وا بکەن بانگهێشتکراوانی زەماوەند بەڕۆژوو بن، کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟ 35بەڵام ڕۆژانێک دێت کە زاوا لە نێوانیان بەرز دەکرێتەوە، لەو ڕۆژانەدا بەڕۆژوو دەبن».36هەروەها نموونەیەکی بۆ هێنانەوە و فەرمووی: «هیچ کەس پارچەیەک لە جلوبەرگێکی نوێ لێناکاتەوە بۆ ئەوەی جلوبەرگێکی کۆنی پێ پینە بکات، چونکە جلوبەرگە نوێیەکە دەدڕێت و پینە نوێیەکەش لەگەڵ جلوبەرگە کۆنەکە ناگونجێت.37کەسیش شەرابی نوێ ناکاتە ناو پێستەی کۆنەوە، چونکە شەرابە نوێیەکە پێستە دەدڕێنێت و دەڕژێت، پێستەکەش لەناودەچێت. 38کەواتە پێویستە شەرابی نوێ بخرێتە ناو پێستەی نوێوە. 39کەسیش نیە شەرابی کۆن بخواتەوە و ئارەزووی نوێ بکات، چونکە دەڵێت: کۆنەکە خۆشترە!»
1لە ڕۆژێکی شەباتدا یەشوا بەناو کێڵگەیەکدا تێدەپەڕی، قوتابییەکانی گوڵەگەنمیان لێدەکردەوە لەناو دەستیان دەیانپرواند و دەیانخوارد. 2هەندێک فەریسی لێیان پرسین: «بۆچی ئەوەی لە ڕۆژی شەباتدا رێگە پێدراو نیە دەیکەن؟»3یەشوا وەڵامی دانەوە فەرمووی: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە داڤید چی کرد، کاتێک خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون برسییان بوو؟ 4چۆن چووە ماڵی خودا و نانی پێشکەشکراوی برد و خواردی، دای بە ئەوانەش کە لەگەڵی بوون، ئەو نانەی بۆ کەس رێگە پێدراو نەبوو بیخوات کاهین نەبێت؟» 5ئینجا پێی فەرموون: «ڕۆڵەی مرۆڤ پەروەردگاری شەباتە!»6لە شەباتێکی دیکەدا، چووە ناو کەنیشت و وانەی بە جەماوەر دەگوتەوە. پیاوێکی لێ بوو دەستی ڕاستی وشک ببوو. 7مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان چاودێری یەشوایان دەکرد: ئایا لە شەبات کەس چاک دەکاتەوە، تاکو شتێکی لێ بدۆزنەوە و بە گوێرەی ئەوە تاوانباری بکەن. 8یەشوا بە بیرکردنەوەیانی زانی، بە پیاوە دەست وشکبووەکەی فەرموو: «هەستە و لە ناوەڕاستدا ڕابوەستە!» ئەویش هەستا، و لەوێدا ڕاوەستا.9یەشوا پێی فەرموون: «پرسیارێکێتان لێ دەپرسم، کامیان لە شەبات رێگەپێدراوە کاری چاک یان کاری خراپ؟ ڕزگارکردنی ژیانی کەسێک یان لەناوبردنی؟» 10چاوی بە هەموویاندا گێڕا، بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە.» ئەویش کردی، و دەستی چاک بۆوە. 11بەڵام گەمژەیی دەستی بە سەرداگرتن و تەنانەت لە ناو خۆیان راوێژیان دەکرد چی لە یەشوا بکەن.12لەو ڕۆژانەدا بوو، چووە دەرەوە بۆ سەر چیایەک تاکو نزا بکات، شەوەکەی هەموو بە نزاکردن بۆ خودا بەسەربرد. 13کە ڕۆژ بۆوە، قوتابییەکانی بانگ کرد، دوازدەی لێ هەڵبژاردن و ناوی لێنان نێردراوان.14کە ئەمانە بوون: شیمۆن، کە ناوی لێنا پەترۆ، لەگەڵ ئەندریای برای؛ یاکۆڤ، یۆخەنا؛ فیلیپۆس و، بەرتۆلمیۆ؛ 15مەتا و تۆما؛ یاکۆڤی کوڕی هەلفای، شیمۆن کە ناسراوبوو بە دڵگەرم؛ 16یەهودای برای یاکۆڤ، و یەهودای ئیسخاریۆتی کە دواتر ناپاکی لە یەشوا کرد.17ئینجا یەشوا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکانی هاتە خوارەوە و لە شوێنێکی تەخت ڕاوەستا. خۆی و قوتابییەکانی و، هەروەها جەماوەرێکی ئێجگار زۆر، کە لە هەموو یەهودیا و یورشەلایم و کەناری سور و سیدۆنەوە، 18هاتبوون تاکو گوێی لێ بگرن و لە نەخۆشییەکانیان چاکببنەوە. ئەوانەی کە بە دەست گیانە پیسەکانەوە دەیانناڵاند چاکبوونەوە. 19هەموو خەڵکەکەش هەوڵیان دەدا دەستی لێ بدەن، چونکە هێزی لێ دەهاتە دەرەوە و هەمووانی چاک دەکردەوە.20ئینجا چاوی بۆ قوتابییەکانی هەڵبڕی و فەرمووی: «خۆزگە بە ئێوە، ئەی هەژاران، چونکە شانشینی خودا هی ئێوەیە. 21خۆزگە بە ئێوە کە ئێستا برسین، چونکە تێر دەبن. خۆزگە بە ئێوە کە ئێستا دەگرین، چونکە لە داهاتوودا پێدەکەنن.22خۆزگە بە ئێوە کاتێک خەڵک ڕقیان لێتان دەبێتەوە، دەرتان دەکەن، سوکایەتی بە ناوتان دەکەن و رەتدەکرێنەوە وەک ئەوەی خراپەکار بن، لە پێناو ڕۆڵەی مرۆڤدا. 23لەو ڕۆژەدا دڵخۆش و شادمان بن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە: چونکە باوباپیرانیشیان هەر بەم شێوە ڕەفتاریان لەگەڵ پێغەمبەران کردووە.24بەڵام هاوار بە ئێوە ئەی سامانداران، چونکە دڵنەوایی خۆتان لێرە وەرگرتووە! 25هاوار بە ئێوە ئەی ئەوانەی ئێستا تێرن، چونکە لە داهاتوو برسی دەبن. هاوار بە ئێوە ئەی ئەوانەی ئێستا پێدەکەنن، چونکە ئێوە پرسە دەگێڕن و دەگرین.26هاوار بە ئێوە کاتێک هەموو خەڵک ستایشتان دەکات، چونکە باوباپیرانیان ئاوایان بۆ پێغەمبەرە درۆزنەکان کردووە.27بەڵام ئەی گوێگران، پێتان دەڵێم: دوژمنەکانتان خۆشبوێ؛ چاکە بکەن لەگەڵ ئەوانەی ڕقیان لێتان دەبێتەوە؛ 28ئەوانەش بەرەکەتدار بکەن کە نەفرەتتان لێدەکەن؛ نزا بکەن بۆ ئەوانەی خراپەتان لەگەڵ دەکەن.29ئەگەر یەکێک لە ڕوومەتت بدات، لایەکەی دیکەشی بۆ شل بکە. ئەگەر یەکێک کەواکەتی برد، لاریت نەبێت لەوەی کراسەکەشتی پێبدەی. 30هەرکەسێک داوای شتێکی لێکردیت بیدەرێ؛ ئەوەش کە سامانی لێ داگیر کردیت لێی داوا مەکەوە.31چۆن دەتانەوێ خەڵکی هەڵسوکەوتتان لەگەڵ بکەن ئێوەش بەو شێوەیە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەن. 32ئەگەر ئەوانەتان خۆشبوێت کە ئێوەیان خۆشدەوێت، چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش ئەوانەیان خۆشدەوێت کە خۆشیان دەوێن! 33ئەگەر هەڵس و کەوتتان باش بێ لەگەڵ ئەوانەی کە بە باشی لەگەڵتان هەڵس و کەوت دەکەن، چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش هەمان شت دەکەن! 34ئەگەر قەرز بدەن بەو هیوایەی وەریبگرنەوە، چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش قەرز دەدەنە گوناهباران تاکو بەرامبەر ئەوەندەی کە داویانە وەربگرنەوە.35بەڵام، دوژمنەکانتان خۆشبوێ، چاکە بکەن، قەرز بدەن بێ ئەوەی چاوەڕێی وەرگرتنەوەی بکەن، بەمە پاداشتتان مەزن دەبێت و دەبنە ڕۆڵەی خودای هەرەبەرز، چونکە ئەو بۆ بێ ئەمەک و خراپەکارانیش بەخششی هەیە. 36بە بەزەیی بن، هەروەک چۆن باوکتان بە بەزەییە.37بڕیار لە سەر کەس مەدەن، با بڕیارتان لە سەر نەدرێ. داوەری کەس مەکەن با داوەریتان لەسەر نەکرێ. لە خەڵکی خۆش بن، با لێتان خۆش بن.38ببەخشن، پێتان دەبەخشرێت: پێوانەیەکی بە باشی پەستێنراوی هەژێنراوی لێوڕێژتان دەخرێتە باوەش، چونکە بەو پێوانەیەی ئێوە بۆ خەڵک دەیپێون، بۆ ئێوەش دەپێورێ».39نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «ئایا کوێر دەتوانێت ڕێنمایی کوێر بکات؟ هەردووکیان ناکەونە چاڵەوە؟ 40قوتابی لە مامۆستاکەی زیاتر نییە، بەڵام هەرکەسێک بەتەواوی فێربێت، وەک مامۆستاکەی لێ دێت!41«بۆچی سەرنج لە پووشی ناو چاوی براکەت دەدەیت، بەڵام ئاگات لە چیلکەی ناو چاوی خۆت نییە؟ 42چۆن دەتوانی بە براکەت بڵێی: برام، با پووشەکەی ناو چاوت دەربهێنم! لەکاتێکدا چیلکەکەی ناو چاوی خۆت نابینیت. ئەی دووڕوو، یەکەم جار چیلکەکەی ناو چاوی خۆت دەربهێنە، تا بۆ دەرهێنانی پووشی ناو چاوی براکەت بە باشی ببینیت .43«هیچ دارێکی باش بەری خراپ نادات و داری خراپیش بەری باش نادات: 44هەر دارێک بە بەرەکەی دەناسرێتەوە. هەنجیر لە دڕک ناچندرێ، لە دڕکیش ترێ ناچندرێتەوە.45مرۆڤی چاکەکار، لە گەنجینەی چاکەی دڵی چاکە دەردەهێنێت. بەڵام مرۆڤی خراپەکار، لە خراپەوە خراپە دەردەهێنێت: چونکە ئەوەی زار پێی دەدوێت لە دڵەوە هەڵدەقوڵێت.46بۆچی بە پەروەردگارم، پەروەردگارم بانگم دەکەن کەچی ئەوەی ئەیڵێم کاری پێ ناکەن؟ 47ئەوەی بۆ لام دێت، و گوێ لە وشەم دەگرێت و کاری پێ دەکات، با پیشانتان بدەم لە کێ دەچێت. 48لە مرۆڤێک دەچێت خانوویەکی درووست کرد، زەوییەکەی بۆ هەڵکەند و قووڵی کرد و بناغەکەی لەسەر بەرد دانا. لافاو هەستا و لە خانووەکەی دا، بەڵام نەیتوانی بیجوڵێنێت، چونکە لە سەر بەرد درووست کرابوو.49بەڵام ئەوەی گوێی لێ بێت و پەیڕەوی نەکات، لە مرۆڤێک دەچێت کە خانوویەکی بێ بناغەی لەسەر زەوی درووست کردبێت. کاتێک لافاو هات و لە خانووەکەی دا، دەستبەجێ بە تەواوی ڕووخا!»
1لەدوای ئەوەی یەشوا هەموو وتەکانی بە گوێی جەماوەر گەیاند، چووە ناو شاری کەفەرناخوم.2سەرپەلێک کۆیلەیەکی هەبوو زۆری خۆشدەویست، نەخۆش بوو و لە سەرەمەرگدا بوو. 3کاتێک سەرپەلەکە دەربارەی یەشوا بیستی، پیرانی یەهودی ناردە لای، بۆ ئەوەی داوای لێ بکەن کە بێت و کۆیلەکەی چاک بکاتەوە. 4ئەوانیش هاتنە لای یەشوا و بە دڵ لێی پاڕانەوە و گوتیان: «شایانی ئەوەیە کە ئەمەی بۆ بکەیت، 5چونکە گەلی ئێمەی خۆشدەوێت و کەنیشتەی بۆمان دروستکردووە.»6یەشواش لەگەڵیان چوو. بەڵام زۆری نەمابوو بگاتە ماڵەکە کە سەرپەلەکە هاوڕێکانی نارد پێی بڵێن: «گەورەم، خۆت ماندوو مەکە، چونکە من شایانی ئەوە نیم خۆت بێیتە ماڵەکەم، 7وەک چۆن خۆمم بە شایانی ئەوە نەزانی کە بێمە لات. تەنها وشەیەک بفەرموو، خزمەتکارەکەم چاک دەبێتەوە: 8چونکە منیش خۆم کەسێکم لەژێر فەرماندام، سەربازیشم لەژێر دەستدایە، بە یەکیان بڵێم: بڕۆ! دەڕوات؛ بەوی دیکەش بڵێم: وەرە! دێت؛ بە کۆیلەکەشم دەڵێم: ئەمە بکە! دەیکات».9کاتێک یەشوا گوێی لەمە بوو، پێی سەرسام بوو، ئینجا ئاوڕی لە جەماوەرەکە دایەوە کە شوێنی کەوتبوون، فەرمووی: «پێتان دەڵێم، لە یەسرائیلدا باوەڕێکی بەهێزی ئاوام نەدیوە!» 10ئەوانەی نێردرابوون گەڕانەوە ماڵەکە، بینییان کۆیلەکە چاک بووەتەوە.11لە ڕۆژی دواتر، یەشوا بۆ شارێک چوو ناوی نایین بوو، قوتابییەکانی و جەماوەرێکی زۆری لەگەڵ چوون. 12کاتێک لە دەروازەی شارەکە نزیک بووەوە، تەرمێکی بینی لە سەر شانی کۆمەڵێک خەڵک، ئەویش کوڕە تاقانەی بێوەژنێک بوو، جەماوەرێکی زۆری شارەکەی لەگەڵ بوو. 13کاتێک پەروەردگار ژنەکەی بینی، دڵی پێی سووتا و پێی فەرموو: «مەگری!» 14ئینجا لێی چووە پێشەوە و دەستی لە دارەمەیتەکە دا، ئەوانەی هەڵیانگرتبوو ڕاوەستان. فەرمووی: «ئەی کوڕی گەنج، پێت دەڵێم، هەستە!» 15مردووەکە دانیشت و دەستی کرد بە قسەکردن، یەشوا سپاردیەوە دەست دایکی.16هەموو ترسیان لێ نیشت، ستایشی خودایان کرد و گوتیان: «لەناوماندا پێغەمبەرێکی مەزن دەرکەوتووە، خوداش گەلەکەی خۆی بەسەرکردەوە!» 17ئەم هەواڵەی ئەو لە هەموو یەهودیا و هەموو ناوچەکانی دەوروپشت بڵاو بووەوە.18قوتابییەکانی یۆخەنان هەموو ئەمانەیان بە یۆخەنان ڕاگەیاند. ئەویش دووان لە قوتابییەکانی بانگ کرد، 19ناردنی بۆ لای پەروەردگار، بۆ ئەوەی لێی بپرسن: «ئایا تۆی ئەوەی کە دێت، یان چاوەڕێی یەکێکی دیکە بکەین؟» 20پیاوەکان هاتنە لای پەروەردگار و گوتیان: «یۆخەنانی لەئاوهەڵکێش ئێمەی بۆ لات ناردووە، دەڵێت: «ئایا تۆی ئەوەی کە دێت، یان چاوەڕێی یەکێکی دیکە بکەین؟»21لەو کاتەدا یەشوا زۆر کەسی لە نەخۆشی و دەرد و خێوەکان چاککردەوە، بینایی بە چاوی زۆر لە کوێرەکان بەخشی. 22ئینجا یەشوا وەڵامی راسپێردراوانی داوە و پێی فەرموون: «بڕۆن چیتان بینیوە و بیستوتانە بە یۆخەنان ڕایبگەیەنن: کوێر دەبینێت، شەل دەڕوات، گول پاک دەبێتەوە، کەڕ دەبیستێت، مردوو هەڵدەستێتەوە و هەژار مزگێنی پێدەدرێت. 23خۆزگە بەوەی گومانم لێ ناکات!»24کاتێک نێردراوانی یۆخەنان ڕۆیشتن یەشوا ڕووی لە خەڵک کرد و سەبارەت بە یوخەنان فەرمووی: «بۆ بینینی چی چوونە چۆڵەوانی؟ قامیشێک کە با دەیجوڵێنێتەوە؟ 25ئەی بۆ بینینی چی چوون؟ مرۆڤێک کە جلوبەرگی گرانبەهای پۆشیوە؟ نەخێر، ئەوانەی جلوبەرگی گرانبەها دەپۆشن و خۆش ڕادەبوێرن لە کۆشکەکان دەژین. 26ئەی بۆ بینینی چی چوون؟ پێغەمبەرێک؟ بەڵێ، پێتان دەڵێم، لە پێغەمبەریش مەزنترە!27یۆخەنان ئەو کەسەیە کە دەربارەی نووسراوە: من نێردراوی خۆم لەپێشتەوە دەنێرم بۆ ئەوەی ڕێگات بۆ ئامادە بکات. 28من پێتان دەڵێم: لەنێوان ئەوانەی لە ژن لەدایک بوون، کەس لە یۆخەنان مەزنتر نییە، بەڵام بچووکترین لە شانشینی خودا لەو پایە بەرزترە!»29هەموو ئەوانەی گوێیان لێبوو، تەنانەت باجگرانیش، دانیان نا بە دادپەروەری خودا، چونکە بە دەستی یۆخەنان لە ئاو هەڵکێشرا بوون؛ 30بەڵام فەریسی و زانایانی تەورات؛ خواستی خودایان ڕەتکردەوە چونکە لەسەر دەستی ئەو لە ئاو هەڵنەکێشرابوون.31کەواتە ئەم نەوەیە بەچی بەراورد بکەم؟ و لە چی دەچن؟ 32ئەوان وەک منداڵێک وان کە لە بازاڕدا دانیشتوون، بانگی یەکتر دەکەن دەڵێن: زوڕنامان بۆتان لێدا و سەماتان نەکرد؛ شیوەنمان گێڕاو نەگریان!33یۆخانانی لە ئاوهەڵکێش هات نە دەیخوارد و نە دەیخواردەوە، گوتتان: خێوی تێدا نیشتەجێیە. 34جا ڕۆڵەی مرۆڤ هاتووە دەخوات و دەخواتەوە، گوتتان: ئەم پیاوە نەوسن و شەرابخۆرە، هاوڕێی باجگران و گوناهبارانە؛ 35بەڵام دانایی ڕاستەقینە بۆ هەموو منداڵەکانی ڕەوایە ».36یەکێک لە فەریسییەکان داوای لێکرد کە لەگەڵیدا نان بخوات. ئینجا چووە ماڵی فەریسییەکە و لە سەر خوان دانیشت. 37ژنێک لە شارەکەداهەبوو کە گوناهبار بوو، کاتێک زانی یەشوا لە ماڵی فەریسییەکان دانیشتووە، شووشەیەک بۆنی خۆشی هێنا، 38و لە بەردەمیا دانیشت و پێیەکانی بە فرمێسک شۆردەوە، و بە قژی سڕییەوە، و بە گەرمی ماچی کرد، و بۆنە خۆشەکەی لێدا.39ئەو فەریسییەی کە بانگهێشتی کردبوو کاتێک ئەوەی بینی، لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئەم پیاوە ئەگەر پێغەمبەر بووایە، دەیزانی کێ و چ جۆرە ژنێک دەستی لێدەدات؛ چونکە گوناهبارە!» 40یەشوا وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «شیمۆن، دەمەوێ شتێکت پێ بڵێم.» وەڵامی دایەوە: «مامۆستا، بفەرموو!»41فەرمووی: «کەسێک هەبوو کە دوو قەرزداری هەبوو: یەکێکیان پێنج سەد دیناری قەرز داریبووی، وە ئەوی دیکەیان پەنجا دینار. 42کاتێک هیچیان نەیانبوو قەرزەکەی بدەنەوە، لە هەردووکیان خۆش بوو. کەواتە پێم بڵێ کامیان زۆرترین خۆشەویستیان بۆی هەیە؟» 43شیمۆن وەڵامی دایەوە و گوتی: «پێموایە ئەوەی کە زۆرترین قەرزی بەلاوە بوو. ئینجا پێی گوت: «تۆ بە درووستی بڕیارت دا!»44ئینجا ڕووی لە ژنەکە کرد، و بە شیمۆنی گوت: «ئەم ژنە دەبینیت؟ من هاتمە ماڵەکەت تۆ ئاوت بۆ نەهێنام پێیەکانم بشۆم! بەڵام ئەو، پێیەکانمی بە فرمێسک شۆردەوە و بە قژی سڕییەوە. 45تۆ تەنانەت یەک جار ماچت نەکردم! بەڵام ئەم، لەو کاتەوەی هاتوومەتە ژوورەوە وازی لە ماچکردنی پێیەکانم نەهێناوە.46تۆ سەرمت بە ڕۆن چەور نەکرد! بەڵام ئەم ژنە، بۆنی خۆشی لە پێیەکانم دا. 47هەر بۆیە پێتان دەڵێم: ئەگەرچی زۆر گوناهباریش بێت، هەمووی بەخشران. بە هۆی ئەو خۆشەویستیە زۆرەی كە دەریبڕی. بەڵام ئەوەی کەم بەخشرا، کەمی خۆشەویستی دەربڕی!»48ئینجا پێی گوت: «گوناهەکانت بەخشران!» 49ئەوانەی لەگەڵیدا دانیشتبوون لە دڵی خۆیاندا دەیانپرسی: «ئەمە کێیە لە گوناهەکانیش خۆش دەبێت؟» 50بە ژنەکەی فەرموو: «باوەڕت ڕزگاری کردیت. بڕۆ لە ئاشتیدا بە!»
1پاشان بە هەموو شار و گوندێکدا دەگەڕا و وانەی دەگوتەوە و مزگێنی شانشینی خودای ڕادەگەیاند و دوازدە قووتابییەکەش لەگەڵیدا بوون، 2هەروەها هەندێک ژنیش کە لە گیانی پیس و نەخۆشی چاک ببوونەوە، لەوانە میریام ناسراو بە مەگدەلین کە حەوت خێوی لێ دەرکرابوو، 3یونا هاوسەری خۆزی راوێژکاری هیرۆد، و شۆشانا، و چەندین کەسی دیکە کە بە سامانەکانیان خزمەتیان دەکرد.4خەڵکێکی زۆر لێی کۆبوونەوە کە لە هەموو شارێکەوە هاتبووونە لای، بە نموونەیەک قسەی لەگەڵ کردن: 5«جووتیارێک بۆ چاندنی تۆوەکەی هاتە دەرەوە. لەو تۆوانەی کە دەیچاند، هەندێکیان کەوتنە سەر ڕێگا، ئەوانە ژێر پێ کەوتن، و باڵندەکانی ئاسمان خواردیان. 6هەندێکیان کەوتنە سەر بەردەڵان، کاتێ سەریان هەڵدا وشک بوون چونکە شێدار نەبوو.7هەندێکیان کەوتنە ناوەڕاستی دڕکەکانەوە، دڕکەکانیش لەگەڵیاندا گەشەیان کرد و خنکاندیانن. 8هەندێکیتریش کەوتنە سەر زەوی باش. گەشەیان کرد، و سەد هێندە بەرهەمیان هێنا». کاتێک ئەم قسانەی کرد بە دەنگی بەرز فەرمووی: «با ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن، بیبیستێت!»9قوتابییەکانی لێیان پرسی: «واتای ئەم نموونە چیە؟» 10فەرمووی: «پێتان دراوە نهێنییەکانی شانشینی خودا بزانن. بەڵام بە نموونە قسە بۆ خەڵک دەکەم تەنانەت ئەوانەی: سەیر دەکەن بەڵام نابینن، و گوێ دەگرن بەڵام تێناگەن.11ئێستا واتای نموونەکە ئەمەیە: تۆوەکە وشەی خودایە. 12ئەوانەی لە سەر ڕێگاکەدان ئەوانەن کە (وشەکە) دەبیستن، پاشان شەیتان دێت و وشەکە لە دڵیان دەڕفێنێ، نەکا باوەڕ بهێنن و ڕزگاریان بێت. 13ئەوانەی لەسەر بەردەڵانەکەن ئەوانەن کە وشەکە دەبیستن و بە خۆشحاڵییەوە وشەکە وەردەگرن، بەڵام ڕەگیان دانەکووتاوە، بۆ ماوەیەک باوەڕ دەهێنن، و لە کاتی تاقیکردنەوەدا پاشەکشە دەکەن.14ئەو تۆوانەی کە لەنێو دڕکەکاندا کەوتن بۆ ئەوانەیە کە دەبیستن بەڵام کاتێک دەڕوێن خەمەکانی ژیان و دەوڵەمەندی و چێژەکان، دەیانخنکێنێ و بەرهەمی پێگەیشتوویان نابێ. 15بەڵام تۆوی سەر زەوییە باشەکە، بۆ ئەوانەیە کە وشەکە دەبیستن و بەدڵێکی باش و ڕاست دەیپارێزن، و بە خۆڕاگرییەوە بەروبوومێک بەرهەم دەهێنێت.16هیچ کەسێک چرایەک داناگیرسێنێت و بە قاپێک دایپۆشێت، یان بیخاتە ژێر پێخەف، بەڵکو لەسەر چرادانێک دایدەنێ بۆ ئەوەی هەرکەسێک بچێتە ژوورەوە ڕووناکییەکە ببینێت. 17لەبەر ئەوەی هیچ شاراوەیەک نییە کە نەدۆزرێتەوە، و نهێنییەک نیە کە نەناسرێت و رانەگەیەندرێت. 18بە وردی گوێ بگرن، چونکە ئەوەی هەیەتی زیاتری پێدەدرێت؛ بەڵام ئەوەی نیەتی، چی بە هی خۆی دەزانێت، لێی دەسێندرێتەوە!»19دایک و براکانی یەشوا هاتن بۆ لای، بەڵام له بەر زۆری جەماوەرەکه نەیانتوانی لێی نزیک بکەونەوه. 20پێیان گوت: «دایک و براکانت لە دەرەوە ڕاوەستاون، دەیانەوێ بتبینن!» 21وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «دایک و براکانم ئەوانەن کە گوێ لە وشەی خودا دەگرن و بەکاری دەهێنن».22ڕۆژێکیان یەشوا بە قوتابییەکانی، فەرموو: «با بچینە ئەوبەری دەریاچەکە!» سواری بەلەمێک بوون و بەڕێکەوتن. 23کاتێک بە دەریادا ڕۆیشتن، نووست. زریانێکی کتوپڕی با لەسەر دەریاچەکەدا هەڵیکرد، و بەلەمەکە پڕ بوو لە ئاو، و کەوتنە مەترسییەوە.24قوتابییەکانی یەشوا هاتنە سەری و بەخەبەریان هێنا و گوتیان: «گەورەم، گەورەم، خەریکە دەمرین!» ئەویش هەستا و لە با و ئاوەکەی ڕاخوڕی، ئاو و بایەکە ڕاوەستان و دۆخەکە هێمن بۆوە. 25پێی فەرموون: «باوەڕتان لەکوێیە؟» بەڵام ئەوان ترسا بوون و سەرسام بوون، بە یەکتریان گوت: «ئەمە کێیە؟ تەنانەت فەرمان بە با و ئاو دەکات و گوێڕایەڵی دەبن؟»26پاشان گەیشتنە ناوچەی گەراسین، کە کەوتۆتە بەرامبەر گەلیلی. 27کاتێک یەشوا دابەزییە سەر وشکانی، پیاوێکی دی خەڵکی شارۆچکەکە بۆ ماوەیەکی زۆر خێو دەستیان بە سەردا گرتبوو، جل و بەرگی لەبەردا نەبوو و ماڵێکی نەبوو تیای بژی بەڵکوو لە ناو گۆڕەکاندا دەمایەوە.28کاتێک یەشوای بینی، هاواری کرد و لە بەر پێی چۆکی دادا، بە دەنگێکی بەرز گوتی : « چیت لە من دەوێت، یەشوای ڕۆڵەی خودای هەرەبەرز؟ لێت دەپاڕێمەوە ئەشکەنجەم مەدە؟» 29چونکە یەشوا فەرمانی دابوو گیانی پیس لە پیاوەکە بێتە دەرەوە. زۆر جار دەستی بەسەردا گرتبوو، هەرچەندە کۆت و زنجیر کرابوو و لەژێر چاودێریدا بوو، زنجیرەکانی شکاندبوو و لەلایەن گیانی پیسەوە بۆ کەلاوەکان بردرابوو.30یەشوا لێی پرسی: «ناوت چییە؟» وەڵامی دایەوە: «لێگیۆن!» چونکە سوپایەک لە خێوەکان چووبوونە ناوی، 31ئینجا چەند جارێک تکایان لە یەشوا کرد کە فەرمانیان پێ نەدات بچنە ناو بیری بێ بن.32ڕەوە بەرازێکی گەورە لەسەر لێواری چیاکە دەلەوەڕان، گیانە پیسەکان لە یەشوا پاڕانەوە کە ڕێگەیان پێبدات بچنە ناو بەرازەکان، ئەویش ڕێگەی پێدان. 33کاتێک خێوەکان لە مرۆڤەکە هاتنە دەرەوە، چوونە ناو بەرازەکان، رەوە بەرازەکەیش لە لێواری شاخەکەوە خۆیان هەڵدایە ناو دەریاچەکەو خنکان.34کاتێک شوانەکان بینییان چی ڕوویداوە، بەرەو شار و کێڵگەکان بە هەڵاتن هەواڵی رووداوەکەیان بڵاو کردەوە. 35خەڵکەکە چوونە دەرەوە بۆ ئەوەی ببینن چی ڕوویداوە، کاتێک گەیشتنە لای یەشوا، ئەو پیاوەیان دی کەخێوەکان لێی چوونە دەرەوە، لەبەرپێی یەشوا دانیشتووە و جل و بەرگی لەبەردایە و ئەقڵی تەندرووستە. بۆیە ترسان.36ئەوانەی بینییان بە خەڵکەکەیان ڕاگەیاند کەچی روویداوە، و چۆن پیاوەکە چاک بۆتەوە. 37ئینجا هەموو خەڵکی ناوچەی گەراسین داوایان لە یەشوا کرد وازیان لێ بهێنێت، چونکە ترسێکی زۆر دایگرتبوون. یەشوا سواری بەلەمەکە بوو و گەڕایەوە.38بەڵام ئەو پیاوەی گیانی پیسی لێ دەرچووبوو، لێی پاڕایەوە کە لەگەڵی بڕوات. بەڵام یەشوا ڕەتیکردەوە و فەرمووی: 39«بگەڕێوە ماڵەوە، و پێیان بڵێ کە خودا چی بۆ کردوویت!» پیاوەکە ڕۆیشت و بە هەموو شارەکەی ڕاگەیاند کە یەشوا چی بۆ کردووە.40کاتێک یەشوا گەڕایەوە، خەڵکێکی زۆر پێشوازییان لێکرد، چونکە هەموو چاوەڕێی گەڕانەوەیان دەکرد. 41ئینجا پیاوێک بە ناوی یائیر، کە پێشەوای کەنیشت بوو، هات و خۆی خستە بەر پێی یەشوا و لێی پاڕایەوە بێتە ماڵەکەی، 42چونکە تاقە کچەکەی، کە دوازدە ساڵان بوو، لە سەرەمەرگدا بوو. بە دەم ڕۆیشتنەوە، جەماوەر پاڵەپەستۆیان ئەخستە سەری.43ژنێک لەناو خەڵکەکەدا بوو کە بۆ ماوەی دوازدە ساڵ خوێنی لەبەر دەڕۆیشت هەرچەندە هەموو ئەو شتانەی کە هەیبوو لە پێدانی پارەی پزیشکەکاندا لە دەستی دابوو، بەڵام لە سەر دەستی هیچ کەس چاک نەببۆوە. 44بۆیە لە دواوە چوو بەرەو یەشوا، و دەستی بە کەواکەیدا هێنا، و دەستبەجێ خوێنبەربوونەکەی وەستا.45یەشوا فەرمووی:« کێ بوو دەستی لێدام؟» کاتێک هەموویان ڕەتیان کردەوە، پەترۆ گوتی: «گەورەم، بە قەرەباڵغی پاڵەپەستۆ دەخەنە سەرت و تەنگت پێهەڵدەچنن، تۆش دەپرسیت کێ دەستی لێدام؟» 46بەڵام یەشوا فەرمووی: «کەسێک دەستی لێدام، چونکە هەستم بە هێزێک کرد لە منەوە چووە دەرەوە».47ژنەکە بینی کە ناتوانێت بابەتەکە بشارێتەوە، بە لەرزەوە هات، و کەوتە سەر پێیەکانی لە بەردەم هەموو خەڵکەکەدا باسی ئەوەی کرد کە بۆچی دەستی لێداوە، و چۆن دەستبەجێ چاک بووەتەوە. 48ئینجا پێی فەرموو: « کچم، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە؛ بڕۆ لە ئاشتیدا بە!»49لە کاتێکدا یەشوا قسەی دەکرد، کەسێک لە ماڵی یائیری پێشەوای کەنیشتەوە، هات پێی گوت: « کچەکەت مردووە. چیتر مامۆستا ماندوو مەکە!» 50یەشوا گوێی لەمە بوو، بە یائیری فەرموو: « مەترسە، باوەڕت هەبێ، و چاک دەبێتەوە!»51کاتێک گەیشتە ماڵی یائیر، نەیهێشت کەس لەگەڵی بچێتە ژوورەوە، پەترۆ و یۆخەنا و یاکۆڤ و دایک و باوکی منداڵەکە نەبێت. 52هەمووان دەگریان و شیوەنیان بۆ دەکرد. یەشوا فەرمووی: « مەگرین. ئەو نەمردووە، بەڵکو خەوتووە!» 53بەڵام پێی پێکەنین، چونکە دەیانزانی مردووە.54بەڵام کاتێک هەموویانی دەرکرد، دەستی گرت، بانگی کرد فەرمووی: «ئەی کچ، هەستە!» 55گیانەکەی بۆ گەڕایەوە، دەستبەجێ هەستایەوە. ئینجا یەشوا پێی فەرموون خواردنێکی پێبدەن. 56دایک و باوکی سەرسام بوون؛ بەڵام پێی ڕاسپارن ئەوەی ڕوویداوە بە کەسی نەڵێن.
1پاشان یەشوا دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، هێز و دەسەڵاتی پێدان بۆ دەرکردنی هەموو خێوەکان و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان، 2وە ناردنی بۆ ئەوەی مزگێنی پاشایەتی خودا ڕابگەیەنن و نەخۆشەکان چاک بکەنەوە.3پێی فەرموون: «هیچ شتێ بۆ ڕێگا هەڵمەگرن: نە گۆچان، نە پێخۆر، نە نان، نە پارە، کەسێک جلی زیادە هەڵنەگرێت. 4چوونە هەر ماڵێک لەوێ نیشتەجێ بن تا لەوێ دەڕۆن.5ئەگەر خەڵک پێشوازییان لێتان نەکرد، لەوێ بڕۆن و تۆز و خۆڵ لە پێیەکانتان بتەکێنن وەک شایەتحاڵییەک لە دژی ئەوان». 6پاشان بە گوندەکاندا دەڕۆیشتن و مزگێنییان دەدا و خەڵکیان چاک دەکردەوە.7هیرۆدی فەرمانڕەوای تێترارک سەبارەت بە هەموو ئەو شتانە ڕوویان دەدا بیستی. سەری سوڕما چونکە هەندێک دەیانگوت: «یۆخەنان لە ناو مردووان هەستاوەتەوە!» 8هەندێکی تریش دەیانگوت: «ئیلیا دەرکەوتووە!» هەندێکی تریش دەیانگوت: «یەکێک لە پێغەمبەرانی کۆنە هەستاوەتەوە!» 9بەڵام هیرۆد گوتی: «من سەری یۆخەنانم بڕی، کەواتە ئەمە کێیە کە من شتی لەو جۆرەی لەبارەیەوە دەبیستم؟» تامەزرۆی بینینی بوو.10کاتێک نێردراوان گەڕانەوە، یەشوایان لە هەموو ئەو شتانەی ئەنجامیان دابوو ئاگادار کردەوە، پاشان لەگەڵ خۆی بردنی و بەتەنیا ڕۆیشتن بۆ شارۆچکەیەک بە ناوی بێت سەیدا. 11بەڵام خەڵکەکە پێیان زانی و لەگەڵی هاوڕێی ڕێگای بوون، ئەویش پێشوازی لێکردن و باسی شانشینی خودای بۆ کردن، ئەوانەی پێویستیان بە چاکبوونەوە بوو چاکی کردنەوە.12لە کۆتایی ڕۆژدا دوازدە کەسەکە هاتنە لای و پێیان گوت: «جەماوەرەکە بنێرە تا بچنە گوندەکان، و کێڵگەکانی دەوروبەر، و با لەوێ بمێننەوە و خواردنیش بدۆزنەوە، چونکە ئێمە لێرە لە شوێنێکی دوورداین!» 13پێی فەرموون: «شتێکیان پێ بدەن با بیخۆن!» وەڵامیان دایەوە: «تەنها پێنج نان و دوو ماسیمان هەیە مەگەر ئەوەی بچین خواردن بۆ ئەم هەموو خەڵکە بکڕین». 14نزیکەی پێنج هەزار کەس لەوێ دانیشتبوون. پاشان بە قوتابییەکانی فەرموو: «بە کۆمەڵ دایانیشێنن با هەر کامە لە پەنجا کەس پێک هاتبێت».15قوتابییەکان ئەنجامیان دا، و هەمووان دانیشتن. 16پێنج نان و دوو ماسییەکەی هەڵگرت، چاوی هەڵبری بەرەو ئاسمان، بەرەکەتی خستنە سەر و لەتی کردن و دای بە قوتابییەکان تا بەسەر خەڵکەکەدا دابەشی بکەن. 17هەموویان خواردیان و تێر بوون. قوتابییەکانیش دوانزە سەبەتەیان لەو بەشانەی کە مابۆوە پڕکرد.18جارێکیان کە یەشوا بە تاکەکەسی نزای دەکرد و قوتابییەکانی لەگەڵیدا بوون، لێی پرسین: «جەماوەرەکە دەڵێن من کێم؟» 19وەڵامیان دایەوە: «هەندێک دەڵێن یۆخەنانی لە ئاوهەڵکێشی، هەندێکی تر دەڵێن ئیلیایت، و هەندێکی تریش پێیان وایە یەکێک لە پێغەمبەرانی سەردەمی کۆنی کە هەستاویتەوە.»20لێی پرسین: «بەڵام ئەی ئێوە، ئێوە دەڵێن من کێم؟» پەترۆ وەڵامی دایەوە: «تۆ مەسیحی خودای!». 21بەڵام ئاگاداری کردن کە ئەوە بە کەس نەڵێن. 22فەرمووی: «ڕۆڵەی مرۆڤ دەبێت ئازاری زۆر بچێژێت و لەلایەن پیرەکان و سەرۆک کاهینەکان و مامۆستایانی تەورات ڕەت بکرێتەوە، و بکوژرێت، و لە ڕۆژی سێهەمدا هەڵدەستێتەوە».23پاشان بە هەموویانی گوت: «هەرکەسێک بیەوێت بە دوای مندا بێت، دەبێت نکۆڵی لە خۆی بکات و ڕۆژانە خاچەکەی هەڵبگرێت و شوێنم بکەوێت. 24چونکە هەرکەسێک بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات، لەدەستی دەدات؛ بەڵام ئەوەی ژیانی خۆی لەپێناو مندا لەدەست بدات، ڕزگاری دەبێت. 25مرۆڤ چ قازانجێک دەکات ئەگەر هەموو دونیا بەدەست بهێنێ و خۆی لەدەست بدات یان خۆی لەناو ببات؟26هەرکەسێک شەرم لە من و وشەکەم بکات، کاتێک ڕۆڵەی مرۆڤ بە شکۆی خۆی و بە شکۆی باوک و فریشتە پیرۆزەکانەوە دێت شەرمیان لێدەکات. 27بەڵام بەڕاستی پێتان دەڵێم، لە نێو ئەوانەی لێرە وەستاون هەندێک هەن تا شانشینی خودا نەبینن مردن ناچێژن».28نزیکەی هەشت ڕۆژ دوای ئەوەی یەشوا ئەمەی فەرموو، پەترۆ و یۆخەنا و یاکۆڤی لەگەڵ خۆی برد و بۆ نزاکردن چووە سەر شاخێک. 29کاتێک نزای دەکرد، ڕوخساری گۆڕا و جلەکانی وەک بروسکەی رووناکی دەدروشایەوە.30دوو پیاو لەگەڵی دەدوان، کە موشە و ئیلیا بوون، 31بە شکۆمەندییەوە دەرکەوتن و باسی ڕۆشتنی ئەویان کرد کە بڕیار بوو لە یورشەلایم تەواو بێت.32خەو پەترۆ و هاوەڵەکانی داگرتبوو، بەڵام کاتێک بە تەواوی بە ئاگا هاتنەوە، شکۆمەندی ئەو دوو پیاوەیان بینی کە لەگەڵیدا وەستابوون. 33کاتێک بەجێیانهێشتن، پەترۆ بە یەشوای گوت: مامۆستا، باشترە لێرە بمێنینەوە! با سێ چادر هەڵدەین: یەکێکیان بۆ تۆ، یەکێکیان بۆ موشە، و یەکێکیان بۆ ئیلیا» و ئەو نەیدەزانی چی دەڵێت.34لە هەمان کاتدا کە قسەی دەکرد، هەورێک دەرکەوت و دایپۆشین، کاتێک چوونە ناو هەورەکە ترسیان لێ نیشت، 35دەنگێک لە هەورەکەوە هات و گوتی: «ئەمەیە کوڕەکەم، کە هەڵمبژاردووە. گوێی لێ بگرن!» 36کاتێک دەنگەکە نەما، یەشوایان بە تەنیایی دۆزیەوە. ئەمەیان لای خۆیان هێشتەوە و لەو ڕۆژانەدا ئەوەی دیتیان بە کەسیان نەدەگوت.37ڕۆژی دواتر، یەشوا لەگەڵ سێ قوتابییەکەی لە شاخەکە هاتنە خوارەوە، 38خەڵکێکی زۆر چاویان پێی کەوت. پیاوێک لەناو جەماوەرەکەوە بانگی کرد و گوتی: «مامۆستا، تکایە لێت دەپاڕێمەوە یارمەتی کوڕەکەم بدەیت، ئەو تاکە منداڵی منە. 39هەندێک جار گیانێک دەستی بەسەردا دەگرێت، و کتوپڕ هاوار دەکات، تووشی فێی دەکات و کەف لە دەمی دێتە دەر، بە ئاستەم وازی لێدەهێنێت پاش ئەوەی برینداری دەکات . 40داوام لە قوتابییەکانت کرد کە گیانی خراپی لێ دەربکەن. بەڵام نەیانتوانی ».41یەشوا وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «ئێوە ئەی نەوەی بێ باوەڕی لاڕێ! تاکەی لەگەڵتان بمێنمەوە و بەرگەتان بگرم؟» ( بە پیاوەکەی فەرموو): «کوڕەکەت بهێنە بۆ ئێرە!» 42لە کاتێکدا کوڕەکە دەهات، شەیتانەکە بە زەویدا دا و بە توندی لێیدا. یەشوا لە گیانە پیسەکەی ڕاخوڕی، و منداڵەکەی چاک کردەوە و ڕادەستی باوکی کرد.43هەمووان سەرسام بوون بە گەورەیی خودا. یەشوا بۆ جاری دووهەم پێشبینی مردنی خۆی کردەوە و هەمووان سەرسام بوون بە هەموو ئەو کارانەی یەشوا کردبووی، بە قووتابییەکانی فەرموو: 44«با ئەم وشانە بچێتە گوێتانەوە: ڕۆڵەی مرۆڤ ڕادەستی خەڵک دەکرێت!» 45بەڵام ئەوان لەم وتەیە تێنەگەیشتن، و لێیان شاردرابۆوە بۆیە لێی تێنەگەیشتن، و ترسان لێی بپرسن.46ناکۆکییەک لە نێوانیاندا دروست بوو کە کێ لە هەموویان مەزنترە. 47کاتێک یەشوا بە مەبەستی دڵیانی زانی، کوڕێکی بچووکی برد و لە تەنیشتی خۆی داینا، 48و پێی فەرموون: «هەرکەسێک ئەم کوڕە بچووکە بە ناوی منەوە وەرگرتووە، منی وەرگرتووە؛ هەرکەسێک من وەربگرێت، ئەو کەسە وەردەگرێت کە منی ناردووە. چونکە ئەوەی لە هەمووتان بچووکترە، مەزنترینە».49یۆخەنا گوتی: «گەورەم، بینیمان کەسێک بە ناوی تۆ خێوەکانی دەرکرد، بەرمان پێ گرت چونکە لەگەڵ ئێمە شوێن تۆ نەکەوتووە». 50یەشوا پێی فەرموون: «بەری پێ مەگرن، چونکە ئەوەی دژی ئێوە نییە، لەگەڵ ئێوەیە!»51کاتێک ڕۆژەکانی بەرزکردنەوەی نزیک بۆوە، بڕیاریدا بچێتە یورشەلایم. 52بۆیە هەندێک نێردراوی پێش خۆی نارد و چوونە ناو گوندێکی سامرییەکان، بۆ ئەوەی ماڵێکی بۆ ئامادە بکەن. 53بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون پێشوازی لێ بکەن چونکە لە ڕێگای یورشەلایم دا بوو.54یاکۆڤ و یۆخەنا کە ئەمەیان بینی، گوتیان: «پەروەردگار، دەتەوێت فەرمان بکەین کە ئاگر لە ئاسمانەوە دابەزێت و لەناویان ببات؟» 55ڕووی تێکردن و بە توندی سەرزەنشتی کردن و فەرمووی: «ئێوە نازانن لە چ جۆرە گیانێکن، 56چونکە ڕۆڵەی مرۆڤ نەهاتووە مرۆڤەکان لەناو ببات، بەڵکو بۆ ڕزگارکردنیان هاتووە.» پاشان بەرەو گوندێکی تر ڕۆیشتن.57کاتێک بەڕێوە بوون، یەکێک پێی گوت: «گەورەم، بۆ هەرکوێ بچیت شوێنت دەکەوم!» 58یەشوا فەرمووی: «ڕێوییەکان کونیان هەیە، باڵندەکانی ئاسمان هێلانەیان هەیە، بەڵام ڕۆڵەی مرۆڤ هیچ شوێنێکی نییە سەری حەسانەوەی لە سەر دانێ».59بە کەسێکی دیکەی فەرموو:«شوێنم بکەوە!» بەڵام ئەمەیان گوتی: «گەورەم، ڕێگەم بدە سەرەتا بچم باوکم بنێژم!» 60یەشوا پێی فەرموو: «لێگەڕی با مردووەکان مردووەکانیان بنێژن، بەڵام تۆ بڕۆ مزگێنی شانشینی خودا ڕابگەیەنە».61یەکێکی دیکە پێی گوت: «گەورەم، شوێنت دەکەوم، بەڵام یەکەم جار ڕێگەم بدە ماڵئاوایی لە خێزانەکەم بکەم!» 62یەشواش پێی فەرموو: «کەسێک دەستی لەسەر گاسنەکە بێ و ئاوڕ لە دواوە باتەوە، شایستەی شانشینی خودا نیە».
1پاشان پەروەردگار حەفتا و دوو کەسی دیکەی دەست نیشان کرد و دوو دوو، پێش خۆی بۆ هەر شار و شوێنێک کە بڕیار بوو بۆی بچێت ناردنی. 2هه روه ها پێی فەرموون: «دروێنە زۆرە، بەڵام کرێکارەکان کەمن، بۆیە لە پەروەردگاری دروێنە بپاڕێنەوە کە کرێکار بنێرێت بۆ دروێنەکەی.3کەواتە بڕۆن! ئەوەتا من وەک بەرخ دەتاننێرمە نێو گورگەکان. 4نە جانتای پارە هەڵبگرن و نە توورەکەی پێخۆر و نە پێڵاو؛ و لە سەر ڕێگادا سڵاو لە کەس مەکەن.5کە چوونە هەر ماڵێک، سەرەتا بڵێن: ئاشتی لە سەر ئەم ماڵە بێت! 6ئەگەر ئاشتیخواز لە ماڵەکەدا هەبێت، ئاشتی ئێوەیان لەسەر دەبێت. ئەگینا، ئاشتیتان دەگەڕێتەوە بۆ خۆتان. 7لەو ماڵەدا بمێننەوە و لەو شتانە هەیانە بخۆن و بخۆنەوە: چونکە کرێکار شایەنی کرێی خۆیەتی. ماڵەو ماڵ مەکەن.8چوونە ناو هەر شارێکەوە و دانیشتووانەکەی وەریانگرتن، لەوە بخۆن کە پێشکەشتان دەکرێت، و 9ئەو نەخۆشانە چاک بکەنەوە کە تێیدان و پێیان بڵێن: شانشینی خودا لێتان نزیک بۆتەوە!10چوونە هەر شارێکەوە و خەڵکەکەی وەریاننەگرتن، بچنە سەر شەقامەکانی، و بڵێن: 11تەنانەت تۆزوخۆڵی شارەکەتان لە پێمان دادەتەکێنین، بەڵام ئەمە بزانن: شانشینی خودا نزیکە! 12پێتان دەڵێم: لەو ڕۆژەدا سۆدۆم زیاتر لە چاو ئەو شارە بەرگە دەگرێت.13هاوار لە تۆ خۆرازین! هاوار لە تۆ بێتسەیدا! ئەگەر ئەو پەرجووانەی لە ناو ئێوەدا کرا لە سور و سیدۆن بکرایە، گەلەکەیان هەر لە کۆنەوە پاشگەز دەبوونەوە و تەلیسیان لەبەر دەکرد و لەناو خۆڵەمێشدا دادەنیشتن. 14بەڵام لە ڕۆژی بڕیارداندا سور و سیدۆن زیاتر بەرگە دەگیرێت لە ئێوە. 15تۆش ئەی کەفەرناخوم، ئایا بەرزکرایتەوە بۆ ئاسمان؟ تۆ بەرەو جیهانی مردووان شۆڕ دەبیت بۆ خوارەوە!16ئەوەی گوێتان لێ بگرێت گوێ لە من دەگرێت، ئەوەی ئێوە ڕەتدەکاتەوە من ڕەتدەکاتەوە؛ وە هەرکەسێک ڕەتم بکاتەوە ئەو کەسە ڕەتدەکاتەوە کە منی ناردووە!»17ئینجا حەفتا و دوو کەسەکە بە دڵخۆشییەوە گەڕانەوە، و گوتیان: «پەروەردگار، تەنانەت خێوەکانیش بە ناوی تۆوە ملکەچی ئێمەن!» 18پێی فەرموون: «شەیتانم بینی وەک برووسکە لە ئاسمانەوە دەکەوتە خوارەوە. 19ئەوەتا دەسەڵاتم پێداون بە سەر مار و دووپشکەکان و هەموو هێزی دوژمن زاڵ بن، و هیچ شتێک زیانتان پێناگەیەنێت. 20بەڵام بەوە دڵخۆش مەبن کە گیانەکان ملکەچی ئێوەن، بەڵکو بەوە دڵخۆش بن کە ناوەکانتان لە ئاسمانەکاندا نووسراوە».21لەو کاتەدا یەشوا بە گیان شادمان بوو و گوتی: «باوکە، پەروەردگاری ئاسمان و زەوی، سوپاست دەکەم، چونکە ئەم شتانەت لە دانایان و تێگەیشتووان شاردۆتەوەو بۆ منداڵانت ئاشکرا کردووە. بەڵێ باوکە، چونکە ئاوا لە بەر چاوی تۆ زۆر باش بوو!22هەموو شتەکان لەلایەن باوکمەوە ڕادەستی من کراون و کەس نازانێت ڕۆڵە کێیە جگە لە باوک، کەس باوک ناناسێت جگە لە ڕۆڵەکە، ئەوانەی کە دەیەوێت بۆیانی ئاشکرا بکات! »23پاشان ڕووی لە قوتابییەکانی کرد و پێی گوتن: «خۆزگە بەو چاوانەی ئەوە دەبینن کە ئێوە دەیبینن! 24چونکە پێتان دەڵێم زۆرێک لە پێغەمبەران و پاشاکان ئارەزووی بینینی ئەوەیان دەکرد کە ئێوە دەیبینن بەڵام نەیانبینی، وە ئەوە ببیستن کە ئێوە دەبیستن بەڵام نەیانبیست».25وە یەکێک لە زانایانی تەورات ڕووبەڕووی بۆوە لەبەر ئەوەی تاقی بکاتەوە، وتی: «مامۆستا، چی بکەم بۆ ئەوەی ژیانی هەتاهەتایی بە میرات بگرم؟» 26پێی فەرموو: «لە تەوراتدا چی نووسراوە؟ چۆن دەیخوێنیتەوە؟» 27وەڵامی دایەوە: «پەروەردگارت بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو هێز و بە هەموو بیرت خۆش بوێت و دراوسێکەت وەک خۆت خۆش بوێت.» 28پێی فەرموو: «وەڵامەکەت ڕاستە. ئەگەر ئەمە بکەیت، دەژیت!»29بەڵام ویستی پاساو بۆ خۆی بهێنێتەوە، لە یەشوای پرسی: «دراوسێکەم کێیە؟» 30یەشوا وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «پیاوێک لە یورشەلایمەوە چوو بۆ یەریخۆ، کەوتە دەستی دزەکان، جل و بەرگ و پارەکەیان برد برینداریان کرد، پاشان بە نیوە مردوویی بە جێیان هێشت.31کاهینێک بەو ڕێگایەدا دەڕۆیشت و کاتێک بینی، خۆی لێ لادا و گوێی پێنەدا بەڕێگایەکی تردا تێپەڕی. 32هەروەها یەکێک لە لێڤیەکان بەلایدا تێپەڕی، کاتێک گەیشتە ئەو شوێنە، سەیری کرد و گوێی پێنەدا.33بەڵام رێبوارێکی سامری هاتە لای، بەزەیی پێیدا هاتەوە، 34چوو بۆ لای برینەکانی پێچایەوە پاش ئەوەی ڕۆن و شەرابی لە برینەکانی دا. سواری ئەسپەکەی کرد و بردی بۆ میوانخانەیەک و ئاگاداری کرد. 35لە ڕۆژی دواتردا کاتێ میوانخانەکەی بە جێهێشت، دوو دیناری دەرهێنا و دای بە خاوەن میوانخانەکە و گوتی: چاودێری بکە! بە زیادەوە بۆی خەرج بکە، کاتێک گەڕامەوە پارەکەت دەدەمەوە.36کەواتە کام لەم سێ کەسە پێت وایە لەو کەسە نزیکترە کە کەوتووەتە دەستی جەردەکان؟» 37لە وەڵامدا گوتی: «ئەو کەسە کە بە بەزەییەوە هەڵس و کەوتی لەگەڵدا کردووە!» یەشوا پێی فەرموو: «بڕۆ، و بە هەمان شێوە بکە!»38لە ڕێگادا بوون، چووە ناو گوندێک، و ژنێک بە ناوی مارتا پێشوازی لێکرد بۆ ماڵەکەی. 39خوشکێکی هەبوو بە ناوی میریام، لە بەردەم یەشوا دانیشتبوو و گوێی لە وتەکانی گرتبوو.40بەڵام مارتا سەرقاڵی کاروبارەکانی خزمەتکردنیان بوو. هاتە پێش و گوتی: پەروەردگار، گرنگی نادەی بەوە کە خوشکەکەم جێی هێشتووم و ئەبێ بە تەنیا خزمەت بکەم؟ پێی بڵێ یارمەتیم بدات!» 41بەڵام یەشوا وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «مارتا، مارتا! تۆ نیگەرانی و دڵەڕاوکێیت بۆ زۆر شت هەیە. 42بەڵام پێویستیت تەنها بە یەکێکە، و میریام بەشە چاکەکەی هەڵبژاردووە کە لێی وەرناگیرێتەوە!»
1لە یەکێک لە شوێنەکان نزای دەکرد، کاتێک تەواو بوو، یەکێک لە قوتابییەکانی پێی گوت: «پەروەردگار، فێرمان بکە نزا بکەین وەک چۆن یۆخەنان فێری قوتابییەکانی خۆی کرد».2فەرمووی: «کاتێک نزا دەکەن، بڵێن: باوکمان کە لە ئاسمانەکانیت! پیرۆز بێت ناوت، شانشینکەت با بێت. با ویستی تۆ وەک لە ئاسمانەکانە هەروەها لەسەر زەویش جێبەجێ بکرێت.3بژێوی پێویستی هەموو ڕۆژێکمان پێ بدە؛ 4لە گوناهەکانمان خۆشبە، وەک چۆن ئێمەش لەوانە خۆش دەبین کە تاوانمان بەرانبەر دەکەن؛ مەمانخەرە ناو تاقیکردنەوە بەڵکو لە خراپەکار ڕزگارمان بکە!»5پاشان پێی فەرموون: «کێ لە ئێوە هاوڕێیەکی هەیە، لە نیوەی شەودا دەچێتە لای و پێی دەڵێت: هاوڕێ، سێ نانم بە قەرز پێبدە، 6هاوڕێیەکم لە سەفەرەوە هاتۆتە لام، هیچم نییە بۆ ئەوەی لە پێشی دانێم! 7بەڵام هاوڕێکەی لە ژوورەوە وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: بێزارم مەکە! دەرگاکەم داخستووە، ئێستا من و منداڵەکانم لە ناو جێداین. ناتوانم هەستم و نانت پێبدەم! 8پێتان دەڵێم دەبێت هەستێتەوە و چەندی پێویستە پێی بدات، چونکە پێداگری لەسەر داواکەی کرد.9پێتان دەڵێم: داوا بکەن، پێتان دەدرێت. بگەڕێن، دەدۆزنەوە؛ لەدەرگا بدەن، لێتان دەکرێتەوە: چونکە هەرکەسێک داوا دەکات وەردەگرێت، 10ئەوەی دەگەڕێت دەدۆزێتەوە و ئەوەی لە دەرگا دەدات، لێی دەکرێتەوە.11چ باوکێک لە ئێوە ئەگەر کوڕەکەی داوای نانی لێ بکات بەردێکی پێدەدات؟ یان ئەگەر داوای ماسی بکات لەبری ماسی مارێکی پێدەدات؟ 12یان ئەگەر داوای هێلکە بکات، دووپشکێکی پێ دەدات؟ 13جا ئەگەر ئێوەی خراپەکار بزانن چۆن شتێکی باش بدەن بە منداڵەکانتان، چەندە زیاتر باوک، کە لە ئاسمانە گیانی پیرۆز دەدات بەو کەسانەی داوای دەکەن؟»14خێوێک بوو کە ( پیاوێکی) ڵاڵ کردبوو. کاتێک خێوەکە دەرکرا، لاڵەکە قسەی کرد. بۆیە خەڵکەکە سەریان سوڕما. 15بەڵام هەندێکیان گوتیان: «دیارە لەلایەن بەعلزەبووبی فەرمانڕەوای خێوەکانەوە خێوەکان دەردەکات».16هەندێکی تریش، بۆ تاقیکردنەوەی، داوای پەرجوویان لە ئاسمانەوە کرد. 17بەڵام زانی بیر لە چی دەکەنەوە و پێی فەرموون: «هەر شانشینییەک کە لە دژی خۆی دابەش بوو، وێران دەبێت، و هەر ماڵێک (دابەش بکرێت) دەڕوخێت.18ئەگەر شەیتان بەم شێوەیە لە دژی خۆی دابەش بوو، چۆن شانشینییەکەی ڕاگیردەبێت؟ پێم دەڵێن من بە بەعلزەبوب خێوەکانم دەرکرد. 19بەڵام ئەگەر من بە بەعلزەبوب خێوەکان دەربکەم، ڕۆڵەکانتان بە کێ دەریان دەکەن؟ بۆیە تاوانبارتان دەکەن. 20بەڵام ئەگەر بە پەنجەی خودا خێوەکان دەربکەم، کەواتە شانشینی خودا دێتە سەرتان.21کاتێک پیاوێکی بەهێز بە هەموو چەکەکانیەوە پارێزگاری ماڵەکەی دەکات، کەلوپەلەکانی پارێزراون. 22بەڵام کاتێک کەسێکی بەهێزتر لە خۆی داگیری دەکات و زاڵ دەبێت بەسەریدا، هەموو چەکەکانی لێ دەستێنێتەوە کە پشتی پێ بەستووە، دەسکەوتەکانیش دابەش دەکرێن. 23ئەوەی لەگەڵم نییە، دژی منە؛ وە ئەوەی لەگەڵمدا کۆناکاتەوە، پەرتەوازەی دەکات.24پاش ئەوەی گیانێکی پیس لە مرۆڤێک دوور دەخرێتەوە، لە چۆڵەوانییەکاندا دەسووڕێتەوە و بەدوای شوێنێک بۆ پشوودان دەگەڕێت، کاتێک هیچی نەدۆزیەوە، دەڵێت: دەگەڕێمەوە بۆ لای ماڵی پێشووم کە جێم هێشتووە! 25کاتێک دێت، دەبینێت کە خاوێن کراوەتەوە. 26دەچێت حەوت گیانی تر لەخۆی بەهێزتر دەهێنێت، دەچنە ناو مرۆڤەکەو و تێیدا نیشتەجێ دەبن، کەواتە دۆخی دواتری ئەو مرۆڤە لە جاری یەکەم خراپترە!»27کاتێک ئەم وشانەی دەفەرموو، ژنێک لە نێو خەڵکەکەدا بە دەنگی بەرز گوتی: «خۆزگە بەو دایکەی تۆی لێ بوویت، و شیری پێت دا!» 28فەرمووی: «خۆزگە بە ئەوانەی گوێیان لە وشەی خودا دەبێت و جێبەجێی دەکەن.»29کاتێک جەماوەرەکە لە دەوری قەرەباڵغیان کرد، فەرمووی: « ئەم نەوەیە نەوەیەکی خراپەکارە، داوای پەرجوو دەکات، هیچ پەرجوویەکی پێنادرێت، جگە پەرجووەکەی یونان نەبێت. 30هەر وەک چۆن یونان نیشانەیەک بوو بۆ خەڵکی نەینەوا، ڕۆڵەی مرۆڤیش بۆ ئەم نەوەیە دەبێت.31شاژنی باشوور لە ڕۆژی داوەری لەگەڵ ئەم نەوەیەدا هەڵدەستێتەوە و داوەریان لەسەر دەکات چونکە لەوپەڕی زەویەوە هات بۆ گوێگرتن لە دانایی شلۆمۆ. ئەوەتا کەسێک لە شلۆمۆ مەزنتر لێرەدایە!32خەڵکی نەینەوا لەگەڵ ئەم نەوەیەدا لە ڕۆژی دادوەری هەڵدەستنەوە و داوەرییان لە سەر دەکەن، چونکە ئەوان کاتێک یۆنان بانگەوازی دەکرد بۆ پاشگەز بوونەوە. ئەوەتا کەسێک مەزنتر لە یۆنان لێرەیە.33کەس چرایەک داناگیرسێنێت بۆ ئەوەی لە شوێنێکی شاراوە و لە ژێر سەبەتەدا داینانێت، بەڵکو لەسەر چرادان هەڵیدەگرێت، بۆ ئەوەی ئەوانەی دێنە ژوورەوە ڕووناکییەکە ببینن. 34چاوەکانت چرای جەستەن: ئەگەر چاوەکانت تەندروست بن، هەموو جەستەت لە ڕووناکیدا دەبێت؛ بەڵام ئەگەر چاوت خراپەکار بێت، جەستەت تاریک دەبێت. 35کەواتە ئاگاداربە، ئەو ڕووناکییەی کە لەناو تۆ دایە تاریک نەبێت. 36چونکە؛ ئەگەر هەموو جەستەت ڕووناک بۆوە و لایەنی تاریکی تێدا نەبوو، ئەوا بە تەواوی ڕووناک دەبێتەوە، وەک چۆن چرایەک بە درەوشاوەیی بۆت تیشک دەداتەوە!»37کاتێک هێشتا قسەی دەکرد، فەریسییەک داوای لێکرد کە لەگەڵیدا نان بخوات. چووە ناو (ماڵەکەی) و پاڵی داوە. 38بەڵام فەریسییەکە سەری سوڕما کاتێک بینی پێش نانخواردنی ئێوارە خۆی نەشۆردووە.39پەروەردگاریش پێی فەرموو: «ئێوەی فەریسی دەرەوەی جام و قاپەکە خاوێن دەکەنەوە، بەڵام ناوەوەتان پڕن لە تاڵان کردن و خراپەکاری. 40گێلینە، ئایا ئەو کەسەی دەرەوەی خولقاندووە هەر ئەوە نیە ناوەوەی بەدیهێناوە؟ 41باشتر وایە ئەوەی هەتە بیبەخشت بە هەژاران، ئەوکات هەموو شتێک بۆ تۆ خاوێن دەبێتەوە.42بەڵام هاوار بۆ ئێوەی فەریسی، چونکە دەیەکی نەعنا و پونگە و رووەکی تر دەبەخشن وسەرپێچی لە ڕاستی و درووستی و خۆشەویستی خودا دەکەن: پێویستە ئەمانە بکەن و ئەوانەی تر پشتگوێ نەخەن!43هاوار لە ئێوەی فەریسی، چونکە زۆرتان پێخۆشە لە کەنیشتەکاندا لە ڕیزی پێشەوە دانیشن و لە گۆڕەپانە گشتییەکاندا سڵاوتان لێ بکرێت! 44هاوار بۆ ئێوە، چونکە ئێوە لە گۆڕی شاراوە دەچن، خەڵک بەبێ ئەوەی بزانن بەسەریاندا دەڕۆن!»45یەکێک لە زانایانی تەورات گوتی: «مامۆستا، بەم قسەیەت بێڕێزی بە ئێمەش دەکەیت». 46فەرمووی: «هاوار بە ئێوەش، زانایانی تەورات، چونکە ئێوە باری گران دەخەنە سەر شانی خەڵک، و خۆتان تەنانەت پەنجەیەکیشی بۆ نابەن.47هاوار بە ئێوە، چونکە ئێوە گۆڕ بۆ ئەو پێغەمبەرانە هەڵدەبەستن و باوباپیرانتان کوشتوویانن. 48کەواتە شایەتی بۆ کارەکانی باوباپیرانتان دەدەن: ئەوان پێغەمبەرەکانیان کوشت، ئێوەش گۆڕەکانیان بۆ هەڵدەبەستن.49لەبەر ئەم هۆکارەش دانایی خودا فەرموویەتی: پێغەمبەر و نێردراوانیان بۆ دەنێرم، ئەوانیش دەیانکوژن و دەیانچەوسێننەوە، 50تەنانەت خوێنی هەموو پێغەمبەرەکان کە لە سەرەتای دروستبوونی جیهانەوە ڕژاوە، لەم نەوەیە داوای دەکرێت، 51لە خوێنی هابیل هەتا خوێنی زەخەریا کە لە نێوان قوربانگا و شوێنی پیرۆزدا کوژرا! پێتان دەڵێم: بەڵێ، ئەو خوێنە لەم نەوەیە داوا دەکرێتەوە.52هاوار بە ئێوە ئەی زانایانی تەورات، چونکە کلیلی زاناییتان ڕفاندووە، بۆیە نە خۆتان دەچنە ژوورەوە و نە رێگەتان بەوانەیش دا کە دەچوونە ژوورەوە!»53کاتێک یەشوا ئەوێی بەجێهێشت، مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان تەنگیان پێ هەڵچنی و هەوڵیان دا لە زۆر بابەتدا هەڵیسەنگێنن، 54چاوەڕێ بوون بە وشەکانی خۆی تووشی بکەن.
1لەم نێوەندەدا، کاتێک دەیان هەزار کەس کۆبوونەوە وپێیان لە یەک دەنا، سەرەتا بە قووتابییەکانی فەرموو: «خۆتان بپارێزن لە هەویرترشی فەریسییەکان چونکە دووڕووییە!2شاراوەیەک نییە ئاشکرا نەبێت، و نهێنیەک نییە کە دەرنەکەوێت. 3بۆیە هەرچییەک لە تاریکیدا دەیڵێی لە ڕووناکیدا دەبیسترێت، و ئەوەی لە ژوورەکاندا بە چرپە دەیڵێن لەسەر بانی ماڵەکان ڕادەگەیەندرێت.4پێتان دەڵێم خۆشەویستانم: لەو کەسانە مەترسن کە جەستە دەکوژن و ناتوانن لەوە زیاتر ئەنجام بدەن. 5بەڵام من پیشانتان دەدەم لە کێ بترسن: لەوە بترسن کە توانای ئەوەی هەیە دوای کوشتن فڕێ بداتە ناو دۆزەخەوە. بەڵێ، پێتان دەڵێم لەمە بترسە!6ئایا پێنج چۆلەکە بە دوو دراو نافرۆشرێن؟ لەگەڵ ئەوەشدا خودا تەنانەت یەکێکیان لەبیر ناکات. 7بەڕاستی مووی سەرتان هەمووی ژمارە کراون. کەواتە مەترسن، چونکە ئێوە لە چۆلەکەکان بەنرخترن!8بەڵام من پێتان دەڵێم: هەرکەسێک لەبەردەم مرۆڤەکاندا دان بە مندا بنێت، ڕۆڵەی مرۆڤیش لەبەردەم فریشتەکانی خودا دان بەودا دەنێت. 9هەرکەسێک لەبەردەم خەڵکدا نکۆڵی لە من بکات، لەبەردەم فریشتەکانی خودا نکۆڵی لێ دەکرێت. 10هەرکەسێک قسەیەک دژی ڕۆڵەی مرۆڤ بکات، دەبەخشرێت. بەڵام ئەوەی بێڕێزی بە گیانی پیرۆز بکات، نابەخشرێت!11کاتێک دەچنە بەردەم کەنیشتە و فەرمانڕەوا و دەسەڵاتداران، دڵەڕاوکێتان نەبێ کە چۆن و چی بڵێن و چی نەڵێن! 12چونکە گیانی پیرۆز هەر لەو کاتەدا پێتان دەڵێت کە دەبێت چی بڵێن».13یەکێک لە ناو جەماوەرەکە پێی گوت: «مامۆستا، بە براکەم بڵێ میراتەکەم لەگەڵدا دابەش بکات!» 14فەرمووی: «ئەی مرۆڤ، کێ منی وەک دادوەر یان دابەشکەر بەسەر تۆدا داناوە؟» 15بە جەماوەرەکەی فەرموو: «خۆتان لە چاوچنۆکی بپارێزن. چونکە ژیانی مرۆڤ لە زۆریی ئەو شتانەدا نییە کە خاوەنیەتی».16نموونەیەکی بۆ هێنانەوە، فەرمووی «زەوی دەوڵەمەندێک زۆر بەرهەمی هێنا، 17لە دڵی خۆیدا بیری کردەوە و گوتی: «چی بکەم، چونکە هیچ شوێنێکم نییە بەرهەمەکانمی لێ کۆ بکمەوە؟ 18گوتی: ئەمە دەکەم: کۆگاکانم دەڕوخێنم و کۆگای گەورەتر درووست دەکەم. لەوێش هەموو بەرهەم و داراییە باشەکانم کۆدەکەمەوە. 19جا لەدڵی خۆمدا بە خۆم دەڵێم، تۆ کاڵایەکی زۆرت هەیە کە بۆ چەندین ساڵ کۆکراوەتەوە، ئارام بگرە و بخۆ و بخۆرەوە و دڵخۆش بە!20بەڵام خودا پێی فەرموو: ئەی گێل، ئەمشەو گیانت دەردەچێت، کەواتە بۆ کێ دەمێنێتەوە ئەوەی ئامادەت کردووە؟ 21ئەمە دۆخی ئەو کەسانەیە کە گەنجینەکان بۆ خۆیان کۆدەکەنەوە و لای خودا ساماندار نین!»22پاشان بە قوتابییەکانی گوت: «بەم هۆیە پێتان دەڵێم: خەمی ئەوەتان نەبێت لە ژیانتان چی بخۆن، و جەستەتان بە چی دابپۆشن، 23ژیان زیاترە لە خواردن، جەستەش زیاترە لە پۆشاک.24سەیری قەلەڕەشەکان بکەن! نە دەچێنن و نە دروێنە دەکەن و نە کۆ دەکەنەوە، بەڵام خودا بژێویان بۆ دابین دەکات. ئەی ئێوە چەند لە باڵندە بەنرخترن. 25بەڵام کام لە ئێوە بە دڵەڕاوکێ دەتوانێت تەمەنی تەنانەت یەک کاتژمێر درێژ بکاتەوە؟ 26تا ئەو کاتەی تەنانەت دەسەڵاتی بچووکترین شتەکانیشتان نییە، بۆچی گرنگی بە شتیتر دەدەن؟27سەیری سۆسنەکان بکەن، چۆن گەشە دەکەن! نە رەنج دەکێشن و نە هەوڵی بۆ دەدەن، بەڵام پێتان دەڵێم: ئایا تەنانەت شلۆمۆش لە بەرزترین ئاستی شکۆمەندی خۆی هاوتای شکۆمەندی تاکە یەکێکیانی بەدەست هێنا؟ 28ئەگەر خودا پۆشاکێکی بەم شێوەیە بدات بە گژوگیا، هەرچەندە ئەمڕۆ لە کێڵگەدایە و سبەی فڕێ دەدرێتە ناو تەنوورەوە، چەند لە گژوگیاکان شایستەترن(کە خودا پۆشتەتان بکات) ئەی کەم باوەڕینە؟29کەواتە هەوڵ مەدەن بۆ ئەوەی چی بخۆن و بخۆنەوە، و دڵەڕاوکێتان نەبێ. 30چونکە گەلانی جیهان بەدوای هەموو ئەم پێداویستیانەدا دەگەڕێن، باوکتان دەزانێت کە ئێوە پێویستیتان بەمانە هەیە.31بەڵام بەدوای شانشینی ئەودا بگەڕێن، هەموو ئەمانەتان بۆ زیاد دەکرێت. 32مەترسن، ئەی مەڕە بچووکەکان، چونکە باوکتان پێی خۆشە شانشینیتان پێ ببەخشێت.33ئەوەی هەتانە بیفرۆشن و بیدەن بە هەژاران، گەنجینەیەک بۆ خۆتان ئامادە بکەن کە لەناو نەچێت، گەنجینەیەک لە ئاسمانەکاندا کە لە ناو ناچێت، دز لێی نزیک نابێتەوە، ومۆرانە لێی نادات. 34چونکە گەنجینەکەتان لە کوێ بێت، دڵیشتان لەوێ دەبێت.35با پشتێنتان بەستراو بێت و چراتان داگیرساو بێ، 36ئێوەش وەک ئەو کەسانە بن کە چاوەڕێی گەورەکەیان دەکەن کاتێک لە ئاهەنگی هاوسەرگیری دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کاتێک گەیشت و لە دەرکەی دا، دەستبەجێ بۆی بکەنەوە.37خۆزگە بەو خزمەتکارانەی کە گەورەکەیان لە گەڕانەوەیدا چاوی پێیان دەکەوێ کە چاوەڕێین. ڕاستیتان پێ دەڵێم: پشتێنەکەی دەبەستێ و لە سەر خوان دایاندەنیشێنێ و خزمەتیان دەکات. 38خۆزگە بەوانەی کاتێک لە چارەکی دووهەم یان سێهەمی شەودا دەگەڕێتەوە و لەو دۆخەدا دەیانبینێت.39بەڵام ئەمە بزانن: ئەگەر خاوەن ماڵەکە بزانێت لە چ کاتژمێرێکدا دزەکە دەچێتە ژوورەوە، ئەوا بەخەبەر دەمایەوە و نەیدەهێشت ماڵەکەی ببڕن. 40بۆیە ئامادە بن، چونکە ڕۆڵەی مرۆڤ لە کاتێکدا دەگەڕێتەوە کە چاوەڕێی ناکەن».41پەترۆ لێی پرسی: «پەروەردگار، ئایا تۆ ئەم نموونە بۆ ئێمە دەڵێیت یان بۆ هەمووان بە یەکسانی؟» 42پەروەردگار فەرمووی: «کەواتە کێیە بەڕێوەبەرێکی دڵسۆز و ژیر، کە گەورەکەی دەیکاتە بەرپرس لە سەر ماڵ و خێزانی بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا خواردنیان بۆ دابین بکات؟» 43خۆزگە بەو خزمەتکارەی کە کاتێک گەورەکەی دەگەڕێتەوە، دەیبینێت ئەم کارە دەکات. 44ڕاستیتان پێدەڵێم، ئەو دەیکاتە سەرپەرشتی هەموو ماڵ و سامانی خۆی.45بەڵام ئەگەر ئەو بەندەیە لە دڵی خۆیدا بڵێ: گەورەکەم لە گەڕانەوەیدا دوا دەکەوێت؛ دەست بکات بە لێدان لە خزمەتکارە کچ و کوڕەکان و بخوات و بخواتەوە و سەرخۆش بێ، 46ئەوا کاتێ گەورەکەی لە ڕۆژێکدا دەگەڕێتەوە کە چاوەڕێی نەدەکرد، و لە کاتێکدا کە نایزانێت، ئەوە جیای دەکاتەوە و چارەنووسی لەگەڵ ناپاکەکاندا دەبێت.47وە ئەو خزمەتکارەی کە مەبەستەکەی ئاغای خۆی زانیوە و خۆی ئامادە نەکردووە و ئەوەی گەورەکەی ویستویەتی نەیکردووە، بە توندی لێی دەدرێت. 48بەڵام ئەوەی نەیزانێت و ئەوە بکات کە شایەنی لێدانە، کەمتری لێ دەدرێت. چونکە هەرکەسێک زۆری پێ بدرێت، زۆری لێ دەخوازرێت؛ وە هەرکەسێک زۆرتری پێسپێردراوە، داوای زیاتری لێدەکرێت.49من هاتووم ئاگر بەردەم لە زەوی، و خۆزگە پێشتر ئاگری تێبەردرابا؟ 50بەڵام لە ئاوهەڵکشانێک هەیە کە دەبێت پێی لە ئاوهەڵکێشرێم و تا کاتێ بە تەواوی بەدی دێت زۆر دڵتەنگم!51پێتان وایە من هاتووم بۆ ئەوەی ئاشتی بۆ سەر زەوی بهێنم؟ پێتان دەڵێم: نەخێر، بەڵکو زیاتر بۆ لێکترازان هاتووم، 52لەمەودوا پێنج کەس لە ماڵێکدا دەبن و دابەش دەبن: سێیان دژ بە دووان، دووان دژ بە سێیان 53باوک دژ بە کوڕەکەی، کوڕیش دژ بە باوکی، دایک لە دژی کچەکەی، کچ لە دژی دایکی، و خەسوو دژ بە بووکەکەی، بووکەکەش دژ بە خەسووی!»54بە جەماوەرەکەی فەرموو: کاتێک هەورێک دەبینن لە ڕۆژئاواوە دێت، دەڵێن ئێستا: باران دەبارێت. هەروا دەبێت. 55کاتێک بای باشوور هەڵدەکات، دەڵێن: گەرم دادێت! هەروا دەبێت. 56ئەی دووڕووان! ئێوە دەزانن چۆن دیمەنی زەوی و ئاسمان لێک جیا بکەنەەوە، کەواتە چۆن لەم سەردەمە تێناگەن؟57بۆچی تێناگەن کە چی لەبارەی خۆتانەوە ڕاستە؟ 58بۆیە لەکاتێکدا لەگەڵ نەیارەکەت دەڕۆیت بۆ دادگا، هەموو هەوڵێک بدە بۆ ئەوەی لەگەڵیدا ئاشت ببیتەوە، نەک ڕادەستی دادوەرت بکات، چونکە دادوەر ڕادەستی پاسەوانت دەکات، پاسەوانیش دەتخاتە زیندانەوە. 59پێت دەڵێم، تا دوا فلس قەرزەکانت نەدەیتەوە ئازاد نابیت!»
1لە هەمان کاتدا چەن کەسێک هاتن و باسی خەڵکی گەلیلییان بۆ کرد کە پیلاتۆس کوشتبوونی خوێنیانی تێکەڵ بە خوێنی قوربانییەکان کردبوو. 2وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «ئایا پێتان وایە ئەم گەلیلیانە گوناهبارتر بوون لە گەلیلییەکانی دیکە، کە تووشی ئەم چارەنووسە بوون؟ 3پێتان دەڵێم: نەخێر، بەڵام ئەگەر پاشگەز نەبنەوە هەمووتان بە هەمان شێوە لەناو دەچن!4یان پێتان وایە ئەو هەژدە کەسەی کە تاوەری شیلۆئا بەسەریاندا ڕووخا و کوژران، لە هەموو دانیشتووانی یورشەلایم گوناهبارتر بوون؟ 5پێتان دەڵێم: نەخێر، بەڵام ئەگەر پاشگەز نەبنەوە، هەمووتان بە هەمان شێوە لەناو دەچن!6پاشان ئەم نموونەی بۆ هێنانەوە: «کەسێک دار هەنجیرێکی لە باخی ترێیەکەیدا چاندبوو. هات بۆ بەروبوومەکەی، بەڵام هیچی نەدۆزیەوە. 7بە جووتیارەکەی گوت: ئەمە سێ ساڵە، من بۆ میوە دێمە لای ئەم دار هەنجیرە و هیچم دەست ناکەوێت: بیبڕەوە، بۆچی وازی لێ ناهێنی، زەوی پێداگیر دەکەیت؟8بەڵام جووتیارەکە وەڵامی دایەوە و گوتی: گەورەم ئەمساڵ با بڕوات، بنکۆڵی دەکەم و پەینی دەخەمە ژێر. 9بەڵکوو بەرهەم بگرێت! ئەگەرنا، دەیبڕمەوە!»10لە یەکێک لە شەباتەکاندا لە کەنیشتەکان وانەی دەگوتەوە. 11ژنێک هەبوو گیرۆدەی گیانێکی پیس بوو بۆ ماوەی هەژدە ساڵ نەخۆشی خستبوو. پشتی کۆم بوو و نەیدەتوانی رێک بێتەوە.12کاتێک یەشوا بینی، بانگی کرد و پێی فەرموو: «خاتوون، تۆ لە نەخۆشیەکەت ڕزگار بوویت!» 13دەستی خستە سەری، رێک بۆوە و شکۆمەندی خودای راگەیاند! 14بەڵام پێشەوای کەنیشتەکە تووڕە بوو، چونکە یەشوا لە شەباتدا چاکی کردبۆوە، بە خەڵکەکەی گوت: «شەش ڕۆژ لە هەفتەیەکدا هەیە بۆ کار کردن. وەرن لەو ڕۆژانە چاک ببنەوە، نەک لە ڕۆژی شەباتدا!»15پەروەردگار وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەی دووڕووەکان! ئایا هەر یەکێک لە ئێوە ڕۆژی شەبات گا یان کەرەکەی لە ئاخوڕەکە ناکاتەوە و نایبا ئاوی بدات! 16سەبارەت بەم ژنەش، کچی ئاڤراهام بوو، شەیتان بۆ ماوەی هەژدە ساڵ بەستبوویەوە، نەدەبوو لە ڕۆژی شەباتدا لەم بەندە ئازاد بکرێت؟»17کاتێک ئەمەی فەرموو، هەموو نەیارەکانی شەرمەزار بوون و جەماوەرەکەش دڵخۆش بوون بەو هەموو کارە شکۆمەندانەی کە کردوویەتی.18پەروەردگار فەرمووی: «شانشینی خودا چۆنە؟ بە چی بەراوردی بکەم؟ 19وەک تۆوی خەردەلێک وایە کە مرۆڤێک بردی و لە باخەکەی خۆیدا چاندی، گەشەی کرد، بوو بە دارێکی گەورە و باڵندەی ئاسمان هێلانەیان تێدا دروست کرد».20هەروەها فەرمووی : «شانشینی خودا بە چی بەراورد بکەم؟ 21وەک هەویرترشێک وایە کە ژنێک وەریگرت و تێکەڵی سێ پێوانە ئاردی کرد تا هەموو هەویرەکە هەڵبێت!»22لە ڕێگای یورشەلایم بە شار و گوندەکاندا تێدەپەڕی و فێرکاری دەکرد. 23کەسێک لێی پرسی: «گەورەم، چەند کەمن ئەوانەی ڕزگاریان دەبێت؟» بەڵام بە هەمووانی فەرموو: 24«هەوڵبدەن لە دەرگا تەنگەکەوە بچنە ژوورەوە، پێتان دەڵێم چونکە زۆر کەس، بەدوای چوونە ژوورەوەدا دەگەڕێن، بەڵام ناتوانن.25پاشان دوای ئەوەی خاوەن ماڵەکە هەستا و دەرگاکەی داخست، لە دەرەوە دەوەستن و لە دەرگاکە دەدەن و دەڵێن: پەروەردگار، دەرگامان لە سەر بکەرەوە! وەڵامتان دەداتەوە و دەڵێت: نازانم خەڵکی کوێن! 26پاشان دەڵێن: ئێمە بە ئامادەبوونی تۆ خواردمان و خواردمانەوە، تۆش لە شەقامەکانماندا فێرت دەکردین! 27ئەویش دەڵێت: پێتان دەڵێم، نازانم ئێوە خەڵکی کوێن؛ لاچن لە بەردەمم، هەموو ئێوە ئەی خراپەکاران!28کاتێک ئەڤراهام و یتساخ و یاکۆڤ و هەموو پێغەمبەرەکان لە شانشینی خودا دەبینن و ئێوە فڕێدراونەتە دەرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت. 29خەڵک لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و لە باکوور و باشوورەوە دێن و لە شانشینی خودا دادەنیشن. 30پاشان دواهەمینەکان یەکەم دەبن و یەکەمینەکان دواهەمین».31هەر لەوکاتەدا هەندێک لە فەریسییەکان لێی چوونە پێش و پێیان گوت: «خۆت ڕزگار بکە! لێرە هەڵێ، چونکە هیرۆد بەنیازە بتکوژێت.» 32پێی فەرموون: «بڕۆن بەم ڕێوییە بڵێن: سەیرکە من خێوەکان دەردەکەم و ئەمڕۆ و سبەی نەخۆشەکان چاک دەکەمەوە.» لە ڕۆژی سێهەمدا هەموو شتێک تەواو دەبێت. 33بەڵام دەبێت ئەمڕۆ و سبەی و ڕۆژی دوای ئەوە ڕێگاکەم تەواو بکەم، چونکە هیچ پێغەمبەرێک لەناو ناچێت تەنها لە یورشەلایم نەبێت!34ئەی یورشەلایم، ئەی یورشەلایم، بکوژی پێغەمبەران و بەردەبارانکەری نێردراوان. چەند جار ویستم منداڵەکانت کۆبکەمەوە وەک چۆن مریشکێک جووجکەکانی لە ژێر باڵەکانیدا کۆدەکاتەوە، بەڵام تۆ نەتویست! سەیرکە، 35ئەوەتا ماڵەکەت بە کەلاوەیی بۆت بەجێماوە! پێت دەڵێم: من نابینیت، تا ئەو کاتەی کە دەڵێیت: پیرۆزە ئەو کەسەی بەناوی پەروەردگارەوە دێت!»
1ڕۆژێکی شەبات بۆ خواردن چووە ماڵی یەکێک لە سەرۆک فەریسییەکان، چاویان لە سەری بوو. 2لەبەردەمیدا کەسێک بوو کە تووشی نەخۆشی سی وشکە بوو. 3یەشوا ڕووی لە زانایانی تەوارت و فەریسییەکان کرد و لێی پرسین: «ئایا لە ڕۆژی شەباتدا چاککردنەوە هەیە، یان نا؟»4بەڵام بێدەنگ بوون. نەخۆشەکەی چاک کردەوە و ڕەوانەی کرد. 5دیسان گەڕایەوە لێی پرسین: «کام لە ئێوە ئەگەر گوێدرێژ یان گایەک لە ڕۆژی شەباتدا بکەوێتە ناو بیرێکەوە، دەری ناهێنێتەوە؟» 6نەیانتوانی لەم بارەیەوە وەڵامی بدەنەوە.7نموونەیەکی بۆ بانگهێشتکراوەکان هێنایەوە، دوای ئەوەی تێبینی ئەوەی کرد کە چۆن لای سەرەوەیان هەڵبژاردووە بۆ دانیشتن، پێی فەرموون: 8«کاتێک کەسێک بانگهێشتتان دەکات بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری، ریزی پێشەوە مەگرن، ڕەنگە کەسێکی پلە باڵاتر لە تۆی بانگهێشت کردبێ، 9بۆیە ئەوەی هەردووکتانی بانگهێشت کردووە دێت و پێت دەڵێت: شوێنەکە بدە بەم پیاوە! و ناچار بە شەرمەزارییەوە دەکشێیتەوە بۆ ئەوەی بچیتە شوێنی دواوە.10بەڵام، کاتێک بانگهێشت دەکرێیت، بڕۆ و لە دواوە دانیشە،تا کاتێک ئەو کەسەی بانگهێشتی کردوویت، پێت دەڵێت: هاوڕێم! هەستە وەرە پێشەوە دانیشە! ئەو کاتە رێزت زیاتر دەبێت لەبەردەم ئەو کەسانەی کە لەگەڵتدا دانیشتوون. 11چونکە هەرکەسێک خۆی بەرز بکاتەوە، نزم دەبێتەوە، هەرکەسێک خۆی بچووک بکاتەوە، بەرز دەکرێتەوە».12هەروەها بەو کەسەی کە بانگهێشتی کردووە فەرمووی: کاتێک خوانی نیوەڕۆ یان ئێوارە پێشکەش دەکەیت، هاوڕێ و برا و خزم و دراوسێ دەوڵەمەندەکانت، بانگهێشت مەکە تاکوو ئەوانیش لە بەرامبەردا بانگهێشتت بکەنەوە، و پاداشتت بدەنەوە.13کاتێک خوانێک رێکدەخەیت، بانگهێشتی هەژاران و شەل و پەککەوتە و نابینایان بکە؛ 14ئەوکاتە تۆ بەرەکەتدار دەبیت، چونکە هیچیان نییە پاداشتت بدەنەوە، لە کاتی هەستانەوەی ڕاستودرووستاندا پاداشتت دەدرێتەوە».15یەک لە دانیشتووان کە ئەم قسانەی بیست، پێی گوت: «خۆزگە بە ئەوانەی لە شانشینی خودا نان دەخۆن!» 16پێی فەرموو: «مرۆڤێک ئێوارەخوانێکی گەورەی سازکرد، و زۆر کەسی بانگهێشت کرد. 17پاشان لە کاتی نانخواردنی ئێوارەدا خزمەتکارەکەی نارد تا بە بانگهێشتکراوەکان بڵێ: وەرن، چونکە هەموو شتێک ئامادەیە!18هەمووان یەک بە یەک داوای لێبوردنیان کرد. یەکەمیان پێی گوت: من کێڵگەیەکم کڕیوە، دەبێت بچم بیبینم، تکایە لێم ببورە! 19کەسێکی تر گوتی: پێنج جووت مانگام کڕیوە، بڕیارە تاقییان بکەمەوە، داوای لێبوردن دەکەم! 20یەکێکی تر گوتی: ژنم هێناوە، بۆیە ناتوانم ئامادە بم!21خزمەتکارەکە گەڕایەوە و گەورەکەی ئاگادار کردەوە. پاشان خاوەن ماڵەکە تووڕە بوو و بە خزمەتکارەکەی گوت: خێرا بچۆرە دەرەوە بۆ شەقام و کۆڵانەکانی شار، هەژاران و شەل و پەککەوتە و نابینایان بهێنە. 22(کە گەڕایەوە) خزمەتکارەکە گوتی: گەورەم، ئەوەی فەرمانت پێکردبووم جێبەجێ کرا، هێشتا شوێن ماوە.23گەورەکە بە خزمەتکارەکەی گوت: بڕۆ دەرەوە بۆ شەقام و گۆڕەپانەکان، خەڵک ناچار بکە بێنە ژوورەوە تا ماڵەکەم پڕ بێت، 24چونکە پێت دەڵێم: هیچ کام لەوانەی بانگهێشتکراون تامی ئێوارەخوانەکەم ناکەن!»25جەماوەرێکی زۆر لەگەڵیدا دەڕۆیشتن، ئاوڕی دایەوە و پێی گوتن: 26«ئەگەر کەسێک بێتە لام، و ڕقی لە باوک و دایکی و ژنەکەی و منداڵەکانی و براکانی و خوشکەکانی، و تەنانەت رقی لە خۆیشی نەبێت، ئەوا ناتوانێت ببێتە قوتابی من. 27هەرکەسێک خاچەکەی هەڵنەگرێت و شوێنم نەکەوێت، ناتوانێت قوتابی من بێت.28کام لە ئێوە کە حەز لە دروستکردنی خانووەیەک دەکات، سەرەتا دانانیشێت و تێچووی ناخەمڵێنێت تا بزانێت ئایا بەشی تەواوکردنەکەی هەیە؟ 29نەوەک بناغەکەی بۆ دابنێت و توانای تەواوکردنی نەبێت. ئایا هەموو ئەوانەی دەیبینن گاڵتەی پێناکەن. 30نالێن: ئەم مرۆڤە دەستی کرد بە دروست کردنی بیناکەی و نەیتوانی تەواوی بکات؟31یان چ پاشایەک بڕیاری شەڕ لەگەڵ پاشایەکی تردا دەدات، ئەگەر سەرەتا دانەنیشێت و ڕاوێژ نەکات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا دەتوانێت بە دە هەزار کەس بەرەوڕووی ئەو ببێتەوە کە بیست هەزاری لەگەڵە. 32ئەگەر نا کاتێک، دوژمن هێشتا دوورە، شاندێکی بۆ دەنێرێ، پرسیار دەکا کە بەچی ئاشتی دەستەبەر دەبێت. 33هەربەم شێوە، هەر یەکێک لە ئێوە کە واز لە هەموو ئەو شتانە نەهێنێ کە هەیەتی، ناتوانێت ببێتە قوتابی من.34خوێ باشە. بەڵام ئەگەر خوێ تامی خۆی لەدەست بدا چۆن سوێرییەکەی بۆ دەگەڕێتەوە؟ 35چیتربۆ خاک و پیتاندن ناگونجێت، بۆیە فڕێ دەدرێتە دەرەوە. با ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن، با ببیسێت!»
1هەموو باجگرەکان و گوناهبارەکان هاتنە لای بۆ ئەوەی گوێی لێبگرن. 2فەریسییەکان و زانایان سەرزشتیان کرد و گوتیان: «ئەم پیاوە پێشوازی لە گوناهباران دەکات و لەگەڵیان نان دەخوات!»3ئەم نموونەی بۆ گێڕانەوە و فەرمووی: 4کام لە ئێوە کە سەد مەڕی هەیە ئەگەر یەکێکیانی لێ ون ببێت، ئایا نەوەد و نۆیەکە لە دەشت و دەر بەجێناهێڵێت و بە دوای مەڕی ونبووەکەدا ناڕوات تا دەیدۆزێتەوە؟ 5پاشان کە دۆزییەوە، بە خۆشحاڵییەوە لەسەر شانی هەڵیدەگرێت،6پاشان دەگەڕێتەوە ماڵەوە، و هاوڕێ و دراوسێکانی، بانگ دەکات و پێیان دەڵێت: لەگەڵم شاد بن، چونکە مەڕە ونبووەکەم دۆزیەوە! 7پێتان دەڵێم لە ئاسماندا خۆشی زیاتر دەبێت سەبارەت بە تاوانبارێک کە پاشگەز بۆتەوە لە نەوەد و نۆ کەسی ڕاستودروست کە پێویستیان بە پاشگەز بوونەوە نیە!8یان چ ژنێک کە دە درهەمی هەیە، ئەگەر یەک درهەمی ون بێت چرایەک داناگیرسێنێت و ماڵەکە پاک ناکاتەوە بەدوایدا ناگەڕێت تا دەیدۆزیتەوە؟ 9پاشان کە دەیدۆزێتەوە بانگی هاوڕێ و دراوسێکانی دەکات و دەڵێت: لەگەڵم شاد بن، چونکە ئەو دراوەم دۆزیەوە کە لێم ون ببوو. 10پێتان دەڵێم: هەربەم شێوە لە ناو فریشتەکانی خودا خۆشی دەبێت لەسەر یەک گوناهبار کە پاشگەز دەبێتەوە».11فەرمووی: «پیاوێک دوو کوڕی هەبوو. 12بچووکەکەیان بە باوکی گوت: ئەی باوکە، بەشە میراتەکەم پێ بدە کە هی منە! بۆیە هەموو ئەو شتانەی کە خاوەنی بوو بەسەریاندا دابەش کرد.13دوای تێپەڕ بوونی ماوەیەک کوڕە بچووکەکە هەموو ئەوەی هەیبوو، هەڵیگرت و چوو بۆ وڵاتێکی دوور. لەوێدا پشکی خۆی لە سامانەکە لە ژیانێکی خراپەکاریدا بەفیڕۆدا. 14بەڵام کاتێک هەموو شتێکی بە فیڕۆ دا، برسێتییەکی سەخت لەو وڵاتەدا ڕوویدا و ئەویش هەستی بە نیازمەندی کرد.15بۆیە چوو پەیوەندی بە یەکێک لە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتەوە کرد و ئەویش ناردی بۆ ناو کێڵگەکانی خۆی بۆ ئەوەی چاودێری بەرازەکانی بکات. 16چەن تامەزرۆی ئەوە بوو سکی بە لەوەڕی بەرازەکان تێر بکات، بەڵام کەس بەشی نەدەدا!17ئینجا بە خۆیا هاتەوە و وتی: زۆرێک لە کرێکارەکانی باوکم خۆراکی پێویست و تەنانەت زیادەیان هەیە، لێرەش من خەریکە لە برسان ئەمرم.! 18دەگەڕێمەوە بۆ لای باوکم و پێی دەڵێم: باوکە، من بەرامبەر بە ئاسمان و دەربارەی تۆوە هەڵەم کردووە؛ 19ئیتر شایستەی ئەوە نیم بە کوڕی تۆ بانگ بکرێم: من بکە بە یەکێک لەو خزمەتکارانەی بەکرێت گرتوون!20بۆیە هەستا و گەڕایەوە لای باوکی. بەڵام باوکی کە هێشتا دوور بوو لێی، بینی، و بەزەیی پێدا هاتەوە و ڕایکرد بۆ لای و لە باوەشی گرت و بە گەرمی ماچی کرد. 21کوڕەکەش پێی گوت. باوکە، من هەڵەم کردووە بەرامبەر بە ئاسمان و لەبەردەم تۆدا، ئیتر شایستەی ئەوە نیم کە بە کوڕی تۆ بانگ بکرێم.22بەڵام باوکەکە بە خزمەتکارەکانی گوت: خێرا باشترین جل و بەرگ بێنن و لەبەری بکەن و ئەڵقەیەک لە پەنجەی بکەن و پێڵاوی لە پێ بکەن. 23گوێرەکە قەڵەوەکە بهێنن و سەری ببڕن؛ با بخۆین و دڵخۆش بین: 24چونکە ئەم کوڕەم مردبوو و زیندوو بۆتەوە، ون ببوو و دۆزراوەتەوە. بۆیە با دڵخۆش بین!25کوڕە گەورەکەی لە کێڵگەکەدا بوو. کاتێک هاتەوە و لە ماڵەکە نزیک بۆوە، گوێی لە مۆسیقا و سەما بوو. 26یەکێک لە خزمەتکارەکانی بانگ کرد و لێی پرسی کە چی رووی داوە. 27لە وەڵامدا گوتی: براکەت گەڕایەوە، بۆیە باوکت گوێرەکە قەڵەوەکەی سەربڕی چونکە بە سەلامەتی گەڕاوەتەوە.28بەڵام توڕە بوو و ئامادە نەبوو بچێتە ژوورەوە. باوکی چووە دەرەوە و لێی پاڕایەوە. 29لە وەڵامی باوکیدا گوتی: ئەوەتا چەندین ساڵە خزمەتت دەکەم، لە فەرمانەکانت سەرپێچیم نەکردووە، بەڵام تۆ کاریلەیەکت پێ نەدام تا لەگەڵ هاوڕێکانم پێی دڵخۆش ببم. 30بەڵام کاتێک ئەم کوڕەی تۆ کە لەگەڵ ژنە خراپەکان پارەکەتی خوارد و گەڕایەوە، گوێرەکە قەڵەوەکەت بۆ سەربڕی!31پێی گوت: کوڕم، تۆ هەمیشە لەگەڵمدایت، هەرچیم هەیە هی تۆیە! 32بەڵام باش وایە ئێمە شاد و دڵخۆش بین، چونکە براکەت مردبوو و زیندوو بۆەتەوە، ون ببوو و دۆزراوەتەوە!»
1هەروەها بە شاگردەکانی فەرموو: «پیاوێکی دەوڵەمەند سەرپەرشتیارێکی هەبوو. تۆمەتبار کرابوو بەوەی پارەکانی بەفیڕۆ داوە. 2بۆیە بانگی کرد و لێی پرسی: ئەمە چییە کە لەبارەی تۆوە دەیبیستم؟ وەرە هەژماری سەرپەرشتاریەکەت بخە بەردەست ، چونکە چیتر ناتوانیت بەڕێوەبەری من بیت!3ئینجا بەڕێوەبەرەکە لە دڵی خۆیدا گوتی: «چی بکەم، چونکە گەورەکەم سەرپەرشتیاریەکەم لێدەستێنێتەوە؟ من ئەوەندە بەهێز نیم کە زەوی بکێڵم. شەرم دەکەم سواڵیش بکەم! 4دەزانم چی بکەم، بۆ ئەوەی کاتێک لە سەرپەرشتیکردن دوور کەوتمەوە، هاوڕێکانم لە ماڵەکانیان پێشوازیم لێبکەن.5یەک بە یەک قەرزدارەکانی گەورەکەی بانگ کرد. لە یەکەمیانی پرسی: چەند قەرزاری ئاغاکەمی؟ 6لە وەڵامدا وتی: سەد گۆزەی ڕۆن. پێی گوت: پسولەکەت وەربگرە و خێرا دابنیشە و پەنجا بنووسە! 7پاشان بە ئەویتری گوت: ئەی تۆ، چەند قەرزاری؟ لە وەڵامدا وتی: سەد ڕەبە گەنم. پێی گوت: پسولەکەت وەربگرە، هەشتا بنووسە!8گەورەکەی دەستخۆشی لە سەرپەرشتیارە ناپاکەکەی کرد چونکە ژیرانە مامەڵەی کرد. هەربەم شێوە ڕۆڵەکانی ئەم جیهانە لەناو نەوەی خۆیاندا ژیرترن لە ڕۆڵەکانی ڕووناکی. 9پێتان دەڵێم: هاوڕێیەتی بە دەست بێنن بە سامانە ناڕەواکان. بۆ ئەوەی کاتێک سامانەکەتان تەواو بوو، لەماڵی هەتاهەتای وەربگیرێن!10ئەوەی لە کەم دەستپاکە لە زۆریش دەستپاکە، ئەوەی لە کەم دەستپاک نیە لە زۆریشدا دەستپاک نیە. 11ئەگەر تۆ بە سامانی ناڕەوا دەستپاک نەبیت، کەواتە کێ سامانی ڕاستی بە تۆ دەسپێرێت؟ 12وە ئەگەر دەستپاک نەبیت بەوەی کە هی کەسانی ترە، کێ ئەوەی هی خۆتە پێت دەبەخشێت؟13هیچ خزمەتکارێک ناتوانێت کۆیلەی دوو گەورە بێت: چونکە یان ڕقی لە یەکێکیان دەبێتەوە و ئەوەی دیکەیانی خۆشدەوێت؛ یان یەکێکیان دەگرێت و ئەوەی دیکەیان جێدەهێڵێت. ئێوە ناتوانن هەم بەندەی خودا بن و هەم هی پارە بن».14فەریسییەکان کە پارەیان خۆش دەویست، هەموو ئەمانەیان بیست و گاڵتەیان پێکرد. 15پێی فەرموون: «ئێوە لەبەردەم خەڵکدا خۆتان بێتاوان دەنوێنن، بەڵام خودا دڵتان دەزانێت. ئەوەی مرۆڤەکان بە پلەیەکی بەرز دادەنێن، لای خودا قێزەونە.16تەورات و پێغەمبەران تا سەردەمی یۆخەنان مانەوە: لەو کاتەوە مزگێنی شانشینی خودا راگەیەندرا، هەر کەسە هەوڵ دەدات ڕێگای خۆی بکاتەوە بۆ چوونە ژوورەوە. 17لەناوچوونی ئاسمان و زەوی ئاسانترە لە لەناوچوونی یەک خاڵی تەورات:18هەرکەسێک ژنەکەی تەڵاق بدات، و هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی تر بکات داوێنپیسی کردووە. هەرکەسێک هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێک بکات کە لە مێردەکەی جیابووبێتەوە داونپیسی کردووە.19پیاوێکی دەوڵەمەند هەبوو، جل و بەرگی ئەرخەوانی و جوانی لەبەر دەکرد، جەژنی دەگێڕا، چێژی لە هەموو ڕۆژەکانی وەردەگرت. 20پیاوێکی هەژار هەبوو بە ناوی ئیلعازار، لەبەردەم دەرگای ماڵەکەیدا پاڵکەوتبوو، تووشی برین بوو، 21حەزی دەکرد لەو پاشماوەی لە خوانی دەوڵەمەندەکە دەمایەوە بخوات. تەنانەت سەگەکانیش دەهاتن و برینەکانیان دەلێستەوە.22پیاوە هەژارەکە مرد و فریشتەکان هەڵیانگرت بۆ ئامێزی ئەڤراهام. پاشان پیاوە دەوڵەمەندەکەش مرد و بە خاک سپێردرا. 23کاتێک چاوەکانی بەرز کردەوە لە جیهانی مردووان لە ئازاردا بوو، ئەڤراهامی لە دوورەوە بینی و ئیلعازار کە لە ئامێزیدا بوو.24بانگی کرد و گوتی: ئەی باوکم ئەڤراهام! بەزەییت پێمدا بێت، ئیلعازار بنێرە تا نوکی پەنجەی خۆی لە ئاوەکەدا تەڕ بکات و زمانمی پێ فێنک بکاتەوە: چونکە من لەم بڵێسەیەدا ئازار دەچێژم.25بەڵام ئەڤراهام گوتی: کوڕم لەبیرت بێت کە تۆ لە ماوەی ژیانتدا هەموو شتە باشەکانت وەرگرتووە، ئیلعازاریش ئازارەکانی وەرگرتووە. بەڵام ئێستا لێرە دڵنەوایی دەدرێت، تۆش لەوێیت و ئازار دەچێژیت. 26جگە لە هەموو ئەمانە، لە نێوان ئێمە و ئێوەدا مەودایەکی گەورە جێگیر کراوە، بەجۆرێک ئەوانەی لێرەن ناتوانن ببپەڕنەوە بۆ ئەوێ، ئەوانەی ئەوێیش ناتوانن بپەڕنەوە بۆ لای ئێمە!27گوتی: ئەی باوکە لێت دەپاڕێمەوە کە ڕێگەم پێبدەی، بگەڕێمەوە بۆ ماڵی باوکم، 28چونکە پێنج برام هەیە، تاکو شایەتحاڵییان پێ بدەم وشیار بن، نەک ئەوانیش بێنە ئەم شوێنی ئازارە.29بەڵام ئەڤراهام پێی گوت: موشە و پێغەمبەرانیان هەیە: با گوێیان لێبگرن! 30گوتی: نەخێر ئەی باوکە ئەڤراهام، ئەگەر کەسێک لە مردووەکان بچێتە لایان، ئەوا پاشگەز دەبنەوە! 31فەرمووی: ئەگەر گوێ لە موشە و پێغەمبەران نەگرن، ئەوا تەنانەت ئەگەر یەکێک لە مردنیش هەستێتەوە باوەڕ ناکەن!
1بە قوتابیەکانی فەرموو: «بەربەست هەر دەبێت. بەڵام هاوار بەو کەسە کە لە سەر دەستی ئەو بێت! 2بۆ ئەو باشتر وابوو بەرداشێک لە ملی ببەسترایەو فڕێ بدرێتە ناو دەریاوە، لەوەی کە ببێتە کۆسپێک بۆ یەکێک لەم بچووکانە.3ئاگاداری خۆتان بن: ئەگەر براکەت هەڵەی کرد، ئەوا سەرزەنشتی بکە. ئەگەر پاشگەز بۆوە، لێی خۆشبە. 4ئەگەر لە ڕۆژێکدا حەوت جار هەڵەی بەرامبەرت کرد، و حەوت جار گەڕایەوە لات و گوتی: پاشگەز دەبمەوە! پێویستە لێی خۆش بیت».5نێردراوان بە پەروەردگاریان گوت: «باوەڕمان زیاد بکە!» 6بەڵام پەروەردگار فەرمووی: «ئەگەر بە قەد تۆوە خەردەلێک باوەڕتان هەبێ، بەم دار تووە بڵێی: لە ڕەگەوە هەڵبکەنە و بڕۆ ناو دەریاوە! ئەوا گوێڕایەڵتان دەبێ!7بەڵام، کام یەک لە ئێوە ئەگەر خزمەتکارێکی هەبێت کە کاری کێڵگە یان لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانی بۆ دەکات، لە کاتی گەڕانەوەی لە کێڵگەکە پێی دەڵێت: یەکسەر وەرە و پاڵ بەرەوە و دانیشە؟ 8ئایا پێی ناڵێ: شتێکم بۆ بێنە بیخۆم، پشتێنت ببەستە و خزمەتم بکە تا بخۆم و بخۆمەوە و پاشان تۆ دەخۆیت و دەخۆیتەوە؟9ئایا خزمەتکار سوپاسی دەکرێت چونکە ئەو کارەی کردووە کە فەرمانی پێکرابوو؟ 10کەواتە ئێوەش، کاتێک هەموو ئەو کارانە دەکەن کە فەرمانتان پێکراوە، بڵێن: ئێمە کۆیلەی بێ کەڵکین، ئەوەمان کرد کە لە سەرمان بوو بیکەین!»11کاتێک بەرەو یورشەلایم دەڕۆیشت، بە ناوچەکانی سامری و گەلیلی تێپەڕی. 12چووە ناو گوندێکەوە، دە پیاوی تووشبوون کە گولیان هەبوو. 13لە دوورەوە وەستابوون، و هاواریان کرد و گوتیان: «یەشوا گەورەم، بەزەییت پێماندا بێتەوە!»14بینی و پێی فەرموون: «بڕۆن خۆتان پیشانی کاهینەکان بدەن!» لەکاتێکدا دەڕۆیشتن، پاک بوونەوە. 15یەکێکیان بینی پاکبۆتەوە، گەڕایەوە و بە دەنگێکی بەرز شکۆمەندی خودای ڕاگەیاند، 16و خۆی خستە بەردەمی و سوپاسی کرد، ئەمە سامری بوو.17یەشوا قسەی کرد و فەرمووی: مەگەر دە کەس پاک نەبوونەوە؟ ئەی نۆیەکە لە کوێن؟ 18ئایا جگە لەم بێگانە کەس نەبوو بگەڕێتەوە و شکۆمەندی خودا ڕابگەیەنێت؟» 19پاشان پێی فەرموو: «هەستە و بڕۆ: باوەڕەکەت ڕزگاری کردوویت!»20فەریسییەکان لێیان پرسی: «کەی شانشینی خودا دێت؟» وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «شانشینی خودا بە نیشانەیەکی بینراو نایەت. 21ناگوترێت: ئەوەتا لێرەیە، یان: ئەوەتا لەوێیە! شانشینی خودا لەناختاندایە!»22پاشان بە قووتابیەکانی فەرموو: سەردەمێک دێت کە تامەزرۆی بینینی تەنانەت یەکێک لە ڕۆژەکانی ڕۆڵەی مرۆڤ دەبن، بەڵام نایبینن. 23وە هەندێکیان پێتان دەڵێن: ئەوەتا لێرە، یان: ئەوەتا لەوێیە؛ مەڕۆن و شوێنیان مەکەون: 24هەروەک چۆن ئەو هەوربروسکە کە لە ژێر ئاسمانەوەیە لە لایەکەوە بۆ لایەکی تر رۆشن دەکاتەوە، ڕۆڵەی مرۆڤ بە هەمان شێوە دەبێ لە ڕۆژی گەڕانەوەیدا.25بەڵام سەرەتا دەبێت ئازاری زۆر بچێژێ و لەلایەن ئەم نەوەیە ڕەت بکرێتەوە! 26ئەوەی لە سەردەمی نواخ ڕوویدا، لە سەردەمی ڕۆڵەی مرۆڤیشدا ڕوودەدات: 27خەڵک دەیانخوارد و دەیانخواردەوە و هاوسەرگیریان دەکرد تا ئەو ڕۆژەی نواخ چووە ناو کەشتییەکەوە و لافاو هات و هەمووانی لەناو برد.28بە هەمان شێوە، وەک لە سەردەمی لوت ڕوویدا: خەریکی خواردن و خواردنەوە، کڕین و فرۆشتن ، کشتوکاڵ و خانوو درووست کردن بوون، 29بەڵام لە ڕۆژێکدا کە لوت لە سۆدۆم هاتە دەرەوە، (خودا) ئاگر و گۆگردی، لە ئاسمانەوە باراند و هەمووانی لە ناو برد30هەربەم شێوەش لە ڕۆژی دەرکەوتنی ڕۆڵەی مرۆڤدا ڕوودەدات. 31جا هەرکەسێک ئەو ڕۆژە لەسەربان بێت و کەلوپەلەکەی لە ماڵەوە بێت با نەچێتە خوارەوە بۆ هەڵگرتنی؛ بە هەمان شێوە هەرکەسێک لە کێڵگەدا بێت، با نەگەڕێتەوە بۆ دواوە.32ژنەکەی لوتتان لەبیر بێت! 33هەرکەسێک هەوڵی ڕزگارکردنی ژیانی خۆی بدات، لەدەستی دەدات، هەرکەسێک لەدەستی بدات دەیپارێزێت.34پێتان دەڵێم: ئەو شەوە دوو کەس لە سەر جێگایەک دەخەون، یەکێکیان دەبردرێت و ئەوی دیکەیان بە جێ دەهێڵدرێت؛ 35دوو ژنیش پێکەوە دەستار دەگێڕن، یەکێکیان دەبردرێت و ئەوی دیکەیان بەجێدەهێڵرێت؛ 36لە کێڵگەکەدا دوو کەس دەبن: یەکێکیان دەبردرێت و ئەوی دیکەیان بەجێدەهێڵرێت». 37پرسیاریان کرد: «لە کوێ ئەی پەروەردگار؟» پێی فەرموون: «کەلاک لە کوێ بێت، داڵەکان لەوێ کۆدەبنەوە!»
1نموونەیەکی لە نزاکردنی بەردەوام و بە بێ بێزار بوونی بۆ هێنانەوە، 2فەرمووی: لەشارێکدا دادوەرێک هەبوو نە لە خودا دەترسا و نە ڕێزی لە مرۆڤ دەگرت.3لەو شارەدا بێوەژنێک هەبوو دەهاتە لای و دەیگوت: مافم لە نەیارەکەم بستێنە! 4بۆ ماوەیەک بەردەوام داواکارییەکەی ڕەتدەکردەوە. بەڵام پاشان لە دڵی خۆیدا گوتی: تەنانەت ئەگەر لە خودا نەترسم و ڕێز لە مرۆڤیش نەگرم، 5هەرچییەک بێت، با من دادپەروەری بۆ ئەم بێوەژنە بکەم، دەنا بێزارم دەکات، بەردەوام دێت و تووشی سەرئێشەم دەکات!»6پەروەردگار فەرمووی: «گوێ بگرن کە دادوەری نادادپەروەر چی دەڵێت. 7ئایا خودا دادپەروەری بۆ هەڵبژێردراوەکانی ناکات کە شەو و ڕۆژ هاواری بۆ دەبەن؟ ئایا پەلە ناکات لە وەڵامدانەوەیان؟ 8پێتان دەڵێم: بە خێرایی دادپەروەرییان بۆ جێبەجێ دەکات. بەڵام کاتێک ڕۆڵەی مرۆڤ، دەگەڕێتەوە، ئایا باوەڕ لەسەر زەوی دەدۆزێتەوە؟»9هەروەها ئەم نموونەی بۆ کەسانێک خستووەتە ڕوو کە متمانەیان بە خۆیان هەیە کە ڕاستودروستن و سووکایەتی بە کەسانی تر دەکەن: 10«دوو مرۆڤ سەرکەوتن بۆ پەرستگا، بۆ نزاکردن، یەکێکیان فەریسی و ئەوی دیکەیان باجگر بوو.11فەریسییەکە وەستا و نزای کرد: خودایە سوپاست دەکەم، چونکە من وەک مرۆڤەکانی دیکە نیم، وەک چاوچنۆکان، نادادپەروەران، داونپیسان و وەک ئەم باجگرە نیم: 12هەفتەی دووجار بەڕۆژوو دەبم و دەیەکی هەموو داهاتەکەم دەدەم!13بەڵام باجگرەکە کە لە دوورەوە وەستابوو، نەیوێرا چاوەکانی بەرەو ئاسمان بەرز بکاتەوە، بەڵکو لە سنگی خۆی دا و گوتی: بەزەییت پێمدا بێتەوە، ئای خودا من گوناهبارم! 14پێتان دەڵێم: ئەم پیاوە بە بێتاوانی چوو بۆ ماڵەکەی خۆی، بە پێچەوانەی ئەوی دیکەوە. چونکە هەرکەسێک خۆی بەرز بکاتەوە، نزم دەکرێتەوە؛ هەرکەسێک خۆی نزم بکاتەوە، بەرز دەکرێتەوە».15هەندێکیشیان منداڵانیان لەگەڵ خۆیان هێنا بوو بۆ ئەوەی دەستیان لە سەر دابنێت. بەڵام قوتابییەکانی کە ئەوەیان بینی، سەرزەنشتیان کردن. 16بەڵام یەشوا بانگی کردن بۆ لای خۆی و فەرمووی: «بەریان لێ مەگرن با بچووکەکان بێنە لام، چونکە شانشینی خودا هی ئەمانە! 17ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی وەک منداڵێکی بچووک شانشینی خودا وەرنەگرێت، هەرگیز ناچێتە ناویەوە!»18یەکێک لە پێشەوایان لێی پرسی و گوتی: «مامۆستای چاک، چی بکەم بۆ ئەوەی ژیانی هەتاهەتایی بە میرات بگرم؟ 19یەشوا پێی فەرموو: «بۆچی بە چاک بانگم دەکەیت؟ کەس چاک نییە تەنیا یەکێک نەبێ، ئەویش خودایە! 20ڕاسپاردەکان دەزانی: زینا مەکە؛ مەکوژە؛ دزی مەکە؛ شایەتی بە درۆ مەدە؛ ڕێز لە باوک و دایکت بگرە!» 21فەرمووی: «هەموو ئەمانەم هەر لە منداڵییەوە جێبەجێ کردووە.!»22یەشوا کە ئەمەی بیست، پێی فەرموو: «یەک شت کەم بووە: هەموو ئەوەی هەتە بیفرۆشە و بەسەر هەژاراندا دابەشی بکە، گەنجینەیەکت دەبێت لە ئاسمانەکاندا. پاشان وەرە شوێنم بکەوە!» 23بەڵام کاتێک ئەمەی بیست، زۆر دڵتەنگ بوو، چونکە زۆر دەوڵەمەند بوو.24کاتێک یەشوا ئەمەی لێ بینی، فەرمووی: «چەند قورسە بۆ دەوڵەمەندەکان بچنە ناو شانشینی خودا! 25چونکە ئاسانترە وشتر بە کونی دەرزیدا تێپەڕێت، لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە».26ئەوانەی ئەمەیان بیست گوتیان: «کەواتە کێ ڕزگاری دەبێت؟» 27فەرمووی: «ئەوەی لای مرۆڤەکان ئەستەمە لای خودا دەبێت!»28پەترۆ گوتی: «سەیرکە ئێمە هەموو شتێکمان بەجێهێشت و شوێنت کەوتین!» 29پێی فەرموون: «بەڕاستی پێتان دەڵێم: هەر کەس ماڵ و ژن و برا و دایک و باوک و منداڵی بەجێهێشتووە لە پێناو شانشینی خودا، 30هەر لەم سەردەمە چەندین هێندەی ئەوە وەردەگرێت، و لە سەردەمی داهاتوو ژیانی هەتاهەتایی بەدەست دەهێنێت!»31پاشان دوازدەکەی بردە لایەک و پێی فەرموون: «ئێمە بەرەو یورشەلایم، سەردەکەوین و هەموو ئەو شتانەی پێغەمبەران نووسیویانە دێنە دی، لەبارەی ڕۆڵەی مرۆڤەوە. 32دەدرێتە دەستی گەلان و گاڵتە و سووکایەتی پێدەکرێت و تفی لێدەکەن. 33پاش ئەوەی بە قامچی لێ دەدەن، دەیکوژن وە لە ڕۆژی سێهەمیشدا هەڵدەستێتەوە!»34بەڵام ئەوان لە هیچ کام لەوانە تێنەگەیشتن. چونکە ئەمەیان لێ شاراوە بۆوە و، تێنەگەیشتن کە چی گوتراوە.35کاتێک هاتە دەوروبەری یەریخۆ، نابینایەک لە کەناری ڕێگاکە دانیشتبوو و سواڵی دەکرد. 36کاتێک گوێی لە تێپەڕبوونی خەڵکەکە بوو، پرسیاری کرد کە چ باسە. 37پێی گوترا: «یەشوا ناسیرەیی بەوێدا تێدەپەڕێ».38بانگی کرد: «یەشوا کوڕی داڤید، بەزەییت پێمدا بێتەوە!» 39ئەوانەی لە پێشەوە بوون سەرکۆنەیان کرد کە بێدەنگ بێت. بەڵام زیاتر و زیاتر هاواری کرد: «کوڕی داڤید، بەزەییت پێمدا بێ!»40یەشوا وەستا و فەرمانی دا بیهێنن بۆ لای. کاتێک نزیک بووەوە لێی پرسی: 41«دەتەوێت چیت بۆ بکەم؟» گوتی: «ئەی پەروەردگار، بیناییم بۆ بگەڕێنەوە!»42یەشوا پێی فەرموو: «ببینە! باوەڕەکەت چاکی کردیتەوە». 43دەستبەجێ بینایی بۆ گەڕاوە و شوێنی کەوت ڕۆیشت و خودای شکۆدار کرد. کاتێک هەموو خەڵکەکە ئەوەیان بینی، ستایشی خودایان کرد.
1پاشان چوو بۆ ناو یەریخۆ و بەناویدا تێپەڕی. 2پیاوێک هەبوو بە ناوی زەخا، دەوڵەمەند و سەرۆکی باجگرەکان بوو.3هەوڵیدا ببینێ بزانێ یەشوا کێیە، بەڵام بەهۆی قەرەباڵغی نەیتوانی، چونکە کورتە باڵا بوو. 4بۆیە هەڵات و سەرکەوتە سەر دارێکی هەنجیر تا یەشوا ببینێت، چونکە بڕیار بوو لەوێوە تێپەڕێت.5کاتێک یەشوا هاتە ئەو شوێنە، سەری بەرز کردەوە و بینی و پێی فەرموو: «زەخا، پەلە بکە و وەرە خوارەوە، چونکە ئەمڕۆ لە ماڵی تۆ دەمێنمەوە!» 6بۆیە بەپەلە هاتە خوارەوە و بە خۆشییەوە پێشوازی لێکرد. 7کاتێک هەموویان ئەمەیان بینی، سەرزشتیان کرد و دەیانگۆت: « دەچێتە ماڵی پیاوێکی گوناهبار!»8بەڵام زەخا وەستا و بە پەروەردگاری گوت: «پەروەردگار، نیوەی ئەوەی هەمە دەیدەم بە هەژاران. ئەگەر شتێکم لە هەر کەسێک داگیر کردبێت، چوار ئەوەندەی بۆ دەگەڕێنمەوە!» 9یەشواش پێی فەرموو: «ئەمڕۆ ڕزگاربوون هاتووە بۆ ئەم ماڵە، ئەویش کوڕی ئەڤراهامە. 10چونکە ڕۆڵەی مرۆڤ هاتووە بەدوای ونبووەکاندا بگەڕێ و ڕزگاریان بکات».11لە کاتێکدا گوێیان لەم قسانە دەگرت، دیسانەوە نموونەیەکی هێنایەوە، چونکە لە یورشەلایم نزیک ببوو و پێیان وابوو کە شانشینی خودا ڕابگەیەنرێت، 12فەرمووی: «پیاوێکی خانەدان چووە وڵاتێکی دوور بۆ ئەوەی شانشینێک بۆ خۆی وەربگرێت و دواتر بگەڕێتەوە.13بۆیە دە خزمەتکارەکەی بانگ کرد و دە کیسە زیوی بۆ دانان، و پێی گوتن: بازرگانی پێوە بکەن تا دەگەڕێمەوە. 14بەڵام خەڵکی وڵاتەکەی ڕقیان لێی بوو، بۆیە شاندێکیان بەدوادا نارد و گوتیان: ئێمە نامانەوێت ئەم پیاوە فەرمانڕەواییمان بکات! 15کاتێک پاش وەرگرتنی شانشینەکە گەڕایەوە، فەرمانی دا ئەو خزماتکارانەی کە پارەکەی بۆ دانابوون بانگهێشت بکرێن، بۆ ئەوەی بزانێت، هەریەکەیان لە بەشەکەی خۆیان چیان دەست کەوتووە.16یەکەمیان هاتە پێشەوە و گوتی: گەورەم، تۆ دە کیسەت قازانج کردووە! 17پێی گوت: باشە ئەی خزمەتکاری چاک. چونکە تۆ دەستپاک بوویت لەوەی کە کەم بوو، ئەوا دەسەڵاتداری دە شار بە!18دووەمیان هاتە پێشەوە و گوتی: گەورەم، پێنج کیسەت قازانج کردووە! 19بەویشی گوت: تۆ دەبیتە دەساڵاتداری پێنج شار!20پاشان خزمەتکارێکی تر هاتە پێشەوە و وتی: گەورەم ئەوەتا کیسە زیوەکە لە دەسماڵێکا پێچابوومەوە و پارێزگاریم لێکرد. 21من لێت دەترسام چونکە تۆ مرۆڤێکی دڵرەقیت، ئەوەی نەتسپاردووە وەریدەگریت، ئەوەی نەتچاندووە دروێنەی دەکەیت!22پێی گۆت: بە زاری خۆت بڕیارت لەسەر دەدەم، ئەی بەندەی خراپەکار: تۆ زانیت کە من پیاوێکی دڵڕەقم، ئەوەی نەمسپاردووە وەریدەگرم و ئەوەی نەمچاندووە دروێنەی دەکەم. 23بۆچی نەتسپارد بە پارەگۆڕەوەکان، بۆ ئەوەی کە هاتمەوە قازانجەکەی وەربگرم؟24پاشان بەوانەی لەوێ وەستابوون گوتی: زیوەکەی لێ وەربگرن و بیدەن بە خاوەنی دە کیسەکە. 25پێیان گوت: گەورەم دە کیسەی هەیە! گوتی:26پێتان دەڵێم هەرکەسێک هەیبێت پێی دەدرێت؛ وە سەبارەت بەو کەسەی کە نییەتی، تەنانەت ئەوەیش کە هەیەتی لێی دەسەندرێتەوە. 27ئەو دوژمنانەی کە نەیاندەویست من پاشایان بم، بیانهێنە ئێرە و لەبەردەممدا سەریان ببڕن!»28پاش ئەم قسانە، بەرەو یورشەلایم بەڕێکەوت.29کاتێک لە بێتفاگە و بێت ئەنیا نزیک بۆوە، لە چیای ناسراو بە زەیتون، دوو لە قوتابییەکانی نارد و پێی فەرموون: 30«بڕۆن بۆ گوندی بەرامبەرتان، کاتێک دەچنە ناو گوندەکە جاشکێک دەبینن کە بەستراوەتەوە، کە تا ئێستا هیچ کەسێک سواری نەبووە. گوریسەکەی بکەنەوە و بیهێنن بۆ ئێرە. 31ئەگەر کەسێک لێی پرسین: بۆچی گوریسەکەی لێ دەکەنەوە؟ ئەمەی پێ بڵێن: چونکە پەروەردگار پێویستی پێی هەیە!»32دوو قوتابییەکە، ڕۆیشتن و وەک چۆن پەروەردگار پێی فەرمووبوون دۆزییانەوە. 33لە کاتێکدا کە جاشکەکەیان دەکردەوە، ئەوانەی لای جاشکەکە بوون لێیان پرسین: «بۆچی جاشکەکە دەکەنەوە؟» 34گوتیان: «چونکە پەروەردگار پێویستی پێیەتی!» 35پاشان هێنایان بۆ لای یەشوا؛ جلەکانیان خستە سەر جاشکەکە یەشوا سواری بوو. 36کاتێک دەڕۆیشتن، خەڵکی جلەکانیان لەسەر ڕێگاکەدا بۆ ڕادەخست.37کاتێک نزیک بۆوە (لە یورشەلایم)، و گەیشتە بناری چیای زەیتوون، قوتابییەکانی بە خۆشحاڵییەوە بە دەنگی بەرز ستایشی خودایان دەکرد بۆ هەموو ئەو پەرجووانەی کە بینیویانە 38دەیانگوت: «پیرۆزە ئەو پاشایەی کە بە ناوی پەروەردگارەوە دێت! ئاشتی لە ئاسمان و شکۆمەندی لە بەرزتریندا!»39بەڵام هەندێک لە فەریسییەکان لەناو خەڵکەکەدا پێیان گوت: «مامۆستا، سەرزەنشتی قوتابیەکانت بکە!» 40وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «پێتان دەڵێم ئەگەر ئەمانە بێدەنگ بن، بەردەکان هاوار دەکەن!»41کاتێک نزیک بۆوە، و شارەکەی بینی، بۆی گریاو 42فەرمووی: «خۆزگە تۆش لەم ڕۆژدا بتزانیبا لە چ ئاشتیەکدایت! بەڵام ئەوە ئێستا لە چاوەکانت شاراوەیە.43ڕۆژانێک دێت دوژمنەکانت دێنەسەرت و چواردەورت دەگرن، گەمارۆت لە سەر توند دەکەن لە هەموو لایەکەوە، 44وێرانت دەکەن بە سەر ڕۆڵەکانتدا. بەرد بە سەر بەردتەوە نامێنێ: چونکە کاتی بەسەرکردنەوەی خودات نەزانی».45کاتێک چووە ناو پەرستگاکە، دەستی کرد بە دەرکردنی ئەوانەی کە تێیدا کڕین و فرۆشتنیان دەکرد، 46پێی فەرموون: نووسراوە: «ماڵەکەم ماڵی نزا کردنە. ئێوە کردتان، بە ئەشکەوتی تاڵانچیەکان!»47هەموو ڕۆژێ لە پەرستگاکە فێرکاری دەکرد. سەرۆک کاهینەکان و زانایانی تەورات و کەسایەتییە دیارەکانی گەلیان هاندەدا بیکوژن. 48بەڵام نەیاندەزانی چی بکەن، چونکە هەموو خەڵکەکە بۆ گوێگرتن پەیوەست بوون پێیەوە.
1کاتێک خەڵکەکەی لە پەرستگا فێردەکرد و مزگێنی دەدا، سەرۆک کاهینەکان و زانایانی تەورات و پیران، لەگەڵی کەوتنە وتووێژ و گوتیان: 2«پێمان بڵێ، بە چ دەسەڵاتێک ئەم کارە دەکەیت؟ یان کێ ئەم دەسەڵاتەی پێداویت؟»3یەشوا وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «منیش یەک شتتان لێ دەپرسم و وەڵامم بدەنەوە: 4ئایا لە ئاوهەڵکێشانی یۆخەنان لە ئاسمانەوە بوو یان لە مرۆڤەوە؟»5بۆیە لە نێوان خۆیاندا ڕاوێژیان کرد و گوتیان: «ئەگەر بڵێین: لە ئاسمانەوە»، دەڵێت: بۆ باوەڕتان پێی نەبوو؟ 6وە ئەگەر بڵێین: لە مرۆڤەکان، هەموو خەڵک بەردبارانمان دەکەن، چونکە پێیان وایە کە یۆخەنان پێغەمبەر بووە».7وەڵامیان دایەوە کە نازانین لە کوێوەیە. 8یەشوا پێی فەرموون: «کەواته منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەو کارانە دەکەم!»9بە نموونە لەگەڵ خەڵکەکە قسەی ئەکرد: «پیاوێک رەزێکی چاند و دای بە ڕەزەوانان و بۆ ماوەیەکی زۆر گەشتی کرد. 10لە وەرزی دروێنەدا خزمەتکارێکی بۆ لای ڕەزەوانان نارد، تا لە بەرهەمی ڕەزەکەی پێبدەن. بەڵام ڕەزوانەکان لێیان دا و بە دەستی بەتاڵ ڕەوانەیان کردەوە.11بۆیە خزمەتکارێکی تری نارد. بەڵام ئەویش لێیاندا و سوکایەتیان پێکرد و بە دەستی بەتاڵ ناردیانەوە. 12پاشان دیسان خزمەتکاری سێهەمی نارد، ئەویشیان بریندار کردو لە ڕەزەکە فڕێیاندایە دەرەوە.13خاوەنی باخی ترێ گوتی: چی بکەم؟ کوڕە خۆشەویستەکەم دەنێرم، چونکە سڵی لێ دەکەنەوە! 14بەڵام هەر کە رەزەوانەکان بینییان، لە نێوان خۆیاندا ڕاوێژیان کرد و گوتیان: ئەمە میراتگرەکەیە، بۆیە با بیکوژین بۆ ئەوەی میراتەکە بۆ ئێمە بەجێ بمێنێ.15ئینجا کوشتیان و لە ڕەزەکە فڕێیاندایە دەرەوە. کەواتە خاوەنی ڕەزەکە چییان لێدەکات؟ 16دێت و ئەو ڕەزەوانانە لەناو دەبات، ڕەزەکەی ڕادەستی خەڵکی تر دەکات». کە ئەمەیان بیست گوتیان: «لە ئێمە بە دور بێت!»17بەڵام سەیری کردن و فەرمووی: «ئینجا مانای ئەم بڕگەیە چییە کە نووسراوە: ئەو بەردەی بیناسازەکان ڕەتیان کردۆتەوە هەمان ئەو بەردەیە کە بوو بە بەردی بناغە؟ 18هەرکەسێک بکەوێتە سەر ئەم بەردە تێک دەشکێ، و بە سەر هەر کەسێکیشدا بکەوێت پانی دەکاتەوە؟»19سەرۆک کاهینەکان و مامۆستایانی تەورات هەر ئەوکات هەوڵیان دا بیگرن، بەڵام لە خەڵکەکە دەترسان، چونکە تێگەیشتن کە نموونەکە مەبەستی لەوانە. 20بۆیە چاودێرییان دەکرد و سیخوڕەکان بەدەوریدا بڵاوبوونەوە و وا خۆیان پیشان دەدا کە ڕاستگۆن، بۆ ئەوەی بە وشەیەک کە دەیفەرموو، بیگرن و ڕادەستی دادوەر و فەرمانڕەوای بکەن.21پاشان لێیان پرسی: «مامۆستا، ئێمە دەزانین کە تۆ بە ڕاستی قسە دەکەیت و فێر دەکەیت، پێگەی مرۆڤەکان لەبەرچاو ناگریت، بەڵکو ڕێگای خودا بە ڕاستی فێر دەکەیت: 22ئایا ڕێگەپێدراوە بۆ ئێمە باج بە قەیسەر بدەین، یان نا؟»23بە فێڵەکەیانی زانی، پێی فەرموون: 24«دینارێکم پیشان بدەن: وێنە و نەخشی کێی لەسەرە؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «هی قەیسەرە!»25پێی فەرموون: «کەواتە ئەوەی هی قەیسەرە بیدەنەوە بە قەیسەر و ئەوەی هی خودایە بیدەن بە خودا». 26نەیانتوانی بە وشەیەک کە فەرمووی لەبەردەم گەلدا بیخەنە داوەوە، بەو شتەی بیستیان سەرسام بوون.27هەندێک لە سەدوکیمەکان کە بڕوایان بە هەستانەوەی مردووان نەبوو، لەگەڵی کەوتنە وتووێژ و پرسیاریان لێکرد و گوتیان: 28«مامۆستا، موشە بۆی نووسیوین: ئەگەر کەسێکی وەجاخ کوێر بمرێت، لەسەر براکەیەتی هاوسەرگیری لەگەڵ براژنەکەی بکات و لە سەر ناوی براکەی وەچە بخاتەوە.29حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخ کوێری مرد، 30پاشان دووهەمی لەگەڵ ژنەکەی هاوسەرگیری کرد، پاشان سێهەمین برا هێنای، 31هەرحەوت براکە ژنەکەیان هێنا و بە وەجاخ کوێری مردن. 32دوای هەموویان ژنەکەش مرد. 33لە هەستانەوەدا، ژنەکە دەبێتە ژنی کامیان، چونکە ژنی هەر حەوتیان بووە».34یەشوا وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «ڕۆڵەکانی ئەم سەردەمە شوو دەکەن و ژن ئەخوازن. 35سەبارەت بەوانەی کە شایستەن لە ڕۆژی دوایی هەڵبستنەوە، نە شوو دەکەن و نە ژن دەهێنن. 36چونکە چیتر ناتوانن بمرن، ئەوان وەک فریشتەکانن و ڕۆڵەی خودان، ڕۆڵەی زیندووبوونەوەن.37وە سەبارەت بە زیندووبوونەوەی مردووەکان، تەنانەت موشە ئاماژەی بەو شتە کردووە کاتێک باس لە دەوەنە دەکات، کە تێیدا پەروەردگاری، بە خودای ئەڤراهام و، خودای ییتساخ و خودای یاکۆڤ بانگ کرد. 38بەڵام خودا خودای مردووەکان نییە، بەڵکو خودای زیندووەکانە، چونکە هەمووان بەو دەژین!»39هەندێک لە زانایان گوتیان: «مامۆستا، فەرمایشتەکانت ڕاستە!» 40پاش ئەوە کەس نەیوێرا هیچی لێ بپرسێت.41پێی فەرموون: «چۆن دەگوترێت مەسیح کوڕی داڤیدە، 42لە کاتێکدا داڤید خۆی لە سیپارەی زەبوورەکاندا دەڵێت: پەروەردگار بە پەروەردگارمی فەرموو: لە ڕاستەی من دانیشە 43تا دوژمنەکانت دەکەمە تەختەپێت؟ 44ئەوەتا داڤید بە پەروەردگار بانگی دەکات، ئیتر چۆن دەتوانێت کوڕی ئەو بێت؟»45لە کاتێکدا هەموو خەڵک گوێیان لێ بوو: بە قووتابییەکانی فەرموو: 46«ئاگاداری مامۆستایانی تەورات بن، کە حەز دەکەن بە جل و بەرگی رازاوە ببیندرێن، لە گۆڕەپانە گشتیەکان، و لە کەنیشتەکان لە ڕیزی پێشەوە دانیشن و لە ئاهەنگەکانیشدا لای سەرەوە بگرن؛ 47ماڵی بێوەژنەکان دەخۆن و شانازی بە نزای درێژەوە دەکەن. ئەمانە بڕیاری توندتریان لە سەر دەدرێت!»
1سەیری کرد و بینی دەوڵەمەندەکان پێشکەشییەکان دەخەنە ناو گەنجینەی پەرستگاکە. 2هەروەها بینی بێوەژنێکی هەژار دوو فلسی خستە ناوی. 3فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم ئەم بێوەژنە هەژارە لە هەموویان زیاتری خستۆتە ناوی. 4چونکە هەموو ئەم خەڵکە لەوەی کە لێیان زیادەیە دەیخەنە ناو گەنجینەکەوە. بەڵام ئەو سەرەڕای نیازمەندییەکەی، هەرچی هەیبوو بۆ بژێوی خۆی بەخشی!»5لە کاتێکدا هەندێکیان باسیان لەوە دەکرد کە پەرستگاکە بە بەردی جوان و ئەو دیارییانەی بۆ خودا تەرخان کراون ڕازاوەتەوە، 6فەرمووی: «ئەو ڕۆژە دێت کە بەرد بەسەر بەردیەوە نامێنێ و دەڕوخێت».7لێیان پرسی و گوتیان: «مامۆستا، کەی ئەمانە ڕوودەدەن؟ ئەو نیشانەیە چییە کە لە کاتی نزیک بوونەوەی ڕووداوەکە دەردەکەوێت ؟» 8فەرمووی: «ئاگادار بن! هەڵنەخەڵتێن! چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن: من ئەوم و کاتەکە نزیکە، شوێنیان مەکەون! 9کاتێک گوێتان لێبوو کە شەڕ و بەریەککەتن لە ئارادایە، تووشی شڵەژان مەبن، چونکە سەرەتا دەبێ ئەم شتانە ڕوو بدەن لە پێش هەموو شتێکەوە، بەڵام ئەوە هێشتا کۆتایی نییە، پاشان من دێم!»10ئینجا پێی فەرموون: «نەتەوە دژی نەتەوە و شانشین دژی شانشین دەوەستنەوە، 11لە زۆر شوێن بوومەلەرزەی گەورە و برسێتی و نەخۆشی و دەرد ڕوودەدات، نیشانەی ترسناک و گەورە لە ئاسمانەوە دەردەکەون.12بەڵام پێش هەموو ئەمانە خەڵک دەتانگرن و دەتانچەوسێننەوە و ڕادەستی کەنیشت و بەندیخانەکانتان دەکەن، لەبەر ناوی من دەتانخەنە بەردەم پاشا و فەرمانڕەواکان. 13ئەوە دەرفەتتان پێدەدات کە شایەتحاڵ بن.14بۆیە بیخەنە دڵتانەوە تا پێشوەختە خۆتان بۆ بەرگری کردن ئامادە نەکەن، 15چونکە من وشە و داناییتان پێ دەدەم کە هەموو نەیارەکانتان ناتوانن ڕەتی بکەنەوە و دژایەتی بکەن.16تەنانەت دایک و باوک و برا و خزم و هاوڕێ، ڕادەستتان دەکەن و هەندێکتان دەکوژن 17لەبەر ناوی من ڕقیان لێتان دەبێتەوە. 18بەڵام تاڵە موویەک لە سەرتان بە هیچ شێوەیەک نافەوتێ. 19بۆ هەموو ئەگەرێکی نەخوازراو خۆتان ئامادە بکەن!20کاتێک یورشەلایم دەبینن کە لەلایەن سوپاوە گەمارۆ دراوە، بزانن کە لەناوچوونی نزیکە. 21ئینجا با ئەوانەی لە ناوچەی یەهودیان بەرەو شاخەکان هەڵبێن، و ئەوانەی تێیدان لە شارەکە بڕۆن و نەچنە ناو گوندەکان: 22چونکە ئەم ڕۆژانە ڕۆژانی تۆڵەسەندنەوەن و هەموو ئەوەی کە نووسرابوو دێتە دی.23هاوار بۆ ئەوانەی دووگیانن و ئەوانەی شیر دەدەن لەو ڕۆژانەدا، چونکە ناخۆشییەکی مەزن بەسەر زەوی و تووڕەیییەکی گەورە بەسەر ئەم گەلەدا دێت، 24بەزەبری شمشێر پەلکێشتان دەکەن و بە دیلی بۆ ناو نەتەوەکان ڕاپێچ دەکرێن، یورشەلایم لەلایەن گەلانەوە پێشێل دەکرێت تا سەردەمی نەتەوەکان کۆتایی پێ دێت.25نیشانەکان لە خۆر و مانگ و ئەستێرەکاندا دەردەکەون و ناڕەحەتی لەسەر زەوی بۆ ئەو گەلانە دروست دەبێت کە لە سەرلێشێواویدان، دەریا و شەپۆلەکان دەهەژێن، 26خەڵکەکە لە ترس و چاوەڕوانی ئەوەی جیهان دەگرێتەوە بێهۆش دەبن، هێزی ئاسمانەکان دەهەژێت.27پاشان ڕۆڵەی مرۆڤ دەبینن کە لە هەورەکاندا بە هێز و شکۆمەندییەکی گەورەوە دێت. 28بەڵام کاتێک ئەم شتانە دەستیان بە ڕوودان کرد، هەستن و سەرتان بەرز بکەنەوە چونکە ڕزگاربوونتان نزیک دەبێتەوە».29نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «سەیری دار هەنجیر و ئەو دارانەی تر بکەن! 30کاتێک دەیبینن گەڵای دەرکردووە ئەوسا دەزانن کە هاوین نزیکە. 31ئێوەش کاتێک دەبینن ئەم شتانە ڕوودەدەن، بزانن کە شانشینی خودا نزیکە.32ڕاستیتان پێدەڵێم ئەم نەوەیە هەرگیز لەناو ناچێت تا هەموو ئەمانە ڕوو نەدەن. 33ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن، بەڵام وشەکانی من هەرگیز بەسەر ناچن.34بەڵام ئاگاداری خۆتان بن نەکا چێژ و سەرخۆشی و خەمی ژیان دڵتان رەق بکات؛ 35ئەو ڕۆژە لەناکاو وەک تەڵە بەسەرتاندا دێت چونکە بە سەر هەموو ئەوانەدا دەدات کە لەسەر زەوی نیشتەجێن.36بە ئاگابن و لە هەموو کاتێکدا نزا بکەن، تاکو بتوانن لە هەموو ئەمانە ڕزگارتان بێت کە خەریکە ڕوودەدەن، پاشان لەبەردەم ڕۆڵەی مرۆڤدا بوەستن».37بەڕۆژ لە پەرستگاکە فێری دەکردن، شەویش دەچووە دەرەوە و لەو چیایەی ناسراوە بە چیای زەیتون دەمایەوە. 38هەموو خەڵک بەیانیان زوو دەچوونە پەرستگا تا گوێی لێبگرن.
1جەژنی فەتیرە، کە بە جەژنی پەسخە ناسراوە نزیک بۆوەو 2سەرۆک کاهینەکان و مامۆستایانی تەورات هێشتا هەوڵی کوشتنی یەشوایان دەدا، چونکە لە گەل دەترسان.3شەیتان چووە ناو یەهودا کە ناسراو بە ئیسخاریۆتی، و لە دوازدەکە بوو. 4جا چوو لەگەڵ سەرۆک کاهینەکان و سەرکردەکانی پاسەوانی پەرستگا قسەی کرد کە چۆن بە گرتی بدات.5بۆیە دڵخۆش بوون، و ڕێککەوتن کە بڕێک پارەی پێ بدەن. 6ڕەزامەند بوو، و چاوەڕێی دەرفەتێک بوو تا دوور لە چاوی خەڵک ڕادەستیانی بکات.7ڕۆژی فەتیرە هات، کە بڕیار بوو جەژنی پەسخە (بەرخ) بکرێتە قوربانی. 8پاشان یەشوا پەترۆ و یۆخەنای نارد و پێی فەرموون: «بڕۆن ئامادە کاری خوانی جەژنی پەسخەمان بۆ بکەن!» 9لێیان پرسی: «دەتەوێت لە کوێ ئامادەکاری بکەین؟»10پێی فەرموون: «هەر کە چوونە ناو شارەوە، چاوتان بە پیاوێک دەکەوێت کە گۆزەیەکی ئاوی هەڵگرتووە، بەدوایدا بڕۆن بۆ ئەو ماڵەی کە دەچێتە ژوورەوە. 11بە خاوەنی ئەو ماڵە بڵێن: مامۆستا پێت دەڵێت: کوا ئەو ژووری میواندارییە کە تێیدا بڕیارە لەگەڵ قوتابیەکانم نانی جەژنی پەسخە (بەرخ) بخۆم؟12ژوورێکت پیشان دەدات لە نهۆمی سەرەوە، گەورە و تەرخانکراو، ئەوێم بۆ ئامادە بکەن!» 13چوون و دۆزییانەوە، وەک ئەوەی پێی فەرمووبوون، و ئامادەکاریان بۆ جەژنی پەسخە کرد.14کاتەکەی کە هات، لەگەڵ نێردراوان دانیشت، 15پێی فەرموون: «پێش ئەوەی ئازار بچێژم تامەزرۆ بووم لەم پەسخەیەدا لەگەڵتان بخۆم. 16چونکە پێتان دەڵێم: ئیتر لێی ناخۆم، تا لە شانشینی خودادا بەدی دێت».17جامێکی هەڵگرت و سوپاسگوزاری کرد، فەرمووی: «ئەمە بگرن و لە نێوانتاندا دابەشی بکەن. 18چونکە پێتان دەڵێم تا شانشینی خودا نەیەت، لە بەرهەمی ترێ ناخۆمەوە!»19پاشان نانێکی هەڵگرت، سوپاسگوزاری کرد، و لەتی کرد، و پێیدان و پێی فەرموون: «ئەمە جەستەی منە کە لە پێناوتان دراوە. بۆ یادی من ئەمە بکەن!» 20بە هەمان شێوە دوای نانخواردن جامەکەی هەڵگرت و فەرمووی: «ئەم جامە پەیمانی نوێیە بە خوێنی من کە بۆ ئێوە دەڕژێت.21دەستی ئەو کەسەی بە گرتم دەدات لەسەر مێزەکە لەگەڵمدایە. 22چونکە ڕۆڵەی مرۆڤ دەبێت وەک چۆن دیاری کراوە بڕوات، بەڵام هاوار بەو پیاوەی کە بە گرتنی دەدات!» 23بۆیە لە نێوان خۆیاندا دەستیان کرد بە پرسیارکردن: کێ لەوان خەریکە ئەم کارە دەکات.24ناکۆکییەک لە نێوانیاندا دروست بوو کە کامیان بە مەزنترین هەژمار دەکرێت. 25پێی فەرموون: «پاشاکانی گەلان فەرمانڕەواییان لە سەر دەکەن و ئەوانەی دەسەڵاتیان هەیە پێیان دەوترێت چاکەکار.26با لای ئێوە وا نەبێت، بەڵکو گەورەترینتان وەک بچووکترین و سەرکردە وەک خزمەتکار بێت. 27کێ گەورەترە: ئەو کەسەی کە پاڵی داوەتەوە یان ئەو کەسەی کە خزمەت دەکات؟ بەڵام من وەک خزمەتکارێک لە نێوانتاندام.28ئێوەن لە تاقیکردنەوەکانمدا لەگەڵم مانەوە. 29من شانشینییەکتان بۆ ئامادە دەکەم، وەک باوکم بۆی دیاری کردم، 30تا لە شانشینی من لەسەر مێزەکەم بخۆن و بخۆنەوە و لەسەر تەخت دابنیشن و دادوەری دوازدە هۆزی یەسرائیل بکەن».31پەروەردگار فەرمووی: «شیمۆن، شیمۆن! بڕوانە شەیتان دەخوازێ تاقیتان بکاتەوە وەک گەنم لە هێڵەکتان بدات، 32بەڵام من نزام بۆ کردیت کە باوەڕەکەت نەفەوتێنی. تۆش کە گەڕایتەوە براکانت بەهێز بکە».33پێی گوت: «پەروەردگار، من ئامادەم لەگەڵت بچم بۆ زیندان و تەنانەت بۆ مردنیش!» 34فەرمووی: «من پێت دەڵێم پەترۆ ئەمڕۆ پێش ئەوەی کەڵەشێر بخوێنێ تۆ سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت!»35ئینجا پێی فەرموون: «کاتێک ئێوەم نارد بەبێ کیسە پارە و جانتا و پێڵاو، ئایا پێویستتان بە هیچ شتێک بوو؟» گوتیان: «نەخێر!» 36پێی فەرموون: «ئێستا هەرکەسێک کیسە پارەی هەیە هەڵیگرێت؛ بە هەمان شێوە ئەو کەسەی کە توورەکەی پێخۆری هەیە. وە هەرکەسێک نیەتی با کەواکەی بفرۆشێت و شمشێرێک بکڕێت.37لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم: ئەمەی کە نوسراوە لەگەڵ تاوانباران داندرا، دەبێ لە مندا بێتەدی، چونکە هەموو پێشبینییەکان سەبارەت بە من جێبەجێی دەبێت!» 38گوتیان: «پەروەردگار لێرەدا دوو شمشێر هەیە». پێی فەرموون: «بەسە!»39پاشان ڕۆیشتوو وەک نەریتی خۆی چووە چیای زەیتوون و قوتابیەکانیش بەدوایدا ڕۆیشتن. 40کاتێک گەیشتە شوێنەکە پێی فەرموون: «نزا بکەن تا نەچنە ناو تاقیکردنەوە».41بە دووری نزیکەی فڕێدانی بەردێک لێیان دوور کەوتەوە و لە نزادا کەوتە سەر ئەژنۆ و 42فەرمووی: باوکە، ئەگەر بتەوێت با ئەم جامە لە من تێپەڕێت. بەڵام نەک بە ویستی من بەڵکو، با بە ویستی تۆ بێت».43فریشتەیەک لە ئاسمانەوە بۆی دەرکەوت و بەهێزی کرد. 44چونکە لە ململانێدا بوو، بەوپەڕی گوڕوتینەوە نزای دەکرد؛ بەجۆرێک ئارەقەکەی وەک دڵۆپی خوێن بوو کە دەکەوێتە سەر زەوی.45ئینجا لە نزا کردن بۆوە و هاتە لای قوتابییەکان و بینی لە خەفەتدا خەوتوون. 46پێی فەرموون: بۆچی خەوتوون؟ هەستن و نزا بکەن تا نەخرێنە ناو تاقیکردنەوە!»47کاتێک هێشتا قسەی دەکرد، بینیان کۆمەڵە خەڵکێک نزیک دەبنەوە ئەوەی پێشیان کەوتبوو بە یەهودا بانگیان دەکرد، کە یەکێک بوو لە دوازدەکە. بۆیە چووە لای یەشوا تا ماچی بکات. 48یەشوا پێی فەرموو: «یەهودا، تۆ بە ماچێک ڕۆڵەی مرۆڤ بە گرتن ئەدەیت؟»49کاتێک دەوروبەری بینییان چی ڕوودەدات، گوتیان: «پەروەردگار، بە شمشێر لێبدەم؟» 50یەکێکیان لە خزمەتکاری سەرۆک کاهینەکەی دا و گوێی ڕاستی بڕی. 51یەشوا وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «زیادەڕەوەوی مەکە!» دەستی لە گوێیدا و چاکی کردەوە.52یەشوا بە سەرۆک کاهینەکان و سەرکردەکانی پاسەوانی پەرستگا و پیران، و ئەوانەی بەرەوڕووی دەهاتن فەرمووی: «ئێوە بە شمشێر و دارەوە وەک ئەوەی بۆ دزێک هاتوون؟ 53لە کاتێکدا هەموو ڕۆژێک لە پەرستگا لەگەڵتان بووم، دەستتان بۆ نەبردم. بەڵام ئەمە کاتی ئێوەیە و دەسەڵاتی ئێستاش بۆ تاریکییە!»54دەستگیریان کرد، بردیان بۆ ناو کۆشکی سەرۆکی کاهینەکان. پەترۆ لە دوورەوە شوێنی کەوتبوو. 55ئاگرێک لە حەوشەکەدا کرایەوە و هەندێکیان لە دەوری دانیشتن، پەترۆیش لەنێویاندا دانیشت.56خزمەتکارێک بینی لە لای ڕووناکی دانیشتووە، و بە وردی سەیری کرد و گوتی: «ئەمە لەگەڵی بوو!» 57بەڵام نکۆڵی کرد و گوتی «ئەی ژن، من نایناسم!» 58دوای ماوەیەکی کەم کەسێکی تر بینی و گوتی «تۆ یەکێکیت لەوان!» بەڵام پەترۆ گوتی: «کابرا، من نیم!»59دوای نزیکەی کاتژمێرێک، کەسێکی دیکە گوتی: «بەڕاستی ئەم پیاوەش لەگەڵیدا بوو، چونکە خەڵکی گەلیلیە!» 60پەترۆیش گوتی: «کابرا، نازانم تۆ چی دەڵێیت!» دستبەجێ، لەکاتێکدا هێشتا قسەی دەکرد، کەڵەشێرەکە خوێندی.61بۆیە پەروەردگار ڕووی کردە پەترۆ. پاشان پەترۆ قسەی پەروەردگاری بیر کەوتەوە، کاتێک پێی فەرموو: «پێش ئەوەی کەڵەشێرەکە بخوێنێت، تۆ سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەی». 62چووە دەرەوە و گریانێکی بە کوڵ گریا.63ئەو پیاوانەی کە پاسەوانی یەشوایان دەکرد، دەستیان کرد بە گاڵتەکردن و لێدانی و، 64دەموچاویان داپۆشی و لێیان پرسی: «ئادەی پێش بینی بکە! کێ لێی دایت؟» 65و چەندین سووکایەتی تریان پێکرد.66کاتێک ڕۆژ بۆوە، کۆبوونەوەی پیرانی گەل لە سەرۆک کاهینەکان و مامۆستایانی تەورات پێکهات، و بردیانە بەردەم کۆبوونەوەکەیان. 67گوتیان: «ئەگەر تۆ مەسیحیت، پێمان بڵێ!» 68پێی فەرموون: «ئەگەر پێتان بڵێم باوەڕ ناکەن و ئەگەر لێتان بپرسم وەڵامم نادەنەوە.69بەڵام لە ئێستاوە ڕۆڵەی مرۆڤ لە ڕاستەی هێزی خودا دادەنیشێت!» 70هەموویان گوتیان: «کەواتە تۆ ڕۆڵەی خودایت؟» پێی فەرموون: «ئێوە گوتتان، من ئەوم!» 71گوتیان: «ئایا پێویستمان بە شایەتحاڵ هەیە؟ سەیرکەن، ئەوەتا لە زاری خۆیەوە بیستمان!»
1هەموو جەماوەرەکە هەستان و یەشوایان بردە لای پیلاتۆس. 2دەستیان کرد بە تۆمەتبارکردنی و گوتیان: «بۆ ئێمە ڕوون بووەوە کە ئەمە گەلەکەمان بەلاڕێدا دەبات، و ڕێگری دەکات لە پێدانی باج بە قەیسەر و بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو مەسیحەکە و پاشایە!»3پیلاتۆس لێی پرسی: ئایا تۆ پاشای یەهوودیت؟ لە وەڵامدا وتی: «تۆ گوتت!» 4ئینجا پیلاتۆس بە سەرۆک کاهینەکان و جەماوەرەکەی گوت: «من هیچ تاوانێک لەم پیاوەدا نادۆزمەوە!» 5بەڵام ئەوان بەردەوام بوون و گوتیان: «ئەو گەل دەوروژێنێت، فێرکاری دەکرد لە هەموو یەهودیا، لە گەلیلیەوە تا ئێرە!»6کاتێک پیلاتۆس بیستی باسی گەلیلی کراوە، پرسیاری کرد: «ئایا پیاوەکە خەڵکی گەلیلیە؟». 7کاتێک زانی کە سەر بە دەسەڵاتی هیرۆدە، ڕەوانەی لای هیرۆدی کردەوە کە لەو ڕۆژانەدا لە یورشەلایم بوو.8کاتێک هیرۆد یەشوای بینی، دڵخۆش بوو، چونکە تامەزرۆی بینینی بوو، زۆر شتی لەبارەیەوە بیستبوو، ئارەزووی دەکرد نیشانەیەک لەسەر دەستی ئەنجام بدرێت. 9لەبارەی زۆر بابەتەوە پرسیاری لێکرد، بەڵام وەڵامی هیچی نەدایەوە. 10سەرۆک کاهینەکان و مامۆستایانی تەورات وەستان و بە توندی تۆمەتباریان کرد.11هێرۆد و سەربازەکانی سووکایەتی و گاڵتەیان پێکرد، جلێکی درەوشاوەیان لەبەرکرد و ناردیانەوە بۆ لای پیلاتۆس. 12ئەو ڕۆژە پیلاتۆس و هیرۆد بوونە هاوڕێ، چونکە پێشتر دوژمنایەتیان هەبوو.13پیلاتۆس سەرۆک کاهینەکان و رێبەران و گەلەکەی کۆکردەوە. 14پێی گوتن: «ئەم مرۆڤەتان هێنا کە خەڵک گومڕا دەکات. ئێستا من، دوای ئەوەی لە بەردەمتاندا لە بابەتەکەم کۆڵیەوە، هیچ تاوانێکم لەم پیاوەدا نەدۆزییەوە لەوەی کە ئێوە پێی تۆمەتبار دەکەن.15هەروەها هیرۆدیش هیچ تاوانێکی نەدۆزییەوە،و ناردییەوە بۆ لای ئێمە. سەیرکەن، هیچ شتێکی نەکردووە کە شایەنی مردن بێت. 16کەواتە قامچی لێدەدەم و وازی لێدەهێنم». 17وە دەبوو هەموو جەژنێک یەک زیندانییان بۆ ئازاد بکات.18بەڵام هەموویان هاواریان کرد: «ئەمە بکوژە و باڕابامان بۆ ئازاد بکە!» 19کە بە هۆی ئاژاوە و کوشتنەوە خرابووە بەندیخانە.20پیلاتۆس جارێکی تر قسەی لەگەڵ کردن، حەزی دەکرد یەشوا ئازاد بکات. 21هاواریان کرد: «لە خاچی بدە! لە خاچی بدە!» 22بۆ جاری سێیەم لێی پرسین: «ئەمە چ خراپەیەکی کردووە؟ هیچ تاوانێکم تێدا نەدۆزیەوە کە سزاکەی مردن بێت. قامچی لێدەدەم و وازی لێدەهێنم!»23بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد، داوایان لێکرد لە خاچ بدرێت! دەنگەکانیان زاڵ بوو، 24و پیلاتۆس بڕیاریدا کە داواکارییەکەیان جێبەجێ بکرێت. 25ئەو کەسەی بە تاوانی ئاژاوە و کوشتن زیندانی کرابوو، و داوایان دەکرد ئازاد بکرێت، بۆی ئازاد کردن. سەبارەت بە یەشوا، پیلاتۆس ڕادەستی ویستی ئەوانی کرد.26لە کاتێکدا دەیانبرد (بۆ لە خاچدان)، پیاوێکی خەڵک قیرەوان بوو بە ناوی شیمۆن، کە لە کێڵگەکە دەگەڕایەوە و گرتیان و ناچاریان کرد خاچەکەی هەڵبگرێت.27کۆمەلێکی زۆر لە جەماوەر و ژنان شوێنی کەوتن و بۆی دەگریان و دەیانلاواندەوە. 28یەشوا ڕووی تێکردن و فەرمووی: «کچانی یورشەلایم، بۆ من مەگرین، بەڵکو بۆ خۆتان و بۆ منداڵەکانتان بگرین!29سەیرکە ڕۆژانێک دێن کە خەڵک دەڵێن: خۆزگە بەو ژنە نەزۆکانەی کە نە دووگیان بوون و نە شیریان داوە! 30بە شاخەکان دەڵێن: بڕووخێن بە سەرماندا، بە گردەکان دەڵێن: ئێمە داپۆشن! 31ئەگەر کاتێ دارەکان سەوزن ئەمانە روو دەدەن، ئەی کاتێ وشک دەبن چی روودەدات؟»32هەروەها دوو تاوانبار لەگەڵ یەشوا بۆ کوشتن بردران.33کاتێک گەیشتنە ئەو شوێنەی کە پێی دەوترێت کاسەسەر، لەوێ لەگەڵ تاوانباران لە خاچیان دا، یەکێکیان لەلای ڕاست و ئەوی دیکەیان لەلای چەپ. 34یەشوا فەرمووی: «باوکە، لێیان خۆشبە، چونکە نازانن چی دەکەن!» بە تیروپشک جلەکانیان لە نێوان خۆیان دابەش کرد.35خەڵکەکە لەوێ وەستابوون و چاودێرییان دەکرد، سەرۆکەکان گاڵتەیان پێدەکرد و دەیانگوت: «ئەو ئەوانی دیکەی ڕزگارکرد! با خۆی ڕزگار بکات، ئەگەر ئەو مەسیحەیە کە خودا هەڵیبژاردووە!»36سەربازەکانیش گاڵتەیان پێکرد، هاتنە لای و سرکەیان پێدا، و 37گوتیان: «ئەگەر تۆ پاشای یەهوودی، خۆت ڕزگار بکە» 38لە ژوور سەرییەوە نووسراوەیەک هەبوو کە لەسەری نووسرابوو: «ئەمە پاشای یەهوودە ».39یەکێک لە تاوانبارە لە خاچ دراوەکان، کوفری پێدەکرد و گوتی: «مەگەر تۆ مەسیحەکە نیت؟ کەواتە خۆت و ئێمە ڕزگار بکە!» 40بەڵام ئەوی تریان لێی راخوری و گوتی: «ئایا تۆ تەنانەت لە خوداش ناترسی، لە کاتێکدا هەمان سزا دەچێژیت؟» 41ئێمە سزاکەمان لەبەر ئەوەیە کە پاداشتێکی دادپەروەرانە وەردەگرین لەسەر ئەو کارەی کردوومانە. بەڵام ئەم مرۆڤە، هیچ هەڵەیەکی نەکردووە!»42پاشان وتی: «ئەی یەشوا، منت لە بیر بێ کاتێک بە شانشینییەکەتەوە دێیت!» 43یەشوا پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم: هەر ئەمڕۆ لەگەڵم دەبیت لە بەهەشتدا!»44نزیکەی کاتژمێر شەش (کاتژمێر دوانزەی نیوەڕۆ)، تاریکی بەسەر هەموو زەویدا باڵی کێشا تا کاتژمێری نۆ (کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ). 45خۆر تاریک بوو، پەردەی پەرستگاکە لە ناوەڕاستەوە دڕا.46یەشوا بە دەنگێکی بەرز فەرمووی: «باوکە، گیانم ڕادەستی تۆ دەکەم!» ئینجا ئەمەی فەرموو، گیانی سپارد. 47بۆیە کاتێک سەرپەلەکە بینی چی ڕوویداوە خودای شکۆمەند کرد و گوتی: بەڕاستی ئەم پیاوە ڕاستودرووست بوو».48هەموو ئەو خەڵکەی بۆ ئەم دیمەنە کۆببوونەوە، کاتێک ئەوەیان بینی کە ڕوویدا، بە سنگکوتانەوە دەگەڕانەوە. 49بەڵام هەموو ناسیاوەکانی و ئەو ژنانەی لە گەلیلییەوە دوای کەوتبوون، لە دوورەوە ڕاوەستابوون و سەیری ئەم رووداوانەیان دەکرد.50لە ئەنجوومەنی باڵا کەسێک هەبوو بە ناوی یۆسپ، کەسێکی ڕاستودروست و خوداپەرست بوو، 51لەگەڵ بڕیاری ئەندامانی ئەنجومەنەکە نەبوو، خەڵکی ڕاما بوو کە یەکێک بوو لە شارەکانی یەهودیا و ئەو یەکێک بوو لەوانەی کە چاوەڕوانی شانشینی خودا بوون.52ئینجا هاتە لای پیلاتۆس و داوای تەرمی یەشوای کرد. 53پاشان (لە خاچ) دایبەزاند و بە کەتان کفنی کرد و لە گۆڕێک کە ( لە تاشەبەرد) هەڵکەندرابوو داینا کە پێشتر کەسی تێدا نەنێژرابوو.54ئەو ڕۆژەش ڕۆژی ئامادەکاری بوو بۆ شەبات کە نزیک ببۆوەوە. 55ئەو ژنانەی لەگەڵ یەشوا لە گەلیلی هاتبوون، شوێن یۆسپ کەوتن و گۆڕەکەیان بینی و تەرمەکەش کە داندرابوو. 56پاشان گەڕانەوە و بۆن و بەرامەیان ئامادە کرد و بە پێی ڕاسپاردە لە شەباتدا پشوویان دا.
1لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، سەر لە بەیانی زوو، ژنەکان ئەو بۆن وبەرامەی ئامادەیان کردبوو هێنایان و هاتنە سەر گۆڕەکە. 2بینییان بەردەکە لا دراوە. 3چوونە ژوورەوە، بەڵام تەرمەکەی پەروەردگار یەشوایان نەدۆزییەوە.4هێشتا لەمە سەرسام بوون، لەپڕ دوو پیاو بە جلی درەوشاوە لەتەنیشتیان ڕاوەستان. 5ترس دایگرتن وبە ڕوودا کەوتن. پیاوەکان پێیان گوتن: «بۆچی لەنێو مردووان بەدوای زیندووەکەدا دەگەڕێن؟6ئەو لێرە نییە، بەڵکو هەستاوەتەوە! وشەکانیتان لەبیر بێ کە هێشتا لە گەلیلی بوو 7فەرمووی: ڕۆڵەی مرۆڤ دەبێت بدرێتە دەست خەڵکی گوناهبار، لە خاچ بدرێت و لە ڕۆژی سێهەم هەستێتەوە».8ئینجا وشەکانییان هاتەوە یاد. 9کاتێک لە گۆڕەکە گەڕانەوە، هەواڵی هەموو ئەم بابەتەیان بە یازدە قوتابییەکە و هەموو ئەوانی دیکە دا. 10ئەوانەی هەواڵیان بە نێردراوان دا میریامی مەگدەلین و یونا و میریامی دایکی یاکۆڤ و ئەوانی دیکەی لەگەڵیان ڕۆیشتبوون.11قسەکەیان لەلای نێردراوان وەک وڕێنە بوو، باوەڕیان پێ نەکردن. 12بەڵام پەترۆ هەستا و بەرەو گۆڕەکە ڕایکرد. کە دانەوییەوە، بینی کەتانەکە بە تەنها دانراوە، ئینجا ڕۆیشت و سەرسام بوو لەوەی ڕوویدابوو.13لەو ڕۆژەدا دووان لەوان دەچوونە گوندێک بە ناوی ئەمواس کە شەست تیرهاوێژ ( نزیک حەوت میل) لە یورشەلایم دوور بوو. 14لەگەڵ یەکتر باسی هەموو ئەو شتانەیان دەکرد کە ڕوویدابوو.15کاتێک باس و وتووێژیان دەکرد یەشوا خۆی لێیان نزیک بووەوە و لەگەڵیان دەڕۆیشت. 16بەڵام چاویان لە ناسینی داپۆشرابوو.17لێی پرسین: «ئەوە پێکەوە بەڕێوە باسی چی دەکەن؟» 18بە ڕووگرژییەوە ڕاوەستان. یەکێکیان ناوی کلیۆپاس بوو وەڵامی دایەوە: «ئایا تەنها تۆ لە یورشەلایم بێگانەیت و ئاگات لەو شتانە نییە کە لەم ڕۆژانەدا ڕوویدا؟»19پێی فەرموون: «چی ڕوویداوە؟» وەڵامیان دایەوە: «باسی یەشوای ناسیرەیی دەکەین، کە پێغەمبەرێکی توانادار بوو لە وتار و کرداردا، لە بەردەم خودا و هەموو گەل، 20ئەوەی کە چۆن سەرۆکی کاهینەکان فەرمانڕەواکانمان ڕادەستی سزای مردنیان کرد و لە خاچیان دا.21بەڵام ئێمە ئاواتە خواز بووین ئەمە ئەو کەسە بێت کە یەسرائیل دەکڕێتەوە. جگە لەمانە، ئەمڕۆ سێهەم ڕۆژە ئەمە ڕوویداوە.22کەچی هەندێک لە ژنەکان تووشی سەرسووڕمانیان کردین، بەیانی زوو لەسەر گۆڕەکە بوون و 23تەرمەکەیان نەبینیبوو، هاتنەوە گوتیان، دوو فریشتەمان بینیوە دەڵێن ئەو زیندووە. 24هەندێک لە ئێمە چوونە سەر گۆڕەکە و بینییان کە وایە، وەک ئەوەی کە ژنەکان گوتیان، بەڵام ئەویان نەبینیبوو!»25ئەویش پێی فەرموون: «ئەی کەم تێگەیشتووان و دڵخاوەکان کە باوەڕ دەکەن بە هەموو ئەوەی پێغەمبەران باسیان کردووە! 26نەدەبووایە مەسیح ئەم ئازارانە بچێژێت و بچێتە ناو شکۆمەندییەکەی خۆی؟» 27پاشان دەستی کرد بە ڕوونکردنەوە بۆیان، بە پشتبەستن بە موشە و هەموو پێغەمبەران، ئەوەی لە سەرجەم پەرتووکەکاندا هاتووە.28کاتێک نزیکی ئەو گوندە بوون کە بۆی دەچوون، یەشوا وای پیشان دا کە بەرەو شوێنێکی دوورتر دەچێت. 29ئەوانیش زۆر لێی پاڕانەوە و گوتیان: «لەلامان بمێنەرەوە، چونکە وا ئێوارەیە و ڕۆژ ئاوا دەبێت». جا چووە ژوورەوە تاکو لەگەڵیان بمێنێتەوە.30کاتێک لەگەڵیان دانیشتبوو، نانێکی هەڵگرت، بەرەکەتداری کرد، پاشان لەتی کرد و پێیدان. 31ئینجا چاویان کرایەوە و ناسیانەوە، ئیتر لەبەرچاویان ون بوو. 32یەکیان بەویتری گوت: «ئەرێ کاتێک لە ڕێگا قسەی بۆ دەکردین و پەرتووکە پیرۆزەکانی بۆمان ڕوون دەکردەوە دڵمان لە ناخماندا گڕی نەگرتبوو؟»33دەستبەجێ هەستان و هاتنەوە یورشەلایم، بینییان یازدە قوتابییەکە و ئەوانەی لەگەڵیاندان کۆبوونەتەوە 34و دەڵێن: «بە ڕاستی پەروەردگار هەستاوەتەوە و بۆ شیمۆن دەرکەوتووە». 35ئەمانیش باسی ئەو شتانەیان کرد کە لە ڕێگا بەسەریان هاتبوو، هەروەها ئەوەی کە چۆن لە کاتی نان لەتکردنەکەدا پەروەردگاریان ناسیوەتەوە.36کە باسی ئەمەیان دەکرد، یەشوا خۆی لە ناوەڕاستیان ڕاوەستا، و پێی فەرموون: «ئاشتی بۆ ئێوە بێت!» 37سام دایگرتن و ترسان، وایان دەزانی جنۆکە دەبینن.38پێی فەرموون: «بۆچی پەشۆکاون؟ بۆچی گومان دەکەوێتە ناو دڵتان؟ 39سەیری دەست و پێم بکەن. بڕوا بکەن، منم ئەوە خۆمم. دەستم لێ بدەن و با بۆتان روون ببێتەوە، چونکە جنۆکە گۆشت و ئێسقانی نییە وەک دەبینن من هەمە». 40کە ئەمەی فەرموو، دەست و پێی پیشاندان.41لە خۆشی و سەرسوڕماندا هێشتا باوەڕیان نەدەکرد، پێی فەرموون: «لێرە خواردنتان هەیە؟» 42ئەوانیش پارچەیەک ماسی برژاویان پێدا. 43وەریگرت و لەبەرچاویان خواردی.44ئینجا پێی فەرموون: «ئەمە ئەو وشانەن کاتێک لە نێوانتاندا بووم پێم گوتن: پێویستە هەموو ئەوانەی لە تەوراتی موشە و پێغەمبەران و زەبووردا دەربارەی من نووسراون بێنە دی».45ئینجا هزری کردنەوە، تاکو لە نووسراوە پیرۆزەکان تێبگەن. 46پێی فەرموون: «ئاوا نووسراوە، کە مەسیح ئازار دەچێژێت و لە ڕۆژی سێهەم لەنێو مردووان هەڵدەستێتەوە، 47بە ناوی ئەویش پاشگەز بوونەوە بۆ لێخۆشبوونی گوناهە بە هەموو گەلان مزگێنی دەدرێت ئەمەش لە یورشەلایمەوە دەستپێدەکات.48ئێوە شایەتی ئەم شتانەن. 49ئەوەتا من ئەوەتان بۆ دەنێرم کە باوکم بەڵێنی داوە. بەڵام لە شار بمێننەوە، هەتا لە ئاسمانەوە هێز لەبەردەکەن».50ئینجا بردنی بۆ دەرەوەی گوندی بێتئەنیا، دەستی بەرز کردەوە و بەرەکەتداری کردن. 51کاتێک بەرەکەتداری دەکردن، لێیان جیا بووەوە و بەرز بۆوە بۆ ئاسمان.52ئەوانیش کڕنۆشیان بۆ برد و بە شادییەکی مەزنەوە گەڕانەوە یورشەلایم. 53بەردەوام لە پەرستگا بوون و ستایشی خودایان دەکرد و پیرۆزی خۆدایان ڕادەگەیاند.
1لە سەرەتادا، وشەکە هەبوو، وشەکە لەلای خودا بوو. وشەکە خۆی خودا بوو. 2ئەو لە سەرەتاوە لەلای خودا بوو. 3هەموو شتێک بەو بەدیهاتووە، بێ ئەوهیچ شتێک بەدینەهاتووە لەوانەی کە بەدیهاتوون.4ژیانەکە لە ئەودا بوو. ژیانەکەش ڕووناکی بوو بۆ مرۆڤ. 5ڕووناکییەکە لە تاریکیدا دەدرەوشێتەوە، و تاریکی پەی بە ڕوناکییەکە نەبرد.6مرۆڤێک دەرکەوت خودا ناردبووی، ناوی یۆخەنان بوو، 7هات شایەتی بۆ ڕووناکییەکە بدات، تاکو هەمووان لە ڕێگەی ئەوەوە باوەڕ بهێنن. 8ئەو ڕووناکییەکە نەبوو، بەڵکو بوو بە شایەت بۆ ڕووناکییەکە،9ئەو ڕووناکییە ڕاستیەکەیە ئەوەی هەموو مرۆڤەکان ڕووناک دەکاتەوە هاتووە بۆ جیهان.10ئەو لە جیهاندا بوو، بە ئەو جیهان بەدیهات، کەچی جیهان نەیناسی. 11ئەو هات بۆ لای گەلەکەی بەڵام ئەوان پێشوازیان لێ نەکرد.12بەڵام ئەوانەی پێشوازییان لێکرد، ئەوانەی باوەڕیان بە ناوی هێنا، مافی ئەوەی پێدان ببنە ڕۆڵەی خودا، 13ئەوانەی نە لە خوێن لە دایک بوون، نە بە ئارەزووی جەستە، نە بە ویستی مرۆڤ، بەڵکو لە خوداوەن.14وشەکە بوو بە جەستە، و لە نێوانماندا نیشتەجێ بوو، ئێمە شکۆمەندی ئەومان بینی، شکۆمەندیی تاقانەیەک لە لای باوک، پڕبوو لە بەخشش و ڕاستی. 15یۆخەنان شایەتی بۆ داو هاواری کرد گوتی: «ئەمە ئەوەیە لەبارەیەوە گوتم: ئەوەی دوای من دێت پێشم کەوتووە، چونکە پێش من هەبووە».16لە پڕێتی ئەوەوە هەموومان بەخشش لەدوای بەخششمان وەرگرت، 17چونکە تەورات لە ڕێگەی موشە درا، بەڵام بەخشش و ڕاستی لەیەشوای مەسیحەکەدا بوونی هەیە. 18هیچ کەس خودای نەبینیوە. تەنها ڕۆڵە تاقانەکە، ئەوەی لە ئامێزی باوکدایە، ئەو خودای دەرخست.19ئەمەش شایەتییەکەی یۆخەنانە کاتێک ڕابەرانی یەهود لە یۆرشەلایم هەندێک کاهین و لێڤییان ناردە لای و پرسیاریان لێکرد: «تۆ کێیت؟» 20ئەو دانی پێدانا و نکۆڵی نەکرد، بەڵکو بێ دوودڵی گوتی: «من مەسیحەکە نیم». 21پرسیاریان لێکرد: «ئەی کێیت؟ ئایا تۆ ئیلیای؟» گوتی: «ئەو نیم!». «ئەی تۆ پێغەمبەرەکەی؟» گوتی: «نەخێر!»22گوتیان: «باشە تۆ کێیت، تاکو وەڵامی ئەوانە بدەینەوە کە ئێمەیان ناردووە؟ دەربارەی خۆت چی دەڵێی؟» 23گوتی «من ئەو دەنگەم کە لە چۆڵەوانی هاوار دەکات: ڕێگا بۆ پەروەردگار ڕێک و ئامادە بکەن، وەک پێغەمبەر ئیشایا گوتبووی».24ئەوانەی لەلایەن فەریسییەکانەوە نێردرابوون، 25جارێکی دیکە لێیان پرسی: «ئەگەر تۆ مەسیحەکە نیت، و ئیلیا نیت، و پێغەمبەرەکە نیت، کەواتە بۆچی خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشیت؟»26وەڵامی دانەوە: «من خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشم! بەڵام یەکێک لەنێوانتان دایە نایناسن، 27ئەوەی لەدوای من هاتووە، من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بۆ بکەمەوە». 28ئەمانە لە بێت ئەنیا ڕوویاندا، لەوبەری ئەردەن، لەو شوێنەی یۆخەنان خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا.29بۆ ڕۆژی دواتر یۆخەنان یەشوای بینی بەرەو ڕووی دێت، هاواری کرد و گوتی: «ئەوەتا بەرخی خودا، ئەوەی گوناهەی جیهان لادەبات. 30ئەمە ئەوە یە دەربارەی گوتم، پیاوێک دوای من دێت کە پێشم کەوتووە، چونکە پێش من هەبووە. 31منیش نەمدەناسی بەڵام هاتووم لە ئاوی هەڵبکێشم بۆ ئەوەی ئەو بۆ یەسرائیل دەربکەوێت».32ئینجا یۆخەنان شایەتی دا و گوتی: «بینیم گیانەکە لە شێوەی کۆترێک لە ئاسمانەوە دابەزی و لەسەری جێگیر بوو. 33منیش نەمدەناسی، بەڵام ئەوەی منی ناردووە خەڵک لە ئاوهەڵکێشم پێی گوتم: ئەوەی دەیبینن گیانەکە دێتە خوارەوە و لەسەری جێگیردەبێت ئەو لە گیانی پیرۆزتان هەڵدەکێشێت. 34خۆم بینیم و شایەتی دەدەم ئەوە، ڕۆڵەی خودایە».35بۆ ڕۆژی دواتر یۆخەنان لەگەڵ دووان لە قوتابییەکانی ڕاوەستا بوو، 36سەیری یەشوای دەکرد کە دەڕۆیشت و گوتی: «ئەوە بەرخی خودایە».37کاتێک دوو قوتابییەکە گوێیان لەوە بوو شوێن یەشوا کەوتن. 38یەشوا ئاوڕی دایەوە و بینی بە شوێنیدا دێن، پرسیاری لێکردن: «چیتان دەوێت؟» گوتیان: «ڕابی، لەکوێ دەمێنیتەوە؟» ڕابی، واتا مامۆستا. 39وەڵامی دانەوە: «وەرن، تەماشا بکەن». ئەوانیش لەگەڵی ڕۆیشتن و بینییان لەکوێ دەمێنێتەوە، ئەو ڕۆژە لەگەڵی مانەوە؛ نزیکەی کاتژمێر چواری پاش نیوەڕۆ بوو.40ئەندریا برای شیمۆن پەترۆ، یەکێک بوو لەو دووانەی کە گوێیان لە یۆخەنان بوو شوێن یەشوا کەوتن، 41کە ئەندریا شیمۆنی برای دۆزییەوە و پێی گوت: «مەسیحەکەمان دۆزییەوە» واتا دەستنیشانکراوەکە. 42ئینجا شیمۆنی هێنایە لای یەشوا. جا یەشوا بەوردی لێی ڕوانی و فەرمووی: «تۆ شیمۆنی کوڕی یۆنای، بەڵام بە کێفا بانگت دەکەم» واتا تاشەبەرد.43بۆ ڕۆژی دواتر یەشوا ویستی بچێتە گەلیلی، فیلیپۆسی دۆزییەوە، پێی فەرموو: «شوێنم بکەوە!» 44فیلیپۆس خەڵکی بێت سیدۆن بوو، شارەکەی ئەندریا و پەترۆ. 45فیلیپۆسیش نەتەنائیلی دۆزییەوە، پێی گوت: «ئەوەی موشە لە تەورات و پێغەمبەرانیش لە پەڕتووکەکانیان لەسەریان نووسیوە دۆزیمانەوە، یەشوای کوڕی یۆسپە خەڵکی ناسیرەیە».46نەتەنائیل پێی گوت: «ئایا لە ناسیرە شتی چاک هەڵدەکەوێ؟» فیلیپۆس پێی گوت: «وەرە ببینە!» 47یەشوا نەتانەئیلی بینی بۆ لای دێت: دەربارەی فەرمووی: «ئەوەیە یەسرائیلی ڕەسەن، هیچ گومانی تێدانیە!» 48نەتەنائیل پرسیاری لێکرد: «چۆن دەمناسیت؟» یەشوا وەڵامی دایەوە: «پێش ئەوەی فیلیپۆس بانگت بکات، تۆم لەژێر دار هەنجیرەکەدا بینی».49نەتەنائیل هاواری کرد و گوتی: «ڕابی، تۆ ڕۆڵەی خودایت! تو پاشاکەی یەسرائیلیت!» 50یەشوا پێی فەرموو: «باوەڕت هێنا چونکە پێم گوتیت لەژێر دار هەنجیرەکە تۆم بینی؟ شتی مەزنتر دەبینیت!» 51پاشان پێی فەرموو: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: دەبینن ئاسمان کراوەتەوە، و فریشتەی خودا لەسەر ڕۆڵەی مرۆڤ سەردەکەون و دادەبەزن!»
1لە ڕۆژی سێیەم لە کانای گەلیلی، شاییەک هەبوو، دایکی یەشوا لەوێبوو. 2یەشواو قوتابییەکانی بۆ شاییەکە بانگکرابون.3کاتێک شەراب نەما، دایکی بە یەشوای گوت: «شەرابیان نەماوە!» 4یەشوا وەڵامی دایەوە: « ئەی ژن چیت لەمن دەوێت؟ هێشتا کاتی من نەهاتووە!» 5ئینجا دایکی بە خزمەتکارانی گوت: « ئەوە بکەن کە فەرمانتان پێدەکات».6شەش کوپەی بەردین، لەو جۆرەی کە یەهودیەکان بۆ پاککردنەوە بەکاریان دەهێنا، لەوێ دانرابوون (هەریەکەی هەشتا هەتا سەد و بیست لیتریان دەگرت). 7جا یەشوا بە خزمەتکارەکانی فەرموو: «کوپەکان پڕبکەن لە ئاو». ئەوانیش تا لێرژان کوپەکانیان پڕکرد. 8پاشان پێی فەرموون: «ئێستا لێی دەربهێنن و بۆ گەورەی شاییەکەی ببەن!»ئەوانیش بردیان.9کاتێک گەورەی شاییەکە تامی ئەو ئاوەی کرد کە ببووە شەراب، سەرچاوەکەشی نەدەزانی، بەڵام خزمەتکاران دەیانزانی، ئەوانەی ئاوەکەیان دەرهێنابوو. ئەوسا گەورەی شاییەکە زاوای بانگکرد، 10پێی گوت: «هەموو کەس یەکەم جار شەرابە چاکەکە دادەنێن، کاتێک مەست بوون، ئینجا خراپەکە. بەڵام تۆ هەتا ئێستا شەرابە چاکەکەت هێشتووەتەوە!»11ئەو پەرجووەی یەشوا لە کانای گەلیلی کردی، یەکەم پەرجوی بوو کە بەهۆیەوە شکۆمەندی خۆی دەرخست، قوتابییەکانیشی باوەڕیان پێی هێنا.12دوای ئەوە لەگەڵ دایکی و براکانی و قوتابییەکانی بەرەو شاری کەفەرناخوم ڕۆێشتن، چەند ڕۆژێک لەوێ مانەوە.13کە جەژنی پەسخەی یەهودیەکان نزیک بۆوە، یەشوا چوو بۆ یۆرشەلایم، 14لە حەوشەی پەرستگا فرۆشیارانی گاو مەڕ وکۆتری بینی، پارەگۆڕەوانیش لەسەر مێزەکانیان دانیشتبوون.15قامچییەکی لە گوریس دروستکرد و هەمووانی لە حەوشەکانی پەرستگا دەرکرد، مەڕ و گا پێکەوە، مێزەکانی سەرەوژێر کرد، 16بە کۆترفرۆشانی فەرموو: «ئەم شتانە لێرە ببەنە دەرەوە. ماڵی باوکم مەکەنە ماڵی بازرگانی!»17قوتابییەکانی بیریان هاتەوە لە پەرتووکەکەدا نووسراوە: ئیرەیی بۆ ماڵەکەت دەمسووتێنێت». 18یەهوەدیەکان ڕێگریان لێکردو بە یەشوایان گوت: « پەرجووێکمان پیشان بدە تاکو دەسەڵاتی کردنی ئەم کارانەت بسەلمێنێ!» 19یەشوا پێ فەرمون: «ئەم پەرستگایە بڕووخێنن، بە سێ ڕۆژ هەڵیدەستێنمەوە».20یەهودیەکان پێیان گوت: «ئەم پەرستگایە بە چل و شەش ساڵ بنیات نراوە، تۆ بە سێ ڕۆژ هەڵیدەستێنیتەوە؟» 21بەڵام ئەو ئاماژەی بۆ پەرستگای جەستەی خۆی دەکرد. 22لەبەر ئەوە کاتێک لەناو مردووان هەستایەوە، قوتابییەکانی هاتەوە بیریان کە ئەمەی فەرموو بوو، ئەوسا باوەڕیان بە نووسراوە پیرۆزەکە هێنا و بەو قسەیەی یەشوا فەرمووی.23لەکاتێکدا یەشوا لە جەژنی پەسخە لە یۆرشەلایم بوو، زۆر کەس باوەڕیان بە ناوی هێنا چونکە ئەو پەرجووانەیان بینی کە دەیکرد. 24بەڵام یەشوا لەلای خۆیەوە متمانەی پێ نەکردن، چونکە هەموو خەڵکی دەناسی 25ئەو پێویستی بە کەس نەبوو دەربارەی مرۆڤ شایەتی بۆ بدات، چونکە خۆی دەیزانی دڵی مرۆڤ چی تێدایە.
1یەکێک لە فەریسییەکان، ناوی نیکۆدیمۆس بوو، ئەندام بوو لە ئەنجومەنی یەهود، 2بە شەو هاتە لای یەشوا و پێی گوت: «مامۆستا، دەزانین تۆ مامۆستایەکی لە خوداوە هاتوویت، چونکە کەس ناتوانێت ئەو پەرجووانە بکات کە تۆ دەیکەیت ئەگەر خودای لەگەڵ نەبێت».3یەشوا وەڵامی دایەوە: «ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم: هیچ کەسێک ناتوانێت شانشینی خودا ببینێت تا سەرلەنوێ لەدایک نەبێتەوە». 4نیکۆدیمۆس پرسیاری لێکرد: «مرۆڤ کە پیر بێت چۆن دەتوانێت لە دایک بێتەوە؟ خۆ ناتوانێت دووبارە بچێتەوە سکی دایکی و لەدایک بێتەوە؟»5یەشوا وەڵامی دایەوە: «ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم: کەس ناتوانێت بچێتە ناو شانشینی خودا تا لە ئاو و لە گیان لەدایک نەبێت. 6ئەوەی لە جەستە لەدایک بوو جەستەیە، ئەوەی لە گیان لەدایک بوو گیانە.7سەرسام مەبە کە پێم گوتی دەبێت سەر لەنوێ لە دایک ببنەوە. 8با بۆ کوێ بیەوێت هەڵدەکات و گوێت لە دەنگەکەی دەبێت، بەڵام نازانیت لەکوێوە دێت و بۆ کوێ دەچێت. هەرکەسێکیش لە گیانەکە لەدایک بووە ئاوایە».9دیسان نیکۆدیمۆس پرسیاری کرد: «چۆن دەکرێ ئەمانە ڕووبدەن؟» 10یەشوا وەڵامی دایەوە: «تۆ مامۆستایەکی یەسرائیلی و ئەمە نازانیت! 11ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم: ئەوەی دەیزانین دەیڵێین و ئەوەی دەیبینین شایەتی بۆ دەدەین، ئێوەش شایەتیمان پەسەند ناکەن.12من باسی شتە زەمینییەکان دەکەم و باوەڕ ناکەن، جا چۆن باوەڕدەکەن ئەگەر باسی شتە ئاسمانیەکانتان بۆ بکەم؟ 13کەس سەرنەکەوتووە بۆ ئاسمان جگە لەوەی لە ئاسمان دابەزیوە، ئەویش ڕۆڵەی مرۆڤە ئەوەی لە ئاسمان بوو.14وەک موشە لە چۆڵەوانی مارەکەی هەڵواسی، دەبێت ئاواش ڕۆڵەی مرۆڤ هەڵبواسرێت، 15تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەبێت.16لەبەر ئەوەی خودا ئەوەندە جیهانی خۆشویست تەنانەت ڕۆڵە تاقانەکەی بەختکرد، تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت لەناو نەچێت، بەڵکو ژیانی هەتاهەتایی هەبێت. 17چونکە خودا ڕۆڵەکەی نەناردە جیهان تاکو جیهان داوەری بکات، بەڵکو جیهان بە ئەو ڕزگاری ببێت، 18ئەوەی باوەڕی پێ بهێنێت تاوانبار ناکرێت، بەڵام ئەوەی باوەڕ ناهێنێت ئەوا تاوانبار دەکرێت، چونکە باوەڕی بە ناوی ڕۆڵە تاقانەکەی خودا نەهێناوە.19ئەمەش داوەرییەکەیە: ڕووناکییەکە هات، بۆ جیهان بەڵام خەڵک تاریکییەکەیان خۆشتر ویست، لە ڕووناکییەکە، چونکە کردەوە کانیان خراپ بوو. 20چونکە هەرکەسێک خراپە بکات ڕقی لە ڕووناکییەکە دەبێت و نایەتە لای نەوەک کردەوەکانی ئاشکرابێت. 21بەڵام ئەوەی بەگوێرەی ڕاستیەکە بڕوات دێتە لای ڕووناکییەکە تاکو دەربکەوێت کردەوەکانی بەتوانای خودا ئەنجامداوە».22لە دوای ئەمانە یەشوا و و قوتابییەکانی هاتنە خاکی یەهودیا، لەوێ لەگەڵیان مایەوە و خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا. 23یۆخەنان لە ئەینونی نزیک شاری شالیم خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا چونکە لەوێ ئاو زۆر بوو، ئیتر خەڵک دەهاتن و لە ئاو هەڵدەکێشران. 24چونکە یۆخەنان هێشتا نەخرابووە زیندانەوە.25لەوێ دەربارەی پاککردنەوە گفتوگۆیەک کەوتە نێوان قوتابییەکانی یۆخەنان و یەهودییەک. 26قوتابییەکانی هاتنە لای یۆخەنان و پێیان گوت: «مامۆستا، ئەوە پیاوەی لەوبەری ڕووباری ئەردەن بینیمان لەگەڵت، ئەوەی شایەتیت بۆی دا، ئەوەتا خەڵک لە ئاوهەڵدەکێشێت و هەموو خەڵک دەچنە لای ئەو!»27یۆخەنان وەڵامی دایەوە: «کەس ناتوانێت شتێک بەدەست بهێنێت ئەگەر لە ئاسمانەوە پێی نەدرابێت! 28ئێوە شایەتن کە گوتم: من مەسیحەکە نیم، بەڵکو نێردراوم تاکو ڕێگاکەی بۆ ئامادە بکەم.29ئەوەی بووکی هەیە، ئەوە زاواکەیە! سەبارەت بە هاوڕێی زاوا، کە لە نزیکی وەستاوە و گوێی لەدەنگی دەبێت، ئەویش خۆشحاڵ دەبێت بە دەنگی زاوا. ئەوەتا خۆشییەکەم کۆتایی هات. 30دەبێت ئەو زیاد بکات و منیش کەم».31ئەوەی لە سەرەوە دێت لە سەرووی هەمووانە. بەڵام ئەوەی لە زەوییەوە دێ، ئەوە زەمینییە، و وەکو کەسێکی زەمینی دەدوێت. ئەوەی لە ئاسمانەوە دێت لە سەرووی هەمووانە، 32ئەو شایەتی ئەوە دەدات کە بینیویەتی و بیستوویەتی، بەڵام کەس شایەتییەکەی وەرناگرێت! 33ئەوانەی شایەتییەکەی وەردەگرن، پشت ڕاستی دەکەنەوە کە خودا ڕاستە،34چونکە ئەوەی خودا ناردوویەتی بە پەیامی خودا دەدوێت لەبەر ئەوەی خودا بێ سنوور گیان دەبەخشێت. 35باوک ڕۆڵەکەی خۆشدەوێت، و هەموو شتێکی داوەتە دەستی. 36ئەوەی باوەڕ بە ڕۆڵەکە بهێنێت، ژیانی هەتاهەتایی دەبێت. ئەوەی ڕەتیبکاتەوە باوەڕ بە ڕۆڵەکە بهێنێت، هەرگیز ژیانەکە نابینێت، بەڵکو تووڕەیی خودای لەسەر جێگیر دەبێت.
1کاتێک یەشوا زانی فەریسیەکان بیستویانە کە ئەویش قوتابی هەیە و لە یۆخەنان زیاتر خەڵکی لە ئاو هەڵکێشاوە، 2هەرچەندە یەشوا خۆی خەڵکی لە ئاو هەڵنەدەکێشا بەڵکو قوتابییەکانی، 3ناوچەی یەهودیای بەجێهێشت و گەڕایەوە گەلیلی.4جا دەبووایە بە ناوچەی سامریدا تێبپەڕێت، 5ئیتر گەیشتە شارۆچکەیەک، پێی دەگوترا سۆخار، نزیک بوو لەو پارچە زەوییەی یاکۆڤ دابوویە یۆسپی کوڕی،6بیرەکەی یاکۆڤ لەوێ بوو. جا لەبەر ئەوەی یەشوا لەگەشتەکە ماندوو بوو، لەلێواری بیرەکە دانیشت، نزیکەی کاتژمێر شەش بوو. 7ژنێکی سامرەیی هات بۆ ئەوەی ئاو ببات، یەشوا پێی فەرموو: «هەندێک ئاوم بدەرێ!» 8لەو کاتەدا قوتابییەکانی چووبوونە ناو شار تاکو خواردن بکڕن.9جا ژنە سامیرەییەکە پێی گوت: «تۆ یەهودی و منیش سامرییم، چۆن داوای ئاوم لێ دەکەیت؟» چونکە یەهودییەکان تێکەڵی سامرییەکان نابن. 10یەشوا وەڵامی دایەوە: «ئەگەر بەخشینی خودات بزانیایە، و هەروەها ئەوەش کێیە کە پێت دەڵێت: ئاوم بدەرێ، ئەوسا تۆ داوات لێ دەکرد و ئەویش ئاوی ژیانی پێدەدایت!»11ژنەکە پێی گوت: «بەڵام گەورەم، دۆڵکەت پێ نیە، و بیرەکەش قووڵە. ئیتر تۆ ئاوی ژیانت لەکوێ بوو؟ 12ئاخۆ تۆ لە یاکۆڤی باوکمان گەورەتریت کە ئەو بیرەی بۆجێهێشتووین، خۆی و کوڕەکانی و ماڵاتەکانیشی لێیان خواردۆتەوە؟»13یەشوا پێی فەرموو: «هەرکەسێک لەم ئاوە بخواتەوە جارێکی دیکە تینووی دەبێتەوە. 14بەڵام ئەوەی لەو ئاوە بخواتەوە کە من دەیدەمێ، هەرگیز تینووی نابێت، بەڵکو ئەو ئاوەی من دەیدەمێ تێیدا دەبێتە کانیاوێک و هەڵدەقوڵێت ژیانی هەتاهەتایی دەبەخشێت».15ژنەکەش پێی گوت: «گەورەم، ئەو ئاوەم بدەرێ تاکو تینوو نەبم و نەیەمەوە ئێرە بۆ ئاوکێشان». 16یەشوا پێی فەرموو: «بڕۆ مێردەکەت بانگ بکە و بگەڕێوە ئێرە».17ژنەکە وەڵامی دایەوە: «مێردم نیە!» یەشوا پێی فەرموو: «ڕاست دەکەیت کە دەڵێی: مێردم نیە 18لە ڕاستیدا پێنج مێردت هەبوو، ئەوەی ئێستاش لەگەڵی دەژی مێردت نیە. ئەمەشت بە ڕاستی گوت!»19ژنەکە پێی گوت: «گەورەم، وای دەبینم کە تۆ پێغەمبەر بیت. 20باوباپیرانمان لەم شاخەدا خودایان پەرستووە، بەڵام ئێوە دەڵێن یۆرشەلایم ئەو شوێنەیە کە پێویستە پەرستنی لێ بکرێت».21یەشوا پێی فەرموو: «ئەی ژن باوەڕم پێ بکە، کاتێک دێت ئێوە باوک دەپەرستن، بەڵام نە لەسەر ئەم شاخە و نە لە یۆرشەلایم. 22ئەوەی ئێوە دەیپەرستن نایناسن، بەڵام ئێمە ئەوە دەپەرستین کە دەیناسین، چونکە ڕزگاری لە یەهودەوەیە.23بەڵام کاتێک دێت، کە ئێستایە، خواپەرستە ڕاستەقینەکان بە گیان و ڕاستی باوک دەپەرستن. چونکە باوک داوای ئەم جۆرە خواپەرستیە دەکات. 24خودا گیانە، وە پێویستە ئەوانەی دەیپەرستن بە گیان و ڕاستی بیپەرستن».25ژنەکە پێی گوت: «دەزانم مەشیاخ دێت، کە پێی دەگوترێ مەسیح، کە کاتێک هات هەموو شتێکمان پێ ڕادەگەیەنێت». 26ئەویش وەڵامی دایەوە: «من ئەوم، ئەوەی قسەت لەگەڵ دەکات!»27لەو کاتەدا قوتابییەکانی گەیشتن، و سەرسام بوون کە لەگەڵ ژنێک قسە دەکات. بەڵام کەس پێی نەگوت: «چیت لێی دەوێت؟» یان «بۆچی قسەی لەگەڵ دەکەیت؟»28ئینجا ژنەکە گۆزەکەی بەجێهێشت، چووە ناو شار و بە خەڵکەکەی گوت: 29«وەرن ئەو کەسە ببینن کە هەرچیەکم کردووە بۆی ئاشکرا کردم! لەوانەیە مەسیحەکە بێت؟» 30ئیتر خەڵکەکە لە شار هاتنە دەرەوە و چوونە لای.31لەو کاتەدا قوتابییەکان تکایان لێی کرد: «مامۆستا، شتێک بخۆ» 32بەڵام پێی فەرموون: «من خواردنێکم هەیە دەیخۆم کە ئێوە نایزانن». 33جا قوتابییەکان لە یەکیان پرسی: «کەس هیچی بۆ هێناوە بیخوات؟»34یەشوا پێی فەرموون: «خواردنی من ئەوەیە خواستی ئەوە ئەنجام بدەم کە ناردوومی و کارەکەی تەواو بکەم. 35ئەی ئێوە ناڵێن: دوای چوار مانگیتر کاتی دروێنە دێت! منیش پێتان دەڵێم: چاوتان هەڵبڕن و سەیری کێڵگەکان بکەن وا زەرد هەڵگەڕاون بۆ دروێنە. 36دروێنەکار کرێ وەردەگرێت، و بۆ ژیانی هەتاهەتایەکەی بەرهەم کۆدەکاتەوە، تاکو تۆوچێن و دروێنەکار پێکەوە دڵشاد بن،37تا ئەو وتەیە ڕاست دەرچێت: یەکێک تۆو دەکات و یەکێکی دیکە دروێنە دەکات. 38من ئێوەم بۆ دروێنەیەک ناردووە کە پێوەی ماندوو نەبوون، کەسانی دیکە پێوەی ماندوو بوون، و ئێوە بەرهەمی ماندووبوونیان دەخۆن».39زۆر لە سامرییەکانی ئەو شارە باوەڕیان بەیەشوا هێنا بەهۆی قسەی ئەو ژنەی کە شایەتیدا: «هەرچیەکم کردووە بۆی ئاشکرا کردم». 40وە کاتێک لای بیرەکە پێیگەیشتن تکایان لێکرد لەلایان بمێنێتەوە، ئەویش دوو ڕۆژ لەوێ مایەوە،41ژمارەیەکی زۆر زیاتریش بەهۆی قسەکانیەوە باوەڕیان هێنا، 42بە ژنەکەیان گوت: «چیتر بەهۆی قسەی تۆوە ئێمە باوەڕ ناهێنین، چونکە خۆمان بیستمان و ناسیمان ئەوە بەڕاستی ڕزگارکەرەکەی جیهانە!»43پاش ئەو دوو ڕۆژە یەشوا سۆخاری، بەجێهێشت و چوو بۆ ناوچەی گەلیلی، 44چونکە خۆی فەرموو بووی: « پێغەمبەر لە شاری خۆی ڕێزی لێ ناگیرێت!» 45کاتێک گەیشتە گەلیلی خەڵکەکەی پێشوازییان لێی کرد، چونکە ئەوانیش بۆ جەژن هاتبوون و هەموو ئەو شتانەیان بینی بوو کە لە جەژنی پەسخە، لە یورشلایم کردبووی.46یەشوا گەیشتە کانا لە ناوچەی گەلیلی، کە لەوێ ئاوی گۆڕی بو بۆ شەراب. لە شارۆچکەی کەفەرناخوم کاربەدەستێکی پاشا هەبوو، کوڕێکی نەخۆشی هەبوو. 47کاتێک بیستی یەشوا لە یەهودیاوە هاتووەتە گەلیلی، چووە لای و لێی پاڕایەوە کە بێت بۆ کەفەرناخوم بۆ ئەوەی کوڕەکەی چاک بکاتەوە کە لە سەرەمەرگدا بوو.48یەشوا پێی فەرموو: «ئێوە باوەڕناهێنن ئەگەر پەرجووی سەرسوڕهێنەر نەبینن!» 49کاربەدەستەکەش لێی پاڕایەوە و گوتی: «گەورەم، پێش ئەوەی کوڕەکەم بمرێت وەرە!» 50یەشوا پێی فەرموو: «بڕۆ! کوڕەکەت دەژیێت!» پیاوەکە باوەڕی بەو قسەیە کرد کە یەشوا پێی فەرموو، و ڕۆیشت.51کە بە ڕێگاوە بوو، کۆیلەکانی تووشی بوون و هەواڵیان پێدا کە کوڕەکەی زیندووە، 52پرسیاری لێکردن لە چ کاتێکدا چاک بۆوە، وەڵامیان دایەوە: «دوێنێ کاتژمێر یەکی پاش نیوەڕۆ، تایەکە بەریدا».53باوکەکە زانی لەو کاتە بووە کە یەشوا پێی فەرمووبوو: «کوڕەکەت دەژیێت». ئەوسا خۆی و خاووخێزانی هەموو باوەڕیان هێنا. 54ئەمەش دووەم پەرجوو بوو کە یەشوا کردی دوای ئەوەی لە یەهودیاوە هاتە گەلیلی.
1پاش ماوەیەک لە کاتی جەژنێکی یەهودیەکان یەشوا چوو بۆ یۆرشەلایم، 2لە یۆرشەلایم لەلای دەروازەی مەڕەکان حەوزێک هەبوو بە عیبری پێیان دەگوت بێتحەسدا، بە دەوریدا پێنج هۆڵی هەبوو. 3لەوێ خەڵکێکی زۆر ڕاکشابوون، لە نەخۆش و کوێر و شەل و گۆج، چاوەڕێی جووڵانەوەی ئاوەکە بوون، 4چونکە هەندێک جار فریشتەیەک دادەبەزی ئاوی حەوزەکەی دەجوڵاند، جا ئەوەی یەکەمجار دەچووە ناوی، هەر نەخۆشییەکی هەبووایە چاک دەبووەوە.5نەخۆشێک بۆ ماوەی سی و هەشت ساڵ لە لای حەوزەکە بوو، 6یەشوا بینی لەوێ پاڵکەوتووە دەیزانی ماوەیەکی زۆرە وایە، پێی فەرموو: «دەتەوێ چاکبیتەوە؟»7نەخۆشەکە وەڵامی دایەوە: «گەورەم، کەسم نیە بمخاتە ناو حەوزەکەوە کاتێک ئاوەکە دەجوڵێت. چەندین جار هەوڵمداوە بڕۆمە ناوی، یەکێکی دیکە پێش من دەچێتە ناوی». 8یەشوا پێی فەرموو: «هەستە نوێنەکەت هەڵبگرە و بڕۆ».9هەرلەوکاتەدا کابرا چاک بۆوە نوێنەکەی هەڵگرت و ڕۆیشت. ئەو ڕۆژەش شەبات بوو.10یەهودیەکان بەو کابرایەیان گوت کە چاک ببۆوە: «ئەمڕۆ شەباتە. ڕێگە پێدارو نیە نوێنەکەت هەڵگریت!» 11وەڵامی دانەوە: «ئەوەی چاکیکردمەوە پێی فەرمووم: نوێنەکەت هەڵبگرە و بڕۆ».12لێیان پرسی: «ئەو کەسە کێیە کە پێی گوتی: نوێنەکەت هەڵبگرە و بڕۆ؟» 13بەڵام کابرای چاکبۆوە نەیدەزانی کێیە، چونکە یەشوا لەوشوێنە دورکەوتەوە، کە خەڵک لێی کۆببوونەوە.14دوای ئەوە یەشوا ئەوی لە پەرستگا بینیەوە، و پێی فەرموو: «ئەوەتا چاکبوویتەوە. ئیتر گوناهە مەکە نەوەک خراپترت بەسەربێت!» 15پیاوەکە زانی ئەوەی چاکی کردۆتەوە یەشوایە، خێرا ڕۆیشت و هەواڵی بە ڕابەرانی یەهوود دا.16یەهودیەکان دەستیان کرد بە چەوسانەوەی یەشوا لەبەرئەوەی ئەو کارانەی لە ڕۆژی شەباتدا دەیکرد. 17بەڵام یەشوا پێی فەرموون: «هەتا ئێستا باوکم کار دەکات، منیش کار دەکەم!» 18لەبەر ئەم هۆیەش یەهودیەکان هەوڵی زیاتریان دەدا بیکوژن، نەک تەنها لەبەر ئەوەی شەباتی شکاند، بەڵکو دەیگوت کە خودا باوکیەتی، خۆی بە خودا یەکسان دەکرد.19یەشوا پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم ڕۆڵەکە ناتوانێت لە خۆیەوە هیچ شتێک بکات، بەڵکو ئەوە دەکات کە دەبینێت باوک دەیکات، چونکە هەرچی باوک دەیکات، ڕۆڵەکە دەیکات، 20باوک ڕۆڵەکەی خۆی خۆشدەوێت، و هەموو ئەوانەی پیشان دەدات کە دەیکات، کاری لەمانەش مەزنتری پیشان دەدات، تاوەکو سەرسام ببن.21هەروەک باوک مردووان هەڵدەستێنێتەوە و زیندوو دەکاتەوە، ڕۆڵەکە کێی بیەوێت زیندووی دەکاتەوە. 22باوک کەس داوەری ناکات، بەڵکو هەموو داوەریەکی بە ڕۆڵەکە داوە، 23تاکو هەموو ڕێزی ڕۆڵەکە بگرن وەک چۆن ڕێزی باوک دەگرن. ئەوەی ڕێزی ڕۆڵەکە نەگرێ ڕێزی باوکی نەگرتوە کە ناردوویەتی.24ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی گوێ لە وتەکانم بگرێت و باوەڕ بهێنێت بەوەی ناردوومی ژیانی هەتاهەتایی دەبێت و لە ڕۆژی دوایی تاوانبار ناکرێت، چونکە لە مردنەوە بۆ ژیان گواستراوەتەوە.25ڕاستی ڕاستیتان پێدەڵێم: ئەو کاتەی کە مردووەکان گوێیان لە دەنگی ڕۆڵەی خودا دەبێت، دێت کە ئێستایە ئەوانەی گوێیان لێدەبێت زیندوودەبنەوە.26چونکە وەک چۆن باوک ژیانی لە خۆیدایە، بە ڕۆڵەکە دراوە ژیانی لە خۆیدابێت، 27دەسەڵاتی داوەریشی داوەتێ، چونکە ئەو ڕۆڵەی مرۆڤە.28لەوە سەرسام مەبن: چونکە کاتێک دێت هەموو ئەوانەی لەناو گۆڕدان دەنگی دەبیستن، 29لێی دێنە دەرەوە: ئەوانەی کرداری چاکیان کردووە هەڵدەستنەوە بەرەو ژیان، بەڵام ئەوانەی کرداری خراپیان کردووە هەڵدەستنەوە بەرەو داوەریی دەچن.30وە من لە خۆمەوە هیچ شتێک ناکەم، بەڵکو وەک دەبیستم داوەری دەکەم، داوەریەکەشم دادپەروەرانەیە، چونکە هەوڵی هێنانە دی خواستی خۆم نادەم بەڵکو خواستی ئەوەی ناردوومی. باوک شایەتی دەدات بۆ ڕۆڵەکە 31ئەگەر خۆم شایەتی بۆ خۆم بدەم، شایەتییەکەم ڕاست نیە، 32بەڵام یەکێکی دیکە شایەتیم بۆ دەدات، من دەزانم شایەتییەکەی ئەو لەسەرمن ڕاستە.33نێردراوتان ناردە لای یۆخەنان ئەویش شایەتی بۆ ڕاستیەکە دا. 34من شایەتی مرۆڤ وەرناگرم، ئەمانەش دەڵێم لەپێناو ڕزگاربونتان، 35یۆخەنان چرایەکی هەڵگیرساو و درەوشاوە بوو، دەتانویست بۆ ماوەیەکی دیاریکراو چێژ لە ڕووناکییەکەی وەربگرن.36بەڵام من شایەتیەکم هەیە لەوەی یۆخەنان مەزنترە، شایەتی ئەو کارانەی باوک ڕایسپاردم تەواوی بکەم، ئەم کارانە کە دەیان کەم خۆیان شایەتیم بۆ دەدەن و دەریدەخەن کە باوک منی ناردووە، 37باوکیش کە ناردوومی خۆی شایەتیم بۆ دەدات. ئێوە هەرگیز دەنگیتان نەبیستووە، و ڕواڵەتیتان نەبینیوە، 38وتەکانی لە دڵی ئێوەدا ناچەسپێت، چونکە ئێوە ئەو کەسە بەڕاست نازانن کە ناردوویەتی.39ئێوە پەرتووک دەپشکنن، چونکە پێتان وایە بەرەو ژیانی هەتاهەتایی ڕێنمایتان دەکات. ئەم پەرتوکانەش شایەتیم بۆ دەدەن، 40بەڵام ڕەتیدەکەنەوە بێنە لام تاوەکو ژیانتان هەبێت.41شکۆمەندی لە خەڵک وەرناگرم. 42بەڵام دەتانناسم، دەزانم کە خۆشەویستی خودا لە دڵتاندا نیە.43بەناوی باوکمەوە هاتووم وەرتان نەگرتم، بەڵام پێشوازی لەوە دەکەن کە بە ناوی خۆیەوە دێت. 44چۆن باوەڕم پێدەکەن لە کاتێکدا شکۆمەندی لە یەکتر وەردەگرن، بەبێ ئەوەی بەدوای ئەو شکۆمەندییەدا بگەڕێن ئەوەی تەنها خودا دەیبەخشێت!45وا گومان مەبەن لەلای باوک سکاڵاتان لێ بکەم، یەکێکیتر لەوێ هەیە سکاڵاتان لێ بکات، ئەویش موشەیە ئەوەی هیواتان پێیەتی. 46ئەگەر باوەڕتان بە موشە بکردایە، باوەڕتان بە منیش دەکرد، چونکە لەبارەی منەوە نووسیویەتی. 47ئەگەرئێوە نووسراوی موشە بەڕاست نەزانن، چۆن وتەکانی من بەڕاست دەزانن؟»
1دوای ئەمە یەشوا چوو بۆ ئەوبەری دەریاچەی گەلیلی، کە دەریاچەی کینەرەتە، 2خەڵکێکی زۆر شوێنی کەوتبوون دوای ئەوەی ئەو پەرجووانەیان بینی کە نەخۆشەکانی چاک دەکردەوە. 3ئینجا یەشوا و قوتابییەکانی چوونە سەر شاخ و لەوێ دانیشتن.4جەژنی پەسخەی یەهودیەکان نزیک بوو. 5کاتێک یەشوا چاوی هەڵبڕی و خەڵکێکی بینی بەرەو ڕووی دێن، بە فیلیپۆسی گوت: «لەکوێ نان بکڕین و نا ن بەمانە بدەین؟» 6ئەمەی فەرموو بۆ ئەوەی تاقی بکاتەوە، چونکە یەشوا دەیزانی کە چی دەکات.7فیلیپۆس وەڵامی دایەوە: « ئەگەر بایی دوو سەد دینار نان بکڕین بەشیان ناکات، ئەگەر هەریەکەیان کەمێکی بەربکەوێت!» 8ئەندریا، برای شیمۆن پەترۆ، یەکێک بوو لەقوتابییەکانی پێی گوت: 9«کوڕێک لێرەیە پێنج نانی جۆ و دوو ماسی بچوکی پێیە. بەڵام ئەوەندە چیە بۆ ئەم هەمووە؟»10یەشوا فەرمووی: « دایان بنیشێنن!» ئەو شوێنە گیایەکی زۆری لێبوو. جا پیاوەکان کە پێنج هەزار دەبوون دانیشتن. 11یەشوا نانەکانی وەرگرت و سوپاسی کرد، پاشان بەپێی پێویست دابەشی کرد بەسەر ئەوانەی دانیشتبوون. بۆ دووماسیەکەش هەمان شتی کرد. 12کاتێک هەمووان تێربوون، یەشوا بە قوتابییەکانی فەرموو: «ئەو پەلکە نانەی ماوەتەوە کۆی بکەنەوە تاکو هیچی بەفیڕۆ نەڕوات!»13ئەوانیش کۆیان کردەوە، و دوازدە سەبەتەیان پڕکرد لە پەلکە نانی ئەو پێنج نانە جۆیەیی کە مابووەوە. 14خەڵکەکە ئەو پەرجوەیان بینی کە یەشوا کردی، گوتیان: «بە ڕاستی ئەمە پێغەمبەرەکەیە هاتوە بۆ جیهان». 15یەشوا زانی ئەوان بە نیازن بیڕفێنن تاکو بیکەنە پاشا، بە تەنها گەڕایەوە سەر شاخ.16کە ئێوارە داهات قوتابیەکانی بۆ لای دەریاچەکە چوونە خوارەوە، 17سواری بەلەمێک بوون بەرەو کەفەرناخوم بەڕێکەوتن بەرەو ئەو بەری دەریاچەکە. تاریک داهات و یەشوا هێشتا نەگەیشتبووە لایان. 18ڕەشەبا هەڵیکرد و دەریاچە شڵەژا.19قوتابیەکان نزیکەی سێ بۆ چوار میل سەوڵیان لێدابوو، یەشوایان بینی لە بەلەمەکە نزیک دەبێتەوە بەسەر دەریاچەکەدا دەڕوات، جا ترسیان لێ نیشت، 20ورەی بەرزکردنەوە فەرمووی: «ئەوە منم، مەترسن!» 21کاتێک داوایان لێکرد سواری بەلەمەکەبێت، تا بەلەمەکە گەیشتە ئەو کەنارەی بۆی دەچوون.22بۆ ڕۆژی دواتر، ئەو خەڵکەی لەوبەری دەریاچەکە ڕاوەستابوون بینییان لە بەلەمێک زیاتر لەوێ نەبوو. یەشوا لەگەڵ قوتابیەکانی سواری بەلەم نەبوو( دوێنێ)، بەڵکو قوتابیەکانی بە تەنها بەڕێکەوتبوون. 23ئینجا بەلەمی دیکە لە شاری کینەرەت، هاتە نزیک ئەو شوێنەی نانەکەیان لێی خوارد و دوای ئەوەی سوپاسی پەروەردگاری لەسەر کرابوو.24کاتێک خەڵکەکە بینیان نە یەشوا لەوێیە و نە قوتابیەکانی، سواری بەلەمەکان بوون و چوونە کەفەرناخوم بە شوێن یەشوادا گەڕان. 25کە لەوبەری دەریاچەکە دۆزییانەوە، لێیان پرسی: «مامۆستا، کەی گەیشتیتە ئێرە؟»26یەشوا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئێوە بەدوامدا دەگەڕێن نەک لەبەر ئەوەی نیشانەکانتان بینی، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە نانەکەتان خوارد و تێر بوون. 27هەوڵ بۆ خۆراکێکی لەناوچومەدەن، بەڵکو بۆ خۆراکێک کە تا ژیانی هەتاهەتایی دەمێنێتەوە، ئەوەی ڕۆڵەی مرۆڤ دەتانداتێ، چونکە ئەم خۆراکە خودای باوک مۆری لێداوە».28لێیان پرسی: «چی بکەین تاکو ئەو کارانە بکەین خودا داوای دەکات؟» 29یەشوا وەڵامی دانەوە: «کارێک کە خودا داوای دەکات باوەڕ بەو کەسە بهێنن ناردوویەتی».30لێیان پرسی: «چ پەرجووێک دەکەیت تاکو بیبینین و باوەڕت پێ بکەین؟ دەتوانی چی بەکەیت؟ 31باوباپیرانمان لە چۆڵەوانی مەنیان خوارد وەک لە پەرتوک نووسراوە: لە ئاسمانەوە نانی دانێ تاکو بیخۆن!»32یەشوا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: موشە نەبوو نانەکەی لە ئاسمانەوە دانێ، بەڵکو باوکمە ئەوەی ئێستا لە ئاسمانەوە نانە ڕاستییەکەتان دەداتێ، 33چونکە نانی خودا ئەوەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە و ژیان دەبەخشێتە جیهان». 34پێیان گوت: «گەورەم، هەموو کاتێک ئەو نانەمان بدەرێ».35یەشوا وەڵامی دانەوە: «من ئەوم نانی ژیانەکە. ئەوەی بێتە لام هەرگیز برسی نابێت، ئەوەش باوەڕم پێ بهێنێت هەرگیز تینووی نابێت. 36بەڵام پێم گوتن، منتان بینیوە و باوەڕ ناهێنن، 37بەڵام هەرکەسێک باوکم دەیداتە من دێتە لام، ئەوەشی بێتە لام هەرگیز دەریناکەم،38من لە ئاسمانەوە دابەزیوم، نەک بۆ بەدیهێنانی خواستم، بەڵکو خواستی ئەوەی ناردوومی. 39خواستەکەی ئەمەیە هیچ کەسێک لەوانە لەناو نەچن کە پێی داوم، بەڵکو لە ڕۆژی دواییدا هەڵیان دەستێنمەوە. 40بەڵێ! خواستی باوکم ئەمەیە: هەرکەسێک ڕۆڵەکە ببینێت و باوەڕی پێ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی دەبێت، وە من لە ڕۆژی دواییدا هەڵی دەستێنمەوە».41یەهودیەکان دەستیان بە بۆڵەبۆڵکرد لەسەر یەشوا چونکە فەرمووی: «من نانەکەم ئەوەی لە ئاسمانەوە دابەزیوە». 42گوتیان: «ئایا ئەمە یەشوا نیە کوڕی یۆسپ، ئێمە دایک و باوکی دەناسین، ئەمە چۆن دەڵێت: لە ئاسمانەوە دابەزیوم؟»43یەشوا وەڵامی دانەوە : «لەناو خۆتاندا بۆڵەبۆڵ مەکەن! 44کەس ناتوانێت بێتە لام ئەگەر باوک ڕاینەکێشێت ئەوەی ناردوومی. من لە ڕۆژی دواییدا هەڵیدەستێنمەوە. 45لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا هاتوە: هەمووان لە خودا فێر دەبن. جا ئەوەی لە باوکەوە بیستبێتی و فێربووبێت دێتە لام.46ئەمە مانای ئەوە نیە کەس باوکی بینیوە: هەرگیز نەبینراوە تەنها ئەوەی لەگەڵ خودایە. تەنها ئەو باوکی بینیوە. 47ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی دەبێت.48منم نانی ژیانەکە. 49باوباپیرانتان لە چۆڵەوانیدا مەنیان خوارد و پاشانیش مردن،50ئەوەتا لێرەیە ئەو نانەی لە ئاسمانەوە دابەزیوە تاکو هەرکەسێك لێی بخوات نەمرێت. 51من نانە زیندووەکەم کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە. ئەگەر یەکێک لەم نانە بخوات بۆ هەتاهەتایە دەژیێت. ئەو نانەش کەمن دەیبەخشم، جەستەمە، دەیبەخشم تاکو جیهان بژیت».52یەهودیەکان لەناو خۆیان دەمەقاڵێکی توندیان کرد، دەیانگوت: «ئەمە چۆن دەتوانێ جەستەی خۆیمان بداتێ بیخۆین؟» 53یەشوا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێدەڵێم: ئەگەر جەستەی ڕۆڵەی مرۆڤ نەخۆن و خوێنی نەخۆنەوە ژیان لەناو ئێوەدا نیە.54ئەوەی جەستەم بخوات و خوێنم بخواتەوە ژیانی هەتاهەتایی هەیە، من لەڕۆژی دواییدا هەڵیدەستێنمەوە، 55چونکە جەستەم خۆراکی ڕاستەقینەیە، و خوێنیشم خواردنەوەی ڕاستەقینە. 56ئەوەی جەستەم بخوات و خوێنم بخواتەوە، لەمن دەچەسپێت ومنیش لەئەودا.57وەک من زیندووم بە باوکی زیندوو کە ناردوومی، هەر بەم شێوە ئەوەی لە جەستەی من بخوات بەهۆی منەوە زیندووە. 58ئەمە ئەو نانەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە، نەک وەکو ئەوەی باوباپیرانتان خواردیان و مردن. ئەوەی لەم نانە بخوات هەتاهەتایە دەژیت». 59یەشوا هەموو ئەمانەی فەرموو لە کەفەرناخوم لە کەنیشت خەڵکی فێرکردەکرد.60کە زۆرێک لە قوتابیەکانی گوێیان لەو فەرمایشتەی یەشوا بوو گوتیان: «ئەم قسەیە زۆر ئەستەمە! کێ گوێی لێدەگرێت؟» 61یەشوا لە دڵی خۆیدا زانی قوتابییەکانی بەهۆی ئەمەوە بۆڵەبۆڵ دەکەن، پرسیاری لێکردن: «ئایا ئەمە دەبێتە هۆی گومان کردن لەخۆتان؟62ئەی ئەگەر ببینن ڕۆڵەی مرۆڤ بەرز ئەبێتەوە بۆ ئەو شوێنەی یەکەم جار لێی بوو؟ 63گیان ئەوەیە ژیانەکە دەدات، بەڵام جەستە بە کەڵکی هیچ نایەت. ئەو قسانەی پێم گوتن گیان و ژیانن.64بەڵام هەندێ لەئێوە باوەڕ ناهێنن!» یەشوا لە سەرەتادا دەیزانی ئەوانە کێن کە باوەڕی پێناهێنن، هەروەها دەیزانی کێ ناپاکی لێدەکات. 65پاشان فەرمووی: «لەبەر ئەوە پێم گوتن: کەس ناتوانێ بێت بۆلام تەنها ئەوەی باوک ڕێگەی پێدەدات».66لەو کاتەوە زۆرێک لە شوێنکەوتوەکانی بەجێیان هێشت، وئیتر نەگەڕانەوە کە شوێنی بکەون! 67بە دوازدە قوتابیەکەی فەرموو: «ئێوەش دەتانەوێ وەک ئەوان بڕۆن؟» 68شیمۆن پەترۆ وەڵامی دایەوە: «پەروەردگار، بچینە لای کێ؟ وشەکانی ژیانی هەتاهەتایی لەلای تۆیە. 69ئێمە باوەڕمان هێنا و زانیمان کە تۆ پیرۆزەکەی خودایت!»70یەشوا پێی فەرموون: «ئایا من ئێوەی دوازدەم هەڵنەبژاردووە، لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لە ئێوە شەیتانە؟» 71بەوە ئاماژەی بە یەهودای کوڕی شیمۆنی ئیسخاریۆتی کرد، چونکە سەرەڕای ئەوەی کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابیەکە، کە پاشان بەگرتنیدا!
1دوای ئەمانە یەشوا بە گەلیلیدا دەگەڕا، و نەیدەویست بەناو یەهودیا بگەڕی، چونکە یەهودیەکان دەیانویست بیکوژن. 2کاتێک جەژنی کەپرەشینەی یەهودییەکان نزیک بۆوە،3براکانی پێیان گوت: «ئێرە بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ناوچەی یەهودیا تاکو قوتابییەکانی خۆشت کارەکانت ببینن کە تۆ دەیکەیت، 4هیچ کەسێک بە نهێنی شتێک ناکات ئەگەر بیەوێت ناوبانگ دەربکات. ئەگەر ئەم شتانە دەکەیت، خۆت بۆ جیهان ئاشکراکە».5چونکە تەنانەت ئەوانیش باوەڕیان پێی نەدەکرد. 6یەشوا وەڵامی دانەوە: «کاتی من هێشتا نەهاتووە، بەڵام کاتی ئێوە هەردەم گونجاوە. 7جیهان ناتوانێت ڕقی لێتان ببێتەوە، بەڵام ڕقی لە منە، چونکە من شایەتی لەسەر دەدەم کە کارەکانی خراپن.8ئێوە دەچن بۆ جەژن، بەڵام من ئێستا ناچمە ئەم جەژنە، چونکە هێشتا کاتی من نەهاتووە». 9ئەمانەی پێگوتن لە گەلیلی مایەوە.10کاتێک براکانی چوونە جەژنەکە، ئەویش ڕۆیشت بەڵام بە ئاشکرا نا، بەڵکو بەنهێنی. 11ڕابەرانی یەهود لە جەژنەکەدا، بەشوێنیدا دەگەڕان و دەیانگوت: «ئەو پیاوە لەکوێیە؟»12لەنێو خەڵکەکەدا مشتومڕێکی زۆری لەسەر بوو، هەندێکیان دەیانگوت: «پیاوێکی چاکە» خەڵکی دیکەش دەیانگوت: «نەخێر! بەڵکو خەڵک گومڕا دەکات» 13بەڵام کەس نەیدەوێرا بە ئاشکرا باسی بکات، لە ترسی یەهودیەکان.14کاتێک نیوەی جەژنەکە تێپەڕی، یەشوا چووە پەرستگا و دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵکی. 15یەهودییەکان سەرسام بوون و پرسییان: «ئەمە کە فێرنەکراوە چۆن لەبارەی ئەم پەرتووکە زانیاری هەیە؟» 16یەشوا وەڵامی دانەوە: «فێرکردنم هی خۆم نیە، بەڵکو هی ئەوەیە کە ناردوومی17ئەگەر کەسێک بیەوێت خواستی خودا ئەنجام بدات ئەوا دەزانێت ئاخۆ فێرکردنەکانم لە خوداوەیە یان لە خۆمەوە قسە دەکەم. 18ئەوەی لە خۆیەوە بدوێت، داوای شکۆمەندی بۆخۆی دەکات؛ بەڵام ئەوەی داوای شکۆمەندی ئەوە بکات کە ناردوویەتی ئەمە ڕاستگۆیە و ناڕەوایی تێدا نیە.19ئایا موشە تەوراتی پێنەداون؟ بەڵام کەس لە ئێوە کاری پێ ناکات!بۆچی هەوڵی کوشتنم دەدەن؟» 20خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: « خێوی تێدایە! کێ هەوڵی کوشتنت دەدات؟»21یەشوا پێی فەرموون: «کارێکم کرد و هەمووتان سەرسام بوون لە ڕۆژی شەبات. 22موشە خەتەنەکردنی پێ سپاردوون هەرچەندە خەتەنەکردن بۆ موشە ناگەڕێتەوە لە موشەوە نەبووە بەڵکو لە باوکانەوەیە لەبەرئەوەیە مرۆڤ خەتەنە دەکەن گەر ڕۆژی شەباتیش بێت.23ئەگەر کوڕ لە ڕۆژی شەبات خەتەنە بکرێت تاکو تەوراتی موشە نەشکێت، بۆچی لە من تووڕە دەبن کە لە ڕۆژی شەبات سەراپای مرۆڤێکم چاککردەوە؟ 24بە ڕواڵەت داوەری مەکەن، بەڵکو دادێکی دادپەروەرانە بدەن».25لەبەر ئەوە هەندێک لە خەڵکی یۆرشەلایم دەیانگوت: «ئەمە نیە ئەوەی دەیانەوێت بیکوژن؟ 26ئەوەتا بە ئاشکرا قسە دەکات و هیچی پێ ناڵێن. ئایا سەرۆکەکان بەڕاستی بۆیان دەرکەوتووە کە ئەمە مەسیحەکەیە؟ 27کاتێک مەسیحەکە دێت کەس نازانێت لە کوێوە دێت، بەڵام ئێمە بنەچەی دەزانین!»28یەشوا لە پەرستگا بەردەوام بوو، لەسەر فێرکردنی خەڵکی و هاواری دەکرد، دەیفەرموو: « ئێوە دەمناسن و دەزانن هی کوێم! لە خۆمەوە نەهاتووم، بەڵام ئەوەی منی ناردووە ڕاستە، ئێوە نایناسن. 29بەڵام من دەیناسم، چونکە لە ئەوم و ئەویش منی ناردووە».30لەبەر ئەوە هەوڵیان دەدا بیگرن، بەڵام کەس دەستی بۆ درێژ نەکرد، چونکە هێشتا کاتی نەهاتبوو. 31زۆر لە خەڵکەکەش باوەڕیان پێی هێنا، و گوتیان: «ئایا کاتێک مەسیحەکە، دێت، پەرجووی زیاتر دەکات لەوەی ئەم کردوویەتی؟» 32فەریسییەکان گوێیان لێبوو کە خەڵکەکە لەبارەی یەشواوە چرپەچرپ دەکەن، کاهینانی باڵا و فەریسییەکان پاسەوانیان نارد تاوەکو بیگرن.33یەشوا پێی گوتن: «ماوەیەکی کەمم لەگەڵتان ماوە، ئینجا دەچمەوە لای ئەوەی ناردوومی. 34بەدوامدا دەگەڕێن بەڵام نامدۆزنەوە، هەروەها ناتوانن بێن بۆ ئەو شوێنەی من لێی دەبم».35ئیتر یەهودییەکان لەنێو خۆیاندا پرسیاریان دەکرد: «ئەمە بە نیازە بۆ کوێ بڕوات کە ناتوانین بیدۆزینەوە؟ ئایا بۆ شارە یۆنانییەکان دەڕوات، کە یەهودیەکانی، تێدا بڵاو بۆتەوە تاکو یۆنانییەکان فێر بکات؟ 36مەبەستی لەم قسەیە چییە : داوام دەکەن بەڵام نامدۆزنەوە، و ناتوانن بێن بۆ ئەو شوێنەی من لێی دەبم؟»37لە گەورەترین کۆتا ڕۆژی جەژندا، یەشوا ڕاوەستا و بەدەنگی بەرز فەرمووی: «ئەگەر یەکێک تینووی بوو با بێتە لام و بخواتەوە. 38وەک لەپەرتوکەکەدا هاتوە، ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت لە ناخییەوە ڕووبارەکانی ئاوی ژیان دەڕوات».39یەشوا ئەمەی گوت مەبەستی لە گیانی پیرۆز بوو کە ئەوانەی باوەڕی پێدەهێنن دواتر وەریدەگرن. بەڵام هێشتا گیانی پیرۆز نەدرابوو چونکە یەشوا شکۆمەند نەببوو.40ئامادەبوان کە گوێیان لەم قسانە بوو، گوتیان: «ئەمە بە ڕاستی پێغەمبەرەکەیە». 41هەندێکی دیکە گوتیان: «ئەمە مەسیحەکەیە». بەڵام هەندێک گوتیان: «ئایا مەسیحەکە لە گەلیلی دەردەکەوێت؟ 42ئایا پەرتووکەکە نافەرمووێت کە مەسیحەکە لە ڕەچەڵەکی داڤید، و لە بێت لەخمەوە دێت، ئەو گوندەی کە داڤیدی لێبوو؟»43بۆیە بەهۆی ئەوەوە دووبەرەکی کەوتە نێوان خەڵکەکە. 44هەندێک لەوان ویستیان بیگرن؛ بەڵام کەس دەستی بۆ نەبرد.45پاسەوانەکان گەڕانەوە لای سەرۆکی کاهینەکان و فەریسییەکان، ئەوانیش لێیان پرسین: «بۆچی نەتانهێنا؟» 46وەڵامیان دایەوە: «هەرگیز کەس وەک ئەمە قسەی نەکردووە!»47بەتوڕەیی وەڵامیان دانەوە: «ئایا ئێوەش گومڕا بوون؟ 48باشە کەست دیوە لە سەرۆکەکان یان فەریسییەکان باوەڕی پێ هێنابێت؟ 49تەنها ئەم خەڵکانە نەبێت کە لە تەورات نازانن نەفرەتیان لێبێت!»50نیکۆدیمۆس یەکێک بوو لەوان، کە پێشتر بەشەو هاتبووە لای یەشوا، 51پێیگوتن: « پێتان وایە تەوراتمان داوەری یەکێک دەکات پێش ئەوەی گوێی لێ بگرێت و بزانرێت تاوانەکەی چیە؟» 52وەڵامیان دایەوە: «تۆش گەلیلیت؟ پەرتوکەکە بخوێنەوە بزانە کە هیچ پێغەمبەرێک لە گەلیلی دەرناکەوێت!»53ئیتر هەریەکە چووەوە ماڵی خۆی.
1بەڵام یەشوا، چوو بۆ کێوی زەیتوون. 2لە بەرەبەیاندا گەڕایەوە پەرستگا، خەڵکێکی زۆر، لەدەوری کۆبوونەوە ئەویش دانیشت و دەستی کرد بە فێرکردنیان. 3مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان ژنێکیان هێنا کە لە کاتی داوێنپیسیدا گیرابوو، لە ناوەڕاستی خەڵکەکە ڕایانگرت،4پێیان گوت: «مامۆستا، ئەم ژنە لە کاتی ئەنجامدانی داوێنپیسیدا گیراوە. 5موشە لە تەوراتدا ڕایسپاردووین کەسی ئاوا بەردباران بکرێت، تۆ لەم بارەوە چی دەڵێیت؟» 6ئەمەیان بۆ تاقیکردنەوەی یەشوا گوت، تاکو تاوانباری بکەن و داوەری بکەن. بەڵام یەشوا خۆی چەماندەوەو بە پەنجە دەستی کرد بە نووسین لەسەر زەوی.7کاتێک ئەوان پێداگیریان کرد لە پرسیارەکە، یەشوا هەستایەوە و پێی فەرموون: «کێ لەئێوە بێ گوناهە با یەکەم جار بەردی تێبگرێت!» 8دیسان خۆی چەماندەوە و دەستی کردەوە بە نووسین لەسەر زەوی.9کە گوێیان لەو قسەیە بوو یەک لەدوای یەک پاشەکشەیان کرد، سەرەتا لە پیرانەوە. ئەوسا یەشوا بە تەنها مایەوە، ژنەکەش لەوێ ڕاوەستابوو. 10یەشوا هەستا و پێی فەرموو: «ئەی ژن ئەوان لە کوێن؟ کەس تاوانباری کردیت؟» 11وەڵامی دایەوە : «نەخێر گەورەم». یەشوا پێی فەرموو: «منیش تاوانبارت ناکەم. بڕۆ ئیتر مەگەڕێوە سەر گوناهەکەت!»12دیسانەوە یەشوا قسەی بۆ کردن و فەرمووی: «من ڕووناکی جیهانم. ئەوەی دوام بکەوێت هەرگیز بە تاریکیدا ناڕوات بەڵکو ڕووناکی ژیانی دەبێت». 13فەریسییەکان بەرهەڵستیان کرد و پێیان گوت: «تەنها خۆت شایەتی بۆ خۆت دەدەیت، شایەتییەکەت ڕاست نیە».14وەڵامی دانەوە: «لەگەڵ ئەوەی شایەتی بۆ خۆم دەدەم شایەتییەکەم ڕاستە، چونکە دەزانم لەکوێوە هاتووم و بۆ کوێ دەڕۆم؛ بەڵام ئێوە نازانن من لەکوێوە هاتووم یان بۆ کوێ دەڕۆم. 15ئێوە بەگوێرەی پێوانەکانی مرۆڤ داوەری دەکەن، بەڵام من کەس داوەری ناکەم، 16ئەگەر داوەریش بکەم داوەریەکەم دادپەروەرانەیە، چونکە بە تەنها داوەری ناکەم، بەڵکو من و باوک ئەوەی ناردوومی.17لە تەوراتی ئێوەشدا نووسراوە کە شایەتی دوو کەس ڕاستە: 18من شایەتی بۆ خۆم دەدەم، باوکیش شایەتیم بۆ دەدات ئەوەی ناردوومی».19لێیان پرسی: «باوکت لەکوێیە؟» وەڵامی دانەوە: « ئێوە نە من دەناسن، و نە باوکیشم. ئەگەر منتان بناسیایە ئەوا باوکمتان دەناسی». 20یەشوا ئەو قسانەی فەرموو لە پەرستگا لە نزیک گەنجینەی بەخشین بوو. بەڵام کەس نەیگرت، چونکە هێشتا کاتی نەهاتبوو.21دیسان یەشوا پێی فەرموون: «من دەڕۆم و ئێوە بەدوامدا دەگەڕێن، ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی من بۆی دەچم، بەڵام لەناو گوناهەکانتان دەمرن». 22لەبەر ئەوە یەهودیەکان پرسیاریان کرد و گوتیان: «مەبەستی چیە لەو قسەیەی دەڵێی ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی کە من لێی دەبم؟ ئایا خۆی دەکوژێت؟»23یەشوا وەڵامی دانەوە: «ئێوە هی خوارەوەن. من هی سەرەوەم. ئێوە هی ئەم جیهانەن. من لەو نیم. 24لەبەر ئەوە پێم گوتن: لەناو گوناهەکانتان دەمرن، چونکە ئەگەر باوەڕ نەهێنن کە من ئەوم، ئەوا لەناو گوناهەکانتان دەمرن».25لێیان پرسی: «تۆ کێیت؟»یەشوا وەڵامی دانەوە: «لە سەرەتاوە پێم گوتن! 26زۆر شتم هەیە بیڵێم و ئێوەی پێ تاوانباربکەم. بەڵام ئەوەی ناردوومی جێی متمانەیە، هەرچیم لەو بیستووە بە جیهانی دەڵێم». 27ئەوان تێنەگەیشتن لەوەی یەشوا فەرمووی ئاماژەیە بۆ باوک.28لەبەر ئەوە یەشوا پێی فەرموون: «کاتێک ڕۆڵەی مرۆڤ هەڵدەواسن ئەوسا دەزانن کە من ئەوم، لە خۆمەوە هیچ کارێک ناکەم، بەڵکو بەو جۆرە قسە دەکەم کە باوک فێری کردووم. 29ئەوەی ناردوومی لەگەڵمدایە، و بە تەنها بەجێی نەهێشتووم، چونکە هەمیشە ئەوە دەکەم کە جێی ڕەزامەندی ئەوە». 30کاتێک یەشوا ئەم قسانەی دەکرد، زۆر کەس باوەڕیان پێی هێنا.31یەشوا بەو یەهودیانەی فەرموو کە باوەڕیان پێی هێنابوو: «ئەگەر لەسەر فێرکردنەکانم بچەسپێن، ئەوە بەڕاستی قوتابی منن. 32ڕاستیەکە دەناسن، ڕاستیکە ئازادتان دەکات». 33یەهودیەکان بەرپەرچیان دایەوە: «ئێمە نەوەی ئەڤراهامین، هەرگیز کۆیلەی کەس نەبووین! ئیتر چۆن دەڵێی: ئێوە ئازاد دەبن؟»34یەشوا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەریەکێک گوناهە بکات دەبێتە کۆیلەی گوناهە. 35کۆیلە هەتاهەتایە لە ماڵی گەورەکەی نامێنێتەوە؛ بەڵام کوڕ هەتاهەتایە دەمێنێتەوە. 36ئەگەر ڕۆڵەکە ئازادی کردن ئەوا بە ڕاستی ئازاد دەبن.37من دەزانم ئێوە لە نەوەی ئەڤراهامن. بەڵام هەوڵی کوشتنم دەدەن، چونکە وتەکانم لە دڵی ئێوەدا جێگای نابێتەوە. 38من ئەوە دەڵێم کە لەلای باوکم بینیومە، ئێوەش ئەو کارە دەکەن لە باوکتانەوە بیستووە».39بەناڕەزاییەوە گوتیان: «باوکمان ئەڤراهامە!» ئەویش پێی فەرموون: «ئەگەر ڕۆڵەی ئەڤراهام بوونایە، کردارەکانی ئەڤراهامتان دەکرد. 40بەڵام ئێستا هەوڵی کوشتنی کەسێک دەدەن کە ڕاستی پێ گوتن ئەوەی لە خودا بیستویەتی . ئەڤراهام ئەو کارانەی نەکردووە. 41ئێوە کردارەکانی باوکتان دەکەن!» جا پێیان گوت: « ئێمە بە زۆڵی لەدایک نەبووین. یەک باوکمان هەیە ئەویش خودایە».42یەشوا پێی فەرموون: «ئەگەر خودا باوکتان بووایە منتان خۆشدەویست، چونکە لە خوداوە دەرچووم و هاتووم. لە خۆمەوە نەهاتووم، بەڵکو ئەو ناردوومی. 43بۆچی لە وتەکانم تێناگەن؟ چونکە ئێوە ناتوانن گوێ لە وتەکانم بگرن! 44ئێوە لە شەیتانی باوکتانن، دەتانەوێت ئارەزووەکانی باوکتان جێبەجێ بکەن. ئەو لە سەرەتاوە بکوژی مرۆڤ بووە، لە ڕاستی نەچەسپاوە چونکە ڕاستی لە ئەودا نیە! کاتێک درۆ دەکات ئەوەی تیایەتی دەری دەکات، چونکە درۆزنە و باوکی درۆیە!45هەر بۆیە کاتێک من ڕاستی، دەڵێم ئێوە باوەڕم پێ ناکەن. 46کێ لەئێوە دەتوانێت گوناهێکم لەسەر بسەلمێنێ؟ مادام ڕاستی دەڵێم، بۆچی بەڕاستم نازانن؟ 47ئەوەی بەڕاستی لە خوداوەبێت، گوێ لە وشەی خودا دەگرێت. بەڵام ئێوە وشەی خودا ڕەتدەکەنەوە، چونکە لە خوداوە نین!»48یەهودییەکان گوتیان: «ئایا ئێمە ڕاست ناڵێین کە تۆ سامریت و خێوت تێدایە؟» 49وەڵامی دانەوە: «خێوم تێدا نیە، بەڵام ڕێزی باوکم دەگرم و ئێوەش سووکایەتیم پێ دەکەن.50من داوای شکۆمەندی بۆ خۆم ناکەم، لەوێ یەکێک هەیە کە بۆم داوا دەکات و داوەری دەکات. 51ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر یەکێک گوێڕایەڵی وتەکانم بێت هەرگیز مردن نابینێت».52یەهودییەکان پێیان گوت: «ئێستا زانیمان خێوت تێدایە. ئەڤراهام و پێغەمبەران مردن، کەچی تۆ دەڵێیت ئەوەی گوێڕایەڵی وتەکانم بێت هەرگیز تامی مردن ناکات. 53ئایا تۆ لە ئەڤراهامی باوکمان مەزنتری کە مرد؟ تەنانەت پێغەمبەرانیش مردن؛ خۆت بە چی دەزانیت؟»54وەڵامی دانەوە: «ئەگەر من خۆم شکۆمەند بکەم، ئەوا شکۆمەندییەکەم هیچ نیە، ئەوە باوکمە کە شکۆمەندم دەکات ئەوەی ئێوە دەڵێن خودامانە. 55هەرچەندە ئێوە نایناسن. بەڵام من دەیناسم. ئەگەر بڵێم نایناسم، وەک ئێوە دەبمە درۆزن. بەڵام دەیناسم و کاربە وتەکانی دەکەم. 56ئەڤراهامی باوکتان دڵشاد بوو هیوای بینینی ڕۆژی منی هەبوو، جا ئەو ڕۆژەی بینی و دڵخۆش بوو»57یەهودیەکان پێیان گوت: «تۆ ئێستا تەمەنت نەبووە بە پەنجا ساڵ، ئیتر چۆن دەڵێیت کە ئەڤراهامت بینیوە؟» 58پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: من هەم پێش ئەوەی ئەڤراهام هەببێت». 59بەردیان هەڵگرت تاکو بەردبارانی بکەن، بەڵام یەشوا خۆی ونکردو دەرچوو لە پەرستگا.
1کاتێک یەشوا بە ڕێگادا تێدەپەڕی، پیاوێکی بینی کە بە زگماک نابینا بوو، 2قوتابییەکانی لێیان پرسی: «مامۆستا، کێ گوناهەی کردووە: ئەم پیاوە یان دایک و باوکی، کە بە نابینایی لەدایک بووە؟»3یەشوا وەڵامی دانەوە: «نە ئەمە گوناهی کردووە نە دایک و باوکی، بەڵکو تاکو کارەکانی خودای تێدا بەدەرکەوێت. 4هەتا ڕۆژە لەسەرمە کاری ئەوە بکەم کە ناردوومی چونکە شەو دادێت. و کەس ناتوانێت کاری تێدا بکات. 5مادام لە جیهاندام، من ڕووناکی جیهانم».6ئەمەی فەرموو، و تفی لەسەر خۆڵ کرد، بە تفەکە قوڕی، گرتەوە و خستیە سەر چاوی نابیناکە، 7پێی فەرموو: «بڕۆ لە گۆمی شیلوام خۆت بشۆ»، شیلوام واتا نێردراو. جاڕۆیشت خۆی شوشت و بە چاوی ساغەوە گەڕایەوە.8دراوسێیەکانی پرسیاریان کرد و ئەوانەی پێشتر بینیبوویان سواڵ دەکات گوتیان: «ئەمە ئەوە نیە دادەنیشت و سواڵی دەکرد؟» هەندێک گوتیان: «ئەوە خۆیەتی». 9هەندێکی دیکە گوتیان: «نەخێر، بەڵام لەو دەچێت!» بەڵام ئەو وەڵامی دانەوە و گوتی: «من ئەوم!»10پێیان گوت: «ئەی چۆن چاوت کرایەوە؟» 11وەڵامی دایەوە: «پیاوێک بە ناوی یەشوا، قوڕی گرتەوە و چاومی سواخدا، پێی گوتم : بڕۆ لە گۆمی شیلوام خۆت بشۆ. منیش ڕۆیشتم خۆمم شوشت بینایم بۆگەڕایەوە!» 12لێیان پرسی: «ئێستا ئەو لەکوێیە؟» گوتی: «نازانم!»13ئەو پیاوەی پێشتر نابینا بوو بردیانە لای فەریسییەکان. 14ئەو ڕۆژەی کە یەشوا قوڕەکەی گرتەوە و چاوی کردەوە شەبات بوو. 15لەبەر ئەوە فەریسییەکان لێیان پرسی کە چۆن چاوی چاک بۆتەوە. پیاوەکە وەڵامی دانەوە: «قوڕی خستە سەر چاوم، منیش شوشتم، وا ئێستا دەبینم!»16هەندێک لە فەریسییەکان گوتیان: «ئەم پیاوە نابێت لەخوداوە بێت، چونکە شەبات ناپارێزێت». بەڵام هەندێکیان گوتیان: «چۆن پیاوێکی گوناهبار دەتوانێت پەرجووی لەم جۆرە بکات؟» ئیتر دووبەرەکی کەوتە نێوانیان. 17دیسان پرساریان لە نابیناکە کرد: «تۆ دەربارەی ئەو چی دەڵێیت، چونکە چاوی تۆی چاک کردەوە؟» گوتی: «پێغەمبەرە!» 18ڕابەرانی یەهوود باوەڕیان نەکرد کە ئەمە نابینا بووە و ئێستا دەبینێت، جا دایک و باوکی پیاوەکەیان بانگکرد19پرسیاریان لێکردن: «ئایا ئەمە کوڕتانە کە دەڵێن بە نابینایی لەدایک بووە؟ ئەی ئێستا چۆن دەبینێت؟» 20دایک و باوکی وەڵامیان دایەوە: «دەزانین ئەمە کوڕمانە و بە نەبینایی لەدایک بووە. 21بەڵام نازانین ئێستا چۆن دەبینێت، وە کێ چاوی چاک کردۆتەوە. لێی بپرسن، ئەو گەورەیه، لەبارەی خۆیەوە وڵامتان دەداتەوە!»22دایک و باوکی ئەمەیان گوت لە ترسی ڕابەرانی یەهوود، چونکە یەهودیەکان کۆک بوون لەسەر ئەوەی هەرکەسێک دانبنێت کە یەشوا مەسیحەکەیە، لە کەنیشت دەریبەکەن. 23لەبەر ئەوە دایک و باوکی گوتیان: «ئەو گەورەیە، لە خۆی بپرسن».24دیسان فەریسییەکان، ئەو پیاوەی پێشتر نابینا بوو بانگیان کرد، و پێیان گوت: «شکۆمەندی بۆخودا! ئێمە دەزانین ئەم پیاوە گوناهبارە». 25وەڵامی دایەوە: «ئەو گوناهبارە، ئەوە نازانم! تەنها یەک شت دەزانم،: من نابینا بووم و ئێستا دەبینم!»26دووبارە لێیان پرسی: «چی لێکردیت؟ چۆن چاوی تۆی کردەوە؟» 27وەڵامی دانەوە: «پێم گوتن گوێتان لێ نەگرتم، بۆچی دیسان دەتانەوێ ببیستن؟ ئێوەش دەتانەوێ ببنە قوتابی ئەو؟» 28جوێنیان پێیدا و پێیان گوت: «تۆ قوتابی ئەویت! بەڵام ئێمە قوتابی موشەین. 29ئێمە دەزانین موشە لەگەڵ خودا قسەی کرد؛ بەڵام نازانین ئەوە لە کوێوە هاتوە!»30پیاوەکە وەڵامی دانەوە: «ئەمە شتێکی سەیرە! ئەو چاوی کردوومەتەوە، ئێوەش دەڵێن نازانین ئەو لەکوێوە هاتووە! 31ئێمە دەزانین خودا وەڵامی گوناهباران ناداتەوە، بەڵام گوێ لە یەکێک دەگرێت خۆپارێز بێت و خواستی پەیڕەو بکات،32بەدرێژایی نەوەکان نەبیستراوە یەکێک چاوی بە زگماک نابینا بکاتەوە! 33ئەگەر ئەوە لە خوداوە نەبێت، نەیدەتوانی هیچ شتێک بکات». 34هاواریان بە سەریدا کرد: «تۆ بە تەواوی لە گوناهە لەدایک بوویت تۆ فێرمان دەکەیت!» جا دەریانکردە دەرەوەی کەنیشت.35یەشوا بیستی دەریانکردۆتە دەرەوە، دۆزییەوە و پێی فەرموو: «باوەڕ بە ڕۆڵەی خودا دەکەیت؟» 36وەڵامی دایەوە: «گەورەم ئەوە کێیە تاکو باوەڕی پێ بکەم؟» 37یەشوا پێی فەرموو: «ئەوەی بینیوتە، ئەوەی قسەت لەگەڵ دەکات، ئەوە خۆیەتی!» 38ئەویش گوتی: «پەروەردگارم باوەڕ دەکەم!» ئینجا کڕنۆشی بۆ برد.39یەشوا فەرمووی: «بۆ داوەری هاتوومەتە ئەم جیهانە: تاکو ئەوانەی نابینان ببینن، و ئەوانەی دەبینن کوێربن!» 40هەندێک فەریسی کە لەگەڵی بوون گوێیان لەمە بوو لێیان پرسی: «ئایا ئێمەش کوێرین؟» 41یەشوا وەڵامی دانەوە: «ئەگەر ئێوە بەڕاستی کوێر بوونایە گوناهتان نەدەبوو. بەڵام ئێوە بانگەشەی ئەوە دەکەن دەبینین، لەبەر ئەوە گوناهەکەتان دەمێنێتەوە».
1«ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی لە دەرگاوە نەچێتە ناو گەوەڕی مەڕەکان بەڵکو بە ڕێگایەکی دیکەدا بۆی سەربکەوێت، ئەوە دز و جەردەیە. 2بەڵام ئەوەی لە دەرگاوە بچێتە ژوورەوە ئەوە شوانی مەڕەکانە،3دەرگاوانیش دەرگاکەی لێ دەکاتەوە، مەڕەکانیش گوێ لە دەنگی دەگرن، بە ناو بانگی مەڕەکانی خۆی دەکات، و دەیانباتە دەرەوەی گەوەڕەکە. 4کاتێک هەموو ئەوانەی خۆی هێنایە دەرەوە، لەپێشیانەوە دەڕوات، و ئەوانیش شوێنی دەکەون، چونکە دەنگی دەناسنەوە.5هەرگیز شوێنی کەسێکی نامۆ ناکەون، بەڵکو لێی هەڵدێن، چونکە دەنگی نامۆکان ناناسن». 6یەشوا ئەم نموونەیەی بۆ گێڕانەوە، بەڵام ئەوان لە مەبەستی وتەکانی نەگەیشتن.7دیسانەوە فەرمووی: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: منم دەرگای مەڕەکان. 8هەموو ئەوانەی پێش من هاتوون دز و جەردە بوون، بەڵام مەڕەکان گوێیان لێ نەگرتن.9من دەرگاکەم. ئەوەی لە منەوە بڕواتە ژوورەوە ڕزگاری دەبێت، دێتە ژوورەوە و دەچێتە دەرەوە و لەوەڕگا دەدۆزێتەوە. 10دز نایەت بۆ دزین و کوشتن و لەناوبردن نەبێت. بەڵام من هاتووم تاکو ئەوان ژیانیان هەبێت، ژیانێکی تێرو پڕ!11«منم شوانە چاکەکە. شوانی چاک ژیانی خۆی لە پێناوی مەڕەکاندا دەبەخشێت. 12بەکرێگیراویش وەک شوانی مەڕەکان نیە، ومەڕەکانیش هی ئەو نین. کاتێک دەبینێت گورگ دێت، مەڕەکان بەجێدەهێڵێت و خۆی قوتاردەکات، گورگیش مەڕەکان دەبات و پەرتەوازەیان دەکات. 13کابرا ڕادەکات چونکە بەکرێگیراوە و خەمی مەڕەکانی نیە!14من ئەوم شوانە چاکەکە، مەڕی خۆم دەناسم و ئەوانیش من دەناسن، 15هەروەک چۆن باوک دەمناسێت منیش باوک دەناسم. ژیانم بۆ مەڕەکانم دەبەخشم. 16هەروەها مەڕی دیکەم هەیە کە سەربەم پشتیرە نین، دەبێت ئەوانیش کۆبکەمەوە، گوێیان لە دەنگم دەبێت؛ جا دەبنە یەک مێگەل و یەک شوان.17لەبەر ئەوە باوک منی خۆشدەوێت چونکە ژیانی خۆم دەبەخشم تاکو وەریبگرمەوە. 18کەس ژیانم لێ ناستێنێت، بەڵکو خۆم دەیبەخشم. دەسەڵاتم هەیە بیبەخشم و دەسەڵاتم هەیە بیگەڕێنمەوە. ئەم ڕاسپاردەیەم لە باوکمەوە وەرگرتووە».19یەهودیەکان بونە دووبەش لەبارەی ئەم قسانەوە. 20زۆرێک لەوان گوتیان: «خێوی تیدایەو وڕێنە دەکات. بۆچی گوێی لێ دەگرن؟» 21هەندێکی دیکەیان گوتیان: «ئەمە قسەی کەسێک نیە کە خێوی تێدابێت. ئایا خێو دەتوانێت چاوی نابینایەک بکاتەوە؟»22وە لە کاتی ئاهەنگ بەبۆنەی نوێکردنەوەی پەرستگاکەدا، لە وەرزی زستاندا، 23یەشوا لە پەرستگا لەناو هۆڵی شلۆمۆ پیاسەی دەکرد. 24یەهودیەکان لەدەوری کۆبوونەوە و پێیان گوت: «هەتا کەی لە گومان دەمانهێڵیتەوە؟ ئەگەر تۆ مەسیحەکەیت، بە ڕاشکاوی پێمان بڵێ».25یەشوا وەڵامی دانەوە: «پێم گوتن، بەڵام باوەڕ ناکەن. ئەو کارانەی بە ناوی باوکمەوە دەیکەم، شایەتیم بۆ دەدەن. 26بەڵام ئێوە باوەڕم پێ ناکەن چونکە لە مەڕەکانم نین.27مەڕەکانم گوێ لە دەنگم دەگرن، منیش دەیانناسم و ئەوانیش بەدوام دەکەون، 28ژیانی هەتاهەتاییان دەدەمێ، و هەرگیز لەناو ناچن، کەسیش لە دەستم نایانڕفێنێت.29ئەوباوکەی کە بە منی داون لە هەمووان مەزنترە، کەس ناتوانێت لە دەستی باوکم هیچ شتێک بڕفێنێت. 30من و باوک یەکین!» 31یەهودیەکان، دووبارە، بەردیان هەڵگرت تاکو بەرد بارانی بکەن.32یەشوا پێی فەرموون: «زۆر کاری چاکم لەلایەن باوکمەوە پیشاندان، بەهۆی کامیانەوە بەردبارانم دەکەن؟» 33وەڵامیان دایەوە: «لەبەر هیچ کارێکی چاک بەردبارانت ناکەین، بەڵکو بەهۆی کوفرکردنتەوە: چونکە تۆ مرۆڤیت، و خۆت دەکەیت بە خودا!»34یەشوا پێی فەرموون: «ئایا لە تەوڕاتەکەتان نەنووسراوە: من پێم گوتن: ئێوە خوداوەندەکانن؟ 35ئەگەر تەوڕاتەکە ئەوانە بە خوداوەندەکان بانگ بکات کە وشەی خودایان بۆ هاتووەتە خوارەوە ناکرێت پەرتوکەکەش هەڵبوەشێتەوە 36ئایا بەوە دەڵێن کە باوک دەسنیشانی کردوە و ناردوویەتی بۆ جیهان: تۆ کفر دەکەیت، چونکە گوتم: من ڕۆڵەی خودام؟37ئەگەر کارەکانی باوکم ئەنجام نەدەم، باوەڕم پێ مەکەن. 38بەڵام ئەگەر ئەو کارانە ئەنجام بدەم، هەرچەندە باوەڕیشم پێ ناکەن، باوەڕ بەو کارانە بکەن تاکو بزانن و تێبگەن کە باوک لە مندایە و منیش لە باوکدام». 39دووبارە ویستیان بیگرن، بەڵام لە دەستیان دەربازی بوو،40ئینجا ڕۆشتە ئەوبەری ڕووباری ئەردەن، لەوێ نیشتەجێ بوو، ئەو شوێنەی کە یۆخەنان خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا. 41خەڵکێکی زۆر هاتنە لای و دەیانگوت: «یۆخەنان یەک پەرجووی نەکرد، بەڵام هەرچی دەربارەی ئەم پیاوە گوتی ڕاست بوو!» 42لەوێ خەڵکێکی زۆر باوەڕیان پێهێنا.
1کەسێک نەخۆش کەوت ناوی ئیلعازار بوو، خەڵکی بێتئەنیا بوو. گوندی میریام و مارتای خوشکی. 2میریام ئەوەبوو کە مەسیحی پەروەردگاری بە بۆن چەور کرد بە پرچی پێیەکانی سڕییەوە، ئیلعازار نەخۆشەکە برای بوو.3خوشکەکان هەواڵیان بۆ یەشوا نارد و گوتیان: «گەورەم، ئەوەی تۆ خۆشت دەوێ نەخۆشە». 4کاتێک یەشوا ئەمەی بیست فەرمووی: «ئەم نەخۆشییە بەمردن کۆتایی نایەت، بەڵکو دەبێتە شکۆمەند کردنی خودا، تاکو بەهۆیەوە ڕۆڵەی خودا شکۆمەند دەبێت».5لەگەڵ ئەوەی یەشوا مارتا و خوشکەکەی و ئیلعازاری خۆش دەویست، 6کاتێک بیستی نەخۆشە دوو ڕۆژی دیکە لەو شوێنەی لێی بوو مایەوە. 7دوای ئەمە بە قوتابییەکانی فەرموو: «با بگەڕێینەوە بۆ ناوچەی یەهودیا!»8قوتابییەکان پێیان گوت: « مامۆستا، ماوەیەک لەمەوبەر یەهوودییەکانی ئەوێ، دەیانویست بەردبارانت بکەن دیسان دەگەڕێتەوە ئەوێ؟» 9یەشوا وەڵامی دایەوە: «ئایا ڕۆژ دوازدە کاتژمێر نیە؟ ئەوەی بە ڕۆژ بڕوات پێی هەڵناکەوێت چونکە ڕووناکی ئەم جیهانە دەبینێت.10بەڵام ئەوەی بە شەو بڕوات پێی هەڵ دەخڵیسکێت، چونکە ڕووناکی تێدا نیە». 11پاشان پێی فەرموون: «ئیلعازاری دۆستمان نوستووە، بەڵام دەڕۆم تاکو خەبەری بکەمەوە».12قوتابییەکان گوتیان: «گەورەم، ئەگەر ئەو نوستووە، هەڵدەستێتەوە». 13یەشوا باسی مردنی ئەوی کرد؛ بەڵام ئەوان وایانزانی باس لە نوستنی ئاسایی دەکات. 14یەشوا بە ئاشکرا پێی فەرموون: «ئیلعازار مردووە.15لەبەر ئێوە دڵشادم کە لەوێ نەبووم، تاکو باوەڕ بهێنن. وەرن با بڕۆین بۆ لای!» 16تۆما، کە بە دووانە بانگ دەکرا، بە قوتابییە هاوەڵەکانی گوت: «با ئێمەش لەگەڵ ئەودا بڕۆین تاکو (لەگەڵی بمرین).17کاتێک یەشوا گەیشتە بێت عەنیا، ئیلیعازار چوار ڕۆژ بوو نێژرابوو. 18بێتئەنیاش نزیکەی پازدە تیرهاوێژ (سێ کیلۆمەتر). لە یۆرشەلایم دوور بوو. 19ژمارەیەکی زۆر لەو یەهوودییانەی هاتبوونە لای مارتا و میریام تاکو سەرەخۆشی براکەیان لێ بکەن. 20مارتا کە بیستی یەشوا هاتووە، بەرەو پیری چوو، بەڵام میریام لە ماڵەوە مایەوە.21مارتا بە یەشوای گوت: «گەورەم، ئەگەر لێرە بوویتایە، براکەم نەدەمرد. 22من دڵنیام هەرچی لە خودا داوا بکەیت پێتدەدات». 23یەشوا پێی فەرموو: «براکەت هەڵدەستێتەوە».24مارتا پێی گوت: «دەزانم لە زیندووبوونەوەی ڕۆژی دواییدا هەڵدەستێندرێتەوە!» 25یەشوا وەڵامی دایەوە: «منم هەستانەوە و ژیانەکە. ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەگەر بشمرێت زیندوو دەبێتەوە. 26وە هەرکەسێک کە زیندووە و باوەڕم پێ بهێنێت، هەرگیز نامرێت. باوەڕ بەمە دەکەیت؟»27وەڵامی دایەوە: «بەڵێ گەورەم. باوەڕم هێناوە کە تۆ مەسیحەکەیت ڕۆڵەی خودای ئەوەی دێت بۆ جیهان!» 28ئەوەی گوت، چوو میریامی خوشکی بانگکرد، و بە نهێنی پێی گوت: «مامۆستا لێرەیە، بانگت دەکات!» 29میریام کە ئەمەی بیست خێرا هەستا، و هاتە لای یەشوا.30یەشوا هێشتا نەهاتبووە ناو گوندەکە، بەڵکو لەو شوێنە بوو کە مارتای لێ بینی. 31ئەو یەهودییانەی، لە ماڵەوە لەگەڵی بوون و دڵنەواییان دەکرد، بینییان خێرا هەستا و چووە دەرەوە، شوێنی کەوتن، وایانزانی دەچێتە سەر گۆڕەکە تاکو لەوێ بگریت. 32کاتێک میریام گەیشتە ئەو شوێنەی یەشوای لێبوو و ئەوی بینی، بەسەر پێیدا کەوت و پێی گوت: «گەورەم، ئەگەر تۆ لێرە بوویتایە، براکەم نەدەمرد!»33یەشوا کە بینی دەگری و ئەو یەهودیانەش کە لەگەڵی هاتبوون دەگرین، دڵی زۆر پربوو لە پەژارە، 34پرسیاری کرد: «لەکوێتان داناوە؟» وەڵامیان دایەوە: «گەورەم، وەرە و ببینە!» 35لەوکاتە یەشوا گریا.36یەهوودییەکان بە یەکتریان گوت: «سەیر بکەن، چەندی خۆشدەویست!» 37بەڵام هەندێکیان گوتیان: «ئەمە کە چاوی نابیناکەی کردەوە ئایا نەیدەتوانی وای بکردایە ئەمیش نەمردایە؟»38دووبارە یەشوا لە دڵەوە توشی پەژارەبوو. لە گۆڕەکە نزیک کەوتەوە، کە ئەشکەوتێک بوو بەردێکی گەوەرەی سەرخرابوو. 39فەرمووی: «بەردەکە لادەن!» مارتا پێی گوت: «پەروەردگار، ئەوە ڕۆژی چوارەمە، بۆگەنی کردووە» 40یەشوا پێی فەرموو: «ئەی پێم نەگوتی: ئەگەر باوەڕ بکەیت شکۆمەندی خودا دەبینیت؟»41ئەوسا بەردەکەیان لابرد، یەشوا چاوی هەڵبڕی بۆ ئاسمان و فەرمووی: «باوکە، سوپاست دەکەم کە گوێت لێ گرتم، 42دەمزانی کە تۆ هەمیشە گوێم لێ دەگریت. بەڵام لەبەر ئەو خەڵکەی لەم ناوە ڕاوەستاون ئەمەم گوت تاکو باوەڕ بکەن کە تۆ منت ناردووە».43کە ئەمەی فەرموو بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «ئیلعازار وەرە دەرەوە!» 44ئەوسا مردووەکە هاتە دەرەوە، دەست و قاچی بە کفن بەسترابوو، ڕووشی بە دەسماڵێک پێچرابوو. یەشوا بەوانەی دەوری فەرموو: «بیکەنەوە، بهێڵن با بڕوات!»45زۆر لە و یەهوودییانەی کە بۆ دڵنەوایی هاتبونە لای میریام ئەمەیان بینی کە یەشوا کردی، باوەڕیان پێهێنا. 46بەڵام هەندێکیان چوونە لای فەریسییەکان و ئەوەی یەشوا ئەنجامی دابوو پێیان ڕاگەیاندن.47سەرۆک کاهینان و ئەنجومەنی فەریسییەکان کۆبونەوە،وگوتیان: «چی بکەین؟ چونکە ئەم پیاوە پەرجووی زۆر دەکات. 48ئەگەر بەم شێوەیە وازی لێبهێنین هەموو خەڵکەکە باوەڕی پێ دەهێنن، ڕۆمانییەکانیش دێن پەرستگای پیرۆزمان دەڕووخێنن و نەتەوەکەمان لەناو دەچێت!»49یەکێک لەوانە، بە ناوی کەیافا ئەو ساڵە سەرۆکی کاهینان بوو پێی گوتن: «ئێوە هیچ نازانن! 50تێناگەن وا باشترە پیاوێک لە جیاتی گەل بمرێت لەوەی هەموو گەلەکەمان لەناوبچێت».51قیافا ئەوەی لە خۆیەوە نەگوت، بەڵکو لەو ساڵەدا سەرۆکی کاهینان بوو، پێشبینیی کرد کە یەشوا لە جیاتی گەل دەمرێت، 52نەک تەنها لە جیاتی ئەو گەلە، بەڵکو تاکو ڕۆڵەکانی خودا کە پەرتەوازە بوون کۆیانبکاتەوە و بیانکات بەیەک. 53لەوڕۆژەوە یەهوودییەکان بڕیاریاندا یەشوا بکوژن.54لەپاش ئەوە چیتر یەشوا بە ئاشکرا نەدەگەڕا، بەڵکو چوە شارێک ناوی ئەفرایم بوو، کە نزیک چۆڵەوانی بوو، لەگەڵ قوتابییەکانی لەوێ مایەوە. 55ئەوکاتە جەژنی پەسخەی یەهوودییەکان نزیک ببۆوەو، زۆر کەس لەگوندەکانەوە هاتبوون بۆ یۆرشەلایم بۆ مەڕاسمی پاک بوونەوە لە پێش جەژن.56جا بە شوێن یەشوا دەگەڕان، کاتێک لە پەرستگا کۆببونەوە پرساریان لە یەکترکرد دەیان گوت: «ڕاتان چییە؟ ئایا بۆ جەژنەکە نایەت؟» 57سەرۆک کاهینەکان و فەریسییەکان فەرمانێکیان دەرکردبوو کە هەرکەسێک یەشوا بدۆزێتەوە ئاگاداریان بکانەوە تاکو بیگرن.
1شەش ڕۆژ پێش جەژنی پەسخە یەشوا هاتە بەیت ئەنیا، زێدی ئیلعازار کە لە مردن هەڵیساندبۆوە. 2بۆیە ئێوارەخوانێکی بۆ پێشکەش کرا، و مارتاش خزمەتی کرد، و ئیلعازار یەکێک بوو لەوانەی لەگەڵیدا پاڵی دابۆوە. 3میریام مەنایەک (واتە یەک لەسەر سێی لیترێک) لە بۆنی بێگەرد هێنا کە زۆر گران بەهایە، پێیەکانی یەشوای پێ چەورکرد، پاشان بە پرچی سڕییەوە، بۆنە خۆشەکەی هەموو ماڵەکەی پڕکرد.4یەکێک لە قوتابییەکان، بە ناوی یەهودای ئیسخاریۆتی، ئەوەی بەتەمابوو ناپاکی لە یەشوا بکات، گوتی: 5«بۆچی ئەم بۆنەتان بە سێ سەد دینار نەفرۆشت و بەسەر هەژارەکاندا دابەشتان بکردایە؟» 6ئەمەی نەگوت لەبەر ئەوەی بەزەیی بە هەژاراندا دەهاتەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی دزبوو، چونکە ئەمینداری گەنجینە بوو گەندەڵی لەو شتانە دەکرد کە دەیان خستە ناوی.7یەشوا وەڵامی دایەوە: «وازی لێبێنن! ئەمەی بۆ ڕۆژی ناشتنم پاراستبوو، 8چونکە هەژاران هەمووکات لەگەڵتانن؛ بەڵام من هەمووکات لەلاتان نیم».9ژمارەیەکی زۆر لە یەهودیەکان زانییان یەشوا لە بێت ئەنیایە، هاتن نەک تەنها بۆ بینینی یەشوا، بەڵکو ئیلعازاریش کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە. 10سەرۆک کاهینەکانیش بڕیاریاندا کە ئیلعازارش بکوژن، 11چونکە ژمارەیەکی زۆر لە یەهودیەکان وازیان لێ دەهێنانن و باوەڕیان بەیەشوا دەهێنا.12بۆ ڕۆژی دواتر، جەماوەرێکی زۆر لە خەڵک کە هاتبوون بۆ جەژن، زانییان کە یەشوا دێت بۆ یۆرشەلایم. 13لقە داری خورمایان برد و بەرەوپیری چوون، هاواریان دەکرد: «هوشیەنا! پیرۆزە ئەوەی بە ناوی پەروەردگار دێت! ئەوە پاشاکەی یەسرائیلە!»14یەشوا جاشکێکی بینی سواری بوو، وەک نووسراوە: 15«مەترسە ئەی کچی سەهیۆن، ئەوەتا پاشایەک بۆلات دێت بە سواری جاشی ماکەرێک».16قوتابییەکانی لەسەرتادا لەمانە تێنەگەیشتن ئەوە هاتنەدی پێشبینیەکان بوو. بەڵام پاش ئەوەی یەشوا شکۆمەند کرا بیریان کەوتەوە کە ئەمانە لەسەر ئەو نووسراون، ئەوانیش ئەمەیان لەپێناوی ئەودا کردووە.17هەموو ئەو خەڵکەش کە لەگەڵی بوون کاتێک ئیلعازاری لەناو گۆڕەکەوە بانگکرد و لەنێو مردوواندا هەڵیستاندەوە، شایەتییان بۆی دەدا. 18لەبەر ئەوە بوو خەڵکەکە چوونە دەرەوە بۆ ئەوەی پێشوازیی لێ بکەن، چونکە بیستیان ئەو پەرجووی کردووە. 19فەریسییەکانیش بە یەکتریان گوت: «دەبینن هیچمان لە دەست نایەت؟ ئەوەتا هەموو جیهان شوێنی کەوتووە!»20هەندێک یۆنانی لەنێو ئەوانە بوون کە هاتبوونە یۆرشەلایم لە جەژندا خواپەرستی بکەن، 21ئەوان هاتنە لای فیلیپۆس، ئەوەی خەڵکی بێت سیدۆنی گەلیلی بوو، پێیان گوت: «گەورەم، دەمانەوێت یەشوا ببینین». 22فیلیپۆس هات و بە ئاندریای گوت، ئینجا بەیەکەوە چون و بە یەشوا یان گوت.23یەشوا پێی فەرموون: «کاتی شکۆمەندبوونی ڕۆڵەی مرۆڤ نزیک بۆتەوە. 24ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: دەنکە گەنم ئەگەر نەکەوێتە ناو زەوی و نەمرێت، بە تەنها دەمێنێتەوە. بەڵام کە مرد، ئەوسا بەرهەمی زۆر دەدات.25ئەوەی دەست بە ژیانیەوە بگرێت، دەیدۆڕێنێت. ئەوەی لەم جیهانەدا دەستی لێبەردات، ئەوا بۆ هەتاهەتایە ژیانی دەپارێزێت. 26ئەوەی بیەوێت خزمەتم بکات با شوێنم بکەوێت. ئیتر من لە هەر شوێنێک بم خزمەتکاریشم لەوێیە. ئەگەر یەکێک خزمەتم بکات باوکم ڕێزی لێ دەگرێت.27دەرونم ئێستا خەمبارە، چی بڵێم؟ باوکە لەم کاتەی دێت ڕزگارم بکە؟ بەڵام نەخێر! بۆ ئەم کاتە هاتووم. 28ئەی باوک، ناوت شکۆمەند بکە!» دەنگێک لە ئاسمانەوە وەڵامی دایەوە: «شکۆمەندم کردووە و شکۆمەندی دەکەمەوە.» 29هەندێک لە ئامادەبووان گوێیان لێبوو گوتیان: «هەورەتریشقە بوو!» هەندێکی دیکەیان گوتیان: «فریشتەیەک بوو قسەی لەگەڵ کرد».30یەشوا فەرمووی: «ئەو دەنگەی هات لەبەر من نەبوو بەڵکو بۆ ئێوە بوو. 31ئێستا کاتی داوەری کردنی ئەم جیهانەیە! ئێستا سەرۆکی ئەم جیهانە دەردەکرێتە دەرەوە!32کاتێک لە زەوییەوە بەرز دەبمەوە ئەوا هەمووان بۆ لای خۆم ڕادەکێشم». 33ئەمەی گوت ئاماژەی بەو مردنەکەی کرد کە دەمرێت.34هەندێک لە ئامادەبووان دەیانگوت: «تەوڕات فێری کردین کە مەسیح هەتاهەتایە دەژی، کەواتە چۆن دەڵێت کوڕی مرۆڤ دەبێت هەڵبواسرێت؟ ئەم ڕۆڵەی مرۆڤە کێیە؟» 35یەشوا پێی فەرموون: «ڕووناکییەکە ماوەیەکی کەمی لەگەڵتان ماوە. کەواتە بەردەوام بە لە ڕۆیشتن تا ڕووناکییەکە بەسەرتدا دەدرەوشێتەوە، نەوەک تاریکیتان بەسەردابێت، چونکە ئەوەی لە تاریکیدا دەڕوات نازانێت بۆ کوێ دەڕوات. 36مادام ڕووناکییەکە لەگەڵتانە، باوەڕ بە ڕووناکییەکە بکەن. تا ببنە ڕۆڵەی ڕووناکیەکە». دوای ئەوەی یەشوا ئەمەی فەرموو، خۆی ونکرد.37لەگەڵ ئەوەی پەرجووی زۆری لەبەردەمیان کرد، بەڵام باوەڕیان پێ نەهێنا، 38تاکو وتەی ئیشایا پێغەمبەر بێتە دی کە گوتی:«ئەی پەروەردگار کێ باوەڕی بە وتەکەمان کرد؟ و دەستی پەروەردگار بۆ کێ دەرکەوت؟»39لەبەر ئەوە نەیانتوانی باوەڕ بهێنن، چونکە ئیشایا لە شوێنێکی دیکە گوتی: 40«چاویانی کوێر و دڵیانی ڕەق کردووە، بۆ ئەوەی بە چاویان نەبینن و بە دڵیان تێنەگەن، نەوەک بگەڕێنەوە و منیش چاکیان بکەمەوە».41ئیشایا ئەمانەی گوت، چونکە شکۆمەندی پەروەردگاری بینی و باسی کرد. 42هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر لە ڕابەرەکانیش باوەڕیان بەیەشوا هێنا، بێ ئەوەی باوەڕەکەیان ڕابگەیەنن، لەترسی ئەوەی لە کەنیشت دەرنەکرێن، 43چونکە ئەو شکۆمەندییەی لە مرۆڤەکانەوە دێت بە باشتر دەزانن لەو شکۆمەندییەی کە لە خوداوە دێت.44یەشوا بە دەنگی بەرز فەرمووی: «ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەوە باوەڕ بە من ناهێنێت، بەڵکو بەوەی ناردوومی، 45ئەوەش کەدەمبینێت، ئەوە دەبینێت کە ناردوومی46من وەک ڕووناکی هاتوومەتە جیهان، بۆئەوەی هەر کەسێک گوێی لە وتەکانم بگرێت لە تاریکیدا نەمێنێتەوە. 47ئەگەر یەکێک گوێی لە وتەکانم بوو کاری پێ نەکرد، من تاوانباری ناکەم ، چونکە نەهاتووم تاکو جیهان تاوانبار بکەم، بەڵکو جیهان ڕزگار بکەم.48ئەوەی ڕەتم بکاتەوە و وتەکانم وەرنەگرێت، یەکێک هەیە داوەڕی بکات: ئەو قسەیەی کە من کردم لە ڕۆژی دواییدا داوەری دەکات؛ 49من لە خۆمەوە قسەم نەکردووە، بەڵکو ئەو باوکەی کە ناردوومی، بەچی ڕایسپاردووم 50دەزانم ڕاسپاردەی ئەو ژیانی هەتاهەتاییە: هەر بۆیە هەرچی بڵێم، بەو جۆرە دەیڵێم کە باوکم پێی فەرمووم».
1پێش جەژنی پەسخە، یەشوا دەیزانی کاتی هاتووە ئەم جیهانە بەجێبهێڵێت و بۆ لای باوک بگەڕێتەوە جا ئەوانەی هی خۆی بوون لە جیهاندا خۆشیدەویستن، هەتا ئەوپەڕی خۆشویستن: 2لە کاتی ژەمی ئێوارە، شەیتان خستیە دڵی یەهودای ئیسخاریۆتی کوڕی شیمۆن کە ناپاکی لە یەشوا بکات،3یەشوا دەیزانی باوک هەموو شتێکی خستووەتە ژێر دەستی، هەروەها لە خوداوە هاتووە و بۆ خوداش دەگەڕێتەوە، 4لەسەر خوانی شێوان، هەستا و کەواکەی داکەند و دەسماڵێکی هەڵگرت و لە ناوقەدی بەست، 5پاشان ئاوی کردە ناو تەشتێک، و دەستی بە شوشتنی پێی قوتابییەکانی کرد و بەو دەسماڵەی کە بە ناوقەدیەوە بەستبووی پێیەکانی دەسڕینەوە.6کاتێک گەیشتە سەر شیمۆن پەترۆ، شیمۆن پێی گوت: «گەورەم تۆ پێی من دەشۆیت!» 7یەشوا وەڵامی دایەوە: « تۆ لەوە تێناگەیت کە ئێستا دەیکەم، بەڵام دواتر تێیدەگەیت». 8پەترۆ پێی گوت: «نەخێر هەرگیز پێم ناشۆیت!» یەشوا وەڵامی دایەوە: «ئەگەر پێت نەشۆم، لەگەڵ من بەشت نابێت!» 9جا شیمۆن پەترۆ پێی گوت: «گەورەم، تەنها پێم نا، بەڵکو دەست و سەریشم هەروەها!»10یەشوا پێی فەرموو: «ئەوەی خۆی شوشتبێت هەمووی پاکە تەنها پێویستی بە پێ شوشتن هەیە، ئێوەش پاکن بەڵام هەمووتان نا». 11یەشوا ئەوەی فەرموو چونکە دەیزانی کێ ناپاکی لێدەکات، بۆیە فەرمووی: «هەمووتان پاک نین».12کە لە شوشتنی پێیان تەواو بوو، کەواکەی خستەوە سەر شانی و دانیشتەوە، لێی پرسین: «ئایا لەوە تێگەیشتن کە بۆم کردن؟ 13ئێوە بە مامۆستا و گەورە بانگم دەکەن، و ڕاست دەکەن، چونکە من وام. 14جا کە من گەورە و مامۆستاتانم و پێم شوشتن، ئێوەش لەسەرتانە پێی یەکتری بشۆن 15من نموونەیەکم پێدان تاکو ئەوەی بۆم کردن ئێوەش بیکەن.16ڕاستی ڕاستیتان پێدەڵێم: کۆیلە لە گەورەکەی ڕێزدارتر نیە، نێردراویش لەوەی ناردوویەتی ڕێزدارترنیە. ئەگەر ئەمانەتان زانی، 17خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە ئەگەر پەیڕەوتان کرد. 18«باسی هەمووتان ناکەم، ئەوانە دەناسم هەڵمبژاردوون. بەڵام تاوەکو ئەوەی لە نووسراوە پیرۆزەکەدا هاتووە بێتە دی کە دەڵێ: ئەوەی نمەکی کردم، ناپاکی لەگەڵم کرد!19من ئەوەتان پێ دەڵێم پێش ئەوەی ڕووبدات، تاکو کاتێک ڕوویدا، باوەڕ بکەن کە من ئەوم. 20ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی پێشوازی لەوە بکات کە دەینێرم، ئەوا پێشوازی لە من دەکات، ئەوەی پێشوازی لە من بکات، پێشوازی لەوە دەکات کە ناردوومی».21کاتێک یەشوا ئەمانەی فەرموو، دەرونی غەمبار بوو ڕایگەیاند و فەرمووی: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: یەکێک لە ئێوە بە گرتنم دەدات!» 22قوتابییەکانی بە سەرسوڕمانەوە سەیری یەکتریان دەکرد و نەیاندەزانی ئەوە کێیە بەگرتنی دەدا.23ئەو قوتابییەی کە یەشوا خۆشیدەویست لەگەڵی پاڵیدابووەوە، 24شیمۆن پەترۆ ئاماژەی بۆ کرد تاکو پرسیار لە یەشوا بکات کە مەبەستی لە کێیە. 25ئەویش شانی خستە سەر سنگی یەشوا و پێی گوت: «گەورەم ئەو کەسە کێیە؟»26یەشوا وەڵامی دایەوە: «ئەو کەسەیە کە ئەم پارووە نانە لە قاپەکە هەڵدەکێشم و دەیدەمێ». ئینجا پارووەکەی لە قاپەکە هەڵکێشا و دای بە یەهودای کوڕی شیمۆنی ئیسخاریۆتی. 27هەرکە پارووەکەی وەرگرت، شەیتان چووە ناویەوە. یەشوا پێی فەرموو: « خێرا بکە لەوەی بەتەمای بیکەیت!»28هیچ کەسێک لەوانەی لەسەر خوانەکە لەگەڵی دانیشتبوون تێنەگەیشتن بۆچی ئەمەی گوت، 29هەندێکیان وایانزانی پێی دەڵێ کە چییان پێویستە بۆ جەژن بیکڕێت، یان هەندێ پارە بداتە هەژاران، چونکە ئەمینداری سندوق بوو. 30ئەویش کە پارووەکەی خوارد، و چووە دەرەوە شەوبو تاریک داهاتبوو.31کە یەهودا چووە دەرەوە، یەشوا فەرمووی: «ئێستا ڕۆڵەی مرۆڤ شکۆمەندبو و خودا تێیدا شکۆمەند بوو. 32جا ئەگەر خودا تێیدا شکۆمەند بوو، خودا ڕۆڵەکە لە خۆیدا شکۆمەند دەکات، دەستبەجێ شکۆمەندی دەکاتەوە. 33ڕۆڵەکانم، ماوەیەکی کورت لەگەڵتاندا دەبم، جا بەدوامدا دەگەڕێن، بەڵام وەک چۆن بە یەهوودییەکانم گوت ئێستا بە ئێوەشی دەڵێم: ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی کە من بۆی دەچم.34من ڕاسپاردەیەکی نوێتان دەدەمێ: یەکتریتان خۆشبوێت، وەک من خۆشم ویستن، ئێوەش بەو جۆرە یەکتریتان خۆشبوێت. 35بەمە هەمووان دەزانن کە قوتابی منن: ئەگەر یەکتریتان خۆشەویست».36شیمۆن پەترۆ لێی پرسی: «گەورەم، بۆ کوێ دەچیت؟»یەشوا وەڵامی دایەوە: «ئەو شوێنەی بۆی دەچم، ئێستا ناتوانیت شوێنم بکەویت، بەڵام دواتر دوام دەکەویت». 37دیسان پەترۆ لێی پرسی: «گەورەم، بۆچی ئێستا ناتوانم شوێنت بکەوم؟ من ژیانم بۆ تۆ دادەنێم!» 38یەشوا وەڵامی دایەوە: «ژیانت بۆ من دادەنێیت؟ ڕاستی ڕاستیت پێدەڵێم: کەڵەشێر ناخوێنێ، تا تۆ سێ جار نکۆڵیم لێنە کەیت!»
1« با دڵەڕاوکێتان نەبێت. ئێوە باوەڕتان بە خودایە، هەروەها باوەڕ بە من بکەن. 2لە ماڵی باوکم ژوری زۆر هەیە، ئەگەر ئاوا نەبووایە پێم دەگوتن. من دەچم تاکو شوێنتان بۆ ئامادە بکەم. 3پاش ڕۆیشتنم شوێنتان بۆ ئامادە دەکەم، و دەگەڕێمەوە لاتان و دەتانبەمە لای خۆم، تاکو ئێوەش لەو شوێنە بن کە من لێی دەبم.4ئێوە دەزانن من بۆ کوێ دەچم و ڕێگاکەش دەزانن». 5تۆما پێی گوت: «گەورەم، نازانین بۆ کوێ دەچیت، چۆن ڕێگاکە بزانین؟» 6یەشوا وەڵامی دایەوە: «من ئەوم ڕێگاکە و ڕاستیەکە و ژیانەکە. کەس نایەتە لای باوک بە من نەبێت. 7ئەگەر ئێوە منتان ناسیبێت، ئەوا باوکمتان ناسیوە. لە ئێستاوە ناسیوتانە و بینیوتانە».8فیلیپۆس پێی گوت: «گەورەم، باوکمان پیشان بدە و بەسمانە!» 9یەشوا وەڵامی دایەوە: «لەدوای ئەم ماوە دوورو درێژە لەگەڵتانم تائێستا نەتناسیوم ئەی فلیپۆس؟ ئەوەی منی بینیوە باوکی بینیوە، ئیتر چۆن دەڵێیت: باوکمان پیشان بدە؟10ئایا باوەڕ ناکەی من لە باوکدام، و باوکیش لە مندایە؟ ئەو قسانەی پێتانی دەڵێم لە خۆمەوە نایڵێم، بەڵکو ئەو باوکەی لە مندایە، ئەو کارەکان دەکات. 11باوەڕم پێ بکەن من لە باوکدام و باوکیش لە مندایە، ئەگەرنا بەهۆی ئەم کارانەوە باوەڕم پێبکەن.12ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕ بە من بهێنێت ئەو کارانە دەکات کە من دەیکەم، لەمانەش مەزنتر دەکات، چونکە دەچم بۆ لای باوک. 13هەرچییەک بە ناوی منەوە داوا بکەن بۆتانی دەکەم، تاکو باوک لە ڕۆڵەکەدا شکۆمەند ببێت. 14ئەگەر شتێکتان بە ناوی منەوە داوا کرد، ئەوە من دەیکەم.15ئەگەر ئێوە منتان خۆشدەوێت کار بە ڕاسپاردەکانم بکەن. 16من داوا لە باوک دەکەم یارمەتیدەرێکی دیکەتان بداتێ تاهەتایە لەگەڵتان بمێنێتەوە، 17گیانی ڕاستیە، کە جیهان ناتوانێت وەریبگرێت، چونکە نایبینێت و نایناسێت. بەڵام ئێوە دەیناسن، چونکە لەنێوانتان دەبێت و لەناوتان دەبێت.18بە هەتیوی بەجێتان ناهێڵیم، بەڵکو دەگەڕێمەوە لاتان. 19پاش ماوەیەکی کەم جیهان نامبینێت. بەڵام ئێوە دەمبینن. لەبەر ئەوەی من زیندووم، ئێوەش زیندوو دەبنەوە. 20لەو ڕۆژەدا دەزانن من لە ناو باوکمدام، ئێوە لە ناو مندان، وە من لەناو ئێوەدام.21ئەوەی ڕاسپاردەکانی منی، لەلایە و کاریان پێ دەکات، ئەوا منی خۆشدەوێت. ئەوەی منی خۆشبوێت، باوکمی خۆشدەوێت، وە من خۆشمدەوێت و خۆمی بۆ دەردەخەم». 22ئینجا یەهودایەکی دیکە، کە یەهودای ئیسخاریۆتی نەبوو، لێی پرسی: «گەورەم، بۆچی ئەتەوێ خۆت بۆ ئێمە دەربخەیت بەڵام بۆ جیهان نا؟»23یەشوا وەڵامی دایەوە: «ئەوەی منی خۆشبوێت، کار بە وتەکانم دەکات، باوکم خۆشیدەوێت، و من و باوک دێینە لای و لەلای ئەو نیشتەجێ دەبیین. 24ئەوەش کە منی خۆشناوێت کار بە وتەکانم ناکات. ئەم وتانەی گوێتان لێی دەبێت هی من نیە، بەڵکو هی ئەو باوکەیە کە ناردوومی،25من ئەم شتانەم پێگوتن کە هێشتا لەلاتانم. 26بەڵام یارمەتیدەرەکە، گیانی پیرۆز، ئەوەی باوک بە ناوی منەوە دەینێرێت، ئەو هەموو شتێکتان فێردەکات، و هەموو ئەو شتانەی پێم گوتوون بیرتان دەهێنێتەوە. 27ئاشتیتان بۆ بەجێدەهێڵم. ئاشتی خۆمتان دەدەمێ. ئەوەی جیهان ناتانداتێ من دەتان دەمێ. دڵتان نەلەرزێ، و مەترسن.28گوێتان لێبوو من پێم گوتن: دەڕۆم لە لاتان و پاشان دەگەڕێمەوە لاتان. ئەگەر منتان خۆشبوێ، دڵشاد دەبن کە دەچمە لای باوک، چونکە باوک لە من مەزنترە. 29ئەوەتا ئێستا پێش ڕوودانی پێم گوتن، تاکو کاتێک ڕوویدا باوەڕ بهێنن. 30لەمەولا زۆر قسەتان لەگەڵ ناکەم، چونکە سەرۆکی ئەم جیهانە وا دێت، هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر مندا نیە. 31بەڵام ئەو دێت تاکو جیهان بزانێت باوکم خۆشدەوێت، و بەو شێوەیە کار دەکەم کە باوک ڕایسپاردووم. هەستن! با لێرە بڕۆین!
1من مێوە ڕاستەقینەکەم، باوکیشم ڕەزەوانەکەیە. 2هەر لقێک لە مندا بەر نەگرێت لێی دەکاتەوە؛ هەر لقێکیش بەر بگرێت پاکی دەکاتەوە تاکو بەرهەمی زیاتر بدات.3ئێوە ئێستا پاکن بەهۆی ئەو قسەیەی بۆتانم کرد. 4لەمن بچەسپێن و منیش لە ئێوە. چونکە لق بەتەنها ناتوانێت بەرهەم بدات ئەگەر بە مێوەکەوە نەچەسپێت، ئێوەش هەروەها، تەنها ئەگەر بە منەوە بچەسپێن.5من مێوەکەم و ئێوەش لقەکانن. ئەوەی بە منەوە بچەسپێت و منیش بەوەوە، ئەوا بەرهەمی زۆر دەبێت. چونکە بەبێ من ناتوانن هیچ شتێک بکەن. 6ئەگەر یەکێک بە منەوە نەچەسپێت وەک لق فڕێدەدرێتە دەرەوە؛ وشک دەبێت و کۆدەکرێتەوە، فڕێدەدرێتە ناو ئاگر و دەسووتێت. 7ئەگەر بە منەوە بچەسپێن، و وتەکانم لە ناختان بچەسپێت، هەرچییەکتان دەوێت داوای بکەن بۆتان دەبێت.8بەمە باوکم شکۆمەند دەبێت: ئەگەرئێوە بەرهەمی زۆربهێنن و بەڕاستی ببنە قوتابی من. 9وەک باوک خۆشیویستووم، منیش خۆشمویستن، جا بچەسپێن بەخۆشەویستییەکەمەوە.10ئەگەر کارتان بە ڕاسپاردەکانم کردو، چەسپان بە خۆشەویستیەکەمەوە، هەروەک من کارم بە ڕاسپاردەکانی باوکم کردووە وچەسپاوم بەخۆشەویستیەکەیەوە! 11ئەمانەم پێ گوتن تاکو خۆشیی منتان تێدابێت، و خۆشیتان پڕو تەواو بێت.12ڕاسپاردەکەم بۆ ئێوە ئەمەیە: یەکتریتان خۆشبوێت وەک من خۆشم ویستن. 13هیچ کەس خۆشەویستیی لەمە مەزنتری نیە؛ کە یەکێک ژیانی خۆی بۆ دۆستەکانی دابنێت.14ئێوە خۆشەویستی منن ئەگەرکاربە ڕاسپاردەکانم بکەن. 15لەمەودوا بە کۆیلە ناوتان نابەم، چونکە کۆیلە نازانێت گەورەکەی چی دەکات. بەڵام ناوی خۆشەویستانم لێنان چونکە هەموو ئەوانەم پێ گوتن کە لە باوکمەوە بیستبووم.16ئێوە منتان هەڵنەبژارد، بەڵکو من ئێوەم هەڵبژارد دەستنیشانم کردن تاکو بڕۆن بەرهەم بهێنن و بەرهەمەکەتان بەردەوام بێت، باوک هەموو ئەمانەتان پێدەدات کە بەناوی من داوای دەکەن. 17بەمانە ڕاتان دەسپێرم: تاکو یەکتریتان خۆشبوێت.18ئەگەر جیهان ڕقی لێتان بێتەوە، ئەوە بزانن پێش ئێوە ڕقی لە من بۆتەوە 19ئەگەر ئێوە هی جیهان بوونایە، ئەوا جیهان ئەوانەی خۆشدەوێت کە هی خۆین، ئێستا ئێوە هی جیهان نین بەڵام من ئێوەم لە جیهانەوە هەڵبژاردووە، لەبەر ئەوە جیهان ڕقی لێتان دەبێتەوە.20بیرتان بێت ئەوەی پێم گوتن: کۆیلە لە گەورەکەی مەزنترنیە. ئەگەر خەڵکی جیهان من بچەوسێنێتەوە، ئێوەش دەچەوسێنتەوە؛ ئەگەرکار بە وتەکانم بکەن، ئەوە کار بە وتەکانی ئێوەش دەکەن. 21بەڵام هەموو ئەمانەتان پێ دەکەن لەبەر ناوی من، چونکە ئەوە ناناسن کە ناردوومی. 22ئەگەر نەهاتبام و قسەم بۆ نەکردبان، گوناهیان نەدەبوو؛ بەڵام ئێستا بیانوویان نیە بۆ گوناهەکەیان.23ئەوەی ڕقی لە من بێت، ڕقی لە باوکمە. 24ئەگەر من ئەو کارانەم لە نێوانیاندا نەکردبایە کە کەسیتر نەیکردوە، گوناهیان نەدەبوو. هەرچەندە ئەم کارانەیان بینی. بەڵام ڕقیان لە من و باوکم بوو، 25ئەمە ڕوویدا تاکو ئەم وتەیە بێتە دی کە لە تەوراتەکەیاندا نووسراوە: بەبێ هۆ ڕقیان لێم بووەوە!26کاتێک یارمەتیدەرەکە دێت، ئەوەی من لە لایەن باوکەوە بۆتان دەنێرم، گیانی ڕاستی کە لە باوکەوە هەڵقوڵاوە، شایەتیم بۆ دەدات، 27ئێوەش شایەتیم بۆ دەدەن، چونکە لە سەرەتاوە لەگەڵم بوون.
1ئەمانەم پێ گوتن تاکو نەشڵەژێن. 2لە کەنیشتەکان دەردەکرێن، بەڵکو کاتێک دێت ئەوەی دەتانکوژێت وادەزانێت خزمەتی خودای کردوە.3ئەمانەتان بەسەردێنن چونکە نە باوکیان ناسیوە، نە من. 4بەڵام ئەمانەم پێ گوتن تاکو کاتێک هات ئەمانە ڕوویاندا بیرتان بکەوێتەوە کە من پێم گتوون. لە سەرەتادا ئەمانەم پێ نەگوتن چونکە لەگەڵتان بووم؛5ئێستا دەچمە لای ئەوەی ناردوومی، و کەستان لێم ناپرسێت: بۆ کوێ دەچیت؟ 6کەچی ئەمەم پێ گوتن دڵتەنگ بوون. 7بەڵام ڕاستیتان پێ دەڵێم: باشترە بۆتان کە بڕۆم، چونکە ئەگەر نەڕۆم، یارمەتیدەرەکەتان بۆ نایەت. بەڵام ئەگەر بڕۆم بۆتانی دەنێرم.8کاتێک ئەو دێت، جیهان سەرکۆنە دەکات لەسەر گوناهە لەسەر ڕاستودروستی و داوەریکردن: 9لەسەر گوناهە، چونکە باوەڕم پێ ناهێنن، 10لەسەر ڕاستودروستی، چونکە دەچمە لای باوک و ئیتر نامبینن؛ 11لەسەر داوەرییش، چونکە گەورەی ئەم جیهانە بڕیاری لەسەر دراوە و داوەریکراوە.12هێشتا شتی زۆرم هەیە پێتانی بڵێم، بەڵام ئێستا ناتوانن بەرگەی بگرن. 13بەڵام کاتێک ئەو دێت، کە گیانی ڕاستیە، ئەو بۆ تەواوی ڕاستیەکە ڕێنماییتان دەکات، چونکە لە خۆیەوە هیچ ناڵێت، بەڵکو ئەوەی گوێی لێ دەبێت دەیڵێت و وە پێتان ڕادەگەیەنێت کە چی ڕوودەدات. 14ئەو شکۆمەندم دەکات چونکە هەموو ئەوانەتان پێ دەڵێ کە لە منەوە دەردەچێت.15هەموو ئەوەی هی باوکە، هی منە. لەبەر ئەوە گوتم ئەوەی پێتانی دەڵێت لە من دەردەچێت. 16دوای کەمێک نامبینن، لە دوای کەمێکیتر دەمبیننەوە!»17هەندێک لە قوتابییەکانی بە یەکتریان گوت: «ئەمە چییە کە پێمان دەفەرمووێت: دوای کەمێک نامبینن، لە دوای ماوەیەکی کەم دەمبینن، چونکە دەچمە لای باوک؟» 18گوتیان: مەبەستی لە ماوەیەکی کەم چیە؟ تێنەگەیشتین چی دەڵێ!»19یەشوا زانی کە ئارەزو دەکەن پرسیاری لێ بکەن، بۆیە پێی فەرموون: «ئایا لەبەر ئەمە پرسیار لە یەکتری دەکەن کە گوتم: دوای کەمێک ئیتر نامبینن، دوای کەمێکی تر دەمبینن. 20ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئێوە دەگریێن و شیوەن دەکەن، بەڵام جیهان دڵشاد دەبێت. ئێوە دڵتەنگ دەبن، بەڵام دڵتەنگیەکەتان دەبێتە شادی. 21کاتێک ژن منداڵی دەبێت خەم دایدەگرێت. چونکە کاتی هاتووە. بەڵام کە منداڵەکەی بوو، لە خۆشی ئەوەی مرۆڤێک لە جیهان لەدایک بووە، ژانەکەی لەبیر دەکات.22وەک ئێستا ئێوە، دڵتەنگن؛ بەڵام کاتێک دەگەڕێمەوە دیدارتان دڵخۆش دەبن، کەسیش ئەو خۆشییەتان لێ ناستێنێ. 23وە لەو ڕۆژەدا هیچ پرسیارێکم لێ ناکەن. ڕاستی ڕاستیتان پێدەڵێم: باوک هەموو ئەو شتانەتان پێدەدات کە بەناوی من داوای دەکەن. 24هەتا ئێستا بە ناوی من هیچتان داوا نەکردووە. داوا بکەن وەریدەگرن، تاکو خۆشییەکەتان تەوابێت.25نموونەم بۆ هێنانەوە لەقسەکانم، بەڵام کاتێک دێت ئیتر بە نموونە بۆتان نادوێم، بەڵکو بە ئاشکرا باسی باوکتان بۆ دەکەم.26لەو ڕۆژەدا بە ناوی من داوا لە باوک دەکەن. ئیتر پێتان ناڵێم لەلای باوک بۆتان داوا دەکەم، 27چونکە باوک خۆی ئێوەی خۆشدەوێت، لەبەر ئەوەی منتان خۆشویستووە، و باوەڕتان کرد کە لە لای خوداوە دەرچوم. 28لە لای باوکەوە دەرچوم بۆ جیهان. ئێستاش جیهان بەجێدەهێڵم و دەگەڕێمەوە لای باوک».29قوتابییەکانی گوتیان: «وا ئێستا بە ڕوونی و بەبێ نموونە قسەمان لەگەڵ دەکەیت. 30ئێستا دەزانیین کە تۆ هەموو شتێک دەزانیت. و پێویست ناکات کەس پرسیارت لێ بکات. بەمەش باوەڕ دەکەین کە لە خوداوە هاتوویت». 31یەشوا وەڵامی دانەوە: «ئایا ئێستا باوەڕ دەکەن؟32کاتێک دێت و ئێستا هاتووە، کە پەرتەوازە دەبن، هەریەکە بۆ ماڵی خۆی و بە تەنها بەجێم دەهێڵن. بەڵام من بە تەنها نیم، چونکە باوک لەگەڵمە. 33ئەمانەم هەموو پێ گوتن تاکو لە مندا ئاشتیتان هەبێت. ئێوە لە جیهاندا توشی تەنگانە دەبن. بەڵام ورەتان بەرز بێت، من بەسەر جیهاندا سەرکەوتم!»
1کاتێک یەشوا لەقسەکانی تەواو بوو، چاوی بەرەو ئاسمان هەڵبڕی، و فەرمووی: «باوکە، کاتەکە هاتووە! ڕۆڵەکەت شکۆمەند بکە، تاکو ڕۆڵەکەت شکۆمەندت بکات. 2هەروەک دەسەڵاتت پێداوە بەسەر هەموو مرۆڤدا، تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە هەموو ئەوانە ببەخشێت کە پێتداوە.3ژیانی هەتاهەتایی ئەوەیە تۆ بناسن، تۆ خودای ڕاستەقینەی، و یەشوای مەسیح ئەوەی کە ناردووتە. 4من لەسەر زەوی شکۆمەندم کردیت بە تەواوکردنی ئەو کارەی پێتسپاردبووم . 5ئێستا لە ئامادەیی خۆتدا شکۆمەندم بکە، ئەی باوک، بەو شکۆمەندیەی کە پێش بوونی جیهان لەلای تۆ هەمبوو.6ناوی تۆم بۆ ئەو کەسانە ئاشکراکرد لە جیهاندا بە منت دان. ئەوان هی تۆ بوون. بە منت دان و کاریان بە وتەکانت کرد، 7ئێستا دەزانن هەرچییەکت پێم داوە لە تۆوەیە، 8ئەو ڕاسپاردانەم پێدان کە ڕاتسپاردبووم، ئەوانیش وەریانگرت، و بە ڕاستی زانییان لە تۆوە دەرچوم، باوەڕیان کرد کە تۆ منت ناردووە.9لە پێناوی ئەوان نزا دەکەم. بۆ جیهان نزا ناکەم، بەڵکو بۆ ئەوانەی بە منت داون، چونکە هی تۆن. 10هەرچییەک هی منە، هی تۆیە، هەرچییەک کە هی تۆیە؛ هی منە، من لە ئەواندا شکۆمەند بووم. 11ئەمان لەجیهان دەمێننەوە، بەڵام من تێیدا نامێنمەوە، چونکە من دەگەڕێمەوە لای تۆ. ئەی باوکی پیرۆز، بە ناوی خۆت بیانپارێزە ئەوانەی بە منت داوە، تاکو ببنە یەک وەک ئێمە یەکین.12کاتێک لەگەڵیان بووم, بەناوی تۆ دەمپاراستن. ئەوانەی بە منت دابوو، کەسیان لەناو نەچوون تەنها ڕۆڵەی لەناوچوو نەبێت بۆ ئەوەی نووسراوی پەرتوکەکە بێتەدی. 13ئێستاش دەگەڕێمەوە لای تۆ، باسی ئەمانە دەکەم من تاکو ئێستاش لەجیهاندام، تاکو شادیم پڕو تەواو بێت لە ئەواندا. 14وشەی تۆم بە ئەوان دا، جیهان ڕقی لێیان بۆوە چونکە هی جیهان نین.15داوا ناکەم لە جیهاندا بیانبەیتەوە، بەڵکو لە خراپەکار بیانپارێزە. 16ئەوان هی جیهان نین، وەک من هی جیهان نیم. 17لە ڕاستیدا پیرۆزیان بکە؛ چونکە وشەی تۆ ڕاستییەکەیە.18وەک چۆن تۆ منت نارد بۆ جیهان، منیش ئەوانم نارد بۆ جیهان. 19لەبەر ئەوان خۆم پیرۆز دەکەم، تاکو ئەوانیش لە ڕاستییەکدا پیرۆز ببن.20تەنها بۆ ئەمان نزا ناکەم، بەڵکو بۆ ئەوانەش کە باوەڕم پێدەهێنن بەهۆی قسەی ئەمانەوە، 21تاوەکو هەموویان یەکبن؛ ئەی باوکە، وەک چۆن تۆ لە مندایت و منیش لە تۆدام، بۆ ئەوەی ئەوانیش لە ئێمەدا یەکبن، تا جیهان باوەڕ بکات کە تۆ منت ناردوە.22من ئەو شکۆمەندییەم پێبەخشیون کە تۆ پێت بەخشیووم، تاکو ئەوانیش یەک بن وەک ئێمە یەکین. 23من لە ئەواندام، تۆش لە مندای، تا ئەوان ببن بە یەک، تاکو جیهان بزانێت کە تۆ منت ناردووە و خۆشت ویستوون وەک چۆن خۆشت ویستووم.24ئەی باوکە، دەمەوێت ئەوانەی پێت بەخشیووم لەگەڵم بن لەو شوێنەی کە من لێی دەبم، و شکۆمەندی من ببینن کە تۆ پێت بەخشیووم، چونکە تۆ پێش دروستبوونی جیهان خۆشتویستووم.25باوکی ڕاستودروست، جیهان تۆی نەناسیوە، بەڵام من تۆم ناسیوە، ئەمانەش زانیان کە تۆ منت ناردووە، 26ناوی تۆم پێ ناساندن، وە پێیان دەناسێنم، تاوەکو ئەو خۆشەویستیەیان تێدابێت کە منت پێ خۆش ویست، تا منش لە ئەواندا بم».
1لەدوای ئەوەی یەشوا نزاکەی تەواو کرد، لەگەڵ قوتابییەکانی بەڕێکەوت بۆ ئەوبەری دۆڵی کەدرۆن لەوێ باخچەیەکی لێبوو، خۆی و قوتابییەکانی چوونە ناوی. 2یەهودای ناپاکیش شوێنەکەی دەزانی چونکە یەشوا زۆر جار لەگەڵ قوتابییەکانی لەوێ کۆدەبۆوە. 3ئیتر یەهودا چووە ئەوێ و کۆمەڵێک سەرباز و پاسەوانی پەرستگای لەگەڵ خۆی هێنا، کە سەرۆک کاهینەکان و فەریسییەکان ناردبوویان، مەشخەڵ و چرا و چەکیان هەڵگرتبوو.4یەشوا هەموو ئەو شتانەی دەزانی کە بەسەریدا دێت، بۆیە هاتە لای ئەوان و گوتی: «کێتان دەوێت؟» 5وەڵامیان دایەوە: «یەشوای ناسیرەیی». پێی گوتن: «من ئەوم». یەهودای ناپاکیش لەگەڵیان وەستابوو.6وە کاتێک پێی گوتن: «من ئەوم»، گەڕانە دواوە و کەوتنە سەر زەوی! 7یەشوا دیسان لێیانی پرسی: «کێتان دەوێت؟» وەڵامیان دایەوە: «یەشوای ناسیرەیی».8فەرمووی: «پێم گوتن: من ئەوم، ئەگەر ئێوە منتان دەوێت، با ئەمانە بڕۆن». 9بەمەش ئەو قسەیەی هاتەدی کە گوتبوی: «ئەوانەی پێت دابووم کەسیان لەناو نەچوون!»10شیمون پەترۆ شمشێرێکی پێبوو هەڵیکێشا وەشاندی و گوێچکەی ڕاستی خزمەتکاری سەرۆک کاهینەکەی بڕی. خزمەتکارەکەش ناوی مەلخۆت بوو. 11یەشوا بە پەترۆی گوت: «شمشێرەکە بخەرە ناو کێلانەکەی! ئایا ئەو جامەی باوک پێیداوم، نەیخۆمەوە؟»12ئیتر تیپە سەربازەکە و فەرماندەکەیان و پاسەوانانی پەرستگا یەشوایان گرت و بەستیانەوە. 13یەکەم جار بردیانە لای ئەنانیا، کە خەزووری کەیافا بوو سەرۆکی کاهینان بوو لەو ساڵە. 14کەیافاش ئەو پیاوە بوو ڕاوێژی بۆ ڕابەرانی یەهوودییەکان کردبوو کە باشترە پیاوێک لە جیاتی هەموو گەل بمرێت.15شیمۆن پەترۆ لەگەڵ قوتابییەکی دیکە بەشوێن یەشوا کەوتن. ئەو قوتابییە ناسراو بوو لە لایەن سەرۆکی کاهینان، لەگەڵ یەشوا چوو بۆ کۆشکی سەرۆکی کاهینان. 16بەڵام پەترۆ لە دەرەوە لە بەردەرگاکە ڕاوەستابوو. قوتابییەکەی دیکە کە سەرۆکی کاهینان دەیناسی. هاتە دەرەوە و قسەی لەگەڵ دەرگاوانەکەدا کرد و پەترۆی هێنایە ژوورەوە.17دەرگەوانەکە لە پەترۆی پرسی: «ئایا تۆ یەکێک نیت لە قوتابییەکانی ئەم کابرایە؟» وەڵامی دایەوە: «نەخێر، لە وان نیم!» 18کەش و هەوا سارد بوو، خزمەتکار و پاسەوانەکان ئاگریان کردبووەوە و ڕاوەستابوون خۆیان گەرم دەکردەوە، پەترۆ لەگەڵیان وەستابوو خۆی گەرم دەکردەوە.19سەرۆکی کاهینان پرسیاری لە یەشوا کرد دەربارەی قوتابییەکانی، و فێرکردنەکەی. 20یەشوا وەڵامی دایەوە: «بە ئاشکرا قسەم بۆ جیهان کرد، بەردەوام لە کەنیشت و پەرستگادا خەڵکم فێردەکرد، کە هەموو یەهوودییەکان لێی کۆدەبنەوە، هیچ شتێکم بە نهێنی نەگوتووە. 21بۆ پرسیار لە من دەکەیت؟ لەوانە بپرسە کە گوێیان لێم بووە چیم پێیان گوتووە، ئەمانە دەزانن چیم گوتووە!»22کاتێک یەشوا ئەمەی گوت یەکێک لە پاسەوانەکان زلەیەکی لێدا و پێی گوت: «ئاوا وەڵامی سەرۆکی کاهینان دەدەیتەوە؟» 23یەشواوەڵامی دایەوە: «ئەگەر قسەی خراپم کردووە، شایەتی لەسەر خراپەکە بدە، ئەگەر باشیشە، بۆچی لێم دەدەیت؟» 24پاشان ئەنانیا یەشوای بە دەستی بەستراوەوە نارد بۆلای کەیافای سەرۆکی کاهینان.25پەترۆ لەوێ ڕاوەستابوو و خۆی گەرم دەکردەوە، لێیان پرسی: «ئایا تۆ لە قوتابییەکانی ئەو نیت؟» نکۆڵیی کرد و گوتی: «نەخێر» 26یەکێک لە کۆیلەکانی سەرۆکی کاهینەکان خزمی ئەوکەسە بوو کە پەترۆ گوێچکەی بڕیبوو، گوتی: «ئەی لە باخچەکەدا تۆم لەگەڵ ئەو نەبینی؟» 27دیسان پەترۆ جارێکیتر نکۆڵیی کرد. لەو ساتە کەڵەشێر خوێندی.28بەیانی زوو یەشوایان لە ماڵی کەیافاوە بۆ کۆشکی فەرمانڕەوای ڕۆمەکان برد، ئەوان نەچوونە ناو کۆشک، نەوەک گڵاو ببن و نەتوانن لەبەرخی پەسخە بخۆن. 29پیلاتۆس هاتە دەرەوە و پرسیاری لیێان کرد: «ئەم پیاوە بەچی تاوانباردەکەن؟» 30وەڵامیان دایەوە: «ئەگەر تاوانبار نەبوایە، نەماندەدا بە دەستتەوە!»31پیلاتۆس پێی گوتن: «بیبەن، بەگوێرەی تەوراتی خۆتان دادگایی بکەن». وەڵامیان دایەوە: « مافی ئەوەمان نیە کەس بکوژین!» 32وە ئەمە ڕوویدا تاکو ئەو قسەیەی یەشوا بێتە دی کە لەسەر شێوازی مردنەکەی گوتبوی.33پیلاتۆس چووە ناو کۆشکەکەی، یەشوای بانگ کرد و لێی پرسی: «تۆ پاشای یەهوودییەکانی؟» 34یەشوا وەڵامی دایەوە: «تۆ لە خۆتەوە ئەمە دەڵێی، یاخود کەسانی دیکە لەبارەی من قسەیان بۆ کردووی؟» 35پیلاتۆس ووتی: «ئایا من یەهوودیم؟ گەلەکەت و سەرۆک کاهینەکان تۆیان ڕادەستی من کردووە. چیت کردووە؟»36یەشوا وەڵامی دایەوە: « شانشینی من لەم جیهانە نیە. ئەگەر شانشینی من لەم جیهانە بووایە، ئەوسا خزمەتکارەکانم دەجەنگان تاکو ڕادەستی ڕابەرانی یەهوود نەکرێم. بەڵام ئێستا شانشینەکەم لێرە نیە». 37پیلاتۆس لێی پرسی: «کەواتە تۆ پاشای؟» وەڵامی دایەوە: «تۆ وتت من پاشام، بۆ ئەمە لەدایک بووم و بۆ ئەمە هاتوومەتە جیهان: تاکو شایەتی بۆ ڕاستییەکە بدەم. هەرکەسێک لە ڕاستییەوە بێت گوێ لە دەنگم دەگرێت».38پیلاتۆس پێی گوت: «ڕاستیەکە چییە!» پاشان چووە دەرەوە بۆ لای یەهودیەکان و پێی گوتن: «هیچ تاوانی تێدا نابینم! 39لای ئێوە نەریتێک باوە کە لە جەژنی پەسخەدا یەکێکتان بۆ ئازاد بکەم. بۆیە دەتانەوێت پاشای یەهودتان بۆ ئازاد بکەم؟» 40تێکڕا هاواریان کرد: «ئەمە ئازاد مەکە، بەڵکو باڕابا». باڕابا کەسێکی دزبوو!
1ئیتر پیلاتۆس فەرمانیدا یەشوا ببەن و بەقامچی لێی بدەن. 2سەربازەکان لە دڕک تاجێکیان چنی و خستیانە سەر سەری، و کەوایەکی ئەرخەوانیان لەبەرکرد. 3لێی دەچوونە پێشەوە دەیانگوت: «سڵاو، ئەی پاشای یەهود!» ئینجا زلەیان لێدا.4پیلاتۆس جارێکیتر هاتە دەرەوە بۆ لای خەڵکەکە و پێی گوتن: « دەیهێنمە دەرەوە بۆلاتان تاکو بزانن هیچ تاوانی تێدا نابینم!» 5یەشوا هاتە دەرەوە بە تاجێکی دڕکاوییەوە و کەوایەکی ئەرخەوانی لەبەرکرابوو. پیلاتۆس پێی گوتن: «ها ئەوەتا پیاوەکە!» 6کاتێک سەرۆکی کاهینەکان و پاسەوانان بینییان، هاواریان کرد: «لە خاچی بدە! لە خاچی بدە!» پیلاتۆس پێی گوتن: «ئێوە بیبەن و لە خاچی بدەن، چونکە من تاوانی تێدا نابینم!»7یەهودیەکان وەڵامیان دایەوە: «تەوراتمان هەیە. بەگوێرەی تەورات دەبێت بمرێت، لەبەر ئەوەی خۆی کردوە بە ڕۆڵەی خودا». 8کاتێک پیلاتۆس گوێی لەم قسەیە بوو ترسەکەی زیاد بوو. 9گەڕایەوە ناو کۆشکەکە و بە یەشوای گوت: «خەڵکی کوێی؟» بەڵام یەشوا هیچ وەڵامێکی نەدایەوە.10پیلاتۆس پێی گوت: «قسەم بۆ ناکەیت؟ ئایا نازانیت دەسەڵاتم هەیە کە ئازادت بکەم، و لە خاچیشت بدەم؟» 11یەشوا وەڵامی دایەوە: «هیچ دەسەڵاتێکت بەسەر مندا نیە، گەر لە سەرەوە پێت نەدرابێت. چونکە ئەوەی منی ڕادەستی تۆ کردووە گوناهەکەی گەورەترە.»12لەبەر ئەمە پیلاتۆس هەوڵی دەدا ئازادی بکات، بەڵام یەهودیەکان هاواریان دەکرد: «ئەگەر ئەمە ئازاد بکەیت، خۆشەویستی قەیسەر نیت. هەرکەسێک خۆی بکاتە پاشا، ئەوا دژایەتی قەیسەر دەکات». 13کاتێک پیلاتۆس گوێی لەم قسانە بوو، یەشوای هێنایە دەرەوە، وە لەسەر کورسی دادوەری دانیشت، لە شوێنێک پێی دەگوترێ «بەردڕێژکراو»، کە بە عیبری پێی دەڵێن: «گەباسا».14نزیکەی کاتژمێر شەش بوو، لە ڕۆژی ئامادەکاری بۆ جەژنی پەسخە. پیلاتۆس بە یەهودیەکانی گوت: «ئەوەتا پاشاکەتان!» 15بۆیە هاواریان کرد: «بیبە! بیبە! لە خاچی بدە!» پیلاتۆس لێی پرسین: «ئایا پاشاکەتان لە خاچ بدەم؟» سەرۆک کاهینەکان وەڵامیان دایەوە: «ئێمە جگە لە قەیسەر هیچ پاشایەکمان نیە». 16ئینجا پیلاتۆس ڕادەستی کردن بۆ لە خاچدان.17یەشوا هاتە دەرەوە خاچەکەی خۆی هەڵگرت و بەرەو ئەو شوێنەی کە پێی دەگوترا کاسەسەر، بە عیبری: «گۆلگۆسا»، 18لەوێ لەگەڵ دوو کەسی دیکە لە خاچیاندا، هەریەکە لە لایەکییەوە، یەشواش لە ناوەڕاستیان.19پیلاتۆس تەختەیەکی لەسەر خاچەکە هەڵواسی کە لەسەری نووسرابوو: «یەشوای ناسیرەیی پاشاکەی یەهود». 20یەهوودییەکی زۆر نووسراوەکەیان خوێندەوە، کە بە عیبری و لاتینی و یۆنانی نووسرابوو، چونکە ئەو شوێنەی یەشوا تێدا لە خاچدرابوو لە شارەکە نزیک بوو.21سەرۆک کاهینەکانی یەهود بە پیلاتۆسیان گوت: «مەنووسە: پاشاکەی یەهوود، بەڵکو بنووسە: خۆی گوتی من پاشاکەی یەهوودم». 22پیڵاتۆس وەڵامی دایەوە: «ئەوەی نووسیومە، نووسیومە!»23کاتێک سەربازەکان یەشوایان لە خاچدا، جلەکانیان برد و کردیان بە چوار بەشەوە، هەر سەربازێک بەشێکی بەرکەوت. کراسەکەیان برد، کراسەکە نەدوورا بوو،هەموی بە یەک پارچە چنرابوو. 24ئینجا سەربازەکان بە یەکتریان گوت: «پێویست ناکات بیدڕێنین، با تیروپشکی لەسەر بکەین بزانین بۆ کێ دەبێت!» ئەمەش ڕوویدا تاکو ئەوەی لەپەرتوکە هاتوە بێتەدی: «جلوبەرگەکەی منیان لەنێو خۆیان بەشکرد، و تیروپشکیان لەسەر کراسەکەم کرد». ئەوە بوو کە سەربازەکان کردیان.25لەوێ، لەلای خاچەکەی یەشوا، میریامی دایکی ڕاوەستابوو، میریامی پووری کە ژنی کلۆپاس بوو؛ و میریامی مەگدەلین. 26کاتێک یەشوا دایکی بینی، لە نزیک ئەو قوتابییەی کە ئەم خۆشیدەویست، بە دایکی فەرموو: «ژنەکە، ئەوە کوڕی تۆیە!» 27پاشان بە قوتابییەکەی فەرموو: «ئەوە دایکتە». ئیتر لەو کاتەوە قوتابییەکە بردییەوە ماڵی خۆی.28دوای ئەمە یەشوا بینی کە هەموو شتێک تەواو بووە، و فەرمووی: «تینوومە»، تا ئەوەی لە پەرتوکەکەدا هاتووە بێتەدی. 29لەوێ قاپێکی پڕ لە سرکە هەبوو، ئیسفەنجێکیان لە سرکەکەدا هەڵکێشا، و خستیانە سەر قامیشێک و بەرزیان کردوە بۆ دەمی. 30کاتێک یەشوا تامی سرکەکەی کرد، فەرمووی: «تەواو بوو!» پاشان سەری دانەواند و گیانی بەدەستەوەدا.31وە کاتێک ئەو ڕۆژە ئامادەکاری دەکرا، یەهوودییەکان داوایان لە پیلاتۆس کرد کە قاچی ئەو کەسانە بشکێنێت کە لە خاچ دراون، بۆ ئەوەی تەرمەکانیان لەشەبات لەسەر خاچ نەمێنێت، ئەو شەباتە ڕۆژێکی مەزن بوو. 32بۆیە سەربازەکان هاتن و قاچی هەردوو پیاوەکەیان شکاند کە لەگەڵ یەشوا لە خاچ درابوون. 33سەبارەت بە یەشوا، کاتێک هاتنە لای، بینیان مردووە، بۆیە قاچەکانیان نەشکاند.34بەڵکو یەکێک لە سەربازەکان ڕمێکی لە لەکەلەکەی دا، و یەکسەر خوێن و ئاو دەرچوو. 35ئەوەی ئەم شتانەی بینی شایەتی دەدات و شایەتییەکەی ڕاستە. ئەو بە تەواوی دەزانێت کە ڕاستی دەڵێت، بۆ ئەوەی ئێوەش باوەڕبهێنن.36ئەمەش ڕوویدا تاکو ئەوەی لە پەرتووکەکەدا هاتووە بێتە دی: «هیچ ئێسکێکی ئەو ناشکێت!» 37هەروەها لە شوێنێکی تری پەرتووکەکەدا هاتووە: «سەیری ئەو کەسە دەکەن کە ڕمیان لێدا».38دوای ئەوە یۆسپ کە خەڵکی ڕامە بوو مۆڵەتی لە پیڵاتۆس وەرگرت بۆ بردنی تەرمی یەشوا، ئەم یۆسپە بەنهێنی قوتابی یەشوا بوو چونکە لە یەهوودییەکان دەترسا، بۆیە پیلاتۆس مۆڵەتی پێدا. ئینجا یۆسپ هات و تەرمی یەشوای برد. 39هەروەها نیکۆدیمۆس هات کە پێشتر بە شەو هاتبووە لای یەشوا، وە نزیکەی سێ لیتر موڕی تێکەڵاوی بە بخور لەگەڵ خۆی هێنا.40جا تەرمەکەی یەشوایان برد و بە کەتان لەگەڵ بۆن پێچایانەوە، وەک چۆن نەریتی یەهودیەکان بوو لە ناشتن. 41لەو شوێنەی یەشوا لە خاچدرا باخچەیەکی لێبوو، لە باخچەکەدا گۆڕێکی نوێی لێبوو، پێشتر کەسی تێیدا نەنێژرابوو. 42یەشوا لەو گۆڕە نێژرا، چونکە گۆڕەکە نزیک بوو، ئەو ڕۆژەش ڕۆژی ئامادەکاری بوو لای یەهودیەکان.
1لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، میریامی مەگدەلین زوو چووە سەر گۆڕی یەشوا، هێشتا تاریک بوو، بینی بەردی بەردەرگای گۆڕەکە لادراوە. 2بە خێرایی ڕایکرد و هاتە لای شیمۆن پەترۆ و قوتابییەکەی دیکە کە یەشوا خۆشیدەویست و پێی گوتن: «ئەوان پەروەردگاریان لە گۆڕەکە دەرهێنا، و نازانین لە کوێ دایانناوە!»3ئیتر پەترۆ و قوتابییەکەی دیکە چوون بەرەو گۆڕەکە. 4پێکەوە ڕایانکرد. بەڵام قوتابیەکەی دیکە پێش پەتڕۆ کەوت و زوتر گەیشتە گۆڕەکە، 5دانەوییەوە و کەتانەکەی بینی دانراوە، بەڵام نەچووە ژوورەوە.6ئینجا شیمۆن پەترۆ کە شوێنی کەوتبوو هات و چووە ناو گۆڕەکە، بینی کەتانەکە لەسەر زەویەکە دانراوە. 7ئەو دەسماڵەی کە بەسەری یەشواوە پێچرابوو، لەگەڵ کەتانەکە دانەنرابوو، بەڵکو بە جیا لە شوێنێک پێچرابۆوە.8ئەوسا قوتابییە کەی دیکە کە یەکەم جار هاتبووە سەر گۆڕەکە چووە ژوورەوە، بینی و باوەڕی هێنا. 9قوتابییەکان تا ئەو کاتە هێشتا لە پێشبینی پەرتوکەکە تێنەگەیشتبوون کە دەبوایە لەنێو مردووان هەستێتەوە. 10دواتر دوو قوتابییەکە گەڕانەوە ماڵەکانی خۆیان.11بەڵام میریام لەبەردەم گۆڕەکە لە دەرەوە ڕاوەستابوو دەگریا. لەو کاتەی کە دەگریا، دانەوییەوە و سەیری ناو گۆڕەکەی کرد. 12دوو فریشتەی بە جل و بەرگی سپیەوە بینی، لەو شوێنەی کە تەرمەکەی یەشوای لێ دانرابوو دانیشتبوون، یەکێکیان لە لای سەریەوە و ئەوی دیکە لە لای پێیەکانی. 13لێیان پرسی: «ئەی ژن، بۆچی دەگریت؟» وەڵامی دانەوە: «گەورەمیان بردووە، نازانم لەکوێ دایانناوە».14ئەمەی گوت ئاوڕی دایەوە، بینی یەشوا ڕاوەستاوە، بەڵام نەیزانی یەشوایە. 15پرسیاری لێکرد: «ئەی ژن بۆچی دەگریت؟ بەدوای کێدا دەگەڕێیت؟» وایزانی باخەوانەکەیە، پێی گوت: «گەورەم، ئەگەر تۆ بردووتە پێم بڵێ لەکوێ داتناوە تاکو بیبەمەوە».16یەشوا بانگی کرد: «میریام!» ئەویش ئاوڕی دایەوە و بە عیبری پێی گوت: «ڕابۆنی»، واتا مامۆستا. 17یەشوا پێی فەرموو: «دەستم لێ مەدە، چونکە هێشتا بەرزنەبومەتەوە لای باوک. بەڵکو بڕۆ لای برایانم و پێیان بڵێ: من بەرز دەبمەوە بۆ لای باوکم و باوکتان، خودام و خوداتان!» 18میریامی مەگدەلین گەڕایەوە مژدەی دا بە قوتابییەکان و گوتی: «من پەروەردگارم بینی!» ئەوەشی پێ گوتن کە پێی فەرموو بوو.19لە ئێوارەی هەمان ڕۆژ، کە یەکەم ڕۆژی هەفتە بوو، لە ترسی یەهودیەکان، قوتابییەکان دەرگاکانی ئەو ماڵەیان داخستبوو کە لێبوون، یەشوا لە ناوەڕاستیاندا ئامادەبوو و پێی فەرموون: «ئاشتی بۆ ئێوە!» 20کە ئەمەی فەرموو، دەستی و کەلەکەی پیشاندان، جا قوتابییەکان زۆر دڵشادبوون کە پەروەردگاریان بینی.21یەشوا دیسان پێی فەرموون: «ئاشتی بۆ ئێوە. وەک باوک ناردوومی، منیش دەتاننێرم». 22کە ئەمەی فەرموو، فووی لێکردن، پێی فەرموون: «گیانی پیرۆز وەربگرن. 23ئەوەی ئێوە گوناهی ببەخشن، بەخشراوە. ئەوەی ئێوە گوناهی نەبەخشن، نەبەخشراوە!»24بەڵام تۆما، کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، و بە دووانە ناسرابوو، لەو کاتە لەگەڵ قوتابییەکان نەبوو کە یەشوا بەدەرکەوت. 25قوتابییەکانی دیکە پێیان گوت: « پەروەردگارمان بینی!» وەڵامی دانەوە: «ئەگەر جێگای بزمارەکان بە دەستییەوە نەبینم، پەنجە نەخەمە شوێنی بزمارەکانەوە، دەست نەخەمە ناو کەلەکەی هەرگیز باوەڕ ناکەم!»26لەدوای هەشت ڕۆژ، قوتابییەکانی دووبارە لە ژووری ماڵەکە کۆبونەوە و تۆما یان لەگەڵ بوو، دەرگاکانیش داخرابوون، یەشوا دەرکەوت لە ناوەڕاستیان ڕاوەستا فەرمووی: «ئاشتی بۆ ئێوە!» 27ئینجا بە تۆمای فەرموو: «پەنجەت بێنە ئێرە، و دەستم ببینە، دەستت بخەرە ناو کەلەکەم. بێباوەڕ مەبە بەڵکو باوڕەت هەبێت!»28تۆما هاواری کرد: « پەروەردگار و خودام». 29یەشوا پێی فەرموو: «لەبەر ئەوەی منت بینی، باوەڕت کرد؟ خۆزگە بەوانەی بێ ئەوەی ببینن باوەڕدەکەن.»30یەشوا لەبەردەم قوتابییەکانیدا پەرجووی دیکەی زۆر کرد کە لەم پەڕتووکەدا نەنووسراوە. 31بەڵام ئەمانە نووسراون تاکو ئێوە باوەڕ بکەن کە یەشوا مەسیحەکەیە ڕۆڵەی خودایە، تاکو ژیانیان هەبێت ئەگەر باوەڕ بە ناوی ئەو بهێنن.
1دوای ئەمە یەشوا جارێکیتر بۆ قوتابییەکان بەدەرکەوت لە لای دەریاچەی کینەرەت. بەم شێوەیە بۆیان بەدەرکەوت: 2شیمۆن پەترۆ و تۆما کە بە دیدمۆس ناسرابوو، لەگەڵ نەتەنائیل کە خەڵکی کانای گەلیلی بوو، هەروەها کوڕەکانی زەڤدی و دوو قوتابی دیکە کۆبوونەوە. 3شیمۆن پەترۆ پێی گوتن: «بۆ ڕاو دەچم!» پێیان گوت: «ئێمەش لەگەڵت دێین». ئینجا ڕۆیشتن و سواری بەلەم بوون، بەڵام لەو شەوەدا هیچیان نەگرت.4کە بەرەبەیان داهات، یەشوا لە کەناری دەریاچەکە ڕاوەستابوو، بەڵام قوتابییەکان نەیاناسی کە ئەو یەشوایە. 5یەشوا پرسیاری لێکردن: «کوڕینە، هیچ ماسیتان پێ نیە؟» وەڵامیان دایەوە: «نەخێر!» 6پێی فەرموون: «تۆڕەکە هەڵبدەنە لای ڕاستی بەلەمەکە، ماسی دەبیننەوە!» جا هەڵیاندا و ئیتر لەبەر زۆری ئەو ماسییانەی تێیدا بوو نەیانتوانی تۆڕەکە ڕابکێشنە ناو بەلەمەکە!7ئەو قوتابییەی کە یەشوا خۆشیدەویست، بە پەترۆی گوت: «ئەوە پەروەردگارە!» کاتێک پەترۆ بیستی کە ئەوە پەروەردگارە، خۆی بە جلەکانی داپۆشی چونکە ڕووت بوو، خۆی هەڵدایە ناو ئاوەکەوە مەلەی کرد. 8قوتابییەکانی دیکە بە بەلەمەکە هاتن و تۆڕی ماسییەکەیان ڕادەکێشا، چونکە تەنها دوو سەد باڵ لە کەنارەکە دوور بوون. 9کاتێک لە کەنارەکە دابەزین پشکۆی خەڵوزیان لەوێ بینی ماسیان لە سەردانرابو وە نانیش.10یەشوا پێی فەرموون: «لەو ماسییانە بهێنن کە ئێستا ڕاوتانکرد!» 11شیمۆن پەترۆ سەرکەوت و تۆڕەکەی ڕاکێشایە سەر وشکانی، سەد و پەنجا و سێ ماسی گەورەی تێدابوو، لەگەڵ زۆریەکەشی تۆڕەکە نەدڕابوو.12یەشوا بە قوتابیەکانی فەرموو: «وەرن بخۆن». هیچ کام لە قوتابییەکان نەیانوێرا پرسیاری لێ بکەن: «تۆ کێیت؟» چونکە زانیان ئەوە پەروەردگارە. 13یەشوا هاتە پێش نانەکەی هەڵگرت و پێیدان، ماسییەکەش بە هەمان شێوە. 14ئەمە سێیەم جار بوو کە یەشوا پاش هەستانەوەی لەنێو مردووان بۆ قوتابییەکانی بەدەرکەوت.15دوای ئەوەی نانیان خوارد بە شیمۆن پەترۆی فەرموو: « ئەی شیمۆنی کوڕی یۆنا، منت لەوانە خۆشتر دەوێت؟» وەڵامی دایەوە: «بەڵێ پەروەردگارم، تۆ دەزانیت کە من تۆم خۆشدەوێت!» پێی فەرموو: «بەرخەکانم بلەوەڕێنە!» 16دوبارە پێی فەرمووەوە: «شیمۆنی کوڕی یۆنا، منت خۆشدەوێت؟» وەڵامی دایەوە: «بەڵێ پەروەردگارم، تۆ دەزانیت من تۆم خۆشدەوێیت!» پێی فەرموو: «شوانایەتی بۆ مەڕەکانم بکە»17جاری سێیەم پێی فەرموو: «شیمۆنی کوڕی یۆنا، منت خۆشدەوێت؟»پەترۆ دڵگران بوو، چونکە سێ جار پێی فەرموو: «منت خۆشدەوێت». پێی گوت: «پەروەردگارم، تۆ هەموو شتێک دەزانیت. دەزانیت کە خۆشم دەوێیت!» یەشواپێی فەرموو: «مەڕەکانم بلەوەڕێنە! 18ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، کاتێک گەنج بوویت پشتێنەکەتت بەناو قەدەوە دەبەست و بۆ هەرکوێ بتویستبا دەچوویت. بەڵام کاتێک پیر دەبیت دەستت درێژ دەکەیت و یەکێکی دیکە پشتێنەکەت دەبەستێت و دەتباتە شوێنێک کە ناتەوێت!»19ئەمەی گوت وەک ئاماژەکردنێک بۆ ئەو مردنەی کە پەترۆ پێی دەمرێت و خودای پێ شکۆمەند دەکات. لەدوای ئەمە پێی فەرموو: «شوێنم بکەوە».20پەترۆ ئاوڕی دایەوە و بینی، ئەو قوتابییەی کە یەشوا خۆشی دەویست شوێنیان کەوتووە، ئەوەی لە کاتی نانی ئێوارەدا شانی بە سنگی یەشوادا دابوو پێی گوتبوو: «گەورەم، کێیە ئەوەی ناپاکیت لەگەڵ دەکات؟» 21کاتێک پەترۆ ئەوی بینی بە یەشوای گوت: «پەروەردگارم، ئەی ئەمە چی لێدێت؟»22یەشوا وەڵامی دایەوە: «ئەگەر بمەوێت دەمێنێتەوە هەتا دێمەوە، بە تۆ چی؟ تۆ شوێنم بکەوە!» 23ئیترئەم هەواڵە وا لەنێو برایان بڵاو بۆوە کە ئەو قوتابییە نامرێت. بەڵام یەشوا بەپەتڕۆی نە فەرموو نامرێت، بەڵکو فەرمووی: «ئەگەر بمەوێت دەمێنێتەوە هەتا دێمەوە، بە تۆچی؟»24ئەم قوتابییە ئەو کەسەیە کە شایەتی بۆ ئەم ڕووداوانە دەدات و لێرەشدا نووسیویەتی. وە ئێمە دەزانین کە شایەتی ئەو ڕاستە. 25وە زۆر شتی دیکە هەیە کە یەشوا کردوویەتی، پێم وایە ئەگەر یەک بە یەک بنوسرێتەوە، هەموو جیهان جێگای ئەو پەرتووکە نوسراوانەی تێدا نەدەبۆوە!
1لە یەکەم پەرتووکمدا، تیۆفیلۆس، هەموو کار و فێرکارییەکانی یەشوام بۆ باس کردیت، هەر لە سەرەتای پەیامەکەیەوە 2تا ئەو ڕۆژەی کە بەرەو ئاسمان بەرزبۆوە، پاشان ڕاسپارەدەکانی خۆی، بە گیانە پیرۆزەکە، بەخشی بەو نێردراوانەی کە هەڵیبژارد. 3لە ماوەی چل ڕۆژ دوای ئازارەکەی، چەندین جار بۆیان دەرکەوت، بە چەندین بەڵگەی یەکلاکەرەوە بۆی سەلماندن کە زیندووە، و لەبارەی شانشینی خوداوە قسەی بۆ کردن.4کاتێک لەگەڵیان کۆبۆوە، فەرمووی: «یۆرشەلایم بەجێ مەهێڵن، بەڵکو لەوێ بمێننەوە و چاوەڕێی تەواوکردنی بەڵێنەکانی باوک بن، کە پێشتر لە بارەیەوە قسەم بۆ کردوون. 5یۆخەنان خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشێت؛ بەڵام چەند ڕۆژێکی کەم ئێوە لە گیانی پیرۆز هەڵدەکێشرێن!»6ئەوانەی لەگەڵیدا کۆببوونەوە لێیان پرسی: « ئەی پەروەردگار، ئایا لەم کاتەدا شانشین بۆ یەسرائیل دەگەڕێتەوە؟» 7وەڵامی دانەوە: «بۆ ئێوە نییە ئەو کات و ساتانە بزانن کە باوک بە دەسەڵاتی خۆی دیاریکردووە. 8بەڵام کاتێک گیانە پیرۆزەکە دێتە سەرتان هێز وەردەگرن، و شایەتحاڵی من دەبن لە یۆرشەلایم و سەرجەم یەهودیا، و سامرە، تا ئەوپەڕی زەی».9ئەمەی فەرمووو لە کاتێکدا سەیریان دەکرد بەرزبۆوە بۆ ئاسمان. پاشان هەورێک لە بەر چاویان شاردییەوە. 10لە کاتێکدا سەیری ئاسمانیان دەکرد و ئەویش بەرەو ئاسمان دەرۆیشت، دوو پیاو بە جل و بەرگی سپییەوە دەرکەوتن، 11و پێیان گوتن: «ئەی گەلیلییەکان، بۆچی ڕاوەستاون و سەیری ئاسمان دەکەن؟ یەشوا، کە لەلای ئێوە هەڵگیرا بۆ ئاسمان، هەر وەک چۆن بینیوتانە بەرز دەبێتەوە بۆ ئەوێ لەوێشەوە دەگەڕێتەوە!»12پاشان نێردراوان لە چیای ناسراو بە زەیتون گەڕانەوە بۆ یۆرشەلایم، کە بە رادەی رۆژەرێیەکی رێگەپێدراو لە شەباتدا لە یۆرشەلام نزیکە. 13کە گەیشتن سەرکەوتن بۆ ژوورێک لە نهۆمی سەرەوە کە تێیدا دەمانەوە.، ئەوانیش بریتی بوون لە: پەترۆ یۆخەنا، یاکۆڤ و ئاندریا، فیلیپۆس و تۆما، بەرتۆلمیۆ و مەتا، یاکۆڤی کوڕی هەلفای و شیمۆنی دڵگەرم، و یەهودا برای یاکوڤ. 14هەموویان بە یەک دڵەوە بەردەوام بوون لە نزا کردن و لەگەڵیاندا چەند ژنێک بوون، میریام دایکی یەشوا و براکانی.15کاتێک نزیکەی سەد و بیست کەس لە برایان پێکەوە کۆبوونەوە، پەترۆ لە نێوانیاندا وەستا و قسەی لەگەڵ کردن و گوتی: 16«ئەی برایان، دەبێت ئەو پێش بینییەی کە گیانی پیرۆز لە زمانی داڤیدی پێغەمبەرەوە گوتویەتی بێتەدی، سەبارەت بە یەهودا ئەوەی کە هەڵگەڕایەوە ڕێنمایی ئەو کەسانەی دەکرد یەشوایان دەستبەسەر کرد.17یەهوداش بە یەکێک لە ئێمە دادەنرا، و بەشداری لە خزمەتەکەماندا دەکرد. 18پاشان بەو پارەیەی کە بۆ ناپاکییەکەی وەریگرتبوو، کێڵگەیەکی کڕی و به ڕوودا کەوت، لە ناوەڕاستەوە دوولەت بوو و هەموو ڕیخۆڵەی هاتە دەرەوە. 19خەڵکی یۆرشەلایم هەموویان ئاگاداری ئەم ڕووداوە بوون، ناوی کێڵگەکەیان ناوە حەقل دەمەخ، بە زمانی خۆیان، واتای کێڵگەی خوێن.20کەواتە پێشبینییەکەی پەرتووکی زبورەکان هاتە دی: ماڵەکەی وێران دەبێت، و کەس تێیدا نیشتەجێ نابێت. وە هەروەها : با ئەرکەکەی ڕادەستی کەسێکی تر بکرێت!21بۆیە دەبێت یەکێکیتر لەو پیاوانە هەڵبژێرین کە هاوڕێمان بووە بە درێژایی ئەو کاتەی کە پەروەردگار یەشوا لەگەڵمان بەسەری بردووە، 22لەو کاتەوەی یۆخەنان لە ئاوی هەڵکێشا تا ئەو ڕۆژەی لە لای ئێمەوە بەرزبۆوە بۆ ئاسمان، تا لەگەڵمان شایەتحاڵی هەستانەوەی یەشوا بێت». 23ئامادەبووان دوو پیاویان بەربژێر کرد: یۆسپ بە بارسابا بانگ دەکراو نازناوی یوستیۆسی بوو، وە لەگەڵ ماتیاس.24پاشان نزایان کرد و گوتیان: «ئەی پەروەردگار کە دڵی هەموو مرۆڤەکان دەزانیت، نیشانمان بدە کام لەم دوو پیاوە هەڵدەبژێریت 25بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێمە بەشداری لە خزمەت و پەیامەکەدا بکات لەبری یەهودا کە چووە ئەو شوێنەی کە شایەنی بوو». 26ئینجا تیروپشکیان کرد، و کەوتە سەر ماتیاس، و زیادیان کرد بە یازدە نێردراوان.
1کاتێک ڕۆژی پەنجاهەم هات، براکان لە یەک شوێن کۆبوونەوە، 2لەناکاو دەنگێک لە ئاسمانەوە هات وەک دەنگی بایەکی بەهێز، ئەو ماڵەی پڕ کرد کە تێیدا دانیشتبوون. 3پاشان زمانەکان وەک ئەوەی ئاگر بن بۆیان دەرکەوتن، و دابەشبوون و سەر هەر یەکێکیاندا، 4هەموویان پڕ بوون لە گیانە پیرۆزەکە، و دەستیان کرد بە قسەکردن بە زمانەکانی تر، هەروەک ئەوەی گیانەکە دەسەڵاتی قسەکردنی پێبەخشیبن.5لەو کاتەدا یۆرشەلایم بە هۆی ئەو یەهودییە لەخواترسانەی لە سەرجەم نەتەوەکانی جیهانەوە هاتبوون قەرەباڵغ بوو. 6کاتێک گوێیان لەم دەنگە بوو، جەماوەرەکە بە سەرسوڕمانەوە کۆبوونەوە، چونکە هەریەکەیان گوێیان لە قسەکردن بە زمانی خۆیان بوو. 7هەمووان سەریان سوڕمابوو. پرسیاریان دەکرد: «ئایا ئەمانە کە قسە دەکەن سەرجەمیان خەڵکی گەلیلی نین؟8ئەی چۆنە هەر یەکێک لە ئێمە زمانی ئەو وڵاتە دەبیستێت کە تێیدا لەدایک بووە؟ 9هەندێکمان پارت و ماد و ئیلامین. هەندێکمان خەڵکی میزۆپۆتامیا و یەهودیا و کەپادۆکیا و پۆنتۆس و ئاسیاین. 10هەندێک لە فریگا و پامفیلیا، میسر و بەشەکانی لیبیا بەرامبەر قیرەوانین. لە ناوماندا زۆرێک لە ڕۆمەوە بۆ سەردان هاتوون، 11یەهودی و ئەوانەی بوون بە یەهودی. هەندێکیان کرێتی وهەندێکی عەرەبن. ئەوەتا گوێمان لێیە کە بە زمانەکانمان قسەمان لەگەڵ دەکەن و کارە مەزنەکانی خودامان پێڕادەگەینن».12هەمووان بە سەرسوڕمان و سەرلێشێواوی لە یەکتریان دەپرسی: «مانای هەموو ئەمانە چییە؟» 13هەندێکیشیان بە گاڵتەجاڕیەوە دەیانگوت: «ئەوان جگە لە سەرخۆش هیچی تر نین!»14پاشان پەترۆ لەگەڵ یازدە نێردراوان وەستا، و بە دەنگێکی بەرز وتاری بۆ دان، و گوتی: «ئەی یەهودییەکان، و هەموو ئەوانەی لە یۆرشەلایم نیشتەجێن! گوێ لە قسەکانم بگرن بۆ ئەوەی ڕاستی بابەتەکە بزانن! 15ئەمانە سەرخۆش نین، وەک ئەوەی ئێوە بیری لێ دەکەنەوە، خەڵکی کاتژمێر نۆی بەیانی سەرخۆش نابن.16ئەمە هەر ئەوەیە کە لە زمانی پێغەمبەر یوئێلەوە وتراوە: 17خودا دەفەرموێت: لە ڕۆژانی کۆتاییدا گیانی خۆم بەسەر هەموو مرۆڤایەتیدا دەڕێژم، کوڕ و کچەکانتان پێشبینی دەکەن، گەنجەکانتان بینین و پیرانتان خەون دەبینن.18لەو ڕۆژانەدا لە گیانی خۆم بەسەر هەموو خزمەتکارەکانمدا دەڕێژم، چ ژن و چ پیاو، ئەوانیش پێشبینی دەکەن. 19نیشانەی سەرسوڕهێنەر لە ئاسمان و زەوی ئەنجام دەدەم ، خوێن و ئاگر و دوکەڵی چڕ دەبێت!20وە پێش ئەوەی ڕۆژی پەروەردگار بێت، ئەو ڕۆژە مەزن و بەناوبانگە، خۆر تاریک دەبێت، مانگ دەگۆڕێت بۆ ڕەنگی خوێن. 21بەڵام هەرکەسێک بە ناوی پەروەردگاروە بانگی بکات ڕزگاری دەبێت!22ئەی نەوەی یەسرائیل، گوێ بگرن لەم قسانە : یەشوای ناسیرەیی مرۆڤێک کە خودا بۆتانی سەلماند لە ڕێگەی ئەو پەرجوو و سەرسوڕهێنەر و نیشانە باوەڕپێکراوانەی بە ئەو لە نێوانتاندا کردوویەتی، وەک خۆتان دەزانن. 23بەڵام خودا بەپێی خواست و زانستی پێشوەختی دیاریکراوی خۆی، ڕێگەی دا کە بیگرن و لە خاچی بدەن و بە دەستی گوناهباران بکوژرێت. 24بەڵام خودا لە مردن هەڵیستاندەوە، لە ئازارەکانی مردن ڕزگاری کرد، وەک چۆن نەدەکرا مردن لە چنگی خۆیدا بیهێڵێتەوە!25چونکە داڤید لەو بارەیەوە دەڵێت: من هەمیشە پەروەردگارم لە پێش خۆمەوە دەبینی چونکە ئەو لە ڕاستی منە تاوەکو نەهەژێم، 26بۆیە دڵم شادە و زمانم شادی دەردەبڕی. جەستەم بە هیواوه پشوو دەدات.27گیانم لە ناو مردووەکاندا بەجێ ناهێڵیت، و ڕێگە نادەیت تاکە پیرۆزەکەت گەندەڵی ببینێت، 28تۆ ڕێنماییت کردم بۆ ڕێگاکانی ژیان، بینینی ڕووخسارت پڕم دەکات لە شادی!29ئەی برایان، با ڕاشکاوانە پێتان بڵێم کە داڤیدی باوکمان مرد و بە خاک سپێردرا، و گۆڕەکەی تا ئەمڕۆش لای ئێمەیە. 30چونکە داڤید پێغەمبەر بوو، دەیزانی کە خودا سوێندی بۆ خواردووە کە مەسیح لە رەچەڵەکی ئەو ئەبێت و لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت، 31باسی هەستانەوەی مەسیحی کرد وەک چۆن پێشتر بینیبووی، گوتی لە جیهانی مردوواندا نەمایەوە، جەستەی گەندەڵیی وەرنەگرت.32یەشوا لە مردن هەستایەوە و هەموومان شایەتحاڵی ئەوەین. 33کاتێک بەرزبۆوە بۆ ڕاستەی خودا، و گیانە پیرۆزەکەی بەڵێندراوی لە باوک وەرگرت، و بەسەر ئێمەیدا ڕشت. ئەوەی ئێستا دەیبین و دەیبیستن دەرئەنجامی ئەوەیە.34چونکە داڤید بە جەستەی خۆیەوە بەرز نەکرایەوە بۆ ئاسمان. پاشان بۆ خۆی دەڵێت: پەروەردگار بە پەروەردگارمی فەرموو: لە راستەی من دابنیشە 35تا دوژمنەکانت بکەمە تەختە پێت. 36کەواتە با هەموو نەوەی یەسرائیل بە دڵنیاییەوە بزانن، کە خودا یەشوا ئەوەی ئێوە لە خاچتاندا، پەروەردگار و مەسیحە!»37ئەوانەی ئامادەبوون ئەم قسانەیان بیست، کاری کرد لە دڵیان، بۆیە لە پەترۆ و نێردراوانی دیکەیان پرسی: « برایان، چی بکەین؟» 38پەترۆ وەڵامی دانەوە: «پاشگەز ببنەوە، و بە ناوی یەشوای مەسیح لە ئاوهەڵکێشرێن خودا لە گوناهەکانتان خۆش دەبێت و گیانە پیرۆزەکە بە دیاری وەردەگرن، 39چونکە بەڵێنەکە بۆ ئێوە و منداڵەکانتان و هەموو ئەوانەیە کە دوورن، هەرکەسێک پەروەردگار خودامان بانگهێشتی کردبێت وەریدەگرێت!»40پاشان پەترۆ شایەتحاڵی بۆ ئامادەبووان دا و بە چەندین وتاری تر ئامۆژگاری کردن، و گوتی: «خۆتان لەم نەوە لاڕێیە ڕزگار کەن!» 41ئەوانەی قسەکانیان پەسند کرد لە ئاو هەڵکێشران. نزیکەی سێ هەزار کەس لەو ڕۆژەدا پەیوەندیان کرد. 42هەمووان بەردەوام بوون لە وەرگرتنی فێرکاری نێردراوان، و ژیانی هاوبەش و شکاندنی نان و نزاکردن.43کاتێک زۆر سەرسوڕهێنەر و نیشانە لەلایەن نێردراوانەوە ئەنجامدرا، هەمووان تووشی سەرسامی بوون. 44باوەڕداران هەموویان پێکەوە یەکگرتوو بوون، و لە هەموو ئەو شتانەی کە هەیانبوو بوون بە هاوبەش، 45کەلوپەلی خۆیان دەفرۆشت و بەهاکەیان بە پێی پێویستی هەر کەسە دابەش دەکرد،46ڕۆژانە بە یەک دڵ و بەردەوام دەچوون بۆ پەرستگا، و لە ماڵەوە نانیان دەشکاند، و بەدڵخۆشی و دڵفراوانییە پێکەوە نانیان دەخوارد، 47ستایشی خودایان دەکرد، و لەلایەن هەموو گەلەوە پێشوازییەکی باشیان لێکرا. پەروەردگار، هەموو ڕۆژێک، ئەو کەسانەی بۆ کڵێساکە زیاد دەکرد کە ڕزگاریان ببوو.
1ڕۆژێک کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ پەترۆ و یۆخەنا چوونە پەرستگا بۆ نزاکردن. 2لە لای دەروازەی پەرستگاکە کە ناوی دەروازەی جوانە، پیاوێک دانیشتبوو کە لە زگماکەوە کەم ئەندام بوو، هەموو ڕۆژێک هەڵیان دەگرت و لەوێ دایاندەنا و داوای بەخشینی لەوانە دەکرد کە دەچوونە ناو پەرستگاکە. 3کاتێک بینی پەترۆ و یۆخەنا دەچنە ژوورەوە، داوای بەخشینی لێکردن،4بە وردی سەیریان کرد، پەترۆ پێی گوت: «سەیری ئێمە بکە!» 5چاوی لەسەریان بوو، چاوەڕێی ئەوە بوو بەخشینێکی پێ بدەن. 6پەترۆ گوتی: «من زیو و زێڕم نییە، بەڵام ئەوەی هەمە پێت دەبەخشم: بە ناوی یەشوای مەسیحی ناسیرەیی، هەستە و بڕۆ!»7بە دەستی ڕاستی هەڵیستاند، دەستبەجێ هێز چووە ناو پێ و پاژنەی 8هەستا و دەستی کرد بە ڕۆیشتن، و لەگەڵیان چووە ناو پەرستگاکە و لە خۆشیان بازی دەدا و ستایشی خودای دەکرد.9هەموو ئەوانەی لەوێ بوون بینییان کە دەڕۆیشت و ستایشی خودای دەکرد، 10ئەوان دەیانزانی ئەوە هەر ئەو سواڵکەرە کەم ئەندامەیە لە بەردەم دەروازەی جوان دادەنیشت، بۆیە سەرسام بوون و سەریان سوڕمابوو بەو شتەی بۆی ڕویدا بوو!11کاتێک لەگەڵ پەترۆ و یۆخەنا لە هۆڵی پەرستگاکە بوون کە بە هۆڵی شلۆمۆ ناسراوە، خەڵکێکی زۆر بە خێرایی و سەرسوڕمانەوە لە دەوریان کۆبوونەوە، 12پەترۆ کە ئەمەی بینی پێی گوتن: «ئەی نەوەی یەسرائیل، بۆچی سەرسامن بەوەی کە ڕوویداوە، بۆچی ئاوا چاومان لێدەکەن وەک ئەوەی بە هێز و توانای خۆمان کارێکمان کرد ئەم پیاوە بە ڕێگادا بڕوات؟13خودای ئەڤراهام و یتساخ و یاکۆڤ، خودای باوباپیرانمان، بەندەی خۆی شکۆمەند کردووە، یەشوا کە ڕادەستتان کرد بۆ ئەوەی بکوژرێت لەبەردەم پیلاتۆسدا نکۆڵیتان لێکرد، هەرچەندە بڕیاری دابوو ئازادی بکات. 14ئێوە نکۆڵیتان کرد لە پیرۆزە راستودرووستەکە و داوای لێخۆشبوونتان بۆ بکوژێک کرد،15ئێوە بەدیهێنەری ژیانتان کوشت. بەڵام خودا لە مردن هەڵیستاندەوە و ئێمەش شایەتحاڵی ئەوەین. 16بە بەخششی باوەڕ بە ناوی ئەو، ناوی ئەو هێزی بۆ ئەم پیاوە گەڕاندەوە کە دەیبینن و دەیناسن. باوەڕ بە یەشوا ئەوەی کە تەندروستی تەواوی بە ئامادەبوونی هەمووتان بەم کەسە بەخشی.17ئەی برایان دەزانم کە ئێوە و سەرۆکەکانتان بە نەزانی رەفتارتان لەگەڵ مەسیح کردووە، 18بەڵام خودا ئەوەی بۆ هەموو پێغەمبەرەکانی ئاشکرا کردبوو، کە مەسیحەکە دەبێ ئازار ببینێت، هێنایە دی.19کەواتە پاشگەز ببنەوە و بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی خودا گوناهەکانت بسڕێتەوە، 20ڕۆژانی ڕزگاریتان دێت لەلایەن پەروەردگارەوە، یەشوای مەسیح کە بۆ جاری دووەم دەگەڕێتەوە، وەک چۆن پێشتر بۆتان دیاری کراوە،21چونکە مەسیح دەبێت لە ئاسمان بمێنێتەوە تا ئەو کاتەی کە چاکسازی هەمەلایەنە لە هەموو شتێک ڕوودەدات وەک خودا لە کۆنەوە بە سروش بۆ پێغەمبەرە راستودرووستەکانی ئاشکرای کردووە. 22موشە فەرمووی: خودا پێغەمبەرێکی وەک من لە ناو براکانتانەوە بۆتان دەنێرێت بۆیە گوێ لە هەموو ئەو شتانە بگرن کە پێتان دەڵێت. 23بەڵام هەرکەسێک گوێی پێ نەدات لە ناو خەڵکدا لەناو دەچێت.24بە هەمان شێوە هەموو پێغەمبەران پێشبینی ئەم کاتانەیان کردووە، لە شمۆئیلەوە تا ئەوانەی دوای ئەو هاتوون، 25وە ئێوە نەوەی ئەم پێغەمبەرانەن، و ڕۆڵەی ئەو پەیمانەن کە خودا لەگەڵ باوباپیرانمان داینابوو کاتێک بە ئەڤراهامی فەرموو: لە ڕێگەی نەوەکانتەوە گەلانی زەوی بەرەکەتدار دەبن. 26لە پێناو ئێوەدا پێش هەموو شتێک خودا یەشوای لە مردن هەستاندەوە و ناردی بۆ ئەوەی بە دوورخستنەوەی هەریەکێکتان لە خراپەکارییەکانی بەرەکەت بخاتە سەرتان».
1لە کاتێکدا پەترۆ و یۆخەنا قسەیان لەگەڵ ئامادەبووان دەکرد، کاهینەکان، و فەرماندەی پاسەوانی پەرستگاکە و سەدوکیمەکان هاتن بۆ لایان، 2ئەوان بێزار بوون چونکە ئەمان خەڵکیان فێر دەکرد و ڕایاندەگەیاند کە هەستانەوەی مردووەکان ئەو ڕاستییەیە کە بە هەستانەوەی یەشوا پشتڕاستکراوەتەوە، 3بۆیە دەستگیریان کردن و تا ڕۆژی دواتر خستیاننە زیندانەوە، چونکە ئێوارە بوو. 4زۆرێک لەوانەی گوێیان لە وشەکە بوو باوەڕیان هێنا کە ژمارەی پیاوە باوەڕدارەکان نزیکەی پێنج هەزار کەس بوون.5بەیانی ڕۆژی دوایی سەرکردە و پیران و مامۆستایانی یەهوود لە یۆرشەلایم کۆبوونەوە، 6ئەنانیای سەرۆک کاهینان، و کەیافا، و یۆخەنا، و ئەسکەندەر، و هەموو ئەوانەی لە خێڵی سەرۆک کاهینەکان بوون لەگەڵیان بوون. 7پەترۆ و یۆخنایان بانگ کرد و لێیان پرسین: «بە چ هێزێک و بە ناوی کێ ئەم کارەتان کردووە؟»8ئینجا پەترۆ پڕ بوو لە گیانی پیرۆز و وەڵامی دانەوە: «ئەی رێبەران و پیرانی گەل، 9ئەگەر ئەمڕۆ بەهۆی چاکەیەک لەگەڵ پیاوێکی نەخۆش لێپرسینەوەمان لێ بکەن، 10کەواتە بزانن، و با هەموو گەلی یەسرائیل بزانن، کە بە ناوی یەشوای مەسیحی ناسیرەیی، کە لە خاچتان دا، و لە مردن هەستایەوە، بە ناوی ئەوەوە ئەم پەککەوتە بە تەندروستییەکی تەواوەوە لەبەردەمتان وەستاوە!11یەشوا ئەو بەردەیە کە ئێوەی تەلارسازان ڕەتتان کردەوە، و خۆی بوو بە یەکەم بەردی بناغە. ڕزگاربوون لە هیچ کەسێکی تردا نییە، 12هیچ ناوێکی تر لە ژێر ئاسماندا نییە کە بە مرۆڤ بەخشرابێت تا بەهۆیەوە ڕزگارمان بێت!»13ئامادەبووان سەرسام بوون بە بوێری پەترۆ و یۆخەنا، کاتێک زانیان کە ئەوان خوێندەوار نین و لە خەڵکی ئاسایین، تێگەیشتن کە ئەوان لەگەڵ یەشوا بوون. 14کاتێک بینیان ئەو پیاوە کەم ئەندامەی کە چاک بۆتەوە لەگەڵیان وەستاوە، هیچیان نەدۆزیەوە کە دژایەتییان بکەن!15بۆیە فەرمانیان پێکردن کە ئەنجومەنەکە بەجێبهێڵن، تا لە نێوان خۆیاندا ڕاوێژ بکەن. 16و گوتیان: «چی لەم دوو پیاوە بکەین؟ بۆ هەموو خەڵکی یۆرشەلایم ڕوونە کە پەرجوویەکی گەورە لەسەر دەستی ئەوان ڕوویداوە، و ناتوانین نکۆڵی لێبکەین! 17به ڵام بۆ ئه وەی ئەم بابەته له نێو گەلدا زیاتر بڵاو نەبێتەوه، با هەڕەشەیان لێبکەین که له ئێستاوه ئەم ناوه لای کەس نەهێنن». 18پاشان هێنایان و فەرمانیان پێکردن بەناوی یەشوا قسەمەکەن یان خەڵکیش ئاوا فێر مەکەن.19بەڵام پەترۆ و یۆخەنا گوتیان: «خۆتان بڕیار بدەن: ئایا لەبەردەم خودادا ڕاستە کە گوێڕایەڵی فەرمانەکانی ئێوە بین و یاخود فەرمانەکانی خودا؟ 20ناتوانین واز لە باسکردنی ئەوە بێنین کە بینیومانە و بیستوومانە».21ئەنجومەنەکە توندتر هۆشداری پێدان، بەبێ ئەوەی ڕێگەیەک بۆ سزادانیان بدۆزێتەوە، لە ترسی ڕاپەڕینی گەل فەرمانی ئازادکردنیانی دەرکرد و هەمووان خودایان بۆ ئەو پەرجووە شکۆمەند کرد ، 22چونکە ئەو پیاوەی ئەم نیشانەی چاکبوونەوە لێی ڕوودا تەمەنی لە سەرووی چل ساڵەوە بوو!23هەر کە پەترۆ و یۆخەنا ئازاد کران، گەڕانەوە بۆ لای هاوڕێکانیان و هەموو ئەو شتانەی کە سەرۆک کاهینەکان و پیران گوتبوویان بۆیان گێڕانەوە، 24بۆیە بە یەک دڵەوە بە نزا ڕوویان لە خودا کرد، و گوتیان: «ئەی پەروەردگار، بەدیهێنەری ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیدایە، 25ئەی تۆ کە بە گیانی پیرۆز لە ڕێگەی داڤیدی خزمەتکارتەوە وتت: بۆچی گەلان ئەوەندە توڕە بوون؟بۆچی کاتەکانیان بە پلانی بێهودە بەفیڕۆ ئەدەن؟26پاشاکانی زەوی و ڕێبەرەکانیان کۆبوونەوە و یەکتریان گرت بۆ دژایەتی پەروەردگار و مەسیحەکەی!27ئەم قسانە لە ڕاستیدا هاتنە دی، وەک چۆن هیرۆد و پۆنتیۆس پیلاتۆس و بتپەرستەکان و هۆزەکانی یەسرائیل، هاوپەیمان بوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیرۆزەکە یەشوا، کە تۆ کردت بە مەسیح، 28وە هەموو ئەو شتانەیان لەگەڵدا کرد کە دەست و خواستی تۆ بڕیاری دابوو.29ئێستا ئەی پەروەردگار، ببینە چۆن هەڕەشەمان لێ دەکەن، بوێری بە ئێمەی خزمەتکارت ببەخشە با وشەکانت ڕابگەیەنین، 30دەستت درێژ بکە بۆ چاکبوونەوە، تاکو بە ناوی یەشوا خزمەتکارە پیرۆزەکەتەوە پەرجووی سەرسوڕهێنەر ئەنجام بدرێت». 31لە کاتێکدا نزایان دەکرد ئەو شوێنەی کە لێی کۆببوونەوە لەرزی، هەموویان پڕ بوون لە گیانی پیرۆز، بۆیە بە هەموو بوێرییەکەوە دەستیان کرد بە ڕاگەیاندنی وشەی خودا!32کۆمەڵگەی باوەڕداران یەک دڵ و دەروون بوون، و کەس نەیدەگوت هەر شتێک کە هەیبوو تەنها هی خۆیەتی، بەڵکو هەموو شتێک بە هاوبەشی هی هەمووان بوو. 33نێردراوان شایەتی هەستانەوەی یەشوای پەروەردگاریان دەدا، هێز و بەخششێکی مەزن بەسەر هەموویاندا دادەبەزی.34لە نێوانیاندا هیچ هەژارێک نەبوو، چونکە هەموو ئەوانەی کێڵگە و خانوویان هەبوو دەیانفرۆشت و بەهاکەیان دەهێنا. 35لەبەر پێی نێردراوان دایان دەنا، و بەپێی پێویست بەسەر هەرکەسێکدا دابەشیان دەکرد.36لە نێو ئەمانەدا یۆسپ ناوێک بوو کە نێردراوان پێیان دەگوت بەرنابا واتە کوڕی هاندان، ئەو لە هۆزی لێڤی، و خاوەنی ڕەگەزنامەی قوبرسی بوو. 37خاوەنی کێڵگەیەک بوو، فرۆشتی و بەهاکەی هێنا و لە بەر پێی نێردراوان داینا!
1بەڵام پیاوێک بە ناوی ئەنانیا، لەگەڵ سافیرای هاوسەری ڕێککەوتنیان کرد و خاوەنی کێڵگەیەک بوون و فرۆشتیان، 2بە ئاگاداری خێزانی بەشێک لە پارەکەی بۆ خۆی هێشتەوە، ئەوەی مابۆوەوە هێنای و لە بەردەم نێردراوان داینا.3پەترۆ پێی گوت: ئەنانیا، بۆچی ڕێگەت دا شەیتان دڵت پڕ بکات، و درۆت لەگەڵ گیانی پیرۆز کرد، و بەشێک لە بەهای کێڵگەکەت بۆ خۆت هێشتەوە؟ 4ئایا پێش ئەوەی بفرۆشرێت هی تۆ نەبووە؟ وە دوای ئەوەی فرۆشرا ئایا پارەکە لەبەردەستتدا نەبوو؟ چی وای لێکردی بیر لە ئەنجامدانی کارێکی لەو شێوەیە بکەیتەوە؟ ئێوە تەنها درۆتان لەگەڵ مرۆڤەکان نەکردووە، بەڵکو لەگەڵ خوداتان کردووە!» 5کاتێک ئەنانیا ئەمەی بیست دەستبەجێ کەوتە سەر زەوی و مرد! ترسێکی زۆریش دەستی بەسەر هەموو ئەوانەدا گرت کە بەم ڕووداوەیان زانی. 6پاشان هەندێک گەنج هاتن و تەرمی ئەنانیایان هەڵگرت و بردیانە دەرەوە و ناشتیان.7نزیکەی سێ کاتژمێر دواتر ژنەکەی هاتە ژوورەوە نەیدەزانی چی ڕوویداوە، 8پەترۆ لێی پرسی: «پێم بڵێ: ئایا ئەمە ئەو پارەی کێڵگەکەیە کە تۆ و ئەنانیا فرۆشتتان ؟» ژنەکە گوتی: «بەڵێ، ئەوە بەهاکەیەتی».9پەترۆ پێی گوت: «بۆچی لەگەڵ مێردەکەت گیانی پەروەردگارتان تاقیکردەوە؟ هێشتا ئەو پیاوانەی مێردەکەتیان ناشت لە بەر دەرگاکەدان، و تۆش دەبەنە دەرەوە!» 10لەو ساتەدا لە بەر پێی پەترۆ کەوت و مرد! پاشان گەنجەکان هاتنە ژوورەوە و بە مردوویی بینییان، و هەڵیانگرت و لە تەنیشت مێردەکەیەوە بە خاکیان سپارد. 11ترسێکی گەورە دەستی بەسەر هەموو کڵێساکەدا گرت، و هەموو ئەوانەیش کە هەواڵی ئەم ڕووداوانە یان بیست.12نێردراوان چەندین نیشانە و سەرسوڕهێنەریان لەناو خەڵک ئەنجامدا. هەموو باوەڕداران بە یەک دڵییەوە لە هۆڵی شلۆمۆ پێکەوە کۆدەبوونەوە. 13کەسی تر نەیدەوێرا لە دەرەوە پەیوەندییان پێوە بکات، هەرچەندە لەلایەن گەلەوە ڕێزێکی زۆریان لێدەگیرا.14سەرەڕای ئەوەش ژن و پیاو زیاتر و زیاتر باوەڕیان بە پەروەردگار دەهێنا و ژمارەیان بەردەوام زۆر دەبوو. 15خەڵکانێک بوون نەخۆشەکانیان بە پێخەفەوە دەهێنایە سەر شەقامەکان، و دایاندەنان بۆ ئەوەی لانیکەم سێبەری پەترۆ بکەوێتە سەر هەندێکیان لەکاتی تێپەڕبوونیدا. 16هەروەها خەڵکێک لە شارۆچکەکانی دەوروبەری یۆرشەلایمەوە کۆبوونەوە و نەخۆشەکانیان و ئەوانەی کە لەلایەن گیانە ناپاکەکانەوە، ئازار دەدران دەهێنا و هەموویان پاکبوونەوە.17پاشان سەرۆک کاهینەکە و کۆمەڵەی کە سەر بە رێبازی سەدوکیمەکان بوون، پڕ بوون لە ئیرەیی بە نسبەت نێردراوان، 18بۆیە نێردراوانیان گرت و خستیانە زیندانی گشتی.19بەڵام لە شەودا فریشتەیەکی پەروەردگار دەرگای زیندانەکەی کردەوە و دەریهێنان، فەرمووی: 20«بڕۆن لە پەرستگا بۆ هەموو خەڵک مزگێنی ئەم ژیانە نوێیە بە تەواوی ڕابگەیەنن!» 21بەرەبەیان وەک ئەوەی پێیان گوترابوو چوونە ناو پەرستگا و دەستیان کرد بە فێرکردنی خەڵک. لە کاتێکدا ئەنجومەنەکە کۆبوونەوەی ئەنجامدا، لەسەر بانگهێشتی سەرۆک کاهین و جەماوەرەکەی، هەموو پیرانی یەسرائیل بەشدارییان کرد و فەرمانیان دا کە نێردراوان لە زیندانەوە بهێنرێن،22بەڵام پاسەوانەکان لەزیندان نەیاندۆزینەوە! بۆیە گەڕانەوە و هەواڵیان پێدان 23گوتیان: «زیندانەکە بە شێوەیەکی پارێزراو داخرابوو، پاسەوانەکان لە بەردەمیا وەستابوون، بەڵام کاتێک کردمانەوە، کەسمان لە ژوورەوە نەدۆزیەوە!»24فەرماندەی پاسەوانی پەرستگاکە و سەرۆک کاهینەکان کاتێک ئەمەیان بیست سەریان سووڕما و پێیان سەیر بوو، وپرسیاریان کرد: «ئەم بابەتە چۆن کۆتایی دێت؟» 25پاشان کابرایەک هاتە ئەنجومەنەکە و گوتی: «ئەو پیاوانەی کە ئێوە خستوتانەتە زیندانەوە، لە پەرستگا وەستاون و خەڵکی فێر دەکەن».26بۆیە فەرماندەی پاسەوانەکان لەگەڵ پیاوەکانیدا ڕۆیشت، و بە بێ توند و تیژی نێردراوانی هێنا، چونکە دەترسان خەڵک بەردەبارانیان بکەن. 27نێردراوان هێنرانە ژوورەوە بۆ بەردەم ئامادەبووانی ئەنجومەنەکە بۆ ئەوەی لەلایەن سەرۆک کاهینەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. 28گوتیان: «ئێمە فەرمانی توندمان پێداون کە بەم ناوە فێرکاری نەکەن. بەڵام ئێوە یۆرشەلایمتان پڕ کردووە لە فێرکارییەکانتان و بڕیارتان داوە بە ڕشتنی خوێنی ئەم پیاوە تاوانبارمان بکەن!»29پەترۆ و نێردراوانی دیکە لە وەڵامدا گوتیان: «ئێمە دەبێ گوێڕایەڵی خودا بین نەک خەڵک! 30یەشوا کە خودای باوباپیرانمان لە مردن هەڵیستاندەوە لە سەرخاچ هەڵتانواسی و کوشتتان. 31بەڵام خودا بەرزی کردەوە بۆ ڕاستەی خۆی و کردی بە سەرکردە و ڕزگارکەر بۆ ئەوەی پاشگەزبوونەوە و لێخۆشبوونی گوناهەکان بە یەسرائیل ببەخشێت؛ 32ئێمە شایەتحاڵی ئەم شتانەین، هەروەها گیانی پیرۆزیش کە خودا بەخشیویەتی بەو کەسانەی گوێڕایەڵی دەکەن».33کە ئەمەیان بیست، تووڕە بوون و دەیانویست بیانکوژن، 34بەڵام فەریسییەک بە ناوی گەمالەئێل، کە مامۆستای تەوڕات بوو شوێنکەوتووی ڕێبازی فەریسی بوو، و لەلایەن هەموو خەڵکەوە ڕێزی لێدەگیرا، لە ئەنجومەنەکە هەستا و فەرمانی دا کە پیاوەکان بۆ ماوەیەکی کەم ببردرێنە دەرەوە،35روویکردە کۆمەڵەکەو گوتی: «پیاوانی یەسرائیل، بە وردی بیر لەوە بکەنەوە کە بەنیازن چی لەگەڵ ئەم پیاوانە بکەن. 36ماوەیەک لەمەوبەر تیوداس دەرکەوت و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە کەسێکی مەزنە و نزیکەی چوار سەد کەسی لەگەڵ بوو، کوژرا و هەموو شوێنکەوتووانی بڵاوەیان پێکرا، و کۆتایی پێهات. 37دوای ئەو یەهودای گەلیلی لە ڕۆژانی سەرژمێریدا دەرکەوت و سەرکردایەتی کۆمەڵێک خەڵکی کرد بۆ ڕاپەڕین، ئەویش کوژرا و هەموو شوێنکەوتووانی پەرش و بڵاو بوون.38بۆیە ئامۆژگاریتان دەکەم لەم پیاوانە گەڕێن بهێڵن با برۆن. چونکە ئەگەر مەبەستیان ئەوەبێت چالاکییەکەیان لە خەڵکەوە بێت، ئەوا شکست دەهێنن، 39بەڵام ئەگەر لە خوداوە بێت ناتوانن ڕێگرییان لێبکەن، تەنها خۆتان دەبیننەوە کە شەڕ لەگەڵ خودا دەکەن».40وتارەکەی ئەوانی ڕازی کرد، نێردراوانیان بانگ کرد و بە قامچی لێیاندان پاشان فەرمانیان پێکردن بە ناوی یەشوا قسە نەکەن، و وازیان لێهێنان. 41نێردراوان بە خۆشحاڵییەوە ئەنجومەنەکەیان بەجێهێشت، چونکە بە شایستەی ئەوە هەژمار کرابوون کە لە پێناوی ناوی یەشوا سوکایەتییان پێکراوە. 42هەموو رۆژێ، لە پەرستگا و ماڵەکان، بێبڕانەوە فێرکارییان دەکرد و بە یەشوای مەسیح مزگێنیان دەدا.
1لەو ڕۆژانەدا کە ژمارەی شاگردەکان زیاتر بوو، یەهودییە یۆنانیەکان لەنێویاندا گلەییان لە عیبریەکان دەکرد، چونکە بێوەژنەکانیان یارەمەتی ڕۆژانەی خۆراکیان وەرنەدەگرت.2بۆیە دوانزە کەسەکە هەموو شاگردەکانیان کۆکردەوە و گوتیان: «ڕاست نییە ئێمە خزمەتکردنی قسەی خودا پشتگوێ بخەین سەرقاڵی دابەش کردنی یارمەتییەکان بین. 3خوشک و برایان، حەوت پیاو لە نێوانتاندا هەڵبژێرن، کە شایەت حاڵی باشیان هەیە، وە پڕبن لە گیانی پیرۆز و دانایی، بۆ ئەوەی دەستنیشانیان بکەین بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە. 4با ئێمە، بەردەوام بین لە نزا و خزمەتکردنی وشەکە».5هەمووان ئەم بۆچوونەیان پێباش بوو؛ ئەوان ستێڤانۆسیان هەڵبژارد، پیاوێکی پڕ لە باوەڕ و گیانی پیرۆز، هەروەها فیلیپۆس، پرۆکۆرۆس، نیکانۆر، تیمۆن، پارمێناس و نیکۆلاس لە ئانتیاخوس، کە گۆڕابوون بۆ ئایینی یەهودی. 6پێشکەشی نێردراوانیان کرد، ئەوانیش نزایان کرد و دەستیان لەسەر دانان.7بۆیە وشەی خودا بڵاو بۆوەوە، ژمارەی قوتابیان لە یۆرشەلایم بە خێرایی زیادی کرد، و کۆمەلێکی زۆر لە کاهینەکانیش گوێڕایەڵی باوەڕ بوون.8بەو پێیەی ستیڤانوس، پیاوێکی پڕ لە باوەڕو هێز، سەرسوڕهێنەر و نیشانەی مەزنی لەناو خەڵکدا ئەنجام دەدا. 9بەڵام هەندێک لە ئەندامانی کۆیلە ئازادکراوەکان دژایەتییان کرد ، پشتگیریان دەکرا لە لایەن هەندێک یەهودییەکانی قیرەوان و ئەلەکساندریا جگە لەوەیش لە هەرێمی کیلیکیا و ئاسیا، دەستیان کرد بە مشتومڕ لەگەڵیدا.10بەڵام نەیان دەتوانی بەرەنگاری ئەو داناییە وگیانەکە ببنەوە کە قسەی پێ دەکرد. 11بۆیە هەندێک کەسیان بە بەرتیل ڕازی کرد کە بڵێن: «ئێمە گوێمان لە ستیڤانۆس بووە کە کوفری بەرامبەر بە موشە و خودا کردووە!»12ئەم تۆمەتە خەڵک و پیر و زانایانی وروژاند لە دژی ستیڤن، بۆیە دەستگیریان کرد و هێنایان بۆ ئەنجومەن، 13شایەتحاڵی درۆینەیان لە سەردا دەیانگوت: «ئەم کەسە بەردەوام دژی ئەم شوێنە پیرۆزە و دژی تەوڕات قسەی دەکرد 14بیستمان دەیگوت یەشوای ناسیرەیی ئەم پەرستگایە وێران دەکات و ڕێوڕەسمەکان دەگۆڕێت کە لە موشە وەرمانگرتووە» 15هەموو ئامادەبووانی ئەنجومەن بینییان ڕووخساری وەک ڕووخساری فریشتەیەک وایە.
1پاشان سەرۆک کاهینەکە لە ستیڤانۆسی پرسی: «ئایا ئەم تۆمەتانە ڕاستن؟» 2وەڵامی دایەوە: «برایان و باوکان گوێم لێ بگرن، خودای شکۆمەندی بۆ ئەڤراهام باوکمان دەرکەوت کە هێشتا لە نێوان دوو رووبار بوو، پێش ئەوەی لە خاران نیشتەجێ بێت، 3پێی فەرموو: خاک و هۆزەکەت بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ئەو زەوییەی کە رێنوێنیت دەکەم بۆی.4«بۆیە گوێڕایەڵی کرد و وڵاتی کلدانەکانی بەجێهێشت و لە خاران نیشتەجێ بوو، لەوێ مایەوە تا باوکی کۆچی دوایی کرد پاشان خوای گەورە ناردی بۆ ئەم خاکە کە ئێستا ئێوە تێیدا دەژین، 5لێرە هیچ زەوی و پێگەیەکی پێنەدا، هەرچەند منداڵی نەبوو، بەڵام خودا بەڵێنی پێدا کە لە دوای خۆی ئەم نیشتمانە بدا بە خۆی و نەوەکانی دوای خۆی.6خودا فەرموویەتی: نەوەکانی تووشی دەربەدەری دەبن لە وڵاتێکدا کە هی ئەوان نییە، بۆ ماوەی چوار سەد ساڵ، لەو ماوەیەدا ڕووبەڕووی کۆیلایەتی و خراپ مامەڵەکردن دەبنەوە؛ 7بەڵام من سزای ئەو گەلە دەدەم کە وەک کۆیلە خزمەتیان دەکەن، دواتر لەوێ دێنە دەرەوە و لەم شوێنە دەمپەرستن. 8پاشان خودا داوای لە ئەڤراهام کرد کە نێرینەکانی ناو خێزانەکەی خەتەنە بکات وەک نیشانەی ئەو پەیمانەی کە لەگەڵیدا کردبووی. ئەڤراهام یتساخی بوو و دوای هەشت ڕۆژ لە لەدایکبوونی خەتەنەی کرد. دواتر یتساخ بوو بە باوکی یاکۆڤ، یاکۆڤیش دوانزە کوڕەکەی خەتەنە کرد، کە باوکانی یەکەم بوون.9«بەهۆی ئەوەی باوکانی یەکەم ئیرەیییان بە یۆسپ برد، وەک کۆیلەیەک فرۆشتیان بە میسر. بەڵام خودا لەگەڵی بوو، 10و لە هەموو ناخۆشییەکانی ڕزگاری کرد، بەخشش و دانایی لای فیرعەونی پاشای میسری بە یۆسپ بەخشی، بۆیە فیرعەون کردی بە فەرمانڕەوای میسر و هەموو کۆشکەکەی.11پاشان برسێتییەک هەموو میسر و کەنعانی گرت، و ئازارێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، و باوباپیرانمان نەیانتوانی خواردن بدۆزنەوە. 12کاتێک یاکۆڤ بیستی کە دانەوێڵە لە میسر هەیە باوباپیرانی ئێمەی نارد بۆ میسر. 13بۆ جاری دووهەم کە چوون، یۆسپ خۆی بە براکانی ناساند و فیرعەونیش بنەماڵەی یۆسپی ناسی.14دوای ئەمە یۆسپ یاکۆڤی باوکی، و هەموو بنەماڵەو براکانی بانگهێشت کرد کە بە گشتی حەفتا و پێنج کەس بوون. 15پاشان یاکۆڤ چوو بەرەو میسر، لەوێ خۆی و باوباپیرانمان مانەوە تا کۆچی دواییان کرد، 16تەرمەکانیان هێنرانەوە بۆ شەخەم و لە نێو ئەو گۆڕەدا دانران کە ئەڤراهام لە کوڕانی خەمۆر لە شەخەم بە بڕێک زێو کڕیبووی.17«لەگەڵ نزیکبوونەوەی کات بۆ ئەوەی خودا بەڵێنەکەی بۆ ئەڤراهام جێبەجێ بکات، ژمارەی گەلەکە لە میسر زۆر زیادی کردبوو. 18پاشان پاشایەکی نوێ کە هیچی دەربارەی یۆسپ نەدەزانی لە میسردا دەسەڵاتی گرتە دەست. 19ستەمی لە گەلەکەمان کرد، و خراپ لەگەڵ باوباپیرانمان مامەڵەی کرد بە ناچارکردنیان بۆ فڕێدانی کۆرپە تازە لەدایکبووەکانیان بۆ مردن.20لەو کاتەدا موشە لەدایک بوو. زۆر جوان بوو، بۆ ماوەی سێ مانگ لەلایەن خێزانەکەیەوە لە ماڵەوە چاودێری دەکرا، 21بە ناچاری وازیان لێ هێنا، بەڵام کچەکەی فیرعەون بردی و وەک کوڕی خۆی بەخێو و پەروەردەی کرد.22موشە بە زانیاری میسرییەکان رۆشنبیر کرابوو، و تا لە قسەکردن و کرداردا بەهێز بوو. 23کاتێک تەمەنی چل ساڵ بوو، بڕیاریدا سەردانی برایانی خۆی بکات کە لە نەوەی یەسرائیلن، 24بینی یەکێکیان لەلایەن میسرییەکەوە ستەمی لێدەکرێت، بۆیە لایەنگری ستەملێکراوەکەی کرد و بە کوشتنی میسرییەکە تۆڵەی لێکردەوە، 25موشە پێی وابوو برایانی خۆی لەوە تێدەگەن کە خودا بەکاری دەهێنێت بۆ ڕزگارکردنیان. بەڵام ئەوان تێنەگەیشتن!26ڕۆژی دواتر موشە دووان لە برایانی ببینی کە شەڕیان بوو، هەوڵیدا بەم شێوەیە ئاشتیان بکاتەوە و پێی گوتن، پیاوەکان، ئێوە برای یەکن، بۆچی دژایەتی یەک دەکەن؟ 27بەڵام ئەو پیاوەی خراپ رەفتاری لەگەڵ ئەویتردا دەکرد پاڵی بە موشەوە نا، و گوتی: کێ تۆی کردووە بە سەرۆک و دادوەر لە سەر ئێمە؟ 28دەتەوێ من بکوژیت وەک چۆن دوێنێ میسریەکەشت کوشت؟29موشە لە میسر هەڵات بۆ میدیان، لەوێ وەک بێگانەیەک نیشتەجێ بوو. دوو کوڕی بوو. 30دوای تێپەڕبوونی چل ساڵ، پەروەردگار لە بڵێسەی دەوەنێکی گڕگرتوودا لە بیابانەکانی نزیک چیای سینا، بۆ موشە دەرکەوت.31موشە کاتێک ئەمەی بینی سەرسام بوو بەو دیمەنە، لێی چووە پێش بۆ ئەوەی بزانێ چی روویداوە، گوێی لێبوو پەروەردگار بانگی دەکات: 32من خودای باوباپیرانتم، خودای ئەڤراهام و یتساخ و یاکۆڤم! موشە لە ترسدا دەلەرزی و نەیدەوێرا سەیری بکات.33پاشان پەروەردگار پێی فەرموو: کەوشەکانت داکەنە چونکە ئەو شوێنەی لێی وەستاویت زەوییەکی پیرۆزە! 34ستەمی گەلەکەمم لە میسر بینیوە، من گوێم لە گریانی ئەوان بووە، و هاتومەتە خوارەوە بۆ ئەوەی ئازادیان بکەم. ئێستا، دەتنێرمەوە بۆ میسر!35ئەمە هەمان ئەو موشەیە کە بەم وشانە ڕەتیان کردبۆوەوە: کێ تۆی کردووە بە فەرمانڕەوا و دادوەر؟ ئەو لەلایەن خوداوە نێردراوە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆک و ڕزگاریدەریان، کاتێک پەروەردگار لەناو دەوەنەکەدا بۆی دەرکەوت! 36گەلەکەی لە میسر دەرهێنا و لەوێ، و لە دەریای سوور، و لە بیابانەکاندا بۆ ماوەی چل ساڵ کاری سەرسوڕهێنەر و پەرجووی ئەنجامدا. 37ئەمە ئەو موشەیە کە بە نەوەی یەسرائیل دەڵێت: خودا پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ هەڵدەبژێرێت لە نێو براکاتان.38ئەو کەسە بوو کە سەرکردایەتی گەلی دەکرد لە بیابانەکاندا، ڕۆڵی نێوانگیری دەبینی لە نێوان ئەو فریشتەیەی کە لە چیای سینا قسەی لەگەڵ دەکرد و لەگەڵ باوباپیرانیشمان، وە ڕاسپاردەکانی خودای زیندووی پێ گەیاندن. 39بەڵام باوباپیرانمان ڕەتیانکردەوە گوێڕایەڵی موشە بن، دانیان پێدانەنا وەک ڕابەری خۆیان، و دڵیان تامەزرۆی گەڕانەوە بوو بۆ میسر، 40بە ئارۆنیان گوت: خودایەکمان بۆ دروست بکە کە لە پێش ئێمەوە بڕوات. چونکە نازانین چ بە سەر ئەو موشەیە هات کە ئێمەی لە میسر دەرهێنا!41ئەو کات بتێکیان لە شێوەی گۆلک دروست کرد. قوربانییان بۆ دەهێنا و بەو شتانە خۆشحاڵ بوون کە دەستکردی خۆیان بوو. 42بەڵام خودا رووی لێ وەرگێڕان و بە دیار پەرستنی خۆر و مانگ و ئەستێرەکانەوە بە جێی هێشتن. هەروا کە لە نووسراوەی پێغەمبەراندا نووسراوە: ئەی نەوەی یەسرائیل، ئایا چل ساڵ لە بیابان پێشکەشی و قوربانیتان بۆ هێنام؟43نا، بەڵکوو خێوەتەکەی مۆلۆخ، و ئەستێرەی خوداوەندەکەتان ڕەمفان، و ئەو بتانەی کە بۆ پەرستنیان دروستتان کردووە هەڵتانگرتووە! بۆیە دوورتان دەخەمەوە بۆ ئەوپەڕی بابێل!44باوباپیرانمان لەگەڵ خۆیان چادری شایەتییان هەڵگرتبوو بۆ بیابان. بەو شێوەیەی کە خودا بە موشەی ڕاسپاردبوو کە بەپێی ئەو نموونەی کە پیشانی دابوو؛ جێگیری بکات؛ 45پاشان چوونە ئەم وڵاتە کە بە سەرکردایەتی یەشوع داگیریان کرد، دوای ئەوەی خودا ئەو گەلانەی لەوێ دەژیان لە پێشیان دەرکرد. باوباپیرانمان بەردەوام بوون لە پەرستنی خودا لە چادرەکەدا تا سەردەمی داڤید 46کە پەسندکراوی خوداوبوو، بۆیە هەوڵیدا ماڵێک بۆ خودای یاکۆڤ بدۆزێتەوە.47ئەم ئارەزووە بە دی هات لە سەر دەستی شلۆمۆ کە پەرەستگاکەی دروست کرد. 48لەگەڵ ئەوەشدا خودای هەرەبەرز لەو ماڵانەدا ناژی کە بە دەستی مرۆڤ دروستکراون، وەک پێغەمبەرەکە دەفەرمووێت: 49ئاسمان تەختی منە، و زەویش تەختە پێمە. چ جۆرە ماڵێکم بۆ دروست دەکەن؟ پەروەردگار دەفەرموێت. یان شوێنی پشوودانەکەم لە کوێ دەبێت؟ 50ئایا بە دەستی من هەموو ئەم شتانە بەدی نەهاتووە؟»51پاشان ستیڤانۆس وتی: «ئەی ئەو یاخییانەی و دڵ و گوێتان خەتەنە نەکراوە! ئێوە هەمیشە بەرەنگاری گیانی پیرۆز دەبنەوە. وەک چۆن باوباپیرانتان کردیان ئێوەش دەیکەن! 52چ پێغەمبەرێک لە چەوسانەوە ڕزگاری بوو کاتێک ئەوانەی پێشەنگایەتی هاتنی چاکەکاریان دەکرد، کە خۆتان ڕادەستتان کرد و کوشتتان! 53تەوڕاتتان لە دەستی فریشتەکان وەرگرتووە، بەڵام گوێڕایەڵی نەبوون!»54کاتێک ئەوانەی کۆببوونەوە ئەم قسانەی ستیڤانۆسیان بیست، تووڕە بوون و ددانیان لێی چیڕ دەکردەوە. 55بەڵام ستیڤانوس کە پڕ بوو لە گیانی پیرۆز، سەری بەرز کردەوە بۆ ئاسمان، و شکۆی خودای بینی و یەشوا کە لە ڕاستەی خودا بوو. 56گوتی: «سەیرکەن، ئاسمان بە کراوەیی دەبینم و ڕۆڵەی مرۆڤیش لە ڕاستەی خودادا وەستاوە!»57بە بیستنی ئەم قسەیە گوێچکەی خۆیان گرت، و بە هەموویان هێرشیان کردە سەری، 58بردیانە دەرەوەی شار، و دەستیان کرد بە بەردبارانکردنی. لەم نێوەندەدا شایەتحاڵەکان کەواکانیان لە بەر پێی گەنجێک دانا کە ناوی شائۆل بوو بۆ ئەوەی ئاگای لێیان بێ.59لە کاتێکدا بەردیان لێدەدا، ستیڤانوس نزای دەکرد: «یەشوای پەروەردگار، گیانم وەربگرە!» 60ئینجا کەوتە سەر چۆک و هاواری کرد: «پەروەردگار، ئەمەیان بە گوناهە لە سەر هەژمار مەکە!» کە ئەمەی وت، نووست.
1شائۆل یەکێک بوو لە شایەتحاڵەکان و هاوڕا بوو لەسەڕ کوشتنی ستیفانوس . شەپۆلی چەوسانەوەیەکی توند لەو ڕۆژانەدا دەستی بە سەر کڵێسادا گرت. هەموو برایان جگە لە نێردراوان بەسەر ناوچەکانی یەهودیا و سامریدا پەرتەوازە بوون. 2هەندێک پیاوی لەخواترس هاتن، و بە ماتەمینییەکی زۆرەوە ستیڤانوسیان بە خاک سپارد. 3بەڵام شائۆل دەچوو بۆ هەموو شوێنێک بۆ لەناوبردنی کڵێساکە، ماڵ بە ماڵ دەگەڕا و ژن و پیاوی راپێچی زیندان دەکرد.4بەڵام ئەوانەی کە پەرش و بڵاو بوون شوێن بە شوێن دەچوون بە وشەکە مزگێنیان دەدا. 5فیلیپۆس چووە شارێک لە ناوچەی سامری، و دەستی بە بانگەشەی مەسیح کرد6جەماوەرەکە بە یەک دڵەوە گوێیان لە قسەکانی گرت، وەک چۆن سەبارەت بە ئەو نیشانانەی کە کردوویەتی بیستبوویان، یان بۆ خۆیان بینیبوویان، 7فەرمانی بە گیانە ناپاکەکان دەکرد، هاواریان دەکرد و ئەوانەیان بە جێ دەهێشت کە تێیاندا بوون، زۆرێک لەوانەی کە گۆج و ئفلیج بوون چاک بوونەوە، 8بۆیە خۆشییەکی زۆرئەو شارەی گرتەوە.9پێش ئەوە جادووگەرێک لەو شارەدا هەبوو بە ناوی شیمۆن، کە جادووی دەکرد و خەڵکی سامری سەرسام دەکرد و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە پیاوێکی مەزنە. 10هەمووان بە گەورە و بچووکەوە گوێیان لێ دەگرت، و دەیانگوت: «ئەم پیاوە هێزی مەزنی خودایە!» 11بە وردی گوێیان لێدەگرت چونکە ماوەیەکی زۆر بوو بە فێڵە جادووییەکانی فریویان خواردبوو!12کاتێ باوەڕیان بە قسەی فیلیپۆس هێنا کە بە شانشینی خودا و بە ناوی یەشوای مەسیحی مزگێنی پێدەدان، ژن وپیاوی لە ئاو هەڵدەکێشا. 13پاشان شیمۆن خۆی باوەڕی هێنا و لە ئاو هەڵکێشرا، لە هەموو شوێنێک شوێن فیلیپۆس دەکەوت، و سەرسام بوو بەو نیشانە و پەرجووە مەزنانەی فیلیپۆس ئەنجامی دەدا.14نێردراوان لە یۆرشەلایم بیستیان کە خەڵکی سامری وشەی خودایان وەرگرتووە، بۆیە پەترۆ و یۆخەنایان نارد بۆ ئەوێ. 15هەر کە گەیشتن نزایان کرد لە پێناویاندا تاوەکو گیانی پیرۆز وەربگرن. 16هێشتا گیانی پیرۆز بەسەر هیچ کامیاندا نەهاتبوو، چونکە تەنها بە ناوی یەشوای پەروەردگارەوە لە ئاو هەڵکێشرابوون. 17پاشان پەترۆ و یۆخەنا دەستیان خستە سەریان، و گیانی پیرۆزیان وەرگرت.18کاتێک شیمۆن کە بینی گیان بەخشراوە کاتێک نێردراوان دەستیان خستۆتە سەر خەڵک، پارەی پێشنیار کرد بە پەترۆ و یۆخەنا، بۆ کڕینی ئەم دەسەڵاتە. پێی گوتن: 19«با منیش ئەم دەسەڵاتەم هەبێت بۆ ئەوەی کاتێک دەست لەسەر خەڵک دادەنێم گیانی پیرۆز وەربگرن».20بەڵام پەترۆ وەڵامی دایەوە: «با پارەکەت لەگەڵت لەناو بچێت! چونکە پێت وایە دیاری خودا دەتوانرێت بکڕدرێت! 21لەم کارەدا ناتوانیت هیچ بەشێکت هەبێت، چونکە دڵت لەگەڵ خودادا ڕاست نییە. 22لە خراپەکارییەکانت پاشگەز ببەوە و لە پەروەردگار بپاڕێوە، ڕەنگە لە نیازی دڵت خۆش بێت، 23چونکە من دەبینم کە پڕی لە ئیرەیی تاڵ و بە دیل گیراوی لەلایەن گوناهەوە!»24شیمۆن گوتی: «لای پەروەردگار بۆ من نزا بکە تا ئەم شتە ترسناکانەی کە گوتت بەسەرمدا نەیەت».25دوای شایەتحاڵی و بانگەشە بە وشەی پەروەردگار لە ناوچەی سامری، پەترۆ و یۆخەنا گەڕانەوە بۆ یۆرشەلایم لە زۆرێک لە ناوچەی سامری لە سەر ڕێگا دەوەستان بۆ بانگەشەی مزگێنیەکە.26پاشان فریشتەیەکی پەروەردگار بە فیلیپۆسی فەرموو: «بڕۆ بەرەو باشوور، بەو ڕێگای بیابانەدا کە لە یۆرشەلایمەوە دەڕوات بەرەو غەززە». 27جا هەستا و رۆیشت . کە پیاوێکی خەساوی خەڵکی ئیسیۆپیا کە لە ژێر دەسەڵاتی کەنداکە، شاژنی ئەسیوپیا بوو، بۆ پەرستن چووبووە یۆرشەلایم 28لە گالیسکەکەیدا دانیشتبوو و دەگەڕایەوە، پەڕتووکی ئیشایا پێغەمبەری دەخوێندەوە.29گیانەکە بە فیلیپۆسی فەرموو: «بڕۆ پێش و لە تەنیشت گالیسکەکەوە بڕۆ!» 30فیلیپۆس بە خێرایی گەیشتە لای و گوێی لێبوو خەساوەکە ئیشایای پێغەمبەری دەخوێندەوە، لێی پرسی: «ئایا تێدەگەیت چی دەخوێنیتەوە؟» 31لە وەڵامدا گوتی: «چۆن دەتوانم، ئەگەر کەسێک ڕێنماییم نەکات؟» فیلیپۆسی بانگهێشت کرد کە بچێتە ناو گالیسکەکە و لەگەڵیدا دابنیشێت.32خەساوەکە لەکاتی خوێندنەوەی تەوراتدا گەیشتە ئەو بەشەی کە دەڵێت: «وەک چۆن مەڕێک بەرەو سەربڕین دەبردرێت، و وەک چۆن بەرخێک لە بەر دەم ئەوانەی خورییەکەی دەبڕنەوە بێدەنگە، ئەو دەمی نەکردەوە! 33لە ماوەی خۆنەویستییەکەیدا بە ناڕەوا نادادپەروەری مامەڵەی لەگەڵدا کرا. کێ باسی نەوەکانی بکات؟ چونکە ژیانی لە زەوی هەڵگیرا!»34خەساوەکەلە فیلیپۆسی پرسی: «پێم بڵێ: ئایا پێغەمبەرەکە بەم قسە ئاماژە بۆ کێ دەکات؟ بۆ خۆی یان کەسێکی تر؟» 35فیلیپۆس لە سەربنەمای ئەم کتێبی پێغەمبەرە مزگێنی یەشوای پێدا.36کاتێک لە گالیسکەکەدا لە گەڵی دەرۆیشت، گەیشتنە هەندێک ئاو و خەساوەکە گوتی: «ئەوە ئاوە چی رێگریت لێ دەکات لە ئاوم هەڵکێشی؟» 37فیلیپۆس وەڵامی دایەوە: «ئەمە دەکرێت ئەگەر بە هەموو دڵتەوە باوەڕت هەبێت.» پاشان پیاوەکە گوتی: من باوەڕم وایە یەشوای مەسیح ڕۆڵەی خودایە». 38فەرمانی بە گالیسکەکە کرد کە بوەستێت، و پێکەوە دابەزین بۆ ناو ئاوەکە، و فیلیپ خەساوەکەی لە ئاو هەڵکێشا.39کاتێک لە ئاوەکە هاتنە دەرەوە گیانی پەروەردگار فیلیپۆسی برد، چیتر خەساوەکە نەیبینی. بە خۆشحاڵییەوە درێژەی بە گەشتەکەدا. 40فیلیپۆس لە شارۆچکەی ئازۆتوس بینرا، لەوێ و لە هەموو شارەکان مزگێنی دەدا تا گەیشتە کەیسەرییە.
1بەڵام شائۆل هێشتا هەڕەشەی لە قوتابییەکانی پەروەردگار دەکرد و دەیکوشتن. بۆیە چووە لای سەرۆک کاهین، 2و داوای نامەی لێکرد بۆ کەنیشتەکانی یەهود لە دیمەشق بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ بکەن بۆ گرتنی ئەو ژن و پیاوانەی کە ئەم ڕێگایە دەگرنەبەر، لە هەر شوێنێک بیاندۆزێتەوە، بۆ ئەوەی بە بەندکراوی بیانبات بۆ یۆرشەلایم.3کاتێک دەچوو بۆ دیمەشق و لەوێ نزیک بۆوە، لەناکاو ڕووناکییەک لە ئاسمانەوە بە دەوریدا درەوشایەوە، 4کەوتە سەر زەوی و گوێی لە دەنگێک بوو پێی گوت: «شائۆل! شائۆل! بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟»5شائۆل پرسی: « گەورەم تۆ کێیت؟» وەڵامی دایەوە: «من یەشوام، ئەوەی کە تۆ دەیچەوسێنیتەوە». 6بە لەرز و سەرلێشێواوی گوتی: «پەروەردگار، دەتەوێت چی بکەم؟» پەروەردگار پێی فەرموو: «هەستە و بچۆ ناو شارەکە، لەوێ پێت دەوترێت چی بکەیت». 7ئەو پیاوانەی لەگەڵ شائۆل گەشتیان دەکرد سەرسام و بێدەنگ لەوێ وەستابوون، گوێیان لە دەنگەکە بوو بەڵام کەسیان نەبینی.8شائۆل هەستا، بەڵام کاتێک چاوەکانی کردەوە هیچی نەبینی، جا دەستیان گرت و هێنایان بۆ دیمەشق، 9سێ ڕۆژ مایەوە بە بێ بینین و خواردن و خواردنەوە.10لە دیمەشق قوتابییەکی پەروەردگار هەبوو بە ناوی ئەنانیا، پەروەردگار لە بینینێکدا بانگی کرد و فەرمووی: «ئەی ئەنانیا!» وەڵامی دایەوە: «بەڵێ ئەی پەروەردگار!» 11پەروەردگار پێی فەرموو: «بڕۆ بۆ ماڵی یەهودا لەو شەقامەی ناسراوە بە ڕاست، و داوای پیاوێکی خەڵکی تەرسوس بکە بە ناوی شائۆل. چونکە خەریکە نزا دەکات. 12لە بینینێکدا پیاوێکی بینیوە بە ناوی ئەنانیا هاتە ژوورەوە و دەستی لەسەر دادەنێت، بینی».13ئەنانیا بە پەروەردگاری گوت: «پەروەردگار، زۆر هەواڵم بیستووە دەربارەی ئەم پیاوە و هەموو ئەو زیانانەی کە لە یۆرشەلایم بە گەلە پیرۆزەکەتی گەیاندووە، 14بە دەسەڵاتی سەرۆکی کاهینەکانەوە هاتۆتە ئێرە بۆ ئەوەی هەموو ئەوانەی بانگەشەی ناوی تۆ دەکەن دەستگیر بکات». 15پاشان پەروەردگارفەرمانی پێکرد: «بڕۆ! ئەم پیاوە هەڵبژێردراوی منە تاکو ببێتە دەفرێک ناوی من بۆ نەتەوەکان و پاشاکان و بۆ نەوەی یەسرائیل بگوازێتەوە. 16نیشانی ئەدەم کە چەندە دەبێت لە پێناو ناوی من ئازار بچێژێت!»17ئینجا ئەنانیا چووە ماڵی یەهودا و دەستی خستە سەر شائۆل و گوتی: «ئەی شائۆلی برا، پەروەردگار یەشوا، کە لە ڕێگادا بۆت دەرکەوت کاتێک دەهاتیتە ئێرە، منی ناردووە بۆ ئەوەی جارێکی تر ببینی و پڕ بیت لە گیانە پیرۆزەکە». 18دەستبەجێ شتێکی وەک توێکڵ لە چاوەکانی شائۆل کەوتە خوارەوە، ئینجا ببینی، پاشان لە ئاو هەڵکێشرا. 19خواردنی خوارد هێزی بۆ گەڕایەوە و چەند ڕۆژێک لەگەڵ قوتابییەکان لە دیمەشق مایەوە.20دەستبەجێ دەستی کرد بە بانگەشە لە ناو کەنیشتەکان کە یەشوا ڕۆڵەی خودایە. 21هەموو ئەوانەی گوێیان لێ بوو سەریان سوڕما، و پرسیاریان کرد: «ئەمە ئەو پیاوە نییە کە لە یۆرشەلایم هەموو ئەوانەی بانگەشەی ئەم ناوەیان دەکرد لە ناوی دەبردن؟ مەگەر نەهاتووە بۆ ئێرە تا بە بەندکراوی بیانباتە لای سەرۆک کاهینەکان؟» 22بەڵام شائۆل بە خرۆشی زیاترەوە وتاری دەدا، و یەهودییەکانی دانیشتووی دیمەشقی تووشی سەرلێشێواوی کرد بەو بەڵگانەی کە دەیسەلماند یەشوا مەسیحەکەیە.23دوای تێپەڕبوونی چەندین ڕۆژ، پیلانێک لەنێو یەهودییەکاندا دروست بوو بۆ کوشتنی، بەڵام شائۆل بە پلانەکەیانی زانی. 24شەو و ڕۆژ بە وردی چاودێری دەروازەکانی شاریان دەکرد بۆ ئەوەی ئەگەر رۆیشتە دەر بیکوژن. 25بەڵام هەندێک لە قوتابییەکان بە شەو بردیان و لەناو سەبەتەیەکدا، بە گوریس بە سەر شوورای شارەکەوە شۆڕیان کردەوە.26کاتێک شائۆل گەیشتە یۆرشەلایم هەوڵیدا بچێتە پاڵ قوتابییەکانی ئەوێ، بەڵام هەموویان لێی دەترسان، باوەڕیان نەدەکرد کە بووبێت بە قوتابی پەروەردگار. 27بەرنابا بردی بۆ لای نێردراوان، پێی گوتن کە چۆن شائۆل لە گەشتەکەیدا پەروەردگار بۆی دەرکەوتووە و قسەی لەگەڵ کردووە، و چۆن لە دیمەشق بە ناوی یەشوا بە چاونەترسی بانگەشەی کردووە.28ئیتر دەستی کرد بە هاتن و چوون لەگەڵیان لە یۆرشەلایم، و بە بوێری مزگێنی ئەدا بە ناوی پەروەردگاری. 29لەگەڵ یەهودییە یۆنانییەکان قسە و مشتومڕی دەکرد، بەڵام ئەوان هەوڵیان دا بیکوژن. 30کاتێک باوەڕداران زانیان بردیانە بۆ کەیسەریا، ولەوێوە ڕەوانەی تەرسوسیان کرد.31لەم نێوەندەدا کڵێسا لە ناوچەکانی یەهودیا و گەلیلی و سامیرە چێژیان لە ئاشتی وەردەگرت. لەترسی پەروەردگردا ڕێچکەی گرتبوو گەشەی دەکرد، بە پشتیوانی گیانی پیرۆز. 32لەکاتێکدا پەترۆ لە شوێنیكەوە دەرۆیشت بۆ شوێنیکیتر، سەردانی دانیشتووانی لیدیای کرد،33لەوێ پیاوێکی بینی بە ناوی ئەنیاس، کە ئیفلیج بوو و هەشت ساڵ بوو لە جێگادا بوو. 34پەترۆ پێی گوت: «ئەنیاس، یەشوای مەسیح چاکت دەکاتەوە. هەستە و بۆخۆت پێخەفەکەت کۆبکەرەوە!» دەستبەجێ هەستا. 35هەموو ئەوانەی لە لیدیا و شارۆن دەژیان، بینییان و گەڕانەوە بۆ لای پەروەردگار.36لە شاری یافا قوتابییەک هەبوو بە ناوی تابیتا، واتە: مامز، هەمیشە چاکەی دەکرد و یارمەتی هەژارانی دەدا. 37لەو کاتەدا نەخۆش کەوت و مرد، شۆردیان و لە ژوورێک لە نهۆمی سەرەوە دایاننا.38کاتێک قوتابییەکانی یافا بیستیان کە پەترۆ لە لیدیایە. یافا نزیک بوو لە لیدیا، دوو پیاویان نارد داوایان لێکرد و پێیان گوت: «لەگەڵمان وەرە بە بێ دوا کەوتن!» 39هەستا و لەگەڵیان ڕۆیشت و کاتێک گەیشتە ئەوێ بردیانە سەرەوە بۆ ژوورەکە، هەموو بێوەژنەکان لە دەوری کۆببوونەوە و دەگریان، و ئەو کراس و جلوبەرگانەی پیشان دەدا لە کاتێکدا لەگەڵیان بوو دووریبووی.40پەترۆ داوای لە هەموو ئامادەبووان کرد کە لە ژوورەکە بچنە دەرەوە؛ چۆکی دادا و نزای کرد، ڕووی لە تەرمی مردووەکە کرد و گوتی: «ئەی تابیتا، هەستە!» چاوی کردەوە و کە پەترۆی بینی دانیشت، 41دەستی بۆ درێژ کرد و یارمەتی دا بۆ هەستانەوە، پاشان بانگی باوەڕداران و بێوەژنەکانی کرد، و بە زیندووییبۆی گەڕاندنەوە. 42هەواڵی ئەم پەرجووە لە هەموو یافا بڵاو بۆوە و زۆر کەس باوەڕیان بە پەروەردگار هێنا. 43پەترۆ چەند رۆژێک لە یافا لەگەڵ چەرمسازێک بە ناوی شیمۆن مایەوە.
1لە کەیسەریا سەرپەلێک هەبوو بە ناوی کۆرنێلیۆس، سەر بە یەکەیەک بوو کە بە یەکەی ئیتالیا ناسرابوو. 2ئەو و هەموو خێزانەکەی لە خوداترس بوون، لەگەڵ خەڵک زۆر بەخشندە بوو، و بە بەردەوامی بۆ خودا نزای دەکرد.3ڕۆژێک نزیکەی کاتژمێر سێی پاش نیوەڕۆ بینینێکی هەبوو، بە ڕوونی فریشتەیەکی خودای بینی کە هاتە لای و فەرمووی: «کۆرنێلیۆس!» 4کۆرنێلیۆس بە ترسەوە سەیری دەکرد، پرسی، «بفەرموو گەورەم» فریشتەکە وەڵامی دایەوە: «نزا و بەخششەکانت بۆ هەژاران وەک قوربانییەکی یادگاری هاتنە بەردەم خودا. 5ئێستا کەسێک بنێرە بۆ یافا تا پیاوێک به ناوی شیمۆن کە بە پەترۆ ناسراوە بهێنن بۆ ئێرە. 6لای شیمۆنی چەرمساز دەمێنێتەوە، کە ماڵەکەی لە کەنار دەریایە.»7کاتێک فریشتەکە ڕۆیشت، کۆرنێلیۆس دوو لە خزمەتکارەکانی و سەربازێکی دڵسۆزی بانگ کرد، کە یەکێک بوو لە بەردەستەکانی، 8هەموو ئەو شتانەی بۆ گێڕانەوە، کە ڕوویدا و ناردنی بۆ یافا.9نزیکەی نیوەڕۆی ڕۆژی دواتر، کاتێک لە گەشتەکەیاندا بوون و لە یافا نزیک دەبوونەوە، پەترۆ چووە سەربان بۆ ئەوەی نزا بکات. 10زۆری برسی بوو، و حەزی لێبوو شتێک بیخوات، و لە کاتێکدا ژەمەکە ئامادە دەکرا، خەوی لێکەوت، 11بینینێکی دی: ئاسمانی بینی کە کرایەوە، و شتێکی وەک پارچەیەکی گەورەی قوماش بە چوار گۆشەکەیەوە دەخرێتە خوارەوە بۆ سەر زەوی، 12پڕ بوو لە هەموو جۆرە ئاژەڵێکی سەرزەوی چوار پێ، و هەروەها خشۆک و باڵندەی ئاسمان.13پاشان دەنگێک پێی گوت: «پەترۆ هەستە، سەربڕە و بخۆ!» 14پەترۆ وەڵامی دایەوە :«بە دڵنیاییەوە نەخێر، پەروەردگار، من هەرگیز شتێکی رێگەنەدراو یا ناپاکم نەخواردووە». 15دەنگەکە دیسان پێی گوت: «بە شتێک کە خودا پاکی کردۆتەوە با ناپاکی مەزانە!» 16ئەمە سێ جار ڕوویدا، و پاشان پارچە قوماشەکە بەرزکرایەوە بۆ ئاسمان.17لە کاتێکدا کە پەترۆ بیری لە مانای بینینەکەی دەکردوە، ئەو پیاوانەی کە کۆرنێلیۆس ناردبووی لە ماڵی شیمۆنی چەرمسازیان دەپرسی و لە بەر دەروازەکە وەستان 18پرسیاریان کرد: «ئایا شیمۆنی ناسراو بە پەترۆ لەوێ دەمێنێتەوە؟»19پەترۆ هێشتا بیری لە مانای بینینەکە دەکردەوە، گیانەکە پێی گوت: «شیمۆن، سێ پیاو بەدوای تۆدا دەگەڕێن 20بچۆ خوارەوە بێ دوودڵی لەگەڵیان بڕۆ، چونکە من ئەوانم ناردووە». 21پەترۆ رۆیشتە خوارەوە و بە پیاوەکانی گوت: «من ئەو کەسەم کە ئێوە بەدوایدا دەگەڕێن. بۆچی هاتوون؟»22پیاوەکان وەڵامیان دایەوە: «ئێمە لە لایەن کۆرنێلیۆسی سەرپەلەوە هاتووین پیاوێکی ڕاستودروست و لەخوداترسە، هەموو گەلی یەهوود شایەتی لە سەر دەدەن. خودا لە رێی فریشتەیەکی پیرۆز پێی فەرموو داوات لێبکات بێیتە ماڵەکەی بۆ ئەوەی قسەکانت ببیستێت». 23پاشان پەترۆ پیاوەکانی بانگهێشت کرد بۆ ماڵەوە تا ببنە میوانی. ڕۆژی دواتر پەترۆ لەگەڵیان بەڕێ کەوت و هەندێک لە باوەڕدارانی یافاش لەگەڵیاندا ڕۆیشتن،24ڕۆژێک دواتر گەیشتنە کەیسەریا. کۆرنێلیۆس چاوەڕوانی ئەوان بوو، و خزم و هاوڕێ نزیکەکانی کۆکردبۆوە.25کاتێک پەترۆ هاتە ناو ماڵەکەوە، کۆرنێلیۆس کڕنوشی بۆ برد. 26بەڵام پەترۆ هەڵیستاندەوە و گوتی: «هەستە! منیش مرۆڤێکم وەک تۆ!»27بە دەم قسەکردنەوە پەترۆ لەگەڵیدا چووە ژوورەوە، و جەماوەرێکی گەورەی خەڵکی بینی، 28پێی گوتن: «ئێوە باش دەزانن کە پێچەوانەی یاسای ئێمەیە کە یەهودییەک هاونشینی لەگەڵ نەتەوەکان بکات یان بچێتە ماڵیان. بەڵام خودا نیشانی دام کە نابێت کەس بە ناپاک بزانم. 29بۆیە کاتێک بانگم کرا بەبێ ئەوەی هیچ ناڕەزایەتییەکم هەبێت، وەڵامی بانگهێشتەکەتم داوە. کەواتە دەتوانم بپرسم بۆچی ناردووتە بەدواما؟»30کۆرنێلیۆس وەڵامی دایەوە: «چوار ڕۆژ لەمەوبەر، لە کاتژمێرە سێی پاش نیوەڕۆدا لە ماڵەکەمدا نزام دەکرد لەناکاو پیاوێک بە جلی درەوشاوە لەبەردەممدا دەرکەوت و 31پێی گوتم : کۆرنێلیۆس، خودا نزاکانی تۆی بیستووە و بەخششەکانتی بۆ هەژاران لە یادە. 32ئێستا پیاوەکانت بنێرە بۆ یافا، بانگهێشتی شیمۆن بکە کە پێی دەوترێت پەترۆ. ئەو میوانە لە ماڵی شیمۆنی چەرمساز کە لە کەناری دەریا دەژی. 33بۆیە دەستبەجێ ناردم بە دواتا. ئەوە لە چاکەت بوو کە هاتی. ئێستا هەموومان لێرەین لەبەردەم خودادا بۆ ئەوەی گوێ لە هەموو ئەو شتانە بگرین کە پەروردگار فەرمانی پێکردوویت پێمان بڵێیت».34پەترۆ دەستی کرد بە قسەکردن: «ئێستا تێدەگەم کە لای خودا کەس لەویتر مەزنتر نیە، 35بەڵکو ئەو کەسە وەردەگرێت کە چاکەکار و لە خودا ترسە بە بێ ئەوەی گرینگی بە ڕەگەزی بدات.36ئینجا وشەی خۆی بۆ گەلی یەسرائیل نارد، مزگێنی ئاشتی لە ڕێگەی یەشوای مەسیحەوە ڕاگەیاند کە پەروەردگاری هەمووانە. 37دەزانن چی ڕوویداوە لە سەرانسەری پارێزگای یەهودیا، کە لە گەلیلییەوە دەستی پێکردووە دوای ئەو یۆخەنا بانگەشەی بۆ لە ئاوهەڵکێشان دەکرد. 38خودا یەشوای ناسیرەیی بە گیانی پیرۆز و هێزەوە دەستنیشان کرد،پاشان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکیتر دەرۆیشت چاکەی دەکرد، و هەموو ئەوانەی چاک دەکردەوە کە لە ژێر دەسەڵاتی شەیتان بوون، چونکە خودا لەگەڵیدا بوو.39ئێمە شایەتحاڵی هەموو ئەو کارانەین کە لە ناوچەی یەهودیا و لە یۆرشەلایم کردوویەتی، بەڕاستی لەسەر خاچەکە کوشتیان. 40بەڵام لە ڕۆژی سێهەمدا لە مردن هەستایەوە، و وایکرد دەربکەوێت 41نە بۆ هەموو گەل، بەڵکو بۆ شایەتحاڵەکانی کە خودا پێشتر هەڵیبژاردبوون، بۆ ئێمە کە دوای هەستانەوەی لە مردن لەگەڵیدا خواردمان و خواردمانەوە.42فەرمانی پێکردین مزگێنی بەخەڵک بدەین، و شایەتحاڵی ئەوە بدەین ئەو هەمان کەسە کە خودا وەک دادوەری زیندوو و مردوو دەستنیشانی کردووە. 43هەموو پێغەمبەران لەسەری شایەتی دەدەن کە هەرکەسێک باوەڕی پێی بێت لەڕێگەی ناوی ئەوەوە لێخۆشبوونی گوناهەکانی وەردەگرێت».44لە کاتێکدا پەترۆ هێشتا ئەم قسانەی دەکرد، گیانی پیرۆز هاتە سەر هەموو ئەوانەی گوێیان لە پەیامەکە بوو. 45ئەو باوەڕدارە یەهودییانەی لەگەڵ پەترۆ هاتبوون، سەریان سوڕما کە بەخششی گیانی پیرۆز تەنانەت بەسەر نەتەوەکانیشدا ڕژاوە،46چونکە گوێیان لێ بوو کە بە زمانەکان قسەیان دەکرد، و ستایشی خودایان دەکرد. پاشان پەترۆ گوتی: 47«ئایا کەسێک دەتوانێت ڕێگا لە لەئاوهەڵکێشانیان بگرێت لە کاتێکدا ئەوانیش وەک ئێمە گیانی پیرۆزیان وەرگرتووە؟» 48بۆیە فەرمانی دا کە بە ناوی یەشوای مەسیح لە ئاو هەڵکێشرێن. پاشان داوایان لە پەترۆ کرد کە چەند ڕۆژێک لەگەڵیان بمێنێتەوە.
1نێردراوان و براکانی سەرتاسەری یەهودیا بیستیان کە نەتەوەکانیش وشەی خودایان وەرگرتووە، 2بۆیە کاتێک پەترۆ گەڕایەوە بۆ یۆرشەلایم، باوەڕدارە خەتەنەکراوەکان ڕەخنەیان لێ گرت و گوتیان: 3«چۆن چووی بۆ ماڵی پیاوێکی خەتەنەنەکراو، و لەگەڵیان خواردنت خوارد؟»4پەترۆ لە سەرەتاوە ئەوەی رووی دابوو بۆی گێڕانەوە، و گوتی: 5«لە شاری یافا بووم نزام دەکرد، خەو دایگرتم، بینینێکم بینی و شتێکی وەک پارچە قوماشێکی گەورەم بینی کە لە ئاسمانەوە بە چوار لاکەیەوە بەسترابۆوە دادەبەزێت، و هاتە خوارەوە بۆلام. 6کە وردبوومەوە ئاژەڵی چوار پێی زەوی و دڕندە و خشۆک و باڵندەی ئاسمانم بینی،7پاشان گوێم لە دەنگێک بوو کە پێی گوتم: پەترۆ، هەستە سەربڕە و بخۆ! 8وەڵامم دایەوە: نەخێر پەروەردگار، هیچ شتێکی ناپاک و رێگەپێنەدراو ناخۆم. 9دەنگە ئاسمانییەکە دیسان گوتی: شتێک کە خودا پاکی کردۆتەوە بە ناپاکی مەزانە. 10ئەمە سێ جار ڕوویدا، پاشان هەمووی هەڵکێشرایەوە بۆ ئاسمان.11هەر لەو کاتەدا سێ پیاو کە لە کەیسەریاوە نێردرابوون گەیشتنە ئەو ماڵەی کە من لێی دەمامەوە، 12گیانەکە فەرمانی پێکردم هیچ دوودڵ مەبە بۆ چوون لەگەڵیان، بە رێکەوتم، و ئەم شەش برایەش لەگەڵمدا هاتن. کاتێک چووینە ماڵی پیاوەکە، 13باسی ئەوەی بۆ کردین کە چۆن بینیویەتی فریشتەیەک لە ماڵەکەیدا دەرکەوتووە و فەرمانی پێکردووە: پیاوەکانت بنێرە بۆ یافا، بە دوای شیمۆن کە پێی دەوترێت پەترۆ، 14ئەو پەیامێکتان بۆ دەهێنێت کە لە ڕێگەیەوە تۆ و هەموو بنەماڵەکەت ڕزگارتان دەبێت.15کاتێک دەستم کرد بە قسەکردن، گیانی پیرۆز هاتە سەریان وەک چۆن لە سەرەتاوە هاتبووە سەر ئێمە 16پاشان بیرم هاتەوە کە پەروەردگار چی پێمان فەرموو: یۆخەنان خەڵکی لە ئاوهەڵدەکێشا، بەڵام ئێوە لە گیانی پیرۆز هەڵدەکێشرێن.17بۆیە ئەگەر خودا هەمان ئەو دیارییەی پێدابن کە بە ئێمەی بەخشی، کە باوەڕمان بە پەروەردگار یەشوای مەسیحە، من کێم کە رێگری لە خودا بکەم؟» 18کاتێک ناڕازییەکان ئەمەیان بیست، بێدەنگ بوون، و ستایشی خودایان کرد و گوتیان: «کەواتە، تەنانەت خودا پاشگەزبوونەوەی لە گوناهە بە نەتەوەکانیش بەخشی کە دەبێتە هۆی ژیان».19ئەوانەی بەهۆی ئەو ئازارەوە کە لە کاتی کوژرانی ستیڤانۆسدا سەریهەڵدا، پەرتەوازە ببوون، تا فینیقی و قوبرس و ئەنتاکیە ڕۆیشتن، و تەنها لەناو یەهودییەکاندا بانگەشەیان بۆ وشەکە دەکرد. 20بەڵام هەندێکیان، خەڵکی قوبرس و قیرەوان بوون، چوون بۆ ئەنتاکیە، و مزگێنی یەشوای پەروەردگاریان بە یۆنانیەکان راگەیاند. 21دەستی پەروەردگار لەگەڵیان بوو، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک باوەڕیان هێنا و ڕوویان لە پەروەردگار کرد.22هەواڵی ئەمە گەیشتە کڵێسای یۆرشەلایم و بەرناباشیان نارد بۆ ئەنتاکیە. 23کاتێک گەیشتە لای و بینی بەخششی خودا چی کردووە، دڵخۆش بوو، و هەمووانی هاندا کە بە هەموو دڵەوە لە پەروەردگاردا چەسپاو بن. 24بەرنابا پیاوێکی باش بوو پڕ بوو لە گیانی پیرۆز و باوەڕ. و ژمارەیەکی زۆر خەڵکی پەیوەست کرد بە پەروەردگاروە.25پاشان بەرناباش چووە تەرسۆس بۆ ئەوەی بەدوای شائۆلدا بگەڕێت. 26کاتێک دۆزییەوە هێنای بۆ ئەنتاکیە، بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو بەرنابا و شاول لەگەڵ کڵێساکان کۆدەبوونەوە، و ژمارەیەکی زۆر خەڵکیان فێرکرد. بۆ یەکەم جار لە ئەنتاکیە قوتابییەکانی پەروەردگار ناویان لێنرا مەسیحییەکان.27لەم ماوەیەدا هەندێک پێغەمبەر لە یۆرشەلایمەوە هاتن بۆ ئەنتاکیە، 28یەکێکیان کە ناوی ئەگابوس بوو، لە ڕێگەی گیانەکەوە پێشبینی کرد کە برسێتییەکی قورس بەسەر هەموو وڵاتدا بڵاوبێتەوە. ئەم برسێتیە لە سەردەمی کلۆدیۆسی قەیسەردا ڕوویدا.29قوتابییەکان بە پێی توانایان بڕیاریان دا، یارمەتی بۆ ئەو خوشک و برایانە بنێرن کە لە یەهودیا دەژیان. 30ئەمەیان کرد، و یارمەتییەکانیان بە بەرنابا و شائۆل بۆ پیران نارد.
1هەر لەم کاتەدا بوو کە پاشا هیرۆد هەندێک کەسی بە مەبەستی ئازاردانیان دەستگیرکرد کە سەر بە کڵێساکە بوون، 2یاکۆڤی برای یۆخەنا کوژرا.3کاتێک بینی کە ئەمە یەهودییەکان ڕازی دەکات، بڕیاری دا پەترۆیش دەستگیر بکەن، ئەمەش لە کاتی جەژنی نانی فەتیرە ڕوویدا. 4دوای دەستگیرکردنی، خستیە زیندانەوە و لەلایەن چوار کۆمەڵەوە پاسەوانی دەکرا کە هەر یەکەیان چوار سەرباز بوون. هیرۆد بەنیازی ئەوە بوو دوای جەژنی پەسخە ڕادەستی یەهودی بکات،5بۆیە پەترۆیان لە زینداندا هێشتەوە. بەڵام باوەڕداران لە کڵێساکە بە پەرۆشەوە لای خودا نزایان بۆ دەکرد. 6شەوی پێش ئەوەی هیرۆد ڕادەستی بکات، پەترۆ لە نێوان دوو سەربازدا خەوتبوو، بە دوو زنجیر بەسترابۆە، و پاسەوانەکان لە بەردەم دەرگای زیندانەکە وەستابوون.7لەناکاو فریشتەیەکی پەروەردگار دەرکەوت، و ڕووناکییەک لە زیندانەکەدا درەوشایەوە. فریشتەکە پەترۆی لە خەو هەڵساند و فەرمووی : «خێرا هەستە!» پاشان زنجیرەکان لە مەچەکی پەترۆ کەوتنە خوارەوە. 8پاشان فریشتەکە پێی فەرموو: «پشتێنەکەت ببەستە، و پێڵاوەکانت لە پێ بکە!» پەترۆیش وایکرد. پاشان پێی فەرموو: «کەواکەت لە بەربکە و شوێنم کەوە!»9پەترۆ بەدوایدا هاتە دەرەوە لە زیندانەکە، بەڵام پێی وابوو خەریکە بینینێک ئەبینێ، نەیدەزانی ئەوەی لەسەر دەستی فریشتەکە ڕوودەدات ڕاستەقینەیە. 10بە پاسەوانی یەکەم و دووهەمدا تێپەڕین. گەیشتنە ئەو دەروازە ئاسنییەی کە بەرەو شار دەچوو دەروازەکە بۆخۆی کرایەوە، ئەوانیش چوونە دەر. کەلە شەقامەکە پەڕینەوە، دەستبەجێ فریشتەکە بەجێی هێشت.11پاشان پەترۆ بە خۆیدا هاتەوە و گوتی: « ئێستا بێ گومان دەزانم کە پەروەردگار فریشتەی خۆی ناردووە و لە چنگی هیرۆد، و لە هەموو ئەو شتانەی کە گەلی یەهوود هیوایان دەخواست ڕووبدات ڕزگاری کردووم!» 12کاتێک بەمەی زانی، چووە ماڵی مەریەم دایکی یۆخەنا، کە پێی دەگوترا مارکۆس، ژمارەیەکی زۆر لە باوەڕداران لەوێ کۆببوونەوە و نزایان دەکرد.13لە دەرگاکەی دا، و کچێکی خزمەتکار بە ناوی ڕۆدا هات بۆ ئەوەی دەرگاکە بکاتەوە. 14کاتێک دەنگی پەترۆی ناسیەوە ئەوەندە دڵخۆش بوو، لەبری ئەوەی دەرگاکە بکاتەوە ڕایکردەوە ژوورەوە و مژدەی بە هەمووان دا کە پەترۆ لەبەردەم دەرگاکە وەستاوە. 15پێیان گوت: «ئەوە تۆ تێکچووی!» کاتێک پێداگری کرد، گوتیان: « ڕەنگە فریشتەی پەترۆبێت!»16لەم نێوەندەدا پەترۆ بەردەوام لە دەرگەی دەدا. کە دواجار دەرگاکەیان کردەوە و بینییان سەرسام بوون! 17بە ئاماژە تێیگەیاندن کە بێدەنگ بن، و پێی گوتن کە چۆن پەروەردگار لە زیندان دەریهێناو، گوتی: «بە یاکۆڤ و براکانی تر بڵێن چی ڕوویداوە». و پاشان چوو بۆ شوێنێکی تر.18بەیانییەکەی ئاژاوەیەکی گەورە لە نێو سەربازەکاندا دروست بوو، لەیەکتریان دەپرسی: «چی بەسەر پەترۆدا هاتووە؟» 19هیرۆد ئەگریپا فەرمانی دا کە بە بەدوایدا بگەڕێن کاتێک نەدۆزرایەوە، هیرۆد لێکۆڵینەوەی لە پاسەوانەکان کرد، و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندن. دوای ئەوە هیرۆد یەهودییای بەجێهێشت، بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەک لە کەیسەریە بمێنێتەوە.20هیرۆد زۆر توڕە بوو لە خەڵکی سور و سیدۆن. بۆیە شاندێکیان نارد بۆ ئەوەی بیانپارێزێ، چونکە شارەکانیان بۆ خۆراک وابەستەی شانشینی هیرۆد بوون. 21لەو ڕۆژەی کە بۆ دیداری شاندەکە دیاریکرابوو، هیرۆد جلە پاشایەتییەکەی لەبەرکرد، و لەسەر تەختەکەی دانیشت و قسەی بۆ کردن.22خەڵکەکە دروشمیان دەدا و هاواریان دەکرد: «ئەمە دەنگی خودایە نە دەنگی مرۆڤ!» 23پاشان فریشتەیەکی پەروەردگار یەکسەر لێیدا چونکە شکۆمەندی بە خودای نەبەخشی بۆیە کرم خواردی و مرد!24وشەی خودا بەردەوام گەشەی دەکرد وبڵاو دەبۆوە. 25کاتێک بەرنابا و شائۆل ئەرکەکەیان لە یۆرشەلایم تەواو کرد، گەڕانەوە و یۆخەنا ناسراو بە مارکۆسیان لەگەڵ خۆیان برد.
1هەندێک پێغەمبەران و مامۆستایانی کڵێسای ئەنتاکیە؛ لەوانە بەرنابا؛ شیمۆن کە پێی دەگوترا ڕەشەکە؛ لوسیۆس خەڵکی قیرەوان؛ مەنائین کە بە منداڵی لەگەڵ هیرۆد فەرمانڕەوای تێترارک پەروەردە ببوو؛ و شائۆلیش. 2ڕۆژێک، کە بەرۆژووەوە پەروەردگاریان پەرستش دەکرد، گیانی پیرۆز پێی فەرموون: «بەرنابا و شائولم بۆ دیاری بکەن بۆ ئەو کارەی کە بانگم کردوون.». 3بۆیە دوای ئەوەی بە رۆژوو بوون و نزایان کرد دەستیان لە سەر دانان و ڕەوانەیان کردن.4کاتێک گیانە پیرۆزەکە بەرنابا و شائۆلی نارد، چوون بۆ بەندەری دەریایی سۆلۆکیا، و پاشان بە کەشتی بەرەو دوورگەی قوبرس ڕۆیشتن. 5کە گەیشتنە دوورگەکە لە شارۆچکەی سالامیس دابەزین، لە کەنیشتەی یەهودییەکان بانگەشەی وشەی خودایان کرد، و یۆخەنا مارکۆسیش وەک یاریدەدەر لەگەڵیان ڕۆیشتن.6هەموو دوورگەکەیان تێپەڕاند تا گەیشتنە پافۆس. لەوێ چاویان بە جادووگەرێکی یەهودی و پێغەمبەرێکی درۆزن کەوت کە ناوی باریەشوع بوو، 7لە سێرگیۆس پاوڵۆس، فەرمانڕەوای قوبرس نزیک بوو. فەرمانڕەوا زیرەک بوو، بۆیە بەرنابا و شائۆلی بانگ کرد، داوای لێکردن بە وشەی خودا قسەی لەگەڵ بکەن. 8جادووگەرە زاناکە، ئەمە مانای ناوەکەیەتی، دژایەتی کردن، هەوڵیدا فەرمانڕەوا لە باوەڕ لابدات.9بەڵام شائۆل کە ناوی پۆڵس بوو، پڕ بوو لە گیانی پیرۆز، سەیری جادووگەرەکەی کرد و گوتی: 10«ئەی پڕ لە فێڵ و خراپەکاری! ئەی کوڕی شەیتان! ئەی دوژمنی هەموو ڕاستودروستییەک! ئایا واز لە بەلارێدا بردنی ڕێگا ڕاستەکانی پەروەردگار ناهێنی ؟11ئێستا دەستی پەروەردگار بۆت درێژ دەکرێت و کوێر دەبیت و بۆ ماوەیەک ڕووناکی نابینیت». دەستبەجێ هەورێکی ڕەش بەسەر چاوەکانیدا کەوت، و بەدوای کەسێکدا دەگەڕا دەستی بگرێ و بە ڕێی بکات! 12کاتێک فەرمانڕەوا بینی چی ڕوویدا، باوەڕی هێنا و سەرسام بوو بە فێرکارییەکانی پەروەردگار.13پۆڵس و هاوڕێکانی لە پافۆسەوە بە کەشتی بەرەو پێرگا لە پامفیلیا ڕۆیشتن. لەوێ یۆخەنا لە پۆڵس و بەرنابا جیا بۆوە و گەڕایەوە یۆرشەلایم. 14ئەوانیش لە پێرگاوە ڕۆیشتن بۆ ئەنتاکیە کە سەر بە پارێزگای پیسیدیایە. لە ڕۆژی شەباتدا چوونە ناو کەنیشتەیەکی یەهودی و دانیشتن. 15دوای خوێندنەوەی تەوڕات و نووسراوەکانی پێغەمبەران، سەرۆکانی کەنیشتەکە داوایان لێکردن و گوتیان: «برایان، ئەگەر شتێکتان هەیە لە کۆبونەوەکان بانگەشەی بۆ بکەن و ،بیڵێن».16پۆڵس هەستا، و بە دەست ئاماژەی کرد، و گوتی: «گوێ بگرن ئەی نەوەی یەسرائیل، ئەی لەخواترسەکان: 17خودای ئەم گەلەی یەسرائیل باوباپیرانی ئێمەی هەڵبژارد، و بە درێژایی مانەوەیان لە میسر پێگەی گەلەکەمانی بەرزکردەوە، پاشان بە بەهێزی بازووی خۆی هێنانیە دەرەوە. 18نزیکەی چل ساڵ لە بیاباندا بەخێوی کردن،19پاشان حەوت گەلی لە خاکی کەنعان دوورخستەوە، و خاکەکەی بە میرات پێدان، 20بۆ ماوەی نزیکەی چوار سەد و پەنجا ساڵ. پاشان داوەری بۆ دانان کە دواهەمینیان پێغەمبەر شمۆئیل بوو.21جا نەوەی یەسرائیل داوایان لێکرد پاشایەکیان بۆ دابنێت، بۆیە خودا شائۆلی کوڕی کیشی، دانا بەسەریاندا، لە هۆزی بنیامین، و چل ساڵ فەرمانڕەوایی بەسەردیاندا کرد. 22پاشان خودا دووری خستەوە، و داڤیدی لە جێی ئەو دانا، کە شایەتی بۆ دا و فەرمووی: بەڕاستی من داڤیدی کوڕی یسام دۆزیەوە پیاوێکە بەدڵمە، هەموو ئەوەی من دەمەوێت دەیکات.23خودا بۆ یەسرائیل لە نەوەی داڤید ڕزگاریدەرێکی نارد ئەویش یەشوایە، بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی. 24یۆخەنان پێش یەشوا هات، بۆ ئەوەی هەموو گەلی یەسرائیل بانگهێشت بکات بۆ لە ئاوهەڵکێشانی پاشگەز بوونەوە. 25کاتێک یۆخەنان ئەرکەکەی تەواو دەکرد، گوتی: پێتان وایە من کێم؟ من ئەو نیم (ڕزگاریدەرەکە)، بەڵکو ئەو دوای من دێت. وە من شایەنی ئەوە نیم قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە!26ئەی برایان، ئەی نەوەکانی رەگەزی ئەڤراهام، و هەموو ئەوانەی لە خوداترسن و لێرە ئامادەن: خودا وشەی ئەم ڕزگارییەی بۆ ئێمە ناردووە! 27چونکە خەڵکی یۆرشەلایم و سەرۆکەکانیان کاریان کرد بۆ جێبەجێکردنی ئەو پێشبینیانەی کە هەموو ڕۆژێکی شەبات بۆتان دەخوێندرێتەوە، بەڵام نەیاندەزانی. کاتێک بڕیاریان لە سەر یەشوادا بە مردنی،28هەرچەندە هیچ تاوانێکیان لە دژی نەدۆزیەوە کە شایەنی مردن بێت، بەڵام داوایان لە پیلاتۆس کرد بیکوژێت. 29دوای ئەوەی هەموو ئەو شتانەی لەسەری نووسرابوو، لە ئەودا جێبەجێ کران، لە خاچ دایانبەزاند، و لە گۆڕێکدا ناشتیان.30بەڵام خودا لە مردن هەڵیساندەوە، 31چەند ڕۆژێک بۆ ئەوانەی لە گەلیلیەوە بۆ یۆرشەلایم لەگەڵیدا بوون دەرکەوت. ئێستاش لەبەردەم خەڵکدا شایەتی بۆ ئەو دەدەن.32ئەوەتا ئێمەیش مژدەی ئەو بەڵێنەتان پێدەدەین کە خودا بە باوباپیرانمانی دابوو، 33و بۆ ئێمەی ڕۆڵەکانیان بەدیهێنا بە هەستانەوەی یەشوا لە مردن بەپێی ئەوەی لە زەبوری دووهەمدا نووسراوە: تۆ کوڕی منیت؛ ئەمڕۆ بووم بە باوکت. 34سەبارەت بەو ڕاستییەی کە خودا یەشوای لە مردن هەستاندەوە و ڕێگە نادات ئیتر لەناوچوون دەستی بەسەردا بگرێت، ئەمە لە فەرموودەکەیدا هاتووە: بەخششە پیرۆزە ڕاستەقینەکانتان پێ دەبەخشم، کە بەڵێنم بە داڤید دا.35داڤید لە زەبورێکی تردا دەڵێت: ڕێگە نادەیت تاکە پیرۆزەکەت لەناوچوون ببینێت. 36داڤید دوای خزمەتکردنی گەلەکەی لە سەردەمی خۆیدا بەپێی خواستی خودا مرد، و بە خاک سپێردرا، پەیوەست بوو بە باووباپیرانییەوە، و لە ناوچوون بە سەریدا هات. 37بەڵام ئەو کەسەی کە خودا هەڵیستاندەوە، هەرگیز تووشی لەناوچوون نەبووە.38ئەی برایان، بزانن بە یەشوا مزگێنی لێخۆشبوونی گوناهەکانتان پێدەدرێت، 39هەرکەسێک باوەڕ بهێنێت بە ئەو بێتاوان دەکرێت لە هەموو شتێک کە تەوڕاتی موشە نەیتوانیوە بێتاوانی بکات.40ئاگادار بن با ئەوەی لە پەرتووکی پێغەمبەراندا هاتووە بەسەرتاندا نەیەت: 41ببینن، ئێوەی گاڵتەجاڕەکان، سەرسام بن و لەناو بچن! چونکە من لە ڕۆژگاری ئێوەدا کارێک دەکەم کە ئەگەر کەسێک پێی بگوتنایە باوەڕتان پێی نەدەکرد!»42لە کاتێکدا ئامادەبووان دەڕۆیشتن، داوایان لە پۆڵس و بەرنابا کرد کە ڕۆژی شەباتی دواتر بێنەوە و باسی ئەم بابەتەیان بۆ بکەن. 43دوای کۆبوونەوەکە زۆرێک لە یەهودییەکان و ئەوانەی گۆڕابوون بە یەهودی دوایان کەوتن، ئەوانیش قسەیان لەگەڵ کردن و هانیان دان لە بەخششی خودادا چەسپاو بن.44لە شەباتی دواتر، نزیکەی هەموو خەڵکی شارەکە کۆبوونەوە بۆ گوێگرتن لە وشەی خودا. 45کاتێک یەهودییەکان خەڵکەکەیان بینی، پڕ بوون لە ئیرەیی و دەستیان کرد بە کوفر کردن دژایەتی قسەکانی پۆڵسیان دەکرد.46پاشان پۆڵس و بەرنابا بە بوێرییەوە گوتیان: «پێویست بوو سەرەتا وشەی خوداتان پێ بگەیەنم، بەڵام ئێوە ڕەتتان کردەوە و دەرتانخست کە شایەنی ژیانی هەتاهەتایی نین. ئەوا ئێمە ڕوو لە نەتەوەکان دەکەین! 47چونکە پەروەردگار رایسپاردین و فەرمووی : تۆم کردووە بە ڕووناکییەک بۆ گەلان، تاکوو ببیتە ڕێگای ڕزگاربوون تا ئەوپەڕی زەوی!»48کاتێک نەتەوەکان ئەمەیان بیست، زۆر دڵخۆش بوون و وشەی پەروەردگاریان شکۆمەند کرد. هەموو ئەوانەی خودا بۆ ژیانی هەتاهەتایی ئامادەی کردبوون باوەڕیان هێنا. 49بەم شێوەیە وشەی پەروەردگار بە هەموو ناوچەکەدا بڵاوبووەوە.50بەڵام یەهودییەکان ژنە ناودارەکان و ئاینییەکان و کەسایەتییە دیارەکانی شارەکەیان هاندا بۆ چەوساندنەوەی پۆڵس و بەرنابا ، تا لە وڵاتەکەیان دەریان بکەن، 51بۆیە تۆز و خۆڵی ئەوێیان لە پێیەکانی خۆیان تەکاند و بەرەو شاری کۆنیا ڕۆیشتن. 52سەبارەت بە قوتابییەکان، پڕ بوون لە خۆشی و گیانی پیرۆز.
1لە کۆنیا پۆڵس و بەرنابا وەک داب و نەریتی خۆیان چوونە ناو ئەنجومەنی یەهودییەکان، و دەستیان کرد بە قسەکردن تا جەماوەرێکی زۆر لە یەهود و یۆنانیەکان باوەڕیان هێنا. 2بەڵام ئەو یەهودییانەی کە باوەڕیان نەهێنابوو، نەتەوەکانیان هان دا دژی براکان، و بیرکردنەوەیان گەندەڵ کردن.3بەڵام پۆڵس و بەرنابا بۆ ماوەیەکی زۆر لەوێ مانەوە، بە هەموو بوێرییەکەوە بە پەروەردگار مزگێنیان دەدا، و پەروەردگار پشتگیری کردن بە شایەتیدان بۆ وشەی بەخششەکەی بەو نیشانە و سەرسوڕهێنەرانەی کە لەسەر دەستی ئەوان ئەنجامیدا. 4بۆیە خەڵکی کۆنیا دابەش بوون بەسەر دوو بەرەدا: هەندێکیان لەگەڵ یەهودییەکان بوون، و هەندێکیان لەگەڵ دوو نێردراوان.5کاتێک نەتەوەکان و یەهودییەکان و سەرۆکەکانیان خەریک بوون سووکایەتی بە دو نێردراوەکە بکەن و بەردەبارانیان بکەن، 6بەوەیان زانی و هەڵاتن بۆ شارەکانی لیسترە و دێربێ، و ناوچەی دەوروبەریان کە دەکەوێتە هەرێمی لیکانیا، 7لەوێش دەستیان کرد بە مزگێنیدان.8لە شاری لیسترا پیاوێکی کەم ئەندام دەژیا کە لە زگماکەوە پەککەوتە بوو و هەرگیز بە پێ نەڕۆیشتبوو. 9لەکاتێکدا گوێی لە وتارەکە گرتبوو پۆڵس باوەڕێکی تێدا بینی کە پێی چاک دەبۆوە. 10پاشان بە دەنگێکی بەرز بانگی کرد: «هەستە و لە سەر پێیەکانت ڕاوەستە!» پیاوەکە بازێکی دا و دەستی کرد بە ڕۆیشتن.11کاتێک ئامادەبووان بینیان کە پۆڵس چی کرد بە زمانی لیکایۆنی دروشمیان دەگوت: «خوداکان شێوەی مرۆڤیان گرت و هاتنە خوارەوە بۆ ناومان!» 12بارنابایان بە زیوس و پۆڵسیان بە هێرمێس بانگ دەکرد، چونکە ئەو گفتوگۆکەی بەڕێوەدەبرد. 13لە دەروازەی شارەکە پەرستگایەک بۆ خوداوەند زیوس هەبوو، کاهینەکەی بە سەر سەری جەماوەرێکەوە لە شارەکەوە هات، تاجە گوڵینەیان هەڵگرتبوو و گایان هێنابوو، بۆ ئەوەی بیکەنە قوربانی بۆ پۆڵس و بەرنابا.14کاتێک ئەو دوو نێردراوانە ئەوەیان بیست، جلەکانیان دڕاند و بەپەلە چوونە لای ئەوانەی کۆببوونەوە. 15هاواریان دەکرد: «خەڵکینا بۆچی ئەم کارە دەکەن؟ ئێمە جگە لە مرۆڤی لاواز وەک ئێوە هیچی تر نین، مزگێنیتان پێدەدەین لەم شتە بێهودەیانە بگەڕێنەوە بەرەو خودای زیندووی بەدیهێنەری ئاسمان و زەوی و دەریا، وە هەموو ئەوەی تێیاندایە، 16نەتەوەکانی سەردەمی ڕابردووی بەجێهێشت تا بە ڕێگاکانی خۆیاندا بڕۆن،17لەگەڵ ئەوەشدا بەجێی نەهێشتوون بەبێ شایەتحاڵێک کە ئاماژە بکات بەو. بەخششەکەی بە چاکە لە سەرتان بەردەوامە، لە ئاسمانەوە باران و وەرزەکانی بەرهەمدارتان بۆ دابین دەکات، و بە خواردن تێرتان دەکات و دڵتان خۆش دەکات». 18بەم قسانە توانیان دوای کۆششێکی زۆر خەڵک ڕازی بکەن کە قوربانییان پێشکەش نەکەن.19پاشان هەندێک یەهودی لە ئەنتاکیەو ئیکۆنیۆمەوە هاتن، و دەستیان بەسەر جەماوەرەکەدا گرت، و ئەوەندە پۆڵسیان بەردباران کرد کە پێیان وابوو مردووە و فڕێیاندایە دەرەوەی شارەکە. 20کاتێک قوتابییەکان دەورەیان دا، هەستا و گەڕایەوە بۆ شار. ڕۆژی دواتر لەگەڵ بەرنابا گەشتیان کرد بۆ دێربێ.21مزگێنیان بە خەڵکەکەی دا، زۆرێکیان بوون بە قوتابی پەروەردگار. پاشان گەڕانەوە بۆ لیسترا، و لەوێشەوە بۆ کۆنیا، و لە کۆتاییدا بۆ ئەنتاکیە. 22لە هەموو ئەم شوێنانەدا، ورەی قوتابییەکانیان بەهێزتر دەکرد و هانیان دەدان کە لە باوەڕدا چەسپاو بن، دڵنیایان دەکردنەوە کە چوونە ناو شانشینی خودا پێویستی بەوەیە بەرگەی سەختی زۆر بگرین.23لە هەموو کڵێسایەکدا پیرانیان بۆ قوتابییەکان دیاری دەکرد. پاشان بەڕۆژوو بوونەوە نزایان دەکرد و هەموویانیان دەسپارد بە دەستی پەروەردگار ئەوەی کە باوەڕیان پێی هەبوو. 24پاشان لە هەرێمی پیسیدیاوە گەشتیان کرد، و گەیشتنە پامفیلیا. 25لە پێرگا بە وشەی خودا مزگێنیان دا، پاشان گەشتیان کرد بۆ ئەتالیا. 26لەوێشەوە بە دەریادا گەڕانەوە بۆ شاری ئەنتاکیە، لەو شوێنەی کە باوەڕداران ڕادەستی بەخششی خودایان کردبوون بۆ ئەو کارەی هەستابوون بە ئەنجامدانی تەواوی بکەن.27کاتێک گەیشتن، کڵێسایان بانگهێشت کرد بۆ کۆبوونەوەیەک، و هەواڵی هەموو ئەو شتانەیان پێدان کە خودا لە ڕێگەی ئەوانەوە کردبووی، و دەرگای باوەڕی بۆ نەتەوەکان کردۆتەوە. 28و بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ قوتابییەکان لەوێ مانەوە.
1هەندێک لە یەهودییەکان کە باوەڕیان بە مەسیح هەبوو لە ناوچەی یەهودیاوە هاتنە ئەنتاکیە، و دەستیان کرد بە فێرکردنی براکان و گوتیان: «ناتوانن ڕزگارتان بێت ئەگەر بەپێی تەوڕاتی موشە خەتەنە نەکرێن» 2پاشان پۆڵس و بەرنابا مشتومڕێکی توندیان لەگەلدا کردن. دوای مشتومڕەکە، باوەڕدارانی ئەنتاکیە بڕیاریان دا کە پۆڵس و بەرنابا لەگەڵ هەندێک باوەڕداردا بچن بۆ ئەوەی لە یۆرشەلایم چاویان بە نێردراوان و پیرەکان بکەوێت، بە دوادا چوون بکەن بۆ ئەم بابەتە3دوای ئەوەی کڵێسا ماڵئاواییان لێکردن، گەشتیان کرد بۆ یۆرشەلایم بە شارەکانی فینقیا و سامریدا تێپەڕین، برایانی ئەوێیان ئاگادار کردەوە کە نەتەوەکانیش بەرەو مەسیح رێنمایی کراون، بەم شێوەیەش خۆشییەکی زۆر لەنێو هەموو برایاندا بڵاو بۆوە. 4کاتێک گەیشتنە یۆرشەلایم، کڵێسا پێشوازیان لێکردن بە نێردراوان و پیرانییەوە، لە هەموو ئەو شتانە ئاگاداریان کردنەوە کە خودا لە ڕێگەی ئەوانەوە کردبووی.5بەڵام هەندێک لەوانەی کە لە سەر رێبازی فەریسییەکان بوون، پاشان باوەڕیان هێنابوو، هەستان و گوتیان: «ئەو باوەڕدارانەی کە یەهوودی نین دەبێ خەتەنە بکرێن و پابەندیان بکەن بە تەوڕاتی موشە کار بکەن». 6نێردراوان و پیران کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا بۆ لێکۆڵینەوەی ئەم بابەتە.7دوای مشتومڕێکی زۆر، پەترۆ هەستا و گوتی: « ئەی برایان، دەزانن کە زۆر لەمەوبەر خودا ویستی نەتەوەکان وشەی مزگێنییەکە لە زمانی منەوە ببیسن و باوەڕیان هێنا. 8خودای زانا بەوەی لە دڵەکاندایە شایەتیدا لە سەر وەرگرتنی ئەوان، کاتێک گیانی پیرۆزی پێبەخشین وەک چۆن بە ئێمەی بەخشی. 9کەواتە ئەو لە هیچ شتێکدا جیاوازی لە نێوان ئێمە و ئەواندا نەکرد، کاتێک دڵی ئەوانی بە باوەڕ پاک کردەوە.10کەواتە بۆچی دژایەتی خودا دەکەن بارێکی قورس بە قوتابییەکانی پەروەردگار هەڵدەگرن کە باوکان ناتوانا بوون لە هەڵگرتنی و ئێمەش ناتوانین هەڵیبگرین؟ 11ئێمە باوەڕمان وایە کە ڕزگارمان دەبێت، وەک چۆن ئەوان ڕزگاریان دەبێت، بە بەخششی پەروەردگار یەشوا».12پاش ئەوەی مشتومڕەکانی نێوان ئامادەبووان وەستا، و گوێیان لە بەرنابا و پۆڵس گرت باسی ئەو نیشانە و سەرسوڕهێنەرانەیان بۆ کردن کە خودا لە ڕێگەی ئەوانەوە لەناو نەتەوەکاندا کردوویەتی.13دوای ئەوەی قسەکەیان تەواو کرد، یاکۆڤ وتی: 14«ئەی برایان گوێ بگرن: شیمۆن ئاگاداری کردنەوە کە چۆن خودا لە سەرەتاوە بەدوای نەتەوەکاندا گەڕا بۆ ئەوەی لە نێویاندا گەلێک وەربگرێت کە ناوی ئەو هەڵبگرێت؛15ئەمەش لەگەڵ قسەی پێغەمبەراندا یەکدەگرێتەوە، وەک لە پەرتووکەکەدا هاتووە. 16دوای ئەمە دەگەڕێمەوە و چادرە رووخاوەکەی داڤید ئاوەدان دەکەمەوە پاشان وێرانەکانی هەڵدەستێنمەوە و سەرلەنوێ بنیاتی دەنێم، 17بۆ ئەوەی خەڵکیتر و هەموو ئەو گەلانەی کە ناوی منیان هەڵگرتووە، بەدوای پەروەردگاردا بگەڕێن، پەروەردگار دەفەرموێت، ئەوەی ئەم کارانە دەکات 18لە سەرەتاوە ناسراوە.19بۆیە من پێم وایە نابێت بارگرانی بخەینە سەر ئەو کەسانەی کە لە ناو نەتەوەکان بەرەو خودا رێنوێنی کراون، 20بەڵکو نامەیەکیان بۆ دەنووسین کە تیایدا رایاندەسپێرن خۆیان بە دوور بگرن لە خواردنی قوربانی ناپاکی پێشکەشکراو بە بتەکان، و داوێنپیسی، و گۆشتی ئاژەڵە خنکێنراوەکان، و خوێن. 21چونکە موشە، هەر لە کۆنەوە، شوێنکەوتووانی لە هەموو شارێکدا، هەموو شەباتێک تەوڕاتەکەی دەخوێننەوە و لە کەنیشتەکاندا بانگەشەی بۆ دەکەن».22ئینجا نێردراوان و پیران و هەموو کۆمەڵگاکە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لەنێو برایان دوو پیاو هەڵبژێرن بۆ ئەوەی لەگەڵ پۆڵس و بەرنابادا بیاننێرن بۆ ئەنتاکیە. بۆیە یەهودا یان هەڵبژارد، کە پێی دەگوترا بارسابا، و سیلاس، کە پێگەیەکی باڵای هەبوو لە نێو برایاندا. 23وە ئەم نامەیان ڕادەست کردن: «لە نێردراوان و پیران و برایانەوە، بۆ برایانی باوەڕدار لە نەتەوەکان لە هەرێمەکانی ئەنتاکیە و سوریا و کیلیکیا: سڵاو!24زانیومانە کە هەندێک کەس لە ئێمەوە هاتوون بۆ لای ئێوە، بەبێ مۆڵەتی ئێمە بە قسەکانیان پشێویان لە نێوانتاندا دروست کردووە و بیرکردنەوەکانتانیان تێکداوە. 25بۆیە ئێمە بە یەک بۆچوون ڕێککەوتین کە دوو پیاو هەڵبژێرین کە ژیانی خۆیان تەرخان کردووە بۆ ناوی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح، لەگەڵ برا خۆشەویستەکانمان بەرنابا و پۆڵس دەیاننێرین بۆلاتان.27بۆیە یەهودا و سیلاسمان نارد، بۆ ئەوەی پەیامەکە بە زارەکی پێتان بگەیەنن. 28گیانی پیرۆز و ئێمە بە باشمان زانی کە ئێمە هیچ باریک لە سەرووی ئەوەی کە لەسەرتانە، نەخەینە سەرتان. 29بەڵکو لەسەرتانە خۆتان بەدوور بگرن لە خواردنی قوربانی پێشکەشکراو بە بتەکان ، لە خواردنی خوێن و گۆشتی ئاژەڵە خنکێنراوەکان، و لە داوێنپیسی. کارێکی باشە بۆتان ئەگەر خۆتان لەم بابەتانە بپارێزن. خوا لێتان خۆشبێت!»30بۆیە هەڵگرانی نامەکە بەڕێکەوتن، و گەشتیان کرد بۆ ئەنتاکیە، لەوێ کۆمەڵەکەیان بانگهێشت کرد بۆ کۆبوونەوە، 31و نامەکەیان پێشکەش کردن. کاتێک خوێندیانەوە، شاد بوون بەو هاندانەی کە تێیدا بوو. 32یەهودا و سیلاش پێغەمبەر بوون، بۆیە زۆر ئامۆژگاری براکانیان کرد، ورەیان بەهێزتر کردن.33دوای ماوەیەک برایانی ئەنتاکیە بە ئاشتی ئەو کەسانەیان ڕەوانە کردەوە کە ناردبوویانن. 34بەڵام سیلاس پێی باش بوو لە ئەنتاکیە بمێنێتەوە، بۆیە یەهودا بە تەنیا گەڕایەوە. 35هەروەها پۆڵس و بەرناباش لەوێ مانەوە و بە وشەی پەروەردگار، فێرکاریان دەکرد و مزگێنیان دەدا.زۆر کەسی دیکەش هاوکارییان دەکردن.36دوای چەند ڕۆژێک پۆڵس بە بەرنابای گوت: «با بگەڕێینەوە و بزانین بارودۆخی ئەو شارانە چۆنە کە بە وشەی پەروەردگار مزگێنیمان تیا داوە». 37بەرنابا پێشنیاری کرد یۆخەنا کە نازناوی مارکۆس بوو لەگەڵ خۆیان ببەن. 38بەڵام پۆڵس ڕەتیکردەوە لەگەڵ خۆیان بیبات، چونکە لە پامفیلیا لێیان جیا ببۆوەو، لە خزمەتدا یاوەری نەکربوون.39ناکۆکییەکی وا کەوتە نێوانیان کە لەیەکتر جیابوونەوە. بەرنابا مارکۆسی هەڵگرت و بە کەشتی گەشتیان کرد بەرەو قوبرس. 40پۆڵس سیلاسی هەڵیبژارد کە لەگەڵیدا بێت. جا برایانی بە بەخششی خودا سپارد، 41بە هەرێمەکانی سوریا و کیلیکیادا گەشتی دەکرد و کڵێساکانی بەهێز دەکرد.
1پۆڵس گەیشتە دێربە، پاشان بەرەو لیسترا، لەوێ قوتابییەکی هەبوو بە ناوی تیمۆساوس، دایکی یەهودی بوو و باوەڕی بە مەسیح هەبوو، باوکی یونانی بوو. 2برایان کە لە لیسترا و کۆنیا بوون بە شایەتییەکی باش شایەتییان بۆ تیمۆساوس ئەدا. 3پۆڵس پێی خۆش بوو لەگەڵیدا بێت لە گەشتەکەیدا. لەبەر ئەوەی یەهودییەکانی ئەو ناوچەیە دەیانزانی باوکی یۆنانییە، پۆڵس بردی و خەتەنەی کرد.4پۆڵس و هاوڕێکانی لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر دەڕۆیشتن، ئەو ڕاسپاردانەیان بە باوەڕداران ڕادەگەیاند کە لەلایەن نێردراوان و پیرانەوە لە یۆرشەلایم بڕیاری لە سەر درابوو، بۆ ئەوەی کاری پێبکەن. 5کڵێساکان لە باوەڕدا بەهێزتر دەبوون، و ژمارەیان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، زیاد دەبوو.6گیانی پیرۆز ڕێگری لێکردن لە مزگێنیدا لە پارێزگای ئاسیا، بۆیە لە هەرێمەکانی فریگیا و گەلاتیادا گەشتیان کرد. 7کاتێک گەیشتنە سنوورەکانی هەرێمی میسیا، بەرەو پارێزگای بیتینیا بەڕێکەوتن، بەڵام گیانی یەشوا ڕێگەی نەدا بچنە ناوی، 8بۆیە بەرەو شاری ترۆئاس ڕۆیشتن و بە میسیادا تێپەڕین.9ئەو شەوە پۆڵس لە بینینێکدا پیاوێکی خەڵکی مەکەدۆنیای بۆ دەرکەوت.لێی دەپاڕایەوە و دەیگوت: «وەرە بۆ مەکەدۆنیا و یارمەتیمان بدە!» 10پاشان دڵنیا بووین کە پەروەردگار بانگهێشتی کردووین بۆ مزگێنیدان لە مەکەدۆنیا. بۆیە دەستبەجێ بەرەو ئەوێ ڕۆیشتن.11بۆیە لە بەندەری ترۆئاسەوە بە کەشتی بەرەو دوورگەی سامۆتراکی ڕۆیشتین. ڕۆژی دواتر بەردەوام بووین لە گەشتەکەمان بۆ بەندەری نیاپۆلیس. 12لەوێوە بۆ شاری فیلیپ، گەورەترین شاری هەرێمی مەکەدۆنیا، کە لە ژێر دەسەڵاتی ڕۆمانیە. چەند ڕۆژێک لەوێ ماینەوە. 13لە ڕۆژی شەباتدا چووینە کەناری ڕووبارێک. لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شار کە بە شێوەیەکی نەریتی نزای تێدا دەکرا. بۆیە دانیشتین قسەمان لەگەڵ ئەو ژنانەدا دەکرد کە کۆدەبوونەوە،14لەنێویاندا بازرگانێکی ئەرخەوان هەبوو خەڵکی شاری تیاتیرە بوو، ژنێکی خوداپەرست بوو، ناوی لیدیا بوو، کاتێک گوێی دەگرت خودا دڵی کردەوە بۆ وەرگرتنی قسەکانی پۆڵس. 15کاتێک ئەو و بنەماڵەکەی لە ئاوهەڵکێشران، پێداگری کرد میواندارییەکەی قبوڵ بکەین و گوتی: «ئەگەر بڕیارتان داوە کە من باوەڕدارم بە پەروەردگار، وەرن بۆ خوان لە ماڵەکەم». بۆیە ناچار بووین بانگهێشتەکەی قبوڵ بکەین.16ئەو رۆژە دەرۆیشتین بۆ نزاکردن، كارهكهرێکمان تووش بوو گیانی فاڵچییەتی تێدابوو، به فاڵچیەتییەکەی قازانجێكی زۆری بۆ خاوهنهكانی بهدهست دههێنا. 17بهدوای پۆڵس و ئێمه دەكهوت و هاواری دهكرد و دەیگوت: «ئهم مرۆڤانه خزمەتکاری خودای ههرهبهرزن، ڕێگای ڕزگاریتان پێڕادهگهیهنن». 18ڕۆژانێكی زۆر ئهمهی دهكرد، تاكو پۆڵس بێزار بوو، ئاوڕی دایهوه و به گیانەکەی گوت: «به ناوی یەشوای مهسیح فهرمانت پێ دهكهم، لێی دهرچوو!» لەو کاتەدا چووە دەرەوە.19كاتێ گەورەکانی بینییان سەرچاوەی بژێویان بڕاوە، پۆڵس و سیلاسیان دەستبەسەر کرد، پەلکێشیان کردن بۆ گۆرەپانی شار بۆ دادگایی کردن. 20بردییانن بۆلای دادوهران و گوتیان: «ئهم پیاوانه شارهكهمان دهشێوێنن؛ یەهودین 21ئەوان بانگەواز بۆ ئەو نەریتانە دەکەن کە ئێمەی ڕۆمانی ڕێگەپێدراو نین وەریبگرین و کاریان پێبکەین!»22كۆمهڵهكه لە دژیان راپەڕین، و فهرمانڕهواكان جلهكانیان دڕاند و فهرمانیان دا بە قامچی لێیان بدەن، 23زۆریان بە قامچی لێدان و خستیاننه زیندانهوه، پاسەوانی زیندانهكهیان ڕاسپارد كه به توندی پاسهوانیان لە سەر بكات. 24ئهویش ئهم ڕاسپاردهیهی بەتوندی جێبەجێ کرد. فڕێیدانه نێو زیندان، و پێیانی خسته نێو كۆتێکی دارەوە.25له نیوهی شهودا پۆڵس و سیلاس نزایان دهكرد و ستایشی خودایان دهكرد، بهندكراوانیش گوێیان لێ گرتبوون، 26لهناكاو بوومهلهرزهیهكی بە هێز ڕوویدا، بناغەکانی زیندانهكهی ههژاند، دەستبەجێ ههموو دهرگاكان كرانهوه، و كۆت و بەندی ههموو زیندانییەکان کەوتە خوارەوە.27بوومەلەرزەکە پاسەوانی زیندانەکەی لە خەو هەڵساند. کاتێک بینی دهرگاكانی زیندانهكه كراونهتهوه، پێی وابوو زیندانییەکان هەڵاتوون، شمشێری ههڵكێشا بهتهمابوو خۆی بكوژێت. 28پۆڵس بهدهنگی بەرز هاواری لێكرد: «هیچ له خۆت مهكه! ههموومان لێرهین!»29داوای چرایەکی كرد، بەپەلە چووه ژوورهوه و لە ترسان دهلهرزی، خۆی خستە بهردهم پۆڵس و سیلاس. 30پاشان بردنییه دهرهوه و لێی پرسین: «ئەی گەورەکانم، پێویسته چی بكهم تاكو ڕزگارم بێت؟» 31وەڵامیان دایەوە: «باوهڕ به پهروهردگار یەشوای مهسیح بهێنه خۆت و بنەماڵەت ڕزگارتان دهبێت!»32ئینجا به وشهی پهروهردگار مزگێنییان بە خۆی و بنەماڵەکەیدا. 33لهو كاتژمێرەی شەودا بردنی و برینهكانی شۆردن و دەستبەجێ خۆی و ههموو بنەماڵەکەی لە ئاوهەڵکێشران. 34پاشان بردنی بۆ ماڵەوە و خواردنی بۆ دانان، خۆی و ههموو بنەماڵەکەی زۆر زۆر شاد بوون، كه باوهڕیان به خودا هێناوە.35كه ڕۆژبووهوه دادوەرەکان چەند پیاوێکیان نارد بە پاسەوانەکە ڕابگەیەنن پوڵس و سیلاس ئازاد بكات. 36پاسەوانەکە پۆڵسی لە بابەتەکە ئاگادار کردەوە، و گوتی: «فهرمانڕهوایان فەرمانیان ناردووە بە ئازاد کردنتان بۆیه ئێستا وهرنه دهرهوه و بهئاشتی بڕۆن!»37پۆڵس ناڕەزایەتی دەربڕی و گوتی: «بێ دادگایی کردن لەبەردەم خەڵکا بە قامچی لێیانداین، ئێمهش هاوڵاتیی ڕۆمانین، فڕێیانداینە زیندان. کەواتە ئێستا چۆن به نهێنی ئازادمان دەکەن! نهخێر! با خۆیان بێن و ئازادمان بکەن!» 38پیاوەکان ئهم ناڕەزایەتییەیان به دادوەرەکان ڕاگهیاند، كاتێ زانییان ئهوان ڕۆمانین ترسان. 39بۆیە هاتن و داوای لێبوردنیان لێکردن، بردییاننه دهرهوه و داوایان لێكردن شارهكه بهجێبهێڵن.40پۆڵس و سیلاس له زیندانهكه چوونە دەرو چوون بۆ ماڵی لیدیا، لهوێ چاویان بە برایان کەوت و هانیان دان و دواتر شاریان بە جێ هێشت.
1پۆڵس و سیلاس گهیشتنه تەسالونیکی پاش ئەوەی به ئهمفیپۆلیس و ئهپۆلۆنیادا تێپهڕین. لە تەسالونیکی كهنیشتەیەکی یەهودی هەبوو. 2وهكو نەریتی خۆی چوو بۆ لایان، سێ شەبات لهسهر یهک به بەبەڵگەی پەرتووکەکە مشتومڕی لهگهڵ دهكردن،3بۆی ڕوون کردنەوە کە مەسیح دەبوو ئازار بچێژێت و لە مردن هەستێتەوە، هەروەها «مەسیحەکە کە چاوەڕێی دەکەن یەشوایە کە ئێستا من بەو مزگێنیتان پێدەدەم!» 4هەندێک لە ئامادەبووان بڕوایان کرد و پەیوەندییان بە پۆڵس و سیلاسەوە کرد. لە نێویاندا ژمارەیەکی زۆر یۆنانی خوداپەرەست و زۆرێک لە ژنە دەسەڵاتدارەکان هەبوون.5ئەمەش ئیرەیی یەهودییەکانی وروژاند کە باوەڕیان نەدەهێنا، بۆیە هەندێک کەسی خراپەکاری لە شەقامەوە هێنا، جەماوەرێکیان کۆکردەوە و خەڵکیان هاندا تاکو پشێوی لە شارەکەدا بنێنەوە، پاشان هێرشیان کردە سەر ماڵی یاسۆن داوایان کرد کە پۆڵس و سیلاس ڕادەستی خەڵکەکە بکرێت. 6کاتێک لەوێ نەیاندۆزینەوە، یاسۆن و هەندێک لە براکانیان پەلکێش کرد بۆ لای فەرمانڕەواکانی شارەکە، و گلەیییان لە دژیان کرد و هاواریان کرد: «ئەم دوو پیاوە جیهانیان گۆڕیوە و هەر بۆ ئەوەش هاتوون بۆ شارەکەمان، 7یاسۆن میوانداریی کردون. هەموویان سەرپێچی لە فەرمانەکانی قەیسەر دەکەن، و بانگەوازی پاشایەکی دیکە دەکەن کە ناوی یەشوایە».8بهم قسانه كۆمهڵهكه و فهرمانڕهوایانی شاریان وروژاند. 9بۆیە دادوەرەکان بارمتەیان لە یاسۆن و ئەوانەی لەگەڵی بوون وەرگرت پاشان ئازادیان کردن.10لە شەودا برایان پۆڵس و سیلاسیان بەرەو بیریا بەڕێ کرد. کاتێک گەیشتن، چوونە کەنیشتە یەهودییەکانی ئەوێ. 11یەهودییەکانی بێریا لە یەهودییەکانی تەسالۆنیکی رێزدارتر بوون، بە تامەزرۆیی زۆرەوە وشەی خودایان وەرگرت، ڕۆژانە لێکۆڵینەوەیان لە پەرتووکەکە دەکرد بۆ دڵنیابوون لە دروستی فێرکارییەکە. 12ژمارەیەکی زۆریان باوەڕیان هێنا، هەروەها ژنە دەسەڵاتدارە یۆنانیەکان و ژمارەیەکی زۆر لە پیاوان.13یەهودییەکانی تەسالۆنیکی دەیانزانی کە پۆڵس لە بیریا بە وشەی خودا مزگێنی داوە، بۆیە بەدوایدا ڕۆیشتن و خەڵکیان هاندەدا دژی راپەڕن. 14دەستبەجێ هەندێک لە براکان پۆڵسیان بەرەو دەریا برد بۆ ئەوەی گەشت بکات، سیلاس و تیمۆساوس لەوێ مانەوە. 15براکان لەگەڵ پۆڵس بوون تا گەیاندیانە ئەسینا، پاشان گەڕانەوە دوای ئەوەی پۆڵس پێی ڕاسپاردبوون کە سیلاس و تیموساوس بە خێرایی بگەنە لای.16کاتێک پۆڵس لە ئەسینا چاوەڕێی دەکردن، شارەکەی بینی پڕ بوو لە بت و گیانی تووشی تەنگانە بوو. 17کەوتە قسەکردن لەگەڵ یەهودییەکان و خوداپەرەستەکانی دیکە لە کەنیشتەکەدا، و ئەوانەی کە هەموو ڕۆژێک لە گۆڕەپانی شارەکەدا چاوی پێیان دەکەوت.18مشتومڕ لە نێوان ئەو و هەندێک لە فەیلەسوفانی ئیپیکۆری و ستۆیک ڕوویدا. کاتێک بۆیان دەرکەوت کە ئەو بە یەشوا و هەستانەوەی لە مردن مزگێنی دەدات، هەندێکیان گوتیان: «ئەم بانگەوازکەرە گەمژەیە مەبەستی چییە لە قسەکانی؟» هەندێکی تریش دەیانگوت: «پێدەچێت بانگەواز بۆ خوداوەندێکی نامۆ بکات».19پاشان بردیان بۆ گردی ئاریۆپاگۆس ( ئەنجومەنی شارەکەی لەوێ بوو) و لێیان پرسی: «دەتوانین بزانین ئەو رێبازە نوێیە چییە کە بانگەوازی بۆ دەکەیت؟ 20قسەی نامۆت لێ دەبیستین و دەمانەوێت مانایان بزانین». 21خەڵکی ئەسینا و ئەو بیانیانەی لەوێ دەژیان کاتی بەتاڵی خۆیان بە مشتومڕ لەسەر بیروبۆچوونە نوێیەکان بە سەردەبرد.22ئینجا پۆڵس لە ناوەڕاستی ئاریۆپاگۆس وەستا و گوتی: «ئەی خەڵکی ئەسینا، دەبینم کە ئێوە لە هەموو شتێکدا زۆر دیندارن. 23کاتێک لە شارەکەتاندا دەگەڕام و سەیری پەرستگاکانتانم دەکرد، پەرستگایەکم دۆزیەوە کە لە سەری نووسرابوو ‘بۆ خودای نەناسراو’. کەواتە بەم خودایەی کە دەیپەرستن و نایناسن، مزگێنیتان پێدەدەم.24ئەو خودایە کە گەردوون و هەموو شتێکی کە تێدایە بەدیهێناوە، ئەوەی نیشتەجێ نابێت لەو پەرستگایانەی بە دەستی مرۆڤ بنیاتنراوە، چونکە ئەو پەروەردگاری ئاسمانەکان و زەوییە. 25پێویستی بە خزمەتگوزارییەک نییە کە لەلایەن خەڵکەوە پێشکەشی بکرێت. چونکە ژیان و گیان و هەموو شتێک بە هەموو بەدیهێنراوان دەبەخشێت.26هەموو گەلانی لە یەک بنەچە دەرهێنا، و لە هەموو ولاتانی زەویدا نیشتەجێی کردن، و پێشوەختە سەردەمی بوونیان و سنووری نیشتمانەکانیانی دیاری کرد، 27بۆئەوەی بە دوای خودادا بگەڕێن ڕەنگە دەستی لێبدەن و بەرەو لای ئەو ڕێنمایی بکرێن! ئەو لە هیچ کام لە ئێمە دوور نییە،28ئێمە بە ئەو دەژین و دەجوڵێین و بوونمان هەیە، یان وەک هەندێک لە شاعیرەکانتان گوتوویانە: ئێمەش زادەی ئەوین! 29مادام ئێمە زادەی خوداین، نابێت لە خوایەتی بروانین وەک ئەوەی بتێکە لە ئاڵتون، زیو، یان بەرد کە مرۆڤ بتوانێت بیتاشێت یان وێنای دەکات یان بەو شێوەیە دایبهێنێت کە خەیاڵی دەکات!30خودا ئێستا لە هەموو شوێنێک بانگهێشتی هەموو مرۆڤەکان دەکات کە بە پاشگەزبوونەوە بگەڕێنەوە لای، و چاوی لە سەردەمی نەزانی کە تێپەڕیوە داخستووە. 31چونكه ڕۆژێكی دەست نیشانکردووە تیایدا به دادپهروهری لە سەر جیهانبڕیار دەدات، به پیاوێک كه دیاری كردووه بۆ ئەوە، هەموو بهڵگهیەکیشی به ههمووان داوه، كه لهنێو مردووان هەڵیستاندەوە».32ئامادەبووان کاتێک باسی هەستانەوە لە مردنیان بیست، هەندێکیان دەستیان کرد بە گاڵتە پێکردن. بەڵام هەندێکی تر بە پۆڵسیان گوت: «پێمان خۆشە جارێکی تر لەسەر ئەم بابەتە قسەمان لەگەڵ بکەیتەوە». 33بەمشێوە پۆڵس لە نێوانیان چووە دەرەوە. 34بەڵام هەندێکیان پەیوەندییان بە پۆڵسەوە کرد و باوەڕیان هێنا لە نێوانیاندا دیۆنیسیۆس کە ئەندامی ئەنجومەنی ئاریۆپاگۆس بوو، و ژنێک بە ناوی داماریس و هەندێکی تریش جگە لەوان.
1دوای ئەوە پۆڵس ئەسینای بەجێهێشت، و گەشتی کرد بۆ شاری کۆرنسۆس. 2لەوێ چاوی بە یەهودییەک کەوت بە ناوی ئاکیلا، خەڵکی شاری پۆنتۆس، کە بەم دواییانە لەگەڵ پریسیلای هاوسەری لە ئیتالیاوە هاتبوو، چونکە کلۆدیۆسی قەیسەر فەرمانی دەرکردنی جولەکەکانی لە ڕۆما دابوو، بۆیە پۆڵس چووە لای ئەوان. 3بەو پێیەی هاوپیشەی بوو، کە دروستکەری چادر بوو، لەلایان مایەوە و کاری دەکرد.4هەموو شەباتێک لەگەڵ ئەوانەی لە کەنیشتەکەدا ئامادە دەبوون مشتومڕی دەکرد بۆ ئەوەی یەهودییەکان و یۆنانیەکان ڕازی بکات. 5کاتێک سیلاس و تیموساوس لە هەرێمی مەکەدۆنیاوە گەیشتن، پۆڵس بە تەواوی خۆی بۆمزگێنیدان تەرخان کرد، شایەتحاڵی لای یەهودییەکان دەدا کە یەشوا مەسیحەکەیە. 6بەڵام دژایەتی شایەتحاڵیەکەیان کرد ودەستیان کرد بە کوفر کردن. جلەکانی تەکاند و پێی گوتن: «خوێنتان لە ئەستۆی خۆتانە. من بێتاوانم! لە ئێستا بەولاوە مزگێنی بە نایەهودییەکان دەدەم».7پاشان پۆڵس شوێنی نیشتەجێبوونەکەی بەجێهێشت، و وەک میوان لە ماڵی پیاوێک لە نەتەوەکان کە خوداپەرەست بوو مایەوە، ناوی تیتۆس یۆستۆس بوو، ماڵەکەی لە تەنیشت کەنیشتەکە بوو. 8ئینجا کریسپوس سەرۆکی کەنیشتەکە، خۆی و هەموو بنەماڵەکەی باوەڕیان بە پەروەردگار هێنا. زۆرێک لە خەڵکی کۆرنسۆس بانگەشەکەی پۆڵسیان بیست، بۆیە باوەڕیان هێنا و لە ئاوهەڵکێشران.9شەوێک پۆڵس لە بینینێکدا پەروەردگاری بۆ دەرکەوت پێی فەرموو: «مەترسە، بەڵکو قسە بکە و بێدەنگ مەبە، 10چونکە من لەگەڵتام، و کەس ناتوانێت زیانت پێ بگەیەنێت، چونکە من گەلێکی زۆرم لەم شارەدا هەیە». 11پۆڵس بۆ ماوەی ساڵێک و شەش مانگ لە کۆرنسۆس مایەوە و خەڵکەکەی فێری وشەی خودا دەکرد.12کاتێک فەرمانڕەوای ڕۆمانی گالیۆن فەرمانرەوای وڵاتی ئەخایا بوو، یەهودییەکان بە یەک دەنگ دژی پۆڵس کۆبوونەوە، و بردیانە دادگا، 13سکاڵایان لێکرد و گوتیان: «ئەم پیاوە هەوڵدەدات خەڵک ڕازی بکات کە خودا بپەرستن بە شێوەیەک کە دژی تەوڕاتەکەمانە».14کاتێ پۆڵس دەستی کرد بە بەرگری کردن لە خۆی، گالیۆن به یەهودییەکانی گوت: ئەی یەهودییەکان، ئهگهر بابەتەکە تاوان یان گوناه بووایه، لە ئەستۆم ئەگرت وەک چۆن دادپەروەری فەرمانی پێدەکات. 15بهڵام بابهتهكه لهسهر وشه و ناو و تهوراتەکەتانه، خۆتان چارەسەری بكهن. چونكه من نامهوێت لهم بابهتانهدا داوەری بکەم!»16پاشان لە دادگا دەری کردن، 17بۆیە سۆسانیسی سەرۆکی کەنیشتەکەیان گرت و لەبەردەم دادگادا لێیان دا، بەڵام گالیۆن گرینگی بە هیچکام لەوانە نەدا!18پۆڵس بۆ ماوەیەکی زۆر لە کۆرنسۆس مایەوە، پاشان ماڵئاوایی لە براکان کرد و بە دەریادا گەشتی کرد بەرەو سوریا، لەگەڵ پریسکیلا و ئەکیلا، دوای ئەوە لە شاری کەنکریا سەری تاشی، چونکە نەزرێکی لەسەر بوو. 19کاتێک گەیشتنە ئەفەسۆس پۆڵس لەوێ بەجێی هێشتن، و چووە ناو کەنیشتەی یەهودییەکان و قسەی بۆ کردن.20بۆیە داوایان لێکرد بۆ ماوەیەکی زیاتر لەگەڵیان بمێنێتەوە، بەڵام ڕەتیکردەوە، 21ماڵئاوایی لێکردن و گوتی: «ئەگەر خودا بیەوێت دەگەڕێمەوە بۆ لاتان! پاشان لە ئەفەسۆسەوە بە دەریادا گەشتی کرد.22لە بەندەری کەیساریا دابەزی و پاشان سەرکەوت و سڵاوی لە کڵێساکە کرد، پاشان دابەزی بەرەو شاری ئەنتاکیە. 23ماوەیکی لەوێ بە سەر برد. پاشان بە هەرێمەکانی گەلاتیە و فریگیادا گەڕا و لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە دەڕۆیشت و ورەی هەموو قوتابییەکانی بەهێزتر کرد.24یەهودییەک بە ناوی ئەپۆلۆس هاتە ئەفسوس، لەدایکبووی ئەلکساندریا بوو،زمان خۆش و شارەزای زۆریی لە پەرتووکەکەدا بوو. 25بەڕێگای پەروەردگار فێر کرابوو. بە خرۆشێکی زۆرەوە قسەی دەکرد، ڕاستییەکانی تایبەت بە یەشوای بە فێرکردنێکی دروست فێر دەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا کە تەنها لە ئاو هەڵکێشانی یۆخەنان نەیدەزانی، لە کەنیشتەکەدا بە بوێری قسەی دەکرد. 26کاتێ ئاکیلا و پریسکیلا گوێیان لێی بوو، و بردیان بۆ لای خۆیان و بە وردی ڕێگای خودایان بۆ ڕوون کردەوە.27ئەپۆلۆس بڕیاریدا گەشت بکات بۆ وڵاتی ئەخایا، بۆیە براکان هانیاندا و بۆ قوتابییەکانی ئەوێ نامەیەکیان نووسی بۆ ئەوەی پێشوازی لێبکەن. کاتێک گەیشتە ئەوێ یارمەتییەکی گەورەی باوەڕدارانی دا بەوەی لە بەخششەکە هەیبوو: 28لە مشتومڕە ئاشکراکانی لەگەڵ یەهود بوێر بوو، بە پشتبەستن بە پەرتووکەکە بەڵگەی بۆ دەهێنانەوە دەیسەلماند کە یەشوا مەسیحەکەیە.
1لە کاتێکدا ئەپۆلۆس لە کۆرنسۆس بوو پۆڵس گەیشتە ئەفسوس، دوای ئەوەی بە ناوچەکانی ناوخۆی وڵاتدا تێپەڕی. لەوێ هەندێک قوتابی دۆزییەوە، 2بۆیە لێی پرسین: «ئایا گیانی پیرۆزتان وەرگرت کاتێک باوەڕتان هێنا؟» وەڵامیان دایەوە: «نەخێر! تەنانەت دەربارەی بوونی گیانی پیرۆزیش نەمانبیستووە!»3پرسیاری کرد: «لەسەر چ بناغەیەک لە ئاوهەڵکێشران؟» وەڵامیان دایەوە: «لە سەر بناغەی لە ئاوهەڵکێشانی یۆخەنان!» 4پۆڵس گوتی: «یۆخەنان بۆ پاشگەزبوونەوە لە گوناهەکانتان لە ئاوی هەڵدەکێشان، و خەڵکی بانگهێشت دەکرد باوەڕ بەوە بکەن کە دوای خۆی دێت، واتە یەشوا».5کاتێک ئەمەیان بیست، بە ناوی پەروەردگار یەشوا لە ئاوهەڵکێشران. 6هەر کە پۆڵس دەستی خستە سەریان تا گیانە پیرۆزەکە بێتە سەریان، دەستیان کرد بە قسەکردن بە زمانەکان و پێشبینیکردن. 7ژمارەیان نزیکەی دوانزە پیاو بوو.8پۆڵس بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام دەچوو بۆ کەنیشتە، بە بوێرییەوە قسەی دەکرد، لەگەڵ ئامادەبووان مشتومڕی دەکرد و هەوڵی دەدا بڕوایان پێ بێنێت بە ڕاستییەکان سەبارەت بە شانشینی خودا. 9بەڵام هەندێک کەلە رەق بوون و بڕوایان پێ نەدەکرد و لە بەردەم ئەوانەی کۆببوونەوە دەستیان کرد بە سووکایەتیکردن بەم رێبازە. پۆڵس لەگەڵ قوتابییەکانی، لێیان جیا بووەوە، وهەموو ڕۆژێک لە قوتابخانەی پیاوێک بە ناوی تیرانۆس مشتومڕی دەکرد، 10بۆ ماوەی دوو ساڵ بەردەوام بوو لە سەر ئەمە. بەم شێوەیە وشەی پەروەردگار گەیشتە هەموو دانیشتوانی هەرێمی ئاسیا بە یەهود و یۆنانییەکانەوە.11خوداش لە سەر دەستی پۆڵس پەرجووی گەورەی ئەنجام دەدا، 12تهنانهت دەسماڵ و ئەو جلانەی بەر جەستەی دەکەوتن، دهیانخسته سهر نهخۆش، و نهخۆشی نهدهما و گیانە خراپەکارەکان لێیان دهردهچوون.13هەندێک لە یەهودییە گەڕۆکەکان کە شارەزا بوون لە دەرکردنی گیانە خراپەکارەکان هەوڵیان دا ناوی پەروەردگار یەشوا بە کار بهێنن، دەیانگوت: «ئێمە بە ناوی یەشوا دەرتان دەکەین ئەوەی کە پۆڵس مزگێنی پێدەدات!» 14لە نێو ئەمانەدا حەوت کوڕی یەکێک لە کاهینەکان هەبوون، کە ناوی سەکاوا بوو،15ئینجا گیانە خراپەکارەکە وەڵامی دایەوە: «من یەشوا دەناسم، و دەرابەری پۆڵس دەزانم. بەڵام، تۆ کێیت؟» 16ئینجا پیاوهكه کە گیانە خراپەکارەکەی تێدابوو، پهلاماری دان و بهسهر ههموویاندا زاڵبوو، بۆیە به ڕووتی و بریندارییهوه لهو ماڵه ههڵاتن. 17هەواڵی ئەمە لەناو یەهود و یۆنانییەکانی دانیشتووی ئەفەسۆسدا بڵاوبۆوە، و ترس دەستی بە سەر هەموواندا گرت. ناوی پەروەردگار یەشوایان شکۆمەند دەکرد.18پاشان زۆرێک لەوانەی باوەڕیان هێنابوو هاتن و دانیان نا بەو شتانەی کردبوویان. 19زۆرێک لەوانەی کە کاری جادوویان دەکرد پەرتووکەکانیان کۆ کردەوە و لەبەردەم هەموواندا سوتاندیان. نرخەکەی هەژمارکرا، دەرکەوت پەنجا هەزار پارچە زیو بوو. 20بەم شێوەیە وشەی پەروەردگار بەهێز بڵاوکرایەوە و بەهێزتر بوو.21پاش ئەوەی ئهمانه ڕویدا ، پۆڵس بڕیاری دا به هەرێمەکانی مەکەدۆنیا و ئەخایادا تێپهڕێت و گەشت بکات بۆ یۆرشلایم، گوتی: «دوای مانەوەم لەوێ، دەبێت سەردانی ڕۆماش بکەم!» 22ئینجا دووان لهوانهی یارمەتیان دەدا ناردنی بۆ مەکەدۆنیا، تیمۆساوس و ئەرەستۆس، خۆی بۆ ماوهیهک له هەرێمی ئاسیا مایهوه.23لهو ماوەیەدا بەهۆی ئهم رێبازەوە پشێوییەکی مەترسیدار لە ئەفەسۆس ڕوویدا. 24چونكه زیوگهرێک به ناوی دیمهترییوس كه نموونەی بچووکی زیوی بۆ پەرستگاکانی خوداوەندی ئارتەمیس دروست دەکرد، بەمەش قازانجێکی زۆری بۆ خۆی و کرێکارەکانی دەهێنا، 25هاوپیشەکانی بانگهێشت کرد و پێی گوتن: «ئەی پیاوەکان دەزانن کە ژیانی ئێمە پەیوەستە بەم پیشەیەمانەوە،26بینیوتانە و بیستووتانە کە ئەم پۆڵسە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی گومڕا کردووە، نەک تەنها لە ئەفەسۆس، بەڵکو لە نزیکەی هەموو هەرێمی ئاسیا، و باوەڕی پێ هێناون کە ئەو خوداوەندانەی بە دەست دروستکراون خوداوەند نین. 27ئەمەش نەک هەر لە پیشەکەمان کەم دەکاتەوە، بەڵکو پەرستگای خوداوەندە مەزنەکەمان ئارتەمیس هەیبەتەکەی لە دەست دەدا. ترسمان لەوە هەیە کە رێزی کەم بێتەوە و مەزنییەکەی لە دەست بدا چونکە ئەو کەسەیە کە هەموو دانیشتوانی ئاسیا، و هەموو جیهان دەیپەرستن!»28کاتێک هاوپیشەکان ئەم قسانەیان بیست تووڕە بوون و دەستیان کرد بە هاوارکردن: «مەزنە ئارتمیس خوداوەندی ئەفەسۆسییەکان!» 29پشێوییەکە بە هەموو شارەکەدا بڵاوبووەوە. جەماوەرێکی زۆر لە خەڵک هێرشیان کردە سەر گایۆس و ئەریستارخۆسی مەکەدۆنی هاوڕێی پۆڵس لە گەشتەکدا، پەلکێشیان کردن بۆ گۆڕەپانی یاریگاکە.30پۆڵس ویستی ڕووبەڕووی جەماوەرەکە ببێتەوە، بەڵام قوتابییەکان ڕێگرییان لێکرد، 31هەروا هاوڕێکانی لە نێو کەسایەتییە دیارەکانی ئاسیادا تکایان لێکرد خۆی نەخاتە بەر مەترسی بۆ چوون بۆ یاریگاکە، 32لەناو خەڵکەکەدا سەرلێشێواوی دروست بوو، هەندێکیان هاواریان بۆ شتێک دەکرد، هەندێکی تریان بۆ شتێکی تر، تا ئەو ڕادەیەی زۆربەیان نەیاندەزانی هۆکاری کۆبوونەوەکە چیە.33لەناو خەڵکەکەدا یەهودییەک هەبوو بە ناوی ئەسکەندەر، یەهوودییەکان پاڵیان پێوە نا بۆ پێشەوە، هەندێکیان بانگهێشتیان کرد بۆ قسەکردن. بە دەست ئاماژەی کرد تاکوو لە بەرامبەر گەلدا بەرگری لە خۆی بکات. 34بەڵام جەماوەرەکە دەیانزانی کە ئەو یەهودییە، پێکەوە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر یەک درووشمیان دەگوتەوە: «مەزنە ئارتمیس خوداوەندی ئەفەسۆس!»35ئینجا کاربەدەستێکی شار جەماوەرەکەی هێوركردهوه و گوتی: «ئەی خەڵکی ئەفەسۆس، كێ ههیه نهزانێت كه شاری ئەفەسۆس پاسهوانی پهرستگای ئارتمیسی مهزن و ئهو پهیكهرهیه كه له ئاسمانهوه هاتۆته خوارهوه؟ 36چونکە هیچ ناکۆکییەک لەم بابەتەدا نییە، پێویسته هێمن ببنهوه و بە پەلە هیچ مەکەن . 37ئهم دوو پیاوهی لێرە ئامادەن، نه دزییان لە پەرستگا کردووە، و نه كوفریان به خوداوەندەکەتان كردووه.38بەڵام ئەگەر دیمیتریۆس و هاوپیشەکانی سکاڵایان هەبێت، ئێمە دادگا و دادوەرمان هەیە. با سکاڵاکەیان پێشکەشی دادوەرەکان بکەن. 39ئەگەر سکاڵایەکی ترتان هەیە لە دانیشتنێکی یاساییدا تاوتوێ دەکرێت. 40بەڵام ئێستا هەموومان مەترسی ئەوەمان لەسەرە کە بە تۆمەتی ئاژاوەگێڕی دادگایی بکرێین، بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا، و هیچ بیانوویەکمان نییە بۆ ئەوەی پاساو بۆ ئەم کۆبوونەوەیە بهێنینەوە!» 41بەم قسەیە جەماوەرەکەی لە گۆڕەپانەکە دوورخستەوە.
1دوای کۆتایی هاتنی پشێوییەکە، پۆڵس قوتابییەکانی بانگهێشت کرد و هانیدان، پاشان ماڵئاوایی لێکردن و گەشتی کرد بۆ هەرێمی مەکەدۆنیا، 2لەوێ گەشتی دەکرد و لە هەموو شوێنێک بانگەشە و ئامۆژگاری دەکرد و هانی خوێندکارانی دەدا. لە کۆتاییدا گەیشتە یۆنان، 3سێ مانگ لەوێ بوو، لەکاتێکدا خۆی ئامادە دەکرد بە دەریادا بۆ سوریا گەشت بکات، زانی کە یەهودییەکان پیلانێکیان داڕشتووە بۆ کوشتنی. بۆیە بڕیاریدا بە ڕێگای مەکەدۆنیا بگەڕێتەوە.4لە گەشتەکەدا سۆپاتریس کوڕی پێرێس خەڵکی بێریا؛ ئەریستارخۆس و سێکۆندۆس لە تەسالۆنیکی؛ گایۆس و تیمۆساوس لە دێربی، و تیخیکۆس و ترۆفیمۆس لە هەرێمی ئاسیا هاوەڵی بوون. 5ئەمانە پێش ئێمە لەگەڵ پۆڵس ڕۆیشتن و لە ترۆئاس چاوەڕێمان بوون. 6دوای جەژنی فەتیرەی یەهودییەکان، لە فیلیپیەوە، بە دەریادا گەشتمان کرد، دوای پێنج ڕۆژ گەیشتینە ترۆئاس، پەیوەندیمان پێوە کردن، وحەوت رۆژ لەێ ماینەوە.7لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، کاتێک کۆببووینەوە بۆ شکاندنی نان، پۆڵس وتاری بۆ ئەوانە دا کۆببوونەوە. چونکە بە نیاز بوو ڕۆژی دواتر گەشت بکات، وتاری تا نیوەشەو درێژ کردەوە. 8کۆبوونەوەکەمان لە ژوورێکدا لە نهۆمی سەرەوە بوو، و چرایەکی زۆر لەوێ داگیرسێندرابوو.9گەنجێک بە ناوی ئەفیتیخۆس لە سەر پەنجەرەکە دانیشتبوو، و خەوێکی قووڵ دایگرتبوو، لە کاتێکدا پۆڵس بەردەوام بوو لە وتارە دوور و درێژەکەی، لە نهۆمی سێیەمەوە کەوتە خوارەوە و ، بە مردوویی هەڵگیرا. 10پاشان پۆڵس رۆیشتە خوارەوە و خۆی دا بە سەریا و باوەشی پێدا کرد و گوتی: «نیگەران مەبن! دەژی!»11دوای ئەوە پۆڵس سەرکەوتەوە و نانەکەی شکاند و خواردنی خوارد، پاش ئەوەی تا بەرەبەیان بەردەوام بوو لە قسەکانی، پاشان بە وشکانیدا ڕۆیشت (بۆ ئەسۆس). 12سەبارەت بە گەنجەکەش بە زیندووی هێنایان، و ئەوە دڵنەوایییەکی مەزن بوو بۆ ئەوان.13سەبارەت بە ئێمەش پێش پۆڵس بە دەریادا بەرەو ئەسۆس ڕۆیشتین، لەوێ چاوەڕێی هاتنی بووین بەپێی ئەو پلانەی کە داینابوو چونکە بە نیاز بوو به پێ بێت. 14کاتێک گەیشتنە ئێمە، سواری کەشتییەک بووین، و بە دەریادا بەرەو بەندەری میتیلین ڕۆیشتین.15بەردەوام بووین لە گەشتەکە و ڕۆژی دواتر گەیشتینە بەردەم دوورگەی خیۆس. لە ڕۆژی سێیەمدا لە نزیک دوورگەی سامۆس تێپەڕین، ڕۆژی چوارەم گەیشتینە میلیتۆس. 16پۆڵس بڕیاری دابوو بە دەریا بە ئەفەسۆسدا تێپەڕێت بۆ ئەوەی دوا نەکەوێت لە هەرێمی ئاسیا، دەویست تا بتوانێت بە خێرایی لە ڕۆژی پەنجاهەمین بگاتە یۆرشەلایم.17لە میلیتۆسەوە پۆڵس بانگهێشتی پیرانی کڵێسای کرد لە ئەفەسۆس. 18کاتێک هاتنە لای، پێی گوتن: «دەزانن بە درێژایی ئەو ماوەی کە لە نێوانتاندا بەسەرم برد، هەر لە یەکەم ڕۆژی هاتنم بۆ هەرێمی ئاسیا چۆن ڕەفتارم لەگەڵ ئێوەدا کردووە. 19من بە هەموو بێ فیزی، و بە فرمێسکێکی زۆرەوە، خزمەتم بە پەروەردگار کرد، من بەدەست ئەو تەنگانانەوە دەناڵێنم کە بە پیلانی یەهوودییەکان بەسەرمدا هاتووە. 20هەرگیز هیچم لهو شتانه پشت گوێ نەخستووە كه سوودبهخشن و پێم ڕاگهیاندوون، به ئاشكرا و ماڵه بە ماڵ فێرم كردوون. 21بۆیە داوام لە یەهودی و یۆنانییەکان کرد کە پاشگەز ببنە لە گوناهەکانیان و بەرەو لای خودا و باوەڕ بهێنن بە پەروەردگارمان یەشوا.22من ئەمڕۆ دەچمە یۆرشەلایم، بە پاڵنەری گیانەکە، نازانم لەوێ چی چاوەڕێم دەکات. 23بهڵام گیانە پیرۆزەکە له ههموو شارێک کە دەڕۆم پێم ڕادەگەیەنێت كه زیندان و تهنگانه چاوهڕێم دهكات. 24بەڵام ژیانی من هیچ بەهایەکی نیە، تا ئەو کاتەی هەوڵ دەدەم بۆ پێگەیشتووی ئامانجەکەم و تەواوکردنی ئەو خزمەتەی کە پەروەردگار یەشوا پێی سپاردووم: شایەتی دەدەم بە مزگێنی بەخششی خودا.25دەزانم لە ئەمڕۆ بە دواوە ڕووخساری من نابینن، ئێوە هەموو ئەوانەی کە من لە نێوانیاندا دەگەڕام و مزگێنی شانشینی خودام دەدا. 26بۆیە ئەمڕۆ شایەتیتان بۆ دەدەم کە لە خوێنی هەمووتان بێبەریم، 27چونکە خۆم لە گەیاندنی هەموو مەبەستەکانی خودا بە ئێوە بە دوور نەگرتووە.28كهواته ئاگاتان له خۆتان و له ههموو مێگهلهكه بێت، ئهوهی گیانە پیرۆزەکە وەک چاودێری دایناون بۆی، بۆ شوانی کڵێسای خودا کە بە خوێنی خۆی کڕیویەتیەوە. 29چونكه دهزانم پاش ڕۆیشتنم گورگی ڕفێنهر دێنه نێوتان، بهزهیی به مێگهلهكهدا نایهتهوه. 30بەڵکوو لهنێو خۆتاندا کەسانێک سەرهەڵدەدەن فێرکاری لاڕێتان فێر دەکەن، تاكو قوتابییهكان بهدوای خۆیاندا ڕابكێشن.31بۆیە وریا بن، و لەبیرتان بێت کە، بۆ ماوەی سێ ساڵ، شەو و ڕۆژ نەوەستام لە ئامۆژگاریکردنی هەریەکێکتان بە فرمێسکەوە. 32ئێستاش ڕادەستی خودا و وشەی بەخششە توانادارەکەیتان دەکەم بۆ ئەوەی بنیاتتان بنێت و میراتێکتان پێبدات بە هاوبەشی لەگەڵ سەرجەم پیرۆزکراوان بۆ خودا.33من هەرگیز ئارەزووی زیو و زێڕ و جل و بەرگی کەسم نەکردووە. 34دەزانن من بە دەستی خۆم کارم کردووە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆم و هاوەڵەکانم. 35بە ڕوونی نیشانم داون کە چۆن دەبێت کۆشش بکەین لە یارمەتیدانی نیازمەندان، وشەکانی پەروەردگار یەشوا، بە بیر بهێنینەوە، کاتێک فەرمووی: خۆشیەک کە لە بەخشیندایە زیاترە لەوەی کە لە وەرگرتندایە!»36دوای ئەم قسانە، پۆڵس لەگەڵ هەموویان چۆکی دادا و نزای کرد. 37هەمووان زۆر گریان، و پۆڵسیان لە باوەش گرت و بە گەرمی ماچیان کرد، 38زۆر دڵتەنگ بوون، بە تایبەت لەبەر ئەوەی پێی وتبوون کە جارێکی تر ڕووخساری نابیننەوە. پاشان لەگەڵیدا ڕۆیشتن بۆ لای کەشتییەکە و ماڵئاوایییان لێکرد.
1كاتێ لێیان جیابووینهوه، به دهریادا ڕێک بهرهو كووس ڕۆیشتین. ڕۆژی دواتر گەیشتینە دوورگەی ڕۆدس، لهوێشهوه بەرەو بەندەری پاترا، 2لهوێ كهشتییهكمان بینی دهچوو بەرەو فینیقیا، سواربووین و ڕۆیشتین.3دورگەی قوبرس لەبەردەممان دەرکەوت، بۆیە بەلای باکوری خۆماندا تێپەڕین، و بەردەوام بووین لە گەشتکردن بەرەو سوریا، گەیشتینە بەندەری سور و لەوێ دابەزین، چونکە کەشتییەکە بڕیار بوو بارەکەی لەوێ دابەزێنێت. 4لهوێ لەگەڵ قوتابییهكان قسەمان کرد، و حهوت ڕۆژ لە لایان ماینهوه، ئەوانیش بە سرووش لە گیانەکە، ئامۆژگاری پۆڵسیان دەکرد کە نەچێتە یۆرشەلایم.5بهڵام كاتێ ماوەی مانەوهمان کۆتایی پێهات لەوێ رۆیشتین بۆ تەواو کردنی گەشتەکەمان، ههموویان تاكو دهرهوهی شار به ژن و منداڵیانهوه لەگەڵمان هاتن و ماڵئاواییان لێکردین. له كهناری دەریاكه چۆكمان دادا و نزامان كرد، 6پاشان ماڵئاواییمان له یهكتری كرد، و سواری كهشتییهكه بووین، ئهوانیش گهڕانهوه ماڵهكانیان.7لە گەشتە دەریاییەکەمان لەسورەوە بەردەوام بووین بەرەو بۆتۆلمایس، لەوێ سڵاومان له برایان كرد و ڕۆژێک لهلایان ماینهوه. 8بۆ رۆژی دوایی رۆیشتین بۆ شاری کهیسهریه و میوانی ماڵی فیلیپۆسی مزگێنیدەر بوین، كه یهكێكه له حهوت بەڕێوەبەرەکە، 9ئهو چوار كچی پاكیزهی ههبوو کە پێشبینییان دهكرد.10چهند ڕۆژێک ماینهوه. لە کاتێکدا ئێمە لەوێ بووین، پێغەمبەرێک بە ناوی ئەگابوس لە ناوچەی یەهودیاوە هاتە لامان. 11پشتێنەکەی پۆڵسی وەرگرت، و خۆی و دەست و پێیەکانی پێ بەستەوە و گوتی: «گیانی پیرۆز دەڵێت بەم شێوەیە خاوەنی ئەم پشتێنە لەلایەن یەهودییەکانی یۆرشەلایمەوە دەبەسترێتەوە، و ڕادەستی بیانییەکان دەکرێت».12کاتێک ئەمەمان بیست هەموومان، ئێمەی هاوڕێکانی پۆڵس و باوەڕدارانی شارەکە، تکامان لە پۆڵس کرد کە نەچێتە یۆرشەلایم، 13بەڵام پێی گوتین: «بۆچی دەگرین و دڵم دەشکێنن؟ من ئامادەم نەک تەنها لە یۆرشەلایم کۆت وبەند بکرێم، بەڵکو لەپێناو ناوی پەروەردگار یەشوا بمرم!» 14کاتێک نەمانتوانی ڕازی بکەین بێدەنگ بووین و گوتمان: «با بە خواستی پەروەردگار بێ!»15دوای ماوەیەک خۆمان بۆ گەشت ئامادە کرد و بەرەو یۆرشەلایم بەڕێکەوتین. 16لەگەڵ هەندێک قوتابی خەڵکی کەیسەریە، ئێمەیان بردە ماڵی مەنەسۆنی قوبرسی کە قوتابییەکی کۆن بوو، ئێمەش بووینە میوانی ئەو.17كاتێ گهیشتینه یۆرشلایم، برایان به خۆشییهوه پێشوازییان لێكردین. 18لە ڕۆژی دواییدا پۆڵس لهگهڵمان هاته لای یاکۆڤ، ههموو پیرانیش کۆ ببوونەوە لەگەڵیان. 19پاشان پۆڵس سڵاوی لێکردن و دەستی کرد بە گێڕانەوەی یەک لە دوای یەک هەموو ئەو شتانەی کە خودا لە ڕێگەی خزمەتەکەیەوە لەنێو نەتەوەکاندا کردوویەتی.20کاتێک هەواڵی ئەوانەیان بیست، خودایان شکۆمەند کرد، و پێیان گوت: براکەم دەبینیت ئەو یەهودییانەی باوەڕیان بە پەروەردگار هێناوە ژمارەیان هەزارانە، و بە پەرۆشەوەن بۆ تەوڕات، 21ئەوان بیستوویانە کە تۆ بانگهێشتی ئەو یەهودییانە دەکەیت کە لە نێو نەتەوەکاندا دەژین بۆ هەڵگەڕانەوە لە موشە، و ئامۆژگارییان دەکەیت کە منداڵەکانیان خەتەنە نەکەن و ئەو داب و نەریتانەی بە میرات ماوەتەوە پەیڕەوی نەکەن،22کەواتە چی بکەین، چونکە دەبێت بیستبێتیان کە هاتوویت؟ 23کەواتە ئەوەی پێت دەڵێین بیکە: ئێمە چوار پیاومان هەیە کە نەزریان لە سەرە، 24بیانبە بۆ پەرستگا و لەگەڵ خۆت پاکیان بکەوە، بەخشینی سەر تاشینەکەیان بدە، بۆ ئەوەی هەمووان بزانن ئەوەی لەبارەی تۆوە بیستوویانە ڕاست نییە، وە تۆش وەک ئەوان بە رێگای کارکردن بە تەوڕات رەفتار دەکەیت.25دهربارهی ئەو باوەڕدارانەی کە یەهودی نین ، نامەیەکمان بۆ ناردوون و رامانسپاردن تێدا خۆیان له خواردنی قوربانی پێشکەشکراو بە بتەکان، و خواردنی خوێن، و له خواردنی گۆشتی ئاژەڵی خنکێندراو، و له داوێنپیسی بپارێزن». 26وە بەو شێوەیەش بوو. بۆ رۆژی دوایی پۆڵس چوار پیاوهكەی برد؛ و لهگهڵیان خۆی پاک كردهوه، چووە ناو پەرستگاکە بۆ ئەوەی ئەو رۆژە تۆمار بکات کە تێیدا هەفتەی پاککردنەوە کۆتایی هات، تائەو پێشکەشکردنەی بەناوی هەر یەکێکیانەوە کە لەسەریانە بدرێت.27كاتێ خهریک بوو حهوت ڕۆژهكه تهواو بێت، یەهودییەکانی هەرێمی ئاسیا لهنێو پهرستگا پۆڵسیان بینی، ههموو كۆمهڵهكهیان ورووژاند، و دەست بەسەریان کرد، 28هاواریان دهكرد: «ئەی نەوەی یەسرائیل فریابكهون! ئهمه ئهو پیاوهیه كهبانگهێشتی خەڵک دەکات له ههموو شوێنێک دژ به گهل و تهوراتەکەمان و ئهم شوێنه، تهنانهت یۆنانیەکانی هێناوته پهرستگا و ئهم شوێنه پیرۆزەی گڵاو كرد!» 29چونكه ترۆپیمۆسی ئەفەسۆسییان له شارهكهدا لهگهڵی بینیبوو، وایانزانی پۆڵس لهگهڵ خۆی هێناویهتی بۆ پهرستگا.30ئینجا هەموو خەڵکی شارەکە شڵەژان، و هێرشیان کردە سەر پۆڵس و پەلکێشیان کرد بۆ دەرەوەی پەرستگاکە، لەوکاتەدا دەرگاکانیان داخست. 31لەکاتێکدا هەوڵی کوشتنیان دەدا فەرماندەی یەکەی ڕۆمییەکان بیستی کە لە هەموو یۆرشەلایم پشێوی دروست بووە.32دەستبەجێ کۆمەڵێک سەرباز و سەرپەلی برد و بەخێرایی ئامادە بوو. کاتێک یەهودییەکان فەرماندەو سەربازەکانییان بینی، وازیان لە هێرشکردنە سەر پۆڵس هێنا. 33فەرماندەکە چووە پێش و گرتی و فەرمانی بە سەربازەکانی کرد بە دوو زنجیر بیبەستنەوە، پرسیاری کرد: «ئەوە کێیە، و چی کردووە؟»34هەندێکیان بانگەوازیان بۆ شتێک دەکرد و هەندێکی تر بۆ شتێکی تر. کاتێک بەهۆی پشێوییەکە نەیتوانی ڕاستی بابەتەکە روون بکاتەوە، فەرمانی کرد پۆڵس ببرێتە سەربازگەکە. 35کاتێک گەیشتنە سەر پلیکانەکان، سەربازەکان ناچار بوون هەڵیبگرن بۆ ئەوەی لە توندوتیژیی جەماوەرەکە ڕزگاری بکەن. 36جەماوەرەکە بەدوایدا دەڕۆیشتن و هاواریان دەکرد: «لە سێدارەی بدەن!»37پێش ئەوەی پۆڵس بچێتە ناو سەربازگەکە، بە زمانی یۆنانی بە فەرماندەکەی گوت: «دەتوانم شتێکت پێ بڵێم؟» فەرماندەکە گوتی: تۆ بە زمانی یۆنانی قسە دەکەیت؟ 38تۆ پیاوه میسڕییهكه نیت ماوهیهک لهمهوبهر ئاژاوهیهكت نایهوه و به چوار ههزار بكوژهوه بهرهو بیابان هەڵات!»39پۆڵس گوتی: «من یەهودییەکی خەڵکی تەرسۆسم، کە شارێکی بەناوبانگی هەرێمی کیلیکیایە. تکات لێدەکەم ڕێگەم بدە لەگەڵ گەل قسە بکەم». 40فەرماندە مۆڵەتی پێدا. پۆڵس لەسەر پلیکانەکە وەستا، و بە دەستی ئاماژەی بە خەڵکەکە کرد. کاتێک بێدەنگی زاڵ بوو، دەستی کرد بە قسەکردن لەگەڵیان بە زمانی عیبری و گوتی:
1ئەی برایان و باوکان، ئێستا گوێ لە بەرگریکردنەکەم بگرن». 2کاتێک بیستیان بە زمانی عیبری قسەیان لەگەڵ دەکات، هێمنتر بوون، گوتی:3«من پیاوێکی یەهودیم، لە تەرسوس لەدایک بووم کە دەکەوێتە هەرێمی کیلیکیا، بەڵام لەم شارە گەورە بووم و لە لای گەمالئیلی پێغەمبەردا پەروەردە بووم بە تەواوەتی بە پێی تەوڕاتی باوباپیرانمان. منیش بە پەرۆشم بۆ بابەتەکانی خودا، وەک چۆن ئەمڕۆ هەمووتان بەپەرۆشن. 4بۆیە ئەم رێبازەم هەتا مردن چەوساندەوە، شوێنکەوتووانیم گرت لە پیاو و ژن، فڕێمدانە زیندانەکان. 5سەرۆک کاهین و ئەنجومەنی پیران شایەتحاڵی راستی قسەکانمن. نامەم لێ وەرگرتن بۆ براکانیان لە دیمەشق بۆ ئەوەی یارمەتیم بدەن بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی لەوێ بوون، تا بیانبەم بۆ یۆرشەلایم تا سزاکەیان وەربگرن.6کاتێک گەیشتمە نزیکی دیمەشق و کاتەکە نزیکەی نیوەڕۆ بوو، لەناکاو ڕووناکییەکی سەرسورهێنەر لە دەوروبەرمدا درەوشایەوە، 7کەوتمە سەر زەوی، و گوێم لە دەنگێک بوو پێی گوتم: شائۆل، شائۆل، بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟ 8وەڵامم دایەوە: تۆ کێیت ئەی گەورەم؟ پاشان گوتی: من یەشوای ناسیرەیم، کە تۆ ئەیچەوسێنیتەوە.9هاوڕێکانم ڕووناکییەکەیان بینی، بەڵام گوێیان لە دەنگەکەی قسەی لەگەڵم دەکرد نەبوو. 10بۆیە پرسیم: پەروەردگار چی بکەم؟ پاشان پەروەردگار وەڵامی دامەوە: هەستە و بڕۆ ناو دیمەشق، لەوێ پێت دەگوترێت کە دەبێت چی بکەیت. 11هاوڕێکانم دەستیان گرتم تا گەیاندیانم بە دیمەشق، چونکە بەهۆی چڕی ئەو ڕووناکییە درەوشاوەیە نەمدەتوانی ببینم.12لە دیمەشق پیاوێک هەبوو بە ناوی ئەنانیاس، خودا پەرەست بوو وەک تەوڕات داوای دەکات، هەموو یەهودییەکانی دیمەشق شایەتی باشیان لەسەر دەدا. 13هاتە لام و وەستا و گوتی: برام شائۆل، ببینە. دەستبەجێ بینینم بۆ گەڕایەوە، بەردەمی خۆمم دی،14پاشان گوتی: خودای باوباپیرانمان، پێشوەختە تۆی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی خواستی ئەو بزانی و ڕاستودروست بی و لە دەمی خۆیەوە دەنگی ببیسی. 15چونکە تۆ شایەتحاڵ دەبی بۆ ئەو، لەبەردەم هەموو خەڵکدا، بەو شتانەی کە بینیوتە و بیستووتە. 16ئێستا بۆ دوای دەخەی؟ هەستە، با لە ئاوهەڵکێشرێی و لە گوناهەکانت خۆت بشۆوە، بە ناوی پەروەردگارەوە بانگەواز بکە.17دوای ئەوە گەڕامەوە بۆ یۆرشەلایم. لە کاتێکدا لە پەرستگا نزام دەکرد لە هۆش خۆم چووم، 18پەروەردگارم بینی پێی فەرمووم: پەلە بکە و بە خێرایی یۆرشەلایم بەجێبهێڵە، چونکە خەڵکەکەی ڕەتیدەکەنەوە شایەتیم بۆ بدەن.19گوتم: ئەی پەروەردگار، ئەوان دەزانن کە من لە کنیشتەکاندا دەگەڕێم بۆ ئەوانەی باوەڕیان بە تۆ هەیە، تا زیندانیان بکەم و قامچیان لێبدەم. 20من ئامادە بووم کاتێک شایەتیدەرت ستیڤانۆس کوژرا، منیش بە کوشتنی ئەو ڕازی بووم، پاسەوانی جل و بەرگی بکوژەکانیم دەکرد. 21بەڵام پێی گوتم: من دەتنێرم بۆ دوور بۆ نەتەوەکان!»22جەماوەرەکەش بەردەام بوون لە گوێ گرتن تا ناوی نەتەوەکانی هێنا، ئینجا هاواریان کرد بۆ فەرماندەکە: «لهسهر ڕووی زهوی مهیهێڵه! چونكه ئهوه شایانی ژیان نییه!» 23پاشان هاواریان كرد و بەجلهكانیان تۆزیان بە هەوادا دەکرد. 24فهرماندهكه فهرمانی دا پۆڵس ببەنە ژوورەوە بۆ سهربازگهکە و بە زەبری قامچی لێی بكۆڵنهوه، تاكو بزانێت هۆکاری ئەو دروشمانەی لە دژی دەیدەن چیە.25كاتێ سەربازەکان بهستیانهوه تاكو به قامچی لێی بدهن پۆڵس به سهرپهلی سەدەکە كه لهوێ وهستا بوو گوتی: «ئایا رێگە پێدراوە بۆتان پێش دادگاییكردنی كهسێكی ڕۆمانی بهر قامچی بدهن؟» 26كاتێ سهرپهلهكه گوێی لێبوو، چووه لای فهرماندهكه، ههواڵی بابەتەکەی پێدا، و گوتی: «دەزانن ئەگەر لەم پیاوە بدەین بە چ پێشێلکارییەک تاوانبار دەکرێین؟ ئەو بە ڕەگەزنامە ڕۆمانییە!»27فهرماندهكهش بۆ خۆی هات بۆ لای پۆڵس و پێی گوت: «ئایا بەڕاستی تۆ ڕۆمانیت؟» وەڵامی دایەوە: «بهڵێ!» 28فهرماندهكه گوتی: «من پارەیەکی زۆرم دا بۆ بە دەستهێنانی رەگەزنامەی رۆمانی». پۆڵس گوتی: «بهڵام من به لەدایک بوون بە دەستم هێناوە!» 29ئەو سەربازانەی کە ڕاسپێردرابوون بە زەبری قامچی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکەن لێی دوورکەوتنەوە، و خودی فەرماندەکەش ترس دایگرت لە دەرئەنجامەکانی بەستنەوەی بە زنجیر، دوای ئەوەی دەرکەوت کە ڕۆمانیە.30بۆ ڕۆژی دواتر فەرماندەکە ویستی لە ڕاستی ئەو تۆمەتە بکۆڵێتەوە کە یەهودییەکان ئاراستەی پۆڵسیان کردبوو، کۆت و بەندەکانی کردەوە، و فەرمانی کرد هەموو سەرۆکەکانی کنیشتەکە و ئەندامانی ئەنجومەنی یەهودییەکان ئامادە بن، و پۆڵسی بانگ کرد ولە بەردەمیان وەستاندی.
1پۆڵس سەیری ئەنجومەنەکەی کرد و گوتی: «ئەی برایان، تاكو ئهمڕۆ به ویژدانێكی پاک بۆ خودا ژیاوم». 2ئەنانیای سەرۆک کاهین فهرمانی به یەکێک لەوانە دا كه لهلای ڕاوهستابوون تاكو به دهمیدا بكێشن. 3پۆڵس پێی گوت: «خودا لێت بدات، ئهی دیواری گۆڕستانی سپی! چۆن دانیشتووی بهگوێرهی تهورات بڕیار دهدهیت، كهچی پێچهوانهی تهورات فهرمانی لێدانم دهدهیت؟»4ئهوانهی لهلای ڕاوهستابوون گوتیان: «ئایا سووکایەتی به سەرۆکی کاهینی خودا دهکهیت؟» 5پۆڵس وەڵامی دایەوە: «ئەی برایان نهمدهزانی سەرۆک کاهینە چونكه لە پەرتووکەکەدا نووسراوه: به خراپه باسی سهركردهیهكی گهلهكهت مهكه!»6پۆڵس دهیزانی هەندێک لە ئەندامانی ئەنجومەنەکە سەر بە رێبازی سەدوکیمن، و هەندێکیان فەریسین، بانگی ئەنجومەنەکەی کرد: «ئەی برایان، من فەریسی كوڕی فەریسیم، ئێستا لە دادگادام چونکە باوەڕم وایە مردووەکان هیوای هەستانەوەیان هەیە!» 7ناكۆكی كهوته نێوان فەریسی و سەدوکیمەکانی ئەنجومەنەکە، ئامادە بووان دابهش بوون. 8چونكه سەدوکیمەکان نکۆلی لە ههستانهوه و فریشته و گیانەکان دەکەن، بهڵام فەریسییەکان دان به ههموو ئهمانهدا دهنێن.9هاوار بهرزبۆوه، ههندێک لە مامۆستایانی تەوڕات و لایەنگری فەریسییەکان، بە خرۆشەوە ناڕەزایەتییان دەربڕی و گوتیان: «تاوان لهم پیاوهدا نابینین، رەنگە گیانێک یان فریشتهیەکی خودا لهگهڵیدا دووابێت!» 10كاتێ ناكۆكییهكه پهرهی سهند، فهرماندهكه ترسا پۆڵس پارچه پارچە بكهن، فهرمانی به سهربازهكان دا دابهزن و لهنێوانیاندا و بیبهنهوه سهربازگه.11بۆ شهوی دوایی پهروهردگار بۆ پۆڵس دەرکەوت و فهرمووی: «ئازا بە، چونكه وهک له یۆرشەلایم شایەتیت بۆ دام، هەروەها دهبێ له ڕۆماش ئەوە بکەیت».12كاتێ رۆژ بۆوە هەندێک یەهودییوکان پیلانیان گێڕا، خواردن و خواردنەوەیان لەسەر خۆیان قەدەغە کرد تاکو ئەوکاتەی پۆڵۆس دهكوژن. 13ئهوانهی ئهم پیلانهیان داڕشت نزیکەی چل پیاو بوون.14چوونه لای سەرۆک كاهینان و پیران، گوتیان: «لە سەر خۆمان خواردن و خواردنەوەمان قەدەغە کردووە تاكو پۆڵس دهكوژین. 15داوا بکەن لە فەرماندە وەک ئەندامانی ئەنجومەن، کە پۆڵس ئامادە بکاتەوە بە بیانووی پێداچوونەوە بە بابەتەکەدا ، و ئێمە ئامادە دەبین پێش ئەوەی بگاتە ئەنجومەنەکە بیکوژین!»16بەڵام هەواڵی ئەم پیلانگێڕییە بە خوشکەزای پۆڵس گەیشت، بۆیە چووە سەربازگەکە و ئاگاداری کردەوە. 17ئینجا پۆڵس یەکێک لە سەرپەلەکانی بانگ کرد و داوای لێکرد خوشکەزاکەی بباتە لای فەرماندەکە تا بابەتێکی گرنگی پێ بڵێت.18بردییە لای فەرماندە و گوتی: «پۆڵسی زیندانی بانگی کردم و داوای لێکردم ئەم گەنجە بهێنم بۆلات، چونکە بابەتێکی گرنگی هەیە کە دەیەوێت پێت بڵێت». 19فەرماندە دەستی گەنجەکەی گرت، و بە تەنیا لەگەڵیدا ڕۆیشت، و لێی پرسی: «ئەو بابەتە چییە کە دەتەوێت ئاگادارم بکەیتەوە لێی؟»20گوتی: «یەهودییەکان پیلانێکیان لە دژی پۆڵس داڕشت، و داواتان لێدەکەن بیهێننە ئەنجومەنەکەیان، بە بیانووی ئەوەی بە بابەتەکدا بچنەوە، 21بۆیە داواکەیان ڕەتبکەوە، چونکە زیاتر لە چل کەسیان خواردن و خواردنەوەیان لە سەر خۆیان قەدەغە کردووەو بۆسەیان داناوە بۆ کوشتنی، ئێستاش ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوە، چاوەڕێی جێبەجێکردنی داواکاریەکەیانن!»22فهرماندهكه گهنجهكهی بهڕێكرد و ڕایسپارد: «به كهس نهڵێیت كه ئهمهت به من گوتووه!» 23ئینجا دووان له سهرپهلەکانی بانگ كرد، و فەرمانی پێکردن و گوتی: «دووسهد سهرباز ئامادە بکەن کاتژمێر نۆی شەو بچن بۆ کەیسەرییە لهگهڵ حهفتا سوار و دووسهد ڕم ههڵگر، 24چەند سوار کە پۆڵس هەڵگرن و به پارێزراوی بیگهیەننه لای فیلیکسی فهرمانڕهوا».25نامەیەکی بۆ فەرمانڕەوا نووسی وتێیدا گوتی: 26«لە کلۆدیۆس لیسیاسەوە بۆ جەنابی فەرمانڕەوا فیلیکس: سڵاو! 27ئەم پیاوە لەلایەن یەهودییەکانەوە دەستگیرکرا و ویستیان بیکوژن. زانیم هاووڵاتییەکی ڕۆمانییە، بۆیە لەگەڵ چەند سەربازێکدا بەپەلە گەیشتمە لای و ڕزگارم کرد.28دهمویست بزانم به چی تاوانباری دهكهن، بردمه بەردەم ئەنجومەنەکەیان، 29بۆم روون بۆوە لە سەر بابەتی تایبەت بە تهوراتهكهیان تاوانبار كراوه. هیچ تاوانێكم تیا نەدۆزییەوە كه شایانی مهرگ یان زیندانیکردن بێت. 30دواتر بۆم روون بۆوە یەهودییەکان پیلانێکیان بۆ کوشتنی داڕشتووە، خێرای بۆ لای تۆم نارد، فهرمانم به سكاڵاكاران كرد چییان لهسهری ههیه لهلای تۆ پێشکەشی بكهن».31بەم شێوەیە سەربازەکان شەوانە پۆڵسیان گواستەوە بۆ ئەنتیپاتریس، ئەو فەرمانانەی کە بۆیان دەرکرابوو جێبەجێیان کرد. 32سەر لە بەیانی گەڕانەوە بۆ سەربازگەکە، سوارەکانیان بەجێهێشت بۆ ئەوەی لەگەڵ پۆڵس بچنە کەیسەریە. 33لەوێ لەگەڵ نامەکەدا ڕادەستی فەرمانڕەوایان کرد.34فەرمانڕەوا نامەکەی خوێندەوە، و پرسیاری کرد کە پۆڵس سەر بە کام هەرێمە. کاتێک زانی خەڵکی کیلیکیایە 35پێی گوت: «کاتێک سکاڵاکەرەکان دێن، سەیری بابەتەکەت دەکەم». فەرمانی دا کە پۆڵس لە کۆشکی هیرۆد، دابنرێت لە ژێر چاودێریدا.
1دوای پێنج ڕۆژ شاندێک هاتنە کەیسەریە، پێکهاتبوو لە ئەنانیاس، سەرۆک کاهین، و هەندێک لە پیران، و پارێزەرێک بە ناوی تەرتولۆس، بۆ ئەوەی سکاڵاکەیان لە دژی پۆڵس بخەنە بەردەم فەرمانڕەوا. 2فەرمانڕەوا پۆڵسی بانگهێشت کرد، و تەرتولۆس دەستی کرد بە تۆمەتبارکردنی، و گوتی: « ئەو ئاشتی زۆرە و چاکسازییە کە بە بەخششی تۆ گەلەکەمان سوودی لێ دەبینن بەهۆی گرینگی پێدانی تۆوە بووە 3جەنابی فەرمانڕەوا فیلیکس ئێمە بە تەواوی، و لە هەموو شوێنێک، بە سوپاسێکی زۆرەوە پێشوازی لێدەکەین.4لەبەر ئەوەی نامەوێت ماندووت بکەم بە قسەکانم، هیوادارم ئەوەندە میهرەبان بی کە گوێ لە پێشکەشکردنی کورتی داواکارییەکەم بگری: 5ئێمە ئەم تۆمەتبارەمان بە وێرانکەرێک زانیوە، و ئاژاوەی لە نێوان هەموو یەهودییەکان لە سەرجەم وڵاتەکەدا دروست کردووە، و ئەو سەرکردایەتی رێبازی ناسری دەکات. 6کاتێک هەوڵیدەدا پەرستگاکەمان گڵاو بکات، ئێمە دەستگیرمان کرد و ویستمان بەپێی تەوڕاتەکەی خۆمان دادگایی بکەین.7بەڵام فەرماندە لیسیاس هات و بە زۆر لە دەستی ئێمەی دەرهێنا، 8پاشان فەرمانی بە سکاڵا کارەکان کرد داواکەیان بەرز بکەنەوە بۆ بەردەم تۆ. ئێستا دەتوانی دڵنیابی لە دروستی داواکارییەکەمان بە لێپرسینەوە لەسەر ئەم بابەتە!» 9ئەندامانی یەهودی شاندەکە پشتگیریان لە داواکاری پارێزەرەکە کرد و پشتراستیان کردەوە کە ئەوە ڕاستە.10فەرمانڕەوا ئاماژەی بە پۆڵس کرد بەرگری لە خۆی بکات، ئەویش وەڵامی دایەوەو گوتی: «دەزانم کە تۆ ساڵانێکی زۆرە فەرمانڕەوای کاروباری یەهودییەکانیت، بۆیە بە ئاسوودەییە بەرگری خۆم دەخەمە بەردەمت. 11دەتوانن بە خێرایی بزانن کە من دوانزە ڕۆژ زیاتر نیە کە گەیشتوومە یۆرشەلایم، بۆ پەرستش. 12یەک کەس لە یەهودییەکان هەرگیز نەیانبینیم کە لە پەرستگاکەدا لەگەڵ کەسدا مشت و مڕ بکەم نە لە پەرستگا و نە لە شەقامەکانی شارەکەدا ئاژاوە دروست بکەم. 13ئەمان ناتوانن ئەو کارانە بسەلمێنن کە منی پێ تۆمەتبار دەکەن.14بەڵام دان بەوەدا دەنێم کە من شوێن رێبازەکە دەکەوم، کە ئێوە پێی دەڵێن لاڕێ، من خودای باوباپیرانمان دەپەرستم، باوەڕم بە تەوڕات و هەموو ئەو شتانە هەیە کە لە پەرتووکی پێغەمبەراندا نووسراون، 15من هەمان هیوام بە خودا هەیە کە ئەم پیاوانە هەیانە: ئەو هەم چاکەکاران و هەم ناڕەواکان هەڵدەستێنێتەوە. 16بۆیە منیش خۆم ڕاهێنان دەکەم کە هەمیشە بە ویژدانێکی ڕوون لەبەردەم خودا و خەڵکدا بژیم.17دوای ئەوەی چەند ساڵێک لە یۆرشەلایم دوور کەوتمەوە، گەڕامەوە بۆ ئەوەی هەندێک بەخشین بۆ گەلەکەم بهێنم و پێشکەشکردن پێشکەش بکەم. 18لە کاتی ئەنجام دانی لە پەرستگە هەندێک یەهودی هەرێمی ئاسیا، لە پەرستگاکەدا منیان بینی کە خەریکی تەواوکردنی ڕێوڕەسمی پاککردنەوە بووم. نە قەرەباڵغی لە دەوروبەرم بوو و نە ئاژاوەگێڕیم کرد، 19ئەگەر بەڵگەیان لە دژی من هەبوایە، دەهاتنە بەردەمت و بەپێی پێویست سکاڵایان لەسەر من تۆمار دەکرد.20ئێستا، با بیری ئامادەبووان بهێنمەوە چ تاوانێكیان له مندا دۆزییهوه، كاتێ لهبهردهم ئەنجومەنەکە بۆ دادگاییکردنم ڕاوهستام، 21جگە لەوەی کاتێ لەبەردەمیان رامگەیاند گوتم: بە هۆی باوەڕم بە ههستانهوهی مردووانه ئهمڕۆ ئێوه بڕیارم لە سەر دهدهن».22فیلیکس لە نزیکەوە دەربارەی ڕێگاکە دەیزانی، بۆیە کاتێک گوێی لە بەرگریکردنی پۆڵس بوو دەرکردنی بڕیارەکەی دواخست، و بە شاندی سکاڵاکارەکەی گوت: «لەسەر داواکارییەکەتان بڕیار دەدەم کاتێک فەرماندە لیسیاس دەگاتە ئێرە». 23پاشان سەرپەلەکە فەرمانی دا کە پۆڵس بخرێتە ژێر چاودێرییەوە، بۆ ئەوەی هەندێک ئازادی هەبێت، و هاوڕێکانی ڕێگەیان پێبدرێت سەردانی بکەن وخزمەتەکەی ئەنجام بدات.24دوای چەند ڕۆژێک فیلیکس لەگەڵ هاوسەرەکەی دروسیلا هات، کە یەهودی بوو، پۆڵسی بانگ کرد و گوێی لە قسەکانی گرت دەربارەی باوەڕ بە مەسیحی یەشوا. 25کاتێک پۆڵس باسی ڕاستودروستی و دانبەخۆداگرتن و لێپرسینەوەی داهاتووی کرد فێلیکس ترسا، و بە پۆڵسی گوت: «ئێستا بڕۆ، کاتێک کاتم هەبوو جارێکیتر بانگت دەکەمەوە».26فێلیکس هیوای ئەوە بوو کە پۆڵس بڕێک پارەی پێبدات بۆ ئەوەی ئازادی بکات، بانگهێشتی دەکرد و زۆرجار قسەی لەگەڵدا دەکرد. 27دوو ساڵ تێپەڕی و پۆڵس لەم دۆخەدا مایەوە. لە کۆتاییدا پۆرخیۆس فێستۆس وەک فەرمانڕەوا دەستنیشان کرا بۆ ئەوەی شوێنی فیلیکس بگرێتەوە. فیلیکس ویستی ڕەزامەندی یەهودییەکان بەدەست بهێنێت پۆڵسی لە زیندان بەجێهێشت.
1سێ ڕۆژ دوای دەست بەکاربوونی لە پێگەی خۆی فێستۆس، لە کەیسەریەوە چوو بۆ یۆرشەلایم. 2پاشان سەرۆک کاهینەکە و کەسایەتییە گەورەکانی یەهود هاتنە لای و داواکارییان لە دژی پۆڵس پێشکەشی کرد و داوایان لێکرد 3هانیاندا بۆ ئەوەی ڕێزیان لێبگرێت بە هێنانی پۆڵس بۆ یۆرشەلایم. لە ڕێگادا بۆسەیان بۆ دانابوو بۆ کوشتنی.4فێستوس وەڵامی دایەوە کە پۆڵس لە کەیسەریە دەست بەسەر دەمێنێتەوە و خۆی دوای ماوەیەکی کورت دەگەڕێتەوە کەیسەریا. 5گوتی: «با کەسە ناودارەکانی ناو ئێوە لەگەڵمدا بێن؛ ئەگەر ئەم پیاوە هەر تاوانێکی لەسەرە، لەبەردەممدا تۆمەتباری بکەن!»6فێستوس هەشت یان دە ڕۆژ زیاتر لە یۆرشەلایم نەمایەوە، پاشان گەڕایەوە کەیسەریا. ڕۆژێک دوای گەیشتنی لەسەر کورسی دادوەرەی دانیشت، و فەرمانی دا پۆڵس بهێنرێت. 7کاتێک ئامادە بوو یەهودییەکان کە لە یۆرشەلایمەوە هاتبوون، لە دەوری کۆبوونەوە و چەندین تۆمەتی گەورەیان خستە سەر، کە نەیانتوانی بیسەلمێنن. 8پۆڵس بەرگری لە خۆی کرد و گوتی: «من هیچ تاوانێکم لە دژی تەوڕاتی یەهود و پەرستگا و قەیسەر ئەنجام نەداوە».9لەگەڵ ئەوەشدا فێستۆس ویستی ڕەزامەندی یەهودییەکان بەدەست بهێنێت، بۆیە لە پۆڵسی پرسی: «ئایا دەتەوێت بچیتە یۆرشەلایم، لەوێ بە ئامادە بوونی من دادگایی بکرێیت لە سەر ئەم تۆمەتانە؟» 10پۆڵس لە وەڵامدا گوتی: «ئێستا لە دادگای کەیسەریام، و لەبەردەمیدا دەبێ دادگایی بکرێم. من تاوانێکم بەرامبەر یەهودییەکان ئەنجام نەداوە، و ئێوەش زۆر باش ئەمە دەزانن.11ئەگەر تاوانێکم هەبووایە کە شایەنی سزای لەسێدارەدان بوومایە، لە مردن ڕزگارم نەدەبوو. بەڵام تا ئەو کاتەی تۆمەتەکانی ئەم کەسانە لە دژی من بێ بناغە بن، کەس مافی ئەوەی نییە من ڕادەستی ئەوان بکات بۆ ئەوەی بڕیارم لەسەر بدەن. من داوای پێداچوونەوە لە قەیسەر دەکەم!» 12فێستوس لەگەڵ ڕاوێژکارەکانی باسی ئەو بابەتەی کرد، پاشان بە پۆڵسی گوت: «مادام داوای پێداچوونەوە لە قەیسەر دەکەیت، دەچیتە لای قەیسەر!»13دوای چەند ڕۆژێک پاشا ئەگریپا و بێرنیخی هاتنە کەیسەریە بۆ ئەوەی سڵاو لە فێستۆس بکەن. 14بۆ چەندین ڕۆژ لەوێ مانەوە. فێستۆس بابەتی پۆڵسی خستە بەردەم پاشا و گوتی: «لێرە پیاوێک هەیە کە فیلیکس بە زیندانی بەجێی هێشتووە. 15کاتێک چوومە یۆرشەلایم سەرۆک کاهینەکان و پیرەکان، سکاڵایان لێکرد و داوایان دەکرد بڕیاری لەسەر دەربکرێت. 16بۆیە پێم گوتن لە داب و نەریتی ڕۆمانییەکاندا نییە کەسێک پێش ئەوەی ڕووبەڕووی تۆمەتبارەکانی ببێتەوە بڕیاری لەسەر دەرببڕن، بۆ ئەوەی دەرفەتی بەرگریکردن لە خۆی هەبێت.17کە هاتنە ئێرە ڕۆژی دواتر بەپەلە دانیشتنێکم ئەنجامدا بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکەم فەرمانم دا تۆمەتبارەکە بهێنرێت. 18کاتێک سکاڵاکارەکان رووبەڕووی بوونەوە، باسی یەک تاوانیان نەکرد وەک ئەوەی چاوەڕێم دەکرد پێی تۆمەتبار بکەن. 19بەڵکو لەگەڵیدا مشتومڕیان لەسەر بابەتەکانی تایبەت بە ئایینەکەیان و لەسەر پیاوێک بوو بە ناوی یەشوا کە مردووە، و پۆڵس دەڵێت کە لە ژیاندایە! 20بۆیە بەدواداچوونم بۆ بابەتەکە کرد، و پێشنیارم کرد کە تۆمەتبارەکە بچێتە یۆرشەلایم و لەوێ دادگایی بکرێت،21بەڵام داوای پێداچوونەوەی لە جەنابی قەیسەر کرد بۆ ئەوەی بە ئامادەبوونی ئەو دادگایی بکرێت، بۆیە فەرمانم دا چاودێری بکرێت تا ئەو کاتەی کە دەینێرم بۆ لای قەیسەر». 22پاشان ئەگریپا بە فێستۆسی گوت: «حەز ئەکەم بزانم ئەم پیاوە چی دەڵێت». وەڵامی داوە: «سبەی گوێت لێ دەبێت».23ڕۆژی دواتر ئەگریپا و بێرنیسی هاتن و بە ئاهەنگێکی گرانبەها پێشوازییان لێکرا، بە دەورەدانی فەرماندە سەربازییەکان و کەسایەتییە دیارەکانی شارەکە چوونە ناو هۆڵەکە، فێستوس فەرمانی دا پۆڵس بهێنرێت. 24کاتێک هێنایان، فێستۆس گوتی: «ئەی پاشا ئەگریپا، و هەموو ئەو گەورانەی لێرە ئامادەبوون: لەبەردەمتاندا ئەم پیاوە هەیە کە هەموو گەلی یەهود لە یۆرشەلایم سکاڵایان لێکرد و هاواریان دەکرد کە نابێت لە ژیاندا بمێنێتەوە25بۆم ڕوون بۆوە کە هیچ شتێکی نەکردووە کە شایستەی سزای لەسێدارەدان بێت. بەڵام داوای پێداچوونەوەی لە جەنابی قەیسەر کردووە، بۆیە بڕیارمدا بنێرم بۆ لای. 26بەڵام هیچ شتێکم نیە لێی دڵنیا بم کە بۆ جەنابی قەیسەر بنووسم. بۆیە ئەوم هێنایە بەردەم هەمووتان، و بە تایبەتی لەبەردەمت ئەی پاشا ئەگریپا، بۆ ئەوەی بە پشکنین لە بابەتەکە شتێک بدۆزمەوە کە لەسەری بنووسم. 27ژیرمەندانە نیە، وەک من دەیبینم، زیندانییەک بەبێ ئەوەی تۆمەتەکانی لەسەر دیاری بکرێت بنێردرێتە لای قەیسەر!»
1پاشان ئەگریپا بە پۆڵسی گوت: «ئێمە ڕێگەت پێدەدەین بەرگری لە خۆت بکەیت». پاشان پۆڵس بە دەستی ئاماژەی کرد، و دەستی کرد بە بەرگریکردن و گوتی: 2«ئەی پاشا ئەگریپا، خۆشحاڵم کە لەبەردەم تۆدا بەرگری لە خۆم بکەم، و هەموو ئەو شتانە پووچەڵ دەکەمەوە کە یەهودییەکان منی پێ تۆمەتبارم دەکەن، 3بە تایبەت لەبەر ئەوەی تۆ بە تەواوی ڕێوڕەسم و مشتومڕەکانیان دەزانیت. داواکارم بە سنگ فراوانییەوە گوێم لێ بگرە.4هەموو یەهودییەکان لە سەرەتاوە بنەچەی من دەزانن. من لە منداڵییەوە لە نێو گەلەکەمدا لە یۆرشەلایم ژیاوم. 5بەو پێیەی هەر لە سەرەتاوە منیان دەناسی، ئەگەر بیانویستایە شایەتی ئەوەیان دەدا کە من فەریسیم، واتە پەیڕەوی توندترین رێبازی ئایینەکەمان.6ئەمڕۆ دادگایی دەکرێم چونکە هیوام هەیە خودا ئەوەی بەڵێنی بە باوباپیرانمان دابوو جێبەجێی بکات. 7دوانزە هۆزی گەلەکەمان شەو و ڕۆژ بەردەوامن لە پەرستن و هیوای بەدیهاتنی. لە پێناو ئەم هیوایە، ئەی پاشا، یەهودییەکان تۆمەتبارم دەکەن. 8بۆ باوەڕ ناکەن خودا مردووەکان هەڵدەستێنێتەوە؟9وە باوەڕم وابوو کە دەبێت هەموو کۆششێک بکەم بۆ بەرەنگاربوونەوەی ناوی یەشوای ناسیرەیی. 10من کارم کرد بۆ جێبەجێکردنی پلانەکەم لە یۆرشەلایم بە ئەرکێکی تایبەت لەلایەن سەرۆک کاهینەکانەوە، ژمارەیەکی زۆر لە پیرۆزەکانم فڕێدایە زیندان. من دەنگی پەسەندکردنم دەدا کاتێک ئەنجومەن بڕیاری لەسێدارەدانیانی دەدا. 11زۆر جار لە کەنیشتەکاندا سزامان دەدان بۆ ئەوەی نەفرەت لە یەشوا بکەن. هێندە بە توندوتیژی دژی ئەوان بووم تەنانەت لە شارەکانی دەرەوەشدا ڕاوەدوویانم دەنا.12بە مۆڵەت و دەسەڵاتی سەرۆک کاهینەکانەوە بەرەو شاری دیمەشق ڕۆیشتم، 13پاشان ئەی پاشا، نیوەڕۆ لە ڕێگادا ڕووناکییەکم بینی، کە لە خۆر گەشاوەتر بوو بە دەوری خۆم و هاوەڵەکانمدا دەدرەوشایەوە. 14هەموومان کەوتینە سەر زەوی. گوێم لە دەنگێک بوو بە زمانی عیبری پێی گوتم: شائۆل، شائۆل، بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟15بۆیە پرسیم: تۆ کێیت ئەی گەورەم ؟ وەڵامی دایەوە: من یەشوام کە تۆدەیچەوسێیتەوە. 16هەستە و لەسەر پێیەکانت بوەستە، چونکە من بۆت دەرکەوتم کە تۆ دەستنیشان بکەم وەک خزمەتکار و شایەتحاڵی ئەم بینینەی کە ئێستا دەمبینیت، و ئەو بینینانەی کە دواییش دەیبینیت. 17وە من لەو گەل و نەتەوانە ڕزگارت دەکەم کە ئێستا دەتنێرم بۆیان، 18بۆ ئەوەی چاویان بکەیتەوە تا لە تاریکییەوە بگەڕێنەوە بۆ ڕووناکی، و لە دسەڵاتی شەیتانەوە بگەڕێنەوە بۆ لای خودا، بۆ ئەوەی لێخۆشبوونی گوناهه وەربگرن و بەشیان هەبێ لە نێو ئەوانەی کە بە باوەڕ بە من پیرۆز کراون.19لەو کاتەوە بەرەنگاری بینینی ئاسمانی نەبوومەوە، ئەی پاشا ئەگریپا. 20بۆیە سەرەتا مزگێنیم بە خەڵکی دیمەشق و پاشان گەلی یۆرشەلایم و هەموو ناوچەی یەهودیا، و پاشان بێگانەدا. بۆیە بانگەوازی هەمووانم کرد کە پاشگەز ببنەوە لە گوناهە و بگەڕێنەوە بۆ لای خودا، و کارێک بکەن کە شایەنی پاشگەز بوونەوەیە. 21بەهۆی مزگێنی منەوە یەهودییەکان منیان لە پەرستگاکەدا گرت و هەوڵیاندا بمکوژن.22بهڵام خودا تاكو ئهمڕۆ پاراستومی، بە یارمەتی ئەو لە بەردەم سادە و مەزنەکاندا وەستاوم وەک شایەتحاڵی ئەو من لەوە لانادەم کە موشە و پێغەمبەران پێشبینیان کردووە، 23کە مەسیح ئازار دەچێژێت و یەکەم کەس دەبێت لە مردن هەستێتەوە، و مزگێنی بە ڕووناکی بە گەلەکەمان و گەلانیتریش بدات».24هەر کە پۆڵس لە بەرگریکردندا گەیشتە ئەو ئاستە، فێستوس قسەکانی بڕی و بە دەنگێکی بەرز گوتی: تۆ شێتی پۆڵس! شارەزاییت لە زانستدا شێتی کردووی!» 25پۆڵس گوتی: «جەنابی فەرمانڕەوا فیستۆس من شێت نیم، چونکە قسەی ڕاستی و ڕاست دەڵێم. 26ئەو پاشایەی ئێستا بەڕاشکاوی قسەی لەگەڵ دەکەم ئەم بابەتانە دەزانێت کە باسی دەکەم، و دڵنیام هیچیان لێی شاراوە نین، چونکە لە گۆشەیەکی تاریکدا ڕوویان نەداوە!27ئەی پاشا ئەگریپا باوەڕت بە قسەی پێغەمبەران هەیە؟ دەزانم باوەڕت پێی هەیە!» 28ئەگریپا وەڵامی دایەوە: «دوای کەمێکیتر، ڕازیم دەکەیت کە ببمە مەسیحی!» 29پاشان پۆڵس گوتی: «کەمێک بێت یان زۆر، نزای من بۆ خودا لە پێناو تۆ و بۆ هەمووئامادەبوووان لێرە ئەوەیە وەک من ببن، بەڵام بێ ئەم زنجیرانە!»30دوای ئەوە پاشا و فەرمانڕەوا و بێرنیخی و ئەوانەی ئامادەبوون هەستان و 31هۆڵەکەیان بەجێهێشت، و بە یەکتریان گوت: «ئەم پیاوە هیچی نەکردووە کە شایەنی مردن یان زیندانی کردن بێت». 32ئینجا ئەگریپا بە فێستۆسی گوت: «ئەگەر ئەم پیاوە داوای پێداچوونەوەی لە قەیسەر نەکردبایە، لەوانەیە ئازاد بکرایە!»
1لە کۆتاییدا بڕیار درا کە لە دەریاوە گەشت بکەین بۆ ئیتاڵیا، بۆیە پۆڵس و هەندێک لە زیندانییەکانی دیکە لەلایەن سەرپەلێک بە ناوی جولیۆس کە سەر بە تیمی ئۆگستۆس بوو، پاسەوانییان لێدەکرا. 2بۆیە سواری کەشتییەک بووین کە لە ئەدرامیتەوە دەهات، بەرەو بەندەرەکانی هەرێمی ئاسیا دەڕۆیشت. ئاریستارخۆس لە شاری تەسالۆنیکی سەر بە هەرێمی مەکەدۆنیا لەگەڵمان بوو لە گەشتەکەدا.3ڕۆژی دواتر گەیشتینە سیدۆن. جولیۆس مامەڵەیەکی باشی لەگەڵ پۆڵسدا کرد و ڕێگەی پێدا سەردانی هاوڕێکانی بکات لە سیدۆن بۆ ئەوەی ئەو شتانەیان لێ وەربگرێت کە پێویستی بوو. 4لە بەندەری سیدۆنەوە بەڕێکەوتین، و بە درێژایی کەنارەکانی قوبرس گەشتمان کرد، چونکە با پێچەوانەی ئاراستەی گەشتەکەمان بوو. 5لە دەریای تەنیشت هەرێمی کیلیکیا و پامفیلیا پەڕینەوە، گەیشتینە بەندەری میرا لە هەرێمی لیکیا. 6لەوێ سەرپەلەکە کەشتییەکی بینی کە لە ئەسکەندەریەوە هاتبوو دەچوو بەرەو ئیتاڵیا، بۆیە ئێمەش سواربووین لەگەڵی.7کەشتییەکە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بە هێواشی دەڕۆیشت، ئێمەش دوای هەندێک هەوڵدان لە کەناری کنیدۆس نزیک بووینەوە، بەڵام با نەیهێشت بچینە ناو بەندەرەکەوە، بۆیە نەمانتوانی لەوێ دابەزین، بۆیە نزیک بووین لە کەناری دوورگەی کریت، لە نزیک سالمۆنی بەوێدا تێپەڕین. 8دوای هەندێک هەوڵ گەیشتینە شوێنێک بە ناوی بەندەری جوان نزیک شاری لەسائیا.9ماوەیەکی زۆرمان لەوێ بەسەر برد، تا هاوین تێپەڕی و چوونکە گەشتکردن بە دەریا مەترسیدار بوو، بەو پێیەی بەڕۆژوو بوونیش تێپەڕیبوو، بۆیە پۆڵس ئامۆژگاری دەریاوانانی کەشتییەکەی کرد 10وتی: «ئەی پیاوان، من ئێستا لە سەفەرەکەماندا مەترسی و زەرەرێکی مەزن دەبینم، نەک تەنها بۆ کەشتی و بارەکەی، بەڵکو بۆ ژیانی ئێمەش». 11بەڵام سەرپەلەکە مەیلی بەرەو قسەکانی کەشتیوان و خاوەنی کەشتییەکە بوو، نەک قسەکانی پۆڵس.12بەو پێیەی بەندەرەکە گونجاو نەبوو بۆ بەسەربردنی زستان، زۆربەی دەریاوانەکان بڕیاریان دا بەجێی بهێڵن، بەو هیوایەی بگەنە بەندەری فۆنیکس بۆ ئەوەی زستان لەوێ بەسەر بەرن، ئەم بەندەرە لە کریت ڕووی لە باشوور و باکووری ڕۆژئاوا بوو. 13بایەکی هێواش لە باشوورەوە هەڵیکرد، دەریاوانەکان پێیان وابوو پاڵیان دەنێت بەرەو فۆنیکس، بۆیە لەنگەریان بەرزکردەوە و بە کەشتی نزیک لە کەناری کریت تێپەڕین.14بەڵام بایەکی زریاناوی ناسراو بە بای باکووری ڕۆژهەڵات دوای ماوەیەکی کەم هەڵیکرد، 15پاڵی بە کەشتییەکەوە دەنا و نەیتوانی بەرگەی بایەکە بگرێت، بۆیە خۆمان دابەدەستەوە. و زریانەکە ئێمەی هەڵگرت 16بۆ شوێنێکی نزیک دوورگهیهکی بچوک بەناوی كلهودی، به ئاستەم توانیمان بەلەمەکانی ڕزگاربوون راگیر بکەین.17پاشان دەریاوانەکان بە خێرایی ڕێوشوێنی پێویستیان گرتەبەر، ناوەڕاستی کەشتیەکەیان بە گوریس توندتر کردەوە. لە ترسی ئەوەی نەکا بڕۆنە کەنارە لماوییەکان، چارۆکەو و گوریسەکانیان دابەزاند، و با دەستی کرد بە پاڵنانی کەشتییەکە. 18لە ڕۆژی دووەمدا زریانەکە لەسەرمان بەهێزتر بوو، بۆیە دەستیان کرد بە سووککردنی بارەکە.19لە ڕۆژی سێیەمدا بە دەستی خۆیان کەلوپەلی کەشتیەکەیان فڕێدا. 20ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زریانەکە بەهێز دەبوو، تا چەند ڕۆژێک خۆر و ئەستێرەکانمان نەبینی و هەموو هیوایەک بۆ مانەوە لەدەست چوو.21گەشتیارەکان بۆ ماوەیەکی زۆر خۆیان لە خواردن بەدوور گرتبوو، بۆیە پۆڵس هاتە لایان و گوتی: «ئەی پیاوان، دەبوو گوێ لە قسەکانم بگرن و لە کریتەوە رێ نەکەوتینایە، بۆیە تووشی ئەم مەترسی و زیانە بووین. 22بەڵام ئێستا داواتان لێدەکەم دڵنیابن، هیچ کامتان ژیانی خۆتان لەدەست نادەن. بەڵام تەنها کەشتییەکە لەناو دەچێت.23ئەم شەو فریشتەیەک بۆم دەرکەوت لەو خودایە کە من هی ئەوم و خزمەتی دەکەم، 24پێی فەرمووم: مەترسە پۆڵس! دەبێت لەبەردەم قەیسەردا دەربکەویت. خودای گەورە ژیانی هەموو ئەوانەی پێ بەخشیوی کە لەگەڵتدا سەفەر دەکەن! 25کەواتە دڵنیابن پیاوان چونکە باوەڕم بە خودا هەیە و ئەوەی پێی گوتم بەدی دێت. 26بەڵام دەبێت کەشتییەکە بگاتە یەکێک لە دوورگەکان».27لە ناوەڕاستی شەوی چواردەهەمدا، لە کاتێکدا باکان لە دەریای ئادریادا دەیانبردین بەرەو شوێنێک کە نەماندەزانی، دەریاوانەکان پێیان وابوو لە وشکانی نزیک بوونەوە. 28بۆیە قووڵی ئاوەکەیان پێوانە کرد و بۆیان دەرکەوت کە بیست باڵایە. دوای کەمێک قووڵاییەکەیان پێوانە کرد و بۆیان دەرکەوت کە پانزە باڵایە. 29دەترسان کەشتییەکە بکەوێ بەسەر بەردەکاندا، بۆیە چوار لەنگەریان لە پشتەوەی کەشتییەکە دابەزاند و چاوەڕێی هاتنی بەیانی بوون.30كهشتیوانان ههوڵیان دا له كهشتییهكه ههڵبێن، بەلەمی ڕزگاربوونیان بۆ دهریا شۆڕكردهوه به بیانووی ئهوهی دهیانهوێ چهند لهنگهرێک دابخەن لە پێشەوەی کەشتیەکە. 31پۆڵس به سهرپهل و سهربازهكانی وت: «ئهگهر ئهمانه له كهشتییهكهدا نەمێنن ئێوهش ڕزگارتان نابێت». 32سهربازهكان گوریسی كهشتیهكهیان بڕی و وازیان لێهێنا بكهوێتە نا ئاوەکە.33کاتێ نزیک بوو ڕۆژ بێتەوە، پۆڵس تكای له ههمووان كرد نان بخۆن، گوتی: «ئهمه چواردە رۆژە و ئێوه چاوهڕوان و بهردهوامن بێ ئهوهی هیچ بخۆن. 34بۆیه تكاتان لێ دهكهم نان بخۆن، چونكه ئهمه بۆ ڕزگاربوونتانه. كهستان تاڵێكی سهری ناكهوێت». 35پاشان نانێكی ههڵگرت، و لهبهردهم ههمووان سوپاسی خودای كرد، ئینجا شکاندی و خواردی،36هەموویان تێر بوون و خواردیان. 37ژمارەی ئێمە لە کەشتییەکەدا دوو سەد و حەفتا و شەش کەس بوو. 38دوای ئەوەی تێر بوون گەنمەکەیان فڕێدایە ناو دەریاوە بۆ ئەوەی باری کەشتییەکە سووکتر بکەن.39كاتێ ڕۆژبووهوه، نەیاندەتوانی وشکانی و دەریا لێک جیابکەنەوە، بهڵام كهنداوێكیان بینی كهناری ههبوو، بڕیاریان دا ئەگەر بتوانن كهشتییهكه بهرهو ئهوێ ببهن. 40ئینجا لهنگهرهكانیان پساند و وازیان لێهێنا نوقم ببن، له ههمان كات گوریسی سهوڵهكانی ئاراستهكردنیان شل كرد و چارۆگهیان بۆ با ههڵكرد، و بهرهو كهنارهكه ڕۆیشتن. 41بەڵام کەشتییەکە گەیشتە شوێنێک کە ئاوی کەم بوو لە نێوان دوو تەنکە ئاو. بۆیە لەگەڵیدا تا کەنار ڕۆیشتن کە پێشی کەشتیەکە لە جووڵە کەوت، لە کاتێکدا پشتی کەشتییەکەی هەڵوەشایەوە بەهۆی توندوتیژی شەپۆلەکانەوە.42بڕیاری سهربازهكان ئهوهبوو كه بهندكراوان بكوژن نهوهک كهسیان مهله بكات و ههڵبێت. 43بهڵام سهرپهلهكه دهیویست پۆڵس ڕزگار بكات، بڕیارەکەیانی ڕاگرت، فهرمانی دا ئهوانهی دهتوانن مهله بكهن با یهكهمجار ئهوان خۆیان فڕێدهن و بگهنه وشكانی. 44ئهوانی دیكهش ههندێكیان به تهخته و ههندێكیان به پارچهكانی كهشتییهكه. ئیتر ههموو به سهلامهتی گهیشتنه وشكایی.
1دوای ئەوەی ڕزگارمان بوو زانیمان ئەو کەناراوەی کە گەیشتینە ئەوێ دوورگەی ماڵتایە. 2خەڵکی ئەو دوورگەیە بە میهرەبانییەکی زۆرەوە پێشوازییان لێکردین. کاتێک باران دەباری و کەش و هەوا سارد بوو، ئاگرێکیان بۆ داگیرساندین و پێشوازییان لێکردین.3پۆڵس دارەکانی کۆکردەوە و فڕێیدایە ناو ئاگرەکەوە ولەناکاو بەهۆی گەرما مارێکی ژەهراوی لە دارەکە هاتە دەرەوە و دای بە دەستیەوە . 4ئینجا خەڵکی ماڵتا مارەکەیان بینی کە بە دەستیەوە دابوو، بە یەکتریان گوت:« ئەم پیاوە دەبێ بکوژ بێت، چونکە دوای ئەوەی لە دەریا ڕزگاری بوو دادپەروەری نەیهێشت بژی».5بەڵام پۆڵس مارەکەی فڕێدایە ناو ئاگرەکەوە بەبێ ئەوەی زیانی پێ بگەیەنێت. 6چاوەڕێی ئەوە بوون جەستەی هەڵئاوسێت یان لەناکاو بمرێت. زۆر چاوەڕێیان کرد، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی پێ بگات، بۆیە بۆچوونیان لەبارەیەوە گۆڕی و گوتیان: «ئەو خودایە!»7لە نزیک کەنارەکە کە لەوێ دابەزین کێڵگەکانی فەرمانڕەوای دوورگەکە، پۆبلیۆس بوو، بانگهێشتی کردین و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ میوانداری کردین. 8باوکی پۆبلیۆس لە جێگادا بوو بەهۆی تا و سکچوونی توندەوە نەخۆش بوو. پاشان پۆڵس سەردانی کرد و نزای کرد و دەستەکانی لەسەر دانا، چاکی کردەوە. 9پاشان هەموو نەخۆشەکانی دیکەی ئەو دوورگەیەش هاتن و چاکبوونەوە. 10چەندین دیارییان پێداین، لە کاتی ڕۆشتندا ئەو شتانەیان بۆ دابین کردین کە پێویستمان بوو بۆ گەشتەکەمان.11دوای سێ مانگ لە ئەسکەندەریەوە بە کەشتییەکەوە بەڕێکەوتین، وێنەی دووانە (واتە دوانە)مان پێبوو، کە زستانی لە ماڵتا بەسەر بردبوو. 12کاتێک گەیشتینە شاری سیراکیوز سێ ڕۆژ لەوێ بووین،13پاشان بە کەشتی ڕۆیشتین و بە پێ لە کەنارەکەوە تا گەیشتینە شاری ریگیۆن. ڕۆژی دواتر بای باشوور هەڵیکرد و بە دوو ڕۆژ گەیشتینە شاری پوتیۆلی. 14لەوێ هەندێک برامان دۆزیەوە، داوایان لێکردین حەوت ڕۆژ لەگەڵیان بەسەر بەرین. و بەم شێوەیە گەیشتینە ڕۆما. 15کاتێک براکان هەواڵی هاتنی ئێمەیان بیست، هاتنە دەرەوە بۆ گۆڕەپانی ئەپیۆس و لە سێ میوانخانەکەدا پێشوازیان لێکردین. کاتێک پۆڵس ئەوانی بینی سوپاسی خودای کرد و هانی دان.16کاتێک چووینە ناو ڕۆما سەرپەلەکە ڕێگەی بە پۆڵس دا لە ماڵێکی تایبەتدا بمێنێتەوە ولەگەڵ سەربازێک کە پاسەوانی دەکرد. پۆڵس لە ڕۆما لە ژێر چاودێریدا وتاری دەدا 17دوای سێ ڕۆژ پۆڵس بانگەوازی بۆ کەسایەتییە دیارەکانی یەهودیەکان کرد و پێی گوتن: «ئەی برایان،هەرچەندە هیچ شتێکی خراپم لە گەڵ گەل، و ڕێوڕەسمی باوباپیرانمان نەکردووە، بەڵام لە یۆرشەلایم زیندانیکرام و ڕادەستی ڕۆمانییەکان کرام، 18لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کردم و دەیانویست ئازادم بکەن، چونکە هیچ شتێک نەبوو بەوەی شایستەی لە سێدارەدان بم.19بەڵام یەهودییەکان ناڕەزایەتیان دەربڕی، بۆیە ناچار بووم داوای پێداچوونەوە لە قەیسەر بکەم. ئەمە بەو مانایە نییە کە من گلەیی لە هاونیشتمانیانم دەکەم. 20هەر بۆیە داوام کرد بتابینم و قسەتان لەگەڵ بکەم؛ چونکە من بەم زنجیرە بەستراومەتەوە لە پێناو هیوای یەسرائیل».21گوتیان: «لە یەهودیاوە هیچ پەیامێکمان لەبارەی ئێوەوە پێنەگەیشتووە، هیچ نێردراوێک لە برایانمانەوە نەهات هیچ شتێکمان پێ بڵێت، یان گلەیی لە تۆ بکات. 22بەڵام ئێمە بە گونجاوی دەزانین بۆچوونی تۆ ببیستن، چونکە دەزانین کە خەڵک لە هەموو شوێنێک دژایەتی ئەم رێبازە دەکەن!»23بۆیە کاتێکیان بۆ کۆبوونەوەیەکی داهاتوو دیاری کرد، کە تێیدا لەگەڵ زۆر کەس هاتنە ماڵی پۆڵس. بۆیە لە بەیانییەوە تا ئێوارە شایەتی بۆ دەدان، بابەتەکانی شانشینی خودای بۆ ڕوون دەکردنەوە و هەوڵی دەدا بابەتەکانی تایبەت بە یەشوایان پێ بسەلمێنێت بە پشت بەستن بە تەوڕاتی موشە و پەرتووکی پێغەمبەران. 24هەندێکیان بە قسەکانی بڕوایان دەکرد، و هەندێکیان بڕوایان نەدەکرد.25بۆیە لە نێوان خۆیاندا ناکۆک بوون، و ڕۆیشتن دوای ئەوەی پێی گوتن: «گیانی پیرۆزراستی دەکرد کاتێک لە ڕێگەی ئیشایا پێغەمبەرەوە بە باوباپیرانتانی گوت: 26بڕۆنە لای ئەم گەلە و پێیان بڵێن: دەبیستن بەڵام تێناگەن! وە دەڕوانن، بەڵام نایبینن!27چونكه دڵی ئهم گهله ڕهق بووه، گوێیان گران بووه، چاویان نوقاندووه، نهوهک به چاویان ببینن وبه گوێیان ببیستن، به دڵیان تێبگهن و بگهڕێنهوه، منیش چاكیان بكهمهوه!»28پۆڵس لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: «کەواتە بزانن کە خودا ئەم ڕزگاربوونەی خۆی بۆ گەلانی دیکە ناردووە، ئەوانیش گوێی لێدەگرن!» 29کاتێک ئەم قسانەی گوت، یەهودییەکان ڕۆیشتنە دەر و بە توندوتیژی مشتومڕیان دەکرد.30پۆڵس دوو ساڵی تەواو لەو خانووەدا ژیا کە بەکرێی گرتبوو، پێشوازی لە هەموو ئەوانە دەکرد دەهاتن بۆ سەردانی ، 31مزگێنی بە شانشینی خودا دەدا، وبابەتەکانی تایبەت بە پەروەردگار یەشوای مەسیحی فێر دەکرد بە هەموو بوێرییەک و بەبێ بەربەست.
1لە پۆڵسەوە خزمەتکاری یەشوای مەسیح، نێردراو و بانگکراو و تەرخانکراو بۆ مزگێنی خودا، 2ئەو مزگێنییە خودا پێشتر بەڵێنی دابوو لە سەر زمانی پێغەمبەرەکانی لە نوسراوە پیرۆزەکاندا، 3ئەوە تایبەتە بە ڕۆڵەکەی ئەوەی لە نەوەی داڤید هات لەلایەنی جەستەییەوە؛4لە لایەنی گیانی پیرۆزییەوە، بەدەرکەوت کە ئەو ڕۆڵەی خودایە بەهێزی هەستانەوەکەی لەنێو مردووان. ئەو یەشوای مەسیحی پەروەردگارمانە 5کە بە ئەو و لە پێناوی ناوی ئەودا بەخشش و پەیاممان پێبەخشرا بۆ گوێڕایەڵی باوەڕ لە نێو هەموو گەلان، 6لە نێو ئەوانیشدا ئێوە بانگکراوی یەشوای مەسیحن.7بۆ هەموو خۆشەویستان و پیرۆزکراوانی خودا کە لە ڕۆمان. با بەخشش و ئاشتی لە خودای باوکمان و پەرەوەردگار یەشوای مەسیحەوە بۆ ئێوە بێت!8سەرەتا، بە یەشوای مەسیح سوپاسی خوداکەم دەکەم لەپێناو هەمووتان، لەبەر ئەوەی باوەڕتان لە هەموو جیهاندا باس دەکرێت. 9چونکە خودا ئەوەی بە گیانم خزمەتی دەکەم لە ڕاگەیاندنی مزگێنی ڕۆڵەکەی، ئەو شایەتمە کە چۆن ناوەستم لە یادکردنتان 10وە لە نزاکانمدا، هەمیشە دەپاڕێمەوە ڕەنگە ئێستا بتوانم بە خواستی خودا بۆ جارێکی دیکە بێمە لاتان.11چونکە بەپەرۆشم بتانبینم، تاکو بەرەکەتی گیانیتان بۆ بهێنم بۆ چەسپاندنتان، 12تاکو یەکتری هانبدەین بەو باوەڕە هاوبەشە، باوەڕتان و باوەڕم.13پاشان برایان، نامەوێ لیتان بشارمەوە ، زۆر جار ویستم بێمە لاتان، تاکو لەنێو ئێوەشدا بەرهەمم هەبێت، وەک لەنێو نەتەوەکانی دیکە، بەڵام تائێستا بەربەستم هاتۆتە پێش 14بەڵام من قەرزاری یۆنانی و دەشتەکیم، داناکان و نەزانەکان. 15لە بەرئەوە، لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی کە هەمە، زۆر بە پەرۆشم مزگێنی لەنێو ئێوەش بدەم ئێوەی خەڵکی ڕۆما.16شەرمم بە مزگێنی نیە، چونکە هێزی خودایە بۆ ڕزگاربوونی هەموو ئەوانەی باوەڕ دەهێنن، یەکەمجار بۆ یەهودیەکان پاشان بۆ یۆنانی. 17کە تێیدا ئەو ڕاستودروستیە ڕاگەریاندرا کە خودا لەسەر بناغەی باوەڕ دەیبەخشێت. ئەوەی بەرەو باوەڕ دەچێت، وەک نووسراوە: «ئەوەی بە باوەڕ بێتاوان دەبێت، بە باوەڕ دەژیێت».18تووڕەیی خودای لە ئاسمانەوە ڕاگەیاند لە سەر هەموو ئەو کارانەی کە خەلکی دەیکەن لە خراپەکاری و یاخیبونی ئەوانەی ڕاستی بە خراپە دادەپۆشن. 19ئەوەی لەبارەی خوداوە دەزانرێت لەلای ئەوان ڕوونە، لەبەر ئەوەی خودا بۆی دەرخستوون.20ئەوەی لەبارەی خوداوە نابینرێت، توانا و ئەزەلی و خودایەتییەکەیەتی، کە لە دروستکردنی جیهانەوە، بەڕوونی دیارە ژیرێتی پەیان پێدەبات لە ڕێگەی دروستکراوەکانیەوە. تائەوەی مرۆڤ بێ بیانو مایەوە. 21لەگەڵ ئەوەی کە خودایان ناسی، بەڵام شکۆمەندیان نەکرد وەک خودا، و سوپاسیان نەکرد بەڵکو گەمژانە بیریان کردەوە و لەبەر گێلایەتی دڵیان تاریکبوو.22وایان دادەنا کە دانان، بەڵام بوونە نەزان، 23شکۆمەندی خودای زیندوویان گۆڕیەوە بە پەیکەر و وێنەی مرۆڤی لەناوچوو و باڵندە و چوارپێ و خشۆک.24هەر لەبەر ئەوە خودا ڕادەستی کردن بە ، ئارەزووی دڵیان، بە گڵاوی، بۆ ئەوەی لە نێوان خۆیاندا سوکایەتی بە جەستەیان بکەن. 25ئەوان ڕاستی خودایان گۆڕییەوە بە شتی پوچ، و ترسیان لە بەدیهێنراوەکان هەبوو پەرستیانن لەجیاتی بەدیهێنەریان، ئەوەی بۆ هەتاهەتایە پیرۆزە. ئامین!26هەر لەبەر ئەم هۆکارەش خودا ڕادەستی ئارەزووە خراپەکانیانی کردن. مێینەکانیان بەکارهێنانی جەستەیان بە شێوازیکی سروشتی گۆڕی بۆ بەکارهێنانی شێوازێک کە پێچەوانەی سروشتیان بێت. 27هەروەها نێرینەکانیش هەڵگەڕانەوە وازیان لە جووتبونی سروشتی لەگەڵ مێینەکان هێنا، گڕیان گرت لە ئارەزوو بۆ یەکتری، پیاو لەگەڵ پیاو بەدڕەوشتی دەکرد، جا لە خۆیاندا شایەنی وەرگرتنی سزای دادپەروەرانە بوون لەسەر گومڕا بوونیان.28سەرەڕای ئەمەش نەیاندەویست لە ناسینی خودا بەردەوام بن، خودا ئەوانی دایە دەست هزرێکی لەکارکەوتوو کە توانای جیاکاری نیە، و بەرەو پیادەکردنی کاری نەشیاوی بردن.29پڕبوون لە هەموو ناڕەوایی و خراپە و چاوچنۆکی و بەدکارییەک، لە ئیرەیی و کوشتن و دژایەتی و فێڵبازی و زیان بەخشی. ئەوانە زۆر دەڵێن، 30بوختانکەرن، ڕقیان لە خودایە، شەڕفرۆشن، لووتبەرزن، خۆهەڵکێشن، پێشنیارکەرن بۆ خراپەکاری، گوێڕایەڵی دایک و باوکیان نین. 31تێگەیشتن لای ئەوان نیە و دڵسۆز نین، و بێ بەزەیین.32ئەوان دەزانن دادگەری خودا دادپەروەرانەیە : ئەوانەی ئەو کارانە ئەنجامدەن شایەنی مردنن؛ لەگەڵ ئەوەشدا، دڵخۆشن بەوەی ئەنجامیان داوە.
1کەواتە، هیچ بیانوێکت نییە ئەی ئەو مرۆڤەی کە خەڵکی تاوانباردەکەی، ئینجا هەریەکێک بێت. خۆت تاوانباردەکەیت: چونکە تۆ بڕیار لەسەر هەمان ئەوکارانە دەدەیت کە خۆت دەیان کەیت. 2بەڵام ئێمە دەزانین بڕیاری خودا ڕاستە، لەسەر ئەوانەی ئەم جۆرە کارانە دەکەن، ئەوە بە گوێرەی ڕاستیەکەیە.3ئەی ئەو مرۆڤەی ئەوانە تاوانباردەکەیت کە ئەو جۆرە کارانە دەکەن خۆشت هەمان ئەو کارانە دەکەیت، پێت وایە لە لێپرسینەوەی خودا ڕزگارت دەبێت؟ 4یان سووکایەتی بە پشودرێژی و دەوڵەمەندی و میهرەبانی و ئارامی و خۆڕاگرییەکەی دەکەیت و نازانیت بەزەیی خودا هانت دەدات بۆ پاشگەزبوونەوە لە گوناهە کردن؟5بەڵام تۆ بەهۆی دڵڕەقیت و پاشگەزنەبوونەوەت، توڕەیی بۆ خۆت هەڵدەگریت بۆ ڕۆژی تووڕەیی، کە لەو ڕۆژەدا لێپرسینەوەی دادپەروەرانەی خودا ڕادەگەیەنرێت. 6چونکە هەریەکێک بەگوێرەی کارەکانیان پاداشت دەداتەوە. 7ژیانی هەتاهەتایی بۆ ئەوانەیە کە بەدوای شکۆمەندی و ڕێز و نەمریدا دەگەڕێن لە سەر کاری چاکە بەردەوام دەبن؛8وە تووڕەیی و ڕق بۆ ئەوانە دەبێت کە ڕەتیدەکەنەوە گوێڕایەڵی ڕاستی بن بەڵکو ملکەچی خراپەکاری دەبن. 9بەڵام ناخۆشی و تەنگانە لەسەر دەروونی هەموو مرۆڤێکە کە خراپەکاری دەکات، یەکەم یەهودیەکان پاشان یۆنانیەکان؛10شکۆمەندی و ڕێز و ئاشتی بۆ هەموو ئەوانەیە کەچاکە دەکەن یەکەم جار بۆ یەهودیەکان، پاشان بۆ یۆنانیەکان. 11چونکە خودا لایەنگری ناکات. 12هەموو ئەوانەی کە تەوڕاتیان نیە و گوناهە دەکەن، هەر بە تەوڕات لەناودەچن؛ هەموو ئەوانەش کە لەژێر دەسەڵاتی تەوڕاتدان گوناهە دەکەن، بە تەوڕات تاوانبار دەکرێن.13چونکە ئەوانەی تەوڕات دەبیستن لەبەردەم خودا بێتاوان نین؛ بەڵکو ئەوانە بێتاوان دەکرێن کە کار بەتەوڕات دەکەن. 14کەواتە نەتەوەکان کە تەوڕاتیان نیە، کاتێک بە شێوەیەکی سروشتی ئەوەی لە تەوڕاتدا هەیە پەیڕەوی دەکەن، تەوڕاتێکن بۆخۆیان، لەگەڵ ئەوەشدا کە تەوڕات هی ئەوان نییە.15ئەوانە کڕۆکی ئەو تەوڕاتە پیشان دەدەن کە لە دڵیاندا نووسراوە، ویژدان و بیرکردنەوەکانیان لەناخیاندا شایەتی ئەوەن، هەندێک جار تۆمەتباریان دەکات، هەندێک جاریش بێ تاوانیان دەکات. 16لەو ڕۆژەدا کە خودا بەگوێرەی مزگێنی من، لەسەر دەستی یەشوای مەسیح، بڕیار لەسەر نهێنییەکانی خەڵک دەدات.17بەڵام، تۆ ئەوەی خۆت بە یەهودی ناودەبەیت؛ پشت بەتەوڕات دەبەستیت؛ وە شانازی بە خوداوە دەکەیت؛ 18بە گوێرەی ئەوەی لە تەورات فێربوویت ئەوە جیابکەرەوە کە باشترینە، 19وە متمانەت بەخۆت هەیە کە تۆ ڕێبەری نابیناکان و ڕووناکیت بۆ ئەوانەی لە تاریکیدان، 20و سەرکۆنەکەری نەزانانەکانی، و مامۆستای منداڵانیت؛ تۆ لە تەوراتدا وێنەی زانیاری و ڕاستیەکەت هەیە؛21کەواتە تۆ، ئەی ئەوەی خەڵکی فێر دەکەیت، بۆ خۆت فێر ناکەیت؟ تۆ کە ئامۆژگاری دەکەیت دزی مەکەن، خۆت دزی ناکەیت؟ 22تۆ کە دەڵێی داوێنپیسی مەکەن، خۆت داوێنپیسی ناکەیت؟ تۆ کە بتەکان ڕەتدەکەیتەوە، پەرستگاکان تاڵان ناکەیت23تۆ ئەوەی کە شانازی بە تەوراتەوە دەکەیت، ئایا بە سەرپێچیکردنی تەوڕات سووکایەتی بە خودا ناکەیت؟ 24چونکە «بە هۆی ئێوە لەناو نەتەوەکاندا کوفر بە ناوی خودا دەکرێت» هەروەک وەک نووسراوە.25خەتەنەکردن ئەوکاتە سوودی دەبێت کە کار بە تەوڕات بکەیت. بەڵام ئەگەر سەرپێچی تەوڕاتت کرد، خەتەنەکردنت وەکو ئەوەیە کە خەتەنە نەکرابیت. 26ئەگەر، خەتەنە نەکراوێک کار بە تەوڕات بکات، ئایا خەتەنە نەکراوییەکەی بە خەتەنەکراوی بۆ هەژمار ناکرێت؟ 27ئەوەی کە بە سروشت خەتەنە نەکراوە، بەڵام تەوڕات پەیڕەو دەکات، تۆ تاوانبار دەکات کە پێچەوانەی تەوڕاتیت و لە کاتێکدا پەرتووک و خەتەنە کردنت هەیە.28ئەوەی بە ڕواڵەت یەهودی بێت ئەوە یەهودی نیە، ئەوەی بە رواڵەت بە گۆشت خەتەنە کراوە بە خەتەنەکراوی هەژمار ناکرێت. 29بەڵکو یەهودی ئەویە لەناخەوە یەهودی بێت، خەتەنەکردن ئەوەیە کە بە دڵ و بە گیان خەتەنە کرابێت نەک بە پیت. ئەوە لەلایەن خەڵکەوە ستایشی بۆنایەت بەڵکو لە خوداوە!
1کەواتە، یەهودیەکان چییان زیاترە؟ یاخود سوودی خەتەنە کردن چییە؟ 2لە هەموو لایەکەوە زۆرن، گرنگترینیان ئەوەیە کە وتەکانی خودا بەئەمانەت خراوەتە نێوان دەستیان.3کەواتە چی ڕوودەدات؟ ئەگەر هەندێکیان ناپاکییان لە ئەمانەتەکە کرد، ئایا ناپاکییان دڵسۆزی خودا پوچەڵ دەکاتەوە؟ 4نەخێر! بەڵام تا خودا ڕاستگۆبێت و هەموو مرۆڤێک درۆزن، هەروەک چۆن نووسراوە: «ئەی خودایە، تاکو لە قسەکانت ڕاست بیت و سەرکەوتوو بیت کاتێک بڕیاردەدەیت».5بەڵام ئەگەر ناڕەوایی ئێمە ڕاستودروستی خودا دەربخات، چی بڵێین؟ ئایا خودا نادادپەروەرە ئەگەر توڕەییەکەی دابەزێنێتە سەرمان؟ من لێرە بە تێڕوانینی مرۆڤ قسە دەکەم: 6هەرگیز! ئەگینا، خودا چۆن جیهان تاوانبار دەکات؟7بەڵام، ئەگەر درۆکانم ڕاستی خودا زیاتر دەربخات بۆ شکۆمەندی ئەو، ئیتر بۆچی تاوانبارم دەکەن وەک گوناهبارێک؟ 8ئایا ئەوە بوختان نیە بۆمان دەکەن وەک چۆن درۆمان بە دەمەوە دەکرێت و گوایە ئێمە وامان گوتوە: «با خراپە بکەین تا چاکەی بەدواوە بێت؟». ئەوانە تاوانبارکرنیان دادپەروەرانەیە.9کەواتە چی؟ ئایا ئێمەی یەهودی باشترین؟ نەخێر بە هیچ شێوەیەک! ئێمە لە ڕابردوودا یەهودیەکان و یۆنانیەکانمان بەوە تاوانبار دەکرد کە هەموویان لە ژێر دەسەڵاتی گوناهەدان، 10وەک ئەوەی نووسراوە: «هیچ یەکێک ڕاستودروست نییە، تەنانەت یەکێکیش. کەس لەوە ناگات.11یەکێک نییە بە دوای خودادا بگەڕێت. 12هەموو خەڵک گومڕابوون، هەموویان بێسود بوون. یەکێک نییە چاکە بکات، تەنانەت یەکێکیش.13قوڕگیان گۆڕی کراوەیە؛ زمانیان ئامرازی فێڵکردنە؛ لێوەکانیان ژەهری مارە کوشندەکان دەشارنەوە؛ 14دەمیان پڕە لە نەفرەتی و تاڵی،15پێیان خێرایە بۆ خوێنڕشتن؛ 16وێرانەیی و نەهامەتی لە ڕێگایاندایە؛ 17بەلام ڕێگای ئاشتیان نەدەزانی؛ 18وە ترس لە خودا لەبەر چاو ناگرن».19ئێمە دەزانین کە هەرچی تەوڕات دەیڵێت ئاراستەی ئەوانە کراوە کە لەژێر دەسەڵاتی تەوڕاتن، بۆ ئەوەی هەموو دەمێک دابخرێت و هەموو جیهان بکەوێتە ژێر لێپرسینەوی خوداوە. 20چونکە هیچ مرۆڤێک لەبەردەمیدا بەو کارانەی کە تەوڕات داوای دەکات بێتاوان نابێت. چونکە تەوڕات بۆ دەرخستنی گوناهەیە.21بەڵام ئێستا، ئەو ڕاستودروستییەی ڕاگەیاند کە خودا دەیبەخشێت، جیا لە تەوڕات، و شایەتی بۆدراوە لە تەوڕات و پێغەمبەرانەوە، 22ئەو ڕاستودروستیە خودا دەیبەخشێت لەسەر بناغەی باوەڕە بە یەشوای مەسیح بۆ هەموو ئەوانەی باوەڕ دەهێنن. بەبێ جیاوازی،23لەبەر ئەوەی هەمووان گوناهیان کرد دەستەوەستان بون لە گەیشتن بەوەی خودا شکۆمەند بکەن. 24ئەوان بەخۆڕایی بێتاوان کران، بە قوربانیەکەی یەشوای مەسیح.25ئەو قوربانییەی خودا پێشکەشی کرد، لە ڕێگەی باوەڕەوە، بە خوێنی خۆی. 26تاکو سەر ڕاستی خودا بە دەرکەوێت کاتێک بە لێبوردەییە خوداییەکەی چاوپۆشی لەو گوناهانە کرد کە لە ڕابردودا ڕوویان دابوو، تاکو لە سەردەمی ئێستادا سەر ڕاستیەکەی بەدەرکەوێت: بۆیە بەدەرکەوت کە سەرڕاستە، ئەوانەش بێتاوان دەکرێن کە باوەڕ بە یەشوا دێنن.27کەواتە، کوا شانازیەکە؟ پووچەڵ کراوەتەوە! وە لەسەر چ بناغەیەک؟ لەسەر بناغەی کردار؟ نەخێر، بەڵکو لەسەر بناغەی باوەڕ، 28چونکە گەیشتوینە ئەو ئەنجامەی کە مرۆڤ بە باوەڕ بێتاوان دەبێت، دوور لەو کارانەی کە لە تەوڕات داواکراون.29ئایا خودا تەنها خودای یەهودیەکانە؟ ئایا خودای نەتەوەکانیش نییە؟ بەڵێ، ئەو خودای نەتەوەکانیشە، 30لەبەر ئەوەی خودا یەکە خەتەنە کراو و خەتەنە نەکراو لەسەر بناغەی باوەڕ بێتاوان دەکات.31کەواتە، ئایا ئێمە بە باوەڕ تەوڕات پووچەڵ دەکەینەوە؟ دوور بێت لێمان، بەڵکو ئێمە بەو تەوڕات پشتراست دەکەینەوە.
1ئێستا، چی بڵێین دەربارەی ئەڤراهام کە بە پێی جەستە باوکمانە؟ چی دۆزرایەوە؟ 2ئەگەر ئەڤراهام لەسەر بناغەی کارەکانی بێتاون بوایە، ئەوا مافی خۆی بوو شانازی بکات، بەڵام نەک لەبەردەمی خودا. 3چونکە پەرتوک چی دەڵێت؟ «ئەڤراهام باوەڕی بە خودا هێنا ئەوەشی بە ڕاستودروستی بۆ دانرا».4ئەوەی کار دەکات، کرێیەکەی بە بەخشش بۆ هەژمار ناکرێت، بەڵکو ئەوە مافی خۆیەتی. بەڵام ئەوەی کار ناکات 5بەڵکو باوەڕی بە ئەو هەیە کە تاوانبار بێتاوان دەکات، باوەڕەکەی بە ڕاستودروستی بۆ هەژماردرکرێت.6هەروەک چۆن داڤید خۆزگە دەخوازێت بەو مرۆڤەی کە خودا بەبێ کردار بە ڕاستودروست هەژماری دەکات، کە دەڵێت: 7«خۆزگە دەخوازرێت بە ئەوانەی گوناهەکانیان بەخشراوە. 8خۆزگەدەخوازرێت بەو پیاوەی پەروەردگار گوناهەکانی هەژمارناکات!»9ئایا ئەو خۆزگە خواستنە تەنها بۆ ئەوانەیە کە خەتەنە کراون، یان بۆ ئەوانەشەکە خەتەنە نەکراون بەهەمان شێوە؟ ئێمە دەڵێین ئەڤراهام بەباوەڕ بێتاوانکرا. 10ئەوەی لە چی کاتێکدا بۆ هەژمار کرا؟ دوای خەتەنەکردن یان پێش خەتەنەکردن؟11پاشان ئەڤراهام نیشانەی خەتەنەکردنی وەرگرت، مۆر درا لە ڕاستودروستیەکەی کە بە باوەڕ بەدەستی هێنابوو لەو کاتەی خەتەنە نەکرابوو، تاکو ببێتە باوکی هەموو ئەو خەتەنە نەکراوانەش کە باوەڕیان هێناوە بە ڕاستودروستی بۆیان هەژمارکراوە، 12وە باوکی ئەو خەتەنەکراوانەش کە پێشتر خەتەنە نەکرابوون، بەڵکو بە شوێن پێی ئەو باوەڕەدا بڕۆن کە ئەڤراهامی باوکمان هەیبوو لەو کاتەی هێشتا خەتەنە نەکرابوو.13جا ئەو بەڵێنەی بە ئەڤراهام و نەوەکەی درا کە ببنە میراتگری جیهان، لەسەر بناغەی ئەو ڕاستودروستیە بوو کە لە ڕێگای باوەڕەوە دێت، 14ئەگەر خەڵکی بەهۆی تەوڕات میراتگر بوونایە، باوەڕ بێسود دەبوو و بەڵێنەکە دەشکێنرا. 15چونکە تەوڕات توڕەیی لێدەکەوێتەوە؛ ئەگەر تەوڕات نەبوایە سەرپێچی ڕووی نەدەدا.16چونکە بەڵێنەکە لەسەر بناغەی باوەڕ بوو، تاکو بەبەخشش هەژمار بکرێت، ببێتە دڵنیایی بۆ هەموو نەوەکانی: بۆ ئەوانەش کە خاوەنی تەوڕات نین، ئەوانەی باوەڕەکەیان وەک ئەڤراهامە. چونکە باوکی هەموومانە، 17وەک نووسراوە: «تۆم کردە باوکی زۆر لە نەتەوەکان.» (ئەو باوکی ئێمەیە) لە پێش چاوی ئەو خودایەی کە باوەڕی پێی هەبوو، کە مردووان زیندوو دەکاتەوە و ئەوەی هەموو شتێکی لە نەبوونەوە هێنایە بوون.18هەرچەندە بێ هیوابوو، بەڵام ئەڤراهام باوەڕی وابوو کە دەبێتە باوکی زۆر لە نەتەوەکان، بەگوێرەی ئەوەی پێی گوترابوو: «نەوەکەت بەو شێوەیە زۆر دەبێت». 19باوەڕی لاواز نەبوو کە بینی جەستەی مردووە، کە نزیک بۆتەوە لە تەمەنی سەد ساڵی، و سارای هاوسەریشی بە هەمان شێوە منداڵدانی مردبوو؛20بێباوەڕ نەبوو و گومانی لە بەڵێنی خودا نەکرد، بەڵکو باوەڕی بەهێزبوو، بۆیە خودای شکۆمەند کرد. 21بە تەواوی دڵنیابوو ئەوەی خودا بەڵێنی پێداوە، دەتوانێت بیکات؛ 22بۆیه ئەوەشی بە ڕاستودروستی بۆ هەژمارکرا.23وەک نووسراوە ئەوەی بە ڕاستودروستی بۆ هەژمارکرا، تەنها لەبەر ئەو نا، 24بەڵکو لە پێناوی ئێمەش، بۆ ئێمە وا هەژماردەکرێت کە باوەڕمان هێناوە، بەوەی یەشوای پەروەردگارمانی لە مردن هەستاندەوە 25ئەوەی لەبەر گوناهەکانمان ڕادەستی مردن کرا و لە پێناو بێتاوانکردنمان هەستایەوە.
1لەگەڵ ئەوەی ئێمە لەسەر بناغەی باوەڕ بێتاوان بووین، لەگەڵ خودا ئاشت بووینەوە بە پەروەردگارمان یەشوای مەسیح. 2هەروەها بەو باوەڕەوە چووینە ناو ئەو بەخششە کە ئێستا تێیدا نیشتەجێین؛ ئێمە شانازی بەو هیوایە دەکەین و چێژ دەبینین بە شکۆمەندی خودا.3نەک هەر ئەوە، بەڵکو لەناو تەنگانەشدا شانازی دەکەین، دەزانین تەنگانە خۆڕاگری بەرهەم دەهێنێت، 4خۆڕاگری وامان لێ دەکات سەرکەوتوو بین لە تاقیکردنەوە، سەرکەوتنیش هیوامان پێدەبەخشێت، 5هیواش بێ ئومێدمان ناکات، چونکە خودا خۆشەویستی خۆی ڕشتە ناو دڵمانەوە بە گیانە پیرۆزەکە کە پێی بەخشین.6کاتێک هێشتا لاواز بووین، مەسیح لە کاتی دیاریکراودا بۆ سەرپێچی کاران مرد. 7ئەستەمە یەکێک لە پێناو یەکێکی ڕاستودروست بمرێت، بەڵکو ڕەنگە یەکێک بوێری ئەوەی هەبێت لە پێناو یەکێکی چاک بمرێت.8بەڵام خودا خۆشەویستی خۆی بۆ ئێمە سەلماند، لە کاتێکدا ئێمە هێشتا گوناهبار بووین، 9مەسیح لە جیاتی ئێمە مرد. ئێستا بە خوێنی ئەو بێتاوانکراین، وە چەندە زیاتر بەئەو ڕزگارمان دەبێت لەو تووڕەییەی کە لە داهاتودا دێت!10لە پێشتر، ئێمە دوژمن بووین، بە مردنی ڕۆڵەکە لەگەڵ خودا ئاشت بوینەوە، چەندە زیاتر بە ژیانی ئەو ڕزگارمان دەبێت دوای ئەوەی ئاشت بووینەوە! 11تەنها ئەوە نا، بەڵکو شانازی بە خوداوە دەکەین، بە پەروەردگارمان یەشوای مەسیح، کە ئێستا بە ئەو ئاشتەواییمان بە دەست هێناوە.12لەبەر ئەمە، وەک چۆن گوناهە لە ڕێگەی یەک مرۆڤەوە هاتە ناو جیهان، و بە هاتنە ناوەوەی گوناهە مردنیش هاتە ناوەوە، بە هەمان شێوە مردن بۆ هەموو مرۆڤەکان هات، چونکە هەموویان گوناهەیان کرد. 13گوناهه پێش هاتنی تەوڕات لە جیهاندا بەربڵاو بوو. بەڵام گوناهە تۆمار نەدەکرا، چونکە تەوڕات بوونی نەبوو.14بەڵام مردن، لە ئادەمەوە تا موشە فەرمانڕەوایی کردووە، تەنانەت بەسەر ئەو کەسانەی کە گوناهێکی هاوشێوەی سەرپێچی ئادەمیان نەکردووە، ئەوەش هێمای ئەو کەسانەیە کە لە پاش ئەو دێن. 15بەڵام کاریگەری سەرپێچی وەک کاریگەری بەخششەکە نییە! چونکە ئەگەر زۆر کەس بەهۆی سەرپێچی یەک مرۆڤەوە مردن، بەڵام چەندە زیاتر لە ڕێگەی یەک مرۆڤەوە کە یەشوای مەسیحە بەخششی خودا بەخشرا بەبێ بەرامبەر.16پاشان کاریگەری گوناهی یەکێک وەک کاریگەری دیارییەکە نییە! تاوانبارکردن لە ئەنجامی یەک سەرپێچیدا دەبێتە هۆی لێپرسینەوە. سەبارەت بە کاری بەخشش، لە سەرپێچی زۆرەوە بێتاوانی هێنایە کایەوە. 17مادام مردن بە سەرپێچی یەک مرۆڤ فەرمانڕەوایی کرد، چەندە زیاتر بە یەک یەشوای مەسیح کە فەرمانڕەوایی ژیان دەکات، بۆ ئەوانەی بەخششێکی زۆری ڕاستودروستی بێبەرامبەر بەدیاری وەردەگرن.18بۆیە وەک چۆن سەرپێچییەک سزای بۆ هەموو مرۆڤەکان هێنا، بە هەمان شێوە یەک ڕاستودروستی بێتاوانی دەهێنێت کە دەبێتە هۆی ژیان بۆ هەموو مرۆڤەکان. 19هەر بەهەمان شێوە بە سەرپێچی یەکێک زۆر کەس گوناهبار کران، بە هەمان شێوە بە گوێڕایەڵی یەکێک زۆر کەس بێتاوان دەکرێن.20تەوڕات بۆ دەرخستنی زۆریی سەرپێچی هاتە ئاراوە. بەڵام، لەو شوێنانەی کە گوناهە زۆرە، بەخشش زۆر زیاترە، 21بەجۆرێک کە وەک چۆن گوناهه لە ڕێگەی مردنەوە فەرمانڕەوایی کرد، بە هەمان شێوە بەخشش فەرمانڕەوایی دەکات لەسەر بناغەی ڕاستودروستی، کە بەرەو ژیانی هەتاهەتایی دەچێت بە یەشوای مەسیحی پەروەردگارمان.
1کەواتە چی دەڵێین؟ ئایا بەردەوامبین لە گوناهەکردن تا بەخشش زۆر بێت؟ 2نەخێر! ئێمە مردین سەبارەت بەگوناهە، ئیتر بۆچی تێیدا بژین؟ 3یان لێتان شاردراوەتەوە کە ئێمە هەموومان، بە لە ئاوهەڵکێشانمان لەگەڵ مەسیحی یەشوا یەکمانگرت، بە لە ئاوهەڵکێشانەکەمان یەکمانگرت لە مردنەکەیدا؟4بە هۆی ئەوەوە ئێمە بە لەئاو هەڵکێشان بۆ مردن لەگەڵیدا نێژراین، هەر وەک چۆن مەسیح بە شکۆمەندی باوک لە مردن هەستایەوە، بە هەمان شێوە ئێمەش لە ژیانێکی نوێدا بژین. 5مادام ئێمە لە مردنێکی هاوشێوەی مردنەکەی لەگەڵیدا یەکمانگرت، لە هەستانەوەشی لەگەڵیدا یەکدەگرین.6ئێمە ئەوە دەزانین: مرۆڤە کۆنەکە تیاماندا لەگەڵی لە خاچ دراوە، بۆ ئەوەی جەستەی گوناهبارمان لەناوبچێت، تاکو چیتر بە کۆیلەی گوناهە نەمێنینەوە. 7چونکە ئەوەی بمرێت، لە گوناهە ئازاد ئازاد دەبێت.8مادام لەگەڵ مەسیح مردین، باوەڕمان وایە کە لەگەڵیدا دەژین، 9چونکە دڵنیاین کە مەسیح لە مردن هەستاوەتەوە، بۆ جاری دووەم نامرێت، بۆیە لەمەودوا مردن دەسەڵاتی بەسەریدا نییە.10چونکە یەکجار لە پێناو گوناهەدا مرد؛ بە ژیانی، بۆ خودا دەژی. 11بە هەمان شێوە ئێوەش خۆتان بە مردوو دابنێن سەبارەت بە گوناهه و زیندوو بۆ خودا لە یەشوای مەسیحدا.12بۆیە، مەهێڵن گوناهه دەست بەسەر جەستەی لەناو چووتان بگرێت بە ئارەزوی خۆی بەڕێوەتان ببات. 13ئەندامەکانتان وەک چەکێک پیشکەشی گوناهە مەکەن، بەڵکو خۆتان پێشکەش بە خودا بکەن وەک هەستاوەی نێو مردووان، با ئەندامەکانتان بۆ خودا چەکی ڕاستودروستیبێت. 14باگوناهه بەسەرتاندا زاڵ نەبێت، چونکە ملکەچی تەوڕات نین، بەڵکو بەخشش.15ئێستا چی؟ ئایا گوناهه بەکەین چونکە ملکەچی تەوڕات نین بەڵکو بەخشش؟ نەخێرا! 16ئایا نازانن کاتێک خۆتان وەک کۆیلە ملکەچی یەکێک دەکەن، دەبنە کۆیلەی ئەوەی ملکەچن بۆی: جا بۆ گوناهە کە بەرەو مردنە، یان بۆ گوێڕایەڵی کە بەرەو ڕاستودروستیە؟17بەڵام سوپاس بۆ خودا، ئێوە پێشتر کۆیلەی گوناهە بوون، لە دڵەوە ملکەچی ئەو شێوە فێرکردنە بوون کە پێتان سپێردراوە. 18ئێستاش، لە گوناهە ئازاد بوون، بوونە خزمەتکاری ڕاستودروستی.19وەک مرۆڤ لەبەر لاوازی جەستەتان قسە دەکەم. وەک چۆن پێشوتر ئەندامەکانی لەشتان وەک کۆیلەی گڵاوی و خراپە پێشکەشی خراپە کرد، ئێستاش ئەندامەکانتان وەک کۆیلەی ڕاستودروستی لە خزمەتی پیرۆزیدا پێشکەش بکەن. 20چونکە کاتێک کۆیلەی گوناهە بوون، سەبارەت بە ڕاستودروستی ئازاد بوون. 21بەڵام لەو کاتەدا چیتان بەرهەم هێنا جگە لەو شتانەی کە ئێستا پێی شەرمازارن، ئەنجامیان جگە لە مردن هیچی تر نییە؟22بەڵام ئێستا، کە لە گوناهه ئازاد بوون و بوونە خزمەتکاری خودا، بەرهەمتان بۆ پیرۆزیە، کە چارەنووسەکەی ژیانی هەتاهەتاییە. 23چونکە کرێی گوناهه مردنە، بەڵام دیاری خودا ژیانی هەتاهەتاییە لە مەسیحی یەشوای پەروەردگارماندا.
1ئەی برایان ئایا ئەوە لە ئێوە شاراوەیە، من قسە لەگەڵ ئەوانە دەکەم لە تەوڕات دەزانن، چونکە تەوڕات دەسەڵاتی بەسەر مرۆڤدا هەیە تا ئەو کاتەی لە ژیاندا بێت؟2تەوڕات ژنی مێرددار بە مێردەکەیەوە دەبەستێتەوە تا مێردەکەی لە ژیاندا بێت. بەڵام ئەگەر مێردەکە مرد، ئەوا تەوڕات ئازادی دەکات. 3بۆیە تا مێردەکە لە ژیاندا بێت بە داوێنپیس دادەنرێت ئەگەر هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی دیکە بکات. بەڵام ئەگەر مێردەکە بمرێت، ئەوا لە تەوڕات ئازاد دەبێت، و ئەگەر لەگەڵ پیاوێکی دیکە هاوسەرگیری بکات ئەوە نابێتە داوێنپیس.4بەهەمان شێوە ئێوەش، ئەی براکانم، چونکە بەهۆی جەستەی مەسیح کە مرد، ئێوەش مردن سەبارەت بەتەوڕات، بۆ ئەوەی ببنە هی یەکێکیتر، هی خودی مەسیح ئەوەی لە نێو مردوان هەستایەوە، تاکو بیینە بەروبوومی خودا. 5کاتێک لە جەستەدا بووین، خولیای ئەو گوناهانە بووین کە لە تەوڕات ڕاگەیەندرابوون، لە ئەندامەکانماندا کارا بوون، تاکو مردن بەرهەم بهێنین.6بەڵام ئێستا، ئێمە لە تەوڕات ئازاد بووین، مردین سەبارەت بەو شتەی کە ئێمەی کۆت و بەند کردبوو، بۆ ئەوەی بتوانین ببینە خزمەتکارێک کە گونجاو بێت لەگەڵ ڕێسای گیانە نوێیەکە، نەک بە ڕێسای نووسراوی کۆن.7کەواتە، چی دەڵێین؟ ئایا تەوڕات گوناهەیە؟ نەخێر! بەڵام من گوناهم نەدەناسی تەنها لە ڕێگەی تەوڕاتەوە نەبێت. من لەبارەی ئارەزوەوە هیچم نەدەزانی ئەگەر تەوڕات نەی گوتبا: «ئارەزوو مەکە!» 8بەڵام گوناهه ئەو ڕاسپاردەی لەمندا قۆستەوە و هەموو ئارەزوێکی لە مندا وروژاند. ئەگەر تەوڕات نەبوایە، گوناهه مردبوو.9سەبارەت بە من پێشتر دابڕاو لە تەوڕات دەژیام؛ بەڵام کاتێک تەوڕات هات، گوناهه ژیا، 10منیش مردم. وە ئەو ڕاسپاردەی کە بەرەو ژیان دەچێت منی بەرەو مردن برد.11چونکە گوناهه ئەو ڕاسپاردەی قۆستەوە، فریوی دام و منی پێکوشت. 12کەواتە تەوڕات پیرۆزە، ڕاسپاردەکەش پیرۆزە، دادپەروەر و چاکە.13ئایا ئەوەی چاکە بۆ من بۆتە مردن؟ نەخێرا! بەڵام گوناهە، بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە گوناهەیە، مردنی بۆ من بەرهەم هێنا بەهۆی ئەوەی چاکە، گوناهە بەڕاستی هەڵەیە بە هۆی راسپاردەکەوە. 14چونکە ئێمە دەزانین کە تەورات گیانییە؛ بەڵام من جەستەم وەک کۆیلە فرۆشراوە بە گوناهە.15کەواتە ئەوەی دەیکەم هیچ دەسەڵاتم بەسەریدا نیە: ئەوەی دەمەوێت نایکەم، و ئەوەی ڕقم لێیەتی دەیکەم. 16مادام ئەوە دەکەم کە نامەوێت، چاکی تەوڕات پشت ڕاست دەکەمەوە.17کەواتە، ئێستا، ئەوانەی دەیان کەم من نیم، بەڵکو ئەو گوناهەیەی لەمندا نیشتەجێیە. 18من دەزانم، لەمندا واتا لەجەستەمدا، چاکە نیشتەجێ نیە : مەگەر چاکەم بوێت، ئەوا لەبەردەستمدایە؛ ئەوەی دەمەوێ بیکەم ناتوانم بیکەم.19من ئەو چاکەیە ناکەم کە دەمەوێت؛ بەڵام ئەو خراپەیەی کە نامەوێت دەیکەم. 20بەڵام، ئەگەر ئەوەی نامەوێت بیکەم، ئیتر ئەوە من نیم کە دەیکەم، بەڵکو ئەو گوناهەیە کە لە مندا دەژی. 21کەواتە، خۆم وا دەبینم، ئەوەی دەمەوێت ئەوەیە کاری چاکە بکەم، بۆ ملکەچی یاساکە:22من خراپەم لایە. چونکە، بەگوێرەی مرۆڤی ناوەوەم، بە تەوڕاتی خودا دڵشادم. 23بەڵام لە ئەندامەکانمدا یاسایەکیتر دەبینم کە دژی ئەو تەوڕات شەڕ دەکات و کە هزرم دەیەوێت، و دەمکاتە دیلی یاسای گوناهه کە لە ئەندامەکانمدایە.24چەند مرۆڤێکی بەدبەختم! کێ لەو جەستەیەی مەرگ ئازادم دەکات؟ 25سوپاس بۆ خودا بە یەشوای مەسیحی پەروەردگارمان! کەواتە، من خۆم لە ڕوانگەی هزرەوە، وەک خزمەتکار خزمەتی تەوڕاتی خودا دەکەم؛ بەڵام بە جەستە، وەک بەندە خزمەتی یاسای گوناهە دەکەم.
1کەواتە ئێستا ئەوانەی لە مەسیحی یەشوادان ئیتر تاوانبارناکرێن. 2چونکە یاسای گیانی ژیان لە مەسیحی یەشوا لە یاسای گوناهه و لە مردن ئازادی کردووم.3تەوڕات نەیتوانی ڕزگارمان بکات بەهۆی لاوازی سروشتی گوناهبارمانەوە، بۆیە خودا ئەوەی کرد کە تەوڕات نەیتوانی بیکات. ڕۆڵەکەی بە جەستەیەکی هاوشێوەی جەستەیەی گوناهباران نارد کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی گوناهەی بەسەر ئێمەدا ڕاگەیاند بە بەخشینی ڕۆڵەکەی وەک کەفارەتێک بۆ گوناهەکانمان. 4بۆ ئەوەی ئەو ڕاستودروستییەی کە تەوڕات بەدوایدا دەگەڕێت، لە ئێمەدا بەدی بهێنرێت، کە بەجەستە ناڕۆین بەڵکو بە گیانەکە. 5چونکە ئەوانەی بەگوێرەی جەستەن گرنگی بە شتە جەستەییەکان دەدەن، بەڵام ئەوانەی بە گوێرەی گیانەکەن گرنگی بە شتە گیانیەکان دەدەن.6گرنگیدان بەجەستە مردنە؛ بەڵام گرنگیدان بە گیانەکە ژیان و ئاشتیە. 7چونکە گرنگیدان بە جەستە دوژمنایەتییە لەگەڵ خودا، لەبەر ئەوی ملکەچی تەوڕاتی خودا نییە، بەڵکو ناشتوانێت. 8ئەوانەی لە ژێر دەسەڵاتی جەستدان ناتوانن خودا ڕازی بکەن.9بەڵام ئێوە لە ژێر دەسەڵاتی جەستەدا نین، بەڵکو لە ژێر دەسەڵاتی گیانەکەدان، ئەگەر بەڕاستی گیانی خودا لەناوتاندا نیشتەجێ بێت. بەڵام ئەگەریەکێک گیانی مەسیحی نەبووبێت، ئەوا هی مەسیح نییە. 10وە ئەگەر مەسیح لە ناوتاندا بێت، هەرچەندە جەستە بەهۆی گوناهەوە مردووە، بەڵام گیانەکە ژیانە بۆ ئێوە بەهۆی ڕاستودروستییەکەی.11ئەگەر گیانەکە ئەوەی یەشوای لە نێو مردووان هەستاندەوە لەناو ئێوەدا نیشتەجێ بێت، ئەوا ئەوەی مەسیحی لە نیو مردووان هەستاندەوە جەستەی لەناو چوی ئێوەش زیندوو دەکاتەوە بەهۆی ئەو گیانەی کە لە ناوئێوەدا نیشتەجێیە.12بۆیە، ئەی برایان، چ شتێک بە جەستەوە پەیوەستتان دەکات کە بە پێی جەستە بژین. 13چونکە ئەگەر بە گوێرەی جەستە بژین، دەمرن، بەڵام ئەگەر بە گیانەکە کردارەکانی جەستە بیمرێنن، ئەوا دەژین.14هەموو ئەوانەی ملکەچی ڕابەرایەتی گیانی خودان، ڕۆڵەی خودان. 15چونکە گیانی کۆیلایەتیتان وەرنەگرتوە کە بەرەو ترس بتان گێڕێتەوە، بەڵکو گیانی ڕۆڵایەتیتان وەرگرتوە کە بەهۆیەوە هاوار دەکەین: «باوکە باوکمان!»16گیانەکە خۆی لەگەڵ گیانی ئێمەدا شایەتی ئەوە دەدات کە ئێمە ڕۆڵەی خوداین. 17مادام ڕۆڵەین، میراتگریشین، میراتگری خودا وە هاوبەشی مەسیحین لە میرات. وە ئەگەر ئێستا هاوبەشی ئازارەکانی بین، ئەوا هاوبەشی شکۆمەندیەکەشی دەبین.18چونکە من بڕوام وایە کە ئازارەکانی ئێستا هیچ نین کاتێک بەراورد دەکرێن بەو شکۆمەندیەی کە لە داهاتوودا تیاماندا دەردەکەوێت. 19لەبەر ئەوە دروستکراوەکان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی دەرکەوتنی ڕۆڵەکانی خودان،20چونکە بەدیهێنراوان ملکەچی پووچییەتی بوون بەویستی ئەو نا، بەڵکو لەلایەن ئەوەی ملکەچییەتی، 21هەروەها ڕزگار دەبێت لە کۆیلایەتی گەندەڵی بۆ ئازادی شکۆمەندی کە هی منداڵەکانی خودایە. 22چونکە دەزانین تا ئێستا هەموو بەدیهێنراوان پێکەوە دەناڵێنن.23نەک تەنها ئەو، بەڵکو ئێمەش کە نۆبەرەی گیانەکەمان هەیە، خۆمان لە لەناخماندا دەناڵێنین چاودێری ڕاگەیاندنی ڕۆڵایەتیمان دەکەین بەقوربانی کردنی جەستەمان. 24چونکە ئێمە ڕزگارمان بوو، بە هیوا؛ بەڵام هیوا؛ کاتێک دەیبینین هیوا نییە؛ مرۆڤ چی دەبینێت بۆچی هێشتا هیوای پێدەخوازێت؟ 25بەڵام، ئەگەر هیوامان بەو شتە هەبێت کە نایبینین، ئەوا بە ئارامییەوە چاوەڕێی دەکەین.26بەهەمان شێوە گیانەکە یارمەتیمان دەدات بۆ زاڵبوون بەسەر لاوازییەکانماندا. چونکە ئێمە نازانین چۆن نزا بکەین کە شایەنییەتی، بەڵام گیانەکە خۆی لەجیاتی ئێمە داکۆکی دەکات کە لە سەروی دەربڕینەکانمانەوەیە. 27ئەوەی دڵەکان دەپشکنێت مەبەستی گیان دەزانێت، چونکە گیانەکە بە شێوەیەک لە پیرۆزکراوان داکۆکی دەکات کە ڵەگەڵ خودا هاوڕایە.28ئێمە دەزانین کە خودا وادەکات هەموو شتەکان پێکەوە کاربکەن لەپێناو چاکەی ئەوانەی خۆشیان دەوێت، کە بەگوێرەی مەبەستی خۆیی بانگی کردوون. 29بۆ ئەوانەی ناسیویانە، پێشوەختە دیاری کردبوو کە لەگەڵ وێنەی کوڕەکەیدا بگونجێن، بۆ ئەوەی ببێتە نۆبەرە لە نێوان زۆرێک لە براکاندا. 30ئەوانەی پێشتر دیاری کردبون بانگی کردن. ئەوانەی بانگی کردن بێتاوانیکردن. ئەوانەی بێتاوانی کردن شکۆمەندی کردن.31دوای ئەمە چی بڵێین؟ ئەگەر خودا لەگەڵمان بێت کێ دەتوانێت دژی ئێمە بێت؟ ئەوەی بۆ ئێمە دەستی بە ڕۆڵەکەی خۆیەوە نەگرت، 32بەڵکو لە پێناو هەموومان بەخشی، چۆن لەگەڵیدا هەموو شتێکمان ناداتێ؟33کێ هەڵبژاردراوەکانی خودا تۆمەتبار دەکات؟ خودا ئەوەیه کە بێتاوان دەکات، 34کێیە تاوانباردەکات؟ ئەوە مەسیحی یەشوایە کە مرد، یان باشتر بڵێین ئەوەی هەستایەوە، هەروە ها ئەو لە ڕاستەی خودادایە، هەروەها داکۆکیکارمانە.35جا کێ لە خۆشەویستی مەسیح جیامان دەکاتەوە؟ ئایا تەنگانە یان ناخۆشی یان چەوسانەوە یان برسێتی یان ڕووتی یان مەترسی یان شمشێر؟ 36هەروەک نووسراوە: «لە پێناو تۆدا بە درێژایی ڕۆژ ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە. وەک مەڕ بۆ سەربڕین دادەنرێین!»37بەڵام لە هەموو ئەوانەشدا سەرکەوتنی زیاتر بەدەست دەهێنین بەوەی کە خۆشی دەوێن. 38چونکە من باوەڕم وایە نە مردن و نە ژیان، نە فریشتەکان و نە سەرۆکەکان، نە شتەکانی ئێستاو نە شتەکانی داهاتوو، نە هێزەکان، 39نە بەرزاییەکان و نە قووڵاییەکان و هیچ بەدیهێنراوێک ناتوانێت لە خۆشەویستی خودا جیمان کاتەوە کە لە مەسیحی یەشوای پەروەردگارماندا هەمانە.
1من لە مەسیحدا ڕاستیەکە دەڵێم، درۆ ناکەم، ویژدانم شایەتم بۆ دەدات بە گیانە پیرۆزەکە، 2کە زۆر دڵتەنگم و لە دڵمدا ئازارێکی نەبڕاوە هەیە.3پێشتر هیوا خوازبووم کە من خۆم لە پێناو براکانم، کەس و کار بە پێی جەستە، لە مەسیح بێبەش بم. 4چونکە ئەوان یەسرائیلیین، و ڕێگایان پێدرا شکۆمەندی و پەیمان و تەوڕات و پەرستش و بەڵێنەکان وەربگرن، 5باوکانمان لەوانن و مەسیحیش بەگوێرەی جەستە لەوانەوە هاتووە، ئەو لە سەرووی هەمووانە خودایەکی پیرۆزە و هەتاهەتاییە. ئامین.6مەبەستم ئەوە نییە کە وشەی خودا هیوای تێدا نەبوو. چونکە هەموو نەوەی یەسرائیل یەسرائیلی نین؛ 7چونکە، هەمووئەوانەی نەوەی ئەڤراهامن، ڕۆڵەی خودانین، بەڵکو، وەک نووسراوە: «لە یتساخدا نەوەیەکت دەبێت کە ناوی تۆ هەڵدەگرێت».8واتە ڕۆڵەکانی جەستە ڕۆڵەکانی خودا نین، بەڵکو بە ڕۆڵەکانی بەڵێنەکە دادەنرێن. 9ئەوەش وشەی بەڵێنەکەیە: «لەو کاتەدا دەگەڕێمەوە و سارا کوڕێکی دەبێت».10نەک تەنها ئەوە، بەڵکو ڕەبەکە لە پیاوێک دووگیان بوو، کە ئیتساخی باوکمانە، 11منداڵەکانیش هێشتا لەدایک نەبوون و هێشتا چاکە و خراپەیان نەکردبوو، تاکو مەبەستی خودا دەربارەی هەڵبژاردنەکە بمێنێتەوە. 12کە لەسەر بنەمای کردارنیە، بەڵکو لەسەر بنەمای ئەو بانگکردنە بوو کە لەلایەن ئەوەوە، پێی گوترا: «منداڵە گەورەکە دەبێتە کۆیلەی بچووکەکە»، 13وەک نووسراوە: «یاکۆڤم خۆشویست، ڕقم لە ئیساڤ بوو».14چی بڵێین، ئایا لای خودا ستەم دەبێت، هەرگیز! 15چونکە بە موشەی فەرموو: «بە بەزەیی دەبم لەگەڵ ئەوەی بەزەییم پێدا دێتەوە، میهرەبان دەبم لەگەڵ ئەوەی بمەوێت میهرەبان بم!» 16کەواتە بابەتەکە پەیوەندی بە ویست و هەوڵدانی مرۆڤەوە نییە، بەڵکو تەنها پەیوەندی بە بەزەیی خوداوە هەیە.17چونکە خودا لە پەرتوکەکەدا بە فیرعەون دەفەرموێت: «هەر بۆ ئەو مەبەستە تۆم هێشتۆتەوە: تا هێزی خۆم لە تۆدا پیشان بدەم و ناوم لە هەموو زەویدا ڕابگەێنم». 18بۆیە خودا بەزی بە هەر کەسێکدا دێتەوە کە بیەوێت، سزای هەر کەسیش دەدات، کە بیەوێت.19لێرەدا پێم دەڵێیت: «بۆچی گلەیی دەکەیت؟» کێ بەرەنگاری مەبەستەکەی دەبێتەوە؟» 20بۆیە دەڵێم: ئەی مرۆڤ تۆ کێیت تا وەڵامی خودا بدەیتەوە؟ ئایا ئەو شتەی کە دروستکراوە بە دروستکەرەکەی دەڵێت: بۆچی منت بەم شێوەیە دروست کردووە؟ 21ئایا گۆزەکەر دەسەڵاتی بەسەر گڵەکەدا نییە لە گرێیەک قاپێک بۆ ڕێزلێنان و یەکێکی دیکەش ئاسایی دروستبکات؟22چی دەبوو ئەگەر خودا ویستی تووڕەیی خۆی پیشان بدات و توانای خۆی ڕابگەیەنێت، بە هەموو سەبرەوە بەرگەی جامی تووڕەیی گرت لەوانە کە شایەنی لەناوچون بوون، 23لەبەر ئەو مەبەستەبوو دەوڵەمەندی شکۆمەندیەکەی خۆی لە دەفرەکانی بەزەیی ڕابگەێنیت کە پێشتر بۆ شکۆمەندی ئامادەی کردبوو، 24لە ئێمەدا کە بانگی کردین نەک تەنها لە نێو یەهودیەکان بەڵکو لە نێو نەتەوەکانیش؟25وە ئەوەش بەگوێرەی ئەوەی کە لە پێشبینی هۆشەع دەیڵێت: «ئەوانەی گەلی من نەبوون بە گەلەکەم بانگیان دەکەم و ئەوانەی خۆشەویست نین بە خۆشەویستەکەم بانگیان دەکەم. 26وە لە کوێ پێیان گوترا: ئێوە گەلی من نین، لەوێ پێیان دەوترێت ڕۆڵەکانی خودای زیندوو».27بەڵام ئیشایا، باسی یەسرائیل دەکات و دەڵێت: «ئەگەرچی نەوەی یەسرائیل وەک لمی دەریا زۆر دەبن، بەڵام پاشماوەیان ڕزگاری دەبێت. 28چونکە پەروەردگار بڕیار لەسەر بابەتەکە دەدات و بە خێرایی قسەکەی جێبەجێ دەکات لەسەر زەوی». 29وەک ئیشایا پێشتر گوتویەتی: «ئەگەر پەروەردگاری سوپاسالار نەوەی بۆ نەهێشتبایین، وەک سۆدۆم و وەک عەمۆرە دەبوین!»30کەواتە کورتەی قسەکە چییە؟ ئەو نەتەوانەی کە بەدوای ڕاستودروستیدا نەدەگەڕان گەیشتنە ڕاستودروستی، بەڵام ڕاستودروستی لەسەر بناغەی باوەڕە. 31بەڵام یەسرائیل هەوڵیاندا بەتەوڕات بە ئامانجی ڕاستودروستی بگەن، تەنانەت بە تەوڕاتیش پێینەگەیشتن و شکستیان هێنا.32بەچ هۆکارێک؟ چونکە هەوڵەکانیان لەسەر بناغەی باوەڕ نەبوو، بەڵکو لەسەر بناغەی کرداربوو. بە بەردێکی کۆسپ تووشی کۆسپ بوون 33وەک نووسراوە: «ئەوەتا من لە سەهیۆن بەردی کۆسپ وتاشەبەردی کەوتن دادەنێم ئەوەی باوەڕی پێبێنێت بێ هیوا نابێت».
1ئەی برایان، ئارەزوی دڵم و پاڕانەوەم لە خودایە بۆ ئەوان، کە ڕزگاریان بێت. 2من شایەتی بۆ ئەوان دەدەم کە دڵگەرمیان بۆ خودا هەیە، بەڵام لەسەر بناغەی زانیاری نییە. 3چونکە ئەوان لە ڕاستودروستی خودا بێ ئاگا بوون و هەوڵیان دەدا ڕاستودروستی خۆیان بسەلمێنن، ملکەچی ڕاستودروستی خودا نەبوون.4ئامانجی تەوڕات مەسیحە بۆ بێتاوان بونی هەموو ئەوانەی باوەڕیان هەیە. 5موشە لەبارەی ئەو ڕاستودروستییەی کە لە تەوڕاتدا دێتە ئاراوە نووسیویەتی: «هەر مرۆڤێک کار بەمانە بکات، ئەوە پێی دەژی».6بەڵام ئەو ڕاستودروستییەی کە لە باوەڕەوە سەرچاوە دەگرێت ئەمە دەڵێت: «لە دڵتدا مەڵێ: کێ بەرەو ئاسمان بەرز دەبێتەوە؟» (واتە با مەسیح دابەزێت)، 7نەخێر: «کێ دادەبەزێت بۆ قووڵایی؟» واتا بۆ ئەوەی مەسیح لە مردن هەستێتەوە!8کەواتە چی دەفەرموێت؟ دەفەرموێت: «وشەکە لێت نزیکە. لە دەم و لە دڵتدایە!» وە ئەو وشەیە هیچ نییە جگە لە وشەی باوەڕ کە ئێمە موژدەی پێدەدەین: 9ئەگەر بە دەمت دان بەوەدا بنێیت یەشوا پەروەردگارە، و لە دڵتدا باوەڕت بەوە هەبێت کە خودا لە نێو مردوواندا هەڵیساندەوە، ئەوە ڕزگارت دەبێت. 10چونکە بە دڵ باوەڕهێنان دەبێتە هۆی ڕاستودروستی، و بە دەم دانپێدانان دەبێتە هۆی ڕزگاربوون،11چونکە پەرتوکەکە دەڵێت: «هەریەکێک باوەڕی پێی بهێنێت نا ئومێد نابێت». 12جیاوازی یەهودی و یۆنانی نییە، چونکە هەمووان یەک پەروەردگاریان هەیە، دەوڵەمەندن ئەوانەی بانگی دەکەن. 13«چونکە هەریەکێک بە ناوی پەروەردگاربانگی بکات ڕزگاری دەبێت».14بەڵام، چۆن بانگی دەکەن کە باوەڕتان پێی نەبێت؟ وە چۆن باوەڕ بەوە دەکەن کە نەتان بیستبێت؟ چۆن دەبیستن بەبێ مزگێنیدەر؟ 15چۆن یەکێک مزگێنی دەدات ئەگەر پێشتر نەنێردرابێت؟ وەک نووسراوە: « چەند جوانە پێیەکانی مزگێنیدەران بە چاکە!»16بەڵام هەموویان گوێڕایەڵی مزگێنییەکە نەبوون. چونکە ئیشایا دەڵێت: «ئەی پەروەردگار! کێ باوەڕی بەو وشانە کرد کە بیستمان؟» 17بۆیە باوەڕ دەرئەنجامی بیستنە، بیستنیش ئەوەیە مزگێنی بدەی بە وشەی مەسیح!18بەڵام من دەڵێم: ئایا ئەوان نەیانبیست؟ بەڵێ، چونکە مزگێنیدەرەکان «دەنگیان گەیشتە هەموو زەوی، و قسەکانیان دەگاتە ئەوپەڕی جیهان».19وە دەگەڕێمەوە دەڵێم: ئایا ئەوان لە یەسرائیل تێناگەن؟ موشە، یەکەمجار، دەڵێت: «وادەکەم ئیرەیی بەئەوانە ببەن کە نەتەوە نین، بەنەتەوەیەکی تێنەگەیشتوو توڕەتان دەکەم!»20وە ئیشایاش بەبوێریەوە دەڵێت: «ئەوانەی بەدوامدا نەگەڕان، دۆزیمیانەوە و بۆ ئەوانەی کە نەیانویستم دەرکەوتم». 21بەڵام لەبارەی یەسرائیل دەڵێت: «بە درێژایی ڕۆژ دەستم بۆ گەلێکی یاخی و دژەبەر درێژ کردووە!»
1وە لێرەدا دەڵێم: ئایا خودا گەلەکەی ڕەتکردەوە؟ نەخێر! منیش یەسرائیلیم، لە نەوەی ئەڤراهامم و لە هۆزی بنیامین. 2خودا گەلەکەی ڕەت نەکردەوە کە هەڵیبژاردبوو. ئایا نازانن پەرتوکەکە چی دەڵێت دەربارەی ئیلیا کاتێک سکاڵای لەسەر یەسرائیل بۆ خودا بەرزکردەوە و دەڵێت: 3«ئەی پەروەردگار؟ پێغەمبەرەکانتیان کوشت، قوربانگاکەتیان وێران کرد، منیش بە تەنیا ماومەوە و بەدوای کوشتنمدا دەگەڕێن!»4بەڵام، وەڵامی خودام بۆ ئەو چی بوو؟ حەوت هەزار پیاوم بۆ خۆم هێشتەوە کە چۆکیان بۆ بەعل دانەداوە!» 5کەواتە، لە سەردەمی ئێستادا، هێشتا پاشماوەیەک هەیە کە لەلایەن خوداوە بە بەخشش هەڵبژێردراون.6بەڵام بەو پێیە بە بەخشش بە دیهاتوە، نەک لەسەر بناغەی کردار، ئەگینا بەخشش ئیتر بەخشش نییە. 7کەواتە پوختەی قسەکە چییە؟ ئەوەی یەسرائیل بەدوایدا دەگەڕا، بەدەستیان نەهێنا، بەڵام هەڵبژێردراوان بەدەستیان هێنا، ئەوانەیتریش کوێر بوون، 8بەگوێرەی ئەوەی نووسراوە: «گیانێکی تەمبەڵی پێبەخشین وچاوێک کە نابینێت و گوێیان کە نابیستێت، تەنانەت هەتا ئەمڕۆش».9بە هەمان شێوە داڤید دەڵێت: «با خوانەکانیان ببێتە داو و تەڵە، کۆسپ و سزا. 10با بەر چاویان تاریک بێت تا نەبینن، پشتیان هەمیشە چەماوبێت!»11پاشان دەڵێم: ئایا ئەوان کەوتن تا جارێکیتر هەڵنەستنەوە؟ نەخێر! بەڵکو لە ڕێگەی کەوتنیانەوە ڕزگاری بۆ گەلان دابین کرا، ڕەنگە بەمە ئیرەیی بیانگرێت. 12ئەگەر کەوتنیان بۆ جیهان دەوڵەمەندی بوبێت، وە زیانەکانیان بۆ نەتەوەکان دەوڵەمەندی بوبێت، ئەوا کامڵ بونیان چەندە زیاتر دەبوو؟13چونکە من وەک نێردارو بۆ نەتەوەکان قسە لەگەڵ ئێوە دەکەم و پەیامەکەم شکۆمەند دەکەم، 14تاکو گەلەکەم بۆ ئیرەیی بورژێنم و هەندێکیان ڕزگار بکەم.15ئەگەر دورکەوتنەوەیان دەرفەتێکە بۆ ئاشتبوونەوەی جیهان، ئەوا پەسەندکردنیان چییە جگە لە ژیانەوە لە نێو مردوان؟ 16وە ئەگەر پارچەی یەکەمی هەویرەکە پیرۆز بێت؛ ئەوا هەموو هەویرەکە پیرۆزە، وە ئەگەر ڕەگی درەختەکە پیرۆز بێت، ئەوا لقەکانیش پیرۆزن.17کەواتە ئەگەر هەندێک لە لقەکانی زەیتون بڕدران، ئەوا تۆیان لە زەیتونە خۆڕسکەکە هێناو موتربەیان کردی، لە ڕەگ و خۆراکی زەیتوونەکە بەژدار بوویت 18شانازی بە سەر لقەکانیترەوە مەکە. وە ئەگەر شانازی بکەیت، ئەوە تۆ نیت کە ڕەگەکەت هەڵگرتووە، بەڵکو ڕەگەکەیە تۆی هەڵگرتووە.19لەوانەیە بڵێیت: «ئەو لقانە بڕدراون بۆ ئەوەی من موتربە بکرێم» 20ڕاستە! ئەو بەهۆی بێ باوەڕیەوە بڕاوە، تۆش بەهۆی باوەڕەوە موتوربە کراویت. لەخۆبایی مەبە، بەڵکو بترسە 21چونکە ئەگەر خودا بەزەیی بە لقە سروشتییەکاندا نەیەتەوە ئەوا بەزەیی بە تۆشدا نایەتەوە.22کەواتە میهرەبانی و توندی خودا لەبەرچاو بگرە: سەبارەت بە توندییەکەی، بۆ ئەوانەیە کە کەوتوون؛ میهرەبانی خودا بۆ تۆیە تا ئەو کاتەی کە بەردەوامیت لە میهرەبانیدا. وە ئەگەر تۆ خۆڕاگر نەبیت، تۆش دەبڕێیەوە.23ئەوانیش ئەگەر لە بێ باوەڕیدا بەردەوام نەبن، موتوربە دەکرێنەوە، چونکە خودا توانای ئەوەی هەیە موتوربەیان بکاتەوە. 24ئەگەر لە دار زەیتوونێکی خۆڕسک بڕابوویتەوە، و بە پێچەوانەی نەریتی دار زەیتوونێکی چاک موتوربە کرابیت، ئەوانە کە لە لقە ڕەسەنەکەن، چەندە زیاتر لە دار زەیتوونەکەی خۆیان موتوربە دەکرێن.25چونکە برایان، نامەوێت ئەم نهێنییەتان لێ بشاردرێتەوە، نەک لەبەرچاوی خۆتان دانا بن، کە یەسرائیل بەشێکی کوێر بووە تا هاتنە ناوەوەی تەواوی نەتەوەکان.26بەم شێوەیە هەموو یەسرائیل ڕزگاری دەبێت، وەک نووسراوە: «ڕزگارکەر لە سەهیۆنەوە دێت، خوانەناسی لە یاکۆڤ دووردەخاتەوە. 27ئەوەش پەیمانی منە لەگەڵ ئەوان کاتێک گوناهەکانیان دادەماڵم».28تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە مزگێنیەکەوە هەیە، ئەوان دوژمنی ئێوەن لە پێناوی خودا. سەبارەت بە هەڵبژاردنی خودایی، ئەوان بە بۆنەی باووباپیرانەوە خۆشەویستن. 29چونکە خودا پاشگەزنابێتەوە لە بەخشین و بانگهێشتکردنەکەی.30ڕاستییەکە ئەوەیە وەک چۆن ئێوە لە ڕابردوودا سەرپێچی خوداتان کرد، بەڵام ئێستا لە ئەنجامی گوێڕایەڵ نەبوونی ئەوان بەزەییتان وەرگرتووە، 31ئێستا ئەوان کە گوێڕایەڵی خودا نین . ئەوانیش بەزەییان وەرگرت، بەهۆی ئەو بەزەییەی ئێوە وەرتان گرت. 32خودا هەمووانی پێکەوە زیندانی کرد لە بێ گوێرایەڵیدا تاکو بەزەیی بە هەموواندا بێتەوە.33سامان و دانایی و زانستی خودا چەند قووڵە! بڕیارەکانی چەندە دوورن لە پشکنین و ڕێگاکانی پەی پێ نەبراون! 34«چونکە کێ بیری پەرەوردگاری زانی؟ یان کێ ڕاوێژکاری بووە؟35کێ شتێکی پێ بەخشیوە تاکو بۆی بگەڕێنێتەوە؟» 36چونکە هەموو شتەکان لە ئەوە و بەهۆی ئەوە و بۆ ئەوە. هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ ئەوە. ئامین!
1بۆیە برایان، لە بەر بەزەیی خودا لێتان دەپاڕێمەوە، جەستەتان وەک قوربانیەکی زیندوو پێشکەشی بکەن، کە لەلای ئەو پەسەندکراوە، کە ئەوەش پەرستنی ژیرمەندانەتانە. 2شێوەی جیهان وەرمەگرن، بەڵکو بە نوێکردنەوەی بیرکردنەوەتان بگۆڕێن، تا بزانن خواستی چاک و پەسەندکراوی تەواوەتی خودا چییە.3چونکە بەو بەخششەی کە پێم دراوە ، فەرمان بە هەریەکێکتان دەکەم کە بەهای خۆیان بەرزتر نەکەنەوە لەوەی شایەنیەتی، بەڵکو لە بیرکردنەوەیاندا هۆشیار بن، بەپێی ئەو باوەڕی کە خودا بەسەر هەریەکێکتاندا دابەشی کردووە.4وەک چۆن لە یەک جەستەدا ئەندامی زۆرمان هەیە، بەڵام هەموو ئەم ئەندامانە یەک ئەرکیان نییە، 5بە هەمان شێوە ئێمەش کە زۆرین، لە مەسیحدا یەک جەستەین و هەموومان ئەندامی یەکترین.6بەڵام، ئەو بەهرانەی کە بە پێی بەخشش پێماندراوە، (با بەکاری بهێنین): ئەوەی پێشبینی پێدراوە، با پێشبینی بکا بە پێی ئەو باوەڕەی کە هەیەتی؛ 7ئەوەی بەهرەی خزمەتکردنی هەیە، با خەریکی خزمەتکردن بێت؛ یان فێرکردن، با فێربکات؛ 8یان وتاردان، با وتاربدات؛ یان بەخشین، با بە بەخشندەیی ببەخشێت؛ یان ڕابەرایتی، با بە پەرۆشەوە ڕابەرایەتی بکات؛ یان پیشاندانی بەزەیی، با بە خۆشحاڵیەوە بەبەزیی بێت.9با خۆشەویستیتان بێ دووڕوویی بێت. دور بکەونەوە لە خراپە، بە چاکەوە بچەسپێن. 10بە خۆشەویستی برایانە یەکترتان خۆش بوێت، بەڕێزەوە یەکترتان پێ باشتربێت.11لە تێکۆشانتان سست مەبن، بەڵکو لەگیان دڵ گەرمبن، خزمەتکاری پەروەردگاربن، 12لە هیوادا شاد بن، لە تەنگانەدا ئارام بن، چەسپاو بن لە نزاکردندا، 13هاوکاربن لە دابین کردنی پێداویستی پیرۆزکراوان، و بەردەوام بن لە پێشوازی کردنی نامۆکان.14چەوسێنەرانتان بەرەکەت داربکەن. بەرەکەتداری بکەن و نەفرەت مەکەن! 15شاد بن لە گەڵ ئەوانەی دڵخۆشن، بگرین لەگەڵ ئەوانەی دەگرین. 16لەگەڵ یەکتردا تەبابن، گرینگی بە پایەبەرزی مەدە، بەڵکو هاوسەنگ بن لەگەڵ ئەوانەی کە پێگەیان نزمە، خۆتان بەدانا دامەنێن.17وەڵامی هیچ خراپەیەک بە خراپە مەدەنەوە، بەڵکو تێبکۆشە ئەوەی چاکە لەبەردەم هەموو خەڵکیدا پێشکەشی بکەی. 18ئەگەر دەکرێت، تا ئەوەی کە پەیوەندی بە ئێوەوە هەیە، لەگەڵ هەموو خەڵکیدا بە ئاشتی بژین.19خۆشەویستان خۆتان تۆڵە مەکەنەوە، بەڵکو توڕەیی خۆتان بۆ خودا جێبهێڵن، چونکە نووسراوە: «تۆڵەکردنەوە هی منە، منم سزا دەدەم، پەروەردگار دەفەرموێت». 20بەڵکو «ئەگەر دوژمنەکەت برسی بوو، خواردنی پێ بدە، ئەگەر تینوی بوو، ئاوی پێبدە. بەم کارە پشکۆ لەسەر سەری کۆدەکەیتەوە». 21مەهێڵە خراپە بەسەرتدا زاڵ بێت، بەڵکو بە چاکە بەسەر خراپەدا زاڵ ببە.
1لەسەر هەموو یەکێکە ملکەچی دەسەڵاتی دادوەری بێت. هیچ دەسەڵاتێک نییە لە خوداوە نەبێت، ئەو دەسەڵاتانەی هەن لەلایەن خوداوە ڕێک دەخرێن. 2تەنانەت ئەوانەی بەرەنگاری دەسەڵات دەبنەوە، بەرەنگاری ڕێکخستنی خودا دەبنەوەو ئەوانەی بەرەنگاری دەبنەوە سزا بەسەر خۆیاندا دەهێنن.3دادوەران لە چاکەکاران ناترسن، بەڵکو لە خراپەکار. کەواتە دەتەوێت لە دەسەڵات نەترسیت؟ ئەوەی چاکە بیکە، ستایش دەکرێیت، 4چونکە خزمەتکاری خودایە بۆ تۆ لە پێناو چاکە و باشە بەڵام ئەگەر خراپەت کرد، بترسە، چونکە دەسەڵات شمشێر لە خۆڕا هەڵناگرێت، ئەوەی خزمەتکاری خودایە، هەرئەوەیە کە تۆڵەی توڕەیی خۆی دەکاتەوە لە خراپەکاران. 5بۆیە پێویستە ملکەچ بن ، نەک تەنها بۆ ئەوەی لە توڕەیی دوور بکەونەوە، بەڵکو بۆ لەبەر چاوگرتنی ویژدانیشتان.6هەر لەبەر ئەو هۆکارە ئێوە باج دەدەن، چونکە پیاوی دەسەڵاتدارەکان خزمەتکاری خودان کە خۆیان بۆ ئەم کارە تەرخان کردووە. 7کەواتە مافی هەمووان بدەن: باج بۆ خاوەن باج، سەرانە بۆ خاوەن سەرانە و ڕێز بۆ خاوەنی ڕێز.8با قەرزاری کەس نەبن، جگە لەوەی یەکتریتان خۆشبوێ، چونکە ئەوەی خەڵکی دیکەی خۆشبوێ، ڕاسپاردەی تەوراتی تەواو کردوە، 9ڕاسپاردەکە ئەوەیە « داوێنپیسی مەکە، مەکوژە، دزی مەکە، شایەتی درۆ مەدە، هەوەسباز مەبە»، ڕاسپاردەکانیتر پوختەی ئەو وشەیە: «نزیکەکەت وەک خۆت خۆش بوێت!» 10خۆشەویستی خراپە لەگەڵ نزیکەکەی ناکات. بەم جۆرە خۆشەویستی تەواوکردنی هەموو تەوڕاتە.11جگە لەوەش ئێوە کاتەکە دەزانن و ئێستا ئەو کاتەیە کە دەبێت لە خەو بەئاگا بێن. ئێستا ڕزگاریمان لێ نزیکترە لەو ڕۆژەی کە باوەڕمان هێنا: 12شەو خەریکە تەواو دەبێ و ڕۆژ خەریکە هەڵدێت. با کارەکانی تاریکی فڕێ بدەین و چەکی ڕووناکی لەبەر بکەین.13لەو ڕۆژدا، با بەشێوەیەکی گونجاو هەڵسوکەوت بکەین: نەک لە ڕابواردن و سەرخۆشیدا، نەک لە خراپەکاری و بەدڕەوشتیدا، نەک لە شەڕ و ئیرەییدا. 14بەڵکو یەشوای مەسیحی پەروەردگار لەبەر بکەن و سەرقاڵ مەبن بە پلاندانان بۆ جەستە و بۆ تێرکردنی ئارەزوەکانی.
1ئەوەی لە باوەڕدا لاوازە، لە نێوانتان پێشوازی لێبکەن بێ ئەوەی لەسەر بۆچونەکانی بڕیاری لەسەر بدەن. 2هەندێک خەڵک پێیان وایە مافی ئەوەیان هەیە هەموو شتێک بخۆن. بەڵام بۆ لاوازەکان با سەوزە بخۆن.3ئەوەی هەموو شتێک دەخوات نابێت سووکایەتی بەو کەسە بکات کە ناخوات و ئەوەی ناخوات نابێت بڕیاری لەسەر بدرێت لەلایەن ئەوەی کە دەیخوات، چونکە خودا پەسەندی کردووە. 4تۆ کێیت بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر خزمەتکاری یەکێکیتر بدەیت؟ ئەو لە چاوی گەورەکەیدا جێگیر دەبێت یان دەکەوێت. جێگیر دەبێت، چونکە پەروەردگار توانای هەیە جێگیری بکات.5لە نێو خەڵکدا هەیە کە ڕێز لە ڕۆژێک دەگرێت بە دور لە ئەوانیتر، لە نێویاندا هەیە کە هەموو ڕۆژەکان بە یەکسانی دەزانێت. یان یەکێک لە هزری خۆیدا بۆچونی خۆی بەڕەوا دەبینێت. 6یەکێک ڕۆژێکی دیاریکراو ڕەچاو دەکات لە پێناو پەروەردگاردا؛ هەر شتێک کە دەخوات لە پێناو پەروەردگار دەیخوات، چونکە سوپاسی خودا دەکات؛ ئەوەی نەخوات لە پێناو پەروەردگار ناخوات، چونکە سوپاسی خودا دەکات.7هیچ کام لە ئێمە بۆ خۆی ناژی و کەسیش بۆ خۆی نامرێت. 8ئەگەر بژین، بۆ پەروەردگار دەژین؛ وە ئەگەر بمرین، بۆ پەروەردگار دەمرین. بژین یان بمرین، ئێمە هی پەروەردگارین. 9چونکە مەسیح لە پێناو ئەوە مرد و گەڕایەوە بۆ ژیان: بۆ ئەوەی ببێتە گەورەی مردووان و زیندووان.10بەڵام، بۆچی بڕیار لەسەر براکەت دەدیت؟ وە تۆش، بۆچی سووکایەتی بە براکەت دەکەیت؟ هەموومان لەبەردەم تەختی خودادا ڕادەوەستین بۆ لێپرسینەوە. 11چونکە نووسراوە: «من زیندووم، پەروەردگار دەفەرموێت، هەموو ئەژنۆیەک بۆ من چۆک دادەدات، و هەموو زمانێک دان بە خودادا دەنێت!»12کەواتە، هەریەکێک لە ئێمە دەبێت هەژماری خۆی بداتە خودا. 13ئیتر بەسە باواز لە بڕیاردان لەسەر یەکتری بێنین، بەڵکو بڕیاری ئەوەبدەن : کە کەس کۆسپ یا تەڵە لەبەردەم براکەیدا دانەنێت.14چونکە دەزانم و دڵنیایم دراوەتێ لەلایەن یەشوای پەروەردگاروە کە هیچ شتێک خۆی لە خۆیدا پیس نیە. بەڵام ئەگەر یەکێک شتێک بە ناپاک بزانێت، ئەوا لە چاوی خۆیدا ناپاکە. 15ئەگەر بە خواردنەکەت ببیتە هۆی خەم و پەژارە بۆ براکەت، ئیتر بە شێوەیەک ڕەفتار ناکەی کە لەگەڵ خۆشەویستیدا بگونجێت. بۆیە بە خواردنەکەت ئەوە لەدەست مەدە کە مەسیح لە پێناویدا مرد.16کەواتە، با چاکەکانت بە قسەی خراپ ڕەخنەی لێ نەگیرێت. 17چونکە شانشینی خودا بە خواردن و خواردنەوە نیە، بەڵکو ڕاستودروستی و ئاشتی و شادیە لە گیانە پیرۆزەکەدا.18هەریەکێک بەم شێوەیە خزمەتی مەسیح بکات، لەلایەن خوداوە پەسەند دەکرێت و لەلایەن خەڵکەوە ستایش دەکرێت. 19کەواتە باهەوڵ بۆ ئەوە بدەین کە بەرەو ئاشتی و بنیاتنانی یەکترمان دەبات.20بەهۆی خۆراک کاری خودا وێران مەکە! ڕاستە هەموو خۆراکەکان پاکن، بەڵام خراپەیە کاتێ کە مرۆڤ شتێک بخوات کە دەبێتە هۆی کۆسپ. 21باشترە نە گۆشت بخۆیت و نە شەراب بخۆیتەوە، نە کارێک بکەیت کە ببێتە کۆسپ بۆ براکەت.22ئەگەر بڕوات بەوە هەیە؟ کەواتە لەبەردەم خودا هی خۆت بێت! خۆزگە دەخوازرێت بەوەی خۆی تاوانبار ناکات لەسەر ئەوەی کە پەسەندی دەکات. 23بەڵام ئەگەر یەکێک گومانی کرد کاتێک نان دەخوات تاوانبار دەکرێت، چونکە لە باوەڕەوە نیە. هەر شتێک کە لە باوەڕەوە نەبێت گوناهەیە.
1ئێمەی بەهێز لەسەرمانە بەرگەی لاوازی لاوازان بگرین، و خۆمان ڕازی نەکەین. 2با هەریەکەمان هەوڵبدەین بۆ رازیکردنی نزیکەکانمان لە ڕوانگەی چاکەکارییەوە لە رێگەی بنیاتنانەوە.3تەنانەت مەسیحیش هەوڵی ڕازی کردنی خۆی نەدەدا،بەڵکو بەگوێرەی ئەوەی کە نووسرابوو: «ڕسوایی ئەوانەی ڕسوات دەکەن کەوتنە سەر من». 4چونکە هەموو ئەوانەی پێشتر نوسراون، بۆ فێرکردنمان نووسراوە، بۆ ئەوەی هیوامان بە پەرتووکی ئارامی و دڵنەوایی هەبێت.5خودا ئارامگری و دڵنەوایی و تەباییتان پێببەخشێت بەگوێرەی مەسیحی یەشوا، 6تا خودای باوکی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح شکۆمەند بکەن، بە یەک دڵ و یەک دەم. 7بۆیە یەکتری پەسەند بکەن، وەک چۆن مەسیح پەسەندی کردین بۆ شکۆمەندی خودا.8بۆیە دەڵێم مەسیح بوو بە خزمەتکاری خەتەنەکراوان وەک پیشاندانی ڕاستی خودا و پشتڕاستکردنەوەی بەڵێنەکانی بۆ باوکان، 9نەتەوەکان شکۆمەندی خودا دەکەن بۆ بەزەییەکەی، بەگوێرەی ئەوەی نووسراوە: «لەبەر ئەوە لەناو گەلان دانت پێدا بنێن و پەسنی بۆناوت بڵێن!»10هەروەها گوتراوە: «ئەی گەلان، لەگەڵ گەلەکەی دڵشادبن». 11وە هەروەها: «هەموو گەلان ستایشی پەروەردگار بکەن و با هەموو گەلان سوپاسگوزاری بن».12هەروەها ئیشایا دەڵێت: «لە ڕەگی یەسا دەردەکەوێت، هەڵدەستێت، تا ببێتە سەروەر بەسەر نەتەوەکاندا: گەلان هیوایان بەو دەبێت».13خودای هیوا پڕتان بکات لە هەموو خۆشیی و ئاشتییەک لە باوەڕتان تا بە هێزی گیانی پیرۆز هیواتان زیاد بکەن.14وە من خۆم لە ئێوە دڵنیام برایان، کە پڕن لە چاکە و پڕن لە هەموو زانیارێک، هەروەها توانای ئامۆژگاری کردنی یەکتریتان هەیە.15بەڵام بە بوێری زیاترەوە سەبارەت بە هەندێک بابەت بۆم نووسین، بەو بەخششەی کە خودا پێی بەخشیوم. 16تاکو ببمە خزمەتکاری یەشوای مەسیح، نێردراو بۆ گەلان، هەڵگری مزگێنی خودا، وەک ئەوەی بە خزمەتی کاهینی هەستم، بە مەبەستی پێشکەش کردنی قوربانی لە نێو نەتەوەکاندا بۆ خودا تاکو پەسەندکراو و پیرۆزکراوبێت بەگیانی پیرۆز.17کەواتە من مافی ئەوەم هەیە شانازی بە یەشوای مەسیحەوە بکەم بەو خزمەتکردنەم کە بۆ خودا دەگەڕێتەوە. 18بوێری ئەوەم نیە باسی هیچ شتێک بکەم جگە لەوکارانەی مەسیح لە ڕێگەی منەوە کردوویەتی بۆ ڕێنماییکردنی گەلان بۆ گوێڕایەڵی بە قسە و کردار، 19و بە هێزی نیشانەی سەرسوڕهێنەر، و بە هێزی گیانی خودا. بەجۆرێک کە من، لە یۆرشەلایم و دەوروبەری تا هەرێم ئیلیریکۆم، بەتەواوی مزگێنی مەسیحم ڕاگەیاند.20پێداگریم لەوەکرد مزگێنی لەو شوێنانەدا بدەم کە ناوی مەسیحی تێدا نەهێنراوە، بۆ ئەوەی لەسەر بناغەی یەکێکیتر بنیات نەنێم، 21بەڵکو وەک ئەوەی نووسرابوو: «ئەوانەی مژدەی ئەویان پێنەدرابوو دەبینن و ئەوانەی نەیانبیستبوو تێدەگەن».22هەر لەبەر ئەو هۆکارەش زۆرجار ڕێگریم لێ کراوە لە هاتنم بۆ لای ئێوە. 23بەڵام ئێستا، لەبەر ئەوەی کە ئیتر شوێنی کارکردنم لەو شوێنانەدا نەماوە، و بە درێژایی ئەو ساڵانە تامەزرۆ بووم بێمە لای ئێوە،24کاتێک دەچمە ئیسپانیا هیوادارم بەلای ئێوەدا تێپەڕبم و بتانبینم و ئاسانکاریم بۆ بکەن تا بەردەوام بم لە گەشتەکانم دوای ئەوەی چێژم لە بینینی ئێوە وەردەگرم، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت. 25بەڵام ئێستا دەچم بۆ یۆرشەلایم بۆ خزمەتکردنی پیرۆزکراوان.26لەبەر ئەوە باوەڕدارانی مەکەدۆنیا و ئەخایا پێیان باش بوو هاوکاری بۆ هەژارانی نێو پیرۆزکراوانی یۆرشەلیم کۆبکەنەوە. 27ئەوە بۆ ئەوان باشە کە قەرزاری ئەو پیرۆزکراوانەن: ئەگەر نەتەوەکان بەشدارییان لە شتە گیانییەکانی ئەواندا کردووە، ئەوا دەبێ ئەوانیش لە شتە مادییەکان خزمەتیان بکەن.28دوای ئەوەی ئەو ئەرکەم تەواو کرد، و ئەو بەرهەمەم گەیاندە پیرۆزکراوان، بەرەو ئیسپانیا بەڕێدەکەوم، بۆلای ئێوە. 29وە دەزانم کە کاتێک دێم بۆ لاتان، بە پڕی بەرەکەتی مەسیح دێم.30بۆیە برایان،بە پەروەردگارمان یەشوای مەسیح و بە خۆشەویستی گیانی، داواتان لێدەکەم، کە لەگەڵمدا تێبکۆشن لە نزاکردن بۆ خودا لە پێناوی من، 31بۆ ئەوەی ڕزگارم بێت لەو بێباوەڕانەی لە یەهودیان، وخزمەتەکم بۆ پیرۆزکراوان لە یۆرشەلایم تاکو لای ئەوانیش پەسەند بێت، 32تا بە خواستی خودا بە خۆشی بێمە لاتان و ببوژێمەوە و پشوو بدەم.33خودای ئاشتی لەگەڵ هەمووتان بێت. ئامین!
1سەبارەت بە بفیبی خوشکمان ڕاتاندەسپێرم کە خزمەتکارە لە کڵێسای کەنخریا. 2لە پەروەردگاردا پێشوازی لێبکەن بە شێوەێک کە شایەنی پیرۆزکراوان بێت و هەر پێداویستێکی هەبوو پێیبدەن، چونکە یارمەتیدەر بووە بۆ زۆر کەس و بۆ منیش.3سڵاو لە پریسیلا و ئەکیلا بکەن، هاوکارەکانم لە خزمەتی یەشوای مەسیحدا، 4ئەوان گەردنی خۆیان بۆ پەڕاندن پێشکەش کرد بۆ ڕزگار کردنی ژیانم، تەنها من سوپاسیان ناکەم، بەڵکو هەموو کڵێسای نەتەوەکانیش. 5سڵاوبکەن لەو کڵێسایەی کە لە ماڵەکەیدایە. سڵاو لە ئەپنیتۆسی خۆشەویستم، بکەن کە یەکەم نۆبەرەی مەسیحە لە ئاسیا.6سڵاو لە میریام بکەن پێش ئێوە زۆر تێکۆشانی کردووە لە خزمەتکردنمان. 7سڵاو لە ئەندرۆنیکۆس و یۆنیاس بکەن، نزیکەکانم کە لەگەڵم بەندکراون، ئەوان لەنێو نێردراوان بەناوبانگن، پێش منیش لە مەسیحدا بوون. 8سڵاو لە ئەمپلیاس بکەن، خۆشەویستمە لە پەروەردگاردا.9سڵاو لە ئوربانوس بکەن، هاوکارمان لە خزمەتکردنی مەسیح، و ئیستاخیسی خۆشەویستم. 10سڵاو لە ئەپۆڵەس بکەن، کە خۆڕاگری خۆی لە مەسیحدا پیشاندا. سڵاو لە بنەماڵەی ئەرستۆپۆڵوس بکەن. 11سڵاو لە هیرودیۆنی نزیکم بکەن، سڵاو لە خانەوادەی نەرکیسیۆیس بکەن کە لە پەروەردگاردان.12سڵاو لە تەریفاینا و تەریفۆسا بکەن کە خۆیان لە خزمەتکردنی پەروەردگاردا ماندوو دەکەن. سڵاو لە پەرسیسی خۆشەویست بکەن کە زۆری تێکۆشاوە لە خزمەتکردنی پەروەردگاردا. 13سڵاو لە ڕۆپۆس بکەن کە لە پەروەردگار هەڵبژێردراوە. هەروەها لە دایکی کە دایکمە. 14سڵاو لە ئەسینکریتۆس، و فەلیگۆن، و هەرمس، و پاتروباس، و هرماس، و ئەو برایانەش بکەن کە لەگەڵیاندان.15سڵاو لە فیلولوگۆس، و یولیا، و نیریۆس، و خوشکەکەی، و ئوڵومپاس بکەن و هەموو ئەو پیرۆزکراوانەی کە لەگەڵیانن. 16بە ماچێکی پیرۆز سڵاو لە یەکتر بکەن. هەموو کڵێساکانی مەسیح سڵاوتان لێدەکەن.17بەڵام، لێتان دەپاڕێمەوە، براکانم، ئاگاداری ئەوانەبن کە دوبەرەکی کۆسپ دەنێنەوە، بە پێچەوانەی ئەو فێرکردنەی فێری بوون، لێیان دوور بکەونەوە. 18چونکە ئەو جۆرە کەسانە خزمەت بە یەشوای مەسیحی پەروەردگارمان ناکەن بەڵکو خزمەتی سکیان دەکەن، بە قسە باشەکانیان و قسە خۆشەکانیان دڵی مرۆڤەکان فریو دەدەن.19هەواڵی گوێڕایەڵی ئێوە گەیشتووەتە هەموو لایەک. بۆیە دڵشادم بە ئێوە، بەڵام دەمەوێت لە چاکەدا ژیر بن و لە خراپە بێبەری بن. 20خودای ئاشتی بە خێرایی شەیتان لە ژێر پێیەکانتدا تێکدەشکنێت. بەخششی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح لەگەڵتان بێت.21تێمۆساوسی یاریدەدەرم، و لوکیوس و یاسون و سوسپاترۆس و نزیکەکانم سڵاوتان لێدەکەن. 22وە من، تەرتیۆسم کە نوسەری ئەو نامەیەم، لە پەروەردگاردا سڵاوتان لێدەکەم.23گایۆسی خانەخوێی من، و هەموو کڵێساکە، سڵاوتان لێدەکەن. ئەڕاستۆسی گەنجینەداری شار، و برا کوارتۆس سڵاوتان لێدەکەن. 24«با بەخششی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح لەگەڵتان بێت. ئامین!»25ئێستا هەموو شکۆمەندییەک بۆ خودا کە توانای بەهێزکردنی هەیە، هەروەک چۆن مزگێنییەکەم دەڵێت ئەم پەیامە سەبارەت بە یەشوا مەسیح پلانەکەی بۆ ئێوەی نەتەوەکان ئاشکرا کردووە، پلانێک کە لە سەرەتای زەمانەوە بە نهێنی هێڵراوەتەوە. 26بەڵام ئێستا ئاشکرابوو بە فەرمانی خودای هەتاهەتایی کە لە پەرتوکەکانی پێغەمبەران نوسراوە، لە پێناو هەموو گەلان بۆ گوێڕایەڵی باوەڕ؛27هەموو شکۆمەندییەک بۆ تاکە خودای دانا، لە ڕێگەی یەشوای مەسیحەوە، بۆ هەتاهەتایە. ئامین!
1لە پۆڵسەوە، نێردراوی مەسیحی یەشوا، کە بە خواستی خودا بانگکراوە، لە سۆستیانسی برامانەوە، 2بۆ کڵێسای خودا لە شاری کۆرنسۆس، بۆ ئەوانەی کە لە یەشوای مەسیحدا پیرۆز بوون، کە ناویان لێنراوە، پیرۆزکراوان؛ بۆ هەموو ئەوانەی کە ناوی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح لە هەموو شوێنێک ڕادەگەیەنن وەک پەروەردگاری خۆیان و ئێمەش. 3بەخشش و ئاشتیتان بۆ بێت لە خودای باوک و پەروەردگارمان یەشوای مەسیح!4هەمیشە سوپاسی خودا دەکەم لە پێناوتاندا و بۆ ئەو بەخششەی خودا، کە لە یەشوای مەسیحدا پێتان بەخشراوە. 5چونکە لە ڕێگەی ئەوەوە دەوڵەمەند بوون لە هەموو شتێکدا، و لە هەموو قسەکردن، و لە هەموو زانیاریەکدا، 6تا ئەو ڕادەیەی کە شایەتحاڵی مەسیح لە ئێوەدا ڕەگی داکوتاوە.7تەنانەت پێویستیتان بە هیچ بەهرەیەک نییە لە کاتێکدا چاوەڕوانی دەرکەوتنی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح دەکەن. 8خۆی تا کۆتایی دەتان چەسپێنێت بۆ ئەوەی لە ڕۆژی مەسیحی پەروەردگارمان بێ کەموکوڕی بن. 9چونکە خودا دڵسۆزە، و بانگی کردوون بۆ هاوبەشی لەگەڵ ڕۆڵەکەی یەشوای پەروەردگارمان.10بەڵام برایان، بە ناوی یەشوای مەسیحی پەروەردگارمانەوە لێتان دەپاڕێمەوە هەمووتان یەک دەنگتان هەبێت و لە نێوانتاندا دوو بەرەکی نەبێت. بەڵام پێویستە هەمووتان لە بیرکردنەوە و بۆچووندا یەکگرتوو بن. 11برایان، ماڵی کلۆیی ئاگاداریان کردمەوە، کە ناکۆکی لەنێوانتاندا هەیە.12مەبەستم ئەوەیە کە یەکێک لە ئێوە دەڵێت: «من لەگەڵ پۆڵسم» یەکێکی دیکەش: «من لەگەڵ ئەپۆلۆسم»، و یەکێکی دیکە: «من لەگەڵ پەترۆم»، و یەکێکی دیکە: «من لەگەڵ مەسیحم». 13ئایا مەسیح بەشکراوە؟ یان پۆڵس لە پێناوتاندا لە خاچ دراوە، یان بە ناوی پۆڵس لە ئاو هەڵکێشراون؟14سوپاسی خودا دەکەم کە جگە لە کریسپوس و گایۆس هیچ کام لە ئێوەم لە ئاو هەڵنەکێشاوە، 15بۆ ئەوەی کەس نەڵێت بە ناوی منەوە لە ئاو هەڵکێشراوە. 16هەرچەندە من خێزانی ستیفانۆسم لە ئاو هەڵکێشاوە، بەڵام لەبیرم نییە کە کەسێکی ترم لە ئاو هەڵکێشابێت.17چونکە مەسیح منی نەناردووە بۆ لە ئاو هەڵکێشان، بەڵکو بۆ مزگێنیدان، پشتم بە دانایی قسە نەبەستووە، نەک ئەوەی کە خاچی مەسیح بێ سوود بێت.18چونکە مژدەی خاچ لای لە ناوچووان گێلایەتیە؛ لەلای ئێمەی دڵسۆزان، ئەوە توانای خودایە. 19چونکە نووسراوە: «دانایی داناکان لەناو دەبەم و تێگەیشتنی تێگەیشتوان بەلاوە دەنێم!»20کەواتە، مرۆڤی دانا لە کوێیە؟ نووسەر لە کوێیە؟ لەم کاتەدا مشتومڕکەران لە کوێن؟ ئایا خودا دانایی دونیای نەکردووە بە گێلایەتی؟ 21خودا مەبەستی بوو، بە دانایی خۆی بیناسن، نەک بە دانایی جیهان، نهێنی خودا ئەوە بوو لە ڕێگەی مزگێنییەوە باوەڕداران ڕزگار بکات ئەو مزگێنییەی بە گێلایەتی دەزانن.22یەهودییەکان داوای نیشانە دەکەن، و یۆنانیەکان بەدوای دانایدا دەگەڕێن. 23بەڵام ئێمە بە مەسیحی لە خاچدراو مزگێنی دەدەین، ئەمەش بەربەستێکە بۆ یەهودیەکان و گێلایەتییە بۆ نەتەوەکان؛24سەبارەت بەوانەی بانگکراون، جا یەهودی بن یان یۆنانی، مەسیح هێزی خودا و دانایی خودایە. 25ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە «گێلایەتی» خودا لە مرۆڤەکان داناترە، هەروەها «لاوازی» خودا لە مرۆڤەکان بەهێزترە.26کەواتە وانەیەک لە بانگەوازەکەتانەوە وەربگرن برایان: لە نێو ئێوەدا زۆر کەمن ئەوانەی بە دانایی مرۆڤ ژیرن، نە پێشکەوتووان زۆرن، نە ئەوانەی ڕێز لێگیراون زۆرن. 27بەڵکو خودا نەزانەکانی جیهانی هەڵبژارد بۆ ئەوەی داناکان شەرمەزار بکات. خودا لاوازەکانی جیهانی هەڵبژارد بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارەکان شەرمەزار بکات.28خودا بێ بایەخەکانی جیهان و بێزراوەکان و ئەوانەی کە هیچ نەبوون هەڵبژارد، تاکو ئەوانە لابەرێت کە خۆیان بە شت دەزانن، 29بۆ ئەوەی هیچ مرۆڤێک نەتوانێت شانازی بکات لەبەردەم خودادا.30بە چاکەی خودا پێگەتان هەیە لە یەشوای مەسیحدا کە بۆ ئێمەی کردە دانایی خودا و ڕاستودروستی و پیرۆزی و ڕزگاری، 31وەک نوسراوە ئەوەی شانازی دەکات، با شانازی بە پەروەردگارەوە بکات.
1برایان، منیش، کاتێک هاتمە لای ئێوە بۆ ئەوەی شایەتحاڵی خوداتان بۆ ڕابگەیەنم، بە قسەی زل و دانایی نەهاتم. 2لەبەرئەوەی بڕیارم دابوو لە نێو ئێوەدا جگە لە یەشوای مەسیح هیچی تر نەزانم، ئەویش بناسم بە لە خاچدراوی.3منیش بە لاوازی و ترس و لەرزێکی زۆرەوە لەلاتان بووم. 4قسە و مزگێنیدانم لەسەر بنەمای ڕازیکردن نەبووە بە قسەی دانایی، بەڵکو لەسەر بنەمای ئەوەی گیان و هێز ڕایدەگەیەنێت. 5ئەمەش بۆ ئەوەیە کە باوەڕت لەسەر دانایی خەڵک بنیات نەنێیت، بەڵکو لەسەر هێزی خودا.6بەڵام ئێمە داناییمان هەیە بۆ قسەکردن لەنێو پێگەیشتواندا. بەڵام ئەو داناییە نە هی ئەم جیهانە و نە هی سەرۆکە کاتییەکانی ئەم جیهانەیە. 7بەڵکو باسی دانایی خودا دەکەین کە لە نهێنییەکدا شاردراوەتەوە، ئەو داناییە شاردراوەیەی کە خودا پێش سەردەمەکان بۆ شکۆمەندیمان ئامادەی کردووە8ئەو داناییە هیچ کام لە سەرۆکەکانی جیهان نەیانناسیووە. ئەگەر ئەویان بناسیایە، 9ئەوە پەروەردگاری شکۆمەندیان لە خاچ نەدەدا! بەڵام، نووسراوە: «ئەوەی هیچ چاوێک نەیبینیوە، هیچ گوێیەک نەیبیستووە، و بە بیری هیچ مرۆڤێکدا نەهاتووە ئەوەی خودا ئامادەی کردووە بۆ ئەوانەی خۆشیان دەوێت!»10بەڵام خودا ئەمەی بە گیان بۆمان ئاشکرا کرد. چوونکە گیانەکە لە هەموو شتێک دەکۆڵێتەوە، تەنانەت قوڵایی خوداش. 11کێ لە خەڵکی دەزانێت چی لە مرۆڤدا هەیە جگە لەو گیانەی کە تێیدایە؛ بە هەمان شێوە ئەوەی لە خودادایە جگە لە گیانی خودا کەس نایزانێت.12بەڵام ئێمە گیانی جیهانمان وەرنەگرتووە، بەڵکو ئەو گیانەمان وەرگرتووە کە لە خوداوەیە، بۆ ئەوەی ئەو شتانە بزانین کە لەلایەن خوداوە پێمان دراوە. 13ئێمە دەربارەی ئەوشتانە قسەدەکەین کە فێرکاری دانایی مرۆڤ نیە، بەڵکو بەو قسانەی کە گیانی پیرۆز فێرمان دەکات، گوزارشت لە ڕاستییە گیانییەکان دەکەین لە ڕێگەی ئامرازە گیانییەکانەوە.14بەڵام مرۆڤێک کە گیانەکەی تێدانییە شتە گیانییەکانی خودا وەرناگرێت چونکە بە گێلایەتی دەزانێت، و ناتوانێت بیانناسێت چونکە جیاکردنەوەیان تەنها پێویستی بە هەستێکی گیانی هەیە. 15سەبارەت بە مرۆڤی گیانی، هەموو شتێک جیادەکاتەوە، و لەلایەن کەسەوە بڕیاری لەسەر نادرێت. 16چونکە «کێ بیری یەزدانی ناسیوە؟» وە کێ فێری دەکات؟ سەبارەت بە ئێمەش، بیری مەسیحمان هەیە!
1بەڵام برایان، نەمتوانی وەک مرۆڤی گیانی قسەتان بۆ بکەم، بەڵکو وەک ئێوەی جەستەیی و ساوایەک لە مەسیحدا قسەم لەگەڵ کردن. 2شیرم پێداون نەک خواردنی بەهێز، چونکە توانای ئەوەتان نەبوو، ئێستاش ئەو توانایەتان نییە.3چونکە ئێوە هێشتا جەستەیین. تا ئیرەیی و ناکۆکی و ( دووبەرەکی)، لە نێوانتاندا هەبێت، ئایا ئێوە جەستەیی نین و بەپێی مرۆڤ ڕەفتار ناکەن؟ 4ئەگەر ئێوە بڵێن: من لەگەڵ «پۆڵسم»، یەکێکی تریش بڵێت: من لەگەڵ «ئەپۆلۆسم»، ئایا ئێوە جەستەیی نین؟ 5پۆڵس کێیە؟ ئەپۆلۆس کێیە؟ ئەوان تەنها دوو خزمەتکارن کە لە ڕێگەیانەوە باوەڕت هێناوە، و وەک چۆن پەروەردگار بەرەکەتی بۆ هەریەکەیان بەخشیوە.6من چاندم و ئەپۆلۆس ئاوی دا؛ بەڵام خودا گەشەی پێکرد. 7ئەوەی دەچێنێت و ئەوەی ئاو دەدات هیچ نین، بەڵکو خودایە کە گەشە دەبەخشێت.8ئەوەی دەچێنێت و ئەوەی ئاوی دەدات یەکسانن. بەڵام هەریەکەیان کرێی خۆی لە بەرامبەر ماندووبوونەکەی وەردەگرێت. 9چونکە هەموومان کرێکاری خوداین، ئێوەش کێڵگە و ماڵی خودان.10بەپێی ئەو بەخششەی خودا پێیدام، من بناغەکەم دانا وەک تەلار سازێکی لێهاتوو، جگە لە من هی دیکەش لەسەری بنیاتی دەنێت. 11بەڵام، پێویستە هەموو کەسێک وریا بێت کە چۆن لەسەری بنیات دەنێت. ناکرێت کەس بناغەیەکی تر دابنێت جگە لەو بناغەیەی کە دانراوە، ئەویش یەشوا مەسیحە.12ئەگەر کەسێک لەسەر ئەم بناغەیە بە زێڕ و زیو و بەردی گرانبەها بنیات بنێت، یان بە دار و پوش و پەڵاش، 13 کاری هەر یەکێک دەردەکەوێت چونکە لەو ڕۆژەی بە ئاگر ئاشکرا دەکرێت، ئاگرەکە بەهای کارەکانی هەریەکەیان تاقی دەکاتەوە.14هەرکەسێک کارەکەی کە لەسەر بناغەکە دروست کردووە بمێنێتەوە، کرێکەی وەردەگرێت. 15هەرکەسێک کارەکەی بسووتێت لەدەستی دەدات، بەڵام خۆی ڕزگاری دەبێت؛ بەڵام وەک کەسێک کە بە دۆزەخدا تێدەپەڕێت.16ئایا نازانن کە ئێوە پەرستگای خودان و گیانی خودا لە ئێوەدا نیشتەجێیە؟ 17ئەگەر کەسێک پەرستگای خودا وێران بکات، خودا وێرانی دەکات ، چونکە پەرستگای خودا پیرۆزە، ئەو پەرستگایەش ئێوەن.18ئاگاداربە خۆت فریو نەدەیت! هەریەکێک لە ئێوە لەم جیهانەدا خۆی بە دانا دەزانێت، با ببێتە گێل بۆ ئەوەی بەڕاستی ببێتە دانا. 19چونکە دانایی جیهان لە چاوی خودادا گێلایەتیە. چونکە نووسراوە: «ئەو داناکان بە فێڵەکانیان دەگرێت» 20هەروەها: «پەروەردگار بیری داناکان دەزانێت و دەیانناسێت کە پووچەڵن!»21بۆیە با کەس شانازی بە مرۆڤەوە نەکات، چونکە هەموو شتێک هی تۆیە، 22پۆڵس یان ئەپۆلۆس یان پەترۆ یان جیهان یان ژیان یان مردن یان ئێستا یان داهاتوو: هەموو ئەمانە هی ئێوەن، 23ئێوەش هی مەسیحن، مەسیحیش هی خودا.
1با خەڵک وەک خزمەتکاری مەسیح و بریکاری نهێنییەکانی خودا ببینن. 2ئەوەی لە بریکارەکان داوا دەکرێت، لە پێش هەموو شتێکەوە، ئەوەیە کە هەریەکەیان دڵسۆز بێت.3سەبارەت بە منیش کەمترین شت کە گرنگی پێدەدەم ئەوەیە کە لە پێش ئێوە یان دادگایەکی مرۆڤانە دادگایی بکرێم. بەڵکو من بڕیار لەسەر خۆم نادەم. 4ویژدانم من تاوانبار ناکات بۆ هیچ شتێک، بەڵام پشت بەوە نابەستم بۆ ئەوەی پاساو بۆ خۆم بهێنمەوە. چونکە ئەوەی بڕیارم لەسەر دەدات پەروەردگارە.5بۆیە، پێشوەختە بڕیار لەسەر هیچ شتێک مەدەن، تا پەروەردگار دەگەڕێتەوە کە ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەو شتانەی کە ئێستا لە تاریکیدا شاردراونەتەوە، و نیازی دڵەکان ئاشکرا دەکات، ئەو کاتە هەموو کەسێک مافی ستایشی خۆی لە خوداوە وەردەگرێت!6برایان لە ڕابردوودا، خۆم و ئەپۆلۆسم وەک نموونەیەک بۆ ئێوە پێشکەش کرد، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئێمەوە فێربن بیرکردنەوەکانتان لە سەرووی ئەوەی نووسراوەوە دانەنێن، لەبەر لایەنگری لەگەڵ کەسدا شانازی بە یەکترەوە مەکەن. 7کێ تۆی لە کەسانی تر جیاکردۆتەوە؟ وە هی تۆ چییە کە بە دیاری وەرت نەگرت؟ مادام وەرتگرتووە، بۆچی وا خۆت پیشان ئەدەیت وەک ئەوەی وەرت نەگرتبێت؟8ئێوە تێر و دەوڵەمەند بوون! ئێوە بوون بە پاشا و وازتان لێ هێناین! خۆزگە بەڕاستی ئێوە پاشا بوونایە تا ئێمەش لەگەڵ ئێوە فەرمانڕەوایمان بکردایە! 9چونکە من دەبینم کە خودا، ئێمەی نێردراوان، لە کۆتایی کاروانەکەدا وەک ئەوەی بە مردن سزا درابین، نمایشی کرد، چونکە بووین بە نمایشێک بۆ جیهان، بۆ فریشتەکان و مرۆڤەکان پێکەوە.10ئێمە لە پێناو مەسیحدا بوین بە گێل، بەڵام ئێوە لە مەسیحدا دانان. ئێمە لاوازین و ئێوەش بەهێز. ئێوە ڕێز لێگیراو و ئێمەش سوکایەتی پێکراو. 11تا ئەمڕۆش برسی و تینوو و ڕووتین و لێماندراوە، و لە شوێنی مانەوەش بێبەشین12تێدەکۆشین و بەدەستەکانمان کار دەکەین. سوکایەتیمان پێدەکرێت و داوای بەرەکەت دەکەین و دەمان چەوسێننەوە و بەرگە دەگرین 13ئەگەر بریندار بووین ئارام دەبین. ئێمە وەک پیسی جیهان و زبڵ و خاشاکی هەمووان بووین، و ئێستاش هەر واین!14من ئەمە بۆ شەرمەزارکردنتان نانووسم، بەڵکو بۆ ئاگادارکردنەوەتان وەک منداڵە خۆشەویستەکانم. 15لەوانەیە دە هەزار ڕابەرت هەبێت لە مەسیحدا، بەڵام باوکانت زۆر نییە! لەبەر ئەوە لە یەشوای مەسیحدا من بووم بە باوکتان لە ڕێگەی مزگێنیەکەوە. 16بۆیە داوتان لێدەکەم ئەوە بکەن کە من دەیکەم.17هەر لەبەر ئەمەش تیمۆساوس، کوڕە خۆشەویست و دڵسۆزەکەم لە پەروەردگاردا ناردە لاتان، چونکە ئەو ڕێگایانەتان بیردەخاتەوە کە لە مەسیحدا پێیدا ڕۆیشتم، وەک چۆن لە هەموو شوێنیک و کڵێساکان ئاوا فێردەکەم. 18چونکە هەندێکتان پێیان وابوو کە نایەمە لای ئێوە و لە خۆبەزلزانینەوە خۆیان گەورە کرد!19بەڵام ئەگەر خودا بیەوێت، بە خێرایی دێم بۆ لاتان، و نەک قسەی ئەم خۆبەزلزانانە بەڵکو تواناشیان تاقی دەکەمەوە. 20چونکە شانشینی خودا بە قسە نییە، بەڵکو بە دەسەڵاتە. 21چۆنتان پێ باشە من بێمە لاتان: بە گۆچان یان بە خۆشەویستی و گیانی نەرم و نیانی؟
1لە ڕاستیدا دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەتەوە کە داوێنپیسی لە نێوانتاندا هەیە. ئەو جۆرە داوێنپیسیە تەنانەت لە نێو نەتەوەکانیشدا بوونی نییە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە پیاوێک لە ئێوە لەگەڵ باوەژنەکەی دەخەوێت. 2لەگەڵ ئەوەشدا، خۆبەزلزان و لووت بەرزن، لەبری ئەوە شیوەن بگێڕن تا ئەنجام دەری ئەم کارە لەناو خۆتاندا بنبڕ دەکەن!3چونکە لە کاتێکدا من لە جەستەدا لە لاتان نیم، بەڵام بە گیان لە لاتانم، وەک ئەوەی ئامادە بم بڕیارم لەسەر تاوانبارەکە داوە: 4کاتێک بە ناوی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح کۆدەبنەوە، گیانی من لەگەڵتاندایە، بە دەسەڵاتی یەشوای مەسیحی پەروەردگارمان، 5بڕیار بدەن ئەنجام دەری ئەم کارە ڕادەستی شەیتان بکرێت، بۆ ئەوەی جەستەی لەناو بچێت؛ سەبارەت بە گیانی ئەویش لە ڕۆژی یەشوای پەروەردگار ڕزگاری دەبێت.6شانازیکردنەکەت لە شوێنی خۆیدا نییە! نازانن کە کەمێک هەویرترش هەموو هەویرەکە هەڵدەهێنێت؟ 7خۆتان لە هەویرترشی کۆن پاک بکەنەوە تاکو ببنە هەویرێکی نوێ، چونکە ئێوە فەتیرەن! لەبەر ئەوەی بەرخی پەسخەمان، واتا مەسیح، سەربڕدرا. 8کەواتە با جەژن بگێڕین، نەک بە هەویرترشی بەسەرچوو، نە بەهەویرترشی کینە و خراپە، بەڵکو بە فەتیرەی ڕزگاری و ڕاستی.9لە نامەکەمدا بۆم نووسیون کە تێکەڵی داوێنپیسی نەبن. 10بەهیچ شێوەیەک مەبەستم لە داوێنپیسانی جیهان نییە یان چاوچنۆکان یان دزەکان یان بتپەرستان، ئەگینا ناچار دەبوون کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەجێبهێڵن!11بەڵام ئێستا بۆتان دەنووسم هاوبەشی کەسێک مەکەن کە پێی دەوترێت برا و داوێنپیس بێت چاوچنۆک بێت بتپەرست بێت جنێوفرۆش بێت سەرخۆش بێت یان دز بێت. هاوبەشی کەسێکی ئاوا مەکەن لەگەڵیدا دامەنیشن بۆ خواردن. 12چ پەیوەندییەکم لەگەڵ ئەوانەی دەرەوەی (کڵێسا) هەیە تا دادوەریان بکەم؟ ئایا ئێوە بڕیار لەسەر ئەوانەی ناوەوە نادەن؟ 13سەبارەت بەوانەی لە دەرەوەن، خودا بڕیاریان لەسەر دەدات. «کەواتە خراپەکار لە نێو خۆتاندا دوور بخەنەوە».
1ئەگەر کەسێک لە ئێوە سکاڵای لەسەر کەسێکی تر هەبێت، ئایا دەوێرێت لای نادادپەروەرەکان تۆماری بکات نەک لای پیرۆزکراوان؟ 2ئایا نازانیت پیرۆزکراوان داوەری جیهان دەکەن؟ بەو پێیەی دەتەوێت بڕیار لەسەر جیهان بدەیت، ئایا شایستەی ئەوە نیت بڕیار لەسەر شتە سادەکان بدەیت؟ 3ئایا نازانن ئێمە بڕیار لەسەر فریشتەکان دەدەین؟ ئایا ئێمە شیاوی ئەوە نین بڕیار لەسەر شتەکانی ئەم ژیانە بدەین؟4ئەگەر، ناکۆکی لە نێوانتاندا هەبوو سەبارەت بە پرسەکانی ئەم ژیانە، ئەوا منداڵان لە کڵێسادا دادەنیشن بۆ دادگایتان. 5من ئەمە دەڵێم بۆ شەرمە زاریتان. ئایا یەکێکی داناتان تێدا نییە بتوانێت دادوەری لەنێو برایانی بکات! 6بەڵام برایەک سکاڵا لەسەر براکەی تۆمار دەکات، و ئەوەش لە پێش چاوی بێباوەڕاندا.7لە ڕاستیدا بەتەواوی شەرمەزارییە بۆ ئێوە کە سکاڵا لەسەر یەکتر تۆمار بکەن. باشترنییە بۆتان بەرگەی ستەم و خراپی یەکتر بگرن؟ 8 بەڵام ئێوە ستەم و فێڵ دەکەن تەنانەت لە برایانیشتان.9ئایا نازانن ستەمکاران شانشینی خودا بە میرات ناگرن؟ فریو مەخۆن: نە داوێنپیسان و نە بتپەرستان و نە خراپەکاران و نە هاوڕەگەزبازان شانشینی خودا بە میرات ناگرن 10نە دزەکان و نە چاوچنۆکان و نە سەرخۆشەکان و نە جنێوفرۆشان و نە قۆرخکاران. 11هەندێک لە ئێوەش بەم شێوەیە بوون، بەڵام شۆردراون، پیرۆز کران، بێتاوان کران، بە ناوی پەروەردگار یەشوای مەسیح و گیانی خودامانەوە.12هەموو شتێک بۆ من ڕێگە پێدراوە، بەڵام هەموو شتێک سودی نییە. هەموو شتێک بۆ من ڕێگە پێدراوە، بەڵام ناهێڵم هیچ شتێک زاڵ بێت بەسەرمدا. 13خواردن بۆ سکە، سکیش بۆ خواردنە؛ بەڵام پەروەردگار هەردووکیان لە ناو دەبات. بەڵام جەستە بۆ داوێنپیسی نییە، بەڵکو بۆ پەروەردگارە؛ پەروەردگاریش بۆ جەستەیە.14خودا پەروەردگاری لە مردن هەڵستاندەوە، بە هێزی خۆی ئێمەش هەڵدەستێنێتەوە! 15ئایا نازانن جەستەتان ئەندامی مەسیحە؟ ئایا دروستە بۆ من ئەندامەکانی مەسیح وەربگرم و بیکەمە ئەندامی داوێنپيسێک؟ خوا نەکا!16ئایا نازانن هەرکەسێک لەگەڵ زیناکارێک یەکدەگرێت لەگەڵیدا دەبێتە یەک جەستە؟ چوونکە دەفەرموێت: « ئەو دووانە دەبنە یەک جەستە». 17هەرکەسێک لەگەڵ پەروەردگار یەکبگرێت، لەگەڵیدا بووە بە یەک گیان!18لە داوێنپیسی ڕاکەن! هەر تاوانێک مرۆڤ ئەنجامی بدات لە دەرەوەی جەستەی خۆیەتی، هەرکەسێک داوێنپیسی بکات، سووکایەتی بە جەستەی خۆی دەکات.19ئایا نازانن جەستەتان پەرستگای گیانی پیرۆزە کە لە تۆدا دەژی و لە خوداوە پێتان دراوە و تۆ هی خۆت نیت؟ 20چونکە ئێوە بە نرخێک کڕدراون. جا بە جەستەتان خودا شکۆمەند بکەن.
1سەبارەت بەو بابەتانەی کە بۆتان نووسیوم، باشترە پیاو دەست لە ژن نەدات. 2بەڵام بۆ دوورکەوتنەوە لە داوێنپیسی، با هەر پیاوێک ژنی خۆی هەبێت، هەر ژنێکیش مێردی خۆی هەبێت.3پێویستە مێرد مافی شایستەی ژنەکەی بدات، ژنەکەش بە هەمان شێوە. 4ژن هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر جەستەی خۆیدا نییە، بەڵام مێردەکەی دەسەڵاتی هەیە. بە هەمان شێوە مێرد هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر جەستەی خۆیدا نییە، بەڵکو دەسەڵاتی ژنەکەیەتی.5نابێت هیچ کام لە ئێوە ڕێگری لە ئەویتر بکات تەنها کاتێک نەبێت کە هەردووکتان ڕەزامەند بن لەسەری، وە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، بە مەبەستی تەرخانکردنی خۆتان بۆ نزاکردن. دوای ئەوە بگەڕێنەوە بۆ پەیوەندیەکەی پێشووتان، بۆ ئەوەی شەیتان تاقیتان نەکاتەوە لەبەر نەبوونی خۆڕاگریتان. 6بەڵام ئێستا ئەمە وەک ئامۆژگاری دەڵێم نەک فەرمان؛ 7هیوادارم هەموو خەڵکی وەک من بن. بەڵام هەر مرۆڤێک بەهرەی تایبەتی خۆی هەیە لە خوداوە: هەندێکیان ئاوا و هەندێکیش ئاوایە.8بەڵام ئەو کەسانەی کە هاوسەرگیریان نەکردووە و زگورتن پێتان دەڵێم بۆ ئەوان باشترە وەک من بمێننەوە. 9بەڵام ئەگەر نەیانتوانی خۆڕاگربن، با هاوسەرگیری بکەن. چونکە هاوسەرگیری باشترە لە سووتان.10سەبارەت بەوانەی هاوسەرگیریان کردووە، من ڕاسپاردەیەکتان پێدەدەم نەک لەلایەن منەوە بەڵکو لەلایەن پەروەردگارەوە، کە ژنەکە لە مێردەکەی جیا نەبێتەوە، 11ئەگەر لێی جیا بووبێتەوە، ئەوا دەبێت بێ مێرد بمێنێتەوە، یان دەبێت لەگەڵ مێردەکەی ئاشتبێتەوە مێردەکەش نابێت ژنەکەی بەجێی بهێڵێت.12سەبارەت بە ئەوانی تریش، من پێیان دەڵێم، نەک پەروەردگار: ئەگەر برایەک ژنێکی هەبێت کە باوەڕدار نییە، و ئەویش ئامادە بوو لەگەڵیدا بژی، نابێت بەجێی بهێڵێت. 13ئەگەر ژنێک مێردێکی هەبوو باوەڕدار نەبوو، و ئەویش ئامادە بوو لەگەڵیدا بژی، نابێت بەجێی بهێڵێت. 14ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە پیاوی بێباوەڕ لە ژنەکەیدا پیرۆز کراوە، ژنە بێباوەڕەکەش لە مێردەکەیدا پیرۆز کراوە. ئەگینا منداڵی ناو هاوسەرگیرییەکی لەو شێوەیە گڵاو دەبوون، بەڵام ئێستا پیرۆزن.15بەڵام ئەگەر بێباوەڕ جیابۆوە، با جیاببێتەوە؛ خوشک یان برا لە دۆخی ئاوادا هیچ نەبەستراوەتەوە، بەڵام خودا بانگی کردوویت بۆ ئەوەی بە ئاشتی بژیت. 16ئەی ژن چۆن دەزانیت، مێردەکەت بە تۆ ڕزگاری دەبێت؟ یان ئەی مێرد، چۆن دەزانیت، ژنەکەت بە تۆ ڕزگاری دەبێت؟17لە هەر دۆخێکدا، با هەر کەسێک ژیانی خۆی بژی بەو شێوەیەی کە پەروەردگار بەشی پێداوە و ئەو بنەمایەی خودا بانگی کردوون بۆیی ئەویە کە من فەرمانی پێدەکەم لە هەموو کڵێساکاندا. 18ئەوەی بە خەتەنەکراوی بانگکراوە، نابێتە خەتەنە نەکراو، ئەوەش بە خەتەنە نەکراوی بانگکراوە، نابێتە خەتەنە کراو. 19خەتەنەکردن هیچ نییە، وە خەتەنە نەکردن هیچ نییە، بەڵام ئەوەی گرنگە کارکردنە بە ڕاسپاردەکانی خودا.20با هەر کەسێک لەو بارودۆخەدا بمێنێتەوە کە تێیدا بووە کاتێک خودا بانگی کردووە. 21ئایا تۆ کۆیلە بوویت کاتێک بانگ کرایت؟ گرنگی بەو شتە مەدە. بەڕاستی ئەگەر دەرفەتی ئازادبوونت هەبێت، باشترە بیکەیت. 22چونکە ئەوەی بەندەیە کاتێک پەروەردگار بانگی دەکات، ئەوە دەبێتە ئازادکراوی پەروەردگار. بە هەمان شێوە ئەوەشی کە ئازاد بووە، کاتێک بانگکراوە ئەوە دەبێتە خزمەتکاری مەسیح. 23ئێوە بە نرخێک کڕدراون، بۆیە مەبن بە کۆیلەی مرۆڤ. 24برایان، با هەریەکەتان لەگەڵ خودا بمێنێتەوە، لەو دۆخەی کە تێیدا بووە کاتێک بانگ کرا.25سەبارەت بەو کەسانەی هاوسەرگیریان نەکردووە، من ڕاسپاردەیەکی تایبەتم نییە لەلایەن پەروەردگارەوە بۆیان، بەڵام بۆچوونێک دەدەم وەک چۆن لە پەروەردگار بەزەییم وەرگرتووە بۆ ئەوەی بتوانم متمانەپێکراو بم. 26بەهۆی ئەو تەنگانەیەی ئێستا، پێموایە باشترە بۆ مرۆڤ وەک خۆی بمێنێتەوە.27ئەگەر بە ژنەوە پەیوەستیت، بەدوای جیابوونەوەدا مەگەڕێ، وە ئەگەر بە ژنەوە پەیوەست نیت، بەدوای ژندا مەگەڕێ. 28بەڵام، ئەگەر ژن بهێنیت گوناهت نەکردووە. ئەگەر پاکیزەش مێرد بکات، گوناهی نەکردووە. بەڵام هاوشێوەی ئەمانە تووشی سەختی ژیان دەبنەوە، من دەمەوێت لەوانە بتان پارێزم.29. چونکە، ئەی برایان، پێتان دەڵێم کاتەکە کورت دەبێتەوە. سەبارەت بە بابەتەکانی تر، با ئەوانەی ژنیان هەیە وەک ئەوەبن کە ژنیان نەبێت. 30ئەوانەی دەگرین وەک ئەوەیە نەگرین، ئەوانەی شادن وەک ئەوەیە شاد نەبن، ئەوانەی دەکڕن وەک ئەوەیە هیچیان نەبێت، 31ئەوانەی ئەم دونیایە دەقۆزنەوە وەک ئەوەی نەیان قۆزتبێتەوە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە شێوازی ئەم جیهانە زوو بەسەر دەچێت.32دەمەوێت ئێوە دووربن لە نیگەرانی. کەسی بێ هاوسەر گرنگی بە بابەتەکانی پەروەردگار دەدات 33ئامانجی ڕازیکردنی پەروەردگارە. سەبارەت بە پیاوی خێزاندار خەمی کاروباری جیهانە و ئامانجی ڕازیکردنی ژنەکەیەتی، 34بەرژەوەندییەکە دابەش دەبێت. بە هەمان شێوە ژنانی بێ مێرد و پێگەیشتووان گرنگی بە بابەتەکانی پەروەردگار دەدەن و ئامانجیان پیرۆزییە لە جەستە و گیاندا. سەبارەت بەو ژنەی مێردی هەیە خەمی کاروباری جیهانە و ئامانجی ڕازیکردنی مێردەکەیەتی.35ئەمە بۆ چاکەی خۆتان دەڵێم، نەک بۆ ئەوەی تەڵەیەکتان بۆ دابنێم، بەڵکو لە پێناو ئەوەی کە گونجاوە و سەرنجتان بەرەو پەروەردگار ڕابکێشم بەبێ شڵەژان.36بەڵام، هەرکەسێک نیگەرانە لەوەی کە ڕەنگە بە شەرەفمەندانە رەفتار لەگەڵ ئەو پاکیزەیە نەکات، کە دەستگیرانیەتی و ئەگەر ئارەزووەکانی زۆر بەهێز بن و هەست دەکات کە دەبێ هاوسەرگیری بکات، ئەوا پێویستە بەو شێوەیەی کە دەیەوێت بیکات. گوناهە ناکات. با هاوسەرگیری بکات. 37سەبارەت بەو کەسەی بە دڵ بڕیاری داوە، و ناچار نییە، بەڵکو بە تەواوی خۆڕاگرە، و خۆی هەڵیدەبژێرێت کە ڕەبەن بێت، ئەوا چاکە دەکات. 38کەواتە، هەرکەسێک هاوسەرگیری بکات باش دەکات، هەرکەسێک هاوسەرگیری نەکات باشترە.39ژنەکە تا مێردەکەی بژی بەئەوەوە گرێدراوە. ئەگەر مێردەکەی مرد، ئازاد دەبێت و مافی ئەوەی هەیە هەر پیاوێک بیەوێت هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات، بەڵام تەنها لە پەروەردگاردا. 40بەڵام، بە بۆچوونی من، ئەو دڵخۆشتر دەبێت ئەگەر وەک خۆی بمێنێتەوە، و پێموایە کە منیش، گیانی خودام هەیە!
1سەبارەت بەو قوربانیانەی پێشکەش بە بتەکان دەکرێت، ئێمە دەزانین و بۆ هەموومان زانراوە. زانین لووتبەرز دەکات، بەڵام خۆشەویستی بنیات دەنێت. 2هەرکەسێک پێی وایە شتێک دەزانێت، هێشتا هیچ شتێک بە ڕاستی نازانێت. 3بەڵام هەرکەسێک خودای خۆش بوێت، خودا دەیناسێت.4سەبارەت بە خواردنی قوربانی بتەکان، دەزانین کە بت خودایەک نییە کە لە گەردووندا بوونی هەبێت، و تەنها یەک خودا هەیە. 5تەنانەت ئەگەر بەناو خوداوەندەکان لە ئاسمان یان لەسەر زەوی هەبن و چەند خوداوەند و پەروەردگاریان هەیە! 6ئێمە تەنها یەک خودامان هەیە کە باوکە، کە هەموو شتەکان لێیەوە سەرچاوە دەگرن، و ئێمەش لە ئەوین؛ یەک پەروەردگار هەیە، یەشوای مەسیح، کە هەموو شتێک و ئێمە بە ئەو هەین.7بەڵام هەموو کەس ئەم ڕاستییە نازانێت: هەندێکیان خوویان گرتووە بەوەی کە بتەکان لە ڕاستیدا بوونیان هەیە، و هێشتا لەو قوربانییانە دەخۆن وەک ئەوەی لە ڕاستیدا پێشکەشییەک بن بۆیان، بۆیە ویژدانیان پیس دەبێت بەهۆی لاوازیەکانیانەوە.8بەڵام خواردن لە خودا نزیکمان ناکاتەوە، ئەگەر لێی بخۆین پێگەمان بەرز نابێتەوە، وە ئەگەر لێی نەخۆین پێگەمان کەم نابێتەوە! 9بەڵام ئاگاداربن ئەم مافەی ئێوە نەبێتە تەڵەیەک کە لاوازەکان بکەونە ناویەوە. 10ئەی مرۆڤی زانا، ئەگەر کەسێک بینیتی دانیشتوویت بۆ خواردن لە پەرستگای بتەکان، ئایا ویژدانی لاوازی بەهێز نابێت، بۆ خواردنی لە قوربانیی بتەکان،11بەم شێوەیە ئەو کەسە لاوازە، کە برای تۆیە کە مەسیح لە پێناویدا مرد، بەهۆی زانیاری تۆ لەناو دەچێت! 12کاتێک بەم شێوەیە گوناهە دەکەیت بەرامبەر براکانت و ویژدانی لاوازیان بریندار دەکەیت، ئەوا گوناهە دەکەیت دژی مەسیح. 13بۆیە ئەگەر هەندێک خواردن تەڵەیەک بێت بۆ ئەوەی براکەم بکەوێتە ناویەوە، ئەوا هەرگیز گۆشت ناخۆم، بۆ ئەوەی نەبمە هۆی کەوتنی براکەم!
1ئایا من ئازاد نیم؟ ئایا من نێردراو نیم؟ ئایا یەشوای پەروەردگارمان نەبینیوە؟ ئایا ئێوە کاری دەستەکانم نین لە پەروەردگاردا؟ 2ئەگەر من نێردراو نەبم بۆ ئەوانی تر، ئەوا من نێردراوم بۆ ئێوە، چونکە ئێوە مۆری نێردراوێتی منن لە پەروەردگاردا.3ئەمە بەرگری منە بۆ ئەوانەی لێپرسینەوەم لێدەکەن: 4ئایا مافی خواردن و خواردنەوەمان نییە؟ 5ئایا ئێمە مافی ئەوەمان نییە یەکێک لە خانمانی باوەڕدار بکەینە هاوسەرمان بۆ ئەوەی لەگەڵمان بێت، وەک نێردراوانی دیکە و براکانی پەروەردگار، و پەترۆ؟ 6ئایا من و بەرنابا بەتەنها مافی ئەوەمان نییە واز لە کارکردن بهێنین؟7کام سەرباز لەسەر خەرجی خۆی دەچێتە جەنگەوە؟ چ جوتیارێک ڕەزێک دەچێنێت و بەرەکەی ناخوات؟ یان چ شوانێک مێگەلێک دەلەوەڕێنێت و لە شیری مێگەلەکە ناخوات؟ 8پێتان وایە من بە تێگەیشتنی مرۆڤانە ئەم قسانە دەکەم؟ ئایا تەوراتیش ئاوا ڕاینەسپاردوین؟9چونکە لە تەوراتی موشە نووسراوە: «نابێت دەمی گا بگریت لە کاتێکدا گێرەی دانەوێڵە دەکات». دەبینیت، کە خودا گرنگی بە گامێش دەدات، 10ئایا هەمووی لە پێناو ئێمەدا فەرموو؟ بەڵێ، لە پێناو ئێمەدا نووسراوە، چونکە مافی جووتیارە بە هیواوە بچێنیێت، ئەوەی گێرەدەکات بەو هیوایە بیکات، کە بەشی لە بەرهەمەکەدا هەیە. 11بەو پێیەی ئێمە شتە گیانییەکانمان بۆ ئێوە چاندووە، ئایا زۆرە بۆ ئێمە کە شتە مادییەکان لە ئێوەدا دروێنە بکەین؟12ئەگەر کەسێکی تر ئەم مافەی بەسەر ئێوەدا هەبێت، ئایا ئێمە مافی زیاترمان نییە؟ بەڵام ئێمە ئەم مافەمان بەکارنەهێنا؟ بەڵکو بەرگەی هەموو شتێک دەگرین، لە ترسی ئەوەی هەر بەربەستێک بخەینە بەردەم مزگێنی مەسیح! 13ئایا نازانن ئەوانەی لە پیرۆزگاکان کاریان دەکرد لەو شتانەیان دەخوارد کە پێشکەش بە پەرستگاکە دەکرا، و ئەوانەی خزمەتیان بە قوربانگاکە دەکرد، بەشدارییان لە شتە باشەکانی قوربانگاکەدا دەکرد؟ 14هەروەها بەم شێوەیە پەروەردگار فەرمانی داوە مزگێنیدەر ژیانی لەسەر مزگێنییەکەی دەبێت.15بەڵام من هیچ کام لەم مافانەم بەکارنەهێناوە. من ئێستا ئەمەم نەنووسیوە بۆ ئەوەی شتێک بەدەست بهێنم. من پێم باشترە بمرم لەوەی کەسێک شانازیەکەم تێکبدات. 16کاتێک مزگێنی ئەدەم، شانازی پێوە ناکەم، چونکە پێویستەو ئەرکە لەسەرم، هاوار بەمن ئەگەر مزگێنی نەدەم!17ئەگەر خۆبەخشانە ئەم کارە بکەم، پاداشتم دەدرێتەوە. بەڵام، ئەگەر ناچار بم، بەرپرسیارێتیم وەرگرتووە، 18کەواتە پاداشتی من چییە؟ ئەوەیە کە بە خۆڕایی مزگێنی ئەدەم، بەبێ ئەوەی سودی تەواو لە مافەکەم وەربگرم لە بەرامبەر مزگێنیدانەکەم.19هەرچەندە لە هەمووان ئازادم، بەڵام خۆمم کردووە بە کۆیلە بۆ هەمووان، بۆ ئەوەی زۆرترینیان بەدەست بهێنم. 20بۆیە وەک یەهودییەک بۆ یەهودییەکان دەرکەوتم، بۆ ئەوەی یەهود بەدەست بهێنم؛ وە بۆ ئەوانەی ملکەچی تەوراتن وەک ئەوەی منیش ملکەچبم هەرچەندە ملکەچی نیم تا ئەوانەی ملکەچی تەوراتن بەدەست بهێنم؛21بۆ ئەوانەی بێ یاسان خۆم وەک و بێ یاسا لێکرد هەرچەندە لەگەڵ خودا بێ یاسا نیم بەڵام ملکەچی یاسای مەسیحم بۆ ئەوەی ئەوانەی بەدەستبهێنم کە بێ یاسان. 22بۆ لاوازەکان لاواز بووم، بۆ ئەوەی لاوازەکان بەدەستبهێنم. من بووم بە هەموو شتێک بۆ هەمووان، بۆ ئەوەی هەندێکیان ڕزگاربکەم گرنگ نییە تێچووکەی چییە. 23هەموو شتێک دەکەم لە پێناو مزگێنیدان بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەوانی تردا هاوبەش بم تێیدا.24ئایا نازانیت هەموو پێشبڕکێکاران لە مەیدانەکەدا ڕادەکەن بەڵام تەنها یەکێکیان خەڵاتەکە دەباتەوە؟ بەم شێوەیە ڕابکە تا دەیبەیتەوە! 25هەموو پێشبڕکێکارێک لە بوارە جیاجیاکاندا ڕاهێنانی توند دەکات. بۆ بردنەوەی تاجێکی لەناوچوو، لە کاتێکدا ئێمە بۆ بردنەوەی تاجێکی لەناو نەچوو ئەوە دەکەین. 26کەواتە، من بەم شێوەیە ڕادەکەم، نەک وەک کەسێکی بێ ئامانج، بەم شێوەیە من بۆکسێن دەکەم، نەک وەک کەسێک مشت لە هەوا بدات، 27بەڵکو مشت لە جەستەم دەدەم و دەیکەم بە دیل، لە ترسی ئەوەی وا دەرکەوێت کە من شایستە نیم (بۆ خەڵاتەکە) پاش ئەوەی کەسانی دیکەم بانگهێشت کرد بۆی!
1چونکە نامەوێت ئەوەتان لێ بشاردرێتەوە، برایان کە باوباپیرانمان هەموویان لە ژێر هەورەکەدا بوون، و هەموویان بە دەریادا تێپەڕین، 2جا هەموویان بە شوێنکەوتووی موشە، لە هەور و لە دەریادا لە ئاو هەڵکێشران، 3هەموویان یەک خواردنیان خوارد کە ئاماژەیەکی گیانی هەبوو، 4هەموویان یەک خواردنەوەیان خواردەوە کە ئاماژەیەکی گیانی بوو، وەک چۆن لە بەردێکی گیانی دەیانخواردەوە کە شوێنیان کەوتبوو، ئەو بەردەش مەسیح بوو.5لەگەڵ ئەوەشدا، زۆربەیان مایەی ڕەزامەندی خودا نەبوون بۆیە بە مردوویی فڕێدرانە بیابان. 6بەڵام ئەم شتانە نموونەیەک بوون بۆ ئێمە، بۆ ئەوەی وەک ئەوان ئارەزووی خراپەکاری نەکەین.7وەک هەندێک لەوان بت پەرست مەبن، وەک ئەوەی نووسراوە: «گەل دانیشتن بۆ خواردن و خواردنەوە، پاشان هەستان بۆ سەماکردن و خۆشی». 8با داوێنپیسی نەکەین وەک هەندێک لەوان کردیان، لە یەک ڕۆژدا بیست و سێ هەزار کەسیان لێکەوت.9با پەروەردگار تاقی نەکەینەوە وەک چۆن هەندێکیان تاقییان کردەوە، و بە مار لەناوچوون. 10بۆڵەبۆڵ مەکەن، وەک هەندێکیان کردیان و بە دەستی فریشتەی لەناوبەر لەناوچوون.11هەموو ئەمانە وەک نموونەیەک بەسەریاندا هات، و وەک ئاگادارکردنەوەیەک بۆ ئێمە نووسراون، کە کۆتایی سەردەمان بەڕێوەیە. 12هەرکەسێک پێی وایە ڕاوەستاوە، با ئاگاداری ئەوە بێت کە نەکەوێت. 13هیچ تاقیکردنەوەیەک بەسەرتدا نەهاتووە تەنها ئەوانە نەبێت کە بە ویستی مرۆڤ دەژیت. بەڵام خودا دڵسۆز و جێی متمانەیە، ڕێگە نادات تاقی بکرێیتەوە لەوە زیاتر کە بەرگەی دەگریت، بەڵکو لەگەڵ تاقیکردنەوەکەدا ڕێگایەک بۆ دەربازبوون دابین دەکات بۆ ئەوەی بەرگەی بگریت.14بۆیە خۆشەویستانم، لە بتپەرستی ڕابکەن. 15قسەکانم بۆ ژیرمەندەکانە: بۆیە بڕیار بدەن لەسەر ئەوەی چی دەڵێم. 16ئایا ئەو جامی بەرەکەتە کە ئێمە بەرەکەتداری دەکەین بەشداریکردن نییە لە خوێنی مەسیحدا؟ ئایا ئەو نانەی کە دەیشکێنین بەشداریکردنێک نییە لە جەستەی مەسیحدا؟ 17ئێمە زۆرین یەک نانین، واتە یەک جەستەین، چونکە هەموومان لە یەک ناندا هاوبەشین.18وەک مرۆڤێک سەیری یەسرائیل بکەن: ئایا قوربانی خۆرەکان بەشداریکردنیان لە قوربانگادا هاوبەش نییە؟ 19کەواتە مەبەستم چییە؟ ئایا ئەوەی دەکرێتە قوربانی بت نرخی هەیە یان بت نرخی هەیە؟20نەخێر، بەڵام ئەوەی بت پەرستان دەیکەنە قوربانی، بۆ شەیتانی دەکەن نەک بۆ خودا. من نامەوێت ئێوە لەگەڵ شەیتاندا هاوبەش بن. 21ناتوانن جامەکەی پەروەردگار و جامی شەیتان پێکەوە بخۆنەوە، 22هەروەها ناتوانن هاوبەش بن لە خوانی پەروەردگار و خوانی شەیتان پێکەوە، یان هەوڵدەدەین ئیرەیی پەروەردگار بوروژێنین؟ یان ئێمە لە ئەو بەهێزترین؟23هەموو شتێک ڕێگە پێدراوە، بەڵام هەموو شتێک سوودی نییە. هەموو شتێک ڕێگە پێدراوە، بەڵام هەموو شتێک بنیاتنەر نییە. 24کەس بەدوای بەرژەوەندی خۆیدا نەگەڕێت، بەڵکو بە دوای بەرژەوەندیی ئەوانی تردا بگەڕێت!25هەرچییەک لە بازاری گۆشت فڕۆشاندا دەفڕۆشرێت، لێی بخۆ، بەبێ ئەوەی پرسیار بکەیت بۆ ڕازیکردنی ویژدانت. 26چونکە زەوی و هەموو ئەوەی تێیدایە هی پەروەردگارە. 27بەڵام ئەگەر بێباوەڕێک بانگهێشتی کردیت و ویستت یاوەری بکەیت، هەرچی لە پێش دانایت بیخۆ، بەبێ ئەوەی پرسیار بکەیت بۆ ڕازیکردنی ویژدانت.28بەڵام ئەگەر کەسێک پێت بڵێت: «ئەمە قوربانییەکە بۆ بتەکان»، لەبەر ڕێزگرتن لەو کەسەی پێی وتوون و بۆ ڕازیکرنی ویژدانتان لێی مەخۆن. 29کاتێک دەڵێم «ویژدان» مەبەستم ویژدانی خۆت نییە بەڵکو مەبەستم ویژدانی ئەویترە. بۆچی ویژدانی کەسێکی تر بڕیار لەسەر ئازادیم بدات؟ 30مادام شتێک دەخۆم و سوپاسی خودای لەسەر دەکەم، بۆچی دەبێت بوترێت خراپ بۆ ئەو شتەی سوپاسی لەسەر دەکەم؟31جا بخۆیت یان بخۆیتەوە یان هەر کارێک دەیکەیت، هەموو شتێک بکە بۆ شکۆمەندی خودا. 32مەبە هۆکار بۆ کەوتنی هیچ کەسێک، جا یەهودی بێت، چ یۆنانی یان کڵێسای خودا. 33چونکە بە هەمان شێوە هەوڵ دەدەم لە هەموو شتێکدا دڵی هەمووان ڕازی بکەم، گرنگی بە بەرژەوەندی تایبەتی خۆم نادەم، بەڵکو گرنگی بە بەرژەوەندی زۆر کەس دەدەم، بۆ ئەوەی ڕزگاریان بێت.
1وەک من بکەن هەروەک چۆن منیش وەک مەسیح دەکەم! 2ستایشتان دەکەم چونکە لە هەموو بابەتێکدا یادم دەکەن و فێرکارییەکان دەپارێزن وەک چۆن من پێم گەیاندوون. 3بەڵام دەمەوێت بزانن کە مەسیح سەری هەموو پیاوێکە؛ سەری ژنیش پیاوە، سەری مەسیحیش خودایە. 4هەر پیاوێک نزا بکات یان پێشبینی بکات. بە سەری داپۆشراو، ئەوە شەرمەزاری بەسەر خۆیدا دەهێنێت.5هەر ژنێک نزا بکات یان پێشبینی بکات، بەبێ داپۆشینی سەری، شەرمەزاری بەسەر خۆیدا دەهێنێت، وەک سەر تاشراوێک. 6ئەگەر ژن سەری دانەپۆشێت، با قژی ببڕێت! بەڵام، ئەگەر بۆ ژن شەرمەزارییە قژی ببڕێت یاخود بیتاشێت، با سەری داپۆشێت.7ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە پیاو نابێت سەری داپۆشێت، چونکە وێنە و شکۆمەندی خودایە. سەبارەت بە ژنیش، ئەو شکۆمەندی پیاوە. 8چونکە پیاو لە ژنەکە وەرنەگیرا، بەڵکو ژنەکە لە پیاوەکە وەرگیرا؛9پیاو لە پێناو ژندا بوونی نەبووە، بەڵکو ژن لە پێناو پیاودا بوونی هەبووە. 10بۆیە ئافرەت دەبێت دەسەڵات لەسەر سەری بێت، لەبەر فریشتەکان.11بەڵام لە پەروەردگاردا ژن بێ پیاو نییە، و پیاویش بێ ژن نییە. 12هەروەک چۆن ژن لە پیاو وەرگیراوە، پیاویش لەلایەن ژنەوە تەواو دەکرێت، بەڵام هەموو شتێک لە خوداوەیە.13کەواتە بۆ خۆتان بڕیار بدەن: ئایا گونجاوە ژن بە سەری دانەپۆشراو نزا بۆ خودا بکات؟ 14ئایا سروشت خۆی فێرتان ناکات کە شەرمەزارییە بۆ پیاو کە قژی درێژ بکاتەوە، 15لەکاتێکدا ئافرەتێک قژی درێژبێت بۆی جێگای شانازییە، چونکە قژ وەک داپۆشەرێک پێی دراوە. 16بەڵام ئەگەر کەسێک بیەوێت ناکۆکی نیشان بدات، نە ئێمە داب و نەریتی وامان هەیە نە کڵێساکانی خوداش!17بۆیە لە سەرمە، بەردەوام بم لە ڕاسپاردنتان بەمە، ستایشتان ناکەم، چونکە کۆبوونەوەکانتان زیانی زیاترە لە سوود. 18سەرەتا بیستم، کە کاتێک کۆمەڵەکەت کۆدەبێتەوە، ناتەبایی لە نێوانتاندا دروست دەبێت. 19باوڕدەکەم کە ڕاست بێت، بێگومان دەبێت لەنێوانتاندا جیاوازی هەبێت، تاکو شایستەکان لە نێوانتاندا دەربکەون.20کاتێک لە یەک شوێن کۆدەبنەوە، کۆنابنەوە بۆ خواردنی خوانی پەروەردگار، 21چونکە هەرکەسێک پێش دەکەوێت بۆ خواردنی ژەمی ئێوارەی خۆی، بۆیە یەکێکیان برسی دەمێنێتەوە، ئەوی تریان دەخواتەوە تا سەرخۆش دەبێت! 22ماڵتان نییە بۆ خواردن و خواردنەوە؟ یان سووکایەتی بە کڵێسای خودا دەکەن و سوکایەتی بەو کەسانە دەکەن کە هیچیان نییە؟ چیت پێ بڵێم؟ ستایشتان بکەم؟ بۆ ئەمەش ستایشی ئێوە ناکەم!23چونکە ئەوەی بە ئێوەم بەخشیوە لە پەروەردگار وەرمگرتووە. ئەوەیە کە یەشوای پەروەردگار، ئەو شەوەی بە گرتن درا، نانێکی هەڵگرت، 24سوپاسی کرد، پاشان نانی شکاند و فەرمووی: « ئەمە جەستەی منە کە لە پێناوی ئێوەدا دەشکێت ئەمە بکەن بۆ یادی من».25بەهەمان شێوە دوای نانخواردن، جامەکەی هەڵگرت و فەرمووی: «ئەم جامە پەیمانی نوێیە بە خوێنی من ئەمە بکەن و بیخۆنەوە، بۆ یادی من». 26بۆیە هەرکاتێک ئەم نانەتان خوارد و ئەم جامانەتان خواردەوە، مردنی پەروەردگار ڕادەگەیەنن، تا دەگەڕێتەوە.27هەرکەسێک لە نانەکە بخوات، یان لە جامەکەی پەروەردگار بخواتەوە بە شێوەیەکی ناشایستە، تاوانبار دەبێت بەرامبەر بە جەستە و خوێنی پەروەردگار. 28بەڵام با مرۆڤ خۆی بپشکنێت، پاشان لە نانەکە بخوات و لە جامەکە بخواتەوە. 29ئەوانەی دەخۆن و دەخۆنەوە ئەگەر جەستەی مەسیح نەناسن خۆیان تاوانبار دەکەن. 30لەبەر ئەم هۆکارە زۆرێک لە ئێوە لاواز و نەخۆشن، زۆریش وەک نوستوو وان.31ئەگەر خۆمان دادوەری خۆمان بین، بڕیارمان لەسەر خۆمان نە دەدا. 32بەڵام، لەبەر ئەوەی دادوەریمان لەسەر کراوە، لەلایەن پەروەردگارەوە تەمبێ دەکرێین بۆ ئەوەی لەگەڵ جیهاندا تاوانبار نەکرێین.33براکانم کاتێک کۆدەبنەوە بۆ خواردن چاوەڕێی یەکتر بن. 34ئەگەر کەسێک برسی بوو با لە ماڵەوە نان بخوات، بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکەتان بۆ دادوەریتان نەبێت. سەبارەت بە پرسەکانی تریش کە هاتم ڕێکیان دەخەم.
1سەبارەت بە بەهرە گیانییەکان برایان، نامەوێت لێتان شاردراوە بێت. 2ئێوە دەزانن، کاتێک لە نێو گەلاندا بوون، بۆلای بتە لاڵەکان دەهێنران هەروەک چووشن. 3بۆیە پێتان دەڵێم تا بزانن ئەوەی بە گیانی خودا قسە بکات ناڵێت: «نەفرەت لە یەشوا (نەفرەت لێکراو)!» بە هەمان شێوە کەس ناتوانێت بڵێت: «یەشوا پەروەردگارە» تەنها بە گیانی پیرۆز نەبێت.4بەهرەی جیاواز هەیە، بەڵام یەک گیانە. 5لێرە خزمەتی جیاواز هەیە، بەڵام پەروەردگار یەکە. 6هەروەها کاری جیاواز هەیە، بەڵام خودا یەکە، و لە هەموو شتێکدا کاردەکات لە هەموواندا.7بەڵام هەر کەسێک بەهرەیەکی پێدەدرێت کە تێیدا گیانەکەی تێدا دەردەکەوێت لە پێناو سود گەیاندن. 8یەکێک لە ڕێگەی گیانەکەوە، قسەی دانای پێدەدرێت، یەکێکی تر قسەی زانیاری بە خودی هەمان گیان،9بۆ یەکێکی دیکەش باوەڕ بە هەمان گیان. بۆ یەکێکی دیکە بەهرەی چاککردنەوە بە هەمان گیان، 10یەکێکی دیکەش کاری پەرجوو، بۆ ئەوی دیکە پێشبینی کردن بۆ ئەوی دیکە جیاکردنەوەی گیانەکان، بۆ ئەوی دیکە قسەکردن بە زمانی جیاواز، ئەوەی دیکە وەڕگێڕانی زمانەکان. 11بەڵام هەموو ئەمانە لەلایەن هەمان گیانەوە کاردەکات، بەهرەکان دابەش دەکات، بەسەر هەر یەکێکیاندا، بەو شێوەیەی کە خۆی دەیەوێت.12هەروەک چۆن جەستە یەکە و ئەندامی زۆری هەیە، بەڵام هەموو ئەندامەکانی جەستە هەر چەندە زۆرن بەڵام یەک جەستە پێکدەهێنن، لە مەسیحیشدا بە هەمان شێوەیە. 13چونکە ئێمە، بە یەک گیان، لە ئاو هەڵکێشراین بۆ ئەوەی ببینە یەک جەستە، جا یەهودی بین یان یۆنانی بین، کۆیلە بین یان ئازاد، هەموومان لە یەک گیان دەخۆینەوە.14جەستە یەک ئەندام نییە بەڵکو کۆمەڵێک ئەندامە. 15 ئەگەر پێیەکانت بڵێت: «لەبەر ئەوەی دەست نیم، هی جەستە نیم!» ئایا لە ڕاستیدا دەبێتە هی دەرەوەی جەستە؟ 16وە ئەگەر گوێ وتی: «چونکە من چاو نیم، من لە جەستە نیم!» ئایا لە ڕاستیدا دەبیتە هی دەرەوەی جەستە؟ 17ئەگەر هەموو جەستە چاو بووایە، چۆن دەمان بیست؟ ئەگەر هەمووی گوێ بوایە، چۆن بۆنمان دەکرد؟18بەڵام خودا هەریەک لە ئەندامەکانی ناو جەستەی بەو شێوەیەی کە خۆی ویستویەتی ڕێکخستووە. 19ئەگەر هەموویان یەک ئەندام بوونایە، جەستە چۆن دروست دەبوو؟ 20ڕاستییەکە ئەوەیە ئەندامەکان زۆرن، بەڵام جەستە یەکە.21بەم شێوەیە چاو ناتوانێت بە دەست بڵێت: «پێویستم پێت نییە!» هەروەها سەریش ناتوانێت بە پێیەکان بڵێت: «پێویستم بە تۆ نییە!» 22بەڵکو ئەو ئەندامانەی لەش، کە پێدەچێت لاوازترین بن لە هەمان کاتدا پێویستن، 23ئەو ئەندامانەی لەش کە وا دەزانین ڕێزی کەمترە، بە ڕێزەوە دایان دەپۆشین. ئەو ئەندامانەی کە شایستە نین ئەبنە شیاوترین؛ 24دەربارەی شایستەیی، پێویستی بەو شتە نییە. بەڵام خودا جەستەی بە تۆکمەیی درووست کرد، ڕێزی زیاتری بەوانە بەخشی کە لە ڕێزیان کەم بوو.25بەجۆرێک کە لە جەستەدا دابەشبوون نەبێت بەڵکو یەک گرنگیدان لە نێوان ئەندامەکاندا هەبێت بۆ بەرژەوەندی جەستە. 26کاتێک ئازار و کاریگەری لەسەر یەکێک لە ئەندامەکان دەبێت، ئەندامەکانی دیکە لەگەڵیدا هەست بە ئازارەکە دەکەن. کاتێک یەکێک لە ئەندامەکان ڕێز وەردەگرێت، ئەندامەکانی دیکە لەگەڵیدا شاد دەبن. 27ڕاستییەکەی ئەوەیە ئێوە جەستەی مەسیحن، هەریەکەتان ئەندامی ئەون.28خودا کەسانی تایبەتی لە کڵێسادا داناوە: یەکەم نێردراوان، دووهەم پێغەمبەران، سێهەم مامۆستایان، و دوای ئەوە ئەوانەی بەهرەی پەرجوویان هەیە یان ئەوانەی بەهرەی چاکردنەوەیان هەیە یان یارمەتیدانی کەسانی دیکە یان بەڕێوەبردنی کاروبارەکان یان قسەکردن بە زمانە جیاوازەکان. 29ئایا هەموویان نێردراون؟ ئایا هەموویان پێغەمبەرن؟ ئایا هەموویان مامۆستان؟ ئایا هەموویان بەهرەی پەرجوویان هەیە؟30ئایا هەموویان بەهرەی چاکردنەوەیان هەیە؟ ئایا هەموویان بە زمانەکان قسە دەکەن؟ ئایا هەموویان وەرگێڕان دەکەن؟ 31بەڵام تامەزرۆی بەهرە گەورەکان بن. ئێستا ڕێگەیەکی زۆر باشترتان پیشان دەدەم.
1ئەگەر بە زمانی مرۆڤ و فریشتەکان قسەم بکردایە و خۆشەویستیم نەبووایە، جگە لە دەنگی دەهۆڵ و دەف هیچی تر نەدەبووم! 2ئەگەر من بەهرەی پێشبینی، و پێغەمبەرایەتیم هەبێت و هەموو نهێنییەکان و هەموو زانستەکان بزانم، و باوەڕی تەواوەتیم هەبێت و شاخەکان بجوڵێنم، و خۆشەویستیم نەبێت، ئەوا من هیچ نیم! 3ئەگەر هەموو سامانم بدەمە خۆراک بۆ هەژاران، و لەشم ڕادەستی سووتان بکەم، بەڵام خۆشەویستیم نەبێت، ئەوا هیچ سوودێکم نابێت.4خۆشەویستی پشوودرێژییە؛ سۆزی خۆشەویستی. ئیرەیی نییە. خۆشەویستی شانازی نییە لووتبەرزی نییە. 5ڕەفتاری نەشیاو ناکات، و بەدوای بەرژەوەندی خۆیدا ناگەڕێت. خێرا سەرکۆنە ناکات، وە خراپەی بۆ کەس نابێت. 6بە ستەم کردن دڵخۆش نابێت، بەڵکو دڵخۆش دەبێت بەڕاستی. 7 هەموو شتێک دادەپۆشێت، باوەڕ بە هەموو شتێک دەکات، هیوای بە هەموو شتێک دەبێت، بەرگەی هەموو شتێک دەگرێت.8خۆشەویستی هەرگیز بەسەر ناچێت. بەڵام بەهرەی پێشبنییەکان بەسەر دەچێت، بەهرەی قسەکردن بە زمانەکان کۆتایی دێت، زانیاریش بەسەر دەچێت، 9زانیاری و پێشبینیمان سنوردارە. 10بەڵام، کاتێک ئەوەی کامڵ و تەواوە دێت، سنوردرایەتیمان نامێنێت.11کە منداڵ بووم، وەک منداڵێک قسەم دەکرد، هەستم دەکرد کە منداڵم، وەک منداڵێک بیرم دەکردەوە. کە بوومە پیاو، ئەوەی منداڵانە بوو وازم لێ هێنا. 12ئێمە ئێستا لە ئاوێنەیەکی لێڵ و تاریکەوە سەیری شتەکان دەکەین و بە ناڕوونی دەیانبینین. بەڵام دواجار ڕوو بە ڕوو دەیبینین. ئێستا، من بەشێکی دەزانم. بەڵام دواتر، من دەیزانم وەک ئەوەی دەزانم. 13بەڵام ئێستا، ئەم سێیە ماونەتەوە: باوەڕ، هیوا، خۆشەویستی. بەڵام مەزنترنیان خۆشەویستییە!
1بەدوای خۆشەویستیدا بگەڕێ، و تامەزرۆی بەهرەی گیانی بن، یان باشتر بڵێین بەهرەی پێشبینی. 2ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئەو کەسەی بە زمانێکی نادیار قسە دەکات قسە لەگەڵ خەڵک ناکات بەڵکو خودا. بەڵام کەس لێی تێناگات، چوونکە بە گیانەکە قسەی پەنهانی دەکات. 3سەبارەت بەو کەسەی کە پێشبینی دەکات، بە وشەی بنیاتنەر و هاندان و دڵنەوایکەر قسە لەگەڵ خەڵکیدا دەکات. 4ئەوەی بە زمانێکی نەناسراو قسە بکات خۆی بنیات دەنێت؛ بەڵام ئەوەی پێشبینی دەکات کڵێسا بنیات دەنێت.5ئاواتەخوازم هەمووتان بە زمانە نادیارەکان قسە بکەن، بەڵام پێشبینی بکەن. چونکە ئەوەی پێشبینی دەکات باشترە لەوەی بە زمانەکان قسە بکات، مەگەر (ئەوەی دەیڵێت) وەربگێڕدرێت بۆ ئەوەی کڵێسا بنیات بنێت. 6ئێستا، ئەی برایان، گریمان دێم بۆ لاتان و بە زمانە نەناسراوەکان قسە دەکەم، چ سوودێکم لێ وەردەگرن، مەگەر بە ئاشکرا و پێشبینی و زانست و فێرکردن قسەتان لەگەڵ بکەم؟7ئەگەر تەنانەت ئامێرە دەنگییە بێ گیانەکانیش، وەکو شمشاڵ و قیسارە ئاوازی جیاواز نەدات، چۆن گوێگر بزانێت کام ئاواز لەلایەن شمشاڵ یان قیسارەوە دێت؟ 8ئەگەر کەڕەنای جەنگیش دەنگێکی نادیار لێبدات، کێ خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەکات؟ 9کاتێک بە زمانە نادیارەکان قسە دەکەیت، و وشەی جیاواز بە کاردەهێنیت، گوێگران چۆن تێدەگەن لەوەی دەیڵێیت؟ تۆ وەک کەسێک وایت کە لە هەوادا قسە دەکات!10بێگومان زۆر زمانی جۆراو جۆر لە جیهاندا هەیە، و هیچیان بێ واتا نین. 11ئەگەر من لە مانای قسەیەک تێنەگەم، من بۆ قسەکەر بێگانە دەبم، ئەویش بۆ من بێگانە دەبێت!12بە هەمان شێوە ئێوەش، بەو پێیەی تامەزرۆی بەهرە گیانییەکانن، زیاتر بەدوایاندا بگەڕێن بۆ بنیاتنانی کڵێسا. 13بۆیە دەبێت قسەکەری زمانێکی نەناسراو داوای بەهرەی وەرگێڕان لە خودا بکات. 14چونکە ئەگەر بە زمانێکی نادیار نزا بکەم، گیانم نزا دەکات، بەڵام مێشکم بێ بەرهەمە.15کەواتە چی بکەین؟ بە گیان نزا دەکەم، بەڵام بە مێشکیش نزا دەکەم. بە گیان سروود دەڵێم، بەڵام بە مێشکیش سروود دەڵێم. 16ئەگەر تەنها، بە گیان سوپاسی خودا بکەیت، چۆن کەسێکی بێ ئەزموون دەتوانێت بڵێت: «ئامین» کاتێک تۆ سوپاسگوزاری دەکەیت ئەگەر تێنەگات لە قسەکانت؟17بێگومان تۆ بە شێوەیەکی باش سوپاسگوزاری دەکەیت، بەڵام ئەوانی تر بنیات نانێت. 18سوپاسی خودا دەکەم کە لە هەمووتان زیاتر بە زمانی نەناسراو قسە دەکەم. 19بەڵام، کاتێک لە کڵێسام، پێم باشە پێنج وشە بە مێشکم بڵێم، بۆ ئەوەی کەسانی دیکەش فێر بکەم، نەک دە هەزار وشە بە زمانێکی نادیار بڵێم.20ئەی برایان، لە بیرکردنەوەدا منداڵ مەبن، بەڵکو لە خراپەدا منداڵ بن. سەبارەت بە بیرکردنەوە، پێگەیشتوو بن. 21چونکە لە تەوراتدا نووسراوە: «من بە زمانی تر، و بە لێوی نامۆ، لەگەڵ ئەم گەلە قسە دەکەم؛ بەڵام، ئەو کاتەش، گوێم لێ ناگرن، پەروەردگار دەفەرموێت».22بۆیە قسەکردن بە زمانە نەناسراوەکان نیشانەیە نەک بۆ ئەوانەی باوەڕیان هەیە، بەڵکو لە پێناوی بێباوەڕان. سەبارەت بە پێشبینی کردن، بۆ بێباوەڕان نییە، بەڵکو بۆ ئەوانەیە کە باوەڕیان هێناوە. 23ئەگەر هەموو کڵێسا کۆببنەوە، و هەمووان بە زمانە نادیارەکان قسەبکەن، پاشان هەندێک کەسی بێ ئەزموون یان بێباوەڕ بێنە ژوورەوە، ئایا ناڵێن ئێوە تێکچوون؟24بەڵام، ئەگەر هەمووان پێشبینی بکەن، پاشان کەسێکی بێباوەڕ یان بێ ئەزموون بچێتە ژوورەوە، ئەوا لەلایەن هەمووانەوە پێی دەسەلمێنرێت، و لە پێش هەمووان بڕیاری لەسەر دەدرێت، 25کاتێک نهێنی دڵیان دەرکەوت، بەڕوودا دەکەون و کڕنۆش بۆ خودا دەبەن، و دان بەوەدا دەنێن کە خودا بەڕاستی لە ئێوەدایە.26کەواتە برایان چی بکەین؟ هەرکاتێک کۆدەبنەوە، هەریەکێکتان زبورێک، یان فێرکردنێک، یان قسەکردنێک بە زمانێکی نەناسراو، یان ئاشکراکردنێک، یان هەر لێکدانەوەیەکتان هەیە. با هەمووی بە مەبەستی بنیاتنانەوە ئەنجام بدرێت. 27ئەگەر کەسێکتان بە زمانێک قسەی کرد، با دوو کەس یان زۆرترین سێ کەس قسە بکەن، هەریەکەیان، بە نۆرەی خۆیان، 28با یەکێک لە ئێوە وەرگێڕان بکات. ئەگەر لە نێو ئێوەدا وەرگێڕ نەبوو، نابێت قسەکەر لەبەردەم گروپەکەدا هیچ بڵێت، بەڵکو بە نهێنی لەگەڵ خۆی و لەگەڵ خودا قسە بکات.29با دوو یا سێ کەسیش کە پێشبینی دەکەن با قسە بکەن و ئەوانی تریش دادوەری بکەن. 30ئەگەر بۆ یەکێک لە دانیشتوان سروشێک هات، با یەکەم قسەکەر بێدەنگ بێت.31چونکە هەمووتان دەتوانن یەک بە یەک پێشبینی بکەن، بۆ ئەوەی هەمووان فێربن و هەمووان هان بدەن. 32بەڵام بەهرەی پێشبینی ملکەچی خاوەنەکانیانن. 33خودا خودای پشێوی نییە بەڵکو خودای ئاشتییە، وەک ئەوەی لە هەموو کڵێسای پیرۆزکراواندا هەیە،34دەبێت ژنان لە کڵێسادا بێدەنگ بن، ڕێیان پێنەدراوە قسە بکەن، بەڵکو دەبێت گوێ ڕایەڵبن، وەک تەورات ڕایسپاردوون. 35بەڵام، ئەگەر دەیانەوێت شتێک فێربن، با لە ماڵەوە پرسیار لە مێردەکانیان بکەن، چونکە قسەکردن لە کڵێسادا شورەییە. 36ئایا وتەی خودا لە ئێوە سەرچاوەی گرتووە، یان بەتەنها گەیشتووەتە دەستان؟37ئەگەر کەسێک خۆی بە پێغەمبەر یان خاوەن بەهرەی گیانی دەزانێت، با بزانێت ئەوەی بۆتان دەنووسم فەرمانی پەروەردگارە. 38ئەگەر هەرکەسێک بەم شتانە، نەفام بوو ئەوا بە نەفامی دەمێنێتەوە!39بۆیە برایان، تامەزرۆی پێشبینی کردن بن، و قسەکردن بە زمانە نادیارەکان قەدەغە مەکەن. 40بەڵکو، با هەموو شتێک بە شێوەیەکی شایستە و بە ڕێکوپێکی ئەنجام بدرێت.
1بەڵام برایان ئەو مزگێنیەتان، بیردەخەمەوە کە بۆم ڕاگەیاندوون، وەرتانگرت و بەردەوام پێوەی پابەندن، 2هەروەها بەوە ڕزگارتان دەبێت، ئەگەر دەست بەو وشەیەوە بگرن کە بۆم ڕاگەیاندن، ئەگینا باوەرتان بێهودەیە.3لە ڕاستیدا، من یەکەم شت، ئەوەی وەرمگرت، ڕادەستی ئێوەم کرد، ئەویش ئەوەیە کە مەسیح لە پێناو گوناهەکانماندا مرد بەپێی ئەوەی لە تەورتدا هاتووە، 4ئەو نێژرا، و لە ڕۆژی سێهەمدا هەستایەوە بەپێی ئەوەی لە تەوراتدا نووسراوە،5وە ئەو بۆ پەترۆ دەرکەوت، و پاشان بۆ قوتابییەکانی تریش. 6دوای ئەوە بەیەکەوە بۆ زیاتر لە پێنج سەد برا دەرکەوت کە زۆربەیان لە ژیاندا ماون، و ئەوانی تر مردوون. 7پاشان بۆ یاکۆڤ دەرکەوت، دوای ئەوەش بۆ هەموو نێردراوان.8پاش هەموویان، بۆ منیش دەرکەوت، وەک ئەوەی مناڵێک بم کە لە کاتێکی هەڵەدا لەدایک بووم! 9چونکە من بچووکترینی نێردراوانم، شایەنی ئەوە نیم پێم بڵێن نێردراو چونکە کڵێسای خودام چەوساندۆتەوە.10بەڵام، بە بەخششی خودا بوومە ئەوەی ئێستام، و ئەو بەهرەیەی کە وەرمگرت بێهودە نەبوو، چونکە لە هەموو نێردراوانی دیکە زیاتر ماندوو بووم. بەڵام ئەوە من نەبووم کارم دەکرد، بەڵکو بەخششی خودا بووم کە لەگەڵمدا بوو. 11جا من بم یان ئەوان، ئێمە بەم شێوەیە بانگەواز دەکەین، ئێوەش بەم شێوەیە باوەڕتان هێنا.12ئێستا مژدەی ئەوە دەدرێت کە مەسیح لە مردن هەستایەوە، چۆن هەندێکتان دەڵێن هەستانەوەی مردووەکان نییە؟ 13ئەگەر هەستانەوەی مردووەکان بوونی نەبێت، ئەمە مانای ئەوەیە کە مەسیحیش هەڵنەستاوەتەوە! ئەگەر مەسیح هەڵنەستابێتەوە، 14بانگەشەی ئێمە بێهودە دەبوو و باوەڕکەشتان بێهودە دەبوو،15ئەو کاتە ئەوە ڕوون دەبۆوە کە ئێمە شایەتحاڵی درۆین بۆ خودا، چوونکە شایەتی ئەوەماندا کە مەسیح لە مردن هەستاوەتەوە، ئەگەر ئەو هەڵنەستایەتەوە ڕاست دەبوو مردووەکانیش هەڵنەدەستانەوە. 16بۆیە ئەگەر مردووەکان هەڵنەستێنەوە، ئەوا مەسیحیش هەڵنەستاوەتەوە. 17ئەگەر مەسیح هەڵنەستایەتەوە، باوەڕەکەت بێهودە دەبوو، و هەر لە گوناهەکانتدا دەمایتەوە،18ئەگەر وابێت ئەوانەی لەگەڵ مەسیح یەکیان گرت لەناو دەچوون! 19ئەگەر هیوامان بە مەسیح تەنها بەم ژیانە سنووردار بووایە، لە هەموو مرۆڤەکان بەدبەختر دەبووین!20بەڵام ئێستا مەسیح لە مردن هەستایەوە نۆبەرەی نوستووەکانە. 21بەو پێیەی مردن لە مرۆڤەوە هاتووە، هەستانەوەی مردووەکانیش بە مرۆڤ دەبێت.22چونکە هەمووان لە ئادەمدا مردن، هەمووان لە مەسیحدا زیندوو دەکرێنەوە، 23بەڵام هەریەکە پلەی تایبەتی خۆی هەیە یەکەم: مەسیح وەک نۆبەرە؛ پاشان کە گەڕایەوە ئەوانەش کە هی خۆین،24پاشان کۆتایی دێت کاتێک شانشینی ڕادەستی خودای باوک دەکات دوای ئەوەی هەموو دەسەڵات و هێزێکی لەناوبرد. 25دەبێت پاشایەتی بکات «تا هەموو دوژمنەکانی بخاتە ژێر پێیەکانیەوە». 26دوا دوژمن کە لەناو دەچێت مردنە. چونکە «هەموو شتەکانی خستە ژێر پێیەکانیەوە».27بەڵام لە وتنی ئەوەی کە هەموو شتەکان ملکەچی بوون، بە ڕوونی خودا بەدەر دەکات کە هەموو شتێکی ملکەچی ڕۆڵەکە کردووە. 28کاتێک هەموو شتێک لە ژێر دەسەڵاتی ئەودایە، ڕۆڵە خۆی دەخاتە ژێر دەسەڵاتی خوداوە، بەجۆرێک خودا کە دەسەڵاتی بەسەر هەموو شتێکدا بە ڕۆڵەکە بەخشی، بە تەواوی باڵادەست دەبێت بەسەر هەموو شتێک و لە هەموو شتێکدا!29ئەگەر ئێستا، هەستانەوە لە مردن نەبێت، ئەوانەی بۆ مردووەکان لە ئاوهەڵدەکێشرێن چی دەکەن؟ ئەگەر مردووەکان بە هیچ شێوەیەک هەڵنەستنەوە، بۆچی خەڵک لە ئاو هەڵدەکێشرێن؟ 30بۆچی هەموو کاتێک خۆمان دەخەینە مەترسییەوە؟31برایان، لەبەر ئەوەی شانازیتان پێوە دەکەم لە یەشوای مەسیحی پەروەردگارماندا، شایەتحاڵی ئەوە دەدەم کە هەموو ڕۆژێک دەمرم! 32ئەگەر لە ئەفسوس شەڕم لەگەڵ دڕندە کێوییەکان کردبێت و لە هیوای مرۆڤانە زیاترم نەبێ، چیم دەستکەوتووە؟ ئەگەر مردووەکان زیندوو نەکرێنەوە، «با بخۆین و بخۆینەوە، چونکە سبەی دەمرین؟»33بەڕێگەی گومڕایدا مەڕۆن: پەیوەندی خراپ ڕەوشتی باش گەندەڵ دەکات! 34وەک پێویستە بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی ڕاستە و گوناهە مەکەن، چونکە هەندێکتان بە تەواوی بێ ئاگان لە خودا، ئەمە دەڵێم بۆ ئەوەی شەرمەزار بن!35بەڵام ڕەنگە کەسێک بڵێت: چۆن مردووەکان هەڵدەستنەوە؟ بە چ جەستەیەک دەگەڕێنەوە؟» 36ئەی بێ ئاگا! ئەوەی دەیچێنیت تا نەمرێت ناژی.37ئەوەی دەیچێنیت ئەو جەستەیە نییە کە سەرهەڵدەدات بەڵکو تەنها دەنکە گەنمێکە بۆ نموونە تۆوێکی تر. 38پاشان خودا ئەو جەستەیەی پێدەبەخشێت کە خۆی دەیەوێت، هەروەک چۆن هەر جۆرە تۆوێک جەستەی خۆی دەداتێ. 39هەموو جەستەیەک وەکو یەک نییە بەڵام مرۆڤەکان جەستەیەکیان هەیە و ئاژەڵەکان جەستەیەکی دیکە ماسی جەستەیەکی دیکە و باڵندەکانیش جەستەیەکی دیکەیان هەیە.40پاشان جەستەی ئاسمانی و جەستەی زەمینی هەیە. بەڵام جەستە ئاسمانییەکان شکۆمەندییان هەیە، جەستە زەمینیەکانیش شکۆمەندییەکی جیاوازیان هەیە. 41خۆر شکۆمەندییەکی هەیە، و مانگ شکۆمەندییەکی دیکە، ئەستێرەکانیش شکۆمەندییەکی جیاوازیان هەیە، چونکە هەر ئەستێرەیەک لە شکۆمەندییەکەیدا جیاوازە لە ئەستێرەکەی تر.42بۆ هەستانەوەی مردووانیش بە هەمان شێوە دەبێت: بە جەستەی فەوتاو دەچێنرێت، بە نەفەوتاوی هەڵدەستێنرێتەوە، 43بە شەرمەزاری دەچێنرێت، و بە شکۆمەندییەوە هەڵدەستێتەوە، بە لاوازی دەچێنرێت، و بەهێزەوە هەڵدەستێتەوە، 44وەک جەستەیەکی ماددی دەچێنرێت، و وەک جەستەیەکی گیانی هەڵدەستێتەوە. بەو پێیەی جەستەیەکی مادی هەیە، جەستەیەکی گیانیش هەیە.45بەم شێوەیەش نووسراوە: «مرۆڤی یەکەم، ئادەم، بوو بە گیانێکی زیندوو» بەڵام ئادەمی کۆتایی گیانێکی ژیان بەخشە. 46بەڵام گیانییەکە یەکەم نەبوو، بەڵکو مادییەکە یەکەم جار هات پاشان گیانییەکە:47مرۆڤی یەکەم لە خۆڵی زەوی درووست بوو؛ سەبارەت بە مرۆڤی دووهەم لە ئاسمانەوە بوو. 48ئەوانەی لە خۆڵن، لەو کەسە دەچن کە لە خۆڵ درووست بووە، ئاسمانییەکانیش لەو کەسە دەچن کە لە ئاسمانەوە هاتووە. 49هەروەک چۆن وێنەی ئەومان وەرگرتوە کە لە خۆڵ دروستکراوە، بەهەمان شێوە وێنەی ئاسمانیش وەردەگرین.50پاشان برایان، دڵنیاتان دەکەمەوە، کە جەستەی گۆشت و خوێن ناتوانێت ببێتە میراتگری شانشینی خودا، هەروەک چۆن فەوتاو ناتوانێت ببێتە میراتگری نەفەوتاو. 51لێرەدا نهێنییەکتان بۆ ئاشکرا دەکەم: ئێمە نامرین، بەڵکو هەموومان دەگۆڕدرێین،52لە ساتێکدا، بەڵکو لە چاوتروکانێکدا کاتێک دوا کەڕەنا لێدەدرێت. لەبەر ئەوەی کەڕەناکە لێدەدرێت، مردووانیش بێ فەوتان هەڵدەستێنرێنەوە. بەڵام ئێمە دەگۆڕدرێین. 53چونکە هەر دەبێت ئەم جەستە فەوتاوە نەفەوتاوی بپۆشێت، و لەناوچوو دەبێت نەمری بپۆشێت.54دوای ئەوەی فەوتاو نە فەوتاوی پۆشی، و لەناوچووش نەمری، ئەو وشەیەی کە نووسرابوو دێتەدی: «مردن لە سەرکەوتندا قووت دەدرێت!» 55ئەی مردن، لەکوێیە، پێوەدانت؟ ئەی مردن، لەکوێیە سەرکەوتنت؟56جا پێوەدانی مردن گوناهەیە، هێزی گوناهەش تەوڕاتە. 57بەڵام سوپاس بۆ خودا بە یەشوای مەسیحی پەروەردگارمان سەرکەوتنمان پێدەبەخشێت!58بۆیە، برا خۆشەویستەکانم، چەسپاو بن و خۆڕاگربن، بەردەوام تێبکۆشن لە کاری پەروەردگاردا، دەزانن کە تێکۆشانتان لە پەروەردگاردا بە فیڕۆ ناڕوات!
1سەبارەت بە کۆکردنەوەی بەخشین بۆ پیرۆزکراوان، وەک چۆن کڵێساکانی هەرێمی گەلاتیام ڕاسپاردوە، ئێوەش هەروا بکەن. 2لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، پێویستە هەریەک لە ئێوە ئەوەی لە تواناتاندایە لەو پارەیەی کە بەدەستی دەهێنن بیخەنە لایەک؛ با لای خۆی بیهێڵێتەوە، بۆ ئەوەی لەو کاتەدا کۆنەکرێتەوە کە دێمە لای ئێوە.3لە کاتی گەیشتنم، هەرکەسێکتان پێ خۆشە لەوەی پەسەند کراوە کە بە میهرەبانییەوە دابینتان کردووە بیبەن بۆ یۆرشەلایم، دوای ئەوەی نامەیان بۆ دەنێرم. 4ئەگەر بۆم گونجا بوو دەتوانن لەگەڵمدا بێن.5بەڵام کاتێک بە هەرێمی مەکەدۆنیادا تێدەپەڕم، دێمە لای ئێوە، 6ڕەنگە ماوەیەک لەگەڵتان بەسەر بەرم، یان ڕەنگە تەواوی زستانەکە لەگەڵتان بم پاشان ڕێگەی گەشتەکەم بۆ ئاسان بکەن بۆ هەر شوێنێک کە دەچم.7نامەوێت ئەمجارە وەک ڕێبوارێک سەردانتان بکەم، هیوادارم ماوەیەکی زۆر لەگەڵتان بمێنمەوە ئەگەر پەروەردگار ڕێگە بدات. 8بەڵام تا ڕۆژی پەنجاهەمین (واتە جەژنی دروێنەی یەهودییەکان) لە ئەفەسۆس دەمێنمەوە. 9چونکە دەرگایەکی گەورە و کاریگەرم بۆ کراوەتەوە، و ئەوانەی دژایەتیم دەکەن زۆرن!10ئەگەر تیمۆساوس گەیشتە لاتان، گرنگی پێبدەن و با لەلاتان دڵنیابێت، چونکە وەک من کاری پەروەردگار دەکات. 11با کەس بە کەمی نەزانێت، بەڵکو ڕێگەی بۆ ئاسان بکەن تا بە ئاشتی بگەڕێتەوە بۆ لای من، چونکە من چاوەڕێی گەیشتنی ئەوم، لەگەڵ برایان. 12سەبارەت بە ئەپۆلۆسی برا، زۆر لێی پاڕامەوە کە یاوەری براکان بێت بۆ هاتنە لای ئێوە. بەڵام، نەیویست ئێستا بێت. بەڵام کاتێک دەرفەتی گونجاوی بۆ ڕەخسا دێتە لاتان.13بە ئاگابن و وریابن. لە باوەڕدا چەسپاوبن. پیاوبن. بە هێزبن. 14وە هەر کارێک دەیکەن، بە خۆشەویستییەوە بیکەن.15بەڵام برایان، ئەم داوایەتان لێ دەکەم: ئێوە بنەماڵەی ستیفاناس دەناسن، نۆبەرەی ئەخایایە، خۆیان تەرخان کردووە بۆ خزمەتکردنی پیرۆزکراوان. 16جا ملکەچی ئەوان و کەسانی دیکەی هاوشێوەی ئەوان بن، و هەرکەسێک کە بە کۆششەوە کاریان لەگەڵ دەکەن.17زۆر دڵخۆش بووم بە هاتنی ستیفاناس و فۆرتوناتۆس و ئەخایکۆس. چونکە شوێنی ئێوەیان گرتەوە. 18گیانی من و تۆیان بووژاندەوە. شایەنی ئەو جۆرە پێزانینەن!19کڵێساکانی هەرێمی ئاسیا سڵاوتان لێدەکەن. بە گەرمی سڵاوتان لێدەکەن لە پەروەردگاردا، ئەکیلا و پریسکیلا، لەگەڵ کڵێساکەیان کە لە ماڵەکەیاندایە. 20هەموو براکان سڵاوتان لێدەکەن. بە ماچێکی پاک سڵاو لە یەکتر بکەن.21سڵاوتان لێدەکەم، من پۆڵس، بە دەستنووسی خۆم. 22ئەگەر کەسێک پەروەردگاری خۆش نەویست، با «أناثيما» بێت (واتە نەفرەت لێکراو)! «ماراناسا» ( ئەی پەروەردگارمان وەرە)! 23بەخششی پەروەردگار یەشوای مەسیح لەگەڵتان بێت! 24خۆشەویستیم بۆ هەمووتان لە یەشوای مەسیحدا! ئامین.
1لە پۆڵسەوە، کە نێردراوی مەسیحی یەشوایە بە خواستی خودا، لە تیمۆساوسی براتانەوە، بۆ کڵێسای خودا لە کۆرنسۆس، و هەموو گەلی پیرۆزی خۆی لە هەموو ئەخایا. 2بەخشش و ئاشتی بۆتان بێت لەلایەن خودای باوکمان و پەروەردگار یەشوای مەسیحەوە!3سوپاس بۆ خودا، باوکی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح، باوکی میهرەبانی و خودای هەموو دڵنەوایێک. 4ئەوەیە کە لە هەموو تەنگانەیەکدا کە پێیدا تێدەپەڕین هانمان دەدات، بۆ ئەوەی هانی ئەو کەسانە بدەین کە لە هەر تەنگانەیەکدان، بەو هاندانەی کە خودا هانمان دەدات.5وەک چۆن ئازارەکانی مەسیح بەسەر ئێمەدا ڕژاوە، هەرواش هاندانەکانی مەسیحیش بەسەر ئێمەدا ڕژاون. 6ئەگەر لە تەنگانەدا بوون، ئەمەش بۆ هاندان و ڕزگاری ئێوەیە؛ وە ئەگەر ئێمە هاندراین، ئەوە بۆ هاندانی ئێوەیە، کە وا دەکات هەمان ئەو ئازارە هەڵبگریت کە ئێمەش تووشی دەبین. 7هیوای ئێمە بۆ ئێوە هیوایەکی پتەوە. بە زانینی ئەوەی کە ئێوە هاوبەشن لەگەڵ ئێمە لە بەرگەگرتنی ئازارەکان، هەروەها بەشدار دەبن لە بەدەستهێنانی هاندان.8کەواتە برایان، دەمانەوێت ئاگاداری ئەو تەنگانە بن کە لە هەرێمی ئاسیا پێیدا تێپەڕین. کاریگەرییەکەی لەسەر ئێمە زۆر قورس بوو و لە سەرووی توانامانەوە بوو، تا ئەو ڕادەیەی کە لە ژیانی خۆمان بێ هیوا بووین. 9بەڵام هەستمان کرد، لە خۆماندا، سزای مردنمان بۆ دانراوە، بۆ ئەوەی متمانەمان بە خۆمان نەبێت، بەڵکو متمانەمان بەو خودایە هەبێت کە مردووەکان هەڵدەستێنێتەوە؛ 10ئەو لەم مردنە قێزەونە ڕزگاری کردین، تەنانەت ئێستاش ڕزگارمان دەکات و متمانەی تەواومان هەیە کە بەڕاستی دواتر ڕزگارمان دەکات؛11ئێوەش بە نزاکانتان یارمەتیدەرن بۆ ئێمە؛ تاکو ئەوەی پێمان دەدرێت وەڵامێک بێت بۆ نزای زۆر کەس، پاڵنەرێکن بۆ زۆر کەس بۆ ئەوەی سوپاسی ئێمە بکەن.12ئێمە شانازی بەمەوە دەکەین: ویژدانمان شایەتحاڵی دەدات، کە هەڵسوکەوتمان لە جیهاندا، بەتایبەت بەرامبەر بە ئێوە؛ ئەمەش بە دانایی مرۆڤ نەبوو، بەڵکو بە بەخششی خودا بوو. 13ئێمە تەنها ئەو شتانەتان بۆ دەنووسین کە دەیخوێننەوە و لێی تێگەیشتوون. هیوادارم بە تەواوی لێی تێبگەن، 14وەک بەشێک لە ئێمە کە تێگەیشتووین دەبینە شانازی بۆ ئێوە، هەروەک چۆن ئێوە شانازین بۆ ئێمە، لە ڕۆژی پەروەردگارمان یەشوا.15جا بەم دڵنیاییەوە بە نیاز بووم کە یەکەم جار بێمە لاتان، بۆ ئەوەی جارێکی تر شادیتان هەبێت، 16لە ڕێگام بۆ هەرێمی مەکدۆنیا و لە گەڕانەوەمدا لەوێ بەلای ئێوەدا تێپەڕدەبم، پاشان ئێوە لە گەشتەکەم بۆ ناوچەی یەهودییە ئاسانکاریم بۆ بکەن.17پێتان وایە لە پەسەندکردنی ئەم پلانەدا بە سوکی مامەڵەم کردووە، یان ئەوەی کە بڕیارەکانم بەپێی تێڕوانینێکی مرۆڤانە دەدەم، لە قسەکانما بەڵێ بەڵێیە و نەخێر نەخێرە، لە هەمان کاتدا؟ 18خودا ڕاستگۆیە، ئەو شایەتی ئەوە دەدات کە قسەکانمان بۆ ئێوە نە بەڵێن و نە هەردووکیان!19چونکە ڕۆڵەی خودا، یەشوای مەسیح، کە لە نێوان ئێوەدا مزگێنی ئەومان دا، لەلایەن من و سیلڤیانۆس و تیمۆساوس، نە بەڵێ هەبوو و نە هەردووکیان، بەڵام بەڵێ تێیدا بوو. 20چونکە خودا چەند بەڵێنێکی داوە، لە مەسیحدا هەموویان «بەڵێن»، و بەم شێوەیە لە ڕێگەی ئەوەوە ئامین لەلایەن ئێمەوە بۆ شکۆمەندی خودا.21بەڵام ئەوەی دەستنیشان و چەسپاوی کردووین لە مەسیحدا، وە ئەوەی مەسحی کردووین، خودایە، 22هەروەها مۆری خۆی لەسەر ئێمە داناوە، و گیانی پیرۆزی پێبەخشیوین وەک بەڵێننامەیەک لە دڵماندا.23بەڵام خودا دەکەم بە شایەتحاڵ بۆ خۆم کە تەنها لەبەر بەزەیی بۆ ئێوە بووە کە نەگەڕامەوە بۆ کۆرنسۆس. 24ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە دەسەڵاتمان بەسەر باوەڕەکەتاندا هەیە. بەڵکو ئێمە یارمەتیدەری ئێوەین بۆ خۆشی ئێوە کاردەکەین. چونکە بە باوەڕتان چەسپاون.
1لەبەر ئەوە بڕیارمدا هاتنی من بۆ لاتان نەبێتە هۆکارێک بۆ خەم و پەژارەتان، 2ئەگەر من خەمبارتان بکەم کێ دڵخۆشم بکات جگە لە ئێوە کە خەمبارم کردوون؟3هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئەوەی لێرە دەنووسم بۆتان، بۆ ئەوەی کاتێک هاتم خەمبار نەبم لەوانەی پێویستە پێیان شادبم. متمانەم بە هەمووتان هەیە کە خۆشی من خۆشی هەمووتانە. 4ئەوەی پێشتر بۆم نووسیبوون لە تەنگانە و خەمۆکییەکی زۆرەوە سەرچاوەی گرتووە لە دڵمدا، و بە فرمێسکی زۆرەوە بوو. مەبەستم نەبوو دڵتەنگتان بکەم، بەڵکو بۆ ئەوەی ئەو خۆشەویستییە سەرڕێژە بزانن کە من بۆتانم هەیە.5ئەگەرکەسێک بۆتە هۆی غەمباری، ئەوا تەنها منی غەمبار نەکردووە، بەڵکو تاکو ڕادەیەک هەمووتانی غەمبار کردووە، ئەگەر بۆ ئەمە زیادەڕەویم نەکردبێت! 6ئێستا، ئەو سزایەی کە زۆربەتان بەسەریدا سەپاندووتانە بەسە بۆ ئەم پیاوە تاوانبارە. 7بەپێچەوانەوە، ئێستا باشترە بۆ ئێوە لێی خۆشبن و هانی بدەن، ئەگینا لەوانەیە تووشی خەم و پەژارەیەکی زۆر ببن.8بۆیە داواتان لێدەکەم کە لە خۆشەویستی خۆتان دڵنیای بکەنەوە. 9ئەوەی بۆم نووسین بە ئامانجی تاقیکردنەوەشتان بوو، تا بزانم ڕادەی گوێڕایەڵی ئێوە لە هەموو شتێکدا چەندە.10ئەگەر لە شتێکدا لێی خۆش بوون، منیش لێی خۆش دەبم. ئەگەر منیش لەبەر شتێک لەو پیاوە خۆش بووم، لەبەر خاتری ئێوە لەبەردەم مەسیحدا لێی خۆش دەبم. 11بۆ ئەوەی شەیتان دەستمان بە سەردا نەگرێت چونکە ئێمە لە پیلانەکانی ئەو بێ ئاگا نین.12کاتێک لە پێناو مزگێنی مەسیح گەیشتمە شاری ترۆئاس، پەروەردگار دەرگایەکی بۆ کردمەوە بۆ ئەوەی خزمەت بکەم 13گیانم پشوی نەدا چونکە تیتۆسی برام نەدۆزیەوە. بۆیە ماڵئاواییم لە باوەڕدارانی ئەوێ کرد و بەرەو هەرێمی مەکەدۆنیا ڕۆیشتم.14بەڵام، سوپاس بۆ خودا کە هەمیشە سەرکردایەتیمان دەکات لە کاروانی سەرکەوتن لە مەسیحدا، و بۆنی خۆشی زانستەکەی لەگەڵ ئێمەدا لە هەموو شوێنێک بڵاودەکاتەوە. 15چونکە ئێمە بۆنی خۆشی مەسیحین کە بەرەو خودا بەرز دەبێتەوە، هەم لەنێو ئەوانەی ڕزگاریان دەبێت و هەم لەنێو ئەوانەی لەناو دەچن بڵاودەبێتەوە:16هەندێکیان بۆنێکی تێدایە لە مردن و بەرەو مردن، ئەوانیش بۆنێک لە ژیانەوە بەرەو ژیان. ئایا کێ شیاوە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارانە؟ 17ئێمە وەک زۆر کەس بازرگانی بە قسەی خوداوە ناکەین، بەڵکو بە دڵسۆزی و لە خوداوە، لەبەردەم خودادا، بە مەسیح قسە دەکەین.
1پێتان وایە جارێکی تر دەست بکەینەوە بە ستایشکردنی خۆمان؟ یان پێتان وایە هەندێکمان پێویستمان بە نامەی پشتگیری هەیە کە بۆ ئێوە یان لە ئێوەوە وەریبگرین؟ 2ئێوە ئەو نامەی پشتگیرییەن، کە لە دڵماندا نووسراوە، کە هەموو مرۆڤەکان دەتوانن بیزانن و بیخوێننەوە. 3وە بەم شێوەیە ڕوون دەبێتەوە کە ئێوە پەیامەکەی مەسیحن کە ئێمە خزمەتمان کردووە، بە مەرەکەب نەنووسراوە بەڵکو بە گیانی خودای زیندوو، نەک لەسەر تەختە بەرد، بەڵکو لە سەر پەڕەی دڵی مرۆڤ.4ئەمە متمانەی مەزنی ئێمەیە بەرامبەر بە خودا بە مەسیح: 5ئەوە نییە کە ئێمە خۆبژێو بین بۆ ئەوەی بانگەشەی شتێک بکەین بۆ خۆمان، بەڵکو لێهاتوویی ئێمە لە خوداوەیە. 6کە وای لێکردین بتوانین خزمەتکاری پەیمانێکی نوێ بین کە نەک لەسەر بنەمای پیت بەڵکو لەسەر بنەمای گیان. پیتەکە بەرەو مردن دەتانبات؛ بەڵام گیانەکە ژیان دەبەخشێت.7بەڵام، ئەو کاتە خزمەتەکە بووە هۆی مردن کە پیتەکانی لەسەر تەختەیەکی بەرد هەڵکەندرابوون، بە شکۆمەندی دەستی پێکرد، تەنانەت نەوەی یەسرائیل نەیانتوانی سەیری ڕووخساری موشە بکەن، لەبەر شکۆمەندی ڕووخساری، ئەو شکۆمەندییە زوو بەسەر چوو، 8ئایا گونجاوتر نییە کە خزمەتکردنی گیانەکە لە شکۆمەندیدا ڕەگی داکوتابێت؟9ئەگەر ئەو خزمەتەی کە تاوانبارکردنی هێنا شکۆمەند بێ، ئەو خزمەتەی کە ڕاستودروستی دەهێنێت چەندە شکۆمەندترە! 10تەنانەت ئەوەی پێشتر شکۆمەند بوو بەم شێوەیە شکۆمەند نەبوو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو شکۆمەندییەی کە سەرکەوتووترە. 11ئەگەر شکۆمەندی هاوڕێی ئەو شتە بێت کە زوو بەسەر دەچێت، ئەی ئەوەی هەمیشەییە چەند زیاتر شکۆمەندە!12بەو پێیەی ئێمە هیوایەکی پتەومان هەیە، بە بوێرییەکی زۆرەوە کار دەکەین. 13ئێمە وەک موشە نین ڕووی خۆی دادەپۆشی تاکو نەوەی یەسرائیل تەماشای کۆتایی شکۆی بەسەرچووی نەکەن.14بەڵام بیر کوێر بوون، چونکە ئەو داپۆشراوییە تا ئەمڕۆش کە پەیمانی کۆن دەخوێنرێتەوە هێشتا هەیە، و تەنها لە مەسیحدا لا دەچێت 15بەڵام ئەو داپۆشینە له ئەمڕۆشدا له سەر دڵیان دانراوه که پەرتووکی موشە ده خوێننەوه. 16بەڵام کاتێک بە دڵ ڕوویان لە پەروەردگار کرد، ئەو داپۆشراوییە لادەبرێت.17چونکە پەروەردگار گیانەکەیەو گیانی پەروەردگار لە کوێ بێت، ئازادی لەوێیە. 18لە کاتێکدا هەموومان بە ڕووخسارێکەوە وەک ئاوێنەیەکی دانەپۆشراو سەیری شکۆمەندی پەروەردگار دەکەین، لە شکۆمەندییەکەوە دەگۆڕدرێین بۆ شکۆمەندییەکی تر بۆ ئەوەی بگۆڕدرێین بۆ سەروێنەی ئەو، ئەمەش لە پەروەردگارەوەیە کە گیانەکەیە.
1تا ئەو کاتەی لە ڕێگەی بەخششی خوداوە ئەم خزمەتەمان هەبێت، ورەمان لاواز نابێت. 2بەڵکو لەم ڕێگایەدا شتە شاراوە و شەرمەزارییەکانمان ڕەتکردۆتەوە، بە فێڵەوە هەڵس و کەوت نایکەین، و وشەی خودا دەستکاری ناکەین، بەڵکو بە ڕاگەیاندنی ڕاستییەکان لە ویژدانی هەموو کەسێکدا، ستایشی خۆمان دەکەین، لەبەردەم خودادا.3بەڵام ئەگەر مزگێنیەکەمان داپۆشراو بێت، ئەوا بۆ ئەوانەی لەناو دەچن داپۆشراوە، 4لەناو ئەو بێباوەڕانەدا کە بەهۆی خودای ئەم جیهانە بیرکردنەوەیان کوێر بووە تاوەکو ڕووناکی مزگێنیەکە کە تایبەت بە شکۆمەندی مەسیحە کە وێنەی خودایە بۆیان نەدرەوشێتەوە.5چونکە ئێمە بانگەشە بۆ خۆمان ناکەین، بەڵکو بانگەشەی یەشوای مەسیح دەکەین وەک پەروەردگار، ئێمە هیچ نین جگە لەخزمەتکارتان لە پێناو یەشوادا. 6چونکە خودا، کە فەرمانی بە ڕووناکی کردووە لە تاریکیدا بدرەوشێتەوە، ئەوە ئەو کەسەیە کە ڕووناکی لە دڵماندا دەدرەوشێنێتەوە، بۆ ئەوەی زانینی شکۆمەندی خودا کە لە ڕووخساری مەسیحدا دەرکەوتووە بدرەوشێتەوە.7بەڵام ئێمە ئەم گەنجینەیە لەناو گۆزەی گڵینەدا هەڵدەگرین، بۆ ئەوەی ڕوون بێتەوە کە دەسەڵاتی باڵا لە خوداوە دێت و لە ئێمەوە نایەت. 8لە هەموو لایەکەوە کێشەمان هەیە، بەڵام ناڕووخێین. چارەسەرێکی گونجاو نادۆزینەوە، بەڵام بێ ئومێد نابین. 9چەوسانەوە دەربەدەری کردووین، بەڵام خودا وازمان لێناهێنێت.بە زەویدا دەدرێین، بەڵام نامرین. 10وە بۆ هەر شوێنێک بچین، هەمیشە مردنی یەشوا لە جەستەماندا هەڵدەگرین بۆ ئەوەی ژیانی یەشواش لە جەستەماندا دەربکەوێت.11چونکە ئێمەی زیندوو هەمیشە لە پێناو یەشوادا ڕادەستی مردن دەکرێین، بۆ ئەوەی ژیانی یەشوا لە جەستەی لەناوچووشماندا دەربکەوێت. 12بەم شێوەیە، مردن لە ئێمەدا کاریگەرە؛ بەڵام ژیان لە ئێوەدا چالاکە.13لەبەر ئەوەی ئێمە هەمان گیانی باوەڕمان هەیە، کە لەسەری نووسراوە: «باوەڕم هێنا، بۆیە قسەم کرد»، ئێمەش باوەڕمان هەیە، و بۆیە قسە دەکەین، 14ئێمە دەزانین کە ئەوەی یەشوای پەروەردگاری لە مردن هەستاندەوە، ئێمەش لەگەڵ یەشوا هەڵدەستێنێتەوە، و لەبەردەم ئەودا لەگەڵ ئێوەدا ئامادەمان دەکات. 15چونکە ئێمە هەموو شتێک لە پێناو ئێوەدا دەچێژین، تاکو ئەو بەخششەی کە ئێستا دەگاتە خەڵکێکی زیاتر، ببێتە هۆی ڕژانی سوپاسگوزاری بۆ شکۆمەندی خودا.16بۆیە، با ورەمان لەدەست نەدەین! بەڵکو، ئەو کاتەی مرۆڤی دەرەوەمان لەناو دەچێت، مرۆڤی ناوەوەمان ڕۆژ بە ڕۆژ نوێ دەبێتەوە. 17ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئەو تەنگانە سادە و کاتییە کە ئێستا بێزارمان دەکەن، ئەو بڕێکی بێئەندازە لە هەتاهەتایی شکۆمەندیمان بۆ بەرهەم دەهێنن. 18وەک چۆن چاوەکانمان لە سەر شتە بینراوەکانە با بۆ شتە نەبینراوەکان بڕوانین. چونکە ئەو شتانەی کە دەبینرێن تەنها بۆ ماوەیەکن؛ بەڵام ئەو شتانەی کە نابینرێن هەتاهەتایین.
1چونکە دەزانین کاتێک چادرە زەمینیەکەمان کە ئێستا تێیدا دەژین وێران دەبێ، ماڵێکمان دەبێت لەلای خودا: خانوویەک کە بە دەستی مرۆڤ دروست نەکراوە، هەتاهەتاییە لە ئاسمانەکان. 2راستییەکە ئەوەیە، لەکاتێکدا لەم چادرە، ئەناڵێنین و تامەزرۆی ئەوەین ماڵە ئاسمانیەکەی سەرەوەمان بپۆشین، 3چونکە ئەگەر پۆشیمان بە ڕووتی نابینرێین.4چونکە ئێمە، لەبەر ئەوەی لەم چادرەدا دەژین لەبەر بارگرانی دەناڵێنین، چونکە نامانەوێت دایبکەنین بەڵکو بۆ ئەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی ئاسمانیمان بەسەریدا لەبەر بکەین، بۆ ئەوەی ژیان ئەوەی لە ئێمەدا مردووە قوتی بدات. 5ئەو کەسەی کە ئێمەی بۆ ئەم بابەتە ئامادە کردووە خودایە، هەروەها گیانی وەک پێشەکییەک پێبەخشیوین.6بۆیە هەمیشە متمانەمان بەخۆمان هەیە، دەزانین تا لە جەستەدا بژین، لە پەروەردگار نامۆ دەبین. 7چونکە ئێمە بە باوەڕ دەڕۆین نەک بە بینین. 8کەواتە ئێمە متمانەمان بەخۆمان هەیە، و ڕازین بە نامۆبوون لە جەستە و مانەوە لەگەڵ پەروەردگار.9هەر بۆیە ئێمەش هەوڵدەدەین دڵخۆشی بکەین، جا دانیشتوو بین یان پەناهەندە. 10پێویستە هەموومان بە ئاشکرا لەبەردەم تەختی مەسیحدا بوەستین، بۆ ئەوەی هەر یەکێک لە ئێمە ئەو کارە وەربگرێت کە لە جەستەدا بوو، چ باش بێت یان خراپ!11لەبەرترسمان لە پەروەردگار، هەوڵدەدەین خەڵک رازی بکەین. بەڵام ئێمە لەبەردەم خودادا دەرکەوتووین، هیوادارم لە ویژدانی ئێوەشدا دەربکەوین. 12ئەوە نییە کە ئێمە لە پێش ئێوەدا دووبارە بە خۆماندا هەڵ بدەین؛ بەڵکو پاساوێکتان پێشکەش دەکەین کە شانازی بە ئێمەوە بکەن، بۆ ئەوەی بەڵگە بێت بۆ ئەو کەسانەی کە شانازی بە ڕواڵەتەکانی دەرەوە دەکەن نەک ئەوەی لە دڵدایە.13ئەگەرهۆشمەندیمان لەدەستداوە؟ ئەمە لە پێناو خودایە. ئەگەریش هۆشمەند بین؟ ئەمە لە پێناو ئێوە دایە. 14خۆشەویستی مەسیح زاڵە بەسەرماندا، ئێمەش ئەم بڕیارەمان داوە: مادام یەکێک لەبری هەمووان مرد، ئەمە مانای ئەوەیە کە هەمووان مردوون؛ 15ئەو لەبری هەمووان مرد بۆ ئەوەی ئەوانەی دەژین چیتر بۆ خۆیان نەژین بەڵکو بۆ ئەو ئەوەی لە پێناویان مرد و هەستایەوە.16بۆیە لەمەودوا کەس ناناسین لەڕووی زانایی مرۆڤانەوە. بەڵام ئەگەر ئێمە پێشتر مەسیحمان بە مرۆڤانە ناسیووە، ئێستا ئیتر بەو شێوەیە نایناسین. 17چونکە ئەگەر کەسێک لە مەسیحدا بێت، ئەوا بەدیهێنراوێکی نوێیە: شتە کۆنەکان تێپەڕین و سەیرکە، هەموو شتەکان نوێ بوونەوە.18هەموو شتێک لە خوداوەیە کە لە ڕێگەی مەسیحەوە ئێمەی لەگەڵ خۆیدا ئاشتکردەوە، پاشان خزمەتکردنی ئەم ئاشتبوونەوەی بە ئێمەی سپارد. 19ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە خودا لە مەسیحدا بوو کە جیهانی لەگەڵ خۆیدا ئاشت کردەوە، گوناهەکانیانی لە بەر چاونەگرت و پەیامی ئەم ئاشتبوونەوەی خستە نێو دەستەکانمان.20پاشان ئێمە باڵوێزی مەسیحین و خوداش لە ڕێگەی ئێمەوە بە ناوی مەسیحەوە بانگەواز دەکات: «لەگەڵ خودا ئاشت ببنەوە!» 21چونکە ئەوەی گوناهی نەدەناسی، خودا لە پێناوی ئێمە کردییە گوناهە، تاکو ببینە ڕاستودروستی خودا لەناو ئەودا.
1بەو پێیەی ئێمە پێکەوە کرێکاری خوداین، داواکارین بەخششی خودا بێهودە وەرمەگرن. 2چونکە دەفەرموێت: «لە کاتی پەسەندکردنم گوێم لێگرتیت، لە ڕۆژی ڕزگاریدا یارمەتیم دایت». ئێستا کاتی پەسەنکردنە. ئەمڕۆ ڕۆژی ڕزگاربوونە! 3ئێمە هیچ ڕەفتارێک ئەنجام نادەین کە ببێتە کۆسپ بۆ هیچ کەس، بۆ ئەوەی نەوەک گلەیی بێتە سەر خزمەتەکە.4لە هەموو شتێکدا بە شێوەیەک مامەڵە دەکەین کە دەریدەخات بەڕاستی خزمەتکاری خوداین: بە دانبەخۆداگرتنی زۆرمان؛ لە تەنگانە، پێویستی و ناخۆشی و لێقەومان 5لە لێدان و زیندان و ئاژاوە وماندووبوون و شەونخونی و برسیێتی؛ 6لە پاکی و زانست و لێبوردەیی و میهرەبانیدا؛ لە گیانی پیرۆز و خۆشەویستی پاک بەبێ دووڕوویی؛ 7لە وشەی راستی و هێزی خودا؛ بە چەکی چاکە لە هێرش و بەرگریدا بن؛8بە شکۆ و سووکایەتی؛ بە ناوزڕاوی یا ناوبانگێکی باش. کاتێک ڕاستگۆ بین وەک گومڕا مامەڵەمان لەگەڵ دەکرێت، 9وەک نەناسراو و لەگەڵ ئەوەشدا ناسراوین، وەک مردوو و لەگەڵ ئەوەشدا دەژین، وەک سزادراو و نەکوژراو، وەک خەمبار، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە شادمانین، 10وەک هەژار، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینە دەوڵەمەند دەکەین، وەک ئەوەی هیچمان نەبێ، و هەموو شتێکمان هەیە.11ئێمە قسەمان لەگەڵ ئێوە کرد، ئەی خەڵکی کۆرنەسۆس، بە ڕاشکاوی و دڵفراوانی. 12ئێوە لە تەنگانەیان، نەک لەبەر ئێمە بەڵکو بەهۆی تەنگانەی هەست و سۆزی خۆتانەوە 13بەڵام، بەهەمان شێوە، وەک منداڵێک قسەتان لەگەڵ دەکەم، بۆ ئەوەی دڵتان فراوان بێ!14لەگەڵ بێباوەڕاندا مەچنە ژێریەک نیرەوە. چ پەیوەندییەک هەیە لە نێوان ڕاستودروستی و ناڕەوا؟ چ هاوبەشییەک لە نێوان ڕووناکی و تاریکیدا هەیە؟ 15مەسیح چ هاوپەیمانییەکی لەگەڵ شەیتان هەیە؟ باوەڕدارچ پشکێکی لەگەڵ بێباوەڕدا هەیە؟ وە پەرستگای خودا چ ڕێکەوتنێکی لەگەڵ بتەکاندا هەیە؟ 16چونکە ئێمە پەرستگای خودای زیندووین، بەپێی ئەوەی خودا فەرموویەتی: « من لە نێوانیاندا دەژیم و لە نێوانیاندا دەڕۆم و دەبمە خودایان و ئەوانیش دەبنە گەلی من».17بۆیە « لەبەر ئەوە لە نێوانیان بڕۆنە دەرەوە، و بەجێیان بهێڵن»، پەروەردگار دەفەرموێت، «دەست لە شتە پیسەکان مەدەن، 18ئینجا پەسەندتان دەکەم»، و«من دەبمە باوک بۆ ئێوە، ئێوەش دەبنە کوڕ و کچم»، ئەمانە پەروەردگاری هەرە بە توانا دەفەرموێت.
1مادام ئەم بەڵێنانەمان وەرگرتووە، ئەی خۆشەویستان، با خۆمان پاک بکەینەوە لە هەموو شتێک کە جەستە و گیانمان پیس دەکات، بە پیرۆزییەکی تەواو لە ترسی خودادا.2با لە دڵتاندا شوێنێکمان هەبێت: ئێمە بە ناڕەوا مامەڵەمان لەگەڵ کەسدا نەکردووە، ئێمە زیانمان بە کەس نەگەیاند، کەسیشمان بەکارنەهێناوە. 3ئەمە ناڵێم بۆ سەرکۆنەکردنی ئێوە. چونکە، وەک پێشتر وتمان ئێوە لە دڵی ئێمەدان، بە ڕادەیەک کە ئامادەین لەگەڵتان بمرین و لەگەڵتان بژین! 4متمانەیەکی زۆرم بە ئێوە هەیە، زۆر شانازی بە ئێوەوە دەکەم. لە هەموو تەنگانەماندا من پڕم لە هاندان و سەرڕیژ لە خۆشی .5کاتێک گەیشتینە پارێزگای مەکەدۆنیا جەستەمان تامی پشوودانی نەکرد، چونکە تەنگانە لە هەموو ئاراستەیەکەوە ڕووبەڕوومان بۆوە: ململانێ لە دەوروبەرمان زیادی کردووە، ترسیش لەناو ئێمەدا زیادی کردووە. 6جگە لەوەی خودا، ئەوەی هانی تێکشکاوان دەدات، لە ڕێگەی هاتنی تیتۆسەوە هانی ئێمەی دا، 7نەک تەنها بە هاتنی، بەڵکو بەو هاندانەی کە لە نێوانتاندا وەریگرت. بۆی گێڕاینەوە لەبارەی پەرۆشی و پەژارە و دڵگەرمیتان بۆ من، دڵخۆشییەکەم دوو هێندە بوو.8ئەگەر نامەکەم خەمباری کردبن، ئەوە پەشیمان نیم، هەرچەندە پەشیمان بوومەوە، چونکە دەبینم بۆ ماوەیەک ئەو نامەیە خەمباری کردن. 9ئێستا دڵخۆشم، نەک لەبەر ئەوەی خەمبار بوون، بەڵکو لەبەر ئەوەی خەم و پەژارە وای لێتان کرد لە گوناهەکانتان پاشگەزببنەوە. چونکە ئێوە بە شێوەیەک ئازارتان چەشتووە کە لەگەڵ خواستی خودادا گونجاوە، بۆ ئەوەی لە لایەن ئێمەوە هیچ ئازارێکتان پێ نەگات. 10خەمێک کە لەگەڵ ویستی خودادا بگونجێت پاشگەزبوونەوە بەرهەم دەهێنێت کە ئەمەش ئەنجامەکەی ڕزگارییە، وهیچ پەشیمانییەکی تێدا نییە. بەڵام خەمی دونیا مردن بەرهەم دەهێنێت.11کەواتە ببینن، ئەم خەم و پەژارەیە کە لەگەڵ خودا هاوڕایە، چەندە هەوڵی لە ئێوەدا بەرهەم هێناوە، تەنانەت داوای لێبوردن، نکۆڵی کردن، ترس، لە تامەزرۆیی، ئیرەیی، سزا! لە هەموو شتێکدا دەرتانخست کە بێتاوانن لەو بابەتە. 12ئەوەی کە پێشتر بۆم نووسیبوون لە پێناو تاوانبار و تاوانلێکراو نەبوو، بەڵکو ویستم لە بەرامبەر خودا ئەوە دەربخەم کە چەند دڵگەرمن بۆ گوێڕایەڵیمان.13هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دڵنەواییمان پێدرا. لەسەرو دڵنەواییمان، ئێمە بەهۆی دڵخۆشی تیتۆسەوە لە ڕادەبەدەر دڵخۆش بووین چونکە گیانی بە هەمووتان حەسایەوە. 14ئەگەر بە شتێک شانازیم پێوە کردبێت، دەربارەی ئێوە، شەرمم نەکردووە؛ بەڵام هەر وەک چۆن هەموو شتێکمان بە ڕاستگۆیی پێ گوتن، شانازیکردنمان بۆ تیتۆسیش ڕاستگۆیانە بوو..15خۆشەویستی بۆ ئێوە زیاتر دەبێت کاتێک یادی گوێڕایەڵی هەمووتان دەکاتەوە کە چۆن بە ترس و لەرزەوە پێشوازیتان لێکرد. 16دڵخۆشم کە متمانەم بە ئێوە هەیە لە هەموو شتێکدا.
1. ئێستا، ئەی برایان، ئەو بەخششەی خوداتان پێ دەناسێنین کە بە کڵێساکانی هەرێمی مەکەدۆنیا بەخشراوە. 2هەرچەندە لە تاقیکردنەوەیەکی قورسدا بوون، زۆردڵخۆش بوون سەرەڕای هەژاری زۆریان بەڵام دەوڵەمەندییەکی بەخشندانەی بۆ بەرهەمهێنان.3من شایەتی دەدەم کە ئەوان بە دەستپێشخەری خۆیان بەخشینیان کردووە، نەک تەنها بەپێی توانای خۆیان، بەڵکو لە سەرووی توانای خۆشیانەوە. 4بە پاڕانەوەو پێداگرییەکی زۆر رازی بووین بە بەخشینەکانیان بەشدار بن بۆ یارمەتیدانی پیرۆزکراوان. 5هەروەها لەوەی کە چاوەڕێمان دەکرد زیاتر بوو، وەک چۆن سەرەتا خۆیان تەرخان کرد بۆ پەروەردگار و پاشان بۆ ئێمە بە خواستی خودا،6ئەمەش وای لێکردین داوا لە تیتۆس بکەین ئەو کارە تەواو بکات کە پێشتر لەگەڵ ئێوەدا دەستی پێکردبوو. 7بەڵام، هەروەک چۆن ئێوە هەموو شتێکتان زۆرە: لە باوەڕ، لە وشەکە، لە زانین، لە کۆششکردن لە هەموو شتێکدا، و لە خۆشەویستیتان بۆ ئێمە، لەم بەخششی ئەم بەخشینەدا زۆر بن.8من فەرمانت پێ ناکەم، بەڵام دەمەوێت بە بەراوردکردنت لەگەڵ دڵگەرمی کەسانی دیکە، دڵسۆزی خۆشەویستیت تاقی بکەمەوە. 9چونکە ئێوە بەخششی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح دەزانن: لە پێناو ئێوەدا هەژار بوو، کە هەرچەندە دەوڵەمەند بوو تاکو بە هەژارییەکەی دەوڵەمەند بن.10من بۆچوونی خۆم لەسەر ئەو بابەتانە دەردەبڕم. چونکە ئەمە قازانجی هەیە بۆ ئێوە، کە لە ساڵی ڕابردووە دەستتان پێکردووە، نەک تەنها ئەنجامتان داوە، بەڵکو ئارەزووتان دەکرد کە ئەنجامی بدەن: 11ئێستا کارەکە تەواو بکەن، هەروەک چۆن، پێشتر ئامادە بوون و ئارەزووی ئەوەتان دەکرد، هەروەها دەبێت ئامادە بن چونکە بەوەی کە هەتانە کارەکە تەواو دەکەن. 12هەرکاتێک ئامادەییتان هەبێت، بەپێی ئەوەی مرۆڤ هەیەتی پەسەند دەکرێت کە پێبدرێت، نەک بەپێی ئەوەی کە نییەتی.13ئەمە بەو ئامانجە نییە کە ئەوانی دیکە بحەسێنەوە و تۆش لە تەنگاندا بیت، بەڵکو لەسەر بنەمای یەکسانیە: 14لە هەلومەرجی ئێستادا، زۆریی ئێوە پێویستیی ئەوان دابین دەکات، بەجۆرێک کە لە داهاتوودا زۆریی ئەوانیش پێویستیی ئێوە دابین بکاتەوە، تاکو یەکسانی بەدی بێت، 15بەگوێرەی ئەوەی نوسراوە: «نە ئەوەی زۆری کۆکردووەتەوە زیادی کردووە و نە ئەوەی کەمی کۆکردووەتەوە کەمی کردووە».16بەڵام، سوپاس بۆ خودا کە دڵگەرمییەکی وای خستە دڵی تیتۆسەوە بۆ ئێوە. 17نەک تەنها لە ڕاستیدا وەڵامی داواکارییەکەی ئێمەی دایەوە، تەنانەت بە دەستپێشخەری خۆی دێت بۆ لاتان چونکە زۆر دڵگەرمتر بوو.18ئەو برایەمان لەگەڵیدا نارد کە بە هۆی خزمەتکردنی بە مزگێنیەکە لە نێو هەموو کڵێساکاندا ستایشی دەکەن. 19نەک تەنها ئەوە، بەڵکو لەلایەن کڵێساکانەوە وەک هاوڕێی گەشتەکەمان هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی ئەم دیارییە بگەیەنێت کە پێشکەشی دەکەین بۆ شکۆمەندکردنی پەروەردگارمان بۆ ئەوەی پیشانی بدەین کە ئێمە گرنگی بە یەکتر دەدەین.20ئێمە زۆر حەز دەکەین کەس لۆمەمان نەکات سەبارەت بەم بەشدارییە گەورەیەی کە ئێمە ئەنجامی دەدەین. 21ئێمە حەزمان لە دەست پاکییە نەک تەنها لەبەردەم پەروەردگار، بەڵکو لەبەردەم خەڵکیشدا.22لەگەڵ ئەواندا برایەکمان نارد، کە لە ڕێگەی ئەزموونەوە جار لە دوای جار بۆمان دەرکەوتووە، کە دڵگەرمی زۆری هەیە بۆ زۆرشت، ئێستا بەهۆی متمانەی زۆری بە ئێوە دڵگەرمترە. 23سەبارەت بە تیتۆس، ئەو هاوکار و یارمەتیدەرمە لە پێناو بەرژەوەندی ئێوە. سەبارەت بە دوو براکەی ترمان، ئەوان نێردراوی کڵێساکان و شکۆمەندی مەسیحن. 24لە بەردەم کڵێسادا بە بەڵگەی خۆشەویستیتان شانازیکردنمان بە ئێوەوە بیسەلمێنن.
1چونکە پێویست ناکات لەسەریارمەتیدانی پیرۆزکراوان بۆتان بنووسم، 2چونکە من تامەزرۆیی ئێوە بۆ یارمەتیدان دەزانم و شانازی بەوەوە دەکەم لای مەکەدۆنییەکان و پێیان دەڵێم: لە ساڵی ڕابردووەوە ئێوە لە ئەخایا ئامادەن بۆ بەخشین. و دڵ گەرمیتان پاڵنەر بووە بۆ زۆربەی برایان.3بەڵام برایان دەنێرم، بۆ ئەوەی شانازیکردنمان بۆ ئێوە لەم بابەتەدا نەگۆڕێت بۆ شانازییەکی بێهودە تاکو ئامادەبن هەروەک گوتم؛ 4چونکە ئەگەرهەرمەکەدۆنییەک لەگەڵم بێت، و ئێوە ببینێت ئامادە نین، ئەوا ئێمە شەرمەزار دەبین بەو متمانە مەزنەی کە هەمانە. 5بۆیە بە پێویستم زانی داوا لە برایان بکەم پێشوەختە سەردانتان بکەن وتا ئەو بەخشینە ئامادە بکەن کە پێشتر راگەیەندرابوو، بۆ ئەوەی وەک بەخششێک ئامادە بێت نەک وەک ئەرکێکی قورس!6کەواتە ڕاستە هەرکەسێک کەم بچێنێت، کەمیش دەدروێتەوە، هەرکەسێک بە بەرەکەتەوە بچێنێت، بە بەرەکەتیش دەدروێتەوە. 7با هەر کەسێک ئەوەی لە دڵی خۆیدا مەبەستی بووە بیبەخشێت، نە لە پەشیمانی و نە لە پێویستی، چونکە خودا ئەوانەی خۆش دەوێت کە بە خۆشحاڵییەوە دەبەخشن.8خودا توانای ئەوەی هەیە هەموو بەخششێکتان بۆ زیاد بکات، بۆ ئەوەی لە هەموو شتێک و لە هەموو کاتێکدا، ئەو شتانەتان هەبێت کە پێویستتانەو سەرڕێژ بن لە هەموو کارێکی باشدا؛ 9بەپێی ئەوەی نووسراوە: «بە بەخشندەیی دابەش دەکەن، دەیدەن بە هەژاران، ڕاستودروستییەکەیان بۆ هەتاهەتایە بەردەوام دەبێ!»10ئەوەی تۆو بۆ چاندن، و نان بۆ خواردن دابین دەکات، تۆوەکەت بۆ دابین دەکات و زۆر دەکات و بەرهەمی ڕاستودروستیت زیاد دەکات: 11لە هەموو شتێکدا دەوڵەمەند دەبیت بۆ هەموو بەخشندەییەکی خۆبەخشانە، کە لە ئەنجامدا سوپاسگوزاری خودای لێ دەکەوێتەوە.12ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە خزمەتکردنی خودا بەم یارمەتییە نەک تەنها پێویستی پیرۆزکراوان دابین دەکات، بەڵکو وا دەکات کە زۆر کەس سوپاسی خودا بکەن. 13کاتێک پیرۆزکراوان، ئەم خزمەتە ئەزموون دەکەن، خودا شکۆمەند دەکەن بۆ گوێڕایەڵی ئێوە لە شایەتی مزگێنی مەسیح و بۆ بەخشندەیی خۆبەخشانەتان لە بەشداریکردن لەگەڵیاندا بۆ ئەوان و بۆ هەمووان. 14هەروەها نزاتان بۆ دەکەن، تامەزرۆی بینینی ئێوەن، بەهۆی ئەو بەخششەی خودا کە بە ئێوە دراوە. 15سوپاس بۆ خودا بۆ ئەو بەخشینە بێبەرامبەرەی کە لە وەسف کردن بەرزترە!
1بەڵام من بە نەرمی و نیانی و لێبوردەیی مەسیح بانگهێشتان دەکەم، من پۆڵسم،بە «بە بێفیزی» لە نێو ئێوەدا ئامادەم، ولە کاتێکدا لە ئێوە دوورم بەرامبەرتان «بوێرم »، 2بەو هیوایەی کاتێک دێم، ڕەنگە پێویست نەکات ئەوەندە بوێر بم کە چاوەڕێی دەکەم بەرامبەر بە هەندێک کەس کە پێیان وایە ئێمە بە پێوەرەکانی ئەم جیهانە دەژین.3هەرچەندە ئێمە لە جەستەدا دەژین، بەڵام بەپێی جەستە ناجەنگین. 4چونکە ئەو چەکانەی ئێمە شەڕیان پێدەکەین جەستەیی نین، بەڵکو لە خودادا هێزیان هەیە بۆ ڕووخاندنی قەڵاکان: بەوە بۆچوونەکان لەناو دەبەین5هەرشتێک بەرەنگاری زانینی خودا دەبێتەوە دەڕوخێت، و ئێمە هەموو بیرکردنەوەیەک بۆ گوێڕایەڵی مەسیح بە دیل دەگرین. 6ئێمە ئامادەین بۆ سزادانی هەموو سەرپێچییەک، دوای ئەوەی ئێوە تەواو گوێڕایەڵ بوون.7ئایا بەپێی ڕواڵەتیان بڕیار لەسەر شتەکان دەدەن؟ ئەگەر کەسێک متمانەی بە خۆی هەیە کە هی مەسیحە، با لەناو خۆیدا بیر لەوە بکاتەوە کە وەک چۆن ئەو هی مەسیحە، هەروەها ئێمەش هی مەسیحین. 8ئەگەر، کەمێک زۆر شانازی بە دەسەڵاتەکەمانەوە بکەم، کە پەروەردگار پێی بەخشیوین بۆ ئەوەی ئێوە بنیات بنێن و نەڕوخێنین، پێویست ناکات شەرم بکەم،9بۆ ئەوەی وا دەرنەکەوم کە بە نامەکان دەتانترسێنم. 10چونکە هەندێک دەڵێن: «نامەکانی قورس و زۆر بەهێزن، بەڵام لە ڕووی کەسییەوە سەرنجڕاکێش نییە و قسەکردنی هیچ نییە».11با ئەو جۆرە کەسانە ئاگاداربن ئێمە لە نامەکانماندا کە دەینێرین چۆن دەردەکەوین کاتێکیش لە لاتان ئامادەین بەهەمان شێوەین. 12چونکە ئێمە ناوێرین خۆمان پۆلێن بکەین، یان بەراورد بکەین، لەگەڵ ئەوانەی کە لەناو ئێوەدا ستایشی خۆیان دەکەن. چونکە ئەو کەسانە خۆیان بە خۆیان دەپێون، و خۆیان بە خۆیان بەراورد دەکەن، ئیتر هیچ تێناگەن!13سەبارەت بە ئێمەش، شانازی بەو شتانەوە ناکەین کە سنوور تێدەپەڕێنێت، بەڵکو لە سنووری ئەو یاسایەدا یەکدەگرێتەوە کە خودا بۆی داناوین تاکو ئاستێک کە بگەینە ئێوەش. 14چونکە ئێمە سنوورەکانمان تێناپەڕێنین وەک ئەوەی نەگەیشتینە ئێوە، چونکە بەڕاستی بە مزگێنی مەسیح گەیشتینە ئێوە؛15هەروەها ئێمە شانازی بە ماندوو بوونی کەسانی دیکەوە ناکەین. بەڵکو هیوادارین، لەگەڵ گەشەکردنی باوەڕتان، ئێمە بەپێی یاساکەمان لە نێوانتاندا پێشبکەوین، 16بۆ ئەوەی بانگەشەی مزگێنیمان بدەینە ئەو ناوچانەش کە لە ئێوە دوورن، بۆ ئەوەی شانازی بەو شتانەوە نەکەین کە لە یاسای کەسێکی تردا بەدەست هاتووە.17بەڵام «ئەوەی شانازی دەکات، با شانازی بە پەروەردگار بکات!» 18چاکەکارئەو کەسە نییە کە ستایشی خۆی دەکات، بەڵکو ئەو کەسەیە کە پەروەردگار ستایشی دەکات.
1خۆزگە ئێوە لە راستیدا بەرگەی هەندێک گێلایەتی منتان دەگرت، لە ڕاستیشدا ئێوە بەرگەم دەگرن. 2چونکە من بە ئیرەییەکی خوداییانە ئیرەییتان پێ دەبەم، لە پیاوێک نیشانەم کردن کە مەسیحە، تا وەک پاکیزەیەک پێشکەشتان بکەم.3بەڵام دەترسم کە ئەقڵتان لە دڵسۆزی و پاکی بەرامبەر مەسیح بەلاڕێدا بڕوات هەروەک چۆن مار بە فێڵبازییەکەی حەوای فریودا. 4جا ئەگەر هەرکەسێک بێتە لاتان بانگەشەی یەشوایەکی تر بکات کە ئێمە بانگەشەمان بۆ نەکردووە، یان گیانێکی تر وەربگرن جیاواز لەوەی وەرتانگرتووە، یان مزگێنێک پەسەند بکەن جیاواز لەوەی پەسەندتان کردووە، ئەوا بە هەموو خۆشییەکەوە وەری دەگرن.5لە هیچ شتێکدا خۆم لە نێردراوە باڵاکان بە کەمتر دانانێم. 6هەرچەندە بە زمانی خەڵکی ئاسایی قسە دەکەم کە رەوان نییە، بەڵام زانیاریم کەم نییە. ئێمە تەنها لە هەموو شتێکدا بە ئامادەبوونی هەمووان ئەمەمان بۆ ئێوە ئاشکرا کردووە.7کەواتە ئایا تاوانی منە کە بەبێ هیچ پاداشتێک مزگێنیەکەم پێ ڕاگەیاندوون، بەم شێوە رێزی خۆمم کەم کردەوە بۆ ئەوەی ئێوە رێزدار بن؟ 8من بە وەرگرتنی بەخشین لە کڵێساکانی تر ستەمم کرد تا بتوانم خزمەتتان بکەم. 9کاتێک لەگەڵ ئێوە بووم و پێویستیم هەبوو، بۆ هیچتان نەبوومە بارگرانی. پێویستیەکانی من لەلایان ئەو برایانە کە لە هەرێم مەکەدۆنیا هاتبوون دابینکرا. من خۆمم پاراستووە، خۆشم دەپارێزم، لەوەی لە هەر شتێکدا کە ببێتە بارگرانی بۆ ئێوە.10تا ئەو کاتەی ڕاستی مەسیح لە مندایە، کەس لە ناوچەکانی ئەخایا ئەم شانازییەم لێ وەرناگرێت! 11بۆچی؟ ئایا چونکە ئێوەم خۆشناوێت؟ خودا دەزانێت!12بەڵام، ئەوەی ئەنجامی دەدەم و دەیکەم بۆ ئەوەی هەلی هەلپەرستان بنبڕ بکەم کە شانازی دەکەن وبەدوای هەلێکدا دەگەڕێن وا پیشان بدەن وەک ئێمەن. 13ئەم جۆرە کەسانە نێردراوانی درۆزن، و کرێکاری فێڵبازن، کە خۆیان وەک نێردراوی مەسیح نیشان دەدەن.14سەیر نییە! شەیتان خۆی وەک فریشتەی ڕووناکی ئاشکرا دەکات. 15کەواتە شتێکی سەیر نییە ئەگەر خزمەتکارانی خۆی لە شێوەی خزمەتکاری ڕاستودروستی دەربخات. سزاکەیان بەپێی کردەوەکانیان دەبێت.16دیسان دەیڵێمەوە: با کەس وا بیر نەکاتەوە کە من گێلم، ئەگەر گەمژەش بم پەسەندم بکەن، بۆ ئەوەی منیش کەمێک شانازی بکەم! 17ئەوەی لێرەدا باسی دەکەم، بەپێی پەروەردگار قسە ناکەم، بەڵکو وەک لە گێلایەتییەوە بێت، و ئەم متمانەیەم هەیە کە وا دەکات شانازی بکەم: 18بەو پێیەی زۆر کەس شانازی بەو شتانەوە دەکەن کە لەگەڵ جەستەدا گونجاوە، منیش شانازی دەکەم.19لەبەر ئەوەی خۆتان ئەوەندە ژیرن، بە خۆشحاڵییەوە بەرگەی گەمژەکان دەگرن! 20چونکە بەرگەی هەموو ئەوانە دەگرن، کە دەتانکەنە کۆیلە، و دڕندە، و بەکارتان دەهێنن، خۆیان بەگەورە دائەنێن بەرامبەر بە ئێوە، و لێتان دەدەن. 21چ سووکایەتییەکە! چەند لاواز بووین لە مامەڵەکردنمان لەگەڵ ئێوە! بەڵام، کە گەمژانە قسە دەکەم، هەرچییەک ئەوان دەوێرن بیکەن، منیش دەوێرم.22ئەگەر ئەوان عیبرانی بن، منیش هەروا. یان یەسرائیلی بن، منیش هەروا؛ یان لە نەوەی ئەڤراهام بن؛ منیش هەروەها! 23ئەگەر ئەوان خزمەتکاری مەسیح بن، وەک ئەوەی ژیرمەندیم لەدەستدا بێت کاتێ قسە دەکەم، چونکە من لەوان باڵاترم: زۆرترین زەحمەتم کێشاوە، لە ڕادەبەدەر دارکاری کراوم، لەوان زیاتر لە زینداندا بووم، زۆر جاریش ڕووبەڕووی مردن بوومەتەوە.24یەهودییەکان بە قامچی پێنج جار لێیان داوم، هەر جارێک بە بێ کەمکردنەوە چل قامچیان لێداوم. 25سێ جار بە دار لێمدراوە. جارێک بەردباران کراوم. سێ جار لە کەشتیدا نوقم بووم. شەو و ڕۆژێکم لە قووڵایی دەریادا بەسەر برد. 26بەهۆی زۆر گەشتکردنمەوە؛ ڕووبەڕووی مەترسی لافاو، و چەتە و، مەترسی لەلایەن گەلی خۆم و بتپەرەستان و مەترسی ناو شارەکان، و بیابان، ودەریا، و مەترسی برا درۆزنەکان بوومەوە.27چەند ماندوو بووم ئازارم چەشت و بە زەحمەت کێشان و شەونخونی زۆر، و برسێتی و توونیەتی و بە ڕۆژووگرتنی زۆر، و سەرما و ڕووتی. 28جگە لەو مەترسییە دەرەکیانە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ فشارەکان لەسەرم زیاتر دەبن، بەو شێوە بارگرانی هەموو کڵێساکان لەسەرمە. 29ئایا کەسێک هەیە لاواز بێت و من لەگەڵی لاواز نەبم، وە کەسێک هەیە کە کۆستی کەوتبێ و من بۆی نەسوتابم؟30ئەگەر شانازیکردن پێویست بوو، شانازی بەو شتانەوە دەکەم کە لاوازیم دەردەخەن. 31خودا و باوکی یەشوای پەروەردگار، پیرۆزە بۆ هەتاهەتایە، دەزانێت کە من درۆ ناکەم.32ئەو حاکمەی کە لەلایەن پاشا ئارێتاسەوە بۆ پارێزگاری دیمەشق دەستنیشانکرابوو، پاسەوانی شاری دیمەشقی توندتر کرد، ویستی دەستگیرم بکات. 33بەڵام لە لەناو سەبەتەیەکەوە لە پەنجەرەی شووراکە منیان شۆڕکردەوە، بۆیە لە دەستی دەرباز بووم.
1بەڵێ، شانازیکردن هیچ سوودێکی بۆ من نییە؛ بەڵام ڕوو دەکەمە ئەو شتانەی کە پەروەردگار لە ڕووی بینین و ڕاگەیاندنەکانەوە بۆی ئاشکرا کردووم. 2من پیاوێک لە مەسیحدا دەناسم کە چواردە ساڵ لەمەوبەر بەرەو ئاسمانی سێیەم بردرا: ئایا لە ڕێگەی جەستەیەوە بوو؟ نازانم؛ یان جگە لە جەستە بوو؟ نازانم. خودا دەزانێت!3دەزانم ئەو مرۆڤە، بە جەستەی خۆیەوە بوو یان بەبێ جەستەی خۆی؟ نازانم؛ خودا دەزانێت؛ 4ئەو بۆ بەهەشت بردرا، لەوێ گوێی لە بابەتی سەرسوڕهێنەر بوو کە دەرنابڕدرێت و هیچ مرۆڤێک مافی ئەوەی نییە باسی بکات. 5لەمەدا شانازی دەکەم! بەڵام شانازی بەو شتانەوە ناکەم کە بە شێوەیەکی تایبەت پەیوەندی بە منەوە هەیە مەگەر شانازی بە شتانێکەوە بکەم کە پەیوەندی بە لاوازی منەوە هەیە.6ئەگەر بمەوێت شانازی بکەم، گێل نابم، چونکە ڕاستی دەڵێم. بەڵام خۆم دەپارێزم، نەوەک یەکێک زیاتر لەوەی لێم دەبینن و لێم دەبیستن گومان بکات. 7بۆ ئەوەی لەبەر گەورەیی ئەم ڕاگەیاندنانە خۆبەزلزان نەبم، دڕکێک لە جەستمدا پێدرا وەک ئەوەی لەلایەن شەیتانەوە نێردرابێت تاکو ئازارم بدات، تاکو لووتبەرز نەبم!8هەر لەبەر ئەم هۆکارە سێ جار لە پەروەردگارم پاڕامەوە کە لە کۆڵم بکاتەوە 9پاشان پێی فەرمووم: «بەخششی من بەسە بۆ تۆ، چونکە هێزی من لە لاوازیدا تەواو دەبێت!» من ڕازیم بە خۆشحاڵییەوە شانازی بەو خاڵە لاوازانە دەکەم کە لە مندایە، بۆ ئەوەی بە هێزی مەسیح داپۆشراو بم. 10بۆیە لە پێناوی مەسیحدا، بە لاوازی و سووکایەتی و ناخۆشی و چەوسانەوە و تەنگانە دڵخۆش دەبم، چونکە هەر کاتێک لاوازبم، ئەوا بەهێزم!11لێرەدا بوومەتە گێل! بەڵام، ئێوە ناچارتان کردم! دەبووایە ئێوە ستایشتان بکردمایە، چونکە من لە هیچ شتێکم لە نێردراوە باڵاکان کەمتر نییە، تەنانەت ئەگەر هیچیش نەبم. 12ئەو نیشانانەی کە نێردراوان جیا دەکەنەوە، بەوپەڕی دانبەخۆداگرتنەوە لە نێوانتاندا ئەنجام درا، بە نیشانە و کاری مەزن و پەرجوو. 13لە چ ڕوویەکەوە لە کڵێساکانی تر بچووکترن جگە لەوەش کە من بارگرانییەکی قورس نەبووم بەسەرتانەوە؟ لەم هەڵەیەم خۆشبن!14ئێستا ئامادەم بۆ جاری سێیەم بێم بۆ لاتان، نابمە بارێکی قورس لەسەرتان. چونکە ئەوەی من بەدوایدا دەگەڕێم ئەوە نییە کە لای ئێوەیە بەڵکو ئەوە ئێوەن: چونکە ئەرکی منداڵەکان نییە کە بژێوی دایک و باوکیان دابین بکەن، بەڵکو دایک و باوک دەبێت بژێوی منداڵەکانیان دابین بکەن. 15منیش بەوپەڕی شادییەوە، ئەوەی هەمە خەرجی دەکەم، خۆشم دادەنێم بۆ ئێوە، هەرچەندە تا زیاتر خۆشم بوێن، خۆشەویستی کەمتر وەردەگرم.16بەڵام، با وا بێت. (ئێوە دەڵێن) من خۆم نەبوومە بارگرانی بە سەرتانەوە، بەڵکو فریودەر بووم وبە فێڵ لێم سەندوون. 17ئایا هیچم دەستکەوتووە لەو کەسانەی کە من بۆ لای ئێوەم ناردوون؟ 18داوام لە تیتۆس کرد بێتە لاتان، ئەو برایەشم لەگەڵ نارد، ئایا تیتۆس بەهۆی ئێوەوە هیچی دەستکەوت؟ ئایا ئێمە لەگەڵ ئێوە، من و تیتۆس، بە هەمان گیان و هەمان هەنگاو مامەڵەمان نەکرد؟19ئێستاش ئێوە وا بیر دەکەنەوە کە ئێمە بەرگری لە خۆمان دەکەین لە لای ئێوە! بەڵام ئێمە لەبەردەم خودادا لە مەسیحدا قسە دەکەین. خۆشەویستانم هەموو ئەمانە، بۆ بنیاتنانی ئێوەیە.20چونکە دەترسم کاتێک دێم بۆ لاتان بەو جۆرە نەتانبینم کە دەمەوێت و ئێوەش بەو جۆرەی کە دەتانەوێت نەمبینن! واتە کاتێک کە ناکۆکی و ئیرەیی و ڕق و کینە و بوختان و قسە هێنان و بردن و خۆبەزلزانین و سەرلێشێواوی لە نێوانتاندا زۆر بێت. 21دەترسم کاتێک جارێکی تر دێمەوە لاتان، خودا من لەنێوانتان بێ بایەخ بکاتەوە و خەم و پەژارەم زۆر بێت بە هۆی زۆرێک لەوانەی کە پێشتر گوناهیان کردووە و پاشگەز نەبوونەتەوە بۆ ئەوگڵاوی و داوێنپیسی و بەد رەوشتییە کە کردوویانە!
1ئەمە سێیەم جارە کە دێم بۆ لاتان. بە شایەتی دوو یان سێ شایەتحاڵ هەموو بابەتێک دەسەلمێنرێت. 2پێشتریش ڕامگەیاندووە، لێرەشدا پێشوەختە دەیڵێم لە کاتێکدا کە ئامادە نەبووم، هەروەک چۆن وەک دووەم جار ئامادەبووم لەلاتان گوتم، بۆ ئەوانەی لە ڕابردوودا گوناهیان کردووە و بۆ هەموو ئەوانەی دیکەش: کە دەگەڕێمەوە بۆ لای ئێوە بەزەییم نابێت،3تا ئەو کاتەی داوای بەڵگە دەکەن کە مەسیح لە ڕێگەی منەوە دەدوێت. بەرامبەر ئێوە لاواز نییە، بەڵکو لە نێوانتاندا بەهێزە. 4هەرچەندە لە لاوازیدا لە خاچ درا، بەڵام ئێستا بە هێزی خودا زیندووە. ئێمەش تێیدا لاوازین، بەڵام، بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێوە، بە هێزی خودا لەگەڵیدا زیندوو دەبین.5بۆیە خۆتان بپشکنن بۆ ئەوەی بزانن ئایا باوەڕ دارن یان نا. خۆتان تاقی بکەنەوە. ئایا نازانن کە یەشوای مەسیح لە ئێوەدایە، جگە لەوە بیسەلمێنن کە شکست خواردوون؟ 6بەڵام هیوادارم بۆتان ڕوون بێتەوە کە ئێمە شکست خواردوو نین.7ئینجا لە خودا دەپاڕێینەوە کە هیچ خراپەیەک نەکەن، نەک بۆ ئەوەی بزانرێت ئێمە چاکەمان هەیە، بەڵکو بۆ ئەوەی ئێوە ئەوەی ڕاستە بیکەن، تەنانەت ئەگەر ئێمەش وەک دۆڕاو بین. 8چونکە ئێمە ناتوانین هیچ شتێک لە دژی ڕاستی بکەین، بەڵکو لە پێناوی ڕاستیدا.9ئێمە چۆن دڵخۆش نەبین کاتێک ئێمە لاوازین و ئێوەش بەهێزن؛ تەنانەت نزاکانمان بۆ کامڵ بوونی ئێوەیە! 10هەر لەبەر ئەمەشە کە من ئەم شتانە دەنووسم کاتێک لەلاتان نیم، بۆ ئەوەی کاتێک دێم پێویست نەکات توند بم لە بەکارهێنانی دەسەڵاتم، ئەوەی پەروەردگار پێی بەخشیم بۆ بنیاتنانی ئێوە نەک بۆ ڕووخاندنی ئێوە.11لە کۆتاییدا، ئەی برایان: دڵشاد بن؛ تەواو بن؛ دڵگەرم بن؛ لە بۆچووندا هاوڕا بن؛ بە ئاشتی بژین. ئەوسا خودای خۆشەویستی و ئاشتی لەگەڵتان دەبێت! 12بە ماچێکی پاک سڵاو لە یەکتر بکەن.13هەموو پیرۆزکراوان با ئاشتیتان بۆ بێت. 14بەخششی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح، و خۆشەویستی خودا و هاوبەشی گیانی پیرۆز لەگەڵ هەمووتان بێت. ئامین!
1لە پۆڵسەوە، ئەوەی نێردراوە، نە لەلایەن خەڵکەوە نە بە دەسەڵاتی مرۆڤ، بەڵکو بە دەسەڵاتی یەشوای مەسیح و خودای باوک کە لە ناو مردووان هەڵیستاندەوە. 2لە هەموو ئەو برایانەوە کە لەگەڵمن، بۆ کڵێساکانی هەرێمی گەلاتیا.3بەخشش و ئاشتیتان بۆ بێت لەلایەن خودای باوکمان و پەروەردگارمان یەشوای مەسیحەوە. 4کە لە پێناو گوناهەکانمان خۆی بەخشی بۆ ئەوەی لەم جیهانە خراپەی ئێستا ڕزگارمان بکات، بەپێی ویستی خودا و باوکمان. 5شکۆمەندی بۆ ئەو بێت هەمیشە و هەتا هەتایە. ئامین!6سەرسامم! چۆن وا خێرا لەو کەسە هەڵدەگەڕێینەوە کە بە بەخششی مەسیح بانگ کراون، وە ڕوو لە مزگێنی نامۆ دەکەن؟ 7مەبەستم ئەوە نییە کە مزگێنیێکی تر هەبێت، بەڵکو مەبەستم ئەوەیە کە هەندێک هەن کە سەرلێشێواوی لە نێوانتاندا دروست دەکەن،دەیانەوێت مزگێنییەکەی مەسیح بشێوێنن.8بەڵام، ئەگەر ئێمە یا لە فریشتەیەک لە ئاسمانەوە، مزگێنییەکی تری پێدان جگە لەو مزگێنییەی کە ئێمە پێماندان، با نەفرەتی لێ بێت! 9وەک چۆن پێشتر گوتمان، ئێستا دووبارەی دەکەمەوە: ئەگەر کەسێک مزگێنییەکی دیکەتان پێ ڕابگەیێنێت جگە لەوەی کە وەرتانگرتووە، با نەفرەتی لێ بێت! 10ئایا ئێستا بەدوای بەدەستهێنانی پشتیوانی خەڵکدا دەگەڕێم یان خودا؟ یان دەمبینن داوای ڕەزامەندی خەڵک بکەم؟ ئەگەر هەتا ئێستا خەریکی بە دەستهێنانی ڕەزامەندی خەڵک بوومایە نەدەبوومە خزمەتکاری مەسیح!11ئاگادارتان دەکەمەوە، برایان، کە ئەو مزگێنییەی کە پێم ڕاگەیاندوون مزگێنی مرۆڤ نییە. 12لە هیچ مرۆڤێک وەرم نەگرتوە، و فێریان نەکردووم، بەڵکو بە سرۆش لە یەشوای مەسیحەوە بۆم هاتووە.13چونکە بیستووتانە ژیانی ڕابردووم لە ئایینی یەهودیدا چۆن بووە، کە چۆن کڵێسای خودام بە خراپترین شێوە چەوساندۆتەوە، و بەدوای لەناوبردنی دەگرام، 14چۆن من لە ئایینی یەهودیدا لە زۆرێک لە نەوەی نەتەوەکەمدا باڵاتر بووم چونکە من زیاتر لەوان بە پەرۆش بووم بۆ نەریتی باوباپیرانم.15بەڵام، خودا دڵخۆش بوو، کاتێک کە لە سکی دایکمدا بووم تەرخانی کردم و دواتر بە بەخششی خۆی بانگی کردم، 16بۆ ئەوەی ڕۆڵەکەی لە مندا ڕابگەیەنێت و لە نێو نەتەوەکاندا بانگەشەی بۆ بکەم، لە هەمان کاتدا ڕاوێژم بە گۆشت و خوێن نەکرد، 17هەروەها نەچوومە یۆرشەلایم بۆ ئەوەی چاوم بەو کەسانە بکەوێت کە پێش من نێردرا بوون، بەڵکو بەرەو عەرەبستان بەڕێکەوتم، و دوای ئەوە گەڕامەوە دیمەشق.18پاشان دوای سێ ساڵ، چوومە یۆرشەلایم بۆ ئەوەی چاوم بە پەترۆ بکەوێت. پانزە ڕۆژ لەگەڵی مامەوە. 19بەڵام جگە لە یاکۆڤ برای پەروەردگار،هیچ نێردراوێکی ترم نەبینی. 20ئەوەی لێرە بۆتان دەنووسم، وە لێرەش لەبەردەم خودا، درۆی تێدا ناکەم.21وە دوای ئەوە، هاتمە وڵاتی سوریا و کیلیکیا. 22بەڵام من بە شێوەیەکی کەسی نەناسرابووم لە کڵێساکانی یەهودیا کە لە مەسیحدان. 23بەڵام ئەوان تەنها دەیان بیست «ئەو کەسەی پێشتر دەیچەوساندینەوە، ئێستا بانگەشەی مزگێنی باوەڕدەکات کە پێشتر هەوڵی لەناوبردنی دەدا!» 24ئەوانیش بەهۆی منەوە خودایان شکۆمەند کرد.
1ئینجا دوای چواردە ساڵ، لەگەڵ بەرنابا بەرەو یۆرشەلایم سەرکەوتین، تیتۆسیشم لەگەڵ خۆم برد. 2بەڵام لە وەڵامی سروشدا سەرکەوتم بۆی؛ ئەم مزگێنییەم لەبەردەمیاندا ڕاگەیاند کە لە نێو نەتەوەکاندا بانگەشەم بۆ دەکرد، بە تایبەتی لەبەردەم ئەوانەی ناوبانگیان هەبوو، بۆ ئەوەی هەوڵەکانم لە ئێستا و ڕابردوودا بێ هوودە نەبێت.3بەڵام، تەنانەت تیتۆسی یاوەرم کە یۆنانی بوو، ناچاریان نەکرد خەتەنە بکرێت. 4بابەتەکە بەهۆی ئەو برا درۆزنانەوە سەریهەڵدا کە بە نهێنی هاتبوونە نێومان، بۆ ئەوەی سیخوڕی بەسەر ئەو ئازادییەوە بکەن کە لە یەشوای مەسیحدا هەمانە، بۆ ئەوەی بمانگەڕێننەوە بۆ کۆیلایەتی؛ 5بەڵام ئێمە ملکەچیان نەبووین خۆمان ڕادەستیان نەکرد و تەنانەت بۆ یەک کاتژمێریش، بۆ ئەوەی ڕاستی مزگێنیەکە لەلای ئێوە بەچەسپاوی بمێنێتەوە.6سەبارەت بەوانەی کە بە ناوبانگ بوون، بۆ من هیچ جیاوازییەکی نییە هەر پێگەیەکیان هەبێت تا ئەوکاتەی خودا گرینگی بە شکۆمەندی کەسێک دەدات، چونکە ئەوان هیچیان بۆ ئەو شتانە زیاد نەکرد کە من بانگەشەی بۆ دەکەم. 7بە پێچەوانە، بینیان پەیمانی مزگێنی بۆ خەتەنەنەکراوەکان بە من سپێردراوە، هەروەک چۆن خەتەنەکراوەکان بە پەترۆ سپێردرا. 8چونکە ئەو کەسەی لە نێردراوەکانی خۆیدا پەترۆی بەکارهێنا بۆ خەتەنەکراوەکان، منیشی بەکارهێنا بۆ پەیوەندی لەگەڵ نەتەوەکان.9کاتێک ئەو بەخششەی کە پێم دراوە بۆ یاکۆڤ و پەترۆ و یۆخەنا ڕوون بۆوە کە وەک کۆڵەکەیەک دیاربوون، دەستی ڕاستیان بۆ من و بەرنابا درێژ کرد وەک نیشانەی بەشداریکردن، بۆ ئەوەی ئێمە ڕوو لە نەتەوەکان بکەین و ئەوانیش خەتەنەکراوان. 10بە مەرجێک بابەتی هەژاران فەرامۆش نەکەین، کە منیش هەمیشە بۆ ئەو کارە کۆششم کردووە.11بەڵام کاتێک پەترۆ هاتە شاری ئەنتاکیە، ڕووبەڕوو بەرەنگاری بوومەوە، چونکە شایەنی لۆمەکردن بوو، 12چونکە پێش ئەوەی هەندێکیان لای یاکۆڤەوە بێن، پەترۆ لەگەڵ برا نەتەوەکان نانیان دەخوارد؛ بەڵام هەر کە هاتن؛ کشایەوە و خۆی دابڕی، لە ترسی خەڵکی خەتەنەکراو.13باقی برا یەهودیەکانیش لە دوو ڕوویەکەیدا هاوبەش بوون. تەنانەت بەرناباش چووە پاڵ دووڕویی ئەوان. 14کاتێک بینیم کە ئەوان بەپێی ڕاستی مزگێنیەکە ڕەفتار ناکەن، لەبەردەم هەموویان بە پەترۆم گوت: «ئەگەر تۆ کە یەهودیت وەک نەتەوەکان بژیت و وەک یەهودی نەبیت، چۆن دەتوانیت نەتەوەکان ناچار بکەی وەک یەهودیەکان بژین؟»15ئێمە بە یەهودی لەدایکبووین، نەک نەتەوەی گوناهبار. 16بەڵام ئێمە دەزانین مرۆڤ بەگوێرەی ئەو کارانەی کە تەورات لێی داوا دەکات بێ تاوان نابێت، بەڵکو تەنها بە باوەڕ بە یەشوای مەسیح، هەروەها ئێمەش باوەڕمان بە یەشوای مەسیح هەیە، بێتاوان کراین لە سەر بنەمای باوەڕمان بەو، نەک لە سەربنەمای کارکردن بە تەورات، لە بەر ئەوەی کارکردن بە تەورات هیچ کەسێک بێتاوان ناکات.17بەڵام، کاتێک هەوڵمان دەدا لە مەسیحدا بێتاوان بین، خۆمان لە نێو گوناهباراندا ببینینەوە، ئایا مەسیح دەبێتە خزمەتکاری گوناهە؟ دووربێت لەو! 18ئەگەر ئەوەی کە ڕووخاندومە دووبارە بنیاتی بنێمەوە، ئەوە خۆم دەکەمە سەرپێچیکار. 19چونکە لە ڕێگەی تەورات بۆ تەورات مردم، بۆ ئەوەی بۆ خودا بژیم.20من لەگەڵ مەسیح لە خاچ درام، ئیتر ئەوە من نیم کە دەژیم بەڵکو مەسیحە کە لە مندا دەژی. سەبارەت بەو ژیانەی کە ئێستا لە جەستەدا دەژیم، بە باوەڕ بە ڕۆڵەی خودا دەژیم، کە منی خۆشویست و خۆی لە پێناومدا بەخشی. 21من کاریگەری بەخششی خودا پووچەڵ ناکەمەوە، چونکە ئەگەر ڕاستودروستی لە تەوراتدا بووایە، ئەوا مردنی مەسیح کارێکی بێهودە دەبوو.
1ئەی گەلاتییە گێلەکان! کێ جادووی لە بیرکردنەوەتان کردووە، کە لە پێش چاوتان وێنەی یەشوای مەسیح بە لە خاچ دراوی کێشرا؟ 2تەنها دەمەوێت ئەوەتان لێ فێر بم: ئایا گیانەکەتان وەرگرتووە، لەسەر بنەمای کارکردن بەپێی تەوڕات یان لەسەر بنەمای باوەڕبوون بە مزگێنیەکە؟ 3ئایا ئێوە ئەوەندە گێلن؟ پاش ئەوەی کە بە گیانەکە دەستتان پێکرد دەتانەوێ بە جەستە کامڵی بکەن؟4ئایا تاقیکردنەوە درێژخایەنتان بێهوودە بوو، ئەگەر بەڕاستی بێهوودە بوو؟ 5ئەوەی کە گیانتان پێدەبەخشێت، لە نێوانتاندا پەرجوو ئەنجام دەدات، ئایا لەسەر بنەمای کارەکانی تەورات ئەمە دەکات یان لەسەر بنەمای باوەڕبوون بە مزگێنیەکە؟6بەم شێوەیە «ئەڤراهام باوەڕی بە خودا هێنا، بە ڕاستودروستی بۆی هەژمار کرا». 7کەواتە بزانە ئەوانەی کە بنەمای باوەڕ پەیڕەو دەکەن بەڕاستی نەوەی ئەڤراهامن. 8پاشان پەرتووکەکە، دوای ئەوەی پێشبینی ئەوەی کردبوو کە خودا لەسەر بنەمای باوەڕ نەتەوەکان بێتاوان دەکات، پێشوەختە مزگێنیدا بە ئەڤراهام و فەرمووی: «لە تۆدا هەموو گەلان بەرەکەتدار دەبن!» 9جا ئەوانەی لەسەر بنەمای باوەڕن لەگەڵ ئەڤراهامی باوەڕدار بەرەکەتیان پێدەدرێت.10سەبارەت بە هەموو ئەوانەی کە بنەمای کارەکانی تەورات پەیڕەو دەکەن، ئەوان لە ژێر نەفرەتدان، چونکە نووسراوە: «نەفرەت لە هەر کەسێک کە چەسپاو نەبێت لە هەموو ئەو شتانەی کە لە تەوراتدا نووسراون!» 11سەبارەت بەوەی کە هیچ کەسێک لەبەردەم خودا بەهۆی تەورات بێتاوان ناکرێت، ئەوە ڕوونە، چونکە «هەرکەسێک بە باوەڕ بێتاوان بکرێت، بە باوەڕ دەژی». 12بەڵام تەورات بنەمای باوەڕ لەبەر چاو ناگرێت، بەڵکوو «هەرکەسێک ئەم ڕاسپاردەیە جێبەجێ بکات، بەوە دەژی».13مەسیح لە ڕێگەی خۆبەخت کردن ڕزگاری کردین لە نەفرەتی تەورات، لەبری ئێمە بوو بە نەفرەت لێکراو، هەر وەک کە نووسراوە: « هەر کەسێک لەسەر دار هەڵواسرابێت نەفرەت لێکراوە»، 14بۆ ئەوەی بەخششی ئەڤراهام بگاتە نەتەوەکان لە مەسیحی یەشوادا، بۆ ئەوەی گیانی بەڵێندراو وەربگرین لە ڕێگەی باوەڕەوە.15ئەی برایان، بە بۆچوونی مرۆڤانە دەڵێم تەنانەت پەیمانێک کە تەنها مرۆڤێک پەسەندی کردبێت، کەس ناتوانێت هەڵیبوەشێنێتەوە یان شتێکی بۆ زیاد بکات. 16بەڵێنەکان ئاراستەی ئەڤراهام و نەوەکانی بوون، ئەو ناڵێت «بۆ نەوەکان» وەک ئەوەی ئاماژە بە زۆرێک بکات، بەڵکو ئاماژە بۆ یەکێک دەکات، کاتێک دەڵێت«بۆ نەوەی تۆ»، واتە مەسیح.17کەواتە ئەوەی من دەیڵێم ئەمەیە: پەیمانێک کە خودا پێشتر پەسەندی کردبوو، بەو یاسایەی کە چوار سەد و سی ساڵ دوای ئەوە هات هەڵدەوەشێتەوە، وەک ئەوەی بەڵێنەکە هەڵبوەشێتەوە. 18ئەگەر میراتەکە لەسەر بنەمای تەورات بووایە، ئەوا بابەتەکە پەیوەندی بە بەڵێنەکەوە نەدەبوو. بەڵام خودا، بە بەڵێن، میراتێکی بە ئەڤراهام بەخشی.19کەواتە بۆچی تەورات؟ تەنها بۆ پیشاندانی سەرپێچیەکان زیادکرا، تا هاتنی ئەو «نەوە»یە کە بەڵێنەکەی پێدرابوو، و لە ڕێگەی فریشتەکانەوە دراوە و بە ناوبژیوانێک سپێردراوە. 20بەڵام کاتێک بەڵێنەکە بە شێوەیەکی تاک لایەنە دەدرێت، پێویست ناکات نێوەندگیری هەبێت. ئەوەی لێرە بەڵێن دەدات تەنها خودایە.21ئایا تەورات پێچەوانەی بەڵێنەکانی خودایە؟ نەخێر! ئەگەر یاسایەک هەبووایە کە توانای ژیان بەخشینی هەبێت، لە ڕاستیدا ڕاستودروستی لەسەر بنەمای تەورات دەبوو. 22بەڵام پەرتووکەکە هەمووانی لە گوناهەدا زیندانی کرد، بەجۆرێک کە بەڵێنەکە، لەسەر بناغەی باوەڕبوون بە یەشوای مەسیح ، بەو کەسانە درا کە باوەڕ دەهێنن.23پێش هاتنی باوەڕ، ئێمە لە ژێر چاودێری تەوراتدا بووین، بەندکرابووین بۆ ئەو باوەڕەی کە چاوەڕێی ڕاگەیاندنی دەکرا. 24بۆیە تەورات تا هاتنی مەسیح، تەمبێکاربوو بۆ ئەوەی لە سەر بناغەی باوەڕ بێتاوان بکرێین. 25بەڵام دوای هاتنی باوەڕ لە دەسەڵاتی تەمبێکار ڕزگارمان بوو. 26چونکە هەمووتان ڕۆڵەی خودان بە باوەڕبوون بە یەشوای مەسیح.27چونکە، هەمووتان لە مەسیحدا لە ئاوهەڵکێشران، مەسیحتان لەبەر کردووە. 28ئیتر جیاوازی لە نێوان یەهوودی و یۆنانی، یان کۆیلە و ئازاد، یان نێر و مێدا نیە، چونکە هەمووتان یەکن لە یەشوای مەسیحدا. 29ئەگەر ئێوە هی مەسیح بن، ئەوا ئێوە نەوە و میراتگری ئەڤراهامن بەپێی بەڵێنەکە.
1هەروەها دەڵێم تا میراتگر منداڵێکی کەم تەمەن بێت، هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەو و کۆیلەدا نیە، هەرچەندە خاوەنی تەواوی میراتەکەیە، 2بەڵکو بە ملکەچی سەرپەرشتیار و نوێنەرەکانی دەمێنێتەوە تا ئەو ماوەیەی کە باوکی دیاری کردووە.3ئەمەش بارودۆخی ئێمەیە: کاتێک منداڵ بووین، ئێمە کۆیلەی بنەماکانی جیهان بووین. 4بەڵام کاتێک کاتەکە تەواو بوو، خودا ڕۆڵەکەی نارد کە لە ژنێک لەدایک بوو کە ملکەچی تەورات بوو، 5بۆ ئەوەی بە خۆبەخشین ئەوانە ئازاد بکات کە ملکەچی تەورات بوون، تاکو هەموویان ببنە ڕۆڵەی خودا.6لەبەر ئەوەی ئێوە ڕۆڵەی ئەون، خودا گیانی ڕۆڵەکەی ناردۆتە ناو دڵمانەوە، بۆیە بانگی دەکرد: « باوکە، ئەی باوکمان». 7کەواتە، تۆ چیتر کۆیلە نیت، بەڵکو ڕۆڵەیت. ئەگەر ڕۆڵە بیت، خودا تۆی کردۆتە میراتگر.8بەڵام، بەو پێیەی لەو کاتەدا خوداتان نەدەناسی، لە دۆخی کۆیلایەتیدا بوون. 9بەڵام ئێستا کە خودا دەناسن، یان باشتر بڵێین خودا دەتناسێت، چۆن دەگەرێنەوە سەر ئەو بنەما هەژار و دابڕاوە کە ئارەزوو دەکات سەرلەونوێ بتانکاتەوە بە کۆیلە؟10تۆ ئاهەنگ دەگێڕیت بۆ ڕۆژ و مانگ و وەرز و ساڵ! 11دەترسم هەوڵ و ماندوبوونم لە پێناوتاندا بێهوودە بووبێت.12برایان، ئامۆژگاریتان دەکەم کە وەک من بن، چونکە منیش وەک ئێوەم. لە هیچ شتێکدا ستەمتان لە من نەکردووە، 13وەک دەزانن بەهۆی نەخۆشییەکەوە بوو کە بۆ یەکەمجار مزگێنیم پێدان؛ 14هەرچەندە نەخۆشی لە جەستەمدا تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ ئێوە، سووکایەتیتان پێ نەکردم و لێم دوو نەکەوتنەوە، بەڵکو وەک ئەوەی فریشتەیەک بم لەلایەن خوداوە ، یان یەشوای مەسیح بم، پێشوازیتان لێکردم.15کەواتە کوا خۆشییەکەتان؟ چونکە من شایەتیتان بۆ دەدەم ئەگەر بتانتوانیایە چاوەکانتان دەردەهێنا، و پێشکەشتان دەکردم! 16ئایا ئێستا بووم بە دوژمنی ئێوە چونکە ڕاستیەکەتان پێ دەڵێم؟17ئەمانە (مامۆستایان) دڵگەرمی بەرامبەرتان پیشان دەدەن، بەڵام بە دڵسۆزییەوە نیە، بەڵکوو ئاواتە خوازن کە ئێوە لە ئێمە داببڕن، 18بۆ ئەوەی دڵگەرم بم بۆیان. جوانە دڵگەرمی پیشان بدەم بۆ ئەوەی کە ڕاستە، هەموو کات، نەک تەنها ئەو کاتانەی کە لەگەڵتان ئامادە دەبم.19منداڵەکانم، جارێکی تر ژانم پێتانەوە گرتوە بۆ ئەوەی وێنەی مەسیح لە ئێوەدا درووست بێت. 20چەند حەز دەکەم ئێستا لەگەڵتان ئامادە بم، و بە شێوازێکی تر جگە لەمە لەگەڵتان بدوێم، چونکە لە کاروباری ئێوەدا سەرم لێ شێواوە.21پێم بڵێن، ئێوە کە ئارەزووی گەڕانەوەتان هەیە بۆ کۆیلایەتی بۆ تەورات، ئایا نەتانبیستووە کە چی لە تەوراتدا هاتووە؟ 22چونکە نووسراوە ئەڤراهام دوو کوڕی هەبوو: یەکێکیان لە ژنێکی کارەکەر، و ئەوی تریان لە ژنێکی ئازادەوە. 23سەبارەت بە کوڕی کارەکەرەکەش، کە بە پێی جەستە لەدایک بووە. سەبارەت بە کوڕی ژنە ئازادەکەش لە هاتنەدی بەڵێنەکەدا بوو.24ئەم ڕاستییەش ماناکەی هێمادارە. ئەم دوو ژنە هێمای دوو پەیمانن: یەکەمیان لە چیای سیناوە هاتووە، کە ئەوانەی لە ئەو لەدایک دەبن لە دۆخێکی کۆیلایەتیدا دادەنرێن و هێماکەشی هاگارە. 25وشەی هاگار ئاماژەیە بۆ چیای سینا، لە عەرەبستان، یۆرشەڵایمی ئێستا دەنوێنێت، چونکە لەگەڵ منداڵەکانی لە کۆیلایەتیدایە.26سەبارەت بە دووەمیش، هێمای ئازادە، کە نوێنەرایەتی یۆرشەڵایمی ئاسمانی دەنوێنێت کە دایکی ئێمەیە. 27چونکە نووسراوە: «ئەی نەزۆک، دڵشادبە، ئەی ئەوەی منداڵت نەبووە، ئەی ئەوەی ژانت نەگرتووە، لە خۆشیدا بە دەنگی بەرز هاوار بکە، چونکە منداڵی ژنی بەجێهێڵڕاو زیاترن لەوەی مێردی لەگەڵیەتی!»28برایان، ئێوەش منداڵی بەڵێنەکەن وەک یتساخ. 29بەڵام، وەک چۆن لە ڕابردوودا ئەوانەی بەگوێرەی جەستە لەدایک دەبوون ئەوانەیان دەچەوساندەوە کە بە پێی گیانەکە لەدایک دەبوون، ئێستاش بە هەمان شێوە ڕوودەدات.30بەڵام پەرتووکەکە چی دەڵێت؟ «ژنە کارەکەرەکە و ڕۆڵەکەی دەربکە، چونکە ڕۆڵەی ژنە کارەکەرەکە لەگەڵ ڕۆڵەی ژنە ئازادەکەدا میرات ناگرێت!» 31کەواتە، ئەی برایان، ئێمە منداڵی کارەکەرەکە نین، بەڵکو منداڵی ئازادەکەین.
1مەسیح ئازادی کردین تاکو بە ئازادی بژین. بۆیە چەسپاو بن، و جارێکی دیکە ملکەچی نیری کۆیلایەتی مەبن. 2ئەوەتا، من پۆڵسم پێتان دەڵێم: ئەگەر خەتەنە بکرێن، مەسیح هیچ سوودێکی بۆ ئێوە نییە.3جارێکی تر شایەتحاڵی بۆ هەموو خەتەنە کراوێک دەدەم کە پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو تەورات. 4ئێوە کە دەتانەوێت بە تەورات بێتاوان بن، لە مەسیح بێبەش دەبن و لە بەخشش دەکەون!5بۆیە ئێمە، بە گیان لەسەر بناغەی باوەڕ چاوەڕێی ئەو هیوایە دەکەین کە ڕاستودروستی بەرهەمی دەهێنێت. 6لە یەشوای مەسیحدا، خەتەنەکردن ونەکردنی سودی نیە، بەڵک و باوەڕ کاردەکات لە ڕێگەی خۆشەویستییەوە. 7ئێوە زۆر بوێر بوون، بەڵام کێ وای لێکردن تاکو ملکەچی ڕاستی نەبن؟ 8ئەم گومڕاییە لەوەوە نییە کە بانگهێشتی کردوون!9بە کەمێک هەویرترش تەواوی هەویرەکە هەڵدێت. 10بەڵام متمانەم بە ئێوە هەیە لە پەروەردگاردا کە بۆچوونێکی تر لە ئامێز ناگرن. وە هەرکەسێک سەرلێشێواوی لە نێوانتان دروست بکات لەسەر ئەوە سزا دەدرێت، جا هەرکەسێک بێت.11ئەی برایان، سەبارەت بە من، ئەگەر ڕاستە بانگەشەی خەتەنەکردن دەکەم، بۆچی هێشتا تووشی چەوسانەوە دەبم؟ دەبوو ئەو کۆسپەی کە لە خاچدا هەیە نەمێنێت! 12خۆزگە ئەوانەی سەرلێشێواوی لە نێواتاندا دروست دەکەن، خۆیان لە ئێوە بێبەری دەکرد!13ئەی برایان؛ ئێوە بۆ ئازادی بانگکراون، بەڵام ئازادیتان مەکەنە بیانوو بۆ ڕازیکردنی جەستەتان، بەڵام بە خۆشەویستیوە خزمەتی یەکتر بکەن. 14چونکە هەموو تەورات بە یەک ڕاسپاردە جێبەجێ دەبێت: «نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت». 15وەک دڕندە پەلاماری یەکترمەدەن، بۆیە ئاگاداربن یەکێکتان ئەوەی تر لەناو نەبات!16من تەنها دەڵێم: بە ڕێگەی گیانەکەدا بڕۆن. ئەو کاتە هەرگیز ئارەزوەکانی جەستە بەدی ناهێنن. 17جەستە ئارەزووی پێچەوانەی گیان دەکات، گیانیش ئارەزووی پێچەوانەی جەستە دەکات؛ ئەم دووانە دژایەتی یەکتر دەکەن بۆ ئەوەی ئێوە ئەوەی ئارەزووی دەکەن نەیکەن. 18بەڵام ئەگەر لە ژێر ڕێبەرایەتی گیانەکە بن، ئەوا کۆیلەی تەورات نین.19کردارە جەستەییەکان دیارن: داوێنپیسی و گڵاوی و بەدرەوشتی، 20بتپەرستی و جادووگەری، دوژمنایەتی و ململانێ و ئیرەیی و توڕەیی، خۆپەرەستی و دابەشبوون و دەمارگیری، 21چاوچنۆکی و سەرخۆشی و ڕابواردن، و هاوشێوەکانی. بە لەبەرچاو گرتنی ئەمانە، ئێستا پێتان دەڵێم، وەک پێشتر گوتم، ئەوانەی ئەم جۆرە کارانە دەکەن شانشینی خودا بە میرات ناگرن!22بەرهەمی گیانەکەیش ئەمانەن: خۆشەویستی و شادی و ئاشتی، لێبووردەیی و میهرەبانی و چاکەکاری و سەرڕاستی 23نەرم و نیانی و خۆڕاگری. هیچ یاسایەک نییە ڕێگری لەو جۆرە چاکەکاریانە بکات. 24بەڵام ئەوانەی بوون بە هی مەسیح، جەستەیان بە خولیا و ئارەزووەکانییەوە لە خاچ دا.25ئەگەر بە گیانەکە بژین، با بە گیانەکەیش ڕەفتار بکەین. 26با ئاواتەخوازی شکۆمەندی بێهودە نەبین و گاڵتە بە یەکتر نەکەین و ئیرەیی بە یەکتر نەبەین!
1ئەی برایان، ئەگەر هەر یەکێک لە ئێوە کەوتۆتە هەر هەڵەیەکەوە ئێوەی گیانی، بە گیانێکی نەرم و نیان ڕاستی بکەنەوە. ئاگاداری خۆت بە نەوەک تۆیش تاقی بکرێیتەوە. 2با هەریەکێکتان بارگرانی ئەویتر هەڵبگرێ و بەم شێوەیە یاسای مەسیح جێبەجێ بکەن.3چونکە ئەگەر مرۆڤ خۆی بە شتێک بزانێت، ئەو لە ڕاستیدا هیچ نییە، ئەوە خۆی فریو دەدات. 4با هەر یەکێک کارەکانی خۆی بپشکنێت، ئەوکات دەتوانێت شانازی بەو شتانەوە بکات کە تایبەتە بە خۆی و نەک ئەوانەی کە تایبەتە بە کەسانی تر. 5هەرکەسەو باری خۆی هەڵدەگرێت.6ئەو کەسەی فێری وشەکە دەبێت، با لە هەموو کارە چاکەکاندا هاوبەشی بکات لەگەڵ ئەو کەسەی کە فێری دەکات. 7فریو مەخۆ: خودا گاڵتەی پێ ناکرێ. مرۆڤ هەرچیەک بچێنێت، ئەوە دروێنە دەکات. 8چونکە هەرکەسێک بۆ جەستە بچێنێت، لە جەستەکەی خراپەکاری دروێنە دەکات. هەرکەسێک بۆ گیانەکە بچێنێت، لە گیانەکە ژیانی هەتاهەتایی دروێنە دەکات. با لە چاکە کردندا شکست نەهێنین.9با ئێمەش، لە چاکەکردندا ماندوو نەبین چونکە لە کاتی خۆیدا، دروێنە دەکەین، ئەگەر کۆڵ نەدەین. 10تا ئەو کاتەی دەرفەتمان هەیە، با چاکە لەگەڵ هەمووان بکەین، بە تایبەتی لەگەڵ باوەڕداران.11بزانە بە چ پیتێکی گەورە لێرە بە دەستی خۆم بۆم نووسیون: 12ئەوانەی دەیانەوێت لە جەستەدا باش دەرکەون، هانتان دەدەن خەتەنە بکەن، تەنها بۆ ئەوەی بەهۆی خاچی مەسیحەوە نەچەوسێندرێنەوە. 13تەنانەت ئەوانەی خەتەنەکراون، پەیڕەوی لە تەورات ناکەن، بەڵکو دەیانەوێت خەتەنە بکرێن بۆ ئەوەی شانازی بە جەستەیانەوە بکەن.14دوور بێت لە من ئەگەر جگە لە خاچەکەی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح شانازی بە شتێکی ترەوە بکەم، کە بەهۆیەوە جیهان بۆ من لە خاچ دراو، منیش بۆ ئەو لە خاچ درام. 15خەتەنەکردن و نەکردنی هیچ نییە، بەڵکوو(ئەوەی گرنگە مرۆڤە) کە دەبێتە بەدیهێنراوێکی نوێ. 16ئاشتی و بەزەییی بۆ هەموو ئەوانە بێت کە بەپێی ئەم بنەمایە دەڕۆن، هەروەها لەسەر یەسرائیلی خودا بێت.17لەمەودوا با کەس گرفتم بۆ دروست نەکات، چونکە لە جەستەمدا ئازارەکانی پەروەردگار یەشوام هەڵگرتووە. 18ئەی برایان، با بەخششی یەشوای مەسیحی پەروەردگارمان، لەگەڵ گیانتان بێت. ئامین!
1لە پۆڵسەوە، نێردراوی مەسیحی یەشوا بە خواستی خودا، بۆ پیرۆزکراوە دڵسۆزەکانی مەسیحی یەشوا، [کە لە ئەفسۆس نیشتەجێن]. 2بەخشش و ئاشتی لەلایەن خودای باوک و پەروەردگارمان یەشوای مەسیح بۆ ئێوە بێت.3پیرۆز بێت خودا، باوکی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح کە بە هەموو بەخششێکی گیانی لە شوێنە ئاسمانییەکان بەرەکەتداری کردین. 4وەک چۆن پێش دامەزراندنی جیهان ئێمەی لە خۆیدا هەڵبژارد بوو، تا لەبەردەمیدا پیرۆز و بێ گلەیی بین.5پێشوەختە ئێمەی بە خۆشەویستی دیاری کردووە تا بە یەشوای مەسیح وەک منداڵی خۆی وەرمان بگرێت. ئەوەش بۆ ئەو مەبەستە بوو کە پێی خۆشحاڵ بوو، 6بە مەبەستی ستایشکردنی شکۆمەندی بەخششەکەی کە بەهۆی خۆشەویستیەکەیەوە پێبەخشیوین:7چونکە بە خوێنی ئەو ڕزگاربووین، واتە لێخۆشبوون لە گوناهەکان؛ بەپێی دەوڵەمەندی بەخششەکەی 8ئەوەی بەوپەڕی دانایی و تێگەیشتنەوە بەسەرماندا ڕژاندی.9کاتێک نهێنی خواستی خۆی بۆ ئاشکرا کردین بە پێی ئەو ڕەزامەندییەی لە خۆیدا مەبەستی بوو، 10بۆ پێکهێنانی، هەموو شتەکان لە ژێر دەسەڵاتداریەتی مەسیحدا یەکخست، هەموو ئەوانەی لە ئاسمانەکانن و لەسەر زەوین.11هەروەها لە مەسیحدا ئەو میراتەمان بەدەست هێناوە کە پێشوەختە بۆمان دیاری کراوە، بەگوێرەی مەبەستی ئەو، ئەوەی کە هەموو شتێک بەپێی خواستی خۆی ئەنجام دەدات. 12ئامانجی ئەوەیە کە ببێتە هۆکارێک بۆ ستایشکردنی شکۆمەندی ئەو، لە بەر ئەوەی پێشتر هیوای خۆمان بە مەسیحەوە گرێداوە.13ئێوەش لە ئەودا (هیوای خۆتان دابنێن) کاتێک گوێت لە وشە ڕاستییەکە بوو، واتە ئەو مزگێنییەی کە ڕزگاربوونتانی تێدایە؛ ئێوەش بە هەمان شێوە لە ئەودا مۆر کران، چونکە باوەڕتان بە گیانی پیرۆزی بەڵێندراو بوو. 14ئەم گیانە، کە بەڵێنی میراتمانە تا ڕزگارکردنی ئەوەی بەدەستمان هێناوە بەدی بێت بە مەبەستی ستایشکردنی شکۆمەندییەکەی.15بۆیە منیش گوێم لە باوەڕتان بوو بە یەشوای پەروەردگار و خۆشەویستیتان بۆ هەموو پیرۆزکراوان، 16هەرگیز لە سوپاسگوزاری خودا نەوەستام لە پێناوتاندا و یادتان دەکەم لە نزاکانمدا،17بۆ ئەوەی خودای پەروەردگارمان یەشوای مەسیح، باوکی شکۆمەندمان، گیانی پەیپێبردن و داناییتان پێ ببەخشێت: بۆ ئەوەی بە تەواوی بیناسن 18کاتێک بە تێڕوانینەکانی دڵتان ڕۆشن دەبێتەوە، کەواتە بزانن چی هیوایەک لە بانگهێشتەکەیدایە بۆ ئێوە، هەروەها دەوڵەمەندی شکۆی میراتەکەی لە پیرۆزکراواندا چییە،19ئەو هێزە مەزنە چییە کە بۆ ئێمەی باوەڕداران دابەزیوە، بەپێی کاری دەسەڵاتە بەهێزەکەی ئەو. 20ئەوەی لە مەسیحدا کرد، بە هەستانەوەی لە مردووان . وای لێکرد لە ڕاستەی خۆی لە ئاسمانەکان دابنیشت، 21کە بەرزترە لە هەموو سەرۆک و دەسەڵات و هێز و سەروەریێک، و لە سەرووی هەموو ناوێکەوە، نەک تەنها لەم جیهانەدا، بەڵکو لە ئەوەی لە داهاتووشدا دێ.22لە ژێر پێیەکانیداهەموو شتێکی ملکەچ کرد، و ئەوی لە سەرووی هەموو شتێکەوە کرد بە سەری کڵێسا 23کە جەستە و کامڵبوونی خۆیەتی، ئەوە ئەو کەسەیە کە هەموو شتێک بە گشتی تەواو دەکات.
1ئێوە پێشتر بەهۆی تاوان و گوناهەکانتان مردبوون، 2کە بەپێی شێوازی ئەم جیهانە دەڕۆشتن، شوێنکەوتووی سەرۆکی هێزەکانی با، ئەو گیانەی کە ئێستا لە ڕۆڵەکانی سەرپێچیکار کاردەکات، 3ئێمەش پێشتر بە ئارەزووی جەستەمان لە نێوانیاندا دەژیاین، ئەوەی بە جەستە و بیرکردنەوەکانمان ئارەزووی ئەنجامدانیمان دەکرد، و ئێمەش بەپێی سروشت منداڵی توڕەیی بووین وەک ئەوانی دیکە.4سەبارەت بە خودا، ئەو لە میهرەبانیدا دەوڵەمەندە ، بەهۆی ئەو خۆشەویستییە مەزنەی کە ئێمەی پێ خۆ خۆشویستووە، 5هەرچەندە ئێمە بە گوناهەکانمان مردبووین، لەگەڵ مەسیحدا زیندوو بووینەوە، کە بە بەخشش ڕزگارتان بووە، 6لەگەڵ ئەودا هەستاینەوە و لە ئاسمانەکاندا لەگەڵ مەسیحی یەشوا دانیشتین. 7ئەمەش بۆ ئەوەیە کە لە سەردەمەکانی داهاتوودا دەوڵەمەندی بەخششەکەی لە میهرەبانییەکەیدا بۆ ئێمە لە مەسیحی یەشوادا دەربخات.8چونکە بە بەخشش ڕزگارتان بووە، بەباوەڕ، وە ئەمەش لە ئێوەوە نییە. ئەمە دیاری خودایە، 9لەسەر بناغەی کردارنییە، تاکوو کەس شانازی نەکات. 10چونکە ئێمە شاکاری خوداین و لە یەشوای مەسیحدا بۆ کارە چاکەکان بەدی هاتووین، کە پێش وەختە ئامادەی کردووە بۆ ئەوەی تێیدا بڕۆین.11بۆیە لەبیرتان بێت، ئێوە لە نەتەوەکان لەدایک بوون، و ئەوانەی خەتەنە کراون ناوتان دەبەن بە خەتەنە نەکراوەکان کە ئەمە کارێکی جەستەییە کە بە دەست ئەنجام دەدرێت، 12چونکە لەو کاتەدا ئێوە بێ مەسیح بوون، لە کۆمەڵەی یەسرائیل بێگانە بوون، و بە پەیمانە بەڵێندراوەکان نامۆ بوون، هیچ هیوایەکتان نەبوو، نکۆڵیتان لە خودا دەکرد لە جیهاندا.13ئێوە ئێستا، کە لە مەسیحی یەشوادان، پێشتر دوور بوون بەڵام بە خوێنی مەسیح نزیک بوونەوە. 14کەواتە ئەو ئاشتیمانە، ئەو کەسەیە کە جیاوازیەکانی لابرد و کردینی بە یەک نەتەوە و ئەو بەربەستانەی شکاند کە جیایی دەکردینەوە. 15واتە دوژمنایەتی: کاتێک بە جەستەی خۆی یاسا و ڕاسپاردەکانی تەوراتی هەڵوەشاندەوە، بەجۆرێک کە لە دوو لایەنەکە مرۆڤێکی نوێ هەبێ، بۆ ئەوەی ئاشتی لە نێوانیاندا پێک بێت، 16بۆ ئاشتکردنەوەیان لە یەک جەستەدا لەگەڵ خودا بەهۆی خاچەوە کە دوژمنایەتییەکەی لەناوبرد.17پاشان هات و موژدەی ئاشتی بۆ ئێوە ڕاگەیاند کە دوورن، (وەک چۆن موژدەی ئاشتی ڕاگەیاند) بۆ ئەوانەی نزیک بوون. 18بە ئەو هەموومان بە یەک گیان لە باوک نزیک دەبینەوە.19کەواتە، ئێوە چیتر نامۆ و بێگانە نین، بەڵکو هاوڵاتین لەگەڵ پیرۆزکراوان و ئەندامانی خێزانی خودا، 20ئێوە لەسەر بناغەی نێردراوان و پێغەمبەران بنیات نراون و خودی مەسیحی یەشوا بەردی بناغەکەیە، 21کە لە ئەودا هەموو بیناکە بەیەکەوە ڕێک دەخرێت و بەرز دەبێتەوە بۆ ئەوەی لە پەروەردگاردا ببێتە پەرستگایەکی پیرۆز. 22ئێوەش لەناو ئەودا پێکەوە بنیات نراون و بوونەتە شوێنی نیشتەجێ بوون بۆ خودا بە بوونی گیانەکە.
1لەبەر ئەم هۆکارە، من پۆڵس بەندکراوی یەشوای مەسیحم لە پێناو ئێوەی نەتەوەکان، 2بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پلانی بەخششی خوداتان بیستووە کە پێم بەخشراوە بۆ ئێوە:3وەک چۆن پێشتریش بە کورتی نووسیبووم، نهێنییەکە بە سرووش بۆم ئاشکرا بوو، 4بەم شێوەیە، کاتێک ئەوەی من نووسیومە دەخوێننەوە، دەتوانن پەی بە زانیاری من ببەن لە سەر نهێنی مەسیح ، 5ئەوە ئەو نهێنیەیە کە لە نەوەکانی ڕابردوودا بۆ مرۆڤەکان ئاشکرا نەکرابوو هەروەک چۆن ئێستا بە سرۆشی گیانەکە بۆ نێردراوان و پێغەمبەرە پیرۆزکراوان ئاشکرا کردووە:6ئەمەش ئەوەیە کە نایەهوودیەکان هاوبەشن لەگەڵ یەهوودیەکان لە میراتدا، و ئەندامانی یەک جەستەن لەگەڵ یەکدا، هەروەها مافی ئەوەیان هەیە سوود لە بەڵێنەکە وەربگرن. ئەمەش لە مەسیح یەشواوەیە وبە بەخششی مزگێنیەکەی 7منیش بووم بە خزمەتکاری ئەو بەپێی ئەو بەخششەی خودا پێیدام بەپێی کارەکانی هێزی خۆی.8هەرچەندە، من لە بچووکترینی پیرۆزکراوان کەمترم، ئەم دیاریەم پێبەخشرا: بۆ ئەوەی مزگێنییە بێ سنوورەکەی لە نێو نەتەوەکاندا ڕابگەیەنم 9بۆ هەمووانی ڕوون بکەمەوە بە زانینی ئەوەی کە ئەو ڕێکخستنە نهێنییە چییە کە خودای دروستکەری هەموو شتەکان بۆ چەندین نەوە بە نهێنی هێشتوویەتیەوە.10ئامانج ئەوەیە دانایی فرەلایەنەی خودا ئێستا لەبەردەم میرنشین و دەسەڵاتدارانی ئاسمانەکاندا ئاشکرا بێت، 11بەپێی ئەو مەبەستە هەمیشەییەی کە خودا لە مەسیحی یەشوای پەروەردگارمان مەبەستی بووە،12بە ئەو و لە ڕێگەی باوەڕ بەو بە ئازادی و متمانەوە لە خودا نزیک ببینەوە. 13بۆیە داواتان لێدەکەم ورەتان لەدەست نەدەن بەهۆی ئەو ناخۆشیانەی کە لە پێناو ئێوەدا بەسەرم دێت، ئەمەش شانازییە بۆ ئێوە.14لەبەر ئەم هۆکارە چۆک بۆ باوک دادەدەم 15کە ئەو سەرچاوەی هەموو باوکایەتییەکە لە ئاسمان و لەسەر زەوی، 16بۆ ئەوەی بەپێی دەوڵەمەندییەکەی شکۆمەندی خۆیتان پێ ببەخشێت، تاکو گیانەکە هێزی ناوەوەی هەریەکێکتان دابین بکات.17بۆ ئەوەی مەسیح بە باوەڕ لە دڵتاندا نیشتەجێ بێت؛ بۆ ئەوەی لە خۆشەویستیدا ڕەگ داکوتن و جێگیر بن، 18تۆ بە تەواوی دەتوانیت تێبگەیت، لەگەڵ هەموو پیرۆزکراواندا، پانایی و درێژی و بەرزی و قووڵی چییە، 19خۆشەویستی مەسیح بزانە کە لە زانست زیاترە، ئینجا پڕ دەبیت تا ئەو ڕادەیەی کە دەگەیتە هەموو پڕیی خودا.20وە بۆ ئەو کەسەی کە توانای ئەنجامدانی هەیە، بەپێی ئەو هێزەی کە لەناوماندا کاردەکات، بێ سنوور گەورەترە لە هەموو ئەو شتانەی کە داوای دەکەین یان وێنای دەکەین.، 21شکۆمەندی بۆ ئەو بێت لە کڵێسادا، لە مەسیحی یەشوادا، بە درێژایی نەوە و سەردەمەکان! ئامین.
1بۆیە، من کە بەندکراوێکم لە پێناوی پەروەردگاردا، لێتان دەپاڕێمەوە کە بە شیاوی ئەو بانگەوازە هەڵسوکەوت بکەن کە بۆی بانگ کراون، 2بە هەموو خۆنەویستی و نەرم و نیانی و لێبوردەیی، لە خۆشەویستیدا بەرگەی یەکتری بگرن، 3هەوڵبدەن یەکگرتویی گیانەکە بپارێزن. چونکە یەک جەستە و یەک گیان هەیە،4هەروەک چۆن بانگتان کراوە، هەمووتان، بۆ یەک هیوا بانگهێشت کراون. 5بۆ ئێوەش یەک پەروەردگار و یەک باوەڕ و یەک لە ئاوهەڵکێشان هەیە. 6یەک خودا و باوکی هەمووان هەیە و ئەو لە سەرووی هەمووان، بۆ هەمووان و لە هەموواندایە.7بەڵام هەر یەکێک لە ئێمە بەخششێکی پێدراوە کە هاوتایە لەگەڵ ئەوەی کە مەسیح پێی بەخشیوین. 8بۆیە سروش دەفەرموێت: «کاتێک بەرەو هەرەبەرزی سەرکەوت، دیلەکانی لەگەڵ خۆی برد، و دیاریی بە مرۆڤەکان بەخشی!»9سەبارەت بە ئەمەش «بەرزبۆوە»، ئەمە مانای چییە جگە لەوەی کە ئەویش دابەزیبوو بۆ بەشەکانی خوارەوەی زەوی؟ 10ئەو کەسەی دابەزی هەمان ئەو کەسەیە کە لە سەرووی هەموو ئاسمانەکانەوە بەرزبۆوە بۆ پڕ کردنەوەی هەموو شتێک.11ئەو ڕێگەی دا هەندێکیان نێردراوان بن، هەندێکیان پێغەمبەر بن، هەندێکیان مزگێنیدر بن و هەندێکیشیان شوان و مامۆستا بن، 12بۆ ئامادەکردنی پیرۆزکراوان بۆ خزمەتکردن، بۆ بنیاتنانی جەستەی مەسیح، 13تا هەموومان دەگەینە یەکێتی باوەڕ و یەکگرتویی ناسینی ڕۆلەی خودا، بۆ مرۆڤێکی تەواو پێگەیشتوو، بە ئەندازەی باڵای پڕبوونی مەسیح.14ئەمەش بۆ ئەوەی چیتر منداڵ نەبین بە هەموو بایەکی فێرکاری کە لەسەر بنەمای فریودانی خەڵکە وبەرەو گومڕاییمان دەبات و بەملاو لادا نەمانبات، 15بەڵکو بە خۆشەویستییەوە دەست بە ڕاستییەوە دەگرین، بۆ ئەوەی لەهەموو شتێکدا بەرەو ئەو کەسە گەشە بکەین کە سەرە، واتە مەسیح. 16هەموو جەستە لە ئەوەوە یەکگرتوویی و پەیوەندیی خۆی بە پاڵپشتی هەر جومگەیەکەوە وەردەگرێت بەپێی بڕی ئەو کارەی کە بۆ هەر بەشێک تەرخانکراوە، بۆ بەرهەمهێنانی گەشەکردن کە دەبێتە هۆی بنیاتنانی جەستە، بنیاتنانی خۆی لە خۆشەویستیدا.17کەواتە ئەمە دەڵێم، ولە پەروەردگاردا شایەتی دەدەم، بەو هیوایەی کە ئێوە چیتر وەک نەتەوەکان لە بێ بەرهەمی بیرکردنەوەدا ڕەفتار نەکەن، 18چونکە بە هۆی نەفامی و دڵڕەقییەوە چاویان تاریک و لە ژیانی خودا دوورکەوتوونەتەوە. 19ئەم خەڵکە، کە هەموو هەستێکیان فڕێدابووە لایەک، خۆیان ڕادەستی چەواشەکاری کرد هەموو پیسیەکیان بە ئارەزوەیەکی تێرنەکرا و نەکوژاوە ئەنجامدا.20سەبارەت بە ئێوەش، بەم شێوەیە فێری مەسیح نەبوون، 21ئەگەر بەڕاستی بیستووتانە و فێرکارییەکەتان وەرگرتووە کە هاوتایە لەگەڵ ئەو ڕاستیەی کە لە یەشوادا هەیە! 22ئەوەی پەیوەستە بە ژیانی ڕابردووتەوە دایبکەنە: مرۆڤە کۆنەکە بە ئارەزووی فێڵبازانەی خۆی گەندەڵ بووە؛23وە لە گیانی هزرتاندا نوێ ببنەوە؛ 24مرۆڤێکی نوێ لەبەر بکەن کە بەدیهاتووە لە سەر شێوەی خودا لە ڕاستودروستی و پیرۆزیدا.25بۆیە درۆ مەکەن، و راستگۆ بن لەگەڵ نزیکەکانتان، چونکە ئێمە ئەندامی یەک جەستەین، 26ئەگەر توڕە بوویت گوناهە مەکە؛ مەهێڵن خۆر بە سەر توورەییتاندا ئاوا بێ، 27وە دەرفەت بە شەیتان مەدەن!28وە ئەو کەسەی کە دزە، با چیتر دزی نەکات، بەڵکو با رەنج بکێشێت و بە دەستەکانی کاری چاکە بکات بۆ ئەوەی شتێکی هەبێت لەگەڵ ئەوانەی کە پێویستیان پێیەتی هاوبەشی پێ بکات. 29با هیچ قسەیەکی خراپ لە دەمتان دەرنەچێت، بەڵکو تەنها ئەوەی یارمەتیدەرە بۆ بنیاتنانی ئەوانی تر بەپێی پێویستیەکانیان، بۆ ئەوەی سوودی بۆ ئەو کەسانە هەبێت کە گوێیان لێدەگرن. 30گیانی خودا، گیانی پیرۆز، کە بەهۆیەوە مۆر کرابوون بۆ ڕۆژی ڕزگاربوون، خەمبار مەکەن.31هەموو ڕق و تۆڵە و توڕەیی و جەنجاڵی و سووکایەتی و هەموو خراپەیەک لە خۆتان دابماڵن. 32لەگەڵ یەکتر میهرەبان بن، دڵسۆز بن، هەروەک چۆن خودا لە مەسیحدا لێتان خۆش بوو.
1کەواتە هاوشێوەی خودا بن وەک منداڵە خۆشەویستەکان، 2وە بە خۆشەویستی ڕەفتار بکەن وەک چۆن مەسیح خۆشی ویستووین و ژیانی خۆی لە پێناوماندا بەخت کرد وەک قوربانییەکی بۆنخۆش پێشکەشی خودای کرد.3سەبارەت بە داوێنپیسی، و هەر پیسییەک یان ئارەزوویەکی تێرنەکراو، تەنانەت ناویشی لە نێوانتاندا نەهێنرێت، وەک ئەوەی شایەنی پیرۆزکراوانە. 4بە هەمان شێوە قسەی قێزەون، ناشرین و گاڵتەجاڕی، ئەمانە هەموو نەشیاون. باشترە سوپاسگوزاری خودا دەرببڕیت!5چونکە ئێوە ئەمە باش دەزانن: هەر داوێنپیسێک یان کەسێکی ناپاک، یان کەسێک کە ئارەزووی تێرنەکراوی هەیە، هیچ نییە جگە لە بتپەرستێک کە هیچ میراتێکی لە شانشینی مەسیح و خودادا نییە. 6با کەس بە قسەی پووچ فریوتان نەدات! بەهۆی ئەم شتانەوە تووڕەیی خودا دەکەوێتە سەر منداڵانی سەرپێچیکار، 7بۆیە،هاوبەشیان مەکەن:8جاران ئێوە تاریکی بوون، بەڵام ئێستا ئێوە ڕووناکین لە پەروەردگاردا. کەواتە وەک منداڵانی ڕووناکی ڕەفتار بکەن. 9چونکە بەرهەمی ڕووناکی لە هەموو چاکە و ڕاستگۆیی و ڕاستیدایە. 10بەم شێوەیە ئەو شتانە ئەزموون دەکەن کە پەروەردگار رازی دەکەن. 11نەک هەر دەبێ خۆت لە بەشداریکردن لە کردەوە بێهودەکانی تاریکیدا بەدوور بگرێت، بەڵکو دەبێت ئەوانیش ئاشکرا بکەیت. 12چونکە ئەو کارانەی کە بە نهێنی دەیکەن، تەنانەت باسکردنیشیان شەرمەزارکەرە.13هەر شتێک بکەوێتە بەر ڕووناکی، ئاشکرا دەبێت: 14چونکە ئەوەی هەموو شتێک ئاشکرا دەکات ڕووناکییە. هەر بۆیە دەوترێت: «ئەی نووستوو بە خەبەربێ، لە ناو مردووان هەستەوە، ڕووناکی مەسیح بەسەرتا ئەدرەوشێتەوە!»15بۆیە زۆر بە وریاییەوە گرینگی بە چۆنیتی هەڵسوکەوتت بدە، نەک وەک نەزانەکان بەڵکو وەک کەسانی ژیر، 16باشترین سوود وەر بگرن لە کات، چونکە ڕۆژەکان خراپن. 17بۆیە نەزان مەبن، بەڵکو تێبگەن خواستی پەروەردگار چیە.18بە شەراب مەست مەبە، لەناویدا خراپەکارییە، بەڵکو پڕبە لە گیان، 19بە زبور و سروود لەگەڵ یەکتر بدوێن، بە دڵتان سروود بۆ پەروەردگار بڵێن؛ 20لە هەموو کاتێکدا و بۆ هەموو شتێک سوپاسی خودا و باوک بکەن، بەناوی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح؛ 21گوێڕایەڵی یەکتر بن لە ترسی مەسیح.22ئەی ژنەکان، گوێڕایەڵی مێردەکانی خۆتان بن، وەک چۆن گوێڕایەڵی پەروەردگارن. 23مێرد سەری ژنە هەروەک چۆن مەسیح سەری کڵێسایە (جەستەی ئەو)، و خۆی ڕزگارکەری جەستەکەیە. 24هەر وەک چۆن کڵێسا گوێرایەڵی مەسیح بوو، ژنەکانیش گوێڕایەڵی مێردەکانیان بن، لە هەموو شتێکدا.25ئەی مێردەکان، ژنەکانتان خۆشبوێت وەک چۆن مەسیح کڵێسای خۆشدەویست و خۆی لە پێناویدا بەخت کرد، 26بۆ ئەوەی پیرۆزی بکات و پاکی بکاتەوە بە شۆردنی ئاو، و بە وشەکە، 27وەک ئەوەی کڵێسایەکی درەوشاوە پێشکەشی خۆی بکات کە هیچ چرچ و لۆچی و کەموکوڕی هاوشێوەی تیانەبێت بەڵکو زیاتر پیرۆز بێت و بێ کەموکوڕی بێت.28بەم نموونەیە پێویستە مێردەکان ژنەکانیان وەک جەستەی خۆیان خۆش بوێت. ئەوەی ژنەکەی خۆش بوێت، خۆی خۆش دەوێت. 29هەرگیز کەس ڕقی لە جەستەی خۆی نییە، بەڵکو خۆراکی پێدەدات و ئاگاداری دەبێت، هەروەک چۆن مەسیحیش لەگەڵ کڵێسادا وادەکات. 30چونکە ئێمە ئەندامەکانی جەستەی ئەوین.31بۆیە مێرد سەربەخۆیە لە باوک و دایکی، و لەگەڵ هاوسەرەکەی یەک دەگرن، بۆیە ئەو دووانە دەبنە یەک جەستە. 32ئەم نهێنییە گەورەیە بەڵام ئاماژەی پێدەکەم بۆ مەسیح و کڵێسا! 33بەڵام ئێوەش، هەریەکەتان بە تەنیا، ژنەکەی وەک خۆی خۆش بوێت. سەبارەت بە ژنیش، دەبێ رێز لە مێردەکەی بگرێت.
1ئەی منداڵان، گوێڕایەڵی دایک و باوکتان بن لە پەروەردگاردا. هەر ئەمەیە چاکە: 2واتە: «ڕێز لە باوک و دایکت بگرە» ئەمە یەکەم ڕاسپاردەیە کە بەستراوەتەوە بە بەڵێنەکەوە 3« واتە بۆ ئەوەی چاکەیەک بدۆزنەوە بۆ تەمەن درێژیتان لەسەر زەوی!»4ئێوە، ئەی باوکان، منداڵەکانتان توڕە مەکەن. بەڵام بە ڕێنمایی پەروەردگار و ڕاسپاردەکانی پەروەردەیان بکەن.5ئەی خزمەتکاران، بە ترس و لەرزەوە گوێڕایەڵی گەورەکانتان بن، بە راستگۆییەوە، وەک کەسێک کە گوێڕایەڵی مەسیح بێت، 6نەک تەنها کاتێک چاوەکانیان لەسەر ئێوەیە کاری زۆر بکەن وەک کەسێک کە بۆ رازیکردنی خەڵک هەوڵ دەدات، بەڵکو لەسەر بنەمای خزمەتکردنی مەسیح، 7لە دڵەوە خواستی خودا ئەنجام بدەن، هەر وەک چۆن بە ویستی باش بۆ پەروەردگاری بکەن ، نەک بۆ خەڵک. 8چونکە دەزانن هەرکەسێکتان چەندە چاکە بکات، پاداشتێک لە پەروەردگار وەردەگرێت، جا کۆیلە بێت یان ئازاد.9ئێوەش، ئەی گەورەکان، بەم شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ بکەن بەبێ ئەوەی پەنا بۆ هەڕەشە ببەن، بە زانینی ئەوەی کە گەورەکەتان و گەورەکەیان لە ئاسمانە، و ئەمەش لە بەرژەوەندی کەسدا نییە.10لە کۆتاییدا، لە هێزی دەسەڵاتی پەروەردگاردا بەهێزبن. 11چەکی تەواوی خودا لەبەر بکەن، بۆ ئەوەی لە دژی فێڵەکانی شەیتان خۆڕاگر بن.12شەڕی ئێمە لە دژی گۆشت و خوێن نییە، بەڵکو لە دژی سەرۆکەکان، دەسەڵاتداران، گەورەکانی جیهان و فەرمانڕەواکانی تاریکییە، لە دژی هێزی گیانە خراپەکان لە ئاسمانەکاندایە. 13بۆیە چەکی تەواوی خودا هەڵبگرن، بۆ ئەوەی بتوانن تا لە ڕۆژی خراپەدا خۆڕاگر بن، هەروەها دوای گەیشتن بە هەموو ئامانجێک چەسپاو بوەستن.14بۆیە خۆڕاگربن دوای ئەوەی ڕاستییەکان وەردەگرن وەک پشتێن لە ناوقەدتانی ببەستن، ڕاستودروستی قەڵغانێکە بۆ سنگتان، 15وە ئامادەییتان وەک پێڵاو بۆ پێیەکانتان لە پێ بکەن بۆ ڕاگەیاندنی مزگێنی ئاشتی. 16وە لە سەرووی هەمووشیانەوە، باوەڕ وەک قەڵغانێک هەڵبگرن، بەو قەڵغانە دەتوانن هەموو تیرە گڕدارەکانی خراپەکارەکە بکوژێننەوە.17ڕزگاریی وەک کڵاو بۆ سەرتان، وشەی خودا وەک شمشێری گیانەکە وەربگرن. 18لە هەموو بارودۆخێکدا نزا بکەن، لەگەڵ هەموو نزاو پاڕانەوەیەک لە گیاندا، و بۆ هەمان مەبەست ئێشک بگرن، لە هەموو پاڕانەوەیەکدا بە تەواوی بە پەرۆش بن لە هەموو داواکارییەک لە پێناو هەموو پیرۆزکراوان.19لە پێناو منیشدا بۆ ئەوەی هەرکاتێک دەمم کردۆتەوە بۆ قسەکردن سروشم پێبدرێت بۆ ئەوەی بە بوێرییەوە نهێنی مزگێنی ڕابگەیەنم 20من ئەو باڵیۆزەم بە زنجیرەوە بەستراوەتەوە، بۆیە دەبێ بوێر بم لە ڕاگەیاندنی وەک چۆن دەبێت قسە بکەم.21وە بۆ ئەوەی بارودۆخ و هەواڵی کارەکانم بزانن، تیخیکۆس، برایەکی خۆشەویست و خزمەتکارێکی دڵسۆزە لە پەروەردگاردا، هەمووشتێکتان پێ ڕادەگەینێت. 22منیش هەر بۆ ئەم مەبەستە ناردوومە بۆ لاتان: بۆ ئەوەی بارودۆخی من بزانن و دڵتان هان بدەم.23ئاشتی بۆ برایان، وە خۆشەویستی بە باوەڕەوە، لە خودای باوک و پەروەردگارمان یەشوای مەسیحەوە! 24بەخشش بۆ هەموو ئەوانەی پەروەردگارمان یەشوای مەسیحیان خۆشدەوێت بە خۆشەویستییەکی نەفەوتاو!
1لە پۆڵس و تیمۆساوس، خزمەتکاری مەسیحی یەشوا، بۆ هەموو پیرۆزکراوان لە مەسیحی یەشوادا، کە نیشتەجێی شاری فیلیپین، لەگەڵ شوان و سەرپەرشتیکاران. 2با بەخشش و ئاشتی بۆ ئێوە بێت لەلایەن خودای باوکمان و پەروەردگار یەشوای مەسیح.3هەرکاتێک یادتان دەکەمەوە، سوپاسی خودای خۆم دەکەم، 4لە هەموو نزاکانمدا بە دڵخۆشی بۆ هەمووتان دەپاڕێمەوە، 5بەهۆی بەشداریکردنتان لە بڵاوکردنەوەی ئینجیل لە ڕۆژی یەکەمەوە تا ئێستا. 6منیش لەو بابەتە دڵنیام: خودا کە ئەو کارەی دەست پێکردووە لە ئێوەدا هەتا ڕۆژی مەسیحی یەشوا تەواوی دەکات.7کەواتە ڕاستە کە من ئەو هەستەم بەرامبەر هەمووتان هەبێت، چونکە لە دڵمدا دەتانهێڵمەوە، دەتانکەمە هاوبەشی خۆم لە بەخششەکە، جا لە کۆت و بەند بم یاخود لە کاتی بەرگری کردن وچەسپاندنی مزگێنیەکە ، 8چونکە خودا شایەتحاڵی منە کە لە سۆزەکانی مەسیحی یەشوا تامەزرۆی هەمووتانم.9نزای من بۆ ئێوە ئەمەیە: تا خۆشەویستیتان بە ئەوپەڕی زانست و تێگەیشتنەوە زیاتر و زیاتر بکات، 10بۆ ئەوەی شتە نایابەکان پەسند بکەن، و لە ڕۆژی مەسیحدا پاک و دور لە تاوان بن، 11کامڵ بن لە بەروبوومی ڕاستی و دروستی، کە بە یەشوای مەسیح دێت بۆ شکۆمەندی و ستایشی خودا.12بەڵام دەمەوێت بزانن برایان، کە لە ڕاستیدا بارودۆخەکەم بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی مزگێنیەکە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە، 13بەجۆرێک کە هەموو پاسەوانانی ئیمپراتۆر و هەموو ئەوانی دیکە زانیان کە کۆت و بەندییەکم لە پێناو مەسیحدایە؛ 14هەروەها زۆربەی ئەو برایانە، کە بەهۆی کۆت و بەندی منەوە متمانەدارن بە پەروەردگار، بوێرانە و بەبێ ترس مزگێنی وشەی خودا ئەدەن.15بەڕاستی هەندێک لە بەر ئیرەیی و ناکۆکی بە مەسیح مزگێنی دەدەن؛ سەبارەت بەوانیتریش، بە نیاز پاکییە. 16ئەمانە خۆشەویستییەکە پاڵنەریانە، دەزانن کە من بۆ بەرگریکردن لە مزگێنییەکە دەستنیشانکراوم؛ 17وە ئەوانەی لایەنگری پاڵنەریانە، بانگەشە کردنیان بە مەسیح دڵسۆزانە نیە، وا بیر دەکەنەوە کە دەبنە هۆی تەنگانەی زیاتر بۆ کۆت و بەندەکانم.18کەواتە چی؟ هەرچییەک بێت و لە هەر دۆخێکدا مەسیح ڕایدەگەیەندرێت، جا بە ڕووکەش بێت یان بە ڕاستی. بەمەش دڵخۆشم و دڵخۆش دەبمەوە! 19چونکە دەزانم کە ئەمە دەبێتە هۆی ئازاد کردنم، بە نزاکانتان و یارمەتی گیانی یەشوای مەسیحەوە؛20بەپێی ئەوەی چاوەڕێم دەکرد و هیوام بۆ دەخواست: لە هیچ شتێک شکەستم نەهێنا، بەڵکو لە هەموو بوێرییەکدا و وەک هەمیشە، ئێستاش مەسیح لە جەستەمدا مەزن دەبێت، جا بە ژیان بێت یان بە مردن. 21بۆ من ژیان مەسیحە، و مردنیش قازانجە بۆ من.22بەڵام ئەگەر بتوانم لە جەستەدا بژیم، ژیانم بۆ کاری بەرهەمدار ئامادەم دەکات. نازانم کام لەو دووانە هەڵبژێرم! 23من لە ژێر فشاری هەردووکیدام: ئامادەم بڕۆم و لەگەڵ مەسیحدا بمێنمەوە، ئەوەش بە ڕاستی زۆر باشترە؛ 24بەڵام مانەوەم لە جەستەدا لە پێناو ئێوەدا پێویستە.25تا متمانەم بەم شتە هەبێت، دەزانم لەگەڵ هەمووتان دەمێنمەوە و نیشتەجێ دەبم، بۆ پێشکەوتن و خۆشیتان لە باوەڕدا، 26بەهۆی منەوە شانازیتان بە مەسیحەوە زیاد دەکات لەگەڵ بوونی من لە نێوانتاندا. 27تەنها ژیانێک بژین کە شایستەی مزگێنی مەسیح بێ، بۆ ئەوەی ئەگەر هاتم و چاوم پێتان کەوت یان لێتان دوور بم، هەواڵتان ببیستم، بزانم کە ئێوە لە یەک گیاندا چەسپاون، بە یەک هەستەوە پێکەوە هەوڵ دەدەن بۆ ئەو باوەڕەی کە لە مزگێنیەکەدا ڕاگەیەندراوە،28لە هیچ شتێکدا مەترسە لەلایەن ئەو کەسانەی کە بەرەنگارتان دەبنەوە، چونکە بەرەنگارییان بەڵگەیە بۆ لەناوچوونی خۆیان و ڕزگاربوونی ئێوە، و ئەمەش لە خوداوەیە. 29لە پێناوی مەسیحدا، پێتان دراوە، نەک تەنها باوەڕتان پێی هەبێت، بەڵکو لە پێناویدا ئازار بچێژن، 30هەمان تێکۆشانتان هەیە ئەوەی لە مندا بینیوتانە و ئەوەی ئێستا لە منی دەبیستن.
1بەردەوام لە مەسیحدا هاندانمان هەیە ، و دڵنەوایی لە خۆشەویستی دا، و هاوبەشیمان ڵە گیاندا، بەزەی و میهربانی لە ئێمە دایە، 2خۆشحاڵی من بەدیدێت کە یەک هەڵوێست بن و یەک خۆشەویستیتان هەبێت و یەک دەرون بن و یەک بیر بن.3با هیچ شتێک لە نێوانتاندا نەبێت بە گیانێکی بەش بەش و خۆهەڵکێشانێکی پوچ، بەڵام با خۆبەکەم زان بن و هەریەکەتان گۆزارشت لەوەی کەتان بکات و ئەوەی ترلە خۆی بە باشتر بزانێت. 4تەنها گرینگی بە بەرژەوەندی خۆی نادات بەڵکوو بۆ بەرژەوەندی ئەوانی تریش هەروەک خۆی.5با ئەم بیرکردنەوەیە لەئێوەدا بێت کە لە یەشوای مەسیحدا بوو، 6ئەو کە بەڕاستی بە سروشت خودا بوو وای دەرنەخست هاوتایە بەخودا،ئەوەشی بۆ خۆی نەقۆستەوە، 7بەڵکو خۆی داماڵی، شێوەی بەندەی وەرگرت، گۆڕدرا بەلێک چوی مرۆڤ؛ 8ئیتر بەڕوخساری مرۆڤ بیندرا، لەسادەی وخاکی بوندا ڕوچوو، بەو شێوەیە ملکەچ بوو تا مردن، بە مردنی خاچ.9هەر لەبەر ئەمەش خودا بەرزی کردوە، ناوێکی پێدا لە سەرو هەموو ناوێکەوە، 10بۆئەوەی هەموو ئەژنۆیەک بچەمێتەوە و کڕنۆش ببات بۆناوی یەشوا، چ لە ئاسمان و سەر زەوی و لە ژێر زەوی، 11بۆ ئەوەی هەموو زمانێک دان بەودا بنێت کە یەشوای مەسیح پەروەردگارە، بۆشکۆی خودای باوک،12هەربۆیە خۆشەویستان گوێ ڕایەڵم بوون بەردەوام، نەک وەک ئەوەی من تەنها ئامادە بم، بەڵکو زۆر زیاتر ئێستا کەنادیارم، بۆیە بە ترس و لەرزەوە هەوڵ بدەن ڕزگار بونتان تەواو بکەن، 13لەبەر ئەوە خودا لەناوتاندا خواستی چاندوە تا کار بکەن بۆ ڕەزامەندی ئەو.14هەمووکارێک بکەن بێ گلەی و دەمەقاڵێ کردن، 15ڕۆڵەی خودا بن و بە هیچ شتێک لەکەدارنەکرێن لە ناو نەوەیەکی لادەرو خراپەکار، بدرەوشێنەوە لە نێوانیاندا هەروەک ڕووناکی لە جیهاندا، 16هەڵگری وشەی ژیان بن، تا وەکو لە ڕۆژی مەسیحدا جێگای شانازی بن بەوەی من هەوڵێکی پوچم نەداوە و تێنەکۆشاوم بێهودە.17ئەگەر خوێنیشم بڕژێت و جۆگەلە ببەستێ لەسەر قوربانیدانی باوەڕەکەتان و خزمەت کردنی، من لەگەڵتان شادو دڵخۆش ئەبم. 18هەروەها دڵخۆش دەبم کە ئێوە شادو دڵخۆش دەبن لەگەڵم.19بەڵام هیوادارم لە یەشوای پەروەرگارمان کە بەم نزیکانە تیمۆساوس تان بۆ بنێرێت، بۆ ئەوەی دڵنیا ببم لەزانینی بارودۆختان. 20کەسێکی ترم نیە جگە لە ئەو کە وەک من دڵسوزانە گرینگی بدا بە بارودۆختان. 21بەڕاستی هەمووان بەدوای بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانەوەن، نەک لە پێناو مەسیحی یەشوا.22بەڵام تیمۆساوس، تاقی کرایەوە ئێوەش ئەوە دەزانن، وەک چۆن لەگەڵ مندا بانگەشەی مزگێنی دەدات وەک ئەوەی منداڵێک یارمەتی باوکی بدات. 23بۆیە لەو هیواخوازم بینێرم کاتێ بۆم ڕوون بۆوە کارو بارم چون دەڕوات. 24بەڵام من متمانەم هەیە بە پەروەردگار کە من، خۆم، بەم زووانە دێمە لاتان.25بەڵام بە پێویستم زانی ئەبیڤرودیتۆس بینێرم بۆلاتان براو هاوکار و هاوەڵی خەباتم، لەلایەن ئێوە نێردرا بوو کاری لەسەر پڕکردنەوەی پێویستەکانم دەکرد، 26بەڕاستی بیری هەمووتان دەکەم، خەمبارم کە لێتان ئەبیستم ناساغە. 27نەخۆش بوو تا خەریک بوو بمرێت، بەڵام خودا بەزەیی پێدهاتەوە، نەک تەنها بەو، بەڵکو بەمنیش تاوەکو دووبارە توشی دڵ تەنگی نەبم.28لەبەر ئەوە زۆرم پەلە بوو تاوەکو بینێرم بۆلاتان، تاکو سەرلە نوێ بیبینەوە ئێوە شاد بن وە منیش کەمێک خەمبار ببم. 29کەواتە بەو پەڕی شادیەوە، بەناوی پەروەردگاروە پێشوازی لێبکەن رێز لەوانەش بگرە کە وەک ئەون. 30لە پێناو کارکردن بو مەسیح نزیک بۆوە لە مردن، ژیانی خوی خستە مەترسیەوە تاکو ئەو خزمەتە بکات کە ئێوە نەتان توانی بۆمنی بکەن.
1لەگەڵ ئەوەشدا، براکانم، دڵشادبن بە پەروەردگار. بێزارم ناکات کە هەمان شت بۆ ئێوە بنووسم، چونکە ئەوە بۆ پاراستنی ئێوەیە. 2ئاگاداری "سەگەکان"بن، لە کرێکارانی خراپەکار، لە جەستە بڕەکان. 3چونکە ئێمە گەلی خەتەنەکراوی ڕاستەقینەین، چونکە تەنها بە ڕۆح خودا دەپەرستین و شانازی بە یەشوای مەسیحەوە دەکەین، و پشت بە شتە جەستەییەکان نابەستین،4هەرچەندە منیش مافی ئەوەم هەیە پشتی پێ ببەستم. بەڵام مەترسیدارە کەسێک وابەستە بێت لەسەر بابەتی جەستە، من کە مافی ئەوەم هەیە: 5سەبارەت بە خەتەنەکردن، لە هەشتەمین ڕۆژی ژیانمدا خەتەنە کرام؛ منیش لە ڕەگەزی یەسرائیلم، لە هۆزی بنیامین، عیبرییەک لە عیبرانییەکان؛ بەگوێرەی تەورات، من فەریسیم؛6لەڕووی دڵگەرمییەوە، چەوسێنەری کڵێسابووم؛ سەبارەت بەو ڕاستودروستییەی کە تەورات داوای دەکات، ئێوە بێ تاوان بوون. 7بەڵام، هەر قازانجێکم هەبوو، بە زیانم دەزانی، لە پێناو مەسیحدا.8بەڵکو هەموو شتێک بە زیان دەزانم، بۆ ئەو بەهایەی کە مەسیحی یەشوای پەروەردگارم بناسم؛ لە پێناو ئەودا بەرگەی لەدەستدانی هەموو شتێکم گرت و وە هەموو شتێک بە زبڵ دەزانم، بۆ ئەوەی مەسیح بەدەست بهێنم 9وە من پێگەیەکم تێدا هەیە، وەک چۆن ڕاستوودروستی خۆمم نییە لەسەر بنەمای تەورات، بەڵام ئەو ڕاستودروستییەی کە لە باوەڕبوون بە مەسیحەوە دێت، ئەو ڕاستودروستییەی کە لە خوداوەیە لەسەر بنەمای باوەڕ. 10مەبەستم ئەوەیە کە مەسیح بناسم هێزی زیندووبوونەوەی و هاوبەشیکردن؛ لە ئازارەکانیدا تاوەک ئەوبم لە مردنەکەیدا، 11لەسەر هیوای هەستانەوە لە مردن!12من بانگەشەی ئەوە ناکەم کە خەڵاتەکەم بەدەستهێناوە یان گەیشتوومەتە تێگەیشتنی تەواو. بەڵام هێشتا بەدوای بەدەستهێنانیدا دەگەڕێم، هەروەک چۆن یەشوای مەسیح منی بەدەستهێناوە. 13ئەی برایان، من وا دانانێم کە خەڵاتەکەم بەدەستم هێناوە، بەڵام تەنها یەک شت دەکەم: ڕابردوو لەبیر دەکەم و بەرەو پێش هەنگاو دەنێم، 14لە کاتێکدا هەوڵ دەدەم بۆ ئامانجەکە، بۆ بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتەی کە خودا لە یەشوای مەسیحدا بانگمان دەکات بۆی.15هەموو پێگەیشتوان لە نێوانماندا، با ئەو بیرکردنەوەیان هەبێت. وە ئەگەر جگە لەو بیرکردنەوە شتێکی ترتان هەیە، ئەوەش خودا بۆتان ئاشکرا دەکات. 16بەڵام، با بەردەوام بین بەوەی پێی گەیشتوین، لەو ڕێبازەدا.17هەمووتان برایان، وەک من بکەن. وە سەرنج بدەنە ئەو کەسانەی کە شوێن ئەو نموونەیە دەکەون کە لە ئێمەدا بینیان. 18چونکە زۆرێک لەوانەی لە نێوانتاندان، کە زۆر جار باسم کردوون و ئێستاش بە فرمێسکەوە بۆتانی باس دەکەم، بەشێوەیەک هەڵسوکەوت دەکەن وەک ئەوەی دوژمنی خاچی مەسیح بن. 19ئەوانە چارەنووسیان لە ناوچونە، خودایان سکیانە، شانازییان لە شەرمەزاریدایە و بیرکردنەوەکانیان بۆ بابەتی زەمینی تەرخانکردوە.20سەبارەت بە ئێمەش نیشتیمانمان لە ئاسمانەکاندایە، لەوێوە چاوەڕێی گەڕانەوەی ڕزگارکەرمان یەشوای مەسیحی پەروەردگارین. 21ئەوەی جەستەی کەساسمان بۆ وێنەی جەستەی شکۆداری خۆی دەگۆڕێت، بەگوێرەی کارکردنی هێزی خۆی کە دەتوانێت هەموو شتێک ملکەچی خۆی بکات.
1بۆیە، ئەی برایانی خۆشەویستم تامەزرۆتانم، ئەی خۆشییەکانم و تاجەکانم، بەو شێوەیە لە پەروەردگاردا چەسپاو بن ئەی خۆشەویستان. 2داوا لە ئەفودیا دەکەم، وەک چۆن داوا لە سینتخی دەکەم، یەک بیر بن لە پەروەردگاردا، 3بەڵێ، داوا لە تۆش دەکەم، هاوکارە دڵسۆزەکەم، یارمەتیان بدەیت، چونکە ئەوان لەگەڵ مندا تیکۆشاون لە خزمەتکردنی مزگێنییەکەدا، ئەوان و ئەکلیمەندۆس و هاوکارەکانی دیکەم، کە ناوەکانیان لە تۆماری ژیاندا نووسراوە.4هەمیشە لە یەشوای پەرەوەردگاردا شاد بن، دیسان دەیڵێمەوە: شاد بن. 5با پشوودرێژیتان بۆ هەموو خەڵک ناسراو بێت. پەروەردگار نزیکە. 6نیگەرانی هیچ شتێک مەبن، بەڵکو لە هەموو شتێکدا با داواکاریەکانتان بۆ خودا زانراو بێت، بە نزا و داواکاری، لەگەڵ سوپاسگوزاری. 7ئارامی خودا، کە بە هزرتان ناتوانن لێی تێبگەن، دڵ و بیرکردنەوەتان لە مەسیحدا دەپارێزێت.8لە کۆتاییدا، خوشکان و برایان: هەموو ئەو شتانەی کە ڕاستن، ڕێزدارن، دادپەروەر، و پاکن، خۆشەویستن و ناوبانگ باشن، ڕەوشت بەرز، و شایانی ستایشن، هۆشتانی بدەنێ. 9کار بەوە بکەن لە من فێربوون و وەرتانگرت و بیستتان و بینیتان ئەوە جێبەجێ بکەن. پەروەردگاری ئاشتی لەگەڵتان دەبێت.10پاشان من دڵخۆش بووم بە پەروەردگار بە خۆشییەکی مەزن کە جارێکی تر گرینگیدانتان بە من نوێ کردەوە. هەر چەند پێشتر ئارەزووی ئەوەتان هەبوو، بەڵام ئەو دەرفەتەتان لە بەردەستدا نەبوو. 11ئەوە ناڵێم لەبەر ئەوەی پێویستییەکم هەبێ، چونکە فێربوم لە هەموو بارودۆخێکدا ڕازیبم. 12دەزانم چۆن لە هەژاریدا بژیم، و چۆن بە تێری بژیم. چونکە، لە هەموو شتێک، و لە هەموو بارودۆخێکدا، ڕاهێنراوم لەسەر تێر و برسییەتی، و لە هەبوونی و نەبوونیدا بژیم. 13من هەموو شتێک دەتوانم، لە مەسیحدا کە بە هێزم دەکات.14بەڵام باش بوو یارمەتیتان دام و هاوبەش بوون لە کەمکردنەوەی تەنگانەمدا. 15هەروەها دەزانن ئەی باوەڕدارانی فیلیپی، کاتێک دەستم بە خزمەتکردنی مزگێنیەکە کرد، وەک چۆن لە پارێزگایەکی مەکەدۆنیاوە ڕۆیشتم، جگە لە ئێوە هیچ کڵێسایەک لەگەڵمدا بەشداری نەکرد لە حسابی بەخشین و وەرگرتن. 16ئەوەی پێویستم بوو بۆتان ناردبووم، نەک جارێک بەڵکو زیاتر. 17لە ڕاستیدا من بەدوای بەخشیندا ناگەڕێم، بەڵکو بەدوای قازانجی زیادکراودا دەگەڕێم بۆ بەرژەوەندی ئێوە.18ئێستا هەموو شتێکم هەیە کە بە زیادەوە پێویستییەکانم پڕدەکاتەوە. ئیتر من لە هیچ شتێکم کەم نیە بەوەی کە لە ئەپافرۆدیتسم وەرگرت کە تۆ بۆت ناردبووم، بۆنێکی بۆنخۆش، و قوربانییەکە خودا پەسندی دەکات و پێی دڵخۆشە. 19خودای من هەموو پێداویستیەکانتان بە تەواوی دابین دەکات، بەپێی دەوڵەمەندییەکەی لە شکۆمەندیدا، لە مەسیحی یەشوادا. 20شکۆمەندی بۆ خودای باوکمان بۆ هەتاهەتایە. ئامین!21سڵاو لە هەموو پیرۆزکراوێک بکەن لە یەشوای مەسیحدا. 22ئەو برایانەی لەگەڵمن سڵاوتان لێدەکەن. هەموو پیرۆزکراوان ، بە تایبەت ئەوانەی لە دەوروبەری قەیسەرن. 23با بەخششی پەروەردگارمان یەشوای مەسیحی لەگەڵ گیانتان بێت. ئامین!
1لە پۆڵسەوە کە نێردراوی یەشوای مەسیحە بەخواستی خودا، هەروەها لە تیمۆساوسی برامانەوە، 2بۆ برایانی پیرۆزکراو و دلسۆز لە مەسیحدا، دانیشتووانی شاری کۆلۆسی. با بەخشش و ئاشتی لە خودای باوکمان و یەشوای مەسیحی پەروەردگارمان لەگەڵتان بێت. 3ئێمە بەردەوام سوپاسی خودا دەکەین، باوکی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح کاتێک نزادەکەین لەپێناوتان.4چونکە هەواڵی باوەڕی ئێوەمان بە یەشوای مەسیح پێگەیشت لەگەڵ ئەو خۆشەویستیەی لەئێوەدایە سەبارەت بە هەموو پیرۆزکراوان، 5بە هۆی ئەو هیوایەی کە لە ئاسمانەکاندا بۆتان تەرخان کراوە، ئەو هیوایەی کە پێشتر لە وشە ڕاستییەکە بیستتان کە لە مزگێنیەکەدایە 6کە گەیشتە لاتان وە ئێستا بەهەموو جیهاندا بڵاو دەبێتەوە، وە بەروبومی بەرهەمەکەی لەنێوانتاندا گەشە دەکات، بەو شێوەیە لە نێوانتاندا ڕوودەدات لەو کاتەوەی کە بە بەخششی خودا گوێتان لێ بووە و بەڕاستی ئەزمونتان کردوە،7بەو پێیەی لە ئەپەفراسی هاوبەشی خۆشەویست فێر بوون، ئەو خزمەتکارێکی دڵسۆزی مەسیحە لەلای ئێوە 8خۆی باسی ئەو خۆشەویستیەی بۆ کردین کە لە گیانەکەدا هەتانە.9لەبەر ئەوە ئێمەش، لەو ڕۆژەوەی هەواڵی ئێوەمان بیست، بەردەوام لە پێناوی ئێوەدا نزا دەکەین و دەپاڕێینەوە، تاوەکو پربن لە تەواوی زانیاری و خواستی خودا بە هەموو دانایی و تێگەیشتنی گیانی، 10تاوەکو بە شێوەیەک بژین کە شیاوی پەروەردگاربێت لەهەموو شتێک جێگای ڕەزامەندیی ئەو بێت، لە هەموو چاکەکارییەک بەرهەمدار بن و بەتەواوی لە ناسینی خودا گەشە بکەن.11بەهێزتر بن بە هەموو هێزێک هاوتای هێزی شکۆمەندیەکەی، تا کامڵ بن و بە پشوو درێژییەوە خۆڕاگر بن، 12بە خۆشحاڵییەوە سوپاسی باوک بکەن کە وای لێ کردن شایستەبن لە میراتی پیرۆزەکان لە ڕووناکیدا،13ئەوەی ڕزگاری کردین لە دەسەڵاتی تاریکی و گواستینیەوە بۆ شانشینی ڕۆڵە خۆشەویستەکەی خۆی 14لە ناو ئەودا ڕزگاربوونمان هەیە، واتا لێخۆشبونی گوناهەکان.15ئەو وێنەی خودای نەبینراوی، پێش هەموو بەدیهێنراوانە، 16چونکە بە ئەو هەموو شتێک بەدیهێندران: هەرچی لە ئاسمان و لە زەویدایە، بینراو و نەبینراو، جا تەخت بێ، یان فەرمانڕەوا یان میرنشین یا دەسەڵات. هەموو ئەوەی لە گەردووندایە بە ئەو و بۆ ئەو بەدیهاتووە. 17ئەو پێش هەموو شتێک هەبووە، و بە ئەو هەموو شتێک بەردەوامی هەیە.18ئەو سەری جەستەکەیە، واتە کڵێسا؛ سەرەتا و نۆبەرەی هەستاوەی نێو مردووانە، بۆ ئەوەی لە هەموو شتێکدا یەکەمین بێت. 19چونکە پێ خۆشحاڵ بوو بەهەموو پڕی خۆی لەودا ئاوێتە بێت، 20بەوهەموو شتێک لەگەڵ خۆی ئاشت بکاتەوە، وەک چۆن ئاشتی هێنایە دی بە خوێنی خۆی لەسەر خاچ، لەودا هەموو شتێکی ئاشتکردەوە، جا چ لەسەر زەوی بێت یان لە ئاسمانەکاندا.21وە ئێوەش، لەوانەبوون کە لە رابردوودا بێگانە و دوژمن بوون لە بیرکردنەوەدا، بەهۆی کارە خراپەکانتان، 22ئێستا ئاشتی کردنەوە بە مردن لە جەستەی مرۆڤانەدا. بۆ ئەوەی کە ئێوە ئامادە بکات بە پیرۆزکراوی و بێ کەموکوڕی لەبەردەمیدا دەربکەون. 23بە ڕاستی لە باوەڕدا چەسپاوبن، دامەزراوبن و رەگ دابکوتن و نەگۆڕبن دەربارەی هیوای مزگێنیەکە ئەوەی بیستتان، ئەوەی ڕایدەگەێنین بۆهەموو بەدیهێنراوانی ژێر ئاسمان، منیش کە پۆڵسم بومە خزمەتکاری.24ئێستا دڵشادم بە ئازارەکانم لە پێناوی ئێوەدا دەیچێژم، ئەوە تەواو دەکەم لە جەستەمدا کە لە تەنگانەکانی مەسیحی کەم بوو لە پێناو جەستەی ئەودا کە کڵێسایە، 25من بووم بە خزمەتکار بەپێی ئەوەی خودا پێی بەخشیوم لە پێناوتان، تاوەکو وشەی خودا تەواو بکەم، بە ڕاگەیاندنی 26ئەو نهێنیە شاردرابۆوە بەدرێژایی سەردەمەکان و نەوەکان، ئێستا بۆ پیرۆزکروانی ئاشکرا کردوە 27خودا ویستویەتی بۆیان ئاشکرا بکات کە شکۆمەندی ئەم نهێنییە لە نێو گەلاندا چەندە دەوڵەمەندە: مەسیح لە ئێوەدایە و ئەو هیوای شکۆمەندییە؛28ئێمە نهێنییەکە ڕادەگەیەنین، ئامۆژگاری هەموو مرۆڤێک دەکەین، هەموو مرۆڤێک فێر دەکەین، بە هەموو داناییەکەوە تاکو هەموو مرۆڤێک بەتەواوی ئامادە بکەین لە مەسیحدا. 29وەهەر لەبەر ئەم هۆکارەش منیش رەنج دەکێشم و کۆشش دەکەم، بە تواناکەی ئەو کە بە هێزەوە لە مندا کاردەکات.
1چونکە دەمەوێت بزانن چەندە تێکۆشاوم بۆ ئێوە و ئەوانەی لە شاری لاودیکیان، تێکۆشاوم بۆ هەموو ئەوانەی ڕووبەڕو نەیانناسیوم، 2بۆ ئەوەی دڵیان هان بدرێت و هەموویان لە خۆشەویستیدا یەکبگرن، بۆ ئەوەی بگەینە تێگەیشتنێکی تەواو، بۆ ئەوەی نهێنی خودا بزانین، واتە مەسیح، 3کە هەموو گەنجینەکانی دانایی و زانیاری تێدا هەڵگیراون.4ئەمە دەڵێم بۆ ئەوەی کەس بە قسەی فێڵبازانە فریوتان نەدات. 5هەرچەندە بەجەستە لە گەڵتان نیم، بەڵام لە گیاندا لەگەڵتان ئامادەم، دڵخۆش دەبم کاتێک ڕێکخستن و چەسپاوی ئێوە لە باوەڕ بە مەسیح دەبینم.6کەواتە وەک چۆن یەشوای مەسیحتان وەک پەروەردگار وەرگرتووە، بە هەمان شێوە لە ئەودا بەردەوام بن 7وە ئێوە لە ئەودا ڕەگ دابکوتن و خۆتان بنیاد بنێن. وەک فێربوون لە باوەڕدا ڕۆبچن هەروەها سەرڕێژبن بە سوپاسگوزاری.8ئاگاداربن کەس نەتانکاتە نێچیری فەلسەفە و خۆبەزلزانینی بێهودە، بەپێی نەریتی خەڵک و بنەماکانی جیهان؛ کە لەگەڵ مەسیحدا هاوڕانین. 9چونکە خودا بەپڕی خۆیی، لەجەستەی، مەسیحدا ئاوێتەبوو،10وە ئێوەش لەئەودا تەواون . ئەویش سەری هەموو میرنشین و دەسەڵاتێکە؛ 11هەروەها ئێوەش لەودا خەتەنەکران خەتەنەیەک کە بە دەست ئەنجام نەدراوە، کاتێک جەستەی مرۆڤی گوناهبارانەتان لێ داماڵدرا ئەمەش خەتەنەکردنی مەسیحە: 12لە کاتی لە ئاوهەڵکێشاندا لەگەڵ ئەودا نێژران، هەروەها لەگەڵ ئەویش هەستانەوە، بەهۆی باوەڕتان بە تواناداری خودا کە لە نێو مردووان هەڵیستاندەوە.13کاتێک ئێوە، لە گوناهەکانتاندا مردبوون، وە بەجەستە خەتەنە نەکرابون، هەموومان لەگەڵ ئەو زیندوو بوینەوە؛ لەتێکڕای گوناهەکانمان خۆشبوو. 14چونکە ئەو ڕێسایانەی سڕیوەتەوە کە لە دژی ئێمە نووسراون، و پێچەوانەی بەرژەوەندی ئێمەیە، بەڵکو لەو نێوەندەدا لای بردووە و بە بزمار لەسەر خاچ دایکوتی. 15وە میرنشینەکان و دەسەڵاتدارانی لە چەک داماڵی، بەئاشکرا ئابڕووی بردن، لە کاروانەکەیاندا سەرکردایەتی کردن و سەرکەوتوو بوو بەسەریاندا.16بۆیە با کەس دەربارەی خواردن و خواردنەوە یان ئەو جەژنانەی پەیوەستن بە ئاهەنگی دەستپێکی مانگەکان یان شەبات داوەریتان نەکات؛ 17ئەمانە سێبەری ئەوەن کە دێت، واتە ئەو ڕاستییە بوو کە مەسیحە.18با کەس لە پاداشتەکەت بێ بەشت نەکات، بە هاندانی تۆ بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەیت کە ئەو ئارەزوی دەکات بۆ پەرەستنی فریشتەکان بە خۆنەویستی، ئەو دەچێتە ناو بینینە خەیاڵییەکان، کە بەبیری جەستەی هەڵئاوساون، 19وە ئەویش دەست ناگرێت، بە سەرییەوە کە جەستە بەهۆیەوە هەموو خۆراکی خۆیی وەردەگرێت، کە لە ڕێگەی جومگە و بەستەرەکانەوە بە یەکتروە بەستراونەتەوە، بەو شێوەیەی کە خودا دەیەوێت گەشە دەکات.20لە کاتێکدا ئێوە سەبارەت بە بنەماکانی جیهان لەگەڵ مەسیحدا مردن، ئیتر بۆچی وەک ئەوەی لە جیهاندا دەژین، ملکەچی ئەم ئەرکانە دەبن: 21مەیگرە، تامی مەکە، دەستی لێ مەدە 22وە ئەم شتانە دەخورێن و لەناو دەچن. چونکە ئەو یاسایانە ڕاسپاردەو فێرکاری مرۆڤن. 23ئەو دانایی دەرکەوتنی هەیە بۆ ئەوەی تێیدایە لە زیادەڕەوی پەرستنی دەستکرد، خۆ بەکەم زانین، و چەوساندنەوەی جەستە؛ ئەو شتانەی کە هیچ بەهایەکیان نییە، و تەنیا بۆ تێرکردنی مەیلی مرۆڤە.
1لەبەر ئەوەی ئێوەش لەگەڵ مەسیحدا هەستاونەتەوە، بۆ ئەو شتانەی کە لە سەرەوەن تێبکۆشن، چونکە مەسیح لە ڕاستەی خودا دانیشتووە. 2گرنگی بدەن بەو شتانەی کە لە سەرەوەن ، نەک بە شتە زەمینیەکان. 3چونکە ئێوە مردبوون، و ژیانتان لەگەڵ مەسیح لە خودادا شاراوەتەوە. 4کاتێک مەسیح کە ژیانی ئێمەیە، کە دەرکەت، ئەوا ئێوەش لەگەڵیدا بە شکۆمەندی دەردەکەون.5کەواتە ئارەزووە زەمینیەکانتان بمرێنن: داوێنپیسی، گڵاوی، هەوەسبازی، ئارەزووی خراپ، چاوبرسیێتی کە بتپەرستیە. 6بەهۆی ئەم گوناهانەوە تووڕەیی خودا دادەبەزێت، 7ئێوە پێشتر بەم رێگەدا ڕۆیشتوون، کاتێک تێیدا ژیابوون. 8بەڵام ئێستا، هەموو ئەم گوناهانە لە خۆتان داماڵن: تووڕەیی، قین، ئارەزووی خراپەکاری، کوفر، و قسەی نەشیاو کە لە دەمتان دێتە دەرەوە.9درۆ لەگەڵ یەکتر مەکەن، چونکە مرۆڤی کۆن و کردەوەکانیتان داکەندووە و 10مرۆڤێکی نوێتان لەبەر کردووە ئەوەی نوێ بۆتەوە بۆ پێگەیشتن لە زانیاری تەواو بە پێی وێنەی بەدیهێنەرەکەی. 11لەوێشدا جیاوازی نییە لە نێوان یۆنانی و یەهودی، یان خەتەنەکراو و خەتەنەنەکراو، یان شارستانی و دواکەوتوویی، یان کۆیلە و ئازاد، بەڵکوو مەسیح هەموو شتێکە و لە هەموو شتێکدا.12بۆیە، ئێوە کە گەلی پیرۆزی خۆشەویست و هەڵبژێردراوی خودان، میهرەبانی و نیانی و بێفیزی و دڵنەرمی و پشوو درێژی لەبەر بکەن، 13بەرگەی یەکتر بگرن و لە یەکتر خۆش بن. ئەگەر هەریەکێک لە ئێوە سکاڵای لە ئەوەی دیکە هەبێت، وەک چۆن پەروەردگار لێتان خۆش بوو، ئێوەش هەروا. 14وە لە سەرووی هەمووشیانەوە خۆشەویستی لەبەر بکە کە پەیوەستە بە کامڵ بوونەوە.15با ئاشتی مەسیح فەرمان لەسەر دڵتان بکات، کە بە یەک جەستە بۆ ئەو بانگکرابوون؛ سوپاسگوزار بن! 16با وشەی مەسیح بە دەوڵەمەندی لە ئێوەدا نیشتەجێ بێت، بەوپەڕی داناییەوە، ئامۆژگاری یەکتر بکەن و یەکتر فێر بکەن، زەبور و سروودی گیانی لە دڵتاندا بۆ خودا بڵێن، ستایشەکانتان بۆ ئەو بەرز بکەنەوە. 17گرینگە هەرچییەک دەکەن، بە قسە یان بە کردار، با هەمووی بە ناوی یەشوای پەروەردگارەوە ئەنجام بدرێت، سوپاسگوزاریتان بەو بەزری بکەنەوە بۆ خودای باوک.18ئەی ژنان ملکەچی مێردەکانتان بن وەک چۆن لە پەروەردگاردا گونجاوە ( بۆژیان). 19ئەی مێردەکان، ژنەکانتان خۆش بوێت، و دڵ ڕەقانە مامەڵەیان لەگەڵ مەکەن. 20ئەی منداڵان، لە هەموو شتێکدا گوێڕایەڵی دایک و باوکتان بن، چونکە ئەمە لە پەروەردگاردا مایەی ڕەزامەندیە. 21ئەی باوکان، لە مناڵەکانتان توڕە مەبەن، نەک شکست بهێنن.22ئەی کۆیلە لەهەموو فەرمانێکدا گوێڕایەڵی گەورەکانتان بن، نەک تەنها ئەو کاتەی کە چاودێریتان دەکەن بۆ ئەوەی دڵی خەڵکی ڕازی بکەن، بەڵکوو بە دڵێکی ڕاستگۆیانە، لە پەروەردگار بترسن. 23هەرچییەک دەکەن، بە هەموو دڵتانەوە کۆششی بۆ بدەن، وەک بۆ پەروەردگاری بکەن نەک بۆ خەڵکی، 24دەزانن کە پاداشت دەدرێنەوە بە میراتێک لە پەروەردگارەوە. چونکە ئێوە خزمەتکاری مەسیحی پەروەردگارن 25بەڵام هەریەکێک خراپەکاری بکات پاداشتی کارە خراپەکەی وەردەگرێت، و خودا لایەنگری لێ ناکات.
1ئەی گەورەیان، لە گەڵ خزمەتکارەکانتان بە دادپەروەرانە مامەڵە بکەن، ئێوەش دەزانن، بە هەمان شێوە، گەورەتان هەیە لە ئاسمان.2بەردەوام بن لە نزاکردن، و سوپاسگوزاری، 3پێکەوە نزا بو ئێمەش بکەن، تاکو خودا دەرگایەکمان بۆ بکاتەوە بۆ گەیاندنی پەیامەکە، تا بە نهێنی مەسیح بدوێین کە منیش لە پێناویدا بەندکراوم، 4تاوەکو ئەوە بڵێم کە پێویستە ڕایبگەیەنم .5ژیرانە مامڵە لەگەڵ ئەوانەی دەرەوەی کڵێسادا بکەن، کاتەکە بە باشترین شێوە بقۆزنەوە. 6هەمیشە وتەکانتان لەگەڵ بەخشش دا بێت، وبە خوێ سوێر کرا بێت، تا بزانن چۆن وەڵامی هەریەکێکیان بدەنەوە.7سەبارەت بە هەموو بارودۆخەکانم، تیخیکۆس، هاوڕێ و برای خۆشەویست، خزمەتکاری دڵسۆزی پەروەردگارم، ئەو پێتان ڕادەگەیەنێت، 8بۆ هەمان مەبەست بۆ لای ئێوەم ناردووە، بۆ ئەوەی بارودۆخی ئێمە بزانن و دڵتان هان بدات، 9بە یاوەری ئونیسیموس، ئەو برا دڵسوز و خۆشەویستەی کە لەلاتانە، لێرەوە لە بارودۆخی ئێمە ئاگادارتان دەکەنەوە.10ئەریستاکروس هاوزیندانم سڵاوتان لێ دەکات، و مارکوس کوڕی خۆشکی برنابا، دەربارەی ئەو هەندێک ڕاسپاردەتان پێگەیشتووە : پێشوازی لێبکەن؛ 11یەشوا کە بە یەسوع ناسراوە. ئەمانە هەموویان لە خەتەنە کراوەکانن، تەنها ئەوان یارمەتی دەری منن بۆ شانشینی خودا، دڵنەوایی بوون بۆ من.12ئەپاڤراس کە یەکێکە لە ئێوە، و خزمەتکاری یەشوای مەسیحە سڵاوتان لێ دەکات، هەمیشە لە نزاکانیدا تێدەکۆشێ لە پێناوی ئێوەدا بۆ ئەوەی دڵنیایی تەواوتان هەبێت سەبارەت بە هەموو خواستی خودا. 13من شایەتی ئەوە دەدەم زۆر تێدەکوشێت بۆ ئێوە و ئەوانەی لە شاری لاودیکیا و ئەوانەی لە شاری هیراپۆلیسدان. 14لۆکاس پزیشکی خۆشەویست؛ ودیماس سڵاوتان لێدەکەن.15سڵاو لە برایانی لاودکیا، نیڤاس، وە ئەو کڵێسایەی کە لە ماڵەکەیدا تێیدا کۆبونەتەوە. 16دوای ئەوەی ئەم نامەیەتان بۆ خوێندرایەوە، بینێرن بۆ کڵێسای باوەڕدارانی لاودکیا بۆ ئەوەی بخوێندرێتەوە، ئەو نامەیەی کە هەیانە بیبە تا ئێوەش بتوانن بیخوێننەوە. 17بە ئارکیپوس بلێ: « ئاگاداری ئەو خزمەتە بە کە لە پەروەردگار وەرتگرتووە، بە تەواوی ئەنجامی بدات! »18من پۆڵسم، ئەم سڵاوە دەستنوسی خۆمە. یادی کۆت وبەندیم بکەن. با بەخشش لەگەڵتان بێت.
1لە پۆڵس و سیلڤانۆس و تیمۆساسەوە، بۆ کڵێسای باوەڕدارانی تەسالۆنیکی ئەوانەی لە خودای باوک و یەشوای مەسیحی پەروەردگاردان. بەخشش و ئاشتی بۆ ئێوە بێت لە خودای باوکمان و پەروەردگارەوە یەشوای مەسیح. سوپاس لە پێناوی باوەڕی باوەڕدارانی تەسالۆنیکی2هەمیشە سوپاسی خودا دەکەین لە پێناو هەمووتان، کاتێک لە نزاکانماندا بەبێ وەستان یادی ئێوە دەکەین؛ 3لەبەردەم خودا و باوکماندا، کارەکانی باوەڕ و کۆششی خۆشەویستی و هیوای چەسپاوتان، لە پەروەردگارمان یەشوای مەسیح، لە بیر بێت؛4ئێمە، ئەی برایان و خۆشەویستانی خودا، ڕاستی هەڵبژاردنی ئێوە لەلایەن خوداوە دەزانین: 5چونکە بانگەشەی مزگێنیەکەمان بۆ ئێوە تەنها قسە نەبووە، بەڵکو هێز و گیانی پیرۆز و دڵنیایی تەواوی لەگەڵدا بووە. هەروەک چۆن بە تەواوی دەزانن ئێمە لە نێوانتاندا لە پێناو بەرژەوەندی ئێوە چی بووین،6ئێوەش بوونە نموونەیەک لە ئێمە و پەروەردگار، کاتێک لە ناوەڕاستی تەنگانەی گەورەدا بە خۆشی گیانی پیرۆزەکە وشەی خوداتان وەرگرت. 7تەنانەت بوون بە نموونە بۆ هەموو ئەو باوەڕدارانەی کە لە هەرێمی مەکەدۆنیا و ئەخایا نیشتەجێن.8لە ئێوە وشەی پەروەردگار بڵاوبۆوە، نەک تەنها لە مەکەدۆنیا و ئەخایا، بەڵکو باوەڕتان بە خودا لە هەموو شوێنێک بڵاوبۆوە، بەجۆرێک پێویست ناکا ئێمە هیچی تر بڵێن. 9چونکە هەمان ئەو باوەڕدارانە خۆیان باسی دەکەن کە چۆن بۆ یەکەمجار هاتین بۆ لای ئێوە، و چۆن لە بتەکانەوە ڕووتان لە خودا کرد، بۆ ئەوەی خزمەتی خودای زیندووی ڕاستەقینەکە بکەن، 10لە ئاسمانەکانەوە چاوەڕێی ڕۆڵەکەی بن، کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە، یەشوای ڕزگارکەرمان لەو تووڕەییەی کە دێت.
1چونکە، ئەی برایان، بزانن کە هاتنمان بۆ لای ئێوە بێهودە نەبوو. 2هەرچەندە ئێمە لە شاری فیلیپی، ئازار و سووکایەتیمان بەسەردا هاتبوو، بەڵام هەروا کە دەزانن ئێمە لە خوداماندا بوێرین کە مزگێنیەکەی خوداتان پێ بڵێین لە ڕووبەڕوو بوونەوەی دژایەتییەکی بەهێزدا.3بانگەوازەکەمان لە گومڕایی و پیسییەوە نەهاتووە، تێکەڵ بە فێڵبازی نیە، 4بەڵکوو ئێمە وەک کەسێک قسە دەکەین بە تاقیکردنەوەی خودا دەرکەوتووە کە شایەنی ئەوەین متمانەمان پێ بکرێت لە مزگێنیەکەدا، نە بۆ ڕازیکردنی خەڵکی بەڵکو بۆ ئەو خودایەی کە دڵەکانمان دەپشکنێت.5وەک ئێوەش دەزانن، ئێمە هەرگیز بە مەراییەوە قسەمان لەگەڵ ئێوە نەکردووە، نەمانکردووە بە بیانویەک بۆ چاوچنۆکی خودا شایەتە 6هەوڵمان نەداوە شکۆمەندی لە خەڵکەوە بەدەست بهێنین، نە لە ئێوە و نە لە کەسانی تریش،7هەرچەندە ئێمە مافی ئەوەمان هەیە وەک نێردراوی مەسیح خۆمان بەسەرتاندا بسەپێنین. بەڵام ئێمە لەگەڵ ئێوە نەرم و نیان بووین وەک دایکی شیردەر کە ئاگاداری منداڵەکانی دەبێت. 8زۆر میهرەبان بووین لەگەڵتان، ڕەزامەند بووین نەک تەنها مزگێنیەکەی خودا بەڵکو خودی خۆشمان پێشکەشتان بکەین، چونکە ئێوە بۆ ئێمە خۆشەویستن. 9لەبیرتان بێت، ئەی برایان، هەوڵ و ماندوبوونمان، کاتێک مزگێنیەکەی خودامان پێدان شەو و ڕۆژ کارمان دەکرد بۆ ئەوەی نەبینە بارێکی گران لەسەر هیچ کام لە ئێوە.10ئێوە شایەتن، خوداش بینایە، کە ئێمە لە ناو ئێوەدا چۆن رەفتارمان کرد، ئێوەی باوەڕدار، بە پاکی و ڕاستگۆیی و دووربوون لە سەرکۆنە، 11هەروا کە دەزانن وەک چۆن باوکێک مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانی دەکات هەروا لەگەڵتان رەفتارمان کردووە، بۆیە ئامۆژگاری هەر یەک لە ئێوەمان دەکرد و هانمان دەدان 12و داوامان دەکرد بە شێوەیەک ڕەفتار بکەن کە شایەنی خودا بێت، ئەوەی کە بانگهێشتتان دەکات بۆ شانشین و شکۆمەندییەکەی.13هەر بۆیە ئێمەش بەبێ وەستان سوپاسگوزاریمان بۆ خودا بەرز دەکەینەوە، چونکە کاتێک وشەی مزگێنییەکەتان لە خوداوە وەرگرت، وەک ئەوەی قسەی مرۆڤ بێت وەرتان نەگرت، بەڵکو وەک ئەوەی لە ڕاستیدا هەیە: بە وشەی خودای بزانن کە لە ئێوەی باوەڕدارایشدا کار دەکات.14چونکە، برایان، ئێوە لە کڵێساکانی خودا دەچن کە لە ناوچەی یەهودیان و لە یەشوای مەسیحدان. ئێوەش بەدەست گەلی خۆتانەوە ئازارتان چەشت هەمان ئازار کە ئەوان لە سەر دەستی یەهودییەکان چێشتیان 15ئەوانەی پەروەردگار یەشوا و پێغەمبەرەکانیان کوشت و ئێمەشیان چەوساندەوە، ئەوان خودا رازی ناکەن و دوژمنایەتی هەموو خەڵکی دەکەن، 16ڕێگریمان لێدەکەن مزگێنیەکە بە گەلان رابگەیەنین بۆ ئەوەی ڕزگاریان بێت، بەم شێوەیە لە هەموو کاتێکدا بەردەوام دەبن لە گوناهەکانیان، بەڵام ئەوپەڕی تووڕەیی خودا دێتە سەریان.17بەڵام ئێمە، برایان، کە بۆ ماوەیەکی کورت لە ئێوە جیا بووینەوە، بە ڕووخسار نەک بە دڵ، هەوڵێکی زۆرمان دا بۆ بینینی ڕوخسارتان و لە ئەوپەڕی تامەزرۆیداین بۆ ئێوە. 18هەر بۆیە بڕیارماندا بێینە لای ئێوە، بە تایبەت من پۆڵس جار لە دوای جار، بەڵام شەیتان ڕێگری لێکردین. 19کەواتە هیوامان یان خۆشیمان یان تاجی شانازیکردنمان چیە لەبەردەم یەشوای پەروەردگارمان کاتێک دەگەڕێتەوە؟ ئایا ئێوە نین؟ بەڵێ، 20بە دڵنیاییەوە بە ئێوە شانازی دەکەین و دڵخۆشین.
1بۆیە کاتێک بەرگەی دابڕانمان لە ئێوە نەگرت، باشتر بوو بۆ ئێمە بە تەنیا لە شاری ئەسینا بمێنینەوە، 2بۆیە تیمۆساوسی برامان، کە لە خزمەتکردنی خودا بە راگەیاندنی مزگێنیەکە یارمەتیدەرمانە، ناردمان بۆ ئەوەی بەهێزتان بکات و هانتان بدات لە باوەڕەکەتاندا، 3تا لەم تەنگانەیەداهیچ کامتان نەلەرزن. چونکە دەزانن ئێمە بۆ ئەم مەبەستە دەستنیشان کراوین؛4پێشتر، پێمان گوتبوون کە توشی تەنگانە دەبین، وەک دەزانن پاش ئەوە ڕوویدا. 5بەرگەی دابڕانی ئێوەمان نەگرت هەر لەبەر ئەم هۆکارەش، ناردم تاوەکو هەواڵی باوەڕتان بزانم نەکا تاقیکار تاقیتان بکاتەوە و کۆششمان بێهودە بێت.6بەڵام ئێستا، تیمۆساوس لە لای ئێوە گەڕاوەتەوە بۆ لای ئێمە و مژدەی باوەڕ و خۆشەویستی ئێوەی پێداین، و ئەوەی کە لە هەموو کاتێکدا بە باشی یادی ئێمە دەکەنەوە، و تامەزرۆی بینینی ئێمەن بە هەمان ڕادە کە ئێمە تامەزرۆین بۆ بینینتان، 7لە ئێوەدا برایان دڵنەواییمان لە ناو تەنگانە و ناخۆشییەکانماندا دۆزیەوە سەبارەت بە باوەڕتان.8ژیان بۆ ئێمە خۆشە تا ئەو کاتەی ئێوە لە پەروەردگاردا چەسپاو بن! 9چۆن سوپاسی خودا بکەین لەبری ئێوە، لە پێناو ئەو شاگەشکەبوونەمان بە هۆی ئەو خۆشییەی کە هەتانە لەبەردەم خوداماندا، 10شەو و ڕۆژ بە نزا دەپاڕێینەوە بۆ بینینی ڕووخسارتان و تەواوکردنی ئەوەی لە باوەڕتاندا کەم بوو؟11بەڵکو خودای باوکمان، و پەروەردگارمان یەشوای مەسیح، بۆ خۆی ڕێگای بەردەممان بەرەو ئێوە ئاسان باکات. 12پەروەردگار ببێتە هۆی گەشە کردن و سەرڕێژبوونتان لە خۆشەویستی بۆ ئەوەی یەکتر و سەرجەم مرۆڤەکانتان خۆشبوێت وەک چۆن ئێمە ئێوەمان خۆش دەوێت، 13بۆ ئەوەی دڵتان بێ تاوان بێت لە پیرۆزیدا لەبەردەم خودا و باوکماندا چەسپاو بێت کاتێک یەشوای پەروەردگارمان دەردەکەوێت و لەگەڵ هەموو پیرۆزکراواندا دەگەڕێتەوە.
1دوای ئەوە، برایان، ئێوە لە ئێمەوە فێربوون کە چۆن دەبێت ڕەفتار بکەن بۆ ئەوەی خودا ڕازی بکەن، وەک چۆن ئێوە دەیکەن، بۆیە تکاتان لێدەکەین و ئامۆژگاریتان دەکەین لە پەروەردگار یەشوادا پێشکەوتنەکانتان لەم بابەتە دوو هێندە زیاتر و زیاتر بکەن. 2کەواتە ئەو راسپاردانە دەزانن کە ئێمە لە پەروەردگار یەشواوە فێرمان کردن.3چونکە خواستی خودا ئەمەیە: پیرۆزیتانە. ئەمەش بۆ قەدەغە کردنی داوێنپیسیە، 4هەروەها هەر یەکێکتان بزانێت چۆن جەستەی خۆی بە پاکی و رێزەوە بپارێزێت 5نەک بە ئارەزووی بێ سنووری بسپێرن وەک ئەو بتپەرستانەی کە خودا ناناسن، 6دەست درێژی بۆسەر مافی براکەیان نەکەن و لەم بابەتەدا ئازاری نەدەن، چونکە پەروەردگار تۆڵەسێنەری هەموو ئەم تاوانانەیە، هەروەک چۆن پێشتر ئاگادارمان کردنەوە و بە ڕاستی شایەتیمان بۆدان.7چونکە خودا بانگمان ناکات بۆ پیسی بەڵکو بۆ (ژیان) لە پیرۆزیدا. 8ئەگەر هەرکەسێک لەم بابەتەدا سووکایەتی بە براکەی بکات، سووکایەتی بە مرۆڤ ناکات بەڵکو بە خودا دەکات، ئەوەی کە بە ڕاستی گیانی پیرۆزی خۆی پێبەخشیون.9سەبارەت بە خۆشەویستی برایانە، پێویست ناکات من لەبارەیەوە بۆتان بنووسم، چونکە ئێوە خۆتان لە خوداوە فێربوون یەکترتان خۆش بوێت، 10چونکە هەر بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ سەرجەم براکانتان لە ناوچەی مەکەدۆنیا دەکەن. هانتان دەدەین، برایان، ئەمە دوو هێندە زیاتر و زیاتر بکەن، 11پێویستە بە تەواوی هەوڵبدەن بە هێمنی بژین و گرینگی بە کاروباری خۆتان بدەن، و بژێوی ژیانتان بە کاری دەستەکانتان پەیدا بکەن، هەر وەک رامانسپاردوون. 12تا ئەو کاتەی ڕەفتارەکانتان ناوبانگێکی باشیان دەبێت بۆ ئەوانەی دەرەوەی کڵێسا، و پێویستتان بە هیچ شتێک نابێت.13چونکە ئێمە دەمانەوێت، برایان، بابەتی ئەو کەسانەی نوستوون لێتان شاراوە نەبێ، بۆئەوەی وەکوو کەسانی تر کە هیچ هیوایەکیان نیە تووشی خەم و پەژارە نەبن 14مادام باوەڕمان وایە کە یەشوا مردووە و پاشان هەستایەوە، خودا ئەوانەش لەگەڵ ئەودا ئامادە دەکات کە لە یەشوادا نوستوون . 15کەواتە ئەمە بە وشەیەک لە پەروەردگارەوە پێتان دەڵێین: ئێمە تا گەڕانەوەی پەروەردگار بە زیندووی دەمێنینەوە، ئێمە پێش ئەوانە ناکەوین کە نوستوون.16چونکە پەروەردگار خۆی لە ئاسمانەوە دادەبەزێت هەر کە فەرمانی کۆکردنەوەکە درا، و فریشتەکە بانگی دەکا، و کەڕەنایەکی خودایی لێدەدات، سەرەتا ئەوانەی لە مەسیحدا مردوون هەڵدەستنەوە. 17پاشان ئێمە کە زیندوو ماوین، هەموومان لە هەورەکاندا دەبردرێین بۆ ئەوەی بە پەروەردگار کۆ ببینەوە لە ئاسماندا. بەم شێوەیە ئێمە بەردەوام لەگەڵ پەروەردگار دەمێنینەوە. 18ئێوەش بەم قسانە یەکتر هان بدەن.
1سەبارەت بە پرسی سەردەم و کاتە دیاریکراوەکان پێویست ناکات دەربارەیان بۆتان بنووسم. 2چونکە بە دڵنیاییەوە دەزانن کە ڕۆژی پەروەردگار دێت وەک چۆن دز لە شەودا دێت. 3لە کاتێکدا خەڵک دەڵێن: ئاشتی و ئارامی هەیە! لەناوچوونێکی لە ناکاو دێتە سەریان، وەک ئازاری ژنێکی دووگیان، و هەرگیز ناتوانن لێی دەرچن.4جگە لەوە ئێوەش،ئەی برایان، ئەو ڕۆژەی کە وەک دزێ لە ناکاو دێت لە تاریکیدا نابن. 5چونکە هەمووتان ڕۆڵەی ڕووناکی و ڕۆژن. ئێمە نە خەڵکی شەوین و نە خەڵکی تاریکی. 6بۆیە، با نەخەوین وەک چۆن ئەوانی تر دەخەون، بەڵکو با بەئاگا و هۆشیاری بمێنینەوە، 7چونکە ئەوانەی بە شەو دەخەون با بخەون و، ئەوانەی لە شەودا سەرخۆشن با سەرخۆش بن8بەڵام ئێمە، کە خەڵکی ڕۆژین، دەبێت بە ئاگایی بمێنینەوە، و باوەڕ و خۆشەویستی بکەین بە قەڵغانێک بۆ سینگمان، و هیوای ڕزگاربوون کڵاو بۆ سەرمان. 9چونکە خودا ئێمەی دیاری کردووە نەک بۆ ئەوەی تووڕەیی بەسەرماندا بێت بەڵکو بۆ ئەوەی بە یەشوای مەسیحی پەروەردگارمان ڕزگارمان بێت، 10کە لە پێناو ئێمەدا مرد بۆ ئەوەی هەموومان لەگەڵیدا بژین، جا چ لە بەئاگابوونی ژیاندا بین یان لە خەوی مردندا! 11بۆیە دڵنەوایی یەکتر بکەن و یەکتر بە هێز بکەن، هەروەک چۆن دەیکەن.12بەڵام داواتان لێدەکەین، برایان، ئەو کەسانە بناسن کە لە نێوانتاندا زۆر کۆشش دەکەن، وەک چۆن پەروەردگار دەیەوێت شوانایەتیتان دەکەن، و ئامۆژگاریتان دەکەن، 13ڕێزیان بگرن بە ڕێزلێنانی خۆشەویستی لە پێناو کارەکانیان. بە ئاشتی لەگەڵ یەکتردا بژین. 14داواتان لێدەکەین، ئەی برایان، ئامۆژگاری تێکدەرەکان، و بێ ورەکان بکەن، و پشتگیری لاوازەکان بکەن، و بە پشوو درێژییەوە لەگەڵ هەمووان ڕەفتار بکەن.15ئاگادار بن هیچ کام لە ئێوە خراپە بە خراپە وەلام نەدەنەوە هاوشێوەی ئەوان. بەڵکو بەردەوام هەوڵبدەن بە چاکە لەگەڵ یەکتر ولەگەڵ هەمووان رەفتار بکەن. 16بەردەوام شاد بن؛ 17بێ بڕانەوە نزا بکەن؛ 18لە هەموو بارودۆخێکدا سوپاسگوزار بن: چونکە ئەمە خواستی خودایە بۆ ئێوە لە مەسیحی یەشوادا.19گیانەکە خامۆش مەکەن، 20سووکایەتی بە پێشبینیەکان مەکەن؛ 21هەموو شتەکان تاقی بکەنەوە و دەست بە باشەوە بگرن. 22خۆت بە دوور بگرە لە هەموو شتێک کە گومانی خراپەی تێدایە.23خودای ئاشتی خۆی بە تەواوی پیرۆزتان بکات، و خۆتان و گیان و جەستەتان تەندروست بکات، تا لە گەڕانەوەی پەروەردگارمان یەشوای مەسیحدا بێ کەموکوڕی بن. 24چونکە خودا کە بانگهێشتتان دەکات ڕاستگۆیە، و ئەوەش بە ئەنجام دەگەیەنێت.25ئەی برایان، لە پێناوماندا نزا بکەن. 26بە ماچێکی پاکەوە سڵاو لە هەموو برایان! 27بە پەروەردگار داواتان لێدەکەم کە ئەم نامەیە بۆ هەموو براکان بخوێندرێتەوە. 28بەخششی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح لەگەڵتان بێت.
1لە پۆڵس و سیلڤانۆس و تیمۆساوسەوە، بۆکڵێسای باوەڕدارانی تەسالۆنیکی کە لە خودای باوکمان و پەروەردگار یەشوای مەسیحدان.2بەخشش و ئاشتیتان بۆ بێت لەلایەن خودای باوک و پەروەردگار یەشوای مەسیحەوە.3ئەرکی ئێمەیە بەردەوام سوپاسی خودا بکەین لە پێناو ئێوە ئەی برایان. ئەمەش ڕاستیە: چونکە باوەڕتان بەردەوام لە گەشەدایە، و خۆشەویستیتان بۆ یەکتر لەنێو هەمووتاندا ڕژاوە. 4تەنانەت ئێمە، خۆشمان، شانازیتان پێوە دەکەین لە کڵێساکانی خودادا بەهۆی خۆڕاگری و باوەڕتان لە ناو ئەو هەموو چەوسانەوە و تەنگانەیە کە بەرگەیتان گرتووە. 5ئەمە بەڵگەیە لەسەر بڕیاری خودا کە دادپەروەرە ، بە مەبەستی ئەوەی بە شایەنی شانشینی خودا هەژمار بکرێن، کە بەهۆیەوە ئازار دەچێژین.6دادپەروەری لای خودا ئەوەیە بە ڕاستی بە تەنگانە سزای ئەو کەسانە دەدات کە ئازارتان دەدەن، 7وە پاداشتی ئێوە دەداتەوە، ئێوە کە ئازارتان چێشتووە، هەروەک چۆن پاداشتی ئێمە دەداتەوە، بەو ئاسوودەییە کاتيک یەشوای پەروەردگار لە ئاسمانەوە، بە ئاشکرا لەگەڵ فریشتەکانی بە دەسەڵاتی خۆیەوە دەردەکەوێت، 8لە ناوڕاستی ئاگرێکی گەورەدا، بە تەواوی تۆڵە لەو کەسانە دەکاتەوە کە خودا ناناسن و گوێڕایەڵی مزگێنیەکەی پەروەردگارمان یەشوا نابن.9ئەوان تووشی سزای لە ناوچوونی هەتاهەتایی دەبن، بە دوور دەبن لە ئامادەیی و شکۆ و دەسەڵاتی پەروەردگاردا، 10کاتێک لەو ڕۆژەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە پیرۆزییەکەیدا شکۆمەند بێت و ببێتە جێی سەرسامی بۆ هەموو ئەوانەی باوەڕیان هێناوە، وە ئێوە باوەڕتان هێناوە بە شایەتیەکەمان بۆ ئێوە!11هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بەردەوام نزاتان بۆ دەکەین، تا خودامان بتانکاتە شایەنی ئەو بانگهێشتە کە بۆی کردوون، بە هێزی خۆی، هەموو ئەو شتانەی کە دڵی خۆش دەکەن لە چاکە و چالاکی باوەڕ، لە ئێوەدا بە دی بێت، 12تا ناوی یەشوای پەروەردگارمان لە ئێوەدا شکۆمەند بێت و ئێوەش لە ناو ئەودا شکۆمەند دەبن بە پێی بەخششی خودا و پەروەردگارمان یەشوای مەسیح.
1داواتان لێدەکەین برایان دەربارەی گەڕانەوەی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح و کۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەو 2مەهێڵن بیرکردنەوەکانتان خێرا تووشی شڵەژان و دڵەڕاوکێتان بکات، هیچ پێشنیار و هەواڵ و پەیامێک نییە کە بە درۆ لەلایەن ئێمەوە، بانگەشەی ئەوە بکات کە ڕۆژی پەروەردگار پێشتر هاتووە.3مەهێڵن کەس بە هیچ شێوەیەک فریوتان بدات! چونکە ئەو ڕۆژە نایەت ئەگەر پێشتر لادان و مرۆڤی سەرپێچیکار، و ڕۆڵەی لە ناوچوو دەرنەکەوێت، 4ئەو کەسەی کە دژایەتی هەموو شتێک دەکات کە پێی دەوترێت خودا یان پەرستراو، و خۆبەزلزانانە دوژمنایەتی دەکات. لە پەرستگای خودا شوێنێک بۆ خۆی دەکاتەوە، هەوڵدەدات بیسەلمێنێت کە ئەو خودایە.5ئایا لەبیرتان نییە کە زۆرجار کاتێک لەگەڵتان بووم ئەم قسانەم پێتان دەگوت؟ 6وە ئێستا دەزانن چی رایگرتووە بۆ ئەوەی ئامادە نەبێت تەنها لەو کاتەدا کە بۆی دیاری کراوە. 7سەرپێچیکارەکە ئێستا بە شاراوەیی کار دەکات وەک ئەوەی نهێنی بێت. تا ئەو کاتەی ئەوەی کە دەست بەسەری دەکات و لەو نێوەندە دووری دەخاتەوە.8مرۆڤە یاخیبووەکە بە ڕوونی دەردەکەوێت و پاشان یەشوای پەروەردگار بە هەناسەی دەمی و لە گەڕانەوەیدا بە شکۆمەندی دەرکەوتنی لەناوی دەبات. 9سەبارەت بە دەرکەوتنی یاخیبووەکە، بە ڕادەی شەیتان توانایی دەبێت بۆ ئەنجامدانی پەرجوو وە هەموو نیشانە سەرسوڕهێنەرە درۆینەکان، 10تا بە هەموو جۆرە گومڕاییەک لەناوچووەکان ڕابکێشێت بۆ سەرپێچی، چونکە خۆشەویستی ڕاستییەکەیان وەرنەگرتووە تا ڕزگاریان بێت.11لەبەر ئەم هۆکارە، خودا وزەی گومڕاکردنیان بۆ دەنێرێت بۆ ئەوەی باوەڕ بەو شتە بکەن کە فێڵە، 12کەواتە بڕیار دەدرێت لە سەر هەموو ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە ڕاستیەکە نەبووە بەڵام بە ناپاکی دڵخۆش بوون.13سەبارەت بە ئێمەش، ئەرکی ئێمەیە بەردەوام سوپاسی خودا بکەین لە پێناو ئێوە، ئەو برایانەی پەروەردگار خۆشی دەوێن، چونکە خودا هەر لە سەرەتاوە ئێوەی هەڵبژاردووە بۆ ڕزگاربوون، پیرۆزکردنی گیان و باوەڕتان بە ڕاستی. 14بۆ ئەم مەبەستە بە مزگێنی ئێمە بانگهێشتی کردوون، بۆ ئەوەی شکۆمەندی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح بەدەست بهێنین. 15بۆیە برایان، چەسپاو بن ودەست بگرن بەو فێرکاریانەی کە لە ئێمەوە وەرتانگرتووە، جا چ بە قسە یان بە نامەکانمان.16خودی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح، و خودای باوکمان، کە خۆشی ویستووین و بە بەخششی خۆی ئاسوودەیەکی هەتاهەتایی و هیوایەکی باشی پێبەخشیوین، 17دڵتان هان دەدات و رەگتان دادەکوتێت لە هەموو کردەوە و وتەیەکی چاکدا!
1پاشان، ئەی برایان، نزامان بۆ بکەن، تا وشەی پەروەردگار بە خێرایی بڵاوبێتەوە و شکۆمەند بێت وەک چۆن لە ئێوەدا هەیە، 2و خودا لە مرۆڤی خراپەکار ڕزگارمان بکات، چونکە باوەڕ بەشی هەموو کەسێک نییە. 3بەڵام پەروەردگار دڵسۆزە؛ چەسپاوتان دەکات و لە هەموو خراپەیەک دەتانپارێزێت.4ئێمە پڕین لە متمانەی پەروەردگار بە ئێوە سەبارەت بە ئەنجامدانی ئەوەی ئيمە پێمان ڕاسپاردوون و ئێوەش کاری پێدەکەن. 5خودا دڵەکانتان رێنوێنی بکات بۆ ئاراستەی خۆشەویستی خۆی و خۆڕاگری مەسیح.6ئەی برایان، بەناوی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح، ڕاتان دەسپێرین، خۆتان جیا بکەنەوە لە هەر برایەک کە ڕەفتاری ئاژاوەگێڕانەی هەیە، لەگەڵ ئەو فێرکردنەدا یەک ناگرێتەوە کە لە ئێمەوە وەرتانگرتووە. 7ئێوە خۆتان دەزانن چۆن دەبێت وەک ئێمە بن، چونکە ڕەفتارەکانمان لەناو ئێوەدا ئاژاوەگيڕانە نەبوو، 8نانمان لەلای کەس بە خۆڕایی نەخواردووە، بەڵکو شەو و ڕۆژ بە رەنج و ماندوو بوونەوە کارمان دەکرد، بۆ ئەوەی نەبینە بارگرانی لە سەرهیچ کامتان. 9ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە مافمان نییە، بەڵکو زیاتر بۆ ئەوە بوو خۆمان بکەینە نموونە بۆ ئەوەی ئێوەش وەک ئێمە بکەن.10کاتێک لەگەڵتان بووین بەم بنەمایەمان رامانسپاردن: هەر یەکێک نەیویست کار بکات، با نەخوات! 11بیستوومانە لە نێو ئێوەدا هەندێک کەس ئاژاوەگێڕانە هەڵسوکەوت دەکەن و خۆیان بە هیچ شتێکەوە سەرقاڵ ناکەن بە کاروباری ئەوانی تر نەبێ. 12بۆ هاوشێوەیەی ئەمانە ڕایاندەسپێرین، لە پەروەردگار یەشوای مەسیحدا، بژێوی ژیانی خۆیان پەیدا بکەن، بە هێمنی کار بکەن.13بەڵام، ئێوە ئەی برایان، لە کاری چاکە سست مەبن. 14وە ئەگەر کەسێک لەم نامەیەدا گوێڕایەڵی قسەی ئێمە نەبوو، بۆیە جییان بکەنەوە و مامەڵەیان لەگەڵ مەکەن، بۆ ئەوەی شەرمەزار بن. 15بە دوژمنی خۆتانی مەزانن، بەڵکو وەک برایەک رێنوێنی بکەن.16پەروەردگاری ئاشتی خۆی هەمیشە و لە هەموو بارودۆخێکدا ئاشتیتان پێ ببەخشێت! پەروەردگار لەگەڵ هەمووتان بێت! 17ئەمە سڵاوی منە، من پۆڵس، بە دەستنووسی خۆم. ئەمە نیشانەی جیاکەرەوەیە لە هەر نامەیەک کە لە منەوەیە. من بەم شێوەیە دەنووسم. 18بەخششی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح لەگەڵ هەمووتان بێت!
1لە پۆڵسەوە، نێردراوی یەشوای مەسیح بەپێی فەرمانی خودای ڕزگارکەرمان و مەسیحی یەشوای هیوامان، 2بۆ تیمۆساوس کوڕی ڕاستەقینەی من لە باوەڕدا. بەخشش و میهرەبانی و ئاشتیتان بۆ بێت لەلایەن خودای باوکمان و پەروەردگارمان مەسیحی یەشوا!3هەروەک چۆن ئامۆژگاریم کردیت کاتێک بەرەو هەرێمی مەکەدۆنیا دەڕۆشتیت، (داوات لێدەکەم) لە شاری ئەفسۆس بمێنیتەوە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەندێک مامۆستا بکەیت کە فێرکاریەک بڵاودەکەنەوە کە پێچەوانەی فێرکارییە دروستەکەیە، 4باوەڕداران ڕابسپێرە کە سەرقاڵ نەبن بە ئەفسانە و ڕەچەڵەک ناسی بێ کۆتا. بەم بابەتانە مشتومڕی بێسوود دەوروژێنن لە ئاستی پلانی خودادا نییە کە بە باوەڕ جێبەجێ دەبێت.5سەبارەت بەو مەبەستەی کە ڕامسپاردویت، ئەوە خۆشەویستییەی کە لە دڵێکی پاک و ویژدانێکی باش و باوەڕێکی بێ دووڕوی سەرچاوەی گرتووە. 6هەندێک لایانداوە، و سەرقاڵی مشتومڕی بێ بەرهەمن، 7دەیانەوێت ببنە مامۆستا لە یاسای تەوراتدا، بەڵام تێناگەن چی دەڵێن و بڕیار لەسەر چی دەدەن! 8دەزانین یاسای تەورات خۆی لە خۆیدا باشە، ئەگەر بەپێی تەورات بەکار بهێنرێت.9تەورات بۆ ڕاست و دروستان نەهاتووە، بەڵکو بۆ خراپەکاران و یاخیبووان، ناپاک و گوناهبارەکان، و ئەوانەی باوک و دایکیان دەکوژن، و مرۆڤەکان دەکوژن، 10داوێنپیس و هاوڕەگەزباز، و ڕفێنەر و درۆزن و شایەتحاڵی درۆزن. وە ئەوانەی لەگەڵ هەموو خراپەیەکی تر کە پێچەوانەی فێرکاری ڕاستن 11هاوتای مزگێنی شکۆمەندی خودای پیرۆز، کە بە من سپێردراوە.12چەندە سوپاسی مەسیحی یەشوای پەروەردگارمان دەکەم کە دەسەڵاتی پێدام و منی وەک خزمەتکاری خۆی دەستنیشان کرد، چونکە منی بە شایستەی متمانەی خۆی زانی، 13هەرچەندە لە ڕابردوودا کوفرم دەکرد، و خەڵکم ئازار دەداو پیاوێکی توند و تیژ بووم! بەڵام بە سۆزەوە مامەڵەم لەگەڵ کرا، چونکە ئەوەی کردم لە نەزانی و بێ باوەڕیم کردم. 14بەڵام بەخششی پەروەردگارمان بێ ئەندازە بەسەرمدا ڕژاوە، لەگەڵ باوەڕ و خۆشەویستی، بە یەشوای مەسیح.15ئەم قسەیە چەندە ڕاستە، و شایەنی باوەڕێکی تەواوەتییە: یەشوای مەسیح هاتە جیهان بۆ ڕزگارکردنی گوناهباران، منیش یەکەمینیان بووم! 16بەڵام لەبەر ئەم هۆکارە بە میهرەبانی مامەڵەم لەگەڵ کرا، بۆ ئەوەی یەشوای مەسیح من بکاتە نموونەی پشوو درێژی خۆی، بۆ هەموو ئەوانەی باوەڕیان پێی هەیە بۆ بەدەستهێنانی ژیانی هەتاهەتایی. 17بۆ پاشای هەمیشەیی، تاکە خودای نەبینراو و نەمر، ڕێزو شکۆمەندی بۆ ئەوە هەتاهەتایە. ئامین!18تیمۆساوسی کوڕم ئەو ڕاسپاردانەم، پێسپاردیت بەپێی پێشبینییەکانی پێشوو سەبارەت بە تۆ، ئامانجم ئەوەیە کە تۆ خەباتەکەت لە شەڕی گیانی خۆتدا باشتر بکەیت، 19دەستگرتن بە باوەڕەوە، بە ویژدانێکی باش، ویژدانێک کە هەندێکیان وازی لێ هێنا، و کەشتیی باوەڕیان تێکشکا. 20لەوانە هیمێنایۆس و ئەسکەندەر، ئەوانم دایە دەستی شەیتان بۆ ئەوەی فێربن و تەمبێ بن کفر نەکەن.
1پێش هەموو شتێک داواکارم، با نزا و پاڕانەوە و سوپاسگوزاریتان بۆ هەموو خەڵک بێت، 2لە پێناو پاشاکان و دەسەڵاتداران، تاکو بە ئاشتی و هێمنی و لەخواترسی و ڕێزەوە بژین. 3چونکە ئەم شتە لای خودای ڕزگارکەرمان باشە و جێگەی ڕەزامەندی ئەوە، 4ئەو دەیەوێت هەموو مرۆڤەکان، ڕاستی بناسن و ڕزگاریان بێت،5چونکە خودا یەکە، و نێوان گیری خودا و مرۆڤیش یەکە، و ئەویش مەسیحی یەشوایە، 6کە ژیانی خۆی کردە قوربانی بۆ هەمووان. ئەم شایەتییە لە کاتی خۆیدا درا، 7منیش مزگێنیدەر و نێردراوی ئەوم، ڕاستی دەڵێم و درۆ ناکەم، مامۆستای باوەڕ و ڕاستیم بۆ نەتەوەکان.8لەبەر ئەوە دەمەوێت، پیاوان لە هەموو شوێنێک نزا بکەن، دەستی پاکیان بەرز بکەنەوە، و هیچ ڕق و گومانێک لەخۆ نەگرن. 9هەروەها دەمەوێت، خانمان بە شایستە و جل و بەرگێکی داپۆشراو دەربکەون، و بە حەیا و ڕێزەوە خۆیان بڕازێننەوە، نەک بە زێڕ و مرواری و جل و بەرگی گرانبەها، 10بەڵکو وەک ئەوەی شایەنی ئەو ژنانەیە کە بە ئاشکرا دان بەوەدا دەنێن کە لە ترسی خودادا دەژین، لە ڕێگەی کردەوەی چاکیانەوە!11پێویستە ژنان بە بێدەنگی و بە گوێڕایەڵی تەواوەوە فێرکاری وەربگرن. 12ڕێگە نادەم ژن فێری بکات و دەسەڵاتی بەسەر پیاودا هەبێت. بەڵکو دەبێت لە هێمنیدا بێت.13ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئادەم سەرەتا دروست بووە، پاشان حەوا: 14ئەوە ئادەم نەبوو کە فریودرا (بە فریودانی شەیتان)، بەڵکو ژنەکە فریودرا، و کەوتە ناو گوناهەوە. 15بەڵام بە منداڵ بوون ڕزگاری دەبێت، بە مەرجێک لە باوەڕدا بچەسپێن لە خۆشەویستی و پیرۆزیدا بمێننەوە!
1ئەم قسەیە ڕاستە ئەگەر یەکێک ئارەزوی لە چاودێری بێت چاوەڕێیە بۆ کاری چاک. 2بۆیە شوان دەبێت بێ کەموکوڕی بێت، هاوسەرگیری لەگەڵ یەک ژندا کردبێت، و زیرەک و بەڕەوشت و میوان دۆست بێت، و توانای فێرکاری هەبێت؛ 3مەشروب خۆر و توندوتیژ نەبێت؛ بەڵکو نەرم و نیان بێت، خووی بە شەڕ و ناکۆکییەوە نەگرتبێت، و حەزی لە پارە نەبێت،4خێزانەکەی بە باشی بەڕێوە ببات، وە منداڵەکانی بە گوێڕایەڵی و ڕێزەوە پەروەردە بکات. 5ئەگەر کەسێک ماڵەکەی خۆی بە باشی بەڕێوە نەبات، چۆن گرنگی بە کڵێسای خودا دەدات؟6هەروەها نابێت تازە بێت لە باوەڕ، نەک بە لووتبەرزی و خۆبەزلزانین، بکەوێتە ناو هەمان تاوانی شەیتان! 7پێویستە شایەتحاڵی باشی هەبێت لەلایەن ئەوانەی دەرەوەی کڵێسا، بۆ ئەوەی نەکەوێتە ناو شەرمەزاری و تەڵەی شەیتان.8سەبارەت بەوانەی خزمەتکارن، دەبێت هۆشیار بن، و دوو زمان، و ئالوودەی مەی نەبن، و بەدوای قازانجی خراپدا نەگەڕێن. 9بە ویژدانێکی پاک دەست بگرن بە ڕاستیە شاراوەکانی باوەڕەوە. 10هەروەها دەبێت سەرەتا خزمەتکارەکان تاقی بکرێنەوە، ئەگەر دەرکەوت هیچ سکاڵایەکیان لەسەر نییە، ئینجا دەبێت دەست بە خزمەتکردن بکەن.11بە هەمان شێوە ژنانیش دەبێت هۆشیار بن، بوختانکەر نەبن، و دڵسۆز بن، لە هەموو شتێکدا. 12هەروەها پێویستە هەموو خزمەتکارێک مێردی یەک ژن بێت، و منداڵ و خێزانەکەی بە باشی بەڕێوە ببات. 13ئەوانەی خزمەتکارن با کارەکانیان بە باشی ئەنجام بدەن، پێگەیەکی باش و بوێرییەکی گەورە بۆ خۆیان بەدەست دەهێنن، بە باوەڕێکی چەسپاو بە یەشوای مەسیح!14ئەم ڕاسپاردانەتان بۆ دەنووسم، وە هیوادارم بە زووترین کات بێمە لاتان، 15ئەگەر لە هاتنیشم دواکەوتم فێربە چۆن ڕەفتار بکەیت لە ماڵی خودا، واتە کڵێسای خودای زیندوو، پایە و پاڵپشتی ڕاستی.16هەمووان دان بەوەدا دەنێن، کە نهێنی خودا پەرستی مەزنە: خودا لە جەستەدا دەرکەوت، ڕاست و دروستی گیانەکە بینرا، فریشتەکان بینیان، لەنێو نەتەوەکان ڕاگەیندار، لە جیهاندا باوەڕی پێکرا، پاشان بە شکۆمەندی بەرزبۆوە.
1بەڵام گیانەکە بە ڕوونی ڕایدەگەیەنێت کە مرۆڤەکان لە دوا سەردەمەکاندا لە باوەڕەکەیان هەڵدەگەڕێنەوە، شوێن گیانە گومڕاکان و فێرکارییە شەیتانییەکان دەکەون، 2ئەوەی لە شەپۆلێکی دووڕوویدا کە لەلایەن مامۆستا درۆزنەکانەوە بڵاو کرایەوە کە ویژدانیان بە ئاگر داخکراوە.3هاوسەرگیری قەدەغە دەکەن، وە فەرمان دەدەن ئەو خواردنانە نەخۆن کە خودا بۆ باوەڕدارانی بەدیهێناوە و ئەوانەی ڕاستی دەناسن و بە سوپاسەوە دەیخۆن. 4هەموو شتێک کە خودا بەدیهێناوە چاکە، وە هیچ کامیان ڕەت ناکرێتەوە ئەگەر مرۆڤ بە سوپاسەوە بیخوات؛ 5چونکە بە وشەی خودا و نزا پیرۆز دەبێت.6ئەگەر ئەم شتانە لەبەردەم براکاندا ئاسان بکەیت، ئەوا دەبیتە خزمەتکارێکی باشی یەشوای مەسیح، بە وتەی باوەڕمەندانە و فێرکاری باش کە منیش بە تەواوی شوێنی کەوتم. 7سەبارەت بە ئەفسانەی پوچی پیرێژنان، خۆت بە دوور بگرە. بەڵکو لە ڕێگای خودا پەرستیدا خۆت ڕابهێنە. 8وەرزشی جەستەیی تا ڕادەیەک سوودی هەیە. بەڵام خوداپەرستی بۆ هەموو شتێک سوودی هەیە، چونکە بەڵێنی ژیانی ئێستا و ژیانی داهاتوو تێدایە.9ئەم قسەیە چەندە ڕاستە، وە چەندە شایەنی باوەڕ کردنە! 10لەبەر ئەم هۆکارە بە پەرۆشەوە کار دەکەین و تووشی ئەشکەنجە بووین، چونکە ئومێدمان بە خودای زیندوو هەیە کە پارێزەری هەموو خەڵکییە، بەتایبەتی باوەڕداران.11بەم شتانە ڕابسپێرە و فێر بکە! 12با کەس تەمەنی گەنجیت بە کەم نەزانێت. بەڵکو نمونەیەک بە بۆ باوەڕداران، لە قسەکردن و ڕەفتار و خۆشەویستی و پاکی لە باوەڕدا. 13تا ئەوکاتەی دێم، خۆت تەرخان بکە بۆ خوێندنەوەی پەرتوک، و وتاردان، و فێرکردن.14ئەو بەخششە تایبەتە فەرامۆش مەکە کە لە تۆدایە، کە لە ڕێگەی پێشبینییەوە پێت دراوە و کاتێک پیران دەستیان لەسەر دانایت. 15خۆت بۆ ئەم بابەتانە تەرخان بکە، وە بەتەواوی سەرقاڵ بە پێیانەوە، بۆ ئەوەی پێشکەوتنەکانت بۆ هەمووان ڕوون بێت. 16گرنگییەکی زۆر بە خۆت بدە بۆ فێرکردن. ئەگەر لەم کارەدا بەردەوام بیت، خۆت و گوێگرانیشت ڕزگار دەکەیت.
1دڵ ڕەقانە سەرزەنشتی پیر مەکە، بەڵکو ئامۆژگاری بکە وەک ئەوەی باوکت بێت. گەنجان وەک ئەوەی برات بێت؛ 2پیرەژنەکان وەک ئەوەی دایکت بن؛ کچە گەنجەکان وەک ئەوەی خوشکت بن، بە هەموو پاکییەکەوە.3ڕێز لەو بێوەژنانە بگرن ئەوانەی هیچ بژێوی ژیانیان نییە. 4ئەگەر بێوەژن منداڵ یان نەوەى هەبوو، یەکێک لە ئەرکەکانی یەکەمیان فێربوونە کە ڕێز لە خێزانەکانیان بگرن و مافەکانی دایک و باوکیان بەجێبهێنن. ئەم کارە لە چاوی خودا پەسەند کراوە.5بەڵام ئەو بێوەژنەی بەتەنها دەژی و بژێوی ژیانیان نییە، بەتەنها هیوای بەخوا هەیە و شەو و ڕۆژ بەردەوامە لە نزاکردن. 6بەڵام ئەوەی، بە چێژی دنیایی دەژیێت، بە زیندوویی مردووە.7پێویستە بەمانە ڕایانبسپێریت، بۆ ئەوەی هەمووان بێ گلەیی بن. 8ئەگەر کەسێک گرنگی بە نزیکەکەی نەدات بەتایبەت خانەوادەکەی، ئەوا نکۆڵی لە باوەڕ کردووە، وە لە بێباوەڕ خراپترە.9ناوی ئەو بێوەژنانە تۆمار بکرێت کە تەمەنیان گەیشتووەتە شەست ساڵ، بەمەرجێک هاوسەرگیریان لەگەڵ یەک پیاودا کردبێت. 10دەبێت بە چاکەکار بناسرێت، و منداڵی پەروەردە کردبێت، پێشوازی لە کەسانی نامۆ کردبێت، پێی پیرۆزکراونی شۆردبێت، یارمەتی لێقەوماوانی دابێت، هەموو کارێکی باشی ئەنجام دابێت!11بەڵام بێوەژنانی گەنج، تۆمار مەکەن. چونکە کاتێک ئارەزووەکانیان پاڵنەریانە پشت لە مەسیح دەکەن، و هاوسەرگیری دەکەنەوە. 12شایستەی تۆڵەسەندنەوە دەبن، چونکە پەیمانی یەکەمیان شکاندووە. 13لە هەمان کاتدا خوو دەگرن بە بێکاری و ماڵان گەڕییەوە. بێکاری بۆ ئەوان بەس نییە، بەڵکو خۆیان تەرخان دەکەن بۆ قسە و قسەلۆک و شتگەلێک کە پەیوەندییان پێوەی نییە.14بۆیە دەمەوێت بێوەژنە گەنجەکان هاوسەرگیری بکەن، و منداڵیان ببێت، و ماڵەکەیان بەڕێوەببەن، و ڕێگە نەدەن ناحەزانیان ڕەخنە لە ڕەفتارەکانیان بگرن. 15چونکە هەندێکیان بە ڕاستی لایانداوە و شوێن شەیتان کەوتوون. 16ئەگەر ژنە باوەڕدارێک لەنێو کەسوکاری بێوەژنێک هەبوو با یارمەتی بدات و نەبێتە بار بەسەر کڵێساوە، تاکو کڵێسا یارمەتی ئەو بێوەژنانە بدات کە بەڕاستی هەژارن .17سەبارەت بەو پیرانەی کە لە ڕابەرایەتیدا باشن، با دوو هێندە ڕێزیان لێبگیرێت، بەتایبەت ئەوانەی هەوڵ دەدەن لە بڵاوکردنەوەی وشەکە و لە فێرکردن. 18چونکە دەفەرموێت: «لە کاتی گێرەکردن دەمی گا مەگرە»، چوونکە: «کرێکار شایانی کرێی خۆیەتی».19تۆمەتێک کە ئاراستەی پیرێک دەکرێت پەسەند ناکرێت، ئەگەر دوو یان سێ شایەتحاڵ پشتگیری نەکات. 20ئەگەر سەلمێندرا تۆمەتبار هەڵەیە، لەبەرچاوی هەمووان سەرزەنشتی بکە، بۆ ئەوەی ئەوانی تر بترسن!21داواتان لێدەکەم لەبەردەم خودا و مەسیح و فریشتە هەڵبژێردراوەکاندا بەبێ ڕەچاوکردنی کەسەکان، بەپێی ئەم ڕاسپاردانە کاربکەن و هیچ شتێک بە دەمارگیرییەوە مەکەن. 22بە پەلە دەست لەسەر کەس دامەنێ. بەشداری لە گوناهی کەسانی تردا مەکە. وە خۆت پاک ڕابگرە.23ئیتر تەنها ئاو مەخۆرەوە. لە ئێستا بە دواوە شەرابیش بخۆ بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی گەدەت و ئەو نەخۆشیەی کە زوو زوو بۆت دەگەڕێتەوە 24کەسانێک هەن پێش دادگاییکردن گوناهەکانیان ڕوونە؛ هەندێک کەس هەن تا دوای دادگاییکردن گوناهەکانیان دەرناکەون. 25بە بەراورد کردن، کارە چاکەکان پێشوەختە ڕوونن؛ ئەو کردەوانەی کە باش نین ناتوانن بە شاراوەیی بمێننەوە.
1هەموو ئەوانەی لەژێر نیری کۆیلایەتیدان دەبێت گەورەکانیان بە شایستەی هەموو ڕێزێک بزانن، بۆ ئەوەی کوفر بە ناوی خودا و فێرکردنەکەی نەکرێت. 2ئەوانەی گەورەی باوەڕداریان هەیە با بێڕێزییان پێ نەکەن چونکە برایانن، بەڵکو بە گوێڕایەڵییەوە خزمەتیان بکەن، چونکە ئەوانەی سودمەندن لە خزمەتکردنیان باوەڕدار و خۆشەویستن.3بەڵام ئەگەر کەسێک بە پێچەوانەوە فێرکاری بکات و گوێ بە وتە ڕاستەکان نەدات، وتەکانی یەشوای مەسیحی پەروەردگارمان و ئەو فێرکردنە نەبێت کە لەگەڵ خودا پەرستیدا دەگونجێت، 4ئەوە لەخۆباییەو، و هیچ شتێک نازانێت، بەڵکو حەزی لە مشتومڕ و ناکۆکی زارەکییە، کە ئیرەیی و ململانێ و بوختان و نیازی خراپ لێیەوە سەرهەڵدەدات، 5جۆرەها ململانێ لە نێوان کەسانی بیر گەندەڵ، خاڵی لە ڕاستی، کە خودا پەرستی بە بازرگانی دەزانن.6بەڵام خودا پەرستی لەگەڵ ڕازیبوون بازرگانییەکی مەزنە. 7ئێمە بە دەستی خاڵی هاتینە جیهان، بە دەستی خاڵيش لێی دەردەچین. 8مادام خواردن و جلوبەرگمان هەیە، با پێی ڕازی بین.9سەبارەت بەو کەسانەی دەیانەوێت دەوڵەمەند بن، دەکەونە نێو تاقیکردنەوە و تەڵەوە و تێوەدەگلێن لە چەندین ئارەزووی گەمژانە و زیانبەخش کە مرۆڤەکان نوقمی وێرانی و لە ناوچوون دەکات. 10خۆشەویستی پارە ڕەگی هەموو خراپەیەکە؛ وەک چۆن هەندێکیان بەدوایدا دەگەڕان، لە باوەڕ لایاندا، و بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە خۆیان گیرۆدەکرد.11بەڵام تۆ ئەی پیاوی خودا لەم شتانە ڕابکە، و بەدوای ڕاستودروستی و خودا پەرستی و باوەڕ و خۆشەویستی و ئارامی و نەرم و نیاندا بگەڕێ. 12لە شەڕی جوانی باوەڕدا بە باشی تێبکۆشە. دەست بەو ژیانە هەتاهەتاییەوە بگرە، کە بانگکراویت بۆی، و دانپێدانانێکی باشت کردووە (بە باوەڕ) لەبەردەم زۆرێک لە شایەتحاڵەکاندا.13ڕاتان دەسپێرم، لەبەردەم خودا کە ژیان بە هەموو شتێک دەبەخشێت، وە یەشوای مەسیح کە لەبەردەم پیلاتۆسی پۆنتی شایەتی دا و دانپێدانانێکی باشی کرد، 14تا ڕۆژی دەرکەوتنی یەشوای مەسیحی پەروەردگارمان ڕاسپاردەکە بپارێزە دووربە لە هەموو کەموکوڕی و تاوانێک.15ئەم دەرکەوتنە خودا لە کاتی خۆیدا دەیکات، ئەو تاکە گەورە و پیرۆزەکەیە، پاشای پاشاکانە و پەروەردگاری پەروەردگارەکانە، 16ئەوەی تەنهایەو کۆتایی نییە، لە ڕووناکیدا نیشتەجێیە و کەس لێی نزیک نابێتەوە، و نەیبینیوە ناتوانرێت ببینرێت. ڕێز و دەسەڵاتی هەتاهەتایی بۆ ئەوە. ئامین!17دەوڵەمەندەکانی ئەم سەردەمە ڕابسپێرن کە خۆبەزلزان نەبن، با متمانەیان بە سەروەت و سامانی ناجێگیر نەبێت، بەڵکو بە خودا کە هەموو شتێکمان بە فراوانی پێدەبەخشێت بۆ ئەوەی چێژی لێ وەربگرین، 18بۆیە چاکە کاربن، دەوڵەمەندبن لە کاری چاکدا، دەستکراوە بن لە بەخشیندا، و هەمیشە ئامادەبە هاوبەشی کاری چاکەی کەسانی تربە. 19بەم شێوەیە سەرمایە بۆ داهاتووی خۆتان دابین دەکەن، بۆ ئەوەی بتوانن دەست بە ژیانی ڕاستەقینەوە بگرن.20ئەی تیمۆساوس، ئەو متمانەیەی پێت سپێردراوە بیپارێزە. دوور بکەوەرەوە لە قسەی خراپ و پووچ و ئەو دژایەتیانەی کە بە درۆ ناونراوە «زانست». 21کاتێک هەندێکیان بانگەشەی ئەم زانستە گوماناوییەیان کرد، لە باوەڕەکە لایاندا. 22بەخششی خودا لەگەڵتان. بێت!
1لە پۆڵسەوە، کە بە خواستی خودا، نێردراوی مەسیحی یەشوایە بۆ بەڵێنی ژیانەکە کە لە مەسیحدایە، 2بۆ تیمۆساوس، کوڕی خۆشەویستم بەخشش و میهرەبانی و ئارامیتان بۆ بێت لەلایەن خودای باوک و پەروەردگارمان مەسیحی یەشوا.3چەند سوپاسی خودا دەکەم، کە بە ویژدانێکی پاکەوە دەیپەرستم وەک چۆن لە باوباپیرانمەوە بۆم ماوەتەوە، شەو و ڕۆژ لە نزاکانمدا یادت دەکەم؛ 4کاتێک فرمێسکەکانتم بیر دێتەوە (ئەو کاتەی جیابووینەوە) زۆر تامەزرۆی بینینەوەتم بۆ ئەوەی پڕبم لە خۆشی. 5هەروەها باوەڕەکەتم لەبیرە، کە بێ دووڕوویی بوو، ئەو باوەڕەی کە لەناو تۆدایە و یەکەمجار لە داپیرت لویس و دواتر لە ئفنیکی دایکتەوە هات، و دڵنیام کە لە تۆشدا هەیە.6لەبەر ئەم هۆکارە بیرت دەهێنمەوە ئەو بەهرەیەی خودا دابگیرسێنە کە لە تۆدایە بە دەست دانانم لەسەرت. 7خودا گیانی ترسنۆکیی پێ نەبەخشیوین بەڵکو گیانی هێز و خۆشەویستی و تێگەیشتنی پێبەخشیوین.8بۆیە شەرم مەکەن لە شایەتحاڵی پەروەردگارمان، وە شەرم لە من مەکەن کە لە پێناو ئەودا زیندانیم، بەڵکو لە پێناو ڕاگەیاندنی مزگێنییەکە هاوبەش بن لە دژوارییەکانمدا، متمانە بە هێزی خودا بکەن. 9ڕزگاری کردووین، و بە بانگەوازێکی پیرۆز بانگی کردووین بۆ لای خۆی، نەک لەسەر بنەمای کارەکانمان، بەڵکو بەپێی خواست و بەخششەکەی کە لە یەشوای مەسیحدا پێش سەرەتای زەمەن پێمانی بەخشی، 10ئێستا بە دەرکەوتنی ڕزگارکەرمان یەشوای مەسیح ڕاگەیەندراوە، کە مردنی لە ناوبرد و ژیان و نەمری بە مزگێنییەکەی ڕۆشن کردەوە 11ئەو کە منی وەک مزگێنیدەر و نێردراو و مامۆستا دەستنیشان کرد.12لەبەر ئەم هۆکارەش ئێستا تووشی ئەم ئازارانە دەبم، بەڵام شەرم ناکەم، چونکە دەزانم باوەڕم بە کێ هەیە، متمانەی تەواوم هەیە کە ئەو توانای ئەوەی هەیە ئەوەی پێی سپاردووم بیپارێزێت تا ئەو ڕۆژە. 13ئەو وشە ڕاستانەی کە لە منەوە بیستووتە بیکە نموونەیەک بۆ ئەو باوەڕ و خۆشەویستییەی وەرتگرتووە لە یەشوای مەسیحدا. 14ئەو متمانە بەخشندەیە بپارێزە کە پێت سپێردراوە، بە گیانی پیرۆز لەناو ئێمەدا نیشتەجێیە.15ئەمە دەزانیت هاوکارەکانم لە هەرێمی ئاسیا وازیان لێ هێنام، لەوانە فیگەلۆس و هەرمۆگینیس. 16پەروەردگار بەزەیی بە خێزانی ئۆنیسیفۆرۆسدا بێتەوە، چونکە زۆر جار منی بووژاندۆتەوە و شەرمی لە زیندانی بوونم نەکردووە، 17کاتێک لە شاری ڕۆما بوو، هەوڵێکی زۆریدا و بەدوامدا گەڕا تا منی دۆزیەوە. 18پەروەردگار ئەوەی پێ ببەخشێت کە لەو ڕۆژەدا بەزەیی لە پەروەردگار وەربگرێت! ئەو کاتەی لە شاری ئەفەسۆس بووم، ئێوە باش دەزانن زۆرباش خزمەتی کردم.
1تۆش کوڕی خۆم، بەهێزبە لەو بەخششەی کە لە یەشوای مەسیحدایە. 2ئەو فێرکاریانەی کە لە منەوە بیستووتە لەبەردەم چەندین شایەتحاڵدا، بیانسپێرە بە کەسانی متمانە پێکراو، کە دەتوانن کەسانی تر فێر بکەن.3بەشداربە لە بەرگەگرتنی ئازارەکان وەک سەربازێکی باش بۆ مەسیحی یەشوا. 4هیچ سەربازێک خۆی لەگەڵ کاروباری ژیان تێکەڵ ناکات بۆئەوەی ئەوکەسە ڕازی بکات کە سەربازی بۆ دەکات . 5هەروەها زۆرانباز تاجەکە بەدەست ناهێنێت ئەگەر بەپێی یاساکان زۆرانبازی نەکات.6بەهەمان شێوە ئەو جوتیارەی زیاتر کار دەکات دەبێت یەکەم کەس بێت کە پشکی خۆی لە بەرهەمەکە وەربگرێت. 7بیر لەوە بکەرەوە کە دەیڵێم، چونکە پەروەردگار لە هەموو شتێکدا تێگەیشتنتان پێدەبەخشێت.8یەشوای مەسیحت لەبیر بێت کە لە مردن هەستایەوە، ئەو لە ڕەچەڵەکی داڤیدە، وەک لە مزگێنيەکەمدا ڕایدەگەیەنم 9لە پێناو مژدەدانی ئەودا لە زیندان دەناڵێنم وەک ئەوەی خراپەکارێک بم. بەڵام وشەی خودا زیندانی ناکرێت. 10لەبەر ئەم هۆکارە بە خۆڕاگرییەوە بەرگەی هەموو شتێک دەگرم لە پێناو ئەو کەسانەی کە خودا هەڵیبژاردوون، بۆ ئەوەی ئەوانیش ئەو ڕزگارییە بەدەست بهێنن، کە لە یەشوای مەسیحدایە لەگەڵ شکۆمەندی هەتاهەتایی.11ڕاستە ئەو وتەیە: «ئەگەر لەگەڵ ئەودا مردین، لەگەڵ ئەویشدا دەژین؛ 12ئەگەر ئازارمان چەشت، لەگەڵ ئەویشدا پاشایەتی دەکەین؛ ئەگەر نکۆڵی لێ بکەین، ئەویش نکۆڵیمان لێ دەکات؛ 13ئەگەر واز لە دڵسۆزی خۆمان بهێنین، ئەو بە دڵسۆزی دەمێنێتەوە، چونکە ناتوانێت نکۆڵی لە خۆی بکات!»14ئەم بابەتانەیان بیر بخەرەوە، وەک شایەتحاڵێک لەبەردەم خودا کە نابێ ناکۆکی زارەکی سەرهەڵبدات، وە هیچ سوودێکی نییە، تەنها بۆ لەناوبردنی گوێگرەکانیان نەبێت. 15تێبکۆشە و خۆت پێشکەشی خودا بکە وەک براوەیەک لە تاقیکردنەوەکەدا، وەک کرێکارێک کە هیچ هۆکارێک نییە بۆ شەرمکردن، و گەیاندنی ڕاستی وشەکە.16سەبارەت بە قسەی پوچ و درۆ، لێیان دوور بکەوەرەوە؛ ئەوانەی خۆیان بۆ ئەوە تەرخان دەکەن پێشڕەون بۆ ترسناکترین بێ ڕەوشتی. 17قسەکانیان وەک خواردن بە چێژە، لە نێو ئەوانەدا هیمینایۆس و فیلێتۆس هەن، 18ئەوانەی لە ڕاستی لایانداوە؛ ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەستانەوە ڕوویداوە، و باوەڕی هەندێک کەس لەناو دەبەن.19بەڵام بناغەی خودا جێگیرە، و ئەم مۆرەی لەسەر داناوە: «پەروەردگار ئەوانەی هی خۆین دەیانناسێت»، هەروەها: «هەرکەسێک ناوی پەروەردگار دەهێنێت با لە تاوانکاری جیا بێتەوە!» 20بەڵام، لە ماڵێکی گەورەدا، هەموو کەلوپەلەکان لە زێڕ و زیو نین، بەڵکو هەندێکیان لە دار و گڵ دروست دەکرێن. هەندێکیان بۆ بەکارهێنانی ئاستی بەرزە، هەندێکیشیان بۆ بەکارهێنانی ئاستی نزمە. 21کەواتە ئەوەی خۆی لە دووهەمیان جیا بکاتەوە و خۆی پاک بکاتەوە، دەبێتە قاپێک بۆ بەکارهێنانی ئاستی بەرز، پیرۆز دەکرێت، سوود بەخش بۆ خاوەن ماڵ، و ئامادە دەبێت بۆ هەموو کارێکی باش.22بەڵکو لە ئارەزووەکانی گەنجی هەڵبێن، و بەدوای ڕاستودروستی و باوەڕ و خۆشەویستی و ئاشتیدا بگەڕێن، لەگەڵ ئەوانە هاوبەش بن کە لە دڵێکی پاکەوە بانگی پەروەردگار دەکەن. 23سەبارەت بە مشتومڕی گەمژانە و پوچ، خۆتان بەدوور بگرن، بزانن کە شەڕ و ئاژاوەی لێ دروست دەبێت.24خزمەتکاری پەروەردگار نابێ شەڕ بکات، بەڵکو دەبێت نەرم و نیان بێت بەرامبەر هەمووان، توانای فێرکردنی هەبێت و بە خۆڕاگرییەوە بەرگەی دژوارییەکان بگرێت، 25نەرم و نیان بێ لەگەڵ ئەوانەی دژایەتی باوەڕ دەکەن ڕێ نیشادەریان بێت، بەو هیوایەی خودا دەرفەتی پاشگەزبوونەوەیان پێبدات، تاکو ڕاستییەکان بە تەواوی بزانن. 26دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی ڕاستە لە تەڵەی شەیتان ڕزگاریان دەبێت، ئەوەی بۆ ئەنجامدانی ویستی خۆی بەندی کردن.
1ئەمە بزانن: ڕۆژانی کۆتایی دژوار دەبێت؛ 2چونکە خەڵکی خۆیان خۆشدەوێ، پارە پەرستن، لووتبەرزن، خۆهەڵکێشن، زمان پیسن، گوێڕایەڵی دایک و باوک نابن، سوپاسگوزار نین، گڵاون، 3بێ خۆشەویستین، لێبوردە نین، بوختانکەرن، بەسەرخۆدا زاڵنەبوون، دڕندەن، حەز لە چاکە ناکەن، 4ناپاکن، توند ڕەون، خۆدەرخەرن، زیاتر حەزیان لە چێژە نەک خۆشەویستی خودا،5بە ڕواڵەت خودا پەرستن، بەڵام نکۆڵی لە هێزەکەی دەکەن، بۆیە دووربکەونەوە لەم کەسانە! 6ئەوانە لەو جۆرە کەسانەن کە بە دزییەوە دەچنە ماڵەکان، ژنە لاوازەکان دەخەنە داوی خۆیانەوە کە بارگرانی گوناهەن، و شوێن ئارەزووەکانیان کەوتوون، 7هەمیشە گوێ لە فێرکردن دەگرن، بەڵام هەرگیز ناتوانن بە تەواوی بگەنە ناسینی ڕاستییەکە!8هەروەک چۆن دوو (جادووگەرەکە) یەنیس و یەمبریس بەرەنگاری موشە بوونەوە، بە هەمان شێوە ئەم دووانە بەرەنگاری ڕاستی دەبنەوە؛ کەسانێک کە بیرکردنەوەیان گەندەڵە، و سەلماندوویانە کە شایستەی باوەڕ نین. 9بەڵام زیاتر پێش ناکەون، چونکە گەمژەیی ئەوان بۆ هەمووان دەردەکەوێت، هەروەک چۆن گەمژەیی ئەو دوو پیاوەی باسکران دەرکەوت.10بەڵام تۆ، پەروەردە، و ڕەفتار، و باوەڕ، و ئامانج، و بەرگەگرتنی دژواری، و خۆشەویستی، و خۆڕاگری، من باش دەزانی. 11هەروەها ئەو چەوسانەوە، و ئازارانەی کە بەسەرمدا هات لە شارەکانی ئەنتاکیە و کۆنیا و لیسترا و شارەکانی تر؛ بەرگەم گرت، و پەروەردگار لە هەموویان ڕزگاری کردم! 12بەڕاستی، هەموو ئەوانەی بڕیار دەدەن ژیانێکی خوداپەرستانە لە یوشوای مەسیحدا بژین تووشی چەوساندنەوە دەبن. 13سەبارەت بە خەڵکانی خراپەکار و چەواشەکار و فێڵبازەکان، لە خراپەکاریدا پێشەنگن، و ئەوانی تریش گومڕا دەکەن هەروەک خۆیان گومڕا بوون!14بەڵکو پێویستە لەسەر ئەو شتانەی فێربوویت بە چەسپاوی بمێنیتەوە و بە تەواوی دڵنیا بیت، چونکە دەزانیت لەسەر دەستی کێ فێربوویت. 15بزانە لە گەنجییەوە نوسراوە پیرۆزەکانت ناسیوە، کە توانای ئەوەیان هەیە دانات بکەن بۆ گەیشتن بەو ڕزگارییەی کە لە ڕێگەی باوەڕبوونە بە یەشوای مەسیح.16نووسراوەکان هەموو ئەوەی تێیدایە، سرووشی خودایە؛ بەسوودە بۆ فێرکردن و سەرزەنشتکردن و ڕاستەڕێکردن و ڕاهێنانی مرۆڤ لە ڕاستودروستیدا، 17بۆ ئەوەی خزمەتکاری خودا بە تەواوی ئامادەبێت، بۆ هەموو کارێکی باش.
1لەبەردەم خودا و مەسیحدا کە بڕیار لەسەر زیندووان و مردووان دەدات، لەبەر دەرکەوتنی خۆی و شانشینەکەی داوات لێدەکەم، 2بەتەواوی سەرقاڵی ڕاگەیاندنی وشەکە بە، ئامادە بە لە کاتی گونجاو و نەگونجاودا خەڵکی ڕاستەڕێ بکە سەرزەنشت بکە و هانیان بدە و بەوپەڕی پشوودرێژییەوە هەوڵی فێرکردنیان بدە.3.چونکە کاتێک دێت خەڵکی بەرگەی فێرکاری دروست ناگرن، بەڵام بەپێی ئارەزووی خۆیان مامۆستایان بۆ خۆیان کۆدەکەنەوە (ئەو قسانەیان بۆ دەکەن) کە بە گوێیان خۆشە. 4گوێیان لە ڕاستی لادەدەن، و ڕوو لە گێلایەتی دەکەن. 5بەڵام تۆ، لە هەموو شتێکدا چاو کراوەبە، بەرگەی دژواری بگرە، کاری مزگێنیدان بکە، خزمەتەکەی خۆت تەواو بکە.6سەبارەت بە من، ئامادەم لە ئێستاوە وەک خواردنەوەی قوربانی بڕژێم، و کاتی مردنم نزیکە. 7من تێکۆشانێکی باش تێکۆشاوم، ئێستاش گەیشتوومەتە کۆتایی پێشبڕکێکە، و باوەڕەکەم پاراستووە. 8بەڵام ئێستا چاوەڕێی تاجی ڕاستودروستیم کە بۆم تەرخانکراوە، کە پەروەردگار دادوەری ڕاستودروست لەو ڕۆژەدا پێم دەدات؛ تەنها بە من نادرێت، بەڵکو بە هەموو ئەوانەی کە تامەزرۆی بینینی ئەون.9کۆشش بکە خێرا وەرە لام، 10چونکە دیماس، کە ئەم ژیانەی ئێستای خۆشدەویست، جێی هێشتم و چووە شاری تەسالۆنیکی. سەبارەت بە كريسكيس، ئەو چووە هەرێمی گەلاتیە، و تیتۆس بۆ دەلماتیا11تەنها لوقا بە تەنیا لەگەڵمدا ماوەتەوە. بڕۆ لای مارکۆس و لەگەڵ خۆتدا بیهێنە، چونکە لە خزمەتکردندا سوودی بۆ من دەبێت. 12سەبارەت بە تیخیکۆس، من ناردم بۆ شاری ئەفەسۆس. 13کاتێک هاتیت، ئەو کەوایە لەگەڵ خۆت بهێنە کە لە ترۆئاس لەلای کارپۆس بەجێم هێشت، تۆمارەکانیش بهێنە، بە تایبەت دەستنووسەکان.14ئەسکەندەری مسگەر زۆر خراپەکاری کردووە، پەروەردگار بە پێی کارەکانی سزای دەدات. 15ئاگاداری ئەو بن، چونکە بە توندی بەرەنگاری قسەکانی ئێمە بۆتەوە. 16کاتێک بۆ یەکەمجار لە دادگاییەکەمدا بەرگریم لەخۆم کرد، کەس پشتی نەگرتم، بەڵکو هەمووان وازی لێهێنام، خودا لەسەر ئەمە لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەکات!17بەڵام پەروەردگار لە تەنیشتم وەستا و هێزی پێدام، بۆ ئەوەی مژدە لە ڕێگەی منەوە ڕابگەیەنرێت، تا هەموو نەتەوەکان بیبیستن؛ کە لە دەمی شێر دەرباز بووم. 18پەروەردگار لە هەموو کارێکی خراپ ڕزگارم دەکات و دەمپارێزێت بۆ شانشینە ئاسمانییەکەی. شکۆمەندی بۆ ئەوە هەتاهەتایە، ئامین!19سڵاو لە پریسکیلا و ئەکیلا، و خێزانی ئۆنیسیفۆرۆس بکە. 20ئەراستۆس لە کۆرنسۆس مایەوە. بەڵام تروفیمۆسم، لە میلیتۆس بە نەخۆشی بەجێهێشت. 21کۆشش بکە پێش هاتنی زستان بێی بۆ لام. یۆپولۆس و پودیس و لینوس و کلۆدیا و هەموو خوشک و براکان سڵاوتان لێدەکەن. 22پەروەردگار لەگەڵ گیانت بێت، با بەخششت لەگەڵ بێت!
1لە پۆڵسەوە، بەندەی خودا و نێردراوی یەشوای مەسیح لە پێناوی باوەڕی ئەوانەی خودا هەڵیبژاردوون، و ئەو ڕاستییەیان ناسی کە هاوتایە لەگەڵ خوداپەرەستی، 2واتا هیوای ژیانی هەتاهەتایی، ئەوخودایەی بەڵێنیی داوە بە وەفایە، لە ئەزلەوە بەر لە سەردەمان، 3پاشان وشەکەی لە کاتی دیاریکراودا ڕوون کردەوە: لەگەڵ ئەو مزگێنیەی بەمنی ڕاسپاردوە بەفەرمانی خودای ڕزگارکەرمان.4بۆ تیتۆس، کوڕە ڕاستەقینەکەم لەو باوەڕەی کە هاوبەشین. بەخشش و ئارامیتان بۆ بێت لەلایەن خودای باوک، و مەسیحی یەشوای ڕزگارکەرمانەوە! 5لە دوورگەی کریت بەجێم هێشتی بۆ ئەوەی ئەو کارانەی کە ماونەتەوە تەواویان بکەیت ڕێکیان بخەیەت و لە هەموو شارێکدا پیران دابنێیت، وەک ئەوەی فەرمانم پێکردوی؛6بە مەرجێک یەکێک بێت بێ تاوانبێت لە هەموو تۆمەتێک، یەک ژنی هەبێت، و منداڵەکانی باوەڕداربن و تاوانبار نەبن بە سەرپێچی و بەدرەوشتی . 7ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە شوان دەبێت بێتاوان بێت لە هەموو تۆمەتێک چونکە بریکاری خودایە، سەرسام نەبێت بەخۆی و ئاکاری خراپی نەبێت، ئالودەی مەی نەبێت، توندوتیژ نەبێت، بەدوای دەسکەوتی ناڕەوادا نەگەڕێت؛8بەڵکو میوان دۆست بێت، و حەزی لە چاکەو، هۆشیارو، ڕاستگۆو، راستودروست، لە خواترس و بەسەر خۆیدا زاڵبێت، 9پابەندی وشە راستەکە بێت کە گونجاوە بۆ فێرکردن، بۆ ئەوەی بتوانێت هانی باوەڕداران بدات بە فێرکارییەکی دروست و ڕوبەڕووی نەیارانیش ببێتەوە.10چونکە زۆرن مامۆستای درۆزن و یاخی و فریودەری هزری خەڵک بەتایبەتی خەتەنەکراوان. 11ئەم خەڵکە دەبێ دەمیان دابخرێت: بەکۆمەڵ ماڵەکان تێک دەدەن، فێرکردنی نادروستیان فێردەکەن، لە پێناو دەستکەوتی ناڕەوا،12یەکێک لەوان، کە پێغەمبەرێکی تایبەتە بە خۆیان هەبوو گوتی: «خەڵکی کریت هەمیشە درۆزن و دڕندەی توندوتیژن، سکەڕۆ و تەمبەڵن». 13ئەو شایەتیەش ڕاستە. بۆیە بە توندی سەرزەنشتیان بکەن، تاکو لە باوەڕدا تەندروست بن.14سەرنج و هزرتان مەخەنە سەر ئەفسانەی یەهودیەکان و ڕاسپاردەی ئەو خەڵکانەی کە هەڵگەڕاونەتەوە و لە ڕاستی دوور کەوتونەتەوە.15لای پاکەکان، هەموو شتێک پاکە. بەڵام لای پیس و بێباوەڕان، هیچ شتێک پاک نییە، بەڵکو مێشک و ویژدانیان پیس بووە. 16شایەتی دەدەن دان بەوەدا دەنێن کە خودا دەناسن، بەڵام بە کارەکانیان نکۆڵی لێ دەکەن، چونکە بێزراون و گوێڕایەڵ نین، ڕوون بووەتەوە شایەنی هیچ کارێکی چاکەنیین.
1بەڵام تۆ، دەبێت فێرکردنی دروست پێشکەش بکەی: 2پیرەکان پێویستە سادە و سەنگین، پەیوەست بن بە دروستی باوەڕ و خۆشەویستی و ئارامگری.3بە هەمان شێوە پیرێژنان دەبێ ڕەفتاریان لەگەڵ پیرۆزیدا بگونجێت، نەک بوختانچی یان ئالوودەی مەی بن، بەڵکو خەڵکی فێری چاکە بکەن، 4ژنە گەنجەکانیش رابهێنن بۆ ئەوەی خۆشەویست بن لەگەڵ مێردو منداڵەکانیان، 5هۆشیار بن، پاک و خاوێن بن، بە باشی ئاگاداری ماڵەکانیان بن و گوێڕایەڵی مێردەکانیان بن، بۆ ئەوەی کەس وشەی ناشرین لەسەر قسەی خودا نەکات.6بەهەمان شێوە ئامۆژگاری گەنجەکان بکە کە هۆشیار بن، 7لە هەموو شتێک خۆت بکە بە نمونە بۆ کارە چاکەکان، لە فێرکردنەکەتدا پاکی و سەنگینیت پیشان بدە 8بە وشەی ڕاستی کە ناتوانرێت ڕەخنەی لێ بگیرێت، تا ئەوەی بەرەنگارت دەبێتەوە شەرم بکات کاتێک شتێکی خراپ نادۆزێتەوە لەسەرمان بیڵێ.9خزمەتکارەکان فێربکە گوێڕایەلی گەورەکانیان بن، لە هەموو شتێکدا دڵیان ڕازیبکەن؛ کەلەڕەق نەبن؛ 10دزی مەکەن، بەڵکو دڵسۆزییەکی تەواو و باش پیشان بدەن، بۆ ئەوەی لە هەموو شتێکدا رازاوە بن بە فێرکاری خودای ڕزگارکەرمان.11بەخششی خودا کە ڕزگاری بۆ هەموو خەڵک دەهێنێت، دەرکەوت. 12ئەوە فێرمان دەکات پەیوەندیمان لەگەڵ بەدڕەوشتی و ئارەزووە دونیاییەکان بپچڕێنین، و لە سەردەمی ئێستادا بە ژیانێکی ژیرمەندانە و ڕاستودروستی و لە خوداترسی بژین، 13لە هەمان کاتدا چاوەڕێی هاتنەدی هیوا خۆشەکەمانین، پاشان دەرکەوتنی ئاشکرای شکۆمەندی خودای ڕزگارکەر و مەزنمان یەشوای مەسیح،14خۆی لە پێناو ئێمەدا بەخت کرد تا لە هەموو ناڕەواییەک ڕزگارمان بکات و پاکمان بکاتەوە بۆ خۆی وەک گەلێکی تایبەت کە بە پەرۆشەوە هەوڵ دەدەن بۆ ئەنجامدانی کارە چاکەکان.15بە هەموو دەسەڵاتێکەوە ئامۆژگاری بکە و فێربکە و سەرزەنشت بکە ڕێگە بە هیچ یەکێک مەدە بەکەمت بزانێت!
1بەبیر باوەڕداران بهێنەوە کە گوێڕایەڵی فەرمانڕەوا و دەسەڵاتداران بن، گوێڕایەڵی یاسا بن، ئامادەبن بۆ هەموو کارێکی باش، 2قسەی خراپ بە کەس نەڵێن، دژایەتی نەکەن، بەڵکو میهرەبان بن و بە نەرم و نیانی تەواو مامەڵە لەگەڵ هەموواندا بکەن.3چونکە ئێمەش لە ڕابردوودا نەزان بوینو گوێڕایەڵ نەبوین و لە خراپە و تاریکیدا بووین، کۆیلە بووین خزمەتی هەوەس و چێژە جۆراوجۆرەکانمان دەکرد، لە خراپەکاری و ئیرەییدا دەژیاین، خۆشەویست نەبوین و ڕقمان لە یەکتربوو.4بەڵام کاتێک میهرەبانی خودای ڕزگارکەرمان، و خۆشەویستییەکەی بۆ مرۆڤەکان دەرکەوت، 5ڕزگاری کردین، نەک لەسەر بناغەی کارە ڕاستودروستەکان کە کردوومانە، بەڵکو بەهۆی بەزەییەکەیەوە، بەتەواوی شۆردراینەوە تا ببینە دروستکراوێکی نوێ بە گیانە پیرۆزەکە،6ئەوەی بەدەوڵەمەندی بەسەرمانیداڕژاند بە یەشوای مەسیحی ڕزگارکەرمان. 7کە کاتێک بە بەخششی ئەو بێتاوان دەبین، دەبینە میراتگر، بەگوێرەی هیوامان بە ژیانی هەتاهەتایی.8ئەم وتەیە ڕاستە! وە دەمەوێت ئەم بابەتانە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە یەکلایی بکرێتەوە، تاکو ئەوانەی باوەڕیان بە خودا هەیه وریا بن لە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کارە چاکەکان. ئەم شتانە باشن و بەسودە بۆ خەڵکی.9دەربارەی بابەتی گەمژانە، وەک ڕەچەڵەک، و دوژمنایەتی، و دووبەرەکی لەسەر تەوڕات، خۆتان بەدوور بگرن، چونکە بێ سودە و پوچە. 10ئەوەی گومڕایی بڵاو دەکاتەوە، پەیوەندیی لەگەڵدا بپچڕێنە دوای ئەوەی بۆ جاری یەکەم و دووەم ئاگادارت کردەوە، 11دەزانن ئەوانە لادەرن و لە گوناهەدا دەمێننەوە وخۆیان بڕیار لەسەر خۆیان دەدەن!12هەر کە ئارتیماس یان تیخیکۆسم بۆ ناردی، هەوڵبدە بێیتە لام بۆ شاری نیکۆپۆلیس، چونکە بڕیارم داوە زستان لەوێ بەسەر بەرم. 13هەوڵێک بدە بۆ ئەوەی یارمەتی زیناسی پارێزەر و ئەپۆلۆس بدەیت بۆ ئازادبوونیان، پاشان دڵنیا بیت لەوەی هەموو پێداویستیان دابین کراوە.14خێزانەکانمان فێری کاری چاکە بن بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانیان، بۆ ئەوەی بێ بەرهەم نەبن.15هەموو ئەوانەی لەگەڵمن سڵاوتان لێدەکەن. سڵاو لە هەموو خۆشەویستان بکە لە باوەڕدا. بەخشش لەگەڵ هەمووتان بێت!
1لە پۆڵسەوە، کە لە پێناو یەشوای مەسیحدا بەندکراوە، وە لە تیمۆساوسی برامانەوە، بۆ فلیمۆنی خۆشەویست و هاوبەشمان لە کارکردن، 2بۆ خوشکە ئەپفییە، و ئەرخیپۆس کە هاوڕێمانە لە سەربازیدا، بۆ ئەو کڵێسایەی کە لە ماڵەکەتدایە. 3با ئاشتی و بەخشش لە خودای باوکمان و پەروەردگارمان یەشوای مەسیح بۆئێوە بێت!4هەمیشە سوپاسی خودای خۆم دەکەم، کە بەردەوام لە نزاکانمدا یادت دەکەمەوە، 5چونکە خۆشەویستی و دڵسۆزی تۆم بیستووە بۆ یەشوای پەروەردگار، و هەروەها بۆ هەموو پیرۆزکراوان، 6داواکارین کە بەشداریکردنتان لە باوەڕدا لەگەڵ ئێمە کاریگەر بێت، بۆ ئەوەی بە تەواوی درک بە هەموو چاکەکارییەکانی ناو ئێمە بکەن لە پێناو مەسیحدا. 7ئەی برا، بۆمن شادیەکی زۆربوو وە هاندرام، و بەهۆی باشی تۆوە سۆزی پیرۆزکراوان ژیایەوە!8بۆیە، هەرچەندە من مافی تەواوم هەیە لە مەسیحدا فەرمانت پێبدەم ئەوەی پێویستە بیکەیت، 9بەڵام، لەبەر ڕێزی خۆشەویستی، هەڵمبژارد داواکارییەک پێشکەشی تۆ بکەم، منی پۆڵسی پیر و ئێستا بەندکراو لە پێناو یەشوای مەسیح.10منی کۆت و بەندکراو لێت دەپاڕێمەوە لەپێناو منداڵەکەم ئۆنسیمۆسی کوڕم، کاتێ کە لە زیندان بووم لە دایک بووە، 11ئەوەی پێشتر بۆ تۆ بێ کەڵک بوو، بەڵام ئێستا کەڵکی بۆ من و بۆ تۆش هەیە. 12ئەو بۆلات دەنێرمەوە، وەک ئەوەی پارچەیەک لە جگەرم بێت! 13پێمخۆش بوو لەلای خۆم بیهێڵمەوە، تاکو لە جیاتی تۆ خزمەتم بکات، لە کۆت وبەندی مزگێنیەکەدا.14بەڵام نەمویست بێ ڕەزامەندی، تۆهیچ کارێک بکەم، تاکو ئەو چاکەیەت بەرەزامەندی بێت نەک بە ناچاری. 15لەوانەیە لەبەر ئەمە بووبێت بۆ ماوەیەکی کورت لێت دوورکەوتەوە: تاکو بۆ هەتاهەتایە ببێتەوە هی خۆت، 16ئیتر کۆیلە نییە، بەڵکو چاکترە لە کۆیلە، برایەکی خۆشەویستە، بە تایبەتی بۆ من، ئاخۆ چەندە زیاتر دەبێت بۆ تۆ، چ لەجەستە و چ لە پەروەردگاردا؟17ئەگەر من بە هاوبەشی خۆت دەزانی، وەک ئەوەی من بم وەریبگرە. 18ئەگەر بە هەر شێوەیەک ستەمی لێکردوویت، یان بە شتێک قەرزاری تۆیە، کەواتە ئەوە بە قەرزێک بزانە لە سەر من. 19ئەوەتا من پۆڵس بە دەست نووسی خۆم ئەمەم نووسیوە: من ئەتدەمەوە. نامەوێ بیرت بهێنمەوە کە تۆ خۆت قەرزداری منی. 20بەڵێ، ئەی برا، داوات لێدەکەم بەم بەخششە لە پەروەردگاردا، سوودمەندم بکەیت: سۆزەکانم لە مەسیحدا بژیێنەوە21بەو پێیەی متمانەم بە گوێڕایەڵی تۆ هەبوو، بۆیە ئەم نامەیەم بۆت نووسی، دەمزانی تۆش لەمە زیاتر دەکەیت کە من داوای دەکەم. 22جگە لەمەش شوێنێکم بۆ ئامادە بکە تا لەگەڵتان بمێنمەوە، چونکە هیوادارم بە ئێوە شاد ببمەوە وەک وەڵامێک بۆ نزاکانتان.23ئیپافراس، هاوزیندانم لە یەشوای مەسیحدا، سڵاوت لێدەکات. 24هەروەها مارکۆس، و ئەریستارخۆس، و دیماس، و لۆکاس، کە هاوڕێمن لەکارکردن. 25با بەخششی یەشوای مەسیحی پەروەردگار لەگەڵ گیانتان بێت!
1لە سەردەمی ڕابردوودا خودا لە ڕێگەی پێغەمبەرانەوە قسەی لەگەڵ باوکانمان دەکرد کە ئەوانیش بە شێوەی جۆراوجۆر (ڕاگەیاندنەکانیان دەگەیاند). 2بەڵام ئێستا، لەم سەردەمانەی دواییدا، بەڕۆڵەکەی قسەی لەگەڵ کردین، ئەوەی بووە میراتگری هەموو شتێک، بە ئەو هەموو گەردوون بەدیهاتووە! 3ئەو درەوشاوەی شکۆمەندی خودا و وێنەی کرۆکەیەتی. بەتوانای وشەکەی هەموو شتێک لە گەردووندا دەپارێزێت. دوای ئەوەی لە گوناهەکانمان پاکی کردینەوە، لە بەرزایەکاندا دانیشت لە ڕاستەی مەزنایەتی خوداییدا.4بەم شێوەیە پێگەی مەزنتر بوو لە فریشتەکان، ئەو ناوەی بۆ ماوەتەوە لە سەروو ناوی هەموو فریشتەکانە! 5ئیتر چی جارێک خودا بە کام یەک لە فریشتەکانی فەرمووە: «تۆ ڕۆڵەی منی، ئەمڕۆ باوکی تۆم!» یان فەرموویەتی: «من دەبمە باوکی، ئەویش دەبێتە ڕۆڵەم؟»6کاتێک ڕۆڵە نۆبەرەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ جیهان، دەفەرمووێت: با هەموو فریشتەکانی خودا کڕنۆشی بۆ ببەن! 7لەبارەی فریشتەکانیش دەڵێت: «فریشتەکانی کردە با، خزمەتکارەکانیشی کردە بڵێسەی ئاگر!»8بەڵام ڕوو لە ڕۆڵەکە دەکات و دەفەرموێت: «ئەی خودایە، تەختەکەت بۆ هەتاهەتایە، چەسپاوە و گۆچانی بڕیارەکانت دادپەروەر و ڕاستە. 9تۆ ڕاستودروستیت خۆشویست و ڕقت لە خراپە بوو. بۆیە پەروەردگاری خودات تۆی بە پاشا دەستنیشان کرد، زیاتر لە هاوەڵەکانت زەیتی شادی بەسەرتدا ڕژاندووە!»10وەک دەفەرمووێت: « تۆ ئەی پەروەردگار، لە سەرەتاوە بناغەی زەویت دانا. وە ئاسمانەکان کاری دەستتن. 11ئەوان لەناو دەچن، تۆ دەمێنیتەوە. هەموویان وەک جل و بەرگ کۆن دەبن، 12وەک کەوا دەیپێچیتەوە، پاشان دەیانگۆڕیت. بەڵام تۆ هەتاهەتایە دەمێنیت، و ساڵانت کۆتاییان نایەت!»13ئایا خوداتا ئێستا بە هیچ کام لە فریشتەکانی وتووە وەک ئەوەی بە ڕۆڵەکەی فەرمووە: «لە ڕاستەم دانیشە تا دوژمنەکانت بکەمە تەختەپێت؟» 14نەخێر! فریشتەکان هیچ نین جگە لە گیانێکی خزمەتکار نێردراون بۆ خزمەتکردنی ئەوانەی ڕزگاری بە میرات دەگرن.
1بۆیە دەبێت بە وردی گرنگی بەو وشانە بدەین کە بیستوومانە، وریا بین لەوەی لێیان لا نەدەین.2چونکە دەزانین کە هەر قسەیەک کە فریشتەکان دەیگەیەنن، ڕوونە و چەسپاوە، هەموو سەرپێچیکارێک سزایەکی دادپەروەرانەی وەرگرتووە. 3چۆن ڕزگارمان دەبێت ئەگەر ئەم ڕزگاربوونە مەزنە پشتگوێ بخەین؟ چونکە (یەشوای) پەروەردگار خۆی سەرەتا ڕایگەیاندوە، پاشان لەلایەن ئەوانەی ڕاستەوخۆ بیستوویانە بۆمان دەسەلمێندرێ. 4خوداش بە نیشانەی سەرسوڕهێنەر و پەرجووی جۆراوجۆر، پشتگیری شایەتحاڵی ئەوانی دەکرد، بە بەهرەکانی گیانە پیرۆزەکە بەگوێرەی خواستی خۆی کە دابەشی کردبوو!5پاشان «ئەو جیهانەی کە دێت» کە زۆر باسی دەکەین، ملکەچی فریشتەکانی نەکردووە. 6تەنانەت یەکێک لە شوێنێکی پەرتوکەکەدا شایەتیدا گوتی: «مرۆڤ چییە تا گرنگی پێ بدەیت؟ یان ڕۆڵەی مرۆڤ، کە بەم ڕێزەوە ڕێزی لێ بگرن؟7بۆ ماوەیەک لە فریشتەکان نزمتری کرد، پاشان تاجی شکۆمەندی، و ڕێزت لەسەر دانا و دەسەڵاتت بەسەر هەموو ئەو شتانەدا پێدا کە دەستەکانت دروستیان کردووە. 8هەموو شتێکت خستە ژێر پێی!» مادام خودا هەموو شتێکی بۆملکەچ کردووە، هیچ شتێکی نەهێشتووە کە ملکەچی ئەو نەبێت. بەڵام ئێستا هەموو شتێک لە ژێر دەسەڵاتی ئەودا نابینین.9بەڵام ئێستا دەبینین یەشوا تاجی شکۆمەندی و ڕێزی لەسەرە، لەبەر مردنە دڵرەقانەکەی. ئەمەش دوای ئەوە بوو کە بۆ ماوەیەک لە فریشتەکان نزمتر بووەوە، بۆ ئەوەی بە بەخششی خودا مردن بچێژێت لەجیاتی هەر یەکێکمان. 10خودا مەبەستی بوو، کە هەموو شتێک لە پێناو ئەو بە ئەو بوونیان هەبێت، ڕۆڵەی زۆر بهێنێت بۆ شکۆمەندیەکەی وا لە ڕابەرەکەیان دەوەشایەوە ڕزگاریان بکات لەڕێگای ئازاراکانی.11چونکە مەسیح ئەوانەی باوەڕیان پێی هەیە پیرۆزیان دەکات و ئەوانیش خۆیان پیرۆز دەکەن، یەک باوکیان هەیە. لەبەر ئەم هۆیەشە مەسیح شەرم ناکات ئەوانەی باوەڕیان پێی هەیە بە برای خۆی ناویان ببات. 12وە دەڵێت: «ناوی تۆ بۆ براکانم ڕادەگەیەنم. وە لە نێو هەموواندا ستایشت دەکەم!»13هەروەها دەفەرموێت: «پشت بە ئەو دەبەستم!» وە هەروەها: «ئەوەتا من لەگەڵ ئەو ڕۆڵانەم کە خودا پێی بەخشیووم!» 14کەواتە لەگەڵ ئەوەی کە ئەم ڕۆڵانە لە جەستەدا لە گۆشت و خوێندا هاوبەشن، مەسیحیش لە گۆشت و خوێن هاوبەشبوو بەوەی لەشی مرۆڤانەی وەرگرت. بەم شێوەیە توانی بمرێت، و ئەوەی دەسەڵاتی مردنی هەبوو، واتە شەیتان لەناو ببات، 15ئەوانەش ئازاد بکات کە بە درێژایی تەمەنیان لە مردن دەترسان و ببوونە کۆیلەی.16بەڵێ مەبەستی ڕزگارکردنی فریشتەکان نەبوو، بەڵکو نەوەکانی ئەڤراهام. 17بۆیە دەبوو لە هەموو ڕوویەکەوە لە براکانی بچێت، بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆک کاهینێکی بەبەزەیی و دڵسۆز، لە کارەکانی لەپێناوی خەڵک لەبەردەم خودادا، و ببێتە قوربانی بۆ گوناهەکانیان. 18بەو پێیەی خۆی، ئازاری چەشتوە تاقی کراوەتەوە، توانایی یارمەتیدانی ئەوانەی هەیە کە ئامادەی تاقی کردنەوەن.
1کەواتە ئەی برا پیرۆزەکان کە بەشداریتان لە بانگهێشتی ئاسمانیدا کردووە، لە یەشوا قوڵ ببنەوە: نێردراو و سەرۆک کاهینی ئەو باوەڕەیە کە پابەندین پێیەوە. 2ئەو دڵسۆز بوو بۆ خودا لەو ئەرکەی کە بۆی دیاری کردووە، هەروەک چۆن موشە دڵسۆز بووە لە جێبەجێ کردنی خزمەتەکەی لە ماڵی خودادا. 3بەڵام ئەو شایەنی شکۆمەندییەکی مەزنترە لە شکۆمەندی موشە، وەک چۆن یەکێک ماڵێک دروست دەکات، ڕێزو و ستایشی زیاتر وەردەگرێت لەو ماڵەی کە دروستی کردووە! 4بێگومان هەموو ماڵێک دەبێت دروستکەرێکی هەبێت و خودا خۆی دروستکەری هەموو شتێکە.5موشە لە هەموو ماڵی خودادا دڵسۆز بوو، وەک خزمەتکار. شایەت بوو لەسەر ئەوەی خودا دواتر ڕایگەیاند. 6بەڵام مەسیح، دڵسۆزە وەک ڕۆڵە کە سەرپەرشتی ماڵەکەی دەکات. ئەم ماڵە ئێمەی باوەڕدارین، بۆیە با دەست بەو متمانە و شانازی هیوایەمانەوە بگرین تاکۆتایی.7لەبەر ئەوە گیانە پیرۆزەکە ئاگادارمان دەکاتەوە دەفەرموێت: «ئەمڕۆ ئەگەر گوێتان لە دەنگی بوو، 8دڵتان ڕەق مەکەن، وەک ئەوەی لە کۆندا ڕوویدا، کە باوکانتان تووڕەیی منیان وروژاند، لە تاقیکردنەوەکە لە بیابان.9لەوێ تاقییان کردمەوە ئەزمونیان کردم، چل ساڵ کارەکانمیان بینی. 10بۆیە توڕەیی من لەسەر ئەو نەوەیە جۆشا و فەرمووم: دڵیان هەمیشە گومڕایان دەکات و ڕێگای منیان نەزانیوە هەرگیز! 11لەبەرئەمە، لە تووڕەیمدا، سوێندم خوارد و فەرمووم: ناچنە ناو شوێنی پشووەکەمەوە!»12ئێوەی برایان دەبێ وریا بن، نەک دڵی هەریەکێکتان بێباوەڕو خراپ بێت، لەخودای زیندوو هەڵگەڕێتەوە. 13بەڵکو هەموو ڕۆژێک یەکتری هانبدەن، ئەوەندەی پێی دەگوترێت: «ئەمڕۆ». ئەمەش بۆ ئەوەیە کە گوناهه لە ڕێگەی فێڵەکەیەوە دڵی هیچ کام لە ئێوە ڕەق نەکات.14ئەگەر بەردەوام دەست بەو متمانەیەوە بگرین کە لە سەرەتاوە دەستمان پێکردوە، و تا کۆتایی بە چەسپاوی بیهێڵینەوە، ئەوا هاوبەشی مەسیح دەبین. 15ئێستاش ئاگاداریەکە ئاراستەی ئێمە کراوە:«ئەمڕۆ ئەگەر گوێتان لە دەنگی بوو، دڵتان ڕەق مەکەن، وەک چۆن لە کۆندا ڕوویدا تووڕەیی منیان وروژاند!»16ئەوانە کێبون گوێیان لە بانگهێشتی خودا بوو و ڕەتیان کردەوە تووڕەیی خودایان وروژاند؟ ئەو گەلە بوون بە ڕابەرایەتی موشە میسریان بەجێهێشت! 17بۆ ماوەی چل ساڵ تووڕەیی خودا لەسەر کێ وروژێندرا؟ لەسەر ئەوانەی گوناهیان کرد، لاشەیان بە پەرش و بڵاوی لە بیاباندا کەوت! 18خودا سوێندی بە کێ خوارد کە ناچنە شوێنی پشووەکەی؟ ئەوانەی لە فەرمانەکەی یاخی بوون! 19بەم شێوەیە، دەبینین بێباوەڕیان ڕێگری لێکردن بچنە شوێنی پشوودانی.
1تا ئێستا بەڵێنی چوونە ژوورەوە بۆ پشوودانی خودایی ماوە، با بترسین: لەوانەیە دەرکەوتبێت کە هەندێکتان شکست بێنن لە چوونە ژوورەوە. 2چونکە موژدەی بەڵێنەکە بە ئێمەش گەیشتووە، هەروەک چۆن بەو گەلە گەیشت. بەڵام موژدە بەهیچ شێوەیەک سوودی نەبوو بۆ ئەوانەی بیستیان، چونکە ئەوانە پێشتر ڕەتیان کردەوە باوەڕی پێیبهێن.3ئێمە کە باوەڕمان بەم موژدەیە هێنا، دەچینە ناو پشوودانی خودایی. لەبارەی ئەوانەی باوەڕیان نەدەکرد فەرمووی: « بەم شێوەیە، لە تووڕەیی خۆمدا، سوێندم خوارد و گووتم: ناچنە شوێنی پشووەکەم!» ئەم پشووە لەو کاتەوەی خودا بناغەی جیهانی تەواو کرد ئامادەیە. 4لە شوێنێکدا لە کتێبەکەدا ئاماژەی بە ڕۆژی حەوتەم کرد: «پاشان خودا لە ڕۆژی حەوتەمدا لە هەموو کارەکانی پشوویدا». 5پاشان گەڕایەوە و فەرمووی: ناچنە ناو شوێنی پشووەکەم!»6بەم شێوەیە ڕوونە، کە پشوودانی خودایی چاوەڕێی ئەوانە دەکات کە دەچنە ناویەوە. ئەوانەی بۆ یەکەمجار مژدەی ئەویان پێگەیشت بەهۆی یاخیبونیانەوە نەچوونە ناویەوە، 7خودا دەرفەتێکی نوێی ڕاگەیاند، فەرمووی: «ئەمڕۆ» لە دوای ماوەێکی دوور و درێژ لە گووتنی ئەمە لەسەر زمانی داڤید، فەرمووی: «ئەمڕۆ، ئەگەر گوێت لە دەنگی بوو، دڵتان ڕەق مەکەن».8ئەگەر یەشوع گەلەکەی بهێنایەتە ئارامییەوە، خودا دوای ئەوە باسی بەروارێکی نوێی بۆ چونە ژوورەوەی نەدەکرد بە گووتنی: «ئەمڕۆ». 9بۆیە تا ئێستاش پشووی ڕاستەقینە بۆ گەلی خودا ئامادەیە. 10ئەوەی بچێتە ناو ئەو پشووەوە، لە کارەکانیشی پشوو دەدات، هەروەک چۆن خودا لە کارەکانی پشوویدا. 11لەبەرئەمە، با هەموومان هەوڵبدەین بچینە ناو ئەو پشووەوە، بۆ ئەوەی هیچ کام لە ئێمە وەک ئەوانەی سەرپێچی فەرمانی خودایان کرد نەکەوین.12لەبەر ئەوەی وشەی خودا زیندوو، و کاریگەرە، لە هەموو شمشێرێکی دوو لێوار تیژترە، بۆجیاکردنەوەی ناخ و گیان، جومگەکان و مۆخی ئێسکەکان، توانای جیاکردنەوەی بیرکردنەوە و مەبەستەکانی دڵی هەیە. 13یەک بەدیهێنراو نییە لە چاوی خودا شاراوە بێت، بەڵکو هەموو شتێک ڕووت و ئاشکرایە لەبەردەم چاوی ئەودا، ئەوەی هەژماری خۆمانی دەخەینە بەردەست.14چونکە سەرۆک کاهینی مەزنمان هەیە کە بۆ سەرووی ئاسمانەکان بەرز بووەتەوە، ئەوەش یەشوای ڕۆڵەی خودایە، با بەردەوام پابەند بین بە دانپێدانان بەو. 15لەبەر ئەوەی سەرۆک کاهینمان بێتوانا نییە لە تێگەیشتن لە لاوازییەکانمان، بەڵکو ئەویش تاقیکراوەتەوە، بەڵام ئەو بەبێ گوناهەبوو. 16با بەمتمانەوە لە تەختی بەخششی نزیک ببینەوە، تاکو بەزەیی بەدەست بێنیین و بەخشش بدۆزینەوە بۆ یارمەتییمان لە کاتی پێویستیدا.
1سەرۆک کاهین لە نێو خەڵکەوە هەڵبژێردراوە، بۆ کاروباری خودایی وەک نوێنەری خەڵک تا دیاری و قوربانی، بۆ خودا بەرزبکاتەوە لەپێناو گوناهەیان. 2دەتوانێت بەزەیی بە نەزان و گومڕاکاندا بێتەوە چونکە خۆشی بەدەست لاوازیەوە دەناڵێنێت. 3بەهۆی لاوازییەکەیەوە، دەبوایه قوربانی بۆ گوناهەکانی خۆی و هەروەها گوناهەکانی ئەوانی دیکەش بکات.4هیچ یەکێک ئەم پلە ڕێزدارەی بۆ خۆی وەرنەدەگرت، بەڵکو لە لایەن خودا بانگ دەکرا، وەک چۆن بانگی ئارونی کرد. 5بە هەمان شێوە مەسیح خۆی بەرز نەکردەوە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆک کاهین، بەڵکو ئەوە خودابوو پێی فەرمووی: « تۆ ڕۆڵەی منی، ئەمڕۆ بووم بە باوکی تۆ!»6لە شوێنێکی تریش پێی دەفەرمووێت: «تۆ کاهینیت بۆ هەتا هەتایە لە پلەی مەلخیسەدەک!»7لە ڕۆژانی بە جەستە بوونی داکۆکیکار بوو بۆ ڕزگاری لە مردن بە هێزی ئەو گریان و فرمێسکەی وەک قوربانی پێشتر پێشکەش کرابوو. 8بەهەمان شێوەی ڕۆڵەکە، ئێمەیش لە ئەو فێر بووین کە ئازار بچێژین.9لەبەر ئەوە شایەنی ئەرکەکەی بوو، بووە هۆکاری ڕزگاری هەتاهەتایی بۆ هەموو ئەوانەی گوێڕایەڵی دەبن. 10خودا پشتگیری ئەمەی کرد، ڕایگەیاند سەرۆک کاهینە لە پلەی مەلخیسەدەک. 11لەبارەی ئەم سەرۆک کاهینە، قسەم زۆرە، بەڵام قورسە بۆ ڕاڤەکردن وادیارە ئێوە بە دەست کەم تێگەیشتنەوە دەناڵێنن.12ئێستا دەبوایە بتوانن ئەوانیتر فێربکەن، لە دوای ئەو ماوە درێژە لە ڕزگاربونتان. بەڵام هێشتا پێویستتان بەوانەیە بنەما سەرەکییەکانی وتەکانی خوداتان فێربکات. لێرەدا دیسان پێویستان بە شیرە! چونکە ناتوانن خواردنی بەهێز هەرس بکەن. 13هەریەکێک شیر بخوات بێ ئەزمونە لە فێرکردنی بەهێزو دروستدا، چونکە هێشتا منداڵێکی پێنەگەیشتووە. 14ئەوانەش کە لە گیاندا بەهێزن توانای خواردنی بەهێزیان هەیە: چونکە ڕاهێنانیان لەسەر هەستەکانیان کردووە، بۆ جیاکردنەوەی چاکەو خراپە.
1لە بەر ئەوە، با ئەو بابەتە سەرەتاییانە لەبارەی مەسیح، بەجێ بهێڵین و بەرەوو پێگەیشتنێکی کامڵ پێشبکەوین. تا ناگەڕێینەوە بۆ ئەو بناغانەی پێشتر کە فێریبوین، کە ئەمانەن: پاشگەزبوونەوە لەو کارانەی دەبنە هۆی مردن، باوەڕبوون بە خودا، 2ئەو ڕێکخستنەی تایبەتە بە ڕێوڕەسمی لەئاوهەڵکیشان. دەست لەسەر دانان، و هەستانەوەی مردووان، و سزای هەتا هەتایی. 3وە ئەگەر خودا ڕێگا بدات، ئەمانەش دەکەین!4ئەمەش لەبەر ئەوانەیە کە جارێک بەر ڕووناکی باوەڕی مەسیح کەوتن، تامی بەخشینی ئاسمانییان کرد، بوونە هاوبەشی گیانە پیرۆزەکە، 5تامی وشەی باشی خودایان کرد. و پەرجوی «جیهانی داهاتوو» یان بینی، 6پاشان هەڵگەڕانەوە، ئەستەمە جارێکی تر نوێ ببنەوە و پاشگەزببنەوە. چونکە ئەوانە ڕۆڵەی خودا بۆ جاری دووەم لەخاچ دەدەن و شەرمەزاری دەکەن.7سەیر نییە، ئەو خاکەی کە چەندین جار لەو بارانە دەخواتەوە کە بەسەریدا دەبارێت، پاشان ڕووەک بەرهەم دەهێنێت کە سوودی بۆ ئەوانە دەبێت کە دەکێڵن، بەرەکەت لە خودا وەردەگرن! 8بەڵام ئەگەر دڕک و گیای کێوی بەرهەم بهێنیت، ئەوا ڕەتدەکرێتەوە و شایەنی نەفرەت دەبێت، کۆتاییەکەی جگە لە ئاگر هیچی تر نابێت.9ئەی خۆشەویستان، هەرچەندە مەبەستم بوو بەو شتانەی لێرەدا گووتم ئاگادارتان بکەمەوە، بەڵام باوەڕم وایەو گومانم لە ڕزگاربوونتان نیە. چونکە کارێکی باشتان کردووە کە هاوتای ئەم ڕزگاریەن. 10خودا زۆردار نییە کە کارەکانتانی لەبیربچێت لە پیشاندانی خۆشەویستان بۆی لە ڕێگەی خزمەتەکەتان بۆ پیرۆزکراوان بۆ ڕێزگرتن لە ناوەکەی، کە پێشتر کردوتانە، ئێستاش دەیکەن!11هیوادارین هەر یەکێک لە ئێوە تێکۆشانی هاوشێوە پیشان بدات تاکۆتایی بۆ پاراستنی متمانەی تەواوی بە هیواکەی. 12ئەمەش بۆ ئەوەیی تەمبەڵ نەبن، بەڵکو لاسایی ئەوانە بکەنەوە کە بەڵێنی خودا بەمیرات وەردەگرن، لە ڕێگەی باوەڕو و ئارامیەوە.13با بەڵێنی خودا بۆ ئەڤراهام بە نموونە وەربگرین. کاتێک ئەو بەڵێنەی پێیدا، سوێندی بەخۆی خوارد، چونکە کەس لە خۆی مەزنترنییە سوێندی پێبخوات. 14پێی فەرموو: «من بەرەکەتدارت دەکەم و نەوەیەکی زۆرت پێ دەبەخشم!» 15بەم شێوەیە، ئەڤراهام بە ئارامییەوە چاوەڕێی کرد و ئەو بەڵێنەی پێدرابوو وەریگرت.16لەڕاستیدا مرۆڤەکان سوێند بە مەزترینەکان دەخۆن و بۆ ئەوان سوێند کۆتایی بە هەموو ناکۆکییەک دەهێنێت و بابەتەکان یەکلایی دەکاتەوە. 17بەهەمان شێوە خودا ویستی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ میراتگرانی بەڵێنەکەی کە هەرگیز ناگۆڕێت، بە سوێند بیسەلمێنیت. 18لەسەر بنەمای بەڵێن و سوێندی خودا، کە بابەتی جێگیر و نەگۆڕن و ئەستەمە خودا درۆیان تێدا ناکات، هاندانی بەهێز بەدەست دەهێنین، دوای ئەوەی پەنامان بردە بەر چەسپاندن بەو هیوایەی کە لەبەردەممان دانراوە.19ئەم هیوایەمان هەیە کە وەک لەنگەرە بۆ دەروونمان، چەسپاو و ڕاگرە. دەچێتە ناو شوێنی هەرەپیرۆز لە پشت پەردەکە. 20لەوێدا یەشوا پێشتر و لەبری ئێمە چوە ناوی دوای ئەوەی بوە سەرۆکی کاهینان بۆ هەتاهەتایە لە پلەی مەلخیسەدەکە!
1چونکە مەلخیسەدەک کە پێشتر باسمان کرد، لە سەردەمێکدا پاشای شاری شالۆم و کاهینی خودای هەرەبەرزبووە. پێشوازی لە ئەڤراهام کرد کە بە سەرکەوتویی لە شەڕدا گەڕایەوە کە تێیدا ژمارەیەک پاشای بەزاند، بەرەکەتی خستە سەری. 2ئەڤراهام دەیەکی پێدا کە لە شەڕەکەدا دەستی کەوتبوو. لە لایەکەوە ناوی مەلخیسەدەک بە واتای «پاشای دادپەروەری» دێت لە لایەکی ترەوە نازناوی «پاشا شالۆم» بوو بە واتای «پاشای ئاشتی». 3سروش باسی باوک و دایکی و ڕەچەڵەک، و لەدایکبون و مردنی نەکردووە. بەدروستی هێمای ڕۆڵەی خودایە، کە کاهینی هەتاهەتاییە.4بیرکەنەوە ئەم کەسە چەندە مەزنبووە. تەنانەت ئەڤراهام، باپیرە گەورەمان، دەیەکی دەسکەوتی پێدا. 5ئێمە دەزانین تەوڕاتی موشە فەرمان بەو کاهینانە دەکات کە لە لێڤیەوە هاتوون دەیەک لە گەلەکە وەربگرن، واتە لە براکانیان، هەرچەندە سەرچاوەی هەمویان دەگەڕێتەوە بۆ ئەڤراهام. 6بەڵام مەلخیسەدەک کە هاوڕەچەڵەکی ئەم خەڵکە نەبوو، دەیەکی لە ئەڤراهام وەرگرت و بەرەکەت داریکرد، لەگەڵ ئەوەی ئەڤراهام بەڵێنی بەرەکەتی لەخودا وەرگرتبوو.7کەواتە، هیچ ناکۆکییەک نییە کە مەلخیسەدەک لە ئەڤراهام مەزنترە، ئەگەرنا بەرەکەتی نەدەخستە سەری! 8جگە لەوەش ئەو کاهینانەی لە نەوەی لێڤی هاتوون و بەگوێرەی تەوڕات دەیەک وەردەگرن هەرچەندە مرۆڤن و دەمرن. بەڵام مەلخیسەدەک کە دەیەکی لە ئەڤراهام وەرگرتووە، شایەتی بۆ دەدرێت کە زیندووە. 9باشتێکتان پێبڵێم: تەنانەت لێڤی ئەوەی نەوەکەی کە دەیەک وەردەگرن، ئەویش لە ڕێگەی ئەڤراهامەوە دەیەکی بە مەلخیسەدەک داوە. 10هەرچەندە هێشتا لێڤی لەدایک نەببوو، بەڵام لە پشتی ئەڤراهامی باپیرەیدا ئامادە بوو کاتێک مەلخیسەدەک چاوی پێی کەوت.11تەوراتی موشە هەمووی لەبارەی ڕێوڕسمی کاهینایەتیە کە ئەرکەکانی لەلایەن نەوەکانی لێڤیەوە ئەنجام دەدرا. بەڵام ئەو ڕێکخستنە نەگەیشتە کامڵ بوون بۆ ئەو کەسانەی کە لەسەر بناغەی ئەو ڕێکخستنە خودایان دەپەرست. ئەگینا پێویستی بە دانانی کاهینێکی دیکە نەدەکرد لە پلەی مەلخیسەدەک، نەک لە پلەی ئارون! 12کاتێک هەر گۆڕانکارییەک لە کاهینایەتیدا ڕوودەدات، پێویستە گۆڕانکارییەک لە یاسای کاهینایەتیدا بکرێت.13مەسیح، سەرۆک کاهینمانە، لە هۆزی لێڤی نەبووە، کە کاهینەکانی یەهودیەکان لێیەوە هاتوون. 14لە ڕووی مێژوییەوە ڕوونە کە پەروەردگارمان سەرچاوەی بەجەستە بوونەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ یەهودا. لە تەوڕاتی موشە باسی پەیوەندی نێوان نەوەکانی یەهودا و ئەرکی کاهینایەتی نەکراوە.15ئەوەی بابەتەکە زیاتر ڕوونتر دەکاتەوە ئەوەیە کاهینە نوێیەکە هاوشێوەی مەلخیسەدەکە، 16نەک لەسەر بنەمای تەورات سەبارەت بە ڕەچەڵەکەکەی بەڵکو لەسەر بناغەی ئەو هێزەی لە ژیانیەوە سەرچاوەی گرتووە کە هەرگیز بە سەر ناچێت بووە بە کاهین. 17ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە سروش شایەتی بۆ دەدات و دەڵێت: «تۆ کاهینیت بۆ هەتاهەتایە بە پلەی مەلخیسەدەک!»18بەم شێوەیە ڕوون دەبێتەوە کە ڕێکخستنی کۆنی کاهینایەتی هەڵوەشاوەتەوە، چونکە لاوازو بێ سودبوو. 19تەوڕات نەیتوانی خودا پەرستەکان بەرەوە کامڵی ببات. بۆیە خودا بناغەیەکی نوێی دانا بۆ نزیکبوونەوە لێی، هیوایەکی باشتری پێشکەش کردین.20دانانی مەسیح وەک سەرۆکی کاهین بە سوێند پشتگیری کرا. 21کوڕەکانی لێڤی، بەبێ هیچ سوێندێک بوون بە کاهین. ئەم سوێندە لە قسەکانی خودا ڕوونە: «پەروەردگار سوێندی خواردوە و پاشگەزنابێتەوە: تۆ بۆ هەتاهەتایە کاهینی»22لەسەر بناغەی ئەو سوێندە، یەشوا پەیمانێکی باشتری دەستبەرکرد! 23سەرەڕای ئەمەش، کاهینەکان لە گۆڕاندا بوون، چونکە مردن ڕێگربوو لەمانەوەیان. 24بەڵام مەسیح، بۆ هەتاهەتایە زیندووە، وەک خاوەن کاهینیەتێکی بەسەرنەچوو دەمێنێتەوە!25بۆیە هەمیشە دەتوانێت ئەوانە بە کامڵی ڕزگار بکات کە لە خودا نزیک دەبنەوە. ئەو لە ئامادە بونی خودادا، هەمیشە زیندووە بۆیان دەپارێتەوە و بەرگرییان لێدەکات! 26بەڵێ، ئەمە ئەو سەرۆک کاهینەیە کە پێویستمان پێی بوو. ئەو پیرۆزە، کەموکوڕی تێدانیە، بێگەردە، لە گوناهباران جیابۆوە و بەرز بۆوە بەرزتر لە ئاسمانەکان.27ئەو پێویستی بەو شتە نییە کە هەموو سەرۆک کاهینێک لە کۆندا پێویستیان پێی بوو: ڕۆژانە قوربانی پێشکەش بکات بۆلێخۆشبونی گوناهەکانی خۆی سەرەتا، پاشان بۆ گوناهەکانی گەل، چونکە جارێک قوربانی بۆ گوناهەکانیان کرد، کاتێک لە پێناویاندا خۆی پێشکەش کرد. 28کەواتە، تەوڕات هەموو سەرۆک کاهینەکانی لە نێو خەڵکی لاوازەوە دەستنیشان دەکرد. سەبارەت بە وشەی سوێند کەدوای تەوڕات هات، ڕۆڵەی خودای دانا کە بە تەواوی شایستەی ئەرکەکەی بوو، وەک سەرۆک کاهین بۆ هەتاهەتایە!
1پوختەی قسەکەم ئەوەیە، مەسیح ئەو سەرۆک کاهینمانە، کە لێرەدا باسی کاهینیەکەمان کرد. ئێستا لە ئاسمان لە ڕاستەی تەختەی مەزنایەتی خوداییدا دانیشتوە. 2لەوێ ئەرکەکەی جێبەجێ دەکات، لە شوێنی هەرەپیرۆز: لە چادری پەرستنی ڕاستەقینە ئەوەی پەروەردگار دایناوە، نەک مرۆڤ.3ئەرکی هەر سەرۆک کاهینێک پێشکەشکردنی قوربانیە بۆ نزیک بوونەوەی لە خودا. پێویست بوو وەک سەرۆک کاهینەکەمان شتێکی هەبێت پێشکەشی بکات. 4ئەگەر مەسیح زەمینی بووایە، نەدەبووە کاهین. کەسانیتر هەن کە بەگوێرەی تەوڕات، قوربانی دەکەن و تەنیا لە نەوەی لێڤین. 5ئەوان تەنها خزمەت بەو شتانە دەکەن هێما و سێبەری شتە ئاسمانیەکان پێک دەهێنن. ئەمەش ڕوونە پێش ئەوەی موشە چادری پەرستن دروست بکات خودا پێی ڕاگەیاندبوو. بۆیە سروشی بۆ هات و پێی فەرموو: «ئاگاداربە! دەبێت چادرەکە و هەموو شتەکانی ناوی تێدا دروست بکەیت بە گوێرەی ئەو نموونەیەی کە لەسەر چیاکە پیشانم دایت!»6کەواتە سەرۆک کاهینەکەمان خزمەتێکی باشتری لە کاهینایەتی زەمینی بەدەست هێناوە، چونکە ئەو نێوانگیرە پەیمانێکی نوێی ڕاگەیاند، کەباشترە لە پەیمانە کۆنەکە، و ئەو پەیمانە نوێیە بەڵێنی باشتر لەخۆدەگرێت. 7ئەگەر پەیمانی پێشوو بێ کەموکوڕی بوایە، پێویستی بە پەیمانێکیتر نەدەبوو بۆ جێگرتنەوەی.8لە ڕاستیدا خودا لۆمەی گەلەکەی دەکات و دەفەرمووێت: ڕۆژانێک دادێت، پەروەردگار دەفەرموێ پەیمانێکی نوێ لەگەڵ نەوەی یەسرائیل و نەوەی یەهودا دەبەستم . 9ئەو پەیمانە نوێیە وەک ئەو پەیمانە نییە کە لەگەڵ باوباپیرانیان بەستم، کاتێک دەستم گرتن و لە خاکی میسر دەرمهێنان. لەبەر ئەوەی ئەو پەیمانەیان شکاند، منیش فەرامۆشم کردن، پەروەردگار دەفەرموێت!10چونکە ئەمە ئەو پەیمانەیە کە دوای ئەو ڕۆژانە لەگەڵ نەوەی یەسرائیل دەیبەستم، پەروەردگار دەفەرموێت: یاساکانم دەخەمە ناو ویژدانیان و لەسەر دڵیان دەیاننووسم، من دەبمە خودایان و ئەوانیش دەبنە گەلی من.11دوای ئەوە، کەس فێری براکەی ناکات و بڵێت: پەروەردگار بناسە! لەبەر ئەوەی هەموویان من دەناسن، لە بچوکترینەوە تا گەورەترین. 12چونکە لە تاوانەکانیان خۆش دەبم و ئیتر گوناهه و سەرپێچییەکانیان بەبیر خۆم ناهێنمەوە!»13خودا کە باسی پەیمانی نوێ دەکات، واتا پەیمانەکەیتر کۆن بووە. سروشتیە هەر شتێک کۆن و پیر ببێت، مانای وایە بەرەو لەناوچوونە!
1لە پەیمانی کۆن ڕێوڕەسم و یاساو ڕێکخستنی پەرستنی خودا لە چادرێکی پیرۆزدا لەسەر ئەم زەوییە دانرا، 2ئەم چادرە گەورە دوو بەشبوو بە پەردەیەک لەیەکتر جیاکرابوونەوە. بەشی یەکەم کە ناوی «پیرۆزەکە» بوو، چرادانێکی زێڕین و مێزێکی تێدابوو کە نانی نزیکبوونەوە لە خودای لەسەر دانرابوو.3بەشی دووەم دەکەوێتە پشت پەردەکەوە، ناوی «پیرۆزی هەرە پیرۆزەکان»، 4بخوردانێکی لە زێڕ دروستکراوی تیادابوو، تابوتێک کە هەمووی بە زێڕ ڕوپۆشکرابوو پێی دەگووترێت «سندووقی پەیمان». لەناو سندووقەکە قاپێک لەزێڕ دروستکرابوو هەندێک مەنی تێدابوو. گۆچانەکەی ئارۆن کە گەڵای سەوزی دەرکردبوو؛ لەگەڵ دوو تەختە بەردەکە کە فەرمانەکانی پەیمانیان لەسەر هەڵکەندرابوو. 5لەسەر سندووقەکە، دوو کەڕوبی شکۆمەندی (پەیکەری دوو فریشتە) هەبوون، بە باڵەکانیانەوە سێبەریان کردبووە سەر قاپەکەی کە پێی دەگوترا «کورسی بەزیی»، لێرەدا، ئەو وردەکارییە بەسە. دەرفەت نیە زیاتربەوردی باسی بکەین.6بەو پێیەی ئەم شتانە بەم شێوەیە ڕێکخرابوو، کاهینەکان دەچوونە ناو بەشی یەکەم، لەوێ ئەرکەکانی خزمەتەکەیان جێبەجێ دەکرد. 7بەڵام بەشی دووەم، تەنها سەرۆک کاهینەکە دەچووە ژوورەوە، ساڵانە جارێک. پێویست بوو لەسەری خوێن هەڵبگرێت و بیپرژێنێتە سەر کورسی بەزەیی وەک قوربانی بۆ خۆی و بۆ ئەو تاوانانەی کە گەلەکەی بە نەزانی کردویانە.8بەم شێوەیە گیانە پیرۆزەکە ئاماژە بەوە دەکات ڕێگای «پیرۆزی هەرە پیرۆزەکان» ی، ڕاستەقینە لە ئاسمان هێشتا نەکرابۆوە. چونکە نشینگەی یەکەم هێشتا مابوو. 9ئەوە هێمای سەردەمی ئێستایە کە بەگوێرەی ڕێکخستنی پەیمانی کۆن قوربانی پێشکەش دەکرێت. بەڵام ناتوانێت ویژدانی ئەوانە پاک بکاتەوە کە لەو ڕێگەیەوە لە خودا نزیک دەبنەوە، هەروەها ناتوانێت بەرەو بێتاوان بوونیان ببات و ویژدانیان پاک بکاتەوە. 10بەو پێیەی پەیمانەکەی پێشوو سنووردار بوو بە قەدەغەکردنی هەندێک خواردن و خواردنەوە و ڕێگەپێدانی بە هەندێکیتر، دانانی ڕێسا و یاسا تایبەت بە ئەنجامدانی شۆردنو ڕێوڕەسمی جیاواز. بەڵکو هەموو ئەو شتانەی لەو یاسای جەستەیی بوون کە کاتی چاکسازی هات کارەکانیان کۆتایی پێهات.11لەبەر ئەوەی بەرەکەتە ئاسمانییەکان لە مەسیحدا بەدیهات. ئێستا سەرۆک کاهینمانە ئەرکی خۆی لە چادرە ڕاستەقینەکەدا ئەنجام دەدات، کە لە چادرە زەمینیەکە گەورەتر و کامڵترە. لە ئاسماندایە. بە دەستی مرۆڤ دروست نەکراوە سەر بەم جیهانە نیە. 12لەم چادرەدا، مەسیح جارێک هاتە ناو «پیرۆزی هەرە پیرۆزەکان»، خوێنی خۆی هەڵگرتبوو، نەک خوێنی بزن و گۆیرەکە. ئەمەش دوای ئەوە بوو لەبری ئێمە خوێنی خۆی ڕشت. قوربانی هەتاهەتایی بۆمان دەستبەرکرد.13هیچ سەیر نییە! بە پێی ڕێکخستنی پێشوو خوێنی گا و بزن لەگەڵ خۆڵەمێشی گۆیرەکە بەسەر گڵاوەکاندا دەپڕژێنرا، جەستەیانی پاک دەکردەوە. 14خوێنی مەسیح کە بە گیانێکی ئەزەلی خۆی پێشکەش بە خودا کرد وەک قوربانییەکی بێ تاوان، چەندە زیاتر ویژدانمان لە کارە مردووەکان پاک دەکاتەوە بۆ ئەوەی خودای زیندوو بپەرستین. 15بۆیە، مەسیح ڕێکخەری پەیمانی نوێیە. تاکو بانگکراوان بەڵێنی میراتی هەتاهەتایی وەربگرن، چونکە مردنەکەی بەهای خوێنە بۆ ئازادکردن لەو گوناهانەی کە لە پەیمانی یەکەمدا کردوویانە.16کاتێک یەکێک دەمرێت و وەسیەتنامەێک بەجێدەهێڵێت، دەبێت مردنەکەی بسەلمێنرێت بۆ ئەوەی سوود لە وەسیەتنامەکەی وەربگیرێت. 17کەواتە وەسیەتنامەکە هیچ هێزێکی نییە تا خاوەنەکەی لە ژیاندا بێت. وەسیەتنامە تەنها بە مردنی خاوەنەکەی دەسەلمێنرێت.18بەم شێوەیە، پەیمانی کۆنیش جێبەجێ نەکرا تەنها بە پڕژاندنی خوێن نەبێت. 19موشە هەموو فەرمانەکانی تەوڕاتی بۆ گەلەکەی خوێندەوە. خوێنی گوێرەکە و بزن هەندێک ئاویش، خوری سور و گیای زوفای لەگەڵ خۆی برد بە سەر پەرتوکی تەوڕات و گەلەکەیدا پڕژاند. 20گووتی: ئەمە خوێنی ئەو پەیمانەیە کە خودا ڕایسپاردوون جێبەجێی بکەن.21هەروەها خوێنی بەسەر چادرەکەی، پەرستن و کەرەستەکانی خزمەتکردن کە لە ناویدابوون پڕژاند. 22بەگوێرەی تەوڕات نزیکەی هەموو شتێک بە خوێن پاک دەبێتەوە. لێخۆشبوونی گوناهەش بەبێ رشتنی خوێن نابێت!23بەو پێیەی پاککردنەوەی چادرە زەمینیەکە پێویستی بە پڕژاندنی خوێنی قوربانی ئاژەڵەکان بوو، چادرە ڕاستەقینەکە خوێنی قوربانێکی باشتری دەویست لە قوربانیەکەی دیکە. 24مەسیح، سەرۆک کاهینەکەمان، نەچووە ناو «پیرۆزی هەرە پیرۆزییەکان»ی زەمینی، کە بە دەستی مرۆڤ دروستکراوە و تەنها سێبەری ڕاستییەکە، بەڵکو چوە ناو ئەوەی ئاسمان، کە ئێستا نوێنەرایەتیمان دەکات لەئامادەیی خودی خودادا.25ئەو نەچووە ژورەوە بۆ ئەوەی چەندجارێک خۆی وەک قوربانی پێشکەش بکات، وەک چۆن کاهینی باڵا لەسەر زەوی ساڵانە جارێک بە خوێن دەچووە ناو «پیرۆزی هەرە پیرۆزییەکان» بەخوێنێک کە خوێنی خۆی نەبوو 26ئەگەرنا مەسیح لە سەرەتای دامەزراندنی جیهانەوە چەندین جار ناچار دەبوو لە ئازاردا بمرێت! بەڵام ئێستا، لە کۆتایی زەماندا، جارێک دەرکەوت بۆ ئەوەی هێزی گوناهە پووچەڵ بکاتەوە بە پێشکەشکردنی خۆی وەک قوربانییەک بۆ خودا.27وەک چۆن بۆ چارەنووسیی مرۆڤەکان دانراوە جارێک بمرن و دواتر لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت، 28بە هەمان شێوە مەسیح: جارێک مرد خۆی کردە قوربانی و گوناهەی زۆرینەی هەڵگرت، لەجیاتی ئەوان خۆی پێشکەشکرد. و دەبێت دووبارە دەربکەوێتەوە. نەک بۆ چارەسەرکردنی گوناهەکان، بەڵکو بۆ ڕزگارکردنی یەکجارەکی بۆ هەموو ئەوانەی چاوەڕێی دەکەن!
1یاسای موشە سێبەرێکی لاوازی ئەو شتە باشانەی لەخۆگرتبوو کە مەسیح دەیهێنا، وێنە ڕاستیەکەی وەک خۆی پیشان نەدەدا. بۆیە نەیتوانی ئەو کەسانە بگەیەنێتە کامڵ بوون کە لەو ڕێگەیەوە لە خودا نزیک دەبوونەوە، هەمیشە هەمان قوربانی ساڵانەیان پێشکەش دەکرد، 2ئەگینا هیچ هۆکارێک نەدەبوو بۆ بەردەوام بوون لە پێشکەشکردن! چونکە ویژدانی خوداپەرستان، کاتێک یەکجار بەتەواوی پاککرانەوە، چیتر پێویست ناکات بۆ جاری دووەم پاکبکرێنەوە: هەستکردن بە تاوانباری نامێنێت. 3بەڵام قوربانیکردنی دووبارەی ساڵانە، گوناهەکانیانی بیردەخستنەوە. 4چونکە ئەستەمە خوێنی گا و بزن گوناهی مرۆڤەکان لاببات.5بۆیە کاتێک مەسیح هاتە سەر ئەم زەوییە فەرمووی: قوربانی و پێشکەشکردنەکان ئەوەیە کە من ویستم. بەڵام تۆ جەستەیەکی مرۆڤت بۆ ئامادە کردم. 6بەو ئاژەڵانە کە لەبەردەمتدا وەک کەفارەتی گوناه سەربڕدرابوون و سووتێنران رازی نەبوویت. 7پاشان گووتم: من لێرەم هاتووم بۆ ئەوەی ویستی تۆ جێبەجێ بکەم خودای من. ئەوەی لە پەرتووکەکەدا دەربارەی نووسراوە!»8دوای ئەوەی مەسیح نارەزایەتی خودای لە قوربانی و پێشکەشکراوەکان دەربڕی لەگەڵ ئەوەی بەگوێرەی تەوڕات پێشکەش دەکران. 9جارێکیتر دەفەرموێت: «ئەوەتا هاتوم ئەوکارە بکەم کەدەتەوێت !» کەواتە، ڕێسای یەکەم لادەبات و ڕێسایێکی نوێ لە شوێنی دادەنێت. 10بەهۆی ئەو خواستە خوداییەی، ئێمە پیرۆز بووین کە یشوای مەسیح، جارێک، جەستەی خۆی لە جیاتی ئێمە پێشکەش کرد!11لە کۆندا هەموو کاهینێک ڕۆژانە لەبەردەم قوربانگاکەدا هەمان ئەو قوربانیانەی پێشکەشی خودا دەکرد، کە هەرگیز نەیان دەتوانی گوناهە لابەرن. 12بەڵام مەسیح، سەرۆک کاهینەکەمان، یەک قوربانی بۆ گوناهەکانمان پێشکەش کرد، پاشان بۆ هەتاهەتایە لە ڕاستەی خودادا دانیشت، 13چاوەڕێیە هەموو دوژمنەکانی ببنە تەختەی پێیەکانی. 14چونکە بە یەک قوربانی ئەوانەی پیرۆزی کردن بۆ هەتاهەتایە کامڵی کردن.15گیانە پیرۆزەکە خۆی شایەتیمان بۆ ئەدا بۆ ئەم ڕاستییەیە. کاتێک بۆ یەکەمجار فەرمووی: 16ئەمە ئەو پەیمانەیە کە دوای ئەو ڕۆژانە لەگەڵیان دەیبەستم، پەروەردگار دەفەرموێت: وشەکانم دەخەمە دڵیانەوە، و لەهزریاندا دەیان نووسم».17پاشان دەفەرموێت: «هەرگیز گوناه و سەرپێچییەکانیان بە بیری خۆم ناهێنمەوە». 18کاتێک لێخۆشبون بۆ گوناهەکان دەستەبەرکرا، ئیتر پێویست بە پێشکەشکردنی قوربانی ناکات!19ئێستا برایان، مافی ئەوەمان هەیە بە متمانەوە نزیک ببینەوە لە «پیرۆزی هەرە پیرۆزەکان» (لە ئاسمان) بە خوێنی یەشوا. 20بە پیادەکردنی ئەم ڕێگا نوێیە زیندووە مەسیح ئەوپەردەیەیی دوولەتکرد، واتە بە جەستەی خۆی. 21کاهینێکی مەزنمان هەیە کە دەسەڵاتدارە بەسەر ماڵەکەی خودادا. 22با بە دڵێکی ڕاست و بەباوەڕ و متمانەیەکی کامڵەوە لێی نزیک ببینەوە، دوای ئەوەی بە پڕژاندی خوێن دڵمانی پاککردەوە لە هەستکردن بە تاوان، وە بە ئاوێکی پاک جەستەمانی شۆرد.23با هەمیشە دەست بەو هیوایەوە بگرین و دانی پێدابنێین، بێگومان بین کە دێتە دی، چونکە ئەوەی بەڵێنی پێداوین سەرڕاست و ڕاستگۆیە. 24لەسەرمانە کە هەریەکەمان ئاگاداری ئەوەیتر بێت، بۆ ئەوەی هانی یەکتری بدەین بۆ خۆشەویستی و کاری چاکە. 25پێویستە، واز لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ یەکتر نەهێنین، وەک هەندێکتان ڕاهاتون. چونکە ئێوە شایانی ئەوەن کە هاندەری یەکتربن، و بەردەوام بن لەسەری وە دەبینن ڕۆژەکە نزیک دەبێتەوە.26ئەگەر ئێمە بە ئەنقەست گوناهمان کرد بە ڕەتکردنەوەی مەسیح دوای ئەوەی ڕاستیمان ناسی، هیچ قوربانییەک نیە بۆ لێخۆشبوونی گوناهەکان، 27بەڵکو چاوەڕوانی سزای بڵێسەی ئاگریین کە یاخیبووان دەخوات. چاوەڕوانییەکی چەندە ترسناکە!28دەزانن ئەوەی تەوڕاتی موشەی پێشێل دەکرد سزاکەی مردن بوو بێ بەزەییانە، بەمەرجێک تاوانەکەی دوو سێ شایەتی هەبووبێت. 29کەواتە بە بۆچونی ئێوە سزای ئەوە چەندە کە ڕۆڵەی خودا پێشێل دەکات، و کە پێی وایە خوێنی پەیمانەکە، کە بەهۆیەوە پیرۆز دەکرێت، خوێنێکی گلاوە، بەم شێوەیە بێڕێزی بەگیانی بەخششەکەی دەکات؟30ئێمە دەزانین کێ فەرمووی: «تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزادەدەم، پەروەردگار دەفەرموێت!» وە هەروەها: «پەروەردگار بڕیار لەسەر گەلەکەی دەدات!» 31بەڕاستی چەندە ترسناکە کە بکەویتە دەستی خودای زیندوو!32هەرگیز ئەو ڕۆژانەی ڕابردوو لەبیر مەکەن دوای ئەوەی ڕووناکی باوەڕتان بە مەسیح بەسەرتاندا هەڵهات، بەرگەی تێکۆشانێکی زۆرتان گرت، ئازارێکی زۆرتان چەشت. 33کاتێک توشی سوکایەتی و تەنگانە بوون لەلایەک، لە لایەکی دیکەش لەگەڵ ئەوانە هاوبەشیتان کرد کە بەم شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. 34هاوسۆزی زیندانیەکان بوون، بە خۆشییەوە تاڵانکردنی موڵک و ماڵی خۆتان پەسەندکرد، دەزانن لە ئاسماندا سامانێکی باشتر و نەبڕاوەتان هەیە.35کەواتە، واز لە متمانەکردن بە پەروەردگارمان مەهێنن. پاداشتێکی مەزنتان دەبێت. 36پێویستان بە ئارامی و خۆڕاگرییە بۆ ئەوەی خواستی خودا جێبەجێ بکەن، ئەو بەرەکەتە وەربگرن کە بەڵێنتان پێدراوە. 37بەم نزیکانە دێت، دێتەوە و دەرفەت نادات.38بەڵام هەریەکێک بە باوەڕ ڕاستودروست بێت، بە باوەڕ دەژی. وە هەریەکێک هەڵگەڕێتەوە گیانم پێی شاد نابێت! 39بەڵام ئێمە هەڵگەڕاوە نین تاکوو بەرەو لەناوچوون بچین، بەڵکو سەر بەو باوەڕەین کە بەرەو ڕزگاریمان دەبات!
1چونکە باوەڕ، متمانەیە بەوەی هیوامان پێیەتی، و دڵنیابوونە لەوەی نایبینین لە ڕاستیدا بوونی هەیە. 2بەم باوەڕە پیاوانی خودا لە کۆندا شایەتی باشیان لەبەردەم خودا و خەڵکدا بەدەستهێنا. 3لە ڕێگەی باوەڕەوە تێدەگەین کە هەموو گەردوون بە وشەیەکی فەرمان لەلایەن خوداوە هاتۆتە بوون. تەنانەت جیهانی بیندراوی ئێمەش، لە شتە نەبینراوەکان هاتونە بوون!4بە باوەڕ، هابیل قوربانییەکی باشتری پێشکەش بە خودا کرد لەوەی کە قاین پێشکەشی کرد. لەسەر ئەو بناغەیە، خودا شایەتیدا کە هابیل ڕاستودروستە، ئەو قوربانییەی پێشکەشی کرد پەسەند کرا. هەرچەندە هابیل کوژرا، بەڵام هێشتا باوەڕەکەی پەندە بۆمان.5بە باوەڕ، خەنۆخ بەبێ ئەوەی بمرێت چووە ناو ئامادەیی خوداوە. لەسەر ئەم زەوییە ونبوو چونکە خودا بردییە لای خۆی. پێش ئەوەی ئەوە ڕووبدات، شایەتی بۆدرا کە خودای ڕازی کردووە. 6ئەستەمە خودا ڕازی بکەیت بەبێ باوەڕ. چونکە هەریەکێک لە خودا نزیک بێتەوە، دەبێت باوەڕی بەوە هەبێت کە خودا بوونی هەیە و پاداشتی ئەو کەسانە دەداتەوە کە بەدوایدا دەگەڕێن.7بە باوەڕ نواخ، کاتێک خودا لە ڕێگەی سروشەوە ئاگاداری کردەوە لە لافاوەکەی داهاتوو، ترسی خودا هانیدا کە کەشتییەکی گەورە دروست بکات وەک ئامرازێکی ڕزگارکەر بۆ خۆی و خێزانەکەی، هەرچەندە پێشوتر لافاوی نەبینبوو. بەم کارە، جیهانی تاوانبارکرد و بوو بە میراتگری ڕاستودروستی لە سەر بناغەی باوەڕ.8بەباوەڕ، ئەڤراهام وەڵامی بانگەوازی خودای دایەوە، وڵاتەکەی بەجێهێشت و چوە خاکێکی تر، کە خودا بەڵێنی پێدا بە میرات پێیبدات. کاتێک ماڵەکەی بەجێهێشت نەیدەزانی بەرەو کوێ دەڕوات. 9بەباوەڕ، وەک نامۆیەک لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکیتر لەو خاکەی کە خودا بەڵێنی پێدابوو وەک ئەوەی خاکێکی نامۆ بێت گەشتی دەکرد، لەگەڵ یتساخ و یاکۆڤ، لە چادرەکاندا دەژیان، کە هاوبەشی بوون لە میراتگری هەمان بڵێن. 10چونکە چاوەڕێی چوونە ناو شارە ئاسمانییەکە بوون ئەوەی بناغەیەکی جێگیری هەیە، کە دروستکەر و بنیاتنەرەکەی خودایە.11هەروەها بەهۆی باوەڕەوە، سارای، هاوسەری ئەڤراهام، توانی کوڕێکی ببێت هەرچەندە تەمەنی دووگیانی تێپەڕاندبوو. لە بەر ئەوەی متمانەی بە خودا هەبوو، ئەو بەڵێنەی کە پێیدابوو بۆی دینێتە دی. 12بەم شێوەیە لە ئەڤراهام کوڕێکی بوو هەرچەندە توانای نەوە خستنەوەی نەبوو، گەلێکی گەورە «هێندەی ئەستێرەکانی ئاسمان، و لمی کەناری دەریا، بێ شومار بوون».13ئەوانە تا کۆتایی، باوەڕەکەیان پاراست. پێش ئەوەی بەڵێنەکەی خوداش بۆیان بێتە دی لەژیاندابوون. بەڵام ئەوان لە دوورەوە بینیویانە، وچاوەڕێ بوون لە داهاتوودا بە تەواوی بەدەستی بهێنن. چونکە باوەڕیان بەو بەڵێنە خوداییە هەبوو زانیان ئەوان نامۆن لەسەر زەوی کە بە سەردان هاتون و تێیدا تێپەڕدەبن. 14ئەوەش ئەومان پێدەڵێت، ئەوان چاویان لەسەر نیشتیمانی ڕاستەقینەی خۆیان بوو.15ئەگەریادی ئەو نیشتمانە زەمینیەیان بکردایەتەوە کە جێیان هێشتبوو، ئەوا دەرفەتیان دەقۆستەوە و بۆی دەگەڕانەوە. 16بەڵام، نەخێر، ئێستا ئەوان چاوەڕوانی نیشتمانێکی باشترن، واتە نیشتمانی ئاسمانی. بەهۆی باوەڕەکەیانەوە خودا شەرم ناکات ناوی لێ بنرێت خودای ئەوان، چونکە شارێکی بۆ ئامادە کردوون!17بەباوەڕ، ئەڤراهام کاتێک خودا تاقیکردەوە، یتساخی کوڕی پێشکەش کرد. چونکە بەڵێنەکانی خودای پەسەند کرد، کوڕە تاقانەکەی کردە قوربانی، 18هەرچەندە خودا پێی فەرموو بوو: «لە ڕێگەی یتساخەوە نەوەیەکت لێدەکەوێتەوە کە ناوی تۆ هەڵدەگرن!» 19ئەڤراهام باوەڕی هەبوو کە خودا دەتوانێت یتساخ لە مردن هەستێنێتەوە. ڕاستییەکە ئەوەیە ئەڤراهام کوڕەکەی لە مردن گەڕاندەوە، وەک نموونە یان هێمایەک.20بە باوەڕ، یتساخ بەرەکەتی بە یاکوڤ و ئیساڤ بەخشی. 21بە باوەڕ، یاکوڤ پێش مردنی، بەرەکەتی خستە سەر هەریەک لە کوڕەکانی یۆسپ، و خۆێ بەسەر گۆچانەکە داداو کڕنۆشی برد. 22بە باوەڕ، یۆسپ پشتی بە بەڵێنی خودا بەست کە نەوەی یەسرائیل لە خاکی میسر دەربهێنێت، ڕاسپاردەیەکی بەجێهێشت ڕوفاتەکەی لەگەڵ خۆیان ببەنەوە.23بە باوەڕ موشە تا تەمەنی سێ مانگ لە لایەن دایک و باوکی شاردرایەوە، چونکە وەک منداڵێکی جوان دەیانبینی، لەو فەرمانەی پاشا نەترسان کە پاشا دەریکردبوو. 24بەباوەڕ، موشە کە گەورە بوو، ڕەتیکردەوە بە کچەزای فیرعەون بانگ بکرێت. 25لەبری ئەوەی بۆ ماوەیەکی کاتی چێژ لە گوناهه وەربگرێت، ئەوەی هەڵبژارد لەگەڵ گەلی خودا لە تانگانەدا بێت. 26ڕسوابوونی لەپێناو مەسیح، بە سامانێکی مەزنتر لە گەنجینەکانی میسر دەزانی، چونکە چاوەڕێی پاداشتەکەی دەکرد.27بە باوەڕ میسری بەجێهێشت، لە تووڕەیی پاشا نەترسا. بەردەوام بوو لە جێبەجێ کردنی بڕیارەکەی، وەک ئەوەی خودای نەبینراو لە پاڵی بێت. 28بە باوەڕ جەژنی پەسخەی کردو خوێنەکەی پرژاند، بۆ ئەوەی لەناوبەر دەست لە هیچ کام لە ڕۆڵەی گەلەکەی نەدات.29بە باوەڕ گەلەکەی بە دەریای سوردا تێپەڕین وەک ئەوەی زەوییەکی وشک بێت. سەبارەت بە میسرییەکان، کاتێک ئەویان تاقیکردەوە خنکان! 30بە باوەڕ شووراکانی شاری یەریخۆ ڕووخا دوای ئەوەی گەلەکەی ماوەی حەوت ڕۆژ بە دەوریدا دەسووڕانەوە. 31وەک پاداشتی باوەڕ، ڕاخابی لەشفرۆش لەگەڵ یاخیبووەکاندا لە مردنێکی دڵنیا ڕزگاری بوو، دوای ئەوەی بە ئاشتی پێشوازی لە سیخوڕەکان کرد.32ئایا هێشتا پێویست بە نمونەی زیاتر هەیە؟ کاتێکی تەواوم نییە بۆ ئەوەی هەواڵەکانی باوەڕ بگێڕمەوە دەربارەی: گەدعۆن، باراخ، شەمشۆن، یەفتاخ، داڤید، شمۆئیل و پێغەمبەران. 33ئەمانە بە باوەڕ بەسەر شانشینی دوژمندا زاڵ بوون و بە دادپەروەرانە دادوەریان کرد و ئەوەی خودا بەڵێنی پێدابوون بەدەستیان هێنا. بەوە دەمی شێرەکانیان بەست، 34هێزی ئاگریان پووچەڵکردەوە و لە کوژرانیان بە شمشێر لە مردن ڕزگاریان بوو. هەروەها بەوە هێزیان بەدەستهێنا دوای لاوازیان و لە شەڕەکاندا، بەهێز بوون و سوپای نامۆکانیان گەڕاندەوە دواوە.35بە باوەڕ، ژنان مردووەکانیان وەرگرتەوە زیندووکرانەوە. هەندێکی تریش هەبوون کە ئەشکەنجە دەدران، ڕەتیانکردەوە ئازاد بکرێن، بۆ ئەوەی زیندووبوونەوەیەکی باشتر بەدەستبهێنن. 36هەندێکیان ڕووبەڕووی گاڵتەکردن و لێدان، و تەنانەت کۆت و بەند و زیندانیکردن بوونەوە. 37بەردباران کران؛ بە مشار دوولەت کران؛ بە شمشێر کوژران. بە پێستی مەڕ و بزنەوە دەگەڕان، لانەواز کران و چەوسێندرانەوەو خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا. 38جیهان شایستەی ئەوان نەبوو، وەک چۆن لە دەشتایی و شاخ و ئەشکەوتەکاندا سەرگەردان بوون.39ئەم خەڵکانە هەموو ئەو شتانەیان بەدەست نەهێنا کە خودا بەڵێنی پێدابوون، هەرچەندە شایەتحاڵی باشیان هەبوو سەبارەت بە باوەڕەکەیان. 40بەو پێیەی خودا شتێکی باشتری بۆ داڕشتبووین بۆ ئەوەی تەنها لەگەڵ ئێمەدا کامڵ ببن.
1مادام ئێمە بە هەورێکی وەها گەورەی شایەتحاڵ دەورە دراوین، با هەموو شتێک کە ڕێگری دەکات، و ئەو گوناهە فڕێ بدەین کە ئەوەندە بە ئاسانی تێکەڵ دەبێت، وە با بە کۆڵنەدان لەو پێشبڕکێیە ڕابکەین، کە بۆمان دیاری کراوە، 2بەردەوام چاومان لە یەشوایە: پێشەنگ و تەواوکەری باوەڕمان. کە بەرگەی مردنی گرت بە خاچ، گرینگی بەو شەرمەزارییە نەدا کە لە خۆی گرتبوو، ئەو سەیری ئەم خۆشیەی دەکرد کە چاوەڕێی بوو، پاشان لە ڕاستەی تەختی خودا دانیشت. 3بە وردی بیر لەوە بکەنەوە بەرگەی چی گرتوە بەو مامەڵە توندوتیژییەی گوناهباران لەگەڵیان کردووە، بۆ ئەوەی ماندوو نەبن و نەڕوخێن!4هێشتا بەرەنگاری گوناهە نەبوونەتەوە تا ئەو ڕادەیەی خوێنتان بڕێژیت. 5ئەو ئامۆژگاریەی خوداتان لەبیر کردووە کە وەک منداڵەکانی خۆی لەگەڵتان دەدوێت؟ کە دەفەرموێت: «ڕۆڵەکەم، سەرزەنشتکردنی پەروەردگار بە کەم مەزانە. ورە بەرمەدە کاتێک سەرزەنشتت دەکات لەسەر هەڵەیەک. 6چونکە ئەوەی پەروەردگار خۆشی بوێت تەمبێی دەکات. وە هەریەکێک بە ڕۆڵەی خۆی بزانێت بە قامچی لێیدەدات!»7کەواتە، بەرگەی تەمبێکردنی پەروەردگار بگرن. کە وەک ڕۆڵەکانی خۆی مامەڵەتان لەگەڵ دەکات: چ ڕۆڵەیەک هەیە باوکی تەمبێی نەکات؟ 8ئەگەر ئەو تەمبێکردنە وەرنەگرن کە هەموو ڕۆڵەکانی خودا تێیدا هاوبەشن، ئەمە مانای ئەوەیە کە ئێوە زۆڵن و ڕۆڵەی ئەو نین.9باوکە زەمینیەکان کە منداڵ بووین تەمبێیان دەکردین، ئێمەش ڕێزمان لێدەگرتن. دەبێ ئێستا چەندە زیاتر ملکەچی باوکی گیانیمان بین، بۆ ئەوەی بە باشتر بژین؟ 10باوکانمان بۆ ماوەیەک تەمبێیان کردین، بەو شێوەیەی کە بە گونجاویان دەزانی. بەڵام خودا هەمیشە لە پێناو بەرژەوەندی ئێمەدا تەمبێمان دەکات: بۆ ئەوەی هاوبەشی بین لە پیرۆزییەکەیدا. 11بێگومان هەموو تەمبێکردنێک نابێتە هۆی خۆشی، بەڵکو هۆی دڵ تەنگی. بەڵام پاشان، بە ئاشتیانە بەرهەمی ڕاستودروستی لەوانە بەرهەم دەهێنێت کە وەری دەگرن.12بۆیە دەستە لەرزاو و ئەژنۆی لاوازتان بەهێز بکەن. 13ڕێگای یەکسان بۆ پێیەکانتان دروست بکەن، بۆ ئەوەی شەلەکان کەم ئەندام نەبن، بەڵکو چاک ببنەوە!14با ئامانجتان ئەوەبێت لەگەڵ هەموو خەڵکیدا لە ئاشتی دابن، ژیانێکی پیرۆز بژین، بەبێ پیرۆزی هیچ یەکێک ناتوانێت پەروەردگار ببینێت. 15ئاگاداربن هیچ کام لە ئێوە خۆی لەبەخششەکانی خودا بێبەش نەکات، نەک ڕەگی تاڵیتان تیادا داکوتێت و سەرلێشێواوی دروست بکات و زۆرێکتان پیس بکات. 16وە ئاگاداربن لە ناوتاندا کەسێکی داوێنپیس، یان وەک ئیساڤ لە خودا بێباک نەبێت، کە مافی نۆبەرایەتی خۆی بە ژەمێک خواردن فرۆشت. 17ئێوە باش دەزانن کاتێک ویستی ئەو بەرەکەتە لە باوکی وەربگرێتەوە، دوای ئەوەی بێڕێزی پێکردبوو، ڕەتکرایەوە چونکە هیچ بوارێکی نەدۆزیەوە بۆ پاشگەزبوونەوە، هەرچەندە بە ڕشتنی فرمێسک داوای بەرەکەتەکەی دەکرد.18ئێوە لە شاخێک نزیک نەکەوتونەتەوە کە دەستی لێبدرێت، کە بە ئاگر داگیرسابێت، نە لە تەم و تاریکی ونەڕەشەبا، 19پاشان دەنگی کەڕەنایەک لێدرا و قسەی ڕوونی لێوە دەردەچوو و ئەوەندە ترسناک بوو ئەوانەی گوێیان لێبوو داوایان لێکرد واز لە قسەکردن بهێنێت. 20چونکە بەرگەی ئەم فەرمانەیان نەدەگرت کە بۆیان دەهات: «تەنانەت ئەو ئاژەڵەی بەر ئەو شاخە بکەوتایە، دەبوایە بەردباران بکرێت و بکوژرێت!» 21لە ڕاستیدا دیمەنەکە ئەوەندە ترسناک بوو، وای لە موشە کرد بڵێت: «زۆر دەترسم، تەنانەت لە ترسان دەلەرزم!»22بەڵکو ئێوە لە چیای سەهیۆن نزیک بوونەتەوە، بۆ شاری خودای زیندوو، یۆرشەلایمی ئاسمانی. ئێوە هاتونە ئاهەنگێک کە ژمارەیەکی بێشوماری فریشتە تێیدا کۆبوونەتەوە، 23بۆ کڵێسایەک کە ڕۆڵە نۆبەرەکانی خودا کۆدەکاتەوە، کە ناوەکانیان لە ئاسماندا نووسراوە. بەڵکو بۆ خودی خودا، دادوەری هەمووان، بۆ گیانی ئەوانەی خودا بیتاوان و کامڵی کردوون. 24بەو شێوەیە ئێوە هاتوونە لای یەشوا، ڕێکخەری پەیمانی نوێ، بۆ خوێنە پڕژاوەکەی، کە قسە دەکات بە داواکاری باشتر لەوەی کە خوێنی هابیل داوای دەکرد.25کەواتە ئاگاداربە ئەو کەسە ڕەت نەکەیتەوە کە قسە دەکات! مادام ئەوانەی ئامادە نەبوون گوێ لەو کەسە بگرن کە لەسەر ئەم زەوییە قسەی لەگەڵ کردوون، هەرگیز لە (سزا) ڕزگاریان نەبووە، چەندە زیاتر دوورین لە ڕزگاربوونمان ئەگەر لەو کەسە دوور بکەوینەوە کە لە خودی ئاسمانەوە قسەمان لەگەڵ دەکات! 26وە کاتێک خودا لە کۆندا قسەی دەکرد، بە دەنگی خۆی زەوی هەژاند، بەڵام ئێستا جارێکیتر دەفەرمووێت: «جارێکیتر، نەک بەتەنها زەوی، بەڵکو ئاسمانەکانیش دەهەژێنم!»27بە گوتنی: «جارێکیتر»، ئاماژە بەوە دەکات کە هەموو ئەو شتانە لا دەبات کە بناغەیەکی تۆکمەیان نییە چونکە دروستکراون، تاکوو ئەو شتانە بمێننەوە کە بناغەیەکی جێگیریان هەیە. 28بەو پێیەی شانشینێکی سەقامگیرمان بەدەستهێناوە کە لە ناوناچێت، با خودا بپەرستین و بە سوپاسەوە خزمەتی بکەین، بە شێوەیەک کە پێی خۆش بێت، بە هەموو ڕێز و ترسێکەوە، 29با لەبیرتان بێت کە خودامان ئاگرێکی سووتێنەرە!»
1بچەسپێن لە خۆشەویستی برایانە. 2میوانداری نامۆکان پشتگوێ مەخەن، چونکە لەو ڕێگەیەوە هەندێک لە پێشینان بەبێ ئەوەی بزانن میوانداری فریشتەیان کردووە.3گرنگی بە بەندکراوەکان بدەن، وەک ئەوەی لەگەڵیان بەندکراوبن. وە هاوسۆزی ستەملێکراوان بن، وەک ئەوەی لەگەڵ ئەوان ستەم لێکراوبن. 4با هەموان ڕێزی هاوسەرگیری بپاڕێزن، نوێنی هاوسەریتان پاک رابگرن. چونکە خودا ئەوانە سزا دەدات کە لەناو گوناهەی بەڕەلایی و داوێنپیسی نوقم دەبن.5لە سەرووی خۆشەویستی پارەوە هەڵسوکەوت بکەن، بەوەی هەتانە ڕازیبن، چونکە خودا دەفەرموێت: «هەرگیز وازت لێناهێنم، و هەرگیز دەست بەردارت نابم!» 6کەواتە دەتوانین، بە هەموو متمانە و بوێرییەکەوە بڵێین: «پەروەردگار لەگەڵمە، لە چی بترسێم! مرۆڤ چیم لێ دەکات؟»7هەمیشە ڕابەرەکانتان لەبیربێت کە فێری وشەی خودایان کردوون. هەڵسوکەوتەکانیان لەبەر چاو بگرن و لاسایی باوەڕەکەیان بکەنەوە. 8یەشوای مەسیح وەک خۆیەتی دوێنێ و ئەمڕۆ و بۆ هەتاهەتایە.9هەڵنەخەڵەتێن و دوای فێرکردنی سەیر و سەمەرە و جۆراوجۆر بکەوەن، چونکە باشترە دڵ بە بەخشش بەهێز بێت نەک بە ڕێکخستنی خۆراکێک کە سوودی نیە، بۆ ئەوانەی پێیەوە پابەندن. 10بەڵام ئێمە، «قوربانگایەک»مان هەیە ئەو کاهینانەی کە خزمەت بە چادرە زەمینییەکە دەکەن مافی خواردنیان نییە. 11لە کۆندا، تەنها سەرۆک کاهین خوێنی ئاژەڵەکانی هەڵدەگرت و دەیهێنایە ناو «پیرۆزی هەرە پیرۆزییەکان»، لەوێ وەک قوربانی گوناهه پێشکەشی دەکرد، لاشەی ئەو ئاژەڵانە لە دەرەوەی ئەو شوێنە دەسوتێندران کە خەڵکەکەی تێیدا نیشتەجێ بوو12هەر بۆیە یەشوا لە دەرەوەی دەروازەی شارەکە ئازاری چەشت، بۆ ئەوەی بە خوێنی خۆی گەل پیرۆز بکات. 13کەواتە با بچینە دەرەوەی ئۆردوگاکە، بەرەو مەسیح بڕۆین و ئامادەبین لەگەڵیدا بەرگەی شەرمەزاری بگرین! 14ئێمە لێرە هیچ شارێکمان بۆ نامێنێتەوە، بەڵام بەدوای ئەو شارەی داهاتوودا دەگەڕێین.15با بە مەسیح، (سەرۆک کاهینەکەمان)، هەمیشە قوربانی سوپاسگوزاری و ستایش پێشکەش بە خودا بکەین، واتە ئەو بەرهەمانەی کە لە دەممانەوە بەرهەم دێت دان بە ناوەکەیدا دەنێت. 16هەروەها کەمتەرخەمی مەکەن لە ئەنجامدانی کاری چاک و یارمەتی ئەوانەش بدەن کە پێویستیان هەیە: چونکە ئەو جۆرە «قوربانیانە» خودا دڵخۆش دەکەن! 17گوێڕایەڵی ڕابەرەکان بن و ملکەچییان بن، چونکە ئەوان چاودێری بەرژەوەندییە گیانییەکانتان دەکەن، هەروەک چۆن یەکێک بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت چاودێری کاروباری خۆی دەکات. پاشان، بەبێ گلەییکردن بە خۆشییەوە ئەرکەکەیان جێبەجێ دەکەن. گلەیی کردنیان هیچ سوودێکی بۆ ئێوە نابێت!18نزامان بۆ بکەن، چونکە بڕوامان هەیە کە ویژدانێکی چاکمان هەیە و ئارەزوی چاکەکردنی هەڵسوکەتمان هەیە لە هەموو شتێکدا. 19بە تایبەتی هیوادارم خودا بە زووترین کات بمگەڕێنێتەوە لای ئێوە.20داوا لە خودا ئاشتی دەکەم، کە یەشوای پەروەردگارمان شوانی گەورەی مەڕەکانی لە مردن زیندوو کردەوە بەهۆی خوێنی خۆیەوە کە پەیمان هەمیشەی پێ مۆر کرد 21بۆ ئەوەی ئامادەتان بکات بە تەواوی خواستی بەدیبهێنن لە هەموو کارێکی چاکدا کە لە ئێمەدا دەیکات بەو شێوەیەی یەشوای مەسیح ڕازییە، با شکۆمەندی بۆ ئەو بێت هەتاهەتایە. ئامین!22برایان، داواتان لێدەکەم، بەرگەی ئەو وشە و ئامۆژگارییانە بگرن کە بە کورتی بۆم نوسیوون! 23با بزانن تیمۆساوسی برامان لە زیندان ئازاد بووە. ئەگەر خێرا بێتە لام، پێکەوە دێین بۆ بینینتان.24سڵاو لە هەموو ڕابەرەکان و هەموو پیرۆزەکراوان بکەن. ئەوانەی لە ناوچەی ئیتالیان سڵاوتان لێدەکەن. 25با بەخشش لەگەڵ هەمووتان بێت!
1لە یاکۆڤەوە، بەندەی خودا و پەروەردگار یەشوای مەسیح، بۆ دوازدە هۆزی یەهود، ئاشتی بۆ ئەوانەی لە هەموو شوێنێک پەرتەوازەن! 2براکانم، کاتێک تاقیکردنەوە و ناخۆشی جۆراوجۆر بەسەرتاندا دێت، وا بزانن رێگایەکە بۆ دڵخۆشیتان. 3وە دڵنیابن کە ئەم تاقیکردنەوەیە لە باوەڕەکەتاندا دانبەخۆداگرتن بەرهەم دەهێنێت.4با خۆڕاگریتان کاری تەواوی خۆی لە ئێوەدا بکات، بۆ ئەوەی پێگەیشتنتان تەواو بێت و بەهێز بن و بتوانن ڕووبەڕووی هەموو بارودۆخەکان ببنەوە. 5ئەگەر هەریەکێک لە ئێوە پێویستی بە داناییە، با داوا لە خودا بکات کە بە دڵسۆزییەوە دەیبەخشێتە هەمووان و سەرزەنشت ناکات. و پێی دەدرێت.6بەڵام، دەبێت بە باوەڕەوە داوای ئەمە بکات، بەبێ هیچ دوودڵی و گومانێک. چونکە ئەوەی گومانی هەیە وەک شەپۆلی دەریا وایە، باکان یاری پێدەکەن و دەیهێنن و دەیبەن! 7ئەو کەسەی گومانی هەیە با بیر لەوە نەکاتەوە کە شتێک لە پەروەردگار وەربگرێت. 8کاتێک مرۆڤ دوو بۆچوونی هەبێت، لە هەموو کاروبارەکانیدا پابەند نابێت بە بڕیارێکەوە.9ئەوەی هەژارە و باوەڕدارە، دەبێ شانازی بە پێگە بەرزەکەیانەوە بکەن. 10سەبارەت بە دەوڵەمەند، دەبێت ئەوە بزانێت کە سامانەکەی لە خودا بێ نیازی ناکات: چونکە وەک گوڵی گژوگیا لە ناو دەچێت. 11کاتێک خۆربە دەریا سووتێنەرەکەیەوە دەدرەوشێتەوە، ئەم گیایانە وشک دەبن، و گوڵەکانیان هەڵدەوەرێت، و جوانی دیمەنەکەیان کاڵ دەبێتەوە. بەم شێوەیە دەوڵەمەندەکان لە ڕێگاکانیاندا تیادەچن!12بەختەوەرە ئەو کەسەی بە خۆڕاگری بەرگەی ناخۆشییەکان دەگرێت. بۆیە، دوای ئەوەی بە سەرکەوتوویی لە تاقیکردنەوەکە دەرچوو، «تاجی ژیان» وەردەگرێت کە پەروەردگار بەڵێنی بەو کەسانە داوە کە خۆشیدەوێن! 13ئەگەر کەسێک لەگەل هەندێک تاقیکردنەوە روبەرو بۆوە ، با نەڵێت: «من لەلایەن خوداوە تاقیکرامەوە!» چونکە خودا بە خراپە تاقی ناکرێتەوە و ئەو هیچ کەسیش تاقی ناکاتەوە.14بەڵام مرۆڤ کاتێک بە ئارەزوەکەیەوە فریو دەخوات، دەکەوێتە ناو تاقیکردنەوە. کاتێک بە ئارەزو دووگیان دەبێت، گوناهە لەدایک دەبێت. 15کاتێک گوناهە پێدەگات، مردن بەرهەم دەهێنێت. 16کەواتە برا خۆشەویستەکانم، بەلاڕێدا مەڕۆن:17هەموو بەخششێکی باش و بەخششێکی تەواو لە سەرەوە دێتە خوارەوە، لە باوکی ڕووناکییەکانەوە کە هیچ گۆڕانکاری، و تاریکی تێدا نییە چونکە نەگۆڕە. 18ئەویش دەیەوێت ئێمە بکاتە ڕۆڵەی خۆی، بە وشەی ئەو لەدایک بووین، وشە ڕاستەکە. ئامانجی ئەوە بوو ئێمە یەکەم بەرهەمی بەدیهێنراوەکانی بین.19هەر بۆیە، برا خۆشەویستەکانم، هەریەکێکتان خێرا بێت لە گوێگرتن، پەلە نەکەن لە قسەکردن، و لە سەر خۆ بن. 20ئەگەر مرۆڤ، توڕە بوو، ئەو چاکەیە ناکات کە خودا دەیەوێت. 21کەواتە، ڕزگارتان دەبێت لە هەموو پیسی و زیادبوونی خراپەکاری لە ژیانتاندا. بەڵکو ئێوە بە وەرگرتنی ئەو وشەیەی کە خودا لە دڵتان چاندوویەتی، بە نەرمی ئەو وشەیە وەربگرن.22تەنها گوێی لێ مەگرن، بەڵکو ئەنجامدەری وشەکە بن، ئەگینا خۆتان فریو دەدەن. 23ئەوەی گوێی لە وشەکە بێت و کاری پێنەکات، وەک کەسێک وایە کە سەیری ئاوێنە بکات و ڕوخساری خۆی تێدا ببینێت. 24دوای ئەوەی خۆی دەبینێت، دەڕوات و یەکسەر وێنەکەی لەبیر دەکات. 25سەبارەت بەو کەسەی کە بە وردی سەیری یاسا تەواوەکە دەکات، وە یاسای ئازادی، لەوەدا بەردەوام بێت، وەک ئەو کەسە وایە کە وشەکە جێبەجێ دەکات نەک وەک ئەوەی بیبیستێت و لەبیری بکات، چونکە خودا لە هەموو کارێکدا بەرەکەتی زۆری پێدەبەخشێت.26ئەگەر کەسێک وابزانێت کە باوەڕدارە، بەڵام بەسەر زمانتدا زاڵ نەبیت، ئەوە دڵی خۆی فریو دەدات، باوەڕدارییەکەی هیچ سوودێکی نییە! 27ئایینی پاک و پاک، لە چاوی خودای باوکدا، لە سەردانیکردنی هەتیو و بێوەژنەکاندا دەردەکەوێت بۆ یارمەتیدانیان لە تەنگانەدا، هەروەها لە پاراستنی گیان لە پیسبوون بە گەندەڵی جیهان.
1ئەی برایان، بە لەبەرچاوگرتنی باوەڕتان بە پەروەردگارمان یەشوای مەسیح، پەروەردگاری شکۆمەند، بە لایەنگری و جیاکاری لەگەڵ خەڵکدا مامەڵە مەکەن! 2گریمان دوو کەس هاتنە ناو کۆبوونەوەکەتانەوە، یەکێکیان دەوڵەمەند بوو، جل و بەرگی گرانبەهای لەبەردا بوو و پەنجەکانی بە ئەڵقەی زێڕین ڕازاندبۆووە، ئەوی دیکەیان هەژار بوو، بە جل و بەرگی کۆنەوە. 3ئەگەر بەخێرهاتنی پیاوە دەوڵەمەندەکە بکەن، بڵێین: «تکایە، لێرە لای سەرەوە دابنیشە!» پاشان بە کەسە هەژارەکە بڵێی: « تۆش، لەوێ بوەستە، یان لێرە لەسەر زەوی لە بەر پێی من دابنیشە!» 4ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئێوە جیاوازی چینایەتی دەکەن لە نێوان مرۆڤەکاندا، خۆتان دەکەنە دادوەر بە بیرکردنەوەی خراپ!5کەواتە برا خۆشەویستەکانم، ئایا خودا ئەو کەسانەی هەڵنەبژارد کە لە چاوی خەڵکدا هەژار بوون بۆ ئەوەی لە باوەڕەکەیاندا دەوڵەمەندیان بکات، ومافی ئەوەیانی پێداوە کە شانشینییەکە بە میرات بگرن کە بەڵێنی داوە بە خۆشەویستەکانی؟ 6بەڵام ئێوە بەبێ ڕێزییەوە مامەڵەتان لەگەڵ هەژارەکاندا کردووە. ئایا دەزانن دەوڵەمەندەکان ئەوانەن کە زاڵن بەسەرتاندا و پەلکێشی ناو دادگاکانتان دەکەن، 7و گاڵتە بە مەسیح دەکەن کە ئێوە هەڵگری ناوی جوانی ئەون؟8چەند کارێکی باش دەکەن کاتێک ئەو بنەما شاهانە یە جێبەجێ دەکەن کە لە تەوڕاتدا ئاماژەی پێکراوە: «نزیکەکەت وەک خۆت خۆش بوێت!» 9بەڵام کاتێک بە لایەنگری و جیاکارییەوە مامەڵە لەگەڵ خەڵک دەکەن، توشی گوناهە دەبن و تەورات وەک سەرپێچیکار بڕیارتان لەسەر دەدات.10دەزانن هەرکەسێک گوێڕایەڵی هەموو ئەو راسپاردانە بێت کە لە تەوراتی موشەدا هاتووە، و تەنها لە یەکێکیان سەرپێچی بکات، تاوانبار دەبێت، هەروەک ئەو کەسەی سەرپێچی لە هەموو راسپاردەکان بکات. 11بۆنموونە، بۆیە خودا، فەرموویەتی: «داوێنپیسی مەکەن» هەروەک چۆن فەرموویەتی: «مەکوژە!» ئەگەر داوێنپیسی نەکەیت، بەڵام کەسێک بکوژیت، ئەوە تەوراتت پێشێل کردووە.12ئەگەر، بە قسە و کردار بەپێی یاسای ئازادی مامەڵە بکەن، بە پێی ئەوە دادگایی دەکرێن. 13چونکە بڕیاردان بۆ ئەو کەسانەی کە بەزەییان نیە دەبێ بڕیارێکی بێ بەزەییانە بێت. بەڵام بەزەیی باڵاترە لە بڕیار!14ئەی برایان، ئایا سوودی هەیە کەسێک بانگەشەی ئەوە بکات کە باوەڕدارە، بەڵام هیچ کردارێکی نییە بۆ سەلماندنی ئەمە، ئایا باوەڕێکی لەم شێوەیە دەتوانێت ڕزگاری بکات؟ 15گریمان خوشک یان برایەک پێویستییەکی زۆری بە پۆشاک و خواردنی ڕۆژانە هەبوو، 16یەکێکتان پێتان گوت: «هیواخوازم هەموو چاکەکان بۆ ئێوە بێت. جلوبەرگی گەرم لەبەر بکەن، و خواردنی باش بخۆن!» بەبێ ئەوەی جلوبەرگ و خواردنی پێویستی بۆ دابین بکەن، لەوەدا چ سوودێک هەیە؟ 17کەواتە بەم شێوەیە دەبینین کە باوەڕ بە تەنیا و بەبێ کردەوە مردووە.18ڕەنگە یەکێک لە ئێوە بڵێت: «ئێوە باوەڕتان هەیە، منیش کردەوەم هەیە». پیشانم بدە چۆن ئەبێت باوەڕەکەت بە بێ کرداربێ، و منیش پیشانت دەدەم باوەڕ بە کردارەکانمەوە چۆنە. 19ئایا باوەڕت وایە کە خودا یەکە؟ کارێکی باش دەکەیت! شەیتانەکانیش باوەڕیان بەم ڕاستییە هەیە، بەڵام لە ترسان دەلەرزن. 20ئەمەش دڵنیات دەکاتەوە، ئەی مرۆڤی گێل، باوەڕی بێ کردارباوەڕێکی مردووە!21با نموونەیک لە ئەڤراهامی باوکمان وەربگرین: چۆن ڕاستودروست بوو؟ ئایا بە کردارەکانی نەبوو، کاتێک یتساخی کوڕی لەسەر قوربانگاکە پێشکەش کرد 22دەبینیت باوەڕەکەی ئەڤراهام لەگەڵ کرداری یەک بووە. بە کردارەکان باوەڕ تەواو دەبێت. 23بەم شێوەیە، ئەوەی تەوڕات دەیگوت جێبەجێ بوو: «ئەڤراهام باوەڕی بە خودا هێنا، و ئەوەی بە ڕاستودروستی بۆی هەژمار کرا»، تا ئەو ڕادەیەی کە ناوی لێنرا «دۆستی خودا». 24کەواتە دەبینیت مرۆڤ تەنها بە باوەڕی خۆی ڕاستودروست نابێت، هەروەها بە کردارەکانیشی.25هەروەها لەسەر ئەم بناغەیە، رەخابی داوێنپیس بە راستودروست هەژمار کرا: کاتێک ئەو دوو پیاوەی کە نێردرابوون بۆ لای پێشوازی لێکردن، و بە ڕێگایەکی دیکەدا رەوانەی کردن. 26وەک چۆن جەستەی مرۆڤ دەمرێت ئەگەر گیانی لێ دەرچێت، بە هەمان شێوە باوەریش دەمرێت ئەگەر کردار لەگەڵیدا نەبێت!
1ئەی برایان، کێبڕکێ مەکەن بۆ ئەوەی خۆتان بکەنە مامۆستا بۆ ئەوانی تر و ژمارەی مامۆستایان زیاد بکەن! لەبیرتان بێت کە، ئێمەی مامۆستایان توندتر لەوانی تر لێپرسینەوەمان لەگەڵ دەکرێت. 2هەموومان لە ئاستی کەوتنە ناو هەڵەی زۆرین. بەڵام ئەوەی زمانی خۆی رابگرێ و لە قسەکانیدا هەڵە نەکات، پێگەیشتووە و توانایی دانبەخۆداگرتنی بە سەر تەواوەتی سروشتی خۆیدا هەیە.3کاتێک ئەسپێک لغاو دەکەین، دەتوانین بەو ئاراستەی ببەین کە دەمانەوێت. 4گرنگ نییە کەشتییەک چەندە گەورە بێت و ئەو بایانەی کە دەیهەژێنن و پاڵی پێوەدەنێن چەندە بەهێزبن، چونکە بە سەوڵێکی بچووک کەشتیوانەکە دەیگرێتە دەست ودەیبات بۆ ئەو ئاراستەیەی کە دەیەوێت. زمانیش بە هەمان شێوەیە: ئەندامێکی بچووکە،5بەڵام چەند کاریگەرە! سەیرکەن: پریشکێکی بچووک دارستانێکی گەورە دەسوتێنێت! 6زمان وەک ئاگر مەترسیدارە: ئەو بە تەنیا، لە نێو ئەندامانی جەستەدا، هەموو خراپەیەک کۆدەکاتەوە، و هەموو جەستە بە گەندەڵی پیس دەکات. بازنەی گەردوون ئاگر تێبەردەدات، ئاگرێک کە دۆزەخی هەڵگیرساندووە!7بۆ مرۆڤ ئاسانە دڕندە و باڵندە و پەلەوەر و ئاژەڵە دەریاییەکان لە هەموو جۆرەکانی دەستەمۆ بکات، دەیبینین کە ڕوویداوە. 8بەڵام کەس ناتوانێت زمان دەستەمۆ بکات. خراپەکارییەک کە توانات بە سەریا نییە، پڕە لە ژەهری کوشندە!9بە زمان ستایش و سوپاسگوزاری بۆ پەروەردگار و باوک بەرز دەکەینەوە، هاوکات سووکایەتی بەو کەسانە دەکەین کە خودا لە سەر شێوەی خۆی بەدیهێناوە. 10و بەم شێوەیە، بەخشش و نەفرەت لە یەک دەم دێنە دەرەوە. ئەی براکانم، ئەمە هەرگیز نابێت ڕووبدات!11ئایا بیستووتانە ئاوی شیرین و تاڵ لە یەک کانییەوە سەر چاوەوە بگرێت؟ 12ئایا دەکرێت، ئەی برایانم، کە دار هەنجیر زەیتوون بگرێ، یان رەزهەنجیر بگرێت؟ بە هەمان شێوە ناکرێ کانیاوێکی خوێ ئاوی شیرین بدات.13ئایا لەنێو ئێوەدا هەندێک کەسی ژیر و تێگەیشتووهەن؟ بۆیە، دەبێت ئەم کەسانە ڕەفتارێکی باش بکەن، بە کردارەکانیان ئەو نەرم و نیانییە نیشان بدەن کە تایبەتمەندی داناییە (ڕاستەقینەکەیە). 14بەڵام ئەگەر دڵتان پڕ بووە لە تاڵیی و ئیرەیی و خۆپەرستی، شانازی بە دانایی خۆتانەوە مەکەن، و نکۆڵی لە ڕاستییەکە مەکەن.15ئەم داناییەی کە ئێوە بانگەشەی بۆ دەکەن لە خوداوە نەهاتووە، بەڵکو «داناییەکی» زەمینی و مرۆڤانە و شەیتانییە. 16لە کوێدا تاڵیی ئیرەیی و خۆپەرەستی هەبێت، ناتەبایی و نائارامی و هەموو خراپەیەک بڵاودەبێتەوە. 17سەبارەت بەو داناییەی کە لە خوداوە دێت، پاک و خاوێنە، پێش هەموو شتێک. هەروەها هاندەری خاوەنەکەیەتی بۆ ئارامی و نەرم و نیانی. گوێڕایەڵە، پڕە لە میهرەبانی و چاکە کاری: جیاکاری و خۆپەرەستی و دووڕوویی مەکەن. 18ڕاستودروستی بەروبوومی ئەو چاندنەیە کە ئاشتیخوازان لە ئاشتیدا دەیچێنن.
1ململانێ و ڕکابری نێوانتان لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ ئایا بەهۆی ئارەزووە خراپەکانتانەوە نییە کە لە ئەندامەکانی لەشتاندا دەجەنگن؟ 2ئێوە ئارەزووی ئەوەتان هەیە خاوەندارێتی ئەو شتانە بکەن کە هی خۆتان نییە، بەڵام ئەوەی دەتەوێت بەدەستی ناهێنیت، کەواتە دەکوژن، و ئیرەیی دەبەن، و توانای گەیشتن بە ئامانجەکەتان نییە. وە بەم شێوەیە ڕکابری و تێکۆشان دەکەن! ئەوەی دەتانەوێت ئەوەتان نییە، چونکە لە خودا داوای ناکەن. 3ئەگەر داوای شتێکی لێ بکەن، بەدەستی ناهێنن: چونکە بە پاڵنەرێکی خراپ داوای دەکەن، بەو پێیەی ئێوە بەنیازن ئەوەی بەدەستی دەهێنن تەنها بۆ تێرکردنی ئارەزووەکانتان بەکاری بهێنن.4ئەی ناپاکان! ئایا نازانن دۆستایەتی لەگەڵ جیهاندا دوژمنایەتیکردنە لەگەڵ خودا؟ بۆیە ئەوەی بیەوێت ببێتە دۆستی جیهان، ئەوە بۆتە دوژمنی خودا. 5پێتان وایە تەوڕات بێهودە قسە دەکات! ئایا گیانەکە کە لە ئێمەدا نیشتەجێیە ئارەزووی ئیرەیی دەکات؟6نەخێر، بەڵکو بەخششێکی گەورەترمان پێ دەبەخشێت. هەر بۆیە تەوڕات دەڵێت: «خودا بەرەنگاری لۆتبەرزەکان دەبێتەوە، بەڵام بەخشش بە بێ فیزەکان دەبەخشێت». 7کەواتە، ملکەچی خودا بن. بەرەنگاری شەیتان ببنەوە و ئەویش لێتان هەڵدێت.8لە خودا نزیک ببنەوە و ئەویش لێتان نزیک دەبێتەوە. ئەی گوناهباران دەستەکانتان پاک بکەنەوە، ئەی خەڵکی ڕاڕا دڵتان پاک بکەنەوە. 9خەفەت بخۆن و بگریێن و شیوەن بکەن. پێکەنینتان بگۆڕن بۆ گریان و خۆشیتان بۆ خەفەت. 10لەبەردەم پەروەردگاردا بێ فیز بن، ئەویش بەرزتان دەکاتەوە!11ئەی براکانم، زەمی یەکتر مەکەن. هەرکەسێک ئەم کارە بکات و براکەی تاوانبار بکات، سوکایەتی بە تەوراتی خودا دەکات و بڕیاری لە سەر دەدات. ئەگەر لە سەرتەورات بڕیار بدەیت، ئەوا تۆ کار بە تەورات ناکەیت، بەڵکو خۆت دەکەیت بە دادوەر بەسەرییەوە. 12تەنها یەک دادوەر هەیە بۆ تەورات، ئەویش خودایە کە دانەرییەتی، ئەو بە تەنیا دەسەڵاتی هەیە کە بڕیار بدات لە سەر ڕزگاربوون یا لەناوچوون. بەڵام تۆ کێی بڕیار لەسەر کەسانی تربدەیت؟13ئێوە، ئەوانەی پلانتان هەیە دەڵێن: «ئەمڕۆ یان سبەی، دەچینە فڵان شارێک، و ساڵێک لەوێ بەسەر دەبەین، و بازرگانی دەکەین و قازانج دەکەین». 14لەسەرەخۆبە! ئێوە نازانن سبەی چی ڕوودەدات! ژیانتان چی بەسەر دێت؟ ئەوە هەڵمێکە، بۆ ماوەیەکی کورت دەردەکەوێت و دواتر نامێنێت!15لەبری ئەوە، کە وەڵام بدەنەوەو بلێن: «ئەگەر پەروەردگار خواستی لەسەر بوو و ژیاین، و ئەم یان ئەو کارە دەکەین!» 16لەبەرئەوە، ئێوە لوت بەرز و خۆبەزلزانن. هەموو شانازییەکی لەو شێوە، شانازییەکی خراپە. 17هەرکەسێک بزانێت چ کارێک چاکەیە، و نەیکات، ئەمەش بۆ ئەو بە گوناهە دادەنرێت.
1ئەی دەوڵەمەندەکان، ئێستا بە هۆی ئەو نەهامەتییەی کە چاوەڕێتان نەدەکرد، بگرین و بناڵێنن. 2سامانە زۆرەکەتان لە ناوچوو، جلە جوانەکانتان مۆرانە دەیخوات 3ئاڵتون و زیوەکەتان ژەنگی هێناوە، ژەنگەش شایەتحاڵتان دەبێت و گۆشتان دەخوات وەک ئاگر ئایا بۆ ڕۆژانی دوایی سامانتان کۆکردۆتەوە؟4وە ئەمە کرێی ئەو کرێکارانەیە کە کێڵگەکانتان دروێنە دەکەن، ئەو کرێیەی کە تا ئێستاش بە ناڕەوا لێیان ڕادەگیرێت، هاوار دەکەن، وە هاواری ئەو کرێکارانە لەلایەن پەروەردگاری سوپاسالارەوە بیستراوە! 5ئێوە لەسەر زەوی بە خۆشگوزەرانی دەژین و خۆتان بە خۆشی و چێژەوە سەرقاڵ دەکەن؛ دڵتان قەڵەو بکەن وەک ئەوەی ئامادەبن بۆ ڕۆژی قوربانی. 6ئێوە بێتاوانتان تاوانبار کرد و کوشتان، ئەویش بەرەنگارتان نەبۆوە!7سەبارەت بە ئێوەش، ئەی براکانم، بۆیە دانبەخۆتاندا بگرن، چاوەڕێی گەڕانەوەی پەروەردگار بن. وانەیەک لە جووتیارەکە وەربگرن: چاوەڕێی زەوییەکەی دەکات تا بەرهەمی گرانبەهای پێبدات، وەک چۆن دان بەخۆدادەگرێ تاوەکو بارانی پاییز و بەهار بەسەر زەویەکەیدا ببارێت. 8بۆیە ئارام بگرن و دڵتان بەهێز بکەن، چونکە گەڕانەوەی پەروەردگار نزیکە.9ئەی برایان، لە بەرامبەر یەکتردا مڕومۆچ مەبن، تاکو بڕیار بەسەرتاندا نەدرێت. هەمیشە لەبیرتان بێت کە دادوەر زۆر نزیکە، لەبەردەم دەرگاکەدایە. 10ئەی براکانم، لە بەرگەگرتنی ئازار و دانبەخۆداگرتن، وەک پێغەمبەران بن کە بەناوی پەروەردگارەوە قسەیان کردووە. 11سەبارەت بەوانەی لە ئازاردا دانبەخۆدا دەگرن دەڵێین: «خۆزگە بەوان!» ئێوە گوێتان لە ئارامی و خۆڕاگری ئیۆڤ بووە، بینیتان کە پەروەردگار لە کۆتاییدا چۆن مامەڵەی لەگەڵدا کردووە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە پەروەردگار زۆر میهرەبان و بە بەزەییە.12بەڵام پێش هەموو شتێک، ئەی برایانم، نە بە ئاسمان و نە بە زەوی و نە بە هیچ سوێندێکی تر سوێند مەخۆن. بەڵام با «بەڵێ»تان بۆ بەڵێ بێت، و «نەخێر»تان ئەگەر نەخێربێت. ئەمەش بۆ ئەوەیە بڕیارتان لە سەر نەدرێ.13ئایا کەسێک هەیە لە نێو ئێوەدا ئازار بچێژێت؟ با نزا بکات! ئایا لە نێو ئێوە کەس هەیە دڵخۆش بێت؟ با سروود بۆ خودا بڵێت! 14هەرکەسێک لە ئێوە نەخۆشە، با بانگی پیرەکانی کڵێسا بکات، بۆ ئەوەی نزای بۆ بکەن و بە ناوی پەروەردگار بە زەیت چەوری بکەن. 15ئەو نزایەی کە بە باوەڕ بەرزدەکرێتەوە، نەخۆشەکە چاک دەکاتەوە، وەک چۆن پەروەردگار تەندروستی بۆ دەگەڕێنێتەوە. ئەگەر نەخۆشییەکەی بەهۆی گوناهێکەوە بووبێت، پەروەردگار لێی خۆش دەبێت.16با هەر یەکێک لە ئێوە دان بە تاوانەکەیدا بنێت بەرامبەر بە براکەی، نزا بۆ یەکتر بکەن، تاکو چاک ببنەوە. ئەو نزا بە تینەی کە مرۆڤی چاکەکار دەیکات کاریگەرییەکی زۆری هەیە. 17ئیلیاش وەک ئێمە مرۆڤ بوو، لە ڕێگەی نزاوە داوای لە خودا کرد کە بارانەکە ڕابگرێت. بەم شێوەیەش بوو، بۆ ماوەی سێ ساڵ و شەش مانگ دڵۆپێک باران نەباری بەسەر ئەو زەویەدا. 18پاشان نزای دووهەمی کرد، لە ئاسمان باران باری و زەوی بەرهەمی دا!19ئەی برایان، ئەگەر کەسێک لە ئێوە لە ڕاستی لابدات، و کەسێکی تر بیگەڕێنێتەوە، 20با دڵنیا بێت هەرکەسێک گوناهبارێک لە گومڕایەکەی رزگار بکات، وەک ئەوەیە کەسێک لە مردن ڕزگار بکات و گوناهەی زۆر دادەپۆشێت!
1لە پەترۆوە، نێردراوی یەشوای مەسیح، بۆ پەراگەندە ئاوارەکان لە پۆنتۆس و گەلاتیە و کەپادۆکیا و ئاسیا و بیتینیا، 2ئەوانەی خودای باوک هەڵیبژاردن بەگوێرەی زانینی پێشووی پاشان پیرۆزی کردن بە گیان بۆ گوێڕایەڵی یەشوای مەسیح تا پاک ببنەوە بە پڕژاندنی خوێنی خۆی بەسەریاندا. بەخشش و ئاشتی زیاترتان لەسەر بێت.3پیرۆزە خودای باوکی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح، لە میهرەبانی و مەزنایەتی خۆیەوە لەدایکبوونی دووەمی پێبەخشیوین، پڕ لە هیوا، لەسەر بناغەی هەستانەوەی یەشوای مەسیح لە نێو مردوواندا، 4بۆ میراتێک کە لەناو ناچێت و گەندەڵ نابێت و بە سەر ناچێت، لە ئاسمانەکاندا بۆتان پارێزراوە. 5ئێوە بە توانای خودا پارێزراون کە لە ڕێگای باوەڕەکەتان لە کاردایە، تا لەکۆتاییدا ئەو ڕزگاریە بەدەست بهێنن کە بۆتان ئامادەکراوە، ئەوەی لە کۆتایی زەمانەدا خۆی دەردەکەوێت.6ئەمەش بانگتان دەکات بۆ شاد بوون، هەرچەندە ئێستا دەبێت بۆ ماوەیەکی کورت لە ژێر قورسایی تاقیکردنەوە جۆراوجۆرەکاندا خەمبار ببن! 7بەڵام مەبەست لەو تاقیکردنەوانە ئەزموناندنی ڕاستیی باوەڕتانە. وەک چۆن ئاگر زێڕ تاقی دەکاتەوە و پاکی دەکاتەوە، تاقیکردنەوەکان ڕاستیی باوەڕتان هەڵدەسەنگێنن کە زۆر لە زێڕی لەناوچوو بەنرخترن. بەم شێوەیە، باوەڕەکەتان دەبێتە هۆکارێک بۆ ستایش و ڕێز و شکۆمەندی بۆتان، کاتێک یەشوای مەسیح بە شکۆمەندییەکەی دەگەڕێتەوە و دەردەکەوێت.8ئێوە مەسیحتان نەبینیوە، بەڵام خۆشتان دەوێت. هەرچەندە ئێستا ئەو نابینن، بەڵام باوەڕتان پێی هەیە و شاگەشکە دەبن بە خۆشییەکی شکۆمەندانەی پێناسەنەکراو. 9ئێوە بە ئامانجی باوەڕەکەتان گەیشتن، کە ڕزگاریی خۆتانە. 10پێغەمبەران لە کۆندا لێکۆڵینەوە و گەڕانیان بۆ ئەم ڕزگاربوونە کردووە! چونکە ئەوان پێشبینی ئەو بەخششەی خودایان کرد کە بۆتان ئامادە کرابوو،11ئەوان هەوڵیان دەدا ئەو کات و بارودۆخە بزانن کە ڕۆحی مەسیح ئاماژەی پێدەکرد کە تێیاندا کاری دەکرد، کاتێک پێشوەختە شایەتی ئەو ئازارانەی، بۆدان کە چاوەڕوانی مەسیح بوون و ئەو شکۆمەندیانەی کە لە دوای ئەوانەوە دێن. 12بەڵام خودا پێی ڕاگەیاندن کە هەوڵەکانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان نەبوو، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی ئێوە بوو. ئەمەش لە پێناو ئەو مزگێنیە بوو کە لە سەردەمی ئێستادا نێردراوان موژدەی پێ دەدەن بە گیانی پیرۆز کە لە ئاسمانەوە نێردراوە. ئەمانە ئەو ڕووداوانەن تەنانەت فریشتەکانیش بە ئاواتن لێیان وردببنەوە!13بۆیە بەردەوام وریای بیرتان بن، ئاگادار بن و هەموو هیواکانتان بخەنە سەر ئەو بەخششەی بۆتان دێت کاتێک یەشوای مەسیح بە شکۆمەندییەکەیەوە دەگەڕێتەوە و دەردەکەوێت! 14چونکە ئێوە بوونەتە منداڵی خودا و گوێڕایەڵی ئەون، مەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو ئارەزووانەدا بگونجێن کە پێشتر لە ڕۆژانی نەزانیتاندا بەسەرتاندا زاڵ بوون.15لە هەموو شتێکدا بە پیرۆزی هەڵسوکەوت بکەن، لاسایی ئەو پیرۆزە بکەنەوە کە بانگی کردوون، 16چونکە نووسراوە: «پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم!» 17مادام دان بەوە دادەنێنن خودا باوکتانە، ئەو بڕیار لەسەر هەموو مرۆڤێک دەدات بەگوێرەی کارەکانی بەبێ لایەنگری، بە ترسی ئەوەوە هەڵسوکەوت بکەن لەو ماوە کورتەی لەسەر زەوین.18هەروەها بزانن ئێوە کڕانەوە بۆ ئەوەی لەو ژیانە پوچە ڕزگارتان بێت کە بە نەریت لە باوکانتان وەرتانگرتووە. ئەم کڕینەوەیە بە شتی لەناوچووی وەک زێڕ و زیو نەبوو، 19بەڵکو بە خوێنێکی گرانبەها بوو، خوێنی مەسیح، ئەو بەرخە پاکەی کە هیچ کەموکوڕی و پەڵەیەکی تیادا نەبوو!20هەرچەندە خودا پێش دامەزراندنی جیهان مەسیحی بۆ ئەم مەبەستە دەستنیشان کردبوو، بەڵام تا ئەم سەردەمانەی دوایی بۆ بەرژەوەندی ئێوە ئاشکرای نەکردبوو 21ئێوە کە بەهۆی مەسیحەوە باوەڕتان بە خودا هەیە کە لە مردن هەڵیستاندەوە و شکۆمەندی پێدا، بۆ ئەوەی خودا ئامانجی باوەڕ و هیواتان بێت.22لەوەتەی ملکەچ بوون بۆ ڕاستی، دەروونتان پاک بۆتەوە و توانیتان بەبێ دووڕویی خەڵکانی ترتان خۆش بوێت، هەروەها بە خۆشەویستی برایانە یەکترتان خۆش بوێت کە لە دڵێکی پاکەوە دێت! 23ئێوە دووبارە لەدایک بوونەوە نەک لە تۆوی مرۆڤی لەناوچوو، بەڵکو بەوەی لەناو ناچێت، بە وشەی خودا کە بۆ هەتاهەتایە زیندووە و دەمێنێتەوە.24ژیانی مرۆڤ وەکو گژوگیا وایە، هەموو شکۆمەندییەکەی وەک گوڵی گژوگیا وایە. دەبێت لەناو بچێت هەروەک چۆن گژوگیا وشک دەبێت و گوڵەکەی دەکەوێت! 25بەڵام وشەی پەروەردگار، بۆ هەتاهەتایە بە بەردەوامی دەمێنێتەوە، ئەمە ئەو وشەیەیە کە مزگێنییەکەیتان پێگەیشتووە!
1بۆ ئەوەی، ڕزگارتان بێت لە هەموو کاریگەرییەکی خراپە و فێڵ و دووڕوویی و ئیرەیی و بوختان. 2وەک منداڵی تازە لەدایکبوو تامەزرۆی شیری گیانی خاوێن بن تاکو بەمە گەشە بکەن بۆ ئەوەی بگەنە ڕزگاری، 3چونکە بەڕاستی تامتان کردووە، پەروەردگار چاکە!4ئێوە هاتونەتە لای، بەردە زیندووەکە ئەوەی خەڵکی ڕەتیان کردەوە، خودا هەڵیبژارد، و گرانبەهایە لەلای. 5بۆیە وەک بەردی زیندوو لەگەڵیدا یەک بگرن، خانوویەکی گیانی دروست بکەن، کە تێیدا دەبنە کاهینی پیرۆز، قوربانی گیانی پەسەندکراو پێشکەشی خودا بکەن بە چاکەی یەشوای مەسیح.6وەک لە پەرتوکەکەدا هاتووە: «ئەوەتا من لە سەهیۆن بەردی بناغەکە دادەنێم هەڵبژێردراو و گرانبەهایە. ئەوەی باوەڕی پێ بهێنێت بێ ئومێد نابێت!»7ئەم بەردە لە چاوی ئێوەدا گرانبەهایه، و باوەڕتان پێی هێناوە. سەبارەت بەوانەی کە باوەڕیان پێ نییە، «ئەو بەردەی بیناسازان ڕەتیان کردەوە، بووە بەردی بناغەی گۆشەی ماڵەکە»، 8هەروەها « دەبێتە بەردێک بۆ کۆسپ تاشە بەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە!» بۆیە دەکەون چونکە ڕەتی دەکەنەوە باوەڕ بە وشەکەی بکەن.9کەوتنیان مسۆگەرە! بەڵام ئێوە کۆمەڵە کاهینێکی شاهانەن، نەوەیەک کە خودا هەڵیبژاردووە، نەتەوەیەک کە ئەو بۆ خۆی تەرخانی کردووە و گەلێک کە ئەو خاوەندارێتی کردووە. ئەمەش بۆ ئەوەیە چاکەکانی پەروەردگار ڕابگەیەنن، کە لە تاریکییەوە بانگی کردوون بۆ ناو ڕووناکییە سەرسوڕهێنەرەکەی خۆی! 10چونکە لە ڕابردوودا ئێوە نەببوونە گەل؛ بەڵام ئێستا، ئێوە «گەلی خودان، و پێشتر چێژتان لە بەزەیی خودا نەبینیوە، بەڵام ئێستا چێژی لێ وەردەگرن!»11خۆشەویستان، ئێوە نامۆن لەسەر زەوی بەسەردانێکی کاتی تێیدا تێپەڕ دەبن. بۆیە داواتان لێ دەکەم لە ئارەزووە جەستەییەکان دوور بکەونەوە کە لەگەڵ گیاندا ململانێ دەکەن. 12با ڕەفتارەکانتان باش بن لە نێو گەلاندا. هەرچەندە بە درۆ تۆمەتبارتان دەکەن بەوەی خراپەکارن، بەڵام کاتێک سەرنجی کارە چاکەکانتان دەدەن، جا لەو ڕۆژەدا کە بەسەر دەکرێنەوە خودا شکۆمەند دەکەن.13وەک ڕێزێک بۆ پەروەردگار، ملکەچی هەموو ڕێسایەک بن کە کاروباری خەڵکی بەڕێوە دەبات: بۆ پاشا، کە خاوەن دەسەڵاتی باڵایە، 14بۆ دادوەران، کە نوێنەری پاشان کە سزای تاوانبار دەدەن و ستایشی چاکەکاران دەکەن. 15چونکە ئەمە خواستی خودایە: کە بەردەوام چاکە بکەن، و بەم شێوەیە نەزانی مرۆڤە گێلەکان ئاشکرا بکەن! 16وەک مرۆڤی ئازادی ڕاستەقینە مامەڵە بکەن، نەک وەک ئەوانەی ئازادی وەک پەردەیەک بۆ ئەنجامدانی خراپەکاری بەکار دەهێنن بەڵکو وەک ئەوەی خزمەتکاری خودان. 17ڕێز لە هەموو خەڵک بگرن. برایانتان خۆش بوێت. لە خودا بترسن. ڕێزی پاشا بگرن.18ئەی خزمەتکاران بە ڕێزێکی دروستەوە گوێڕایەڵی گەورەکانتان بن. نەک هەر بۆ گەورە باش و نەرم و نیانەکان، بەڵکو بۆ ستەمکارە دڵرەقەکانیش! 19چەند جوانە مرۆڤ بەرگەی غەم و پەژارە بگرێت کاتێک ئازار دەچێژێت و ستەمی لێ دەکرێت، بە پاڵنەری ویژدانی کە ملکەچی خودایە ! 20لە ڕاستیدا چ شکۆمەندییەکە ئەگەر ئارام بگرن کە سزای هەڵەکانتان وەردەگرن؟ لەلای خودا هیچ پاداشتێکتان نییە مەگەر بە ئارامییەوە بەرگەی ئازارەکان بگرن ئەوە کارێکی چاک دەکەن.21چونکە خودا بانگی کردن بۆ ئەوەی بەشداری ئەم جۆرە ئازارانە بکەن. مەسیح کە لە پێناوتاندا ئازاری چەشت، ئەو پێشەنگە کە پێویستە لاسایی بکەنەوە. کەواتە بەدوای هەنگاوەکانیدا بڕۆن: 22تەنانەت یەک هەڵەشی نەکرد، فێڵ لە دەمیدا نەبوو. 23هەرچەندە سوکایەتی پێکرا، بەڵام وەڵامی نەدایەوە. کاتێک بەرگەی ئازارەکانی گرت، هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی نەکرد، بەڵکو کارەکانی بە خودا سپارد کە بە دادپەروەرانە دادوەری دەکات.24ئەو گوناهەکانمانی لە جەستەی خۆیدا هەڵگرت (کاتێک بە خاچ مرد) لەسەر دارەکە، تاکو سەبارت بە گوناهە بمرین، بەڕاستودروستی بژین. بە برینەکانی ئەو چاک بووینەوە، 25وەک مەڕی ونبوو بوون، بەڵام ئێستا گەڕانەوە لای شوان و پاسەوانەکەی خۆتان!
1بە هەمان شێوە، ژنەکان ملکەچی مێردەکانتان بن. تەنانەت ئەگەر مێرد باوەڕی بە وشەکە نەبێت، ژنەکەی ڕایدەکێشێت بۆ باوەڕ بە ڕەفتاری گونجاوی خۆی بەبێ قسە. 2ئەو کاتەی کە سەرنجی ڕەفتارە پاک و سەنگینییەکەی دەدات.3-ئافرەت نابێت پشت بە ڕازاندنەوەی دەرەکی ببەستێت بۆ ئەوەی جوانییەکەی دەربخات، بە لۆچکردنی قژی، بە ئاڵتون یان لەبەرکردنی جلوبەرگی گرانبەها. 4بەڵکو ناخیان ڕازاوە بێت، بۆ ئەوەی دڵیان بە گیانی نەرم و نیان و ئارامی ڕازاوە بێت. ئەمە ئەو ڕازاندنەوەیەیە کە هەرگیز لەناو ناچێت، هەروەها لە چاوی خودادا زۆر گرانبەهایە!5لە ڕابردوودا ژنانی خوداپەرست خۆیان پێی دەڕازاندەوە و هەریەکەیان پشتیان بە خودا دەبەست و گوێڕایەڵی مێردەکانیان بوون. 6بۆ نموونە سارا گوێڕایەڵی ئەڤراهامی هاوسەری بوو و بە «گەورەم».بانگی دەکرد ئەو ژنە باوەڕدارانەی وەک ئەو دەکەن، دەریدەخەن کە کچی ئەون، بەو پێیەی ڕەفتارێکی باش دەکەن، و لە هیچ هەڕەشەیەک ناترسن.7هەروەها ئێوەی مێرد، کاتێک لەگەڵ ژنەکانتان دەژین، دەزانن کە ئەوان لە ئێوە لاوازترن، ڕێزیان لێ بگرن بە هاوبەشی خۆتانیان بزانن لە میراتی بەخششی ژیان، بۆ ئەوەی نەبێتە کۆسپ بۆ نزاکانتان.8پوختەکەی ئەوەیە، هەمووتان یەک بیر بن، بەزەییتان بە یەکتردا بێتەوە، خۆشەویستی برایانەتان هەبێت، هاوسۆز و ساکار بن. 9خراپە بە خراپە، جنێو بە جنێو وەڵام مەدەنەوە. بە پێچەوانەوە: بەرەکەت بکەن، بەرەکەت بە میرات وەردەگرن، چونکە خودا بۆ ئەم مەبەستە بانگی کردوون.10هەریەکێک دەیەوێت چێژ لە ژیانی خۆش وەربگرێت و ڕۆژەکانی باش بن، با زمانی خۆی لە خراپە و لێوی لە فێڵ بپارێزێت. 11دوور بکەوێتەوە لە خراپە و چاکە بکات. با داوای ئاشتی بکات و هەوڵی بەدیهێنانی بدات. 12چونکە پەروەردگار خۆی ئاگاداری ڕاستودروستان دەبێت، و وەڵامی نزاکانیان دەداتەوە. بەڵام دژی ئەوانە وەستاوە کە خراپە دەکەن.13کێ زیانتان پێدەگەیەنێت ئەگەر بە پەرۆش بن بۆ چاکە؟ 14هەروەها ئەگەر لە پێناو ڕاستودروستیدا دەبێت ئازار بچێژن، خۆزگەم بە خۆتان! لە هەڕەشەی ئەوانە مەترسن کە دەتانچەوسێننەوە، وە دڵە ڕاوکێتان نەبێت.15بەڵام لە دڵەوە خۆتان بۆ مەسیحی پەروەردگار تەرخان بکەن. هەروەها هەمیشە ئامادە بن وەڵامێکی دڵنیاکەر بدەنە هەریەکێک کە پرسیارتان لێ دەکات لەبارەی ئەو هیوایەی کە لە ناوتاندایە، 16با ئەمەش بە نەرم و نیانییەوە بێت و ویژدانی پاکتان بپارێزن، هەڵسوکەوتان لە مەسیحدا باش بێت، ئەوانە بێ هیوا دەبن کە تۆمەتی درۆتان بۆ هەڵدەبەستن و سووکایەتیتان پێدەکەن وەک ئەوەی خراپەتان کردبێت. 17ئەگەر خواستی خودا بێت ئێوە ئازار بچێژن با لەبەر چاکەکردن ئازار بچێژێن نەک خراپە.18مەسیح خۆی جارێک مرد بۆ لێخۆشبوونی گوناهەکانمان. هەرچەندە ڕاستودروست بوو، بەڵام لە پێناو ئێمەی گوناهباردا ئازاری چەشت، بۆ ئەوەی لە خودا نزیک بینەوە، بە لەشی مرۆڤانە مرد، پاشان لە گیاندا بەزیندووی هاتەوە. 19هەر بەو گیانە چوو مزگێنیدا بە گیانە بەندکراوەکان. 20ئەمەش دوای ئەوە بوو کە مزگێنییان ڕەتکردەوە لە سەردەمی نواخدا، کاتێک خودا بە ئارامی و بە درێژایی ئەو ماوەیەی کە نواخ کەشتییەکەی دروست دەکرد، ئەوەی بەهۆیەوە چەند کەسێکی کەم لە ئاوەکەدا ڕزگاریان بوو، تەنها هەشت کەس بوون!21ئەم کاری ڕزگاربوونە بە لەئاوهەڵکێشان وێناکراوە ، مەبەست لێی شۆردنی گڵاوی جەستەمان نییە، بەڵکو بەڵێنی ویژدانێکی چاکە لەبەردەم خودادا بە چاکەی هەستانەوەی یەشوای مەسیح، 22ئەوەی چووە ئاسمان، و ئێستا لە ڕاستەی خودا دانیشتووە؛ فریشتەکان و دەسەڵاتداران و دەسەڵاتە (گیانییەکان) ملکەچی ئەون!
1بەو پێیەی مەسیح بەرگەی ئازاری جەستەیی گرتووە لەپێناو ئێوە، خۆتان چەکدار بکەن هەمیشە ئامادە بن بۆ بەرگەگرتنی ئازار. ئەوەی بەرگەی ئازاری جەستەیی بگرێت لە گوناهکردن دابڕاوە. 2هەروەها مەبەستێتی تا کۆتایی تەمەنی لەو جەستەیەدا بژێت، نەک بۆ ئارەزووی خەڵکی، بەڵکو بۆ خواستی خودا.3بەسە ئەو کاتانەی ڕابردوو لە ژیانتاندا، کە وەک بتپەرستەکان ڕەفتارتان دەکرد، کاتێک لە بەڕەڵای و هەوەسبازی و ئالودەبوونی ئاهەنگەکانی سەرخۆشی، و پەرستنی بتە قەدەغەکراوەکاندا دەژیان. 4هەروەها هاورێکانی پێشووتان لەم ژیانەدا سەریان سوڕدەمێنێت کە ئێوە لەگەڵیان ناچنە ناو لافاوی ئەم بەدرەوشتییە، ئەوانیش ناوبانگتان دەزڕێنن. 5هەژماری خۆیان دەدەنە بەردەم ئەوەی لێپرسینەوە لە زیندووان و مردووەکان دەکات. 6لەبەر ئەم هۆکارە مزگێنیی بە مردووەکانیش درا، بۆ ئەوەی هەمیشە بە گیانەکە لەگەڵ خودادا زیندوو بن، هەرچەندە سزای مردن بەسەر جەستەیاندا جێبەجێ بووە، ئەوانیش وەک مرۆڤەکانی تر مردن.7کۆتایی هەموو شتێک نزیک بۆتەوە. بۆیە ئاگادار بن و لە بەرزکردنەوەی نزاکانتان بەردەوام بن. 8بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە کە بە پەرۆشیەوە یەکتریتان خۆش بوێت. چونکە خۆشەویستی زۆر خراپە دادەپۆشێت. 9میوانداریی یەکتر بکەن بەبێ ئەوەی گلەیی بکەن.10هەر یەکێکتان بەگوێرەی ئەو بەهرەیەی خودا پێیداوە، خزمەتی یەکتری پێبکەن بەو پێیەی ئێوە بریکاری ئەو بەهرە جۆراوجۆرانەن کە خودا بە بەخشش دەیدات. 11ئەوەی قسە دەکات دەبێت بەگوێرەی فەرمایشتەکانی خودا بێت؛ ئەوەی خزمەت دەکات، دەبێت بەگوێرەی ئەو هێزەی کە خودا پێی بەخشیوە خزمەت بکات. ئەمەش بۆ ئەوەیە کە خودا لە هەموو شتێکدا شکۆمەند بێت، بە یەشوای مەسیح، کە هەموو شکۆمەندی و دەسەڵاتێکش هەر بۆ ئەوە هەتاهەتایە. ئامین!12خۆشەویستان، سەرتان سووڕ نەمێنێت کە ئاگری چەوسانەوە لە نێوانتاندا هەڵگیرساوە تا تاقیتان بکاتەوە، وەک ئەوەی شتێکی سەیروسەمەرەتان بەسەر هاتبێت! 13بەڵام دڵشاد بن: چونکە هەروەک چۆن ئێستا هاوبەشی ئازارەکانی مەسیحن، دەبێت دڵخۆش بن بە هاوبەشیکردنی شادی لەگەڵیدا کاتێک بە شکۆمەندییەکەی دەردەکەوێت. 14بەڵام ئەگەر سوکایەتیتان پێکرا لەبەر ئەوەی ناوی مەسیحتان هەڵگرتووە، خۆزگەتان پێ دەخوازرێت! چونکە گیانی شکۆمەندییەکەی واتە گیانی خودا لەسەرتان جێگیر دەبێت.15با کەسێک لەنێو ئێوەدا نەبێت کە وەک سزایەک ئازار بچێژێت لەسەر خراپەیەک کە ئەنجامی داوە: وەک کوشتن، دزی، یان هەر تاوانێکی تر، یان دەستوەردان لە کاروباری کەسانی تر. 16بەڵام ئەگەر یەکێک لە ئێوە لەبەر ئەوەی «مەسیحییە» ئازاری چەشت، با شەرم نەکات، بەڵکو لە پێناوی ئەم ناوە خودا شکۆمەند بکات!17بەڕاستی کاتی ئەوە هاتووە لێپرسینەوە لە خەڵکی ماڵی خوداوە دەست پێ بکات. ئەگەر یەکەمجار لێپرسینەوە لە ئێمەوە دەست پێ بکات، چارەنووسی ئەوانەی باوەڕیان بە مزگێنی خودا نییە چییە؟ 18ئەگەر چاکەکاران بە هەوڵدان ڕزگاریان بێت، چی بەسەر خراپەکار و گوناهباراندا دێت؟ 19بۆیە پێویستە ئەوانەی بەپێی خواستی خودا ئازار دەچێژن خۆیان ملکەچی بەدیهێنەری دڵسۆز بکەن، و بەردەوام بن لەسەر کاری چاکە!
1ئەمە ڕاسپاردەی منە بۆ ئەو پیرانەی کە لە نێوتاندان، وەک پیرێکی هاوڕێ بۆیان، شایەتحاڵی ئازارەکانی مەسیح و هاوبەشی ئەو شکۆمەندییەی بن کە ئاشکرا دەبێت: 2مێگەلی خودا بلەوەڕێنن، کە لە نێوانتاندایە، وەک چاودێر، نەک وەک ئەرک، بەڵکو بە خۆبەخشییەوە، وەک خودا دەیەوێت، نەک بۆ دەسکەوتی نابەجێ، بەڵکو ئەو خزمەتە بە پەرۆشی و ئارەزومەندانە بێت. 3خۆتان زاڵ مەکەن بەسەر ئەو مێگەلەی خودا پێی سپاردوون، بەڵکو پێشەنگ بن بۆیان. 4هەروەها کاتێک سەرۆکی شوانەکان دەردەکەوێت، تاجی شکۆمەندی وەردەگرن کە هەرگیز لەناو ناچێت.5کەواتە ئەی گەنجان، ملکەچی گەورەکان بن. هەمووتان لە مامەڵەکردن لەگەڵ یەکتردا بەرگی بێفیزی لەبەر بکەن. چونکە خودا دژایەتیی لووتبەرزەکان دەکات، بەڵام بەخشش بە سادەکان دەبەخشێت. 6کەواتە خۆتان لە ژێردەستی بە هێزی خودا بێ فیز بکەن تا لە کاتی خۆیدا بەرزتان بکاتەوە، 7قورسایی هه موو نیگەرانییەکانتان بخەنە سەر ئەو، چونکە گرنگیتان پێ دەدات.8ژیر و وریا بن. شەیتانی دوژمنتان وەک شێرێکی بەنەڕەنەڕە، بەدوای نێچیردا دەگەڕێت بۆ ئەوەی قوتی بدات. 9بۆیە بەرەنگاری ببنەوە، لە باوەڕدا چەسپاو بن. بیر لە براکانتان بکەنەوە کە لە سەرانسەری جیهاندا بڵاو بوونەتەوە بە نێو ئەو ئازارانەدا تێدەپەڕن.10دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی کورت ئازارتان چەشت، خودا، کە خودای هەموو بەخششێکە بانگتان دەکات بۆ ئەوەی هاوبەشی شکۆمەندییە هەتاهەتاییەکەی بن لە مەسیحدا، وادەکات کامڵ و چەسپاو بن و بە هێز ڕەگتان دادەکوتێ. 11هەموو شکۆمەندی و دەسەڵاتێک بۆ ئەوە هەتاهەتایە. ئامین!12بە دەستی سیلڤیانۆسدا برای دڵسۆز ئەم کورتە نامەیەتان بۆ دەنێرم. مەبەستم ئەوەیە کە ئامۆژگاریتان بکەم و شایەتیتان بۆ بدەم کە ئەو بەخششەی کە چێژی لێ وەردەگرن بەخششی ڕاستەقینەی خودایە کە ئێوە تێیدا چەسپاون. 13لە بابلیشەوە، ئەوەی خودا لەگەڵ ئێوەدا هەڵیبژاردووە سڵاوتان لێ دەکات، و مارکۆسی کوڕیشم. 14بە ماچێکی خۆشەویستی سڵاو لە یەکتر بکەن. ئاشتی بۆ هەمووتان بێت ئێوە کە لە مەسیحدان.
1لە شیمۆن پەترۆوە، خزمەتکار و نێردراوی یەشوای مەسیح، بۆ ئەوانەی کە هاوبەشمانن لە یەک باوەڕی بەهاداردا کە هەموومان بە یەکسانی بە دەستی دەهێنین بە ڕاستودروستیەکەی خودای ڕزگارکەرمان یەشوای مەسیح! 2با بەخشش و ئاشتی زیاترتان لەگەڵدا بێت بە بەرەکەتی ناسینی خودا و یەشوای پەروەردگارمان!3ئەو، بە هێزە خودایەکەی هەموو شتێکی پێبەخشیوین کە پێویستمانە بۆ ژیانێکی خواپەرستانە بۆ ناسینی خۆی ئەوەی بانگی کردین بۆ شکۆمەندی چاکەکانی، 4لەو ڕێگەیەوە خودا بەرەکەتە مەزنە بەنرخەکانی خۆی پێبەخشین کە بەڵێنی دابوو. بەم شێوەیە دەتوانن ڕزگارتان بێت لەو گەندەڵییە و هەوەسبازییەی کە جیهان بڵاوی دەکاتەوە، بە بەشدار بوون لە رێسا خوداییەکەی.5لەبەر ئەمەش دەبێت، هەموو هەوڵ و تێکۆشانتان لە جێبەجێ کردنی باوەڕتان چالاک بکەن کە بەرەو چاکەتان دەبات. بە دەستگرتن بە چاکەوە لە زانیاریدا پێشدەکەون، 6لە زانیاریشدا دانبەخۆداگرتن، لەدانبەخۆداگرتندا ئارامی و خۆپارێزی. 7لە خۆپارێزی سۆزی برایانە، لە سۆزی برایانە خۆشەویستی.8کاتێک ئەم خووە باشانە لە ناوتاندابێت، و زیاد بکات، واتان لێدەکات زیاتر بەرهەمدارببن لە ناسینی یەشوای مەسیحی پەروەرڕگارمان. 9بەڵام ئەوەی خاوەنی ئەو ڕەفتارانە نەبێت، لەڕووی گیانییەوە کوێرە. کورت بینە، لە بیری چووە کە لە گوناهە کۆنەکانی پاک بۆتەوە!10باشترە بۆتان برایان تێبکۆشن تا بە کردار بیسەلمێنن کە خودا بەڕاستی بانگی کردوون و هەڵیبژاردوون. ئەگەر ئەم کارە بکەن هەرگیز ناکەون! 11بەم شێوەیە خودا دەرگای فراوانتان بۆ دەکاتەوە بۆ چونە ناو شانشینە هەتاهەتاییەکەی، شانشینی پەروەردگار و ڕزگارکەرمان یەشوای مەسیح.12بۆیە دەمەوێت بەردەوام ئەم شتانەتان بەبیر بهێنمەوە، هەرچەندە دەیانزانن، و لەو ڕاستییە چەسپاون کە لاتانە . 13تا لەم چادری لاشەیەم دابم، ئەرکی خۆمە بەبیرتان بهێنمەوە. 14چونکە دەزانم بە زوویی ئەم چادری لاشەیەم بەجێدەهێڵم، هەروەک چۆن یەشوای مەسیحی پەروەردگارمان بۆی دەرخستم. 15بۆیە تێدەکۆشم لەبیرهێنانەوەی ئەم شتانە تاکو دوای ژیان ئاواییم هەردەم ئەم شتانەتان بە بیربێتەوە.16کاتێک باسمان لە توانادارێتی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح و گەڕانەوەی شکۆمەندانەکەی کرد، ئێمە لە ئەفسانەی دروستکراوی لێهاتویی خۆمان نەمان هێناوە. بەڵکو، وەک شایەتحاڵی بینینی گەوەرەیی مەسیح قسەمان کرد. 17چونکە لە خودای باوکەوە ڕێزو و شکۆمەندی وەرگرتووە، کاتێک لە شکۆمەندییەکی بێ وێنەدا دەنگێک بۆی هات و فەرمووی: «ئەمە ڕۆڵەی خۆشەویستمە کە پێی دڵشادم!» 18ئێمە خۆمان گوێمان لەو دەنگە بوو کە لە ئاسمانەوە هات کاتێک لەگەڵیدا بووین لەسەر چیای پیرۆز.19بەم شێوەیە، وشەی پێغەمبەرایەتی لە نێو ئێمەدا جێگیرتر بوو. چاک دەکەن ئەگەر لە دڵتاندا گرنگی بەم وشەیە بدەن. چونکە وەک چرایەک وایە لە شوێنێکی تاریکدا بدرەوشێتەوە، تا ڕۆژ هەڵدێت و هەسارەی بەیانی دەردەکەوێت. 20بەڵام، پێش هەموو شتێک، ئەوە بزانن کە هەموو پێشبینییەک کە لە پەرتوکەکەدا هاتووە، ڕاڤە ناکرێت بە کۆششی تایبەت. 21چونکە هیچ پێشبینییەک بە ویستی مرۆڤ نەهاتووە، بەڵکو هەموو پیاوە پیرۆزەکانی خودا سرووشی گیانە پیرۆزەکە پاڵنەریان بووە.
1بەڵام، وەک چۆن لەکۆندا لەناو گەلدا پێغەمبەری درۆزن هەبوون، بە هەمان شێوە مامۆستای درۆزن لە نێو ئێوەدا دەبن. ئەمانە بەنهێنی داهێنراوی لەناوبەر بڵاودەکەنەوە و نکۆڵی لەو گەورەیه دەکەن کە بۆ خۆی کڕینیەوە. بەم شێوەیە لەناوچوونی خێرا، بەسەر خۆیاندا دەهێنن. 2زۆرێک بە دوای بەدرەوشتییەکانی ئەواندا دەڕۆن. بەهۆی ئەوانەوە سووکایەتی بە ڕێگا ڕاستییەکە دەکرێت. 3بە مەبەستی چاوچنۆکی، بە قسەی شێواو و دەستکرد بازرگانیتان پێوە دەکەن وەک ڕابردوو. بەڵام پێشتر بڕیاریان لە سەر دراوە و لەناوچوونیان دواناکەوێت.4چونکە خودا بەزەیی بەو فریشتانەدا نەهاتەوە کە گوناهیان کرد، بەڵکو فڕێیدانە قووڵایی تاریکی و لەوێ بە زنجیر بەسترانەوە، تا ڕۆژی لێپرسینەوە بەبەند کراوی دەمێننەوە. 5بە هەمان شێوە بەزەیی نەهاتەوە بە جیهانی کۆن کاتێک لافاوەکەی بەسەر جیهانی بێباوەڕەکاندا هێنا، بەڵکو نواخی پاراست کە بانگەشەی ڕاستودروستی و دادپەروەری خودای دەکرد. نواخ یەکێک بوو لەو هەشت کەسەی لە لافاوەکە ڕزگاریان بوو. 6کاتێک خودا شارەکانی سۆدۆم و عەمۆرای وێران کرد، کردی بە خۆڵەمێش، و کردنی بە پەند بۆ ئەوانەی ژیانێکی بەدڕەوشتانە دەژیان.7بەڵام ( لووت) ی ڕاستودروستی ڕزگار کرد کە زۆر دڵتەنگ بوو بە ڕەفتاری لەشفرۆشی خەڵکی خراپەکاری سەردەمی خۆی. 8لە کاتێکدا لە نێوانیاندا دەژیا، و پیاوێکی ڕاستو دروست بوو، ناخی پاکی ڕۆژانە ئازاری دەچێژت بەهۆی تاوانەکانیانەوە، کە دەیبینی یان دەیبیست. 9بەم شێوەیە دەبینین کە پەروەردگار دەزانێت چۆن خۆپارێزەکان لە نەهامەتی ڕزگار بکات، و خراپەکاران لە زیندان بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی بڕیاریان لەسەر بدات و سزایان بدات لە ڕۆژی بڕیاردان.10سزاکە چەند سەختە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کە مەیلی جەستەییان هەڵگرتوە و وەڵامی هەوەسی گڵاو دەدەنەوە و سوکایەتی بە سەروەری خودا دەکەن! چەندە بێ ڕەوشتن، سەرسامن بەخۆیان، ناترسن لە قسەی جنێو و سوکایەتی بەرامبەر ئەوانەی شکۆمەندکراون. 11لەگەڵ ئەوەشدا، تەنانەت، فریشتەکانیش کە لەوان بە هێزتر و توانادارترن، هیچ تۆمەتێکی ناڕەوا ناهێننە بەردەم پەروەردگار.12بەڕاستی ئەم مامۆستا درۆزنانە قسەی گاڵتەجاڕی لە بابەتگەلێک دەکەن کە خۆشیان لێی نازانن، وەک ئاژەڵی دڕندەی ناژیر وان، لەو ئاژەڵانە دەچن کە مرۆڤ ڕاویان دەکەن دەیان کوژن. بە دڵنیاییەوە دەبێ بەو شێوەیە لەناو بچن. 13لەناوچوونیان پاداشتی ئەو تاوانانەیە کە کردوویانە. ئەوان زۆر ئارەزووی ئەوە دەکەن لە ڕۆژی ڕووناکدا خۆیان بە چێژە خراپەکانەوە سەرقاڵ بکەن. ئەوان پیس و خراپە کارن. هەوڵ دەدەن فریوتان بدەن بۆیە لە هەموو شتێکدا بەشدار دەبن لەگەڵتان. 14چاوەکانیان تەنها نیگای داوێنپیسی دەبینن و لە گوناهه تێر نابن. چەند گیانی لاواز دەکەونە تەڵەکانیانەوە! بەڵام دڵەکانیان، بە هەوەسبازی و چاوچنۆکی ڕاهێنراون. ئەمان بەڕاستی ڕۆڵەی نەفرەتن!15کاتێک لە ڕێگا ڕاستەکە لایاندا، گومڕابوون. ئەوان لەسەر ڕێگای بەلعامی کوڕی باعور دەڕۆن، کە زۆر حەزی لە وەرگرتنی پارە بوو وەک پاداشتی گوناهەکەی. 16بەڵام سەرزەنشت کرا لەسەر ئەم سەرپێچییەی کە ئەنجامیدا. چونکە گوێدرێژە بێزمانەکە بەدەنگی مرۆڤانە قسەی کرد، سنوری بۆ گەمژەیی ئەو پێغەمبەرە دانا!17ئەوانە وەک کانی بێ ئاون، هەورن بە گەردەلوول دەڕۆن. ئەوپەڕی تاریکی هەتاهەتاییان بۆ هەڵگیراوە! 18چونکە بە قسەی گەورە و پووچ دەدوێن، هاندراون بە ئارەزووەکانی سروشتی دنیایی و بە بەڕەڵایی، ئەوانەش هەڵ دەخەڵەتێنن کە تازە هەڵاتوون لە دەست ئەوانەی لە تاریکی و گومڕاییدا دەژین. 19بەڵێنی ئازادییان پێدەدەن، کەچی خۆیان کۆیلەی گەندەڵین! چونکە مرۆڤ کۆیلەی هەر شتێکە کە بەسەریدا زاڵ بێت.20بۆ ئەوانەی دوای ناسینی یەشوای مەسیحی پەروەردگار و ڕزگارکەر، لە پیسی دونیا هەڵدێن، ئینجا دەگەڕێنەوە و تێوەی دەگلێنەوە، ئەو پیسییانە کە بەسەریاندا زاڵ دەبێت، کۆتاییان لە سەرەتاکانیان خراپتر دەبێت. 21لەڕاستیدا، باشتربوو بۆ ئەوان ڕێگای ڕاستودروستییان نەزانیبا، لەوەی کە بیزانن و پاشان لەو ڕاسپاردە پیرۆزە هەڵگەڕێنەوە کە ڕادەستیان کرا. 22ئەو پەندە ڕاستەیان لەسەر جێ بەجێ دەبێت : «سەگ گەڕایەوە سەر ڕشانەوەکەی، بەرازی شۆردراو گەڕایەوە ناو چڵکاو!»
1ئەی خۆشەویستان، ئێستا نامەی دووەمتان بۆ دەنووسم. لە هەردوو نامەکەدا، مەبەستم ئەوەیە هزری بێگەردتان ئاگادار بکەمەوە، ئەو ڕاستیانەتان بیر بهێنمەوە کە دەزانن. 2مەبەستم ئەوەیە قسەی ئەو پێغەمبەرە پیرۆزانەتان لەبیر بێت کە لە کۆندا ڕایانگەیاندووە، هەروەها ڕاسپاردەی پەروەردگار و ڕزگارکەر، کە لە لایەن نێردراوەکان پێتان گەیشتووە.3پێش هەموو شتێک بزانن، لە ڕۆژانی کۆتاییدا گاڵتەجاڕەکان دێن گاڵتە بە ڕاستی دەکەن، بە دوای ئارەزووەکانی خۆیاندا دەڕۆن. 4وە دەڵێن: «بەڵێنی گەڕانەوەی مەسیح لە کوێیە؟ لەوەتەی باوکانی یەکەممان کۆچی دواییان کردووە، یان تەنانەت لە سەرەتای دروستکردنەوە، هەموو شتێک وەک خۆی ماوەتەوە!»5بە ئەنقەست لەبیرخۆیانی دەبەنەوە کە بە وشەیەکی فەرمان لەلایەن خوداوە ئاسمانەکان زۆر لەمەوبەر دروست بوون و زەوی لە ئاوەکە جیاکردەوە و بە ئاو دەوریدا. 6هەروەها بە وشەی ئەو، ئەوجیهانەی ئەوکات هەبوو، ژێر ئاو کەوتوو لەناوچوو. 7بەڵام ئاسمان و زەوی ئێستا، دەمێننەوە و بەو وشەیە هەڵگیراوە بۆ ئاگر هەتا ڕۆژی لێپرسینەوە و لەناوبردنی بێ ڕەوشتان!8بەڵام، ئێوە خۆشەویستان، نابێت ئەم ڕاستییە لەبیر بکەن: ڕۆژێک لە بەرچاوی پەروەردگاردا هەزار ساڵە، و هەزار ساڵیش وەک ڕۆژێک وایە. 9کەواتە، پەروەردگار، خاو نییە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکەیدا، وەک هەندێک کەس بیری لێدەکەنەوە، پشوو درێژە لەگەڵتان، چونکە نایەوێت کەس لەناو بچێت، بەڵکو دەیەوێت هەموو مرۆڤەکان پاشگەزببنەوەو بگەڕێنەوە لای.10بەڵام «ڕۆژی پەروەردگار» دێت وەک دزێک لە شەودا. لەو ڕۆژەدا، ئاسمانەکان بە دەنگێکی بەرز نامێنن و توخمەکان بە ئاگری توند دەتوێنەوە، و زەوی و هەموو ئەوەی تێیدایە دەسوتێن.11لەبەر ئەوەی هەموو ئەم شتانە دەتوێنەوە، پێویست دەکات ئێوە خاوەن هەڵسوکەوتی پیرۆز و خۆپارێزبن، 12چاوەڕێی «ڕۆژی خودای» هەتاهەتایی دەکەن داوای چارەسەری خێرا دەکەن. لەو ڕۆژەدا، ئاسمانەکان، بە ئاگرێکی تووند دەتوێنەوە و توخمەکانیش دەسوتێن و دەتوێنەوە. 13بەڵام، بەگوێرەی بەڵێنی پەروەردگار، چاوەڕێی ئاسمانی نوێ و زەوییەکی نوێ دەکەین، کە ڕاستودروستی تێیدا نیشتەجێیە.14لە کاتێکدا چاوەڕێی هاتنە دی ئەم بەڵێنە دەکەین، خۆشەویستان، هەوڵبدەن بۆ ئەوەی پەروەردگار بە ئاشتی بتاندۆزێتەوە، دوور لە گڵاوی و کەموکوڕی. 15دڵنیابن دواکەوتنی پەروەردگارمان لە گەڕانەوەدا دەرفەتێکە بۆ ڕزگاربوونتان. پۆڵس برای خۆشەویستمان بە پێی ئەو داناییەی کە پەروەردگار پێی بەخشیوە، لەسەر هەمان ئەم بابەتانە بۆی نووسیون. 16ئەوەی لە نامەکەیدا بۆ ئێوەی نووسیوە، لەگەڵ نامەکانی تر کە نووسیویەتی، هاوڕایە. لە هەموو ئەو نامانەدا بابەتگەلێک هەن کە تێگەیشتنیان ئەستەمە، و لەلایەن نەزانەکان و ئەوانەی ڕەگیان لە ڕاستیدانییە، دەستکاری دەکەن هەروەک چۆن ئەوانەی دیکەش کە بە سروش نوسرابوون، ئەوانە لەناوچوون بەسەر خۆیاندا دەهێنن.17بەڵام ئێوە ئەی خۆشەویستان، بەو پێیەی پێش ڕوودانی مەترسییەکە ئاگادار کرانەوە، ئاگاداربن لە چەسپاویتان نەکەون بەخراپەی چەواشەکاران گومڕانەبن. 18بەڵام، لە بەخشش و لە ناسینی پەروەردگار و ڕزگارکەرمان یەشوای مەسیحدا زیاتر گەشە بکەن. شکۆمەندی بۆ ئەوە، ئێستا و تا هەتاهەتایە.
1ئێمە سەبارەت بەو شتانە بۆتان دەنووسین کە لە سەرەتاوە سەبارەت بە وشەی ژیانەکە ڕوویداوە: دەربارەی ئەوەی بیستوومانە, و بە چاومان بینیومانە, وشایەتی بووین, و دەستمان لێداوە. 2«ژیانەکە» لەبەردەمماندا ئاشکرا بوو،دوای ئەوەی لە ڕاستیدا بینیمان، ئێستا شایەتحاڵی ئەوە دەدەین. ئەوەتا ئێمە هەواڵی ئەم ژیانە هەتاهەتاییەتان بۆ دەگوازینەوە کە لای باوک بووە و پاشان بۆمان دەرکەوت!3کەواتە ئێمە ئەوەی بینیومانە و بیستوومانە پێتانی ڕادەگەیەنین ، تا ئێوە هاوبەشی ئێمە بن. هەروەک هاوبەشیمان لەگەڵ باوک و ڕۆڵەکەی یەشوای مەسیح. 4ئێمە ئەم شتانەتان بۆ دەنووسین تا خۆشییەکەتان تەواو بکات!5ئەمە ئەو هەواڵەیە کە لە مەسیحەوە بیستمان و پێمان ڕاگەیاندن: خودا ڕووناکییە، و تاریکی تێدا نییە. 6ئەگەر ئێمە بانگەشەی ئەوە بکەین کە هاوبەشیمان لەگەڵیدا هەیە، و لە تاریکیدا دەژین، ئەوا ئێمە درۆزنین و بە راستییەکە کار ناکەین. 7بەڵام، ئەگەر ئێمە بەڕاستی لە ڕووناکیدا بژین، وەک چۆن ئەو لە ڕووناکیدایە، ئەوا بەڕاستی هاوبەشیمان لەگەڵ یەکتردا هەیە، و خوێنی یەشوای ڕۆڵەکەی خۆی لە هەموو گوناهێک پاکمان دەکاتەوە.8ئەگەر بانگەشەی ئەوە بکەین کە گوناهمان نییە، فێڵ لە خۆمان دەکەین، و ڕاستییەکە لەناو ئێمەدا نییە. 9بەڵام، ئەگەر دان بە تاوانەکانماندا بنێین، ئەوا ئەوەی جێی متمانەیە و دادپەروەرە، لە گوناهەکانمان خۆش دەبێت و لە هەموو قێزەونییەک پاکمان دەکاتەوە. 10ئەگەر بانگەشەی ئەوە بکەین کە گوناهێکمان نەکردووە، خودا دەکەینە درۆزن و وشەکەی لەناو ئێمەدا نییە!
1منداڵە بچووکەکانم، ئەم شتانەتان بۆ دەنووسم بۆ ئەوەی گوناه نەکەن. بەڵام، ئەگەر یەکێک لە ئێوە گوناه بکات، ئێمە داکۆکیکارمان هەیە، لەلای باوک ئەویش یەشوای مەسیحی ڕاستودروستە. 2ئەو کەفارەتی گوناهەکانمانە، نەک تەنها بۆ گوناهەکانی ئێمە، بەڵکو بۆ گوناهەکانی هەموو جیهان. 3ئەوەی دڵنیامان دەکاتەوە کە بەڕاستی ئەومان ناسیوە، ئەوەیە کە بە ڕاسپاردەکانی ئەو کاربکەین.4ئەوەی بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەوی ناسیوە، بەڵام کار بە راسپاردەکانی ناکات، درۆزنە و راستی لە ئەودا نییە. 5بەڵام هەرکەسێک بەپێی وشەکەی کار بکات، خۆشەویستی خودا لەناو ئەودا تەواوە. بەم شێوەیە دەزانین کە ئێمە هی ئەوین. 6هەرکەسێک دان بەوەدا بنێت کە لە ئەودا چەسپاوە، دەبێت بە هەمان شێوەی ئەو رەفتار بکات.7ئەی خۆشەویستان، لێرەدا راسپاردەیەکی نوێتان بۆ نانووسم، بەڵکو راسپاردەیەکی کۆنتان بۆ دەنووسم کە لە سەرەتاوە لەلاتان بوو، ئەویش وشەکەیە کە پێشتر بیستووتانە. 8بەڵام ئەو راسپاردەی کە بۆتان دەنووسم، هەمیشە نوێیە، و ڕاستییەکەی لە مەسیحدا ڕوون دەبێتەوە وەک چۆن لە ئێوەشدا روون دەبێتەوە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە تاریکی دەستی کردووە بە نەمان لەوکاتەوە ڕووناکییە ڕاستەقینەکە درەوشاوەتەوە، کە ئێستاش دەدرەوشێتەوە.9هەرکەسێک بانگەشەی ئەوە بکات کە لە ڕووناکیدا دەژیت، بەڵام ڕقی لە یەکێک لە براکانی بێت، هەتا ئێستا لە تاریکیدا ماوەتەوە. 10ئەوەی براکەی خۆش بوێت، ئەو کەسەیە کە بەڕاستی لە ڕووناکیدا دەژی و هیچ شتێک ناتوانێت دایببڕێت. 11بەڵام ئەوەی ڕقی لە یەکێک لە براکانی بێت، لە تاریکیدا ون دەبێت، بە دوای ڕێگای خۆیدا دەگەڕێت و نازانێت ڕوو لە کوێ بکات، چونکە تاریکی چاوەکانی کوێر کردووە!12ڕۆڵەکانم من بۆتان دەنووسم، چونکە خودا لە گوناهەکانتان خۆش بووە لە بەر ڕێزی ناوی مەسیح. 13ئەی باوکان بۆتان دەنووسم، چونکە مەسیحتان ناسیوە کە هەر لە سەرەتاوە هەیە. ئەی گەنجان بۆتان دەنووسم، چونکە ئێوە بەسەر شەیتانی خراپەکاردا زاڵ بوون. ئەی ڕۆڵە بچووکەکانم بۆم نووسیون، چونکە باوکتان ناسیوە. 14ئەی باوکان بۆتان دەنووسم چونکە مەسیح دەناسن کە لە سەرەتاوە هەبووە. ئەی گەنجان بۆم نووسیون، چونکە ئێوە بەهێزن، وشەی خودا لە دڵتاندا ڕەگی داکوتاوە، شەیتانی خراپەکارتان بەزاند.15نە جیهانتان خۆش بوێت، نە ئەو شتانەش کە لە جیهاندایە. ئەوەی جیهانی خۆش بوێت، خۆشەویستی باوک لە دڵیدا نییە. 16چونکە هەموو ئەو شتانەی لە جیهاندا هەن، لە ئارەزووی جەستە و چاو و شتە گرانبەهاکانی ژیانە، لە باوکەوە نین، بەڵکو لە جیهانەوەن. 17جیهان و هەموو ئارەزوەکانی بە سەردەچن، بەڵام ئەوەی بە خواستی خودا بکات، بۆ هەتا هەتایە دەمێنێتەوە!18ڕۆڵەکان، بزانن ئێستا لە ڕۆژانی کۆتاییدا دەژین. وەک چۆن بیستووتانە کە لە سەردەمی کۆتاییدا «دژە مەسیح» دێت، تا ئێستا زۆرێک لە دژە مەسیحەکان کە بەرەنگاری مەسیحەکە دەبنەوە دەرکەوتوون. لێرەوە دڵنیا دەبین کە لە رۆژانی کۆتاییدا دەژین. 19ئەم دژە مەسیحانە لە ئێمە جیا بوونەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا لە ئێمە نەبوون. ئەگەر لە ئێمە بوونایە، ئەوا لەگەڵ ئێمەدا دەمانەوە. دابڕانیان لە ئێمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئەوان لە ئێمە نین.20بەو پێیەی دەستنیشان کراون لەلایەن پیرۆزەکەوە، هەمووتان ڕاستییەکە دەزانن. 21من بۆتان دەنووسم نەک لەبەر ئەوەی ڕاستییەکە نازانن، بەڵکو لەبەر ئەوەی دەزانن و تێدەگەن کە هەر شتێک کە درۆیە لە ڕاستییەوە نایەت.22درۆزن کێیە؟ ئەو کەسەیە کە نکۆڵی لەوە دەکات کە یەشوا بەڕاستی مەسیحەکەیە . ئەو دژە مەسیحێکە کە نکۆڵی هەم لە باوک و هەم لە ڕۆڵە دەکات. 23هەرکەسێک نکۆڵی لە ڕۆڵە بکات، هیچ بەشێکی لە باوک نیە. هەرکەسێک دان بە ڕۆڵەکەدا بنێت، باوکیشی هەیە.24بەڵام سەبارەت بە ئێوە، با ئەو وشانەی لە سەرەتاوە بیستووتانە، لە ئێوەدا ڕەگ دابکوتێت. کاتێک ئەو وشەیە لەناو ئێوەدا ڕەگی داکوتا، پەیوەندیتان لەگەڵ ڕۆڵە، و باوکدا بەهێزتر دەبێت. 25چونکە خودا خۆی بەڵێنی ژیانی هەتاهەتایی پێداوین. 26ئەمەم بۆ ئێوە نووسیوە ئاماژەیە بۆ ئەو کەسانەی کە هەوڵ دەدەن گومڕاتان بکەن.27ئێوە لەلایەن خوداوە دەستنیشان کراون کە بەردەوام لە ئێوەدا دەمێنێتەوە. بۆیە پێویست ناکات کەس فێری ڕاستیەکەتان بکات. هەر ئەو دەستنیشانکراوییە هەموو شتێکتان فێرت دەکات. ئەوە ڕاستییە و درۆ نییە. وەک چۆن فێرم کردن، لە مەسیحدا چەسپاو بن. 28ئێستا،ئەی منداڵان، لە مەسیحدا چەسپاو بن، بۆ ئەوەی لەبەردەمیدا متمانەمان هەبێت، وشەرمەزاری نەبین کاتێک دەگەڕێتەوە. 29مادام دەزانن خودا راستودروستە، ئەوە بزانن کە هەرکەسێک چاکە دەکات، نیشان دەدات کە بەڕاستی لە خوداوە لەدایک بووە.
1قووڵ ببنەوە لە ئەو خۆشەویستییە مزنەی کە باوک ئێمەی پێ خۆشویستووە، تا ئەو ڕادەیەی کە پێمان دەگوترێ «ڕۆڵەی خودا»، و ئێمە بەڕاستی ڕۆڵەی ئەوین. بەڵام، چونکە خەڵکی جیهان خودا ناناسن، ئێمەش ناناسن. 2ئەی خۆشەویستان، ئێستا ئێمە ڕۆڵەی خوداین. ئێمە هێشتا نازانین دەبین بە چی، بەڵام دەزانین کە کاتێک مەسیح دەردەکەوێت، ئێمەش وەک ئەو دەبین، چونکە ئەو کاتە وەک خۆی دەیبینین! 3وە هەرکەسێک ئەم هیوایەی بە مەسیح هەبێت، خۆی پاک دەکاتەوە، هەروەک چۆن مەسیح پاکە.4بەڵام ئەوەی گوناه دەکات، یاسای خودا پێشێل دەکات: چونکە گوناه یاسا پێشێل دەکات. 5وە دەزانن کە مەسیح هاتووە بۆ ئەم زەوییە بۆ ئەوەی گوناهەکان هەڵبگرێت، هەرچەندە بێ گوناه بوو. 6هەرکەسێک لە ئەودا چەسپاو بێت، گوناهە ناکات. بەڵام ئەوانەی گوناهە دەکەن، هەرگیز نەیانبینیوە و نەیانناسیوە.7ئەی منداڵانی بچووک، مەهێڵن کەس گومڕاتان بکات. دڵنیابن هەرکەسێک چاکەکاری بکات، ڕاستودروستییەکەی دەردەکەوێ، هەروەک چۆن مەسیح ڕاستودروستە. 8بەڵام هەرکەسێک گوناهە بکات، ئەوە دەریدەخات کە یەکێکە لە مناڵەکانی شەیتان، چونکە شەیتان هەر لە سەرەتاوە گوناهی کردووە. ڕۆڵەی خودا هاتە سەر زەوی بۆ پووچەڵ کردنەوەی کارەکانی شەیتان.9هەرکەسێک لە خوداوە، لەدایک بووبێت گوناه ناکات، چونکە سروشتی خودای تێدا چەسپاوە. بەڵکو ناتوانێت گوناه بکات، چونکە لە خوداوە لەدایک بووە. 10کەواتە، ئەمە ئەو پێوەرەیە کە ئێمە بەهۆیەوە جیاوازی دەکەین لە نێوان ڕۆڵەکانی خودا و منداڵانی شەیتان. ئەوەی چاکە نەکات لە خودا نییە. بە هەمان شێوە ئەو کەسەی براکانی خۆش نەوێت!11ئەو راسپاردەی کە لە سەرەتاوە بیستوتانە، ئەوەیە یەکترتان خۆش بوێت، 12وەک قاین نەبن کە براکەی کوشت. نەک وەک قاین کە براکەی کوشت. قاین یەکێک بوو لە منداڵەکانی شەیتانی خراپەکار. بۆچی براکەی کوشت؟ کوشتی چونکە کردەوەی خۆی خراپ بوو، بەڵام کردەوەی براکەی باش بوو.13بەڵام، برایانم، پێتان سەیر نەبێت ئەگەر خەڵکی دونیا ڕقیان لێتان بێت! 14خۆشەویستیمان بۆ براکانمان ئەوەمان بۆ دەردەخات کە لە مردنەوە بۆ ژیان تێپەڕین. ئەوەی براکانی خۆش نەوێت، لە مردندا دەمێنێتەوە. 15هەرکەسێک ڕقی لە براکەی بێت، ئەوا بکوژە. دەزانن کە بکوژ ژیانی هەتاهەتایی نییە.16پێوەری خۆشەویستی ئەو کارەیە کە مەسیح کردی کاتێک ژیانی خۆی لە پێناو ئێمەدا بەخشی. ئێمەش دەبێ ژیانی خۆمان بەخت بکەین لە پێناو براکانمان . 17ئەو کەسەی کە پارەی هەیە و دەتوانێت لە خۆشگوزەرانیدا بژی، و دڵی بۆ براهەژارەکەی ناسووتێت، چۆن خۆشەویستی خودا ڕەگ و ڕیشەی تێدا دائەکوتێت؟ 18ئەی منداڵانی بچووک، خۆشەویستی ئێمە نابێت تەنها رووکەش بێت بە وشە و زمان، بەڵکو دەبێت خۆشەویستییەکی بەکردەوەی ڕاستەقینە بێت.19ئەوکات دڵنیا دەبینەوە کە بە پێی راستییەکە رەفتاردەکەین، و لە ئامادەبوونی خودادا لە خۆمان دڵنیا دەبین، 20تەنانەت ئەگەر دڵمان سەرکۆنەمان بکات؛ خودا لە دڵمان مەزنترە و بە هەموو شتێک زانایە. 21ئەی خۆشەویستان، ئەگەر ویژدانمان سەرکۆنەمان نەکات، متمانەیەکی زۆرمان هەیە بەرامبەر بە خودا، 22هەرچییەک لە نزادا داوای لێدەکەین، وەریدەگرین: چونکە ئێمە گوێڕایەڵی ئەو شتە دەبین کە ئەو پێی راسپاردووین، و ئەو کارە دەکەین کە ئەو رازی دەکات.23ڕاسپاردەکەیشی ئەوەیە کە باوەڕمان بە ناوی ڕۆڵەکەی یەشوای مەسیح هەبێت، و یەکترمان خۆشبوێت وەک ئەوەی راسپاردووین. 24هەرکەسێک گوێڕایەڵی ڕاسپاردەکانی خودا بێت، لە ناو خودادا دەچەسپێ، و خوداش لەودا. ئەوەی دڵنیامان دەکاتەوە کە خودا لە ئێمەدا چەسپاوە، گیانە پیرۆزەکەیە کە پێی بەخشیوین.
1خۆشەویستان، باوەڕ بە هەموو گیانێک مەکەن، بەڵکو گیانەکان تاقی بکەنەوە بۆ ئەوەی بزانن ئایا لە خوداوەن یاخود نا، ژمارەیەکی زۆر لە پێغەمبەری درۆزن لە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە. 2لەم رێگایەوە دەتوانن بزانن ئایا گیانێک بەڕاستی لە خوداوەیە یان نا: ئەگەر ئەو گیانە دان بەوەدا بنێت کە یەشوای مەسیح بە جەستە هاتۆوە بۆ زەوی، ئەوە لە خوداوەیە. 3ئەگەر نکۆڵی لە ئەمە بکات، ئەوە لە خوداوە نییە، بەڵکو لە دژە مەسیحەوەیە کە بیستووتانە دێت و ئێستا لە جیهاندایە.4ئەی منداڵانی بچووک، ئێوە لە خوداوەن و زاڵن بەسەر ئەوانەی دژایەتی مەسیح دەکەن: چونکە گیانە پیرۆزەکە کە لە ئێوەدا دەژی بەهێزترە لەو گیانە خراپەکارەی کە لە جیهاندا بڵاوبووەتەوە. 5ئەم بەرهەڵستکارانە لە جیهانەوەن، قسەکانیان لە جیهانەوەیە، بۆیە خەڵکی دونیاش گوێیان لێدەگرن. 6بەڵام ئێمە، لە خوداوەین، بۆیە تەنها ئەوانەی خودا دەناسن گوێمان لێدەگرن. بەڵام ئەوەی لە خوداوە نییە، گوێمان لێ ناگرێت. بەم شێوەیە جیاوازی دەکەین لە نێوان گیانە راستییەکەو گیانی گومڕایی.7خۆشەویستان، با یەکترمان خۆش بوێت: چونکە خۆشەویستی لە خوداوە سەرچاوە دەگرێت. بۆیە ئەوەی خۆشەویستی هەبێت، لە خوداوە لەدایک بووە و خودا دەناسێت. 8ئەوەی خۆشەویستی نەبێت، هەرگیز خودای نەناسیوە چونکە خودا خۆشەویستییە!9خودا خۆشەویستی خۆی بۆ ئێمە نیشان دا بە ناردنی تاقانە ڕۆڵەکەی بۆ جیهان تاکو بەو بژین. 10لەمەدا خۆشەویستی ڕاستەقینە دەبینین، نەک خۆشەویستیمان بۆ خودا، بەڵکو خۆشەویستی ئەو بۆ ئێمە. لە خۆشەویستی خۆیەوە، ڕۆڵەکەی نارد وەک قوربانییەک بۆ گوناهەکانمان.11مادام خودا بەم خۆشەویستییە مەزنەوە خۆشی ویستووین، خۆشەویستان، ئێمەش دەبێ یەکترمان خۆش بوێت. 12تا ئێستا کەس خودای نەبینیوە. بەڵام، کاتێک یەکترمان خۆشدەوێت، نیشان دەدەین کە خودا لەناو ئێمەدا دەژی، و خۆشەویستییەکەی لەناو ئێمەدا تەواوە. 13ئەوەی دڵنیامان دەکاتەوە کە ئێمە لە خودادا چەسپاوین، و ئەویش لە ئێمەدا چەسپاوە ئەوەیە کە گیانی خۆی پێبەخشیوین. 14ئێمە شایەتی ئەوەین کە باوک ڕۆڵەکەی وەک ڕزگاریدەری جیهان ناردووە، چونکە بە چاوی خۆمان بینیومانە.15هەرکەسێک دان بەوەدا بنێت کە یەشوا ڕۆڵەی خودایە، خودا لەودا دەچەسپێ، ئەویش لە خودادا، 16ئێمەش ئەو خۆشەویستییەمان ئەزموون کرد کە خودا پێی بەخشیوین، ئێمەش متمانەمان بەوە. خودا خۆشەویستییە. ئەوەی لە خۆشەویستیدا بچەسبێت، لە خودادا چەسپیوە، و خوداش لە ئەودا.17بەم شێوەیە خۆشەویستی لەناو ئێمەدا تەواو دەکرێت بۆ ئەوەی لە ڕۆژی لێپرسینەوە متمانەمان هەبێت: لەم جیهانەدا ئێمە وەک مەسیحین. 18لە خۆشەویستیدا ترس نییە. بەڵکو خۆشەویستی ترس دەخاتە دەرەوە. ترسەکە لە سزاوە دێت. ئەوەی دەترسێت خۆشەویستی خودا لە ناویدا ناتەواوە.19وە ئێمە خۆشمان دەوێت، چونکە یەکەم جار خودا خۆشی ویستووین. 20ئەگەر کەسێک بڵێت: «خودام خۆشدەوێت!»بەڵام ڕقی لە براکەی خۆی بێت، درۆزنە، چونکە ئەگەر ئەو برایەی کە بینیویەتی خۆشی نەوێت، چۆن خودای خۆش دەوێت کە هەرگیز نەیبینیوە؟ 21ئەم راسپاردەیە لە خودی مەسیحەوە بۆ ئێمە هاتووە: ئەوەی خودای خۆش بوێت، براکەی خۆش دەوێت!
1هەرکەسێک بەڕاستی باوەڕی بەوە هەبێت کە یەشوا مەسیحەکەیە، لە خوداوە لەدایک بووە. وە هەرکەسێک باوکی خۆش بوێت، دەبێت ئەو کەسانەشی خۆش بوێت کە لێی لەدایک بوون. 2ئەوەی خۆشەویستیمان بۆ ڕۆڵەکانی خودا دەسەلمێنێت ئەوەیە کە خودامان خۆشدەوێت و ڕاسپاردەکانی جێبەجێ دەکەین. 3خۆشەویستی ڕاستەقینە بۆ خودا ئەوەیە کە ئەو کارە بکەین کە پێی راسپاردووین. ئەو راسپاردەیەکمان پێ نادات کە لە سەرووی توانامانەوە بێت.4ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئەو کەسەی لە خوداوە لەدایک بووە، جیهان دەبەزێنێت. باوەڕئەوەیە کە وامان لێدەکات بەسەر جیهاندا سەرکەوین. 5کێ سەردەکەوێت بە سەر جیهاندا جگە لەوەی کە باوەڕ بکا کە یەشوا ڕۆڵەی خودایە؟6یەشوای مەسیح بە تەنیا بە ئاو و خوێن هاتە لای ئێمە. نەک تەنها بە ئاو، بەڵکو بە ئاو و خوێن پێکەوە. گیانە پیرۆزەکە، شایەتحاڵی ئەم ڕاستییەیە: چونکە ئەو خودی ڕاستیەکەیە. 7چونکە لە ئاسمان سێ شایەتحاڵ هەن، باوک و وشەکە و گیانە پیرۆزەکە، و ئەم سیانە یەکن. 8لەسەر زەویش سیان شایەتحاڵن: گیانەکە و ئاوەکە و خوێنەکە. وە ئەم سیانە لە یەکدان.9ئەگەر باوەڕمان بەو شایەتییە بێت کە خەڵک ئەیدەن، ئەوا ئەو شایەتحاڵییەی کە خودا پێشکەشی دەکات گەورەترە، چونکە خودا بە شایەتحاڵییەکی خودایی شایەتی بۆ ڕۆڵەکە دەدات. 10هەرکەسێک باوەڕی بە ڕۆڵەی خودا هەبێت، لە دڵەوە متمانەی هەیە سەبارەت بە درووستی ئەم شایەتییە. بەڵام ئەگەر کەسێک باوەڕ بە خودا نەکات، چونکە ڕەتی دەکاتەوە باوەڕ بەو شایەتییە بکات کە بۆ ڕۆڵەکە دراوە، ئەوە خودا تاوانبار دەکات بە درۆ.11وە ئەم شایەتحاڵییە ئەوەیە کە خودا ژیانی هەتاهەتایی پێبەخشیوین، و ئەم ژیانە لە ڕۆڵەکەدایە. 12هەرکەسێک ڕۆڵەی خودای هەیە، ژیانەکەی هەیە. هەرکەسێک ڕۆڵەی خودای نەبێت ژیانەکەی نییە!13ئێوە کە باوەڕتان بە ناوی ڕۆڵەی خودا هەیە، ئەم شتانەم بۆتان نووسیوە تا بزانن لە ئێستاوە ژیانی هەتاهەتایی هی ئێوەیە. 14ئێمە متمانەیەکی مەزنمان بە خودا هەیە ئەمەش دڵنیامان دەکاتەوە کە گوێی لەو داواکاریانە دەبێت کە بۆی بەرز دەکەینەوە، ئەگەر لەگەڵ خواستی ئەودا بگونجێت. 15مادام دڵنیاین کە ئەو گوێی لێمان دەبێت، هەر داواکارییەکمان هەبێت، متمانەمان هەیە کە ئەو داواکاریانەمان بە دەست هێناوە.16ئەگەر کەسێک بینی براکەی گوناهە دەکات کە نابێتە هۆی مردن پێویستە لای خودا نزای بۆ بکات،لە پێناوی ئەوە تا لە ژیان بمێنێتەوە، من ئەمە دەڵێم دەربارەی ئەوەی ئەم گوناهەیە دەکات و بە مردن کۆتایی پێ نایەت. گوناهێک هەیە کە بە مردن کۆتایی دێت. بێگومان لێرەدا، مەبەستم ئەم گوناهە نیە. 17هەموو تاوانێک گوناهەیە، هەموو گوناهەیەک بە مردن کۆتایی نایەت.18ئێمە دڵنیاین کە هەرکەسێک لە خوداوە لەدایک بێت گوناهە ناکات، چونکە ڕۆڵەی خودا دەیپارێزێت، بۆ ئەوەی شەیتانی خراپەکار دەستی لێ نەدات. 19هەروەها دڵنیاین کە ئێمە لە خوداوەین، و هەموو جیهان ملکەچی شەیتانی خراپەکارە.20وە دەزانین کە ڕۆڵەی خودا هاتۆتە سەر زەوی و هزرمانی ڕووناک کردۆتەوە تا خودای ڕاستەقینە بناسین. ئێستاش ئێمە لە ئەودا دەژین، چونکە لە ڕۆڵەکەیداین یەشوای مەسیح. ئەو خودای ڕاستەقینە و ژیانی هەتاهەتاییە. 21ئەی منداڵانی بچووک خۆتان لە بتەکان بپارێزن!
1لە یۆخەنای پیرەوە، بۆ ئەو خاتوونەی کە خودا هەڵیبژاردووە، و منداڵەکانی کە بەڕاستی هەموویانم خۆشدەوێت، نە تەنیا تاکە کەس نیم کە خۆشم دەوێن، بەڵکو هەمووئەوانەش کە ڕاستی دەناسن. 2بە پێی ئەو ڕاستییەی لە دڵماندا نیشتەجێیە، وهەتاهەتایە لەگەڵمان دەبێت، 3با بەخشش و میهرەبانی و ئاشتیمان، لە خودای باوک و پەروەردگار یەشوای مەسیحی کوڕی باوکەوە، بە ڕاستی و خۆشەویستییەوە لەگەڵت بێت.4زۆر دڵخۆش بووم کاتێک هەندێک لە منداڵەکانتم بینی کە بەپێی ڕاستی دەڕۆن، بەپێی ئەوەی باوک رایسپاردووین. 5ئێستا، ئەی خاتوون، داوات لێ دەکەم، و بە ڕاسپاردەیەکی نوێی مەزانە. بەڵام ئەمە ئەو ڕاسپاردەیە کە لە سەرەتاوە هەمانبووە: یەکترمان خۆش بوێت. 6ئا ئەمەیە خۆشەویستییەکە: بەپێی ڕاسپاردەکانی ئەو بڕۆن. ڕاسپاردەکە ئەمەیە، هەروەک لە سەرەتاوە بیستووتانە: کە بە خۆشەویستی هەڵسوکەوت بکەن!7جیهان پڕ بووە لە چەواشەکار کە نازانن یەشوای مەسیح بە جەستەیەکی مرۆڤانەوە هاتۆتە سەر زەوی. ئەمانە گیانی چەواشەکار و دژە مەسیحن! 8بۆیە گرنگی بە خۆتان بدەن، بۆ ئەوەی ئەو هەوڵەی ئێمە لە رێگای ئێوە داومانە بەفیڕۆ نەچێت، بەڵکو پاداشتی تەواو وەربگرن.9چونکە هەرکەسێک لە فێرکاری مەسیح بەردەوام نەبێت و سەرپێچی بکات، بەشی لە خودادا نییە. بەڵام هەرکەسێک لەم فێرکردنە بەردەوام بێت، هەم باوک و هەم کوڕی هەیە. 10ئەگەر کەسێک بەبێ ئەم فێرکاریە هاتە لاتان، لە ماڵەکەتان وەریمەگرن و سڵاوی لێ مەکەن، 11چونکە هەرکەسێک سڵاوی لێ بکات، هاوبەشە لە کارە خراپەکانیدا.12زۆر شتم هەبوو بۆتان بنووسم بەڵام نامەوێت لێرە بە مرەکەب و کاغەز بینووسم. هیوادارم بۆخۆم سەردانتان بکەم و بتوانین ڕووبەڕوو قسە بکەین. تاکو تەواو دڵخۆش بین. 13منداڵەکانی خوشکت کە خودا هەڵیبژاردوون سڵاوت لێدەکەن.
1لە یۆخەنای پیرەوە، بۆگایۆسی خۆشەویست ئەوەی کە بەڕاستی خۆشم دەوێت 2خۆشەویست، دەمەوێت لە هەموو شتێکدا سەرکەوتوو بیت، وە بۆ ئەوەی تەندروستی جەستەت بەقەد تەندروستی گیانیت بەهێز بێت. 3چەن خۆشییەکی مەزنم هەبوو کە هەندێک لە برایانی ڕێبوار بە لامدا تێپەڕین پێیان ڕاگەیاندم کە بە گوێرەی ڕاستیەکە دەڕۆیت، شایەتییان بۆ ئەو ڕاستیەدا کە لە تۆدا چەسپاوە! 4چەن مەزنە ئەو خۆشییە کە دڵم پڕ دەکات کاتێک ئەو مژدە خۆشە دەبیستم کە پشتڕاستی دەکاتەوە منداڵەکانم بە پێی ڕاستی ڕەفتار دەکەن!5ئەی خۆشەویست، مامەڵەی باشت لەگەڵ برا و نامۆکاندا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تۆ ڕاستگۆیانە مامەڵە دەکەیت بەرامبەر بە خودا. 6ئەگەر ئەو شتانەیان بۆ دابین بکەیت کە پێویستیان پێیەتی بۆ گەشتکردن کارێکی باشت دەبێت. دەزانی ئەمە مایەی ڕەزامەندی خودایە، 7چونکە ئەم برایانە بۆ خزمەتکردنی مەسیح بەڕێکەوتوون، وە هیچ یارمەتیەک لە بێباوەڕان وەرناگرن. 8پێویستە پێشوازی لە کەسانی وەک ئەمانە بکەین بۆ ئەوەی بەڕاستی بتوانین هاوبەشی ئەوان بین لە خزمەتکردنی ڕاستییەکە.9شتێکم بۆ کڵێسا نووسی لەسەر ئەم بابەتە: بەڵام دیۆتریفۆس کە حەز دەکات وەک سەرکردەیەک خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت، ئێمە پەسند ناکات. 10بۆیە سەرنجی بۆ ئەو کارانە ڕادەکێشم کە دەیکات کاتێک دێم. تۆمەتی درۆینە دژی ئێمە دەوروژێنێت، بە شێوەیەکی کین لە دڵانە قسە دەکات. بەم شتە ڕازی نییە، بەڵکو ڕەتیدەکاتەوە پێشوازی لە برا رێبوارەکان بکات، ڕێگری لەو کەسانە دەکات کە دەیانەوێت وەریانبگرن و لە کڵێساش دەریان دەکات.11ئەی خۆشەویست، لاسایی خراپە مەکەرەوە، بەڵکو لاسایی چاکە بکەرەوە. هەرکەسێک چاکە بکات، لە خوداوەیە. ئەوەی خراپەکاری بکات ئەوە نیشان دەدات کە هەرگیز خودای نەناسیوە. 12سەبارەت بە دیمیتریۆس، هەمووان شایەتحاڵی باشی ئەوەن. تەنانەت ڕاستیەکە خۆی شایەتی بۆ دەدا. هەروەها ئێمەش شایەتحاڵی بۆ دەدەین. وە ئێوەیش متمانەتان بە ڕاستی ئەو شتانە هەیە کە ئێمە شایەتی بۆ دەدەین.13زۆر شتم هەبوو بۆت بنووسم. بەڵام نامەوێت لێرە بە پێنووس و مەرەکەب بینووسم. 14هیوا خوازم کە بە یەک بگەین بەم نزیکانە، روبەرو وتووێژ بکەین! 15سڵاوت لێ بێت! خۆشەویستان لێرە سڵاوتان لێدەکەن. بە ناو لە هەر یەکێک لە ئازیزانت سڵاو بکە.
1لە یەهوداوە، خزمەتکاری یەشوای مەسیح برای یاکۆڤ، بۆ ئەوانەی خودای باوک بانگی کردوون، خۆشەویستانی ئەو، وە پارێزراون لە پیناو یەشوای مەسیح. 2بەزەیی و ئاشتی و خۆشەویستیتان بۆ زیاتر و زیاتر بێت!3خۆشەویستان، بەنیازم بووم بۆتان بنووسم سەبارەت بە ڕزگاربوون ئەوەی هەموومان تێیدا هاوبەشین. بەڵام، ئێستا هەست بە ناچاری دەکەم بنووسم بۆ ئەوەی هانتان بدەم بۆ تێکۆشان بۆ ئەو باوەڕەی کە بۆ تەنها یەکجار درا بە پیرۆزکراوان. 4چونکە هەندێک فێرکار خۆیان خزاندۆتە نێوانتان بەدڵنیایەوە ڕوبەڕوی دادوەری و سزای هەتاهەتایی دەبنەوە،هەروەک چۆن لە مێژەوە لە سەریان نوسراوە. ئەوانە خراپەکارن لە خودا ناترسن، ئەوان لە بەخششی پەروەردگار کەڵک وەردەگرن بۆ بەڕەڵایی و خراپەکاریەکانیان، ئەوان نکۆڵی دەکەن لە گەورەمان و تاقە پەروەردگارمان یەشوای مەسیح.5ئێستا، دەمەوێت ئەو شتانەتان بیر بخەمەوە کە دەزانن. کەواتە دەزانن کە پەروەردگار، دوای ئەوەی گەلەکەی لە میسر ڕزگار کرد، گەڕایەوە و ئەوانەی لە ناوبرد کە لەو گەلەدا باوەڕیان نەبوو. 6سەبارەت بەو فریشتانەی کە پێگەی بەرزی خۆیان نەپاراست، بەڵکو شوێنی خۆیان بەجێهێشت، بۆیە پەروەردگار زیندانی کردوون بەزنجيرێکی هەتاهەتایی لە قوڵای تارکیدا بەستراونەتەوە، چاوەڕێی سەرکۆنەی ڕۆژە مەزنەکەن.7وە دەزانن پەروەردگار چی بەسەر شارەکەم سۆدۆم و عەمۆرا و شارەکانی دەوروبەریاندا هێنا. چونکە خەڵکی ئەم شارانە وەک ئەو مامۆستایانە بوون، پاڵنەر بوون بۆ داوێن پیسی، و سەرقاڵی ئارەزوەکانی پێچەوانەی سروشت بوون. بۆیە پەروەردگار سزای ئەم شارانەی بە ئاگری هەتاهەتایی دا، وێرانی کردن. تاببن بە پەند بۆ ئەوانەیتر. 8لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو مامۆستا خەیاڵ خاوانەی ئەو ڕێگایە پەیڕەو دەکەن کە خەڵکی ئەو شارانە پێیدا ڕۆیشتوون. وەک چۆن جەستەیان بە گڵاوی پیس دەکەن، و سووکایەتی بە سەروەری خودایی دەکەن، و بەسوکایەتییەوە قسە لەسەر بوونە شکۆمەندەکان دەکەن!9تەنانەت میخائیل، کە سەرۆکی فریشتەکان بوو، بوێری ئەوەی نەبوو بەسوکاتییەوە فەرمان بەسەر شەیتان بدات کاتێک بەربەرەکانی لەگەڵ دەکرد سەبارەت بە جەستەی موشە، بەڵام بەس بوو پێی بڵێت: «پەروەردگار سەرزەنشتت بکات!» 10بەڵام ئەم مامۆستایانە کە بە سووکایەتییەوە قسە لەسەر ئەو شتانە دەکەن کە نایزانن. سەبارەت بەوەی کە بە هەوەسەوە لێی تێدەگەن، وەک ئاژەڵە ناژیرەکان، بەو شتە خۆیان لەناو دەبەن. 11هاوار بۆ ئەوان! چونکە بە ڕێگای قایندا ڕۆیشتن، بۆ دەستکەوتنی پارە خۆیان دایە دەست گوناهەکانی بەلعام، ئەوانیش یاخی بوون وەک چۆن کۆراخ یاخی بوو خۆیان لەناو برد.12ئەوانە تاشەبەردە مەترسیدارەکانن لە کۆبوونەوە پڕ لە خۆشەویستییەکانتان بە بێ ترس بەشدار ئەبن؛ تەنها خۆیان تێردەکەن! وەک هەورێکی بێ بارانن کە با لێیان دەخوڕێت، وەک داری پاییز بێ بەرن، کە خاوەنەکانیان لە ڕەگەوە هەڵیکەندون، بۆیە دوو جار مردوون. 13وە بە کارە شەرمەزارەکانیان خۆیان ئاشکرا دەکەن وەک شەپۆلە توڕەکانی ناو دەریا پیسی فڕێدەدەن. وەک ئەستێرەیەکی ونبوون لە بۆشایی، چارەنوسیان تاریکی هەتاهەتاییە!14دەربارەی ئەمانە و هاوشێوەکانیان، خەنۆخ پێشبینی کرد، لە نەوەی حەوتەمی دوای ئادەمە، گوتی: «ئەوەتا پەروەردگار بەیاوەری دەیان هەزار پیرۆزكراو دێت، 15بۆ دادگاییکردنی هەموو مرۆڤەکان، و سزادانی هەموو خراپەکاران ئەوانەی لە خودا ناترسن، بەهۆی هەموو کارە خراپەکانیانەوە کە کردوویانە و هەموو قسە توندەکانیان کە سووکایەتییان پێکرد، و تەنها لە گوناهباران و خودا نەناسانەوە دێت!» 16ئەوانە بۆڵەبۆڵکەر و بەگومانن، بەویستی ئارەزووە کانیان هەڵسوکەوت دەکەن زمانیان قسەی بە فیز دەکات، بۆ بەرژەوەندی خۆیان ستایشی ئەو کەسانە دەکەن کە سەرسامن پێیان!17سەبارەت بە ئێوەی خۆشەویست، هەمیشە لەبیرتان بێت کە نێردراوانی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح چییان وتووە. 18پێشتر ئاگادارمان کردوونەتەوە کە، لە کۆتایی کاتەکاندا، گاڵتەجاڕەکان دەردەکەون کە دەژین و نوقوم بوون لەنێو ئارەزووە خراپەکانیان. 19ئەمانەن کە دەبنە هۆی لێکترازان، ئەوان پەیڕەوی لە ئارەزووە ئاژەڵییەکانیان دەکەن نەک بەگیانی پیرۆز کە تێیاندایە!20سەبارەت بە ئێوەی خۆشەویست، خۆتان لەسەر پیرۆزترین باوەڕتان بنیات بنێن! و هەمیشە لە گیانی پیرۆزدا نزا بکەن. 21وە خۆتان لە خۆشەویستی خودادا بپارێزن، چاوەڕێی بەزەیی مەسیحی پەروەردگارمان بن، کاتێک دەگەڕێتەوە و دەتانبات بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بژین بۆ هەمیشە.22هەندێک کەس بەهۆی گومانەکانیانەوە پێویستە بە بەزەییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەیت. 23دەبێت هەندێکیان لە ئاگری ڕفێنەر ڕزگار بکەیت. هەندێکی تریش دەبێت بە بەزەیی و وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەیت، تەنانەت ڕقت لەو جلوبەرگانە بێت کە خۆیان پێ گڵاو دەکەن.24وە بۆ ئەو کەسەی کە توانای ئەوەی هەیە لە کەوتنت بپارێزێت دەتبات بۆ ئەوەی بە شادی و شکۆمەندییەوە بێ کەموو کوڕی لەبەردەمیدا دەربکەویت. 25بۆ تاکە خودا، ڕزگارکەرمان یەشوای مەسیحی پەروەردگارمان شکۆمەندی و مەزنایەتی توانا و دەسەڵاتی، پێش ئەو کات بوو، ئێستاش و بۆ هەموو سەردەمەکان، ئامین!
1ئەمە بینینێکە لەلایەن خوداوە بە یەشوای مەسیح دراوە، بۆ ئەوەی ئەو شتانە بۆ خزمەتکارەکانی ئاشکرا بکات کە دەبێت بەم زووانە ڕوو بدەن. مەسیحیش لە ڕێگەی فریشتەکەیەوە بۆ یۆخەنای بەندەی ئاشکراکرد. 2شایەتحاڵی یۆخەنا لەسەر وشەی خودا و شایەتحاڵی یەشوای مەسیح، و هەموو ئەو شتانەی کە بینیوەتی. 3بەختەوەرە ئەو کەسەی ئەم پەرتووکی پێشبینیە دەخوێنێتەوە و بۆ ئەوانەی دەیبیستن، و چاودێری ئەوە دەکەن کە تێیدا هاتوە، چونکە وادەی هاتنەدی پێشبینیەکە نزیکە!4لە یۆخەنا، بۆ حەوت کڵێساکەی هەرێمی ئاسیا: بەخشش و ئاشتیتان بۆ بێت لەوەی کە هەبووە و کەهەیە و کە دێت، و لە حەوت گیانەکەی بەردەم تەختەکەی، 5لە یەشوای مەسیحەوە شایەتحاڵی دڵسۆز، نۆبەری ئەوانەی لە مردن هەستانەوە، پاشای پاشاکانی زەوی، لەبەر خۆشەویستیەکەی بۆ ئێمە لە پێناوماندا مرد و بە خوێنی خۆی لە گوناهەکانمان شۆردینیەوە، 6وە ئێمەی کردە شانشین، و کاهین بۆ خودای باوکی، شکۆمەندی و دەسەڵات بۆ ئەوە بۆ هەمیشە و هەتاهەتایە. ئامین!7ئەوەتا ئەو لەگەڵ هەورەکان دێت! هەموو چاوێک دەیبینێت، تەنانەت ئەوانەش کە ڕمیان لێدا، هەموو هۆزەکانی سەر زەویش بەهۆی ئەوەوە ماتەمینی دەگێڕن! بەڵێ، ئامین! 8«من ئەلف و ێیم» (سەرەتا و کۆتایی). ئەمە دەفەرموێت پەروەردگاری خودا کە هەبووە و هەیە و دێت، تونادارەکە بەسەر هەموو شتێکدا.9من، ێۆخەنای براتانم و هاوبەشی تەنگانە و شانشینی ئارام گرتن لە یەشوادا، دورخراوە بۆ دوورگەیەک کە پێی دەوترێت پەتمۆس، لە پێناوی وشەی خودا و شایەتحاڵی یەشوا. 10لە ڕۆژی پەرورردگار، لە گیانەکەدا بووم، لە پشتمەوە گوێم لە دەنگێکی بەرز بوو وەک کەڕەنا 11دەفەرموێت: «ئەوەی دەیبینیت لە پەرتووکێکدا بینووسە، و بینێرە بۆ حەوت کڵێساکە: لە ئەفسۆس، سمیرنا، پەرگامۆس، سیاتیرا، ساردس، فیلادلفیا و لاودیکیا».12کاتێک ئاوڕم دایەوە بۆ دەنگەکە، حەوت چرادانی زێڕينم بینی، 13کە ڕووم کردە دەنگەکە، یەکێکی وەک ڕۆڵەی مرۆڤم بینی لە ناوەڕاستی حەوت چرادانە زێڕینەکەدا وەستابوو، جلێکی درێژی لەبەردا بوو تا بەرپێی، وە پشتێنێکی زێڕینی لە سنگیوە پێچا بوو.14مووی سەری وەکو خوری بێگەرد وەک بەفر سپی بوو، چاوەکانی وەک بڵێسەی ئاگر بوون. 15پێیەکانی بریقەدار بوو وەک مس کە بە ئاگر پوختە کرابێت، دەنگیشی وەک هاژەی تاڤگە وابوو، 16ڕووخساری وەک خۆری نیوەڕۆ بە ڕووناکی دەدرەوشایەوە. حەوت ئەستێرەی لە دەستی ڕاستی بوو، شمشێرێکی تیژی دوو لێوار لە دەمی دەرچوو.17کاتێک بینیم وەک مردوویەک کەوتمە بەر پێیەکانی، بە دەستی ڕاستی دەستی لێدام و فەرمووی: «مەترسە! من یەکەم و دواهەمینم، 18منم زیندووەکە. مردبووم، بەڵام ئەوەتا ئێستا بۆ هەتاهەتایە زیندووم. کلیلەکانی مردن و جیهانی مردووانم پێیە.19بنووسە چیت بینی، و ئێستا چی ڕوودەدات، وە ئەوەی خەریکە لە داهاتوودا ڕوودەدات. 20نهێنی ئەو حەوت ئەستێرەیەی کە لای ڕاستم بینیت، و حەوت چرادانە زێڕینەکەش ئەمەیە: حەوت ئەستێرەکە فریشتەکانی حەوت کڵێساکەن، حەوت چرادانەکەش خودی حەوت کڵێساکەن.
1بۆ فریشتەی کڵێساکەی ئەفسۆس بنووسە: ئەوەی کە حەوت ئەستێرەکەی بە دەستی ڕاستی گرتووە و لە نێوان حەوت چرادانە زێڕینەکەدا دەڕوات دەفەرموێت: 2من کردار، و هەوڵەکانت، و ئارام گرتنت دەزانم، وە دەزانم کە تۆ بەرگەی خراپەکاران ناگریت، و بە وردی لەو کەسانەت کۆڵیوەتەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نێردراون، بەڵام نێردراو نین، بۆت ڕوون بۆوە کە ئەوان درۆزنن!3لە پێناو ناوی من ئازارت چەشت خۆت ڕاگرت و کۆڵت نەدا. 4بەڵام ئەمەم لەسەرت هەیە تۆ خۆشەویستییەکەی یەکەمینت واز لێهێناوە! 5کەواتە بیرت بێت لە کوێ کەوتوویت، وە پاشگەز بەرەوە، بگەڕێوە بۆ کارەکانی پێشووت، ئەگینا دێم و چرادانەکەت لە شوێنی خۆی لادەبەم ئەگەر پاشگەز نەبیتەوە!6سەبارەت بەوەی لە تۆدایە دڵخۆشم دەکات ئەویش ئەوەیە کە تۆ ڕقت لە کردەوەی نیکۆلایەکانە کە منیش ڕقم لێیەتی. 7ئەوەی گوێی هەیە با ببیستێت کە گیانەکە چی بە کڵێساکان دەفەرموێت! ئەوەی سەربکەوێت من لە بەری داری ژیانی دەدەمێ لە بەهەشتی خودا.8بۆ فریشتەی کڵێساکەی سمیرنا بنووسە: ئەوەی یەکەمین و دواهەمینە، ئەوەی مردوو بوو و زیندو بۆوە دەفەرموێت: 9دەزانم چەندە تووشی تەنگانە و هەژاری بویت، هەرچەندە دەوڵەمەندیت. وە من قسەی هەڵبەستراوی ئەوانەش دەزانم کە بانگەشەی ئەوە دەکەن یەهودین بەڵام یەهودی نین، بەڵکو کەنیشتی شەیتانن!10لەو ئازارانە مەترسە کە چاوەڕێت دەکەن، چونکە شەیتان هەندێکتان دەخاتە زیندان بۆ ئەوەی تاقی بکرێنەوە، و دە ڕۆژ تووشی چەوسانەوە دەبن. جا تا مردن وەفادار بن، منیش تاجی ژیانتان پێدەبەخشم. 11ئەوەی گوێی هەیە با ببیستێت گیانەکە چی بە کڵێساکان دەڵێت! ئەوەی سەردەکەوێت بە مردنی دووەم زیانی پێ ناگات!12بۆ فریشتەی کڵێساکەی پرگامۆس بنووسە: ئەوەی شمشێری بڕینی دوو لێواری هەیە دەفەرموێت. 13دەزانم لەکوێ دەژیت، ئەو شوێنەی تەختی شەیتانی لێیە! لەگەڵ ئەوەشدا دەستت بە ناوی منەوە گرتووە، تەنانەت لەو ڕۆژانەش کە ئەنتیپاسی شایەتیدەری دڵسۆزم لەلاتان شەهید کرا، لەو شوێنەی شەیتان نیشتەجێیە، ڕەتت کردەوە نکۆڵی لە باوەڕی من بکەیت!14بەڵام هەندێک شتم لەسەرت هەیە لێبوردەی لەگەڵ ئەو هۆزەی پابەندن بە فێرکردنی بەلعامەوە ئەوەی بالاکی پاشای فێردەکرد کە نەوەی یەسرائیل لە ناوببات بە تێوەگلان لە داوێن پیسی و لەو قوربانییانە بخۆن کە پێشکەشی بتەکان کراون، 15بە هەمان شێوە هەندێکیشتان هەیە کە پابەندن بە فێرکارییەکانی نیکۆلایەکانەوە!16بۆیە پاشگەز بەرەوە، ئەگینا بەم زووانە دێمە لات و بە شمشێرەکەی دەمم لەگەڵ گومڕاکان دەجەنگم. 17ئەوەی گوێی هەیە با ببیستێت گیانەکە چی بە کڵێساکان دەفەرموێت! ئەوەی سەربکەوێت لە مەنی شاراوەی دەدەمێ، هەروەها بەردێکی سپی بچوکی پێدەدەم کە ناوێکی نوێی لەسەر هەڵکۆڵدراوە جگە لەوەی وەریدەگرێت کەس نایزانێت!18بۆ فریشتەی کڵێساکەی سیاتیرا بنووسە: ڕۆڵەی خودا ئەوەی چاوەکانی وەک گڕی ئاگرە و پێیەکانی وەک مسی بێگەردە دەفەرموێت: 19کارەکانت، و خۆشەویستیت، و باوەڕەکەت، و قوربانیدانەکەت، و ئارام گرتنەکەت دەزانم؛ دەزانم کارەکانی ئەم دواییەت زیاترە لە وانەی پێشووت!20بەڵام ئەمەم لەسەرت هەیە تۆ ڕێت بەو ژنە داوە کە ناوی ئێلیشابات، خۆی بە پێغەمبەر دەزانێت، خزمەتکارەکانم گومڕا دەکات فێریان دەکات تاکو داوێنپیسی بکەن و لەو قوربانیە بخۆن کە پێشکەشی بتەکان دەکرێت. 21ماوەیەکی پێدرا بۆ پاشگەزبونەوە لە داوێن پیسیەکەی، بەڵام پاشگەز نەبۆوە.22لەبەر ئەوە فڕێی دەدەمە سەر جێگای نەخۆشی، ئەگەر ئەوانەی داوێنپیسییان لەگەڵی کردووە لە کردارەکانیان پاشگەز نەبنەوە، دەیانخەمە ناو تەنگانەیەکی توندەوە. 23من منداڵەکانی بە مردن لەناو دەبەم، بۆ ئەوەی هەموو کڵێساکان بزانن منم ئەوەی کە بیر و دڵەکان دەپشکنێت، و بەپێی کردەوەکانتان پاداشتی هەریەکێکتان دەدەمەوە.24بەڵام ئێوە، ئەوانەی لە سیاتیرا ماونەتەوە، ئەوانەی ئەم فێرکردنە گەندەڵەیان پەسەند نەکرد، و نەیاندەزانی نهێنی قوڵی شەیتان چییە، منیش بارگرانییەکی نوێ ناخەمە سەرتان. 25تەنها ئەوەی هەتانە دەستی پێوە بگرن هەتا دێم.26ئەوەی سەرکەوتوو بێت، و تا کۆتایی بەردەوام بێت لەسەر ئەوەی ڕەزامەندی من بەدەست بهێنێت، دەسەڵاتی بەسەر نەتەوەکاندا دەدەمێ، 27بە گۆچانێکی ئاسنین فەرمانڕەوایان دەکات، وەک گۆزەیەکی گڵین وردوخاشیان دەکات، هەروەک چۆن منیش لە باوکم دەسەڵاتی فەرمانڕەوایم وەرگرتووە، 28وە ئەستێرەی بەرەبەیانی دەدەمێ! 29ئەوەی گوێی هەیە با بیبیستێت گیانەکە چی بە کڵێساکان دەڵێت!
1بۆ فریشتەی کڵێسای ساردس بنووسە: ئەوەی حەوت گیانی خودا و حەوت ئەستێرەکەی هەیە دەفەرموێت: من کارەکانت دەزانم. تۆ بە ناو زیندوویت، بەڵام لە ڕاستیدا مردوویت. 2هەستە، ئەوەی ماوتە پێش ئەوەی بمرێت زیندووی بکەرەوە، چونکە کارەکانتم لە پێش چاوی خوداکەمدا بە ناتەواوی بینی.3ئەوەی پێشتر پەسەندت کردووە و بیستووتە لەبیرت بێت، دەست بگرە بەوەی کە باوەڕت پێیەتی، پاشگەز بەرەوە! ئەگەر گرنگی پێ نەدەیت، وەک دزێک دێمە لات، تۆش نازانیت لە چ کاتێکدا دێمە سەرت! 4بەڵام چەند کەسێکتان هەیە لە ساردس کە جلەکانیان بە پیسی گڵاو نەکردووە. ئەمانە بە جلی سپییەوە لەگەڵمدا دەڕۆن.5ئەوەی سەردەکەوێت، جلێکی سپی لەبەر دەکات، منیش ناوی ئەو لە تۆماری ژیاندا ناسڕمەوە، منیش لەبەردەم باوکم و فریشتەکانیدا دان بە ناوەکەیدا دەنێم. 6هەرکەسێک گوێی هەیە با بیبیستێت گیانەکە چی بە کڵێساکان دەڵێت!7بۆ فریشتەی کڵێساکەی فیلادلفیا بنووسە: ئەوەی پیرۆز و ڕاستە، کلیلەکەی داڤیدی لە دەستە، ئەوەی دەیکاتەوە و کەس دایناخات، دایدەخات و کەس نایکاتەوە دەفەرموێت. 8کردارەکانت دەزانم. هەرچەندە هێزێکی کەمت هەیە، بەڵام گوێڕایەڵی وشەی من بوویت و نکۆڵیت لە ناوی من نەکرد، بۆیە دەرگایەکم بۆت کردۆتەوە کە کەس ناتوانێت دایبخات.9سەبارەت بەوانەی کە لە کەنیشتی شەیتانن، و بە درۆ دەڵێن یەهودین، ناچاریان دەکەم کڕنۆش بۆ پێیەکانت ببەن و دان بەوەدا بنێن کە خۆشم ویستووی. 10لەبەر ئەوەی وشەی منت پاراست دانت بە خۆتدا گرت، هەروەها لە کاتی تاقیکردنەوەکە دەتپارێزم کە بەسەر هەموو جیهاندا دێت بۆ تاقیکردنەوەی ئەوانەی لەسەر زەوی نیشتەجێن. 11 من زوو دێم، دەست بگرە بەوەی کە هەتە، تاکو کەس تاجەکەت لێ نەستێنێت.12هەرکەسێک سەربکەوێت دەیکەم بە پایەیەک لە پەرستگای خودام، هەرگیز لێی دەرناچێت، ناوی خودام و ناوی شاری خودام یۆرشەلایمی نوێی، لەسەری دەنووسم، ئەوەی لەلای خودامەوە لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە و ناوی نوێی خۆمی لەسەری دەنووسم. 13ئەوەی گوێی هەیە با ببیستێت گیانەکە چی بە کڵێساکان دەڵێت!14بۆ فریشتەی کڵێسای لاودکیا بنووسە: شایەتحاڵی دڵسۆز و ڕاستگۆ، فەرمانڕەوای دروستکراوەکانی خودا: 15من کارەکانت دەزانم، دەزانم کە تۆ نە ساردیت و نە گەرمیت. خۆزگە سارد بویتایە یان گەرم! 16 بەڵام لەبەر ئەوەی شلەتێنیت، نە ساردیت و نە گەرمیت، دەمەوێت لە دەممەوە بتتفێنمەوە!17تۆ دەڵێیت: من دەوڵەمەندم، و دەوڵەمەند بووم و لە هیچم کەم نییە! بەڵام نازانیت بەدبەخت و داماو و هەژار و کوێر و ڕووتیت. 18ئامۆژگاریم بۆ ئێوە ئەوەیە کە زێڕی پاکم لێ بکڕن، کە بە ئاگر پاککراوەتەوە، بۆ ئەوەی بەڕاستی دەوڵەمەند بن، هەروەها جل و بەرگی سپی بۆ داپۆشینی ڕووتی شەرمەزاریتان، هەروەها کل بۆ چاککردنەوەی چاوەکانتان بۆ ئەوەی بینینتان بۆ بگەڕێتەوە.19ئەوانەی خۆشم بوێن سەرزەنشتیان دەکەم و تەمبێیان دەکەم. بۆیە دڵگەرم بە و پاشگەز بەرەوە لە گوناهەکانت! 20ئەوەتا لە بەردەرگا وەستاوم و لە دەرگا دەدەم. ئەگەر یەکێک گوێی لە دەنگم بوو و دەرگاکەی کردەوە، لێی دێمە ژوورەوە و نانی لەگەڵ دەخۆم ئەویش لەگەڵ من.21ئەوەی سەربکەوێت لەگەڵ خۆم لەسەر تەختەکەم دایدەنیشێنم، وەک چۆن منیش سەرکەوتم و لەگەڵ باوکم لەسەر تەختەکەی دانیشتم؛ 22ئەوەی گوێی هەیە، با بیبیستێت گیانەکە چی بە کڵێساکان دەڵێت!»
1دوای ئەوە دەرگایەکی کراوەم بینی لە ئاسماندا، ئەو دەنگەی پێشتر گوێم لێ بوو وەک کەڕەنا قسەی لەگەڵ کردم، و فەرمووی: «وەرە سەرەوە بۆ ئێرە و نیشانت دەدەم کە دەبێت دوای ئەمە چی ڕووبدات». 2لەو کاتەدا بوومە گیان، لە ئاسمان تەختێکم بینی کە کەسێک لەسەری دانیشتبوو 3ئەوەی سەر تەختەکە وەک بەردی یەشب و یاقووتی سوور بوو. پەلکەزێڕینەیەکیش وەک زمروود لە دەوری تەختەکە دەدرەوشایەوە.4تەختەکە بە بیست و چوار تەخت دەورە درابوو، بیست و چوار پیر لەسەری دانیشتبوون کە جل و بەرگی سپییان لەبەردا بوو، تاجی زێڕینیان لەسەر سەربوو. 5دەنگ و هەورەگرمە و بروسکە لە تەختەکەوە هاتنە دەرەوە، و لەبەردەمیدا حەوت چرای داگیرساو هەبوو، ئەوەش حەوت گیانەکانی خودایە.6وا دیار بوو دەریایەکی ڕوون وەک بلوری لەبەردەم تەختەکەدا درێژ بووبێتەوە، وە لە ناوەڕاستی تەختەکە و دەوروبەریدا چوار بوونەوەر هەبوو کە لە پێشەوە و لە دواوە بە چاوێکی زۆر داپۆشرابوون:7بوونەوەری یەکەم وەک شێر بوو، دووهەم وەک جوانە گا، سێهەم ڕوخسارێکی وەک مرۆڤی هەبوو. چوارەم وەک هەڵۆیەکی فڕیو بوو. 8هەر بوونەوەرێک شەش باڵی هەبوو، لە ناوەوە و دەرەوە بە چاو داپۆشرابوون. ئەم چوار زیندەوەرە شەو و ڕۆژ بەبێ وەستان دروشم دەڵێنەوە و دەڵێن: «پیرۆزە پیرۆزە پیرۆزە، پەروەردگار خودای هەرە بەتوانا، کە بووە و هەیە و دێت».9هەموو ئەم بوونەوەرانە شکۆمەندی و ڕێز و ستایش پێشکەشی دانیشتووی سەر تەختەکە دەکەن، زیندووە و بۆ هەمیشە و هەتاهەتایە، 10بیست و چوار پیرەکە کڕنۆش دەبەن لەبەردەم دانیشتووی سەر تەختەکە کە بۆ هەتاهەتایە زیندووە، و تاجەکانی خۆیان دەخەنە بەردەم تەختەکەی و دروشم دەڵێنەوە: 11«تۆ پەروەردگار و خودای ئێمە شایەنی شکۆمەندی و ڕێز و دەسەڵاتیت، چونکە تۆ هەموو شتەکانت دروست کردووە، و بە خواستی تۆش بوونیان هەیە و دروست بوون!»
1لە لای ڕاستی دانیشتووی سەر تەختەکە تۆمارێکم بینی کە لە ناوەوە و دەرەوە لێی نووسرابوو، بە حەوت مۆر مۆرکرابوو. 2وە فریشتەیەکی بەهێزم بینی کە بە دەنگێکی بەرز بانگی کرد: «کێ شایەنی ئەوەیە مۆرەکانی تۆمارەکە بشکێنێت و بیکاتەوە؟»3هیچ کەسێک لە ئاسمان و لەسەر زەوی و ژێر زەوی نەیتوانی تۆمارەکە بکاتەوە یان سەیری بکات! 4بۆیە بە کوڵ دەستم کرد بە گریان چونکە کەس نەبوو شایەنی ئەوە بێت تۆمارەکە بکاتەوە یان سەیری بکات. 5بەڵام یەکێک لە پیرەکان پێی گوتم: «مەگری! شێرەکەی هۆزی یەهودا، کە ڕەگی لە داڤیدە، سەرکەوت و شایەنی ئەوەیە تۆمارەکە بکاتەوە و حەوت مۆرەکە بشکێنێت».6سەیرم کرد و بینم لە ناوەڕاستی نێوان تەختەکە و چوار بوونەوەرە زیندووەکە و پیرەکاندا بەرخێک دەرکەوت وەک ئەوەی سەربڕدرابێت. حەوت قۆچ و حەوت چاوی هەبوو. کە نوێنەرایەتی ئەو حەوت گیانەی خودایان دەکرد کە بۆ هەموو زەوی ناردبوو. 7جا چووە پێشەوە و تۆمارەکەی لە دەستی ڕاستی دانیشتووی سەر تەختەکە وەرگرت.8بیست و چوار پیرکەو چوار بوونەوەرە زیندووەکە کڕنۆشیان بۆ بەرخەکە برد، هەریەکەیان قیسارە و جامێکی زێڕینی پڕ لە بخوریان بەدەستەوە بوو، کە نزای پیرۆزکراوەکانە.9دەستیان کرد بە گوتنەوەی سروودێکی نوێ تیایدا گوتیان: «تۆ شایەنی ئەوەیت تۆمارەکە وەربگریت و مۆرەکانی بشکێنیت، چونکە سەر بڕدرایت، و بە خوێنی خۆت لە هەموو هۆز و نەتەوە و گەل و زمانێک، خەڵکت بۆ خودا کڕیوە، 10ئەوانیشت کردە شانشین و کاهین بۆ خودامان، و فەرمانڕەوایەتی زەوی دەکەن».11پاشان سەیرم کرد، و گوێم لە سرودی ملیۆنان فریشتە بوو کە دەوری تەختەکە و بوونەوەرە زیندووەکان و پیرەکانیان دابوو، 12بەدەنگێکی بەرز دروشمیان دەگوتەوە: «بەرخە سەربڕدراوەکە شایستەی وەرگرتنی توانا و دەوڵەمەندی و دانایی و هێز و شکۆ و ڕێزە».13پاشان بیستم هەموو بەدیهێنراوان لە ئاسمان و سەر زەوی، وە ژێر زەوی و سەر دەریا، هەموو ئەوانەی لەوێدا بوون، دەیانگوت: «با ڕێز و شکۆ و دەسەڵات بۆ دانیشتووی سەر تەختەکە و بەرخەکە بێت، هەتاهەتایە». 14چوار زیندووەکە وەڵامیان دایەوە: «ئامین!» پیرەکانیش چۆکیان دادا و کڕنۆشیان برد.
1بەرخەکەم بینی یەکەم مۆری لە حەوت مۆرەکە شکاند، گوێم لە یەکێک لە چوار بوونەوەرە زیندووەکە بوو کە بە دەنگێکی وەک هەورە گرمە بانگی دەکرد: «وەرە!» 2سەیرم کرد لەبەردەممدا ئەسپێکی سپیم بینی، سوارەکەی کەوانێکی هەڵگرتبوو تاجێکی لەسەر سەربوو، بە سەرکەوتنەوە دەرچوو تاکو سەربکەوێت.3پاشان بەرخەکە مۆری دووەمی شکاند، گوێم لە بوونەوەری دووهەم بوو کە بانگی دەکرد: «وەرە!» 4پاشان ئەسپێکی سوور هاتە دەرەوە، سوارەکەی شمشێرێکی مەزنی پێدرا، و دەسەڵاتی پێدرا کە ئاشتی لەسەر زەوی دابماڵێت و مرۆڤەکان یەکتر بکوژن.5کاتێک بەرخەکە مۆری سێیهەمی شکاند، گوێم لە بوونەوەری سێهەم بوو کە بانگی دەکرد: «وەرە!» ئەسپێکی ڕەشم بینی، سوارەکەی تەرازوویەکی بەدەستەوە بوو. 6لە نێو ئەو چوار زیندەوەرەدا گوێم لە دەنگێک بوو کە دەیگوت: «یەک پێوانە گەنم بە دینارێک، سێ پێوانە جۆ بە دینارێک. سەبارەت بە ڕۆن و شەراب دەستیان لێ مەدە».7پاشان بەرخەکە مۆری چوارەمی شکاند گوێم لە بوونەوەری چوارەم بوو کە بانگی دەکرد: «وەرە!» 8ئەسپێکی «سەوزی کاڵ»م بینی، کە ناوی سوارەکەی «مردن» بوو دواتر ئەسپێکی دیکە کە ناوی سوارەکەی «جیهانی مردوان»بوو، دەسەڵاتیان پێدرا چارەکێکی زەوی لەناوبەرن بە شمشێر و برسێتی و تاعون و بەدڕندەی زیانبەخشی زەوی!9بەرخەکە مۆری پێنجەمی شکاند، و قوربانگایەکم بینی کە لە ژێرەوە گیانی ئەو کەسانە بوو کە خوێنیان ڕژابوو لە پێناو وشەی خودا، و ئەو شایەتحاڵییەی کە دایان، 10بە دەنگێکی بەرز هاواریان بۆ پەروەردگارکرد و گوتیان: «هەتاکەی، ئەی گەورەی پیرۆز و ڕاست، سزادانی خەڵکی زەوی دوادەخەیت لەسەر ئەوەی کە بەسەر ئێمەیاندا هێنا؟ کەی تۆڵەی خوێنی ئێمەیان لێدەکەیتەوە؟» 11پاشان هەریەکەیان جلێکی سپییان پێدرا، و پێیان گوترا کە بۆ ماوەیەکی کەم ئارام بگرن تا ژمارەی هاو خزمەتکار و براکانیان کە وەک ئەوان دەکوژرێن تەواو دەبێت.12پاشان سەیرم کرد، بەرخەکەم بینی مۆری شەشەمی شکاند، و بینیم زەوی بە بوومەلەرزەیەکی گەورە لەرزی و خۆر ڕەش بووەوە و وەک پەڕۆیەکی لە موو چندراو، مانگ وەک خوێن سوور هەڵگەڕا، 13 ئەستێرەکانی ئاسمان کەوتنە سەر زەوی وەک دار هەنجیر کە بایەکی توند دەیهەژێنێت و بەرەکەی دەکەوێت. 14ئاسمان وەک تۆمارێکی لوولکراو پێچرایەوە، هیچ چیا و دوورگەیەک لە شوێنی خۆی نەما.15پاشاکانی زەوی و پیاوە گەورەکان و سەرکردەکان و دەوڵەمەندەکان و دەسەڵاتدارەکان و کۆیلەکان و ئازادەکان هەموویان لە ئەشکەوت و بەردی شاخەکاندا خۆیان شاردەوە، 16بە شاخ و بەردەکان دەڵێن: بەسەرماندا بکەون، و لە ڕووی دانیشوی سەر تەختەکە و لە تووڕەیی بەرخەکە بمانشارنەوە!» 17چونکە ڕۆژی تووڕەییە مەزنەکە بەسەریاندا هاتووە، و کێ دەتوانێت لەبەردەمیدا ڕابوەستێت؟
1دوای ئەوە چوار فریشتەم بینی لە چوار گۆشەی زەوی وەستابوون، چوار بای زەوییان ڕاگرتبوو، بۆ ئەوەی هیچ بایەک بەسەر وشکانی و دەریا و درەختدا هەڵنەکات. 2پاشان بینیم فریشتەیەکی تر لە ڕۆژهەڵاتەوە هات و مۆری خودای زیندوو هەڵگرتبوو، بە دەنگێکی بەرز بانگی ئەو چوار فریشتەیەی کرد کە ئەرکی زیانگەیاندن بە وشکانی و دەریایان پێسپێردرابوو: 3«چاوەڕوان بن! زیان لە خاک و دەریا و درەختەکان مەدەن، تا مۆری خوداکەمان لەسەر نێوچەوانی خزمەتکارەکانی دادەنێین».4بیستم کە ژمارەی مۆرکراوەکان، سەد و چل و چوار هەزار کەس بوون، لە هەموو هۆزەکانی نەوەی یەسرائیل: 5لە هۆزی یەهودا دوازدە هەزار مۆرکراو؛ لە هۆزی ڕۆبین دوازدە هەزار؛ لە هۆزی گادیش دوازدە هەزار؛ 6لە هۆزی ئاشێر دوازدە هەزار؛ لە هۆزی نەفتالیش دوازدە هەزار؛ لە هۆزی مەنەشێ دوازدە هەزار7لە هۆزی شیمۆن دوازدە هەزار؛ لە هۆزی لێڤی دوازدە هەزار؛ لە هۆزی یساخار دوازدە هەزار؛ 8لە هۆزی زەڤولون دوازدە هەزار؛ لە هۆزی یۆسپ دوازدە هەزار؛ لە هۆزی بنیامین دوازدە هەزاری مۆر کرد.9پاشان سەیرم کرد، و بینیم جەماوەرێکی بێشومار، لە هەموو نەتەوە و هۆز و گەل و زمانێکەوە، لەبەردەم تەختکەو و لەبەردەم بەرخەکەدا وەستابوون، جل و بەرگی سپییان لەبەردا بوو پەلکە خورمایان بەدەستەوە بوو، 10بە دەنگی بەرز دروشمیان دەگوتەوە: «ڕزگاری لە خودامانەوەیە کە لەسەر تەختەکە دانیشتووە و لە بەرخەکەوەیە!»11لە دەوری تەختەکە فریشتەکان، و پیرەکان و چوار بوونەوەرە زیندووەکە، کۆبوونەوە و لەبەردەم تەختەکە بەڕودا کەوتن و کڕنۆشیان بۆ خودا دەبرد، 12دەیانگوت:«ئامین! شکۆ و دانایی و سوپاس و ڕێز و توانا و هێز بۆ خودامانە هەتاهەتایە. ئامین!»13یەکێک لە پیرەکان لێی پرسیم: «ئایا دەزانی ئەم کەسانەی جلی سپییان لەبەردایە کێن، و دەزانیت لە کوێوە هاتوون؟» 14منیش وەڵامم دایەوە: «تۆ دەزانی گەورەم!» وتی: «ئەمانە لە تەنگانە مەزنەکەوە هاتوون، و جلەکانیان شۆردووە و بە خوێنی بەرخەکە سپییان کردووەتەوە.15هەر بۆیە لەبەردەم تەختی خودادان و شەو و ڕۆژ لە پەرستگاکەیدا خزمەتی دەکەن دانیشتووی سەر تەختەکە بە چادرەکەی دایان دەپۆشێت، 16نە برسی دەبن و نە تینوو دەبن، نە خۆر و هیچ گەرمایەک لێیان نادات، 17چونکە بەرخەکە کە لە ناوەڕاستی تەختەکەدایە، و شوانایەتیان دەکات و دەیانباتە سەر کانیاوەکانی ئاوی ژیان، خوداش هەموو فرمێسکەکانی چاویان دەسڕێتەوە».
1کاتێک بەرخەکە مۆری حەوتەمی کردەوە، نزیکەی نیو کاتژمێر ئاسمان بێ دەنگ بوو. 2حەوت فریشتەکەم بینی کە لەبەردەم خودا وەستابوون و حەوت کەڕەنایان پێدرا.3پاشان فریشتەیەکی تر هات و بخوردانێکی زێڕینی پێبوو لە لای قوربانگاکە وەستا، بخورێکی زۆری پێدرا بۆ ئەوەی لەگەڵ نزای پیرۆزکراواندا لەسەر قوربانگا زێڕینەکەی پێش تەختەکە پێشکەشی بکات، 4پاشان دوکەڵی بخور لە دەستی فریشتەکەوە بەرزبووەوە لەگەڵ نزای پیرۆزکراواندا، بۆ ئامادەبوونی خودا. 5پاشان فریشتەکە بخوردانەکەی پڕ کرد لە ئاگر کە لەسەر قوربانگاکە بوو و فڕێیدایە سەر زەوی، و هەورەگرمە و دەنگی بروسکە و بوومەلەرزە ڕوویدا.6حەوت فریشتەی، خاوەن حەوت کەڕەناکە، خۆیان ئامادە کرد بۆ لێدانی. 7کاتێک فریشتەی یەکەم کەڕەناکەی لێدا، تەرزە و ئاگری تێکەڵ بە خوێن کەوتە سەر زەوی و سێ یەکی زەوی، و سێ یەکی درەختەکان سووتان لەگەڵ هەموو گژو گیایەکی سەوز.8کاتێک فریشتەی دووهەم کەڕەناکەی لێدا، شتێک وەک شاخێکی مەزنی ئاگردار فڕێدرایە ناو دەریاکە، و سێ یەکی دەریاکە بوو بە خوێن، 9سێیەکی بەدیهێنراوە زیندووەکانی ناوی مردن، وە سێیەکی کەشتیەکانیش تێکشکان.10پاشان فریشتەی سێهەم کەڕەناکەی لێدا، ئەستێرەیەکی مەزن وەک بڵێسەی ئاگر لە ئاسمانەوە کەوتە خوارەوە، و کەوتە سەر سێ یەکی ڕووبارەکان و کانیاوەکان. 11ناوی ئەستێرەکە «زەقنەبووت»بوو. یەک لەسەر سێی ئاوەکان تاڵ بوون، و خەڵکێکی زۆر بەهۆی تاڵی ئاوەکەوە مردن.12کاتێک فریشتەی چوارەم کەڕەناکەی لێدا، لێدانێک لە سێیەکی خۆر و سێیەکی مانگ و سێیەکی ئەستێرەکان بوو، بۆیە سێیەکی ئەوان تاریک بوون و ڕۆژ سێیەکی ڕووناکی خۆی لەدەستدا ، هەروەها شەویش.13پاشان سەیرم کرد هەڵۆیەکم بینی کە لە ناوەڕاستی ئاسماندا دەفڕێت و گوێم لێ بوو بە دەنگێکی بەرز هاوار دەکات و دەڵێت: «هاوار هاوار هاوار بۆ دانیشتووانی زەوی بۆ ئەوەی چییان بەسەر دێت کاتێک ئەو سێ فریشتەیەی کە ماون کەڕەناکەیان لێبدەن!»
1کاتێک فریشتەی پێنجەم کەڕەناکەی لێدا، بینیم ئەستێرەیەک لە ئاسمانەوە کەوتە سەر زەوی، و کلیلی جیهانی مردوانی پێدرابوو. 2کاتێک کردییەوە دووکەڵێک لە شێوەی دووکەڵی کوورەیەکی مەزن لێی بەرزبۆوە، و خۆر و کەشەکەی تاریک کرد.3لە دووکەڵەکەوە کوللە هاتە دەرەوە بۆ سەر زەوی، دەسەڵاتی وەک دوپشکیان پێدرابوو، 4فەرمانیان پێدرا کە زیان بە گژ و گیای زەوی و کێڵگە و هیچ درەختێک نەگەیەنن تەنها زیان بەوانە بگەیەنن کە مۆری خودا لەسەر نێوچەوانیان نییە،5بۆ ماوەی پێنج مانگ ئەشکەنجەیان دەدات بەبێ ئەوەی بیانکوژێت، ئەو ئازارەی کە دەیاندات هاوشێوەی ئازاری پێوەدانی دوپشکە. 6لەو مانگانەدا مرۆڤەکان هەوڵی ڕزگاربوون لە ژیانیان دەدەن بەڵام ناتوانن! ئەوان ئارەزووی مردن دەکەن، بەڵام مردن لێیان ڕادەکات.7ئەم کوللانە لەو ئەسپانە دەچوون کە بۆ شەڕ ئامادەکراون، ئەوەی لەسەر سەریان بوو وەک تاجی زێڕین وابوو، ڕووخساریشیان وەک ڕووخساری مرۆڤ وابوو، 8قژێکی درێژیان هەبوو وەک قژی ژن، ددانەکانیان وەک ددانی شێر بوو، 9سنگیان وەک قەڵغانی ئاسن بوو، دەنگی باڵەکانیان وەک ژاوەژاوی گالیسکەی ئەسپەکان بوو کە دەچنە شەڕەوە،10کلکیان وەک دوپشک چزوی هەبوو. دەسەڵاتی ئەوەیان هە بوو بە کلکیان زیان بە مرۆڤ بگەیەنن بۆ ماوەی پێنج مانگ. 11پاشاکەیان «فریشتەی جیهانی مردوان» بوو، بە عیبری ناوی «ئەبەدۆنە»، و بە یۆنانی ناوی «ئەپۆلیۆنە». 12هاوار و نەهامەتی یەکەم تێپەڕی، و دوو هاوار و نەهامەتی تریش دێت!13پاشان فریشتەی شەشەم کەڕەناکەی لێدا، و دەنگێکم بیست کە لە چوار قۆچەکەی قوربانگا زێڕینەکەی بەردەم خوداوە هات، 14بە فریشتەی شەشەمی دەگوت کە کەڕەناکەی پێبوو: «چوار فریشتە بەستراوەکەی لای ڕووباری گەورەی فورات ئازاد بکە». 15ئەم چوار فریشتەیە ئامادەکرابوون بۆ ئەو کاتژمێر و ڕۆژ و مانگ و ساڵە، بۆیە ئازادکران بۆ کوشتنی یەک لەسەر سێی مرۆڤایەتی.16بیستم سوپاکەیان دەگەیشتە دوو سەد ملیۆن جەنگاوەر! 17لە بینینەکەدا ئەسپەکانم بینی سواریان لەسەر بوو زرێ لەبەردا بوو هەندێکیان سووری ئاگرین، و هەندێکیان وەنەوشەیی، و هەندێکیان زەردی گۆگردی بوون. سەری ئەسپەکان وەک سەری شێر بوون، ئاگر و دوکەڵ و گۆگردیان لە دەمیانەوە دەردەکرد.18یەک لەسەر سێی خەڵکەکە بەهۆی ئەم سێ بەڵایە کوژران، بە ئاگر و دوکەڵ و گۆگرد کە لە دەمی ئەسپەکانەوە دەردەچوو. 19هێزی کوشندەی ئەسپەکان لە دەم و کلکیاندا بوو، چونکە کلکەکانیان لە مار دەچوو کە سەری زیانبەخشی پێوەبوو!20بەڵام ئەو خەڵکەی لەم بەڵایانە ڕزگاریان بوو، لە کارەکانیان پاشگەز نەبوونەوە، و بەردەوام بوون لە کڕنۆش بردن بۆ شەیتان و بۆ ئەو بتانەی کە لە زێڕ و زیو و مس و بەرد و دار دروستیان کردبوون، لەگەڵ ئەوەی نەیاندەتوانی ببینن و ببستن و بجوڵێن! 21لە کوشتن و جادوو داوێنپیسی و دزی پاشگەز نەبونەوە!
1پاشان بینیم فریشتەیەکی بەهێزی تر لە ئاسمانەوە دابەزی، و بە هەور پۆشرابوو، پەلکە زێڕینە لەسەر سەری بوو؛ ڕووخساری وەک خۆر وابوو، و پێیەکانی وەک ستوونی ئاگرین، 2 تۆمارێکی بچووکی کراوەی بەدەستەوە بوو. پێی ڕاستی لەسەر دەریا و چەپی لەسەر زەوی دانا،3هاواریکرد بە هاوارێکی مەزن وەک نەڕەی شێر، حەوت هەورەگرمەکە بە دەنگەکەی هاتنە دوان. 4کاتێک خۆم ئامادەکرد بۆ ئەوەی ئەو شتانەی بنووسم کە هەورە گرمەکان دەیانگوت، گوێم لە دەنگێک بوو لە ئاسمانەوە پێی گوتم: «مەنووسە، چونکە ئەوەی هەورە گرمەکان گوتیان دەبێت بە نهێنی بمێننەوە».5پاشان ئەو فریشتەیەی کە بینیم لەسەر دەریا و زەوی وەستابوو دەستی ڕاستی بەرەو ئاسمان بەرزکردەوە، 6سوێندی بە زیندووی هەتاهەتایی خوارد کە ئاسمان و ئەو شتانەی کە تێیدان و زەوی و ئەو شتانەی تێیدان و دەریا و ئەو شتانەی تێیدان بەدیهێناون، ئیتر دەرفەت نییە، 7هەر کە فریشتەی حەوتەم کەڕەناکەی لێدا، پلانە شاراوەکەی خودا جێبەجێ دەبێت، بەو شێوەیەی بۆ خزمەتکار و پێغەمبەرەکانی ئاشکرا کردوە!8پاشان دەنگە ئاسمانێکە دوبارە قسەی لەگەڵ کردم و گوتی: «بڕۆ، تۆمارە بچوکە کراوەکە لە فریشتە ڕاوەستاوەکەی سەر دەریا و زەوی وەربگرە». 9بۆیە چوومە لای و داوای تۆمارەکەم لێکرد، ئەویش وەڵامی دایەوە: «بیبە و بیخۆ. تامەکەی لە دەمتدا وەک هەنگوین شیرین دەبێت، بەڵام گەدەت تاڵ دەکات!»10لە دەستی وەرمگرت و خواردم، وەک هەنگوین لە دەممدا شیرین بوو، بەڵام هەر کە قووتم دا گەدەمی پڕ کرد لە تاڵی! 11پێم گوترا: «پێویستە پێشبینی زۆر لەسەر گەل و نەتەوە و زمان و پاشاکان بکەیت».
1دارێکی پێوانەکردنم پێدرا، فەرمانم پێکرا کە پەرستگای خودا و قوربانگاکە بپێوم، و ژمارەی نزاکەرانی تێدا بژمێرم. 2پێم گوترا: «گۆڕەپانی دەرەوە مەپێوە چونکە بۆ نەتەوەکان تەرخان کراوە، و بۆ ماوەی چل و دوو مانگ شارە پیرۆزەکە پێشێل دەکەن،3بەڵام من دەرفەت بە دوو شایەتحاڵەکەم دەدەم بۆ ماوەی هەزار و دوو سەد و شەست ڕۆژ پێشبینی بکەن، بە جلی گوشەوە». 4ئەم دوو شایەتحاڵە بریتین لە دوو دار زەیتون و دوو چرادنەکەی لەبەردەم پەروەردگاری زەویدا وەستاون. 5ئەگەر کەسێک هەوڵی زیانگەیاندنیان بدات ئاگر لە دەمیان دەردەچێت و دوژمنەکانیان دەخوات. دەبێت ئەوە چارەنووسی هەرکەسێک بێت کە هەوڵی زیانگەیاندنیان دەدات.6ئەو دوو شایەتحاڵە دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە کە ئاسمان دابخەن بۆ ئەوەی باران نەبارێت بە درێژایی ماوەی پێشبینیەکەیان، و ئاوی ڕووبار و دەریاکان بکەنە خوێن، و بەڵا بخەنە سەر زەوی، هەرکاتێک بیانەوێت. 7کاتێک شایەتحاڵی خۆیان تەواو دەکەن دڕندەکەی جیهانی مردووان هەڵدەستێت، لە گەڵیان دەچەنگێت، و شکستیان پێدەهێنێت و دەیانکوژێت8تەرمەکانیان لە گۆڕەپانی ئەو شارە گەورەیەدا دەکەوێت کە هێمای «سۆدۆم» یان «میسرە»، کە پەروەردگارەکەیان لە خاچ دراوە. 9خەڵکی گەل و هۆز و زمان و نەتەوە جیاوازەکان، سێ ڕۆژ و نیو دەیانبینن، و هیچ کەسێک بۆی نییە بیاننێژێت.10خەڵکی سەر زەوی شانازیان بەسەردا دەکەن، و دڵخۆش دەبن وەک ئەوەی لە جەژن دابن، و دیاری ئاڵوگۆڕ دەکەن، چونکە ئەم دوو پێغەمبەرە زۆر ئەشکەنجەیان دابوون. 11دوای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ و نیوەکە، خودا گیانی ژیان دەنێرێت بۆ ئەو دوو پێغەمبەرە، ئەوانیش هەڵدەستن و ڕادەوەستن، و ترسێکی توند ئەو کەسانە دادەگرێت کە سەیریان دەکەن. 12دەنگێکی بەرز لە ئاسمانەوە بانگیان دەکات و دەڵێت: «وەرن بۆ ئێرە»، ئەوانیش لە هەورێکدا بەرەو ئاسمان بەرز دەبنەوە لەبەر چاوی دوژمنەکانیان.13لە هەمان کاتدا بوومەلەرزەیەکی بەهێز ڕوودەدات، کە دەیەکی شارەکە وێران دەکات، و حەوت هەزار دانیشتووانی شارەکە دەمرن. ڕزگاربووان دەترسن و خودای ئاسمان شکۆمەند دەکەن. 14هاوار و نەهامەتی دووهەم تێپەڕی، ئەوەتا سێهەم بە خێرایی دێت!15فریشتەی حەوتەم کەڕەناکەی لێدا و چەند دەنگێکی بەرزم لە ئاسمانەوە بیست کە دەیانگوت: «شانشینی جیهان بووەتە شانشینی پەروەردگارمان و مەسیحەکەی. بۆ هەتاهەتایە فەرمانڕەوای دەکات».16ئینجا بیست و چوار پیرەکە کە لەسەر تەختەکانیان دانیشتبوون لەبەردەم خودادا بەڕوودا کەوتن و کڕنۆشیان بۆ خودا برد. 17وتیان: «ئەی خودای هەرە بەتوانا سوپاست دەکەین، ئەوەی هەبووە و هەیە، چونکە ئێستا دەسەڵاتە بەهێز و مەزنەکەت گرتە ئەستۆ و دەستت بە فەرمانڕەوایی خۆت کرد.18گەلان لێت توڕە بوون، وەرچەرخانی توڕەیی تۆش لە دژی ئەوان هات. کاتی سزادانی مردووان هاتووە، وە پاداشتی بەندەکانت و پێغەمبەران و پیرۆزکراوەکان و ئەوانەی لە ناوت دەترسن، گەورە بچوک، هەروەها لەناوبردنی ئەوانەی زەوییان وێران دەکرد!»19پەرستگای خودا لە ئاسمان کرایەوە، و سندوقی پەیمان لە ناویدا دەرکەوت. هەورە گرمە و بروسکە بومەلەرزە دەستی پێکرد، و تەرزەی گەورە باری.
1نیشانەیەکی گەورە لە ئاسماندا دەرکەوت: ژنێک خۆری لەبەرکردبوو، مانگ لە ژێر پێیەکانیدا بوو، تاجێکی دوازدە ئەستێرەی لەسەر سەر بوو. 2سکی هەبوو و لەتاو ژانی منداڵبوون هاواری دەکرد.3نیشانەیەکی تر لە ئاسمان دەرکەوت: ئەژدیهایەکی گەورەی سوور کە حەوت سەری هەبوو، هەریەکەیان تاجێک، و دە قۆچیان هەبوو، 4پاشان بە کلکی سێیەکی ئەستێرەکانی ئاسمانی ڕاکێشا و فڕێیدایە سەر زەوی. پاشان ئەژدیهاکە لە کاتی منداڵ بووندا لەبەردەم ژنەکەدا وەستا، بۆ ئەوەی منداڵەکەی قووت بدات!5ژنەکە کوڕێکی بوو، ئەویش بە گۆچانێکی ئاسنین فەرمانڕەوایی هەموو گەلان دەکات. منداڵەکە بەرزکرایەوە بۆ بەردەم خودا و تەختەکەی. 6سەبارەت بە ژنەکەش هەڵات بۆ چۆڵەوانی، لەوێ خودا شوێنێکی بۆ ئامادە کرد بۆ مانەوەی بۆ ماوەی هەزار و دوو سەد و شەست ڕۆژ.7لە ئاسمان جەنگ هەڵگیرسا، میخائیل و فریشتەکانی هێرشیان کردە سەر ئەژدیهاکە و فریشتەکانی، 8جەنگیان لەگەڵ ئەژدیها و فریشتەکانی کرد، و تێکیان شکاندن و هیچ شوێنێکیان بۆ نەما لە ئاسمان، 9فڕێدرانە سەر زەوی. ئەم ئەژدیها گەورەیە مارە کۆنەکەیە، کە پێی دەوترێت شەیتان ئەوەی کە هەموو جیهان گومڕادەکات.10جا گوێم لە دەنگێکی بەرز بوو لە ئاسماندا دەیفەرموو: «ئێستا ڕزگاری و هیز و شانشینی خودامان، و دەسەڵاتی مەسیحەکەی هاتووە! چونکە سکاڵاکار فڕێدرایە خوارەوە ئەوەی خوشک و براکانمانی تاوانبار دەکرد لە بەردەم خودا بە شەو بە ڕۆژ.11ئەوان بە خوێنی بەرخەکە و بەو شایەتییەی کە دایان بەسەریدا سەرکەوتن، ژیانی خۆیان لەلا خۆشەویست نەبوو، تاوەکو مردن. 12ئەی ئاسمانەکان شادبن، ئەی ئەوانەی لەوێ دەژین دڵ خۆشبن، هاوار بە ئێوەش نیشتەجێی زەوی و دەریا، چونکە شەیتان بە تووڕەیییەکی زۆرەوە بۆتان دابەزیوە، دەزانێت ڕۆژانێکی کەمی ماوە».13کاتێک ئەژدیهاکە بینی کە فڕێدراوەتە سەر زەوی، دەستی کرد بە ڕاوەدوونانی ئەو ژنەی کە منداڵە کوڕەکەی لێ ببوو، 14ژنەکە دوو باڵی هەڵۆیەکی مەزنی پێدرا، تا لەگەڵیان بفڕێت بۆ چۆڵەوانی، بۆ ئەو شوێنەی کە بۆی ئامادەکرابوو، بۆ ئەوەی لە مارەکە پارێزراوبێت، بۆ ماوەی سێ ساڵ و نیو.15مارەکەش لە دەمیەوە شتێکی ڕشت بەدوای ژنەکەدا وەک ڕووبار وابوو بۆ ئەوەی نوقم بێت تێیدا، 16بەڵام زەوی یارمەتی ژنەکەی دا، بۆیە دەمی کردەوە و ئەو ڕووبارەی قووتدا کە ئەژدیهاکە لە دەمی هێنایە دەرەوە! 17پاشان ئەژدیهاکە لە ژنەکە توڕە بوو جەنگی لەگەڵ منداڵەکانی تری دەستپێکرد چونکە کاریان بە ڕاسپاردەکانی خودا دەکرد و شایەتیان بۆ یەشوا دەدا.
1پاشان خۆمم بینی لەسەر لمی دەریاکە ڕاواستابووم، ئینجا دڕندەیەکم بینی لە دەریاکە دەهاتە دەرەوە، دە قۆچ و حەوت سەری هەبوو، دە تاجیش لەسەر قۆچەکانی بوون، لەسەر سەرەکانیشی ناوی کوفرکردن نوسرابوو. 2دڕندەکەش شێوەی لە پڵنگ دەچوو و قاچەکانی وەک قاچی ورچ و دەمی وەک دەمی شێر! ئەژدیهاکەش و تەختەکەی و توانا و دەسەڵاتەکەی خۆی پێبەخشی.3یەکێک لە سەرەکانی وا دەرکەوت کە بە شێوەیەکی کوشندە سەربڕدرابێت، بەڵام برینە کوشندەکەی چاک بۆوە و دانیشتوانی زەوی بەم شتە سەریان سوڕما، و دوای دڕندەکە کەوتن. 4خەڵکەکە کڕنۆشیان بۆ ئەژدیهاکە برد چونکە دەسەڵاتی خۆی بە دڕندەکە بەخشی، ئەوانیش دڕندەکەیان دەپەرست و دەیانگوت: «کێ وەک دڕندەکە وایە؟ کێ دەتوانێت لەگەڵی بجەنگێت؟»5ئەژدیهاکە دەمی دا بە دڕندەکە بۆ ئەوەی قسەی خۆبەزلزانی و کوفر بکات، 6دەسەڵاتی پێدا بۆ ماوەی چل و دوو مانگ کار بکات. پاشان دڕندەکە دەستی کرد بە جنێودان بە ناوی خودا، و جنێودان بە ماڵەکەی و دانیشتوانی ئاسمان.7دڕندەکەش دەسەڵاتی پێدرا لە دژی پیرۆزکراوان بجەنگێت و شکستیان پێبهێنێت و دەسەڵاتی بەسەر هەموو هۆز و گەل و زمان و نەتەوەیەکدا هەبێت. 8ئینجا هەموو دانیشتوانی سەر زەوی کڕنۆش بۆ دڕندەکە دەبەن ئەوانەی ناوەکانیان لە تۆماری ژیاندا نە نوسرا بۆ بەرخەکە کە لەسەرەتای دامەزراندنی جیهانەوە سەربڕدرا.9ئەوەی گوێی هەیە با بیبیستێت: 10ئەوەی کەسێک ڕاپێچ بکات، ئەوا ڕاپێچ دەکرێتەوە؛ ئەوەی بە شمشێر بکوژێت بە شمشێر دەکوژرێتەوە! لێرەدا دان بەخۆداگرتن و باوەڕی پیرۆزکراوان دەردەکەوێت.11پاشان بینیم دڕندەیەکی تر لە زەویەوە هاتە دەرەوە، دوو قۆچی بچووکی وەک مەڕی هەبوو، بەڵام دەنگی وەک دەنگی ئەژدیها بوو، 12دەسەڵاتی خۆی لە یەکەم دڕندە وەرگرتووە کە لە دەریاوە هاتە دەرەوە بۆ ئەوەی لە ئامادەبوونی خۆیدا بەکاری بهێنێت، بۆیە دانیشتوانی زەوی کڕنۆشیان بۆ یەکەم دڕندە برد کە لە برینە کوشندەکەی چاک ببۆوە.13دڕندەی دووهەمیش نیشانەی لە توانا بەدەری ئەنجامدا، بەجۆرێک ئاگری لە ئاسمانەوە هێنایە سەر زەوی و هەموو خەڵکەکە بینیان، 14بۆیە دانیشتووانی زەوی فریودا بەو پەرجووانەی کە لەبەردەم دڕندەی یەکەمدا ئەنجامیدا. فەرمانی بە دانیشتوانی زەوی کرد پەیکەری یەکەم دڕندە دروست بکەن کە بە شێوەیەکی کوشندە بریندار ببوو بەڵام دەژیا!15دەسەڵاتی پێدرا کە گیان بنێرێتە ناو پەیکەرەکە بۆ ئەوەی بتوانێت قسە بکات، هەروەها دەستی درێژ بکات بۆ کوشتنی هەرکەسێک کە ڕەتیدەکاتەوە کڕنۆش بۆ پەیکەری دڕندەکە ببات، 16فەرمان بە هەموو کەسێک دەدات، گەورە و بچووک، دەوڵەمەند و هەژار، ئازاد و کۆیلە، نیشانەیەک هەڵبگرن لەسەر دەستی ڕاستیان یان لەسەر نێوچەوانیان، 17هیچ کەسێک ناتوانێت بکڕێت و بفرۆشێت ئەگەر نیشانەی دڕندەکەی نەبێت، یان ئەو ژمارەیەی کە هێمای ناوەکەیەتی!18لێرەدا تێگەیشتن پێویستە: ئەوانەی زانستیان هەیە دەبێت ژمارەی ناوی دڕندەکە بژمێرن. ژمارەی مرۆڤە و ژمارەکە «شەش سەد و شەست و شەشە».
1پاشان بەرخێکم بینی لەسەر چیای سەهێۆن وەستابوو سەد و چل و چوار هەزاریشی لەگەڵ بوو کە ناوی خۆی و باوکی لەسەر نێوچەونیان نووسرابوو. 2لە ئاسمانەوە دەنگێکم بیست وەک هاژەی تاڤگە یان دەنگی هەورەگرمەیەکی بەهێز. ئەو دەنگەی کە گوێم لێبوو وەک دەنگی سروود خوێنان بوو کە قیسارەکانیان دەژەنن3لەبەردەم تەختی خودا، و لەبەردەم چوار بوونەوەرە زیندووەکە و پیرەکاندا سروودێکی نوێیان دەوتەوە. کەس نەیتوانی فێری ئەم سروودە بێت جگە لەو سەد و چل و چوار هەزارەی کە لە زەوییەوە کڕدرابوونەوە، 4ئەوانە ئەو کەسانەن کە خۆیان لەگەڵ ئافرەت گڵاو نەکردووە چونکە پاک بوون، و شوێن بەرخەکە دەکەون بۆ هەر کوێ بڕوات، ئەوانە لەنێو خەڵک کڕدراونەتەوە وەک نۆبەرە بۆ خودا، و بەرخەکە، 5دەمی ئەوان درۆی نەدەگوت، هیچ کەموکوڕیان تێدا نەبوو.6پاشان بینیم فریشتەیەکی تر لە ناوەڕاستی ئاسماندا دەفڕی، مزگێنی هەمیشەیی پێبوو کە مژدەی پێدەدا بۆ خەڵکی زەوی و بۆ هەموو نەتەوە و هۆز و زمان و گەلێک. 7بەدەنگی بەرز بانگەوازی دەکرد: «لە خودا بترسن و شکۆمەندی بکەن، چونکە کاتی دادگایی کردنە. کڕنۆش بۆ ئەوە ببەن کە ئاسمانەکان و زەوی و دەریا و کانیاوەکانی بەدیهێناوە».8فریشتەی دووهەم لەگەڵی وتی: «کەوتیت، بابلی مەزن کەوتیت کەوت ئەوەی گەلانی جیهان لە شەرابی تووڕەیی داوێنپیسی ئەویان خواردەوە!»9پاشان فریشتەی سێهەم لەگەڵیان بە دەنگێکی بەرز بانگەوازی کرد: «هەموو ئەوانەی کڕنۆشیان بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی بردووە، و نیشانەی ئەویان لەسەر دەستیان یان لەسەر نێوچەوانیان وەرگرتووە، 10دەبێت ئەوان، لە ئامادەبوونی فریشتە پیرۆزەکان و لەبەردەم بەرخەکەدا، لە شەرابی تووڕەیی بخۆنەوە، کە دەڕژێتە ناو جامی تووڕەیی خوداوە، و بەم شێوەیە ئازاری سوتان و ئاگری گۆگرد دەبینن،11دوکەڵی ئەشکەنجەیان بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە. ڕۆژ و شەو پشوو نییە بۆ ئەوانەی دڕندەکەیان دەپەرست و کڕنۆشیان بۆ پەیکەرەکەی دەبرد و نیشانەی ناوەکەیان وەرگرتبوو. 12لێرەدا خۆڕاگری ئەو پیرۆزکراوانە دەردەکەوێت کە ڕاسپاردەکانی خودا دەپارێزن و باوەڕیان بە یەشوا هەیە!»13گوێم لە دەنگێک بوو لە ئاسمانەوە دەیگوت: «بنووسە: خۆزگە بەو مردووانەی کە لەمەودوا لە ناو پەروەردگاردا دەمرن! گیانەکە دەفەرموێت: بەڵێ! با لە ناخۆشیەکانیان پشوو بدەن، چونکە کردەوەکانیان لەگەڵیاندایە».14پاشان سەیرم کرد، هەورێکی سپیم بینی یەکێک لەسەری دانیشتبوو کە لە ڕۆڵەی مرۆڤ دەچوو، تاجێکی زێڕین لەسەر سەری بوو، داسێکی تیژی لە دەستدا بوو. 15فریشتەیەکی تر لە پەرستگاکە هاتە دەرەوە و بە دەنگی بەرز بانگەوازی کرد: «داسەکەت بنێرە بۆ دروێنە، چونکە کاتی دروێنە هاتووە و دروێنەی زەوی پێگەیشتووە». 16ئینجا دانیشتووی سەر هەورەکە داسەکەی فڕێدایە سەر زەوی و دروێنەی زەوی کرا.17پاشان فریشتەیەکی دیکە لە پەرستگاکەی ئاسمان هاتە دەرەوە، هەروەها داسێکی تیژی پێبوو. 18ئینجا فریشتەیەکی دیکە لە قوربانگاکەوە هاتە دەرەوە کە دەسەڵاتی بەسەر ئاگردا هەبوو، بە دەنگێکی بەرز بانگی ئەو فریشتەیەی کرد کە داسە تیژەکەی پێبوو پێیگوت: «داسە تیژەکەت بنێرە و هێشووە ڕەزەکانی زەوی کۆبکەرەوە چونکە ترێکەی پێگەیشتووە».19پاشان فریشتەکە داسەکەی فڕێدایە سەر زەوی و هێشوەکانی ڕنی و فڕێیدایە ناو گوشەری تووڕەیی خودا، 20گوشەرەکەی بەپێیەکانی لە دەرەوەی شارەکە گوشی، خوێنی لێ دەرچوو بوو بە ڕووبارێک بە بەرزی لغاوی ئەسپێک، بە درێژایی (سێ سەدوو بیست کیلۆ مەتر).
1پاشان لە ئاسماندا نیشانەیەکی تری گەورە و سەرسوڕهێنەرم بینی: حەوت فریشتە ڕاسپێردرابوون بۆ دابەزاندنی حەوت بەڵای کۆتایی لەسەر زەوی کە بەوان تووڕەیی خودا تەواو دەبێت.2هەروەها شتێکم بینی کە لە دەریایەکی شووشەی تێکەڵ بە ئاگر دەچوو، هەموو ئەوانەی کە دڕندەکە و پەیکەرەکەی و ژمارەی ناوەکەیان شکست پێهێنا بوو، لەسەری وەستابوون و قیسارەی خودایان هەڵگرتبوو،3سروودی موشە خزمەتکاری خودا، و بەرخەکەیان دەگوتەوە: «ئەی پەروەردگار، کارەکانت مەزن و سەرسوڕهێنەرن خودای توانادار بەسەر هەموو شتێکدا، ئەی پاشای سەردەمەکان ڕێگاکانت دادپەروەر و ڕاستن. 4کێ هەیە لە تۆ نەترسێت پەروەردگار و ناوەکەت شکۆمەند نەکات؟ تەنها تۆ پیرۆزیت! هەموو گەلان دێن و کڕنۆشت بۆ دەبەن، چونکە داوەرییەکەت بە ڕوونی دەرکەوت».5دوای ئەوە سەیرم کرد و بینیم، چادری پەرستگای شایەتحاڵی لە ئاسمان کراوەتەوە، 6ئەو حەوت فریشتەیەی لێهاتە دەرەوە کە ڕاسپێردرابوون حەوت بەڵای کۆتایی بخەنە سەر زەوی، جل و بەرگی کەتان و درەوشاوەیان لەبەردا بوو، پشتێنی زێڕینیان لە سنگیان بەستبوو.7یەکێک لە چوار بوونەوەرە زیندووەکە حەوت جامی زێڕینی پڕ لە تووڕەیی خودای زیندووی هەتاهەتایی دایە دەست ئەم حەوت فریشتەیە. 8پەرستگاکە پڕ بوو لە دوکەڵی شکۆمەندی و توانای خودا، کەس نەیدەتوانی بچێتە ناو پەرستگاکە، تا ئەو کاتەی حەوت فریشتەکە تەواو بوو لە دابەزاندنی حەوت بەڵاکە بۆ بەسەر زەوی.
1گوێم لە دەنگێکی بەرز بوو کە لە پەرستگاکەوە دەهات و فەرمانی بە حەوت فریشتەکە دەکرد: «بڕۆن ئێستا حەوت جامەکەی تووڕەیی خودا بڕێژنە سەر زەوی».2پاشان فریشتەی یەکەم چوو جامەکەی بەسەر زەویدا ڕشت، برینی پیسی لێ دەرچوو، کاریگەری لەسەر هەموو ئەو کەسانە دروستکرد کە نیشانەی دڕندەکەیان هەبوو وە کڕنۆشیان بۆ پەیکەرەکەی دەبرد.3پاشان فریشتەی دووهەم جامەکەی ڕشت بەسەر دەریاکەدا، بوو بەخوێن وەک خوێنی مردوو، وە هەموو بەدیهێنراوانی ناوی مردن.4فریشتەی سێهەم جامەکەی ڕشت بە سەر ڕووبار و کانیاوەکاندا، و هەموویان بوون بە خوێن. 5گوێم لە فریشتەی ئاوەکان بوو کە دەیگوت: «ئەی خودای پیرۆز، کە هەبووە و هەیە، تۆ لە داوەرییەکەتدا داد پەروەریت، 6خەڵک خوێنی پیرۆزکراون و پێغەمبەرانیان ڕشتووە، ئەوەتا تۆش خوێن دەدەیت بە بکوژەکانیان! ئەوەیان بەدەست هێنا کە شایەنی بوون!» 7گوێم لە فریشتەی قوربانگاکە بوو کە دەیگوت: «داوەریەکەت ڕاست و دادپەروەرن ئەی پەروەردگاری توانادار بەسەر هەموو شتێکدا».8فریشتەی چوارەم جامەکەی بەسەر خۆردا ڕشت، و ڕێگەی بە خۆردا بۆ ئەوەی خەڵک بە ئاگر بسوتێنێت، 9خەڵکی بەهۆی گەرمای بە هێزەوە سووتان. بەڵام ئەوان بۆ شکۆمەندی خودا لە گوناهەکانیان پاشگەز نەبوونەوە، بەڵکو کوفریان بە ناوی خودا کرد کە دەسەڵاتی بەسەر ئەم بەڵایانەدا هەیە.10پاشان فریشتەی پێنجەم جامەکەی ڕشتە سەر تەختی دڕندەکە، و تاریکییەکی تەواو دابەزییە سەر شانشینییەکەی، وایکرد شوێنکەوتووانی لەبەر ئازار زمانی خۆیان بگەزن. 11بەڵام لە کارە خراپەکانیان پاشگەز نەبوونەوە، بەڵکو کوفریان بە خودای ئاسمان کرد کاتێک تووشی ئازار و برین بوون!12فریشتەی شەشەم جامەکەی ڕشتە سەر ڕووباری گەورەی «فوڕات» و ئاوەکەی وشکی کرد، و بوو بە ڕێڕەوێک بۆ پاشاکان کە لە ڕۆژهەڵاتەوە دەهاتن. 13لەم کاتەدا سێ گیانی ناپاکم بینی کە لە بۆق دەچوون لە دەمی ئەژدیهاکە، و لە دەمی دڕندەکە، و لە دەمی پێغمبەرە درۆزنەکەوە هاتنە دەرەوە، 14ئەوانە گیانی شەیتانن کە توانای ئەنجامدانی پەرجوویان هەیە، دەچنە لای هەموو پاشاکانی زەوی و کۆیان دەکەنەوە بۆ جەنگ لەو ڕۆژە مەزنەدا، ڕۆژی خودای توانادار بەسەر هەموو شتێکدا.15«ئەوەتا من دێم وەک چۆن دزێک دێت، خۆزگە بە ئەوەی چاوەڕێی من دەکات، و ئێشک دەگرێت و پاسەوانی لە جلەکانی دەکات، نەک بە ڕووتی بڕوات و خەڵکیش ڕووتییەکەی ببینن!» 16گیانە شەیتانییەکان هەموو سوپاکانی جیهانیانی لە شوێنێک کۆکردەوە کە بە زمانی عیبری پێی دەگوترا «ئارماگدۆن».17ئینجا فریشتەی حەوتەم جامەکەی ڕژاند بە هەوادا، دەنگێک لە تەختەکە و لە پەرستگا ئاسمانیەکەوە دەنگی دایەوە و دەیگوت: «تەواو بوو!» 18پاشان هەورە گرمە و بروسکە و بوومەلەرزەیەکی بەهێز ڕوویدا لەو کاتەوەی مرۆڤ لەسەر زەوی بوونی هەیە هاوشێوەی ئەمەی نەدیبوو، چونکە بومەلەرزەیەکی وێرانکەر بوو! 19ئینجا شارە گەورەکە بەسەر سێ بەشدا دابەش بوو، وێرانکاری بەسەر شارەکانی نەتەوەکاندا هات. خودا باسی بابلی گەورەی کرد تاکو جامی شەرابی هەڵچووی توڕەیی خۆی بخواتەوە.20هەموو دوورگەکان هەڵاتن، و شاخەکان ون بوون. 21تەرزەی گەورە لە ئاسمانەوە بەسەر خەڵکدا باری، کە قورساییەکەی یەک تالنت دەبوو، خەڵکیش کوفریان بە خودا کرد لەبەر ئەو بەڵا لە ناوبەرەی بە سەریاندا هاتبوو.
1یەکێک لەو حەوت فریشتەیەی کە حەوت جامەکەی هەڵگرتبوو هات و پێی وتم: «وەرە سزای لەشفرۆشە گەورەت پیشان دەدەم کە لەسەر ئاوێکی زۆر دانیشتووە، 2پاشاکانی سەر زەوی داوێنپیسیان لەگەڵ کرد، و خەڵکی سەر زەوی بە شەرابی داوێنپیسیەکەی سەرخۆش بوون».3فریشتەکە بە گیان هەڵیگرتم بۆ چۆڵەوانی، ژنێکم بینی کە سواری دڕندەیەکی قرمزی ببوو کە حەوت سەر و دە قۆچی هەبوو، ناوی کوفر لەسەر هەموو جەستەی نووسرابوو. 4ژنەکە جل و بەرگی ئەرخەوانی و قرمزی لەبەردا بوو، بە زێڕ و بەردی بەنرخ و مرواری ڕازا بۆوە، جامێکی زێڕینی لە دەستدا بوو کە پڕ بوو لە داوێنپسیە قێزەون و گڵاوەکەی، 5لەسەر نێوچەوانی ناوێک نووسرابوو: نهێنی: «بابلی گەورە، دایکی لەش فڕۆشانی زەوی و بتە قێزەونەکان».6ژنەکەم بینی کە سەرخۆش بوو چونکە زۆر لە خوێنی پیرۆزکراوان، و خوێنی شەهیدانی یەشوا کە کوشتبوونی خواردبۆوە. سەرم سوڕما کە بینیم، 7پاشان فریشتەکە لێی پرسیم: «بۆچی سەرسام بوویت؟ پێتی دەڵێم هێمای ژنەکە و ئەو دڕندەیە چیە، کە حەوت سەر و دە قۆچی هەیە :8ئەو دڕندەیە ڕۆژێک هەبووە، و ئێستا نییە، بەڵام خەریکە لە بیری بێ بن دەردەچێت و بۆ لەناوچوون دەڕوات. دانیشتووانی زەوی ئەوانەی لە دامەزراندنی جیهانەوە ناویان لە پەرتووکی ژیاندا نەنووسراوە کاتێک دڕندەکە دەبینن سەرسام دەبن، چونکە دڕندەکە پێشتر هەبووە و ئێستا نییە، پاشان لە داهاتوودا دێتەوە!9«لێرەدا دەبێت ژیرمەندی هەبێت: حەوت سەرەکە هێمای ئەو حەوت گردەیە کە ژنەکە لەسەری دادەنیشێت، هەروەها هێمای حەوت پاشایە، 10پێنجیان ڕۆیشتوون، ئێستا شەشەم فەرمانڕەوایی دەکات، حەوتەمیش دێت، بەڵام ماوەی فەرمانڕەوایەتیەکەی کورت دەبێت.11سەبارەت بەو دڕندەیەی کە هەبووە و پاشان نەما، ئەوە پاشای هەشتەمینە کە پێشتر وەک یەکێک لە حەوتەکە فەرمانڕەوای کردووە، بەرەو لەناوچوون دەڕوات.12سەبارەت بەو دە قۆچەی کە بینیتان، دە پاشان کە هێشتا شانشینییان وەرنەگرتووە، و بۆ ماوەی یەک کاتژمێر دەسەڵاتی پاشایەتی دەگرنە دەست لەگەڵ دڕندەکەدا، 13لەسەر یەک بۆچوون ڕێک دەکەون بۆ ئەوەی توانا و دەسەڵاتی خۆیان بدەنە دڕندەکە. 14پاشان لەگەڵ بەرخەکە دەجەنگن، بەڵام بەرخەکە تێکیان دەشکێنێت، چونکە ئەو پەروەردگاری پەروەردگارەکانە و پاشای پاشاکانە، ئەوانەی لەگەڵیدا بانگکراون، هەڵبژێردراوەکان، و دڵسۆزەکانن».15پاشان فریشتەکە پێی گوتم: «ئەو ئاوانەی کە بینیت کە لەشفرۆشەکە لەسەری دانیشتی بوو، هێمای گەلان و خەڵک و نەتەوە و زمانەکانن.16دە شاخەکە کە بینیت، وە دڕندەکە، ڕق لە لەشفرۆشەکە هەڵدەگرن و ڕووتی دەکەنەوە، گۆشتەکەی دەخۆن و بە ئاگر دەیسووتێنن، 17چونکە خودا دڵی والێکردن بەپێی مەبەستی ئەو ئەنجامی بدەن، وە ئەوانیش ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی شانشینی خۆیان بدەنە دڕندەکە، بۆ ئەوەی قسەکانی خودا بێتە دی.18سەبارەت بەم ژنە کە بینیت، هێمای شارە گەورەکەیە کە فەرمانڕەوای پاشاکانی زەوی دەکات».
1دوای ئەمە فریشتەیەکی ترم بینی کە لە ئاسمانەوە دادەبەزێت، دەسەڵاتێکی زۆری هەبوو، شکۆکەی زەوی ڕووناک کردەوە. 2بەدەنگێکی بەرز هاواری کرد: «کەوت، بابلی مەزن کەوت، و بۆتە کۆشکی جنۆکەکان و پەناگەیەک بۆ هەموو گیانێکی ناپاک و هەموو باڵندەیەکی بێزرا و گڵاو، 3لەبەر ئەوەی هەموو نەتەوەکان لە شەرابی داوێنپیسی ئەویان خواردەوە، پاشاکانی زەوی داوێنپیسییان لەگەڵداکرد، بازرگانەکانی زەوی بە خۆشگوزەرانی ئەو دەوڵەمەند بوون!»4پاشان گوێم لە دەنگێکی تر بوو کە لە ئاسمانەوە بانگەوازی دەکرد: «ئەی گەلەکەم لێی دەربچن، نەک بەشداری گوناهەکانی بکەن، و تووشی بەڵاکانی ئەوببن، 5گوناهەکانی کەڵەکە بوون تا گەیشتنە ئاسمان، خودا ئەو گوناهانەی بیر هێنایەوە کە کردبووی! 6ئەوەی لەگەڵ بکەن کە ئەو لەگەڵتان کردی، سزاکەیان دوو هێندە بکەن لەسەر ئەو کارەی کە کردبووی. لەو جامەی تێکەڵی کرد بۆ کەسانی تر، دوو هێندەی بۆ تێکەڵ بکەنەوە.7هێندەی ئەوەی کە خۆی بە مەزن و خۆشگوزەران داناوە، ئەشکەنجە و نەهامەتی بدەنێ. چونکە دەیگوت: من وەک شاژن دانیشتووم، و بێوەژن نیم، هەرگیز تامی خەم و پەژارە ناکەم. 8بۆیە لە یەک ڕۆژدا بەڵاکان بەسەریدا دێن، لەوانە مردن و خەم و برسێتی، وە بە ئاگر دەسوتێنرێت، چونکە ئەو خودایەی داوەری دەکات پەروەردگاری هەرە بەتوانایە.9پاشاکانی سەر زەوی کە داوێنپیسیان لەگەڵ کرد و لەگەڵیدا خۆش بەخت بوون، کاتێک سەیری دوکەڵی سووتانەکەی دەکەن، شیوەنی بۆ دەگێڕن، 10لە ترسی سزادانەکەی، لە دووریەوە دەوەستن، و هاوار دەکەن و دەڵێن: ئەی هاوار، ئەی هاوار ئەی شارە مەزنەکە، بابلی بەهێز! چونکە لە کاتژمێرێکدا سزات بەسەردا هات!11بازرگانانی زەوی بۆی دەگرین و ماتەمینی بۆ دەگێڕن، چونکە کەس نەما کەلوپەلەکانیان بکڕێت، 12زێڕ و زیو و بەردی بەنرخ و مرواری، و کەتان و ئەرخەوان و ئاوریشم و قرمز، و هەموو جۆرە دارێکی بۆنخۆش و کەلوپەلی عاج و کاری دەستی داری بەنرخ، و مس و ئاسن و مەڕمەڕیان لێ دەکڕین، 13دارچین و بەهارات، و بۆن و بەرام و بخور، و شەراب و ڕۆن و ئارد و دانەوێڵە، و ئاژەڵ و مەڕ، و ئەسپ و گالیسکە، و جەستە و گیانی مرۆڤ14دەڵێن: ئەو بەرهەمەت لەدەست داوە کە گیانت ئارەزووی دەکرد؛ هەموو لایەنەکانی خۆشگوزەرانی و مەزنایەتی لە تۆدا نەماون، و هەرگیز ناگەڕێنەوە!15ئەم بازرگانانە کە بەهۆی بازرگانی کردن لەگەڵیدا دەوڵەمەند بوون، لە دووریەوە وەستاون لە ترسی سزادانەکەی، و دەگرین و شیوەن دەگێڕن 16دەڵێن: هاوار، بۆ شارە مەزنەکە! بە باشترین کەتان و ئەرخەوان و قرمز، پۆشرابوویت، بە زێڕ و بەردی بەنرخ و مرواری ڕازابوویتەوە، 17ئەم هەموو دەوڵەمەندیە لە یەک کاتژمێردا نەما! هەموو کەشتیوانان سەرنیشینان و کرێکارانی نێو کەشتی لەگەڵ هەموو ئەوانەی لە دەریادا کار دەکەن، لە دووریەوە دەوەستن18سەیری دوکەڵی سوتانەکەی دەکەن، و هاوار دەکەن: چ شارێک وەک ئەم شارە مەزنە بوو؟ 19خۆڵ بەسەری خۆیاندا دەکەن دەگرین و هاواردەکەن: ئەی هاوار، ئەی هاوار بۆ ئەو شارە گەورەیە کە سامانەکەی هەموو خاوەن کەشتیەکانی دەوڵەمەند کردووە! ئەوەتا لە یەک کاتژمێردا نەما! 20شادی بۆ تۆ بێت ئەی ئاسمان! شادی بۆ ئێوە بێت ئەی پیرۆزکراوان و نێردراوان و پێغەمبەران، خودا ئەوەی بەسەر هێنان کە بەسەر ئێوەیاندا هێنابوو».21فریشتەیەکی بەهێز بەردێکی وەک بەرداشێکی گەورەی هەڵگرت و فڕێیدایە ناو دەریاکە و گوتی: «بەم شێوەیە بابلی شارە مەزنەکە، پاڵ دەنرێت و فڕێی دەدرێت و بۆ هەمیشە نامێنێت! 22چیتر ژەنینی مۆسیقا لە ئێوەدا نابیسترێت، نە دەنگی قیسارە و نه شمشاڵ و نە کەڕەنا، هیچ پیشەیەک لە تۆدا ئەنجام نادەدرێت، و نە دەنگی ئاش لە تۆدا دەبیسترێت23ڕووناکی چرا لە تۆدا نادرەوشێتەوە. دەنگی بووک و زاوا لە تۆدا نابیسترێت. بازرگانەکانت گەورەی زەوی بوون، و بە جادووەکەت هەموو گەلانت بەلاڕێدا برد. 24خوێنی پێغەمبەران و پیرۆزکراوان و هەموو ئەوانەی لەسەر زەوی کوژراون، تێیدا دۆزرایەوە».
1دوای ئەمە گوێم لە دەنگێکی بەرز بوو وەک ئەوەی لە جەماوەرێکی زۆرەوە بێت لە ئاسمان و دەیگوت: «هەلێلوویا! ڕزگاری و شکۆمەندی و ڕێز و تواناداری هی پەروەردگاری خودامانە 2داوەریەکانی ڕاست و دادپەروەرن، چونکە سزای ئەو داوێنپیسەی گەورەیەی دا کە زەوی گەندەڵ کرد، تۆڵەی خوێنی خزمەتکارەکانیشی لێ سەندەوە».3دووبارە دروشمیان دەگوتەوە: «هەلێلوویا! دوکەڵی ئاگرەکەی بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە!» 4بیست و چوار پیرکە و چوار بوونەوەرە زیندووەکە چەمانەوە و کڕنۆشیان بۆ خودای دانیشتوی سەر تەختەکە برد، دروشمیان دەگوتەوە: «ئامین! هەلێلوویا!»5دەنگێک لە تەختەکە هاتە دەرەوە و دەیگوت: ستایشی خوداکەمان بکەن هەموو خزمەکارەکانی ئەوانەی لێی دەترسن، گەنج و پیر!»6پاشان گوێم لە دەنگێک بوو وەک ئەوەی دەنگی جەماوەرێکی زۆر بێت یان هاژەی تاڤگە یان هەورە گرمەیەکی بەهێز، دەیگوت: «هەلێلوویا! چونکە پەروەردگاری خودامان و توانادارەکە بەسەر هەموو شتێکدا فەرمانڕەوای دەکات،7با شاد و دڵخۆش بین و شکۆمەندی بکەین، چونکە کاتی زەماوەندی بەرخەکە هاتووە، و بووکەکەی خۆی ئامادە کردووە، 8وە ڕێگەی پێدا کەتانێکی سپی گەشاوەی لەبەر بکات!» کەتان هێمای ئەو کارە چاکانەیە کە پیرۆزەکراوان ئەنجامیان دابوو.9فریشتەکە پێی گوتم بنووسم: «خۆشبەختن ئەوانەی بانگهێشت کراون بۆ زەماوەندی هاوسەرگیری بەرخەکە». پاشان وتی: «خودا خۆی ئەم ڕاستییە دەفەرموێت». 10بۆیە من لەبەر پێی کەوتم بۆ ئەوەی کڕنۆشی بۆ ببەم، ئەویش پێی وتم: «وامەکە! من بەندەی خودام، وەک تۆ و هاوباوەڕەکانت کە شایەتحاڵی یەشوایان هەیە: کڕنۆش بۆ خودا ببە! چونکە شایەتحاڵی سەبارەت بە یەشوا گیانی پێشبینیکردنە».11پاشان بینیم ئاسمان کرایەوە، ئەسپێکی سپیم بینی کە سوارەکەی ناوی «دڵسۆز و ڕاستگۆ»بوو داوەری دەکات بە دادپەروەری دەجەنگێت. 12چاوەکانی وەک بڵێسەی ئاگر بوو، لەسەر سەری تاجی زۆر هەبوو و ناوێک لەسەر نێوچەوانی نووسرا بوو کە جگە لە ئەو کەس نایزانێت. 13جلێکی لەبەردا بوو کە لە خوێندا نوقم ببوو؛ ناوی «وشەی خودا»یە14لەشکرەکانی ئاسمانیش بە سواری ئەسپی سپی بە دوایدا دەڕۆیشتن، وکەتانی پاک و سپی بێگەردیان لەبەردا بوو، 15لە دەمیەوە شمشێرێکی تیژ دەردەچوو تاکو پێی لە نەتەوەکان بدات بە گۆچانێکی ئاسنین فەرمانڕەواتیان دەکات، لە گوشەری شەرابی تووڕەیی خودای هەرە بەتوانادا ژێر پێیان دەنێت. 16لەسەر جلەکەی و لەسەر ڕانی نووسرابوو «پاشای پاشاکان و پەروەردگاری پەروەردگارەکان».17پاشان بینیم فریشتەیەک لەبەر خۆردا وەستابوو، و بە دەنگێکی بەرز بانگی باڵندەکانی دەکرد کە لە ناوەڕاستی ئاسماندا دەفڕین و دەیگوت: «وەرەن کۆببنەوە بۆ ئاهەنگە گەورەکەی خودا! 18وەرەن گۆشتی پاشا و سەرکردە و پاڵەوانەکان، و ئەسپ و سوارەکانیان، و گۆشتی هەموو مرۆڤەکان بخۆن، هی ئازاد و کۆیلە، گەنج و پیر».19بینیم دڕندەکە و پاشاکانی زەوی و سوپاکانیان کۆبوونەتەوە بۆ جەنگ لەگەڵ سوارەکە و سوپاکەی. 20جا ئەو دڕندەیە دەستگیرکرا، لەگەڵ پێغەمبەرە درۆزنەکە ئەوەی لەبەردەم دڕندەکەدا پەرجووی ئەنجامدا بۆ گومڕا کردنی ئەوانەی کە نیشانەی دڕندەکەیان وەگرتبوو وە کڕنۆشیان بۆ پەیکەرەکەی بردبوو. هەردووکیان بە زیندووی فڕێدرانە ناو دەریاچەی ئاگری بە گۆگرد داگیرساو،21ئەو شمشێرەی لە دەمی سوارەکە دەرچوو هەموو ئەوانی دیکەی کوشت، و هەموو باڵندەکانیش لە گۆشتەکەیان تێر بوون.
1پاشان بینیم فریشتەیەک لە ئاسمانەوە دادەبەزێت، کلیلی جیهانی مردوان و زنجیرێکی گەورە لە دەستدا بوو 2ئەژدیهاکەی بەستەوە، واتە مارە کۆنەکە کە شەیتانە، و بۆ ماوەی هەزار ساڵ زیندانی کرد، 3فڕێیدایە ناو جیهانی مردوان و دایخست لەسەری، و مۆری کرد، تاکو واز لە فریودانی نەتەوەکان بهێنێت، تا هەزار ساڵەکە تەواو دەبێت. بەڵام دەبێت دوای ئەوە بۆ ماوەیەکی کورت بێتە دەرەوە.4پاشان چەند تەختێکم بینی ئەوانەی لەسەری دانیشتبوون مافی دادوەرییان پێدرا. گیانی ئەو کەسانەم بینی کە لە پێناو شایەتحاڵی یەشوا و لە پێناو وشەی خودا کوژرابوون، و ئەوانەی ڕەتیانکردەوە کڕنۆش بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی ببەن، و ئەوانەی کە نیشانەکەی سەر دەست و نێوچەوانیان وەرنەگرت، گەڕانەوە بۆ ژیان، و هەزار ساڵ لەگەڵ مەسیح فەرمانڕەواییان کرد.5ئەمە هەستانەوەی یەکەمە. سەبارەت بە مردووەکانی دیکە، تا هەزار ساڵ تێنەپەڕێت، ناگەڕێنەوە بۆ ژیان. 6چەند دڵخۆش و پیرۆزن ئەوانەی لە هەستانەوەی یەکەمدا بەشیان هەبووە! مردنی دووەم دەسەڵاتی بەسەریاندا نابێت، بەڵکو کاهینی خودا و مەسیح دەبن، و هەزار ساڵ لەگەڵیدا فەرمانڕەوای دەکەن.7کاتێک هەزار ساڵەکە تەواو بوو، شەیتان لە زیندانەکەی ئازاد دەبێت، 8وە دەچێتە دەرەوە بۆ فریودانی نەتەوەکانی چوار گۆشەی زەوی، گۆگ و ماگۆگ، کۆدەکاتەوە بۆ جەنگ، ژمارەیان زۆرە وەک لمی دەریا!9دەچنە سەر پانتایی دەشتەکانی زەوی، و لە هەموو لایەکەوە ئۆردوگای پیرۆزکراون و شارە خۆشەویستەکە گەمارۆ دەدەن، بەڵام ئاگر لە ئاسمانەوە بەسەریاندا دەبارێت و دەیانخوات. 10 ئەو شەیتانەی گومڕای دەکردن فڕێدرایە دەریاچەی ئاگر و گۆگرد، کە دڕندەکە و پێغەمبەرە درۆزنەکەی لێیە. هەتاهەتایە شەو و ڕۆژ ئازار دەدرێن.11پاشان تەختێکی مەزنی سپیم بینی و ئەوەی لەسەری دانیشتبوو ئاسمان و زەوی لەبەر دەمی هەڵاتن، و شوێنیان بۆ نەمایەوە. 12مردووەکانم بینی گەورە و بچووک، لەبەردەم تەختەکەدا وەستابوون. پەرتووکەکان کرانەوە، پاشان پەرتووکێکی تر کرایەوە کە تۆماری ژیانە، مردووەکان بەپێی ئەوەی لەو پەرتوکانەدا تۆمار کرابوو، هەریەکەیان بەپێی کردەوەکانی خۆی داوەری کران.13دەریاش مردووەکانی ناوخۆی ڕادەست کرد، هەروەها مردن و جیهانی مردووان مردووەکانی خۆیان ڕادەست کرد، و هەریەکە و بەپێی کردەوەکانی داوەری کران. 14جیهانی مردووان مردووەکانی فڕێدرانە ناو دەریاچەی ئاگرەوە، کە مردنی دووهەمە. 15هەرکەسێک ناوی لە تۆماری ژیاندا نەنووسرابوو فڕێدرایە ناو دەریاچەی ئاگرەوە!
1پاشان ئاسمانێکی نوێ و زەوییەکی نوێم بینی کە دەریای تێدا نەبوو، چونکە ئاسمان و زەوی کۆنەکە بەسەرچوون. 2شارە پیرۆزەکەم بینی، یۆرشەلایمی نوێ، لە ئاسمانەوە لەلای خوداوە هاتە خوارەوە، وەک بووکێک ئامادەکرابوو کە بۆ زاواکەی ڕازاوەتەوە.3گوێم لە دەنگێک بوو کە لە تەختەکەوە بانگەوازی دەکرد: «ئێستا نشینگەی خودا لەگەڵ خەڵکدایە، ئەو لەنێویاندا نیشتەجێ دەبێت، ئەوانیش دەبنە گەلەکەی. خودا خۆی وەک خودای ئەوان لەگەڵیان دەبێت! 4وە هەموو فرمێسکەکانی چاویان دەسڕێتەوە. مردن و دڵتەنگی و هاوار و ئازار نامێنێت، چونکە هەموو شتە کۆنەکان بەسەر چوون!»5دانیشتووی سەر تەختەکە فەرمووی: «هەموو شتێک نوێ دەکەمەوە». پاشان پێی گوتم: «ئەمە بنووسە، چونکە ئەوەی دەیڵێم ڕاستگۆییە و ڕاستە». 6پاشان پێی فەرمووم: « هاتە دی. من ئەلف و یێم (سەرەتا و کۆتاییم). لە کانی ئاوی ژیان بەخۆڕایی دەدەمە تینووەکان.7ئەمە بەشی هەموو سەرکەوتوویەکە، منیش دەبمە خودای ئەو، ئەویش دەبێتە کوڕم. 8سەبارەت بە ترسنۆکەکان و بێباوەڕەکان، و گەندەڵەکان و بکوژەکان و داوێنپیسان، و ئەوانەی پەیوەستن بە شەیتانەوە هەموو بتپەرستان و درۆزنەکان، چارەنووسیان بۆ ئەو دەریاچەیە کە بە ئاگر و گۆگرد داگیرساوە، کە مردنی دووهەمە».9یەکێک لەو حەوت فریشتەیەی کە جامەکانی حەوت بەڵای کۆتاییان بەتاڵ کردبۆوە، هات و پێی وتم: «وەرە بووکی بەرخەکەت پیشان دەدەم». 10بە گیان بردمی بۆ لوتکەی شاخێکی زەبەلاح و بەرز، و شارە پیرۆزەکەی پیشاندام کە یۆرشەلایم بوو کە لە ئاسمانەوە لەلای خوداوە دادەبەزی11شکۆمەندی خودای هەیە، وە وەک بەردی بەنرخ دەدرەوشێتەوە، وەک ئەوەی لە بەردی یەشەب بلوری دروستکرابێت! 12شوورایەکی زەبەلاح و بەرزی هەیە و دوانزە دەروازەی هەیە کە دوانزە فریشتە پاسەوانی دەکەن، و ناوی دوانزە هۆزی یەسرائیل لەسەری نووسراوە؛ 13لە ڕۆژهەڵاتەوە سێ دەروازە؛ لە باکوور سێ دەروازە، و لە باشوور سێ دەروازە؛ و لە ڕۆژئاواش سێ دەروازەی هەیە.14شوورای شارەکە لەسەر دوازدە ستوون وەستاوە کە ناوی دوازدە نێردراوەکەی بەرخەکەی لەسەر نووسراوە. 15ئەو فریشتەیەی کە قسەی لەگەڵ دەکردم قامیشێکی زێڕینی بەدەستەوە بوو بۆ پێوانەکردنی شارەکە و دەروازەکانی و شووراکەی.16خاکی شارەکە چوارگۆشە بوو، درێژییەکەی یەکسان بوو بە پانییەکەی، بۆیە کاتێک بە قامیشەکە پێوانەی کرد دەرکەوت کە لایەکەی یەکسانە بە دوو هەزار و چوار سەد کیلۆمەتر، ئەوەش یەکسانە بە درێژی و پانی و بەرزیەکەی. 17پاشان شوراکەی پێوانە کرد، دەرکەوت کە یەکسانە بە سەد و چل و چوار باڵ، فریشتەکە پێوانەیەکی هاوتای باڵی مرۆڤی بەکاردەهێنا.18شارەکە لە زێڕی پاک دروستکرابوو، ڕوون وەک شووشەی پاک. سەبارەت بە شوراکەی، لە یەشەب دروستکرا بوو، 19بناغەی دوازدە ستوونە کە بە بەردی بەنرخ جێگیر کرابوو: ستوونی یەکەم لە یەشەب؛ دووهەمیان لە یاقوتی شین؛ سێهەمیان لە گەوهەری سپی؛ چوارەمیان لە زەمروود؛ 20پێنجەم لە شيلانە؛ شەشەمیان لە گەوهەری سوور؛ حەوتەمیان زەبەرگەد؛ هەشتەمیان لە زەمروودی سەوز؛ نۆیەمیان لە یاقوتی زەردە، و دەیەمیان لە گەوهەری سەوز؛ وە یازدەهەمین ئەسماگۆنی؛ دوازدەهەمیان لە گەمشت.21دوازدە دەروازەکەش دوازدە مروارییە: هەر دەروازەیەک یەک مروارییە. گۆڕەپانی شارەکە لە زێڕی بێگەرد دروستکراوە، وەک شووشەی ڕوون . 22هیچ پەرستگایەکم لە شارەکەدا نەدۆزیەوە، چونکە پەروەردگاری خودای هەرە بەتوانا و بەرخەکە پەرستگای ئەون.23شارەکە پێویستی بە ڕووناکی خۆر و مانگ نەبوو، چونکە شکۆمەندی خودا ڕووناکی دەکردەوە، بەرخەکەش چرای بوو. 24گەلان بە ڕووناکییەکەیدا دەڕۆن، و پاشاکانی زەوی بە گەنجینەکانیانەوە دێنە لای. 25بە درێژایی ڕۆژ دەرگاکانی داناخرێن، چونکە شەو بەسەریدا نایەت!26گەنجینە و شکۆی گەلانی بۆ دەهێنرێت. 27هیچ شتێکی گڵاو ناچێتە ناوی، نە ئەوانەش کە قێزەون و خراپەکارن، بەڵکو تەنها ئەوانەی کە ناویان لە پەرتووکی ژیانی بەرخەکەدا نووسراوە!
1پاشان فریشتەکە ڕووباری ئاوی ژیانی پیشاندام، کە وەک بلوری ڕوونە، کە لە تەختی خودا و بەرخەکەوە سەرچاوەی گرتووە 2دەچێتە ناو گۆڕەپانی شارەکەوە، لە کەنارەکانیدا درەختی ژیانە کە دوازدە جار بەرهەم دەدات، مانگانە جارێک بەرهەم دەهێنێ. گەڵاکانی دەرمانێکە نەتەوەکان چاک دەکاتەوە.3جارێکی تر هەرگیز نابێتە نەفرەت. چونکە تەختی خودا و بەرخەکە لە شارەکەدا جێگیرە، خزمەتکارەکانی لەوێ خزمەت دەکەن 4ڕووخساری دەبینن، و ناوی لەسەر نێوچەوانیان نووسراوە. 5لەوێ شەو نابێت، و پێویستیان بە ڕووناکی چرا و خۆر نابێت، چونکە پەروەردگار خودا بەسەریاندا دەدرەوشێتەوە، و بۆ هەتاهەتایە فەرمانڕەوای دەکەن!6فریشتەکەش پێی وتم: «ئەم وتانە ڕاستگۆیی و ڕاستن. پەروەردگار خودا گیانی پێغەمبەران فریشتەی خۆی نارد بۆ ئەوەی بە خزمەتکارەکانی بڵێت کە دەبێت بەم زووانە چی ڕووبدات. 7من خێرا دێم! خۆشبەختە ئەوەی کە ڕەچاوی ئەو شتانە بکات کە لەم پەرتووکی پێشبینیەدا هاتووە!»8من یۆخەنام هەموو ئەمانەم بینی و بیستم. دوای ئەوەی هەموو ئەو شتانەم بیست و بینیم، خۆم فڕێدایە بەر پێی ئەو فریشتەیەی کە نیشانی دابووم بۆ ئەوەی کڕنۆشی بۆ ببەم. 9پێی گوتم: «مەیکە! من خزمەتکارێکم وەک تۆ و برا پێغەمبەرەکانت، وەک ئەوانەی کە چاودێری ئەو شتانە دەکەن کە لەم پەرتووکەدا هاتووە. کڕنۆش بۆ خودا ببە!»10پاشان پێی وتم: «مۆر لەسەر ئەوانە مەدەن کە لەم پەرتووکی پێشبینیەدا هاتووە، چونکە کاتی هاتنەدی نزیک بۆتەوە. 11هەرکەسێک ستەمکارە، با ستەمکار بێت؛ هەرکەسێک گڵاو بوو، با هەر گڵاو بێت؛ ئەوەی چاکە، با هەوڵی چاکەکاری بدات؛ هەرکەسێک پیرۆزکراوە، با هەوڵی پیرۆزێتی بدات!»12«خێرا دێم، پاداشتەکە لەگەڵمە بۆ ئەوەی پاداشتی هەرکەسێک بدەمەوە بەپێی کارەکەی. 13من ئەلف و یێم، یەکەمین و دواهەمینم، سەرەتا و کۆتاییم.14خۆزگە بە ئەوانەی جل و بەرگەکانیان دەشۆن، چونکە دەسەڵاتیان بەسەر درەختی ژیاندا هەیە، مافی ئەوەیان هەیە لە دەروازەکانەوە بچنە ناو شارەکەوە! 15لە دەرەوەی شارەکە، سەگ و جادووگەر، و داوێنپیس و بکوژ، و بتپەرست و درۆزن و فێڵباز هەیە!16من یەشوام فریشتەکەمم ناردووە بۆ ئەوەی شایەتی بدەم دەربارەی ئەو شتانەی لە کڵێساکاندان. من بنەچە و ڕەچەڵەکی داڤیدم. من ئەستێرەی پرشنگداری بەیانیم».17گیانەکە و بووک دەفەرموون: «وەرە!» ئەوەی گوێی لێیە با بانگەوازەکە دووبارە کاتەوە: «وەرە!» ئەوەی تینوویەتی با بێت! ئەوەی دەیەوێت، با بەخۆڕایی لە ئاوی ژیان بخواتەوە!18من شایەتی لەسەر هەموو ئەوانە دەدەم کە گوێیان لە وشەکانی پێشبینیی ئەم پەڕتووکە دەبێت: ئەوەی شتێک زیاد بکات بۆ ئەوەی تێیدا نوسراوە، ئەوا خودا ئەو بەڵایانەی لەسەر زیاد بکات کە باسکران، 19ئەگەر کەسێک شتێک لە وتەی پێشبینییەکانی ئەم پەرتووکە لابەرێت، خودا لە درەختی ژیان و لە شارە پیرۆزەکە بێبەشی دەکات، ئەوەی لەم پەرتووکەدا باسکراوە.20ئەوەی شایەتحاڵی ئەمانەیە دەفەرموێت: «بەڵێ! بە پەلە دێم». ئامین! وەرە ئەی یەشوای پەروەردگار! 21بەخششی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح لەگەڵ هەمووتان بێت.